‌هاوڵاتى: کۆچەر عەزیز بڕیارى رووخاندنى گه‌ڕه‌کى شێخان که‌یه‌کێکه‌ له‌کۆنترین گه‌ڕه‌کەکانى سلێمانى ناڕه‌زایی به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌شێک له‌و که‌سانه‌ى ده‌یان ساڵه‌ له‌و شوێنه‌ نیشته‌جێن ده‌ڵێن ماڵه‌کانیان چۆڵ ناکه‌ن، شاره‌وانیش سووره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌. به‌پێی بڕیاره‌که‌، دواى رووخاندنى خانووه‌کانى گه‌ڕه‌کى شێخان که‌ده‌که‌وێته‌ ناوجه‌رگه‌ى سلێ----------------مانییه‌وه‌، شوێنه‌که‌ ده‌کرێته‌ پڕۆژه‌ى بازرگانى. خەدیجە کەماوەی (30) ساڵە له‌و گه‌ڕەکه‌ نیشته‌جێیه‌و داوای لێکراوه‌ خانووه‌که‌ چۆڵ بکات، (10) ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش هه‌مان دۆخى به‌سه‌رداهات، کاتێک خاوه‌ن ماڵه‌که‌ى داواى لێکردن خانووه‌که‌ چۆڵ بکات «ئێمە چۆڵمان نەکرد، خاوەنی ماڵەکە بێ ئاگاداری ئێمە خانووەکەی فرۆشتوە بەشارەوانی و زەوییەکی وەرگرتووە کردوویەتی بەهۆتێلێک، ئێمە لەوکاتەوە بووینە کرێچی شارەوانی کرێ دەدەینە ئەوان». کاتێک خه‌دیجه‌ بڕیاره‌ نوێیه‌که‌ى بیست‌ بۆ روخاندنى خانووه‌کانیان چووه‌ته‌ شاره‌وانى «پێم وتن ئێمە بۆچی مانگانە پارە دەدەینە ئێوەو کرێچی ئێوەین، بۆ پارە وەرگرتن، بەڵام زەویمان پێنادەن، لەشارەوانی پێیان وتم ئێوە موڵکەکەتان بەئێمە فرۆشراوە بووەتە موڵکی شارەوانی، بۆیە قەرەبوو وەرناگرن». دەشڵێت «هەرچەندە من وتوومە چۆڵی ناکەم، بەڵام پێیان وتووم جا ئێستاش چۆڵی نەکەی وا دوو مانگی دیکەشی تێدا بووی خۆ هەردەبێت چۆڵی بکەی، ئێستا من بەم زستانە بۆ کوێ بڕۆم». به‌وته‌ى خەدیجە، نزیکەی (30) ماڵ کێشەیان هەیە، زەوی هەیە (٤٠٠) مەترە دوو خانووی (٢٠٠) مەتری لێ دروستکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی یەک ژمارە و یەک تاپۆی هەیە، شارەوانی یەک زەوییان پێدەدات کە رووبەرەکەی (١٦٠) مەترە، بۆ هەریەکێکیان (٨٠) مەتری بەردەکەوێت، کەئەوەش ناتوانرێت بکرێتە خانوو، بۆیە ئەوانیش کشەیان هەیەو دەڵێن ئامادەنین خانوەکەیان چۆڵبکەن بەوەرگرتنی ئەو بڕە زەوییە کەمە کە نەتوانن  خانووی تێدا دروستبکەنەوە و تێیدا نیشتەجێبن. گەڕەکی شێخان لە‌ساڵەکانی 1980وە‌ بڕیاردراوه‌ بکرێتە‌ سە‌نتە‌رێکی بازرگانی، بە‌ڵام بە‌هۆی بارودۆخی ئە‌وکاتە‌ی عێراق کە لە‌جە‌نگدا بوو له‌گه‌ڵ ئێران پرۆژە‌کە‌ جێبە‌جێ نە‌کرا. محەمەد سابیر کە بۆ ماوەی (٤٠) ساڵ دەبێت لەخانوویەکی ئەو گەرەکەدا نیشتەجێیە بۆ هاوڵاتى وتی «زەوییەکەی من کراوەتە دوو خانوو، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کەسەی لەگەڵمدایە سوودمەند بووە پێشتر زەوی وەرگرتووە ئەو پارچە زەوییەی کەپێمان دراوە تەنها بۆمن دەبێت کە (١٦٠) مەترە لەگەڕەکی چوارچرا وەرمگرتووە، ئەگەر نا منیش شەریکەکەم سوودمەند نەبوایە (٨٠) مەتر زەویم وەردەگرت بەکەڵکی هیچ نەدەهات». لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق له‌ساڵى 2003، شارەوانی سلێمانی هەندێک لەکارمەندەکانی خۆى کرێچی بوون لەو خانووانەدا نیشتەجێیکردن، له‌ئێستاشدا (56) پارچەزەوی بەشێوەی تیروپشک بەسەر ئەو ماڵانەدا دابەشکردووه‌ له‌به‌رانبه‌ر چۆڵکردنى خانووه‌کانیاندا. دانیشتوانی ئەو خانووانە خۆیان داوایان کردووە خانووه‌کان بڕوخێنرێن لەبەرامبەردا پارچەیەک زەوییان پێبدرێت زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتى وت»دانیشتوانی ئەو خانووانە خۆیان داوایان کردووە خانووه‌کان بڕوخێنرێن لەبەرامبەردا پارچەیەک زەوییان پێبدرێت، چونکە خانووەکان رۆژ بەڕۆژ بەرەو نەمان و رووخان دەچن و بەکەڵکی ژیان نایەن». وتیشى «هەندێک خانوو که‌شێوازی کەلەپوری کۆنی پێوە دیارەو هێشتا زۆر تێکنەچووە، هەرکات ئەو شوێنە کرایە سەنتەرێکی بازرگانی نۆژەندەکرێنەوە یان وەک خۆی دەمێنێتەوە یان دەکرێتە مۆزەخانەیەک یان چێشتخانەیەک یان گازینۆیەک». سەبارەت بەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکەش خەرجیەکەی و چۆنیەتی ئەنجامدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شوێنە دکرێتە سەنتەرێکی بازرگانی  و دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیەش نادیارەو تائێستاش نازانرێت چەندی تێدەچێت، بەڵام ئەوەی شارەوانی مەبەستیەتی کاتی چۆڵکردنی خانووەکانە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەی کەقەرەبوو دەکرێنەوە. زەردەشت رەفیق باسى له‌وه‌کرد، شارەوانی بەتاپۆ مامەڵە لەگەڵ خانووەکاندا دەکات، رەنگە زەوییەک (٤٠٠) مەتر بێت کرابێتە دوو خانوو، بەڵام لەبەرئەوەی یەک تاپۆی هەیە، یەک پارچەزەوی وەردەگرن کە رووبەرەکەی (١٦٠) مەترە. جه‌ختیشیکرده‌وه‌ «ئەو هاوڵاتیانەی دەڵێن چۆڵی ناکەین یاسا هەیەو هەموو شتێک بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدەکرێت، ئەو خانووانەش کەکرابێتە دوو بەشەوە رەنگە باوک و کوڕ بن، یان خاوەن ماڵەکە بەشێک لەخانووەکەی فرۆشتبێتەوە بێ پرسی شارەوانی کەئەوە بەپێی یاسا سەرپێچیەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت». بەپێی ئامارێکی به‌شی که‌له‌پور له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی  (107) خانوو له‌حه‌وت گه‌ڕه‌کی ناوه‌ندی سلێمانیدان، له‌و ژماره‌یه‌ (14) خانوو کڕدراونه‌ته‌وه‌و کراون به‌ناوی شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌، شه‌ش خانووش نۆژه‌نکراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێکیان به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌و کاره‌ساتی سروشتی وه‌ک باران و بوومه‌له‌رزه‌ له‌ناوچوون و ته‌نها (35) خانوو ماونه‌ته‌وه‌. بڕیارى رووخاندنى ئه‌و خانووانه‌ له‌کاتێکدایه‌، لەساڵی رابردووەوە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى نووسراوى کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو خانووانە نەڕوخێندرێن، به‌ڵام وه‌ڵامى نووسراوه‌که‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه‌. زیاد کاکه‌ رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی شارەوانییەکان بۆ هاوڵاتى وتی « بەهۆی ئاڵوگۆڕی کابینە ئەو بابەتە دیارنەما، رووخاندنى ئەو خانووانە ناحەقییە لەسلێمانی دەکرێت، چونکە ئەو گەڕەکە یەکێککە لەگەڕەکە کۆنەکانی ئەم شارە، هەقە وەک گەڕەکێکی کلتوری بهێڵدرێتەوە، من ناڵێم نەڕوخێندرێت ئەگەر خانوویەکی تێدا بێت رووخا بێت و بەکەڵکی ژیان نەیات، ئەوا با بڕوخێندڕێت، بەڵام دەبێت دروستبکرێتەوە». پێشیوایه‌، ئەو قەرەبووکردنەوەیە کەموکوڕی و کێشەی دروستکردوە، خەڵکی تێدایە خانووەکەی پێدراوەتەوەو رووخاندویەتی و کردویه‌تیە بینای بازرگانی، هەروەها چوار پێنج خانووی تێدایە خانووەکانیان لەسەر تاپۆکراون، «نادادپەروەری و ناعەدالەتی هەیە، ئەو ماڵانە هەموویان خەڵکی هەژارن و خزمەتیان بەم وڵاتە کردووە هاووڵاتی وای تێدایە (٤٠) ساڵە کارگوزاری شارەوانییەو خزمەتی ئەم شارە دەکات، بۆیە نابێت جیاوازی لەنێوانیاندا بکرێت». زیاد کاکه‌ رەزا وتیشى «دەبێت شارەوانی سلێمانی پێمان بڵێت ئەم خانووانە کە تێکی دەدەن و دەیڕوخێنن دەیکەن بەچی؟ ئایا دیسان بۆ کۆمەڵێک کەسە کەپێی دەوڵەمەند ببن و دەبێت خەڵک سەیریان بکات، ئەوانە کەلەپوری ئەو شارەن بۆ دەبێت بڕوخێندرێن و وێران بکرێن، بۆچی نابێت لەسەر ئەو دیزاینانەی خۆیان نۆژەنبکرێنەوەو بمێننەوە وەک کلتورێکی ئەم شارە بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێننەوە».

راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا دۆناڵد ترەمپ دەڵێت چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا مانگانە ملیۆنەها دۆلار قازانج بکات لەداهاتەکانی نەوتی سوریا لەکاتێکدا سەربازە ئەمریکییەکان لەوڵاتەکەدا دەمێننەوە. بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کاردانەوەی خۆی هەبووە سەبارەت بەمەو ئەمریکا تاوانبار دەکات بە «دزینی نەوت» لەوڵاتەکەی و روسیاش، کەپاڵپشتێکی سەرەکی ئەسەدە، بە «چەتەیی نێودەوڵەتی» ناوزەندی کردووە. کەواتە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی سوریا لەدەست کێدایە و کێ سوودی لێدەبینێت؟ زلهێزەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتن ئەمریکا لەتشرینی یەکەم کشانەوەی هێزەکانی راگەیاند لەباکوری سوریا، بەڵام لەوکاتەوە جەختی لەوەکردووەتەوە نزیکەی (500) سەرباز دەهێڵێتەوە بۆ پاسەوانی کردن لەکێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ ئەو هێزەی کورد سەرکردایەتی دەکات کەئێستا سوودبەری سەرەکی بەرهەمی نەوتە. مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبوو کەسەربازەکانی ئەمریکا بۆ ئەوە لەوێن نەک تەنها ئەرکی پاسەوانییەتی دژی داعش بگرنەئەستۆ، بەڵکو دژی هێزەکانی روسیا و سوریاش لەئامادەباشیدابن. لەلای خۆیانەوە، هێزەکانی روسیا یارمەتی سورییەکان دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی بەرهەمی نەوت و چاویان لەسەر کێڵگەکانە. ساڵی ٢٠١٨ هەردوو وڵات رێکەوتننامەیەکی هاوبەشی وزەیان ئیمزاکرد کەمافی تایبەتی بەمۆسکۆ دەدات کەرتی نەوت و غاز بنیادبنێتەوە. لەم رووەوە سەرۆک ترەمپ بەرژەوەندی خۆی لەسوودوەرگرتنی لەنەوتەکە راگەیاندووە کەئێستا سەربازەکانی پارێزگاری لێدەکەن. سوریا چەنێک نەوت بەرهەمدەهێنێت؟ کەرتی نەوت و غاز پاڵپشتێکی زۆر گرنگی داهاتەکانی حکموتی سوریا بووە هەرچەندە یەدەگی زۆر کەمە بەبەراورد بە یەدەگی وڵاتەکانی دیکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ٢٠١٨دا، سوریا دوو ملیار و (500) ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خەمڵێنراوی هەبوو، بەبەراورد بە (297) ملیار بەرمیل یەدەگی سعودیە، (155) ملیاری ئێران، هەروەها (147) ملیاری عێراق. کێڵگە نەوتییەکان لەپارێزگای دێرەزوورو حەسەکە چڕبوونەتەوە  کەیەکەمیان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سوریا و نزیکی سنوری عێراق و دووەمیان لەباکوری رۆژهەڵاتەی وڵاتەکەدایە. بەڵام لەکاتی دروستبوونی جەنگەوە لە ٢٠١١دا بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەکەدا داڕووخاوە. لەساڵی ٢٠٠٨، سوریا رۆژانە (406) هەزار بەرمیلی بەرهەمدەهێنا، بەپێی ئاماری نەوتی بەریتانی بۆ پێداچوونەوەی وزەی جیهانی بۆ ٢٠١٩. ساڵی ٢٠١١ بەرهەمهێنان کەمبووەوە بۆ (353) هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە ٢٠١٨دا ئەو ژمارەیە زیاتر داڕووخاو بوو بە (24) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا - ئەمەش کەمبوونەوەیەکە  بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٩٠%. دیمەشق چیتر ئەو ناوچەیەی لەژێر دەستدا نییە حکومەتی سوریا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سوریای بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاشانیش بۆ داعش  لەدەستدا لەگەڵ ئەوەی شەڕی ناوخۆ پەرەیسەند. تاساڵی ٢٠١٤ داعش توانی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا بگرێت بەکیڵگەی ئەلعومەریشەوە لەپارێزگای دێرەزوور کەگەورەترین کێڵگەی نەوتە. بەپێی وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، فرۆشتنی نەوت بووە گەورەترین سەرچاوەی داهات بۆ داعش کە (40) ملیۆن دۆلاری مانگانەی دەستدەکەوت لێیەوە لە ٢٠١٥دا. داعش کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی لەدەستدا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی پاڵپشت بەئەمریکا دوای ئەوەی گروپە تیرۆرستییەکە لەدوایین پێگەی لەڕۆژهەڵات تێکشکێنرا. کێڵگە نەوتییەکانی سوریا زیانێکی ئێجگار بەرچاویان بەرکەوت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە لەهەڵمەتێکدا بۆ پەکخستنی یەکێک لەسەرچاوەکانی داهاتی داعش. لەلایەکی دیکەوە، چکەدارانی داعش زۆربەی ژێرخانەکانی نەوتی وڵاتەکەیان خاپوور کرد کاتێک بۆیان روونبووەوە کەکێڵگە نەوتییەکان دەکەوێتەدەست هێزە کوردییەکان. هێزە کوردییەکان هێشتا سوود لەداهاتی نەوت وەردەگرن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ساڵی ٢٠١٧ کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باکورو رۆژهەلاتی سوریاو ئەوانەشی بەدرێژایی رووباری فوارت بوونیان هەیە توانیان لەژێردەستی داعش دەریبهێنن. داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە لەوکاتەوە توانیویانە هەندێک لەزیانەکان چاکبکەنەوەو بەنیوەیی بەرهەمهێنان وەگەڕبخەنەوە. بەمدواییانە جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە «داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە». بەپێی وتەی چارلز لیستەر ئەندامی باڵای پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتن، «هێزەکانی سوریای دیموکرات و هۆزە هاوپەیمانەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەئێستادا لەسەدا ٧٠%ی سەرچاوەی نەوتی نیشتمانی سوریایان بەدەستەوەیە لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەی گرنگی غاز». «هەرچەندە زۆرێک لەو کێڵگانە زۆر لەخوار ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگەوە کاردەکەن، بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگی  داهاتی هەسەدەن». لیستەر وای وت. سەرەڕای ئەوەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ باکوری سوریا بووەتەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی بەرچاو لەدەستبدەن، بەڵام زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی فورات لەژێردەستی هەسەدەدا ماونەتەوە. حکومەتەکەی ئەسەد دۆشداماوە بۆ گەشتنی بەکێڵگە نەوتییەکانی خۆی و بەبێ ئەوان پێویستی بەوەیە بڕێکی بەرچاو لەنەوت لەدەرەوە هاوردە بکات. بەڵام لەئەنجامی سزا تووندەکانی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاوە، دیمەشق ئەم رێگایەی زۆر بۆ سەخت بووە و دابینکەری سەرەکی نەوتی ئێران بووە، بەڵام ئەو بەرهەمە هاوردانەش سنوردارکراون بەسزای تووندتر کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر هەر کۆمپانیاو وڵاتێکدا دەسەپێنرێت کەبزانرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سوریادا ئەنجامدەدات.

وتاری شیکاری: ڤیکتۆر مادێرا لەپێگەی ئینسایدەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەتەنها تاکە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەمانگی رابردوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەوڵی چەندها ساڵەی دژە داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکای لەچەند خولەکێکدا بەبادا. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ترەمپ رازیبوو بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەدرێژایی سنوری سوریا لەگەڵ تورکیا. ئەم ئامادەییە [هەبوونی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا] لەمێژە ئەنقەرەی بێزارکردووە: لەم ناوچانەدا هێزە تایبەتییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵ راهێنانیان بەو هێزانە کرد کەنزیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن و هاوشانیان شەڕیانکردو پارێزگارییان لێکردن. پەکەکە لەمێژە هەوڵی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی دەدات کە ئەنقەرەو واشنتن و چەندانی تر بەگروپی تیرۆریستی هەژماریان کردووە. بەڵام کوردەکان باشترین شەڕکەر بوون بۆ تێکشکاندنی داعش بەپاڵپشتی رۆژئاوا. بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی کوردەکان ئەوەیان ئەنجامداو سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەلەدەستدانی (11) هەزار شەڕڤان لەبەرامبەر مردنی (شەش) سەربازی ئەمریکی. هەر بەزوویی دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ٦ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەرەبازییەکانی سوریایان بەجێهێشت. لەبەرامبەردا هێزەکانی تورکیاو میلیشیاکانی نزیک تورکیا هێرشیان کردەسەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی کوردابوون. هەر بەخێرایی بەڵگەی پاکتاوی نەژادی و تاوانی جەنگ دژی کوردەکان دەرکەوتن. ئەندامانی پێشوو ئێستای سوپای ئەمریکا «دڵشکاو و تووڕەن» لەبەرامبەر ناپاکییەکەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردییەکان کەئێستا لەلایەن سەربازانی تورکیاو بریکارەکانییەوە کشتوبڕ دەکرێن. ئەم رۆژانە بڕیارەکەی ترەمپ شتێکی دەگمەنی دروستکردووە: ئیدانەی دوو پارتەکە لەگەڵ ئەوەی کۆمارییەکان کشانەوەکە بە «پەڵەیەکی خوێناوی لەمێژووی ئەمریکا» و «هەڵەیەکی ستراتیجی کوشندە» ناودەبەن. کشانەوە لەناوچە کوردییەکان کۆمەڵێکی زۆر زانیاری هەواڵگری خستووەتە دەستی روسییەکانەوە لەگەڵ ئەوەی زۆر بابەتی کەم نووسراوە لەسەر لێکەوتە درێژخایەنەکانی دژە هەواڵگری، بەڵام بەهەڵەدا مەچن: ئەمە دیارییەکی هەواڵگرییە بۆ نەیارە رۆژئاواییەکان - بەتایبەتی روسیا. لەچەند رۆژێکدا کەئەمریکییەکان بنکەکانیان بەجێهێشت، «هەواڵنێرانی» کەناڵە حکومییەکانی روسیا و میدیاکانی نزیک کریملن لەوێوە هەواڵیان پەخش دەکرد. ئەوەی کەپەخش نەکرا ئەو پشکنینە وردانەی بنکەکان بوو لەلایەن بەرپرسە هەواڵگرییەکانی روسیاو وڵاتە نەیارەکانی دیکەوە کە بۆ سەرەداو گەڕاون سەبارەت بەهەواڵگری رۆژئاوایی. گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کەمۆسکۆو وڵاتانی تر بەوردی لێکۆڵینەوە دەکەن و هیوایان وایە زانیاری وەربگرن لەسەری،  بۆ نمونە ژێرخانی پەیوەندی، تەکنیک و کەلوپەلی بنیادنان، کەلوپەلی پزیشکی جەنگ. هەر بەشە زانیارییەک تێگەشتنیان لەتاکتیک، تەکنیک، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە تایبەتییەکان بەرەوپێش دەبات کەئەمەش وادەکات پەرەبدەن بەدژە شێواز لەهەر جەنگ و ململانێیەکی داهاتوودا. لەمەودوا کوردەکان لەلایەن مۆسکۆو ئێرانەوە بەئامانج دەگیرێن بۆ زانیاری گەورەترین لاوازی لەکوردەکانەوەیە، کەئێستا ناچارکراون پەنابەرن بۆ داڵدەیی سوریاو روسیا، کەهەموو شەڕکەرەکانیان ئاشکرابوون - بەتایبەت یەکە دژە تیرۆرە کوردییەکان  بۆ فشار خستنەسەر یەکەکانی دیکە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەم یەکانە لەژێر سەرپەرشتی هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا کاریان کردووە دژی داعش کەزۆر دەربارەی رێگەشێوازی تاکتیک، کەلوپەل، سەرچاوەی رۆژئاوا فێربوون. بەپێی کات ئەندامانی هەواڵگری روسیا، ئێران، سوریا لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوە لەشەڕکەرە کوردییەکان دەکەن لەکاتێکدا هەوڵی دامەزراندنی بریکاری درێژخایەن دەدەن کەڕەنگە بەنهێنی کارابکرێن کاتێک لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەکان کاردەکەنەوە. ئاژانسە هەواڵگرییە نەیارەکان دەشیانەوێت هەموو ئەو زانیارییانە بقۆزنەوە کەدەستیان پێیدەگات لەئامێرە ئەلکترۆنییەکانی کوردەکاندا: نامە، وێنە، لیستی پەیوەندییەکان، شوێنە جوگرافییەکان و هەموو ئەو زانیارییانەی دیکە کەوێنەیەکی گەورەتری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کوردو رۆژئاوا دەردەخات. دەستگەشتنی روسیا بەتۆڕی پەیوەندییە هەرێمییەکان (جا لەڕێی خۆیانەوە بێت یان لەڕێی سورییەکان، ئێرانییەکان یان هەماهەنگی تورکیاوە بێت) ئەو کارە وردە هەواڵگرییە پێشدەخات کەچەند مانگێکی زۆر دەخایەنێت. مۆسکۆ، تاران، دیمەشق ساڵێکیان بەدەستەوەبووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمە مۆسکۆو تاران و دیمەشق ساڵێکیان لەبەردەمبدابوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمەو زیاتریش، دوای ئەوەی کوردەکان بەنهێنی رێگەیەکی نهێنیان لەگەڵ کردنەوە، لەترسی کشتوبڕی تورکیا لەحاڵەتی جێهێشتنی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە. کوردەکان گومانیان لە روسیاو سوریا، هەروەها تورکیا هەیە کە لەپلانیاندایە هەرێمە کوردییەکان بەسەر خۆیاندا دابەشبکەن. هەندێک لەبەرپرسانی ئەمریکا بەهای هەواڵگری شەڕکەرانی کورد بەناگرنگ دەزانن بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەمریکاوە. رەنگە ئەمە کەمێک راستی تێدابێت، بەڵام لاوازییەکی بەردەوامی رۆژئاوا دەردەخات: هەڵەتێگەشتن لەبیری رژێمە زۆردارەکان و ئەو سەرچاوە زەبەلاحانەی - کات، مرۆڤ، پارە - کە ئامادەیان کردووە بۆ وەدەستخستنی ئەوەی چاودێرە رۆژئاواییەکان بەسوودێکی بچووکی لێکدەدەنەوە. تورکیا داعش زیندوو دەکاتەوە بەئازادکردنی شەڕکەرەکانی لەبەندیخانە کوردییەکان لێکەوتەی ناپاکییەکەی ترەمپ لەبەرامبەر کوردەکان چەند دەیەیەکی دەوێت تادەردەکەوێت. تورکیا دواجار بەهەژمونی خۆی دەگات، بەڵام لەئێستادا وادەردەکەوێت سووربێت لەسەر زیندووکردنەوەی داعش بەئازادکردنی بەندکراوەکانی خەلافەتی ئیسلامی، ئەمەش گاڵتەجاڕییەکە بەو هەزارەها کەسەی کە لەدژیان وەک قوربانی داعش مردن. کوردەکان ئێستا رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە یان بەلایەنی کەمەوە دەرکردنی بەزۆر. وادیارە روسیا ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە کەئەمریکا لەجیهاندا بەجێیهێشتووە. بەڵام هەنوکەترین کاریگەری کردارەکانی ترەمپ لەسەر هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئەمریکا بووە وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو، هەرەوەها لەسەر واشنتن کەدەستپێگەشتنی بەهەواڵگری مرۆیی لەدەستداوە لەناوچەیەکدا کەگرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا. ناپاکی ترەمپ لەکوردەکان دیارییەکەی هەواڵگری بوو بۆ نەیارانی رۆژئاوا - دیارییەکە چەنێک گەورەیە؟ بەمزووانە بۆمان دەردەکەوێت.

هاوڵاتى پارتى دیموکراتى گه‌لان هه‌ده‌په‌، به‌فه‌رمى داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت له‌تورکیا ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک بڕیاربدات که‌ئایا ده‌سه‌ڵاتى ئێستای تورکیا به‌رده‌وام بێت یان نا، که‌ به‌هۆکارى کێشه‌کانى ئه‌و وڵاته‌ى داده‌نێت. ئه‌و داوایه‌ى هه‌ده‌په‌ دواى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانى پارته‌که‌ هات که‌ رۆژى 20ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بۆ تاووتوێکردنى پرسی کشانه‌وه‌یان له‌په‌رله‌مانى تورکیاو ئه‌و شاره‌وانییانه‌ى به‌ده‌ستیانهێناوه‌. دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌زاى ته‌مه‌للى هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند «بۆ رزگاربوونى گه‌ل له‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى ئاکه‌په‌و مه‌هه‌په‌ پێشنیازى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ده‌که‌ین،  ئه‌مه‌ ئه‌رزو ئه‌وه‌ش گه‌ز». هه‌روه‌ها په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ جه‌ختیکرده‌وه‌، هه‌ده‌په‌ له‌ئاستى شاره‌وانییه‌کان و گشتیى وڵاتیشدا رووبه‌ڕووى هێرشى به‌رفراوان بووه‌ته‌وه‌، له‌هیچ گۆڕه‌پانێکى خه‌باتدا ناکشێته‌وه‌. جه‌ختیشیکرده‌وه‌، هیچ گومانێکیان له‌وه‌ نییه‌ که‌ئه‌گه‌ر سبه‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت، گه‌لى کورد به‌هێزى زیاتره‌وه‌و بێ سێ و دوو، خاوه‌نداریى ئیراده‌ى خۆى ده‌کات. داواکه‌ى هه‌ده‌په‌ له‌کاتێکدایه‌، تورکیا فشاره‌کانى بۆ سه‌ر ئه‌و پارته‌ چڕکردووه‌ته‌وه‌، هه‌زاران ئه‌ندام و به‌رپرس و په‌رله‌مانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى ئه‌و پارته‌ى خستووه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، یان دۆسیه‌ى له‌دژیان کردووه‌ته‌وه‌. عومه‌ر ئۆجه‌لان په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى هه‌ده‌په‌ له‌په‌رله‌مانى تورکیا رایگه‌یاند «گه‌لى کورد ده‌یه‌وێت ستاتۆیه‌کى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت و مافه‌کانى به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌سه‌ڵاتداران داواکارییه‌کى گه‌ل جێبه‌جێ ناکه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌نا ببرێته‌به‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت و بۆچوونى گه‌ل وه‌ربگیرێت که‌ئایا رازین به‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌که‌په‌و مه‌هه‌په‌ یاخود نا». له‌گه‌ڵ داواکردنى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌، هه‌ده‌په‌ بڕیاریدا له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نه‌کشێته‌وه‌و پێگه‌ى خۆى قایمتر بکات و به‌هێزێکى زیاتره‌وه‌ رووبه‌ڕووى فشاره‌کانى تورکیا ببێته‌وه‌. عومه‌ر ئۆجه‌لان وتى «دواى تاووتوێکردنى پرسی کشانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى ناو فراکسیۆنى هه‌ده‌په‌ له‌په‌رله‌مانى تورکیاو باسکردنى سودو زیانه‌کانى، ئه‌و بڕیاره‌مان وه‌رگرت که‌داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بکه‌ین و له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نه‌کشێینه‌وه‌«. جه‌ختیشیکرده‌وه‌، له‌تورکیا ئێستا سته‌م هه‌یه‌و سیاسه‌تێکى خراپ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌کان پشتیوانى له‌داواکه‌ى هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ره‌خنه‌شمان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ به‌ رێگه‌چاره‌یه‌کى گونجاو داده‌نێین بۆ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یران و کێشه‌کانى ئێستا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ کاروباره‌کان به‌ڕێوه‌بچێت و گه‌ل چاره‌نووسى ده‌سه‌ڵاتى ئێستا دیارى بکات. له‌دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى تورکیا که‌ساڵى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ده‌په‌ (67) کورسی په‌رله‌مانى به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها له‌هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان که‌ له‌ 31ى ئازارى ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌چوو، (69) سه‌رۆک شاره‌وانى به‌ده‌ستهێنا. دواى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان، تورکیا ده‌ستیکرد به‌دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى ئه‌و پارته‌و تائێستا (14) سه‌رۆک شاره‌وانى له‌کاره‌کانیان دورخستووه‌ته‌وه‌. موزه‌یه‌ن گیونه‌ش نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، کێشه‌ى زۆر له‌تورکیا هه‌یه‌و دیموکراسی نییه‌، کێشه‌ى تایبه‌ت به‌مافه‌کانى کورد له‌تورکیا هه‌یه‌، ئه‌ردۆغان رێککه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ‌ مه‌هه‌په‌ هه‌یه‌ که‌ناتوانێت له‌ڕێگه‌یەوه‌ کێشه‌کانى تورکیا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، بۆیه‌ هه‌ده‌په‌ پرسی هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى کردووه‌ته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌. وتیشى «پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کى نوێ دروست بێت که‌مافه‌کانى گه‌ل به‌دیبهێنێت». موزه‌یه‌ن گیونه‌ش جه‌ختیکرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ (14) سه‌رۆک شاره‌وانى هه‌ده‌په‌ دورخراونه‌ته‌وه‌و زیندانیکراون و قه‌یوم له‌شوێنیان دانراوه‌، به‌ڵام هه‌ده‌په‌ بڕیاریداوه‌ له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نه‌کشێته‌وه‌. «ئه‌که‌په‌ ده‌خوازێت کورد له‌سیاسه‌ت بکشێته‌وه‌، به‌ڵام کشانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵکو تێکۆشان چاره‌سه‌ره‌، هه‌ده‌په‌ بڕیارى تێکۆشانیداو فراوانتریشى ده‌کات»، موزه‌یه‌ن گیونه‌ش وایوت. تائێستا لایه‌نه‌کانى تورکیا وه‌ڵامیان بۆ داواکه‌ى هه‌ده‌په‌ نه‌بووه‌ له‌باره‌ى داواکردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه‌، به‌تایبه‌ت پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زاره‌تى ناوخۆى تورکیا به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌ڵمه‌تى زیندانیکردن و کردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ بۆ سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى هه‌ده‌په‌، به‌تۆمه‌تى «تیرۆر» که‌دواترینیان خه‌دیجه‌ شه‌فیق سه‌رۆکى شاره‌وانى سروچ بوو که‌ 21ى ئه‌م مانگه‌ دادگا فه‌رمانى زیندانیکردنى بۆ ده‌رکرد، به‌تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ «په‌که‌که‌وه‌«. خه‌دیجه‌ له‌تویتێکدا جه‌ختیکرده‌وه‌، که‌مافى خۆى به‌کارهێناوه‌ بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌دانانى قه‌یوم له‌جێگه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌ کورده‌کان، ئه‌وه‌ش تاوان نییه‌. رۆژى چوارشه‌ممه‌ پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا  پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى تۆمه‌تبارکرد به‌ په‌یڕه‌وکردنى»سیاسه‌تى کوده‌تا» به‌سه‌ر سه‌رۆک شاره‌وانییه‌ کورده‌کاندا. به‌ڵام سلێمان سۆیلۆ وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا جه‌ختیکردبووه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامى کاره‌کانیان بۆ دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان، ئاشکراشی کردبوو ده‌یان سه‌رۆک شاره‌وانى فه‌رمانى زیندانیکردنیان بۆ ده‌رکراوه‌. سۆیلۆ که‌وه‌زاره‌ته‌کى له‌ئابی رابردوودا هه‌ڵمه‌تێکى ئه‌منى به‌رفراوانى ده‌ستپێکرد دژى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى سه‌ر به‌هه‌ده‌په‌ باسى له‌وه‌کردبوو، (42) سه‌رۆک شاره‌وانى له‌ناو (94) سه‌رۆک شاره‌وانییدا به‌ (286) ساڵ حوکمدراون، (19)یان ده‌ستگیرکراون، (59)ى دیکه‌یان دادگایی کراون و به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیربکرێن، شه‌شیان ئازادکراون، فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى هه‌شتى دیکه‌ دراوه‌. هه‌ده‌په‌ تائێستا به‌رانبه‌ر فشاره‌کانى سه‌رى خۆى راگرتووه‌و له‌ڕێگه‌ى داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دروستبکات که‌حزبه‌که‌ى به‌ئامانج گرتووه‌. به‌وته‌ى عائیشه‌ سوریجو په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ له‌په‌رله‌مانى تورکیا، ئه‌و فشارانه‌ى له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌، بکرایه‌ته‌ سه‌ر هه‌ر پارتێکى دیکه‌ ئێستا به‌ته‌واوى کاره‌کانى وه‌ستابوو، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌به‌رگریکردن و پشت به‌گه‌لى خۆیان ده‌به‌ستن. وتیشى له‌ 31ى ئازارى رابردوودا حزبه‌که‌یان به‌شدارى له‌هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کاندا کرد، له‌هه‌مان رۆژدا لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا ده‌ستى به‌سه‌ر شه‌ش سه‌رۆک شاره‌وانى هه‌ده‌په‌دا گرت و راده‌ستى ئاکه‌په‌ى کرد.

هاوڵاتی پارتی سووری نەرویج داوای لەوڵاتەکەی کرد لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەنجامبدرێت کە لەلایەن تورکیاوە لە رۆژاڤا بەکارهێنراوەو وتی، پێویستە ئەم بابەتە لەئاستی نێودەوڵەتیدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (ABC) بژورنار مۆکسنەس ئەندامی پارتی سووری نەرویج داوای لەوەزیری دەرەوەی نەرویج کرد کەبابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بکات بەبابەتی وتوێژی وەزیرەکانی دەرەوەی ناتۆو نەتەوەیەکگرتووەکان و وتی «هەواڵی بەکارهێنانی فسفۆری سپی یان چەکی کیمیایی لەدژی خەڵکی مەدەنی، بابەتێکی گەورەو گرنگەو پێویستە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی جددی ئەنجامبدرێت.» مۆکسنەس تیشکی خستەسەر هەواڵەکەی نیۆزویک و تایمز کەدەڵێن وەڵاتانی ئەندام لەناتۆدا دژی ئەوەن، لێکۆڵینەوە لەبابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە بکرێت، بەڵام ئەو داوای لەوەزیری دەرەوەی نەرویجیش کرد کەئەمە بکات بە بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکانی ناتۆ بوروژێنرێت و لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنیدا بکرێت.  بژورنار مۆکسنەس وتی «وەزیری دەرەوە دەرفەتی ئەو کارەی لەبەردەستدایەو  پێویستە ناتۆش نەبێت بەرێگر لە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی دژی خەڵکی سڤیل.» پارتی سووری نەرویج لەهەمانکاتدا بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا)، وەک پێشنیار بۆ تاووتوێکردن، پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.

سازدانی: ئارێز ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێرى رێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى ئێران (کۆمەڵە) لەم چاوپێکەوتنەی ‌هاوڵاتی دا باسی ئەو مەترسی و هەڕەشانە دەکات کە لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان هەیە. ئیبراهیم عەلیزاد وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کەباس لەمەترسیەکانی سەر باشوور دەکەن. پاش ئەوەى پەلامارەکانی سوپاى تورکیا لە (9/10/2019) بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان روویدا. پەلامارەکان تاڕادەیەکى زۆر شۆکێک دروستبوو لەڕۆژئاڤاو باشوورى کوردستان و لەبەشێک لەناوچەکە. کەئایا بۆچى ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمەریکا لەڕۆژئاڤاى کوردستان یان لەباکوورى سوریا پاشەکشەى کرد؟ پشتى کردە هێزەکانى هەسەدەو هێزە کوردییەکان؟ ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ بیه‌وێت چاره‌نوسى رۆژئاڤا به‌باکورى کوردستانه‌وه‌ گرێبدات سیاسه‌تێکى هه‌ڵه‌یه‌ ئەوەی کە لەڕۆژئاڤای کوردستان روودەدات و وەکو ئەوەی مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: جینۆسایدێکە بەرانبەر خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان. فەرید ئەسەسەرد پێشتر لەوتارێکیدا رایگەیاندبوو: ئەمە یەکەمجار نییە ئەمەریکا خەیانەت لەکورد دەکات و کورد بەجێدەهێڵێت، لەساڵی (1975)، (1996) و چەند جارێکی تریش روویداوە، ئێستا لەڕۆژئاڤای کوردستان دووبارە بووەتەوە. ئیبراهیم عەلیزادە لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت «ئەگەر (پەکەکە) بیەوێت چارەنووسی رۆژئاڤا بەباکوری کوردستانەوە گرێبدات، سیاسەتێکی هەڵەیە» ‌هاوڵاتی: لەبەشێک لەڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا هاتووە، کە ئەفسەرانی ئەمەریکا لەترەمپ تووڕەن کەگوایە ناپاکیمان لەکورد کردووە، هەڵسەنگاندت بۆ ئەم بۆچوونە چۆنە؟ جگە لەشەڕو ململانێ، رێککەوتنێکیش هەیە لەگەڵ سوپای سوریا بەئاگاداری ڕوسەکان و ئێرانییەکان، ئایا ئەمە چارەسەرە بۆ دۆخەکە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: لێکۆڵینەوە بۆ بەهای ئەخلاقی بۆ ئەوەی کەئایا چەندە دەتوانرێت متمانە بەئەمریکا بکرێت، بەهیچ کوێمان ناگەیەنێت. ئەمەریکا نە لەکوردستان و نە لەهیچ شوێنێکی دونیا جگە لەبەرژەوەندیی خۆی هیچ شتێکی تر لەبەرچاو ناگرێت. دەبێت ئەو راستییە بزانین کەخەسڵەتی رێککەوتن و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا هەموو کات مۆری بەرژەوەندیی هەردوولای تێدایەو دەبێت بەفەرمی و راگەیەنراو بێت، خەیانەتکردن و پشتتێکردنی ئەمریکایش جێگای سەرسوڕمان نییە. پشتکردنی ئەمەریکا لەکوردانی رۆژئاڤا، لەچەند ساڵ پێش ئێستاوە چاوەڕوان دەکرا، بەڵام هەم هێزی رۆژئاڤا و هەم ئەمریکاش بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبوو، ئەم بەرژەوەندییەش بریتیبوو لەداعش. داعش لەعێراق تەماعی لەدەسەڵاتی ئەمەریکا کردبوو، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەعێراق بەهۆی بوونی داعشەوە لەمەترسیدا بوو، واتا ئەمنیەتی ئەمەریکا لەناوخۆی وڵاتەکەی لەڕێگای بەهێزبوونی داعش کەوتبوە مەترسی، بەڵکو دۆخی عێراق کەئەمریکا تێیدا (4000) کوژراو، (50)هەزار پەککەوتە و (3000) ملیار دۆلاری تێدا خەرج کردبوو، ئەم بەرژەوەندییە کەوتبوە مەترسییەوە و ئەمریکا دەبوایە چارەیەکی بۆ ئەمە بدۆزیایەتەوە، داعش لە سووریا هیچ مەترسییەکی بۆ ئەمریکا نەبوو، بەڵام بۆ روسیا و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کە لەلایەن ئێران و روسیا لایەنگریی لێدەکرا، مەترسیی هەبوو. ئەمریکا دەبوایە داعش لەعێراق تێکبشکێنێت و لە ناوی ببات، بەڵام هاوکات لەسوریا ئەم کارەی کرد. رۆژئاڤا چ لەو کاتەدا و چ لەئێستاشدا نەدەبوایە بە بێ بەشداریی هیچ لایەنێکی نێونەتەوەیی رێککەوتنی بکردایە، دەبوایە شاهیدو لایەنێکی نێودەوڵەتی لەنێواندا بوایە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم رێککەوتنە دابنرێت و بەهاکانی بە چ شێوەیەک بپارێزرێت؟ رێککەوتنی رۆژئاڤاو ئەمەریکا نۆڕماڵ بوو، دەبوایە لەپێناو دوژمنێکی هاوبەش هاوکاریی یەکتریان بکردایە، بەڵام دوای ئەوەی کە بەرەو رەققە پێشڕەوییان کرد دەبوایە ئەم رێککەوتنە بەچاودێرییەکی نێودەوڵەتی و بەبەرچاوی بیروڕای گشتییەوە واژۆ بکرایە کەئایا دواجار ئەمریکا بەرانبەر بەڕۆژئاڤا هەڵوێستی دەگۆڕێت یان نا؟. ئەگەر ئێستا ئەمریکا دەیەوێت گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی خۆی بکات، دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی و راگەیەنراو بێت. من گەشبین نیم بەڕەخنەی کۆنگرێسمانەکان لەسیاسەتی ترەمپ، چونکە دواجار ئەمەریکا لەنێوان تورکیاو رۆژئاڤا لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدا، تورکیا دەپارێزێت. تورکیا بۆ ئەمریکا دۆستێکی ستراتیجێکە، ئەمە ئەلفبای تێگەییشتنە لەپێوەندییە نێودەوڵەتییەکان. نابێت ئەزموونەکانی پێشوو لەڕۆژئاڤا دووبارە بێتەوە، ئێستایش ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی خۆی پێکبهێنێت، دەبێت راگەیەنراوو بەچاودێریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بێت. ‌هاوڵاتی: دوای رێککەوتنی سوپای سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوەی کەناوی (هەسەدە) بگۆڕرێت بەهێزێکی هاوبەش و سوپای سوریا دەگەڕێتەوە ناوچەکانی باکوری سوریاو خۆرهەڵاتی فوڕات، ئایا ئەم رێککەوتنە ئاڵتەرناتیڤێکی گونجاوە، یان وەک ئەوەی مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: ناچارین ئەم سازشە بکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان جینۆساید نەکرێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بێگومان ئەوە ناچارییە، لەگۆڕەپانی ململانێکانی سوریا دوو لایەنی جیاواز بەدرێژاییی (18) ساڵی رابردوو کێشمەکێشیان هەبووە، لایەنێکیان روسیا، ئێران و حکومەتی بەشار ئەسەدە، لایەنێکیش ئەمریکا، تورکیاو سعودیەیە. ئەنجامی کێشەو ململانێکانی ئەم دوو لایەنە بوەتە ئەوەی کە لایەنی روسیی تێیدا سەرکەوتوو بووەو لایەنی ئەمریکیش شکستی هێناوە، واتا تورکیاش شکستی هێناوە. لەئێستادا کەنزیکدەبینەوە لەدیاریکردنی چارەنووسی سیاسی داهاتووی تورکیا، پێویستی بەوەیە تاڕادەیەک لەقورساییی ئەم شکستە کەمبکاتەوە، هەربۆیە هێرشکردن بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان هەڵوێستێکی بەرگریکارانەیە لەلایەن تورکیا. ئەوەی کەتورکیا بەدوایەوەیەتی دەیەوێت لەدیاریکردنی دواڕۆژی سیاسیی سوریا، بێ دەسەڵات نەبێت و لە هەمانکاتدا زیانێکیش بەدوژمنی خۆی کەڕۆژئاڤای کوردستانەو مافی چارەنووسی خۆیان، دەگەیەنێت. ئەردۆغان ئاژاوەگێڕێکی دۆڕاوە لەم رووداوەو بەڕای من لەم پەلامارەشدا سەرکەوتوو نابێت. لایەنێکی تری ئەم بابەتە روسیایە، هەر لەڕابردوو (یەکێتیی سۆڤیەتی جاران)و لەم سەردەمەشدا پێگەیەکی سەرەکی لەسوریا هەبوەو پێکەوە هاوپەیمان بوون. روسیا لەململانێکانی چەندساڵی رابردوو لەسوریا سەرکەوتوو بووە، کەواتە بەئاسانی ناتوانێت لەپێناوی هێرشی سوپای تورکیا، چاوپۆشی لەم سەرکەوتنە بکات. سەبارەت بەڕۆژئاڤا دەبێت بڵێم: هەم رێککەوتنی پێشووی لەگەڵ ئەمریکا و هەم رێککەوتنی ئێستای لەگەڵ سوریا و روسیا دەبێت راگەیەنراوو یاسایی بێت، دەبێت خەڵک لەوردەکارییەکانی ئاگاداربن، بۆ ئەوەی دوایی تووشی رووداوی چاوەڕواننەکراو نەبن و تووشی سەرلێشێواوی و نائۆمێدی نەبن. بەڕای من رۆژئاڤا کۆمەڵێک دەستکەوتی کۆمەڵایەتی هەیە، کە بەئاسانی و بەهێرشی سەربازی ناسڕێنەوە. رۆژئاڤا دەبێت ئێستا پارێزگاری لەپەیوەندی نێوان خۆی و خەڵکەکەی بکات، دەبێت پێداگری بکات لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی واتا دیموکراسی، خۆبەڕێوەبردن، یاسای پێشکەوتنخوازانەی بۆ ژنان و پاشەکشێ نەکردن بۆ کۆنەپەرستی، دەبێت لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەوام ئەگەر هەر بۆشایییەک لەم نێوانەدا دروستبێت و پەکی بکەوێت، ئێمە بەشکستی دەزانین. لەدواڕۆژی سوریا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەربەرزدەکەنەوەو خەڵکی سوریا بەئاسانی لەو کەسانەی کەهۆکاری نەهامەتییەکانیان بوون خۆشنابن. لەم کاتەدایە کەپاشەکەوتی هێزو توانای رۆژئاڤای کوردستان فریایان دەکەوێت. من رۆژئاڤای کوردستان بەشکستخواردوو نازانم، لەڕووی سەربازییەوە ئەم پاشەکشێکردنە، واتا هەم پێشڕەوی و هەم بەرگریکردن، هەرسێکیان دەتوانن ببن بەبنەمای ستراتیجییەک بۆ سەرکەوتنیان. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کەدەبێت بەچ شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ دەسەڵاتی رۆژئاڤای کوردستان نابێت ئەو ئۆمێدو خۆشباوەڕییانەی کە بۆ ئەمریکا هەیبوو، بۆ روسیایش دووپاتی بکاتەوە، دەبێت بەها ئەخلاقییەکانی بپارێزێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت. ‌هاوڵاتی:  ئێمە پێویستمان بەهەڵویستی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە، بەڵام مایک ڕۆبن لەوتارێکیدا دەڵێت: تورکیا زیاتر لە(45) ساڵ پێش ئێستا قوبرسی داگیرکردو ئێستایش دەیەوێت سەرچاوە سروشتییەکانی لەناوبەرێت، لەعەفرین پاکتاوی رەگەزیی کردووە، لەناوچەی جەرابلوسی سوریا بنکەی پۆستی تورکیای کردووەتەوەو رۆژ لەدوای رۆژ خۆی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دەگونجێنێت، تورکیا لەبەعشیقە و ناوچەی تری عێراق کە مەبەستی بنکەکانی ناوچەی بادینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەردۆغان باس لەوەدەکات کە لەدەستبەسەراگرتنی هەندێک لەناوچەکانی یۆنان و بولگاریا، نییەتی ئەوەی هەیە. ئەم نووسەرە دەڵێت: تورکیا هەر شوێنێک داگیربکات، چۆڵی ناکات. بنکەی مەخموور کە وا ناسراوە لەلایەن (پەکەکە) بەڕێوەدەچێت یان شەنگال کەهێزگەلی سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستانی تێدایە، بەڕای ئێوە ئەگەری ئەوە هەیە کەئەم کێشەو گرفتانە دواجار بەرۆکی باشووری کوردستانیش بگرێ؟ ئاڵتەرناتیڤەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەبێت بۆ ئەوەی بەر بەم کێشانە بگرێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سوریاو باشووری کوردستان یان عێراق هەیە. سوریا بووە بەناوچەی نفوزو دەسەڵاتی روسیا، روسیا زلهێزێکە کەتوانیویەتی لەململانێیەکی (حەوت بۆ هەشت) ساڵی رابردوو رکەبەرەکانی وەلابنێت و ببێت بەبڕیاردەری کۆتایی. پێدانی دەرفەت بەتورکیا بۆ ئەوەی بەشێک لەخاکی سوریا داگیربکات و حکومەتی بەشار ئەسەد ناسەقامگیر بکات، بەمانای ئەوەیە کە روسیا لەبەرانبەر تورکیا رۆڵی زلهێزی خۆی لەبەرانبەر تورکیا ناتوانێت بگێڕێت و ئەمەش مومکین نییە. من دڵنیام کە روسیا سەرکەوتنەکانی دەپارێزێت. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کەڕۆژئاڤا ئەوە بەدەرفەت بزانێت و سوود لەم دۆخە ببات، چونکە لەهەمانکاتدا روسیا دەیەوێت لەناکۆکیی نێوان تورکیاو ئەمەریکا کەڵک وەربگرێت و کەلێنی نێوان ئەم دوو وڵاتەش زۆرتر بکات، هەر بەم هۆکارە سازشی لەسەر دەکات، بێگومان لەسەر مافی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانە کە لەلایەن روسیاوە سازش دەکرێت. بەڵام لەئێستادا ئەو دەرفەتە بەتورکیا نادرێت کە بەخواستی خۆی لەو ناوچەیە تەراتێن بکات. جیاوازیی باشووری کوردستان لەوەدایە کە بووە بەناوچەی نفوزی ئەمریکا کەتێیدا سەرکەوتوو بووە، واتا توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات، هێزی چەکداری لەخاکی باشوور هەیە، دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر کردوە، کونسوڵخانەیەکی (3000) کەسی هەیەو بەرژەوەندییەکی درێژماوەی ئابووریی هەیە، ئەگەر تورکیا تەماع لەڕۆژئاڤای کوردستان دەکات، بەڵام لەباشووری کوردستان لەگەڵ روسیا ناکەوێتە ململانێ و رکابەرییەوە. هەر بەم هۆیە روسیا چاوپۆشی دەکات لەباشووری کوردستان. مەترسییەکان بۆ باشووری کوردستان زۆر جددیترە لەمەترسییەکان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. باشووری کوردستان ئەو جێگایەیە کە روسیا بۆ ئەمریکای جێهێشتوە. سەبارەت بەحکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بڵێم: کەهەر بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەگەر بیەوێت سەرکەوتوو بێت، پێویستی بەپشتیوانییەکی جەماوەری هەیە، بۆ ئەوەی جەماوەر لەگەڵت بێت، دەبێت لێت رازی بن، ئامادەبن بۆ هەر فیداکارییەک، هەموو شتێک لەباشووری کوردستان گرێدراوە بە پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات، دەبێت ئەو پەیوەندییە لەسەر جێگای خۆی بێت و بەهێز بێت و خەڵک دەسەڵاتەکە لەخۆیان بزانن.

  سازدانى: ئارا ئیبراهیم   سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات دۆسیه‌ى نه‌وت و گه‌نده‌ڵى له‌کابینه‌ى پێشتر چۆن بووه‌ ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌و هیچ گۆڕانکارییه‌کى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌و چاکسازى تێدا نه‌کراوه‌، ده‌شڵێت»ئه‌م فۆرمه‌ له‌حوکمرانى تواناى به‌رده‌وامبوونى نییه‌ ئه‌گه‌ر چاکسازى نه‌کرێت ده‌که‌وێت». عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ده‌ڵێت، په‌رله‌مانى کوردستان تائێستا یاسایه‌کى ده‌رنه‌چواندووه‌ که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى خه‌ڵکدا بێت و حکومه‌تیش که‌مترین وه‌ڵامى پرسیارى په‌رله‌مانتاران ده‌داته‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى هه‌موارى یاساى چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان ئه‌و نادادییه‌ى هه‌یه‌ چاره‌سه‌رى بکه‌ن، ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌بڕینى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان تائێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باسنه‌کراوه‌. عه‌لى حه‌مه‌ساڵح له‌باره‌ى خه‌رجى و داهاته‌کانى حکومه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشکراده‌کات که‌داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان مانگانه‌ (200) ملیار دیناره‌. ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى له‌ رابردوودا له‌دۆسیه‌ى نه‌وتدا هه‌بوو تائێستا وه‌کو خۆیه‌تى، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى له‌خاڵه‌ سنورییه‌کان هه‌بووه‌ له‌کابینه‌ى پێشوو له‌ئێستاشدا هه‌روه‌ک خۆیه‌تى ‌هاوڵاتى: رێکخراوێکى ناحکومى  ده‌ڵێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (228) به‌ڵێنى له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ى کوردستان داوه‌، ده‌توانن چه‌ند له‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: تائێستا ناتوانین هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێکى ورد بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ى پێمانوایه‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆرى له‌کارنامه‌ى حکومه‌تدا هه‌بووه‌و موافه‌قه‌ى لایه‌نه‌کانى به‌شدار بووه‌ له‌کابینه‌ى نۆیه‌م نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ وازحه‌، به‌ڵام له‌ته‌نیشت ئه‌مه‌دا بۆ که‌یسه‌کانى گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى سامانى گشتى له‌خاڵه‌ سنوریه‌کان و دۆسیه‌ى زه‌ریبه‌و و داهاتى نه‌وت و گرێبه‌سته‌کان هه‌مووى به‌دواداچوونمان بۆ کردووه‌. له‌ئاستى کرداریدا ده‌زانین فه‌سادو زوڵم و نادادى هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ لاى به‌رپرسانى باڵاى پارتى و یه‌کێتى ئاسایى بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک که‌دێته‌ ناو چاکسازییه‌کانه‌وه‌ دوژمن و  ئاسته‌نگى حه‌قیقى له‌وکاتانه‌دا دروستده‌بێت، ئێستا سێ که‌یسى گه‌وره‌ که‌ئیشى تێدا ده‌که‌ین، لێکۆڵینه‌وه‌ى وردمان کردووه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌ سنورییه‌کان که‌گه‌نده‌ڵیه‌کى رێکخراو موئه‌سه‌ساتى حکومى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان کۆمه‌ڵێک کۆمپانیا هاتوون سه‌رقاڵى پاره‌ وه‌رگرتنن بار داخڵ ده‌کرێت به‌بێ گومرگ و پشکنین، ساڵى 1991 خاڵه‌ سنورییه‌کان زۆر باشتر بووه‌ له‌ئێستا که‌ 2019یه‌، هێزى گه‌وره‌یان له‌پشته‌ شه‌وانه‌ بارى گه‌وره‌ داخڵ ده‌که‌ن بێ گومرگ و پشکنین و هێزى گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵدایه‌، شته‌کان با وه‌کو خۆى بگات، به‌ڵگه‌نامه‌ى وردمان هه‌بوو که‌ئه‌مه‌ له‌مه‌رزى باشماخدا هه‌بووه‌، شه‌وانه‌ (70 بۆ 80) کۆنتێنه‌ر داخڵى هه‌رێم ده‌کرا، به‌رێوه‌به‌رى گومرگمان بانگکردو وتى له‌هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌کانى دیکه‌ش ئه‌مه‌ هه‌یه‌، چه‌ندین دۆسیه‌مان ئاماده‌ کردووه‌، چه‌ندین کۆمپانیا به‌ناوى سه‌یر سه‌یر به‌بێ ئه‌وه‌ى خه‌ده‌مات پێشکه‌ش بکه‌ن مانگانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلاریان ده‌ستده‌که‌وێت، هه‌ندێکیان هه‌یه‌ هه‌ر هیچ ناکه‌ن و هامشێکیان بۆ کراوه‌و هه‌ندێکى وه‌زاره‌تى دارایى و به‌شێکى دیکه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و به‌شێکى ترى به‌رێوه‌به‌رى مه‌رزه‌کان کردوویانه‌، ئیشى ورمان له‌سه‌ر کردووه‌. له‌سه‌ر ئاستى زه‌ریبه‌ به‌شێکى زۆرى کۆمپانیاکان زه‌ریبه‌یان نه‌داوه‌و خۆیان لێ دزیوه‌ته‌وه‌و به‌شێکیان به‌ نایاسایى به‌خشراون و به‌ڵگه‌نامه‌مان لایه‌ کۆمپانیا له‌ملیۆنێک دۆلارى زه‌ریبه‌ به‌خشراوه‌، ئیشى زۆرمان کردووه‌و ده‌یده‌ینه‌ حکومه‌ت تا چاکسازى تێدابکرێت. له‌سه‌ر هه‌موارى پرۆژه‌ى چاکسازى خۆتان ده‌زانن بڕیاربوو بڕوات، به‌ڵام هه‌ندێک ئاسته‌نگ هه‌بووه‌و بڕیاره‌ حکومه‌ت به‌م نزیکانه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بکات، ئێمه‌ ئه‌وه‌ى توانیومانه‌ لۆبى بکه‌ین و ده‌وڵه‌مه‌ندى بکه‌ین چاکسازى ریشه‌یى بکرێت، چونکه‌ مه‌علومه‌ ئه‌م فۆرمه‌ له‌حوکمڕانى تواناى به‌رده‌وامبوونى نییه‌ ئه‌گه‌ر چاکسازى نه‌کرێت ده‌که‌وێت.   ئه‌م فۆرمه‌ له‌حوکمڕانى تواناى به‌رده‌وامبوونى نییه ئه‌گه‌ر چاکسازیى نه‌کرێت ده‌که‌وێت ‌هاوڵاتى: قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران رێکبخرێته‌وه‌و هه‌ندێکى ببڕدرێت له‌هه‌موارى پرۆژه‌یاساى چاکسازى و خانه‌نشین و ده‌رماڵه‌و ئیمتیازه‌کاندا، ئه‌مه‌ چۆنه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: به‌پێى پرۆژه‌یاساى چاسازى وازحه‌، موچه‌ ده‌درێت به‌که‌سێک که‌ئیستحقاقى خۆى بێت، نه‌ک ئه‌وه‌ى سوڵحى له‌گه‌ڵدا بکرێت، شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى خانه‌نشینى هه‌یه‌ له‌کوردستاندا، بێ له‌یه‌ک دوو شوێنى دیکه‌ هه‌مووى ده‌بێت یه‌کبخرێت، هه‌موو یه‌که‌ ژمێریارییه‌کانى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان یه‌کده‌خرێت. تائێستا پرۆژه‌که‌ نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مان و قسه‌مان له‌گه‌ڵ کردوون بڕیاره‌ له‌زووترین کاتدا بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ له‌گفتوگۆ نه‌ له‌بڕیاره‌کاندا باسى هیچ جۆره‌ بڕینێکى ده‌رماڵه‌کان نه‌کراوه‌، که‌ هاته‌ په‌رله‌مان زۆر به‌وردتر موناقه‌شه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین. حکومه‌ت خۆیان ده‌ڵێن ئامانجى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گێڕانه‌وه‌ى پاره‌یه‌، به‌ڵام دیار نییه‌ چه‌ند پاره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت و به‌ته‌ئکید پاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ماقول نییه‌ سکویرتى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بدرێته‌ مه‌سئول و کوڕى به‌رپرسه‌کان که‌ملیۆنان  دۆلار ببه‌ن ‌هاوڵاتى: له‌ئه‌داى کابینه‌ى نۆیه‌م رازیت که‌زیاتر له‌چوار مانگ به‌سه‌ر حکومه‌تدا تێپه‌ڕبووه‌و گۆڕان یه‌کێکه‌ له‌به‌شداربووه‌کانى؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى له‌ رابردوودا له‌دۆسیه‌ى نه‌وتدا هه‌بوو تائێستا وه‌کو خۆیه‌تى، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى له‌خاڵه‌ سنورییه‌کان هه‌بووه‌ له‌کابینه‌ى پێشوو له‌ئێستاشدا هه‌روه‌ک خۆیه‌تى، بابه‌تى زه‌ریبه‌ راگیراوه‌و  ئه‌و عه‌ف و سه‌رپێچیه‌ى له‌سه‌ر زه‌ریبه‌ هه‌بووه‌ راگیراوه‌. ‌هاوڵاتى: بۆچى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان پڕناکرێته‌وه‌و سه‌رۆکى حکومه‌ت خۆى وه‌زیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: تائێستا سه‌رۆکى حکومه‌ت خۆى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کانه‌، ترسه‌که‌ ئه‌مه‌یه‌و کۆمه‌ڵێک تێڕوانیمان ئاماده‌کردووه‌، دۆسیه‌ى نه‌وت کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى گه‌وره‌ى تێدایه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ کۆمپانیا سکوریتییه‌کان که‌ له‌سه‌دا 48%ى  موچه‌ بۆ هێزى ئه‌منى و ناوخۆ ده‌ڕوات و پۆلیسى نه‌وت و زێره‌ڤانى، ماقول نییه‌ سکویرتى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بدرێته‌ مه‌سئول و کوڕى به‌رپرسه‌کان که‌ملیۆنان  دۆلار ببه‌ن و ئه‌وانى دیکه‌ هیچ وه‌زیفه‌یه‌کیان نییه‌و ته‌نها ده‌وامیان پێده‌کرێت و ئه‌رکیان نه‌بێت، ده‌بێت ئه‌مه‌ رێکبخرێته‌وه‌. بۆ زانیاریتان خه‌ده‌ماتى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان قۆرغکارییه‌کى زۆر مه‌ترسیدار هه‌یه‌ که‌ئه‌و خه‌ده‌ماتانه‌ى دراون به‌کۆمپانیا ناوخۆییه‌کان به‌چه‌ند که‌سێکى دیاریکراو دراون، چ لاى یه‌کێتى و چ لاى پارتى تێچووه‌که‌ى پێنج هێنده‌یه‌ به‌ملیۆنان دۆلارى خه‌رجى نە‌وت زیاد بکات، ئه‌مانه‌ چاکسازییان ده‌وێت و ده‌بێت بکرێت. ‌هاوڵاتى: جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ کاروبارى چاکسازى که‌پشکى گۆڕانه‌، بۆ ئه‌و پۆسته‌تان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ ده‌ستى ده‌ستى کردن نییه‌ به‌ گۆڕان؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: ده‌ستى به‌ده‌ستى نییه‌، هێشتا هه‌ندێ گفتوگۆ هه‌یه‌ به‌وه‌ى که‌ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کانى چى ده‌بن، چۆن به‌یاسا رێکبخرێته‌وه‌، ئێستا سبه‌ینێ ده‌توانین وه‌ک گۆڕان که‌سێک دیارى بکه‌ین و فه‌رمانى بۆ ده‌ربچێت، به‌ڵام ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى به‌یاسا دیارى بکرێت. ‌هاوڵاتى: ئه‌ى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌کان که‌ئه‌وه‌ش پشکى گۆڕانه‌ هه‌مان کێشه‌ى هه‌یه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: سندوقه‌که‌ ده‌بێت کارابکرێت و هه‌ر سه‌رۆکه‌که‌ نییه‌، له‌ڕۆژانى ئاینده‌ له‌لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌ندامه‌کانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بهێندرێته‌ په‌رله‌مان تاپه‌سه‌ندبکرێت. ‌هاوڵاتى: خه‌ڵک هه‌یه‌ (220) هه‌زار دینار موچه‌ى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرێت و په‌رله‌مانتارو وه‌زیرو دادوه‌ره‌کان شه‌ش ملیۆن دینار زیاتر وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ چۆن رێکده‌خرێته‌وه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: نادادى زۆر له‌موچه‌ى خانه‌نشینیدا هه‌یه‌و به‌تایبه‌ت له‌پله‌ باڵاکاندا که‌ده‌مانه‌وێت وه‌ک عێراقى لێبکه‌ین یا باشتر له‌وه‌ى عێراق، ئاستى دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ که‌هیچ خانه‌نشینێک له‌ 400 هه‌زار دینار که‌متر وه‌رنه‌گرێت، ئێستا له‌گه‌ڵ حکومه‌ت گفتوگۆ هه‌یه‌و داوامان کردووه‌ وه‌ڵامى پێویسى ئه‌مه‌ بداته‌وه‌و حکومه‌تیش ده‌ڵێت با دیراسه‌ى تێچووه‌ مادییه‌که‌ى بکه‌م و وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌. خانه‌نشینى پله‌ باڵاکان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و خانه‌نشینى هاوڵاتیانیش ده‌مانه‌وێت له‌ (400) هه‌زار دینارى مانگانه‌ که‌متر نه‌بێت. ئێمه‌ چه‌ند جارێک به‌فه‌رمى داوامان کردووه‌ که‌ ته‌فاسیلى قه‌رزه‌کانى سه‌ر حکومه‌ت به‌وردى بۆمان بنێرن چۆنه‌و بۆچى کراوه‌و له‌کێ وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى نه‌داوینه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: گۆڕان به‌شداره‌ له‌حکومه‌ت، دۆسیه‌ى قه‌رزه‌کان چییه‌ ئایا به‌فعلى بێجگه‌ موچه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران حکومه‌ت قه‌رزاره‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: گرفتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ تائێستا دامه‌زراوه‌یه‌کى نییه‌ بۆ دیارى کردنى قه‌رزه‌کان، هه‌ر قه‌رزه‌و له‌شوێنێکه‌، بۆ نموونه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى قه‌رزارى ده‌رمانه‌، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ قه‌رزارى جلى سه‌ربازییه‌، وه‌زاره‌تى دارایى قه‌رزارى بانک و به‌ڵێنده‌رانه‌، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان قه‌رزارى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانه‌ که‌پاره‌ى پێشه‌کى لێیان وه‌رگرتووه‌، ئێمه‌ چه‌ند جارێک به‌فه‌رمى داوامان کردووه‌ که‌ ته‌فاسیلى قه‌رزه‌کانى سه‌ر حکومه‌ت به‌وردى بۆمان بنێرن چۆنه‌و بۆچى کراوه‌و له‌کێ وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى نه‌داوینه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: به‌ڵام خۆتان وه‌ک ئه‌ندامى وه‌فدى دانوسانکارى گۆڕان له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا له‌گه‌ڵ پارتى به‌شداربوون، ناکرێت که‌ئێوه‌ نه‌زانن حکومه‌ت چه‌ند قه‌رزاره‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح: ئێمه‌ ده‌زانین (100) ملیۆن دۆلارى ده‌رمان قه‌رزارین و پاره‌ى پێشمه‌رگه‌ قه‌رزارین، به‌شێک له‌قه‌رزه‌کان وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان پاره‌ى وه‌رگرتووه‌و هێشتا نه‌وته‌که‌ى نه‌داوه‌ به‌کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان، پاره‌ى مقاولیین که‌س ناتوانێت ئینکارى لێبکات، پاره‌ى (13) ملیار دۆلارى قه‌رزى پاشه‌که‌وتکراوى فه‌رمانبه‌ران بوونى هه‌یه‌ که‌حکومه‌ت قه‌رزارییه‌تى، هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت کۆى گشتى قه‌رزه‌کان بزانین. ‌هاوڵاتى: له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ده‌وترێت رێگه‌ به‌ئه‌ندامانى لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن نادرێت وه‌ک پێویست قسه‌ بکه‌ن، هۆکاره‌که‌ى چییه‌؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: ئه‌گه‌ر ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان به‌راورد بکه‌ین به‌خولى پێشوو، مولاحه‌زه‌ى جددیم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان، په‌رله‌مان سێ ئه‌رکى هه‌یه‌، ده‌رکردنى یاسا تائه‌م ساته‌ هیچ یاسایه‌ک له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌رنه‌کراوه‌، دووه‌م چاودێرییه‌، تائێستا نه‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت و نه‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌کان وه‌زیره‌کانیان نه‌هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان، سێیه‌م په‌سه‌ندکردنى بودجه‌یه‌ تائێستا پرۆژه‌ى بودجه‌ نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مان، به‌شێکى زۆرى په‌رله‌مانتاران که‌ پرسیاریان ئاراسته‌ى حکومه‌ت کردووه‌ به‌دواداچوونیان کردووه‌و وه‌کو پێویست وه‌ڵامه‌کانیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌. ده‌بێت لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن خۆیان قسه‌ بکه‌ن و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ڵامبداته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: وه‌زیرى دارایى لاى گۆڕانه‌و گۆڕان خۆى وا پێناسه‌ کردووه‌ که‌سه‌رمه‌شقى شه‌فافییه‌ته‌و له‌کارنامه‌که‌ى بۆ به‌شدارى حکومه‌ت باسى کردووه‌، شه‌فافیه‌تى ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌کوێدایه‌ که‌زانیارى نه‌درێته‌ خه‌ڵک و رۆژنامه‌نووسان و په‌رله‌مانتاران؟ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: چیت ده‌وێ با پێت بڵێم داهاتى ناوخۆ (200) ملیار دیناره‌، قه‌رزه‌کان هه‌موو ئه‌وه‌ى لاى وه‌زیرى داراییه‌ ئیعلانى ده‌که‌ین، چه‌ندێک پاره‌ى بانک و مقاولە. به‌تاکید ده‌بێت شه‌فافییه‌ت ده‌سته‌به‌ر بکرێت و ئیشى تێدا ده‌که‌ین، داهاتى نه‌وت نزیکه‌ى (300) ملیۆن دۆلار ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و (453) ملیار دینار له‌به‌غداوه‌ دێت (25) ملیار دینارى هاوکارى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، (886) ملیار دینار ده‌درێته‌ موچه‌و ئه‌وه‌ى دیکه‌ى که‌ده‌درێن به‌کۆمپانیا ئه‌منى و  کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان نایزانین.

هاوڵاتى، ماردین نوره‌دین پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان به‌شى زۆرى ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان جێبه‌جێنه‌کردووه‌ که‌ له‌هه‌ڵبژاردنى ساڵى رابردووى په‌رله‌ماندا به‌خه‌ڵکیانداوه‌، هه‌ریه‌که‌یان پاساوى جیاجیا بۆ جێبه‌جێنه‌کردنى به‌ڵێنه‌کانیان ده‌هێننه‌وه‌. به‌پێی راپۆرتێکى رێـکخراوى لێـکۆڵیـنه‌وه‌و گه‌شـه‌پێـدان (RDO)، هه‌ریه‌که‌ له‌پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتمانى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ڵێنى جیاوازیانداوه‌ به‌هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ى 2018داو به‌شێکى زۆر له‌و به‌ڵێنانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ده‌رکردنى یاساى نوێوه‌ نه‌بووه‌و کارى حکومه‌ته‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، هه‌ریه‌که‌ له‌پارتى (60)و یه‌کێتى (183)و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (228)، به‌ڵێنیانداوه‌ به‌ده‌نگده‌رانیان و ده‌بێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا جێبه‌جێى بکه‌ن. یه‌کێتى: هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فریاکه‌وتین به‌پێی راپۆرته‌که‌ى رێـکخراوى لێکۆڵینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان، به‌رنامه‌ى لیستى یه‌کێتى له‌(5) به‌ش پێکهاتووه‌، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر چه‌ندین ماده‌و سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک به‌رنامه‌که‌ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌ که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ په‌یوه‌ندیان به‌کارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى یه‌کێتى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه‌، بریتییه‌ له‌پێشه‌کییه‌کى (9) خاڵى، ئینجا له‌به‌شى یه‌که‌مدا (17) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه‌، له‌به‌شى دووه‌میشدا (9) به‌ڵێن هه‌یه‌، له‌به‌شى سێیه‌میشدا (33) به‌ڵێن دراوه‌، له‌به‌شى چواره‌میشدا (80) به‌ڵێن و به‌شى پێنجه‌میش (35) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه‌ کۆى گشتى به‌ڵێنه‌کانى لیستى (105)ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ده‌گاته‌ (183) به‌ڵێن.  جه‌مال حه‌وێز سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند»وه‌رزى یه‌که‌مى یاسادانان کێشه‌ له‌نێوان حزبه‌کاندا هه‌بوو به‌تایبه‌تى یه‌کێتى و پارتی، ئێمه‌ داواى شاراکه‌تى راسته‌قینه‌و رێکه‌وتنى سیاسیمان ده‌کرد، وه‌رزى یه‌که‌م به‌م شێوه‌یه‌ رۆیشت، له‌وه‌رزى دووه‌میشدا پڕۆژه‌یاسا زۆر پێشکه‌ش کرا، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌یه‌ که‌حکومه‌ت ده‌یاننێرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان». وتیشی «ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى که‌ئێمه‌ داومانه‌ته‌ سه‌رۆکایه‌تى، نزیکه‌ى  (نۆ) پڕۆژه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆکراوه‌، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى فراکسیۆنه‌کانى تریش، له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فریاکه‌وتین». جه‌مال حه‌وێز باسى له‌وه‌کرد، کارنامه‌که‌یان جگه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزى هاوڵاتیان و پێشینه‌ى خانوبه‌ره‌، بیمه‌ى ته‌ندروستى و مافى نه‌خۆش، گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندکارانى زانکۆ، خانه‌نشینى هێزه‌کانى ناوخۆى تێدایه‌ که‌زۆر مه‌غدورن، دامه‌زراندنى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م که‌ئه‌وه‌یان جێبه‌جێکرا، به‌هه‌میشه‌یکردنى گرێبه‌سته‌کان که‌ له‌جێبه‌جێ کردندایه‌. پێشیوایه‌، جێبه‌جێکردنى هه‌موو به‌ڵێنه‌کان په‌یوه‌ندى به‌که‌شى نێو په‌رله‌مانه‌وه‌یه‌، «ئایا له‌ناو په‌رله‌مان ده‌توانین ده‌نگى پێویست به‌ده‌ستبێنین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ تێپه‌ڕێنین، ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ى له‌په‌رله‌مان رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌«. پارتى: کاتى زۆر ماوه‌ به‌رنامه‌ى لیستى پارتى له‌(10) به‌ش پێکهاتووه‌، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌رو سێکته‌رى جیاواز به‌جۆرێک به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌ که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرته‌که‌ى رێـکخراوى لێـکۆڵیـنه‌وه‌و گه‌شـه‌پێـدان. به‌شى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى لیستى پارتى (10) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت. به‌شى دووه‌م (11) به‌ڵێنى تێدایه‌، به‌شى سێیه‌میش (8) به‌ڵێن، به‌شى چوارم (3) به‌ڵێن، به‌شى پێنجه‌م (4) به‌ڵێن و، به‌شى شه‌شه‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى حه‌وته‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى هه‌شته‌م (6) به‌ڵێن، به‌شى نۆییه‌م (4) به‌ڵێن و به‌شى ده‌یه‌م (4) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت. کۆى به‌ڵێنه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ده‌نگده‌رانى، بریتییه‌ له‌(60) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن که‌پێویست ده‌کات له‌ماوه‌ى چوارساڵى خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا جێبه‌جیێان بکات. به‌پێی راپۆرته‌که‌، به‌شێک له‌م به‌ڵێنانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌، به‌و مانایه‌ى به‌ڵێن نین بۆ دانانى یاسایه‌کى په‌رله‌مانى، یاده‌رکردنى بڕیارێکى په‌رله‌مانى، به‌ڵکو به‌شێکن له‌کارى حکومه‌ت، جیاوازى هه‌یه‌ له‌نێوان به‌ڵێنه‌کانى هه‌ڵبژاردن که‌لیسته‌کان به‌ده‌نگده‌رى خۆیانى ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى حکومه‌ت که‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى حکومییه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌په‌رله‌مانى کوردستان کراوه‌. پێشه‌وا هه‌ورامى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌ هاوڵاتى وت «ئیشى زۆر کراوه‌و وه‌ختى زۆریش ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکرێن، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که‌داومانه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌یان جێبه‌جێبکه‌ین ماناى وایه‌ راستگۆ بووینه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک». هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ «جێبه‌جێکردنى» به‌ڵێنه‌کانى پارتى کرد له‌دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست بۆ هه‌مییشه‌یى، چاککردنى رێگاوبانه‌کان و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى ستراتیژى و کردنه‌وه‌ى سێ سایلۆى نوێ. وتیشى»ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا بۆ ساڵى داهاتوو له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌ رێکبکه‌ون، ده‌توانین به‌ڵێنه‌کان زووتر جێبه‌جێ بکه‌ین، ناکرێت به‌چوار مانگى حکومه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌ڵێنه‌کانمان بکرێت». گۆڕان؛ زۆرترین به‌ڵێن به‌پێی راپۆرتى رێکخراوه‌که‌، به‌رنامه‌ى لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌(4) ته‌وه‌ر پێکهاتووه‌، هه‌ر ته‌وه‌رێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک به‌ش و سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌ که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌، هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌کارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌. بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ته‌وه‌رى یه‌که‌مدا (33) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه‌، له‌ته‌وه‌رى دووه‌میشدا (72) به‌ڵێن، له‌ته‌وه‌رى سێیه‌میشدا (56) به‌ڵێن دراوه‌و له‌ته‌وه‌رى چواره‌میشدا (67) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه‌ کۆى گشتى به‌ڵێنه‌کانى لیستى (148)ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ده‌گاته‌ (228) به‌ڵێن، به‌زۆرترین به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى نێو چوار لیسته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ى په‌رله‌مان داده‌نرێت. ئاشنا عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتارى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند»راسته‌ ئه‌و یاسایانه‌ى له‌په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ ژماره‌یان که‌مه‌، به‌ڵام یاساى باشیش ده‌رچووه‌، بۆ نمونه‌ یاساى به‌خاوه‌نکردنى خانوه‌ ته‌جاوزه‌کان ئه‌وانه‌ى زیاده‌ڕه‌ویان له‌سه‌ر کراوه‌، ئه‌مانه‌ یاسایه‌کن که‌زۆرترین هاوڵاتى لێى سودمه‌ندبووه‌ که‌هاوڵاتى که‌مده‌رامه‌ت و ده‌ستکورت بوون». سه‌باره‌ت به‌پێدانى (228) به‌ڵێن به‌هاوڵاتیان له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئاشنا عه‌بدوڵا وتی «ئێمه‌ به‌ڵێنه‌کانمان له‌چوارچێوه‌ى کارنامه‌یه‌کى حکومه‌تدا داڕشتۆته‌وه‌و له‌دانوستانه‌کانماندا له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى به‌خه‌ڵکمانداوه‌ هه‌مووى جیا کراوته‌وه‌ له‌ڕێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتى». وتیشی»هێشتا کات هێنده‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌ که‌بڵێین ئێمه‌ ناتوانین به‌ڵێنه‌کانمان جێبه‌جێبکه‌ین، چاوه‌ڕیێ ده‌که‌ین، شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت ده‌ده‌ین، بزانین چۆن ئیشه‌کان ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر تێبینى خۆمان هه‌بێت به‌ئاشکرا ده‌یڵێین».  

سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا ده‌ڵێت سه‌ردانى دوێنێى وه‌فدى هه‌رێم سه‌رکه‌وتوو بووه‌و هه‌رێم (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ده‌داته‌ کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى و له‌به‌رانبه‌ردا گره‌نتى پشکى راستى هه‌رێمى کوردستانى ده‌وێت. فارس عیسا، سه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ رێکه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا شتێکى ئه‌وتۆى نه‌ماوه‌و سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ جارێکى دیکه‌ وه‌فدى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا. ناوبراو ئه‌وه‌ ئاشکراده‌کات حکومه‌تى هه‌رێم راپۆرتێکى دارایى وردى له‌سه‌ر خه‌رجى و داهاته‌کانى به‌پێى خشتیه‌ک ئاماده‌ کردووه‌و له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى عێراقى کردووه‌و ده‌شڵێت «به‌غدا متمانه‌ى لا دروست بووه‌ که‌ژماره‌کان شه‌فافن». هاوڵاتى: دوێنێ شه‌ممه‌ وه‌فدى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غداى کرد، ده‌رئه‌نجامى کۆبونه‌وه‌که‌ چی بووه‌ که‌ بۆ هاوڵاتیان گرنگ بێت؟ فارس عیسا:ئه‌م سه‌ردانه‌ زۆر زۆر گرنگ بووه‌، گرنگى له‌وه‌ بووه‌ که‌ له‌قۆناغى کۆتایى ئاماده‌کارى پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2020دایه‌ حکومه‌تى فیدڕاڵى عێراق، ئه‌م سه‌ردانه‌ش ته‌واوکه‌رى سه‌ردانه‌کانى پێشتر بووه‌و یه‌کێکه‌ له‌سه‌ردانه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان، جه‌وێکى زۆر برایانه‌و به‌لێکتێگه‌یشتنه‌وه‌ کۆتایى هات، گه‌یشته‌ رێکه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ندێک بنه‌ما له‌وانه‌ نه‌وت، هیچ نه‌ماوه‌ ته‌نها رێکه‌وتنه‌که‌  بکرێت. ‌هاوڵاتى: وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم دڵنیایدا که‌ رۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى ده‌کات؟ فارس عیسا: بۆ ساڵى 2020 حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌داته‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر عێراق ئیلتزام بکات به‌به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌و هه‌رێمى کوردستان لارى نییه‌ له‌وه‌ى له‌کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى خۆیه‌وه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ى بۆرى هه‌رێمه‌وه‌ بداته‌ کۆمپانیاى سۆمۆ. ‌هاوڵاتى: وه‌فدى عێراق قسه‌یان چی بوو له‌سه‌ر سه‌ردانى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم؟ فارس عیسا: پێشتر هه‌رێمى کوردستان داتاو زانیارى خۆى خستبووه‌ به‌رده‌م حکومه‌تى عێراق، حکومه‌تى عێراق سێ پێشنیارى خستبووه‌ به‌رده‌م هه‌رێمى کوردستان، هه‌ردوو بۆچون نزیکبوون که‌یه‌کێکیان (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ بدرێته‌ سۆمۆ. ‌هاوڵاتى: وه‌فدى هه‌رێم پێش ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ به‌غدا باسى ئه‌وه‌یان کرد بۆ رێکه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت و پشکى هه‌رێم له‌بودجه‌ى عێراق و دۆسیه‌ى قه‌رزه‌کانى هه‌رێم ده‌چن، به‌غدا قسه‌ى چییه‌ له‌سه‌ر قه‌رزه‌کان؟ فارس عیسا: ئه‌مه‌ش باسکراو بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ جارێکى تر وه‌فدى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش باسبکرێت، لاى به‌غدا قه‌رزه‌کان کێشه‌ نییه‌و داواى ته‌فاسیلى قه‌رزه‌کانیان کرد که‌ چییه‌. من باسى ژماره‌ى قه‌رزه‌کان ناکه‌م، (24) ملیار دۆلار مێژوویه‌کى هه‌یه‌ که‌ له‌ 2004 و 2005ەوه‌ تائێستا خەرجى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک پێویست نه‌دراوه‌و نامانه‌وێت له‌ئێستادا باسى هیچ ژماره‌یه‌ک بکه‌ین. به‌غدا متمانه‌ى لا دروست بووه‌ هه‌م داهات و هه‌م خه‌رجییه‌کانى کوردستان روون و ئاشکران و شه‌فافن، بۆیه‌ رێککه‌وتن نزیکه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داواى (18) ترلیۆن دینارى سافى پاش بڕینى بودجه‌ى حاکیمه‌و سیادى له‌به‌غدا کردووه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ تاچه‌ند نزیکه‌ له‌ڕاستییه‌وه‌؟ فارس عیسا: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتێکى ته‌خمینى ئاماده‌کردووه‌و له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى عێراقمان کردووه‌، تێیدا خەرجی و داهاته‌کان و داهاتى گشتى هه‌رێمى کوردستان به‌نه‌وتى و غه‌یره‌ نه‌وتى به‌شێوه‌یه‌کى  شه‌فاف و روون و به‌خشته‌ به‌وردى دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى دارایى، به‌غدا متمانه‌ى لا دروست بووه‌ هه‌م داهات و هه‌م خه‌رجییه‌کانى کوردستان روون و ئاشکران و شه‌فافن، بۆیه‌ رێککه‌وتن نزیکه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌. ‌هاوڵاتى: ئایا هه‌رێمى کوردستان بۆ 2020 بڕى (18) ترلیۆن دینار به‌شى موچه‌و خه‌رجى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان و پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان و خه‌رجى رۆژانه‌ى حکومه‌ت ده‌کات؟ فارس عیسا: ئێمه‌ له‌دانوسانداین له‌سه‌ر پشکى هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌ى 2020 دیارى بکرێت، ئه‌کید هه‌موو حسابى خەرجی و داهاتەکانى هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، به‌پێى رێکه‌وتنێک پشکى هه‌رێمى کوردستان دیارى ده‌کرێت، به‌هه‌موو حاڵه‌تێک ئه‌و سیغه‌یه‌ى له‌2019 هه‌بووه‌ دیارى کرابوو زیاتربێت که‌میزانییه‌ى عێراق (123) ترلیۆن دینار بوو،  بۆ ساڵى 2020 بودجه‌و پشکى هه‌رێم زیاتر ده‌بێت، چونکه‌ بودجه‌و میزانییه‌ى عێراق به‌خه‌مڵاندن دیاریکراوه‌ ئێستا له‌ (150) ترلیۆن دینار تێپه‌ڕێت. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌غدا رازى بوو پشکى هه‌رێم له‌سه‌دا (12.67) بۆ له‌سه‌دا 14 % دیارى بکات و خه‌رجییه‌کانى سیادى و حاکیمه‌ که‌مبکرێته‌وه‌، ئایا پشکى هه‌رێم زیاد ده‌بێت؟ فارس عیسا: ئێستا باسێکى گه‌رم هه‌یه‌ که‌خه‌رجییه‌کانى سیادى که‌مبکرێته‌وه‌ له‌جیاتى ئه‌وه‌ بابى دیکه‌ له‌بودجه‌ زیاد بکرێت، تائێستا پرۆژه‌ى بودجه‌ى عێراق به‌ته‌واوى دیارى نه‌کراوه‌ تابزانین پشکى هه‌رێم به‌نزیکه‌یى چه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام دڵنیایى ده‌ده‌ین پشکى هه‌رێم له‌ساڵى 2019 زیاتر ده‌بێت. ‌هاوڵاتى: ئه‌و پرۆژه‌ داراییه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ رێگه‌ى ئێوه‌ دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى دارایى داواى (18) ترلیۆن دینار بۆ ساڵى داهاتوو کراوه‌؟ فارس عیسا: ئێمه‌ داواى ئه‌و ژماره‌یه‌ ناکه‌ین، به‌ڵکو داواى پشکى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌، که‌ له‌سه‌ر هه‌رێم فه‌رز کراوه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بداته‌ کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى، ئێمه‌ش مافمان هه‌یه‌ که‌پشکى حه‌قیقى خۆمان وه‌ربگرین، که‌جارێکى دیکه‌ به‌غدا ده‌ست بۆ بڕینى قوت و موچه‌ى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان نابات، ئه‌وه‌ش لاى ئێمه‌ هێڵى سووره‌. ‌هاوڵاتى: سبه‌ینێ که‌وه‌فدى هه‌رێم جارێکى دیکه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆى هونه‌رى ده‌چێته‌وه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ى رێکه‌وتن به‌رجه‌سته‌ بکرێت؟ فارس عیسا: تێگەیشتن به‌شێوه‌ى گشتى له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدڕاڵ کراوه‌و هیچ شتێکى ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌ که‌ رێکه‌وتن نه‌کرێت. سیاسه‌ت و ستراتیژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌بووه‌ که‌ بابه‌تى موچه‌و قوتى خه‌ڵک له‌ململانێى سیاسى دوربخرێته‌وه‌و کابینه‌ى نۆیه‌م سه‌رکه‌وتوو بووه‌ که‌قه‌ناعه‌ت به‌ به‌غدا بهێنێت، خه‌ڵکى کوردستان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌دۆخى ئابوورى هه‌رێم قۆناغێکى دیکه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ پێشه‌وه‌. هاوڵاتى: به‌شێک له‌په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌و سوننه‌کان دژى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کانى هه‌رێمن له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئایا ئه‌م پرسه‌ لێکتێگه‌شتنى جددى بۆ دروستکراوه‌؟ فارس عیسا: ئه‌وه‌ رێکده‌که‌ون و ته‌فاهومى هه‌یه‌، له‌هه‌ندێک لایه‌ن هه‌یه‌ که‌پێیانخۆش نییه‌ کێشه‌کانى هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ربکرێت و هه‌ندێک پێیانوایه‌ ده‌بێت کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوولا به‌وام بێت و نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن و سوود له‌و کێشانه‌ وه‌ربگرن ژى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان 

هاوڵاتى هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، زۆربەی هاوڵاتیانی دەسبەسەرکراوی مەریوانیان بۆ ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی سنە، گواستووەتەوەو زۆرێک لەهاوڵاتیانی بریندار لەماڵەکاندا دەواو دەرمان دەکرێن و لەترسی دەسبەسەرکردنیان رەوانەی نەخۆشخانەکان نەکراون. چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوڵاتیانی کوردستان بەهۆی گرانیی بەنزین و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتیان لەمەریوان، دەسبەسەرکراوان بۆ گرتووخانەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لەسنە راگوێزراون. سەرچاوەیەک لە شاری مەریوان رایگەیاند «ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیانی خەڵکی مەریوان بەهێرش کردنەسەر ماڵیان، لەلایەن هێزە محلەیەکانی سوپای پاسداران و بەسیج و کاربەدەستانی ئیتڵاعات، دەستبەسەرکراون». بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی هاوڵاتیانی دەسبەسەرکراو لەمەریوان، هێزەکانی ئیتڵاعات خۆیان دەبوێرن لەپێدانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵانە سەبارەت بەچارەنووسی منداڵەکانیان و تەنانەت هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەکانیان کردووە. ژمارەی کوژراوو بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان تائێستا بەوردی روون نەبۆتەوەو زۆرێک لەهاوڵاتیانی بریندار لەماڵەکاندا دەواو دەرمان دەکرێن و لەترسی دەسبەسەرکرانیان رەوانەی نەخۆشخانەکان نەکراون. لەیەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکان لەمەریوان، (16) هاوڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەرن‌و  بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران راگوێزراون.    

رێناس بەرزان بۆ یه‌که‌مجار نه‌شته‌گه‌ری «قه‌سته‌ره‌ی دڵ» له‌گه‌رمیان ئه‌نجامدرا، به‌وه‌ش ناوچه‌که‌ چووه‌ سه‌ر نه‌خشه‌ى چارەسەرە پزیشکییە وردەکان، به‌ڵام ئه‌نجامدانى نه‌شته‌گه‌رییه‌که‌ له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌ت که‌حکومه‌ت پێشتر به‌ڵێنى کردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شه‌ى دابوو له‌نه‌خۆشخانه‌ حکومییه‌کان. نەشتەرگەریەکە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت ئەنجامی داوە کەتازە کراوەتەوە لە گەرمیان، لەکاتێکدا کەموکوڕی هەیە لەسیستمی تەندروستی کەرتی گشتی لەناوچەکە. ئەگەرچی هەندێک خەڵک دڵخۆشن کەناوچەکەیان چۆتەسەر نەخشەی چارەسەرە پزیشکیەکان، بەڵام هەندێکیش نیگەرانن لەحکومەت کەدەبوو پیش کەرتی تایبەت لەکەرتی گشتی نەشتەرگەری قەستەرە بکرایەتەوە، چونکە ناوچەکە پزیشکی پسپۆڕی تێدایە. تیمە پزیشکییەکە کەشارەزای نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەو شەبەکەو باڵۆنن خەڵکی ناوچەکەن و لەشاری پزیشکی گەرمیان کەنەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتەو تازە کراوەتەوە، بۆ یەکەمجار لەمێژووی ناوچەکە ئەم پرۆسەیه‌یان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداو گەرمیانیان خستەسەر نەخشەی چارەسەرە پزیشکییە وردەکان.  سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوبه‌ری ته‌ندروستی ئیدارەی گه‌رمیان بە هاوڵاتى راگه‌یاند «له‌چوار ساڵی رابردوو سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌کان ئیشی زۆرمان کردووه‌ له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی کوالێتی خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی که‌خه‌ڵکی گه‌رمیان و ده‌وروبه‌ری ناچارده‌کات بچنه‌ شاره‌کانی تر». پێشتر بۆ زۆربه‌ى چاره‌سه‌ره‌ پزیشکییه‌کان له‌ناویاندا نه‌شته‌رگه‌ریی «قه‌سته‌ره‌ی دڵ» هاوڵاتیانى گه‌رمیان ناچاربوون بچنه‌ سلێمانی، به‌ڵام له‌ئێستادا ورده‌ ورده‌ خه‌ریکه‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌کان زۆربه‌ى چاره‌سه‌ره‌کان ده‌به‌نه‌ ناو گه‌رمیانه‌وه‌. ‎سیروان محه‌مه‌د وتى «قه‌سته‌ره‌ی دڵ یه‌کێکه‌ له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ له‌شاری که‌لار بەردەستکراوە، یه‌که‌م نه‌شته‌رگه‌ری قه‌سته‌ره‌ی دڵ به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان و بەبه‌شداری چه‌ند پزیشکێک که‌سه‌رجه‌میان خه‌ڵکی گه‌رمیانن بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا». نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ بەسەرپەرشتی د.کامەران رەوف قەرەداغی و د.سەرکەوت داود عەباس و د.عەدنان تۆفیق باجڵان، تیمێکی پسپۆڕی پزیشکی لەشاری پزیشکی گەرمیان ئەنجامدراوە. ‎ساڵی ٢٠١٨ ئیداره‌ى گه‌رمیان داوایه‌کى بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رزکرده‌وه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ له‌ئیدارەی گه‌رمیان، به‌ڵام تائێستا حکومه‌ت به‌ڵێنه‌که‌ى جێبه‌جێنه‌کردووه‌، تا که‌رتى تایبه‌ت توانى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌. ‎ سیروان محه‌مه‌د وتى «ئه‌وکات وه‌زاره‌ت به‌ڵێنی کردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌یان پێداین، به‌ڵام دواتر به‌بیانوی ئه‌وه‌ی تێچووی ئامێرو بینا‌که‌ زۆره‌و له‌توانای دارایی حکومه‌تدا نیە جێبه‌جێ نه‌کرا». بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌نجامدانی یه‌که‌م نه‌شته‌رگه‌ری «قه‌سته‌ره‌ی دڵ» له‌لایه‌ن به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌کی تایبه‌ت، کاردانه‌وه‌ى خه‌ڵکی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، به‌تایبه‌ت که‌ حکومه‌ت ریکلامى بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ کردووه‌. هاوڵاتییه‌که‌ که‌ناوى خۆى ته‌نها به‌ ئاسۆ هێنا بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد،  لەگەڵ هەبوونی داهات و نەوت و گومرگەکان و بودجە لەعێراقەوە، کەچی گەندەڵی لەتەندروستی گەیشتووه‌تەوە لوتکە. وتیشى «کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و هێنانی دکتۆری پسپۆڕ لەدەرەوەی کەلار تەنها پێویستی بەیەک موافەقەی مەسئولێکە بۆ سبەی ئەو نەخۆشخانە ئەهلیە نەخۆش دەبینێت و لەدەرەوی وڵاتیش دکتۆری بۆ دێت». ‎هاوڵاتیه‌کی دیکه‌ ده‌ڵێت «ته‌ندروستی گه‌رمیان ریکلامى کردووەو ریکلامەکەش ئەوە دەگەیەنێ کەشانازى دەکەن کەنەخوشخانەیەکى ئەھلى نەشتەرگرییەکى کردووە، ئەى بۆ تەندروستى گەرمیان ناچێ ئەو ئامێرانه‌ بهێنێت و پارەیەکى زۆر کەمیش لەو خەڵکە وەربگرێت». ‎له‌م باره‌یه‌وه‌ دکتۆر سیروان بۆ هاوڵاتى وتی «راسته‌ ئه‌م نه‌شته‌گه‌رییه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت کراوه،‌ به‌ڵام ته‌ندروستی گه‌رمیان سه‌رپه‌رشتیارو به‌رنامه‌داڕێژی هه‌ردوو که‌رته‌که‌یه». ‎هه‌روه‌ها وتیشی «ئێمه‌ خۆمان هه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌ک گه‌ر زه‌حمه‌ت بێت و له‌توانای که‌رتی حکومه‌ت نه‌بێت بیکات، ده‌یده‌ین به‌که‌رتی تایبه‌ت و داوایان لێده‌که‌ین ئه‌نجامی بده‌ن له‌ژێر مۆڵه‌ت و به‌رنامه‌ی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان». لاى خۆیه‌وه‌، محه‌مه‌د قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ ‌ راگه‌یاند، به‌پێویست زانراوه‌ که ‌پڕۆژه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ناوچه‌که‌ بکرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی و که‌می پێداویستی پزیشکی و کارمه‌ندی ته‌ندروستی و ته‌واونه‌کردنی پرۆژه‌ راگیراوه‌کان، ئەم نه‌شته‌رگه‌ریه‌ له‌که‌رتی تایبه‌ت کراوه.

ئارا ئیبراهیم نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسێک سه‌ردانه‌که‌ى جێگرى سه‌رۆک ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌ «گرنگ» وه‌سف ده‌کات، پێشیوایه‌ نه‌یاره‌کانى ئه‌مریکا ته‌نگه‌شه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێنه‌وه‌. عارف قوربانى نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس شیکردنه‌وه‌یه‌کى بۆ سه‌ردانه‌که‌ى پێنس بۆ هه‌رێمى کوردستان کردو بۆهاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ سه‌ردانه‌که‌ به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ش نه‌یارانى ئه‌مریکا له‌عێراق و ئێران ته‌نگه‌شه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێنه‌وه‌. عارف قوربانى، نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ هاتنى پێنس به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى که‌گرنگه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌نگه‌ به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش له‌هه‌لومه‌جێکى ئاوادا که‌ئاڵۆزى زۆر له‌عێراقدا هه‌یه‌و ناکۆکى له‌نێوان ئه‌مریکاو ئێران گه‌یشتۆته‌ دۆخێکى خراپ به‌و جۆره‌ش ته‌نگه‌شه‌ بۆ هه‌رێم دروستبکات به‌وه‌ى نه‌یاره‌کانى ئه‌مریکا پێیانوابێت که‌هه‌رێمى کوردستان بۆته‌ پێگه‌ى ئه‌مریکا». مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا، ئێواره‌ى دوێنێ شه‌ممه‌ 23ى تشرینى دووه‌مى 2019 گه‌یشته‌ عێراق و له‌شارى ئه‌نبار هێزه‌کانى ئه‌مریکاى به‌سه‌رکرده‌وه‌و  به‌ته‌له‌فون قسه‌ى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کردووه‌و داواى کردووه‌ مامه‌ڵه‌ى مه‌ده‌نى له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بکرێت. دواتر له‌ئه‌نباره‌وه‌ به‌فرۆکه‌یه‌ک گه‌یشته‌ هه‌ولێرو له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى لێکرا. نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ مایک پێنس، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکاى رایگه‌یاند «ده‌مه‌وێت به‌ناوى هه‌رێمى کوردستان به‌هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ به‌خێرهاتنى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بکه‌م بۆ هه‌ولێر ، هاتنى جه‌نابتان له‌م کاته‌دا به‌ڵگه‌یه‌ بۆ پاڵپشتى هه‌رێمى کوردستان». عارف قوربانى پێشیوابوو نه‌یاره‌کانى ئه‌مریکا پێیانوایه‌ ئه‌مریکا چاوى له‌وه‌یه‌ هه‌رێم بکاته‌ ناوه‌ندێک بۆ جموجۆڵه‌ سیاسییه‌کانى خۆى، وتی «بریا جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بچوایه‌ته‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کۆبوونه‌وه‌ى بکردایه‌و دیدارى هه‌بوایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌ راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ گه‌مارۆى سیاسى هه‌رێمى کوردستان چ له‌به‌غداو وڵاتانى هه‌رێمیه‌وه‌ که‌گۆشه‌گیر بکرێت». قوربانى ده‌شڵێت له‌م تێڕوانینه‌شه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌رێمى کوردستان په‌ره‌ به‌تێڕوانینه‌کانى خۆى بدات ده‌رفه‌تێک بقۆزێته‌وه‌ که‌ده‌رگاکان به‌کراوه‌یى بهێڵێته‌وه‌ به‌ڕووی خۆیداو هاوسه‌نگى بپارێزێت و نه‌بێته‌ ته‌ره‌فى کێشه‌کان. ده‌رباره‌ى ئه‌و ته‌نگه‌شه‌و ئاسته‌نگییه‌ى که‌نه‌یاره‌کانى ئه‌مریکا بۆ هه‌رێم دروستى ده‌که‌ن، قوربانى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ به‌دوری مه‌زانن نه‌یاره‌کانى ئه‌مریکا له‌عێراق و ئێران ره‌نگه‌ زۆرتر به‌چاوى هه‌ستیارییه‌وه‌ ته‌ماشاى کوردستان بکه‌ن که‌ئه‌مریکا ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ناوه‌ندى خۆى بزانێت، وتی «ئه‌گه‌ر ئێران کاردانه‌وه‌ى راسته‌وخۆشى نه‌بێت کاریگه‌رى ده‌بێت». دوێنێ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌مریکاى کرد بۆ پاڵپشتى و هاوکارییه‌کان که‌هه‌یانبووه‌ له‌شه‌ڕى تیرۆریستانى داعشدا و نێچیرڤان بارزانى وتى «به‌بێ یارمه‌تى ئێوه‌ مومکین نه‌بوو ئێمه‌ بتوانین ئه‌مڕۆ لێره‌ به‌و شێوه‌یه‌ رابوه‌ستین». نێچیرڤان بارزانى داواى کرد رێزو سڵاو بگه‌یه‌نێته‌ دۆناڵد تره‌مپ و هیواى خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌نێوان  هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مریکادا هه‌یه‌ رۆژ به‌ رۆژ بتوانن په‌ره‌ى پێبده‌ن. لاى خۆیه‌وه‌، مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا به‌ناوى ئیداره‌ى تره‌مپ، دڵنیایى دایه‌ کورد که‌پارێزگارى له‌په‌یوه‌ندیى مێژوویى نێوان کوردو ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن و پشتیوانى ئه‌مه‌ریکاى بۆ هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ دووپاتکردووه‌ته‌وه‌. پێنس وتیشى « کورد هاوپه‌یمانى ئه‌مه‌ریکایه‌، زۆر له‌مێژه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دروست بووه‌و پابه‌ندیشن به‌هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان و عێراق». سه‌ردانه‌که‌ى مایک پێنس بجێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بۆهه‌ولێر کاردانه‌وه‌ى سیاسى به‌دواى خۆیدا هێنا لەڕووی گرنگی دبلۆماسییەوە، عارف قوربانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تییه‌و ئه‌و هاوسۆزییه‌ى هه‌یبووه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت و فراوانى بکات. عارف قوربانى وتی «په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان پێویستى بەوەیە وەبەرهێنانی تێدابکرێت، ده‌بێت سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد هاوسه‌نگى بپارێزێت که‌ئه‌م جوڵه‌ دبلۆماسیانه‌ به‌قازانجى هه‌رێمى کوردستان بکه‌وێته‌وه‌ نه‌ک حه‌ساسییه‌تى بۆ دروستبکات، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ یه‌کگوتارى کورده‌وه‌ هه‌یه‌ که‌مناوه‌ره‌ى زۆر باشى دبلۆماسى بکه‌ین له‌ناوچه‌که‌دا». «عێراق یه‌کلایی بووەته‌وه‌ بۆ ئێران و زۆر ناوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى وا هێماى ده‌که‌ن که‌سێبه‌رى تارانه‌، به‌دورى نازانم ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت ئه‌و وێنایه‌ پیشانبدات که‌هه‌رێمى کوردستان بۆ واشنتن گرنگه‌و جێگه‌ى ماوه‌ له‌عێراقدا و هه‌رێمى کوردستان سێبه‌رى ئه‌مریکایه‌«، عارف قوربانى واى وت. ئه‌و نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌هاتنه‌که‌ى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێرو دیدارى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم ئاماژه‌یه‌که‌ په‌یوه‌ندى به‌مه‌سه‌له‌ى  ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئه‌مریکاوه‌ هه‌یه‌ له‌ رۆژئاواى کوردستان که‌جۆرێک نیگه‌رانى  له‌ناوخۆى ئه‌مریکاش دروستکرد که‌ئه‌مریکا دۆسته‌کانى خۆى جێده‌هێڵێت و جێى متمانه‌ نییه‌« ئه‌مه‌ بۆ دڵنه‌وایى کورد بێت و ئاماژه‌یه‌ک بێت که‌ئه‌مریکا دۆسته‌کانى خۆى جێناهێڵێت

سازدانی: ئارێز عایشە حەسۆ هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) رایده‌گه‌یه‌نێت، لەئێستادا خۆڕاگرییەکی بێوێنە لەڕۆژئاڤای کوردستان و باکوورو خۆرهەڵاتی سووریا هەیە، هەموو هێزەکان لەڕۆژی یەکەمی ئەم شەڕە خۆڕاگرییەکی گەورەیان نیشاندا بۆ پاراستنی یەکێتیی کورد، پاراستنی خاکی رۆژئاڤا. عایشە حەسۆ له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ده‌نگۆى برینداربوونى  مه‌زڵوم کۆبانێ ره‌تده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت مه‌زڵوم کۆبانێ رەزامەندیی دەربڕیوە دواى ئاساییبوونه‌وه‌ى ره‌وشه‌که‌ سەردانی ئەمەریکا بکات. جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌، ئەوەی کە لەباکوورو خۆرهەڵاتی سووریا روویدا، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، ئەمەریکی و روسی بوو. ‌هاوڵاتى: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تورکیا سێ جار پەلاماری رۆژئاڤای کوردستانی داوە، هەر جارەی چەند ناوچەیەکی داگیرکردوە، بەڕای ئێوە ئامانجی تورکیا چییە؟ عایشە حەسۆ: لەئێستادا خۆڕاگرییەکی بێوێنە لەڕۆژئاڤای کوردستان و باکوورو خۆرهەڵاتی سوریا هەیە، ئەمە یەکەمجار نییە کەتورکیا دژایەتیی خۆی لەگەڵ گەلی کورد لەڕۆژئاڤای کوردستان رادەگەیەنێت و هێرش دەکاتەسەر خاکەکەی. هێرشەکان بۆ سەر عەفرین هۆکارێک بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە، خۆڕاگرییەکی زۆر لەعەفرین کرا، مەبەستی سیاسەتی تورکیا ئاڵۆزی لەسوریا بوو. پڕۆژەی تورکیا داگیرکاری بوو لەسوریا. ئێمە لەڕۆژی یەکەمەوە لایەنگری ئارامی و سەقامگیری لەسوریا بووین، بەڵام ئامانجی تورکیا شەڕو ئاڵۆزی بوو. ساڵی (2023) کەیادی (100) ساڵەی پەیماننامەی لۆزانە، ئەردۆغان بەردەوام باسی داگیرکردنی موسڵ، کەرکوک و حەلەب دەکات، لە(نۆ)ی ئۆکتۆبەرەوە هێرشێکی نوێی کردەسەر سەرێکانی و گرێ سپی. هەموو دنیا دەزانێت تاپێش ئەم هێرشانە ژیانێکی ئارام و هاوبەش لەسوریا هەبوو، تورکیا دەڵێت: بەبوونی هێزەکانی (یەپەگە)، (یەپەژە)و (پەیەدە) مەترسی لەسەر سنوورەکان دروست بووەو بەبیانووی ئەم هێزانە هێرشەکانی دەستپێکرد.  لەم هێرشانەدا هاوکاریی نێودەوڵەتیی یارمەتیدەری تورکیا بوو، (هەسەدە) ئەو هێزە بوو کە بەهەموو هێزو توانای شەڕی تیرۆرو داعشی کرد.هەموو هێزەکان لەڕۆژئاڤای کوردستان لەڕۆژی یەکەمی ئەم شەڕە خۆڕاگرییەکی گەورەیان نیشاندا بۆ پاراستنی یەکێتیی کورد، پاراستنی خاکی رۆژئاڤا. رەجەب تەیب ئەردۆغان مەترسیی بۆ سەر چوارپارچەی کوردستان هەیە، دەیەوێت سەروەریی خاکی کورد پێشێل بکات، دژایەتیی ئەردۆغان بەرانبەر بەکورد بابەتێکی نوێ نییە.  لەئاستی دنیا بۆ ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ رۆژئاڤای کوردستان هەستمان بەبێدەنگییەک دەکرد، بەڵام لەهەموو شوینێک لەنێوان خەڵک چ لەئەورووپاو لەهەموو بەشەکانی کوردستان پشیوانییان لەم خۆڕاگرییە کرد.  هۆکاری هێرشی ئەردۆغان بۆ رۆژئاڤا بەڕای من ئەوەیە کەباوەڕی وایە سیاسەتی  رۆژئاڤای کوردستان مەترسیی لەسەر باکوور، خۆرهەڵات و باشووریش دەبێت. بەهەموو هێزو توانامان دژایەتیی پڕۆژەی داگیرکاریی ئەردۆغان دەکەین، هەموو کوردەکان لەخۆرهەڵات، باکوورو باشوور لەدەستپێکی هێرشەکانەوە، پاڵپشتییان لەخۆڕاگریی گەلی رۆژئاڤای کوردستان کرد، چونکە تورکیا دەیەوێت کورد کۆمەڵکوژی بکات. ‌هاوڵاتى: هەلومەرجی رۆژئاڤای کوردستان بەچ شێوەیەکە؟ بەتایبەتی دوای سێ رێککەتن، هەندێک پێیانوایە لەبەرانبەر ئەوەدا شارەکانی رەققە، کۆبانێ و مەنبەج وەکو دیاری بەخشرا بەسوپای سوریا، ئەم لێکدانەوانە چۆن دەبینیت؟ عایشە حەسۆ: بۆ هەموان ئاشکرایە کەڕەوشی سیاسی و سەربازی لەڕۆژئاڤای کوردستان ئاڵۆزە، دوای ئەوەی کەئەمەریکا بڕیاری دا هێزەکانی بکشێنێتەوە، هەڵوێستی ئێمە، رێڤەبەریی خۆسەرو (هەسەدە) ئاشکرابوو، لەڕێککەوتنی نێوان (ئەمەریکا-تورکیا) دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بوو کەتێیدا بڕیاری ئاگربەست درا، بەڵام تورکیا پابەند نەبوو بەڕێککەوتنەکە و بەردەوامبوو لەهێرشەکانی. فەرماندەی گشتیی (هەسەدە) مەزڵووم کۆبانێ گوتی: رێککەوتنێک لەنێوان (هەسەدە)و سوریا دەکەین بۆ پاراستنی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان. کاتێک کەتورکیا، ئێران و روسیا رێککەوتنی سووچی بەڕێوەدەبەن، بەمانای پێشێلکردنی ناتۆیە. ناتۆو ئەمەریکاش ئاگاداری ئەم بابەتەن. تورکیا سیاسەتێکی دژ بەیەکی هەیە، لەلایەکەوە وەکو ئەندامێکی ناتۆیە، لەلایەکیشەوە لەگەڵ روسیا دانوستان دەکات. تورکیا ئێستا ناتوانێت بڕیاربدات کە چ سیاسەتێک بەڕێوەببات، سیاسەتێکی دوو لایەنەی هەیە، لەساڵی (2011) تائێستا رێڤەبەری خۆسەر واتا (هەسەدە)و (پەیەدە) سیاسەتێکی ئاشکرای هەبووە، تورکیا لەئیدلیب لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا شەڕ بکات، بەڵام دێت بۆ رۆژئاڤای کوردستان و هێرش دەکاتەسەر گەلی ئێمە. رێککەوتنی نێوان (هەسەدە_سووریا)، رێککەوتنێکی سەربازی بوو، کاتێک سەرکەوتوو بوون لەم رێککەوتنە، لەداهاتووشدا دەتوانن بگەنە رێککەوتنی سیاسی. پێشتریش لەنێوان (هەسەدە) و سوریا دانوستان هەبووە، ئەوکات دیارنەبوو کەتورکیا هەڵوێستێکی رادیکاڵی هەیەو دەیەوێت هێرش بکاتەسەر خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان و دەیەوێت داگیری بکات، ئێمە هیچکات دژی دانوستان نەبووین، پێویستە پرسی کوردەکان لەڕۆژئاڤا لەسوریا چارەسەر بێت. ئەو سیستەمە کەپەیماننامەی جنێڤ بەڕێوە دەبات، هەمان سیستەمە کەئاستانە بەڕێوە دەبات، ئەوەی کە لەباکوورو خۆرهەڵاتی سوریا ڕوویدا، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، ئەمەریکی و روسی بوو، خۆڕاگرییەک کە لەڕۆژئاڤای کوردستان هەیە بۆ پاراستنی خاکی رۆژئاڤایە، (هەسەدە) بەقووڵایی (32) کیلۆمەتر پاشەکشێی کردو لەگەڵ سوریا رێککەوتنی کرد، بەڵام رایگەیاند: ئەگەر هەست بەوە بکەین کە لەسەر سنووری ئێمە مەترسی هەیە، ناچارین بگەڕێنەوە سەر سنوورەکان. ئەو هێزەی کەخاکی رۆژئاڤای کوردستان دەپارێزێت، (هەسەدە)یە. ‌هاوڵاتى: هەندێک لەمیدیاکانی باشووری کوردستان ئەوەیان راگەیاندبوو، کەیەکێک لەفاکتەرەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان، بوونی (پەکەکە)یە. یان هێزەکانی رۆژئاڤای کوردستان (پەیەدە)، (هەسەدە)، (یەپەگە) و (یەپەژە) درێژکراوەی (پەکەکە)ن، تورکیا ئەمەی وەکو بیانوویەک بەکارهێناوە، پێیوایە ئەو هێزانە جیا لە(پەکەکە) نین. ئایا ئەمە فاکتەرێکە بۆ ئەوەی تورکیا پەلاماری رۆژئاڤای کوردستان بدات؟ لەیادی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان واتا ساڵی (2023) جارێکی تر خەون و خەیاڵی عوسمانی بهێنێتەدی. تورکیا نایەوێت نەتەوەیەک بەناوی کورد هەبێت عایشە حەسۆ: تەبایی و یەکگرتووی نێوان کوردەکان بەتایبەت رۆژئاڤای کوردستان، مەترسییەکە کە لەسەر خاکی رۆژئاڤای کوردستان هەیە، تورکیا هۆکاری سەرەکی مەترسییە بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەردۆغان دەیەوێت لەیادی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان واتا ساڵی (2023) جارێکی تر خەون و خەیاڵی عوسمانی بهێنێتەدی. تورکیا نایەوێت نەتەوەیەک بەناوی کورد هەبێت. ئەم بۆچوونە مەترسیی هەیە بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، تورکیا بەردەوام دەڵێت: (پەکەکە) لەڕۆژئاڤایە. بەڵام لەوەڵامدا دەڵێین: ئایا (پەکەکە) لەکەرکوک، موسڵ، شەنگال هەیە؟ کەواتە ئەمە هەمووی چەواشەکاری و بیانوە بۆ هێرشکردن بۆ سەر کورد. هەموو کەس دەزانێت ئەم بۆچوونەی تورکیا راست نییە.  مەزڵوم کۆبانێ کەفەرماندەیی (هەسەدە) دەکات، هێزێکە کەهەموو پێکهاتەکانی تێدا کۆبووەتەوە، (کورد، عەرەب، ئاشووری و سریانی)، ئەم بۆچوونەی تورکیا تەنها چەواشەکارییەو دوورە لەڕاستی. ئایا (پێنج) ملیۆن خەڵکی سڤیلی رۆژئاڤای کوردستان (پەکەکە)ن؟ تورکیا دەیەوێت لەپێناو ئەم بیانوە کوردستان داگیربکات. مێژوو خەریکە دووبارە دەبێتەوە، سەدام حسێنێکی تر بۆ دژایەتیی کورد دروستبووەتەوە. (پەیەدە) (16) ساڵە وەکو هێزێکی سیاسی لەسوریا خەبات دەکات، دەیانەوێت سیستەمێکی دیموکراتی دابمەزرێنن. سیستەمێک کەهەموو نەتەوەکان بە بەرابەری و ئاشتی تێیدا ژیان بەسەرببەن. کەواتە بوونی (هەسەدە) بەمەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت و بەبیانووی (پەکەکە) هێرش دەکاتەسەر رۆژئاڤای کوردستان. کاتێک کەداواکراوە کۆشکی سپی ڤیزا بۆ مەزڵووم کۆبانێ دەربکات، تورکیا دەڵێت ئەو تیرۆریست و (پەکەکە)یەو ئەمەریکا نابێت بانگهێشتی بکات.  هەسەدە شەڕی داعشی کردو هەموو دنیای لەمەترسیی ئەم گروپە پاراست. ئایا (هەسەدە) تیرۆریستە یان ئەبوبەکر بەغدادی؟ کەهەواڵگریی (هەسەدە) رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو لەئاشکراکردنی شوێنەکەی و کوشتنی ئەم گەورە تیرۆریستە. لەناوچەی عەفرین، جێندرێس و عەزاز ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکاو (هەسەدە) هەبوو بۆ دژایەتی و شەڕ لەگەڵ داعش، تورکیا ئارامی و ئەمنیەتی ئەو ناوچانەی بەهۆی داعشەوە لەناو برد، کەواتە دیارە کێ تیرۆریستە؟ کێ داعشی گەورە کرد؟ کێ پارێزگاری لەئەبوبەکر بەغدادی کردوە؟ ‌هاوڵاتى: باسی ئەوەت کرد کەمەزڵوم کۆبانێ لەلایەن کۆشکی سپییەوە بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بکات، به‌ڵام هەندێک لەمیدیاکان رایانگەیاندوە، کە مەزڵوم کۆبانێ بریندار بووە، ئایا ئەو هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە؟ عایشە حەسۆ: تورکیا دەیەوێت بەشێوەی جۆراوجۆر ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت، میدیاکانی تورکیاو نزیک لەو، دەیانەوێت چەواشەکاری بکەن. مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند، کاتێک کەڕەوشەکە لەباکوورو خۆرهەڵاتی فوڕات ئارام ببێتەوە، پێی باشە کەوەکو خەباتێکی دیبلۆماسی سەردانی کۆشکی سپیی ئەمەریکا بکات، بەڵام لەئێستادا دەڵێت: پێویستە لەناو گەلی خۆم بمێنمەوە، لەهەمانکاتدا رەزامەندیی دەربڕیوە کەکاتێک رەوشەکە ئارام ببێت سەردانی ئەمەریکا بکات. ئەمەریکا ئەردۆغانی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بکات، بەڵام زۆربەی سیناتۆرەکان ناڕەزایییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان سەردانی ئەمەریکا بکات. تورکیا لەلایەن هەندێک لەوڵاتانی عەرەبی بەتایبەت قەتەر پشتیوانیی لۆجیستیک دەکرێت، لوبنان، میسرو سعودیە دەڵێن نابێت سوریا داگیربکرێت و هێرش بکرێتەسەر کوردەکان.

شاناز حه‌سه‌ن رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیکاو رێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى مه‌ترسی خۆیان له‌سه‌ر خراپى دۆخى رۆژنامه‌نووسى نیشانده‌ده‌ن، دواى زیادبوونى دۆسیه‌کانى تایبه‌ت به‌ڕۆژنامه‌نووسان و جموجۆڵه‌کانى دادگا له‌و باره‌یه‌وه‌. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ‌هاوڵاتی، له‌ماوه‌ى مانگێکدا نۆ رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر که‌یسى جیاجیا له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بانگهێشتکراون، که‌به‌شێکیان به‌پێی یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کراوه‌و دادگا په‌ناى بۆ یاساى دیکه‌ بردووه‌، بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى که‌یسه‌کانیان. به‌پێى یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى له‌هه‌رێمى کوردستان، نابێت رۆژنامه‌نووسان ده‌ستگیربکرێن، به‌ڵام دادگاکان زۆربه‌ى جار په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر یاساى سزادانى عێراقى و یاساى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن و رۆژنامه‌نووسان ده‌ستگیرده‌که‌ن. ئازاد محه‌مه‌د، نه‌قیبى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتی وت «پێویسته‌ له‌بوونى هه‌ر کێشه‌یه‌ک که‌ڕووبه‌ڕووى رۆژنامه‌نووسان ده‌بێته‌وه‌، به‌یاساى رۆژنامه‌نووسى لیکۆڵینه‌وه‌ى لێبکرێت و که‌جیبه‌جێش نه‌کرا ئه‌وه‌ ئێمه‌ سه‌رکۆنه‌ى هه‌ر بڕیارێک ده‌که‌ین و ئه‌وه‌ سه‌رپێچى کردن و پێشێلکردنى یاسایه‌«. له‌ماوه‌ى که‌متر له‌دوو هه‌فته‌دا دووجار دادگایه‌ک له‌گه‌رمیان سزاى ده‌ستبه‌سه‌رکردنى بۆ ئازاد عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى رادیۆى ده‌نگ له‌که‌لار ده‌رکرد، له‌سه‌ر سکاڵایه‌ک که‌مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2015. دادگا هه‌ردووجاره‌که‌ پشتى به‌یاساى سزادانى عێراقى به‌ستووه‌، له‌جیاتى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى که‌ده‌ستبه‌سه‌رکردنى رۆژنامه‌نووسى قه‌ده‌غه‌کردووه‌. له‌باره‌ى که‌یسه‌که‌ى ئازاد عوسمان، نه‌قیبى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان وتى «داوامان له‌هه‌موو لایه‌نێک کردووه‌و داواکه‌یان ئاراسته‌ى سه‌ندیکا نه‌کردووه‌، ده‌بێت داوایه‌ک پێشکه‌ش بکات، تاکارى له‌سه‌ربکەین و و به‌دواداچوون بۆ سزاکه‌ى بکەین «. یاساى رۆژنامه‌گه‌رى له‌هه‌رێم، بۆ سزادانى رۆژنامه‌نووس به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باسى زیندانى یان ده‌ستبه‌سه‌رکردنى نه‌کردووه‌، له‌جیاتى ئه‌وه‌ سزاى دارایی دیاریکردووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێک له‌دادگاکان ئه‌و یاسایه‌یان پشتگوێ خستووه‌و کارى پێناکه‌ن. به‌پێی راپۆرتێکى سه‌نته‌رى میترۆ، 12ی تشرینی دووەم، ئامانج ئەحمەد، پەیامنێری سایتی (سبەی) لەسۆران و باڵەکایەتی بەمەبەستی کارێکی رۆژنامەوانی چووه‌ ناوچەی برادۆست و لەبنکەی ئاسایشی ناوچەکەو بەپاساوی «وەرنەگرتنی مۆڵەت» راگیراوە. رۆژی 10ی تشرینی دووەم بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەکەناڵی NRT دادوەرێک سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری ئەو کەناڵه شوان عادل و پەیامنێرەکەیان ئیحسان سابیر، تۆمارکرد لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار وتەیان لێوەرگیراو بڕیاردرا (20) رۆژ دەستبەسەربکرێن، بەڵام هەمان رۆژ کەفالەتیان بۆ کرا . مانگی رابردووش هەریەک لە(محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنووسەرو ئەندامانی دەستەی نووسەرانی (درەو میدیا) و رۆژنامەنووسان، هێمن مامەند، رزگار کۆچەر، کارۆخ عومەر سەنووسەری سنور میدیا، بەپێی (یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لەهەرێمی کوردستان) بانگکران بۆ بەردەم دادگا. حکومه‌ت له‌م کابینه‌یه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌کرد هه‌وڵى ئه‌نجامدانى چاکسازى ده‌دات «به‌ڵام هیچ نیازێکى راسته‌قینه‌ى بۆ جێبه‌جێکردنى چاکسازى نیه،‌ چونکه‌ یه‌کێک له‌پایه‌کان  شه‌فافیه‌ته‌و رێگه‌ به‌میدیا بدرێت وه‌ک خۆى سه‌رنجه‌کانى بخاته‌ڕوو نیاز عه‌بدوڵڵا، رۆژنامه‌نووس، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتی وت «سه‌ربارى هه‌ر سه‌رنجێک، یاساکه‌ به‌دایکى یاساکان داده‌نرێت و پێویسته‌ جێبه‌جێبکرێت». وتیشى «به‌داخه‌وه‌ دواى ده‌رچوونى چه‌ندین ساڵى یاساکه‌، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت به‌تایبه‌ت له‌دادگاکاندا جێبه‌جێناکرێت و ده‌سه‌ڵاتى جیبه‌جێکردن پێوه‌ى پابه‌ند نابێت». باسى له‌وه‌شکرد حکومه‌ت له‌م کابینه‌یه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌کرد هه‌وڵى ئه‌نجامدانى چاکسازى ده‌دات «به‌ڵام هیچ نیازێکى راسته‌قینه‌ى بۆ جێبه‌جێکردنى چاکسازى نیه،‌ چونکه‌ یه‌کێک له‌پایه‌کان  شه‌فافیه‌ته‌و رێگه‌ به‌میدیا بدرێت وه‌ک خۆى سه‌رنجه‌کانى بخاته‌ڕوو». له‌باره‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌، نیاز عه‌بدوڵڵا وتى «سه‌ندیدکا زیاترى لێ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین، نه‌ک ببێته‌ هاوتاى ده‌سه‌ڵات و خۆى پێویستى به‌نوێبوونه‌وه‌یه‌ و مه‌ترسیمان هه‌یه‌ که‌سه‌ندیکا ببێته‌ پاڵنه‌رو دروستبوونى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن، چونکه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سانسۆره‌ نه‌ک ئه‌نجومه‌نی باڵاى راگه‌یاندن و رێکخستنى». له‌ساڵى 1992ه‌وه‌ تاساڵى 2007، په‌رله‌مان پێنج یاسای لەبواری چاپەمەنی و رۆژنامەگەری دەرکردووە کەبریتین لەیاسای چاپەمەنی هەرێمی کوردستانی عێراق _ ژمارە (10)ی ساڵی 1993،  یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانی عێراق _ ژمارە (4)ی ساڵی 1998، یاسای بڵاوکردنەوە لە رۆژنامەی رەسمیدا (وەقایعی کوردستان )_ ژمارە (4)ی ساڵی 1999و یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی کوردستان –عێراق _ ژمارە (13)ی ساڵی 2001و یاسای رۆژنامەگەری لەکوردستان _ژمارە (35) ی ساڵی  2007. یاساکه‌ى ساڵى 2007 که‌ئێستا به‌رکاره‌، له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ به‌یه‌کێک له‌باشترین یاساکان داده‌نرێت، به‌ڵام دادگاکان خۆیان له‌جێبه‌جێکردنى ده‌دزنه‌وه‌. عه‌باس فه‌تاح،  ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌رکى ئێمه‌و هه‌موو په‌رله‌مانتارێک دانانى یاساو به‌دواداچوونیه‌تى، له‌که‌یسی رۆژنامه‌نووساندا پێویسته‌ لیژنه‌ى رۆشنبیرى کاریان له‌سه‌ربکات و به‌دواداچوون بۆ حاڵه‌ته‌کان بکات». وتیشى «بۆ کارکردن له‌سه‌ر که‌یسه‌کان ده‌بێت داوایه‌ک بێته‌ به‌رده‌ستمان  جا له‌لایه‌ن خاوه‌نى که‌یسه‌که‌ یان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ بێت وه‌ک سه‌ندیکا، تا  کارى له‌سه‌ربکه‌ین، چونکه‌ په‌رله‌مانتار پێویسته‌ له‌سه‌ر که‌یسێک کاربکات». سه‌نته‌رى  میترۆ 13ى ئه‌م مانگه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند، لەماوەی رابردودا بەدواداچوونی بۆ چەند کەیسێکی رۆژنامەگەری کردووە، سەرنجی داوە هەندێ لەکەیسەکانی تایبەت بەبڵاوکردنەوە لەبنکەکانی لێکۆڵینەوەی هەرێمی کوردستان، بەتەواوەتی یاسای کاری رۆژنامەنووسی فەرامۆشدەکەن و بەیاسایەکی تر لێکۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەکرێت و (دەستبەسەرکردن) لەدەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، وەک تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنووسان، بەکاردێنن. ره‌حمان غه‌ریب، به‌ڕێوەبه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ، به‌ ‌هاوڵاتی وت «له‌هه‌رێمى کوردستان زۆر شێواز هه‌یه‌ بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ده‌رکردنى یاساى رۆژنامه‌نووسى که‌یه‌کێکیان ئه‌مه‌یه‌ یاساى تر به‌کارده‌هێنرێت بۆ دادگایى کردنى رۆژنامه‌نووسان». وتیشى” ئه‌مه‌ به‌کارهێنانى یاسایه‌ بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ڕۆژنامه‌نوسان، به‌کارهێنانیه‌تى بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ى ئازادى».

راپۆرتی: واشنتن پۆست وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا دووشەممەی رابردوو ئێران بووە وڵاتێکی ئۆفلاین (بێ هێڵی ئینتەرنێت). زنجیرە خۆپیشاندانێکی شۆکهێنەر تەقی وڵاتەکەیدا دوای ئەوەی رژێمە زۆردارەکەی لەهەینی رابردوودا فەرمانێکی دەرکرد بۆ بڕینی کۆمەکی سووتەمەنی و بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین. ئەم هەنگاوانە خەڵکی سادەی ئێرانی تووڕە کرد کەچەند مانگێکی زۆرە بەدەست سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکاوە دەناڵێنن لەسەر ئابورییە لاوازەکەی وڵاتەکەیان. دیمەنەکانی پشێوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی هاندا تاهێڵەکانی ئینتەرنێت بکوژێننەوە. خۆپیشاندان لە (10) شارو شارۆچکەدا بەرپابوو، کەئەمەش بەرەوپێشچوونێکی سەرسوڕهێنەرەو لەکاتێکدایە کەخۆپیشاندانی فراوان بەدی دەکرێت لەوڵاتەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فارس، لانیکەم (100) بانک و (57) فرۆشگا سووتێنران و نزیکەی (1000) خۆپیشاندەر دەستگیرکراون. سەرەرای سنوردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندەها ڤیدیۆی خۆپیشاندەران بڵاوبووونەوە کەهوتافی قین ئامێزیان تێدابوو دژی رژێم، ئاگریان بەردەدایە تایەو ئۆتومبیلەکانیان لەڕێگا خێراکاندا بەجێدەهێشت بۆ گرتنی شەقامەکان. پێکدادان لەگەڵ هیزە ئەمنییەکان و میلیشیاکانی رژێم بووە هۆی گیانلەدەستدانی (12) کەس هەرچەندە چالاکوانەکانی ناوخۆ ئەو ژمارەیە بە نزیکەی (40) خۆپیشاندەر مەزندە دەکەن. لەیەکشەممەی رابردوو رابەڕی باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی لەسەر تەلەفزیۆنی حکومی وەسفی ئەو کەسانەی وەک «رێگر و خوێنڕێژ» کرد کەبەشداربوون لەخۆپیشاندانە توندوتیژەکان و وتیشی کە لەلایەن دوژمنانی ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت. هەر هەمان رۆژ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران خۆپیشاندانەکانی خستە پاڵ «ئاژاوەگێڕان»ی پشت ئەستوور بەئەمریکا. لەدووشەممەی رابردوودا، سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کەبەردەوامی لەپشێویەکاندا بەکردەی «یەکلاکەرەوە» وەڵامدەدرێتەوە، ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەکی توندە کەئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتکردنی دڕندانەتر بەڕێوەیە. حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد کەبڕینی لەناکاوی کۆمەک پێویست بوو بۆ کۆکردنەوەی بودجە تا دابەشبکرێتەوە بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی زۆر کەم دەرامەتن. بەڵام وتەکەی رۆحانی ئارامکەرەوەیەکی ساردوسڕ بوو بۆ ملیۆنەها ئێرانی کەلەژێر فشاری نرخی بەرزی خۆراکدان و بەنزینی هەرزان لەمێژە لایان وەک  مافێکی زگماکی لێهاتووە. بەپێی وتەی ئەفشین مەولەوی، شارەزا لەجیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەپەیمانگەی جۆن هۆپکنز بۆ توێژنیەوەی نێودەوڵەتی «خۆپیشاندانەکان کۆکراوەی توڕەییەکی کەڵەکەبوون دژی ئەوەی کەوەک چینێکی دەسەڵاتداری گەندەڵی لەدەستدەرچوو لێکدەدرێتەوە کە بەبەردەوام شکستیانخواردووە لەدەستەبەرکردنی کارو بژێوی  لەسەروبەندی هەواڵی گەندەڵی ملیۆنەها دۆلار». «دراوی ئێرانی لەم چەندساڵەی دواییدا بەخێرایی بەهای لەدەستداوەو ئێرانییەکان لەبەرچاویاندا مووچەکانیان کەمی کردووە و  پارە هەڵگیراوەکانیشیان بەبا چووە لەسەروبەندی گەندەڵی سەرتاسەری و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن حکومەتەوە»، ئێرن کەنینگهام، پەیامنێری واشنتن پۆست وای وت. «هەمان گۆرانکاری لەکۆمەکی حکومیدا لەکانونی یەکەمی ٢٠١٧، پشێوی دروستکرد کاتێک زیاتر لە (20) کەس لەخۆپیشاندانەکاندا کوژران». بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لەگەڵ ئەوەی ئێستا دەیبینین. ئەو خولانەی پێشوو لەلایەن بەرەیەکی توندوە هەڵگیرسا کەپەیوەندی هەبوو لەگەڵ سوپای پاسداراندا بەهیوای ئەوەی دەسەڵاتی رۆحانی ناجێگر بکەن، ئەلێکس وەتەنخا شارەزا لەسیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئێران لەپەیمانەگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد. «چەند رۆژێکی پێچوو بۆ هەڵگیرسێنەرەکان تا درک بەوەبکەن ئەوەی رێیان بۆ خۆشکردووە تووڕەییەکی گشتییە کەڕەنگە نەتوانن کۆنترۆڵی بکەن و ئەو توڕەییە هەموو رژێم بەئامانج بگرێت. ئەم جارە، وادەردەکەوێت هیچ بەرەیەکی رژێم دەستی نەبێت لەهەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکاندا و بەپشت بەستن بەزۆربەی بانگەشە و راپۆرتەکان وادیارە خۆرسک بن... هەر لەسەرەتاوە خامنەیی و رژێم بەگشتی بوونەتە ئامانجی سەرەکی»، وەتەنخا وای وت. کاردانەوەی بەهێزی رژێم بەڵگەی دەرخستنی ئەو ترسە هەستپێکراوەیە کە لەهۆڵەکانی دەسەڵاتی تاراندا هەستی پیدەکرێت، جەیسن رەزایان، ستونووسی واشنتن پۆست وا دەڵێت. بەڵام رەنگە دەسەڵاتداران بەشی پێویستیان کردبێت بۆ داپڵۆسینی ئەم ناڕەزایەتییە نوێیە بەوپێیەی میدیاکانی حکومەت بارودۆخەکەیان بە «ئارامتر» ناوزەند کرد لەدووشەممەی رابردوودا. «بۆ چەندەها ساڵە، ئێرانییەکان بۆچوونیان وابووە کەئەگەر دەسەڵات بکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەوە، حکومەتی ئێستای ئێران بەهێز وەڵامی ناڕەزایی ناوخۆیی دەداتەوە، هێزێک دڕندانەتر بێت لەوەی سەدام حوسەین، حوسنی موبارەک، تەنانەت بەشار ئەسەد بەکاریانهێنابێت»، رەزایان ئاماژەی بەوە کرد. «ئەو گریمانەیە هەرگیز نەخراوەتە ژێر پشکنینەوە چونکە خۆپیشاندەران هەرگیز ئەوەندە هەنگاویان هەڵنەهێناوە، لەبەرئەوەی تائێستا ئێرانییەکان ئەوەندە شەیدای گۆڕانکاری نەبوون یان سوورنەبوون لەبەدەستهێنانی، ئایا ئێستا جیاوازە؟ لەوانەیە». بەپێی وتەی عەلی وەیس، بەرێوبەری پرۆژەی ئێران لەگروپی قەیرانی نیودەوڵەتی  ئەوەی کەخۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیە جیادەکاتەوە ئەو ئاستە خێرایەیە کەدەسەڵاتدارانی تاران تێیدا هێزی تووندیان بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. عەلی وەیس پێیوایە کەسەرکردەکانی تاران دەترسن لەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەر هەڵسوکەوتێکی ئێرانیەکان بە لاوازی لێکبدەنەوە. «سیستەمەکە هێشتا ئیرادەی هەیە رزگاری ببێت و توانستێکی تۆقێنەری هەیە بۆ داپڵۆسینی ناڕەزایەتی، من گومانی جددیم هەیە لەوەی ئاخۆ ئەمە هیچ ئەنجامێکی هەبێت کەئیدارەی ترەمپ بیخوازێت». سەرکردایەتی ئێران تەنها لەنێو سنوری خۆیدا رووبەڕووی هێرشی تووند نەبوەتەوە. لەعێراقی دراوسێدا، چەند هەفتەیەک لەخۆپیشاندانی فراوان دژی حکومەتێکی نەویستراو گەشتوەتە رەهەندێکی دژە ئێرانی لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئاسایی عێراق تووڕەن بەوەی بەرژوەندییەکانی ئێران حکومەتی عێراقی هەڵدەسوڕێنێت. ئەو راستییە لەوردەکارییەکی ناوازەدا لەبڵاوکراوەکەیدا خرایەڕوو کە بەهاوبەشی لەلایەن رۆژنامەی نیویۆرک تایمزو ئینتەرسێپتەوە بڵاوکرایەوە کە پشتی بەستووە بە (700) بروسکەی زۆر نهێنی هەواڵگری ئێران کەدەستی ئینتەرسێپت کەوتووە. بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە «هەژموونی فراوانی تاران لەعێراق» دەردەخات « کەوردەکاری چەند ساڵێک لەکاری رێکخراوو گشتگیری سیخوڕی ئێرانی تێدایە بۆ بەلاڕێدابردن  و هەڵسوڕاندنی سەرکردەکانی عێراق، پێدانی پارە بەو بریکارە عێراقیانەی کاریان بۆ ئەمریکیەکان کردووە تابێنە بەرەی ئەوان، هەروەها دزەکردن بۆ نێو هەموو لایەنێکی سیاسی، ئابوری، ئایینی عێراق»، ئینترسێپت و نیویۆرک تایمز ئاماژەیان بەوە کردووە. ئەمە میراتی داگیرکاری کارەستباری ٢٠٠٣ی عێراقە لەلایەن ئەمریکاوە کەدواتر بێ پلانی ستراتیجی ئەمریکای لێکەوتەوەو رێگەی خۆشکرد بۆ هەڵتقۆینی ئێران وەک «یاریزانێکی بەهێز» لەعێراقدا. بەڵام ستراتیجیەتی ئیستای ئێران لەقەیراندایە. سەدەها خۆپیشاندەرانی عێراقی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کروانەتە ئامانج، بەتایبەت لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کە وەک بریکاری ئێران سەیر دەکرێن. بەتایبەتی لەبەشی باشوری زۆرینە شیعە، رەتدانەوەیەکی بەهێزی دەستێوەردانی ئێران هەیە لەکاروباری عێراقدا. بۆ رژێمێک کە لەسەکۆی نیودەوڵەوتیدا لەژێر فشاردایە، تووڕەیی دراوسێ رەنگە بێزاری و نیگەرانی ناوخۆ خراپتر بکات.