عومه‌ر فه‌تاح حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورای ئێران (پەرلەمان) رادەگەیەنن بەهۆی ئەوەی بە «شانۆ»ی دەزانن و دەڵێن کاندیده‌کان ئێستا دیاریکراون و زۆرینەشیان باکگراوندی سه‌بازییان هه‌یه. بڕیاره رۆژى هه‌ینى داهاتوو 21ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی خولی یازده‌یه‌می په‌رله‌مانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت، له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران زیاتر له‌حه‌وت هه‌زار که‌س خۆیان کاندیدکردووه‌و له‌ناو (208) بازنه‌ی ده‌نگداندا کێبڕکێ ده‌که‌ن بۆ (290) کورسی په‌رله‌مان. کۆی گشتی کورسیه‌کانی شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (29) کورسییه، پارێزگای کرماشان خاوه‌نی هه‌شت کورسی په‌رله‌مانیه‌و کراوه‌ته شه‌ش بازنه‌ی ده‌نگدان و (94) کاندید قبوڵکراون. پارێزگای سنه‌ش کراوه‌ته پێنج بازنه‌ی ده‌نگدان و شه‌ش کورسی له‌په‌رله‌مانی ئێران هه‌یه‌و (90) که‌س وه‌ک کاندید رێگه‌یان پێدراوه‌و به‌شداری کێبڕکێکه ده‌که‌ن. پارێزگای ورمێ‌ش خاوه‌نی (12) کورسی په‌رله‌مانیه‌و دابه‌شکراوه به‌سه‌ر نۆ بازنه‌دا 123 کەس کاندیدن، هه‌رچى پارێزگای ئیلامیشه خاوه‌نى سێ کورسیه‌و کراوه‌ته دووبازنهو (36) کاندید به‌شدارن. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وتی «هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران هیچ مانایه‌کیان نیه، چونکه وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت زیاتر له‌شانۆیه‌کی ئاماده‌کراو ده‌چن». هەروەها وتی «هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و که‌سانه‌ی که‌خۆیان ده‌پاڵێون ده‌بێ به‌فلته‌رى مه‌جلیسی نیگابانیدا بچن و کێبڕکێ ناهێڵێت، بۆیه هه‌موو پارته ئۆپۆزسیۆنه کوردییه‌کان و عه‌ره‌به‌کان و تورکه‌کان به‌گشتی بایکۆتیانکردووه«. ئه‌ندامه‌که‌ی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکرات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زۆربه‌ى نوێنه‌ره‌کانی په‌رله‌مانی داهاتوو دیاریکراون له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستاوه. وتیشى «ئه‌مه ته‌نیا سیناریۆیه‌که بۆ ئه‌وه‌ی به‌دنیای ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵێن دیموکراتی هه‌یه‌و هه‌موو که‌س ده‌توانێ ده‌نگ بدات و به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بکات». به‌پێی دوایین ئاماری راگه‌یه‌ندراو (55) ملیۆن که‌س له‌ئێران مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر کورسیه‌ک په‌رله‌مانیش پێویستی به (190) هه‌زار ده‌نگه له‌هه‌ر بازنه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا. حزبه سه‌ره‌کییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌چه‌ند ساڵێکه ناوه‌ندی هاوکاری هاوبه‌شیان پێکهێناوه تایبەت بەبڕیارە چارەنووسسازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا به‌کۆی ده‌نگ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی په‌رله‌مانیان بایکۆتکردووهو داوایان له‌هاوڵاتیان کردووه که نه‌چنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان. گرنگترینی ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌وایکردوه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن بریتین له‌قه‌یرانی ئابورى و بێکاریی و له‌سێداره‌دان و زیندانیکردنی رۆڵه‌کانیان به‌هۆی چالاکیی سیاسی و مه‌ده‌نییه‌وه، کوشتنی کۆڵبه‌ران، جێبه‌جێنه‌کردنی مادده‌کانی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر خوێندن به‌زمانی دایکی. ئه‌رده‌ڵانی فه‌ره‌جی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانی کوردستان و به‌رپرسی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌و حزبه، هاوڕایه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌که‌ی حزبه‌که‌ی دیموکرات و پێی وایه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران روکارو رووکه‌شه‌و هیچ ناگۆڕێ. وتیشى «چونکه هه‌ڵبژاردنه‌که له‌که‌شێکی ئازاد‌و دیموکراسیدا به‌ڕێوه‌ناچێت و هیچ زه‌مینه‌سازییه‌ک و کێبڕکێیه‌کى تێدا نیه‌و له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ ئازادی ئه‌حزاب هه‌بێ و هاوڵاتی مافى هه‌ڵبژاردنی لایه‌نێکی هه‌بێ به‌ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه، که‌ئه‌مه له‌ئێران په‌یڕه‌و ناکرێت و له‌بنه‌ڕەتدا له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژاردن ناته‌بایه«. به‌رپرسه‌که‌ی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان پێشى وایه ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ریفۆرمخوازه‌کانه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌ر دروستکراوی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی و هیچ جیاوازییه‌کی نیه‌و ده‌بێ له‌نێوان خراپ و خراپتریندا یه‌کێکیان هه‌ڵببژێریت. وتیشى «بایکۆته‌که‌ی ئێمه‌ش هه‌ر له‌خۆوه نه‌بووه، به‌ڵکو چه‌ند مانگێک ههڵسهنگانمان کردووه بۆ کۆی لایه‌نه باش و خراپه‌کانی ئه‌وکات بڕیاره‌که‌مان داوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش شتێکی ئه‌وتۆ ناگۆڕێت ئه‌مه زیاتر لهههڵوێستێک ده‌چێت که ده‌رمانبڕیوه به‌رانبه‌ر به‌و پرۆسه‌یه«. رۆژی پێنجشه‌ممه 13ى ئه‌م مانگه هه‌زاران کاندید ده‌ستیان به‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد‌و بڕیاره تابه‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌رده‌وامبن له‌بانگه‌شه‌ی خۆیان، ئه‌مه له‌کاتێکدایه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی رێگرییان له‌هه‌زاران کاندیدکردووه له‌به‌شداریکردنیان که‌زۆربه‌یان کاندیدانی ریفۆرمخوازان و میانڕه‌وه‌کانن، هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی ئێران هاوکاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن له‌ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی رۆڵ و کاریگه‌ریی کاندیده کورده‌کان له‌په‌رله‌مانی ئێرانه‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌خوله‌کانی رابردوو و داهاتووشدا هیچ ده‌ورێکیان نابێ، ئه‌وانه‌ی کاندیدن ده‌بێ بڕوای ته‌واویان به‌سیسته‌می ئێستای رژێمی ئێران هه‌بێ. وتیشى «به‌فلته‌رى سوپای پاسداران و ده‌زگای ئیتڵاعاتدا رۆشتبن و ئۆکه‌ییان له‌سه‌رکرابێ، بۆیه ئه‌وانه نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى کورد‌و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نین و له‌ڕابردووش سه‌لماندوویانه هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نیه له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان». به‌پێی یاسا کارپێکراوه‌کانی ئێران، پێویسته هه‌ر کاندیدێک یه‌ک له‌سه‌ر چواری ده‌نگه‌کانی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌که‌ی به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌گه‌ریش هیچ یه‌کێک له‌کاندیده‌کان له‌بازنه‌ی خۆیدا ئه‌و رێژه‌یه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌وا گه‌ڕی دووهه‌می ده‌نگدانی بۆ ده‌کرێت، له‌کۆی (290) کورسیه‌که‌ی په‌رله‌مانیش ته‌نها پێنج کورسیی دیاریکراوه بۆ پێکهاته‌ی زه‌رده‌شتییه‌کان و جووه‌کان و ئاشوری و کلدانی و ئه‌رمینیه‌کان. ئه‌رده‌ڵان فه‌ره‌جی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که به‌پێی ئامارێک لای ئه‌وان تۆمارکراوه نزیکه‌ی هەزارو (500) کاندیدی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه که‌سانێکن لهسیلکی سه‌ربازیى و سه‌ر به‌سوپای پاسدارانن. وتیشى «سه‌د له‌سه‌د په‌رله‌مانی داهاتووى ئێران زیاتر لهمهجلیسێکی عه‌سکه‌رى ده‌چێت، چونکه زۆرینه‌ی کاندیده‌کان باکگراوندی نیزامی و سه‌بازییان هه‌یه‌و هه‌موو ئاماژه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کان بۆ ئه‌وه‌ده‌چن که‌سه‌رۆکی په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆککۆماری داهاتووش که‌سی سه‌ربازیی بن». ئه‌و به‌رپرسه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات، کاندیده کورده‌کانی په‌رله‌مان له‌ڕابردوودا هیچ ده‌ورێکیان نه‌بووه‌و وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت له‌ڕاستیدا ئه‌وانه نوێنه‌رى ئێرانن له‌شاره‌کان بۆ نموونه سهقزو بۆکان و مهابات و مه‌ریوان، نه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و شارانه بن له‌په‌رله‌مان. وتیشى «به‌ندێکی یاسایی ده‌ڵێت خوێندن به‌زمانی دایکی پێکهاته‌کان رێگه‌پێدراوه له‌قوتابخانه‌کان، به‌س کوا له‌کوێ ئه‌مه په‌یڕه‌و ده‌کرێ، ئه‌و ئه‌ندامه کوردانه چی‌یان کردووه بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و ماده‌یه، ناوچه کوردییه‌کان هه‌میشه که‌مترین بودجه‌یان بۆ دیاریده‌کرێ، به‌س ئه‌م په‌رله‌مانتارانه چ شه‌ڕێکیان کردووه بۆ زیادکردنى ئه‌و بودجه‌یه«. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستان، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ڵبژاردنه‌کان هیچ گۆڕانگارییه‌ک دروستناکات. ئه‌و وتی «نه گۆڕینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان، نه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆک کۆماریش هیچ له‌سیسته‌می سیاسی ئێران ناگۆڕێ، چونکه ئه‌وان ته‌نها ده‌موچاوه‌کان ده‌گۆڕن و ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌شوێنێکی دیکه‌یه، که‌ئه‌ویش رابه‌رو سوپای پاسداران و سوپای قودسن که رۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بینن». جگه له‌پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات، هه‌ریه‌که له‌پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک و کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان-کۆدار، به به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبەش بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان راگه‌یاندووه. لە راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووە «وه‌ک کۆدار ـ پژاک ته‌نیا هه‌ڵبژاردنێک په‌سه‌ند ده‌که‌ین کهدیموکراتیک بێت و پره‌نسیبه‌کانی له‌گونجاندنی دیموکراتیک له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی که له‌ساڵی 2018 رامانگه‌یاندبوو، مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان و گه‌لی کورد به‌فه‌رمی بناسێت». له‌به‌شێکی دیکه‌ى راگەیەنراوەکەدا هاتووە «په‌رله‌مانی داهاتوو مه‌جلیسی شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌یه، نه‌ک چاره‌سه‌ریی».
سازدانی: عومه‌ر فه‌تاح مه‌زڵوم هه‌فته‌ن، ئه‌ندامی کۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (کۆدار) رایده‌گه‌یه‌نێت رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌موو فێڵ و فڕو رێگایه‌کی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک به‌شداری پێ‌بکات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌ماندا چه‌ند به‌ڵێنی جیاواز ده‌دات و دواتریش هیچی جێبه‌جێ ناکات. ئه‌و به‌رپرسه‌ی کۆردار له‌م چاوپێکه‌وتنه تایبه‌ته‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه که‌پێویسته هاوڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، وتیشى به‌هۆی فشاره ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کان رووبه‌ڕووى بۆته‌وه به‌تایبه‌تی له‌دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانى، ئه‌وه ئه‌گه‌رێکی کراوه‌یه‌و ئێران بیه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بکاته یه‌ک ده‌ست و هه‌موویان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه. ئه‌گه‌رێکى کراوه‌یه ئێران هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه هاوڵاتى: رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و پارته کوردییه‌کان چیه لهههڵبژارنى په‌رله‌ماندا؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: له‌هه‌ڵبژاردندا پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان هه‌م کوردیه‌کان هه‌م لایه‌نه‌کانی تری ئێران رۆڵی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه‌و پێویسته مێژوو خه‌باتی رابردووى خۆیان به‌باشی هه‌ڵبسه‌نگێنن و لایه‌نی باش و خراپه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ خه‌ڵک لێکبده‌نه‌وه که‌ئامانجی رژێم چیه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌وکات بڕیاری بایکۆته‌که بدات هاوته‌ریب و هاوشانی هاوڵاتیان رۆڵیان روون ده‌بێته‌وه. هاوڵاتى: چاوه‌ڕوانی به‌شداریکردنی به‌رفراوانی کورد ده‌که‌ن له‌هه‌ڵبژاردندا، رای ئێوه له‌سه‌ر به‌شداریکردنی خه‌ڵک چیه؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: به‌گشتی هاوڵاتیان له‌و بارودۆخه‌ى که‌ئێستا له‌ئێران هه‌یه ناڕازیه، زوڵم و ناعه‌داله‌تی و فشارێکی زۆر له‌سه‌ر میلله‌ت هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م فشار‌و نایه‌کسانیه‌ش له‌ناوچه کوردییه‌کان زیاتر‌و کاریگه‌رتر هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یربکه‌یت رۆژانه کوشتن و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌و بێ‌کاری هه‌یه‌و کۆڵبه‌ره‌کان ده‌کوژرێن، له‌کاتێکدا ئه‌وان بۆ پارویه‌ک نان ئه‌و رێگایه ده‌گرنه به‌ر، بێگومان خه‌ڵک ئه‌مانه ده‌بینێت و بیر له‌و زوڵمه ده‌کاته‌وه به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردن ناکات و بایکۆتى ده‌کات. هاوڵاتى: چیتان هه‌یه بۆ ئه‌و کاندیده کوردانه‌ی له‌شاره کوردیه‌کاندا خۆیان کاندید کردووه بۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: پژاک و کۆدار که له‌ژێر فکرو فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ کارده‌که‌ین، داوا‌و بانگه‌وازمان بۆ هه‌موو خه‌ڵک و کاندیده‌کانیش ئه‌وه‌یه به‌شداری نه‌که‌ن و بایکۆت بکه‌ن، بۆ ئه‌وانه‌شی که هه‌ر سوورن له‌سه‌ر کاندیدبوونی خۆیان بانگه‌وازی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌که‌ین به‌شدار نه‌بن، چونکه ئه‌و رژێم و سیسته‌مه‌ى هه‌یه ناعهڵهتی زۆر تێدایه، هه‌موی ده‌ربه‌ده‌رى و ئاواره‌یی بووه بۆ کورد، ئه‌وانه‌ى که‌بیانه‌وێت رۆژێ له‌ڕۆژان گۆڕانکاری بکه‌ن له‌و رژێمه‌دا له‌سوودى میلله‌ت جێگه‌یان نابێته‌وه‌و به‌گۆڕینی ئه‌ندامی په‌رله‌مانیش هیچ گۆڕانکاریه‌کی نوێ و ئه‌وتۆ نایه‌ته ئاراوه. هاوڵاتى: کۆماری ئیسلامی ئێران چی به‌ده‌سته‌یه‌وه خه‌ڵکی رازی بکات بچنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان له‌کاتێکدا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر به‌هه‌زاران که‌س له‌خۆپیشانده‌رانی ناڕازی کوژران و برینداربوون؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: رژێمی داگیرکه‌ری حاکمی ئێران به‌شداری و زۆری ژماره‌ی خه‌ڵکی زۆر به‌لاوه گرنگه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هه‌موو فێڵ و فه‌نێکی خۆی به‌کارده‌هێنێت له‌سه‌ره‌تاوه له‌وانه‌یه به‌شێوازێکی نه‌رمونیان ده‌زانێت باری ئابوورى میلله‌ت و گه‌ل فه‌قیره، له‌وانه‌یه به‌فێڵی ئابورى وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی کۆمه‌کی ماڵی دابه‌شبکات یان به‌شێوازێکی دیکه‌ى جیاواز بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌بکات مافی کرێکار‌و ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی زیاتربکات. له‌وانه‌یه ئه‌وه باس بکات که به‌هۆى ئه‌وه‌ی بارودۆخ خراپه ده‌سه‌ڵات و رژێمه‌که له‌دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌یه‌وێت هه‌ندێ ریفۆرم و چاکسازی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین و سۆزی خه‌ڵک رابکێشێت به‌و جۆره کارانه و بیه‌وێت هه‌ندێ گۆڕانکاری بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌ورى نه‌بوو له‌وانه‌یه بیکاته باری ترس و هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌وه‌و ئه‌وانه‌ى کهمهئمورو کارمه‌ندى ده‌وڵه‌تن ده‌یانترسێنێت و خه‌ڵک ده‌به‌نه‌سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و هه‌موو هه‌وڵێکى خۆى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی که‌زۆرترین خه‌ڵک ببات و نمایشه‌که‌ی خۆی بۆ ناوهوەو ده‌ره‌وه‌ش ته‌واوبکات. هاوڵاتى: رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران و خۆپیشاندانه ناوخۆییه‌کان تاچه‌ند کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: بێگومان ئه‌و رووداوانه کاریگه‌رییان ده‌بێ، هه‌رچه‌نده به‌ده‌ر له‌و رووداوانه‌ش خه‌ڵک ده‌زانێت که رژێمی ئێران چۆنه‌و خه‌ریکی چیه، به‌ڵام هه‌مووکات دوای رووداوه‌کان خه‌ڵک ناڕه‌زایی خۆى ده‌ربڕیوه‌و ئه‌وانیش به‌شێوه‌ی دڕندانه وه‌ڵامیانداوه‌ته‌وه، ئه‌و راستییه ناگۆڕێت که‌ئه‌مڕۆ میلله‌ت به‌بایکۆت و نه‌چوونه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان وه‌ڵامیان ده‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵات. هاوڵاتى: هێشتا خه‌ڵکانێکی وه‌کو میر‌حوسێن مووسه‌وی و مه‌هدی که‌ڕووبی وه‌کو نه‌یاری رژێمی ئێران له‌ناوخۆدا هه‌ن. ئایا ئه‌م ده‌نگانه ده‌توانن گۆڕانکاریی ریشه‌یی له‌ئێراندا بکه‌ن له‌ڕێگه‌ی سندوقی هه‌ڵبژاردنه‌وه یان به‌ڕێگه‌ی تر؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: ئێران رژێمێکی دژی دیموکراتییه، ئازادی و دیموکراسی ئه‌گه‌ر دژى خۆی بێت قبوڵی ناکات، بۆیه هه‌ڵبژاردنیش ته‌نها شانۆیهکهو رووکه‌شه، ئه‌و که‌سانه‌شی که تۆ ناوت هێناون له‌بنه‌ڕه‌تدا دوژمنی ئێران نین، مووسه‌وی و که‌ڕووبی ته‌نها بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی فه‌رعی نه‌ک ئه‌سڵی رژێمه‌که، جیاوازییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ئه‌وه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵک دژی بنه‌ڕه‌تی رژێمه‌که‌یه وه‌ک فه‌سادو زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌و ناعه‌داله‌تی، بۆیه ئه‌م کێشانه بهسهندوق و هه‌ڵبژاردن و گۆڕینى که‌سه‌کان چاره‌سه‌ر نابێت، پێویسته سیسته‌مه‌که بگۆڕدرێت و ئه‌وه‌ش ئێستا ده‌بێ بایکۆت بکرێت. ئێران هه‌موو فێلێک به‌کارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زۆر بێت هاوڵاتى: نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شورا کاتێک ده‌رده‌چن تاچه‌نێک ده‌توانن کاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداوه سیاسییه‌کان له‌ئێران دابنێن، به‌تایبه‌تی کورده‌کان، ئایا ده‌توانن هیچ شتێک بۆ مافه‌کانی کورد له‌و وڵاته‌دا بکه‌ن؟ مه‌زوڵم هه‌فته‌ن: ئێران رژێمێکی مه‌رکه‌زییه، سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیهی و ئاینییه‌و په‌یوه‌سته به‌ته‌نها یه‌ک کەسه‌وه ئه‌ویش رابه‌ره، بۆیه ئه‌و ئه‌ندامانه کورده‌کان یا چ ئه‌وانی دیکه‌ش له‌مه‌جلیسی شورادان نوێنه‌رى گه‌ل نین، به‌ڵکو نوێنه‌رى سیسته‌م و ویلایه‌تی فه‌قیه و ده‌سه‌ڵات و حاکمن، ئه‌وا ته‌نها به‌گوێی ئه‌وان ده‌که‌ن و رابردووش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه که‌ئه‌و نوێنه‌رانه ناتوانن هیچ بکه‌ن. هاوڵاتى: ئایا هیچ ئه‌گه‌رێک هه‌یه کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ندێ ریفۆرم بکات بۆ رازیکردنی دڵی خه‌ڵک؟ ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بێ ئایا ئاماده‌یه هیچ به‌رپرسێکی خۆی بکاته قوربانی و له‌پۆسته‌که‌یدا لایبدات؟ یان موسه‌وی و که‌ڕوبی ئازادبکات؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌موو فێڵ و فرو رێگایه‌کی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌کات و ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک به‌شداری پێ‌بکات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ند به‌ڵێنی جیاواز ده‌دات و دواتریش هیچى جێبه‌جێناکات، پێده‌چێت په‌نا بباته‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌هه‌ندێ گۆڕانکاری بچوک و شکڵی بکات به‌س زیان لهئهساسهکه نه‌دات، ئه‌وکاته‌ی که رژێم ده‌که‌وێته ته‌نگانه، له‌وانه‌یه که‌سانێک که ریفۆرمخواز بوون ئازادبکات، به‌ڵام بۆ ئازداکردنی موسه‌وی و که‌ڕوبی ناتوانم هیچ پێشبینیه‌ک بکه‌م. هاوڵاتى: پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن که‌حکومه‌تی ئێران زۆرترین که‌سانی نزیک له‌سوپای پاسداران و خامنه‌یی بنێرێته ئه‌جومه‌ن؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: به‌هۆی فشاره ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کان کە رووبه‌ڕووى بۆته‌وه به‌تایبه‌تی له‌دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانى ئه‌وه ئه‌گه‌رێکی کراوه‌یه‌و ئێران بیه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بکاته یه‌ک ده‌ست و هه‌موویان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه، ئه‌وانه‌ی که له‌په‌رله‌مانن یان له‌دادگاو قه‌زاکانن یان لهحکومهتن چاویان پێدابخشێنێته‌وه.
عومه‌ر فه‌تاح دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌مانگێک به‌سه‌ر رووداوی نوقمبوونى یه‌ختێک که‌زیاتر له (50) کۆچبه‌رى هه‌ڵگرتبوو، هێشتا هیچ هه‌نگاوێک نه‌نراوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رم و دیاریکردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنه‌کان. به‌رپرسانی ده‌زگای لوتکه پشکنینی دی ئێن ئه‌ی-یان کردووه بۆ که‌سوکارى قوربانیه‌کان و ناردوویانه بۆ یۆنان، بڕیارە له‌ڕێگه‌ى حکومه‌تى عێراقه‌وه هه‌وڵی هێناوه‌ى ئه‌و ته‌رمانه بدرێت. رۆژی 11ی مانگی یه‌کی ئه‌مساڵ، یه‌ختێک که‌زیاتر له (50) کۆچبه‌ری هه‌ڵگرتبوو له‌ئاوه‌کانی یۆنانه‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا گه‌شتی کردووه، به‌لڵام به‌هۆی له‌کارکه‌وتنی ماتۆڕی یه‌خته‌که‌وه ژێرئاو کەوت کە (23) هاوڵاتییان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن و ته‌نها سێ که‌سیان رزگاریان بووه‌و (20) که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداو ته‌رمی پێنجیان گهڕێنرایهوههو تاوه‌کو ئێستا (15) که‌سیان بێسه‌روشوێنن. به‌شی زۆری قوربانیه‌کانی ئه‌و یه‌خته خه‌ڵکی سه‌یدسادق و قه‌زای شاره‌زوور بوون. عه‌دنان ئه‌حمه‌د که‌سوکاری یه‌کێک لهبێسهروشوێنهکانی ئه‌و رووداوه کەکوڕە ونبووەکەیان ته‌مه‌نی (23) ساڵە؛ ئاماژه به‌وه‌ده‌کات کوڕەکەیان به‌هۆى بێکارییه‌وه بڕیاریداوه گه‌شت بکات بۆ ئه‌وروپا. کوڕەکەیان زیاتر له‌چوار مانگ له‌تورکیاو یۆنان ماوه‌ته‌وه‌و دواجار کهقسهیان له‌گه‌ڵ کردووه پێی وتوون سوارى ئه‌و یه‌خته ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌وروپا. عه‌دنان به هاوڵاتى وت «هه‌رچه‌نده ئێمه پرسه‌مان بۆ کوڕه‌که‌مان داناوه، به‌ڵام هێشتا هیچ ئاسه‌وارێک نیه لهتهرمهکهى و داوا له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین که‌خه‌مێکی ئێمه بخۆن وه‌ک کوڕه‌که‌مان رۆشت با هیچ نه‌بێ گۆڕێکی هه‌بێت». عه‌دنان حکومه‌ت زۆر به‌خه‌مسارد ناوده‌بات له‌م که‌یسه‌دا، وتی «به‌رپرسان به‌ده‌نگمانه‌وه نه‌هاتوون ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات به‌هۆی شه‌پۆلی ئاو‌و گیانداری جۆراوجۆره‌وه ئاسه‌وارێک لهتهرمهکانیش نامێنێت». چوار گه‌نجی دانیشتوی سەیدسادق بەناوەکانی زانکۆ لوقمان، ئه‌حمه‌د عومه‌ر، شیروان ئه‌حمه‌د ئارى حه‌سه‌ن، لەو رووداوە گیانیان له‌ده‌ستداو پرسه‌یان بۆ دانراوە، به‌ڵام (11) کوردی تر کە لەیەختەکەدا بوون تائێستاش ته‌رمه‌کانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. سه‌ره‌ڕای ساردی‌و سه‌رمای وه‌رزی زستان‌و رێگریه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ چوونه‌ناوه‌وه‌ی کۆچبه‌ران بۆ وڵاته‌کانیان، به‌ڵام هێشتا له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه کۆچکردن به‌رده‌وامی هه‌یه‌و ناوه ناوه کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه. ئاری جه‌لال، سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه بۆ کاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران (رێکخراوێکی ناحکومی مرۆییه) ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌که‌وه له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌ره‌که‌یانه‌وه به‌دواداچوونیان کردووەو هه‌وڵیانداوه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان و دیاریکردنی بێسه‌روشوێنان. ئارى وتی «حکومه‌ت هه‌رچه‌نده به‌یاننامه‌ی ده‌رکرد، به‌ڵام هیچ ههنگاوێکی کرداری نه‌نواندووه‌و ئه‌وه نوێنه‌ره خۆبه‌خشه‌کانی ئێمه‌بوون کهکاروبارى یاسایی هێنانه‌وه‌ى پێنج ته‌رمه‌که‌شمان ئه‌نجامدا به‌هاوکاری باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌یۆنان و حکومه‌تی هه‌رێم هاوکار نه‌بووه تائێستا له‌م دۆسیه‌یه‌دا». به‌رپرسه‌که‌ی ده‌زگاى لوتکه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وان هێشتا بێهیوا نه‌بوون له‌دیاریکردنی بێسه‌روشوێنان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ته‌رمی قوربانیه‌کان، وتیشى «پشکنینی دی ئێن ئه‌ی-مان وه‌رگرتووه له‌که‌سوکارى ئه‌وانه‌ى که رۆڵه‌کانیان دیارنیه‌و هه‌موو زانیاریه‌کی پێویستمان وه‌رگرتووه‌و ره‌وانه‌ى یۆنانمان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی کاری له‌سه‌ربکرێت». به‌پێى ئاماره‌کانی ده‌زگاى لوتکه بۆ کاروبارى په‌نابه‌ران، له‌ساڵی 2017وه تاسه‌ره‌تای ئه‌م مانگه (139) که‌س له‌کاتی گه‌شتکردنیان بۆ ئه‌وروپا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (110) کۆچبه‌ری هه‌رێمی کوردستان بێسه‌روشوێنن و ساڵى رابردووش ته‌رمی (47) که‌س له‌وانه‌ی گیانیان لهدهستدابووگهڕێنراوهتهوهو ئه‌مساڵیش ته‌رمی پێنج که‌س هێنراوه‌ته‌وه. کاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌گه‌ڵ که‌سوکاری کۆچبه‌ره‌کان چوونه‌ته لای سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و داوایانکردووه به‌دواداچوون بکات و به‌زووترین کات هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌کان بدرێت. کاروان به هاوڵاتى وت «حکومه‌ت و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش هیچ هه‌وڵێکیان نه‌دابوو له‌و دۆسیه‌یه‌دا، به‌نده هه‌موو زانیاریه‌کم بۆکرده‌وه‌و به‌دواداچوونم بۆکردووه‌و له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆکی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى یۆنانیش قسه‌م کردووه‌و ئه‌ویش بهڵێنیدا که‌هه‌موو هه‌وڵێک بدات بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ى بێسه‌روشوێنن». ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمه‌کان و دۆزینه‌وه‌یان کارێکی ئه‌سته‌م و قورسه‌و پێویستى به‌وه‌یه که بهغهواسی سه‌ربازیی بچنه قوڵایی نزیکه‌ی هەزارو (500) مه‌تر ژێر ئاوه‌وه، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌هه‌ندێک رێوشوێن هه‌یه. کاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، وتیشى «له رێگه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین به‌زووترین کات سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش بهێنینه سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه حکومه‌تی یۆنان ئاگاداربکه‌نه‌وه کار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى ته‌رمی ئه‌و کۆچبه‌رانه بکه‌ن و ئێمه بێ‌ئومێد نین و به‌م نزیکانه ئه‌نجامى هه‌وڵه‌کانمان به‌ده‌رده‌که‌وێت».
عومه‌ر فه‌تاح دوای زیاتر له‌سێ هه‌فته هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی په‌رله‌مانی نه‌داوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌کاتی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران که‌ماوه‌ی زیاتر له‌چوار ساڵه راگیراوه، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدات. سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر (36) په‌رله‌مانتاری کوردستان له‌فراکسیۆنه جیاوازه‌کان یاداشتێکیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌و داواده‌که‌ن به‌زوویی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبکاته‌وه. شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌باره‌ى وه‌ڵامی یاداشتهکهیانهوە به وت «تائێستاش ئێمه چاوه‌ڕوانین و هیچ وه‌ڵامێکمان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه به‌پێی یاساش ده‌بێ له‌دوای دوو هه‌فته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه، که لهپهرلهمانەوه ئاراسته‌ی حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کرێت». سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد به‌رده‌وامیدان به راگرتنی پله به‌رزکردنه‌وه سته‌مێکی گه‌وره له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌کرێت و ناکرێت حکومه‌ت ئه‌و مافه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دات، پێشى وایه سته‌مه له‌فه‌رمانبه‌ران و جۆرێکه له‌پاشه‌که‌وت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تا چه‌نده حکومه‌ت نیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌ستبکات به پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران، شێرکۆ جه‌وده‌ت وتی «له‌ڕاستیدا ناوێرم به‌ناوی حکومه‌ته‌وه هیچ به‌ڵێنێک بده‌م، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بین». هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنی رای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی په‌رله‌مانتاران، په‌یوه‌ندیکرد بهوتهبێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ قسه‌یه‌ک بکات. جگه لهیاداشتهکهی په‌رله‌مان، دوو هه‌فته‌یه له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌شێک له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران که‌مپینێکیان راگه‌یاندووه به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌یان، هاوکات یاداشتێکیشیان ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌که له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی کردووه. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه به‌پاساوی قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی راگرتووه.
ئارا ئیبراهیم کابینه نوێیه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى هه‌موو سیاسییه‌کانى عێراقى سه‌رقاڵ کردووه به‌وپێیه‌ى که‌سانى سهبهخۆو ناحزبى له‌پۆسته وه‌زارییه‌کاندا دیارى کردووه‌و به‌شێک لهلایهنهکانى کورد‌و سوننه نیگه‌رانن له‌پرۆسه‌که و ده‌یانه‌وێت رۆڵیان هه‌بێت لهدانانیدا. دوێنێ شه‌و له‌نێوان به‌شێک لهلایهنهکانى (کورد، سوننه، شیعه) له‌ماڵى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق کۆبوونه‌ته‌وه بۆ تاووتوێکردنى کابینه نوێیه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى که به‌شێک لهلایهنهکانى نیگه‌ران کردووه. وه‌فدێکى کورد به‌به‌شدارى لایه‌نه‌کانى (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) به‌شداربوون لهکۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌ته نوێیه‌که‌ى عه‌لاوى که‌بڕیاره هه‌فته‌ى ئاینده رابگه‌یه‌ندرێت که‌پێکهاتبوون لە( لاهور شێخ جه‌نگى نوێنه‌رى یه‌کێتى، وشیار زێبارى نوێنه‌رى پارتى، ده‌رباز محه‌مه‌د نوێنه‌رى گۆڕان، سه‌لیم شوشکهیى نوێنه‌رى کۆمه‌ڵ، خه‌لیل ئیبراهیم نوێنه‌رى یه‌کگرتوو). نوێنه‌رى کۆمه‌ڵى ئیسلامى و سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ و به‌شداربووى کۆبوونه‌وه‌که‌ى ماڵى حه‌لبوسى زانیارى وردى بۆ هاوڵاتى ئاشکراکرد کهکۆبوونهوهکه سێ کاتژمێرى خایاندووه له 9ى شه‌وه‌وه بۆ 12ى شه‌و. بڕیارە ئه‌مڕۆش چوارشه‌ممه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق کۆببنەوە. سه‌لیم شوشکهیى، به هاوڵاتى وت «بهشیعهکانمان وتووه که‌کورد ده‌بێت چوار وه‌زاره‌تى هه‌بێت نه‌ک سێ دانه، ده‌بێت خۆمان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بده‌ین، ئه‌مه‌ش تائێستا به‌هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه«. هه‌روه‌ها شوشکهیى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه له‌ماڵى حه‌لبوسى باسى ئه‌وه کراوه کورد ده‌یه‌وێت وه‌زاره‌تى دارایى لابمێنێتهوه به‌و پێیه‌ى پرسى دارایى کێشه‌یه له‌نێوان هه‌رێم به‌غداو ده‌یانه‌وێت وه‌زیره‌که‌ى کورد رۆڵى هه‌بێت لهچارهسهرکردنیداو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌یان ناوێت. راوێژکارێکى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، عه‌لاوى بۆ کورد سێ وه‌زاره‌تى دیارى کردووه‌و له‌نێو وه‌زاره‌ته سیادییه‌کاندا کورد دارایى یان ده‌ره‌وه‌ى پێده‌درێت. ئه‌مین به‌کر، راوێژکارى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «عه‌لاوى لهکابینه نوێیه‌که‌یدا سێ وه‌زاره‌تى بۆ کورد دیاریکردووه، یه‌کێکیان ژن ده‌بێت». هه‌روه‌ها وتیشى «له‌نێو وه‌زاره‌ته سیادییه‌کاندا کورد وه‌زاره‌تێکى به‌رکه‌وتووه، یا دارایى ده‌بێت یا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه... کورد‌و به‌تایبه‌تى پارتى فریوى خواردووه، چونکه عه‌لاوى که‌سانى سهربهخۆو ته‌کنۆترات داده‌نێت و پشتیوانى لێکراوه«. ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه کهفراکسیۆنهکانى فه‌تح و سائیرون که‌زیاتر له (100) کورسى په‌رله‌مانیان هه‌یه‌و له‌لایه‌ن هادى عامرى و موقته‌دا سه‌دره‌وه سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت پاڵپشتى محه‌مه‌د تۆفیق عهلاوییان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى که‌سانى بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ دابنێت. حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاوى حکومه‌تى راگوزه‌ر ده‌بێت و ره‌نگه بۆ ساڵێک به‌رده‌وام بێت و دواتر بڕیارە هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌شێک له‌لایه‌نه‌کان له‌ناو کورددا بەتایبەتی پارتى ده‌یانه‌وێت ده‌ستیان هه‌بێت له‌دانانى وه‌زیره‌کاندا، به‌ڵام عه‌لاوى ئه‌وه‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه. راوێژکاره‌که‌ى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه بێجگه کورد به‌شێک له سوننه‌ش ئه‌وه ره‌تده‌که‌نه‌وه کهکهسانى بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ دابنرێت. تیمێک که‌سانى بێلایه‌ن و ناحزبى شاره‌زایان هه‌ڵسه‌نگاندووه، کابینه‌که‌ى عه‌لاوى 1/4ى ژن ده‌بێت، پێنج لهوهزیرهکانى ئه‌وانه‌ن که لهئهوروپاو وڵاتانى دیکه بوون و ئه‌زموونیان هه‌یه‌و شاره‌زان و هێنراونه‌ته‌وه بۆ عێراق. ئەمین بەکر وتی «وه‌زیره‌کانى پێشوو هیچیان بۆ کورد نه‌کردووه‌و ته‌نها به‌رگرییان لهبهرژهوهندییهکانى حزب و ده‌ستکه‌وته‌کانیان کردووه، که‌سانى شاره‌زاو بێلایه‌ن کهفشارى حزبى له‌سه‌ر نه‌بێت ده‌توانێت زیاتر خزمه‌تى نه‌ته‌وه‌ى کورد بکات له‌ناو عێراقى فیدراڵ‌دا». هاوکات، په‌رله‌مانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان پێیوابوو هه‌موو هێزه شیعه‌کان به‌حکومه‌تى بێلایه‌نى عه‌لاوى رازیین، ناکرێت به‌شێک له‌کوردو سوننه رازى نه‌بن. کاوه محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «عه‌لاوى سه‌ر به‌هیچ حزبێک نییه‌و با وه‌ک کورد فرسه‌تێکى پێبده‌ین، به‌شێک له‌خۆپیشانده‌ران داوایان کردووه، هه‌موو هێزه سیاسییه شیعه‌کان رازیین بێلایه‌ن بێت حکومه‌ته‌که‌ى، ته‌نها به‌شێک لهسوننهو کورد رازیى نین». وتیشى « پارتى شه‌ڕ بۆ به‌رگرى لهدهستکهوتى حزبى و بنه‌ماڵه‌ى خۆى ده‌کات لهپۆستهکانى به‌غدا، بۆیه پێداگیرى ده‌که‌ن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى». کاوه محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه کهحکومهتهکهى عه‌لاوى کاتییه‌و درێژخایه‌ن نابێت، چونکه زه‌مینه خۆشدهکرێت بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له‌عێراقدا. سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت یارمه‌تى عه‌لاوى بده‌ن کهئیستحقاقى کورد لهکابینهکهى ناوى وه‌زیره کورده‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆى ره‌وانه بکرێت. فازڵ میرانى، سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دوێنێ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند «ئێمه له‌گه‌ڵ مافى میلله‌تى خۆمانین، نامانه‌وێت پاش ئه‌م هه‌موو خه‌بات و ماندوبوونانه کە دنیایه‌ک شه‌هیدمان داوه نه‌توانین وه‌زیرێک بۆ خۆمان دابنێین، واتا هیچ«.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ئاشکرایده‌کات مه‌کته‌بى دارایى یه‌کێتى بەستراوهتهوه بههاوسهرۆکانى یه‌کێتى. ھەریەکە لە بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگی دوێنێ لەھەڵبژاردنێکی ناوخۆییدا بەھاوسەرۆکی یەکێتی ھەڵبژێردران. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت «هێشتا ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى نه‌گه‌یشتوونه‌ته فۆرمێک تا رێککبکه‌ون له‌سه‌رى بۆ دیاریکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى باڵا، بڕیاردراوه به‌گفتوگۆ ده‌سه‌ڵاته‌کان دیارى بکرێت و دواتر به‌ده‌نگى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى په‌سه‌ندده‌کرێت». فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی «بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى، نه‌وه‌ى دووه‌مى یه‌کێتین هاتوونه‌ته پێشه‌وه‌و ئه‌وان گه‌نجن و ده‌توانن یه‌کێتى ببەنه پێشه‌وه«. هاوڵاتى: په‌سه‌ندکردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆ چى بۆ یه‌کێتى ده‌گۆڕێت؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئێمه پهیڕهوێکمان داناوه که واده‌کات باشتر خۆى بگونجێنێت له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌که‌دا، که‌مترین بوار نییه بۆ تاکڕه‌وى له‌پڕۆسه‌ى دروستکردنى بڕیاردا له‌م په‌یڕه‌وه‌دا جێگیرکراوه، ئه‌مه شته تازه‌که‌یه که‌ئێمه هه‌موومان هه‌وڵمان بۆداوه بیهێنینه دى، له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى (124) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و له‌ڕێگه‌ى دانانى ئه‌و په‌یڕه‌وه ناوخۆیهى ئه‌مڕۆ په‌سه‌ندمان کرد‌و ده‌نگمان پێداو کۆتایى پێهات. هاوڵاتى: هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى چ ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌یه؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:ئه‌وان پێش هه‌موو شتێک ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تین، ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵاتى له‌بوارى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌رکه‌کاندا پێداون، له‌به‌رئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان زۆره، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا کۆمه‌ڵێک ده‌زگا هه‌یه له‌وانه ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى رۆڵیان هه‌یه له‌دروستکردنى بڕیاردا. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى موخاله‌فه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ مامه‌ڵه بکات، کێ لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کات هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى یا ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌ئه‌ستۆى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیه نه‌ک هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى، هه‌ردوو هاوسه‌رۆک ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تین، بۆ هه‌موو ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى گونجاوه‌و بۆ ئه‌وانیش گونجاوه، چونکه په‌یڕه‌وى ناوخۆ بۆ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى دانراوه نه‌ک بۆ هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر شتێک له‌م باره‌یه‌وه دانرابێت ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه. هاوڵاتى: بڕیارى چاره‌نووسساز له‌ناو یه‌کێتیدا چۆن یه‌کلاده‌کرێته‌وه؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌م مه‌سه‌لانه هه‌مووى ده‌بێت له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى، کۆتا بڕیار لاى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تییه، به‌ڵام هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى ده‌ستپێشخه‌ر ئه‌بن بۆ هێنانى هه‌ر بڕیارێک له‌مباره‌یه‌وه‌و پاشان جێبه‌جێکردنى. هاوڵاتى: ئایا یه‌کێتى مه‌کته‌بى سیاسى دیارى ده‌کات یا ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن، ناوه‌کان یه‌کلاکراونه‌ته‌وه ئه‌وانه‌ى خۆیان ده‌پاڵێون؟ بۆ نموونه باس له ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵاو شاناز ئیبراهیم ئهحمهدو شاڵاو کۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌کرێت بۆ سه‌رۆک و جێگر‌و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌مڕۆ داوا له‌ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کرا ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت خۆیان کاندید بکه‌ن و داوایه‌ک بنووسن له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڵام له‌مڕۆوه ئه‌و داوایانه ده‌خرێنه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى، تائێستا هیچ کاندیدى فه‌رمیمان نییه، به‌ڵام له‌مه‌و به‌دوا کاندیدمان ده‌بێت. ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردنمان نیه‌و ئهنجومهنێکمان هه‌یه کهڕۆڵى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن ده‌بینێت و به‌ناوه کۆنه‌که (مه‌کته‌بى سیاسى) ده‌بێت هه‌ر ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى لێپرسراوێتى مه‌کته‌بێک وه‌ربگرێت به‌شێوه‌یه‌کى ئۆتۆماتیکى ده‌بێته ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى، به‌ڵام ئه‌م مه‌کته‌ب سیاسییه‌ى ئێستا جیاواز ده‌بێت له‌مه‌کته‌ب سیاسى پێشوو، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تییه‌وه ده‌چن بۆ مه‌ڵبه‌ندو مه‌کته‌به‌کان. هاوڵاتى: ئه‌و لیژنه باڵایه بۆ پێکهێندراوه له‌نێوان ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى، ئایا هێشتا نه‌گه‌شتونه‌ته رێککه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى که کۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌مه بۆ گفتوگۆیه بۆ دیاریکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى باڵا، له‌کۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌کێتى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه دیارى نه‌کران و هێندرانه‌وه بۆ پاش کۆنگره، له‌و بڕیاره‌ى درابوو که‌پێویسته نوێنه‌رانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى گفتوگۆ بکه‌ن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى، پاشان ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى، پاشان ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى به‌ده‌نگى 2 له‌سه‌ر 3ى ئه‌ندامه‌کانى په‌سه‌ندى ده‌کات، ده‌خرێته ناو په‌یڕه‌وى ناوخۆوهو ده‌ست به‌جێبه‌جێکردنى ده‌کرێت و کارى پێده‌کرێت. هاوڵاتى: پێشتر کۆسره‌ت ره‌سوڵ دانیشتنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى راگرت، دواتر ده‌ستیپێکرده‌وه‌و بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى له‌گه‌ڵیدا کۆبوونه‌ته‌وه، ئایا نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێککه‌وتن؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: کۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى کرد‌و هیچ کارێک نه‌مابوو تابیکهین. له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتوون که به‌گفتوگۆ بێت، نوێنه‌رانى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى کۆده‌بنه‌وه رێککدهکهون له‌سه‌ر دیارى کردنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه، تائێستا چه‌ند گفتوگۆیه‌کیان کردووه، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌شتوونه‌ته فۆرمێکى کۆتایى بۆ دیاریکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى باڵا، هه‌رکاتێک گه‌شتن بهفۆرمى کۆتایى و رێککه‌وتن ئه‌وکاته دێته‌وه ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى بۆ ده‌نگدان. ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى به رێککه‌وتن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى، له‌کۆنگره‌ى یه‌کێتیش باس له‌وه نه‌کراوه ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى مافى ڤیتۆیان ده‌بێت، ته‌نها له‌کۆنگره‌دا سه‌رۆکه‌که‌ى و ژماره‌ى ئه‌ندامه‌کانى دیاریکراوه، مه‌سه‌له‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ دواى کۆنگره هێڵدرایه‌وه. هێشتا ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێککه‌وتن بۆ دیاریکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى هاوڵاتى: هه‌ڵبژاردنى دوو گه‌نج بۆ هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى چى بۆ یه‌کێتى دێنێته کایه‌وه؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: دروشمى کۆنگره بریتى بووه له‌نوێبوونه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئێمه سه‌رکردایه‌تى نوێمان هه‌ڵبژاردو په‌یڕه‌وێکى نوێمان داناوه، هه‌روه‌ها بهبهرنامهیهکى نوێوه کارده‌که‌ین، به‌دڵنیاییه‌وه کاریشمان بۆ ئه‌وه کرده‌وه که له‌سه‌ره‌تاوه سه‌رکردایه‌تییه‌کى گه‌نج بۆ یه‌کێتى دابین بکه‌ین، بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى نه‌وه‌ى دووه‌مى یه‌کێتین که هاتوونه‌ته پێشه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مانه له‌سه‌رکردایه‌تى پێشوو باشتر لهسهردهمهکه ده‌گه‌ن، چونکه ئه‌وان تێیدا ده‌ژین، ئاینده‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وانه. هاوڵاتى: به‌ڵام ره‌نگه ره‌خنه‌یه‌کیش ئاراسته‌ى یه‌کێتى بکرێت که‌ئه‌م حزبه به‌ره‌و بهبنهماڵهیى ده‌ڕوات؟ یان بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى مافى خۆیان بووه‌و به‌هه‌ڵبژاردن بووه؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه نه‌بوونه‌ته سه‌رۆک و نه‌گه‌شتوونه‌ته سه‌رۆکایه‌تى که سه‌ر به‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بووه که‌ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تین، ئه‌ندامانى دیکه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ئه‌وانیان وه‌ک هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى هه‌ڵبژاردووه. هاوڵاتى: ئایا مهکتهبهکانى یه‌کێتى ژماره‌یان زیاد کراوه، مه‌کته‌بى دارایى و عه‌سکه‌رى لاى کێ ده‌بێت؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: مه‌کته‌بى عه‌سکه‌رى یه‌کێتى نه‌ماوه‌و یاساى حزبه‌کان له‌عێراق رێگه‌نادات حزبه‌کان مه‌کته‌بى عه‌سکه‌رییان هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئێمه کهپهیڕهوى ناوخۆمان داناوه به‌شێوه‌یه‌ک بووه که‌بگونجێت له‌گه‌ڵ یاساى ئه‌حزاب له‌عێراقدا. ئه‌وه‌نده‌ى بزانم بهمهکتهبى داراییه‌وه یه‌کێتى (10) مه‌کته‌بى هه‌یه، ته‌نها مه‌کته‌بى دارایى بههاوسهرۆکانى یه‌کێتى به‌ستراوه‌ته‌وه‌و مهکتهبهکانى دیکه لاى ئه‌ندامانى دیکه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تییه‌وه ده‌بێت. هاوڵاتى: مه‌کته‌بى سیاسى ژماره‌یان 10 که‌س ده‌بێت به‌پێى مه‌کته‌به‌کان یان زیاتر ده‌بێت؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ناوه‌که‌ى مه‌کته‌بى سیاسى ده‌بێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌کانى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسى نییه و هه‌مان ده‌سه‌ڵاتى مه‌کته‌بى سیاسى جارانى هەیە بتوانن بریار بده‌ن، ره‌نگه (11) ئه‌ندامى زیاترى هه‌بێت، چونکه هه‌ندێک ده‌زگاى دیکه‌ش هه‌یه ره‌نگه ببنه ئه‌ندام تێیدا، ئه‌وه‌ش به‌دوو رێگه ئه‌ندامه‌کان دیارى ده‌کرێت یان به‌هه‌ڵبژاردن یا به رێکه‌وتن. هاوڵاتى: ئایا مه‌ڵبه‌نده‌کانى یه‌کێتى که‌مده‌که‌نه‌وه یان تێکه‌ڵ ده‌کرێن؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: هیچ بریارێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌نده‌کان نه‌دراوه، ژماره‌ى مه‌ڵبه‌نده‌کان ده‌کرێت زیادبکرێت و ده‌کرێت که‌مبکرێته‌وه یان تێکه‌ڵ بکرێت
شاناز حه‌سه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان (75) کۆمپانیاو بازرگان دەداتە دادگا که‌پێشتر قه‌رزیان له‌وه‌زاره‌تی دارایی کردووه لەوادەی خۆیدا نەیانداوەتەوە. بڕیارە دوای سێ مانگ دەستبگیرێت بەسەر موڵکی بارمتەکراویاندا ئەگەرچی موڵکەکان کەمترن لەقەرزەکە. له‌ساڵى 2003وه له‌ڕێگه‌ى بانکه‌کانه‌وه قه‌رزى ئاسانکارى دراوه به‌کۆمپانیاو بازرگانان و به‌ڵێنده‌ران، کهبڕى قه‌رزه‌که (800) ملیار دیناره‌و به‌پێی گرێبه‌ستی پێدانی قه‌رزه‌که، ده‌بوو ئه‌و کۆمپانیایانه ساڵانه سودی قه‌رزه‌که بگه‌ڕێننه‌وه بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام له‌ساڵی 2014وه زۆربه‌ی کۆمپانیاکان نه سوودو نه قهرزهکهشیان بۆ حکومه‌ت نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه. له‌ساڵانى 2003وه تا 2011 به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه قه‌رزیان له‌حکومه‌ت کردووه، ئه‌و موڵکانه‌ى له‌بری قه‌رزه‌که وه‌ک ره‌هن دایانناوه، زۆر که‌متره له‌بڕی قه‌رزه‌که‌و له‌ئێستادا نرخى که‌متر ده‌کات. کازم نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانکه بازرگانیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ته‌نیا (75) به‌ڵێنده‌رو کۆمپانیاو بازرگان هه‌یه که‌ئه‌و کێشهیەیان هه‌یه له‌گه‌ڵیداو قه‌رزى زه‌به‌لاحیان کردووه، موڵکه‌کانیان له‌ئێستادا ئه‌و نرخه ناکه‌ن. ئه‌و به هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا قه‌رزه‌که‌یان نه‌دایه‌وه، به‌پێى یاسا له‌دادگاى مه‌ده‌نى (مهحاکمى مه‌ده‌نى) سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارده‌که‌ین و داواى باقى نرخه‌که ده‌که‌ین، یان هه‌ر شتێک وه‌ک ئوتۆمبێل یان خانوو و زه‌وییان به‌ناوه‌وه بێت ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت». به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانکه بازرگانیه‌کان وتیشى «راسته ئه‌و کێشه‌یه‌مان هەیە، ئێستا ئه‌و موڵکانه زۆر که‌متر ده‌که‌ن، به‌ڵام زۆربه‌یان بایی له‌سه‌دا (30) موڵکه‌که‌یان قه‌رزمان پێداون، یان بڕى قه‌رزه‌که‌یان که‌مه«. ئه‌مه دوایین مۆڵه‌ت ده‌بێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا بیگه‌ڕێننه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌یگه‌ڕێننه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵکانهدا ده‌گیرێت کازم نامیق ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد پێشتر چه‌ند جارێک ئه‌و کۆمپانیاو بازرگانانه ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌و به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌یانتوانیوه قه‌رزه‌کان بگه‌ڕێننه‌وه، بۆیه ماوه‌که‌یان بۆ درێژکراوه‌ته‌وه. وتیشى «به‌ڵام ئه‌مه دوایین مۆڵه‌ت ده‌بێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا بیگه‌ڕێننه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌یگه‌ڕێننه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵکانهدا ده‌گیرێت که له‌برى قه‌رزه‌که لهڕههندا دایانناوه«. حکومه‌تی هه‌رێم مانگى پێنجی ئه‌مساڵی وه‌ک دوا مۆڵه‌ت دیاریکردووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزى کۆمپانیاکان و له‌دواى ئه‌و رێکه‌وته‌وه ده‌ستده‌گیرێت به‌سه‌ر ماڵ و موڵکیاندا، حکومه‌ت خاوه‌ن قهرزدارهکانیشى سه‌رپشککردووه قه‌رزه‌کان به کاش یان به‌چه‌کى بانکى بده‌نه‌وه. ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، باسی له‌وه‌کرد نووسراوى فه‌رمى هه‌موو خاوه‌ن قه‌رزه‌کانیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌و رێنمایى تایبه‌تیان به‌و بواره ده‌رکردوه، وتیشى «وه‌ک دوا مۆڵه‌ت ماوه‌ى سێ مانگ دیاریکراوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یانگه‌ڕانده‌وه ئیجرائاتى یاسایى ده‌گیرێته‌به‌ر». مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری هەرێم نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەت و باجی کۆمپانیاکان و گەورە باجدەران کرد، کە ئەوانەی قەرزاری حکومەتن رێگەیان پێ‌نادرێت گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەن.
هاوڵاتى مایکڵ دی ئاندریا ئەفسەریکی پلەبەرزی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی)یە، ئێران بەبکوژی قاسم سولەیمانی دەزانێت کەھاوکات رۆڵی ھەبووە لەڕاوەدونان و کوشتنی چەکدارانی قاعیدە لەئەفغانستان. میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە کەکەسێک بەناوی مایکڵ دی ئاندریا لەدەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا، پلانی سەردار قاسم سولەیمانیی داڕشتووە کەئۆپراسیۆنەکە جێبەجیکرا لەبهرهبهیانی رۆژی هه‌ینی 3ی کانوونی دووه‌می 2020. لەو ئۆپراسیۆنەدا قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهەندیس جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کوژران له‌نزیک فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا. مایکڵ دی ئاندریا لە سی ئای ئەی بە «شازادەی تاریکی» بەناوبانگە. کاتێک لەگەڵ ژنێکی موسوڵماندا ھاوسەرگیریی کردووە، دواتر موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاندووە، ھەر بەھۆی ئەوەیە کە ناویان لێناوە ئایەتوڵا، بەڵام میدیای ئێرانی دەڵێت «بۆ گەیشتن بەئارەزووەکانی بەدرۆ بووەتە موسوڵمان». رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەدووی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە مایکل دی ئاندریا وەکو سەرۆکی دۆسیەی ئێران لەدەزگای سی ئای ئەی هەڵبژێردراوە. لەساڵی ٢٠٠٠ی زاینی بەبەرپرسی ناوەندی دژەتیرۆری سی ئای ئەی دیاری‌کرا. بەڕاپۆرتی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ھەر لەوکاتەدا بەرپرسی ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای ئۆسامە بن لادن سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە بووە. بەپێی راپۆرتەکە بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامەیە بووەتە هۆی لەناوبردنی هەزاران گومان‌لێکراو بەئەندامێتی لەتۆڕە تیرۆریستییەکان. دوای ئەوەی ترەمپ لەھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەدەستھێنا؛ ئایەتوڵا مایکڵی کردە سەرۆکی دۆسیەی ئێران لەدەزگای سی ئای ئەی. بەپێی وتەی فەرمانبەرانی هەواڵگری پێشوو و ئێستای سی ئای ئەی دەستنیشانکردنی مایکل دی ئاندریا یەکەم هەنگاوی گرنگی ترەمپ بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران. نیویۆرک تایمز دەڵێت «لەڕوانگەی سەرۆکی سی ئای ئەی، مایکل دی ئاندریا کەسێکە کەخووی بە کارکردن گرتووەو بەباشی دەتوانێت رۆڵی ھەواڵگریی سەبارەت بەئێران لە سی ئای ئەی لەئەستۆ بگرێت». میدیای ئیرانی دەڵێت ئەو هێزانەی کە لەژێر رێنوێنی دی ئاندریا کاریان کردووە رۆڵی بنەڕەتییان لەکوشتنی عماد موغنیە لەفەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان ھەبوو لە ٢٠٠٨ دا. ئەوان بەهاوکاری ئیسرائیلییەکان و سی ئای ئەی، بە ئەو بۆمبەی کە لەئۆتۆمبیل دایان‌نابوو، موغنیەیان لەدیمەشق کوشت. ھەروەھا جەخت لەوە دەکەنەوە کەئۆپراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گروپی تیرۆریستی داعش‌یش لەژێر چاودێری ئەو ئەنجامدراوە. میدیای ئێرانی دەڵێت «سپاردنی دۆسیەی ئێران لە سی ئای ئەی بەئاوەها کەسێک بە ئەو پێشینەوە نیشانگرتنە لەپڕۆژەی کوێرو درێژخایەنی ئەمریکا دژ بەئێران». ھەروەھا دەڵێت کەکوشتنی سولەیمانی لەڕوانگەی واشنتۆنەوە، «واتا لەناوبردنی یەکێک لەسەرسەختترین لەمپەرەکانی بەردەم هاتنەدی ئامانجەکانی ئەمریکا لەناوچەکە». دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ئێرانیش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەمریکاو ئیسرائیل و سعودیەیان تۆمەتبار کرد. محەمەد جەعفەر مونتەزری داواکاری گشتی ئێران دەڵێت «ریشەی ئەم ئاڵۆزی و پشێویانە دەگەڕێتەوە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل... پلان‌داڕێژی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە، کەسێکی ئەمریکییە بەناوی مایک دی ئەندریا، بەرپرسی دژە تیرۆرە لەدەزگای هەواڵگری ئەمریکا. ھەروەھا دەڵێت «پلانی خستنی رژێمی ئێران لەلایەن سی ئای ئەی و موساد داڕێژراوەو سعودیە لەڕووی داراییەوە سپۆنسەریەتی». ئەمە یەکەم جار نییە کەبەرپرسانی ئێرانی، ریشەو هۆکاری نائارامی و ناڕەزاییەکانی ناوخۆ، دەخەنە پاڵ دوژمنی دەرەکی. دوو ساڵ لەمەوبەر رێکس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوکاتەدا لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ئێران‌دا وتی کەواشنتۆن پشتیوانی لەئامانج و ویستی خەڵکی ئێران دەکات بۆ گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە بەشێوەی ئاشتیانە. چەند رۆژ بەر لەم لێدوانەی تیلرسن، نیویۆرک تایمز لەوتارێکدا ئاماژەی بەکەسێک کرد بەناوی مایکڵ دی ئەندریا، کەکرایە بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە سی ئای ئەی ئەویش بە ئایەتوڵڵا مایکڵ بەناوبانگە. مایکڵ دی ئاندریا، ناسراو بە ئایەتوڵڵا مایکڵ و شازادەی رەش، دوای ئەوەی کەژیانی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی موسوڵمان پێکدێنێ، نازناوی ئایەتولڵا مایکڵی پێدەدرێ، مایکڵ لەمیانەی راپەڕاندنی ئەرکێکیداو سەردانی بۆ وڵاتێکی بیانی، لەگەڵ ئەم ژنە موسوڵمانە ئاشنا دەبێت. دەگوترێ مایکڵ بڕاوی بەئایینی ئیسلام هێناوە، بەڵام میدیای ئێرانی دەڵێت کە زۆر پابەندی رێوشوێنەکانی ئەم ئایینە نییە. بەپێی راپۆرتەکان، ئایەتوڵڵا مایکڵ لەئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، بەرپرسایەتی گەورەی لەئەستۆ بووە. لەئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، هەزاران کەس لەئەندامانی تۆڕە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لەناوبردراون. لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوەشکراوە، کە مایک پامپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بەدوداچوونیان کردووە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و رێککەوتنی ئەتۆمی و زانیاریی تەواویان داوە دەربارەی پابەندبوون یان پێشێلکردنی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە، دواتر ئەمەش بووەھۆی ئەوەی ترەمپ رێکەوتنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە. نیویۆرک تایمز دەنووسێت، لە روانگەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، ئەندریا دەتوانێ بەباشترین شێوە کاروباری هەواڵگری لەئێران، بگەیەنێتە ئەنجام. ئایەتوڵڵا مایکڵ، ناوبانگێکی لەڕادەبەدەری هەیە. هیچ کام لە ئەندامانی دەزگای هەواڵگری بەڕادەی مایکڵ رۆڵیان لەلاوازکردنی تۆڕی تیرۆریستی قاعیدە نەبووە. کاتێک کەچاودێری بەسەر کوژرانی ئۆسامە بن لادن دەکرد، نازناوی شازادەی تاریکی پێدرا. راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز لەبارەی تایبەتمەندیەکانی ئایەتوڵڵا مایکڵ دەڵێت، کە بەردەوام جگەرە دەکێشێت. بەهەمان رادە کەزیرەک و وشیارە، بەهەمان رادەش رەفتارێکی توندوتیژی هەیە. ئەمەش وای کردووە کەزۆرێک لەکارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئامادە نەبن لەگەڵی کاربکەن. میدیای ئێران دەڵێت «دۆناڵد ترەمپ، بەدانانی ئەم فەرمانبەرە ئەمنییە نیشانی‌دا، کە تادێ هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەئێران توندتر دەبن». میدیای ئێرانی دوای نزیکەی مانگێک لەکوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاویان کردەوە کە مایکڵ ئاندریا کوژراوە، له‌ئه‌نجامی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکی له‌ئه‌فغانستان، بەڵام ئەمەریکا پشتڕاستی نەکردەوە. ئاژانسی ته‌سنیمی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران سەرەتای ئەم مانگە بڵاویکرده‌وه که به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه روسییه‌کان، مایکڵ دی ئاندریا به‌رپرسی کوشتنی لیوا قاسم سوله‌یمانی له‌ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکی له‌ئه‌فغانستان کوژراوە. ئاژانسه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه که مایکڵ دی ئاندریا دیارترین که‌سایه‌تی ده‌زگای ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مریکایه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستداو به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی هه‌واڵگری ئه‌مریکا بووه له‌عێراق و ئێران و ئه‌فغانستان. ئەوەش دوای ئەوە ھات کەبزووتنهوهی تاڵیبان رایگه‌یاند که لهویلایەتی غەزنی ئه‌فغانستان فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکییان خستووه‌ته خواره‌وه‌و دواتر وێنه‌ی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی بڵاوکرده‌وه که‌هه‌موو سه‌رنشینه‌کانیشی کوژراون، به‌ڵام ئه‌مریکا خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ی له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ره‌تکرده‌وه.
سازدانی: شاناز حه‌سه‌ن ئه‌مه‌ل جه‌لال ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان ئاماژه به‌وه‌ده‌کات به‌شێک له‌و ژنانه‌ی که له‌سه‌رکردایه‌تی حزبهکاندان، له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه‌و هه‌ڵگرى هه‌مان خه‌سڵه‌ت و ئایدیاى پیاوانه‌ى هه‌یه بۆ مافه‌کانى ژنان، بۆیه چاوه‌ڕوانى هیچى لێناکرێت. ئه‌مه‌ل جه‌لال له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان هه‌نگاوى کردارى ناوه له‌دانانى سیاسه‌ت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ په‌ره‌پێدانى تواناى ژنان و دانانى یه‌که‌کانى یه‌کسانى جێنده‌رى لهوهزارهتهکانى حکومه‌تى هه‌رێم. به‌شێک له‌و ژنانه‌ی که له‌سه‌رکردایه‌تی حزبهکاندان، له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه هاوڵاتى : رۆڵى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان چى بووه بۆ یه‌کسانى جێنده‌رى؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: کاتێک باس لهپرسێکى گرنگى وه‌ک جێنده‌ر ده‌که‌ین، ده‌بێت له‌ڕووى به‌رپرسیارێتییه‌وه فراوانتر سه‌یرى بکه‌ین نه‌ک ته‌نها له‌چوارچێوه‌ى ده‌زگایه‌کى وه‌ک ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانماندا وابه‌سته‌ى بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌بێت بۆ چه‌سپاندنى ئه‌م چه‌مکه هه‌نگاوه کردارییه‌کانى ببینین، ئێستا ئه‌نجومه‌ن وه‌ک پرۆژه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌ستیپێکردووه به‌دابه‌شکردنى رۆڵ و به‌رپرسیاریه‌تیه‌کان لهتێکهڵکردنى چه‌مکى جێنده‌ر به‌ته‌واوى سیاسه‌ت و پرۆگرامه‌کانى خوێندن و ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌هێڵه گشتییه‌کانى ده‌ستورو یاسا به‌رکاره‌کان، سه‌رئه‌نجام لهفهلسهفهى سیاسى و حوکمڕانیدا بکرێته بنه‌ماو به‌رنامه‌ى ده‌سه‌ڵاته ته‌شریعى و حکومى و قه‌زایی و له‌هه‌مانکاتدا وابهستهکردن و پهیوهستکردنى دامه‌زراوه میدیاییه‌کان و ناوه‌نده‌کانى ئه‌کادیمى و لێکۆڵینه‌وه بۆ شیکردنه‌وه‌ى رهگوڕیشهى ئه‌و به‌ربه‌ست و رێگرییانهى که‌بوونه‌ته له‌مپه‌ر لهچهسپاندنى ئه‌م بنه‌مایه به‌ئامانجى بهکلتورى کردنى ئه‌م به‌هاو چهمکانهو ره‌نگدانه‌وه‌یان لهئاکارو ره‌وشتى تاک و کۆمه‌ڵ. ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان رۆڵى خۆى گێڕاوه‌و هه‌نگاوى کردارى ناوه له‌دانانى سیاسه‌ت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ په‌ره‌پیدانى تواناى ژنان و دانانى یه‌که‌کانى یه‌کسانى جێنده‌رى لهوهزارهتهکانى حکومه‌تى هه‌رێم له (9) وه‌زاره‌ت وه‌ک قۆناغى یه‌که‌م، ئێستا هه‌نگاوى دووه‌ممان ئه‌وه‌یه کهتهواوى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و پارێزگاکانى هه‌رێم ئه‌و یه‌کانه دابنێین و هه‌نگاوى دواتر کارکردنه له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى تواناى کارمه‌ندانى ئه‌و یهکانهو له‌ڕێگه‌ى راهێنان و لێکۆڵینه‌وه‌و خوێندنه‌وه ده‌بێت. هاوڵاتى : ئایا رۆڵتان هه‌بووه لهوشیارکردنهوهى ره‌گه‌زى مێینه به‌رانبه‌ر به‌مافه‌کانیان به‌شێوه‌ى گشتى؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵام جیاواز له‌و رۆڵه‌ى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ده‌یکات، رێکخراوه‌کان کار بۆ هۆشیارى تاک و کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌کانیانه‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌چوارچێوه‌ى داڕشتنى سیاسات و ستراتیژى نیشتمانى و دانانى پلانى پێویست بۆ ئه‌و ستراتیژانه دواى په‌سه‌ندکردنى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه، به‌هاوکارى هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌کان، واته کارى ئێمه بهدامهزراوهکردنى چه‌مکى جێندهرو ته‌واوى به‌هاکانى مافه‌کانى ژنانه له‌ڕێگه‌ى به‌هێزکردنى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه. له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تێکى ناڕه‌وا ده‌کرێت به‌رامبه‌ر چالاکوانان و دامه‌زراوه‌کانى ژنان هاوڵاتى : تاچه‌ند پێتانوایه رێکخراوه‌کانى ژنان ئه‌دایان باش بووه بۆ وشیارکردنه‌وه؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له‌ئێستاو به‌ر له (10) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕوونى ئه‌و جیاوازییه به‌دیده‌که‌ین، ئه‌وه‌ش به‌هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشانى رێکخراوه‌کانى ژنان و ئافره‌تان ئه‌و گۆڕانکارییانه هاتۆته‌پێش و مه‌سه‌له‌ى مافه‌کانى ژنان رایهکى گشتى دروستکردووه‌و لهپرسێکى کۆمه‌ڵگه‌ییه‌وه بووەته پرسێکى دامه‌زراوه‌یی و له‌ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌رێم بووه‌ته ئه‌مرى واقیع. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت کهکارهکانیان کاریگه‌رى هه‌بووه لههۆشیارکردنهوهى کۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێوانه‌ى بکه‌ین ده‌توانین بڵێین هێشتا له‌ئاستى پێویست نییه‌و پێویسته هه‌وڵه‌کان زیاتر بێت به‌شێوه‌یه‌کى هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ کاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى خانمان و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌کان تائاستى هۆشیارى کۆمه‌ڵگه زیاتر به‌رزبێته‌وه‌و ببێته به‌هاو ئاکارى ره‌وشتى، ئه‌وکاته پرسى ژن ده‌بێته ئاکار‌و ره‌وشت و به‌رپرسیارێتى تاک و کۆمه‌ڵ. هاوڵاتى : نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان باسى ئه‌وه‌ى کردووه که‌ده‌یان ملیۆن که‌س مه‌ترسى خه‌ته‌نه‌کردنیان له‌سه‌ره؟ چیتان کردووه بۆ رێگری؟ لهبهرنامهتاندایه چی بکه‌ن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: دیارده‌ى خه‌ته‌نه‌کردنى مێینه به‌به‌راورد به‌ساڵانى هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان ئه‌ویش به‌هه‌وڵى رێکخراوه‌کانى ژنان و ئافره‌تان و کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى سه‌ره‌تا هه‌وڵى یه‌کێتى ژنانى کوردستان و رێکخراوى وادى ئه‌ڵمانى بهههندوهرگرین کهههنگاوێکى بوێرانه بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، دوابه‌دواى ئه‌وان ئه‌م دیارده‌یه رایهکى گشتى وه‌رگرت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و رێگریکردن له‌ئه‌نجامدانى له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستى دامه‌زراوه‌یى و رێکخراوه‌یی و میدیایی، دوایین هه‌نگاو ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان به‌هاوبه‌شى و پاڵپشتى رێکخراوى یونسێف و جێبه‌جێکردنى له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانى هارتلاند ئهنلایس و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى بۆ ده‌ستنیشانکردنى ئاستى رێژه‌که سه‌ره‌نجام ده‌رکه‌وت که به‌ئاستێکى به‌رچاو دابه‌زیوه به‌جیاوازى ناوچه‌کان، له‌ئێستادا پلانێکى ئاماده‌کردووه به‌ناوى پلانى (گۆڕینى هه‌ڵسوکه‌وت) بۆ نه‌هێشتنى دیارده‌که‌و سفرکردنه‌وه‌ى کوردستان له‌و دیارده‌یه به‌هاوکارى رێکخراوى (سندوقى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ دانیشتوان)، جێبه‌جێکردنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و مامۆستایانى ئایینى جێبه‌جێده‌کرێت و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت و به‌دواداچوون ده‌کات بۆ ئاستى جێبه‌جێکردن و کاریگه‌رییه‌کانى. هاوڵاتى : ئایا حزبه‌کان توانیویانه رۆڵ بده‌ن به‌ژنان و ئافره‌تان و خاوه‌ن بڕیار بن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: به‌دڵنیاییه‌وه ئێستا ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ژنان به‌ڕێژه‌ى جیاواز له‌ناو پارته سیاسییه‌کان هه‌یه، رێژه‌که‌ش له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا ته‌نها به‌گه‌یشتن بهپێگهى سه‌رکردایه‌تى کفایهته بۆ گه‌یشتن به‌مافه مه‌ده‌نى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و یاسایی و کلتورى و فهرههنگییەکان؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، چونکه پێگه‌ى سه‌رکردایه‌تى ئامرازه بۆ گه‌یشتن به‌و مافانه، بۆ ئه‌وه‌ش که‌سایه‌تى بوێر‌و له‌خۆبردووی ده‌وێت، ئه‌ویش به‌وه‌ى حزبه‌که‌ى بهئامراز ببینێت نه‌ک به‌ئامانج، که پێموایه تائێستا له‌و رووه‌وه زۆر هه‌ژارین له‌سه‌ر ئاستى چه‌ند پێوانه‌یه‌ک. یه‌که‌میان: ئه‌وه‌یه به‌شێک له‌و ژنانه پرسى ژن و مافه‌کانى نهبوورته خه‌مى که له‌کاتێکدا به‌هۆى سیستمى کۆتاوه ئه‌و پێگه‌یه‌ى به‌ده‌ستهێناوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگى خۆشى ده‌رچووبێت. دووه‌میان: به‌شێک له‌و ژنانه له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه‌و هه‌ڵگرى هه‌مان خه‌سڵه‌ت و ئایدیاى پیاوانه‌ى هه‌یه بۆ مافه‌کانى ژنان، بۆیه چاوه‌ڕوانى هیچى لێناکرێت. سێیه‌م: به‌شێک له‌و ژنانه له‌ترسى پێگه‌که‌ی و بۆ رازىکردنى دڵى به‌رپرسه‌کانیان که‌خۆیان بهقهرزارباریان ده‌زانن لهدهرچواندنیان هیچ هه‌ڵوێستێکیان نییه، بوون و نه‌بوونیان هیچ کاریگه‌ریى نییه، به‌داخه‌وه زۆرجار به‌زیانى دۆسیه‌و پرسه‌کانى ژنان ته‌واوده‌بێت، چونکه زۆرجار ده‌بێته پرسیار لاى خه‌ڵک کهئهوهتا ژنان لهپێگهکانى ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام ناتوانن وێنایه‌کى جیاواز‌و سه‌رکه‌وتوو پیشانى کۆمه‌ڵگه بده‌ن، به‌مه‌ش متمانه‌ى کۆمه‌ڵگه لاوازده‌بێت بۆ گرنگى به‌شداریى ژنان له‌پرۆسه‌ى سیاسى، به‌ڵام ئه‌مه نابێته ئه‌وه‌ى ژنى لێهاتوو به‌توانامان نه‌بێت، به‌ڵێ جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه که‌ژماره‌یه‌کى به‌رچاویش هه‌یه له‌ناو پارته سیاسییه‌کان کهخهبات و تێکۆشانیان جێگه‌ى ستایشهو بهپڕۆژهو به‌رنامه‌کانیان ده‌یانه‌ویت گۆڕانکارى بکه‌ن و ماف و به‌رکه‌وته یاسایی و سیاسى و ئابورییه‌کانى ژنان به‌ده‌ستبهێنن و ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێنن. هاوڵاتى : له‌ناو حزبه سیاسییه‌کاندا هیچ دۆسییه‌یه‌ک هه‌یه که تهحەڕوشیى سێکسى به‌ژنان و ئافره‌تان کرابێت؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: راستییه‌کى تاڵه ده‌بێت نه‌یشارینه‌وه که به‌ڵێ به‌داخه‌وه هه‌یه، به‌ڵام په‌رده‌پۆش کراوه‌و که‌مترین ده‌نگى له‌سه‌ر به‌رزده‌بێته‌وه، بۆیه به‌داخه‌وه هه‌ندێکجار لهناهۆشیارى سیاسى ژنه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت و درک بهئاسهوارو مه‌ترسیه‌کانى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر داهاتوى که‌سایه‌تى خۆى ناکات و به‌بێ تێگه‌یشتن ده‌که‌وێته هه‌ڵه‌ى ره‌وشتییه‌وه، هه‌ندێک جاریش ئیستیغلال ده‌کرێن و به‌کارده‌هێنرێن بۆ مه‌رامى سیاسى، هتد به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفته ناتوانى ئه‌مانه پشتڕاستبکهیتهوه، چونکه هیچ سکاڵا‌و به‌ڵگه‌یه‌کى سهلمێنراومان له‌به‌رده‌ستدا نیه، به‌ڵام به‌ئاشکرا هه‌ست به‌و پێشێلکارییانه ده‌که‌ین و بووەته بابه‌تى هۆشیارى دامه‌زراوه حزبى و حکومى و رێکخراوه‌یی و میدیایی، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت که‌هه‌یه. ئه‌وه‌ی کە روودەدات بە ره‌هایی نیه، به‌ڵام ژمارهکهشى که‌م نییه که‌هێشتا هه‌ژمونى بیرى دواکه‌وتویی و وابهستهبوونى به‌عورف و عاداته چهقبهسستووهکانى کۆمه‌ڵگه که رێگره له‌به‌رده‌م هۆشیارى ژنان لهپهنابردنه به‌ر رێکخراوه‌کانى ژنان و هه‌ڵمه‌تى هه‌ندێک له‌پیاوانى ئاینى که‌دین ئیستیغلال ده‌کات بۆ به‌لاڕێدابردنى کۆمه‌ڵگه‌و هه‌روه‌ک له‌ئێستادا ده‌بینین هه‌ڵمه‌تێکى ناڕه‌وا ده‌کرێت به‌رامبه‌ر چالاکوانان و دامه‌زراوه‌کانى ژنان، ئه‌مانه هه‌مووى هۆکارن بۆ لاوازکردنى متمانه‌و به‌داخه‌وه ده‌زگای میدیاییش له‌و رووه‌دا رۆڵێکى نێگه‌تیڤى بینیوه لهڕهخساندنى ئه‌و فه‌زایه که‌ده‌بوو به‌پێچه‌وانه‌وه بوایه. هاوڵاتى : بۆچى هه‌ندێک ژنان تائێستاش وه‌ک پیاوان متمانه‌یان بهڕێکخراوى ژنان نیه؟ له‌بوونى کێشه‌یه‌کدا په‌ناى بۆ نابه‌ن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: زۆر شت کراوه‌و هه‌نگاوى کردارى بۆ نراوه به‌ڵام هێشتا له ڕووى به‌رجه‌سته بونى ئه‌و مافانه زۆرى ماوه پێویستى به‌کاتى زۆر‌و به‌رپرسیارێتیه‌کى فراوانتر‌و فره ڕه‌هه‌ندتر له‌وه‌ى ئێستا به‌رێوه‌ده‌چێت، مافه مه‌ده‌نى و سیاسی و ئابورى و یاساییه‌کانى ژنان پێویستى به‌گۆڕانکارى ریشه‌یی هه‌یه له‌گۆڕینى بیرکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ و ئاستى بهرپرسیاریتیهکانى ئه‌ویش به‌ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى پێویست بۆ فه‌راهه‌مکردنى ئه‌و مافانه که پێویستى به‌کۆمه‌ڵیک گۆڕانکارییه له‌ڕووى هه‌موارى یاسا گشتییه‌کان و یاساکانى تایبه‌ت به‌که‌رتى گشتى و که‌رتى تایبه‌ت و ته‌رخانکردنى بودجه‌ى پێویست و دابینکردن و به تواناکردن و په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه مرۆییه‌کان و به‌هێزکردنى ژینگه‌ى کار‌و ره‌نگدانه‌وه‌ى لهئیرادهیهکى سیاسى باوه‌ڕ بهپڕهنسیبهکانى به‌شدارى وه‌ک یه‌کى دوور لهههژمونى ره‌گه‌زى و به‌هێزکردنى ده‌زگاو دامه‌زراوه تایبه‌ته‌کانى ژنان تابتوانن له‌ئاستى پێداویستییه‌کانى مافه‌کانى ژنان بن و به‌به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ى ستراتیژى وه‌ڵامى پێداویستییه‌کان بده‌نه‌وه
هاوڵاتى زۆربوونی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانانی عێراق نیگەرانیەکانی زیادکردووە و نازناوی «شەهیدی وشە» لە رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان دەنێن هاوشێوەی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی هەرێم کەنازناوی «شەهیدی قەڵەم»یان لێنراوە. سێ رۆژنامەوانی عێراقی لەدەستپێکی ئەمساڵەوە کوژراون، ئەمەش نیگەرانی لای رێکخراوەکانی بواری مافی رۆژنامەوانان زیادکردووە له‌کاتێکدا گروپە چەکدارهکان هەوڵدەدەن رۆژنامەوانان بێدەنگ بکەن لە رووماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی لەتەواوی وڵاتەکەدا لەئارادان. نزار زەنون، سەرپەرشتیاری گشتی کەناڵی ئاسمانی رەشید، دواهەمین قوربانی بوو کەکۆمەڵێک چەکدار لەنێو ئۆتۆمبیلێکی بێ ژمارەدا سێشەممە (11ی شوبات) تیرۆریان کرد. چەکدارەکان بەچەکی بێدەنگ تەقەیان لێکردو کوشتیان لەنزیک ماڵەکەی لەگەڕەکی جامعه، خۆرئاوای بەغدا، پێشئەوەی بڕفێندرێت بۆ ناوچەیەکی نادیار. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کەناڵەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیانکرد بەلێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەنجامدەران. هێرشەکە دوای مانگێک دێت لەکوشتنی پەیامنێرێک و وێنەگرێکی کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد سەمەدو سەفا غالی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لەبەسره. سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافەکانی رۆژنامەوانانی عێراق، ئیبراهیم سەراجی وتی «زەنون سێیەمین قوربانی نێو رۆژنامەوانانه کە لەماوەی مانگ و نیوێکدا کوژراون.» وتیشی «ئەو زنجیرە تیرۆرکردنەی رۆژنامەوانان بەردەوامدەبێت بەهۆی لاوازیی لێکۆڵینەوەو رێوشوێنەکانی سزادانه‌وه بۆ راگرتنی خوێنڕێژییەکە». لایەنە چەکدارەکان تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەنجامدانی ئەو تیرۆرکردنانەوەن، بە ئامانجی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و گوشار خستنه‌سەر میدیاکان تا رووماڵیان نەکه‌ن. زیاتر لە (100) هێرش لەدژی ناوەندە میدیاییه‌کان و رۆژنامەوانان ئەنجامدراون لەوکاتەوەی خۆپیشاندانەکان لەتشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکردووە. له‌و هێرشانه بریتیبوون لههەڵکوتانەسەر نووسینگەی کەناڵە ئاسمانییەکان لەلایەن لایەنە «ناڕێکخراوەکانەوە»، تێکدانی کەرەستەکانیان و لێدان لەپهیامنێرو وێنەگرەکانیان. سەراجی وتی زۆربەی رۆژنامەوانان بەشێوەیەکی راستەوخۆ سوکایەتییان پێکراوەو هەراسانکراون، بەڵام لەترسی سەلامەتییان باسیان نەکردووە. ئەوانی دیکە هەڕەشه‌ی کوشتنیان بەدەستگەیشتووە، ئەمەش وایلێکردوون بڕۆن بۆ ناوچەی ئهمینتر. سەراجی داوای لەحکومەت کرد «بەگرنگییەوە» بڕوانێتە زۆربوونی رووداوەکانی توندوتیژی لەدژی رۆژنامەوانان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفافانە کە ئەنجامدەران بەسزای خۆیان بگەیەنێت و تووندوتیژییەکەش بوەستێنێت. وتی: «دەبێت ژینگەیەکی پارێزراو بۆ رۆژنامەوانان دابینبکرێت کەببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ کاره‌که‌یان، رێگەیان پێبدرێت زانیاری‌یان دەستبکەوێت و رووماڵی رۆژنامەوانی بکەن.» سەراجی وتی بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق یاسین یاسری لەمانگی رابردوودا بۆ رێگەدان بە رۆژنامەوانان بۆ هەڵگرتنی چەک «چارەسەر نییە». وتی دەبێت بەکارهێنانی چەک تەنها بۆ هێزە ئەمنییەکان رێپێدراوبێت، لەکاتێکدا ئەوان تەنها لایەنن کە بەرپرسیارن لەپاراستنی تەواوی دانیشتوان بەبێ جیاوازی. رۆژنامەنووسان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی پێشێلکاری و هەڕەشەی تیرۆرکردن دەبنەوە و بکوژە سەرەکییەکانیان دەستگیرناکرێن. تەنها لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین نووسەرو رۆژنامەنووس لەهەرێمی کوردستان کوژراون، لەوانە، دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حوسێن، ئەمە جگە لەوەی ئامانج بابانی و هاوسەرەکەی لە رووداوێکی تەمومژاوییدا کۆتایی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستدا، پۆلیسی سلیمانی لەمبارەیەوە دەڵی رووداوەکە خۆکوژییە، بەڵام پۆلیسی تاوانەکانی هەرێم دەڵێت مەرج نیە خۆکوژیی بێت. هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، راپۆرتی ژمارە 23ی خۆی سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی سەر بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکان لەساڵی٢٠١٩ی لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. تێیدا پێشێلکاریەکانی سەر رۆژنامەنووسان لە هەرێم و شارەکانی تری عێراق تۆمارکردووە. سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەبڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ئاماری کە لەڕێکەوتی 2019.1.1ەوە دەستیپێکردووەو هەتا 2019.12.31ی خایاندووە، پێشێلکارییەکانی سەر رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندنی بڵاوکردەوەو هاوکات حاڵەتەکانی پێشێلکاری و پێشگیری لەڕووماڵکردنی دەستنیشان کردووە. بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پێشێلکارییەکان دژ بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان، بەگشتی (٦٦) حاڵەت بووە کە لەڕاپۆرتە ئامارییەکەدا بەسەر شەش مانگی یەکەم و دووەمدا دابەشکراوەو شەش مانگی یەکەم بەم شێوەیەی خوارەوەیە: - دەستگیرکردن: (١٠) حاڵەت - رێگەنەدان بەڕووماڵکردن: نۆ حاڵەت - هێرش و سووکایەتی: پێنج حاڵەت - لێدان: یەک حاڵەت - داخستنی نووسینگە: یەک حاڵەت - داوای پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری ئەمنی: یەک حاڵەت - هەڕەشە: یەک حاڵەت بەپێی راپۆرتە ئامارییەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسان کە بەشێوەی خشتەیی تۆمارکراوە، لە شەش مانگی دووەم حاڵەتەکان بەم شوەیەی خوارەوەیە کەسەرجەم (38) حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، کەکۆی حاڵەتەکانی سەرجەم ساڵی 2019 دەکاتە (66) حاڵەتی پێشێلکاری. لەڕاپۆرتەکەی سەندیکانی رۆژنامەنووسانی کوردستاندا ئاماژە بەشوێن و جێگەی ئەو شار‌و شارۆچکانە کراوە کەحاڵەتەکانی پێشێلکاری تێیاندا ئەنجامدراوە کەئاماژە بەموسڵ و بەغداش کراوە، کە لەوێش هەر بەرانبەر رۆژنامەنووسانی کورد پێشێلکاری کراوە بەم چەشنەیە: سلێمانی: شەش حاڵەت هەولێر: شەش حاڵەت دهۆک: شەش حاڵەت خانەقین: سێ حاڵەت کەرکوک :چوار حاڵەت هەڵەبجە: یەک حاڵەت مووسڵ: یەک حاڵەت بەغدا: یەک حاڵەت هەر بەپێی داتاکە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بەڕۆژنامەنووسانی رەگەزی نێرەو رەگەزی مێ تەنیا دوو حاڵەت بووە.
عومه‌ر فه‌تاح یه‌کێک له‌و دوو که‌سه‌ى که ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی دانیشتوانی ناحیه‌ى عه‌ربه‌تدا کرد لەسەرەتای ئەم مانگەدا پێشمه‌رگه‌ی زێرهڤانیهو دوای نۆ رۆژ له‌ده‌ستگیرکردنیان به بڕیاری دادوه‌ر به‌که‌فاله‌ت ئازادکراون تا رۆژی دادگایی‌کردنیان. رۆژی سێ شه‌ممه 4ی ئه‌م مانگه، له‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌که‌ی دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تدا که‌سێک له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یه‌وه ته‌قه به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌کاندا ده‌کات و دوابه‌دوای ته‌قه‌که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی عه‌ربه‌ته‌وه په‌یوه‌ندی ده‌کرێت به‌بازگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانیه‌وه‌و له‌وێ ده‌ستگیرده‌کرێن. دابان محه‌مه‌د عارف به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت به هاوڵاتى وت «ئێمه وه‌ک ئیداره‌ی ناحیه هه‌ر له‌ساتی روداوه‌که‌وه سکاڵامان له‌سه‌ر ئه‌و دووکه‌سه تۆمارکرد، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ى نۆ رۆژ ده‌ستبه‌سه‌رکران، به بڕیاری دادوه‌ر هه‌ریه‌که‌یان به بڕی 500 هه‌زار دینار ئازادکراون تارۆژیی دادگاییکردنه‌که‌یان و یه‌کێک له‌و دووکه‌سه‌ش پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی بووه«. ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی نزیک سلێمانی به‌مه‌به‌ستی داواکردنی نه‌وت و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێر رێگای سه‌ره‌کی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌یان داخست. نه‌به‌ز محه‌مه‌د یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که پێشتر به هاوڵاتى راگه‌یاندبوو ده‌یان کێشه له‌سنوری ناحیه‌که‌ماندا هه‌یه، بۆ گه‌یاندنی ئه‌و کێشانه به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاتینه سه‌ر شه‌قام، چونکه ماوه‌ی سێ ساڵه نه‌وت دابه‌شنه‌کراوه، جۆزه‌ی (16) ئه‌مپێریمان هه‌یه ده‌بوو (18 بۆ 20) سه‌عات کاره‌بای نیشتیمانیمان هه‌بێ به‌س ئێستا ته‌نها (12) کاتژمێر که‌متریشه، جگه له‌وانه ئێستا کێشه‌ی غازیشی هاتووه‌ته سه‌ر. ئه‌و رێکخه‌ره‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ی ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ئه‌وان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیان داوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌و داواکاریانه جێبه‌جێنه‌کرێت، دێینه‌وه سه‌ر جاده‌و فشار‌و رێگای مه‌ده‌نی توندتر ده‌گرینه‌به‌ر». به‌رێوه‌به‌رى ناحیه سه‌باره‌ت به‌داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران وتی «ئێمه‌ش چاوه‌راوانی جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانین له‌سه‌روی خۆمانه‌وه، بڕیاره له‌رێگه‌ى حکومه‌تی عێراقه‌وه 30 ملیۆن لیتر نه‌وت بگاته سلێمانی و ناحیه‌که‌ی ئێمه‌ی وه‌ک یه‌که‌م شوێن به‌شی خۆی پێده‌درێت».
ھاوڵاتی سوپای عێراق بەمدواییانە تۆڕێکی تاوانکاریی هەڵوەشاندەوە لەئەنبار کەدەستی هەبوو لەکڕینی چەک و تەقەمەنی دزراودا بۆ دواتر فرۆشتنەوەیان لەبازاڕی رەشدا. سوپا نۆ ئەندامی گروپەکەی دەستگیرکردووه لەناوچەی قائیم لە 30ی کانونی دووەم. هەندێک لەو چەکانەی بە نایاسایی بەدەستهاتوون بەقاچاخ دەبرێنە سوریا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌و بەچەند گروپێکی چەکداری دیکە دەفرۆشرێنەوە. فەرماندەیەکی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەو بادیە کەداوایکرد ناوی نه‌هێنرێت رایگەیاند ئەندامانی تۆڕەکە دانیان پێداناوە کەچەکەکانیان لەمیلیشیاکانی سەر بەئێران کڕیوەو لەحەشارگەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دزراون لەو شارانه‌ی لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە رزگارکران. بەشێکی زۆری چەکی سوک و مامناوەندی روسین، بۆمب و تەقەمەنی و هاوەنیش بەئەندامانی تۆڕەکە گیران لەناوچەی قائیم لەڕۆژئاوای ئەنبار. ئەفسەرەکە وتی «ئەندامانی تۆڕەکە وتوویانە گوایە رۆڵی ئەوان سنوورداربووە بۆ فرۆشتنی چەکەکان، دوای ئەوەی لەو گروپانەیان کڕیوە کە سەر بەمیلیشیاکانی هەواداری ئێرانن وەک کەتائیب حزبوڵا‌و بزووتنەوەی نوجەباو عەسائیب ئەهل حەق و سەید شوهەدا». باسی لەوەشکرد لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کێ چەکەکانی بەتۆڕەکە فرۆشتووە تادەستگیربکرێت و بهێنرێتە بەردەم دادگا. ھەروەھا وتی «ئەندامانی میلیشیاکان سەقامگیرییان ناوێت، لەبەرئەوەی سەقامگیری لەعێراق مانای ئەوەی ئه‌وان چیتر بەهانەیان نابێت چەکیان لەدەستدابێت یان لەناو میلیشیاکاندا چالاکبن و خزمەتی بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە بکەن.» بازرگانیکردن بەو چەکانەوە زیادیکردووە که تاڵانیکراون لەو ناوچانه‌ی لەداعش رزگارکراون دوای ئەوەی ئەمریکا سزای سه‌پاند به‌سەر ئێران‌دا، لەکاتێکدا سزاکان بوونەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی ئێران بۆ ئه‌و میلیشیایانه‌ی لەعێراق چالاکن. ئەو سزایانە فشاری بۆ هێنان دەستبکەن بەکاری تاوانکارانە بۆ دابینکردنی داراییان. لیوا نو‌عمان عەبدول زه‌وبه‌عی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، رایگەیاند لە سێ هەفتەی رابردوودا سوپای عێراق دەستیگرتووە بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیدا کە لەدوای داعش جێمابوون لەموسڵ و تەلەعفەرو بەعاج و ناوچەکانی دیکە لەدەشتەکانی نەینەوا. زه‌وبه‌عی وتی «دەستمانگرتووە بەسەر زیاتر لەهەزارو (500) کیلۆ تەقەمەنی و تفاقی جۆراوجۆردا لەگەڵ دەیان ئارپیجی.» سوپا ده‌ستیشیگرتووه به‌سه‌ر سەدان چەکی سوک و بچوکدا لەگەڵ دوو سەکۆی موشەک هاویشتن. زه‌وبه‌عی راشیگەیاند گه‌ر ئەو چەکانە به‌شاراوه‌یی بمانایه‌ته‌وه، دەکرا ئەندامانی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە دەستیان هەیە لەبازرگانیی چەکدا بیاندزن و بۆ خۆیان بەکاریانبهێنن بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن لەسەقامگیریی وڵات. وتیشی «هێزەکانی عێراق بەردەوامن لەئەنجامدانی گەڕان بۆ هەڵدانەوەی حەشارگەکانی چەک و لەناوبردنیان لەو شوێنەی دەدۆزرێنەوە یان دوورخستنه‌وه‌یان بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌مین فڕێبدرێن تا دڵنیایی هەبێت له‌وه‌ی مەترسییان نییە». ئەحمەد حەمدانی شارەزایه‌کی بواری سیاسه‌ت وتی «چەند میلیشیایەک کەئێران پشتیوانیانە بەشدارن لەدابینکردنی چەکدا بۆ بازاڕی رەش و ئەوانەش لەو حەشارگە ژێرزەمینیانە دەرهێنراون کەدوای داعش جێمابوون». وتیشی «کڕیارەکان زۆربەی جار ئه‌و تاقمە تاوانکارانه‌ن کەدەستیان هەیە لەکوشتن و دزیکردن بەزەبری چەک جگە لەخێڵەکانی ناوچە دوورەدەستەکان کەکێشەیان هەیە لەگەڵ خێڵی دیکە». ئەحمەد حەمدانی هه‌روه‌ها وتی «لەعێراق دەبێت ئەگەری ئه‌وەمان لەبیرنەچێت کەچەکدارانی داعش دەتوانن جاریکی دیکە بیانکڕنەوە.» ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد که لەهەمان کاتدا هێزەکانی عێراق هەنگاوی باشیان ناوە بۆ له‌ناوبردنی ئەو تۆڕانەی دەستیان هەیە لەفرۆشتنی چەکدا بە نایاسایی
هاوڵاتى، رێناس بەرزان 75 خوێندکاری پزیشکی لە ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی پزیشکی گشتی زانکۆی گەرمیان دەخوێنن کە ئەو بەشە دوو ساڵە کراوەتەوە. ھاوکات گەورەترین تاقیگەی زانستی کوردستان لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە. د.فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «دوای ئەوەی ساڵی پار بەشی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە، خوێندن لەو بەشە بە باشترین شێوە بەرێوە دەچێت و بەهیچ شێوەیە کێشەی کەمی مامۆستایان نیە. کۆلیژەکە لەم دوو ساڵەی خوێندندا 75خوێندکاری هەیە». لەگەڵ ئەوەشدا تاقیگەیەکی زانستی کراوەتەوە کە بەتاقیگەیەکی «پیشکەوتوو» ناودەبرێت، لە لایەک وەزیری خوێندنی باڵاوە. تاقیگەکە تایبەتە بە بەشەکانی زانستیەکان بەتایبەتی بەشەکانی بایلۆجی و کیما و ئەندازیاری و پزیشکی. رووبەری تاقیگەکە 11 هەزار مه‌تر دوجایە و گەورەترین کۆمەڵگەی تاقیگەکانە لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان. تاقیگەکە پێکهاتوە لە 38هۆڵی تاقیگە لەگەڵ 90ژووری تایبەت بە تاقیگەکان بەبری 8ملیار دیناری عیراقی. لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆر فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەتایبەتمەندی ئەم تاقیگەیە کردوە کە بریتیەلە کارکردنی زیاتر لەسەر بیناکەو ژوور وهۆڵ و ئەو پێداویستیانەی کە بۆ تاقیگەیە بەڵام سەبارەت بە ئامێرەکانی تاقیگەکە وتی «تاوەکو ئێستا ئامێری بۆ دابین نەکراوە « دکتۆر فەرهاد قادر وتی «تاقگیەکە دەبێتە ناوەندێکی راوێژکاری بۆ تۆێژینەوەی زانکۆ وە دەرەوەی زانکۆش سودی لێ ئەبینێت». لەزانکۆی گەرمیان، تاقیگەیەکی زانستی کرایەوە، کە پێکهاتوە لە ٣٨ تاقیگەو ٩٠ ژوری تایبەت بە ئۆفیس و لەسەر ڕوبەری زیاتر لە ١١ هەزار مەتر چوارگۆشە بە بودجەی زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار دروستکراوە، بەیەکێک لە گەورەترین تاقیگە زانستییەکانی ناوچەکە دادەنرێت. ھەفتەی رابردوو دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تاقیگە زانستیەکەی لە زانکۆی گەرمیان کردەوە. دکتۆر ئارام محەمەد وتی «ئەم تاقیگەیە یەکێک دەبێت لە گەورەترین و گرنگترین تاقیگە زانستییەکان لەنێو دامەزراوەکانمان و بە کەوتنە سەرکاری خزمەتێکی بەرچاو بەزانکۆ و پێشخستنی ئاستی زانکۆکە دەکات، هەوڵی تەواو بۆ دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی دەدەین و لەم ڕوەوە لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین». دکتۆر فەرهاد قادرکە تازە بووە بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وتی «سەردانی وەزیری خوێندنی باڵابۆ پیرۆزبایی و پالپشتی ئێمە بوە و لەنزیکەوە باسی کێشەوگرفتەکانی زانکۆمان کرد وجگە لەوە تاوتوێی کردنەوەی ئەو تاقیگەمان کرد.»
عومه‌ر فه‌تاح ئۆتۆمبیلێکی جۆری میکزه‌مینی ئێواره‌ی دوینێ بارێکی قاچاخى شۆفڵی تێدابووه‌و له‌لایه‌ن پۆلیسى گومرگه‌وه له‌ناو بازاڕی خورماڵ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراو شۆفێره‌که‌شی ده‌ستگیرکراوه، ویسویەتی لهمهرزێکی سنوره‌که‌وه ئه‌و باره قاچاخه ببه‌ن به‌ره‌و کۆماری ئیسلامی ئێران. عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بارێکی قاچاخی پێبوه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتویانه«. وتیشی «پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت». سه‌رچاوه‌یه‌کی تری ئاگادار له‌و رووداوه بە ھاوڵاتی راگەیاند ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه ئۆتۆمبێلێک که له‌سنوری سه‌یدسادقه‌وه به‌ره‌و ناحیه‌ى خورماڵ رۆیشتووە، بارێکی قاچاخی شۆفڵی تیابووه، ویستویانه له‌مه‌رزی ده‌ره‌ی مه‌ڕه‌وه لەناوچەی ھەورامان که مه‌رزێکی لاوه‌کییه ئه‌و که‌لوپه‌لانه ببه‌ن به‌ره‌و ئێران. سه‌رچاوه‌که داوای‌کرد ناوی نەھێنرێت لەبەرئەوەی پۆستەکەی رێگەپێدراو نیە بۆ لێدوانی فەرمیی، به وت «مهفرهزهیەکی پۆلیسی گومرگ که‌وتوونه‌ته شوێنی قاچاخچیەکان، چه‌ند فیشه‌کێکی به‌ئاسماندا تەقاندوە، دواتر شۆفێره‌که‌یان ده‌ستگیر کردووەو که‌لوپه‌له قاچاخه‌کانیشیان گرتووە». به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یە پێشتر چه‌ند جارێکی دیکه له‌مه‌رزه لاوه‌کیه‌کانی ئه‌و سنووره‌وه که‌لوپه‌ل و ئامێرى جۆراوجۆر به‌شێوه‌ی قاچاخ براونه‌تە کۆماری ئیسلامی ئێران. سه‌باره‌ت به‌و رووداوه عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ له‌لێدوانێکی تایبه‌تدا به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بووه بارێکی قاچاخی پێبووه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتوویانه، پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت».
عومه‌ر فه‌تاح لیژنه‌یه‌کی په‌رله‌مانی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ بچێته سه‌یدسادق و به‌دواداچوون بکات بۆ داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران و ھەروەھا سەردانی ماڵی ئەو گەنجە بکات کەمانگی رابردوو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەکەدا دەستگیرکراو پێڵاو خرایە دەمیەوە لەناو بارەگای ئاسایش. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق و ئه‌و چالاکوانه‌ی لێى دراوه به هاوڵاتى وت «له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌وه ئاگادارکراومه‌ته‌وه که‌سه‌ردانم ده‌که‌ن و به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌که‌م ده‌کرێت، منیش ئه‌وه‌ی روویداوه ده‌یخه‌مه‌ڕوو بۆ ئه‌وان». هێشتا هیچ یه‌کێک لهبهڵێنەکانی بەرپرسان جێبهجێنهکراوە کە دابوویان بەخۆپیشاندەرانی سەیدسادق کەمانگی رابردوو رژانە سەرشەقام و بەدوای ئەوانیشدا دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی ھاوسنور لەگەڵ سەیدسادق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. دیارترین داواکانی خۆپیشاندان، داواکردنی به‌شه سوته‌مه‌نی و زیادکردنی کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانی بوو، تێیدا ماوه‌ی ههفتهیهکیاندایه حکومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی. سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی پێکهێناوه، بڕیاره ئه‌مرۆ یه‌کشه‌مه سه‌ردانی قه‌زاکه بکه‌ن و چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبده‌ن. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ى ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان پێکیهێناوه، به هاوڵاتى وت «دوابه‌دوای خۆپیشاندانه‌کان سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی دروستکردووه‌و ده‌چینه سه‌یدسادق و له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه ئیدارییه‌کان کۆده‌بینه‌وه«. رۆژی دووشه‌ممه 27ی مانگی یه‌کی رابردوو، ژماره‌یه‌ک له‌چین و تووێژه جیاوازه‌کانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو داوایانکرد له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا به‌شه سوته‌مه‌نی ئه‌مساڵیان پێبدرێت و کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانییان بۆ زیادبکرێت و ده‌ستبکرێته‌وه به‌جێبه‌جێکردنی پرۆژه خزمه‌تگوزاریه وه‌ستاوه‌کان، به‌ڵام به‌وته‌ی رێکخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه هێشتا هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێنه‌کراون. شاخەوان رەئوف ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو جگه له‌فه‌رمانگه ئیداریه‌کان چاویان بهچالاکانی مه‌ده‌نی و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانیش ده‌که‌وێت و له‌کۆبوونه‌وه‌کانیاندا له‌نزیکه‌وه به‌دواداچوون بۆ کێشه‌و داوکاری و که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و قه‌زایه ده‌که‌ن. له‌کاتی خۆپیشاندانه‌که‌دا یه‌کێک له‌چالاکانی مه‌ده‌نی و به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که ئاشکرایکرد له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌کانه‌وه لێی دراوه‌و سوکایه‌تی زۆری پێکراوه‌و پێڵاو خراوەته ده‌میه‌وه. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێکردنی داواکاریه‌کانی ئه‌وان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه که تائێستا که زیاتر له دوو هه‌فته تێپه‌ڕ بووه، هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه که‌دراوه پێیان جێبه‌جێ نه‌کراوه. وتیشى «نه‌وت یه‌ک جار هاتووه، ئێستا به‌هه‌وڵی خێرخوازان که‌مپینمان رێکخستووه‌و نه‌وت به‌سه‌ر ماڵه هه‌ژاره‌کاندا دابه‌شده‌که‌ین، وه‌زعی کاره‌باش خراپتر بووه باش نه‌بووه«. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان وتى «ده‌چینه ماڵى ئه‌و چالاکوانه‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌وحاڵه‌ته‌ش ده‌که‌ین و له‌کۆی ئه‌و پێشیلکاریانه ده‌کۆڵینه‌وه که‌ئه‌و رۆژه روویداوه«. هه‌روه‌ها وتى «دوای کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌نجامی سه‌ردانه‌که‌مان به راپۆرتێک به‌رزده‌که‌ینه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، ئه‌وکات ئه‌وان بڕیاری کۆتایی ده‌ده‌ن که چی بکرێ و قسه‌ى پێویست له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکه‌ن». سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ژماره‌یه‌ک له‌دانیشتوانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو گه‌نجێکی دانیشتوی قه‌زاکه به‌ناوی بڕیار حه‌سه‌ن شه‌هید کراو زیاتر له (100) که‌سی دیکه‌ش برینداربوون، که‌سوکاری ئه‌وگه‌نجه هه‌رچه‌نده سکاڵایان تۆمارکردووه، به‌ڵام دوای شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و رووداوە هیچ که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه سزا نه‌دراوه. قه‌زای سه‌یدسادق سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانییه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بەناحیەو گوندەکانیەوە نزیکه‌ی (120) هه‌زار که‌س دهبێتو بۆ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانی قه‌زاکه چه‌ند جارێک دانیشتوانه‌که‌ی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆیان تائێستا زۆرێک له‌داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کراوه.