سازدانى: ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى گۆڕان که به‌شداربووى کۆبونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌کان بووه له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت سبه‌ینێ چوارشه‌ممه وه‌فدى هه‌رێم ده‌چێته‌وه بۆ به‌غدا بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراوى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق. ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌یه‌کى فراوان له سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به ئاماده‌بونى سه‌رۆک و نوێنه‌رى پێنج حزبى سیاسى و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم و هه‌ردوو جێگره‌که‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆک و جێگرى حکومه‌ت و رێواس فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا. به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ سایتى هاوڵاتى ده‌ڵێت:" پێنج حزبه سیاسییه‌که (پارتى، گۆڕان، یه‌کێتى، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) پێکه‌وه بریار له‌سه‌ر به‌شداریکردنى کۆبونه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ده‌ین". هه‌روه‌ها ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که ئه‌مڕۆ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا پاراستنى کیانى هه‌رێمى کوردستان و مافه ده‌ستورییه‌کانى جه‌ختى لێکراوه‌ته‌وه‌و لایه‌نه‌کان کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که "هه‌ر چوار وه‌زیره‌که خۆمان دایانبنێن نه‌ک عه‌لاوى، چونکه هه‌رێمى کوردستان دامه‌زراوه‌ى ده‌ستورى هه‌یه‌و ناکرێت وه‌ک حزبێک یا پارێزگایه‌ک مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت". سبه‌ینێ وه‌فدى کورد ده‌چنه‌وه بۆ به‌غدا بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ عه‌لاوى هاوڵاتى: کۆبونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چى باسکرا ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به کابینه‌که‌ى عه‌لاوییه‌وه هه‌یه؟ به‌هار مه‌حمود: بڕیارى کۆتایمان نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه له کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌شدارى ده‌که‌ین یان نا، به‌ڵام وه‌فده‌که‌مان سبه‌ینێ سێشه‌ممه ده‌چنه‌وه بۆ به‌غدا بۆ دانوستاندن، به‌یانێکمان ده‌رکردووه که وتومانه ئێمه پشتیوانى حکومه‌تێک ده‌که‌ین که ره‌نگدانه‌وه‌ى داخوازى خۆپیشانده‌ران و گشت پێکهاته‌کانى عێراق بێت به کورد‌و سونه‌و شیعه‌وه ئێمه پشتیوانى ئه‌و جۆره حکومه‌ته ده‌که‌ین که مافه‌کانى خه‌ڵک بپارێزێت، پشتیوانى حکومه‌تێک ناکه‌ین ته‌نها هى لایه‌نێک یان چه‌ند شه‌خسیاتێک بێت. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌پاراستنى مافه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین و کیانى هه‌رێمى کوردستان، ناکرێت عه‌لاوى وه‌کو حزبێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات و بڵێت نابێت وه‌زیره‌کان ئێوه دایبنێن و بۆ خۆم کاندیدى وه‌زاره‌ته‌کان دیارى ده‌که‌م، چونکه هه‌رێمى کوردستان نه حزبه نه پارێزگایه‌که و تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه و دامه‌زراوه‌ى ده‌ستورى هه‌یه ده‌بێت ئه‌وان بریار بده‌ن کێ به‌شدار ده‌بێت له کابینه‌که‌دا. عێراق ئێستا به‌دۆخێکى هه‌ستیاردا تێپه‌ر ده‌بێت ئێمه داوامان کردووه که کۆبونه‌وه‌یه‌کى فراوانى لایه‌نه سیاسییه‌کان ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه چاره‌سه‌رێک بۆ ده‌رکردنى عێراق له‌م دۆخه‌ى که تێیدایه. وه‌فدى کورد که‌چونه‌ته به‌غدا پشتراستى ئه‌وه‌یان کردووه‌ته‌وه که رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین کاندیدى وه‌زاره‌تى داده، عادل که‌ریم کاندیدى وه‌زیرى بازرگانییه، شوان ئیبراهیم ته‌ها کاندیدى وه‌زاره‌تى داراییه هاوڵاتى: ده‌وترێت کورد ته‌حه‌فوزى له‌سه‌ر کاتى دیاریکردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته هه‌یه که عه‌لاوى نایه‌وێت حکومه‌ته‌که‌ى راگوزه‌ر بێت؟ به‌هار مه‌حمود: له‌قسه‌کانى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى کانیدى راسپێردراوى کابینه‌ى نێى حکومه‌تى عێراق به‌ته‌ما نییه بۆ ساڵێک بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که ئه‌و ده‌یدات به رووبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پارێزگارى له‌سه‌روه‌رى یاسا بۆ حکومه‌تێکى راگوزه‌ر نییه، به‌ڵکو بۆ حکومه‌تێکى دائیمییه، بۆیه وه‌فدى کورد سبه‌ینێ ده‌چێته‌وه به‌غدا موناقه‌شه له‌گه‌ڵ لایه‌نى راسپێردراوى حکومه‌ت ده‌کات و له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامى دانوساندنه‌که بریار ده‌ده‌ین به‌شدارى ده‌که‌ین یان نا. له‌قسه‌کانى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى کانیدى راسپێردراوى کابینه‌ى نێى حکومه‌تى عێراق به‌ته‌ما نییه بۆ ساڵێک بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که ئه‌و ده‌یدات به رووبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پارێزگارى له‌سه‌روه‌رى یاسا بۆ حکومه‌تێکى راگوزه‌ر نییه، به‌ڵکو بۆ حکومه‌تێکى دائیمییه هاوڵاتى: کورد پێکه‌وه بریارده‌دات یانى لانى که‌م پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو؟ به‌هار مه‌حمود: ئه‌مه شتێکى چاره‌نوسسازه‌و پاراستنى کیانى هه‌رێمى کوردستان و مافه‌کانییه‌تى، له‌به‌رئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه وه‌کو یه‌ک بیر ده‌که‌ینه‌وه. نوێنه‌رى گۆڕان و پارتى و یه‌کێتى و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووى تێدا بووه، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌شداریان نه‌کرد. هاوڵاتى: ئه‌و سێ کاندیده‌ى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و بازرگانى و داد بڵاوکراوه‌ته‌وه تا چه‌ند نزیکن له حزبه سیاسییه‌کانه‌وه؟ به‌هار مه‌حمود: وه‌فدى کورد که‌چونه‌ته به‌غدا پشتراستى ئه‌وه‌یان کردووه‌ته‌وه که رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین کاندیدى وه‌زاره‌تى داده، عادل که‌ریم کاندیدى وه‌زیرى بازرگانییه، شوان ئیبراهیم ته‌ها کاندیدى وه‌زاره‌تى داراییه. عادل که‌ریم که کاندیدى وه‌زاره‌تى بازرگانییه یه‌کێتییه، هه‌رچه‌نده حاکم رزگار حه‌مه ئه‌مین پێشتر په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى بوو بۆ ماوه‌یه‌ک له په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڵام تا راده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیى و شه‌خسییه‌تى خۆى پاراستووه، به‌ڵام بۆ کاندیدى وه‌زیرى دارایى نازانم و نایناسم که بزانین نزیکه له چ لایه‌نێکى سیاسییه‌وه. هاوڵاتى: ئه‌و وه‌زیرى ده‌وڵه‌ته‌ى بۆ کاروبارى هه‌رێم و به‌غدا دیارى کراوه سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم به‌هاوکارى لایه‌نه‌کان کاندیده‌که‌ى دیارى ده‌کات؟ به‌هار مه‌حمود: بریارمان نه‌داوه رازى ده‌بین یان نا، ئێمه ده‌بێت و ده‌مانه‌وێت هه‌ر چوار وه‌زیره‌که خۆمان دایانبنێن تا ئێستا قسه‌یه‌که ئه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه پاراستنى کیانى مافه ده‌ستورییه‌کانه، کێ ده‌ڵێت به‌شدارى ده‌که‌ین له کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا.
ھاوڵاتی مەحمود سەنگاوی ئەندامی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەی میحوەری گەرمیانی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی شەڕی داعشدا بیرەوەریەکانی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بەپاسدارانی ئێران دەگێڕێتەوە. مەحمود سەنگاوی باس لەوە دەکات کە لەڕابردوودا (سەردەمی شاخ) ماوەیەک لەدژی هێزەکانی ئێرانی تێهەڵچووە، بەڵام دواتر هاوڕێیەتی و پەیوەندی نزیکایەتی لەگەڵ ئێران بووەو داکۆکی دەکات لەو هاوڕێیەتییەی تاکۆتایی. سەنگاوی لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم کەئاژانسێکی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانە، دەڵێت « خۆزگە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشمەرگە بوایە». ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: پێشینەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی لەکوێوە دەستپێدەکات و لەکەیەوە پێکەوە هاوکاریتان هەیە؟ مەحمود سەنگاوی: من لەقۆناغێکدا تەنانەت دژی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕم کردووەو جێ برینی گولەی ئێرانییەکان هێشتاش بەڕوومەتمەوە دیارە. بەڵام دواتر پێکەوە ئاشتەوایمان کرد‌و ئێستا ماوەیەکی دوورودرێژە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی دۆستانەمان هەیە. من لەئۆپەراسیۆنگەلێکی زۆر لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی‌دا بەشدار بوومەو ئەوانەم لەکتێبی یادەوەرییەکانمدا باسکردووە. ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان دۆستایەتیمان هەیەو لەسەر ئەو بڕوایەم هەر هێزێک بێتە ئەم ناوچەیە، رۆژێک لێی دەکشێتەوە. بەڵام ئێمە و ئێرانییەکان پێکەوە دەمێنینەوەو لێک دانابڕێین. ئەگەرچی ئێمە لەڕابردوودا کێشەگەلێکمان پێکەوە بوو، بەڵام ساڵانێکە هاوکاری زۆر دۆستانەمان پێکەوە هەیەو درێژە بەو رێگەیەش دەدەین. مەحمود سەنگاوی"خۆزگه قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه بوایه" ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەقۆناغێکدا کە داعش هێرشی کردەسەر هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان دەڵێن دەستی یارمەتییان بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر‌و لەوان ئێران درێژ کردەوە. ئێران یەکەمین وڵاتێک بوو لەو کاتەدا یارمەتی هەرێمی دا‌و سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی-ش یەکەم کەسێک بوو خۆی گەیاندە هەرێم. ئەو داواکارییە بۆ لەئێران کراو یارمەتییەکانی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دانا؟ مەحمود سەنگاوی: ئێرانییەکان هاوکارییەکی کارامەیان لەگەڵماندا بوو. هەڵبەت داعش مەترسی بوو بۆ هەمووان و ئێرانییەکان جگە لەئێمەو خۆیان، بەرگرییان لەشیعەکانی عێراقش کرد. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران راوێژکاریان پێدەداین و رێنوێنگەلێکی باشیان دەکردین. هەڵبەت هەم ئێرانییەکان و هەم ئێمە لەو شەڕەدا هاوکاریمان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرد. بەداخەوە هێزەکانی سوپای عێراق هەر لەسەرەتای هاتنی داعش شکستێکی قورسیان خوارد‌و ئێمە وەک تاقە هێزی بەرگری لەبەرامبەر داعش ماینەوە. بەهێرشی (٢٠٠) داعشی بۆ سەر موسڵ، زۆربەی هێزە عێراقییەکان چەکیان دانا‌و هەموو ئەو چەک و جیهازاتانە لەوانە تانک و تۆپخانە و دۆشکاو هتد... کەوتە دەستی تیرۆریستان و داعش هەموو ئەو چەکانەی لەدژی ئێمە بەکارهێنا. لەو دۆخەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری ئێمەو عێراق خۆی گەیاندە مەسافەکە. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: بەبڕوای ئێوە وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو، سەردار سولەیمانی چ تایبەتمەندیگەلێکی فەرماندەیی و سەربازیی بوو؟ مەحمود سەنگاوی: پێشتر لەدیمانەیەکدا وتبووم، خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندەو پێشمەرگەی ئێمە کوردەکان دەبوو، چونکە تاقە شتێک لێم بینی لێهاتوویی و قارەمانی بوو. ئەو کەسێکی دڵسۆز بوو و بەباشی وڵاتی خۆی دەپاراست و گیانی لەڕێگەی وڵاتەکەیدا بەخت کرد. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئێوە چەندە لەنزیکەوە ئەوتان دەناسی؟ مەحمود سەنگاوی: کاتێک خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنەسەر جەلەولا (گوڵاڵە) بووین، پێیان وتم کەئایا دەتوانم لەسێ رۆژدا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەمەوە؟ قبووڵم کرد‌و وتم تا بەیانی ئەو سەعاتە هەواڵی ئازادیی جەلەولا (گوڵاڵە)تان پێدەدەمەوە. کاتی گەڕانەوە، قاسم سولەیمانیم لەخوارەوەی خانەقین بینی، شوێنێک بوو کە لەوێوە بە مانیتۆرو فرۆکەی بێفرۆکەوان ناوچەکە لەژێر چاودێری بوو. لەوکاتەدا من لەسەر ئەو بڕوایە بووم کەدەبێ (گوڵاڵە) گەمارۆ بدەین تاهیچ داعشییەک بەزیندوویی دەرنەچێت. بەڵام ئەو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کەئەگەر رێگەی دەرچوونی دوژمن ببەستین، درێژە بەشەڕ لەدژی ئێمە دەدات. هەربۆیە دەبێ شوێنێک بۆ هەڵاتنیان بکرێتەوە. من ئەوم بینی و بەیانی ئەو رۆژەی کەشەڕ لەناوچەدا دەستیپێکرد لەهەمان شوێنی ئۆپەراسیۆنیدا ئامادەبوو. پاش شەڕی داعش جارێکی دیکە ئەوم لەماڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ دی؛ لەدانیشتنێک بۆ لێکدانەوەی دۆخی دووزخورماتوو. قاسم سولەیمانی فەرماندەیەکی بەرز بوو و ئەگەرچی دەیتوانی لەدوورەوە فەرمان بدات و نەچێتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام لەهەموو بەرەکاندا ئامادە دەبوو و تاکاتێک کەگوڵاڵە و سەعدیەو ناوچەکانی دیکەمان ئازادکرد لەگەڵمان بوو. یەکێک لەو تایبەتمەندییە گرنگانەی لەودا دەمدی، ئەوە بوو کەتوانستێکی بەرزی کەخوێندنەوەی نەخشە بوو و جارێک پێی وتین کە «ئێوە بۆ کەمتر کەڵک لەنەخشە وەردەگرن؟» وتم با ئێمەش کەڵک لەنەخشە وەردەگرین، بەڵام بەوەشەوە بەهۆی ئاشنایی تەواومان لەگەڵ ناوچە، زۆر پێویستمان بە نەخشە نییە. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەباری کەسایەتییەوە چۆن کەسێک بوو؟ چ تایبەتمەندییەکی گرنگی کەسێتیتان لەو لەزەیندا ماوە؟ مەحمود سەنگاوی: ئەو کەسێکی ئارام و هێدی بوو. لەو ناوچانەی تێیدا ئامادە دەبوو، بەدوای پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی نەبوو. وەک هەمووان نانی دەخواردو هەر لەو جێگەیە پشووی دەدا کەهەموو لێی دەنووستن. تەنانەت کاتێک برسی دەبوو بەبڕێک بیسکویت و شەربەت خۆی تێر دەکرد. بەتەواو مانا کەسێک بوو کەتەمەن و ژیانی خۆی بەخت کردبوو. لەپەنای هەموو ئەوانە زانیارییەکی زۆریشی بوو و پرسگەلێکی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیی بەجوانی لێکدەدایەوەو شرۆڤە دەکرد. لەسەرخۆو بەئاسوودەیی روانگەکانی دەردەبڕی و هیچکات تووڕە نەدەبوو. بەردەوام هەوڵی دەدا رێز لەلایەنی بەرامبەری بگرێت. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: هەواڵی شەهیدکردنی بەڕێزیانتان چۆن پێگەیشت؟ مەحمود سەنگاوی: ئەو هەواڵەم لەماڵپەڕەکانی هەواڵ وەرگرت. لەبیرمە BBC رایگەیاند لەبەغدا ئۆتۆمبیلێک کراوەتە ئامانج، بەڵام شوناسی کەسانی ناو ئۆتۆمبیلەکە روون نەبوو. بەیانی یەکێک لەهاوڕێکانم پەیوەندی پێوە کردم و رایگەیاند کە قاسم سولەیمانی و تاقمێک لەهاوڕێیانی کوژراون. ئەو هەواڵەم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئەگەر بتانەوێ چەند رستە لەگەڵ سەردار سولەیمانی قسە بکەن، وەک کەسێک کە ماوەیەک هاوکاریتان لەگەڵیدا بووە، چی پێ دەڵێن؟ مەحمود سەنگاوی: هەواڵی شەهیدکردنی بۆ من دڵتەزێن بوو، ئەو قارەمانی وڵاتی خۆی بوو و دەبێ ئێرانییەکان شانازی بەبوونی کەسێکی ئاوا بکەن. ئەو بەباوەڕی من کەسێکی گەورە بوو. لەهیچ شتێک نەدەترساو سەرەڕای ئەوەی دەیزانی شەهید دەکرێت، بەڵام بەردەوام بوو لەخەبات و هیوای دەخواست لەو رێگەیەدا شەهید بێت. بەو هۆیەی هەمیشە بەڕێزەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەری دەدوا، منیش بەڕێزەوە لەگەڵیدا دەدوام و گوێم بۆ قسەکانی دەگرت. ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان بوو و ئەویش بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش یان باشترە بڵێم دوژمنی مرۆڤایەتی بوو. خۆزگە زیندوو بوو و پێکەوە دادەنیشتین و لەبارەی پرسەکانی کوردستان، ئازادی، دراوسێتی و هاوکاری دەدواین. ئێمە سنوورگەلێکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیەو لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانمان گفتوگۆمان دەکرد. کاتێک تەرمی بەڕێزیان لەئێراندا بەڕێدەکرا، دەرکەوت کەچەندە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆشەویستە.
ھاوڵاتی بەپشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا، رژێمی سوریا‌و هێزە هاوپەیمانەکانی نزیکدەبنەوە لەدوایین قه‌ڵای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار. جوڵەیه‌کی هێزەکانی سوریا به‌رده‌وامه بەرەو ئیدلیب ناوچەی ژێردەستی بریکارەکانی تورکیا گەمارۆدەدات و دەیکاته ناوچەیەکی تەواو بچوککراوە. تورکیا قەیرانی مرۆیی قۆستۆتەوە تاوەکو فشارەکانی بۆ راگرتنی شەڕ زیاتربکات. ھەر لەم چوارچیوەیەدا تورکیا و (27) ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆیان پیشاندا دەربارەی قەیرانێکی مرۆیی نوێ لەسوریا. سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیەنی (21ی شوبات) داوای «کرداری کۆنکرێتی» کرد بۆ رێگریکردن لەقەیرانێک لەدواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی بریکارەکانی، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیدا. قەیرانێکی مرۆیی لەپارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا سەریهەڵداوە، لەکاتێکدا رژێمی سوریا، بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، پێشڕەویدەکات بەهێرشێک کە بووەهۆی ئەوەی نزیک یەک ملیۆن مەدەنی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. سەرۆکایەتییەکە رایگەیاند کە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا له‌گه‌ڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن، ئەردۆغان «جەختیکرد لەپێویستیی وەستاندنی پەلامارەکەی رژێم و لایەنگرەکانی لەئیدلیب». ئەردۆغان جەختیشیکرد لەسەر پێویستی دابینکردنی «پشتیوانییەکی بەهێز لەڕێی کرداری کۆنکرێتییه‌وه بۆ رێگیرکردن لەقەیرانێکی مرۆیی». مێرکڵ و ماکرۆن پێنجشەممە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین کرد‌و داوای وەستاندنی شەڕەکەیان کرد‌و چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵین، به‌به‌شداریی ئەردۆغان. لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین، مێرکڵ و ماکرۆن نیگەرانیی خۆشیان دەربارەی «قەیرانێکی دارایی» راگەیاند. (27) سەرکردەکەی یەکێتی ئەوروپا هەینی سەرکۆنەی هێرشەکانی رژێمی سوریایان کرد بۆسەر شاری ئیدلیب و هۆشداریشیاندا لە روودانی قەیرانێکی مرۆیی. ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، کەنوێنه‌رایه‌تی (27) وڵاتی ئەندام ده‌کات، رایگەیاند: «پەلامارە سەربازییە نوێکه لەئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریا‌و لایەنگرەکانییه‌وه، کەبوونەتە هۆی هێنانە ئارای چەندین قەیرانی مرۆیی، ناتوانرێت په‌سه‌ندبکرێت.» ئەنجومەنەکە راشیگەیاند «یەکێتی ئەوروپا داوای لەهەموو لایەنەکانی بارگرژییەکان کرد رێزی تەواوەتی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرن لەژێر یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا‌و بەبێ بەربەست دروستکردن رێبده‌ن به‌هاوکاری مرۆیی بگاتە دەستی هەموو ئەوانەی پێویستییان بەیارمەتییە.» رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند که‌شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تورکیا‌و هاوپەیمانە سورییەکانیاندا لەدژی هێزەکانی رژێم بووەهۆی کوشتنی (27) چەکدار لەپێنجشەممەدا. رێکخراوەکە رایگەیاند کە (11) چەکداری لایەنگری رژێم و (14) چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژران، لەگەڵ دوو سەربازی تورکیشدا. تورکیا (16) سه‌ربازی لەئیدلیب لەم مانگەدا لەشەڕو پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی رژێم لەدەستداوە، هەروەها بنکەکانی پتەوترکردووە لەکاتێکدا داوای کشانەوەی رژێم دەکات. تورکیا پێنجشەممە رایگەیاند کە نەیویستووە «هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک» لەگەڵ روسیادا رووبدات. هاوکات روسیا هۆشداریدایە تورکیا بۆ راوەستاندنی پڕچەککردنی «تیرۆریستان»، گوایە فڕۆکەکانی روسیا ئەو گروپانەی لەهه‌رێمی ئیدلیب کردۆتە ئامانج کە ئەنقەرە پشتیوانی‌یان دەکات. ئەنقەرە لێدوانەکانی مۆسکۆ رەتدەکاتەوە کەگوایا تورکیا پشتیوانی گروپە تیرۆریستەکانی ناوچەکە دەکات. وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار بە سی ئێن ئینی تورکی وت: «ئێمە هیچ ویستێکمان نییە بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه لەگەڵ روسیادا»و وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی روسیا بەردەوامن. ئاکار وتی یەکێک لەکێشەکان کەگفتوگۆی لەسەردەکرێت بریتییە لەئاسمانی ئیدلیب و چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە روسیا بۆ ئەوەی دەستوەردان نەکات. هیچ رێکەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان روسیا‌و تورکیادا نییە دوای دوو گەڕی گفتوگۆ لەنێوان دوو وەفدی جیاوازدا لەئەنقەرەو مۆسکۆ لەدەستپێکی ئەم مانگەدا. ئەنقەرە پێداگری دەکات کەدەیەوێت رێگری لەقەیرانێکی مرۆیی بکات، هەروەها دەشیەوێت رێگری لەلێشاوی ئاوارەکان بۆ نێو تورکیا بکات، کە لەئێستادا نزیکەی (3.6) ملیۆن سوری له‌خۆگرتووه. وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند کەپێنجشەممە تۆڵەی لەهێزەکانی رژێم کردۆتەوە، بە «کوشتنی (50) چەکداری رژێم و تێکشکاندنی پێنج تانک، دوو زرێپۆشی سەربازان، دوو پیکابی زرێپۆش و تۆپێکی هاوتزه‌ر». بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری، چەند شەڕو پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی رژێم و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە روویاندا لە نەیره‌ب، کەدەکەوێتە نێوان شاری ئیدلیب و شارۆچکەی سەراقیبه‌وه. میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە لەئیدلیب، بەپشتیوانی هێزەکانی تورکیا، دەستیانگرت بەسەر باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی نەیره‌بدا له ئیدلیب دوای ئەوەی فشاریان لەسەر هێزەکانی رژێمی سوریا دروستکرد بۆئەوەی بکشێنەوە. چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی «هێزەکانی تورکیا به‌تۆپباران و هێرشی فڕۆکەکانی روسیا کرانە ئامانج و ئەوەش بووەهۆی کوشتنی دوو سەربازو برینداربوونی پێنجی دیکە». رووداوەکە دوای هێرشێک هات کە لالەیەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەحریر ئەلشامه‌وه بۆسەر نەیرەب ئەنجامدرا. ھەروەھا وتی «هێزەکانی تورکیا پشتیوانی موشەکیی تووند‌و چەند ئۆتۆمبیلێکی پێشکەوتووی سەربازی دابینکردووە بەئاڕاستەی ناوچەکانی شەڕ وەک هەوڵێک بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی رژێم لەچەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵی کردوون. شارۆچکەی نەیره‌ب هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە، لەکاتێکدا دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی ستراتیژی بەرەو شاری ئیدلیب، که‌قه‌ڵای سەرەکیی تەحریر ئەلشام و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەیه. ھەیسەم زیاتر وتی «رژێم لەنەیره‌ب کشایه‌وه‌و هێزەکانی دیکە چوونە نێو شارۆچکەکەوه‌و ناوچەکانی باشووریان کۆنتڕڵکردو ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی راماڵین ئەنجامدەدەن.» وتیشی «شەڕو پێکدادانی تووند‌و تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن و چەندین شارۆچکەو گوند لەئیدلیب لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوه دەکرێنە ئامانج». لەنێو بریندارەکانی شەڕە بەردەوامەکاندا دوو چالاکوانی میدیایی هەبوون، ئیبراهیم دەروێش و ئەحمەد رەحاڵ، کەپارچەی ئه‌و موشەکانه‌یان بەرکەوت کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە هاوێژرابوون لەکاتی رووماڵی شەڕو پێکدادانەکاندا.
هاوڵاتى ژنانی عێراق لەگۆڕه‌پانی تەحریر لەبەغدا رێپێوانێکیان رێکخست بۆ سەرکۆنەکردنی وتەکانی موقتەدا سەدرو ئه‌و هەڵمەتانه‌ی سەر ئینتەرنێت کەژنانیان کردۆتە ئامانج بەهۆی به‌شداربوونی چالاکانه‌یان لەخۆپیشاندانەکاندا. سەدان ژنی عێراقی چوارشەممە (19ی شوبات) لەشاری پیرۆزی نەجەف گردبوونەوە، پێداگرییان لەسەر مافی خۆیان کرد لەهەبوونی رۆڵێکی سەرەکی لەبزووتنەوە خۆپیشاندانییەکە، کە سەرتاسەری وڵاتی گرتۆتەوە. سەبا، تەمەن 22 ساڵ یەکێک لەو ژنانەی گردبوونەوەکه، وتی «هیچ دەنگێک ناتوانێت دەنگی ژنان کپبکات.» ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکەی هەفتەی رابردووی پیاوی ئاینیی ده‌سه‌ڵاتداری شیعە، موقتەدا سەدر، لەدژی خۆپیشاندانی تێکەڵاو. ناوبراو بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێمە دەستمانکرد بەخۆپیشاندان بۆ لەسەرکارلابردنی رژێمەکە. ئێستاش رێپێوانێکی ته‌نها ژنان ئەنجامدەدەین، چونکە سوکایەتییان پێکردووین.» نەدا قاسم، مامۆستایەکی زانکۆ کە لەتەمەنی پەنجا ساڵیدایە، رووی دەمی لە سەدر کرد‌و رەخنەی لێگرت، کە لەسەرەتادا لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سەرشەقام بوو، بەڵام دواتر لەدژیان وەستایەوە، گوایە خۆپیشاندەران مادده‌ی هۆشبه‌رو ئەلکهولیان بەکارهێناوە. نەدا قاسم، کە لەهێرشەکاندا بۆسەر خۆپیشاندەرانی دژ بەحکومەت لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە بریندارکراوە، وتی «ئێمە ئازادین. بەفەرمانی پیاوانی ئایینی ناچینە دەرەوە یان بە فه‌توایه‌ک بوەستین». گردبوونەوەکەی چوارشەممە دوای گردبوونەوەیەکی تری پێنجشەممەی پێشوو هات، کە تێیدا سەدان ژنی عێراقی لەهەموو تەمەنەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکە رژانە ناوەندی بەغداو دژی بڕیارەکەی سەدر وەستانەوە بۆ جیاکردنەوەی جێندەرەکان لەخۆپیشاندانەکاندا. سەدر 8ی شوبات لەسه‌ر تویته‌ر وتی خۆپیشاندەران دەبێت «رێساکانی شەریعەو یاسا کۆمەڵایەتییەکان رەچاوبکەن و لەگەڵ ئەندامانی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر لەنێو خێوەتەکاندا تێکەڵ نەبن». چەند ساتێکیش پێش رێپێوانه‌که‌ی ژنان لەپێنجشەممەدا دەستپێبکات، سەدر جارێکی دیکە تویتێکی کرد لەدژی خۆپیشاندانەکان و وتی پڕبووە لە «رووت و قوتی، تێکه‌ڵاوبوون، سەرخۆشی، بێئەخلاقی، خراپەکاری... و بێباوەڕان». به‌جلوبه‌رگی مۆر‌و پەمەیی و سوره‌وه، ژنەکان پۆستەریان بەرزکردبووەوه‌و بەدەنگی بڵند دروشمیان دەوتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە رۆڵ و ئەرکەکانیان لەخۆپیشاندانەکانداو سەرکۆنەکردنی ئەو هەڵمەتە نابەجێیانەی لەدژیان ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. چالاکوان بوشرا عوبێدی ئەندامێکی پێشووی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقە، وتی «خۆپیشاندەرانی ژن پەیامی رەتکردنەوەی ئەو سەرکوتکردن و سوکایەتیپێکردنەیان هەڵگرتبوو کە دووچاری دێن و دووپاتیانکردەوە کە شانبەشانی برا خۆپیشاندەرەکانیان دەوەستن و بەردەوامدەبن لەبەشداریکردن لەخۆپیشاندانەکاندا.» بوشرا عوبێدی، کە بەشداریی لەخۆپیشاندانەکانی بەغدادا کرد، وتی «ژنان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لەخۆپیشاندانەکاندا لەڕێی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی گەنجان و خۆبەخشیکردن وەک کارمەندی فریاگوزاری و دابینکردنی خواردن و که‌لوپه‌له لۆجیستییه‌کان بۆ شوێنه‌کانی خۆپیشاندان.» بوشرا عوبێدی وتی «بزووتنەوەی خۆپیشاندانی ژنان، بزووتنەوەیەکی دەگمەنە، لەکاتێکدا هەوڵیداوە هەموو بەربەستەکانی دواکەوتوویی و نەزانی بشکێنێت. ژنان توانیویانە دەنگیان بەرزبکەنەوەو بوونی خۆیان بسەلمێنن و شەڕ بۆ یەکسانی و دادپەروەری بکەن.» هەروەها وتی «ئەم بزووتنەوەیە دووچاری هەڵمەتی بەدو نیازخراپ بووەتەوە بەئامانجی دەرکردنی ژنان لەخۆپیشاندانەکان بەگوشارخستنە سەریان و رووشاندنی ئابڕوویان و هاندانی دەنگی ناڕازیی خەڵک لەدژیان». بوشرا عوبێدی ژنان لەبەغداو پارێزگاکانی تر بەپاسەوانیی خۆپیشاندەرە پیاوەکان رێپێوانیان کرد، کە پشتێنەیه‌کی پارێزگاری‌یان لەدەوریان دروستکردبوو. چالاکوان لەیلا بەرزنجی بەڕێوەبەری رێکخراوی جود، کەڕێکخراوێکی مرۆییە لەموسڵ، وتی «ژنان ئامادەییەکی بەهێزیان هەبوو لەتەواوی خۆپیشاندانەکانداو ئازایەتییەکی زۆریان پیشانداوە لەبەرگریرکردن لەدۆزی وڵاتەکەو داواکردنی مافی گشتیی‌دا.» وتیشی «رێپێوانه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ژنان ئەوە دەردەخات کە ژنان ناگەڕێنەوە سەر رێگەکانی رابردوو، بەهیچ شێوەیەکیش پێگە نیشتمانییەکانیان ناگۆڕدرێت لەژێر هەر گوشار‌و زۆرملێییه‌کدا... ئەوان وەک داینه‌مۆی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دەمێننەوە.» لەیلا بەرزنجی وتی «ژنانی عێراق دووچاری هەڵمەتی سوکایەتیپێکردن بوونەتەوە بەئامانجی پەراوێزخستنی رۆڵیان، که دواهەمینیان ئەو هەڵمەته بوو بۆ بەدناوکردنی کانیدە ژنەکان لەدوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا.» وتشی «بەڵام ژنان لەڕێی خۆپیشاندانەکانەوە بڕوابەخۆبوونیان و توانایان بەدەستهێناوە تابەشداربن لەبونیادنانی داهاتوویەکی نوێ‌دا بۆ وڵاتەکەیان». ئەسەد نزیک
هاوڵاتی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاری بۆ چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایی هەدەپە، بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە پێشنیارکردووەو ئەوانیش قبوڵیانکردووە. لە راگەیاندراوی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپەدا هاتووە «لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دا ٤ چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایى هەدەپە بەڕێوەدەچێت. بۆ هەڵسەنگاندنی داواى پاڵێوراوان بۆ هاوسەرۆکایەتیى و دەستە جۆراوجۆرەکانى حزبەکەمان، کۆمسیۆنەکەمان کاری هەڵسەنگاندنەکانى تەواوکرد. نوێنەرانی حزبەکەمان پێکهاتوون لەکەجەدە و هەدەپە و بەشداری کاروباری کۆمسیۆنەکەمانن و پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرە لەگەڵ زۆرێک لەلایەنەکاندا دانیشتنیان ئەنجامدا». هەروەها هاتووە «کۆمسیۆنەکەمان لەگەڵ سیاسەتمەداران لەزیندانەکاندا، نوێنەرانی گەل و بیروباوەڕە جیاجیاکان، رێکخراوە رنجدەر و زەحمەتکێشەکان، رێکخراوەکانى ژنان، پێکهاتەکانى کەجەدە و هەدەپە، رووناکبیران، نووسەران، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان کۆبوونەوەو گوێى لە رەخنە و پێشنیازەکانیان گرت». هەروەها دەڵێت «بەناوی کۆمسیۆنەکەمانەوە داوا لەهەموو گەلەکەمان دەکەین بەجۆش و حەماسەتەوە بەشداریى چوارهەمین کۆنگرەى ئاسایى حزبەکەمان بکەن». لەلایەکى ترەوە هێزە ئەمنییەکانى تورکیا رێگرییان کرد لەچوونی ئەندامانى هەدەپە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکەیاندا. لە راگەیاندراوەکەی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپەدا هاتووە «کاتێک نوێنەرانی هەدەپەو گەلی وڵاتپارێز لە وان و ئێلحەوە بەپاس بەرەو ئەنقەرە دەرۆیشتن بۆ بەشداریکردن لە چوارهەمین کۆنگرەى هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پاسەکان راگیران و پاساوەکانى وەک بڕیاری دەستگرتن بەسەر پاسەکاندا هەیە، بڕیاری دەستگیرکردنتان لەسەرەو بەو پاساوەش محەمەد حەبیت چەلەبییان دەستگیرکردو رێگرییان لێکردن بەرەو ئەنقەرە بچن». هەروەها دەڵێت «دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەى رێگری لەکارەکان کۆنگرەى هەدەپە بکەن».باوکی کچه دەستدرێژیلێکراوەکە: کچەکەم ئارامترە دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان
ئارا ئیبراهیم گفتوگۆکانى لایه‌نه سیاسییه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ راسپێردراوى حکومه‌تى نوێى عێراق ته‌واو نه‌بووه‌و بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا یه‌کلاببێته‌وه به‌تایبه‌ت کورد‌و سوننه‌کان داواکاریی جیاوازیان ئاراسته‌ى عه‌لاوى کردووه. محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى نوێى عێراق له‌شه‌وى 1ى شوباته‌وه راسپێردرا له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌و ته‌نها هه‌فته‌یه‌کى له‌به‌رده‌مدا ماوه بۆ متمانه‌دان به‌کابینه‌که‌ى، به‌ڵام به‌شێک له‌لایه‌نه‌کان ئاماده‌نین پاڵپشتى بکه‌ن. وه‌فدى کورد له‌لایه‌نه‌کانى (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ردانى به‌غدادیان کرد‌و سه‌ره‌تا له‌ماڵى محه‌مه‌د حه‌لبوسى له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌لایه‌نه سوننه‌و شیعه‌کان کۆبوونه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ عه‌لاوى سێ کاتژمێرى ته‌واو دانیشتن و گفتوگۆیان کردووه‌و عه‌لاوى به«راشکاوى» قسه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌فدى کورد کردووه. دانوستاندى کورد له‌گه‌ڵ عه‌لاوى ماویه‌تى نوێنه‌رى کۆمه‌ڵ له‌دانوستان له‌گه‌ڵ وه‌فدى کورد له‌به‌غدا ده‌ڵێت عه‌لاوى چه‌ند به‌ڵێنى به‌کورد داوه‌و سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردیش گره‌نتى ده‌وێت. سه‌لیم شوشکه‌یى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق و نوێنه‌رى حزبه‌که‌ى له‌دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «محه‌مه‌د عه‌لاوى ژماره‌ى وه‌زیره کورده‌کانى له سێ دانه‌وه بۆ کورد کردووه به‌چوار وه‌زیرو به‌ڵێنى داوه که‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نه‌بڕێت و پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بدات و هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌شاره‌کان به‌تایبه‌ت که‌رکوک دووربخاته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان». ناوبراو وتیشى «وه‌زاره‌تى دارایى و بازرگانى و داد بۆ کورد یه‌کلاکراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه‌و ئه‌و که‌سانه خۆى دایده‌نێت که‌سانى سه‌ربه‌خۆ ده‌بن و وه‌زیره‌کانى پێشووى کورد دانانێته‌وه‌و ئه‌وه‌ى پێوتین که‌هێڵى سوورى ئه‌ون، چواره‌م وه‌زاره‌تى کورد وه‌زیرى ده‌وڵه‌ته بۆ کاروبارى هه‌رێم و به‌غدا که‌کورد ده‌توانێت ئه‌وه‌یان خۆى دایبنێت». سه‌لیم شوشکه‌یى سبه‌ینێ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ متمانه‌دان به عه‌لاوى ئه‌نجام ده‌درێت به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى که له‌په‌رله‌مانتارانى کورد ده‌ستى که‌وتووه، به‌شێک له‌کاندیدى وه‌زاره‌ته‌کانى کابینه‌که‌ى عه‌لاوى ئاشکراده‌که‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى بۆ کورد یه‌کلابۆته‌وه که رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین بۆ وه‌زاره‌تى داد‌و ته‌ها شوانى وه‌زیرى دارایى و عادل که‌ریم وه‌زیرى بازرگانى یه‌کلابووەته‌وه. نوێنه‌ره‌که‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غداو گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ عه‌لاوى ده‌شڵێت عه‌لاوى باسى له‌وه‌کردووه بۆ مادده‌ى 140 لیژنه‌ى بۆ داده‌نێت، وتیشى «کورد ناڕازییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه گره‌نتى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنه‌کانى عه‌لاوى ده‌وێت، بۆیه هێشتا گفتوگۆکان ماویه‌تى و هێشتا وه‌ک کورد بڕیارنه‌دراوه ده‌نگى پێده‌ده‌ین یان نا». سه‌لیم شوشکه‌یى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه به‌هۆى نیگه‌رانییه‌کانى پێکهاته‌ى سوننه‌وه له‌عێراق سبه‌ینێ دووشه‌ممه 24ى مانگ کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ متمانه‌دان به‌کابینه‌که‌ى عه‌لاوى ئه‌نجامنادرێت. ئه‌وانه‌ى پاڵپشتى یا دژایه‌تى عه‌لاوى ده‌که‌ن په‌رله‌مانتارێکى کورد ئه‌و کوتله‌و لایه‌نانه ئاشکراده‌کات که ئاماده‌نین ده‌نگ به‌کابینه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى بده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى پاڵپشتى ده‌که‌ن. رێبوار که‌ریم مه‌حمود، په‌رله‌مانتارى کوردى سه‌ربه‌خۆ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «تائێستا کوتله‌ى پارتى له‌ناو کوردداو کوتله‌که‌ى مالکى به‌و پێیه‌ى کێشه‌یه‌کى مێژووییان له‌گه‌ڵ عه‌لاوى هه‌یه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسى له سوننه‌کان له‌گه‌ڵیدا نین و هێشتا له‌گفتوگۆدان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام». په‌رله‌مانى عێراق له (328) کورسى پێکهاتووه‌و دابه‌شبووه به‌سه‌ر شیعه‌و سوننه‌و کورده‌کاندا که‌شیعه‌کان نیوه زائید یه‌ک پێکده‌هێنن و سوننه‌کانیش نزیکه‌ى (70) کورسى و کوردیش (58) کورسى هه‌یه. رێبوار که‌ریم باسى له‌وه‌کرد ئه‌و کوتله سیاسییانه‌ى پاڵپشتى ده‌که‌ن پێکهاتوون له کوتله‌ى فه‌تح و سائیرون که (100) کورسیان له‌په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه، کابینه‌که‌ى عه‌لاوى پێویستى به‌ده‌نگى نیوه زائید یه‌ک هه‌یه واتا (167) کورسى. هه‌روه‌ها وتیشى «له‌ناو سوننه‌کان ئوسامه نوجێفى و خالید عوبێدى که (24 بۆ 25) کورسییان هه‌یه پشتگیری عه‌لاوى ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌کورد که لەگروپى (15)دا به‌شدارن و ئاماده‌ن ده‌نگ به‌عه‌لاوى بده‌ن». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، فراکسیۆنى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ئاماده‌ن متمانه به‌کابینه‌که‌ى عه‌لاوى بده‌ن، به‌ڵام چاوه‌ڕێى کۆتایى هاتنى دانوستاندنه‌کانن له‌گه‌ڵیدا که‌ئه‌وانیش خاوه‌نى (18) کورسى په‌رله‌مانن. هه‌روه‌ها عه‌لاوى به‌ڵێنى داوه دواى پێکهێنانى کابینه‌که‌ى و متمانه‌پێدان پێى، وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ کورد بۆ کاروبارى ژنان بداته کورد‌و (خانم ره‌حیم) راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق کاندیدێکى به‌هێزى ئه‌و پۆسته‌یه. سه‌رۆکایه‌تى کۆمار: عه‌لاوى به‌ئاسانى متمانه‌ى پێ‌نادرێت راوێژکارێکى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق ده‌ڵێت که‌دۆخه‌که سه‌خته‌و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى به‌ئاسانى متمانه‌ى پێ‌نادرێت. سالار مه‌حمود، راوێژکارى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» به‌گشتى سوننه‌کان رازى نین به‌کاندیده‌کانى وه‌زاره‌ته‌کان، بۆیه بیانوى به‌رنامه‌ى حکومه‌تیان هێناوه‌ته‌وه پێش که له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه ببرێته په‌رله‌مان». هه‌روه‌ها وتیشى «عه‌لاوى ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه په‌رله‌مانتاره‌کان له‌جێگایه‌کدا کۆببنه‌وه ناوى کاندیده‌کان و به‌رنامه‌ى حکومه‌تیان پێبدات، به‌ڵام محه‌مه‌د حه‌لبوسى پێى راگه‌یاندووه که‌به‌رنامه‌ى حکومه‌ت بچێته په‌رله‌مان تائاراسته‌ى لیژنه‌یه‌کى په‌رله‌مانى بکه‌ن ئنجا واده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان دیارى ده‌کات، ئه‌مه‌ش وایکردووه دۆخه‌که ئاسان نییه، ئه‌مه تێنه‌په‌ڕێت دیسان بۆشاییه‌کى دیکه‌ى حوکمڕانى دروستده‌بێت». سالار مه‌حمود باسى له‌وه‌شکرد که به‌شێک له سوننه‌و کورد «ته‌حه‌فوز»یان له‌سه‌ر کابینه‌که‌ى عه‌لاوى هه‌یه‌و هێشتا له‌گفتوگۆدان و پرسه‌که تائێستا به‌هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌و نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێککه‌وتن.
عومه‌ر فه‌تاح وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، بۆ به‌رگریکردن و خۆپاراستن له‌ڤایرۆسى کۆرۆنا، چه‌ند بڕیار‌و رێنماییه‌کى تایبه‌تیان ده‌رکردووه‌و له‌ده‌روازه سنورییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئێران و له‌ناو سه‌نته‌رى شار‌و شارۆچکه‌کانیشدا چه‌ند رێوشوێنێکى پزیشکییان گرتووه‌ته‌به‌ر. هاتنى سه‌وزه‌و میوه قه‌ده‌غه بکرێت ئه‌زمه دروست ده‌بێت به‌پێى وته‌ى لێپرسراوى گشتیی عه‌لوه‌ى سلێمانى له 90%ى سه‌وزه‌و میوه‌ى هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامی ئێرانه‌وه دابینده‌کرێت و ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانى رابگیرێت ئه‌زمه دروستده‌بێت و نرخه‌کان زۆر به‌رزده‌بنه‌وه. سه‌روه‌ر عه‌لى لێپرسراوى گشتیی عه‌لوه‌ى سلێمانى، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستان و له‌شاره‌کانی خۆمان ته‌نها بڕێکى که‌م سه‌وزه به‌رهه‌مده‌هێنرێت و هیچ میوه‌یه‌کمان نیه له‌ناوخۆدا، بۆ پرکردنه‌وه‌ى پێداویستى رۆژانه‌ى هاوڵاتیانیش زۆرینه‌ى له‌ئێرانه‌وه‌و له‌ده‌روازه‌ى سه‌یرانبه‌نه‌وه ده‌هێنرێت بۆ هه‌رێم، چونکه نرخه‌که‌ى زۆر هه‌رزانتر ده‌که‌وێت له‌چاو شوێنه‌کانی دیکه‌و کوالێتیه‌که‌شى زۆر باشه«. به‌پێى ئاماره‌کانى عه‌لوه‌ى سلێمانى، رۆژانه له‌ده‌روازه سنورییه‌کانه‌وه نزیکه‌ى چوار هه‌زار تۆن سه‌وزه‌و میوه‌ی جۆراوجۆر دێته ناو سلێمانى و دواتر دووباره دابه‌شده‌کرێته‌وه به‌سه‌ر شاره‌کانداو هه‌ندێکیشى ده‌نێردرێت بۆ شاره‌کانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق، که‌بریتین له‌ته‌ماته‌و خه‌یارو باینجان و په‌تاته‌و ئه‌وانی دیکه‌ش. سه‌روه‌ر عه‌لى، وتیشى «تائێستا هیچ رێگرییه‌ک نیه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌وزه‌و میوه نه‌هێنرێت، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌رى رێگریکردندا ماوه‌یه‌ک گرفت دروستده‌بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه بازرگانه‌کان رێگه‌و شێوازى دیکه ده‌دۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پێداویستى ناوخۆ پڕبکرێته‌وه«. هاوکات وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاوى حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان، بۆ خۆپاراستن له‌ڤایرۆسه‌که ژورێکی تایبه‌تى پێکهێناوه‌و چه‌ند بڕیارێکى ده‌رکردووه که‌بریتیه له‌قه‌ده‌غەکردنى هاورده‌کردنى زینده‌وه‌ری ئاوی و باڵنده‌و ئاژه‌ڵی جوانی، هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تی پاککردنەوەی هۆڵه‌کانی ئاژه‌ڵ و ئه‌و شوێنانه‌ی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی تیادا ده‌فرۆشرێت و ئاگادارکردنه‌وه‌ی نۆرینگه و شوێنه‌کانی که‌رتی تایبه‌ت که مامه‌ڵه به‌باڵنده‌و ئاژه‌ڵی جوانی ده‌که‌ن به پاککردنەوەی شوێنه‌کانیان. له‌ده‌روازه‌کان پشکنین بۆ گه‌شتیاران ده‌کرێت له‌سه‌رجه‌م ده‌روازه سنورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، پشکنینی پزیشکی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌شتیارانه ده‌کرێت که‌ده‌گه‌ڕێنه‌وه. لوقمان له‌تیف، ئه‌ندامی ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ده‌روازه‌ى سنورى باشماخى نزیک قه‌زاى پێنجوێن، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد له‌دوو رۆژى رابردوودا به‌بڕیارى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستى له‌سه‌رجه‌م خاڵه سنورییه‌کان رێوشوێنی ته‌ندروستی گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ خۆپاراستن و رێگری کردن له‌هاتنه ناوه‌وەی ڤایرۆسی کۆرۆنا که‌ئێستا له‌چه‌ند شارێکی ئێران ده‌رکه‌وتووه. ئه‌و به هاوڵاتى وت «بیست و چوار کاتژمێر کارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌سه‌ر سنورن و پشکنینى پزیشکی ده‌که‌ن بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى که له‌ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه، له‌فۆرمێکدا هه‌موو زانیارییه‌کی که‌سییان لێوه‌رده‌گیرێت و هیچ که‌سێک به‌بێ پشکنین و وه‌رگرتنی زانیاری رێگه‌ى پێ‌نادرێت بێته کوردستان». ئه‌ندامه‌که‌ى ژووری عه‌مەلیاتی ده‌روازه‌ی باشماخ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو دواى وه‌رگرتنی زانیارى و پشکنینه‌کان ره‌وانه‌ى به‌شى نشینگه‌و پۆلیس ده‌کرێن و دواتر له رێگه‌ى ئۆتۆمبێلی تایبه‌ته‌وه هه‌موو گه‌شتیاره‌کان ده‌گوازرێنه‌وه بۆ شارى سلێمانى و له‌وێوه چاودێرییان ده‌کرێت، لوقمان له‌تیف وتیشى «هه‌موو ئه‌و شۆفێرانه‌شى که‌بارى بازرگانى ده‌هێنن چ ئه‌وانەى ئێرانین یان عێراقى ده‌بێت به‌و رێوشوێنه پشکنینه پزیشکیانه‌دا تێپه‌ڕببن که‌دانراوه«. هه‌موو گه‌شتیارێک (14) رۆژ له‌ژێر چاودێرییدا ده‌بن به‌پێى رێنماییه‌کانی وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌موو گه‌شتیارێک که له‌کۆمارى ئیسلامی ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ماوه‌ى (14) رۆژ له‌ژێر چاودێری و پشکنیدا ده‌بن، محه‌مه‌د قادر وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد به‌دەر له‌هه‌مووو رێنماییه‌کانى تر‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ی، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌خاڵه سنورییه‌کانه‌وه هه‌موو ریگرییه‌ک گیراوه‌ته‌به‌ر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه جا هاوڵاتى هه‌رێمى کوردستان بن یان ئێرانى، ناتوانن داخڵی هه‌رێم بن تاماوه‌ى (14) رۆژ له‌ژێر چاودێریدا ده‌بن، تائێستا نزیکه‌ى (400) که‌س له‌ده‌روازه‌کانه‌وه هاتوونه‌ته‌وه‌و ئێستا له‌ژێر چاودێریدان». ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌هه‌موو خاڵه سنورییه‌کانی هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ى راپه‌ڕین و گه‌رمیانیش به‌پێى خاڵه سنورییه‌کان شوێن دابینکراوه بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى که رۆژانه له‌ئێرانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان. دکتۆر محه‌مه‌د قادر جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک کراوه‌و ئامێرى پشکنین و کۆمه‌ڵێک پێداویستى پزیشکى بۆ ناوچه سنورییه‌کان دابینکراوه، وتیشى «بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌یه‌کی فریاگوزارى دابین بکه‌ین بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که له‌لایه‌ن سه‌رۆکى حکومه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان له‌سه‌ر خه‌تین». سه‌ردانى نه‌خۆش و زیندانییه‌کان قه‌ده‌غه‌کرا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی، سه‌ردانى نه‌خۆشى له‌سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستیه‌کان و زیندانى چاکسازى گه‌وران بۆ ماوه‌یه‌کى نادیار قه‌ده‌غه‌کردووه. یاد نه‌قشبه‌ندى وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى، به هاوڵاتى وت «هیچ حاڵه‌تێکی نه‌خۆشی کۆرۆنا له‌سنوری پارێزگای سلێمانى تۆمارنه‌کراوه‌و هه‌موو ئه‌و رێوشوێن و کارانه‌ى گیراونه‌ته‌به‌ر ته‌نها بۆ رێگرییه له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌و خۆپارێزییه«. وته‌بێژه‌که‌ى ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد له‌پێناو سه‌لامه‌تی گیانی هاوڵاتیان سه‌ردانی نه‌خۆش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کراوه تاکاتێکی نادیار، وتیشى «داواش له‌هه‌موو هاوڵاتیان ده‌که‌ین پابه‌ندبن به‌و رێنماییه‌وه‌وو هاوکارمان بن». هاوکات به‌فه‌رمانی وه‌زیری کار‌و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی حکومه‌تى هه‌رێم، سه‌ردانیکردنی سزادراوانی به‌ندیخانه‌ی چاکسازیی گه‌وران له‌لایه‌ن که‌سوکاریانه‌وه له رۆژی هه‌ینییه‌وه راگیراوه، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی سزادراوان و که‌سوکاریان و دووربوون له‌مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئارا ئیبراهیم حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له رێگه‌ى پێنج وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیداره‌وه شه‌ش ژوورى عه‌مەلیات پێکده‌هێنێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له‌وڵاتى ئێران چه‌ند حاڵه‌تێک تۆمار کراوه. دوێنێ شه‌ممه 22ى شوباتى 2020 به‌سه‌رۆکایه‌تى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌کانى (ته‌ندروستى، کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو، گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن، دارایى) شه‌ش ژوورى عه‌مه‌لیات پێکهێندراوه. سه‌ڵاح جه‌وهه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و به‌شداربووى کۆبوونه‌وه‌که له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌و پێنج وه‌زاره‌ته هه‌ریه‌که‌و لاى خۆیه‌وه ژوورێکى عه‌مه‌لیاتى پێکهێناوه‌و ئه‌رکه‌کانیان دیارى کراوه«. هه‌روه‌ها وتیشى «ژوورێکى دیکه‌ى عه‌مه‌لیات به‌هاوبه‌شى له‌نێوان ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌دا پێکهێندراوه«. ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد وه‌کو وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ئه‌وانه‌وه بێت رێنماییه‌کان جێبه‌جێ ده‌که‌ن و پاسى تایبه‌ت دابینده‌که‌ن بۆ هه‌ر حاڵه‌تێکى نه‌خوازراو که رووبدات، وتیشى «ئێمه رێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى جێبه‌جێ ده‌که‌ین». هه‌ر دوێنێ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند که‌ئه‌وه‌ى پێویسته بۆ رێگریکردن له‌گه‌یشتنى ئه‌و ڤایرۆسه به‌هه‌رێمى کوردستان، «ئه‌وه‌ى له‌تواناى ئێمه‌دا بێت جێبه‌جێى ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ى دیکه‌ش داواى هاوکارییمان کردووه هه‌م له‌حکومه‌تى فیدراڵ، هه‌میش له‌ئۆرگانه‌کانى UN به‌تایبه‌تى رێکخراوى WHO له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه رۆژانه، ته‌نانه‌ت هه‌موو کاتژمێرێک ئاگایان له‌ورده‌کارییه‌کانى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه له‌باره‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئه‌وه‌ى له‌ده‌وروبه‌رى ئێمه ده‌گوزه‌رێت». به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌وڵاتى ئێران که (28) حاڵه‌ت به‌فه‌رمى تۆمارکراوه پێنج که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، حکومه‌تى هه‌رێم له‌فرۆکه‌خانه‌کان و خاڵه سنورییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران رێوشێوینى توندى گرتۆته‌به‌رو سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌شتیارانه که‌ده‌گه‌ڕێنه‌وه (14) رۆژ له‌ژێر چاودێریى پزیشکیدا ده‌بن.
ئارا ئیبراهیم فراکسیۆنى پارتى که‌حزبه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت و هه‌رێمى کوردستانى به‌ده‌سته‌وه‌یه داتایه‌کى نوێ له‌سه‌ر داهاته‌کانى هه‌رێم ئاشکراده‌کات که‌ده‌گاته ترلیۆنێک و (652) ملیار دینار به‌پاره‌که‌ى به‌غداوه. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سێ که‌ناڵى جیاوازه‌وه پاره بۆ خەرجیەکان دابیندەکات که‌بریتین له‌پارەکەی بەغداو داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ. داهاتى مانگانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ترلیۆنێک و (652) ملیار دیناره به‌پاره‌که‌ى به‌غداوه پارەکەی بەغدا بڕەکەی (452) ملیار دینارى مانگانه‌یە که له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت له 2019 تائێستا به‌رده‌وامه. هه‌روه‌ها داهاتى نه‌وتى هه‌رێم مانگانه نزیکه‌ى (900) ملیار دینارە، لەگەڵ (300) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ. بەرهەمی نەوتی رۆژانه‌ی هەرێم زیاتر له (500) هه‌زار به‌رمیلە، بڕى هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە (460) هه‌زار به‌رمیلى له‌ڕێگه‌ى بۆرى ده‌گاته به‌نده‌رى جه‌یهان و بەشەکەی تریشی بەڕێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت یان لە رێگەی تانکەرەوە هەناردە دەکرێت. بودجه‌ى گشتیی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2013 گەیشتە (15) ترلیۆن و (257) ملیار و (849) ملیۆن دینار، بەڵام داهاتی ئەمساڵی حکومەتی هەرێم ئەگەر بۆ هەر (12) مانگەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بودجەی سەردەمی پێش قەیران تێدەپەڕێنێت. به‌پێى لێدوانى فه‌رمى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان لەسەر داهاتی ئەمساڵ، بودجە لەماوەی یەک ساڵدا ده‌گاته (19) ترلیۆن و (824) ملیار دینارى ساڵانه‌و به‌وپێیه بێت به‌راورد به‌ساڵى 2013 چوار ترلیۆن و (500) ملیار دینارى زیاتره له 2020. پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «نه‌وتى هه‌رێم مانگانه نزیکه‌ى (750) ملیۆن دۆلار داهاتى هه‌یه که به‌دینار ده‌کاته (900) ملیار دینارى مانگانه، سه‌رۆکى حکومه‌ت ئاگادارى ورد‌و درشتى داهات و خه‌رجییه‌کانى حکومه‌ته«. هه‌روه‌ها وتیشى «له‌م شه‌ش مانگه‌دا حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى ناوخۆى له (150) ملیار دینار گه‌یاندۆته (300) ملیار دینار ئه‌ویش به‌ڕێگه‌ى رێکخستنه‌وه‌ى گومرگه‌کان و باجى کۆمپانیا گه‌وره‌کان». پێشه‌وا هه‌ورامى باسى له‌وه‌شکرد بێجگه له‌و دوو داهاته، له‌به‌غداوه مانگانه (452) ملیار دینار بۆ موچه ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێت. به‌کۆى گشتى داهاتى نه‌وتى مانگانه‌و داهاته‌کانى ناوخۆ‌و ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌به‌غدادوه دێت که‌کۆى (900 ملیارى داهاتى نه‌وت، 300 ملیار داهاتى ناوخۆ، 452 ملیار دینار پاره‌ى به‌غدا) ده‌کاته ترلیۆنێک و (652) ملیار دینارى مانگانه. به‌رهه‌مى نه‌وتى هه‌رێم زیاتره له 500هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مانگانه (881) ملیار دینار ده‌داته موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى پێشه‌وا هه‌ورامى مانگانه (757) ملیۆن دۆلار که به‌دینار ده‌کاته 900 ملیار دینار بۆ موچه ته‌رخان ده‌کرێت به‌سێ به‌ش، له‌به‌غدا (452) ملیار دینار که‌ده‌کاته (380) ملیۆن دۆلار‌و زائیده‌ن له‌داهاتى نه‌وت (٢٩٥) ملیۆن دۆلار‌و له‌داهاتى ناوخۆ (82) ملیۆن دۆلار دابین ده‌کرێت. ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان ده‌ڵێت ئه‌و داهاتانه‌ى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى باسى کردووه«زۆر له‌وه زیاتره«. شێرکۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌و داتا‌و ئامارانه زۆر له‌وه زیاتره، به‌ڵام پڕۆسه‌یه‌ک هه‌یه ده‌بێت دڵنیامان بکاته‌وه که‌دیوانى چاودێرى دارایى و راپۆرته‌کانى کۆمپانیاى دیلۆیته له‌سه‌ر داهاته‌کانى نه‌وت». ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه قه‌رز ده‌داته‌وه وه‌ک خۆیان ده‌یخه‌نه‌ڕوو،» نه ده‌زانین قه‌رزه‌کان هى کێیه‌و چۆن کراوه‌و له‌چیدا خه‌رج کراوه، ئه‌ى ئه‌مه هه‌ر ته‌واو نه‌بووه ئه‌م قه‌رزانه، بۆیه گومانى ته‌واومان لێى هه‌یه«. شێرکۆ جه‌وده‌ت جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که‌حکومه‌تى هه‌رێم بێجگه له‌داهاتى نه‌وت، داهاتى غازى هه‌یه به‌وپێیه‌ى رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى دانه‌غاز هه‌یه‌و پێکه‌وه به‌شه‌راکه‌ت (هاوبه‌ش)ى غاز به‌رهه‌مده‌هێندرێت و داهات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان. هه‌رچه‌نده پاش مانگێک له‌ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بڕیاریدا که‌سه‌رجه‌م داهاته نه‌وتى و نانه‌وتییه‌کان بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه جێبه‌جێ نه‌کراوه‌و 2/3ى داهاتى نه‌وت ناگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى. په‌رله‌مانتارێکى گۆڕان که‌بزوتنه‌وه‌که‌ى له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم به‌شداره‌و وه‌زاره‌تى داراییان له‌لایه ده‌ڵێت «داهاتى نه‌وت به‌شێکى لاى وه‌زیرى دارایى و ئه‌وى دیکه‌ى ناشه‌فافه‌و پێویسته چاکسازیش له‌داهاته‌کان ئه‌نجامبدرێت». به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌لیژنه‌ى دارایى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌و نه‌وته‌ى که‌ده‌فرۆشرێت و ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاوى په‌رله‌مانه به‌شێک له‌و پاره‌یه که‌ده‌چێته وه‌زاره‌تى دارایى مانگانه (295) ملیۆن دۆلاره، ئه‌وى دیکه‌ى لاى ئێمه ناشه‌فافه‌و گومانى له‌سه‌ره‌و داوامان له‌وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان کردووه وه‌فدێکى ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ نه‌وت و گاز بێنه په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى روونکردنه‌وه‌مان پێبدرێت». پشووى زستانه‌ى په‌رله‌مان ته‌نها هه‌فته‌یه‌کى ماوه‌و دواى 1ى ئازار کۆتایى پێدێت و دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌کاته‌وه. به‌ڵێن ئیسماعیل وتى «گرێبه‌ستى کۆمپانیاى دیلۆیت نوێ ده‌کرێته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه نزیک هه‌شت مانگه راپۆرتیان له‌سه‌ر داهاته‌کانى نه‌وتى هه‌رێم بڵاونه‌کردووەته‌وه«، به‌ڵام بڕیاره راپۆرتێک بۆ هه‌شت مانگ بڵاوبکه‌نه‌وه‌و بیخه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مانى کوردستان و راى گشتى. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که «یه‌کێک له‌ئامانجه‌کانى گۆڕان له‌به‌شدارى کردنى حکومه‌تى هه‌رێم چاکسازیکردن بووه له‌داهاته‌کاندا که‌مه‌سه‌له‌یه‌کى گرنگ و چاره‌نووسسازه«. به‌ڵێن ئیسماعیل پێشیوابوو ئه‌گه‌ر چاکسازى له‌داهاته‌کاندا نه‌کرێت، چاکسازى کردن له‌خه‌رجییه‌کاندا ناتوانێت ئامانجى ته‌واوى خۆى بپێکێت» ئێمه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ تیمى وزارى گۆڕان هه‌یه که‌وه‌زیرى دارایى لاى گۆڕانه‌و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌ت هه‌ندێک کاریان کردووه بۆ چاکسازى که‌داهاته‌کانى ناوخۆ زیادى کردووه، به‌ڵام هێشتا هه‌موو داهاته‌کانى نه‌وت ناچێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى که‌ئه‌وه داواى هه‌موو په‌رله‌مانتارانه« که‌داهاته نه‌وتى و نانه‌وتییه‌کان هه‌مووى بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى. «تامانگێک پێش ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌م مانگانه (350) ملێون دۆلار له‌داهاتى نه‌وت راده‌ستى حکومه‌ت کراوه‌و (400) ملیۆن دۆلار بۆ قه‌رزى کۆمپانیاکانى نه‌وت و ده‌رهێنانى نه‌وت و گواستنه‌وه‌ى بووه«، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى وا ده‌ڵێت. پێشه‌وا هه‌ورامى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که‌حکومه‌تى هه‌رێم تووشى کورتهێنانى پاره بووه« حکومه‌ت کورتهێنانى پاره‌ى هه‌یه مانگانه، هه‌وڵیش دراوه مانگانه به‌شێک له‌خه‌رجیى پرۆژه‌کان بدات بۆ دروستکردنى جوڵه‌ى خزمه‌تگوزارى ته‌واوکردنى پرۆژه‌کان
راپۆرتی: رۆیتەرز وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا چاوەڕوان دەکرێت دەمارگیرەکان (ئەوانەی پێداگرن لەسەر پشتگیری‌یان بۆ خامنەیی) کۆنترۆڵی زیاتری ئێران بکەن لەهەڵبژارادنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانیدا کە لەبەرژەوەندی ئەواندا رێکخراوە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردایەتی وڵاتەکە یەکگرتووە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی قووڵ لەگەڵ ئەمریکا. بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە لەهەڵبژاردەنەکاندا لەلایەن سیاسییە ئەمنییە توندەکانەوە پشتڕاستی لەناوچوونی سیاسەتمەدارە پراگماتیکییەکانە، کە بەهۆی بڕیاری دەرچوونی واشنتن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥و سەپاندنەوەی سزاکان لاوازبوون. کورسی زیاتری پەرلەمانی بۆ دەمارگیرەکان لەهەڵبژاردنەکانی ٢١ی شوباتدا رەنگە دەستکەوتێکی تریشی هەبێت بۆیان - سەربەخۆیی زیاتر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢١، پۆستێک کەبریتییە لەکۆنترۆڵی رۆژانەی کارەکانی حکومەت. دەسەڵاتێکی ئاوا فراوان سەردەمێک دەهێنێتە کایەوە، کەتێیدا سوپای پاسداران لەکاروبارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکاندا دەسەڵاتێکی باڵاتر‌و گەورەتری هەبێت. هاوپەیمانەکانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، زامنی ئەوەیان کردووە کەدەمارگیرەکان دەستبگرن بەسەر مەیدانەکەدا، کەئەمەش وەلانانی میانڕەوو پارێزگارەکانە لەگەڵ سنوردانان بۆ دەنگدەران کەتەنها بژاردەیان لەنێوان کاندیدە توندڕەوەکان و ئەو پارێزگارە میانڕەواندە هەیە کەدڵسۆزی خامنەیین. «دەقاودەق، ئەمە چیتر پێشبڕکێیەک نییە. توندڕەوەکان سەرۆکایەتییان دەوێت. ئەمە کۆتایی میناڕەوێتییە بۆ لانی کەم دەیەیەک ئەگەر زیاتر نەخایەنێت»، بەرپرسێکی ئێرانی وای وت بەمەبەرجی ناونەهێنانی. پارێزگارەکانیش پشتگیری چینی ئایینی دەسەڵاتدار دەکەن، هەروەک دەمارگیرەکان، بەڵام ئەمان زیاتر دەیانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ رۆژئاوا هەبێت. لەبەرئەوەی رووبەڕووی بژاردەیەکی کەمکراونەتەوە، زۆربەی دەنگدەران پێدەچێت تەرکیز بخەنەسەر کێشە سادەکانی رۆژانە، بەوپێیەی ئابوری وڵاتەکەیان زیانێکی زۆری پێگەیشتووە بەهۆی سیاسەتی «فشاری باڵا»ی دۆناڵد ترەمپەوە. لەگەڵ ئەوەی ئێران تووشی مەترسی پەراوێزخستن و هەڕەشەی ململانێ بووەتەوە لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەچەکی ئەتۆمی، هەروەها ناڕەزایەتی پەرەسەندوو لەناوخۆی وڵاتیشدا، رێژەی بەشداریکردن وەک ریفراندۆمیک دەبینرێت لەسەر سیستەمی حکومڕانی وڵاتەکە. دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران زۆربەی ئێرانییەکان تووڕەن لەمامەڵەکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە بەخێرایی ئاراستەی سیاسی وەرگرت بەوپێیەی خۆپیشاندەران داوای «گۆڕینی رژێم»یان دەکرد، ئەمەش سەریکێشا بۆ خوێناوی‌ترین پشێوی لەمێژووی کۆماری ئیسلامی‌دا. بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەسەرپەرشتی سوپای پاسداران کوشتنی سەدەهاو دەستگیرکردنی هەزارەها خۆپیشاندەری لێکەوتەوە. رای گشتی تووڕەشە لەخستنە خوارەوە بێ مەبەستەکەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەمانگی کانوونی دووەمدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی (١٧٦) سەرنشینی ناو فڕۆکەکە، کە زۆربەیان ئێرانی بوون. دوای چەند رۆژێک لەنکۆڵیکردن، تاران دانی بەوەدانا کەسوپای پاسداران بەرپرسیارە. بەڵام کاندیدە دڵسۆزەکانی خامنەیی لەلایەن پشتیوانانی سەرسەختی رژێمەوە پشتگیری‌یان لێدەکرێت، ئەو پشتیوانانی لەهەموو بوارێکی ژیاندا بەکۆماری ئیسلامییەوە پابەندن، بەپێی وتەی بەرپرسان. «پشتیوانەکانیان بڕوایان بەڕژێم هەیەو دەنگ دەدەن، چونکە دەنگدان وەک ئەرکێکی ئایینی سەیردەکەن»، بەرپرسە حکومییەکە وای وت. بەپێی وتەی چەند بەرپرسێک، هەندێک لەدەسەڵاتداران پێشبینی لەسەدا ٦٠%ی رێژەی بەشداریکردنیان کردووە لەهەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمان، ئەمەش بەبەراورد بە لەسەدا ٦٢% و لەسەدا ٦٦%ی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٢. نزیکەی (٥٨) ملیۆن ئێرانی مافی دەنگدانیان هەیە لەکۆی گشتی (٨٣) ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکە. حەوت هەزار و (١٤٨) کاندید پێشبڕکێ دەکەن بۆ (٢٩٠) کورسی پەرلەمان لە (٣١) پارێزگای وڵاتەکەدا. بەتێکڕا هەر کاندیدێک پێویستی بە (١٩٠) هەزار دەنگ هەیە تادەربچێت، بەڵام ئەمە دەگۆڕێت بەپێی گەورەو بچووکی هەر پارێزگایەک. بەهۆی ئەوەی گەورەترین شارە، تاران (٣٥) پەرلەمانتار هەڵدەبژێرێت و دوای ئەویش ئەسفەهان و رۆژئاوای ئازربایجانە بەهەڵبژاردنی (١٩) پەرلەمانتار. لەئێراندا (٨٢) پارتی نیشتمانی و (٣٤) پارتی پارێزگاری هەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەندامێتی رووتی پارتێکی دیاریکراوی تێدا نییە یان سەکۆی وردی پارتێکی دیاریکراو بوونی نییە، بۆیە سیاسەت لەهێڵی فراکسیۆنیدا بەڕێوەدەچێت و پارتەکان لیستی هاوپەیمانی پێکدەهێنن. «ئێران تەنها تاران یان شارە گەورەکانی تر نییە، کەدەنگدەران لەڕووی سیاسییەوە هانبدرێن. لەشارە بچووکەکان، شارۆچکەکان و ناوچە گوندنشینەکانیش خەڵک دەنگ دەدەن»، بەرپرسێکی دەمارگیر وای وت. لەبەرئەوەی هیچ راپرسییەکی سەربەخۆو باوەڕپێکراو نییە لەئێراندا، سەختە کە بزانرێت هەڵبژاردنەکان چ ئاراستەیەک وەردەگرن سەرەڕای ئەوەی تا چەندێک خامنەیی و سوپای پاسداران هەژموونی خۆیان زیاتر دەکەن لەهەڵبژاردنەکاندا بۆ توندوتۆڵکردنی مشتی خۆیان بەسەر دەسەڵاتەوە. دیارترین ئەو لیستە هاوپەیمانانەی کە چاوەڕێی بردنەوەی زۆرترین دەنگیان لی دەکرێت هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی، پرەنسیپییەکان، بەرەی سەقامگیری شۆرشی ئیسلامی، هەروەها جێبەجێکارانی بنیادنانی ئێرانن. بەڵام دەنگدەرانی پاڵپشتی چاکسازی نیگەرانن بەپشێوی نێو پارتەکانیان و شکستی حەسەن رۆحانی سەرۆکی پراگماتیکی لەسەر پابەندنەبوونی بە بەڵێنەکانی بۆ کەمکردنەوەی سنوردارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. «زۆربەی ئەو ئێرانیانەی (دەنگیاندا بە رۆحانی) هیوایان لەدەستداوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، چیتر متمانە بەبزوتنەوەی چاکسازیی ناکەن، ئەوان تەنها گۆڕان و گۆڕانکارییان دەوێت»، بەرپرسێکی پێشووی چاکسازیخواز وای وت. پەرلەمانێکی پڕ لەدەمارگیر رەنگە فشارەکانی زیادبکات لەسەر رۆحانی، کە ئەندازیاری رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥یە و لەلایەن هاوپەیمانە دەستڕۆیشتووەکانی خامنەییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە لەسەر ئەداکردنی لەدەسەڵاتدا. رۆحانی لەوتارێکدا لە ١١ی شوبات وتی، «لێتان دەپاڕێمەوە خۆتان بەدەسەتەوە مەدەن... داواتان لێدەکەم پشت لەسندوقەکانی هەڵبژاردن مەکەن». چەند بەرپرسێکی حکومی و شیکەرەوەی سیاسی، لیستی کاندیدە دەمارگیرەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، کە راستەوخۆ بۆ خامنەیی دەگەڕێتەوە، لەگەڵ میلیشیای نزیکیان لە بەسیج. جگە لە لایەنە فراوانەکەی لەبواری ئابورییدا، سوپای پاسداران لەم دەیەی دواییدا لەڕووی دەسەڵاتی سیاسییەوە زیاتر گەشەی کردووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی سیاسەتمەدارەکانی لەدەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا. محەممەد باقر قالیباف فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران - کە بەپێی بروسکەیەکی دزەپێکراوی دیبلۆماسی ئەمریکا لە ٢٠٠٨ سوودی گەورەی بینیوە لەپشتگیری بەهێزی کوڕەکەی خامنەیی، موجتەبا - لە یەکەمەکانی لیستەکانی پارتە دەمارگیرەکاندایە لەتاران. هاوسەنگی هێز «ئێمە لەهەرکوێیەک شۆڕش و ئیمامەکەمان (خامنەیی) پێویستی پێمان بێت خزمەت دەکەین»، بەرپرسێکی پێشووی سوپای پاسداران وای وت کە لەحکومەتەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووی وڵات خزمەتی کردووە. دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد لە ٢٠٠٩دا خۆپیشاندانی چەند مانگەی لێکەوتەوە لەسەر ساختەکاری هەڵبژاردن. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کاریگەرییان هەبووە لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەو چەکی ناو‌کی، کە لەلایەن خامنەییەوە دادەڕێژرێن، هەروەها پارتە گەورە چاکسازیخوازەکان لە ٢٠٠٩ەوە یان کارەکانیان قەدەغەکراوە یان لەناوبراون. بەڵام هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری نیشانداوە لەهاوسەنگی دەسەڵاتدا لەنیوان سیستەمی دوانەی ئایینی و کۆماری. بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لەکاندید لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٠٤ چاکسازیخوازەکانی بۆ ماوەی چەند ساڵیک وەلانا، ئەمەش بووەهۆی دەستپێکی سەردەمی ئەحمەدی نەژادنی دەمارگیر لە ٢٠٠٥دا. لەساڵی ٢٠١٦دا دەنگدەران مەیلی خۆیاندایە پاڵ، ئەمەش ئاماژە بووە بۆ ئەوەی زۆربەی گەلی ئێران دیموکراسی کراوەو ئازادی فراوانتریان دەوێت. ئەمجارە کەیازدەهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت لەکاتی دروستبوونی کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٩٧٩، ئەنجومەنی سەرپەرشتی کەدەزگایەکی وردی پشکنین و لێکۆڵینەوەیە، شەش هەزار و (٨٥٠) هیواخوازی بێبەشکرد لەپێشبڕکێ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەکۆی (١٤) هەزار کاندید کەپێکهاتبوون لەکەسانی میانڕەوو پارێزگار. نزیکەی یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانی ئێستاش خۆکاندیدکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە. سەرەتا کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی سەر بەحکومەتەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراو دواتر ئەنجومەنی سەرپەرشتی، کەپێکهاتووە لەکۆمەڵێک زانای ئایینی و پارێزگار‌و دادوەر، کاریان ئەوەیە لێکۆڵینەوە لەمیانڕەوەکان بکەن لەسەر پابەندبوونیان بەئیسلامەوە و باوەڕیان بەویلایەتی فیقه و کۆماری ئیسلامی. «ئێمە ئەرکی سەرشانمان ئەنجامدا، ئێستاش نۆرەی (دەنگدەران) ئێوەیە»، ئایەتوڵا ئەحمەد جەنەتی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرپەرشتی وای وت. کۆمەڵێک سیاسەتمەدار، بە رۆحانیشەوە بەتووندی رەخنەیان لەبڕیارەکەی ئەنجومەن گرت لەسەر رەتکردنەوەی لەسەدا ٥٠%ی هیواخوازەکان، بەڵام ئەنجومەنەکە هەموو لایەنگرییەکی رەتکردەوە. خامنەیی، کەکۆتا قسە هی ئەوە لەسیستەمی ئاڵۆزی حوکمڕانی وڵاتەکەدا، پشتگیری لەدەزگاکە کرد‌و وتی پەرلەمان هیچ جێگایەکی نییە بۆ «ئەوانەی دەترسن لەدەربڕینی رای خۆیان دژی دوژمنانی دەرەکی»
عومه‌ر فه‌تاح حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورای ئێران (پەرلەمان) رادەگەیەنن بەهۆی ئەوەی بە «شانۆ»ی دەزانن و دەڵێن کاندیده‌کان ئێستا دیاریکراون و زۆرینەشیان باکگراوندی سه‌بازییان هه‌یه. بڕیاره رۆژى هه‌ینى داهاتوو 21ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی خولی یازده‌یه‌می په‌رله‌مانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت، له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران زیاتر له‌حه‌وت هه‌زار که‌س خۆیان کاندیدکردووه‌و له‌ناو (208) بازنه‌ی ده‌نگداندا کێبڕکێ ده‌که‌ن بۆ (290) کورسی په‌رله‌مان. کۆی گشتی کورسیه‌کانی شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (29) کورسییه، پارێزگای کرماشان خاوه‌نی هه‌شت کورسی په‌رله‌مانیه‌و کراوه‌ته شه‌ش بازنه‌ی ده‌نگدان و (94) کاندید قبوڵکراون. پارێزگای سنه‌ش کراوه‌ته پێنج بازنه‌ی ده‌نگدان و شه‌ش کورسی له‌په‌رله‌مانی ئێران هه‌یه‌و (90) که‌س وه‌ک کاندید رێگه‌یان پێدراوه‌و به‌شداری کێبڕکێکه ده‌که‌ن. پارێزگای ورمێ‌ش خاوه‌نی (12) کورسی په‌رله‌مانیه‌و دابه‌شکراوه به‌سه‌ر نۆ بازنه‌دا 123 کەس کاندیدن، هه‌رچى پارێزگای ئیلامیشه خاوه‌نى سێ کورسیه‌و کراوه‌ته دووبازنه‌و (36) کاندید به‌شدارن. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وتی «هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران هیچ مانایه‌کیان نیه، چونکه وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت زیاتر له‌شانۆیه‌کی ئاماده‌کراو ده‌چن». هەروەها وتی «هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و که‌سانه‌ی که‌خۆیان ده‌پاڵێون ده‌بێ به‌فلته‌رى مه‌جلیسی نیگابانیدا بچن و کێبڕکێ ناهێڵێت، بۆیه هه‌موو پارته ئۆپۆزسیۆنه کوردییه‌کان و عه‌ره‌به‌کان و تورکه‌کان به‌گشتی بایکۆتیانکردووه«. ئه‌ندامه‌که‌ی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکرات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زۆربه‌ى نوێنه‌ره‌کانی په‌رله‌مانی داهاتوو دیاریکراون له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستاوه. وتیشى «ئه‌مه ته‌نیا سیناریۆیه‌که بۆ ئه‌وه‌ی به‌دنیای ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵێن دیموکراتی هه‌یه‌و هه‌موو که‌س ده‌توانێ ده‌نگ بدات و به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بکات». به‌پێی دوایین ئاماری راگه‌یه‌ندراو (55) ملیۆن که‌س له‌ئێران مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر کورسیه‌ک په‌رله‌مانیش پێویستی به (190) هه‌زار ده‌نگه له‌هه‌ر بازنه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا. حزبه سه‌ره‌کییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌چه‌ند ساڵێکه ناوه‌ندی هاوکاری هاوبه‌شیان پێکهێناوه تایبەت بەبڕیارە چارەنووسسازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا به‌کۆی ده‌نگ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی په‌رله‌مانیان بایکۆتکردووه‌و داوایان له‌هاوڵاتیان کردووه که نه‌چنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان. گرنگترینی ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌وایکردوه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن بریتین له‌قه‌یرانی ئابورى و بێکاریی و له‌سێداره‌دان و زیندانیکردنی رۆڵه‌کانیان به‌هۆی چالاکیی سیاسی و مه‌ده‌نییه‌وه، کوشتنی کۆڵبه‌ران، جێبه‌جێنه‌کردنی مادده‌کانی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر خوێندن به‌زمانی دایکی. ئه‌رده‌ڵانی فه‌ره‌جی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانی کوردستان و به‌رپرسی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌و حزبه، هاوڕایه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌که‌ی حزبه‌که‌ی دیموکرات و پێی وایه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران روکارو رووکه‌شه‌و هیچ ناگۆڕێ. وتیشى «چونکه هه‌ڵبژاردنه‌که له‌که‌شێکی ئازاد‌و دیموکراسیدا به‌ڕێوه‌ناچێت و هیچ زه‌مینه‌سازییه‌ک و کێبڕکێیه‌کى تێدا نیه‌و له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ ئازادی ئه‌حزاب هه‌بێ و هاوڵاتی مافى هه‌ڵبژاردنی لایه‌نێکی هه‌بێ به‌ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه، که‌ئه‌مه له‌ئێران په‌یڕه‌و ناکرێت و له‌بنه‌ڕەتدا له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژاردن ناته‌بایه«. به‌رپرسه‌که‌ی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان پێشى وایه ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ریفۆرمخوازه‌کانه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌ر دروستکراوی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی و هیچ جیاوازییه‌کی نیه‌و ده‌بێ له‌نێوان خراپ و خراپتریندا یه‌کێکیان هه‌ڵببژێریت. وتیشى «بایکۆته‌که‌ی ئێمه‌ش هه‌ر له‌خۆوه نه‌بووه، به‌ڵکو چه‌ند مانگێک هه‌ڵسه‌نگانمان کردووه بۆ کۆی لایه‌نه باش و خراپه‌کانی ئه‌وکات بڕیاره‌که‌مان داوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش شتێکی ئه‌وتۆ ناگۆڕێت ئه‌مه زیاتر له‌هه‌ڵوێستێک ده‌چێت که ده‌رمانبڕیوه به‌رانبه‌ر به‌و پرۆسه‌یه«. رۆژی پێنجشه‌ممه 13ى ئه‌م مانگه هه‌زاران کاندید ده‌ستیان به‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد‌و بڕیاره تابه‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌رده‌وامبن له‌بانگه‌شه‌ی خۆیان، ئه‌مه له‌کاتێکدایه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی رێگرییان له‌هه‌زاران کاندیدکردووه له‌به‌شداریکردنیان که‌زۆربه‌یان کاندیدانی ریفۆرمخوازان و میانڕه‌وه‌کانن، هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی ئێران هاوکاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن له‌ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی رۆڵ و کاریگه‌ریی کاندیده کورده‌کان له‌په‌رله‌مانی ئێرانه‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌خوله‌کانی رابردوو و داهاتووشدا هیچ ده‌ورێکیان نابێ، ئه‌وانه‌ی کاندیدن ده‌بێ بڕوای ته‌واویان به‌سیسته‌می ئێستای رژێمی ئێران هه‌بێ. وتیشى «به‌فلته‌رى سوپای پاسداران و ده‌زگای ئیتڵاعاتدا رۆشتبن و ئۆکه‌ییان له‌سه‌رکرابێ، بۆیه ئه‌وانه نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى کورد‌و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نین و له‌ڕابردووش سه‌لماندوویانه هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نیه له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان». به‌پێی یاسا کارپێکراوه‌کانی ئێران، پێویسته هه‌ر کاندیدێک یه‌ک له‌سه‌ر چواری ده‌نگه‌کانی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌که‌ی به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌گه‌ریش هیچ یه‌کێک له‌کاندیده‌کان له‌بازنه‌ی خۆیدا ئه‌و رێژه‌یه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌وا گه‌ڕی دووهه‌می ده‌نگدانی بۆ ده‌کرێت، له‌کۆی (290) کورسیه‌که‌ی په‌رله‌مانیش ته‌نها پێنج کورسیی دیاریکراوه بۆ پێکهاته‌ی زه‌رده‌شتییه‌کان و جووه‌کان و ئاشوری و کلدانی و ئه‌رمینیه‌کان. ئه‌رده‌ڵان فه‌ره‌جی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که به‌پێی ئامارێک لای ئه‌وان تۆمارکراوه نزیکه‌ی هەزارو (500) کاندیدی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه که‌سانێکن له‌سیلکی سه‌ربازیى و سه‌ر به‌سوپای پاسدارانن. وتیشى «سه‌د له‌سه‌د په‌رله‌مانی داهاتووى ئێران زیاتر له‌مه‌جلیسێکی عه‌سکه‌رى ده‌چێت، چونکه زۆرینه‌ی کاندیده‌کان باکگراوندی نیزامی و سه‌بازییان هه‌یه‌و هه‌موو ئاماژه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کان بۆ ئه‌وه‌ده‌چن که‌سه‌رۆکی په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆککۆماری داهاتووش که‌سی سه‌ربازیی بن». ئه‌و به‌رپرسه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات، کاندیده کورده‌کانی په‌رله‌مان له‌ڕابردوودا هیچ ده‌ورێکیان نه‌بووه‌و وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت له‌ڕاستیدا ئه‌وانه نوێنه‌رى ئێرانن له‌شاره‌کان بۆ نموونه سه‌قزو بۆکان و مهابات و مه‌ریوان، نه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و شارانه بن له‌په‌رله‌مان. وتیشى «به‌ندێکی یاسایی ده‌ڵێت خوێندن به‌زمانی دایکی پێکهاته‌کان رێگه‌پێدراوه له‌قوتابخانه‌کان، به‌س کوا له‌کوێ ئه‌مه په‌یڕه‌و ده‌کرێ، ئه‌و ئه‌ندامه کوردانه چی‌یان کردووه بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و ماده‌یه، ناوچه کوردییه‌کان هه‌میشه که‌مترین بودجه‌یان بۆ دیاریده‌کرێ، به‌س ئه‌م په‌رله‌مانتارانه چ شه‌ڕێکیان کردووه بۆ زیادکردنى ئه‌و بودجه‌یه«. فوئاد خاکی به‌یگی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕى حزبی دیموکراتی کوردستان، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ڵبژاردنه‌کان هیچ گۆڕانگارییه‌ک دروستناکات. ئه‌و وتی «نه گۆڕینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان، نه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆک کۆماریش هیچ له‌سیسته‌می سیاسی ئێران ناگۆڕێ، چونکه ئه‌وان ته‌نها ده‌موچاوه‌کان ده‌گۆڕن و ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌شوێنێکی دیکه‌یه، که‌ئه‌ویش رابه‌رو سوپای پاسداران و سوپای قودسن که رۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بینن». جگه له‌پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات، هه‌ریه‌که له‌پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک و کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان-کۆدار، به به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبەش بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان راگه‌یاندووه. لە راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووە «وه‌ک کۆدار ـ پژاک ته‌نیا هه‌ڵبژاردنێک په‌سه‌ند ده‌که‌ین که‌دیموکراتیک بێت و پره‌نسیبه‌کانی له‌گونجاندنی دیموکراتیک له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی که له‌ساڵی 2018 رامانگه‌یاندبوو، مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان و گه‌لی کورد به‌فه‌رمی بناسێت». له‌به‌شێکی دیکه‌ى راگەیەنراوەکەدا هاتووە «په‌رله‌مانی داهاتوو مه‌جلیسی شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌یه، نه‌ک چاره‌سه‌ریی».
سازدانی: عومه‌ر فه‌تاح مه‌زڵوم هه‌فته‌ن، ئه‌ندامی کۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (کۆدار) رایده‌گه‌یه‌نێت رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌موو فێڵ و فڕو رێگایه‌کی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک به‌شداری پێ‌بکات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌ماندا چه‌ند به‌ڵێنی جیاواز ده‌دات و دواتریش هیچی جێبه‌جێ ناکات. ئه‌و به‌رپرسه‌ی کۆردار له‌م چاوپێکه‌وتنه تایبه‌ته‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه که‌پێویسته هاوڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، وتیشى به‌هۆی فشاره ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کان رووبه‌ڕووى بۆته‌وه به‌تایبه‌تی له‌دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانى، ئه‌وه ئه‌گه‌رێکی کراوه‌یه‌و ئێران بیه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بکاته یه‌ک ده‌ست و هه‌موویان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه. ئه‌گه‌رێکى کراوه‌یه ئێران هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه هاوڵاتى: رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و پارته کوردییه‌کان چیه له‌هه‌ڵبژارنى په‌رله‌ماندا؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: له‌هه‌ڵبژاردندا پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان هه‌م کوردیه‌کان هه‌م لایه‌نه‌کانی تری ئێران رۆڵی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه‌و پێویسته مێژوو خه‌باتی رابردووى خۆیان به‌باشی هه‌ڵبسه‌نگێنن و لایه‌نی باش و خراپه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ خه‌ڵک لێکبده‌نه‌وه که‌ئامانجی رژێم چیه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌وکات بڕیاری بایکۆته‌که بدات هاوته‌ریب و هاوشانی هاوڵاتیان رۆڵیان روون ده‌بێته‌وه. هاوڵاتى: چاوه‌ڕوانی به‌شداریکردنی به‌رفراوانی کورد ده‌که‌ن له‌هه‌ڵبژاردندا، رای ئێوه له‌سه‌ر به‌شداریکردنی خه‌ڵک چیه؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: به‌گشتی هاوڵاتیان له‌و بارودۆخه‌ى که‌ئێستا له‌ئێران هه‌یه ناڕازیه، زوڵم و ناعه‌داله‌تی و فشارێکی زۆر له‌سه‌ر میلله‌ت هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م فشار‌و نایه‌کسانیه‌ش له‌ناوچه کوردییه‌کان زیاتر‌و کاریگه‌رتر هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یربکه‌یت رۆژانه کوشتن و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌و بێ‌کاری هه‌یه‌و کۆڵبه‌ره‌کان ده‌کوژرێن، له‌کاتێکدا ئه‌وان بۆ پارویه‌ک نان ئه‌و رێگایه ده‌گرنه به‌ر، بێگومان خه‌ڵک ئه‌مانه ده‌بینێت و بیر له‌و زوڵمه ده‌کاته‌وه به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردن ناکات و بایکۆتى ده‌کات. هاوڵاتى: چیتان هه‌یه بۆ ئه‌و کاندیده کوردانه‌ی له‌شاره کوردیه‌کاندا خۆیان کاندید کردووه بۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: پژاک و کۆدار که له‌ژێر فکرو فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ کارده‌که‌ین، داوا‌و بانگه‌وازمان بۆ هه‌موو خه‌ڵک و کاندیده‌کانیش ئه‌وه‌یه به‌شداری نه‌که‌ن و بایکۆت بکه‌ن، بۆ ئه‌وانه‌شی که هه‌ر سوورن له‌سه‌ر کاندیدبوونی خۆیان بانگه‌وازی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌که‌ین به‌شدار نه‌بن، چونکه ئه‌و رژێم و سیسته‌مه‌ى هه‌یه ناعه‌ڵه‌تی زۆر تێدایه، هه‌موی ده‌ربه‌ده‌رى و ئاواره‌یی بووه بۆ کورد، ئه‌وانه‌ى که‌بیانه‌وێت رۆژێ له‌ڕۆژان گۆڕانکاری بکه‌ن له‌و رژێمه‌دا له‌سوودى میلله‌ت جێگه‌یان نابێته‌وه‌و به‌گۆڕینی ئه‌ندامی په‌رله‌مانیش هیچ گۆڕانکاریه‌کی نوێ و ئه‌وتۆ نایه‌ته ئاراوه. هاوڵاتى: کۆماری ئیسلامی ئێران چی به‌ده‌سته‌یه‌وه خه‌ڵکی رازی بکات بچنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان له‌کاتێکدا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر به‌هه‌زاران که‌س له‌خۆپیشانده‌رانی ناڕازی کوژران و برینداربوون؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: رژێمی داگیرکه‌ری حاکمی ئێران به‌شداری و زۆری ژماره‌ی خه‌ڵکی زۆر به‌لاوه گرنگه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هه‌موو فێڵ و فه‌نێکی خۆی به‌کارده‌هێنێت له‌سه‌ره‌تاوه له‌وانه‌یه به‌شێوازێکی نه‌رمونیان ده‌زانێت باری ئابوورى میلله‌ت و گه‌ل فه‌قیره، له‌وانه‌یه به‌فێڵی ئابورى وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی کۆمه‌کی ماڵی دابه‌شبکات یان به‌شێوازێکی دیکه‌ى جیاواز بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌بکات مافی کرێکار‌و ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی زیاتربکات. له‌وانه‌یه ئه‌وه باس بکات که به‌هۆى ئه‌وه‌ی بارودۆخ خراپه ده‌سه‌ڵات و رژێمه‌که له‌دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌یه‌وێت هه‌ندێ ریفۆرم و چاکسازی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین و سۆزی خه‌ڵک رابکێشێت به‌و جۆره کارانه و بیه‌وێت هه‌ندێ گۆڕانکاری بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌ورى نه‌بوو له‌وانه‌یه بیکاته باری ترس و هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌وه‌و ئه‌وانه‌ى که‌مه‌ئمورو کارمه‌ندى ده‌وڵه‌تن ده‌یانترسێنێت و خه‌ڵک ده‌به‌نه‌سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و هه‌موو هه‌وڵێکى خۆى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی که‌زۆرترین خه‌ڵک ببات و نمایشه‌که‌ی خۆی بۆ ناوه‌وەو ده‌ره‌وه‌ش ته‌واوبکات. هاوڵاتى: رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران و خۆپیشاندانه ناوخۆییه‌کان تاچه‌ند کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: بێگومان ئه‌و رووداوانه کاریگه‌رییان ده‌بێ، هه‌رچه‌نده به‌ده‌ر له‌و رووداوانه‌ش خه‌ڵک ده‌زانێت که رژێمی ئێران چۆنه‌و خه‌ریکی چیه، به‌ڵام هه‌مووکات دوای رووداوه‌کان خه‌ڵک ناڕه‌زایی خۆى ده‌ربڕیوه‌و ئه‌وانیش به‌شێوه‌ی دڕندانه وه‌ڵامیانداوه‌ته‌وه، ئه‌و راستییه ناگۆڕێت که‌ئه‌مڕۆ میلله‌ت به‌بایکۆت و نه‌چوونه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان وه‌ڵامیان ده‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵات. هاوڵاتى: هێشتا خه‌ڵکانێکی وه‌کو میر‌حوسێن مووسه‌وی و مه‌هدی که‌ڕووبی وه‌کو نه‌یاری رژێمی ئێران له‌ناوخۆدا هه‌ن. ئایا ئه‌م ده‌نگانه ده‌توانن گۆڕانکاریی ریشه‌یی له‌ئێراندا بکه‌ن له‌ڕێگه‌ی سندوقی هه‌ڵبژاردنه‌وه یان به‌ڕێگه‌ی تر؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: ئێران رژێمێکی دژی دیموکراتییه، ئازادی و دیموکراسی ئه‌گه‌ر دژى خۆی بێت قبوڵی ناکات، بۆیه هه‌ڵبژاردنیش ته‌نها شانۆیه‌که‌و رووکه‌شه، ئه‌و که‌سانه‌شی که تۆ ناوت هێناون له‌بنه‌ڕه‌تدا دوژمنی ئێران نین، مووسه‌وی و که‌ڕووبی ته‌نها بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی فه‌رعی نه‌ک ئه‌سڵی رژێمه‌که، جیاوازییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ئه‌وه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵک دژی بنه‌ڕه‌تی رژێمه‌که‌یه وه‌ک فه‌سادو زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌و ناعه‌داله‌تی، بۆیه ئه‌م کێشانه به‌سه‌ندوق و هه‌ڵبژاردن و گۆڕینى که‌سه‌کان چاره‌سه‌ر نابێت، پێویسته سیسته‌مه‌که بگۆڕدرێت و ئه‌وه‌ش ئێستا ده‌بێ بایکۆت بکرێت. ئێران هه‌موو فێلێک به‌کارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زۆر بێت هاوڵاتى: نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شورا کاتێک ده‌رده‌چن تاچه‌نێک ده‌توانن کاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداوه سیاسییه‌کان له‌ئێران دابنێن، به‌تایبه‌تی کورده‌کان، ئایا ده‌توانن هیچ شتێک بۆ مافه‌کانی کورد له‌و وڵاته‌دا بکه‌ن؟ مه‌زوڵم هه‌فته‌ن: ئێران رژێمێکی مه‌رکه‌زییه، سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیهی و ئاینییه‌و په‌یوه‌سته به‌ته‌نها یه‌ک کەسه‌وه ئه‌ویش رابه‌ره، بۆیه ئه‌و ئه‌ندامانه کورده‌کان یا چ ئه‌وانی دیکه‌ش له‌مه‌جلیسی شورادان نوێنه‌رى گه‌ل نین، به‌ڵکو نوێنه‌رى سیسته‌م و ویلایه‌تی فه‌قیه و ده‌سه‌ڵات و حاکمن، ئه‌وا ته‌نها به‌گوێی ئه‌وان ده‌که‌ن و رابردووش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه که‌ئه‌و نوێنه‌رانه ناتوانن هیچ بکه‌ن. هاوڵاتى: ئایا هیچ ئه‌گه‌رێک هه‌یه کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ندێ ریفۆرم بکات بۆ رازیکردنی دڵی خه‌ڵک؟ ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بێ ئایا ئاماده‌یه هیچ به‌رپرسێکی خۆی بکاته قوربانی و له‌پۆسته‌که‌یدا لایبدات؟ یان موسه‌وی و که‌ڕوبی ئازادبکات؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌موو فێڵ و فرو رێگایه‌کی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌کات و ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک به‌شداری پێ‌بکات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ند به‌ڵێنی جیاواز ده‌دات و دواتریش هیچى جێبه‌جێناکات، پێده‌چێت په‌نا بباته‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌هه‌ندێ گۆڕانکاری بچوک و شکڵی بکات به‌س زیان له‌ئه‌ساسه‌که نه‌دات، ئه‌وکاته‌ی که رژێم ده‌که‌وێته ته‌نگانه، له‌وانه‌یه که‌سانێک که ریفۆرمخواز بوون ئازادبکات، به‌ڵام بۆ ئازداکردنی موسه‌وی و که‌ڕوبی ناتوانم هیچ پێشبینیه‌ک بکه‌م. هاوڵاتى: پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن که‌حکومه‌تی ئێران زۆرترین که‌سانی نزیک له‌سوپای پاسداران و خامنه‌یی بنێرێته ئه‌جومه‌ن؟ مه‌زڵوم هه‌فته‌ن: به‌هۆی فشاره ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کان کە رووبه‌ڕووى بۆته‌وه به‌تایبه‌تی له‌دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانى ئه‌وه ئه‌گه‌رێکی کراوه‌یه‌و ئێران بیه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بکاته یه‌ک ده‌ست و هه‌موویان بخاته ژێر رکێفى سوپاوه، ئه‌وانه‌ی که له‌په‌رله‌مانن یان له‌دادگاو قه‌زاکانن یان له‌حکومه‌تن چاویان پێدابخشێنێته‌وه.
عومه‌ر فه‌تاح دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌مانگێک به‌سه‌ر رووداوی نوقمبوونى یه‌ختێک که‌زیاتر له (50) کۆچبه‌رى هه‌ڵگرتبوو، هێشتا هیچ هه‌نگاوێک نه‌نراوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رم و دیاریکردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنه‌کان. به‌رپرسانی ده‌زگای لوتکه پشکنینی دی ئێن ئه‌ی-یان کردووه بۆ که‌سوکارى قوربانیه‌کان و ناردوویانه بۆ یۆنان، بڕیارە له‌ڕێگه‌ى حکومه‌تى عێراقه‌وه هه‌وڵی هێناوه‌ى ئه‌و ته‌رمانه بدرێت. رۆژی 11ی مانگی یه‌کی ئه‌مساڵ، یه‌ختێک که‌زیاتر له (50) کۆچبه‌ری هه‌ڵگرتبوو له‌ئاوه‌کانی یۆنانه‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا گه‌شتی کردووه، به‌لڵام به‌هۆی له‌کارکه‌وتنی ماتۆڕی یه‌خته‌که‌وه ژێرئاو کەوت کە (23) هاوڵاتییان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن و ته‌نها سێ که‌سیان رزگاریان بووه‌و (20) که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداو ته‌رمی پێنجیان گه‌ڕێنرایه‌وه‌ه‌و تاوه‌کو ئێستا (15) که‌سیان بێسه‌روشوێنن. به‌شی زۆری قوربانیه‌کانی ئه‌و یه‌خته خه‌ڵکی سه‌یدسادق و قه‌زای شاره‌زوور بوون. عه‌دنان ئه‌حمه‌د که‌سوکاری یه‌کێک له‌بێسه‌روشوێنه‌کانی ئه‌و رووداوه کەکوڕە ونبووەکەیان ته‌مه‌نی (23) ساڵە؛ ئاماژه به‌وه‌ده‌کات کوڕەکەیان به‌هۆى بێکارییه‌وه بڕیاریداوه گه‌شت بکات بۆ ئه‌وروپا. کوڕەکەیان زیاتر له‌چوار مانگ له‌تورکیاو یۆنان ماوه‌ته‌وه‌و دواجار که‌قسه‌یان له‌گه‌ڵ کردووه پێی وتوون سوارى ئه‌و یه‌خته ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌وروپا. عه‌دنان به هاوڵاتى وت «هه‌رچه‌نده ئێمه پرسه‌مان بۆ کوڕه‌که‌مان داناوه، به‌ڵام هێشتا هیچ ئاسه‌وارێک نیه له‌ته‌رمه‌که‌ى و داوا له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین که‌خه‌مێکی ئێمه بخۆن وه‌ک کوڕه‌که‌مان رۆشت با هیچ نه‌بێ گۆڕێکی هه‌بێت». عه‌دنان حکومه‌ت زۆر به‌خه‌مسارد ناوده‌بات له‌م که‌یسه‌دا، وتی «به‌رپرسان به‌ده‌نگمانه‌وه نه‌هاتوون ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات به‌هۆی شه‌پۆلی ئاو‌و گیانداری جۆراوجۆره‌وه ئاسه‌وارێک له‌ته‌رمه‌کانیش نامێنێت». چوار گه‌نجی دانیشتوی سەیدسادق بەناوەکانی زانکۆ لوقمان، ئه‌حمه‌د عومه‌ر، شیروان ئه‌حمه‌د ئارى حه‌سه‌ن، لەو رووداوە گیانیان له‌ده‌ستداو پرسه‌یان بۆ دانراوە، به‌ڵام (11) کوردی تر کە لەیەختەکەدا بوون تائێستاش ته‌رمه‌کانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. سه‌ره‌ڕای ساردی‌و سه‌رمای وه‌رزی زستان‌و رێگریه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ چوونه‌ناوه‌وه‌ی کۆچبه‌ران بۆ وڵاته‌کانیان، به‌ڵام هێشتا له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه کۆچکردن به‌رده‌وامی هه‌یه‌و ناوه ناوه کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه. ئاری جه‌لال، سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه بۆ کاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران (رێکخراوێکی ناحکومی مرۆییه) ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌که‌وه له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌ره‌که‌یانه‌وه به‌دواداچوونیان کردووەو هه‌وڵیانداوه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان و دیاریکردنی بێسه‌روشوێنان. ئارى وتی «حکومه‌ت هه‌رچه‌نده به‌یاننامه‌ی ده‌رکرد، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێکی کرداری نه‌نواندووه‌و ئه‌وه نوێنه‌ره خۆبه‌خشه‌کانی ئێمه‌بوون که‌کاروبارى یاسایی هێنانه‌وه‌ى پێنج ته‌رمه‌که‌شمان ئه‌نجامدا به‌هاوکاری باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌یۆنان و حکومه‌تی هه‌رێم هاوکار نه‌بووه تائێستا له‌م دۆسیه‌یه‌دا». به‌رپرسه‌که‌ی ده‌زگاى لوتکه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وان هێشتا بێهیوا نه‌بوون له‌دیاریکردنی بێسه‌روشوێنان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ته‌رمی قوربانیه‌کان، وتیشى «پشکنینی دی ئێن ئه‌ی-مان وه‌رگرتووه له‌که‌سوکارى ئه‌وانه‌ى که رۆڵه‌کانیان دیارنیه‌و هه‌موو زانیاریه‌کی پێویستمان وه‌رگرتووه‌و ره‌وانه‌ى یۆنانمان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی کاری له‌سه‌ربکرێت». به‌پێى ئاماره‌کانی ده‌زگاى لوتکه بۆ کاروبارى په‌نابه‌ران، له‌ساڵی 2017وه تاسه‌ره‌تای ئه‌م مانگه (139) که‌س له‌کاتی گه‌شتکردنیان بۆ ئه‌وروپا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (110) کۆچبه‌ری هه‌رێمی کوردستان بێسه‌روشوێنن و ساڵى رابردووش ته‌رمی (47) که‌س له‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدابووگه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌و ئه‌مساڵیش ته‌رمی پێنج که‌س هێنراوه‌ته‌وه. کاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌گه‌ڵ که‌سوکاری کۆچبه‌ره‌کان چوونه‌ته لای سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و داوایانکردووه به‌دواداچوون بکات و به‌زووترین کات هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌کان بدرێت. کاروان به هاوڵاتى وت «حکومه‌ت و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش هیچ هه‌وڵێکیان نه‌دابوو له‌و دۆسیه‌یه‌دا، به‌نده هه‌موو زانیاریه‌کم بۆکرده‌وه‌و به‌دواداچوونم بۆکردووه‌و له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆکی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى یۆنانیش قسه‌م کردووه‌و ئه‌ویش به‌ڵێنیدا که‌هه‌موو هه‌وڵێک بدات بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ى بێسه‌روشوێنن». ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمه‌کان و دۆزینه‌وه‌یان کارێکی ئه‌سته‌م و قورسه‌و پێویستى به‌وه‌یه که به‌غه‌واسی سه‌ربازیی بچنه قوڵایی نزیکه‌ی هەزارو (500) مه‌تر ژێر ئاوه‌وه، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌هه‌ندێک رێوشوێن هه‌یه. کاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، وتیشى «له رێگه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین به‌زووترین کات سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش بهێنینه سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه حکومه‌تی یۆنان ئاگاداربکه‌نه‌وه کار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى ته‌رمی ئه‌و کۆچبه‌رانه بکه‌ن و ئێمه بێ‌ئومێد نین و به‌م نزیکانه ئه‌نجامى هه‌وڵه‌کانمان به‌ده‌رده‌که‌وێت».
عومه‌ر فه‌تاح دوای زیاتر له‌سێ هه‌فته هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی په‌رله‌مانی نه‌داوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌کاتی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران که‌ماوه‌ی زیاتر له‌چوار ساڵه راگیراوه، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدات. سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر (36) په‌رله‌مانتاری کوردستان له‌فراکسیۆنه جیاوازه‌کان یاداشتێکیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌و داواده‌که‌ن به‌زوویی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبکاته‌وه. شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌باره‌ى وه‌ڵامی یاداشته‌که‌یانه‌وە به وت «تائێستاش ئێمه چاوه‌ڕوانین و هیچ وه‌ڵامێکمان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه به‌پێی یاساش ده‌بێ له‌دوای دوو هه‌فته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه، که له‌په‌رله‌مانەوه ئاراسته‌ی حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کرێت». سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد به‌رده‌وامیدان به راگرتنی پله به‌رزکردنه‌وه سته‌مێکی گه‌وره له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌کرێت و ناکرێت حکومه‌ت ئه‌و مافه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دات، پێشى وایه سته‌مه له‌فه‌رمانبه‌ران و جۆرێکه له‌پاشه‌که‌وت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تا چه‌نده حکومه‌ت نیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌ستبکات به پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران، شێرکۆ جه‌وده‌ت وتی «له‌ڕاستیدا ناوێرم به‌ناوی حکومه‌ته‌وه هیچ به‌ڵێنێک بده‌م، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بین». هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنی رای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی په‌رله‌مانتاران، په‌یوه‌ندیکرد به‌وته‌بێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ قسه‌یه‌ک بکات. جگه له‌یاداشته‌که‌ی په‌رله‌مان، دوو هه‌فته‌یه له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌شێک له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران که‌مپینێکیان راگه‌یاندووه به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌یان، هاوکات یاداشتێکیشیان ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌که له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی کردووه. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه به‌پاساوی قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی راگرتووه.
ئارا ئیبراهیم کابینه نوێیه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى هه‌موو سیاسییه‌کانى عێراقى سه‌رقاڵ کردووه به‌وپێیه‌ى که‌سانى سه‌به‌خۆو ناحزبى له‌پۆسته وه‌زارییه‌کاندا دیارى کردووه‌و به‌شێک له‌لایه‌نه‌کانى کورد‌و سوننه نیگه‌رانن له‌پرۆسه‌که و ده‌یانه‌وێت رۆڵیان هه‌بێت له‌دانانیدا. دوێنێ شه‌و له‌نێوان به‌شێک له‌لایه‌نه‌کانى (کورد، سوننه، شیعه) له‌ماڵى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق کۆبوونه‌ته‌وه بۆ تاووتوێکردنى کابینه نوێیه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى که به‌شێک له‌لایه‌نه‌کانى نیگه‌ران کردووه. وه‌فدێکى کورد به‌به‌شدارى لایه‌نه‌کانى (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) به‌شداربوون له‌کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌ته نوێیه‌که‌ى عه‌لاوى که‌بڕیاره هه‌فته‌ى ئاینده رابگه‌یه‌ندرێت که‌پێکهاتبوون لە( لاهور شێخ جه‌نگى نوێنه‌رى یه‌کێتى، وشیار زێبارى نوێنه‌رى پارتى، ده‌رباز محه‌مه‌د نوێنه‌رى گۆڕان، سه‌لیم شوشکه‌یى نوێنه‌رى کۆمه‌ڵ، خه‌لیل ئیبراهیم نوێنه‌رى یه‌کگرتوو). نوێنه‌رى کۆمه‌ڵى ئیسلامى و سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ و به‌شداربووى کۆبوونه‌وه‌که‌ى ماڵى حه‌لبوسى زانیارى وردى بۆ هاوڵاتى ئاشکراکرد که‌کۆبوونه‌وه‌که سێ کاتژمێرى خایاندووه له 9ى شه‌وه‌وه بۆ 12ى شه‌و. بڕیارە ئه‌مڕۆش چوارشه‌ممه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق کۆببنەوە. سه‌لیم شوشکه‌یى، به هاوڵاتى وت «به‌شیعه‌کانمان وتووه که‌کورد ده‌بێت چوار وه‌زاره‌تى هه‌بێت نه‌ک سێ دانه، ده‌بێت خۆمان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بده‌ین، ئه‌مه‌ش تائێستا به‌هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه«. هه‌روه‌ها شوشکه‌یى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه له‌ماڵى حه‌لبوسى باسى ئه‌وه کراوه کورد ده‌یه‌وێت وه‌زاره‌تى دارایى لابمێنێته‌وه به‌و پێیه‌ى پرسى دارایى کێشه‌یه له‌نێوان هه‌رێم به‌غداو ده‌یانه‌وێت وه‌زیره‌که‌ى کورد رۆڵى هه‌بێت له‌چاره‌سه‌رکردنیداو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌یان ناوێت. راوێژکارێکى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، عه‌لاوى بۆ کورد سێ وه‌زاره‌تى دیارى کردووه‌و له‌نێو وه‌زاره‌ته سیادییه‌کاندا کورد دارایى یان ده‌ره‌وه‌ى پێده‌درێت. ئه‌مین به‌کر، راوێژکارى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «عه‌لاوى له‌کابینه نوێیه‌که‌یدا سێ وه‌زاره‌تى بۆ کورد دیاریکردووه، یه‌کێکیان ژن ده‌بێت». هه‌روه‌ها وتیشى «له‌نێو وه‌زاره‌ته سیادییه‌کاندا کورد وه‌زاره‌تێکى به‌رکه‌وتووه، یا دارایى ده‌بێت یا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه... کورد‌و به‌تایبه‌تى پارتى فریوى خواردووه، چونکه عه‌لاوى که‌سانى سه‌ربه‌خۆو ته‌کنۆترات داده‌نێت و پشتیوانى لێکراوه«. ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که‌فراکسیۆنه‌کانى فه‌تح و سائیرون که‌زیاتر له (100) کورسى په‌رله‌مانیان هه‌یه‌و له‌لایه‌ن هادى عامرى و موقته‌دا سه‌دره‌وه سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت پاڵپشتى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى که‌سانى بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ دابنێت. حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاوى حکومه‌تى راگوزه‌ر ده‌بێت و ره‌نگه بۆ ساڵێک به‌رده‌وام بێت و دواتر بڕیارە هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌شێک له‌لایه‌نه‌کان له‌ناو کورددا بەتایبەتی پارتى ده‌یانه‌وێت ده‌ستیان هه‌بێت له‌دانانى وه‌زیره‌کاندا، به‌ڵام عه‌لاوى ئه‌وه‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه. راوێژکاره‌که‌ى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه بێجگه کورد به‌شێک له سوننه‌ش ئه‌وه ره‌تده‌که‌نه‌وه که‌که‌سانى بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ دابنرێت. تیمێک که‌سانى بێلایه‌ن و ناحزبى شاره‌زایان هه‌ڵسه‌نگاندووه، کابینه‌که‌ى عه‌لاوى 1/4ى ژن ده‌بێت، پێنج له‌وه‌زیره‌کانى ئه‌وانه‌ن که له‌ئه‌وروپاو وڵاتانى دیکه بوون و ئه‌زموونیان هه‌یه‌و شاره‌زان و هێنراونه‌ته‌وه بۆ عێراق. ئەمین بەکر وتی «وه‌زیره‌کانى پێشوو هیچیان بۆ کورد نه‌کردووه‌و ته‌نها به‌رگرییان له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى حزب و ده‌ستکه‌وته‌کانیان کردووه، که‌سانى شاره‌زاو بێلایه‌ن که‌فشارى حزبى له‌سه‌ر نه‌بێت ده‌توانێت زیاتر خزمه‌تى نه‌ته‌وه‌ى کورد بکات له‌ناو عێراقى فیدراڵ‌دا». هاوکات، په‌رله‌مانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان پێیوابوو هه‌موو هێزه شیعه‌کان به‌حکومه‌تى بێلایه‌نى عه‌لاوى رازیین، ناکرێت به‌شێک له‌کوردو سوننه رازى نه‌بن. کاوه محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «عه‌لاوى سه‌ر به‌هیچ حزبێک نییه‌و با وه‌ک کورد فرسه‌تێکى پێبده‌ین، به‌شێک له‌خۆپیشانده‌ران داوایان کردووه، هه‌موو هێزه سیاسییه شیعه‌کان رازیین بێلایه‌ن بێت حکومه‌ته‌که‌ى، ته‌نها به‌شێک له‌سوننه‌و کورد رازیى نین». وتیشى « پارتى شه‌ڕ بۆ به‌رگرى له‌ده‌ستکه‌وتى حزبى و بنه‌ماڵه‌ى خۆى ده‌کات له‌پۆسته‌کانى به‌غدا، بۆیه پێداگیرى ده‌که‌ن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى». کاوه محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که‌حکومه‌ته‌که‌ى عه‌لاوى کاتییه‌و درێژخایه‌ن نابێت، چونکه زه‌مینه خۆشده‌کرێت بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له‌عێراقدا. سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت یارمه‌تى عه‌لاوى بده‌ن که‌ئیستحقاقى کورد له‌کابینه‌که‌ى ناوى وه‌زیره کورده‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆى ره‌وانه بکرێت. فازڵ میرانى، سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دوێنێ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند «ئێمه له‌گه‌ڵ مافى میلله‌تى خۆمانین، نامانه‌وێت پاش ئه‌م هه‌موو خه‌بات و ماندوبوونانه کە دنیایه‌ک شه‌هیدمان داوه نه‌توانین وه‌زیرێک بۆ خۆمان دابنێین، واتا هیچ«.