هاوڵاتى هەسەدە دووبارە داوای یارمەتیی نێودەوڵەتیی دەکات بۆ دادگاییکردنی هەزاران ئەندامی دەستگیرکراوی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە گرتوخانەکانیاندا سالێک زیاتر ماونەتەوەو خەڵکی چەندین وڵاتن. دوای نزیکەی ساڵێک لە کەوتنی دوایین بنکەی داعش لەسوریا لەئازاری 2019، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێن، هێشتا نزیکەی (12) هەزار  ئەندامی گومانلێکراوی داعشیان لەژێردەستدایه‌ لە باکوری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە، زۆربەیان خەڵکی سوریاو عێراقن، بەڵام لەنێو ریزەکانیاندا نزیکەی دوو هەزارو 500) بۆ هەزار کەس هەیە لەنزیکەی (50) وڵاتەوە. بەهۆی ئەوەی هەندێک وڵات دوودڵن لەوەی هاووڵاتیەکانیان وەربگرنەوە، کوردەکان ناچار خۆیان دەبێت دەستبەسەرەکان لەسوریا دادگایی بکەن. فەنەر کایت بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە شاری قامیشلو، وتی «دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری پێویستی بەهاریکاریی نێودەوڵەتییە». وتیشی  «لەسەر ئاستی دادوەری و هونەری، پێویستمان به‌هاوکارییه‌کی زۆرە. چاوەڕێدەکەین زۆر وڵات یارمەتیمان بدەن «لە ماوەی مانگێک یان دوواندا»، بەبێ ئەوەی ناوی هیچیان بڵێت. کایت یەکشەممە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی بەلجیکی کرد، کە (15) هاوڵاتی وڵاته‌که‌ لەلایەن کوردەکانەوە دەستگیرکراون، لەکاتێکدا زیاد لە (60) ژن و منداڵی بەلجیکی لە کەمپەکاندا ماونەتەوە لەبەر گومانی ئەوەی ئەندامێکی داعش لە خێزانەکەیاندا هەبووە. لەلایەکی ترەوە ژنانەی رێکخراوی داعش کە لەکەمپی هۆل دەستبەسەرن، لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی سوریا، منداڵانی نێو کەمپەکه‌ هانده‌ده‌ن هێرشبکەنە سەر کارمەندانی مرۆیی. عەمار ساڵح چالاکوانێکی بواری کۆمەڵایەتی، وتی « ژنانی داعش بینراون کە هانی منداڵان دەدەن کێشە بنێنەوە و فەرمانی دیکە جێبەجێبکەن، هەروەها ئەرکی چاودێریکردن و گەیاندنیشیان پێسپاردوون. دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش بازنەیەکی ئەمنییان لەدەوری ئەو کەسانە دروستکرد کەکردەوەی تووندوتیژییان ئەنجامداوە لە نێو کەمپەکەدا، ژنەکان دەستیانکردووە بە فەرمانکردن بە منداڵان بۆ نانەوەی کێشە لە جیاتی ئەوان. ژنەکان بە منداڵەکانیان وتووە بەرد بگرنە ئۆتۆمبیلەکانی ئەو کارمەندە مرۆییانەی سەردانی کەمپەکان دەکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، هەروەها پێشیانوتوون بەرد بگرنە کارمەنده‌کانیش. وتی ئاسایش لەنزیکەوە چاودێریی گومانلێکراوانی ژنانی داعشی کردووە کەکردەوەی تووندوتیژییان ئەنجامداوە لە نێو کەمپە بیابانییەکەدا کەزۆر جه‌نجاڵه‌، هەروەها ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە کەهەوڵیانداوە منداڵانی ناو کەمپەکە بەکاربهێنن. عەمار ساڵح وتی «ئەو ژنانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە په‌یوه‌ست به‌په‌ره‌پێدان به‌ ئایدیۆلۆژیای داعش و تێوەگلانیان لە لێدان و کوشتن و سووتاندنی خێمەکان، دوای ئەوەی یەکەی حیسبە («پۆلیسی ئایینی»)یان پێکهێنا لە ناو کەمپەکەدا.» وتیشی سەرباری هەوڵدانیان بۆ هاندانی منداڵەکان، ژنەکان داواشیان لێکردوون پەیامەکانیان بگەیەنن بە ژنەکانی دیکە بۆئەوەی دەستگیرنەکرێن، هەروەها ئەرکی چاودێریکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ دەربارەی چالاکییەکانی کەمپەکەیان پێداون. به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، لەدەسپێکی مانگی شوباتدا، کەمپەکەی ئیداره‌ خۆسەرییەکە، (35) منداڵی بێ دایک و باوکی روسی، کەپەیوەندییان بەداعشەوە هەبوو، رادەستی وەفدێک کردەوە لەقامیشلۆ بۆ گەڕاندنەوەیان. لەکۆتاییەکانی کانونی دووەمیشدا، بەرپرسە کوردەکان رایانگەیاند کەپێشتر (21) منداڵی بێ دایک و باوکیان لەکەمپی هۆل گواستۆتەوە بۆ نشینگه‌ی رۆژی ژێردەسەڵاتی کوردەکان، هەروەها بۆ باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، لەنێویاندا دوو منداڵی فەرەنسی کە ئامه‌دەکرابوون بۆ گەڕانەوە. ژمارەی منداڵەکان، لەنێویاندا ژمارەیەک فەرەنسی و میسری و داغستانی، تەنها به‌شێک بوون له‌و (224) منداڵه‌ بێ دایک و باوکه‌ی لە کەمپی هۆل دەژین. جەبار مستەفا، بەرپرسێکی کەمپی هۆل، باسی ئەوەی نەکرد بۆچی تەنها (21) منداڵ گوێزراونەتەوە، بەڵام وتی رۆژ باشترو گونجاوترە بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک. وتیشی «ناوەندەکانی چاودێریکردنی منداڵان لە هۆل لەڕووی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە کەموکووڕییەکیی زۆریان هەیە،» له‌وانه‌ کەسانی تایبەتمەندو شارەزا لەبواری پەروەردەدا. لێکۆڵەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کانونی دووەمدا داوایانکرد لانیکەم منداڵەکان بگوێزرێنەوە، لەکاتێکدا نەبوونی رێکارە یاساییەکان خستوونیه‌تیه‌ دۆخێکی «یه‌کجار مه‌ترسیداره‌وه‌«. لەهەمان مانگدا، وتەبێژی مانگی سووری کوردی، دەلال ئیسماعیل بەئاژانسی فرانس پرێسی وت لەو (517) کەسەی لە 2019 لە هۆل مردوون، (371)یان منداڵبوون. خاتوو ده‌لال وتی «بەدخۆراکی، چاودێریی تەندروستیی خراپ بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو، دابەزینی نائاسایی پلەی گەرمای لەش، لەو نەخۆشیانەن کە دەبنه‌ هۆی مردنی منداڵەکان». وتیشی «ئیداره‌ خۆسەرییەکە لە کارکردن بەردەوامە بۆ ناردنەوەی چەند منداڵێکی بێ دایک و باوکی تر بۆ وڵاتەکانی خۆیان». کارکردن بەردەوامە بۆ جیاکردنەوەی گروپی دیکەی منداڵان لەدانیشتوانی کەمپەکە بۆ پاراستنیان لەئایدیۆلۆژیای تووندڕەو کە بەشێک لە ژنەکان بەردەوامن لەخستنە نێو مێشکیانەوە. ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە ئەو منداڵانەی هێرش دەکەنەسەر کارمەندانی مرۆیی لەکەمپەکە دوای ئەوە ئەو کارەیان کرد کە «باوەڕیان پێهێنان کە ئەمانە بێباوەڕن و کافرن و دەبێت شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بکرێت». وتیشی «لەڕاستیدا، بە دڵنیاییەوە ئەو کارمەندە مرۆییانە هەوڵدەدەن دەستی یارمەتی بۆ دانیشتوانی کەمپەکە درێژبکەن لە ناوەڕاستی کەمبوونەوەی هاوکارییەکاندا.»

    راپۆرتی: گاردیانی بەریتانی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا   لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەکۆتاییەکانی ٢٠١٩، زانایان وێڵن بەدوای چارەسەرێکدا بۆ ڤایرۆسەکە،  بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ گەشتوونەتە چارەسەرێکی سەرەتایی کە رەنگە ببێتە چارەسەری بنەڕەتی و تەواوی ڤایرۆسەکە بنەبڕ بکات. پزیشکان لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا بۆیان ئاشکرادەبێت کە ئەو دەرمانانەی بەکارهێنراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کاردەکات یان نا، بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی. خشتەی دەرئەنجامی سەرەتایی بۆ دوو تاقیکردنەوە کە لەچین ئەنجامدراوە کورتن بەڵام گونجاون بەهۆی چڕبوونەوەی زەبەلاحی کەسە نەخۆشەکان لەناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەپارێزگای چین. ئەمە رێگەی خۆشکرد بۆ بەراوردکردنی کەسانی هاوتەمەن، هاو توانای جەستەیی، هاوقۆناغی نەخۆشییەکەیان. ئەو دەرمانانەی بەکارهێنراون بۆ کۆڤید-١٩، پێشتر بۆ حاڵەتی تریش پەسەندکراون، بۆیە ئەمە مانای ئەوەیە پێویست ناکات بەتاقیکردنەوەی سەلامەتیدا تێپەڕن لە ئاژەڵدان ئینجا بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێن. لەسەر رێنمایی پسپۆرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدراون. نەخۆشەکانی تاقیکردنەوەی یەکەم دەرمانی (کالێترا)یان پیدراوە کە بەشێوەی ئاسایی بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت ڤایرۆسی «ئێچ ئای ڤی» یان هەیە. دەرمانەکە پێکهاتووە لەدوو دژە ڤایرۆس، لۆپیناڤێر و ریتۆناڤێر. زاناکان چاوەڕێی دەرئەنجامەکانی ئەو (٢٠٠) کەسە دەکەن کەئەم دەرمانەیان پیدراوە بۆ چارەسەر. دەرمانەکەی تر کە لەتاقیکردنەوەکەدا بەکارهێنراوە «ریمیدسڤێر»ە کە لەلایەن کۆمپانیای «گیلید»ی ئەمریکییەوە دروستکراوە. دەرمانەکە لەکاتی سەرهەڵدانی ئیبۆلا لەکۆنگۆ لەساڵی ٢٠١٨ تاقیکرایەوە، بەڵام بەشێوەیەکی پێویست کاریگەر نەبوو بەرامبەر ڤایرۆسەکە. تاقیکردنەوە نوێیەکەی «ریمیدسڤێر» دەبێتە «ستاندارد»و لێکۆڵینەوە لەوەدەکات کە تاچەند توانای چاکبوونەوەی هەیە لەنەخۆشە مامناوەندو سەختەکاندا بەبەراورد بەو نەخۆشانەی کەتەنها پلاسیبۆیان دراوەتێ - ئەو دەرمانەی کە هیچ کاریگەرییەکی نییەو تەنها بۆ باشترکردنی لایەنی دەروونی نەخۆشەکە دەدرێت. «تەنها یەک دەرمان هەیە لەئێستادا کە پێمانوایە کاریگەری راستەقینەی هەبێت، ئەویش ریمیدسڤێرە:، بروس ئەیلوارد، یاریدەدەری سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت. سکترێکری گشتی رێکخراوەکە، تێدرۆس ئەدهانۆم، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا دەرئەنجامە سەرەتاییەکان دەردەچن. ئەو دەرمانانەی دەستنیشانکراون لەلایەن پسپۆران و تووێژەرانی رێکخراوەیەکەوە هەڵبژێردراون. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کەدەرمانی سێیەم، دژە مەلاریا کە لەچین بەکارهێنراوە، لەتاقیکردنەوەکاندا پەسەند نەکراوە. تێدرۆس وتی ئەو تیمە نیودەوڵەتییە بەسەرکردایەتی رێکخراوەکە، کە ئێستا لەچینن، لەگەڵ کارمەندانی بەرەی پیشەوەی ڤایرۆسەکە گفتوگۆ دەکەن لەسەر کاریگەری چارەسەرەکانی ڤایرۆسەکە. پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشەکان دەستبەجێ گرنگ بوو، چونکە «هەتا نەخۆشەکان زووتر پشکنینیان بۆ بکرێت و چارەسەر بکرێن، زووتر باش دەبنەوە»، تێدرۆس وای وت. تیمەکە پسپۆرانی چەند وڵاتێکی تێدایە، لەوانە ئەمریکا، ئەڵمانیا، یابان، نێجیریا، روسیا، کۆریای باشوور، هەروەها سەنگافورە. تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکی پەسەندکراو نییە بۆ کۆڤید-١٩ هەروەک ئەوەی هیچ پێکوتەیەکیش نەبوو بۆ سارس لەساڵی ٢٠٠٣. کالێترا لەسەر ڤایرۆسی مێرس تاقیدەکرێتەوە بەڵام حاڵەتەکان زۆر کەمن تائەنجامەکان بەخێرایی دەربچن. تێدرۆس ئاماژەی بەوە کرد کەتیمەکەی چوستن لەدۆزینەوەی پێکوتەیەک بۆ مەودای درێژخایەنە، بەڵام رەنگە نزیکەی (١٨) مانگی پێبچێت. حاڵەتەکانی تووشبوونی کۆڤید-١٩ نزیک دەبێتەوە لە (٨٠) هەزارو ژمارەی مردووانیش دوو هەزار و (٥٠٠)ی تێپەڕاندووە لەچین. «داتاکانی چین بەردەوامن لەنیشاندانی کەمبوونەوەی حاڵەتی پشتڕاستکراوە، ئەمە بەجۆرێک هانمان دەدات، بەڵام ئێستا کاتی کەمتەرخەمی نییە»، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت. لەدەرەوەی چین، ژمارەی مردووان نزیکدەبێتەوە لە (٥٠) کەس و نزیکەی دوو هەزارو (٧٠٠) توشبوو هەیە. «بەهۆی ئەو پێوەرە جددیانەی چین گرتویەتییە بەر، ژمارەی حاڵەتەکان لەجیهاندا کەمن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو ژمارە کەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بەم جۆرە بمێنێتەوە»، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت. تێدرۆس ئەوەشی خستەڕوو کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوایەکی بەرزکردووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی (٦٧٥) ملیۆن دۆلار، چونکە «هێشتا بودجەی ئامادەکراو بۆ ڤایرۆسەکە کەمە».

راپۆرتی: پێگەی کایشینی چینی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا   زۆرێک هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کەڤایرۆسی کۆرۆنا لەهاویندا بمرێت هەروەک ئەوەی بەسەر پەتای سارسدا هات لە ٢٠٠٣دا، بەڵام ئاخۆ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و کۆڤید-١٩ لەناودەچێت کاتێک پلەی گەرمی بەرز ببێتەوە؟ ئەوە هیوای زۆرێک لەخەڵکە، لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. هەندێک زاناش گومانی ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر نامێنێتەوەو رزگاری نابێت لەژینگەی گەرمدا، بەڵام راستی و دروستی ئەم گومانە هێشتا یەکلانەبووەتەوە. ژمارەی حاڵەتە پشتراستکراوەکان نیشانەی کەمبوونەوەن لە چەند رۆژی رابردوودا، هەروەها هەموو رۆژێک نەخۆشی زیاتر لە نەخۆشخانەکان چاکدەبنەوە و دەردەچن، بەڵام ئەو خاڵەی کەتێیدا دەربکەوێت ژمارەی تووشبووان کەمببێتەوە هێشتا دیار نییە. ژۆنگ نانشان، پسپۆرێکی چینی کۆئەندامی هەناسە کە بەهۆی رۆڵەکەیەوە لەپەتای سارسدا لە ٢٠٠٣ بەناوبانگ بوو، رایگەیاند چاوەڕوانی ئەوە دەکات حاڵەتە نوێیەکان لەکۆتایی شوباتدا بگەنە ترۆپک. بەڵام ئاخۆ ئەمە ببێتە نیشانەی خاڵی وەرچەرخان دەکەوێتەوە سەر ئەوەی دەستپێکردنەوەی کار لەسەرتاسەری چین چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. وانگ چێن، پسپۆرێکی کۆئەندامی هەناسە، لەدووشەممەی رابردوودا بە سی سی تیڤی چینی راگەیاند کە پێوەری پێویستی گلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە) لەگەڵ کەوشوهەوای گەرم یارمەتیدەر دەبن لەدامرکاندنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. بەشێوەیەکی تیۆری، کۆڤید-١٩ - کە بەشێکە لەخێزانی ڤایرۆسی کۆرۆناو سارس و میرسیش هەر لەهەمان خێزانن - هەستیارە بەرامبەر پلەی گەرمی. هەموو ڤایرۆسێک پێکدێت لەگەردیلەیەکی ناوکی ئەسیدی لەناو توێکڵێکی پرۆتینیدا کە پێی دەوترێت کاپسید. هەندیک ڤایرۆس، بەڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، چینێکیان هەیە لەدەرەوەی توێکڵەکەو ئەو چینە بەشێوەیەکی رێژەیی هەستیارە بەرامبەر گەرمی. بەپێی ناوەندی چین بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لەنەخۆشییەکان، کۆڤید-١٩ لە ٤ پلەی گەرمیدا بەجێگری دەمێنێتەوە و دەشتوانێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە (٦٠) پلە خوار سفری سەدییەوە رزگاری ببێت. بەپێی زانیاری ناوەندەکە، لە پلەیەکی بەرزی گەرمیدا توانای بەرەنگاری ڤایرۆسەکە کەمدەبێتەوە، بەڵام پلەی گەرمییەکە تەنها کاردەکاتە سەر کاتی مانەوەی ڤایرۆسەکە نەک توانای بۆ تووشکردن. دەرئەنجامی هاوشێوە لەڤایرۆسی سارسدا دۆزرایەوە. سارس لەپلەی گەرمی چوار پلەی سەدیدا بەجێگری دەمێنێتەوە بەڵام چالاکییەکەی لە (٣٧) پلەی سەدیدا لەماوەی سێ رۆژدا لەدەستدەدات و تەنها دەتوانێت بۆ ماوەی (١٥) خولەک بمێنێتەوە لە (٧٠) پلەی سەدیدا، بەپێی تووێژینەوەیەکی ئەکادیمیای سوپای چین بۆ زانستە پزیشکییەکان. لەکاتی سەرهەڵدانی سارس لە ٢٠٠٣ لەهۆنگ کۆنگ، بۆ هەرپلەیەک لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە هۆنگ کۆنگ ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان بە لەسەدا ٣.٦% کەمی دەکرد. سارس تەنها لەهەرێمەکەدا (٣٠٠) کەسی کوشت و بۆ ماوەی هەشت مانگ مایەوە کە بەسەر (٢٩) وڵاتدا بڵاوبووەوە. هاوشێوەی کۆڤید-١٩، یەکەم حاڵەتی سارس لەکۆتایی ساڵدا تۆمارکرا. ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لەنیسانی ٢٠٠٣دا گەیشتە لوتکەو هیچ نەخۆشێک لەمانگی تەمموز ڤایرۆسەکەی تێدا بەدی نەکرا. زاناکان چارەسەریان بۆ سارس نەدۆزییەوە، کە هەشت هەزار کەسی تووش کرد لەجیهاندا، هەروەها بڕواوایە ڤایرۆسەکە لەکەشوهەوای گەرمدا لەناودەچێت. بەپێی پەرتووکی «سارس: چۆن پەتایەکی جیهانی وەستێندرا» کە لەلایەن شیگورو ئومی بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نووسراوە، رێکخراوەکە شکستی پەتاکەی دایەپاڵ حاڵەتی تووشبونی روون، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی لێشاوی کەسە تووشبووەکان، هەروەها پلەی گەرمی. بەڵام جیاوازییەکانی سارس و کۆڤید-١٩ وادەکەن کە پێشبینی کردنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە سەخت بێت. بەپێچەوانەی سارسەوە، کە تووشبووەکە کاتیک کەسانی تر تووش دەکات کە تای هەبێت، ئەوانەی کۆڤید-١٩یان گرتووە دەتوانن ڤایرۆسەکە بڵاوبکەنەوە بەبێ بەدیکردنی هیچ نیشانەیەک، ئەمەش وادەکات کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە سەختتر ببێت. تووێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە کۆڤید-١٩ زۆر گوێزەرەوە ترە لەسارس. تووێژینەوەکە لە ١٥ی شوباتدا بڵاوکرایەوە و لەلایەن تیمێک بەسەرکردایەتی توێژەر، جەیسۆن مەکلین لەزانکۆی تەکساس، بڵاوکرایەوەو بۆ ماوەی چەند ساڵێک تووێژنەوەی کردووە لەسەر جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک سارس و مێرس. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو هەوا هەڵدەکشێت یان خۆی دەبەستێتەوە بە رووتەختی تەنەکان -- کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا بۆ ماوەیەکی کورت دەتوانێت بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە لەگەڵ داغڵبوونی بەجەستەی مرۆڤ، توانای تووشکردنی کەسانی دیکەی کەمنابێتەوە ئەگەر پلەی گەرمیش بەرز بێت، (ما کی) پزشک لەنەخۆشخانەی وهانی تۆنگجی وای وت. سارس لەماوەی چالاکیدا تەنها هەشت هەزاری تووش کردو (٧٧٤) کەسی کوشت، بەڵام کۆڤید-١٩ تائێستا ژمارەی تووشبوانی نزیکدەبێتەوە لە (٨٠) هەزارو زیاتر لەدوو هەزارو (٥٠٠) کەسی کوشتووە. ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە سارس کوشندە تر بوو بەجۆرێک کە لەهەر (١٠) تووشبوویەک یەک تووشبووی دەکوشت، هەرچەندە لە (٥٠) تووشبوو یەک کەس بەهۆی کۆڤید-١٩ەوە گیان لەدەستدەدات. هەرچەندە ئەمە مانای ئەوەیە کە کۆڤید-١٩ کوشندە نییە، بەڵام دەریدەخات کە بەئاسانی لەناوناچێت وەک سارس. کۆڤید-١٩ زۆر ئاڵۆزە تا هەنگاوێک یان چەند هەنگاوێک پێشیبکەویت بەهۆی خاسیەتەکانییەوە، بریتانی کموش توێژەرێکی تەندروستی لەزانکۆی سیراکوزی نیویۆرک وای وت. بریتانی دەڵێت، ڤایرۆس کاتێک زۆر بڵاودەبێتەوە کە گوێزەرەوە بێت نەک کوشندە. ئەگەر ڤایرۆسێک زۆر کوشندە بێت، نەخۆشەکان پیش ئەوەی بیگوانزەوەبۆ کەسانی تر دەمرن. بریتانی کموش ئەوەشی خستەڕوو کە رێژەی کەمی مردنی  کۆڤید-١٩ بەبەراورد بە سارس، هەرچەندە دڵخۆشکەرە بۆ پزیشکان بەڵام رەنگە ببێتە بەربەست بۆ هەوڵەکانی رێگەگرتن و دامرکاندنەوەی. «پێموایە ئەگەر سارس هەمان خاسییەتەکانی ئەم ڤایرۆسەی هەبوایە، تا ئێستاش دەمایەوە».

سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت راى جیاواز هەیە نه‌ک ناکۆکى له‌نێوان هه‌ڤاڵانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى و سه‌رکردایه‌تیدا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کان و به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى ئه‌وه‌ش له‌پێناو نوێبوونه‌وه‌ى به‌رنامه‌کانى حزبه‌که‌یه‌. رزگار حه‌مه‌ محێدین، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئه‌وه‌ ئاشکراده‌کات که‌ مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ته‌له‌فون پیرۆزبایى له‌ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى کردووه‌. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت «له‌ناو یه‌کێتیدا پڕکردنه‌وه‌ى شوێنى مام جه‌لال کاتى زۆر دورو درێژى پێویسته‌و هیچ هێزێک ناتوانێت شوێنه‌که‌ى پڕبکاته‌وه‌ ته‌نها ده‌توانین په‌یڕه‌وو به‌رنامه‌کانى جێبه‌جێ بکه‌ین». رزگار حه‌مه‌ محێدین باس له‌یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ده‌کات  که‌کورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى یه‌ک دوو کورسیان هه‌یه‌ ره‌نگه‌ نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق. هاوکات، ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌رکوک جێى بایه‌خى حزبه‌که‌یه‌تى و له‌کۆى (124) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى (32)یان خه‌ڵکى که‌رکوکن و به‌رنامه‌ى تایبه‌تیان بۆ خزمه‌تکردن ده‌بێت له‌و شاره‌دا. ‌هاوڵاتى: ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى چۆن رێکخراوه‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و هاوسه‌رۆک و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و مه‌کته‌بى سیاسى هه‌موو ئۆرگانه‌کانى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ته‌واو ده‌کات و ته‌واوکه‌رى یه‌کترن. په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى په‌سه‌ندکراوه‌، ته‌نها ئه‌و مادده‌یه‌ په‌سه‌ند نه‌کراوه‌ که‌په‌یوه‌ندى به‌ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش هێڵدراوه‌ بۆ لیژنه‌یه‌ک کە له‌نێوان سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى پێکهاتووه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ده‌سه‌ڵات یان سیاغه‌ى ده‌سه‌ڵات و ئه‌رکه‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى یه‌کێتى ده‌که‌ن و لێکتێگه‌شتنى ته‌واو هه‌یه‌. راى جیاواز هەیە نه‌ک ناکۆکى له‌نێوان هه‌ڤاڵانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى و سه‌رکردایه‌تیدا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کان و به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى   ‌هاوڵاتى: به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌کرێت ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت نه‌ک ته‌شریفاتى بن؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: تائێستا به‌فه‌رمى شتى له‌و بابه‌ته‌ نییه‌و لیژنه‌ى بۆ پێکهێندراوه‌، یه‌کێتى په‌یڕه‌وێکى زۆر مه‌ده‌نیانه‌ى په‌سه‌ندکردووه‌ له‌زمنى ئه‌وانه‌دا ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى سیاسى به‌مادده‌یه‌ک تێیدا جێگیر ده‌کرێت. ده‌سه‌ڵاتى سکرتێرى گشتى دابه‌شکراوه‌ به‌سه‌ر ئۆرگانه‌ جیاوازه‌کانى یه‌کێتیداو ئێستا قۆناغه‌که‌ گۆڕاوه‌و قۆناغێکى تازه‌ بووه‌ له‌دواى هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سیستمى یه‌کێتى هاوسه‌رۆکییه‌، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى بووەته‌ سیفه‌ نه‌ک ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت، واتا ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌بنه‌ کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى یا ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پله‌ى مه‌کته‌بى سیاسى ده‌بێت که‌هاته‌وه‌ ناو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى سیفه‌تى مه‌کته‌بى سیاسى له‌سه‌ر لاده‌چێت و وه‌کو ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. ئه‌نجومه‌نى سیاسى یه‌کێتى ده‌سه‌ڵاتى زۆر گه‌وره‌یان بۆ دانراوه‌، ئه‌وان پارێزه‌رى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانن، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌و هیچ ئۆرگانێک ناتوانێت پێشێلى په‌یڕه‌و بکات، له‌هه‌ر شوێنێک پێشلى په‌یڕه‌و بکرێت ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى دێنه‌ سه‌ر خه‌ت ده‌توانێت به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌که‌ش بکات. هه‌روه‌ها له‌حاڵه‌تى نه‌خوازراودا بانگهێشتکردنی سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى بۆ کۆبوونه‌وه‌و پێشنیارو رێنمایى ده‌توانێت ده‌ربکات، ئه‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ئه‌نجومه‌نه‌ سیاسییه‌که‌ هه‌یه‌تى، له‌ناو یه‌کێتى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیی زۆرترین ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌. هیچ هێزێک نییه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا شوێنى مام جه‌لال وا به‌ئاسانى پڕبکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتیش بپرسى ئه‌وانیش هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌، پڕکردنه‌وه‌ى شوێنى مام جه‌لال پێویستى به‌کاتێکى دورودرێژه   ‌هاوڵاتى: ئه‌وه‌ى به‌ڕێزتان باسى ده‌که‌ن ده‌سه‌ڵاتێکى ته‌شریفاتییه‌، ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى داواى ده‌سه‌ڵاتێک ده‌که‌ن که‌بتوانن بڕیار به‌ده‌ست بن؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: راوێژکردن و ته‌شریفاتى نییه‌ که‌ تۆ ده‌ڵێیت، پارێزه‌رى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتین، واتا له‌هه‌ر بڕگه‌یه‌ک له‌بڕگه‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆو له‌هه‌ر ئۆرگانێکى یه‌کێتى و هه‌ر پێشێلکارییه‌ک له‌په‌یڕه‌و واتا ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانه‌و بڕیار له‌سه‌ر ئۆرگانێک ده‌ده‌ن که‌پێشێلى کردبێت. مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ته‌له‌فون پیرۆزبایى له‌ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى کردووه‌.   ‌هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى ده‌بنه‌ ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: (10) مه‌کته‌بمان هه‌یه‌ له‌ناو یه‌کێتى، نۆ دانه‌یان به‌رپرسى مه‌کته‌به‌کان ده‌بنه‌ ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى و مه‌کته‌بى دارایى راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتییه‌وه‌ هه‌یه‌. تائێستا دیارى نه‌کراوه‌ ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى ژماره‌یان چه‌ند که‌س ده‌بێت، به‌ڵام بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دراوه‌ که‌ پێنج کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى ده‌بێت. له‌ناو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کۆمسیۆنێکمان هه‌یه‌ چاودێرى خه‌رجییه‌ داراییه‌کانى یه‌کێتى ده‌که‌ن، خۆتان ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردنیان هه‌یه‌، به‌ڵام کۆمسیۆنه‌که‌ى ناو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى چاودێرى دارایى یه‌کێتى ده‌کات. هه‌ڵبژاردنه‌کانیش میکانیزمیان بۆ ئاماده‌ کراوه‌، له‌چه‌ند رۆژى ئاینده‌ سه‌رۆک و سکرتێرو بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵده‌بژێردرێن، دواتر کارگێڕه‌کانى مه‌کته‌بى سیاسى، ئه‌وه‌ش به‌پێى کۆمه‌ڵێک مه‌رجه‌ که‌دیاریمان کردووه‌. یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه‌ رێکخراوێکى سیاسیى فره‌ مینبه‌ر بووه‌، پێشمانوایه‌ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن و ته‌وافوق بکرێت کارێکى زۆر باشه‌، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا به‌هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت   ‌هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت ئه‌و پێنج کارگێڕ مه‌کته‌ب سیاسییه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و جێگرو بڕیارده‌رى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به‌ته‌وافوق داده‌نرێت؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ئه‌مه‌ قسه‌یه‌ کراوه‌، چونکه‌ هه‌ڵبژاردن له‌هه‌موو ئۆرگانه‌کان ده‌کرێت ئه‌و (124) هه‌ڤاڵه‌ ئه‌ندام سه‌رکردایه‌تییه‌ى که‌ له‌وێن له‌یه‌ک دوو رۆژى داهاتوو فۆڕممان بۆ دیارى کردوون، هه‌ریه‌ک له‌وانه‌ بۆ ئه‌و پۆستانه‌ ده‌توانێت خۆى کاندید بکات، هه‌ڤاڵانى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌نگى له‌سه‌رده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ قسه‌ى پشتى کۆبوونه‌وه‌ فه‌رمییه‌کانه‌، نازانم چۆنه‌و چۆن نییه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ که‌سێک دیارى نه‌کراوه‌. یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه‌ رێکخراوێکى سیاسیى فره‌ مینبه‌ر بووه‌، پێشمانوایه‌ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن و ته‌وافوق بکرێت کارێکى زۆر باشه‌، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا به‌هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، ره‌نگه‌ بۆ هه‌ر پۆستێک دوو تا سێ که‌س خۆى کاندید بکات. ‌هاوڵاتى: به‌کردارى رێککه‌وتن له‌نێوان کۆسره‌ت ره‌سوڵ و هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى کراوه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى؟ ئایا په‌یوه‌ندى به‌کوڕانى کۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌پۆستیان له‌کارگێڕى مه‌کته‌ب سیاسیی یا سه‌رۆک و جێگرى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیی هه‌بێت؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: له‌ رۆژنامه‌ى هاوڵاتییه‌وه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نم که‌ ناکۆکى له‌نێو یه‌کێتی و کاک کۆسره‌ت و هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتیى نییه‌، راى جیاواز  هه‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌کان و به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى. هه‌موو هه‌وڵه‌کان چ جه‌نابى کاک کۆسره‌ت ره‌سوڵ که‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نه‌ سیاسییه‌که‌یه‌و چ هه‌ڤاڵانى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى و ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان یه‌کێتى به‌ره‌و نوێبوونه‌وه‌و قۆناغێکى تازه‌و به‌رنامه‌یه‌کى نوێ هه‌نگاو بنێت، هه‌مووشیان له‌هه‌وڵى ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى په‌یڕه‌وو پڕۆگرامى یه‌کێتین ئه‌وه‌ گفتوگۆو نیقاش بووه‌. نه‌ هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ و نه‌ هه‌ڤاڵانى دیکه‌ ئه‌وه‌نده‌ داکۆکییان له‌سه‌ر پۆسته‌کان نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئۆرگانه‌کانى یه‌کێتى ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن به‌به‌رنامه‌ى نوێ، ره‌نگه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان دابه‌شبکرێت به‌سه‌ر ئۆرگانه‌کان، به‌ڵام ته‌نها  بۆ به‌رنامه‌و ئۆرگانه‌کانه‌ نه‌ک بۆ پۆست تا ده‌سه‌ڵاتى هاوسه‌نگ بۆ یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هه‌بێت تا هه‌موو پێکه‌وه‌ یه‌کێتى ته‌واو بکه‌ن. ‌هاوڵاتى: ئایا ململانێیه‌کى واقعى ده‌بینرێت له‌نێوان جیلى نوێى یه‌کێتى و نه‌وه‌ى کۆنى یه‌کێتى؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: له‌وه‌ش بیروڕاى جیاواز هه‌یه‌ نه‌ک ململانێ، ره‌نگه‌ کۆمه‌ڵێک له‌هه‌ڤاڵانى پێشوو کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌و پڕۆگرامى سه‌رده‌مى خۆیان پێبووه‌، ئێستا کۆمه‌ڵێک هه‌ڤاڵى تازه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ هه‌ڵگرى کۆمه‌ڵێک ئه‌فکارو به‌رنامه‌و پڕۆگرامى تازه‌یه‌و ده‌یه‌وێت یه‌کێتى به‌فۆرمێکى نوێ بێته‌ مه‌یدانه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ى گفتوگۆو حیوارى هه‌موو لایه‌که‌. دیاره‌ له‌ناو یه‌کێتى ژماره‌یه‌کى زۆر له‌خه‌ڵکى نوێ و خوێنى نوێ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ که‌خه‌ڵکانى ئه‌کادیمی و شاره‌زان، به‌تەئکید ده‌نگ و ره‌نگیان له‌ناو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى، ئه‌و به‌رنامانه‌ى که‌هه‌یانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رجه‌سته‌ى بکه‌ن. ئێستا هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى و مه‌کته‌بى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کۆى هه‌موویان پێکه‌وه‌ توانیویانه‌ رۆڵى مام جه‌لال پڕبکه‌نه‌وه   ‌هاوڵاتى: رۆژى 23ى شوبات هه‌ده‌په‌ به‌یه‌ک رۆژ هاوسه‌رۆکانى هه‌ڵبژارد، به‌ڵام یه‌کێتى له‌ 21ى 12ى 2019 تائێستا هێشتا کاره‌کانى کۆنگره‌ى ته‌واو نه‌کردووه‌؟ بۆچى؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: تێپه‌ڕاندنى  قۆناغ و دۆخى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان قورس بووه‌، تێپه‌ڕاندنى قۆناغێک بووه‌ که‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال که‌چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى نه‌ک هه‌ر یه‌کێتى، چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌کانى کوردستان بووه‌، به‌ئاسانى نه‌بووه‌ که‌ سه‌ید سیستانى وتوویه‌تى مام جه‌لال سه‌مام امانى عێراقه‌. مام جه‌لال که‌ سکرتێرى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان بووه‌ رێنمایى و به‌رنامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى داڕشتووه‌ و شته‌کان له‌ مام جه‌لاله‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. ئه‌وه‌ى ئێستا قۆناغى دواى کۆچى دوایى مام جه‌لاله‌ کۆمه‌ڵێک ئۆرگانى نوێ کراوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و رۆڵه‌ى مام جه‌لال له‌ رابردوودا گێڕاویه‌تى، ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى که‌ بتوانرێت ئه‌مڕۆ له‌م قۆناغه‌دا تێبپه‌ڕێندرێت، بۆیه‌ ئێستا هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى و مه‌کته‌بى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کۆى هه‌موویان پێکه‌وه‌ توانیویانه‌ رۆڵى مام جه‌لال پڕبکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ وایکردووه‌ که‌ کۆنگره‌ درێژه‌ بکێشێت. ئێستا په‌یڕه‌وى ناوخۆ کۆتایى پێهاتووه‌و ته‌نها ئه‌و مادده‌یه‌ نه‌بێت که‌ په‌یوه‌ندى به‌ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسییه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ماوه‌ى (15) رۆژى دیکه‌ ته‌واو ده‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنى به‌رپرسان بۆ ئۆرگان و مه‌کته‌به‌کان ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ماوه‌یه‌کى ئاینده‌دا هه‌مووى ته‌واو ده‌کرێت. ‌هاوڵاتى: پێشتر جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق بوویت که‌ دواتر هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ به‌بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌و یاساى هه‌ڵبژاردنه‌ نوێنه‌ى ئێستا له‌زه‌ره‌رى کورددایه‌ یان نا که‌بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌سه‌ر ئاستى قه‌زا ده‌بێت نه‌ک پارێزگا؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: یاساى هه‌ڵبژاردن که‌ له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر درا پێشتر ئاماده‌کارى بۆ کرابوو، هه‌م له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق دواتر له‌ رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌. ئه‌م یاسایه‌ یاسایه‌کى نوێیه‌و به‌ته‌نها بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کى دیارى کراو ده‌رنه‌کراوه‌و کۆى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ک به‌ته‌نها کورد پێکهاته‌کانى تر له‌پیاده‌کردنى یاساى هه‌ڵبژاردن تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بن. ئه‌و حزبه‌ بچووکانه‌ى که‌ رێژه‌ى ده‌نگه‌کانیان له‌ئاستى باش نه‌بووه‌و کورسى که‌میان هێناوه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، زه‌ره‌رمه‌ندى باش ده‌بن له‌و پرۆسه‌یه‌ به‌پێى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا. به‌پێى یاساى پێشوو له‌عێراقدا (19) بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌بووه‌ بۆ (18) پارێزگاى عێراق، ته‌نها پارێزگاى به‌غداد دوو بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن  که‌ له‌بازنه‌ى که‌رخ و ره‌سافه‌ پێکهاتبوو، به‌ڵام به‌پێى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت هه‌ر پارێزگایه‌ک ببێته‌ چه‌ند بازنه‌یه‌ک به‌پێى قه‌زاکان و ژماره‌ى دانیشتوانیان، ئه‌وه‌ کاریگه‌رى نه‌رێنى زۆرى هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێژه‌ى فه‌وتاندنى ده‌نگه‌کان ده‌بێت و ده‌نگێکى زۆر زۆر ده‌فه‌وتێت. ره‌نگه‌ له‌هه‌ندێک بازنه‌ له‌سه‌دا 70ى ده‌نگه‌کان بفه‌وتێت، ئه‌وه‌ کاریگه‌رى خراپى هه‌یه‌، له‌هه‌ندێک پارێزگا که‌پێکهاته‌کانى هه‌مه‌جۆرن وه‌ک پارێزگاى که‌رکوک و شارۆچکه‌کانى خانه‌قین و دوزخورماتوو ئه‌و پێکهاتانه‌ى که‌ رێژه‌ى ده‌نگه‌کانیان له‌ناو ئه‌و پارێزگایه‌ پارچه‌ پارچه‌یه‌ به‌تاکید ئه‌وه‌ زیانى زۆریان به‌رده‌که‌وێت. ‌هاوڵاتى: به‌ڵام سه‌رۆک کۆمار که‌ کورده‌ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتییه‌ لیژنه‌ى پێکهێنابوو بۆ پرۆژه‌یاساى هه‌ڵبژاردن، چۆن ده‌کرێت واژۆ له‌سه‌ر یاسایه‌ک بکات که‌ به‌زیانى کورد ده‌شکێته‌وه‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ئه‌و یاسایه‌ ته‌نها بۆ کورد ده‌رنه‌کراوه‌ بۆ هه‌موو عێراقه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ئه‌نجامى دیراسه‌ى کۆمه‌ڵێک شوێن بووه‌و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقیش پێداچوونه‌وه‌یان پێداکردووه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى کۆمار ئاماده‌ کرابوو وه‌کو خۆى پرۆژه‌که‌ په‌سه‌ند نه‌کرابێت، حاڵه‌ته‌که‌ بۆ هه‌موو عێراقه‌و پێکهاته‌ى دیکه‌ش لێى زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت نه‌ک ته‌نها کورد. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بڵێن بازنه‌ى رانیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ رانیه‌ کاندیدێکى (50) هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌گه‌ر کاندیدى لایه‌نه‌کانى گۆڕان یا کۆمه‌ڵ  یا یه‌کگرتوو له‌خوار ئه‌و ده‌نگه‌وه‌ بیهێنن ئه‌وه‌ ده‌نگه‌کانیان هه‌مووى ده‌فه‌وتێت   ‌هاوڵاتى: به‌و پێیه‌ى له‌کۆمسیۆن بوویت به‌پێى یاسا نوێیه‌که‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت کورد چه‌ند کورسى له‌ده‌ستده‌دات که‌ئێستا خاوه‌نى (58) کورسیه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ئه‌وه‌ هیچ که‌سێک نایزانێت، تائێستا بازنه‌کان هیچیان دیارى نه‌کراون و ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ لیژنه‌ى یاسایى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ بازنه‌کان دیارى بکات، ده‌بێت لیژنه‌ى یاسایى زۆر به‌وردى بازنه‌کان دیارى بکات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى ته‌واوبدات تا که‌مترین ده‌نگى هاووڵاتى بفه‌وتێت که‌مافێکى سه‌ره‌تایى هه‌موو تاکێکى عێراقییه‌. ته‌نانه‌ت له‌ناو پارێزگاى سلێمانى ئه‌گه‌ر وه‌کو سامپڵ وه‌ریبگرین ره‌نگه‌ ده‌نگى کۆمه‌ڵێک لایه‌نى سیاسى به‌پێى ئه‌و بازنانه‌ دابه‌شبکرێت بفه‌وتێت،  بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بڵێن بازنه‌ى رانیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ رانیه‌ کاندیدێکى (50) هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌گه‌ر کاندیدى لایه‌نه‌کانى گۆڕان یا کۆمه‌ڵ  یا یه‌کگرتوو له‌خوار ئه‌و ده‌نگه‌وه‌ بیهێنن ئه‌وه‌ ده‌نگه‌کانیان هه‌مووى ده‌فه‌وتێت ره‌نگه‌ کۆمه‌ڵێک حزب و لایه‌نى سیاسى ده‌نگێکى زۆریان له‌پارێزگاکاندا بفه‌وتێت که‌ کاندیده‌که‌یان له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌رنه‌چێت، سه‌رجه‌م ده‌نگه‌کانیان له‌ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا ده‌فه‌وتێت که‌ دیارى کراوه‌. ‌هاوڵاتى: ئێستا لیستى حزب و لایه‌نى سیاسى نه‌ماوه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى تاک خۆ کاندیدکردن ده‌بێت، ئه‌مه‌ گرفت بۆ حزبه‌ سیاسییه‌کان دروست ناکات؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: به‌ڵێ ئێستا حزب ناتوانێت به‌پێى یاساى هه‌ڵبژاردنى عێراق لیستى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش جارێکى دیکه‌ گرفت دروستده‌کات، چونکه‌ هه‌موو تاکێکى عێراقى که‌ ته‌مه‌نى گه‌شتبێته‌ (28) ساڵ ده‌توانێت خۆى بپاڵێوێت له‌یه‌کێک له‌و بازنانه‌ى که‌ دیارى ده‌کرێت. ئه‌مه‌ مه‌ترسى هه‌یه‌ له‌سه‌رکه‌وتنى که‌مترین خه‌ڵکانى پسپۆڕو شاره‌زا بۆ گه‌شتنیان به‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ره‌نگه‌ له‌هه‌ندێک بازنه‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک نفوزو لایه‌نگرێکى باشى هه‌بێت بتوانێت خۆى یان کاندیده‌کانى سه‌ربخات. هه‌میشه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌حزبى سیاسى لیستى هه‌بووه‌و په‌رله‌مانتارى هه‌بووه‌، ئه‌و حزبه‌ به‌رپرسیار بووه‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵک، ئه‌گه‌ر کاندیدی هه‌بووبێت بۆ وه‌زاره‌ته‌کان، ئه‌گه‌ر که‌موکوڕیشى هه‌بووبێت خه‌ڵک رووى ده‌مى کردووه‌ته‌ ئه‌و حزبه‌ سیاسییه‌ى وه‌زیره‌که‌ى هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌پێى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن به‌رپرسیارێتى ناکه‌وێته‌ سه‌ر حزب، کاندیدى تاک و فه‌ردییه‌، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ (329) ئه‌ندامى هه‌یه‌، ره‌نگه‌ که‌هه‌ڵبژاردن کرا له‌خه‌ڵکانى زۆر ئایدۆلۆژیاى جیاواز پێکبێت و رێککه‌وتن و پێکهێنانى حکومه‌ت له‌عێراقدا ئاسته‌نگێکى زۆر رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌. تورکمان له‌پارێزگاى که‌رکوک زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌که‌م ده‌بێت دواتریش کورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا   ‌هاوڵاتى: بۆ که‌رکوک به‌تایبه‌ت که‌ پێکهاته‌ى جیاوازى تێدایه‌ بۆ کورد چ زیانێکى ده‌بێت؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ئه‌م زیانانه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن ته‌نها له‌پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان نابێت به‌ڵکو له‌به‌سره‌و نه‌جه‌ف و به‌غداو که‌رکوکیش زیانى ده‌بێت. ره‌نگه‌ له‌ پارێزگاى که‌رکوک که‌کاریگه‌رى نه‌ته‌وه‌کان و پێکهاته‌کان جیاوازن، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناوچه‌یه‌کى جیا نییه‌ که‌ته‌نها کورد یا تورکمانى تێدا بێت، ته‌نها عه‌ره‌بى سوننه‌ له‌ حه‌ویجه‌ زه‌ره‌ر ناکات که‌ژماره‌ى ده‌نگده‌رانى (301) هه‌زار که‌سه‌، ئه‌وان بێ کێشه‌ ده‌بن، به‌ڵام تورکمان له‌پارێزگاى که‌رکوک زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌که‌م ده‌بێت دواتریش کورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ‌هاوڵاتى: که‌رکوک دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ر که‌ راکان سه‌عید جبورى به‌وه‌کاله‌ت پارێزگارى که‌رکوکه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و به‌شێک له‌هاوڵاتیان ده‌ڵێن دۆخه‌که‌ خراپه‌، هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتى بۆ دانانى پارێزگارێکى کورد گه‌یشتووه‌ به‌چى؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: ده‌بوو پێشووتر هه‌موو لایه‌نه‌کان ئیشیان له‌سه‌ر بکردایه‌ بابه‌ته‌که‌ دواکه‌وت دواتر ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک کاره‌کانیان راگیرا به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق. ئه‌وکات له‌کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان بووین بڕیاربوو له‌ 1ى نیسانى 2020 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بکرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بکرایه‌ پێموابوو ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵاتى پارێزگار خێراترو باشتر ده‌بوو، به‌ڵام یاساى کۆمسیۆن و هه‌ڵبژاردن گۆڕاو ستافى کۆمسیۆنیش گۆڕا، ئه‌مه‌ واىکرد راکان سه‌عید له‌شوێنى خۆى بمێنێته‌وه‌. ئێستاش ئه‌وه‌ى که‌هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م حکومه‌ته‌ نوێیه‌ى عه‌لاوى بێته‌ پێشه‌وه‌، یه‌کێک له‌به‌ڵێنه‌کانى به‌خه‌ڵک و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى داوه‌ وتوویه‌تى له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌کرێت.  ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بکرێت ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پێکه‌وه‌ بکرێت که‌ به‌ش به‌حاڵى خۆم پێموایه‌ کارێکى سه‌خته‌ بتوانرێت له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵدا هه‌ڵبژاردن بکرێت، چونکه‌ ئه‌و دادوه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ى ئێستا هاتوونه‌ته‌ ناو کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌کارى دادوه‌رییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کى هه‌ڵبژاردن که‌ به‌ راستى  کارو به‌رنامه‌کانى هونه‌رى و ورد و ژمێریاریی و پسپۆڕیشه‌، جگه‌ له‌وه‌ش که‌هاتوونه‌ته‌ ناو کۆمسیۆن سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌و به‌شه‌کانیان لابردووه‌و خه‌ڵکى دیکه‌یان هێناوه‌ته‌ شوێنیان، ئه‌و ماوه‌ى یه‌ک ساڵه‌ زۆر که‌مه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و ئه‌سته‌مه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن بکرێت، ره‌نگه‌ له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵدا ته‌نها بتوانرێت په‌یکه‌رى دامه‌زراوه‌ى کۆمسیۆن رێکبخرێته‌وه‌ که‌ئێستا ده‌ستیان به‌ رێکخستنه‌وه‌ى کاره‌کانى ناو کۆمسیۆن کردووه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌ له‌وێ بوون هه‌م شاره‌زابوون و ئه‌زموونیان په‌یدا کرد، تێیدا بوو (14) ساڵ له‌ناو کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بووه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى وه‌زاره‌تى دیکه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌یان خول و راهێنانى تایبه‌تیان بۆ کرابووه‌وه‌و پسپۆرییان هه‌بوو، هه‌ندێک فه‌رمانبه‌رى ناو نووسینگه‌ى نیشتمانى کۆمسیۆن له‌به‌غدا زیاتر له‌ (200) ملیۆن دینارى تێدا خه‌رجکراوه‌ ته‌نها له‌خول و راهێنانه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات و هه‌موو ئه‌وانه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌، هه‌روا به‌ئاسانى نییه‌ بێت خه‌ڵکى تازه‌ بهێنیته‌ ناو کۆمسیۆنه‌وه‌ که‌هیچ شاره‌زایى و پسۆڕییه‌کى نه‌بێت  و بته‌وێت له‌ماوه‌ى ساڵێکدا هه‌ڵبژاردن بکرێت. ‌هاوڵاتى: ئایا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا به‌شێوه‌ى ئه‌لیکترۆنى وه‌ک ساڵى 2018 ده‌بێت، یا جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست ده‌کرێت؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: به‌پێى یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان هه‌ر به‌ئه‌لیکترۆنى ده‌بێت و ئامێره‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان ئه‌رکه‌کانى خۆیان جێبه‌جێ کردووه‌و هیچ کێشه‌یه‌کى نه‌بووه‌. له‌هه‌ڵبژاردنى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ئه‌و ئامێره‌ ئه‌لیکترۆنیانه‌ به‌کارهێندرا بۆ جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان کۆمه‌ڵێک گله‌یى و گازنده‌و سکاڵا هه‌بوون، به‌ڵام له‌زۆرێک له‌پارێزگاکاندا له‌سه‌دان بنکه‌دا جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست کران و هیچ ده‌رئه‌نجامێکى جیاوازى نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئامێره‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کاندا. ئێستا سه‌رکردایه‌تییه‌کى نوێ بۆ یه‌کێتى هه‌ڵبژێردراوه‌و زۆرینه‌شى خه‌ڵکى که‌رکوکه‌و له‌سه‌ر بازنه‌ى که‌رکوک بوونه‌ته‌ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى که‌ له‌ (124) هه‌ڤاڵى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى (32) هه‌ڤاڵیان خه‌ڵکى که‌رکوکن.   ‌هاوڵاتى: خه‌ڵکى که‌رکوک ره‌خنه‌یان زیاتر له‌یه‌کێتى هه‌یه‌ وه‌ک له‌لایه‌نه‌کانى دیکه‌، چۆن چاره‌سه‌رى کێشه‌و گله‌ییه‌کانیان ده‌که‌ن؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان لاى که‌رکوکییه‌کان حزبى ژماره‌ یه‌ک بووه‌و خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌کێتى هه‌یه‌و به‌شێکى زۆرى ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ بۆ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه‌. هه‌ڤاڵ مام جه‌لال که‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق بوو، زۆربه‌ى کاتى پشووه‌کانى له‌که‌رکوک به‌سه‌ر بردووه‌و چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ هه‌موو پێکهاته‌و تووێژه‌ جیاوازه‌کانى که‌رکوکدا کردووه‌ به‌بێ جیاوازى، هه‌موو به‌رنامه‌و پرۆگرامه‌کانى بۆ که‌رکوک بوو که‌هه‌موو پێکه‌وه‌ وه‌کو برا بژین و هه‌موو جارێک مام جه‌لال ده‌یوت که‌رکوک شارى چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌یه‌. ئه‌وه‌ى که‌ئێستا هه‌یه‌ خه‌ڵکى که‌رکوک مافى خۆیه‌تى ره‌خنه‌ى له‌یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هه‌بێت، چونکه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ر بوارکێدا بووبێت خه‌ڵکى که‌رکوک له‌پێش هه‌موو شوێنه‌کانى دیکه‌وه‌ پاڵپشتى یه‌کێتییان کردووه‌، دیاره‌ ئێستا سه‌رکردایه‌تییه‌کى نوێ بۆ یه‌کێتى هه‌ڵبژێردراوه‌و زۆرینه‌شى خه‌ڵکى که‌رکوکه‌و له‌سه‌ر بازنه‌ى که‌رکوک بوونه‌ته‌ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى که‌ له‌ (124) هه‌ڤاڵى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى (32) هه‌ڤاڵیان خه‌ڵکى که‌رکوکن.  پێموایه‌ ئه‌وه‌ رێژه‌یه‌کى زۆر باشه‌و جێى بایه‌خدانێکى گه‌وره‌ى یه‌کێتییه‌ بۆ پارێزگاى که‌رکوک و خه‌ڵکه‌که‌ى، ئه‌رکى ئه‌و (32) هه‌ڤاڵه‌ى یه‌کێتییه‌ پێش ئه‌ندامانى دیکه‌ى سه‌رکردایه‌تى به‌رنامه‌ى نوێیان هه‌بێت بۆ ئابوورى و گه‌شه‌پێدان و تواناى گه‌نجانى که‌رکوک. ‌هاوڵاتى: ئایا سه‌رکردایه‌تى نوێى یه‌کێتى ده‌توانێت شوێنى مام جه‌لال پڕبکاته‌وه‌؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: هیچ هێزێک نییه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا شوێنى مام جه‌لال وا به‌ئاسانى پڕبکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتیش بپرسى ئه‌وانیش هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌، پڕکردنه‌وه‌ى شوێنى مام جه‌لال پێویستى به‌کاتێکى دورودرێژه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا ده‌توانین به‌رنامه‌و پڕۆگرامه‌کانى مام جه‌لال بۆ که‌رکوک و هه‌رێمى کوردستان سوود له‌ئه‌زموون و به‌رنامه‌کانى جێبه‌جێ بکه‌ین، ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌رنامه‌کانى مام جه‌لال جێبه‌جێ بکه‌ین له‌که‌رکوکدا  به‌تایبه‌ت دۆخى که‌رکوک ده‌توانین به‌ره‌و باشتری ببه‌ین. ‌هاوڵاتى: پێشتر پارتى ده‌یوت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ى ناو یه‌کێتى ناکه‌ن که‌ بوونه‌ هۆکارى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، ئایا ده‌توانێت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کات؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: پارتى ناتوانێت به‌رنامه‌ بۆ سیاسه‌تى یه‌کێتى و  که‌کێ ده‌چێته‌ سه‌رکردایه‌تى یا هاوسه‌رۆک دابنێت، ئێمه‌و پارتى دوو حزبى گه‌وره‌ین له‌کوردستان پێکه‌وه‌ وا له‌حکومه‌تداین. ئه‌و بابه‌تانه‌ى له‌سه‌ر 16ى ئۆکتۆبه‌ر باسکراوه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ خۆتان له‌ئێمه‌ باشتر ده‌زانن یه‌کێتى دۆخى که‌رکوکى پاراستووه‌، که‌رکوک له‌دۆخێکى خراپدابوو، یه‌کێک له‌ کێشه‌ گه‌وره‌کان که‌ رووبه‌ڕوومان بووه‌وه‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم بوو، ئێستا ئه‌وه‌ براده‌رانى پارتى خۆیان باسى ده‌که‌ن که‌ده‌ڵێن ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى نه‌بووه‌. یه‌کێتى ته‌نها ئه‌وه‌ى کردى رێگرى کردن بووه‌ له‌وه‌ى جارێکى دیکه‌ خه‌ڵکى که‌رکوک وه‌ک سه‌رده‌مى رژێم ئاواره‌ نه‌بێته‌وه‌.  ئه‌گه‌رنا کاک مه‌سعود بارزانى 23ى شوبات به‌ته‌له‌فون پیرۆزبایى له‌کاک بافڵ تاڵه‌بانى و کاک لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى کردووه‌.  ئه‌و رووداوانه‌ى 16ى ئۆکتۆبه‌ر حاڵه‌تێکى نه‌خوازراو بووه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ى یه‌کێتى سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ له‌خه‌ڵکى هه‌موو کوردستان پێکهاتووه‌، پارتى ناتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى نه‌کات. ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى یه‌کێتى که‌ له‌وکاته‌دا له‌که‌رکوک بوون جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ندامانى مه‌کته‌ب سیاسى و سه‌رکردایه‌تى ئه‌مرى واقع بوو که‌ به‌سه‌ر که‌رکوکدا ئه‌و رووداوانه‌ روویدا، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام یه‌کێتى که‌رکوکى به‌ته‌واوى پاراست که‌خه‌ڵتانى خوێن نه‌کرێت. ئه‌وه‌ى که‌کراوه‌ و وتراوه‌ حاڵه‌تێکى نه‌خوازراو بووه‌و ئێستا ئه‌وانه‌ هه‌مووى تێپه‌ڕبووه‌و کۆتایى پێهاتووه‌. ‌هاوڵاتى: قسه‌یه‌ک له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى و سۆسیال میدیا ده‌کرێت که‌ «پارتییه‌کانى ناو یه‌کێتى» ئایا له‌ناو یه‌کێتى ئه‌مانه‌ باس ده‌کرێت؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: لاى ئێمه‌و له‌ناو کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌و شتانه‌ باس ناکرێت،  ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى له‌سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیدان له‌سه‌دا 90ى خه‌ڵکى گه‌نجن هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌و قسانه‌ى ده‌کرێت ره‌نگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى رێککه‌وتنى ستراتیژى له‌نێوان پارتى و یه‌کێتیدا هه‌بووه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ هه‌بووه‌و ئه‌وکات تۆزێک په‌یوه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى و پارتى توندوتۆڵتر بووه‌. وه‌ک یه‌کێتى به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسییه‌کان ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانمان باشتر بکه‌ین له‌گه‌ڵ گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو به‌پارتیشه‌وه‌ تا ده‌ست له‌ناو ده‌ست پێکه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ین بارودۆخى کوردستان باشتر بکه‌ین له‌هه‌موو رووه‌کانه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: به‌پێى په‌یڕه‌وى یه‌کێتى پاداشت و سزا جێبه‌جێ ده‌کرێت که‌ له‌په‌یڕه‌وى پێشووى یه‌کێتیدا بوونى هه‌بوو جێبه‌جێ نه‌ده‌کرا؟ رزگار حه‌مه‌ محێدین: سزاو پاداشت که‌ له‌په‌یڕه‌وى پێشووى یه‌کێتیدا هه‌بووه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، له‌م په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌دا سزاو پاداشت جێبه‌جێ ده‌کرێت، ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌مان که‌ له‌وه‌زاره‌تدان و وه‌زیرن یا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتین له‌هه‌ر پۆستێکدان ئه‌گه‌ر ئه‌رکه‌کانیان به‌باشى جێبه‌جێ نه‌کرد وه‌کو پێویست له‌ئاستى داخوازیى خه‌ڵکدا نه‌بن بانگ ده‌کرێنه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى تائه‌و ئاسته‌ى که‌ له‌ڕێگه‌ى کابینه‌ى حکومه‌ت داوابکرێت لاببرێن، ئه‌گه‌ر کارى باشیان کردو خاڵک لێیان رازى بوو ده‌ستخۆشى و سوپاس ده‌کرێن.

  عومه‌ر فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگ له‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رایگه‌یاند ئاڵوگۆڕی بازرگانى له‌خاڵه‌ سنورییه‌کانی نێوان هه‌رێم و ئێران ده‌ستیپێکردووەته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌کۆمه‌ڵێک رێوشوێنى توندى ته‌ندروستیدا رێگه‌ ده‌درێت که‌لوپه‌ل و خۆراک بهێنرێته‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى مه‌رزى باشماخیش رایگه‌یاند سه‌رجه‌م باره‌ بازرگانیه‌کان پشکنینی فیزیایی و کیمیایی و کوالێتیان بۆ ده‌کرێت، ئه‌وکات رێگه‌ به‌ده‌ربازبوونیان ده‌درێت. له‌رۆژى دووشه‌ممه‌ بۆ ماوه‌ى 24 کاتژمێر به‌بڕیارێک سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوریه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران داخرا به‌ڕووى ئاڵوگۆڕى بازرگانیدا، پێشتریش هاتوچۆى گه‌شتیاری راگیرابوو ته‌نها رێگه‌ به‌و که‌سانه‌ ده‌درا که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقی بن. ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگ له‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى وت «دواى ئه‌وه‌ى به‌بڕیارێک ئاڵوگۆڕى بازرگانى راگیرابوو، له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا بڕیاردرا جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به‌ ره‌چاوکردن و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیارو رێنماییه‌ ته‌ندروستیانه‌ى که‌پێشتر بڕیارى لێدراوه‌ له‌خاڵه‌ سنورییه‌کان جێبه‌جێبکرێت ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت و راناگیرێت». هه‌رێمی کوردستان حه‌وت خاڵی گومرگی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هه‌یه‌، که‌ رۆژانه‌ سه‌دان بارهه‌ڵگری کاڵا و پێداویستی رۆژانه‌ هاورده‌ی هه‌رێم ده‌کرێت، کۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران به‌فه‌رمی رایگه‌یاند ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌و تائێستا حاڵه‌ته‌کانی گیانله‌ده‌ستدان به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ پانزه‌ که‌س. له‌هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی له‌خاڵه‌ سنورییه‌کان رێوشوێنی ته‌ندروستی و ئه‌منی توند گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی که‌ له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان و هاتن و چوونی گه‌شتیاری راگیرا، به‌ڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌رده‌وامه‌. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ له‌لایه‌ن تیمی تایبه‌ته‌وه‌ پشکنینى ته‌ندروستی بۆ شۆفێره‌کان ده‌کرێت و سه‌رجه‌م که‌لوپه‌ل و خۆراک و باره‌ بازرگانیه‌کان ره‌وانه‌ی یه‌که‌ پشکنینه‌ جۆراوجۆره‌کانی ناو ده‌روازه‌که‌ ده‌کرێن، به‌مه‌به‌ستی پشکنینی فیزیایی و کیمیایی و کوالێتی و هه‌رجۆره‌ پشکنینێکی دیکه‌ی پێویست پاشان بارو کاڵای شیاوو ده‌رچوو له‌پشکنینه‌کان رێگه‌پێدانی داخڵ بوون به‌هه‌رێمی کوردستانیان بۆ ده‌کرێ و له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی باشماخه‌وه‌ هاوڕێیه‌تییان ده‌کرێ تاشوێنی مه‌به‌ست. پێشتر شاخه‌وان ئه‌بوبه‌کر، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ له‌نزیک پێنجوێن، به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاندبوو له‌پێناو خۆپاراستن له‌کۆرۆنا، چه‌ند رێوشوێنێک گیراوه‌ته‌به‌رو پشکنین بۆ هه‌موو که‌سێک ده‌کرێت که‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و وتیشی «بۆ پاراستنی زیاتریش بڕیاری ئه‌وه‌دراوه‌ هه‌موو باره‌ بازرگانیه‌کان، شۆفێره‌ ئێرانیه‌کان تاسنوری خۆیان ده‌یهێنن و له‌وێوه‌ داده‌گیرێت و دووباره‌ له‌ئۆتۆمبێلی کوردستان بارده‌کرێت و ده‌هێنرێته‌ ناوه‌وه‌«. ئه‌و به‌رپرسه‌ی گومرگی ده‌روازه‌ی باشماخ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و شۆفێره‌ کوردانه‌ش له‌ژێر چاودێری و رێوشوێنی ته‌ندروستیدا ده‌بن و پشکنینیان بۆ ده‌کرێت و هه‌موو زانیاریه‌کیان لێوه‌رده‌گیرێت. سه‌باره‌ت به‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی که‌ سوته‌مه‌نی ده‌گوازنه‌وه‌، شاخه‌وان ئه‌بوبه‌کر وتی «بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمه‌ی به‌نزین و نه‌وت دروست نه‌بێت، بڕیاردراوه‌ ته‌نها رێگه‌ به‌ئه‌وان بدرێت بێنه‌ ناو خاکی هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش پشکنینیان بۆ ده‌کرێت و هه‌موو رێنماییه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییان تێدا جێبه‌جێده‌کرێت». له‌کۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ سێشه‌ممه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا بڕیاردراوه‌ گه‌شتی ناپێویست له‌نێوخۆی هه‌رێمی کوردستان، یان ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له‌شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق دێنه‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بکرێت که‌دێنه‌ ناو سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان.  هه‌روه‌ها بڕیاردراوه‌ که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ به‌قۆرخکردن و گرانکردنی شتومه‌ک له‌بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیکاران ده‌گیرێته‌به‌ر. چاوپۆشیش له‌پشکنینی پزیشکی ئه‌وانه‌ش ناکرێت که‌دێنه‌ ناو هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ که‌وتووه‌ته‌ سنوری قه‌زای پێنجوێنه‌وه‌و نزیکه‌ی (100) کیلۆمه‌تر له‌پارێزگای سلێمانی دووره‌، هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ شارۆچکه‌ی مه‌ریوان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ته‌نها (30) کیلۆمه‌تر له‌و شارۆچکه‌یه‌وه‌ دووره‌، رۆژانه‌ نزیکه‌ی (600) ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری بارهه‌ڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی ده‌که‌ن له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌و سه‌دان گه‌شتیاریش هاتوچۆی لێوه‌ده‌که‌ن.

ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د  کۆمەڵێک چەکدار کەگومان دەکرێت داعش بن به‌بڕى (390) هەزار دۆلار حەوت رفێنراویان ئازادکرد تەنیا له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى رابردوودا، ئەوەش دواى زیاتر لەمانگێک له‌ رفاندنیان له‌نزیک ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌و رێگاى که‌رکوک – داقووق له‌دوو بۆسه‌ى جیاوازدا.  سه‌ره‌تا هه‌ردوو برا (هێمن جه‌لال عیسى) و (قانع جەلال عیسى) که‌دانیشتووى شارى کفرین به‌بڕى حەوت ده‌فته‌ر دۆلار ئازادکران و دوو رۆژ دواى ئه‌وان هه‌ریه‌ک له‌ (وەلید فه‌رهاد) دانیشتووى شارى کفرى . ده‌روێش سه‌فه‌ر خاڵى دوو رفێنراوه‌که‌ى شارى کفرى به ‌‌هاوڵاتى وت «دوو رفاندنى هه‌ردوو خوشکه‌زاکه‌م چه‌ند رۆژێک هیچ ده‌نگوباس و سۆراخێکیان نه‌بوو، به‌ڵام ده‌مانزانى به‌ره‌و دۆڵ و هه‌رده‌کانى غه‌ڕه‌و په‌ڵکانه‌ براون» . وتیشی «دواى چه‌ند رۆژێک له‌مۆبایلى یه‌کێک له‌خوشکه‌زاکانم په‌یوه‌ندى کرا به‌که‌سوکارمان و سه‌ره‌تا داواى بڕه‌ پاره‌یه‌کى زۆریان کرد به‌ڵام دواجار له‌سه‌ر حەوت ده‌فته‌ر دۆلار رێکه‌وتین بۆ ئازادکردنى قانع و هێمن سه‌ره‌ڕاى بردنى ئۆتۆمبێله‌که‌یان له‌جۆرى تۆیۆتا هیلۆکس». پێش ئازادکردنیان چه‌ند هه‌ڵمه‌تێکى پشکنین و گه‌ڕان کرا له‌نزیک شوێنى رفاندنیان له‌لایه‌ن  هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و پۆلیسى ناوچه‌که‌وە، به‌ڵام هیچ سۆراخێکى فێنراوان نه‌بوو، تا دواتر چه‌کداران کە خۆیان بە داعش ناساندووە له‌ڕێگهی مۆبایلى رفێنراوه‌کانەوە په‌یوه‌ندیان کرد به‌خێزان و که‌سوکاریان و وتیان ڕفێنراوه‌کان ئازاد دەکەن لە به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌کى دیاریکراو کە خۆیان بڕەکەیان دیاریکردبوو. له‌باشوورى قه‌ره‌ته‌په‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ (قه‌حتان عه‌دنان) دانیشتووى ناحیه‌ى سه‌عدیه‌ و (مونیر عه‌لى) دانیشتووى خانه‌قین له‌دوو کاتى جیاوازدا به‌بڕى پێنج ده‌فته‌ر دۆلار ئازادکران . ‌هاوڵاتى چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندى به‌ به‌ڕێوەبه‌رى پۆلیسى ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌وە کردو ئاماده‌نه‌بوو وه‌ڵامى پرسیارەکانی ‌ بداته‌وه‌و. له‌دوا پێشهات و چاره‌نووسه‌ ڕفێنراوه‌کانى لاى داعش،  محه‌مه‌د سعود  ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌  به‌ ‌ وت «هه‌رچى هه‌وڵ و کۆشش هه‌یه‌ ئێستا ته‌نها خزم و که‌سوکارى رفێنراوه‌کان پێى هه‌ڵده‌ستن  ده‌چن سه‌ردانى که‌سایه‌تى و سه‌رۆک هۆزه‌کانى ناوچه‌کانى خوارووى قه‌رەته‌په‌ ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى وابزانن رۆڵیان هه‌بێت له‌میانگێڕى نێوان چه‌کداره‌کان و که‌سوکارى ڕفێراوه‌کان». سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵى لایه‌نه‌ فه‌رمی و ئیدارییه‌کانى ناوچه‌که‌ و پارێزگاى دیالە، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌ن وتى «هیچ لایه‌نێکى فه‌رمى و حکومى رۆڵیان نیه‌ له‌ به‌دواداچوون بۆ ئازادکردنیان، تائێستا دوو که‌س ئازادکراون و یه‌کێکیش کوژراوه‌و پێنج که‌سى دیکه‌ش ماون چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌سوکاریان بکه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌کدارانه‌ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک ئازاد بکرێن، بێئه‌وه‌ى هیچ واده‌یه‌ک بۆ گفتوگۆ یان ئازادکرنیان دیارى بکرێت».

عومه‌ر فه‌تاح تا ئێستا سه‌ردانى وه‌فدى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا دیارینه‌کراوه‌و هیچ واده‌یه‌کیش ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لاوی راسپێردراوی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی عێراق.  به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌ته‌کان و حکومه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستى ئه‌وان و لیژنه‌یه‌ک پێکهێنراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى راپۆرتى له‌سه‌ر ئاماده‌ بکرێت تا ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام هێشتا ناوى کاندیدو سیڤى کانیده‌کان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستى په‌رله‌مانتاران. لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌کانه‌وه‌ کاندیده‌کانى کورد له‌حکومه‌تى داهاتوودا ده‌ستنیشان بکرێن. زیا پترۆس ئه‌ندامی وه‌فدی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات ئه‌وان وه‌کو لایه‌نى کوردى به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ له‌حکومه‌تى داهاتوودا مافه‌ ده‌ستوریه‌کانى هه‌رێم وه‌ک پێشتر پارێزراوبێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌شدارى له‌حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاویدا ده‌که‌ن.  زیا پترۆس به هاوڵاتى وت «ئێمه‌ له‌کۆبونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێمی کوردستان و  سه‌رکرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ حکومه‌تى داهاتوو، مافه‌ ده‌ستورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بپارێزێت، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌گفتوگۆکانمان له‌گه‌ڵ کاندیدى راسپێردراو». ئه‌ندامه‌که‌ى وه‌فدى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو له‌گفوگۆکانی پێشووتریان له‌گه‌ڵ عه‌لاوى داوایانکردووه‌ له‌ماوه‌ى حکومه‌تکه‌ى ئه‌ودا کاربکرێ بۆ گێڕانه‌وه‌ى مافه‌ ده‌ستوریه‌کان وه‌ک مادده‌ى 140 جێبه‌جێبکرێ و  موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ داراییه‌کانى جوتیاران بپارێزرێت و وه‌کخۆى مانگانه‌ بدرێت. سه‌باره‌ت به‌کاتی چوونى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا، زیا پترۆس وتى «تائێستا هیچ واده‌یه‌ک ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌، چونکه‌ ئێمه‌ که‌ ده‌چین ده‌بێ پێشوه‌خته‌ ئاماده‌کارى بکرێت و کات و شوێنى کۆبوونه‌وه‌کانمان دیاری بکرێ، ناکرێ بچینه‌ ئه‌وێ و هیچ روون نه‌بێت». ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئێستا هه‌ر ته‌نها لایه‌نى کوردى نیه‌ که‌ گله‌یی و ناڕه‌زایی هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازو کارو به‌رنامه‌ى حکومه‌تى داهاتوو، وتیشى «لایه‌نه‌ سوننه‌کانیش گرفتیان هه‌یه‌و به‌شێک له‌شیعه‌کانیش به‌هه‌مانشێوه‌ بۆیه‌ واباشتره‌ تادواسات گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینه‌وه‌کانمان به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ خاڵێکى لێکتێگه‌یشتن». په‌رله‌مانی عێراق له‌ (328) کورسی پێکهاتووه‌و دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر شیعه‌و سوننه‌و کورده‌کاندا که‌شیعه‌کان نیوه‌ زائید یه‌ک پێکده‌هێنن و سوننه‌کانیش نزیکه‌ی (70) کورسی و کوردیش (58) کورسی هه‌یه‌.  به‌پێى ناوه‌رۆکی راگه‌یه‌ندراوى کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێم (سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان، سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت) بڕیاردراوه‌ وه‌فده‌که‌ى هه‌رێم بچێته‌وه‌ به‌غداو درێژه‌ به‌کۆبوونه‌وه‌کان بدات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی عێراق، له‌گفتوگۆو راگۆڕینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. خه‌لیل ئیبراهیم ئه‌ندامى وه‌فدى کوردى بۆ به‌غدا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌وان له‌سه‌ر راسپارده‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاماده‌کارى خۆیان کردووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام هێشتا واده‌که‌ى یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و به هاوڵاتى وت «به‌ به‌رده‌وام کات تێده‌په‌ڕێت که‌ئه‌مه‌ش خراپه‌و هه‌موومان له‌ژێر فشارى کاتداین، پێویسته‌ به‌زوویی گفتوکۆکان به‌رده‌وامى پێبده‌ین، به‌س ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌کان ئاوا بڕوات له‌وانه‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى پێنجشه‌ممه‌ى په‌رله‌مان دوابخرێت». له‌نێو کابینه‌که‌ی ناوی سێ کورد ده‌هێندرێت که‌ بریتین له‌ عادل که‌ریم بۆ وه‌زاره‌تی بازرگانی، شوان ئیبراهیم بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و حاکم رزگار محه‌ممه‌د ئه‌مین بۆ وه‌زاره‌تی داد. په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان که‌ به‌شداربووی کۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات په‌رله‌مانتاران ته‌نها به‌رنامه‌ى حکومه‌تیان بۆ هاتووه‌، هێشتا سیڤی و ناوى کانیده‌کانیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌. به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر فراکسیۆنى گۆڕان، به هاوڵاتى وت «بڕیاره‌ وه‌فدى هه‌رێم بێنه‌وه‌ به‌غداو درێژه‌ به‌گفتوگۆکانیان بده‌ن و ئێمه‌ش له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و گفتوگۆیانه‌و بڕیارى قیاده‌ى سیاسی کوردى به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌مان ده‌که‌ین یاخود نا، پێشتریش له‌به‌یاننامه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تیه‌کان روونمانکردووه‌ته‌وه‌ که‌ کورد به‌چ شێوازێک و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک به‌شداری ده‌کات له‌حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاویدا». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ تائێستا ئه‌گه‌رێکى زۆر هه‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ بکرێت، چونکه‌ به‌رنامه‌ى حکومه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، وتیشى «هه‌موو حکومه‌تێکى نوێ که‌ پێکده‌هێنرێت، ده‌بێت به‌رنامه‌ى خۆى بنێرێته‌ په‌رله‌مان که‌ به‌نیازه‌ چیى بکات و په‌رله‌مانتارانیش ده‌نگى له‌سه‌ر بده‌ن، لیژنه‌یه‌کیش به‌سه‌رۆکایه‌تى حه‌سه‌ن که‌عبى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق، پێکهێنراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دیراسه‌ى ناوه‌رۆکى راپۆرتێک له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاوی ئاماده‌بکه‌ن و ڤیان سه‌بریش وه‌ک کورد به‌شداره‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا». به‌هار مه‌حمود ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد پێویسته‌ (48) کاتژمێر به‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ناوو سیڤى کانیده‌کانیان پێ بگات، چونکه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیاریه‌کان ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن، ده‌بێ بزانن چى ده‌که‌ن و کێن. عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق  29-11-2019 به‌هۆی خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ ده‌ستی له‌کارکێشایه‌وه‌و دوو رۆژ دواتر له‌کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی په‌سندکرا، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ش به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی سیاسه‌تمه‌داری سه‌ربه‌خۆی، راسپارد بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت، به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێت عه‌لاوی له‌ماوه‌ی (30) رۆژدا کابینه‌که‌ی پێشکه‌شی په‌رله‌مان بکات بۆ په‌سه‌ندکردنی. محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی له‌ ساڵی 1954 له‌به‌غدا له‌دایکبووه‌و شیعه‌ی عه‌لمانیه‌و که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌دوو خولدا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بووه‌، هه‌روه‌ها ماوه‌ی دوو ساڵ له‌خولی دووه‌می حکومه‌ته‌که‌ی نوری مالیکیدا وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن بووه‌و له‌ساڵی 2012دا به‌هۆی کێشه‌و ناکۆکی له‌گه‌ڵ مالیکی ده‌ستی له‌کارکێشایه‌وه‌. کابینه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستله‌کارکێشاوه‌ له‌ (22) وه‌زاره‌ت پێکهاتبوو، شیعه‌کان (12) وه‌زاره‌ت، سوننه‌ شه‌ش وه‌زاره‌ت، کوردیش سێ وه‌زاره‌ت و مه‌سیحییه‌کانیش وه‌زاره‌تێکیان هه‌بوو، له‌ سێ وه‌زاره‌ته‌که‌ی کورد دوو وه‌زیریان به‌ر پارتی که‌وتبوو که‌ پێکهاتوون له‌ فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروباری دارایی و وه‌زیری دارایی، به‌نگین رێکانی وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن.

هاوڵاتى بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو رێگریکردن لەزیاتر تەشەنەکردنی قایمقامی کەلار بڕیاری داخستی سەرجەم کافتریاکانی دەرکرد. قایمقامیه‌تى سلێمانىش چه‌ند رێوشوێنێکى نوێ ده‌گرێته‌به‌ر. هاوکات سەرۆکی زانکۆی پزیشکی قوم رایگەیاند هۆکاری خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لەشارەکە بۆ نێرگەلە کێشان دەگەڕێتەوە. دکتۆر محەمەد رەزا قەدیر سەرۆکی زانکۆی پزیشکی قوم رایگەیاند نێرگەلە هۆکارێکە بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید19، راشیگەیاند ئەوانەی کە نێرگەلە دەکێشن دەبێت لەو مەترسیە ئاگاداربن. هاوکات قایمقامی کەلار سێشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠ رایگەیاند «بەمەبەستی رێگریکردن لەڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردرا بەداخستی سەرجەم کافتریاکانی قەزای کەلار و ناحیەکانی». ئاماژەی بەوەشکردووە، «بڕیاری داخستی سەرجەم کافتریاکان  دەخرێتە بواری جێبەجێکردن و هەر خاوەن کافتریایەک پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە». ئەمەش لەکاتێکدایە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا لەهەڵکشاندایەو چوار حاڵەت لەپارێزگای کەرکوک تۆمارکراوەو حکومەتی هەرێمیش بڕیاری پشووی فەرمیدا لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن تاکو ١٠ی ئازار. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌پێویستى زانى هاوڵاتیان هیچ نه‌ترسن، به‌ڵام پێویسته‌ ئاگادارى خۆیان بن، وتیشى «چونکه‌ ترس و ئاگاداربوون زۆر جیاوازه‌، چونکه‌ تائێستا هیچ حاڵه‌تێکى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌کوردستان تۆمارنه‌کراوه‌، به‌ڵام که‌ روویدا ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ کوردستان ته‌واو ده‌بێت چونکه‌ هه‌موو رێکاره‌کان گیراوه‌ته‌به‌ر». ده‌رباره‌ى ئامێرو پێداویستییه‌ پزیشکیه‌کانى تایبه‌ت به‌پشکنینی ڤایرۆسەکه‌،  دکتۆر محه‌مه‌د قادر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد «ئامێرى پشکنینى ڤاپرۆسى کۆرۆنا هاتۆته‌ هه‌رێمه‌وه‌و پێویست به‌وه‌ناکات له‌کاتى ئه‌گه‌رى توشبوونى هه‌ر که‌سێکدا پشکنینه‌کان بنێردرێن بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ سودى زۆرى هه‌یه‌و کاتى زیاترمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌«. به‌در له‌ رێنماییه‌کانى ترى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى  بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ له‌خاڵه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌ هه‌موو رێگایه‌ک گیراوه‌ته‌به‌رو هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ئێرانه‌وه‌ جا هاوڵاتى هه‌رێمى کوردستان بن  یان ئێرانى چاودێرى ده‌کرێن. هاوکات له‌شکر حه‌مید سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى. به‌‌ وت «ئه‌مڕۆ یاخود سبه‌ینێ کۆده‌بینه‌وه‌و کۆمه‌ڵێک رێنمایی نوێ ده‌رده‌که‌ین، ئێستا ئێمه‌ کاتى گه‌ڕانى سه‌رجه‌م لیژنه‌کانیشمان زیادکردووه‌و به‌رده‌وام له‌ناو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌کان ده‌گه‌ڕێین و سه‌رجه‌م شوێنه‌کان به‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وەو‌ رێگه‌ به‌هیچ که‌مووکوڕییه‌ک ناده‌ین». وتیشی «یه‌کێک لەشوێنانه‌ى رێنمایی نوێى بۆ ده‌رده‌که‌ین دوکانى نێرگه‌له‌کانه‌، ده‌بێت ئه‌و سۆنده‌یه‌ى که‌ به‌کارى ده‌هێنن به‌رده‌وام بگۆڕدرێ، ئه‌و که‌سانه‌ى له‌شوێنه‌ گشتییه‌کان کارده‌که‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌شى تازه‌ پشکنینیان کردووه‌ دووباره‌ پشکنین بکرێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌میان، بزانرێت نه‌خۆشى گواستراوه‌یان نیه‌، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت چاوێک بخشێنرێته‌وه‌ به‌مه‌له‌وانگه‌کانیش، رێنمایی نوێش بۆ ئه‌وان ده‌رده‌کرێت». به‌هۆی ئه‌وه‌ی نێرگه‌له‌ به‌یه‌کێک له‌ رێگا خێراکانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا ده‌ستنیشانکراوه‌، له‌چه‌ند شارێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تى له‌شارى سنه‌و مه‌ریوان وسه‌قزو چه‌ند شوێنێکى دیکه‌ زۆرینه‌ی دوکانی نێرگه‌له‌کان داخران و رێگه‌نادرێت به‌کاربهێنرێت

‌شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى رایده‌گه‌یه‌نێت تائێستا هیچ حاڵه‌تێکى نه‌خۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌هه‌رێمی کوردستان تۆمارنه‌کراوه‌و پێویست به‌ترس ناکات، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد راگه‌یاندنى پشوو په‌یوه‌ست نیه‌ به‌بوونى حاڵه‌ته‌وه‌ ته‌نیا بۆ رێگریکردنه‌ له‌تووشبوون و خۆپارێزییه‌. دوێنێ سێشه‌ممه‌، بۆ یه‌که‌مجار ئاشکراکرا که‌ چوار ئه‌ندامى یه‌ک خێزانى پارێزگاى که‌رکوک که‌پێش دوو رۆژ له‌ شارى قوم بوون، توشى ڤاپرۆسی کۆرۆنا بوون له‌ژێر چاودێریدان. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌و چوار توشبووه‌ى که‌رکوک پێشتر له‌شارى قومى ئێران بوون و وا گومان ده‌کرێت به‌ رێگه‌ى قاچاخ هاتبێتنه‌وه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان سه‌رقاڵى لێکۆڵینه‌وه‌ن و  ئه‌وه‌ پشتڕاستده‌که‌نه‌وه‌. وته‌بێژه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به هاوڵاتى وت «هه‌رکه‌سێک له‌خاڵه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌ بێته‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌، ماوه‌ى (14) رۆژ له‌ژێر چاودێریدا ده‌مێنێته‌وه‌، چونکه‌ رێگه‌ناده‌ین هیچ که‌سێک بێته‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ تاماوه‌ى (14) رۆژه‌که‌ى خۆى ته‌واو نه‌کات و دڵنیانه‌بینه‌وه‌ له‌بارى ته‌ندروستى». ناوبراو جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ هاوڵاتیان هیچ نه‌ترسن و پێویسته‌ ئاگادارى خۆیان بن، وتیشى «ترس و ئاگاداربوون زۆر جیاوازه‌، چونکه‌ تائێستا هیچ حاڵه‌تێکى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌کوردستان تۆمارنه‌کراوه‌، به‌ڵام که‌ روویدا ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ کوردستان ته‌واو ده‌بێت چونکه‌ هه‌موو رێکاره‌کان گیراوه‌ته‌به‌ر». دکتۆر محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ گومانلێکراو ئه‌وه‌یه‌ که‌نیشانه‌کانى لێده‌رده‌که‌وێت و تائێستا هیچ حاڵه‌تێکى وا نه‌بووه‌، وتیشى «ئامێرى پشکنینى ڤاپرۆسى کۆرۆنا هاتۆته‌ هه‌رێمه‌وه‌و پێویست به‌وه‌ناکات له‌کاتى ئه‌گه‌رى توشبوونى هه‌ر که‌سێکدا پشکنینه‌کان بنێردرێن بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ سودى زۆرى هه‌یه‌و کاتى زیاترمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌«. به‌وته‌ى به‌رپرسه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا پشکنینى هیچ که‌سێک نه‌نێردراوه‌ بۆ به‌غدا، چونکه‌ هیچ گومانلێکراوێک نه‌بووه‌و پێویست به‌وه‌بکات پشکنینه‌که‌ی بنێردرێت بۆ به‌غدا. سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ته‌رخانیکردوه‌ بۆ ریگریکردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤاپرۆسه‌که‌، وته‌بێژى ته‌ندروستى وتى «بودجه‌یه‌ک وه‌ک بودجه‌ى فریاگوزارى ته‌رخانکراوه‌، بۆ رووبه‌وبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤاپرۆسه‌و سودى لێوه‌رده‌گیرێت». له‌باره‌ى رێنماییه‌کانه‌وه‌ ناوبراو ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ پێشنیار ده‌که‌ن خه‌ڵک له‌شوێنى قه‌ره‌باڵغ و به‌رکه‌وتنى راسته‌وخۆ دووربکه‌وێته‌وه‌، وتیشى «داوامان له‌هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌ ئه‌گه‌ر بتوانن به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان ئه‌وانه‌ رێکبخه‌وه‌ رێگاکانى خۆپاراستن زۆر کاریگه‌رتر ده‌بن».

راپۆرتی: لا ریپەبلیکا وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا «ماڵئاوا لەوانەی خۆشمدەوێن و خۆشیاندەوێم»، ئەمە نامەی چانگ کایی دەرهێنەری سینەماییە کەمێک پیش ئەوەی بمرێت. نامەکەی بۆ هاوڕێکانی و ئەو کوڕەی نووسی کەئێستا لەلەندەن دەژی و تاکەکەسی خێزانەکەیەتی کە ماوەو ڤایرۆسی کۆرۆنای نەگرتووە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو خیزانەکەی بڵاوبووەوە لەکاتێکدا لەگلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە)ی خۆیاندا بوون و هەوکردنی سییەکانیان یەک بەیەک خێزانەکەی برد. سەرەتا باوکە بەتەمەنەکەی چانگ کای و دواتر دایکی. دواتر چانگ کای، کە بەناوبانگە بەدەرهێنەری فیلم لەهوبەی فلیم ستودیۆ، خۆی تووشی ڤایرۆسەکە بوو، ئینجا خوشکەکەی. ئێستاش هاوسەرەکەی لەدۆخێکی سەختدایە. ئەمە چیرۆکێکی دراماتیکی خێزانێکی وهانە کە نیشانیدەدات چۆن نەخۆشخانەکانی شارەکە، کەهەزارەها خەڵکی بەلێشاو بۆی چوون، ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە نەبوون و چۆن بڕیاری دەسەڵاتداران بۆ ئاراستەکردنی نەخۆشەکان بەرەو گلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە)ی خۆیان رێی بۆ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە خۆشتر کردووە نەک رێگری لێبکات. کاتێک باوکی نیشانە سەرەتاییەکانی تێدا پەیدابوو لەناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا، چانگ کایی تەمەن (٥٥) ساڵ بەداماوییەوە هەوڵییدا لەیەکێک لەنەخۆشخانەکان داغڵی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە هیچ قەرەوێڵەیەکی بەردەست نەبوو. «باوکم، تاو کۆکە، هەروەها تەنەگەنەفەسی هەبوو، هەوڵمدا بینێرم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هیچ یەکێک لەو نەخۆشخانانەی سەردانمان کردن لەخۆیان نەگرت، چونکە هیچ جێگەیەک نەمابوو»، چانگ کایی ئەمەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی پێش ئەوەی خۆی گیان لەدەستبدات. بەناچاری کایی باوکی هێنایە ماڵەوەو بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی چین خۆی چاودێری تەندروستی کرد. بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی چین، ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نەخۆشییەکەیان مامناوەندە یان گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت دەبێت بچمنە ماڵەوەو خۆیان گرنگی بەتەندروستی خۆیان بدەن تا پاڵەپستۆ لەسەر نەخۆشخانەکان دروستنەبێت. ئەم رێنماییەی چین دۆخەکەی خراپتر کرد بۆ خێزانەکەی چانگ کایی، چونکە بەهۆی باوکییەوە تەواوی خێزانەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون. دواجار، دوای ئەوەی خۆی و ژنەکەی چاودێرییان کردو گرنگییان پێدا، باوکی لە ٢٨ی کانونی دووەمدا گیانی لەدەستدا. لەهەمان رۆژ دایکی نەخۆشکەوت و لە ٢ی شوبات گیانی لەدەستدا. تراژیدیای خێزانەکە لیرە کۆتایی نەهات. لەهەمان رۆژ کەدایکی گیانی لەدەستدا، چانگ کایی و خوشکەکەی نەخۆشکەوتن. لەکۆتاییدا لە ٢ی شوبات دەسەڵاتدارانی چین بڕیاریاندا ستراتیجی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە بگۆڕن بەدابەشکردنی کەسەکان بەسەر پۆلی حاڵەتی پشتڕاستکراوە، گوماناوی، چاودێری و هەریەکێک لەم پۆلێن بەندیانە جیاکرانەوە. هاوڵاتیان بەخێرایی دابەشکران بەسەر ناوەندەکانی گلدانەوەی تەندروستیدا بەپێی بەشەکانیان . ناوەندەکان بە پەلەپەل لەشوێنە گشتییەکانی وەک، یاریگا، ئوتێل، سینەماکان دروستکران و کرانە ناوەندێک بۆ کەرەنتینەی تووشبوانی ڤایرۆسەکە. ئەمە دۆخێکی لەبارنەبوو بەڵام لانیکەم ئەوەی هەبوو کە نزیک نەدەبووی لە کەسوکارت تائەوانیش تووش بکەیت. ئەم رێنماییە کەدەسەڵاتداران رایانگەیاند، لەلایەن سەرۆکی وڵات شی جین پینگەوە نیردرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. رێنماییەکە داوای دەکرد هەموو گومانلێکراوەکان پشکنینیان بۆ بکرێت و کەرەنتینە بکرێن و هەموو نەخۆشەکانیش قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیان بۆ دابین بکرێت. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە زۆر درەنگ بوو بۆ چانگ کایی. هەینی رابردوو، واتە ١ی شوبات، دەرهێنەرەکە گیانی لەدەستداو دوایین نامەی خۆی لەسەر شێوازی هۆنراوەیی کلاسیکی چینی نووسی. «لەگەڵ ئەوەی لەدوا هەناسە لاوازەکانی ژیانمدام، ئەمە دەنووسم بۆ خێزانەکەم، هاوڕێکانم، کوڕەکەم کە لەلەندەنە: لەتەواوی ژیانمدا کوڕێکی گوێڕایەڵ بووم، باوکێکی بەرپرسیار بووم، هاوسەرێکی خۆشەویست بووم، هەروەها کەسێکی راستگۆ بووم»، چانگ کایی لەنامەکەدا ئەمەی نووسی. دوای تەنها چەند کاتژمێرێک خوشکەکەی کایی گیانی لەدەستداو ئێستاش هاوسەرەکەی لەدۆخێکی سەختدایە. ئەمە تراژیدیای خێزانێکە کە وادەرناکەوێت دەگمەن بێت لەپارێزگای هوبەیدا. لەم رۆژانەدا زۆرێک چیرۆک هەن لەمیدیایی چینیدا کەئاماژەن بۆ ئەوەی بڕیاری سەرەتایی بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشەکان لەماڵەوە تووشبونی بەڤایرۆسەکەی دوو ئەوەندە کردووە لەناو خێزانەکاندا، زۆرجاریش بووەتە هۆی مردنی زیاد لەئەندامێکی لەناو خێزانێکدا. زۆربەی ئەو کەسانە رەنگە هەر داخڵی نەخۆشخانە نەکرابێت، تەنانەت پشکنینیان بۆ نەکراوەو وەک تووشبوو لەقەڵەم نەدراون. گیان لەدەستدانیان لەئاماری فەرمیدا لەهەفتەکانی سەرەتادا دەرنەکەوتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە ژمارەی مردووان و تووشبوان زۆر لەوە زیاتر بێت کە چین بڵاویکردووەتەوە. چانگ کایی کە هەنگاوەکانی لەمەرگ زیاتر نزیکدەبووەوەو هەناسەی لاوازی تەنگی پێهەڵچنیبوو، بۆ دواجار ماڵئاویی کردو  لەکۆتایی نامەکەی نووسی: «ماڵئاوا لەوانەی خۆشمدەوێن و خۆشیاندەوێم»

سازدانى: ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى گۆڕان که‌ به‌شداربووى کۆبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ وه‌فدى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراوى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق. ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌یه‌کى فراوان له‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئاماده‌بونى سه‌رۆک و نوێنه‌رى پێنج حزبى سیاسى و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم و هه‌ردوو جێگره‌که‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆک و جێگرى حکومه‌ت و رێواس فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا. به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ سایتى هاوڵاتى ده‌ڵێت:" پێنج حزبه‌ سیاسییه‌که‌ (پارتى، گۆڕان، یه‌کێتى، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) پێکه‌وه‌ بریار له‌سه‌ر به‌شداریکردنى کۆبونه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ده‌ین". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا پاراستنى کیانى هه‌رێمى کوردستان و مافه‌ ده‌ستورییه‌کانى جه‌ختى لێکراوه‌ته‌وه‌و لایه‌نه‌کان کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ "هه‌ر چوار وه‌زیره‌که‌ خۆمان دایانبنێن نه‌ک عه‌لاوى، چونکه‌ هه‌رێمى کوردستان دامه‌زراوه‌ى ده‌ستورى هه‌یه‌و ناکرێت وه‌ک حزبێک یا پارێزگایه‌ک مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت". سبه‌ینێ وه‌فدى کورد ده‌چنه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ عه‌لاوى   هاوڵاتى: کۆبونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چى باسکرا ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ کابینه‌که‌ى عه‌لاوییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ به‌هار مه‌حمود: بڕیارى کۆتایمان نه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌شدارى ده‌که‌ین یان نا، به‌ڵام وه‌فده‌که‌مان سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوستاندن، به‌یانێکمان ده‌رکردووه‌ که‌ وتومانه‌ ئێمه‌ پشتیوانى حکومه‌تێک ده‌که‌ین که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى داخوازى خۆپیشانده‌ران و گشت پێکهاته‌کانى عێراق بێت به‌ کوردو سونه‌و شیعه‌وه‌ ئێمه‌ پشتیوانى ئه‌و جۆره‌ حکومه‌ته‌ ده‌که‌ین که‌ مافه‌کانى خه‌ڵک بپارێزێت، پشتیوانى حکومه‌تێک ناکه‌ین ته‌نها هى لایه‌نێک یان چه‌ند شه‌خسیاتێک بێت. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌پاراستنى مافه‌ ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین و کیانى هه‌رێمى کوردستان، ناکرێت عه‌لاوى وه‌کو حزبێک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات و بڵێت نابێت وه‌زیره‌کان ئێوه‌ دایبنێن و بۆ خۆم کاندیدى وه‌زاره‌ته‌کان دیارى ده‌که‌م، چونکه‌  هه‌رێمى کوردستان نه‌ حزبه‌ نه‌ پارێزگایه‌که‌ و تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ و دامه‌زراوه‌ى ده‌ستورى هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وان بریار بده‌ن کێ به‌شدار ده‌بێت له‌ کابینه‌که‌دا. عێراق ئێستا به‌دۆخێکى هه‌ستیاردا تێپه‌ر ده‌بێت ئێمه‌ داوامان کردووه‌ که‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى فراوانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێک بۆ ده‌رکردنى عێراق له‌م دۆخه‌ى که‌ تێیدایه‌. وه‌فدى کورد که‌چونه‌ته‌ به‌غدا پشتراستى ئه‌وه‌یان کردووه‌ته‌وه‌ که‌ رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین کاندیدى وه‌زاره‌تى داده‌، عادل که‌ریم کاندیدى وه‌زیرى بازرگانییه‌، شوان ئیبراهیم ته‌ها کاندیدى وه‌زاره‌تى داراییه‌   هاوڵاتى: ده‌وترێت کورد ته‌حه‌فوزى له‌سه‌ر کاتى دیاریکردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ هه‌یه‌ که‌ عه‌لاوى نایه‌وێت حکومه‌ته‌که‌ى راگوزه‌ر بێت؟ به‌هار مه‌حمود: له‌قسه‌کانى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى کانیدى راسپێردراوى کابینه‌ى نێى حکومه‌تى عێراق به‌ته‌ما نییه‌ بۆ ساڵێک بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى  که‌ ئه‌و ده‌یدات به‌ رووبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پارێزگارى له‌سه‌روه‌رى یاسا بۆ حکومه‌تێکى راگوزه‌ر نییه‌، به‌ڵکو بۆ حکومه‌تێکى دائیمییه‌، بۆیه‌ وه‌فدى کورد سبه‌ینێ ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا موناقه‌شه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نى راسپێردراوى حکومه‌ت ده‌کات و له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامى دانوساندنه‌که‌ بریار ده‌ده‌ین به‌شدارى ده‌که‌ین یان نا. له‌قسه‌کانى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى کانیدى راسپێردراوى کابینه‌ى نێى حکومه‌تى عێراق به‌ته‌ما نییه‌ بۆ ساڵێک بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى  که‌ ئه‌و ده‌یدات به‌ رووبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پارێزگارى له‌سه‌روه‌رى یاسا بۆ حکومه‌تێکى راگوزه‌ر نییه‌، به‌ڵکو بۆ حکومه‌تێکى دائیمییه‌   هاوڵاتى: کورد پێکه‌وه‌ بریارده‌دات یانى لانى که‌م پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو؟ به‌هار مه‌حمود: ئه‌مه‌ شتێکى چاره‌نوسسازه‌و پاراستنى کیانى هه‌رێمى کوردستان و مافه‌کانییه‌تى، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌کو یه‌ک بیر ده‌که‌ینه‌وه‌. نوێنه‌رى گۆڕان و پارتى و یه‌کێتى و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووى تێدا بووه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌شداریان نه‌کرد. هاوڵاتى: ئه‌و سێ کاندیده‌ى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و بازرگانى و داد بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ تا چه‌ند نزیکن له‌ حزبه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌؟ به‌هار مه‌حمود: وه‌فدى کورد که‌چونه‌ته‌ به‌غدا پشتراستى ئه‌وه‌یان کردووه‌ته‌وه‌ که‌ رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین کاندیدى وه‌زاره‌تى داده‌، عادل که‌ریم کاندیدى وه‌زیرى بازرگانییه‌، شوان ئیبراهیم ته‌ها کاندیدى وه‌زاره‌تى داراییه‌. عادل که‌ریم که‌ کاندیدى وه‌زاره‌تى بازرگانییه‌ یه‌کێتییه‌، هه‌رچه‌نده‌ حاکم رزگار حه‌مه‌ ئه‌مین پێشتر په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى بوو بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڵام تا راده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیى و شه‌خسییه‌تى خۆى پاراستووه‌، به‌ڵام بۆ کاندیدى وه‌زیرى دارایى نازانم و نایناسم که‌ بزانین نزیکه‌ له‌ چ لایه‌نێکى سیاسییه‌وه‌. هاوڵاتى: ئه‌و وه‌زیرى ده‌وڵه‌ته‌ى بۆ کاروبارى هه‌رێم و به‌غدا دیارى کراوه‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم به‌هاوکارى لایه‌نه‌کان کاندیده‌که‌ى دیارى ده‌کات؟ به‌هار مه‌حمود: بریارمان نه‌داوه‌ رازى ده‌بین یان نا، ئێمه‌ ده‌بێت و ده‌مانه‌وێت هه‌ر چوار وه‌زیره‌که‌ خۆمان دایانبنێن تا ئێستا قسه‌یه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه‌ پاراستنى کیانى مافه‌ ده‌ستورییه‌کانه‌، کێ ده‌ڵێت به‌شدارى ده‌که‌ین له‌ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا.  

ھاوڵاتی مەحمود سەنگاوی ئەندامی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەی میحوەری گەرمیانی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی شەڕی داعشدا بیرەوەریەکانی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بەپاسدارانی ئێران دەگێڕێتەوە. مەحمود سەنگاوی باس لەوە دەکات کە لەڕابردوودا (سەردەمی شاخ) ماوەیەک لەدژی هێزەکانی ئێرانی تێهەڵچووە، بەڵام دواتر هاوڕێیەتی و پەیوەندی نزیکایەتی لەگەڵ ئێران بووەو داکۆکی دەکات لەو هاوڕێیەتییەی تاکۆتایی. سەنگاوی لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم کەئاژانسێکی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانە، دەڵێت « خۆزگە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشمەرگە بوایە». ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: پێشینەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی لەکوێوە دەستپێدەکات و لەکەیەوە پێکەوە هاوکاریتان هەیە؟ مەحمود سەنگاوی: من لەقۆناغێکدا تەنانەت دژی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕم کردووەو جێ برینی گولەی ئێرانییەکان هێشتاش بەڕوومەتمەوە دیارە. بەڵام دواتر پێکەوە ئاشتەوایمان کردو ئێستا ماوەیەکی دوورودرێژە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی دۆستانەمان هەیە. من لەئۆپەراسیۆنگەلێکی زۆر لەگەڵ هێزەکانی ئێرانیدا بەشدار بوومەو ئەوانەم لەکتێبی یادەوەرییەکانمدا باسکردووە. ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان دۆستایەتیمان هەیەو لەسەر ئەو بڕوایەم هەر هێزێک بێتە ئەم ناوچەیە، رۆژێک لێی دەکشێتەوە. بەڵام ئێمە و ئێرانییەکان پێکەوە دەمێنینەوەو لێک دانابڕێین. ئەگەرچی ئێمە لەڕابردوودا کێشەگەلێکمان پێکەوە بوو، بەڵام ساڵانێکە هاوکاری زۆر دۆستانەمان پێکەوە هەیەو درێژە بەو رێگەیەش دەدەین. مەحمود سەنگاوی"خۆزگه‌ قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ بوایه‌" ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەقۆناغێکدا کە داعش هێرشی کردەسەر هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان دەڵێن دەستی یارمەتییان بۆ وڵاتانی جۆراوجۆرو لەوان ئێران درێژ کردەوە. ئێران یەکەمین وڵاتێک بوو لەو کاتەدا یارمەتی هەرێمی داو سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی-‌ش یەکەم کەسێک بوو خۆی گەیاندە هەرێم. ئەو داواکارییە بۆ لەئێران کراو یارمەتییەکانی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دانا؟ مەحمود سەنگاوی: ئێرانییەکان هاوکارییەکی کارامەیان لەگەڵماندا بوو. هەڵبەت داعش مەترسی بوو بۆ هەمووان و ئێرانییەکان جگە لەئێمەو خۆیان، بەرگرییان لەشیعەکانی عێراقش کرد. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران راوێژکاریان پێدەداین و رێنوێنگەلێکی باشیان دەکردین. هەڵبەت هەم ئێرانییەکان و هەم ئێمە لەو شەڕەدا هاوکاریمان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرد. بەداخەوە هێزەکانی سوپای عێراق هەر لەسەرەتای هاتنی داعش شکستێکی قورسیان خواردو ئێمە وەک تاقە هێزی بەرگری لەبەرامبەر داعش ماینەوە. بەهێرشی (٢٠٠) داعشی بۆ سەر موسڵ، زۆربەی هێزە عێراقییەکان چەکیان داناو هەموو ئەو چەک و جیهازاتانە لەوانە تانک و تۆپخانە و دۆشکاو هتد... کەوتە دەستی تیرۆریستان و داعش هەموو ئەو چەکانەی لەدژی ئێمە بەکارهێنا. لەو دۆخەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری ئێمەو عێراق خۆی گەیاندە مەسافەکە. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: بەبڕوای ئێوە وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو، سەردار سولەیمانی چ تایبەتمەندیگەلێکی فەرماندەیی و سەربازیی بوو؟ مەحمود سەنگاوی: پێشتر لەدیمانەیەکدا وتبووم، خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندەو پێشمەرگەی ئێمە کوردەکان دەبوو، چونکە تاقە شتێک لێم بینی لێهاتوویی و قارەمانی بوو. ئەو کەسێکی دڵسۆز بوو و بەباشی وڵاتی خۆی دەپاراست و گیانی لەڕێگەی وڵاتەکەیدا بەخت کرد. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئێوە چەندە لەنزیکەوە ئەوتان دەناسی؟ مەحمود سەنگاوی: کاتێک خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنەسەر جەلەولا (گوڵاڵە) بووین، پێیان وتم کەئایا دەتوانم لەسێ رۆژدا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەمەوە؟ قبووڵم کردو وتم تا بەیانی ئەو سەعاتە هەواڵی ئازادیی جەلەولا (گوڵاڵە)تان پێدەدەمەوە. کاتی گەڕانەوە، قاسم سولەیمانیم لەخوارەوەی خانەقین بینی، شوێنێک بوو کە لەوێوە بە مانیتۆرو فرۆکەی بێفرۆکەوان ناوچەکە لەژێر چاودێری بوو. لەوکاتەدا من لەسەر ئەو بڕوایە بووم کەدەبێ (گوڵاڵە) گەمارۆ بدەین تاهیچ داعشییەک بەزیندوویی دەرنەچێت. بەڵام ئەو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کەئەگەر رێگەی دەرچوونی دوژمن ببەستین، درێژە بەشەڕ لەدژی ئێمە دەدات. هەربۆیە دەبێ شوێنێک بۆ هەڵاتنیان بکرێتەوە. من ئەوم بینی و بەیانی ئەو رۆژەی کەشەڕ لەناوچەدا دەستیپێکرد لەهەمان شوێنی ئۆپەراسیۆنیدا ئامادەبوو. پاش شەڕی داعش جارێکی دیکە ئەوم لەماڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ دی؛ لەدانیشتنێک بۆ لێکدانەوەی دۆخی دووزخورماتوو. قاسم سولەیمانی فەرماندەیەکی بەرز بوو و ئەگەرچی دەیتوانی لەدوورەوە فەرمان بدات و نەچێتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام لەهەموو بەرەکاندا ئامادە دەبوو و تاکاتێک کەگوڵاڵە و سەعدیەو ناوچەکانی دیکەمان ئازادکرد لەگەڵمان بوو. یەکێک لەو تایبەتمەندییە گرنگانەی لەودا دەمدی، ئەوە بوو کەتوانستێکی بەرزی کەخوێندنەوەی نەخشە بوو و جارێک پێی وتین کە «ئێوە بۆ کەمتر کەڵک لەنەخشە وەردەگرن؟» وتم با ئێمەش کەڵک لەنەخشە وەردەگرین، بەڵام بەوەشەوە بەهۆی ئاشنایی تەواومان لەگەڵ ناوچە، زۆر پێویستمان بە نەخشە نییە. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەباری کەسایەتییەوە چۆن کەسێک بوو؟ چ تایبەتمەندییەکی گرنگی کەسێتیتان لەو لەزەیندا ماوە؟ مەحمود سەنگاوی: ئەو کەسێکی ئارام و هێدی بوو. لەو ناوچانەی تێیدا ئامادە دەبوو، بەدوای پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی نەبوو. وەک هەمووان نانی دەخواردو هەر لەو جێگەیە پشووی دەدا کەهەموو لێی دەنووستن. تەنانەت کاتێک برسی دەبوو بەبڕێک بیسکویت و شەربەت خۆی تێر دەکرد. بەتەواو مانا کەسێک بوو کەتەمەن و ژیانی خۆی بەخت کردبوو. لەپەنای هەموو ئەوانە زانیارییەکی زۆریشی بوو و پرسگەلێکی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیی بەجوانی لێکدەدایەوەو شرۆڤە دەکرد. لەسەرخۆو بەئاسوودەیی روانگەکانی دەردەبڕی و هیچکات تووڕە نەدەبوو. بەردەوام هەوڵی دەدا رێز لەلایەنی بەرامبەری بگرێت. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: هەواڵی شەهیدکردنی بەڕێزیانتان چۆن پێگەیشت؟ مەحمود سەنگاوی: ئەو هەواڵەم لەماڵپەڕەکانی هەواڵ وەرگرت. لەبیرمە BBC رایگەیاند لەبەغدا ئۆتۆمبیلێک کراوەتە ئامانج، بەڵام شوناسی کەسانی ناو ئۆتۆمبیلەکە روون نەبوو. بەیانی یەکێک لەهاوڕێکانم پەیوەندی پێوە کردم و رایگەیاند کە قاسم سولەیمانی و تاقمێک لەهاوڕێیانی کوژراون. ئەو هەواڵەم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئەگەر بتانەوێ چەند رستە لەگەڵ سەردار سولەیمانی قسە بکەن، وەک کەسێک کە ماوەیەک هاوکاریتان لەگەڵیدا بووە، چی پێ دەڵێن؟ مەحمود سەنگاوی: هەواڵی شەهیدکردنی بۆ من دڵتەزێن بوو، ئەو قارەمانی وڵاتی خۆی بوو و دەبێ ئێرانییەکان شانازی بەبوونی کەسێکی ئاوا بکەن. ئەو بەباوەڕی من کەسێکی گەورە بوو. لەهیچ شتێک نەدەترساو سەرەڕای ئەوەی دەیزانی شەهید دەکرێت، بەڵام بەردەوام بوو لەخەبات و هیوای دەخواست لەو رێگەیەدا شەهید بێت. بەو هۆیەی هەمیشە بەڕێزەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەری دەدوا، منیش بەڕێزەوە لەگەڵیدا دەدوام و گوێم بۆ قسەکانی دەگرت. ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان بوو و ئەویش بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش یان باشترە بڵێم دوژمنی مرۆڤایەتی بوو. خۆزگە زیندوو بوو و پێکەوە دادەنیشتین و لەبارەی پرسەکانی کوردستان، ئازادی، دراوسێتی و هاوکاری دەدواین. ئێمە سنوورگەلێکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیەو لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانمان گفتوگۆمان دەکرد. کاتێک تەرمی بەڕێزیان لەئێراندا بەڕێدەکرا، دەرکەوت کەچەندە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆشەویستە.

ھاوڵاتی بەپشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا، رژێمی سوریاو هێزە هاوپەیمانەکانی نزیکدەبنەوە لەدوایین قه‌ڵای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار. جوڵەیه‌کی هێزەکانی سوریا به‌رده‌وامه‌ بەرەو ئیدلیب ناوچەی ژێردەستی بریکارەکانی تورکیا گەمارۆدەدات و دەیکاته‌ ناوچەیەکی تەواو بچوککراوە. تورکیا قەیرانی مرۆیی قۆستۆتەوە تاوەکو فشارەکانی بۆ راگرتنی شەڕ زیاتربکات. ھەر لەم چوارچیوەیەدا تورکیا و (27) ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆیان پیشاندا دەربارەی قەیرانێکی مرۆیی نوێ لەسوریا. سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیەنی (21ی شوبات) داوای «کرداری کۆنکرێتی» کرد بۆ رێگریکردن لەقەیرانێک لەدواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی بریکارەکانی، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیدا. قەیرانێکی مرۆیی لەپارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا سەریهەڵداوە، لەکاتێکدا رژێمی سوریا، بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، پێشڕەویدەکات بەهێرشێک کە بووەهۆی ئەوەی نزیک یەک ملیۆن مەدەنی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. سەرۆکایەتییەکە رایگەیاند کە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا له‌گه‌ڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن، ئەردۆغان «جەختیکرد لەپێویستیی وەستاندنی پەلامارەکەی رژێم و لایەنگرەکانی لەئیدلیب». ئەردۆغان جەختیشیکرد لەسەر پێویستی دابینکردنی «پشتیوانییەکی بەهێز لەڕێی کرداری کۆنکرێتییه‌وه‌ بۆ رێگیرکردن لەقەیرانێکی مرۆیی». مێرکڵ و ماکرۆن پێنجشەممە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین کردو داوای وەستاندنی شەڕەکەیان کردو چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵین، به‌به‌شداریی ئەردۆغان. لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین، مێرکڵ و ماکرۆن نیگەرانیی خۆشیان دەربارەی «قەیرانێکی دارایی» راگەیاند. (27) سەرکردەکەی یەکێتی ئەوروپا هەینی سەرکۆنەی هێرشەکانی رژێمی سوریایان کرد بۆسەر شاری ئیدلیب و هۆشداریشیاندا لە روودانی قەیرانێکی مرۆیی. ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، کەنوێنه‌رایه‌تی (27) وڵاتی ئەندام ده‌کات، رایگەیاند: «پەلامارە سەربازییە نوێکه‌ لەئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریاو لایەنگرەکانییه‌وه‌، کەبوونەتە هۆی هێنانە ئارای چەندین قەیرانی مرۆیی، ناتوانرێت په‌سه‌ندبکرێت.» ئەنجومەنەکە راشیگەیاند «یەکێتی ئەوروپا داوای لەهەموو لایەنەکانی بارگرژییەکان کرد رێزی تەواوەتی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرن لەژێر یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤداو بەبێ بەربەست دروستکردن رێبده‌ن به‌هاوکاری مرۆیی بگاتە دەستی هەموو ئەوانەی پێویستییان بەیارمەتییە.» رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند که‌شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تورکیاو هاوپەیمانە سورییەکانیاندا لەدژی هێزەکانی رژێم بووەهۆی کوشتنی (27) چەکدار لەپێنجشەممەدا. رێکخراوەکە رایگەیاند کە (11) چەکداری لایەنگری رژێم و (14) چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژران، لەگەڵ دوو سەربازی تورکیشدا. تورکیا (16) سه‌ربازی لەئیدلیب لەم مانگەدا لەشەڕو پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی رژێم لەدەستداوە، هەروەها بنکەکانی پتەوترکردووە لەکاتێکدا داوای کشانەوەی رژێم دەکات. تورکیا پێنجشەممە رایگەیاند کە نەیویستووە «هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک» لەگەڵ روسیادا رووبدات. هاوکات روسیا هۆشداریدایە تورکیا بۆ راوەستاندنی پڕچەککردنی «تیرۆریستان»، گوایە فڕۆکەکانی روسیا ئەو گروپانەی لەهه‌رێمی ئیدلیب کردۆتە ئامانج کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات. ئەنقەرە لێدوانەکانی مۆسکۆ رەتدەکاتەوە کەگوایا تورکیا پشتیوانی گروپە تیرۆریستەکانی ناوچەکە دەکات. وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار بە سی ئێن ئینی تورکی وت: «ئێمە هیچ ویستێکمان نییە بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ لەگەڵ روسیادا»و وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی روسیا بەردەوامن. ئاکار وتی یەکێک لەکێشەکان کەگفتوگۆی لەسەردەکرێت بریتییە لەئاسمانی ئیدلیب و چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە روسیا بۆ ئەوەی دەستوەردان نەکات. هیچ رێکەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان روسیاو تورکیادا نییە دوای دوو گەڕی گفتوگۆ لەنێوان دوو وەفدی جیاوازدا لەئەنقەرەو مۆسکۆ لەدەستپێکی ئەم مانگەدا. ئەنقەرە پێداگری دەکات کەدەیەوێت رێگری لەقەیرانێکی مرۆیی بکات، هەروەها دەشیەوێت رێگری لەلێشاوی ئاوارەکان بۆ نێو تورکیا بکات، کە لەئێستادا نزیکەی (3.6) ملیۆن سوری له‌خۆگرتووه‌. وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند کەپێنجشەممە تۆڵەی لەهێزەکانی رژێم کردۆتەوە، بە «کوشتنی (50) چەکداری رژێم و تێکشکاندنی پێنج تانک، دوو زرێپۆشی سەربازان، دوو پیکابی زرێپۆش و تۆپێکی هاوتزه‌ر». بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری، چەند شەڕو پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی رژێم و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە روویاندا لە نەیره‌ب، کەدەکەوێتە نێوان شاری ئیدلیب و شارۆچکەی سەراقیبه‌وه‌. میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە لەئیدلیب، بەپشتیوانی هێزەکانی تورکیا، دەستیانگرت بەسەر باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی نەیره‌بدا له‌ ئیدلیب دوای ئەوەی فشاریان لەسەر هێزەکانی رژێمی سوریا دروستکرد بۆئەوەی بکشێنەوە. چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی «هێزەکانی تورکیا به‌تۆپباران و هێرشی فڕۆکەکانی روسیا کرانە ئامانج و ئەوەش بووەهۆی کوشتنی دوو سەربازو برینداربوونی پێنجی دیکە». رووداوەکە دوای هێرشێک هات کە لالەیەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەحریر ئەلشامه‌وه‌ بۆسەر نەیرەب ئەنجامدرا. ھەروەھا وتی «هێزەکانی تورکیا پشتیوانی موشەکیی تووندو چەند ئۆتۆمبیلێکی پێشکەوتووی سەربازی دابینکردووە بەئاڕاستەی ناوچەکانی شەڕ وەک هەوڵێک بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی رژێم لەچەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵی کردوون. شارۆچکەی نەیره‌ب هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە، لەکاتێکدا دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی ستراتیژی بەرەو شاری ئیدلیب، که‌قه‌ڵای سەرەکیی تەحریر ئەلشام و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەیه‌. ھەیسەم زیاتر وتی «رژێم لەنەیره‌ب کشایه‌وه‌و هێزەکانی دیکە چوونە نێو شارۆچکەکەوه‌و ناوچەکانی باشووریان کۆنتڕڵکردو ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی راماڵین ئەنجامدەدەن.» وتیشی «شەڕو پێکدادانی تووندو تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن و چەندین شارۆچکەو گوند لەئیدلیب لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوه‌ دەکرێنە ئامانج». لەنێو بریندارەکانی شەڕە بەردەوامەکاندا دوو چالاکوانی میدیایی هەبوون، ئیبراهیم دەروێش و ئەحمەد رەحاڵ، کەپارچەی ئه‌و موشەکانه‌یان بەرکەوت کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە هاوێژرابوون لەکاتی رووماڵی شەڕو پێکدادانەکاندا.  

  هاوڵاتى ژنانی عێراق لەگۆڕه‌پانی تەحریر لەبەغدا رێپێوانێکیان رێکخست بۆ سەرکۆنەکردنی وتەکانی موقتەدا سەدرو ئه‌و هەڵمەتانه‌ی سەر ئینتەرنێت کەژنانیان کردۆتە ئامانج بەهۆی به‌شداربوونی چالاکانه‌یان لەخۆپیشاندانەکاندا. سەدان ژنی عێراقی چوارشەممە (19ی شوبات) لەشاری پیرۆزی نەجەف گردبوونەوە، پێداگرییان لەسەر مافی خۆیان کرد لەهەبوونی رۆڵێکی سەرەکی لەبزووتنەوە خۆپیشاندانییەکە، کە سەرتاسەری وڵاتی گرتۆتەوە. سەبا، تەمەن 22 ساڵ یەکێک لەو ژنانەی گردبوونەوەکه‌، وتی «هیچ دەنگێک ناتوانێت دەنگی ژنان کپبکات.» ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکەی هەفتەی رابردووی پیاوی ئاینیی ده‌سه‌ڵاتداری شیعە، موقتەدا سەدر، لەدژی خۆپیشاندانی تێکەڵاو. ناوبراو بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێمە دەستمانکرد بەخۆپیشاندان بۆ لەسەرکارلابردنی رژێمەکە. ئێستاش رێپێوانێکی ته‌نها ژنان ئەنجامدەدەین، چونکە سوکایەتییان پێکردووین.» نەدا قاسم، مامۆستایەکی زانکۆ کە لەتەمەنی پەنجا ساڵیدایە، رووی دەمی لە سەدر کردو رەخنەی لێگرت، کە لەسەرەتادا لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سەرشەقام بوو، بەڵام دواتر لەدژیان وەستایەوە، گوایە خۆپیشاندەران مادده‌ی هۆشبه‌رو ئەلکهولیان بەکارهێناوە. نەدا قاسم، کە لەهێرشەکاندا بۆسەر خۆپیشاندەرانی دژ بەحکومەت لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە بریندارکراوە، وتی «ئێمە ئازادین. بەفەرمانی پیاوانی ئایینی ناچینە دەرەوە یان بە فه‌توایه‌ک بوەستین». گردبوونەوەکەی چوارشەممە دوای گردبوونەوەیەکی تری پێنجشەممەی پێشوو هات، کە تێیدا سەدان ژنی عێراقی لەهەموو تەمەنەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکە رژانە ناوەندی بەغداو دژی بڕیارەکەی سەدر وەستانەوە بۆ جیاکردنەوەی جێندەرەکان لەخۆپیشاندانەکاندا. سەدر 8ی شوبات لەسه‌ر تویته‌ر وتی خۆپیشاندەران دەبێت «رێساکانی شەریعەو یاسا کۆمەڵایەتییەکان رەچاوبکەن و لەگەڵ ئەندامانی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر لەنێو خێوەتەکاندا تێکەڵ نەبن». چەند ساتێکیش پێش رێپێوانه‌که‌ی ژنان لەپێنجشەممەدا دەستپێبکات، سەدر جارێکی دیکە تویتێکی کرد لەدژی خۆپیشاندانەکان و وتی پڕبووە لە «رووت و قوتی، تێکه‌ڵاوبوون، سەرخۆشی، بێئەخلاقی، خراپەکاری... و بێباوەڕان». به‌جلوبه‌رگی مۆرو پەمەیی و سوره‌وه‌، ژنەکان پۆستەریان بەرزکردبووەوه‌و بەدەنگی بڵند دروشمیان دەوتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە رۆڵ و ئەرکەکانیان لەخۆپیشاندانەکانداو سەرکۆنەکردنی ئەو هەڵمەتە نابەجێیانەی لەدژیان ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. چالاکوان بوشرا عوبێدی ئەندامێکی پێشووی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقە، وتی «خۆپیشاندەرانی ژن پەیامی رەتکردنەوەی ئەو سەرکوتکردن و سوکایەتیپێکردنەیان هەڵگرتبوو کە دووچاری دێن و دووپاتیانکردەوە کە شانبەشانی برا خۆپیشاندەرەکانیان دەوەستن و بەردەوامدەبن لەبەشداریکردن لەخۆپیشاندانەکاندا.» بوشرا عوبێدی، کە بەشداریی لەخۆپیشاندانەکانی بەغدادا کرد، وتی «ژنان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لەخۆپیشاندانەکاندا لەڕێی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی گەنجان و خۆبەخشیکردن وەک کارمەندی فریاگوزاری و دابینکردنی خواردن و که‌لوپه‌له‌ لۆجیستییه‌کان بۆ شوێنه‌کانی خۆپیشاندان.» بوشرا عوبێدی وتی «بزووتنەوەی خۆپیشاندانی ژنان، بزووتنەوەیەکی دەگمەنە، لەکاتێکدا هەوڵیداوە هەموو بەربەستەکانی دواکەوتوویی و نەزانی بشکێنێت. ژنان توانیویانە دەنگیان بەرزبکەنەوەو بوونی خۆیان بسەلمێنن و شەڕ بۆ یەکسانی و دادپەروەری بکەن.» هەروەها وتی «ئەم بزووتنەوەیە دووچاری هەڵمەتی بەدو نیازخراپ بووەتەوە بەئامانجی دەرکردنی ژنان لەخۆپیشاندانەکان بەگوشارخستنە سەریان و رووشاندنی ئابڕوویان و هاندانی دەنگی ناڕازیی خەڵک لەدژیان». بوشرا عوبێدی ژنان لەبەغداو پارێزگاکانی تر بەپاسەوانیی خۆپیشاندەرە پیاوەکان رێپێوانیان کرد، کە پشتێنەیه‌کی پارێزگارییان لەدەوریان دروستکردبوو. چالاکوان لەیلا بەرزنجی بەڕێوەبەری رێکخراوی جود، کەڕێکخراوێکی مرۆییە لەموسڵ، وتی  «ژنان ئامادەییەکی بەهێزیان هەبوو لەتەواوی خۆپیشاندانەکانداو ئازایەتییەکی زۆریان پیشانداوە لەبەرگریرکردن لەدۆزی وڵاتەکەو داواکردنی مافی گشتییدا.» وتیشی «رێپێوانه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ژنان ئەوە دەردەخات کە ژنان ناگەڕێنەوە سەر رێگەکانی رابردوو، بەهیچ شێوەیەکیش پێگە نیشتمانییەکانیان ناگۆڕدرێت لەژێر هەر گوشارو زۆرملێییه‌کدا... ئەوان وەک داینه‌مۆی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دەمێننەوە.» لەیلا بەرزنجی وتی «ژنانی عێراق دووچاری هەڵمەتی سوکایەتیپێکردن بوونەتەوە بەئامانجی پەراوێزخستنی رۆڵیان، که‌ دواهەمینیان ئەو هەڵمەته‌ بوو بۆ بەدناوکردنی کانیدە ژنەکان لەدوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا.» وتشی «بەڵام ژنان لەڕێی خۆپیشاندانەکانەوە بڕوابەخۆبوونیان و توانایان بەدەستهێناوە تابەشداربن لەبونیادنانی داهاتوویەکی نوێدا بۆ وڵاتەکەیان». ئەسەد نزیک

هاوڵاتی  کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاری بۆ چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایی هەدەپە، بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە پێشنیارکردووەو ئەوانیش قبوڵیانکردووە. لە راگەیاندراوی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپەدا هاتووە «لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دا ٤ چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایى هەدەپە بەڕێوەدەچێت. بۆ هەڵسەنگاندنی داواى پاڵێوراوان بۆ هاوسەرۆکایەتیى و دەستە جۆراوجۆرەکانى حزبەکەمان، کۆمسیۆنەکەمان کاری هەڵسەنگاندنەکانى تەواوکرد. نوێنەرانی حزبەکەمان پێکهاتوون لەکەجەدە و هەدەپە و بەشداری کاروباری کۆمسیۆنەکەمانن و پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرە لەگەڵ زۆرێک لەلایەنەکاندا دانیشتنیان ئەنجامدا». هەروەها هاتووە «کۆمسیۆنەکەمان لەگەڵ سیاسەتمەداران لەزیندانەکاندا، نوێنەرانی گەل و بیروباوەڕە جیاجیاکان، رێکخراوە رنجدەر و زەحمەتکێشەکان، رێکخراوەکانى ژنان، پێکهاتەکانى کەجەدە و هەدەپە، رووناکبیران، نووسەران، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان کۆبوونەوەو گوێى لە رەخنە و پێشنیازەکانیان گرت». هەروەها دەڵێت «بەناوی کۆمسیۆنەکەمانەوە داوا لەهەموو گەلەکەمان دەکەین بەجۆش و حەماسەتەوە بەشداریى چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایى حزبەکەمان بکەن». لەلایەکى ترەوە هێزە ئەمنییەکانى تورکیا رێگرییان کرد لەچوونی ئەندامانى هەدەپە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکەیاندا. لە راگەیاندراوەکەی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپەدا هاتووە «کاتێک نوێنەرانی هەدەپەو گەلی وڵاتپارێز لە وان و ئێلحەوە بەپاس بەرەو ئەنقەرە دەرۆیشتن بۆ بەشداریکردن لە چوارهەمین کۆنگرەى هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پاسەکان راگیران و پاساوەکانى وەک بڕیاری دەستگرتن بەسەر پاسەکاندا هەیە، بڕیاری دەستگیرکردنتان لەسەرەو بەو پاساوەش محەمەد حەبیت چەلەبییان دەستگیرکردو رێگرییان لێکردن بەرەو ئەنقەرە بچن». هەروەها دەڵێت «دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەى رێگری لەکارەکان کۆنگرەى هەدەپە بکەن».باوکی کچه‌ دەستدرێژیلێکراوەکە: کچەکەم ئارامترە دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان