راپۆرتی: سی ئێن ئێن وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا مایکڵ بلومبێرگ ملیاردێری ناسراوی ئەمریکا، یەکشەممەی رابردوو بەفەرمی داغڵبوونی درەنگی خۆی بۆ لیستی دیموکراتەکان بۆ هەوڵدان بۆ سەرۆکایەتی راگەیاند، بەمەش بانگەشەیەکی ئاشکراکرد کە راستەوخۆ ئامانجی شکستپێهێنانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە. لەنامەیەکدا لەوێبسایتی بانگەشەکەی، بلومبێرگ کاندیدکردنی خۆی روونکردووەو دیدگایەکی میانڕەوانەتری خستەڕوو بۆ وڵاتەکەی و خۆی وەک «چالاکێک و کێشە چارەسەرکەر» نیشاندا نەک وەک «قسەکەرێک». «لەپێشبڕکێی بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی بەشداریدەکەم بۆ شکستپێهێنانی ترەمپ و بنیادنانەوەی ئەمریکا. ناتوانین چوار ساڵی دیکە بەرگەی کردەوە کەمتەرخەم (سەرشێت)و بێڕەوشتییەکانی ترەمپ بگرین، خستنی دۆناڵد ترەمپ گرنگترین و هەنووکەیترین شەڕی ژیانمانەو منیش بەتەواوی ئامادەم بۆی»، بلومبێرگ وای نووسیوە. بەشداریکردنی درەنگی بلومبێرگ بۆ هەڵبژرادنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠- لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی ملیاردێرەکە دەتوانێت خەرجی بکات بۆ بانگەشەکەی - ئاستێکی نوێی نادڵنیایی دەخاتە نێو پیشبڕکێکەوە لەسێ مانگ کەمتر پێش ئەوەی یەکەم هەڵبژاردن لەپێشبڕکێی کاندیدەکانی نێو هەردوو پارت دەستپێبکات. بلومبێرگ، کەپێشتر لەسەرەتای ئەمساڵەوە وتی خۆی کاندید ناکات، لەبڕیارەکەی پاشگەزبووەوە، چونکە پێیوانییە کاندیدێک هەبێت لەپێگەی ئێستای دیموکراتەکان بتوانێت شکست بەترەمپ بهێنێت لەتشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا، چەند کەسێکی نزیکی بلومبێرگ ئەمەیان بە سی ئێن ئێن وت. ئەم وتەیەی بلومبێرگ جێگری سەرۆکی پێشوو، جۆ بایدنیش دەگرێتەوە کە بلومبێرگ خۆی تێبینی ئەوەی کردووە لە راپرسی ویلایەتی ئایۆوا دەرنەچووە و کێشەی رووبەڕوو بووەتەوە لەدابینکردنی بودجەدا بۆ کەمپینەکەی. بەخۆکاندیدکردنی، بلومبێرگ بووە هەژدەمین پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ کە لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت. «ئێمە دەبێت شتێک بکەین دەربارەی دۆناڵد ترەمپ. پێموایە دەزانم چۆن شکستی پێبهێنم. پێشتر چەند جارێک شکستم پێهێناوە، پێموایە دەزانم ئەم وڵاتە پێویستی بەچییەو منیش رێک تیشک دەخەمەسەر ئەوە»، بلومبێرگ لەوتارێکیدا لە ویلایەتی ڤێرجینیا ئەمەی وت. بلومبێرگ هۆشداریدا لەوەی کە «مەترسییەکی گەورەتر هەیە لەهەڵبژاردنەوەی ترەمپ وەک لەوەی پێشتر هەبوو» بۆیە دەبێت «ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە». بۆ دەستپێکردنی کەمپینەکەی، بلومبێرگ لانیکەم (37) ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ریکلامی تەلەفزیۆنی بۆ دوو هەفتەی داهاتوو، بەپێی ئاماری کانتار میدیا. ریکلامەکان تیشک دەخەنەسەر ژیاننامەی بلومبێرگ و کارەکانی لەپۆستی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک لەساڵی ٢٠٠١ کەدیارتیرینیان رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بووە. دواتریش تیشک دەخرێتەسەر ترەمپ لەڕیکلامەکەداو باس لەوەدەکات ئێستا بلومبێرگ «رووبەڕووی» دەبێتەوە. کڕینە زەبەلاحەکەی بلومبێرگ - ٦٠ چرکە لە (100) مارکێتی جیاوازدا - لەهەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات کەگوزارشتە لەزیاتر لەو بڕەی هەموو کاندیدەکانی دیموکراتەکان خەرجیان کردووە لەڕیکلامی تەلەفزیۆنیدا تائێستا بۆ پێشبڕکێکە، بەڵام ئەمە تۆم ستەیەری بازرگان [کاندیدێکی تری دیموکراتەکان] ناگرێتەوە کەنزیکەی (63) ملیۆن دۆلار خەرج دەکات لەسەرەتای دەستپێکردنی ریکلامەکانی بلومبێرگەوە. بلومبێرگی تەمەن (77) ساڵانی خاوەن کار‌و خێرخواز، کۆکردنەوەی سامانەکەی بەدروستکردنی تەکنەلۆجیایەک دەستپێکرد کەخاوەن بانکەکان و بازرگانان بەکاریدەهێنن بۆ بەئاسانی دەست گەشتنیان بەئامارو زانیاری مارکێت بلومبێرگی تەمەن (77) ساڵانی خاوەن کار‌و خێرخواز، کۆکردنەوەی سامانەکەی بەدروستکردنی تەکنەلۆجیایەک دەستپێکرد کەخاوەن بانکەکان و بازرگانان بەکاریدەهێنن بۆ بەئاسانی دەست گەشتنیان بەئامارو زانیاری مارکێت. دوای بنیادنانی بزنسێکی سەرکەوتووی زانیاری دارایی، روویکردە سیاسەت. ساڵی ٢٠٠١ بەفەرمی خۆی پاڵاوت بۆ بوون بەسەرۆک شارەوانی نیویۆرک. سەرەڕای خۆکاندیدکردنی وەک کۆمارییەک لەشارێکی زۆرینە دیموکرات‌دا، توانی هەڵبژاردنەکە بباتەوەو دوو جاریش هەڵبژێردرایەوەو تاساڵی ٢٠١٣ لەپۆستەکەیدا مایەوە. لەماوەی وەرزی دووەمیدا، پارتەکەی گۆڕی و بووە سەربەخۆ، بەڵام دواتر لەساڵی ٢٠١٨ بوو بەدیموکرات. مایکڵ بلومبێرگ هەشتەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکایە کەبەهای سامانەکەی (58) ملیار دۆلارەو خاوەنی کۆمپانیای میدیایی بلومبێرگە. بلومبێرگ رووبەڕووی بەربەستی بەرچاو دەبێتەوە سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک دەتوانێت پەرەبدات بەو ئامانجانەی لای دەنگدەرانی دیموکراتەکان گرنگە. بلومبێرگ سەرچاوە داراییەکانی بەزۆری تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لەمافی منداڵ خستنەوە، رووبەڕووبونەەی گۆڕانی کەوشوهەوا، هەروەها توندوتیژی چەک. ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد تاپارتی دیموکراتەکان بتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێس و پێشتریش (250) ملیۆن دۆلاری بۆ بانگەشەی بوون بەسەرۆک شارەوانی نیویۆرک خەرجکردووە. بەڵام کاندیدی بلومبێرگ رەنگە رووبەڕووی چەند بەربەستێک ببێتەوە، لەوانە رەخنەی تووندی سیناتۆر‌و کاندید بێرن ساندەرس و ئیلیزابێز وارن کەڕایانگەیاندووە نابێت ملیاردێرەکان بتوانن «هەڵبژاردنەکان بکڕنەوە». ئەم رەخنەیە لەسەرەتای هەفتەوە دەستیپێکرد کاتێک روونبووەوە بلومبێرگ سوورە لەسەر خەرجکردنی دەیەها ملیۆن دۆلار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. «لەئێستادا خۆمان کەسێکی ملیۆنەرمان هەیە لەکۆشکی سپی‌دا، پێتوایە خەڵکی ئەم وڵاتە دەڵێن «پێویستمان بەکەسێکی دەوڵەمەندتر هەیە»، سیناتۆر ئەیمی کلۆبوچار وای وت. بەڵام هەندێکی دیکە پێشوازی لەخۆکاندیدکردنی بلومبێرگ دەکەن، چونکە پێیانوایە پێویستە بۆ هەڵتەکاندنی دۆخی پەرشوبڵاوی ئێستای هەڵبژاردنەکان. «پێموایە ئەو باش دەبێت بۆ مەیدانی پاڵێوراوانی دیموکراتەکان، ئەو ئێستا تاکە کاندیدە کەشتێکی کردبێت بۆ کاریگەری خستنەسەر توندوتیژی چەک و کەمکردنەوەی خەرجی تەندروستی»، بازرگان و ملیۆنێر مارک کوبان وای وت. چەندین کەسی دیکە تێبینی ئەوەیان کردووە کە سامانە زەبەلاحەکەی بلومبێرگ دەبێتە چەکێکی بەهێز دژی ترەمپ کەخەریکی بنیادنانی بانگەشەیەکی زەبەلاحە بەهۆی سامانەکەیەوە. «ئەو ئەوەی پێویستە هەیەتی و سەرچاوەی هەیە بۆ لێدان لەترەمپ، بڕوای تەواوەتیم هەیە کەمایک بلومبێرگ بتوانێت بیباتەوە، پێموایە سەرچاوە گرنگە بۆ بردنەوە»، ستیڤ بنیامین سەرۆک شارەوانی کۆڵۆمبیا ئەمەی بە ئەسۆشیەتد پرێس راگەیاند. بەڵام سایمن رۆزنبێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی ناوەندی دیموکراتی نوێ و پەیمانگەی سیاسەتی نوێ دەڵێت کە «زۆر زووە تابڕیار بدەین» بلومبێرگ دەیباتەوە، لەکاتێکدا کەدەنگدەران دەترسن و بەدوای یەکێکی جددی و زیرەکدا دەگەڕێن سەرکردایەتیان بکات.
راپۆرتی: ئەلمۆنیتەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی ژمارەی کوژراوان لەخۆپیشاندانەکاندا بەرزدەبێتەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران سەرکردە هەرێمی و جیهانییەکانی دڵنیاکردووەتەوە کەدۆخی عێراق لەژێر کۆنترۆڵدایە. بەپێی وتەی عەبدولمەهدی، حکومەت پابەندە بەمافەکانی مرۆڤ و پاراستنی خۆپیشاندەران. لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ عێراق، جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس رایگەیاند کە عەبدولمەهدی «دڵنیای کردوومەتەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن لەتوندوتیژی یان هەر سەرکەوتکردنێکی تر کەئێستا دەیبینین دووردەکەونەوە». «بەڵێنی پێدام کاردەکەن بۆ پاراستن و رێزگرتن لەخۆپیشاندانە ئاشتییەکان کەئەوەش بەشێکە لەپرۆسەی دیموکراسی لەعێراق»، مایک پێنس ئەمەی وت. لەچەند پەیوەندییەکی تەلەفونیشدا لەچەندڕۆژی رابردوو عەبدولمەهدی بەرپرسانی قەتەرو کوەیت و ئەردەنی دڵنیاکردووەتەوە کەحکومەتی عێراقی پابەندە بەپاراستنی خۆپیشاندەران و دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی دژیان. بەڵام لەڕۆژانی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان هێرشییان کردەسەر خۆپیشاندەران بەگازی فرمێسکڕێژو گوللە لەشارەکانی نەجەف، بەسرە، بەغداد. تەنها لە ٢٤ی تشرینی دووەم لانیکەم (13) خۆپیشاندەر کوژراون لەبەغداد، بەسرە، ناسرییە. روونە کەحکومەتی عێراقی ئامادە نییە هیچ چاکسازییەکی جددی ئەنجامبدات بۆ قایلکردنی داواکانی خۆپیشاندەران. لەجیاتی ئەمە، کار لەسەر پلانی جێگرەوە دەکات بۆ کۆتایی هێنان بەخۆپیشاندانەکان بەئەنجامدانی کەمترین چاکسازییەوە. ئەو پلانانە چین و چۆن حکومەت جێبەجێیان دەکات؟ زیادبوونی توندوتیژی سەرەڕای دڵنیاکردنەوەکانی سەرۆک وەزیران کەحکومەت پابەندە بەپاراستنی خۆپیشاندەرانەوە، مەزەندەکراوە کە (400) خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە (14) هەزار بریندارن، ئەمەش بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق و وەزارەتی تەندروستی عێراق. ئەلمۆنیتەر زانیویەتی کە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەشداری لە کۆبونەوەیەکدا کردووە لە ٢١ی تشرینی دووەم لەتاران لەگەڵ فالح فەیاز بەرپرسی حەشدی شەعبی، هادی ئەلعامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر، محەمەد هاشمی، بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەروەها جەواد شەهرستانی نوێنەری رابەری باڵای شیعە لەعێراق عەلی سیستانی. بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە بەشداربووە لەکۆبوونەوەکەدا، خامنەیی داوای لەبەشداربووان کردووە پێکەوە کاربکەن بۆ راگرتنی خۆپیشاندانەکان تەنانەت ئەگەر باڵاترین ئاستی توندوتیژیش بخوازێت. «ئێران دەستبەرداری عێراق نابێت و رێنادات بەکەمبوونەوەی هەژمونی لەعێراق»، خامنەیی وای وتووە بەپێی هەمان سەرچاوە. خامنەیی داوای لەشەهرستانی کردووە پەیامێک بگەیەنێت بەسیستانی و تێیدا داوای لێبکات پشتیوانیکردن و پارێزگاریکردنی لەخۆپیشاندەران رابگرێت. لەوەڵامی ئەم پەیامەدا، نوێنەرێکی سیستانی، شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی لەوتاری هەینی رابردوو وتی «رەشەکوژی بەسەر هەموو سیستەمێکی سیاسی‌دا زاڵ دەبێت و سەردەکیشێت بۆ گۆڕینی حکومەت بەدانەیەکی تەواو نوێ». لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ (غاد تیڤی) لە ٢٤ی تشرینی دووەم، پەرلەمانتاری عێراقی فایەق عەلی وتی کە لەمیانی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی کەچەند سەرکردەیەکی باڵای ئەمنی تێیدا بەشداربوون، هەموو بەشداربووان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کەدەبێت خۆپیشاندانەکان رابگیرێت تەنانەت ئەگەر ژمارەی کوژراوان هەزار تێپەڕێنێت. پروپاگەندە دژی خۆپیشاندەران لەسەرەتای هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانەوە، ئێران و هاوپەیمانەکانی لەعێراق - لەوانە فەیاز و شێخ قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق - خۆپیشاندەرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی نزیکن لەئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پشتیوانی دەکرێن. دوای سەردانەکەی پێنس بۆ عێراق، هەندێک لەهێزەکانی نزیک ئێران - وەک بەرەی سادیقون کە لەعەسائیبی ئەهلی حەقەوە نزیکە، لەگەڵ یەکەی بابیلۆن لەهێزەکانی حەشدی شەعبی - ئیدانەی ئەمریکایان کرد بۆ دەستتێوەردان لەکاروباری عێراق. ئەوان سەردانەکە بە هەوڵیک لێکدەدەنەوە بۆ رووخانی حکومەتی عێراقی. هێزەکانی نزیک لەئێران لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندەها تۆمەتیان بڵاوکردووەتەوە لەسەر خۆپیشاندەران کە سەر بەحزبی بەعسن. بەهەمان شێوە، پۆستەکانیان لەفەیسبووک و تویتەر ترس بڵاودەکەنەوە لەسەر ئەوەی خۆپیشاندەران رێ خۆشدەکەن بۆ گەڕانەوەی حزبی بەعس و خەلافەتی ئیسلامی. عەبدولمەهدی و کەسایەتییەکانی دیکەی حکومەت وێرانکاری لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکردەی تیرۆریستی لێکدەدەنەوە تاڕێبدەن بەحکومەت وەڵامی خۆپیشاندەران بەتووندترین هێز بداتەوە بۆ زامنکردنی سزای قورس بۆ هەر کەسێک دەگیرێت، لەوانەش سزای لەسێدارەدان. بەکارهێنانی هێزی نەناسراو بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەبێ گەڕانەوەی بەرپرسیاری، هێزی نەناسراو لەلایەن سەرچاوەی نەناسراوەوە جوڵێندراون بۆ تەقەکردن لەخۆپیشاندەران و رفاندنی چالاکوان و سەرکردەکانی خۆپیشاندانەکان. لەمیانەی خۆپێشاندانەکان لەسەرەتای تشرینی یەکەم، نیشانەشکێنەکان خۆپیشاندەرانیان بەئامانج گرت لەباڵاخانە بەرزەکانی بەغدادەوە، کەژمارەی کوژراوانیان لە (50) کەسە بەرزکردەوە بۆ (150). سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمانگی تشرینی یەکەمدا دانی بەوەدانا کەهێزی نەناسراو رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە. بەرپرسەکانی دیکەی عێراق هەمان دانپێدانانیان ئەنجامداوە وەک وەزیری بەرگری. لەوکاتەوە، ئەو هێزانە ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانکردووە لەشارە جیاوازەکاندا. سەرکردەو چالاکوانە دیارەکان دەستنیشان دەکەن و دەیانڕفێنن. هەفتەی پێشوو لەناسریە (33) کەس بەم جۆرە دەستگیرکران، بەپێی وتەی سەندیکای پارێزەرانی شارەکە. هەرچەندە بەپێی قسەی خۆپیشاندەران کۆی گشتی دەستگیرکردنەکان لەشارەکەدا لە (100) کەس تێپەڕیوە. هەندێک راپۆرت باس لەوەدەکەن کەدەستگیرکراوەکان ئەشکەنجەدراون و داوایان لێکراوە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەنەوە. ئەلمۆنیتەر پەیوەندی بەهەندێک لەو بەندکراوانەوە کرد کە ئازادکرابوون. ئەوان مامەڵە خراپەکەیان پشتڕاستکردوەوە بەوتنی ئەوەی کەسەرزەنشت کراون و هەندێکجاریش ئەشکەنجە دراون. تەنها بەمەرجێک ئازادکراون کە ئیمزابکەن لەسەر رێککەوتنێک کە چیتر بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەنەوە. هەروەها ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کەئەو هێزانە خۆیان نەناساندووە. بەندکراوەکان نەیانتوانیوە بزانن کە لەکوێ دەستبەسەربوون. سنوردارکردنی میدیا کۆمسیۆنی پەیوەندی و میدیای نیشتمانی عێراق (17) نووسینگەی میدیا عێراقییەکانی داخست تا رێگەیان لێبگیرێت لەگواستنەوەی خۆپیشاندانەکان. لەبەیاننامەیەکدا، سەندیکانی رۆژنامەوانی عێراق رایگەیاند کەبڕیارەکە کەڵەکەبوونی «هەوڵەکانی حکومەتە بۆ سەرکەوتکردنی ئازادی رۆژنامەوانی». هەروەها هێڵەکانی ئینتەرنێتیش پچڕاون یان خاو بوونەتەوە تائەوەی دەستگەشتنی خۆپیشاندەران بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار بکرێت و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران نەگوازرێنەوە. حکومەتی عێراق، وەک حکومەتی ئێران، گرەو لەسەر هۆکاری کات دەکات بەو هیوایەی خۆپیشاندەران بترسن و ماندوو ببن و دواجاریش بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم- پیرمام فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت خەڵکی سلێمانی پارتیان دەوێت، دەشڵێت خواستى سلێمانییه‌کان له‌ناو دڵى پارتیدا هەیەو ده‌شمێنێت. فازڵ میرانی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت «دوو که‌س یه‌کتریان خۆشده‌وێت له‌دڵدا، به‌ڵام فرسه‌ت نییه زوو زوو یه‌کتر ببینن، ئه‌و نه‌بوونى فرسه‌ته‌ش قیاس نییه بۆ نه‌بوونى خۆشه‌ویستى له‌نێوانیاندا» ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کەفرەسەتی بینین لەنێوان سلێمانی و پارتیدا نیە. لەوەڵامی پرسیارەکانی هاوڵاتیدا، فازڵ میرانی لەسەر چەند تەوەرەیەک قسە دەکات کەتایبەتن بەدۆخی هەرێمی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و عێراق و رۆژئاوای کوردستان. فازڵ میرانی ئاماژە بەوەدەکات کەوەکو خۆی لەگەڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دیندا نییە، بەڵام پێشیوایە ریفراندۆم بۆ زانینی رای خەڵکی بووە، بەڵام حکومەتی عێراق سزای هەرێمی کوردستانی داوە لەسەر جیابوونەوە لەکاتێکدا کورد جیانەبۆتەوە لەگەڵ عێراقدا ماوە. سەبارەت بە رووداوەکانی دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک و دانانی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کەهێشتا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەبۆتەوەو دانەنانی پارێزگارێکی کوردیش پەیوەندی هەیە بەو دۆخە نائاساییەوە نەک وەکو ئەوەی یەکێتی پارتی لەسەر ئەوە تۆمەتبار دەکات. فازڵ میرانی دەڵێت «بهقومبهلهیهک ده‌توانى بینایه‌ک بڕوخێنیت له‌ماوه‌ى پێنج خوله‌کدا، به‌ڵام به سێ مانگ و شه‌ش مانگ و ساڵێکیش دروست نابێته‌وه، واتا ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له‌که‌رکوک ته‌قا به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه، کورد وته‌نى ئه‌وه‌ى ساوه‌رى خواردووه با ئه‌وه بچێته‌وه شاییه‌که‌ى». سەبارەت بەکۆنگرەی یەکێتی کەبڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت، دەڵێت «ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کارى کۆنگره‌و کۆنفرانسن، ئه‌وه‌ش بۆ خۆى موشکیله‌یه‌که بۆ هه‌موو حزبێک نه‌ک ته‌نها بۆ یه‌کێتى، هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه، ئاگامان له‌وه‌یه کێ ده‌توانێت مه‌ندوبى کۆنگره بۆ خۆى زیادبکات و براده‌رى خۆى ده‌ربچێنێت ئه‌مه مه‌سئول ناوچه‌و کۆمیته‌یه، که‌کۆنگره هه‌بێت شتى تر بیرده‌چێته‌وه، به‌ڵام حه‌ز ناکه‌ین ئه‌مه وا‌بکات مهسئولیاتى دیکه بکه‌ینه قوربانى کۆنگره«. هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەستنی کۆنگرەی پارتی نزی کە، دەشڵێت «ئێمەش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌و و پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه، ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات، ئێمه بۆمان هه‌یه ساڵێک خۆمان ته‌مدید بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه نۆ ساڵه کۆنگره‌مان گرێداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى ئێمه ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن و محاسه‌به‌مان بکه‌ن ئێمه یه‌ک نوقته ناتوانین به‌رگرى له‌خۆمان بکه‌ین». هەروەها میرانی ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە «ئێمه‌ش ده‌بێت کۆنگره ببه‌ستین، براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وه‌تا 7ى 12ى ئه‌مساڵ کۆنگره ده‌به‌ستن و هه‌رچه‌نده به‌ته‌سه‌ورى من ئاسان نییه‌و ماوه‌یه‌کى که‌مه بۆیان... پارتى ئیحتیمال زۆره له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره ببه‌ستێت، ره‌نگه زووتر بێت دره‌نگتر نه‌بێت». هاوڵاتی: دۆخى سیاسى هه‌رێمى کوردستان چۆن ده‌بینن پاش ئه‌و گرفتانه‌ى که له‌چەند ساڵى رابردوو بۆ هه‌رێم دروستبوو؟ فازڵ میرانى: ده‌ستخۆشیتان لێده‌که‌م سیاسه‌تى راگه‌یاندنى هاوڵاتى له‌ڕووى نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه، به‌گشتى رێڕه‌وى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى مهقبولیهتى له‌ناو زۆربه‌ى هێزه‌کانى سیاسى و جڤاکى کورده‌وارى په‌یداکردووه، ئه‌مه خاڵێکى ئیجابییه بۆ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کى راگه‌یاندن. ته‌بیعى نایاب له‌هیچ شوێنێک نییه، که نایاب نه‌بێت باش هه‌یه‌و خراپ هه‌یه‌و زۆر باش هه‌یه‌و مامناوه‌ندى هه‌یه، سه‌ره‌ڕاى جیاوازى سیاسى یان نه‌بوونى ئینسجامێکى باش له‌ناو هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ى دڵم پێخۆشه ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌ک هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌موومانه هه‌ستی پێده‌که‌ین، ئێمه هه‌موومان لهپاپۆڕێکداین ئه‌گه‌ر نقوم بوو خوانه‌کات که‌سى لێده‌رناچێت به‌سه‌لامه‌تى، ئه‌مه خاڵێکى گرنگه من هه‌میشه ده‌ڵێم ئێمه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئێستا لهحکومداین ئه‌وانه‌ى دوێنێ له ئۆپۆزسیۆندابوون ئه‌مڕۆ له‌حوکمدان و کۆمه‌ڵێک خاڵى هاوبه‌شمان هه‌یه، خۆمان دروستمان نه‌کردووه‌و سروشتین، گرنگترین ئه‌و هاوبه‌شییه ئینتماى نیشتیمانیمانهو خه‌ڵکى ئه‌م کوردستانه‌ین. ئێمه‌ش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌وو پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات دووه‌م قسمهتێکى زۆرمان ئینتماى نه‌ته‌وایه‌تیمان کوردین به‌نسبه‌ت هێزه سیاسییه‌کان. هاوبه‌شى سێیه‌م هه‌موومان که‌م یان زۆر، دره‌نگ یان زوو سته‌ممان بینیوه‌و بهرەنگارى ئه‌و سته‌مه‌ش بووین، به‌رهه‌مه‌که‌ى که من ناچمه سه‌ر شۆڕشى کۆن و شۆڕشى نوێ و ئه‌یلول و ده‌ستکه‌وته‌کانى حوکمى زاتى به‌سه‌رۆکایه‌تى بارزانى نه‌مرو پارتى، ده‌چمه سه‌ر سه‌رهه‌ڵدان. ئه‌وانه‌ى دواى سه‌رهه‌ڵدان به‌شداربوونه هاوبه‌شى ده‌ستکه‌وته‌کانى سه‌رهه‌ڵدانن، سه‌رهه‌ڵدان هه‌مووى سلبى نییه، سلبى ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ى میلله‌تى ئێمه ویستى پێویستى پێیه‌تى حکومڕانییه‌که نه‌یتوانیوه هه‌مووى جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام مه‌عناش نییه قسمێکى زۆرى جێبه‌جێ نه‌بووه، ئێمه ده‌بێت واقعبین بین. دائیمه ده‌ڵێم دائیره‌یه‌ک هه‌یه پێى ده‌ڵێن دائیره‌ى واقعبینى، ئێمه‌و ئه‌وانه‌ى سیاسه‌ت ده‌که‌ین ئه‌وه‌ى وه‌زیره، سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌و ئه‌وه‌ى سکرتێرى حزبێکه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و واقعبینیه، یه‌که‌م به‌چاوى خه‌ڵک ته‌مه‌شاى خۆى بکات به‌چاوى خۆى ته‌ماشاى خۆى نه‌کات جا چ تاک بێت یان حزبێک یا حکومه‌ت یا په‌رله‌مان بێت، دووه‌م شته‌کان وه‌ک خۆى ببینێت و گرفته‌کان لێى رانه‌کات و رەتیشی نه‌کاته‌وه، مه‌سه‌له‌ن ناکرێ سه‌رۆکى هه‌رێم یا سه‌رۆکى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆک حزبێک وه‌ڵا له‌مه‌مله‌که‌تى من هه‌موو شتێک رێکوپێکه ده‌بێت وەزعى خۆى وه‌کو خۆى ببینێته‌وه، له‌و شێوه واقعبینییه هه‌ر هه‌نگاوێک بهاوێژیت و هه‌ر بڕیارێک وه‌ربگرێت حه‌دى ئه‌دنا لێى پاشگهزنهبێتهوهو په‌شیمان نه‌بێته‌وه، مه‌عنا لێى زهرهرنابینێتهوه، بڕیار‌و بۆچوونه‌که‌ى له‌و دائیره‌ى واقعبینییهدا ئیجابیه، ئه‌رێنییه‌که‌ى زۆرتره لهنهرێنییهکهى، ئێستا له‌کوردستان ئه‌وه ده‌بینم. هاوبه‌شێکى دیکه ئه‌وه‌یه واجبى هه‌موومانه ئه‌وه‌ى که‌هه‌یه بیپارێزین، ئه‌وه‌ى گله‌یى لێیه‌تى و ئه‌وه‌ى به‌به‌ژن و باڵیشى ده‌ڵێ هه‌ردوو هاوبه‌شییه‌ک هه‌یه ده‌بێت بیپارێزین، چونکه ئه‌گه‌ر نه‌یبێ گله‌یى له‌چى بکات، ئه‌گه‌ر نه‌یبێ به‌به‌ژن و باڵى چى بڵێت له‌به‌رئه‌وه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت هاوبه‌شێکه. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دینى نیم بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی هاووڵاتیبوونم مامۆستا عه‌لى باپیر، ئه‌میرى کۆمه‌ڵ قسه‌یه‌کى چاکى کرد، وتى ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکى رووخێنه‌ر نین، ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکین ده‌مانه‌وێت پشتیوانى حکومه‌ته‌که بکه‌ین بۆ چاکه‌کان و سلبیاته‌کانیش باس بکه‌ین، به راى من ئه‌مه هاوبه‌شێکى زۆر دروسته له‌نێوان حکومڕانى و ئۆپۆزسیۆندا، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه هێزه سیاسییه‌کان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ک بکه‌ین، ئاسایشى جڤاکى و ئه‌منى کۆمه‌ڵایه‌تى میلله‌ته‌که‌مان ده‌پارێزین کهخواستێکى سه‌ره‌کى میلله‌ته‌که‌ى ئێمه‌یه، ئاسایش و ئارامى وڵاته‌که‌مان دێته‌دى له‌و ئارامییه‌دا تواناى حکومڕانێکى باشتربین و ئۆپۆزسیۆنێکى واقعتربین ببینه‌وه، ئه‌مه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌یبینم به‌شێوه‌ى موتڵه‌ق نا، قانونم خوێندووه ناڵێم کابرایه‌کى قانونیم، به‌س عاده‌ته‌ن ئه‌وانه‌ى قانونین نابێ شته‌کان بهموتڵهقى باس بکه‌ن و وه‌ریبگرن، به‌ڵکو بهنسبى وه‌ریبگرن، نسبى باش له‌مه‌دا ده‌بینم سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چ له‌ناو مێشکى حزبه‌کانى حکومڕانى له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتر ئه‌وه ده‌هێڵمه‌وه بۆ رۆژگار، به‌ڵام ناکرێت ئه‌مه وه‌کو جه‌نابى مام جه‌لال به‌ر ره‌حمه‌ت بکه‌وێت که وتى ئه‌مه شه‌قى زه‌مانه واى لێ‌کردین وابیربکه‌ینه‌وه، من ده‌ڵێم قسمه‌ت شه‌قى زه‌مانه‌یه، چونکه ده‌وروبه‌رى ئێمه وه‌کو کورد هه‌موو ئاگره، هه‌مووى بۆ کوردستان دێته‌وه، ئه‌م هه‌رێمه خه‌ڵکه‌که‌ى ئه‌مڕۆ له‌پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان ئاسوده‌تر ده‌ژین، ئێمه ئه‌مه بهنهزهرى ئیعتبار وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه هه‌مووى شه‌قى زه‌مانه نین وابیربکه‌ینه‌وه. ناکرێت له‌سه‌ر نوجزى سیاسى شێوه‌ى بیرکردنه‌وه‌ى راستى حزبه‌کان تاڕاده‌یه‌ک ئه‌وه‌ش بهنسبى ناکرێت ئه‌مه له‌سه‌ر حسابى شه‌قى زه‌مانه بسڕێتەوە، ئه‌مه‌ش نه‌ڵێن وه‌ڵا شه‌قى زه‌مانه وامان لێده‌کاته‌وه باشترین بیرى لێبکه‌ینه‌وه. پارتی له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره دەبه‌ستێت ئەگەر زووتر نەبێت درەنگتر نابێت هاوڵاتی: ئه‌رکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌م قۆناغه‌دا چییه به‌تایبه‌ت بۆ پاراستى ئه‌و یهکڕیزیهى که باسى ده‌که‌یت؟ فازڵ میرانى: هه‌میشه وتوومه حه‌ز ناکه‌م حزبه‌کانى تر، براکانى ترمان به‌شێوه‌یه‌کى سلبى ئه‌م مه‌وزوعه وه‌ربگرن، من ئه‌ڵێم له‌ده‌ستکه‌وت حه‌قه پارتى رازى بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى تر یه‌کسان بێت و وه‌کو یه‌ک بێت، حسهى خۆى که‌مبکاته‌وه بۆ شه‌ریکێکى خۆى، ناکرێت تۆ شه‌ریکت هه‌بێ شه‌ریکى بێبه‌ش، ئه‌گه‌ر شه‌ریکت هه‌بێت ده‌بێت به‌شى بده‌یت، هه‌ندێجار به‌شه‌که‌ى لهئیستحقاقهکهى زۆرتربێت، بۆیه من له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان به‌سێ رۆژ وتم ئێمه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ برایانى یه‌کێتى بهکورسى په‌رله‌مان نابێت، به‌ڵام ففتى فیفتیش نه‌ما، ئه‌مه دائیره‌ى واقعبینییه. زۆر له‌براده‌رانى یه‌کێتى وتیان تۆ واتکرد که رێگه‌یه‌کى خۆشت نیشانى هه‌موو لایه‌کماندا، یانى ده‌رگایه‌کت کرده‌وه واتکرد هه‌موومان له‌و ده‌رگایه‌وه بچینه ژووره‌وه، نه ئێوه حسابى کورسیمان بۆ بکه‌ن و نه ئێمه به‌ده‌رگاى ففتى بهفیفتیدا بێین، ئه‌وه نوقتەى به‌هێزى یه‌کگرتنى پارتى و یه‌کێتییه، ئینجا هێزه‌کانى دیکه. به‌ڵام له‌ئه‌رکدا پارتى رازى نابێت ئه‌رکى وه‌کو خه‌ڵکى دیکه یه‌کسان بێت، چونکه لێره‌دا جوگرافیا‌و مێژوو یه‌کده‌گرێته‌وه، له‌مێژوو ئه‌رکى ئێمه زیاتره مێژوومان زۆرتره‌و له‌ساڵى 1946 ەوه، ناڵێم ئیمتدادى شۆڕشه‌کانى بارزان و مه‌مله‌که‌تى شۆڕشه‌کانى شێخ مه‌حمودى نه‌مرو و تادوایی. نه‌خێر، ده‌ڵێم له 1946ەوه ئه‌م حزبه هه‌یه، که‌واته وه‌ک مێژوو ئێمه کۆنترین له‌هه‌موویان، جوگرافیاش حاڵى حازر ئێمه نیمچه زۆرینهیهکمان هه‌یه له‌په‌رله‌مانیش، که‌واته جوگرافیا‌و مێژوو حه‌تمیه‌تێک له‌سه‌رت فه‌رز ده‌کات، که‌ده‌بێت ئه‌رکت زۆرتربێت، ئه‌رکى ئێمه وه‌کو پارتى ئه‌وه‌یه که‌ده‌بێت کراوه‌تر بین له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کان و زیاتر ماندووبون قبوڵ بکه‌ین، ئێمه بچین ئه‌و ده‌رگایه‌ى یه‌کتر قبوڵکردن بکه‌ینه‌وه‌و واڵابکهینهوه. ئێمه یه‌کێتى قبوڵبکهینهوهو یه‌کێتى گۆڕان قبوڵبکاته‌وه‌و گۆڕان لایه‌نێکى دیکه قبوڵبکاته‌وه‌و شیوعى ئیسلامییه‌کان قبوڵبکاته‌وه‌و ئیسلامى شیوعى قبوڵبکات. مسوڵمان یه‌زیدى و مه‌سیحى قبوڵبکاتهوه، یه‌زیدى و مه‌سیحى مسوڵمان قبوڵبکاته‌وه‌و ئێمه تورکمان قبوڵبکه‌ین. ئێمه خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ین، واجبى ئێمه‌یە ئه‌م ده‌رگایه واڵا بهێڵینه‌وه، وا بکه‌ین هه‌موومان له‌و ده‌رگایه بچینه ژووره‌وه، ئێمه‌ى پارتى ده‌بێت ده‌ستى خه‌ڵک بگرین و بهێنینه‌وه ژورێ پاڵ به‌خه‌ڵکه‌وه نه‌نێین بچێته ده‌رێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم نه‌وتى کوردستان ده‌ربهێنین ده‌موت ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق رێککه‌وتنمان هه‌یه‌و 17%ى بودجه‌مان هه‌یه‌و نهوتەکە با بمێنێت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو، تا ئه‌وکاته‌ى ده‌بینه ده‌وڵه‌ت هاوڵاتی: سه‌ردانه‌که‌ى مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێر، چ گرنگییه‌کى له‌ڕووى دبلۆماسییه‌وه بۆ کورد هه‌یه؟ فازڵ میرانى: ئه‌وه‌ى لاى من زۆر گرنگه له‌سه‌ردانه‌که‌ى مایک پێنس چ مه‌سجێکى بۆ عێراق هه‌بووه، له‌وانه‌یه ئێمه نه‌زانین، چ مه‌سجێکى بۆ ناوچه‌که‌ش هه‌یه له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش نه‌زانین، چونکه کورد فه‌قیره له مه‌علومات، ته‌بیعه‌تى شۆڕشه‌کانى ئێمه هه‌میشه لهتهوازنى ئیقلیمى و په‌یوه‌ندییه‌کاندا بێ مه‌علومات بووین، میلله‌تێکى فه‌قیر بووین نه‌مانتوانیوه لۆبى دروستبکه‌ین، ئێستا ره‌نگه له‌جاران باشتر بێت. ئه‌و وێنه‌یه‌ى که کاک نێچیرڤان سه‌رۆکى هه‌رێم و جێگره‌که‌ى و کاک مه‌سرور سه‌رۆکى حکومه‌ت و کاک قوباد جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت ئه‌م وێنه‌یه نیشاندا لاى من ئه‌وه گرنگه. ئه‌مه پێگه‌ى کورد نیشانى ئه‌مریکا ده‌دات، ئه‌مریکا یاریزانێکى گرنگى نێوده‌وڵه‌تییه، به‌ڵام چه‌ندى بۆ کورد هه‌یه، نازانین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم راگه‌یاندنى ئێمه مایک ببه‌نه بەردهمى سه‌رتاشێک یا میوه‌فرۆشێک ئه‌رێ مایک پێنس هاتووه بۆ کوردستان چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنیت؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌و راگه‌یاندنه نیم و له‌گه‌ڵیشى نه‌بوومه. مایک پێنس هات نه‌یتوانى بچێت بۆ به‌غدا، هات بۆ هه‌رێمى کوردستان ماڵى ئاوا بێت، تەئکیدى له‌سه‌ر هاوکارى شه‌ڕى داعش کرد ماڵیان ئاوا بێت، تەئکیدى کرد له‌سه‌ر دۆستایه‌تى کردنى ئه‌مریکاو کوردستان ماڵى ئاوا بێت ئه‌مه پێمانخۆشه، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت حساب بۆ خه‌ڵکێکیش بکه‌ین که پێیانناخۆشه. ئێمه زیاتر له حه‌دى خۆى بایه‌خ بده‌ین به‌شتێک خه‌ڵکێک به‌گژ خۆماندا ده‌کەین، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام با مه‌دحى تۆ بکه‌م، به‌ڵام زه‌مى ئه‌و براده‌ره نه‌که‌م، با دڵى ئه‌و خۆش بکه‌م، به‌ڵام تۆ نه‌ڕه‌نجێنم. ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له که‌رکوک ته‌قا به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه هاوڵاتی: عارف قوربانى نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد که‌ناکرێت زۆر باسى هاتنه‌که‌ى مایک پێنس بکه‌ین ده‌بێت حساب بۆ ئێران بکه‌ین که‌کێشه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا هه‌یه، تاچه‌ند گرنگه سه‌رکردایه‌تى سیاسى باڵانس بپارێزێت له‌نێوان هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو وڵاتانى ئیقلیمى به‌تایبه‌ت ئێران؟ فازڵ میرانى: من و تۆ دراوسێى یه‌کین لهکوردهواریش، ناحه‌ز، یان خوێندارێکى تۆ دێته‌وه ماڵى من تۆ ئیحترامه‌ن بۆ من هیچی پێناڵێیت، به‌س ناکرێت من ئیستفزازى تۆی پێبکەم. چونکه ئه‌بێ رێزێکیشم بۆ تۆ هه‌بێت، ده‌بێت حسابێک بۆ تۆش بکه‌م، ئه‌مه‌ش وایه. قسه‌کانى کاک عارف قوربانى که‌که‌سێکى زانایه‌و زۆر موتابه‌عه‌ى قسه‌کانى ده‌که‌م سیاسهتمهدارو رۆژنامه‌نووسێک و کوردێکى باشه، دایمه رێزم بۆ بۆچوونه‌کانى کاک عارف هه‌یه له‌به‌رنامه‌ى رووداو گوێى لێ راده‌گرم. مه‌رج نییه من و ئه‌و له قسه‌کانیدا یه‌کبگرینه‌وه، به‌ڵام له‌زۆر شوێن مهبدهئى تهناسولقهوانین هه‌یه لهقانوندا، تهناسولخهواتریش هه‌یه له‌مه‌سه‌له‌ى رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه‌ى ئه‌و وتویهتى راستییه‌کى بۆ هه‌یه. به‌براده‌رانى خۆمانم وتووه هه‌وڵبده‌ن ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه باشه نیشانى بده‌ن، به‌س هه‌وڵبده‌ن ئیستفزازى خه‌ڵک مه‌که‌ن. وتیان یه‌کێک چووه بۆ دوکانێک ویستویه‌تى روبه هه‌نار بکڕێت وتویهتى کاکه ڕڕوووووبه هه‌نار هه‌یه، وتویهتى کاکه هه‌یه به‌ڵام به‌و خهستییهى تۆ ده‌یڵێیت نا، با ئێمه‌ش واى لێنه‌که‌ین. ڕه‌نگه دوور نه‌بێت عێراق په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ببه‌ستێت هاوڵاتی: به‌ڕێزتان ئاگادارن وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى دووشه‌ممه 25ى تشرینى دووه‌م چوونه‌وه به‌غدا، باس له‌وه‌ده‌کرێت هه‌رێم (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌داته به‌غدا، رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا تاچه‌ند وه‌کو پارتى به‌لاتانه‌وه گرنگه؟ فازڵ میرانى: مه‌بده‌ئێک هه‌یه پراگماتیکى رێگه‌یه‌کى باشه، به‌ڵام ده‌بێت ئینسان باش ئه‌داى بکات، که باش پراگماتیکیت به‌کارهێنا، زه‌ره‌رى تێدا نه‌که‌یت، ئه‌گه‌ر سودیش نه‌که‌یت زه‌ره‌ر نه‌که‌ی. ئێستا هه‌رێم و عێراق پراگماتیکین، پێویستمان به‌یه‌ک هه‌یه له رووى ئه‌منییه‌وه، به‌ڵام له رووى ئابورى و داراییه‌وه نه عێراق لهوهزعێکى وادایه که‌ئێمه زۆر بیناى له‌سه‌ر بکه‌ین، نه عێراق تا ئێستا به دڵ ده‌توانێت لەگەڵ کورد بێت، چونکه کێشه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا کێشه‌ى عه‌قڵیه‌ته‌و کێشه‌ى شه‌خس نییه، عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌کو شه‌خس باشتره له زه‌ید، یا عه‌مر، به‌ڵام ئه‌و باشترینه له‌وانه‌یه له‌چوارچێوه‌ى شه‌خسدا بێت. ئێمه ته‌مه‌ننا ده‌که‌ین له‌خوا ده‌خوازین ڕۆژێک عه‌قڵیه‌تى حکومڕانى و ده‌سته‌جه‌معى بگۆڕێت‌و باش بێت، ئێستا حوکمه‌کانى عێراق نه خۆیان ته‌به‌نى فیدڕاڵیهتیان کردووه، له‌ده‌ستور هاتووه به‌ڵام وردکردنه‌وه‌ى فیدڕاڵیه‌ت به‌شێکیان ئیستعابى ناکه‌ن، هێشتا له‌دیدى شۆڤێنییەتى خۆیانه‌وه بەشێکیان ئیستعابى ناکه‌ن، ده‌ڵێن کورد چۆن فیدڕاڵیه‌تى هه‌بێت، بابه ئه‌مانه بوونه‌ته ده‌وڵه‌ت، ئه‌مانه لەبن ده‌ست ده‌رچوون، ده‌یه‌وێت هه‌میشه ئێمه له‌بنده‌ستیاندا بین، بیرێکى ئینسانى له‌سه‌ر مێشکی سیاسییه‌کان زاڵنه‌بووه که‌بڵێت کاکه ئه‌وانیش وه‌کو ئێمه ئینسانن (40) ملیۆن کورد هه‌یه، باشه بۆ ئه‌م (40) ملیۆنه بۆ حه‌قى خۆى نه‌بێت ده‌وڵه‌تى هه‌بێت، بۆ ئێمه حه‌قمان به‌تورکیاو سوریا‌و تورکیا نییه، ئێمه‌ى کوردى عێراق شه‌ش بۆ حه‌وت ملیۆن که‌سین، باشه به‌حره‌ین به‌قه‌ده‌ر پارێزگاى هه‌ولێره، دوبه‌ى به‌قه‌ده‌ر دهۆکه، کوه‌یت به‌قه‌ده‌ر سلێمانییه، باشه بۆ ئه‌م میلله‌ته حه‌قى نه‌بێت ده‌وڵه‌تى خۆى هه‌بێت، لهبندهستدهرچوونى ئێمه‌ى کورد به‌زه‌ره‌رى خۆى ده‌زانێت، که ئه‌ننه‌ما عه‌بدى ئه‌وانین، که ئهننەما ئه‌و عه‌بده خاکى ئه‌وه‌و ئێمه لێى ده‌سێنینه‌وه. له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم چوومه به‌غدا خه‌ڵکێک زۆر به‌ناهه‌ق باسى منیان کرد، پێیانم وت کاکه ئێمه ریفراندۆممان کرد به‌س ئێوه محاسه‌به‌ى ئێمه‌تان له‌سه‌ر ریفراندۆم نه‌کردووه، ئینجا به‌ئێمه‌یان ده‌وت ئینفیساڵ، پێموتن کاکه ئینفساڵ نییه ئیستقلاله، جیاوازى هه‌یه له‌نێوان ئیستقلال و ئینفیساڵ، وتم ئێوه موحاسه‌به‌ى ئێمه‌تان کردووه له‌سه‌ر تاوانێک که‌ئێمه نه‌مانکردووه، ئه‌ویش ئیستقلاله، له‌گه‌ڵ پیاوێکى ئاینیان قسه‌م کرد وتم باشه ئێوه لهنیزامێکى ئیسلامى گریمان ئێوه ئینسانێکى که به‌ڕۆژوو بێت ئیفتارى عهلهنى بکات جه‌ڵده‌ی ده‌که‌ن، وتیان به‌ڵێ، وتم منى رۆژوو ئه‌وه چومه ناو مه‌تعه‌مێک به‌س ئیفتارم نه‌کردو شاهیدم هه‌یه، باشه حوکمى جه‌ڵده ده‌چێته سه‌رم، وتیان نه‌خێر، پێم وتن ئێوه وا تاوانبارمان ده‌که‌ن. ئێمه ریفراندۆممان کردووه به‌س ئیستقلالمان نه‌کردووه‌و ئێوه جه‌ڵده‌ى ئیستقلالهکهتان له‌کورد داوه، وتم ئه‌مه عیلاقه‌ى بهعهقڵیهتهوه هه‌یه، به‌و پیاوه ئاینیهیانم وت کورد مسوڵمانه وتى به‌ڵێ، وتم ئێوه‌ش وتى ئێمه‌ش مسوڵمانین، ده‌ى وتم فه‌رموده‌یه‌ک هه‌یه (لا یٶمن أحدکم حتى یحب لأخیه ما یحب لنفسه) وتى وه‌ڵا راسته. وه‌ختى خۆیشى که کاک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو، چووه به‌غدا پێیوتن کاکه بودجەکەمان بده‌نێ با موچه بده‌ین و پڕۆژه‌کان ئه‌نجامبده‌ین، فه‌رموون با هه‌موو نه‌وته‌که بۆ ئێوه بێت. که‌کاتى خۆى له‌ده‌ستوردا که لهماددهکانى (111 و 112) ى نه‌وت و غاز دانرا تهفسیرهکهى ئینتیقائییه (بەشێک لەهەموو پاکێجەکە دەردەهێنریت و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت)، ئه‌گه‌رنا وازحه ئه‌وه‌ى پێشتر هه‌بووه ئه‌وه عیلاقهتى به‌عێراقه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ى دواتر پاش نوسینەوەی ده‌ستور، بوونى که‌شفکردن و ده‌رهێنان و فرۆشتنى و هه‌نارده‌ى ده‌بێت به‌ئیداره‌ى موشته‌ره‌ک بێت و هه‌رێمى کوردستان لێى به‌رپرسه، ئه‌وان که ئه‌و رێکهوتنهیان قبوڵکرد له‌ده‌ستور ماوه‌یه‌ک له‌به‌غدا بووم له‌گه‌ڵ جه‌نابى کاک مه‌سعود بارزانى له‌ساڵى 2007 ئه‌وان ته‌سه‌وریان ده‌کرد که‌کورد ناتوانێت نه‌وت بهێنێته ده‌رێ، یان کههێنایانه ده‌رێ نازانن کورد چۆن دهیفرۆشێت، له‌به‌رئه‌وه ره‌زامه‌ندییان نیشاندا، که‌بینیان کورد نه‌وتى هێناوه‌ته ده‌رێ و ده‌توانێت بیفرۆشێت پاشه‌کشه‌یان کرد، ئیتر ئه‌وه‌بوو بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانیان بڕى له 2014دا. شه‌خسییه‌ن وه‌ک خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم نه‌وتى کوردستان ده‌ربهێنین، ده‌موت ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق رێکه‌وتنمان هه‌یه‌و له‌سه‌دا 17%ى بودجه‌مان هه‌یه‌و نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان با بمێنێت تا ئه‌وکاته‌ى ده‌بینه ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو، به‌ڵام بۆ وێنه‌یه‌کى سیاسى باشیش بوو که‌بتوانێت ئه‌م ئیمکانیه‌ته‌ى هه‌یه، واتا زیاتر بازدانێکی سیاسى هه‌بووه وه‌ک له‌وه‌ى ئابوورى هه‌بێت، به‌هه‌رحاڵ سیاسه‌ت و ئابوورى ته‌واوکه‌رى یه‌کترن. ئه‌م کرانەوەیەی ئێستاى حکومه‌تى عێراق باشه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم، غه‌دریان کرد موچه‌ى فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان بڕى، ئایا ئه‌م کوردستانیانه عێراقین یا عێراقى نین، دکتۆرو موهه‌ندیس و محامى و مامۆستایه‌ک و سسته‌رێک و.. هتد. ئه‌مانه عێراقین ده‌کرێت ئه‌وان لاى خۆیان موچه بده‌ن بهفەرمانبەرانی خۆیان و نه‌یده‌نه فەرمانبەرانی هه‌رێم، ئه‌مه به‌ڵگه‌ى ئه‌وەیە عێراق به هاوڵاتى پلە یه‌ک کوردیان قبوڵ نییە، تائێستا نه‌یانتوانیوه فیدڕاڵییه‌ت وه‌کو ئه‌رکى ئێمه‌و وه‌کو مافیش بتوانن ته‌به‌نى بکه‌ن و پراکتیکى بکه‌ن، چونکه جارى واهه‌یه دیموکراتى هه‌ر هه‌ڵبژاردن نییه، ئێمه هه‌موومان باسى دیموکراتییه‌ت ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر بێت و لهتهبهنى و پراکتیکى لهمومارهسهوه له‌دروشمدا پێرفێکتین، ئێمه له‌به‌رزکردنه‌وه‌ى دیموکراتییه‌ت، هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین به‌و شێوه‌یه خه‌ڵکێک پێى رازییه‌و خه‌ڵکێک تهعنى لێده‌دات، ئه‌مه دیمه‌نێکى دیموکراتیه‌ته، ئایا مێشکى ئێمه‌ومانان وه‌کو حه‌ره‌که‌یه‌ک و جڤاکێکى سیاسى دیموکراتیه‌ت بهمهفهوم ته‌به‌نیان کردووه‌و وه‌کو مه‌فهومێک به‌شێوه‌یه‌کى سالم پراکتیکى ده‌که‌ین؟ به‌ڕاى من ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان کرد ئه‌م کێشانه‌ى که له‌ناوخۆماندا هه‌یه زۆر که‌مده‌بێته‌وه، من ناڵێم نامێنێت، چونکه له‌و وڵاتانه‌ى که زۆر دیموکراتین کێشه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌ر هه‌یه، ته‌عن و ره‌خنه لهیەکتر ده‌گرن لهشیعارات و ...هتد، به‌ڵام ئه‌م نزیکبوون و لێکتێگهشتنهى ئێمه که‌وڵاتى ئێمه‌ش و کارمه‌نده‌کانمان پێمباشه مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ران موچه‌کانیان وه‌ربگرن، هه‌موو که‌س تێناگات که بۆچى عێراق وا ده‌کات، ئه‌حزابى سیاسى به‌داخه‌وه جوڵه‌ى بایکۆتى قوتابخانه‌کان و زانکۆیان له‌هه‌رێمى کوردستان دەکرد، نه‌یانوت عێراق مووچه‌ى ئێمه‌ى بڕیوه، ده‌یانوت حکومه‌تى هه‌رێم مووچه نادات، ئینجا بەشێک ده‌یانوت نێچیرڤان بارزانى پاره‌ى هه‌یه‌و نایدات. ئایا هیچ مه‌نتقێک هه‌یه کە نێچیرڤانێک کوڕى ئیدریسى کوڕى مه‌لا مسته‌فاى بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بێت، یان قوباد تاڵه‌بانى کوڕى جه‌لال تاڵه‌بانى به‌ڕه‌حمه‌ت بێ، حه‌ز ده‌که‌ن مووچه‌ی مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ر نەدەن و ئەوانیش بێنه سه‌ر شه‌قام، مه‌نتق ئه‌مه قبوڵ ناکات. هه‌تا ئه‌و حزبانه‌ى کههانى مامۆستایان ده‌دا بایکۆت بکه‌ن، من جارێک موخاتهبهیانم کرد که ته‌علیم موڵکى میلله‌تێکه ئه‌وسا که روبعە معاشیان ده‌دا، پێم وتن که‌واته ده‌بێت روبع ده‌وام بکه‌ن، تۆ نیو موچه وه‌رده‌گریت نیو ده‌وام بکه، له‌دونیاى پێشکه‌وتووش وایه. من له‌وڵاتێک چوار سه‌عات ئیش بکه‌م پاره‌ى هه‌شت سه‌عات وه‌رناگرم، پاره‌ى چوار سه‌عات وه‌رده‌گرم، ئێوه ده‌وام ناکه‌ن و نیو معاشه‌که وه‌رده‌گرن زه‌ره‌ر له‌خۆتان و منداڵى خۆتان ده‌ده‌ن له‌وڵاته‌که‌ى خۆتاندا، حکومه‌ته‌که‌ش هه‌ر ده‌مێنێ، یا به‌م شێوه‌یه یان به‌شێوه‌یه‌کى تر. هه‌ر هه‌نگاوێک له‌گه‌ڵ عێراق پێمباشه، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابى سیادى و فیدڕاڵییهتى کوردستان نه‌بێت. هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه هاوڵاتی: پێتانوایه مه‌ترسى له‌سه‌ر فیدڕاڵیەتى هه‌رێمى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بوونى هه‌یه؟ فازڵ میرانى: مه‌ترسى له‌سه‌ر کوردستان و فیدڕاڵییه‌ت و ئه‌منى ئێمه هه‌یه، ته‌نها کورد وته‌نى ته‌نها کرمى دار ئه‌گه‌ر له‌دار نه‌بێت زه‌ره‌رى دار نییه، من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌کبین من هیچ مه‌ترسى له‌سه‌ر فیدڕاڵییه‌ت نابینم، به‌تایبه‌تى باسى پارتى و یه‌کێتى ده‌که‌م، من نامه‌وێ خه‌ڵکى تر که به‌رپرسیارێتیان که‌مترە بکه‌مه ئه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى زۆریان هه‌یه، به‌ڵام هه‌موومان پێکه‌وه یه‌ک بین هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر فیدڕاڵییه‌ت نابینم. هاوڵاتی: ئایا پارتى دیموکراتى کوردستان هێشتا له‌گه‌ڵ ئابوورى سه‌ربه‌خۆدایه که‌پێشتر نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه کرا، یان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌غدا مامه‌ڵه بکه‌ین؟ فازڵ میرانى: به راستى ئابوورى و بازاڕى ئازاد هه‌یه‌و ئابورى سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، بۆ ئه‌مه ده‌بێت په‌نا بۆ ئابووریناسان ببه‌ین، چونکه سیاسى ده‌ست له‌هه‌موو شتێک ده‌دات، به‌ڵام مه‌رج نییه له‌هه‌موو شتێک بزانێت له‌هه‌ر شتێک شتێک ده‌زانێت، که‌باسى خوێندنى باڵا ده‌که‌م ده‌بێت په‌نا بۆ مامۆستایانى زانکۆ ببه‌م. له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌ڵه‌ن ئابوورى سه‌ربه‌خۆ، ئێمه سه‌ربه‌خۆ نین، ئێمه مه‌حکومین پێکەوەژیان له‌گه‌ڵ عێراق بکه‌ین، له‌که‌ناڵى ئەلعەرەبیە له‌منیان پرسى ئێوه پەیوەندیتان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چۆن بووه، وتم عیلاقاتى کۆنت بۆ باس ده‌که‌م، به‌ڵام ئێستا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا نییه، به‌ڵام هه‌رکاتێک عێراق په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ست، ئێمه‌ش به‌شێکین له‌عێراق. ته‌وه‌قوع ده‌که‌م عێراق له‌ئاینده‌دا که ره‌نگه ئاینده‌یه‌کى دووریش نه‌بێت په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ببه‌ستێت، چونکه نیزامى عه‌ره‌بى نیزامێکى قوتڕییه، نیزامى وه‌حده‌ى عه‌ره‌بى نه‌ماوه، کە قه‌زییه‌ى فه‌له‌ستین باسبکه‌ن، هه‌ر وڵاتێک حیمایه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆى ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه تا به‌شێک بین له‌عێراق ئێمه مه‌حکومین به‌سیاسه‌تى ئابوورى و نه‌وتى عێراق، چونکه زۆر شت هه‌بوو له‌ده‌ستوریش وه‌ختى خۆى ده‌یانویست عێراق ده‌ستورێکى هه‌بێت و هه‌ڵبژاردن بکرێته‌وه، هێڵى ئاسمانى مه‌سه‌له‌ن مه‌سئولێکى ئێمه ناتوانێت به‌بێ عێراق داببه‌زێت به فرۆکه‌یه‌کى تایبه‌ت، یان میوانێکمان بۆ بێت ده‌بێت ئیجازه له‌عێراق وه‌ربگرین. ئه‌م مه‌سائیلانه ئیحتماله که‌م تهجروبهیشى تێدابووبێت که واى لێهات، به‌ڵام ئابووریناسى باشمان هه‌یه له‌کوردستان زۆر نین و که‌من، به‌ڵام ده‌بێت به‌قسه‌ى ئابووریناسان بکه‌ین له‌پرسه ئابوورى و داراییه‌کاندا. کاک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو چووه به‌غدا پێیوتن کاکه بودجەکەمان بده‌نێ با موچه بده‌ین و پڕۆژه‌کان ئه‌نجامبده‌ین فه‌رموون با هه‌موو نه‌وته‌که بۆ ئێوه بێت هاوڵاتی: چۆن لهڕێکهوتنى هه‌سه‌ده‌و حکومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڕوانن؟ فازڵ میرانى: ئه‌وه‌ى سه‌ر به‌ڕه رێکه‌وتنێکى سه‌ربازییه، ئه‌وه‌ى بن به‌ڕه به‌ڕاستى ورده‌کارییه‌کانى نازانین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ره‌ئى شه‌خسى منه حزبه سیاسییه‌کانى کوردستان ده‌بێت سەربەخۆیی خۆیان هه‌بێت، ناکرێت پارتى دیموکراتى کوردستانى سوریا عایدى پارتى بێت و ناکرێت پژاک عایدى یه‌کێتى نیشتمانى بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر سەربەخۆیی خۆیان پاراست، ئه‌وان به‌رپرسن به‌رانبه‌ر بهقهزییهى قه‌ومى خۆیان. ئه‌و ئیدارهتهى له‌کوردستانى سوریا بوو نه‌یانتوانى ته‌مسیلى هه‌موو کورد بکه‌ن و ته‌مسیلى خۆیان کرد، به‌شێکیان گیران و به‌شێکیان باره‌گاکانى خۆیان داخست و به‌شێکى تریان ده‌ربه‌ده‌ربوون، ئێستا خه‌ریکن یه‌کبگرنه‌وه له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌سه‌د، به راى من ئه‌مه شه‌قى زه‌مانه‌یه ئه‌گه‌رنا پێشتریش ده‌یانتوانى ئه‌مه بکه‌ن، چونکه قه‌زییه‌ى ئێمه‌ى قهومىە، هه‌ندێکیان ده‌ڵێن ئێمه کێشه‌ى قه‌ومیمان نییه به‌داخه‌وه جیاوازى ناکه‌ن له‌نێوان ده‌وڵه‌تى قه‌ومى و کێشه‌ى قه‌ومى، منیش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دینى نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى مهواتنم (دەوڵەتی هاونیشتیمانی) که من ده‌وڵه‌تم هه‌بێت، به‌ڵام ناکرێت من کێشه‌یه‌کى نەتەوەییم هه‌بێت چاره‌سه‌ر نه‌کرابێت و بڵێت هیچ کێشه‌یه‌کى قه‌ومیم نییه‌و ئه‌چم فیدڕاڵیهتێکى دیموکراتى له‌سه‌رتاسه‌ری عاله‌م داده‌مه‌زرێنم، کاکه تۆ چى، تۆ حهرهکهیهکى چه‌کداریت له‌شاخ عاسى بویت هه‌ر چوارده‌وره‌که‌ى تۆ ئاگره، ئێران نیزامێکى ئیسلامییه، سوریا سیستمێکى تاک حزبى قه‌ومی عه‌ره‌بییه، تورکیا سیستمێکى حزبى سوننه‌یه، ده‌وروبه‌رى تۆ هه‌ر یه‌که‌و به‌شکڵێک سیستمێکى هه‌یه، تۆ له‌کوێ فیدڕاڵى دیموکراتى له‌کوێ دروستده‌که‌یت، فارس ده‌ڵێن کهبهردى گه‌وره هه‌ڵبگریت نیشانه‌ى نه‌هاویشتنه، له‌به‌رئه‌وه حه‌قه دروشمى ئه‌حزابى کوردى له‌گه‌ڵ واقعییه‌ت و ئیمکانییهتیداو جێبه‌جێکردنیدا بگونجێت، له‌به‌رئه‌وه من ته‌ره‌فدارى ئه‌و مفاوهزاتانهم حه‌زده‌که‌م کورد له‌لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستورى سوریا به‌شداربووه، حه‌زده‌که‌م کوردى عێراق بهپارتى و یه‌کێتى و هه‌رێمى کوردستانه‌وه داوا له‌روسیا بکه‌ن فشار له رژێمى ئه‌سه‌د بکه‌ن که‌مافى کورد قبوڵ بکات، مافى کورد حهسڕ نه‌کرێت له بزوتنه‌وه‌یه‌کى چه‌کدارى نێوان تورکیا‌و شه‌ڕى داعش، مافى کورد دهستورییهن جیابکرێته‌وه له‌مه‌سائیلى سه‌ربازى، هێزه سیاسییه‌کانى کوردستانى سوریا هه‌ر هه‌موویان به‌خۆدابچنه‌وه له‌و دائیره‌ى واقعبینییهدا ده‌رنه‌چن، ئێستا شاره‌کانى کوردستانى سوریا چۆڵ بوونه‌و خه‌ڵکه‌که‌ى ئاواره‌بوون و زۆربه‌یان چونه‌ته کوردستانى تورکیا‌و به‌شێکیان هاتوونه‌ته عێراق، ده‌بێت شتێک بکه‌ن سبه‌ینێ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت له‌مه‌جلیسى په‌رله‌ماندا، سبه‌ى له‌ناوچه کوردییه‌کان کورد ده‌رناچێت، چونکه ده‌بنه که‌مینه، ئێستا (300) سێ سەد هه‌زار کوردى سوریا ته‌نها له‌کوردستانى عێراقه، ئێ ده‌نگى به‌شى پێنج بۆ شه‌ش ئه‌ندامى په‌رله‌مان ده‌کات به‌لاى که‌مه‌وه، به‌هه‌رحاڵ خه‌ریکن هه‌رێمى کوردستان و جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى له‌گه‌ڵ لاڤرۆف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ئه‌و مهوزوعهى باس کردووه، حکومه‌تى ئێمه پشتیوانى کردووه، جه‌نابى کاک نێچیرڤان بارزانى دووباره په‌یوه‌ندى کردووه له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم کوبانێ، جه‌نابى کاک مه‌سرور چووبوو بۆ که‌مپى ئاواره‌کان، چووبوو بۆ کورده‌کان قسه‌ى کردبوو به‌و نه‌هجه، حه‌تا ئێمه‌و یه‌کێتیش له‌سه‌ر یه‌ک سیاسه‌ت رێکبکه‌وین که رێنمایى حه‌ره‌که‌ى سیاسى له‌کوردستانى سوریا پێکه‌وه بکه‌ین. هاوڵاتی: ئایا پارتى سلێمانى قبوڵ نییه‌و نایه‌وێت، یان سلێمانى پارتى قبوڵ نییه‌و نایه‌وێت؟ بۆچی مه‌سافه‌یه‌ک هه‌یه له‌نێوان سلێمانى و پارتیدا؟ فازڵ میرانى: دوو که‌س یه‌کتریان خۆشده‌وێت له‌دڵدا، به‌ڵام فرسه‌ت نییه زوو زوو یه‌کتر ببیننه‌وه ئه‌و نه‌بوونى فرسه‌ته قیاس نییه بۆ نه‌بوونى خۆشه‌ویستى له‌نێوانیاندا، ئه‌مه هه‌قیقه‌تێکه، من تەئکیدم سلێمانى پارتى ده‌وێت، تەئکیدیشم له‌وه‌ى پارتیش سلێمانى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌و ویست و خۆشه‌ویستیه‌ى نێوان پارتى و سلێمانى هه‌ندێ جار رێگرى په‌یدابووه. حه‌ز ناکه‌م بچمه مێژووى ئه‌وه، چونکه مێژوو باسکردن هه‌ڕه‌شه نییه له‌خه‌ڵک، خه‌ڵکى سلێمانى مه‌لا مسته‌فاى نه‌مریان حهواندهوهو گه‌یاندیانه‌وه بۆ ناوچه‌ى بارزان له رێگاى ئێرانه‌وه، له‌ساڵانى حه‌فتاکان خه‌ڵکى سلێمانى باره‌گایان بۆ پارتى کرده‌وه به هه‌دییه، ئه‌مه مێژووه. خه‌ڵکى سلێمانى زۆرن لەشههیدهکانى شۆڕشى ئه‌یلولدا، له‌دواى ساڵى 1975 شێوه حهملهیهکى ئاشبه‌تاڵ، ئێمه بووین به‌ئاشبه‌تاڵ، ئه‌مه به‌رنامەى سیاسى بووه، رمووزى ئێمه ئیختیال کران، له‌به‌رئه‌وه باسکردنى مێژوو زۆر باش نییە به‌ڕه‌حمه‌ت بێت کاک عه‌لى عه‌بدوڵڵا ده‌یوت: باسکردنی مێژوو گۆڕ هه‌ڵته‌کێنه، ئێمه حه‌زناکه‌ین باسى گۆڕ هه‌ڵته‌کێن بکه‌ین، به‌ڵام مهوانعى ته‌بیعى و ناتهبیعى له‌نێوان ئێمه‌و سلێمانیدا هەیە. یه‌که‌م به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌وه‌ى کهزهمینه خۆش نه‌بووه‌و دووه‌م شەپۆلێکی ئهنتى پارتى له‌سلێمانى مونه‌زه‌م بووه‌و ته‌نها لاى حزبێک نه‌بووه. نمونه‌یه‌کى بچوکت بۆ ده‌هێنمه‌وه، له 17ى شوباتدا ئێمه ته‌نها لایه‌نى سیاسى نه‌بووین له‌حکومه‌تدا، مقه‌ڕى ئێمه که‌وته به‌ر شاڵاو، به‌ڵام ئه‌وانى تر که له‌ناو حکومه‌تدابوون مقهڕهکانیان دهستلێنهدرا، ئه‌مه بەرنامەداڕێژراوە. من یه‌که یه‌که‌ى پارتییه‌کان که‌خۆیان راگرت له‌سلێمانى هه‌ر له‌ساڵى 1975ـەوه تائێستا ئه‌وانه‌ى شه‌هیدبوون گۆڕیان ماچ ده‌که‌م، ئه‌وانه‌ى بریندارن ده‌ستیان ماچ ده‌که‌م، ئه‌وانه‌ى ئێستا ماون و به‌رده‌وامن له‌خه‌باتى خۆیان یه‌که یه‌که ده‌ستیان ده‌گوشم و چاویان ماچ ده‌که‌م، پارتى خۆى گرت. ئیقلاعى پارتى، شهلع قه‌لع (لەڕەگەوە دەرهێنان) سه‌رنه‌که‌وت، به‌هیمه‌تى پارتییه‌کانى راسته‌قینه‌ى سلێمانى و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ى گه‌رمیان پارتی خۆى گرته‌وه. ئێستاش به‌ته‌سه‌ورى من ئه‌رکه له‌سه‌ر ئێمه بهخۆدابچینهوه چۆن ئه‌و خۆشه‌ویستییه له‌نێوان پارتى و سلێمانى نوێ بکه‌ینه‌وه، نوێش ده‌بێته‌وه ئیسپات بوو پارتى هیچیش نه‌کات به‌س خواستى سلێمانییه‌کان له‌ناو دڵى هه‌موومان پارتییه‌کان هه‌یه‌و ده‌شمێنێ. هاوڵاتی: به‌رنامه هه‌یه نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى بکه‌نه‌وه؟ فازڵ میرانى: نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى و دهۆکیش ده‌کرێته‌وه، ئاینده له‌که‌رکوکیش ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌رکى سه‌رۆکى هه‌رێمه‌و ئێستاش به‌و کاره‌وه مه‌شغوڵه. هاوڵاتی: کێشه‌ى دانانى پارێزگارى که‌رکوک که رێکه‌وتنێک له‌نێوان ئێوه‌و یه‌کێتى ئه‌نجامدراو یه‌کێتى پارتى تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بووه، ئێوه‌و یه‌کێتى سێ رێکهوتنتان هه‌بووه (پێکهێنانى حکومه‌ت، رێکه‌وتنى سیاسى، دانانى پارێزگارى که‌رکوک) ئه‌مه گله‌یى یه‌کێتییه له‌ئێوه؟ فازڵ میرانى: گله‌یى له‌یه‌کتر بکه‌ین ده‌بێت سنگمان کراوه‌بێت بۆ یه‌کتر، به‌ڵام حه‌قه خه‌ڵک بزانێت ئێمه قوتماندا، مورهشهحى یه‌کێتیمان کرده مورهشهحى کوتله‌ى خۆمان بۆ پارێزگارى که‌رکوک و ده‌مانزانى یه‌کێتیه‌و پێشتر وه‌کیل وه‌زیر بووه، به‌ڵام فه‌رموون بابیکه‌ینه پارێزگار، ئێمه قبووڵمان نه‌کردووه!! ئێمه کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیمان به‌ستووه کاک مه‌حمود ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى وتویهتى ئه‌م براده‌ره کاندیدى ئێمه‌یه بابیکه‌ینه پارێزگارى که‌رکوک. له‌حه‌قیقه‌ت بهقومبهلهیهک ده‌تتوانى بینایه‌ک بڕوخێنیت له‌ماوه‌ى پێنج خوله‌کدا، به‌ڵام به سێ مانگ و شه‌ش مانگ و ساڵێکیش دروستنابێته‌وه. ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له که‌رکوک ته‌قا به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه، کورد وته‌نى ئه‌وه‌ى ساوه‌رى خواردووه با ئه‌وه بچێته‌وه شاییه‌که‌ى، بابێین که‌رکوک چاکبکه‌ینه‌وه رێگاى چاکبونهوهکهى، چونکه به ته‌سه‌ورى ئێمه محافزێکیش دابنێن، محافز ناتوانێت ئه‌م حى ته‌نه‌ک و ما حى ته‌نه‌ک (مەبەست لەو گەڕەکەیە کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دروستکراوە لەباشووری شارەکەو عەرەبی هاورەی تێدا نیشتەجی کراوە)، هاورده‌کان و ده هه‌زارییه‌کان و ئه‌وه‌ى کهوهکیل محافزهکه ئه‌و ماوه‌یه‌ى که دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ر ئه‌و ئیجرائاتەى حکومه‌تى عێراق کردى به‌یارمه‌تى خودى براده‌رانى یه‌کێتى له‌که‌رکوک به‌ئاسانى ئه‌و ئاسارانه لانابرێتهوه، به‌ڵام ئه‌مه مه‌عناى ئه‌وه نییه ئێمه ئه‌وه‌ى که‌حکومه‌ت نایکات، ئه‌وه‌ى کهحهشدى شه‌عبى له‌که‌رکوک ده‌رناچێت، زده تڕۆى عێراق (دژە تیرۆری عێراق) له‌که‌رکوک ده‌رناچێت پارتى قاچاغه له‌که‌رکوک، ئێستا ئه‌وه‌تا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى محافهزهى که‌رکوک هه‌ر هه‌مووى دراون به‌مه‌حکه‌مه، ده‌با عیلاجێکى بکه‌ین، ئه‌مه مه‌عنا نییه براده‌رانى یه‌کێتى به‌ئازادى له‌که‌رکوک داده‌نیشن مقهڕاتیان هه‌یه ئیتر که‌رکوک ته‌واوه، نه‌وه‌ڵا دۆخى که‌رکوک ته‌واو نییه، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین هه‌ر رێگایه‌ک و مه‌جال هه‌بێت ئێمه حازرین و فه‌رموو با بیکه‌ینه محافزى که‌رکوک. لیژنه‌یه‌کمان دروستکردووه که‌بچن قه‌زییه‌ى که‌رکوک باس بکه‌ن و زۆریش کاره‌کانیان پێشکه‌وتووه‌و نوێنه‌رى زۆر لایه‌نى تێدابووه، کاک خالید شوانى سه‌رپه‌رشتى ده‌کات، کاک شاخه‌وان عه‌بدوڵاى تێدایه‌و نوێنه‌رى هه‌موو لایه‌نه‌کانی تێدایه‌و به راستى ئێمه کاره‌که‌مان داوه‌ته ده‌ست ئه‌و لیژنه‌یه، ئه‌و لیژنه‌یه هه‌رچى رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکات ئێمه پشتیوانى له‌و لیژنه‌یه ده‌که‌ین، به‌ڵام شتێک به‌هه‌موومان ناکرێت بێین به ملى فه‌قیرى پارتیدا دابنێن، ئه‌مه زوڵمه له‌ئێمه ده‌کرێت. هاوڵاتی: پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێکه‌وتنى ستراتیژى ماوه، یان پێداچونه‌وه‌ى پێدا ده‌که‌نه‌وه؟ فازڵ میرانى: ئێمه رێکه‌وتنى ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ مه‌ڕحوم جه‌نابى مام جه‌لال ئیمزا کردووه، له‌دواى ئه‌وه براده‌رانى یه‌کێتى به‌موناسه‌به‌و غه‌یر موناسه‌به جارجار ده‌یانوت رێکه‌وتنى ستراتیژى نه‌ماوه، هه‌ندێک ده‌یانوت وه‌ڵا ماوه، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى ده‌بێت رێکه‌وتن بکه‌ن؛ ستراتیژى بێت یا مهرحهلى بێ، یان ته‌کتیکى بێ، به‌ڵام ئۆباڵى ئه‌م میلله‌ته‌و ئه‌م وڵاته‌و ئه‌م خه‌ڵکه به‌ملى ئه‌م دوو حزبهیە، ئێمه ناڵێین حزبه‌کانى دیکه مه‌سئولییه‌تیان نییه ئیحتراممان بۆیان هه‌یه، به‌ڵام بهخیلافاتى پارتى و یه‌کێتى تێکده‌چێت، ره‌نگه بهخیلافاتى دوو حزبى دیکه کوردستان تێک نەچێت، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر ناوێکى لێ ده‌نێى بنێ، به‌ڵام ده‌بێت رێکبکه‌وین. مه‌بده‌ئییه‌ن ئیتفاقمان هه‌یه، ئه‌وه له‌په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى موشتهرهکین و سه‌رۆکى په‌رله‌مان دکتۆره رێواز فایهقهو سه‌رۆکێکى باشه به‌ڕاستى، کاک قوباد جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌و وه‌زیره‌کان ده‌وامى خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڕاستى ئێمه چاوه‌ڕوانى براده‌رانى یه‌کێتى ده‌که‌ین، ئه‌وه چه‌ند مانگه ده‌مانه‌وێت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى مه‌کته‌بى سیاسى بکه‌ین پێکه‌وه، یه‌کێتیش مه‌شغوڵن هه‌ندێکیان لێره نین و ته‌ندروستیان ته‌واو نییه، ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کارى کۆنگره‌و کۆنفرانسن، ئه‌وه‌ش بۆ خۆى موشکیله‌یه‌که بۆ هه‌موو حزبێک نه‌ک ته‌نها بۆ یه‌کێتى. هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه ئاگامان له‌وه‌یه کێ ده‌توانێت مه‌ندوبى کۆنگره بۆ خۆى زیادبکات و براده‌رى خۆى ده‌ربچێنێت ئه‌مه مه‌سئول ناوچه‌و کۆمیته‌یه، که کۆنگره هه‌بێت شتى تر بیرده‌چێته‌وه، به‌ڵام حه‌ز ناکه‌ین ئه‌مه وا‌بکات مهسئولیاتى دیکه بکه‌ینه قوربانى کۆنگره. چاوه‌ڕێى براده‌رانى یه‌کێتى ده‌که‌ین رۆژانه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، کاک مه‌سرور، کاک قوباد رۆژانه پێکه‌وه ئیش ده‌که‌ن، جه‌نابى سه‌رۆکى هه‌رێم و کاک شێخ جه‌عفه‌ر پێکه‌وه رۆژانه ئیش ده‌که‌ن، ئێمه رۆژانه په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونیمان هه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى کۆبوونه‌وه‌ى مه‌کته‌بى سیاسین له‌گه‌ڵ براده‌رانى یه‌کێتى، دیسان ده‌ڵێم بمانه‌وێت یا نه‌مانه‌وێت یا ده‌بێت رازى بن میلله‌تى ئێمه محاسه‌به‌مان بکات، یان ده‌بێت پێکه‌وه دابنیشین به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى حزبى خۆمان کۆبکه‌ینه‌وه، بیکه‌ینه قوربانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى خه‌ڵک و میلله‌ت و وڵاته‌که‌مان. هاوڵاتی: ئێوه که‌ى کۆنگره‌ى حزبه‌که‌تان ئه‌نجامده‌ده‌ن؟ فازڵ میرانى: وه‌ڵاهى ئێمه‌ش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌وو پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه، ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات، ئێمه بۆمان هه‌یه ساڵێک خۆمان ته‌مدید بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه نۆ ساڵه کۆنگره‌مان گرێداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى ئێمه ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن و محاسه‌به‌مان بکه‌ن ئێمه یه‌ک نوقته ناتوانین به‌رگرى له‌خۆمان بکه‌ین، چونکه پارتى له‌خراپترین زروفدا کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆنگره‌ى نهێنى له‌به‌غدا به‌ستووه، له‌سلێمانى و که‌رکوک کۆنگره‌مان به‌ستووه، پارتى کۆنگره‌ى له‌ئێران به‌ستووه. راسته زروفى خارجی ئیراده‌ش هه‌بووه که‌کۆنگره له‌کاتى خۆیدا نه‌کراوه، شه‌ڕى داعش هات نه ئێمه‌و نه یه‌کێتى مێشکمان به‌وه‌وه بووه چۆن ئێمه ژماره‌ى شه‌هیده‌کانمان که‌مبکه‌ینه‌وه‌و چۆن ئه‌م به‌ڵایه لهمیللهتى خۆمان دووربخه‌ینه‌وه، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ش و یه‌کێتیش وه‌ختى ئه‌وه هاتووه بچینه پیر ره‌غبه‌تى قه‌واعیدو کهوادرى خۆماندا، کادرێک چاوه‌رێیه پله‌ى به‌رزببێته‌وه، یه‌کێک ده‌یه‌وێ ببێته ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى، یه‌کێک ده‌یه‌وێت له‌ده‌موچاوى ئێمه‌ى کۆن تێر بووه، ده‌یانه‌وێت ده‌موچاوه‌کان بگۆڕێت، ئه‌مانه هه‌موو حه‌قى ته‌بیعییه. ئه‌ره‌وه‌ڵا ئێمه‌ش ده‌بێت کۆنگره ببه‌ستین، براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وه‌تا 7ى 12ى ئه‌مساڵ کۆنگره ده‌به‌ستن و هه‌رچه‌نده به‌ته‌سه‌ورى من ئاسان نییه‌و ماوه‌یه‌کى که‌مه بۆیان، هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌کانیان ته‌واو نه‌بووه، هەرچەندە هه‌ر حزبێک تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه. پارتى ئیحتیمالی زۆره له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره ببه‌ستێت ره‌نگه زووتر بێت دره‌نگتر نابێت.
هاوڵاتى، شاناز حەسەن شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی ئێستای هەرێم و بەرپرسی پێشووی هێزەکانی حەفتای یەکێتی داوای لێبوردنی لەبزووتنەوەی گۆڕان کرد‌و دانی بەوە ناوە کە «هەڵە»ی کردوە، کاتێک مانگی ئایاری ساڵی رابروو تەقەی کردووە لەگردی زەرگەتە کەگڵکۆی نەوشیروان مستەفای تیدایە. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەئێوارەی ١٢ی ئایاردا، بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند کە «ساختەکاریی» لەهەڵبژاردنەکاندا کراوە، دواتر هێزێکی یەکێتی هەڵیانکوتایەسەر گردەکەو دایانە بەر دەستدڕێژی گولە، ئەوەش دوای ئەوەی گرژی دروستبوو لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان شێخ جەعفەرو قادری حاجی عەلی کە بەرپرسێکی دیاری ئەوکاتەی گۆڕان بوو. جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێم بە هاوڵاتى وت «ئاماده‌م به‌پێ له‌هه‌ولێره‌وه بچم بۆ سلێمانى بۆ هه‌ر جێگایه‌کى تر بۆ داواى لێبوردن له‌هه‌ر که‌موکووڕییه‌ک». وتیشی «بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش هه‌موو یان زۆر براده‌رمن و براده‌رى چه‌ندین ساڵه‌ن و هاوڕێی ده‌یان ساڵه‌ى خه‌باتن و مێژوویه‌کمان به‌یه‌که‌وه هه‌یه‌و بۆ یه‌کێتى و یه‌کڕیزى ئاماده‌م هه‌موو کارێک بکه‌م و داواى لیبوردنیش بکه‌م و بۆ دروستکردنى یه‌کێتى و یه‌کڕیزى و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌موو کێشه‌کان و بۆ پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کان هه‌نگاوى گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بهێنین.» داوای لێبوردنەکەی شێخ جەعفەر لەگۆڕان لەسەردانەکەی دوێنێدا هات بۆ گردی زەرگەتە لەسلێمانی کەبارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانەو گڵکۆی سەرکردەکە کاریزماکەی حزبەکە نەوشیروان مستەفای لێیە، کە لەئایاری ٢٠١٧ بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد‌و لەو گردە نێژرا. دوێنێ شێخ جەعفەر لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەردانی گردەکەیان کرد، ئەوەش لەچوارچێوەی سەردانێکی سەرۆکایەتیەکە بۆ سلێمانی. دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا تاجە گوڵینەیان لەسەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا دانا لەگردی زەرگەتە. بەڵام شەوێکی ئایاری ساڵی رابردوو کەدەنگەکانی هەڵبژاردن لەو شەوەدا جیاکرانەوە، ئەو گردە بوو بە یەک پارچە لەئاگر بەدەستی شێخ جەعفەر، کەئەوکات بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی بوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردن گرژی دروستبوو لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان شێخ جەعفەرو قادری حاجی عەلی، لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا شێخ جەعفەر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کەدەبێت میدیای گۆڕان بێدەنگ بێت و باسی ساختەکاری نەکات، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان رەتیان کردەوە بێدەنگبن. دواتر شیخ جەعفەر هەڕەشەی هەڵکوتانە سەر گردەکەی کردبوو، لەبەرامبەردا قادری حاجی عەلی بێمنەتی لەهەڕەشەکانی دەربڕیبوو، دواجار شێخ جەعفەر بەخۆی و هێزێکەوە گردەکەی دایەبەر گولە. شێخ جەعفەر لەو بارەیەوە بە هاوڵاتى وت «له‌کوردستاندا رووداوى زۆر دڵته‌زێن روویداوه، شه‌ڕى براکوژى، دوو ئیداره‌یى و له‌که‌دارکردنى ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه و سوکایه‌تى کردن به‌یه‌کترى و له‌که‌دارکردنى یه‌کترى و سه‌روه‌ریه‌کانی هەموومان». وتیشی «ئه‌مڕۆ پێویسته ئه‌وه ببێته رابردوو و ئێمه پێویستمان به‌یه‌کڕیزى و یه‌کێتى هه‌یه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ک له‌ئه‌ستۆمانه، به‌رپرسیارێتى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستانه‌و بۆیه پێویستمان به‌لێبورده‌یى هه‌یه‌و پێویستمان به‌وه هه‌یه له‌یه‌کتر نزیک ببینه‌وه، بۆیه من بۆ یه‌کڕیزى و یه‌کیتى میلله‌ته‌که‌مان و یه‌کده‌نگى و یه‌کڕه‌نگى ئاماده‌م به‌پێ له‌هه‌ولێره‌وه بچم بۆ سلێمانى بۆ هه‌ر جێگایه‌کى تر هه‌بێت بۆ داواى لێبوردن له‌هه‌ر که‌موکوڕییه‌ک». دوێنێ، سێشه‌ممه، 26ی تشرینى دووه‌مى2019، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌یاوه‌رى مسته‌فاى سه‌ید قادر‌و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرانى سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌ردانى سلێمانیان کرد‌و سه‌ردانى ماڵى کۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى گشتى یه‌کێتییان کرد لەگەڵ سەردانی گلکۆی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفاو ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ هەدوولا. شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسى ئاشته‌وایى نێو ماڵى کوردى و یه‌ک وتارى و یه‌کڕیزى و ئه‌وانه‌ى که له‌حکومه‌تدان و ئه‌وانه‌ش که ئۆپۆزسیۆنن هه‌موویان له‌ژێر چه‌ترێکدا کۆبکه‌نه‌وه«. هەروەها وتی «باس لەوەش کرا کەسهرۆکایهتى هه‌رێم هیچ سیفه‌تێکى حزبى وه‌رنه‌گرێت و سیفه‌تێکى نیشتیمانى وه‌ربگرێت و هه‌موومان یه‌ک وتاربین به‌رامبه‌ر به‌بودجه‌و به‌نه‌وت و به‌هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌کانى تر‌و کار له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین فراکسیۆنه‌کان بکه‌ین به‌یه‌ک». شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: شێخ جەعفەر پێیڕاگه‌یاندین"ئێمه هاوڕێین و خه‌باتمان پێکه‌وه هه‌یه‌و له‌و ته‌مه‌نه‌شدا پیاو هه‌ڵه ده‌کات و داواى لێبوردن له‌هه‌موو هاوڕێکانم و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش دەکەم» شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا پێیوایە کەسیفهتى حزبى نەبێت، ماناى ئه‌وه‌یە کەسەرۆکایەتی هەرێم ببێت به‌چه‌ترێک که‌کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو و گۆڕان و یه‌کێتى و پارتى و هه‌موو حزبه‌کان به‌کلتوره جیاوازه‌کان و هه‌موویانه‌وه کۆبکاته‌وه. وتی «به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ق نییه هیچ جۆره حزبایه‌تیه‌ک بکه‌ن له‌و شوێنه‌دا، من خۆم بم له‌جیاتى ئه‌وان ده‌بووایه هه‌رسێکیان ئیستیقاله‌یان بکردایه له‌حزبه‌که‌یان». سەبارەت بەداوای لیبوردنەکەی شێخ جەعفەریش وتی «زۆر جوان قسه‌ى کرد وتوویه‌تى: ئێمه هاوڕێین و خه‌باتمان پێکه‌وه هه‌یه‌و له‌و ته‌مه‌نه‌شدا پیاو هه‌ڵه ده‌کات و داواى لێبوردن له‌هه‌موو هاوڕێکانم و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش دەکەم». سەردانەکەی شێخ جەعفەر دوای ساڵ و نیوێک دێت لە روداوی تەقەکردنەکەی لە گردی زەرگەتەی گۆران. ئەوەش بەشێکە لە زنجیرە سەردانێکی سەرۆکایەتی هەرێم بۆلای حزبەکان. شێخ جەعفەر مستەفا وتی «ئه‌و سه‌ردانانه بۆ لاى گۆڕان و یه‌کێتى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه بڕیاری لێدراوه کهسهردانى هه‌موو حزبه‌کان و لایه‌نه‌کان بکرێت، هه‌م بۆ سوپاس و پێ‌زانین و بۆ هاتن و به‌شداربوونیان له‌دوو کۆبوونه‌وه‌ى زۆر گرنگ، که له‌سه‌ر داواى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم کراو باس له‌یه‌کێتى و ته‌بایى و یه‌کڕیزى تێدا کراوه«. وتیشی «سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى ناوه‌و ده‌کرێت به‌چه‌ترێک بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان و یه‌کێتى و یهکڕیزىو نزیکبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و یه‌کده‌نگى لایه‌نه‌کان و یه‌کڕیزى میلله‌ته‌که‌مان». هەروەها وتی «باس له‌وه‌شکراوه که‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌پاڵپشتی هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌یه، بۆئه‌وه‌ى بتوانێت ئه‌و بهرنامهیەى هه‌یه‌تى بۆ چاکسازى و یه‌کڕیزى و گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندیه‌کان پێویستى به‌هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى هه‌یه«.
شاناز حه‌سه‌ن سلێمانى ماستهرپلانى (30) ساڵ داده‌نێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى جه‌نجاڵى شه‌قامه‌کان لە رێگەی به‌کارهێنانى پاسکیل و پاس و هۆکارەکانیى سه‌ره‌کى گواستنه‌وه بۆ کاروباره‌کانى رۆژانه له‌برى ئوتۆمبێلى تایبه‌تى. پرۆژه‌کە ناوی (پلانى گواستنه‌وه‌و هاتوچۆو ماستهرپلانى سه‌رتاسه‌رى به‌ڕێوه‌بردنى هاتوچۆ بۆ شارى سلێمانى)یە، تێیدا جه‌خت له‌وه کراوەتەوە که‌ڕێگه‌ى پاس درێژ بکرێته‌وه‌و ببێته هۆکارێکی سه‌ره‌کى گواستنه‌وه، بەجۆرێک پاسى گه‌وره‌و شێوازى میترۆ به‌کاربهێنرێت و به‌رزه پرد‌و نزمه پرد دروستبکرێت لەگەڵ رێگای هاتوچۆی پاسکیل. عیرفان عومه‌ر، ئه‌ندازیارو ئه‌ندامى بۆردى سه‌رپه‌رشتیارى پرۆژه‌که، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» دانیشتوان گه‌شه‌ى کردووه‌و به‌ره‌و زیادبوون چووه، به‌کارهێنانى ئوتۆمبێل زیادى کردووه، بۆیه بیرکراوهتهوە پێویستمان به ماستهرپلانێکى زۆر ورد هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى کهپرۆژهیهکى تێدا بنیاد ده‌نرێت ببه‌سترێته‌وه به‌هه‌موو شاره‌که‌وه‌و بۆ ماوه‌ى درێژایى (30) ساڵ کارى له‌سه‌ر بکرێت و نه‌شبێته هۆکارى جه‌نجاڵى شه‌قامه‌کان». پرۆژەکە له 2012وە لەبهشى ئه‌ندازه‌ى هاتوچۆیە، به‌هاوکارى شاره‌وانى سلێمانى بیرۆکه‌ى ئه‌م پرۆژهیەیان داناوه له 2013دا که‌وتۆته بوارى جیبه‌جێکردنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانه‌کانه‌وه کارکردن تێیدا وه‌ستاوه. له‌ئێستادا پرۆژه‌که به‌هاوکارى به‌شى ئه‌ندازه‌ى هاتوچۆى سلێمانى و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى و پارێزگارى سلێمانى له‌قۆناغى کارکردندایه بۆ ته‌واوکردنى پلانى ماسته‌رپلانه‌که. به‌پێى ئه‌م پرۆژه‌یه، ماستهرپلانى (30) ساڵ ده‌خرێته‌ڕوو که به‌مۆدێلێکى هاتوچۆى نوێ و رێنمایى بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى جه‌نجاڵى شه‌قامه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ کارده‌کات. عیرفان عومەر وتى «کارکردنمان بۆ ئه‌وه‌یه که‌زیان به‌ژینگه نه‌گه‌یه‌نین و قه‌ره‌باڵغى که‌مبکرێته‌وه و پیاده‌و پاسکیل و پاس به‌کاربهێنرێت له‌برى به‌کارهێنانى ئوتۆمبێلى تایبه‌تى». جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه له‌ئێستادا ئوتۆمبێل زۆر نیه‌و وتى «به‌ڵام شێوازى به‌کارهێنانى زۆره که بۆ بازاڕ و بۆ کار پێویست نیه ئوتۆمبێل به‌کاربهێنرێت، به‌ڵکو ده‌توانى به‌پاس یان پاسکیل بڕۆیته سه‌ر کاره‌که‌ت». له‌پلانى پرۆژه‌که‌دا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌کرێته‌وه که‌ڕێگه‌ى پاس درێژ بکرێته‌وه‌و ببێته هۆکارى سه‌ره‌کى گواستنه‌وه‌و پاسى گه‌وره‌و شێوازى میترۆ به‌کاربهێنرێت، به‌رزه پرد‌و نزمه پرد‌و دروستکردنى رێگه‌ى پاسکیل. له‌ئێستادا کۆمپانیایه‌کى ئه‌ڵمانى چوار سیناریۆى پێشکه‌ش کردووه و له‌لایه‌ن بۆردێکى هاوبه‌ش له‌شاره‌وانى و هاتوچۆى سلێمانى کارى له‌سه‌رده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى پلانى ماسته‌رپلانه‌که به‌وردى و به‌گرنگیه‌وه بنووسرێته‌وه و چى پێویسته بۆ پێنج ساڵى سه‌ره‌تاى ماسته‌رپلانه‌که بهێنرێته پێشه‌وه‌و کارى له‌سه‌ربکرێت. وتیشى»ئه‌مه پرۆژه‌یه‌کى پلانه‌و کارکردنى ده‌وێت، له‌وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا ئه‌مه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانى شار له‌جه‌نجاڵى و رووداوى زۆر بپارێزیت». له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا بودجهکهى له‌سه‌ر بهڕێوەیهرایهتى هاتوچۆیه له‌پاره‌ى غرامه‌ى هاتوچۆ ده‌درێت له‌ژێر چاودێرى پارێزگارى سلێمانى و دواتر که‌که‌وته بوارى جیبه‌جێکردنه‌وه به‌پێى کارکردنه‌که له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بودجه‌ى بۆ ته‌رخانده‌کرێت.
ئارا ئیبراهیم سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاشکرای ده‌کات کهنووسینگهى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى و دهۆک و له‌ئاینده‌شدا له‌پارێزگاى که‌رکوک ده‌کرێته‌وه. فازڵ میرانى، سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، وتى «نووسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى و دهۆکیش ده‌کرێته‌وه، ئاینده له‌که‌رکوکیش ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌رکى سه‌رۆکى هه‌رێمه‌و ئێستاش کاک نێچیرڤان بارزانى به‌و کاره‌وه مه‌شغوڵه«. نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان دوو جێگرى هه‌یه که‌بریتین له مسته‌فا سه‌ید قادر له‌پشکى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ک جێگرى یه‌که‌م و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، له‌پشکى یه‌کێتى وه‌ک جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم. جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا کۆمه‌ڵێک سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و خه‌ڵکى سلێمانى و پشده‌رو که‌رکوک و گه‌رمیان و هه‌موو شوێنه‌کان سه‌ردانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمیان کرد، ئه‌وان داوایانکرد نووسینگه‌یه‌ک له‌سلێمانى بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له‌نزیکه‌وه ئاگادارى داواکارى خه‌ڵک بێت، خه‌ڵک ببینێت و بچێته ناو خه‌ڵکه‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌لاى ئێمه‌وه وه‌ک سه‌رۆکایه‌تى گرنگه و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین». ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت کردنه‌وه‌ى نووسینگه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ شتێکى رووکه‌ش بێت نه‌کرێته‌وه باشتره. شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئه‌ندامی خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر کردنه‌وه‌ى نووسینگه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ شتێکى شکڵى و رووکه‌ش بێت نه‌بێت باشتره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواکارى و گله‌یى خه‌ڵک و هاوڵاتیان وه‌ربگرن و بۆ خزمه‌تکردن بێت ئێمه له‌گه‌ڵیداین».
ئارا ئیبراهیم بڕیاره وهفدى دانوستانى حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى شه‌ممه‌ى ئاینده سه‌ردانى به‌غدا بکاته‌وه‌و له‌نووسین و داڕشتنى بڕگه‌کانى پڕۆژه بودجه‌ى 2020 بکه‌وێته به‌رده‌م گفتوگۆیه‌کى قورس و یه‌کلاکه‌ره‌وه تاپشک و ئیستحقاقى خۆى به‌ده‌ستبهێنێت. رۆژى 23 و 25ى تشرینى دووه‌مى 2019 وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدایان کرد‌و له‌دوو کاتى جیاوازدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، هه‌رچه‌نده باس له‌تێگه‌یشتن و نزیکبوونه‌وه‌ى رێکه‌وتن ده‌کرێت، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌ى یه‌کلاکه‌ره‌وه ماویه‌تى. سه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌عێراق ده‌ڵێت تائێستا هیچ بڕێکى دیارىکراو بۆ کوردستان دیارى نه‌کراوه له‌به‌رانبه‌ر (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى هه‌رێمدا. فارس عیسا، سه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «رێکه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشتۆته ته‌فاهومى کۆتایى و بنه‌مایه‌کى باش دانراوه بۆ رێکه‌وتنى کۆتایى که (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌درێته به‌غداو له‌به‌رانبه‌ردا هه‌رێمى کوردستان ئیستحقاقى خۆى له‌بودجه وه‌ربگرێت». ئه‌وه‌شى ره‌تکرده‌وه که له‌به‌رانبه‌ر (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه که‌ده‌درێته به‌غدا مانگانه (900) ملیۆن دۆلار بدرێته هه‌رێم و وتى «ئێمه ئیستحقاقى خۆمان له‌بودجه ده‌بێت، به‌غدا ده‌ڵێت له‌سه‌دا (12.67) ده‌ده‌ینه هه‌رێم، ئێمه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین بیکه‌ینه له‌سه‌دا 14% به‌لایه‌نى که‌مه‌وه‌و باسى هیچ ژماره‌یه‌کى دیاریکراو نه‌کراوه«. حکومه‌تى عێراق له‌ساڵى 2018دا پشکى هه‌رێمى کوردستانى له له‌سه‌دا 17%وه کرد به له‌سه‌دا (12.67)و ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌په‌رله‌مانى عێراق تێپه‌ڕێندراو سه‌کردایه‌تى سیاسى کوردیش ده‌یه‌وێت ئه‌و رێژه‌یه زیادبکاته‌وه. فارس عیسا جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 30ى 11ى 2019 کۆبوونه‌وه‌یه‌کى گرنگ له‌به‌غدا به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر پرۆژه‌ى بودجه ئه‌نجامده‌درێت «کۆبوونه‌وه‌که گفتوگۆیه‌کى چڕ‌وپڕ ده‌بێت که‌پشکى هه‌رێم له‌پرۆژه‌ى بودجه‌و ئیستحقاقى چۆن ده‌بێت به‌نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌ردوولا که‌ئه‌مه یه‌که‌مجاره کورد پێش ناردنى پرۆژه‌ى بودجه بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق قسه‌و ره‌ئى ده‌بێت له‌دیاریکردنى بڕگه‌کانى بودجه‌دا». سه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌غدا پێشیوابوو ئابوورییه‌کى به‌هێز روو له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌کات، وتیشى «ئینشائه‌ڵا دۆخى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان باش ده‌بێت». ده‌رباره‌ى موچه‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، فارس عیسا ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه کهنوێنهرانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌و لیژنه‌یه‌ى که‌پێکهاتووه بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر موچه‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان کردووه‌و هه‌وڵێکى زۆر هه‌یه ئیستحقاقى موچه‌ى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه بخرێته سه‌ر به‌غدا.
عەلی مەحمود محەمەد دوای (481) ساڵ لەدەسەڵاتدارێتی سپی پێستەکان بەدوای گەشتە وێشومەکەی کۆڵۆمبس و داگیرکردنی پۆلیڤیا لەلایەن ئیسپانیاوە لەساڵی 1525دا، 183 ساڵ لەسەربەخۆیی وڵات، بۆ یەکەمجار پۆلیڤییە رەسەنەکان کە 68%ی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن، کە نزیک 20%یش دوو رەگی ئەوروپی- هیندییە سورەکانن و تەنها 5%یان ئەوروپین، کەسێکیان بوو بەسەرۆک لەوڵاتی کودەتا سەربازییەکان، کە جاری وا هەبوو تەمەنی کودەتاکان یەک رۆژ بووە، توانی زۆرترین ماوە لەناو (183) ساڵەکەی سەربەخۆیی لەسەر تەختی دەسەڵاتدارێتی بمێنێتەوە کە (14) ساڵە، ئەو کەسەش ئیڤۆ مۆرالیس بوو، ئەو بەکرێکاری بیناسازی و دەستفرۆشی تاکرێکاری کشتوکاڵی دەستیپێکرد، بوو بە یەکەم سەرۆکی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمریکا لەجیهاندا، وازی لەبەشێکی زۆری موچەکەی و کۆشکی کۆماری هێنا، بۆینباخی ئەبەدەن لەمل نەکرد، سادەو ساکار ژیا، ژیانی رەبەنی هەڵبژارد. هەموو هێزەکانی دژ، لەئەمریکای باوەڕ بەتێزەکانی مۆنرۆوە « کەئەمریکای لاتین باخچەی پشتەوەی باڵەخانەکەیان دەزانن»، تا ئۆلیگارشیەکان و سپی پێستە دەسەڵاتدارەکانی رابردوو، راستیستەکان بۆ کەنیسەی کاسۆلیک و دژبەرانی جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت و ژیاندنەوەی کلتورو دابونەرێتی هاوڵاتییە رەسەنەکان هەموو ئەوانەی بەهەنگاوە چاکسازییەکانی مۆرالیس و بەگرتنەدەستی دەسەڵات زیانیان کردبوو، لە 20ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتنە هەوڵی کودەتاکردن، لەسەرەتادا بەئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەڕان بەدوای عەدالەتی هەڵبژاردنەوە، تاهەڵگرتنی قەناس و کوشتنی لایەنگرانی مۆرالیس و پەلاماردانی ماڵ و منداڵیان، لەکۆتادا هەڵگەڕانەوەی پۆلیس و کودەتای سەربازی، ئەوجا لە قۆناغی ئازادیخوازییەوە بۆ کوشت و بڕی بێ پەردەو دژایەتی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنی حوکمی سەربازی، ژمارەی کوژراوەکانی سەردەمی کودەتا (11) جاری سەردەمی مۆرالیسی دەسەڵاتدارە تەنها لە (نۆ) رۆژدا، کەبەشێکیشیان هەر قەناس بەدەستەکان ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فاشیست کوشتیانیان، ئێستا هەموو نەفەسێکی دیموکراسی قەدەغەکراوە، وەک بەرەکانی شەڕ کۆپتەرە سەربازییەکان بەئاسمانەوەن، گوللەی راستیەکان دڵەکان سارد دەکاتەوە، زیندانییەکان پڕکراون لەنەیاران، ترەمپ رایگەیاند گۆڕانکارییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراتیەت، بێ‌شک لای ترەمپ دیموکراتیەتی سپی پێستی سەرمایەداری. مۆرالیسیان بۆ ناوێت؟ خۆسیە تۆرێز لەساڵی 1970 بەکودەتای سەربازی هاتەسەر حوکم بەسەر جەنەراڵ ریخیلۆ کە رۆژێک پێشتر ئەویش کودەتای کردبوو، سیاسەتی چەپگەرایانەی پیادەکرد، سپی پێست و سەربازیش بوو، لەساڵی 1971 راستگەراکان کودەتایان بەسەردا کرد، دورخرایەوە لەئەرجەنتین لەساڵی 1976 تیرۆر کرا. تۆباک کاتاری شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی لەئیسپانیاو رزگاربوونی هاووڵاتیانی رەسەن لەساڵی 1781 بەرپاکرد، ئیسپانییەکان گرتیان، جەستەیان پارچە پارچە کرد بۆ ئەوەی هیچی لەدوا بەجێ نەمێنێت بۆ ئەوەی یادی بکەنەوە، وەک بن لادن و بەغدادییان لێکرد چۆن فڕێدرانە دەریاوە، بۆیە مۆرالیس دەبێت بڕوات، هەم توخمی چەپبوونی هەڵگرتووە وەک خۆسیە تۆرێز، هەم روحیانەتی ئازادیخوازی تۆباک کاتاری لەخوێنیدایە، بۆیە دەبێت بڕوات، تاوانی ئەوەیە هاووڵاتی رەسەن و کەسێکی سۆسیالستی ریفۆرمیستی بەبنەچە کرێکارە، بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و ئەمەریکای بەباشی نەپاراست. نەیارەکانی کێ بوون چوار کارەکتەری سەرەکی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی راستگەرایان دەکرد، کەهاوبەشی لەنێوانیاندا هەبوو» سپی پێستی، راستگەرایی، پارێزگاری ئاینی، سەرمایەداری و توندوتیژبوون»، کەچوونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە ئاڵای وێڤالای هاووڵاتییە رەسەنەکانیان سووتاند‌و رایانگەیاند ئیتر ئێرە نابیننەوە، ئەو چوار کارەکتەرەش بریتیبوون لە: 1- سەرۆک کۆماری کاتیی لە 12ی نۆڤەمبەرەوە Jeanine Áñez; 13 August 1967)» سپی پێستی رەگەزپەرستی راستیست، کەچووە ناو کۆشکی کۆمارییەوە وتی» خوا رێگای دا ئینجیل بگەڕێتەوە کۆشکی کۆماری»، پێشتر لەساڵی 2013دا رایگەیاندبوو خەون دەبینێت بەپۆلیڤیایەکی بێ تقوسی شەیتانی هیندییە سورەکان» کۆلاس»، شار بۆ ئەوان نییە، بەڵکە پێویستە بچن بۆ بەرزاییەکانی تشاکۆ، جینین ئەنیس باوەڕی بەباڵایی رەگەزی سپی پێست هەیە، کەتەنها 5%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤیا پێکدەهێنن، هەرچەندە 97%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤی خۆیان بەکریستیان دەزانن. 2- کارلۆس میسا کاندیدی دۆڕاوی سەرۆک کۆماری»، October 17، 2003 – June 9، 2005 «سەرۆکی دەرکراوی کۆمار« کرێکاران لەدژی خۆپیشاندانیان کرد، لە ئازاری 2005 دەستی کێشایەوە، وەلێ پەرلەمان دەستکێشانەوەکەی پەسەند نەکرد، دواتر لە 10ی یۆنی جارێکی دیکە دەستی کێشایەوە، ئەوجا دەستکێشانەوەکەی قبوڵکرا، پاش (32) رۆژ خۆپیشاندانی بەردەوام (80) کەسی کوشت ئەوجا کورسی دەسەڵاتی جێهێشت، هەنووکەش باسی دیموکراسیەت دەکات، رازیش نییە پەرلەمانی پۆلیڤیا کۆبوونەوە بۆ پەسەندکردنی دەست لەکارکێشانەوەی مۆرالیس بکات. 3- لویس فیرناندۆ کۆماتشۆو مارکۆ بۆماری، دوو کەسایەتی لەبەڕێوەبەرایەتی یەکێتی خاوەندکارانی سانتاکرۆزن، بیروباوەڕ رەگەزپەرستی زەبروزەنگاوی پارێزگاری دژ بەژنی سپی پێستی ئۆلیگارشی راستگەرای توندڕەوی دژ بەهاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤین، بەئینجیلێکی گەورەو ئاڵای کۆنی پۆلیڤیاوە چوونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە، لەوێ رایانگەیاند باشاماما ئیتر نایاتە ناو کۆشکی کۆمارییەوە، مەبەستی هاووڵاتیانی رەسەنە. مۆرالیس چی کردبوو؟ لەمێژووی کۆماری پۆلیڤیا مۆرالیس زۆرترین ماوە لەوڵاتی کودەتا سەربازییەکانی سوپا (35) هەزار کەسییەکەدا حوکمڕانێکی سەقامگیر بووە، لەو ماوەیەدا حوکمڕانی جێگیر بووەو هەمووان هەستیان بەبوونی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی کەرامەت کردووە، لەماوەی ئەم (14) ساڵەدا جگە لەگەڕانەوەی کەرامەت بۆ هاووڵاتیانی رەسەن و تێکەڵەکان »رەسەن -ئەوروپی»، لە روی ئابووری و ئازادییەکانەوە کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی نا: 1- جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت. 2- کەمکردنەوەی هەژاری لە 38%ەوە بۆ 15%. 3- بەرهەمی نەتەوەیی وڵاتی لە (نۆ) ملیار دۆلارەوە بەرزکردەوە بۆ (43) ملیار‌و (687) ملیۆن دۆلار. 4- پارەی یەدەکی وڵاتی لەملیارێک و (85) ملیۆن دۆلارەوە بەرزکردەوە بۆ (15) ملیار‌و (282) ملیۆن دۆلار. 5- بەخۆماڵییکردنی وزەو سامانی ژێرزەمینی وڵات کەپێشتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بوو لەپێنج سەدە لەمەوپێشەوە زێڕو زیوی وڵات بۆ ئیسپانییەکان بوو، ئێستاش خاوەند (21) ملیۆن تەن لیسیۆمە، کە روحی پاتری ئۆتۆمۆبێلی کارەباییە، کەجیهان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات. 6- دابینکردنی خوێندن و نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیان، پێگەیاندنی چینێکی بەرفراوان لەهاووڵاتیانی رەسەن. 7- کەمکردنەوەی ئیمتیازاتی سەرۆک کۆمار‌و جێگیرەکەی و وەزیرەکان، دەرگای کۆشکی کۆماری خرایە سەر پشت بۆ هەمووان. 8- بەشداریپێکردنی ژنان و هاوڵاتیانی رەسەن لەحوکمڕانی و نەهێشتنی ئاپارتایدی جنسی و رەگەزی. 9- زیادکردنی لانی کەمی کرێ بەڕێژەی 50%و دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی لە (65) ساڵەوە بۆ (58) ساڵ. ئەمەو دەیان و سەدان چاکسازی دیکەی لەبەرژەوەندی هەژاران و هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤی ئەنجامدا، ئێستا هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم دەستکەوتانەیە ترسیان لە لەدەستانی پەیداکردووە، شەڕەکە شەڕی بەرژەوەندییەکانە. مۆرالیس هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد کاتێک خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆک کۆماری کاندید کردەوە چی روویدا مۆرالیس هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد کاتێک خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆک کۆماری کاندید کردەوە، لەکاتێکدا دەیتوانی جێگیرەکەی ئەلفارۆ غارسیای تێکۆشەرو سەرکردەی پارتیزانی پێشتر »سەرکردەی بزوتنەوەی مارکسیستی تۆباک کاتاری پۆلیڤیا بوو» کاندید بکات، سپی پێستێکی رۆشنبیری ناسراو مێژوونوسێکی بەبڕشت و چەپگەرایەکی جێگیر بوو، مۆرالیس پێش هەموو شتێک قوربانی چوارەم خولی کاندید بوونیەتی لەدەرەوەی دەستوورەوە، بەپێگەیەکی لاوازەوە چووە هەڵبژاردنەوە، دابەزینی دەنگەکەشی لە « 53%، 64%، 61%»ەوە بۆ 47% بۆ خۆی پاشەکشەیەکی 14% یی بوو لەئەنجامەکانی خولی پێشوو، دەنا ئەوەی دەوترا ساختەکردن دوور بوو لەڕاستییەوە، هەمووان دەزانن لایەنگرانی ئەو هاووڵاتیانی رەسەنی ناوچە هەژارو دورەکانەو سندوقەکانی دەنگدانی ئەوان درەنگتر دەگەنە ناوەندەکانی جیاکردنەوە، ئەگەر دەکرا گزی هەڵبژاردن لە (78) ناوچە، لەکۆی (34555) ناوچەی دەنگدان کرابێت، کەدەکاتە تەنها 0،22%ی ناوچەکان، ئەمەش ئەنجامەکەی نەگۆڕی، چونکە ئەو 10،49% لەپێش نزیکترین کاندیدەوە بوو «47.08% Evo Morales- Carlos Mesa 36.51%«، ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا چی‌یان بکردایە نایانتوانی جیاوازییەکە لە 10،49%ەوە دابەزێنن بۆ کەمتر لە 10%، کە بەپێی یاسا ئەو ژمارەیە حەسمی سەرکەوتنەکەی دەکرد، بۆیە بەناچاری نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت، کە پێش هەڵبژاردن دەنگۆی کودەتاکە بڵاوکرایەوە، (11) ساڵ پێشتریش هەمان هەوڵدان هەبووە، ساڵی 2008 ویستیان کودەتا بکەن، فیلیپ جولدبێرج باڵیۆزی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوڵات دەرکرا، ئەوکات مۆرالیش ئاستی جەماوەری لەسەرووی 60%ەوە بوو، بۆیە ئەستەم بوو سەرکەوتنی، ئێستاش بەدەستوور نایانتوانی بەسانایی کودەتا بکەن، بۆیە نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت لەڕێگای سوپاوە، کە (14) ساڵ بوو زاتی کودەتای وایان نەکرد، چونکە لەمێژوودا پۆلیڤیا سەرۆکی جەماوەری وای بەخۆوە نەبینیبوو، زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بهێنێتەوە. بۆیە ئەمەی کرا کودەتایەکی سەربازی سیاسی بوو لەبەرگی تازەدا، کەپرۆسەی ئیستقالەی کودەتایی و تۆقاندن و پەیڕەوکردنی یاسای لەگەڵدا بوو، وەلێ ئامانجە کۆنەکە ئەوەیە چەپ و دانیشتوانی رەسەن بڤەن لەکۆشکی کۆماری، مۆرالیس و جێگیرەکەیان وادار کرد دەست لەکاربکێشنەوە، دواتر رێگا نەدرا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و جێگیرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان بچنە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە کەمافی بوون بەسەرۆکیان هەبوو، هەموو سەر بەپارتی ماسی سۆسیالستی بوون، بۆیی جێگیری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانیان دیاریکرد بەسەرۆک لەکۆبوونەوەیەکی ناشەرعیدا کەزۆر کەمتر لەنیوەی ئەندمانی ئەنجومەنی پیران ئامادەبوون، هێشتاش پەرلەمان ئیستقالەی سەرۆک و جێگیرەکەی پەسەندنەکردووە، کە پارسەنگ لەپەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەلای مۆرالیسەوەیە «(88) لەکۆی (130) پەرلەمانتار، 25 لەکۆی (36) ئەنجومەنی پیرانی بەدەستەوەیە»، هاوکات کاتی خۆی پەرلەمان دەست لەکارکێشانەوەی کارلۆس میسای لەساڵی 2005 رەتکردۆتەوە، ئەمەش پێشینەیەکی شەرمەزارییە بۆیان، بەدوای ئەو سیناریۆ کرچ و کاڵەدا حکومەتێکی سەربازی فاشیستانەیان راگەیاند، لەمۆرەکانی راستگەرا سپی پێستە ئۆلیگارشییەکان، لەگەڵیشیدا سوپایان سەربەست کرد لەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەی قوربانیان و برینداران و زیندانیان لە (نۆ) رۆژی دوای کودەتاکە دەیان جاری (20) رۆژ خۆپیشاندانی ئۆپۆزسیۆنە لەسەردەمی مۆرالیس کەئەوکاتیش زۆرینەی ناڕازییە راستگەرا فاشیستەکان ئەنجامیاندا. ئەنجام لەئێستاوە کودەتاچییەکان شەڕەکەیان دۆڕاندووە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر شەرعیەتی سندوقی دەنگدان، پێکهاتەی ئەوان لەسپی پێستی ئۆلیگارشی پارێزگار، بەدژایەتی هاووڵاتیانی رەسەن کەزۆرینەی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن، بەسووتاندنی ئاڵاکەیان و دژایەتی دابونەریت و کلتوریان و ئەنجامدانی بەردەوامی کوشتارو زەبروزەنگ لەدژیان، هاوکات پێگەی چیناییان وەک سەرمایەداری ئۆلیگارشی، باوەڕی کۆنەپەرستانەو دژ بەئازادی و مافی ژن و فاشیستانەیان، وادەکات بەرەی نەیار بەهێزبێت، ئەمانە مۆرالیسیان نەک بەهێز کردەوە، بەڵکو کردیانە سەرکردەیەکی کارێزمایی، لەهەر هەڵبژاردنێکی داهاتوودا براوە دەردەچێت دەنگەکانی دەچێتە سەر، کودەتاکەی پشتیوانەکانی لەسەر خەباتی بەرەو رووبونەوەو یەکگرتنی توندتر‌و مەترسی لەدەستدانی دەستکەوتەکان و کەرامەت و ئازادییەکان زیاتر کرد، لەئێستاشدا بڕیار نییە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران دووبارە بکرێتەوە، لەوێشدا زۆرینەیە »67 لە 130، 21 لە 36ی هەیە«، بۆیە هەڵکردنی ئەو دوو دەزگایە لەگەڵ حکومەتی کودەتا سپیی پێستە (11) کەسییەکە زۆر دژی یەکترن، تا سەریش نابێت کۆپتەر بەئاسمانەوە بێت، بۆیە مۆرالیس براوەیە، لێ بوونی سوپا‌و پۆلیس لەدەرەوەی حکومەت و باڵادەستی ئۆلیگارشییەکان تیایدا مەترسییە بۆ ئایندە، پێویستە لەداهاتوودا ئەم دوو دەزگایە چاکسازی تێدابکرێت. نیولیبراڵەکان ترسیان لەئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەرجەنتین و خۆپیشاندنەکانی شیلی و کۆڵۆمبیاو ئیکوادۆرو وڵاتانی دی و ئازادی لۆلا چووە، لەهاتنەوەی بەندۆڵەکە زارەتروک بوونە، بەوەی نۆرەی ئەوان بێت ئەمجارە لەدەسەڵاتدارێتی کیشوەر، جارێک بۆ تۆ‌و جارێ بۆ من، دەزانن تاکە ئەلتەرناتیڤیان تەنها چەپە لەکیشوەرەکە. بەم کودەتایە مۆرالیسیش دەبێتە یەکێک لە رەمزەکانی چەپی ئەمریکای لاتین و کودەتاکەی وەک کودەتای شیلی سەیر دەکرێت، چۆن کودەتای 11ی ئەبرێلی 2002 شاڤێزی بەهێزکرد، سلفادۆر لیندی کردە ئەستورە، ئاواش مۆرالیس دەبێتە رەمزێکی خۆشەویستتری هاووڵاتیانی رەسەن و هەموو ئەمریکای لاتین، دەبێتە یەکێک لە ئەستێرەکان لەپاڵ لۆلاو مۆخیکا.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن د.هێرش ره‌سوڵ پسپۆرى ئاکار‌و یاساى راگه‌یاندن رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌نده‌ى کێشه‌ی جێبه‌جێنه‌کردنى یاسایان هه‌یه، کێشه‌ى بوونى یاسایان نییه. د.هێرش ره‌سوڵ له‌م چاوپێکه‌تنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، بوونى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن گرنگه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئاخۆ له‌چ بارودۆخێک‌و به‌چ نیه‌تێک دروستده‌کرێت؟!. ده‌شڵێت، هێنانه‌کایه‌ى دۆخێکى ته‌ندروست بۆ راگه‌یاندنێکى کاراو دروست، زیاد له‌هه‌نگاوێکى پێویسته. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى مانگێکدا نۆ رۆژنامه‌نوس بانگهێشتى دادگا کراون به‌ده‌ر له‌یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى سزادراون، قسه‌ت چیه له‌و باره‌یه‌وه؟ د. هێرش ره‌سوڵ: هه‌ر له‌دواى ده‌رچوونی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌کوردستان، ژماره (35)ـی ساڵی 2007، توێژینه‌وه‌یه‌کم له‌سه‌ر کرد‌و ئاماژه‌م به نهرێنىو ئه‌رێنیه‌کانى کردووه، پرسى ئه‌م ماوه‌یه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌یه کهدادوهره به‌ڕێزه‌کان له‌برى کارکردن به‌م یاسا تایبه‌تمه‌نده، په‌نا بۆ یاساى تر ده‌به‌ن، که‌کاری راگه‌یاندنکاران قورس‌تر ده‌کات، بنه‌مایه‌کى یاسایى هه‌یه که‌ده‌ڵێت: تا یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند هه‌بێت نابێت بۆ یاسا گشتییه‌کان بگه‌ڕێینه‌وه، ته‌نیا له‌حاڵه‌تى تایبه‌تدا نه‌بێت، که له‌یاساکه‌دا ئاماژه‌ى بۆ نه‌کرابێت، واته تاوانى بڵاوکردنه‌وه‌که، یاساکه توانى به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ بکرێت‌و یاساکه بیگرێته‌وه ده‌بێت کارى پێبکرێت، هۆکارى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاگاداربوون له‌ورده‌کاریی یاساکه له‌لایه‌ن دادوه‌ره به‌ڕێزه‌کان، به‌داخه‌وه کهههندێجار راگه‌یاندنکار هه‌ڵه‌یه‌کى پیشه‌یى بکات، لهکهیسێکى تر هه‌قی لێبکرێته‌وه، ئه‌مه‌ش گونجاونیه، یان هۆکارێکی تر په‌یوه‌ندیداره بهدۆخى گشتى‌و سیاسى‌و ئابوریى هه‌رێمى کوردستان، که لهههندێجاردا به‌دۆخێکى ههستیارو ناهه‌مواردا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌پرسی دادوه‌رو به‌دواداچوونه‌کانیش ره‌نگده‌داته‌وه. هه‌وڵه‌کانى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه به‌ئاراسته‌ى چاککردنى یاساکه بێت، پێویسته راگه‌یاندنکاران هه‌ڵمه‌تى بۆ بکه‌ن هاوڵاتى: پێتوانیه ده‌رکردنى ئه‌و یاسایه وه‌ک حه‌سانه‌یه‌ک وایه بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌ڕووى یاساییه‌وه؟ د.هێرش ره‌سوڵ: ئه‌و یاسایه له‌هه‌ندێک رووه‌وه باشه، له‌هه‌ندێک رووشه‌وه دادوه‌ر ناچارده‌کات بگه‌ڕێته‌وه بۆ یاسایه‌کى تر، هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه له‌کاتێکدا رۆژنامه‌نووسان خۆشیان ترسیان هه‌یه کهههموارکردنهکه به‌قازانجى دۆخى ئازادیى راگهیاندنو قوڵکردنه‌وه‌ى گیانى دیموکراسى نه‌بێت، ئه‌گینا هه‌وڵه‌کانى هه‌موارکردن به‌ئاراسته‌ى چاککردنى یاساکه بێت، پێویسته راگه‌یاندنکاران هه‌ڵمه‌تى بۆ بکهنو به‌هاوکارى یاساناس و پهرلهمانتارانو سه‌ندیکاو سه‌نته‌رى میترۆ‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ى داکۆکى لهمافو ئازادیى رۆژنامه‌نووسان ده‌که‌ن کاربکه‌ن بۆ هه‌موارکردنه‌وه، به‌ڵام که بارودۆخه‌که له‌بارنه‌بێت ده‌کرێت یاساکه وه‌ک خۆى بهێڵدرێته‌وه، هاوکاتیش جه‌ختبکرێته‌وه لهدادوهرو دادگاکانى هه‌رێمى کوردستان‌و یاداشت به‌رزبکرێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ریى، کهخۆیشیان له‌گه‌ڵ سه‌ندیکا گرێبه‌ستى مه‌بده‌ئییان هه‌یه که‌کار به‌م یاسایه بکرێت، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیه‌کانه‌وه بۆ دروستکردنى دادگایه‌کى تایبه‌تمه‌ند بهدۆسییهکانی تاوانه‌کانی بڵاوکردنه‌وه‌و راگه‌یاندن وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌عێراق هه‌یه، به‌وپێیه دادوه‌ره‌کان به‌فلته‌رى خولى تایبه‌تمه‌ند به‌و بواره‌و دۆخ‌و که‌یسه‌کان تێپهڕدهبنو زانیاریى ورد ته‌واو وهردهگرنو کار له‌و دادگا تایبه‌تمه‌نده ده‌که‌ن، ئه‌وکاته‌ش دادگاییه‌کان له‌ئێستا تایبهتمهندترو ته‌ندروستتر ده‌بن. هاوڵاتى: رۆژنامه‌نووسان ده‌یانه‌وێت ئازادیى رۆنامه‌نووس به‌رفراوانتر بێت، چ میکانیزمێک هه‌یه به راى تۆ، پێتوایه فه‌زاى ئازادیى رۆژنامه‌نووسى فراوانتر ده‌بێت؟ د.هێرش ره‌سوڵ: داوایه‌کى ره‌وایه، فراوانکردنى ئازادیى رۆژنامه‌نوسى خزمه‌ت بههاوڵاتیانو ده‌سه‌ڵات، سیستمى حکومڕانىو دروستبوونى حکومه‌تى هاوڵاتى ده‌کات. هێنانه‌کایه‌ى دۆخێکى ته‌ندروست بۆ راگه‌یاندنێکى کاراو دروست، زیاد له‌هه‌نگاوێکى پێویسته، ده‌بێت له‌زیاد لهجومگهیهکهوه کاری بۆ بکرێت، وه‌ک لێک جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان، یاسادانان‌و جێبهجێکردنو دادوه‌ریى، کاتێک لێک جیاکراوه‌و سه‌ربه‌خۆ بوون، له‌وکاته‌دا زه‌مینه‌ی دروستبوونی «ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م»ـیش دێته‌کایه‌وه، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکى کاریگه‌رو کارا له‌هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ها جێگیربوونى دۆخى سیاسى‌و لایه‌نى ئابورى‌و دارایى‌و کاریگه‌ریى که‌لتورو ئاین، هه‌موو ئه‌مانه به‌یه‌که‌وه رۆڵیان هه‌یه که‌به‌ره‌و گۆڕانگاریى ئه‌رێنى بڕوات‌و پانتایى ئازادییه‌کان بهگشتیو ئازادیى راده‌ربرین جێى خۆی ده‌کاته‌وه‌و ده‌توانێت رۆڵى گرنگى هه‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردنى ره‌وتى دیموکراسى، بۆ ده‌ستکه‌وتنى زانیاریش یاساى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه‌و تاڕاده‌یه‌ک باشه سه‌ڕه‌راى هه‌ندێک سه‌رنجى نه‌رێنى، لایه‌نی ئه‌رێنیشی هه‌یه، که‌زۆر شوێن‌و ده‌زگا ناچارده‌کات زانیارى بده‌ن، وه‌ک پێویست کارانه‌کراوه، له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه وه‌ک پێویست جێبه‌جێنه‌کراوه، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌وه‌نده‌ى کێشه‌ی جێبه‌جێنه‌کردنى یاسامان هه‌یه، کێشه‌ى بوونى یاسامان نیه. هاوڵاتى: په‌یوه‌ندى رۆژنامه‌نووسان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى لاوازه، وه‌ک ئه‌کادیمیه‌ک پێتانوایه ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى جیبهجێکردنو یاسادانان‌و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى په‌یوه‌ندیه‌کیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن زانیارى بده‌ن به‌خه‌ڵک؟ د.هێرش ره‌سوڵ: پێش زیاد له (10) ساڵ لهماستهرنامهکهمدا (ئازادیی راده‌ربڕین له رۆژنامه‌نووسیی کوردی‌دا) باسمکردووه، له‌وانه‌یه ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئێستا زۆر خراپتر بێت، باسى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان رۆژنامهنووسو دهسهڵاتو یان راگه‌یاندنکارو حکومڕانان، کهپهیوهندیهکى نادروسته‌و هاوبهرپرسیارێتى پێکهوهیانی نهبهستوونهتهوه، رۆژنامه‌نووس هه‌ندێجار به‌شێوه‌یه‌ک کارده‌کات کهنهغمهی «بڕوخێ» به‌سه‌ر گوتاریدا زاڵه‌و حزبه دهسهڵاتدارهکانو حکومه‌تیش وه‌ک «نه‌یارو دوژمن» سه‌یرى رۆژنامه‌نووس ده‌که‌ن، که‌هه‌ردوو کار‌و تێڕوانینه‌که هه‌ڵه‌یه، من نایگشتێنم، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ک له‌هه‌ندێک بارودۆخدا، که‌ئه‌مه ره‌نگده‌داته‌وه، ناتوانێت په‌یوه‌ندییه‌کى گونجاو دروست بکات، که‌دواجار له‌قازانجى دۆخى راگهیاندنو گه‌یاندنى دۆخى پهیامهکانو دروستکردنى رایه‌ڵه‌یه‌کى گونجاو له‌نێوان‌و هاونیشتیمانىو حکومڕان دروستنابێت‌و له‌ئه‌نجامدا ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا دێته‌کایه‌وه، که لێکتێنه‌گه‌یشتن له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کاندا دروستدهبێتو قوربانیى یه‌که‌م هاونیشتمانانن، چونکه کاتێک راگه‌یاندنه‌کان ده‌ستیان ناگات بهسهرچاوهکانى زانیارى، زانیاریى دروست پێشکه‌ش ناکه‌ن، تووشى هه‌ڵه‌ى ئاکاریى (ئێتیکیی) دهبنو ره‌نگه ده‌ست بۆ سه‌رچاوه‌ى نادیار‌و پشتڕاستنه‌کراوه به‌رن، ره‌نگه حکومڕانیش که‌به‌رپرسى وهرگرتنو بڕیاردانێکى دروسته، به‌هۆى ئه‌وه‌وه که راگه‌یاندنێکى ساغڵه‌م نه‌بێت، نه‌توانێت بڕیارى دروستبداتو سنووره‌کانى ئازادیى راده‌ربڕین پێشێلده‌کرێن، له‌ئه‌نجامدا به زیانى هه‌موان کۆتایى دێت. هاوڵاتى: هه‌ندێک له‌ناو ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریدان گله‌یى ئه‌وه له رۆژنامه‌نوسان ده‌که‌ن که‌زانیارى بێ به‌ڵگه بڵاوده‌که‌نه‌وه، پێت وانیه پێوسته ئه‌وان پهیجو ئه‌کاونتى فه‌یک جیابکه‌نه‌وه لهدهزگاى راگه‌یاندن؟ د.هێرش ره‌سوڵ: له‌دواى ساڵانى 2000ەوه که‌ئینته‌رنێت هاتهکایهوو دواتریش پێگه ئه‌لیکترۆنییه‌کان ته‌شه‌نه‌یانکرد، دادگاکان‌و یاساناسان که‌وتنه به‌رده‌م کێشه‌یه‌که‌وه، کهپێویستیی بوونی یاسایه‌کی نێوده‌وڵه‌تى بوو بۆ تاوانه‌کانى بڵاوکردنه‌وه، ئایا که وێبسایتێک که لهوڵاتێکهو سێرڤهرهکهى له‌وڵاتێکى تره، یاساى چ وڵاتێکیان ده‌یگرێته‌وه؟ ئه‌مه کێشه‌ى دروستکرد، له‌دواییدا قوڵتر بووه‌وه‌و چه‌ندین ئامرازى راگه‌یاندنى کۆمه‌ڵایه‌تى (سۆشیاڵ میدیا) به‌ساخته‌و فه‌یک هاتنه‌کایه‌وه، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان زیانى گه‌یانده که‌ناڵه ره‌سه‌نه‌کانیش، بۆیه تێکچونى ئه‌م بارودۆخه کاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر دادگا‌و دادوه‌ره‌کانیش، به‌ڵام لێره‌دا هۆشیاریى پیشه‌یى بۆ تاکو بۆ هه‌موو پیشهکارانو راگه‌یاندنکارانیش گرنگه، بۆ دادوه‌رانی به‌ڕێزیش گرنگه که راگه‌یاندنه دیاره‌کان له‌په‌یجه ساخته‌کان جیابکه‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ى که ناو‌و ناونیشانیان دیاره پێویسته جیابکرێنه‌وه له‌وانه‌ى که ناویان دیارنیه‌و سێبه‌رن، حزب‌و کهسو شهخسیهتنو که‌سێتى سیاسى‌و ئابورى‌و ئه‌مانه جۆرێک له‌جۆره‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌جێنداى سیاسى‌و ئابورى‌و کۆمهڵایهتىو کهلتورىو ئاینى خراونه‌ته‌گه‌ڕ، که رای گشتییان چهواشهکردووهو جۆرێک له‌بارودۆخێکى نائاکارییان هێناوه‌ته‌کایه‌وه. هاوڵاتى: ده‌سه‌ڵاتى جیبه‌جێکردن زانیاریى زیاتر ده‌دات به‌میدیاکانى حزبى تایبه‌ت به‌خۆیان زیاتر له‌میدیایه‌کى ئه‌هلى بیلایه‌ن، ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌چیه‌وه هه‌یه، پێتوایه کاریگه‌ریى میدیاى ئه‌هلى زیاتره بۆیه زانیارى پێناده‌ن؟ د.هێرش ره‌سوڵ: وته‌یه‌کى کۆن هه‌یه که «رۆژنامهنوسیى پیشه‌ی گه‌ڕانه به‌دواى سه‌رئێشه‌دا»و ماندوبوونى ده‌وێت، هه‌روا ئاسان زانیارى ده‌ستناکه‌وێت، کهکاریکى رۆژنامه‌نووسى باش بکات یان بنکۆڵکاریى بکات، بۆیه هیلاکبوونى دهوێتو په‌یوه‌ندیى زۆرى دهوێتو لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد‌و جددى بکات، پێشموانیه به‌و جۆره بێت که‌باسی لێوه‌ده‌که‌یت، به‌نمونه رۆژنامه‌که‌ى خۆتان کاریگه‌ریى زۆر باشى هه‌بووه له‌زۆر بارودۆخداو له‌زۆر شوێنى تر کاریگه‌رى هه‌بووه‌و زانیاریى باشیشی ده‌ستکه‌وتووه، هاوکات ئه‌گه‌ر یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی له‌هه‌رێمی کوردستان، ژماره 11ـی ساڵی 2013، سه‌ره‌ڕای سه‌رنجه‌کانیشمان له‌سه‌ری، کارابکرێت، دۆخه‌که له‌ڕووی ده‌ستڕاگه‌یشتنی راگه‌یاندنکاران به‌سه‌رچاوه‌کانی زانیارییه‌وه باشترده‌بێت. بوونى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن گرنگه، به‌ڵام پرسیاره جددییه‌که ئه‌مه‌یه: ئاخۆ له‌چ بارودۆخێک‌و به‌چ نیه‌تێک دروستده‌کرێت؟! هاوڵاتى: باس له‌دروستکردنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن ده‌کرێت؟ تاچه‌ند گرنگه هه‌بێت؟ د. هێرش ره‌سوڵ: ئێستا هه‌ندێک هه‌وڵ بۆ پێکهێنانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن هه‌ن، که‌پێشتریش هه‌بوون، وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌هه‌ندێک وڵات‌دا هه‌یه، بوونى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن گرنگه، به‌ڵام پرسیاره جددییه‌که ئه‌مه‌یه: ئاخۆ له‌چ بارودۆخێک‌و به‌چ نیه‌تێک دروستده‌کرێت؟! کهدۆخهکه ناسه‌قامگیربوو، ده‌سه‌ڵاته‌کان لێکجیاکراوه نه‌بوون، ره‌نگه به‌قازانجى دۆخه‌که‌و ئازادیى رۆژنامه‌نووسان نه‌بێت، به‌ڵام که‌بارودۆخه‌که گونجاو بێت، ئه‌نجومه‌نه‌که بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى له‌نێوان ئازادیى راگهیاندکارانو ئازادیى تاکو هاوڵاتیان بێت ئه‌مه شتێکى زۆرباشه، له‌کاتێکدا هه‌م سکاڵاى هاوڵاتیان وهربگرێتو هه‌م سکاڵاى راگه‌یاندنکارانیش وه‌ربگرێت، بۆیه واقیعه‌که زۆر گرنگه که‌تێیدا دروستده‌کرێت. هاوڵاتى: وه‌ک مامۆستایه‌کى راگه‌یاندن پێتوایه ئه‌وانه‌ى له‌ڕاگه‌یاندن ده‌خوێنن توانیویانه سود به ناوه‌نده‌کانى راگه‌یاندن بگه‌یه‌نن یان کاتى ئه‌وه هاتووه به خولێک فێرى رۆژنامه‌نوسى ببیت‌و ئه‌م کۆلێژه دابخرێت؟ د. هێرش ره‌سوڵ: وه‌ک ده‌مێکه وتراوه: «راگه‌یاندن.. زانسته، هونه‌ره، پیشه‌سازییه، پیشه‌یه«، وه‌کچۆن به بڕوای من به‌رله‌وه‌ی پیشه‌یه‌ک بێت، پرۆسه‌یه‌کى مه‌عریفییه، واته دروستکردنى مه‌عریفه‌و رۆشنبیریى پیشه‌یى، گرنگه به‌خوێندن بکرێت، جا کۆرس بێت یان خوێندن یان خوێندنه‌وه بێت، مه‌رج نیه راگه‌یاندنى پیشه‌یى ته‌نیا به خوێندن بکرێت، ڕاگه‌یاندکار هه‌یه له دنیادا ته‌نیا ڕاگهیاندنکارى ئاره‌زومه‌نده، به‌ڵام له‌ڕوى پیشه‌ییه‌وه، خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌و له‌ڕێگه‌ى خول‌و به‌دواداچونه‌وه، له‌ڕێگه‌ى پابه‌ندبون به یاساى کارهکهوهو بنه‌ماکانى ئاکارى پیشه‌وه خۆی شاره‌زاو ئه‌زموندار کردوه، بۆیه پێم وانیه ته‌نیا به خوێندن ده‌بێته راگهیاندنکاێکى پیشهیىو پرۆفێشناڵ. هاوڵاتى: به‌گشتى رۆڵى یاسا چییه له به‌رقه‌راربونى یه‌کسانى، ئایا له هه‌رێمى کوردستان رۆڵى خۆى بینیوه؟ به‌نمونه دادوه‌ره‌کانى گه‌رمیان کێشه‌یان له نایهکسانىو نا عه‌داله‌تیدا هه‌بوو، که خۆیان ناوه‌ندێکى به‌رقه‌راربونى جێبه‌جێکردنى یاساکانن؟ د. هێرش ره‌سوڵ: ئێمه له بارودۆخێکداین که بابه‌ته‌کان تاڕاده‌یه‌کی زۆر به‌یه‌که‌وه‌به‌ستراون، ناتوانین به‌ته‌نیا باسى لایه‌نى یاسایى بکه‌ین، به‌بێ لایه‌نى سیاسى، پرسى ئابورى به‌هه‌مان شێوه، په‌یوه‌ندیى ههرێمو به‌غدادو کاریگه‌ریى وڵاتانى نێودهوڵهتىو ههرێمایهتىو ناسهقامگیرىو کاریگه‌ریی ئاین‌و که‌لتورو لێکجیانهکردنهوهى ده‌سه‌ڵاته‌کان، بۆیه هه‌موو کێشه‌و ته‌نگژه‌کان پێکه‌وه، بارودۆخێکی وایان دروستکردووه که زۆربه‌ى سێکته‌ره‌کان که‌موکوڕیان هه‌بێت، هاوکات دادوه‌رى‌و دادگاکانیش که‌موکوریان هه‌یه‌و به‌ده‌رنین له‌وه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته ڕاگه‌یاندنکار به‌و ئاراسته‌یه کاربکات که رۆڵى هه‌بێت له به‌رقه‌راربونى سه‌روه‌ریی یاسا، جێبه‌جێکردنی یاساکان وه‌ک خۆیان‌و چاککردنى یاساکان به‌هاوکاریى په‌رله‌مان، ده‌کرێت هه‌ریه‌که‌مان له چمکێکه‌وه رۆڵى ئه‌رێنیمان هه‌بێت. هاوڵاتى: کاتى ئه‌وه هاتووه راگه‌یاندنکاران له‌ناو خۆیاندا په‌یماننامه‌یه‌کیان هه‌بێت چونکه ده‌بینرێت پهرتبونێک هه‌یه؟ د. هێرش ره‌سوڵ: کۆدهنگىو هاوههڵویستىو هاوکارى له‌نێوان رۆژنامه‌نوسان خۆیان ئه‌رکێکى ئاکارییو ئێتیکیه. یه‌کێکه له‌بنه‌ما ئاکارییه‌کانى پیشه‌ی راگه‌یاندن جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه، له‌نێوان رۆژنامه‌نوسان خۆیاندا له‌بارودۆخه جیاوازه‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن رۆڵیان ههبێتو هاوپشتی یه‌کتربن، پێشتر‌و له‌بارودۆخى تردا جه‌ختمان له‌وه کردۆته‌وه گه‌ڵاڵه‌کردنى ئاکارنامهیهک یان په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نوسى که زۆرینه‌ى رۆژنامه‌نوسانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌رى کۆکبنو واژۆى خۆیانى بخهنهسهرو، گرنگتر له‌وه‌ش پێوه‌ى پابه‌ندبن، زۆر زۆر گرنگه که ده‌کرێت جه‌خت له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک خاڵ بکاته‌وه، له‌وانه: ئازایىو ئازادیى‌و هاوهه‌ڵوێست بون‌و کۆده‌نگى له‌سه‌ر پرسهکانو بهرپرسیارێتییو راستگۆیی‌و بابهتیبونو پاراستنى مافى ژیانى تایبه‌ت، کۆمه‌ڵێک بنه‌ماى گرنگى ئاکارى پیشه‌یى راگه‌یاندن هه‌یه که به‌داخه‌وه راگه‌یاندنکاران خۆیان هه‌ندێجار پێشێلیان کردووه، ده‌کرێت له روی ویژدانییه‌وه ئاره‌زوومه‌ندانه ره‌چاوی بکه‌ن، ئه‌وکاته‌ش کۆده‌نگییه‌که به سودى گشتى کۆتایى دێت.
کاکەلاو عەبدوڵا چوار مانگ پێش ئەوەی فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و مووشەکەکانی ئێران کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە بکەنە ئامانج، فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە تاران کۆبونەتەوە بۆ دارشتنی پلانی هێرشەکە. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا، کە باس لە هیرشەکەی ١٤ی ئەیلول دەکات بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی، بڵاویکردەوە کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران چەند کۆبونەویەکیان کردووە بۆ هێرش کردنە سەر ئەمریکا یاخود لانی کەم بۆ سەر هاوپەیمانەکانی. بەپێی راپۆرتەکە بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکان، کە لە باڵەخانەیەکی توندوتۆڵی ئەمنی لە تاران ئەنجامدراون لە مانگی ئایار تا سەرەتای ئەیلول، ئەمە بووە: چۆن سزای ئەمریکا بدەین بۆ دەرچوونی لە ڕێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی و سەپاندنەوەی سزای ئابوری لەسەر ئێران، کە هەردوو هەنگاوەکە زیانی گەورەی بە ئێران گەیاندووە. ڕۆیتەرز بەپشت بەستن بە وتەی چوار سەرچاوە کە زانیاری‌یان هەیە لەسەر بابەتەکە، باس لەوە دەکات کە لە یەکێک لە کۆبونەوەکاندا فەرماندەیەکی سوپای پاسداران وتویەتی "کاتی ئەوە هاتووە شمشێرەکانمان دەربهێنین و وانەیەکیان دابدەین". "وردەکارییەکان بەگشتگیری لانیکەم لە ٥ کۆبونەوەدا باسکران و دواین پەسەندکردن لە سەرەتای مانگی ئەیلول بڕیاری لەسەردرا"، بەپێی وتەی یەکێڵ لە سەرچاوەکان. لە کۆبونەوەکاندا جەنەڕال حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و نوێنەرێکی قاسم سولەیمانی بوونیان هەبووە سەرەڕای ئەوەی لە یەکێک لە کۆبونەوەکاندا ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ئامادەیی هەبووە. بەپێی وتەی سەرچاوەکان، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی هێرشەکەی پەسەند کردووە بەڵام بە مەرجێک: دەبێت هێزەکانی ئێران دووربکەونەوە لە لێدانی خەڵکی سڤیل و ئەمریکی. بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی دیکە، لەو ئامانجانەی لە کۆبونەوەکاندا باسکراون بەندەرێک بووە لە سعودییە، فرۆکەخانەیەک، یان چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا بووە. هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات کە فەرماندەکان دواتر لەسەر پلانی هێرشی کێلگە نەوتییەکانیی کۆمپانیای ئارامکۆ ڕێککەوتوون چونکە پێیانوابووە دەتوانێت سەردێرە گەورەکان ڕابکیشێت بۆ خۆی، زیانی ئابوری بخوڵقێنێت لەسەر نەیارێک و لەگەڵ ئەوەشدا پەیامێکی تووند دەنێرێت بۆ واشنتن. "ڕێککەوتن لەسەر ئارامکۆ بەنزیکەیی بەکۆی دەنگ بووە و بیرۆکەکە بۆ ئەوە بووە تا توانستی قووڵی دەستگەشتن و سەربازی ئێران دەربخات"، سەرچاوەکە وای وت. بەپێی زانیارییەکان بۆیە ئارامکۆ هەڵبژیردرا تا ئەوەی نەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی بەهێزی ئەمریکا و جەنگ لەناوچەکەدا روونەدات. ڕۆیتەرز ئاماژەش بەوە دەکات کە پێش هێرشەکە یەکێک لە فەرماندەکان باسی پلانی داهاتووی کردووە. "دڵنیا ببنەوە خودا لەگەڵ ئێمە دەبێت، دەست بکەن بە پلان دانان بۆ هێرشی داهاتوو". بۆ پشتڕاستکردنەوەی وتەی سەرچاوەکان، رۆیتەرز پەیوەندی کردووە بە بەرپرسە باڵاکانی ئێران بەڵام نەیانویستووە لێدوان بدەن، بەهەمان شێوەش پەیوەندی کراوە بە بەرپرسانی سعودی بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە. بەڵام عەلی رەزا میریوسفی، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتەکانی سەرچاوەکانی ڕەتکردووەتەوە و بە ڕۆیتەرزی راگەیاندووە کە ئێران هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە هێرشەکەدا. له ١٤ ئه‌یلولى ٢٠١٩ هێرشێکى مووشه‌کى کرایه‌سه‌ر چه‌ند دامهرزراوهیهکى نه‌وتى کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودیه که‌بووه هۆى بڕینى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى جیهان به له‌سه‌دا ٥% و بڕینی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە بەلسەدا ٥٠%. ئه‌مریکا و سعودیه ئه‌نجامدانى هێرشه‌که‌یان دایه‌پاڵ ئێران و بە "کردەی جەنگ" ناوزەندیان کرد، به‌ڵام تاران هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ڕه‌تکرده‌وه و به "بێ بناغه" وەسفی کردن. دوابه‌دواى هێرشه‌که ئه‌مریکا نزیکه‌ى سێ هه‌زار هێزى زیاده‌ى نارد بۆ سعودیه بۆ "ناردنى په‌یامێکى ڕوون" بۆ ئێران و به‌ربه‌ست دانان بۆ هه‌ر هێرشێکى داهاتوو. بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە کێنس مه‌کێنزى، فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندى ئه‌مریکا به گۆڤارى فۆرن پۆلیسى ئه‌مریکى ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌رى زۆره ئێران هێرشێکى گه‌وره ئه‌نجام بدات بۆ سه‌ر وڵاته دراوسێکان که له قه‌باره‌ى هێرشه‌که‌ى سه‌ر کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودیه‌دا بێت. "هێرشه‌که‌ى سه‌ر کێڵگه نه‌وتییه‌کانى سعودییه سه‌رسوڕهێنه‌رانه بێ‌ترس ئه‌نجامدرا، لێکدانه‌وى من ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌رى زۆره هێرش بکه‌نه‌وه"، مه‌کێنزى وا ده‌ڵێت.
هاوڵاتى: کۆچەر عەزیز بڕیارى رووخاندنى گه‌ڕه‌کى شێخان که‌یه‌کێکه له‌کۆنترین گه‌ڕه‌کەکانى سلێمانى ناڕه‌زایی به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌شێک له‌و که‌سانه‌ى ده‌یان ساڵه له‌و شوێنه نیشته‌جێن ده‌ڵێن ماڵه‌کانیان چۆڵ ناکه‌ن، شاره‌وانیش سووره له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که. به‌پێی بڕیاره‌که، دواى رووخاندنى خانووه‌کانى گه‌ڕه‌کى شێخان که‌ده‌که‌وێته ناوجه‌رگه‌ى سلێ----------------مانییه‌وه، شوێنه‌که ده‌کرێته پڕۆژه‌ى بازرگانى. خەدیجە کەماوەی (30) ساڵە له‌و گهڕەکه نیشته‌جێیه‌و داوای لێکراوه خانووه‌که چۆڵ بکات، (10) ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش هه‌مان دۆخى به‌سه‌رداهات، کاتێک خاوه‌ن ماڵه‌که‌ى داواى لێکردن خانووه‌که چۆڵ بکات «ئێمە چۆڵمان نەکرد، خاوەنی ماڵەکە بێ ئاگاداری ئێمە خانووەکەی فرۆشتوە بەشارەوانی و زەوییەکی وەرگرتووە کردوویەتی بەهۆتێلێک، ئێمە لەوکاتەوە بووینە کرێچی شارەوانی کرێ دەدەینە ئەوان». کاتێک خه‌دیجه بڕیاره نوێیه‌که‌ى بیست بۆ روخاندنى خانووه‌کانیان چووه‌ته شاره‌وانى «پێم وتن ئێمە بۆچی مانگانە پارە دەدەینە ئێوەو کرێچی ئێوەین، بۆ پارە وەرگرتن، بەڵام زەویمان پێنادەن، لەشارەوانی پێیان وتم ئێوە موڵکەکەتان بەئێمە فرۆشراوە بووەتە موڵکی شارەوانی، بۆیە قەرەبوو وەرناگرن». دەشڵێت «هەرچەندە من وتوومە چۆڵی ناکەم، بەڵام پێیان وتووم جا ئێستاش چۆڵی نەکەی وا دوو مانگی دیکەشی تێدا بووی خۆ هەردەبێت چۆڵی بکەی، ئێستا من بەم زستانە بۆ کوێ بڕۆم». به‌وته‌ى خەدیجە، نزیکەی (30) ماڵ کێشەیان هەیە، زەوی هەیە (٤٠٠) مەترە دوو خانووی (٢٠٠) مەتری لێ دروستکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی یەک ژمارە و یەک تاپۆی هەیە، شارەوانی یەک زەوییان پێدەدات کە رووبەرەکەی (١٦٠) مەترە، بۆ هەریەکێکیان (٨٠) مەتری بەردەکەوێت، کەئەوەش ناتوانرێت بکرێتە خانوو، بۆیە ئەوانیش کشەیان هەیەو دەڵێن ئامادەنین خانوەکەیان چۆڵبکەن بەوەرگرتنی ئەو بڕە زەوییە کەمە کە نەتوانن خانووی تێدا دروستبکەنەوە و تێیدا نیشتەجێبن. گەڕەکی شێخان لەساڵەکانی 1980وە بڕیاردراوه بکرێتە سەنتەرێکی بازرگانی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەوکاتەی عێراق کە لەجەنگدا بوو له‌گه‌ڵ ئێران پرۆژەکە جێبەجێ نەکرا. محەمەد سابیر کە بۆ ماوەی (٤٠) ساڵ دەبێت لەخانوویەکی ئەو گەرەکەدا نیشتەجێیە بۆ هاوڵاتى وتی «زەوییەکەی من کراوەتە دوو خانوو، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کەسەی لەگەڵمدایە سوودمەند بووە پێشتر زەوی وەرگرتووە ئەو پارچە زەوییەی کەپێمان دراوە تەنها بۆمن دەبێت کە (١٦٠) مەترە لەگەڕەکی چوارچرا وەرمگرتووە، ئەگەر نا منیش شەریکەکەم سوودمەند نەبوایە (٨٠) مەتر زەویم وەردەگرت بەکەڵکی هیچ نەدەهات». لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق له‌ساڵى 2003، شارەوانی سلێمانی هەندێک لەکارمەندەکانی خۆى کرێچی بوون لەو خانووانەدا نیشتەجێیکردن، له‌ئێستاشدا (56) پارچەزەوی بەشێوەی تیروپشک بەسەر ئەو ماڵانەدا دابەشکردووه له‌به‌رانبه‌ر چۆڵکردنى خانووه‌کانیاندا. دانیشتوانی ئەو خانووانە خۆیان داوایان کردووە خانووه‌کان بڕوخێنرێن لەبەرامبەردا پارچەیەک زەوییان پێبدرێت زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتى وت»دانیشتوانی ئەو خانووانە خۆیان داوایان کردووە خانووه‌کان بڕوخێنرێن لەبەرامبەردا پارچەیەک زەوییان پێبدرێت، چونکە خانووەکان رۆژ بەڕۆژ بەرەو نەمان و رووخان دەچن و بەکەڵکی ژیان نایەن». وتیشى «هەندێک خانوو که‌شێوازی کەلەپوری کۆنی پێوە دیارەو هێشتا زۆر تێکنەچووە، هەرکات ئەو شوێنە کرایە سەنتەرێکی بازرگانی نۆژەندەکرێنەوە یان وەک خۆی دەمێنێتەوە یان دەکرێتە مۆزەخانەیەک یان چێشتخانەیەک یان گازینۆیەک». سەبارەت بەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکەش خەرجیەکەی و چۆنیەتی ئەنجامدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شوێنە دکرێتە سەنتەرێکی بازرگانی و دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیەش نادیارەو تائێستاش نازانرێت چەندی تێدەچێت، بەڵام ئەوەی شارەوانی مەبەستیەتی کاتی چۆڵکردنی خانووەکانە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەی کەقەرەبوو دەکرێنەوە. زەردەشت رەفیق باسى له‌وه‌کرد، شارەوانی بەتاپۆ مامەڵە لەگەڵ خانووەکاندا دەکات، رەنگە زەوییەک (٤٠٠) مەتر بێت کرابێتە دوو خانوو، بەڵام لەبەرئەوەی یەک تاپۆی هەیە، یەک پارچەزەوی وەردەگرن کە رووبەرەکەی (١٦٠) مەترە. جه‌ختیشیکرده‌وه «ئەو هاوڵاتیانەی دەڵێن چۆڵی ناکەین یاسا هەیەو هەموو شتێک بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدەکرێت، ئەو خانووانەش کەکرابێتە دوو بەشەوە رەنگە باوک و کوڕ بن، یان خاوەن ماڵەکە بەشێک لەخانووەکەی فرۆشتبێتەوە بێ پرسی شارەوانی کەئەوە بەپێی یاسا سەرپێچیەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت». بەپێی ئامارێکی به‌شی که‌له‌پور له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی (107) خانوو له‌حه‌وت گه‌ڕه‌کی ناوه‌ندی سلێمانیدان، له‌و ژماره‌یه (14) خانوو کڕدراونهتهوهو کراون به‌ناوی شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه، شه‌ش خانووش نۆژه‌نکراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێکیان به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌و کاره‌ساتی سروشتی وه‌ک باران و بوومه‌له‌رزه له‌ناوچوون و ته‌نها (35) خانوو ماونه‌ته‌وه. بڕیارى رووخاندنى ئه‌و خانووانه له‌کاتێکدایه، لەساڵی رابردووەوە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى نووسراوى کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو خانووانە نەڕوخێندرێن، به‌ڵام وه‌ڵامى نووسراوه‌که‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه. زیاد کاکه رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی شارەوانییەکان بۆ هاوڵاتى وتی « بەهۆی ئاڵوگۆڕی کابینە ئەو بابەتە دیارنەما، رووخاندنى ئەو خانووانە ناحەقییە لەسلێمانی دەکرێت، چونکە ئەو گەڕەکە یەکێککە لەگەڕەکە کۆنەکانی ئەم شارە، هەقە وەک گەڕەکێکی کلتوری بهێڵدرێتەوە، من ناڵێم نەڕوخێندرێت ئەگەر خانوویەکی تێدا بێت رووخا بێت و بەکەڵکی ژیان نەیات، ئەوا با بڕوخێندڕێت، بەڵام دەبێت دروستبکرێتەوە». پێشیوایه، ئەو قەرەبووکردنەوەیە کەموکوڕی و کێشەی دروستکردوە، خەڵکی تێدایە خانووەکەی پێدراوەتەوەو رووخاندویەتی و کردویهتیە بینای بازرگانی، هەروەها چوار پێنج خانووی تێدایە خانووەکانیان لەسەر تاپۆکراون، «نادادپەروەری و ناعەدالەتی هەیە، ئەو ماڵانە هەموویان خەڵکی هەژارن و خزمەتیان بەم وڵاتە کردووە هاووڵاتی وای تێدایە (٤٠) ساڵە کارگوزاری شارەوانییەو خزمەتی ئەم شارە دەکات، بۆیە نابێت جیاوازی لەنێوانیاندا بکرێت». زیاد کاکه رەزا وتیشى «دەبێت شارەوانی سلێمانی پێمان بڵێت ئەم خانووانە کە تێکی دەدەن و دەیڕوخێنن دەیکەن بەچی؟ ئایا دیسان بۆ کۆمەڵێک کەسە کەپێی دەوڵەمەند ببن و دەبێت خەڵک سەیریان بکات، ئەوانە کەلەپوری ئەو شارەن بۆ دەبێت بڕوخێندرێن و وێران بکرێن، بۆچی نابێت لەسەر ئەو دیزاینانەی خۆیان نۆژەنبکرێنەوەو بمێننەوە وەک کلتورێکی ئەم شارە بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێننەوە».
راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا دۆناڵد ترەمپ دەڵێت چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا مانگانە ملیۆنەها دۆلار قازانج بکات لەداهاتەکانی نەوتی سوریا لەکاتێکدا سەربازە ئەمریکییەکان لەوڵاتەکەدا دەمێننەوە. بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کاردانەوەی خۆی هەبووە سەبارەت بەمەو ئەمریکا تاوانبار دەکات بە «دزینی نەوت» لەوڵاتەکەی و روسیاش، کەپاڵپشتێکی سەرەکی ئەسەدە، بە «چەتەیی نێودەوڵەتی» ناوزەندی کردووە. کەواتە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی سوریا لەدەست کێدایە و کێ سوودی لێدەبینێت؟ زلهێزەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتن ئەمریکا لەتشرینی یەکەم کشانەوەی هێزەکانی راگەیاند لەباکوری سوریا، بەڵام لەوکاتەوە جەختی لەوەکردووەتەوە نزیکەی (500) سەرباز دەهێڵێتەوە بۆ پاسەوانی کردن لەکێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ ئەو هێزەی کورد سەرکردایەتی دەکات کەئێستا سوودبەری سەرەکی بەرهەمی نەوتە. مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبوو کەسەربازەکانی ئەمریکا بۆ ئەوە لەوێن نەک تەنها ئەرکی پاسەوانییەتی دژی داعش بگرنەئەستۆ، بەڵکو دژی هێزەکانی روسیا و سوریاش لەئامادەباشیدابن. لەلای خۆیانەوە، هێزەکانی روسیا یارمەتی سورییەکان دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی بەرهەمی نەوت و چاویان لەسەر کێڵگەکانە. ساڵی ٢٠١٨ هەردوو وڵات رێکەوتننامەیەکی هاوبەشی وزەیان ئیمزاکرد کەمافی تایبەتی بەمۆسکۆ دەدات کەرتی نەوت و غاز بنیادبنێتەوە. لەم رووەوە سەرۆک ترەمپ بەرژەوەندی خۆی لەسوودوەرگرتنی لەنەوتەکە راگەیاندووە کەئێستا سەربازەکانی پارێزگاری لێدەکەن. سوریا چەنێک نەوت بەرهەمدەهێنێت؟ کەرتی نەوت و غاز پاڵپشتێکی زۆر گرنگی داهاتەکانی حکموتی سوریا بووە هەرچەندە یەدەگی زۆر کەمە بەبەراورد بە یەدەگی وڵاتەکانی دیکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ٢٠١٨‌دا، سوریا دوو ملیار و (500) ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خەمڵێنراوی هەبوو، بەبەراورد بە (297) ملیار بەرمیل یەدەگی سعودیە، (155) ملیاری ئێران، هەروەها (147) ملیاری عێراق. کێڵگە نەوتییەکان لەپارێزگای دێرەزوورو حەسەکە چڕبوونەتەوە کەیەکەمیان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سوریا و نزیکی سنوری عێراق و دووەمیان لەباکوری رۆژهەڵاتەی وڵاتەکەدایە. بەڵام لەکاتی دروستبوونی جەنگەوە لە ٢٠١١دا بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەکەدا داڕووخاوە. لەساڵی ٢٠٠٨، سوریا رۆژانە (406) هەزار بەرمیلی بەرهەمدەهێنا، بەپێی ئاماری نەوتی بەریتانی بۆ پێداچوونەوەی وزەی جیهانی بۆ ٢٠١٩. ساڵی ٢٠١١ بەرهەمهێنان کەمبووەوە بۆ (353) هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە ٢٠١٨‌دا ئەو ژمارەیە زیاتر داڕووخاو بوو بە (24) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا - ئەمەش کەمبوونەوەیەکە بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٩٠%. دیمەشق چیتر ئەو ناوچەیەی لەژێر دەستدا نییە حکومەتی سوریا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سوریای بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاشانیش بۆ داعش لەدەستدا لەگەڵ ئەوەی شەڕی ناوخۆ پەرەیسەند. تاساڵی ٢٠١٤ داعش توانی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا بگرێت بەکیڵگەی ئەلعومەریشەوە لەپارێزگای دێرەزوور کەگەورەترین کێڵگەی نەوتە. بەپێی وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، فرۆشتنی نەوت بووە گەورەترین سەرچاوەی داهات بۆ داعش کە (40) ملیۆن دۆلاری مانگانەی دەستدەکەوت لێیەوە لە ٢٠١٥دا. داعش کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی لەدەستدا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی پاڵپشت بەئەمریکا دوای ئەوەی گروپە تیرۆرستییەکە لەدوایین پێگەی لەڕۆژهەڵات تێکشکێنرا. کێڵگە نەوتییەکانی سوریا زیانێکی ئێجگار بەرچاویان بەرکەوت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە لەهەڵمەتێکدا بۆ پەکخستنی یەکێک لەسەرچاوەکانی داهاتی داعش. لەلایەکی دیکەوە، چکەدارانی داعش زۆربەی ژێرخانەکانی نەوتی وڵاتەکەیان خاپوور کرد کاتێک بۆیان روونبووەوە کەکێڵگە نەوتییەکان دەکەوێتەدەست هێزە کوردییەکان. هێزە کوردییەکان هێشتا سوود لەداهاتی نەوت وەردەگرن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ساڵی ٢٠١٧ کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باکورو رۆژهەلاتی سوریا‌و ئەوانەشی بەدرێژایی رووباری فوارت بوونیان هەیە توانیان لەژێردەستی داعش دەریبهێنن. داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە لەوکاتەوە توانیویانە هەندێک لەزیانەکان چاکبکەنەوەو بەنیوەیی بەرهەمهێنان وەگەڕبخەنەوە. بەمدواییانە جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە «داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە». بەپێی وتەی چارلز لیستەر ئەندامی باڵای پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتن، «هێزەکانی سوریای دیموکرات و هۆزە هاوپەیمانەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەئێستادا لەسەدا ٧٠%ی سەرچاوەی نەوتی نیشتمانی سوریایان بەدەستەوەیە لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەی گرنگی غاز». «هەرچەندە زۆرێک لەو کێڵگانە زۆر لەخوار ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگەوە کاردەکەن، بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هەسەدەن». لیستەر وای وت. سەرەڕای ئەوەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ باکوری سوریا بووەتەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی بەرچاو لەدەستبدەن، بەڵام زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی فورات لەژێردەستی هەسەدەدا ماونەتەوە. حکومەتەکەی ئەسەد دۆشداماوە بۆ گەشتنی بەکێڵگە نەوتییەکانی خۆی و بەبێ ئەوان پێویستی بەوەیە بڕێکی بەرچاو لەنەوت لەدەرەوە هاوردە بکات. بەڵام لەئەنجامی سزا تووندەکانی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاوە، دیمەشق ئەم رێگایەی زۆر بۆ سەخت بووە و دابینکەری سەرەکی نەوتی ئێران بووە، بەڵام ئەو بەرهەمە هاوردانەش سنوردارکراون بەسزای تووندتر کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر هەر کۆمپانیاو وڵاتێک‌دا دەسەپێنرێت کەبزانرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سوریادا ئەنجامدەدات.
وتاری شیکاری: ڤیکتۆر مادێرا لەپێگەی ئینسایدەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەتەنها تاکە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەمانگی رابردوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەوڵی چەندها ساڵەی دژە داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکای لەچەند خولەکێکدا بەبادا. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ترەمپ رازیبوو بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەدرێژایی سنوری سوریا لەگەڵ تورکیا. ئەم ئامادەییە [هەبوونی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا] لەمێژە ئەنقەرەی بێزارکردووە: لەم ناوچانەدا هێزە تایبەتییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵ راهێنانیان بەو هێزانە کرد کەنزیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن و هاوشانیان شەڕیانکردو پارێزگاری‌یان لێکردن. پەکەکە لەمێژە هەوڵی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی دەدات کە ئەنقەرەو واشنتن و چەندانی تر بەگروپی تیرۆریستی هەژماریان کردووە. بەڵام کوردەکان باشترین شەڕکەر بوون بۆ تێکشکاندنی داعش بەپاڵپشتی رۆژئاوا. بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی کوردەکان ئەوەیان ئەنجامداو سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەلەدەستدانی (11) هەزار شەڕڤان لەبەرامبەر مردنی (شەش) سەربازی ئەمریکی. هەر بەزوویی دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ٦ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەرەبازییەکانی سوریایان بەجێهێشت. لەبەرامبەردا هێزەکانی تورکیا‌و میلیشیاکانی نزیک تورکیا هێرشیان کردەسەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی کوردابوون. هەر بەخێرایی بەڵگەی پاکتاوی نەژادی و تاوانی جەنگ دژی کوردەکان دەرکەوتن. ئەندامانی پێشوو ئێستای سوپای ئەمریکا «دڵشکاو و تووڕەن» لەبەرامبەر ناپاکییەکەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردییەکان کەئێستا لەلایەن سەربازانی تورکیا‌و بریکارەکانییەوە کشتوبڕ دەکرێن. ئەم رۆژانە بڕیارەکەی ترەمپ شتێکی دەگمەنی دروستکردووە: ئیدانەی دوو پارتەکە لەگەڵ ئەوەی کۆمارییەکان کشانەوەکە بە «پەڵەیەکی خوێناوی لەمێژووی ئەمریکا» و «هەڵەیەکی ستراتیجی کوشندە» ناودەبەن. کشانەوە لەناوچە کوردییەکان کۆمەڵێکی زۆر زانیاری هەواڵگری خستووەتە دەستی روسییەکانەوە لەگەڵ ئەوەی زۆر بابەتی کەم نووسراوە لەسەر لێکەوتە درێژخایەنەکانی دژە هەواڵگری، بەڵام بەهەڵەدا مەچن: ئەمە دیارییەکی هەواڵگرییە بۆ نەیارە رۆژئاواییەکان - بەتایبەتی روسیا. لەچەند رۆژێکدا کەئەمریکییەکان بنکەکانیان بەجێهێشت، «هەواڵنێرانی» کەناڵە حکومییەکانی روسیا و میدیاکانی نزیک کریملن لەوێوە هەواڵیان پەخش دەکرد. ئەوەی کەپەخش نەکرا ئەو پشکنینە وردانەی بنکەکان بوو لەلایەن بەرپرسە هەواڵگرییەکانی روسیا‌و وڵاتە نەیارەکانی دیکەوە کە بۆ سەرەداو گەڕاون سەبارەت بەهەواڵگری رۆژئاوایی. گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کەمۆسکۆو وڵاتانی تر بەوردی لێکۆڵینەوە دەکەن و هیوایان وایە زانیاری وەربگرن لەسەری، بۆ نمونە ژێرخانی پەیوەندی، تەکنیک و کەلوپەلی بنیادنان، کەلوپەلی پزیشکی جەنگ. هەر بەشە زانیارییەک تێگەشتنیان لەتاکتیک، تەکنیک، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە تایبەتییەکان بەرەوپێش دەبات کەئەمەش وادەکات پەرەبدەن بەدژە شێواز لەهەر جەنگ و ململانێیەکی داهاتوودا. لەمەودوا کوردەکان لەلایەن مۆسکۆو ئێرانەوە بەئامانج دەگیرێن بۆ زانیاری گەورەترین لاوازی لەکوردەکانەوەیە، کەئێستا ناچارکراون پەنابەرن بۆ داڵدەیی سوریا‌و روسیا، کەهەموو شەڕکەرەکانیان ئاشکرابوون - بەتایبەت یەکە دژە تیرۆرە کوردییەکان بۆ فشار خستنەسەر یەکەکانی دیکە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەم یەکانە لەژێر سەرپەرشتی هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا کاریان کردووە دژی داعش کەزۆر دەربارەی رێگەشێوازی تاکتیک، کەلوپەل، سەرچاوەی رۆژئاوا فێربوون. بەپێی کات ئەندامانی هەواڵگری روسیا، ئێران، سوریا لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوە لەشەڕکەرە کوردییەکان دەکەن لەکاتێکدا هەوڵی دامەزراندنی بریکاری درێژخایەن دەدەن کەڕەنگە بەنهێنی کارابکرێن کاتێک لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەکان کاردەکەنەوە. ئاژانسە هەواڵگرییە نەیارەکان دەشیانەوێت هەموو ئەو زانیارییانە بقۆزنەوە کەدەستیان پێیدەگات لەئامێرە ئەلکترۆنییەکانی کوردەکاندا: نامە، وێنە، لیستی پەیوەندییەکان، شوێنە جوگرافییەکان و هەموو ئەو زانیارییانەی دیکە کەوێنەیەکی گەورەتری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کورد‌و رۆژئاوا دەردەخات. دەستگەشتنی روسیا بەتۆڕی پەیوەندییە هەرێمییەکان (جا لەڕێی خۆیانەوە بێت یان لەڕێی سورییەکان، ئێرانییەکان یان هەماهەنگی تورکیاوە بێت) ئەو کارە وردە هەواڵگرییە پێشدەخات کەچەند مانگێکی زۆر دەخایەنێت. مۆسکۆ، تاران، دیمەشق ساڵێکیان بەدەستەوەبووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمە مۆسکۆو تاران و دیمەشق ساڵێکیان لەبەردەمبدابوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمەو زیاتریش، دوای ئەوەی کوردەکان بەنهێنی رێگەیەکی نهێنیان لەگەڵ کردنەوە، لەترسی کشتوبڕی تورکیا لەحاڵەتی جێهێشتنی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە. کوردەکان گومانیان لە روسیا‌و سوریا، هەروەها تورکیا هەیە کە لەپلانیاندایە هەرێمە کوردییەکان بەسەر خۆیاندا دابەشبکەن. هەندێک لەبەرپرسانی ئەمریکا بەهای هەواڵگری شەڕکەرانی کورد بەناگرنگ دەزانن بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەمریکاوە. رەنگە ئەمە کەمێک راستی تێدابێت، بەڵام لاوازییەکی بەردەوامی رۆژئاوا دەردەخات: هەڵەتێگەشتن لەبیری رژێمە زۆردارەکان و ئەو سەرچاوە زەبەلاحانەی - کات، مرۆڤ، پارە - کە ئامادەیان کردووە بۆ وەدەستخستنی ئەوەی چاودێرە رۆژئاواییەکان بەسوودێکی بچووکی لێکدەدەنەوە. تورکیا داعش زیندوو دەکاتەوە بەئازادکردنی شەڕکەرەکانی لەبەندیخانە کوردییەکان لێکەوتەی ناپاکییەکەی ترەمپ لەبەرامبەر کوردەکان چەند دەیەیەکی دەوێت تادەردەکەوێت. تورکیا دواجار بەهەژمونی خۆی دەگات، بەڵام لەئێستادا وادەردەکەوێت سووربێت لەسەر زیندووکردنەوەی داعش بەئازادکردنی بەندکراوەکانی خەلافەتی ئیسلامی، ئەمەش گاڵتەجاڕییەکە بەو هەزارەها کەسەی کە لەدژیان وەک قوربانی داعش مردن. کوردەکان ئێستا رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە یان بەلایەنی کەمەوە دەرکردنی بەزۆر. وادیارە روسیا ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە کەئەمریکا لەجیهاندا بەجێیهێشتووە. بەڵام هەنوکەترین کاریگەری کردارەکانی ترەمپ لەسەر هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئەمریکا بووە وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو، هەرەوەها لەسەر واشنتن کەدەستپێگەشتنی بەهەواڵگری مرۆیی لەدەستداوە لەناوچەیەکدا کەگرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا. ناپاکی ترەمپ لەکوردەکان دیارییەکەی هەواڵگری بوو بۆ نەیارانی رۆژئاوا - دیارییەکە چەنێک گەورەیە؟ بەمزووانە بۆمان دەردەکەوێت.
هاوڵاتى پارتى دیموکراتى گه‌لان هه‌ده‌په، به‌فه‌رمى داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت له‌تورکیا ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک بڕیاربدات که‌ئایا ده‌سه‌ڵاتى ئێستای تورکیا به‌رده‌وام بێت یان نا، که به‌هۆکارى کێشه‌کانى ئه‌و وڵاته‌ى داده‌نێت. ئه‌و داوایه‌ى هه‌ده‌په دواى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانى پارته‌که هات که رۆژى 20ى ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌چوو، بۆ تاووتوێکردنى پرسی کشانه‌وه‌یان له‌په‌رله‌مانى تورکیا‌و ئه‌و شاره‌وانییانه‌ى به‌ده‌ستیانهێناوه. دواى کۆبوونه‌وه‌که سهزاى ته‌مه‌للى هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په رایگه‌یاند «بۆ رزگاربوونى گه‌ل له‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى ئاکه‌په‌و مه‌هه‌په پێشنیازى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ده‌که‌ین، ئه‌مه ئه‌رزو ئه‌وه‌ش گه‌ز». هه‌روه‌ها په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په جه‌ختیکرده‌وه، هه‌ده‌په له‌ئاستى شاره‌وانییه‌کان و گشتیى وڵاتیشدا رووبه‌ڕووى هێرشى به‌رفراوان بووه‌ته‌وه، له‌هیچ گۆڕه‌پانێکى خه‌باتدا ناکشێته‌وه. جه‌ختیشیکرده‌وه، هیچ گومانێکیان له‌وه نییه که‌ئه‌گه‌ر سبه‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت، گه‌لى کورد به‌هێزى زیاترهوهو بێ سێ و دوو، خاوه‌نداریى ئیراده‌ى خۆى ده‌کات. داواکه‌ى هه‌ده‌په له‌کاتێکدایه، تورکیا فشاره‌کانى بۆ سه‌ر ئه‌و پارته چڕکردووه‌ته‌وه، هه‌زاران ئه‌ندام و به‌رپرس و پهرلهمانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى ئه‌و پارته‌ى خستووه‌ته زیندانه‌وه، یان دۆسیه‌ى له‌دژیان کردووه‌ته‌وه. عومه‌ر ئۆجه‌لان په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى هه‌ده‌په له‌په‌رله‌مانى تورکیا رایگه‌یاند «گه‌لى کورد ده‌یه‌وێت ستاتۆیه‌کى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت و مافه‌کانى به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌سه‌ڵاتداران داواکارییه‌کى گه‌ل جێبه‌جێ ناکه‌ن، بۆیه پێویسته په‌نا ببرێته‌به‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت و بۆچوونى گه‌ل وه‌ربگیرێت که‌ئایا رازین به‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌که‌په‌و مه‌هه‌په یاخود نا». له‌گه‌ڵ داواکردنى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته، هه‌ده‌په بڕیاریدا له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نهکشێتهوهو پێگه‌ى خۆى قایمتر بکات و بههێزێکى زیاتره‌وه رووبه‌ڕووى فشاره‌کانى تورکیا ببێته‌وه. عومه‌ر ئۆجه‌لان وتى «دواى تاووتوێکردنى پرسی کشانه‌وه له‌په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى ناو فراکسیۆنى هه‌ده‌په له‌په‌رله‌مانى تورکیا‌و باسکردنى سودو زیانه‌کانى، ئه‌و بڕیاره‌مان وه‌رگرت کهداواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بکه‌ین و له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نه‌کشێینه‌وه«. جه‌ختیشیکرده‌وه، له‌تورکیا ئێستا سته‌م هه‌یه‌و سیاسه‌تێکى خراپ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، بۆیه پێویسته لایه‌نه‌کان پشتیوانى له‌داواکه‌ى هه‌ده‌په بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکه‌ن، هه‌رچه‌نده ئێمه ره‌خنه‌شمان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌یه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه به رێگه‌چاره‌یه‌کى گونجاو داده‌نێین بۆ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یران و کێشه‌کانى ئێستا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه کاروباره‌کان به‌ڕێوه‌بچێت و گه‌ل چاره‌نووسى ده‌سه‌ڵاتى ئێستا دیارى بکات. له‌دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى تورکیا که‌ساڵى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ده‌په (67) کورسی په‌رله‌مانى به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها له‌هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان که له 31ى ئازارى ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌چوو، (69) سه‌رۆک شاره‌وانى به‌ده‌ستهێنا. دواى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان، تورکیا ده‌ستیکرد به‌دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى ئه‌و پارته‌و تائێستا (14) سه‌رۆک شاره‌وانى له‌کاره‌کانیان دورخستووه‌ته‌وه. موزه‌یه‌ن گیونه‌ش نوێنه‌رى هه‌ده‌په له‌هه‌رێمى کوردستان به هاوڵاتى راگه‌یاند، کێشه‌ى زۆر له‌تورکیا هه‌یه‌و دیموکراسی نییه، کێشه‌ى تایبه‌ت به‌مافه‌کانى کورد له‌تورکیا هه‌یه، ئه‌ردۆغان رێککه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په هه‌یه که‌ناتوانێت لهڕێگهیەوه کێشه‌کانى تورکیا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، بۆیه هه‌ده‌په پرسی هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى کردووه‌ته رۆژه‌ڤه‌وه. وتیشى «پێویسته له‌ڕێگه‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه سه‌رکردایه‌تییه‌کى نوێ دروست بێت که‌مافه‌کانى گه‌ل به‌دیبهێنێت». موزه‌یه‌ن گیونه‌ش جه‌ختیکرده‌وه، هه‌رچه‌نده (14) سه‌رۆک شاره‌وانى هه‌ده‌په دورخراونه‌ته‌وه‌و زیندانی‌کراون و قه‌یوم له‌شوێنیان دانراوه، به‌ڵام هه‌ده‌په بڕیاریداوه له‌په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌کان نه‌کشێته‌وه. «ئه‌که‌په ده‌خوازێت کورد له‌سیاسه‌ت بکشێته‌وه، به‌ڵام کشانه‌وه چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵکو تێکۆشان چاره‌سه‌ره، هه‌ده‌په بڕیارى تێکۆشانیداو فراوانتریشى ده‌کات»، موزه‌یه‌ن گیونه‌ش وایوت. تائێستا لایه‌نه‌کانى تورکیا وه‌ڵامیان بۆ داواکه‌ى هه‌ده‌په نه‌بووه له‌باره‌ى داواکردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه، به‌تایبه‌ت پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زاره‌تى ناوخۆى تورکیا به‌رده‌وامه له‌هه‌ڵمه‌تى زیندانیکردن و کردنه‌وه‌ى دۆسیه بۆ سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى هه‌ده‌په، به‌تۆمه‌تى «تیرۆر» که‌دواترینیان خه‌دیجه شه‌فیق سه‌رۆکى شاره‌وانى سروچ بوو که 21ى ئه‌م مانگه دادگا فه‌رمانى زیندانیکردنى بۆ ده‌رکرد، به‌تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به «په‌که‌که‌وه«. خه‌دیجه له‌تویتێکدا جه‌ختیکرده‌وه، که‌مافى خۆى به‌کارهێناوه بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌دانانى قه‌یوم له‌جێگه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه کورده‌کان، ئه‌وه‌ش تاوان نییه. رۆژى چوارشه‌ممه پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدانى تۆمه‌تبارکرد به په‌یڕه‌وکردنى»سیاسه‌تى کوده‌تا» به‌سه‌ر سه‌رۆک شاره‌وانییه کورده‌کاندا. به‌ڵام سلێمان سۆیلۆ وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا جه‌ختیکردبووه‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامى کاره‌کانیان بۆ دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان، ئاشکراشی کردبوو ده‌یان سه‌رۆک شاره‌وانى فه‌رمانى زیندانیکردنیان بۆ ده‌رکراوه. سۆیلۆ کهوهزارهتهکى له‌ئابی رابردوودا هه‌ڵمه‌تێکى ئه‌منى به‌رفراوانى ده‌ستپێکرد دژى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانى سه‌ر به‌هه‌ده‌په باسى له‌وه‌کردبوو، (42) سه‌رۆک شاره‌وانى له‌ناو (94) سه‌رۆک شاره‌وانییدا به (286) ساڵ حوکمدراون، (19)یان ده‌ستگیرکراون، (59)ى دیکه‌یان دادگایی کراون و به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیربکرێن، شه‌شیان ئازادکراون، فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى هه‌شتى دیکه دراوه. هه‌ده‌په تائێستا به‌رانبه‌ر فشاره‌کانى سه‌رى خۆى راگرتووه‌و له‌ڕێگه‌ى داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوهختهشهوه ده‌یه‌وێت پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دروستبکات که‌حزبه‌که‌ى به‌ئامانج گرتووه. به‌وته‌ى عائیشه سوریجو په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په له‌په‌رله‌مانى تورکیا، ئه‌و فشارانه‌ى له‌سه‌ر هه‌ده‌په، بکرایه‌ته سه‌ر هه‌ر پارتێکى دیکه ئێستا به‌ته‌واوى کاره‌کانى وه‌ستابوو، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌به‌رگریکردن و پشت به‌گه‌لى خۆیان ده‌به‌ستن. وتیشى له 31ى ئازارى رابردوودا حزبه‌که‌یان به‌شدارى له‌هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کاندا کرد، له‌هه‌مان رۆژدا لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا ده‌ستى به‌سه‌ر شه‌ش سه‌رۆک شاره‌وانى هه‌ده‌په‌دا گرت و راده‌ستى ئاکه‌په‌ى کرد.
هاوڵاتی پارتی سووری نەرویج داوای لەوڵاتەکەی کرد لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەنجامبدرێت کە لەلایەن تورکیاوە لە رۆژاڤا بەکارهێنراوەو وتی، پێویستە ئەم بابەتە لەئاستی نێودەوڵەتیدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (ABC) بژورنار مۆکسنەس ئەندامی پارتی سووری نەرویج داوای لەوەزیری دەرەوەی نەرویج کرد کەبابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بکات بەبابەتی وتوێژی وەزیرەکانی دەرەوەی ناتۆ‌و نەتەوەیەکگرتووەکان و وتی «هەواڵی بەکارهێنانی فسفۆری سپی یان چەکی کیمیایی لەدژی خەڵکی مەدەنی، بابەتێکی گەورەو گرنگەو پێویستە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی جددی ئەنجامبدرێت.» مۆکسنەس تیشکی خستەسەر هەواڵەکەی نیۆزویک و تایمز کەدەڵێن وەڵاتانی ئەندام لەناتۆدا دژی ئەوەن، لێکۆڵینەوە لەبابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە بکرێت، بەڵام ئەو داوای لەوەزیری دەرەوەی نەرویجیش کرد کەئەمە بکات بە بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکانی ناتۆ بوروژێنرێت و لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنیدا بکرێت. بژورنار مۆکسنەس وتی «وەزیری دەرەوە دەرفەتی ئەو کارەی لەبەردەستدایەو پێویستە ناتۆش نەبێت بەرێگر لە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی دژی خەڵکی سڤیل.» پارتی سووری نەرویج لەهەمانکاتدا بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا)، وەک پێشنیار بۆ تاووتوێکردن، پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.