‌هاوڵاتی داواکاری بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان رابەری زیندانیکراوی پەکەکە جارێکی تر رەتکرایەوە بۆ سەردانی ئیمرالی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوو گیراوانی دیکەی سیاسیدا. هەریەکە لەمەزلوم تونجی پارێزەری ئۆجالان و محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان  بەمەبەستی سەردانکردنی ئیمرالی داوایەکیان ئاراستەی داواکاری گشتی بورسا کرد، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرایەوە. هاوکات ئەمین کۆنار برای عومەر خەیری کۆنارو پۆلات یلدرم برای هامیلی یلدرم و مەلیحە چەتین خوشکی ڤەیسی ئاکتاش-یش بەهەمان مەبەست داواکارییان پێشکەشی داواکاری گشتی بورسا کردبوو، بەڵام داواکارییەکەی ئەوانیش رەتکرایەوە. لە ١ی ئابی ٢٠١٩-وە داواکاریی بنەماڵەکەی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمراڵی، رەتدەکرێتەوە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەدایکبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لەدێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بەشاری ئورفا رحا لەباکوری کوردستان لەدایکبووە. ئۆجالان سەرکردەی بزوتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە، ناسراو بە (پەکەکە)ەیە و لەناو کورددا بە «ئاپۆ» ناسراوە. تاساڵی ١٩٩٨ ئۆجەلان لەسوریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیاو سوریا تێکچوو، تورکیا هەڕەشەی لەسوریا کرد بەوەی کەپشتگیری لەم پارتە دەکات، بۆیە سوریا ئۆجەلانی ناچار کرد کە سوریا بەجێبهێڵێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکی. پاش ئەوە ئۆجەلان روویکردە روسیا، پاشان روویکردە چەند وڵاتێکی تر، لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان، لەساڵی ١٩٩٨ لەوکاتەی کە لەیۆنان بوو، حکومەتی تورکی داوای تەسلیمکردنی ئۆجەلانی کرد، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لەکینیا دەستگیرکرا لەپرۆژەیەکی چەکداری هاوبەش لەنێوان دەزگای سیخوڕی مەرکەزی ئەمەریکی سی ئای ئەی و دەزگای سیخوڕی تورکی ئێم ئای تی و دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی موساد. پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ تورکیا بۆ دادگایی کردنی. لەکاتی دەستگیرکردنیەوە، ئۆجالان خراوەتە زیندانێکی تاکەکەسی لەدوورگەی ئیمرالی لەدەریای مەڕمەڕە لەتورکیا، هەرچەند لەسەرەتادا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر بەمەرجەوە ئەم حوکمە گۆڕا بۆ تاهەتایی لەئابی ٢٠٠٢دا.

راپۆرتی: ئێن بی سی نیوز وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی ترەمپ نەک هەر ململانێی لەمێژینە بنبەست ناکات، بەڵکو لەڕاستیدا رەنگە درێژی بکاتەوە، شیکەرەوانی ئیسرائیل و فەلەستینی وا دەڵێن. «ئایا ئەمە سەردەکێشێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ فەلەستینییەکان؟ بەشێوەیەکی بنەبڕانە نەخێر. لەڕاستیدا، پێگەیان تووندتر دەکات»، یۆسی میکڵبێرگ، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ریجێنتی لەندەن وای وت. سەرکردەکانی فەلەستین هەر بەپەلە پلانەکەیان رەتکردەوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکەشکرا لەسێشەممەی رابردوودا هاوشان لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. «قودس بۆ فرۆشتن نییە، ئێمە هەزار جار دەڵێین: نەخێر، نەخێر، نەخێر بۆ رێککەوتنی سەددە»، مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین لەناوەندی ئیدارەی فەلەستین لە رامەڵلای کەناری رۆژئاوا وای وت. چاودێرانی لەمێژینەی ئیسرائیل و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پلانەکە بەلایەنگری بۆ ئیسرائیل پێناسە دەکەن، کە هێڵە سوورەکانی زۆربەی کێشە ناکۆکەکانی هێشتوەتەوە لەململانێ لەمێژینەکەدا لەکاتێکدا وڵاتێکی هەڵوەشاوو پینەکراو دەبەخشێتە فەلەستینییەکان. بەپێی پلانەکە، نەخشەی پێشنیارکراوی داهاتووی وڵاتی فەلەستین پشت دەبەستێت بە «تۆڕێکی داهێنراوی رێگای خێرا، پرد، هەروەها تونێل» بۆ فەراهەمکردنی ئازادی هاتووچۆی فەلەستینییەکان. بەڵام موستەفا ئەلبوغوتی سکرتێری گشتی بزوتنەوەی نیشتمانی فەلەستین، کە هانی بەرەنگاربوونەوەی ئاشتینانە دەدات لەبەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل، وڵاتەکەی فەلەستینی بەراورد کرد بە بانتوستان کە کەهەرێمێکە بۆ خەڵکی ئەفریقییە رەسەنەکان لە باشوری ئەفریقا. «ناوچەکانی ترەمپ خراپترن»، ئەلبوغوتی وای وت. پرۆژە پلانەکە  زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژهەڵتی ئۆرشەلیم-قودس، بەشوێنە پیرۆزەکان و شارەکەشەوە، دەخاتە ژێردەستی ئیسرائیل لەهامنکاتیشدا رێگە بە فەلەستینییەکان دەدات پایتەختێک دابمەزرێنن لەدەرەوەی شارەکە و لەودیو بەربەستی جیاکەرەوەی ئیسرائیل. پلانەکە رێ بۆ ئیسرائیلش خۆشدەکات کە سەروەرییەکەی فراوانتر بکات بۆ بەشێکی زۆری ناوچە نیشتەجێبوونەکانی لەکەناری خۆرئاوای داگیرکراودا کە لەساڵی ١٦٧ لەجەنگی شەش رۆژەدا لە دەست ئەردەنی دەرهێنا. ئەو ناوچە نیشتەجێکردنانە لەلایەن زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە نایاسایی لەقەڵەمدەدرێت. بەپێی وتەی دەیڤد فریدمان باڵیۆزی ئەمریکا لەئسیرائیل، ئەگەر دەستبکات بەپرۆسەی خستنەسەری ئەو ناوچانە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوا ئیسرائیل سەروەری بەسەر نزیکەی لەسەدا ٣٠٪ی کەناری خۆرئاوا جێبەجێ دەکات. ئەمڕۆکە بەپێی ئاماری رێکخراوی «ئاشتی ئێستا»ی ئیسرائیل، ئەو ناوچەیە شوێنی نیشتەجێبوونی دوو ملیۆن و (٦٠٠) هەزار فەلەستینی و زیاتر لە (٤٠٠) هەزار ئیسرائیلییەو ئەو ناوچەیە لەمێژە وەک چەقی هیوای فەلەستینییەکانە بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ. «فەلەستینییەکان بەرەنگاری ئەمە دەبنەوە، من سەرم ناسوڕمێت ئەگەر گروپی یاخی سەرهەڵبدەن دژی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل کەدواتر پەرەدەستێنێت بۆ پێکدادانی توندوتیژ»، فەواز گێرگز، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سکوڵی ئابوری و زانستی سیاسی لەلەندەن وای وت. هەر رۆژێک دوای راگەیاندنی پلانەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە فەلەستینییەکان دەستیانکرد بەخۆپیشاندان لەکەناری خۆرئاوا لەدۆڵی ئەردەن – ئەو ناوچەیەی کە درێژدەبێتەوە بەسەر زۆربەی رۆژهەڵاتی کەناری رۆژئاوا لەنزیک سنوری ئەردەن کە لەپلانەکەدا نیشانەکراوە بۆ ئسیرائیل تا بیخاتە سەر وڵاتەکەی. «ئێمە هەرگیز رێککەوتنەکە قبوڵ ناکەین و خۆپیشاندانەکانمان دەبێتە دەستپێک بۆ بەرەنگاری رۆژانەمان»، جەمال جومعە، رێکخەری کەمپینی دژە دیواری جیاکەرەوەی فەلەستین وای وت کە کەمپینەکەیان ئامانجی ئەوەیە دیواری جیاکەرەوەی ئسیرائیل بڕوخێنێت. جومعە وتیشی کە پلانەکە «کردەی نیشتەجێکردنی بەزۆری ئیسرائیل بەیاسایی دەکات کەئامانج لێی خستنەسەری چەند ناوچەیەکی گەورەو ستراتیجی کەناری خۆرئاوایە». ئەمریکا رایگەیاند کەئیسرائیل دەتوانێت دەستبەجێ ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بخاتەسەر وڵاتەکەی و بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوەداوە کە ناتانیاهۆ بەمزووانە ئەو پرۆسەیە دەخاتە دەنگدانەوە. لەچوارشەممەی رابردوودا نەفتەلی بێنێت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە تیمێک دروستدەکات بۆ جێبەجێکردنی خستنەسەری ئەو ناوچە نیشەتەجێبوونانە بۆ سەر ئیسرائیل و داوای لەحکومەت کرد بەخێرایی جووڵە بکات بۆ فراوانکردنی سەروەری ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنەکانی ٢ی مارس. لەبەیاننامەیەکدا نەفتەلی بێنێت وتی کە «ئەمە گەورەترین دەرفەتی سیاسییە کە لە (٥٠) ساڵی رابردوودا بەپیرمانەوە هاتووە، بەڵام هەموو دەرفەتێک تێدەپڕێت ئەگەر نەگیرێت و جێبەجێ نەکرێت». هەرچەندە روون نییە کەحکومەتی کاربەڕێکەری ئیسرائیل دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت پلانەکە جێبەجێ بکات. حکومەتی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە «لەتیۆریدا» دەکرێت ئەو ناوچانە بخرێنەسەر وڵات، بەڵام ئەوە پێناچێت لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندبکرێت. شیکەرەوان دەڵێن ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت ئەو بەشانەی کەناری خۆرئاوا بخاتەسەر وڵاتەکەی، ئەوا کارەکان زەحمەتتر دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی زەوی و گەشتن بەدانوستان لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لەداهاتوودا. «هەتا زیاتر واقیعی تاک لایەنانە دروستبکەیت، ئەوا هەتا بێت سەختتر دەبێت»، میکڵبێرگ وای وت. بەرپرسانی فەلەستین چوار ساڵیان لەبەردەمدایە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنەکە کە بەپێی وتەی فریدمان رێککەوتنەکە مەرجدارکراوە بە «نەهێشتنی تەواوەتی حەماس، جیهاندی ئیسلامی، هەروەها گروپە تیرۆرستییەکانی تریش» لەغەززە. لەم قۆناغەدا واپێناچێت فەلەستینیەکان رازی ببن لەکاردانەوەی رێککەوتنەکەدا حەنان عەشراوی سیاسەتمەداری فەلەستینی وتی «ئەمە تێناپەڕێت». رێککەونەکە پلانێکە کە «گاڵتە بەیاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات، سەرپێچییە لەمافی تەواوی گەلێک و هەوڵدەدات بەردەوامی بدات بەململانێکەو توندڕەوی و توندوتیژی دروستبکات»، حەنان وای وت. «ئەمە نەک تەنها لەفەلەستین و ئیسرائیل، بەڵکو لەتەواوی جیهاندا پشێوی دروستدەکات و هەوڵێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی سیستەمی یاسایی». تەنها فەلەستینییەکان نین کەدژی رێککەوتنەکەن، تەنانەت هەندێک راستڕەوی ئیسرائیلی رەخنەیان لەپلانەکە گرت. چەند نوێنەرێکی ئەنجومەنی «یەشا»، کە گروپێکی سەرکردەی نیشتەجێکاری ئیسرائیلین لەکەناری خۆرئاواو نوێنەریان نارد بۆ کۆنفرانسی راگەیاندنی پلانەکە، رایانگەیاند کە «زۆر بێزاربوون». «ئێمە ناتوانین بەپلانێک رازی ببین کەدامەزراندنی وڵاتێکی فەلەستینی تێدابێت کەببێتە جێی هەڕەشە بۆ ئیسرائیل»، دەیڤد ئەلحەینی سەرۆکی رێکخراوەکە وای وت. میکڵبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە خستنەسەری ناوچەی داگیرکراو بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستە ببێتە جێی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جەختی لەوەکردەوە کە رێککەوتنەکە باش نییە بۆ سەقامگیری هەرێمی. ئەردەن، دراوسێی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتەوە، دەستبەجێ پلانەکەی رەتکردەوەو خستنەسەر زەوی فەلەستین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بە «مەترسیدار وەسفکرد کەدژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. لەبەیاننامەیەکدا ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئەردەن رایگەیاند کە «ئەردەن ئیدانەی پێوەری لەم جۆرە دەکات کەسەرپێچی کردنە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان و کردەی وروژێنەرە کەناوچەکە ئاراستەی ململانێ و گرژی زیاتر دەکات». میسر راگەیەندراوێکی بەوریاییەوە بڵاوکردەوە کەتێیدا سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هەوڵەکانی بەڵام دووپاتی کردەوە کەدەبێت دانوستان هەبێت لەنێوان هەردوولادا. سعودیەش پاڵپشتی پلانەکی کردو هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی بەرزنرخاند بۆ گەشتن بەئاشتی و کۆتاییهێنان بۆ ململانێی هەردوولا، بەڵام لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند کە شا سەلمان پەیوەندی بە مەحمود عەباسەوە کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندی شانشینی سعودیە لەبەرامبەر ئامانجی فەلەستینییەکان و پاڵپشتی بەردەوام بۆ «برا فەلەستینییەکانمان». میکڵبێرگ وتی کە رێککەوتنەکە وڵاتەکانی کەنداو دەخاتە پێگەیەکی سەختەوە، چونکە پێویستیان بەپشتیوانی ترەمپە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە سەرسەختەکەیان، ئێران، بەڵام گەلە عەرەبەکانیان پابەندن بەخەون و ئامانجی فەلەستینییەکانەوە. «ئەوان لەئێستادا رومانەیەکیان بەدەستەوەیە، ئەمەش هەرێمەکە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە کەتێیدا گرژی قووڵ هەیە لەگەڵ ئێران، ئەوە شتێکی زیرەکانە نییە»

راپۆرتی: گۆڤاری پیترۆلیەم ئیکۆنۆمیست وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا زیادبوونی بەرهەمی نەوت دەبێت بردنەوەیەکی گەورە بێت بۆ عێراقی داڕووخاو، بەڵام هەناردەی زەبەلاحی وڵاتەکە لەنەوتی خاوی جیهانیدا بووەتە ئامانجێک بۆ زیادبوونی تینوێتی ئێران و ئەمریکا تاپێگەی خۆیان بهێڵنەوە یان قایمتری بکەن لەعێراقدا، کەهەم وڵاتەکە بۆیان ببێتە شوێنێک بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت و هەم پێگەیەکی گرنگی ستراتیجی. لەمێژە عێراق لەپێگەیەکی نائاسوودەدایە لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا. لەگەڵ ئەوەی گرژییەکان لەم ماوەیەی دواییدا قوڵتربوونەتەوە، چۆن عێراق پێگەی لەنیوان ئەم دووانەدا یەکلایی بکاتەوە بەرهەمەکەی لەچەند مانگی داهاتوودا دەردەکەوێت و رەنگە کاریگەری لەودیوی سنوری خۆشی هەبێت. «عێراقییەکان کەتوونەتە نیوان دوو پێگەی زۆر سەختەوە، ئەویش ویستی هێشتنەوەی پەیوەندی باش لەگەڵ ئەمریکاو دوورکەوتنەوە لەپەرەسەندنی ململانێی ئەمریکا-ئێران»، سەجا جیاد، بەڕێوەبەری ناوەندی بەیان لەبەغداد وای وت. لە ١٢ی مانگی رابردوودا هەردوولا لەشەڕدا بوون بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لەڕێی کۆمەڵیک رێککەوتنی وزە، وەبەرهێنان، یارمەتی سەربازی، هەروەها گرێبەستی دابینکردنی کارەبا. بەڵام کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە خاڵێکی وەچەرخانە بۆ رۆڵی عێراق لەململانێی هەردوو وڵاتدا. جەنەراڵە ئێرانییەکە لەناو خاکی عێراقدا بەبێ رەزامەندی حکومەتەکەی کوژرا، ئەوەش وای لەپەرلەمانی عێراق کرد کەدەنگدان بکات لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەوڵاتەکە کەدەبێتە سەرەتای لەدەستدانی مشتی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەوە. «وا دەردەکەوێت کەئەمریکا هیچ ستراتیجییەکی نەبێت بۆ عێراق بێجگە لەپێگەیەک بۆ فشارخستنەسەر ئێران»، جیاد وای وت. دانیشتنەکەی پەرلەمان پەیمانێکی سیاسی بوو هەرچەندە لە رووی پراکتیکییەوە کاتی دەوێت بۆ خانەخوێ تادانوستانی دەکردنی هێزەکانی ئەمریکا بکات کەنایەوێت بەئاسانی بکشێتەوە. بەڵام بەڵگەی بەهێز هەیە لەسەر ئەوەی کە بڕێکی زۆر لەعێراقییەکان بێزارن لەشێوازی مامەڵەی وشنتن لەکوشتنی سولەیمانیدا - کە پێیانوایە ئەم هەوڵەی کۆشکی سپی پێچەوانەی ئەرکەکەیەتی لەعێراق ئەویش تێکشکانی داعشە. عێراق لە رابردوودا وەک شارەزایەک دەرکەوتووە لەیاریکردن بەهەردوولادا - هێشتنەوەی ئەمریکا بە رازیبوون بەکەمکردنەوەی پشت بەستنەکانی بەئێران و تەرخانکردنی گرێبەستی ملیارەها دۆلاری وزە بەکۆمپانیاکانی ئەمریکا، لەهەمانکاتیشدا خۆی بەدوورگرتووە لەئیدانەکردنی کردەوەکانی تاران. لەداهاتووشدا لەبەرژەوەندی هەردوولا دەبێت کەعێراق بەو جۆرە بمێنێتەوە، جیاد ئاماژەی بەوەکرد. بەڵام دۆخی ناوخۆی عێراق هەڕەشەیە بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی دەیانەوێت لایەنی هەردوولا بگرن. تەنانەت دەنگە لایەنگرەکانی نزیک ئەمریکا لەوڵاتەکەدا بەئاشکرا دژی رشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا رەخنەیان گرتووە. جیاد پێیوایە کەئەوانەی دەیانەوێت عێراق بەڕێوەببەن دەبێت بزانن کەعێراق «چەنێک کۆنترۆڵی هەیە بەسەر سیاسەت، سەروەری، هەروەها کارەکتەرەکانی خۆی، کاریگەرییەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئەمان وا نەبینرێن کەئەو دەسەڵاتەیان نەبێت». لەئێستادا عێراق پشتی بە لەسەدا ٢٥%ی هاوردەی کارەبای ئێران بەستووە کەئەمریکا لەماوەی (١٢) مانگی رابردوودا مۆڵەتی پیداوە کارەبای لێبکڕێت و لەڕێی دۆلارەوە پارەکەی دابین بکات. نیگەرانییەکی جدی هەیە کەهەڕەشەکانی ترەمپ تازەنەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە لەخۆبگرێت کە لەو ماوەیەدا چاوەڕێی بەغدای کردووە توانای خۆی زیادبکات لەبەرهەمهێنانی وزەداو کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەئێران. سەرەڕای بڕێکی زۆری بەرهەمهێنانی غاز، توانای عێراق لەزیادکردنی بەکارهێنانی غازدا سەخت دەبێت لەبەر جەند هۆکارێکی گرێبەستی و ژێرخانی. وەستاندنی تەواوەتی هاوردەی وزەی ئێران وڵاتەکە دەخزێنێتە قەیرانێکی بێ کارەباییەوەو بەدڵناییشەوە بۆ پشێوی زیاتر. تائێستا خۆپیشاندانەکانی عێراق بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی (٦٠٠) کەس لەماوەی چوار مانگدا کە لەم ماوەیەدا هیچ گۆڕانکارییەکەی بەرچاو لەدیمەنی سیاسی بەغدادا نەگۆڕاوە. بەڵام لە سێ بۆنەدا خۆپیشاندەران سێ جار بەرهەمی نەوتیان وەستاند. هەبوونی هەڕەشە بۆ ژێرخانەکانی نەوت چانسی رازیبوونی ئەمریکا کەمدەکاتەوە کەئەرکەکەی لەئێراق کەمبکاتەوە. هەرشتێک لەعێراق رووبدات بەئەگەرێکی زۆرەوە کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. یەکەم، لەڕووی ئەمنییەوە، هەر شلبوونێکی سوپای ئەمریکا بەسەر چکدارەکانی داعشەوە، رەنگە پشێوی بخاتە عێراق و شوێنەکانی ترەوە - ئەمەش کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەهەژێنێت کە لەوڵاتەکەدا چالاکن. هەروەها هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی زیاتر هەیە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بەپێی وتەی چەند شیکەرەوەیەک، میلیشیاکانی ئێران لەعێراقدا بەئەگەری زۆرەوە ژێرخانەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەئامانج دەگرن لەچەند مانگی داهاتوودا. تەنانەت ئەگەرێکی کەمی روودانی کێشەی ئەمنی بەس دەبێت بۆ کاریگەری خستنەسەر هەڵسوکەوتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، سەرەڕای ئەوەی تائێستا ئەمریکا نیازی نییە هیچ گۆڕانکارییەک لەئەمنییەت و ئاسایشی عێراقدا بکات، نیام مەکبیرنی بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکۆمپانیای راوێژکاری «ڤیرسک ماپلکرۆفت» وای وت. «بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەی بەرهەمهێنان - ئێمە پیشتر ئەوەمان بینیوە لەکۆمپانیاکانی رۆژئاوا لەپرۆژەی تێکەڵەی باشوری عێرقدا»، مەکبێرنی وای وت. پرۆژەکە گەشەپیدانی هەندێک بیرە نەوتە لەباشوری عێراق هەروەها پرۆگرامی ئاوو بەرهەمهێنانی غازیش. «هەندێکیان کاریان وەستاوەو هەندێکی تریش بەش بەش کراون تازامنی هاوسەنگی بکرێت». ساڵی رابردوو، کۆمەڵێک کۆمپانیا، لەوانە ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، هەندێک کارمەندیان لەعێراق بردە دەرەوە دوای چەند هۆشدارییەک، بەڵام مەکبێرنی پێیوایە کە رەنگە دوو بۆ سێ رووداوی پەرەسەندن رووبدەن لەوڵاتەکەدا ئینجا ئەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە بیر لەبردنە دەرەوەی کارمەندەکانیان دەکەن. لەکاتێکدا عێراق لەمدواییانەدا توندوتیژی زیاتر تییدا رویداوەو زوو زوو روودەدات، شێوازی هێرشەکان نەبوونەتە هەڕەشە بۆ کارمەندانی بێگانە لەکێڵگە نەوتییەکان، بەپێی وتەی مەکبێرن. تەنانەت هیچ ئاماژەیەک نییە کەخەلافەتی ئیسلامی هەڵبستێتەوە، کەئەمە دەبێتە گڵۆپی سوور بۆیان. بەرەوپێشچوونی ئاسایشی عێراق لەپیشووتردا رۆڵێکی گەورەی گێرا بۆ زیادبوونی بەرهەمی نەوتی وڵاتەکە - بەوپێیەی بەرهەمهێنای لەساڵی ٢٠١٩ گەیشتە لوتکە کە لەچەند ساڵی رابردوودا ئەوەی بەخۆیەوە نەبینیبوو. بەڵام هێشتنەوەی ئەم ئاستە سەخت دەبێت، چ جای ئەوەی زیاتر ببێت، بەبێ وەرهێنانی بەردەوام کەگرنگە بۆ هێشتنەوەی ژێرخانەکانی وڵاتەکە. لەدۆخی ئێستادا کە بەجۆرێک شڵۆقە، پێناچێت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ملیۆنەها دۆلار بڕژێننە عێراق بۆ مەبەستی وەبەرهێنان. کۆماپانیای نەوتی بەریتانی لەکانونی دووەمی ئەمساڵدا رایگەیاند کە لەکێڵگەی نەوتی کەرکوک دەکشێتەوە دوای ئەوەی یەکێک لەکێڵگەکان دەرئەنجامی لاوازی هەبووە. جیاد هۆشداری ئەوە دەدات کە «پیشەسازی وزەی عێراق ئەوەندە بەرەوپیشجوون ئەنجامنادات کەپێویست بێت، پاشان ئاستی بەرهەم کەمدەبێتەوەو کیشەی تر سەهەڵدەدات - دەرچەی هەناردەکردن، بۆریە نەوتەکان کەئەمانە  پرۆژەی گرانبەهان و عێراق پارەی تەواوەتی نییە بۆیان». «وەبەرهێنە بێگانەکان سەیری دۆخەکە دەکەن و ئاسان لەئەمریکا دەڕوانن کە چۆن دۆخەکە دەخوێنێتەوە، ئەوەش دواجار کاریگەری دەبێت لەسەر پیشەسازی وزەی عێراق». تەنانەت سعودیەو وڵاتەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان نیگەرانیان هەیە لەسەر پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە رەنگە ببێتەهۆی مەترسی بۆ سەر راکیشانی وەبەرهێنەرەکان بۆ وڵاتەکانیان، ئەمەش وایان لێدەکات هاوکاربن لەگەڵ راگرتنی ئەمنییەتی عێراق.  وڵاتانی وەک سعودیە پێوستیان بەوەبەرهێنانی دەرەکی هەیە لەکەرتی دیاریکراودا تا ئەو ئامانجانە بپێکن کە بۆ خۆیان داناوە، ئەگەر دۆخەکە لەعێراقدا خراپ ببێت پێموایە لێکەوتەی خێرای دەبێت لەسەر وڵاتەکانی تری کەنداو».

‌هاوڵاتی روسیا خەریکی دروستکردنی چەند میلیشیایەکە لەڕۆژهەڵاتی روباری فوڕات و رۆژاڤا، ئەمەش ئەگەری شەڕی زیاتر دێنێتە ئاراوەو بەربەست لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعشدا دروستدەکات. هاوکات مەزڵوم کۆبانیش ئاماژە دەکات بەدەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا. بەبڕوای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵەکانی روسیا بۆ راکێشانی گەنجان بۆ نێو میلیشیاکان لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی روباری فوڕات لەسوریا پێدەچێت ببێتەهۆی بارگرژیی زیاتر لەناوچەکە. هەسەدە دەترسێت میلیشیاکانی روسیا بەربەست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش دروستبکەن لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات. هەسەدە رایگه‌یاند که‌زیادکردنی کۆمەڵەیەکی نوێی میلیشیا بۆ ئەو تێکه‌ڵه‌یه‌ کەهەیە بارودۆخەکە ئاڵۆزتردەکات و بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا. فەرهاد خۆجە بەرپرسێکی هەسەدەیە باس لەوەدەکات کە روسیا تۆڕێکی میلیشیای دروستکردووە لەعامودا، تەل تەمەر، عەین عیساو دەرباسییە و ناوچە گوندنشینەکانی حەسەکە. هەڵمەتەکانی راکێشانی ئه‌ندامان و راهێنانەکان دەستیانپێکردووە لەکەمپێک لەزەوییەکانی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، کە لەئێستادا لەژێردەستی روسیادایە. فەرهاد وتی «دەیان گەنجی بێکار کە نایانەوێت یان ناتوانن ناوچەکە بەجێبهێڵن خراونەتە نێو ریزی ئەو میلیشیایانەوە، هەرچەندە بڕی ئەو پارەیەی بۆیان دانراوە زۆر کەمە». هه‌روه‌ها وتی «روسیا لەڕێی کردەوەکانییه‌وه‌، ئاگری بارگرژییه‌کان لەناوچەکە خۆشدەکات».  ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کەئامادەیی ئەو گروپە چەکدارانە رەنگە ببێتەهۆی شەڕو پێکدادان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی دژبه‌یه‌کیی لایەنگریکردنه‌کاندا. هاوکات مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هیزەکانی هەسەدە رایگەیاند، ئامادەکاریی دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کەداگیرکراون، هەروەها باسی دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش دەکات لەگەڵ ئەمریکا. رۆژنامەی یەنی ئۆزگویر پۆلەتیکا (politika yeniozgur)، چاوپێکەوتنێکی مەزڵوم عەبدی (مەزلوم کۆبانی) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکردووەتەوە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە «ئەوەی هەیە زۆری نەماوە کە لەکاتێکی گونجاودا، ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان رزگار دەکەینەوە». مەزڵوم کۆبانی، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەسەدە ئیتر لەڕابردوو بەهێزترە، مەرج و پلانی ناوچە رزگارکراوەکانیش نزیکە. وتیشی «پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەب باشەو کوردو عەرەب لەباکووری سوریا چارەنووسیان هاوبەشە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی میسر باشە». ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات لەچەند رۆژی رابردوودا فرانک ماکەنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لەبنکەیەکی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە ماکەنزی رایگەیاند مەزڵوم کۆبانی داوای گرەنتی لەئەمریکا کردووە سەبارەت بەوەی یارمەتی هێزەکانی هەسەدە بدات. ماکەنزی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی “ئەمریکا لەئەرکەکانی دژی داعش بەردەوام دەبێت و یارمەتی هێزەکانی هەسەدە دەدات لەپاراستنی کێڵگە نەوتییەکانداو لەو بابەتەدا هیچ سنوورێکی کاتمان نییە. ئەو دەزانێت و منیش هاوڕام لەگەڵی، ئێمە بۆ ماوەی (١٠٠) ساڵ لێرە نامێنینەوە. لەڕاستیدا نازانم ئێمە چەند لێرە دەمێنینەوەو جگە لەکاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لێرە هیچ رێنماییەکی دیکەم پێ نەگەیشتووە”. فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت چارەسەری ئەو ئەنجامە خراپانەی بکات کەکردوویەتی، بڕیارەکانی دەدات و لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەچوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا دەست بەکاردەکەن. ئەمەش دوای ئەوەی روسیا کەوتۆتە هەوڵی دروستکردنی میلیشیا لە رۆژاڤا. روسیا چاوی لەوە بووە کاریگەریی خۆی لەسوریا فراوان بکات بەدامەزراندنی میلیشیای سەر بەخۆی لەچەند ناوچەیەکی جیاواز، لەوانە ناوچەی حەلەب. ئەحمەد سەلیم چالاکوانێکە لە حەلەب وتی «لەژێر چاودێریی پۆلیسی سەربازیی روسیادا میلیشیاکان لەپارێزگاکانی حەلەب، دەرعاو قونه‌یترە پێکهێنراون، لەمدواییانەشدا لەناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق». وتی «لەحەلەب، پۆلیسی سەربازیی روسیا پشتیوانیی گروپە چەکدارەکانی وەک میلیشیای بێری و ئەساسنا دەکەن و بەگوێرەی راپۆرتەکان روسیا پلانێکی نوێی هه‌یه‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ی هەموو چەکدارەکان لەحەلەب لەژێر یەک میلیشیادا». زیاتر وتی «پۆلیسی سەربازیی روسیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی دامەزراندنیشیان لە دوما، خۆرهەڵاتی غۆتە، دەستپێکردووە بۆ راکێشانی چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بۆ نێو ریزەکانی میلیشیاکە». ئەو چەکدارانەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە رێکەوتننامەکەدا جێیان هەیە، ناویان لەنێو لیستی داواکراوانی رژێمدا هەیە، روسیاش سوودی لەلاوازی و بێدەسەڵاتی ئەوانه‌ بینیوە. ئەحمەد سەلیم وتی «بەشێک لەمیلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن روسیاوە لەدەرعاو قونه‌یترە جێگیربوون، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری چەکدار گواستراونەتەوە بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای ئیدلیب». لێرە چەکدارەکان شانبەشانی لیوای قودسی لایەنگری رژێم و هێزی نیمر، کە لەلایەن عەمید سوهەیل حەسەنی لایەنگری روسیاوه‌ رابەرایەتی دەکرێت، شەڕدەکەن. هاوسەرۆکی باڵی سیاسیی هەسەدە لەناوچەی خۆسەریی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا، ریاز دەرار وتی به‌ڵام ئەو میلیشیایانە پێناچێت زیاتر لە (1000) چەکدار رابکێشن بۆ نێو ریزەکانیان. وتی دامەزرێنراوەکان «بەکرێگیراون و هیچ هونەرێکی جەنگییان نییە، لەبەرئەوە هیچ بەهایەکی سەربازییان نییە بەبەراورد بەهەسەدە، بۆ نمونە، کە لە زیاتر لە (80) هەزار شەڕڤان پێکدێت». وتیشی له‌پاڵ ئەوەشدا هێزەکانی روسیا شکستیان هێناوە لەڕاکێشانی گەنجاندا لەناوچە خێڵەکییەکان بۆ نێو ریزی میلیشیاکانیان، سەرباری هەوڵدانێکی زۆر.

ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى لیژنه‌ لاوه‌کییه‌که‌ى په‌رله‌مان که‌ بۆ دۆسیه‌ى پێشمه‌رگه‌که‌ى یه‌کێتى (مه‌جید ئیبراهیم) که‌ له‌ئاسایشى هه‌ولێر گیانى له‌ده‌ستدا ده‌ڵێت ئاسایشى هه‌ولێر پێیانوتوون کە پێشمه‌رگه‌که‌ به‌ «به‌نه‌خوێن خۆى خنکاندووه‌«و پزیشکى دادیش ده‌ڵێت به‌شتێک بووه‌ «وه‌ک قوماش بووه‌«. ئەو پێشمەرگەیەى یەکێتى کە لەناو ئاسایشى هەولێردا هەفتەى رابردوو گیانى لەدەستدا، لیژنەى لێکۆڵینەوەى هاوبەش لەنێوان پارتى و یەکێتی و لیژنەیەک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانى بۆ پێکهێنراوە، بەڵام لیژنەکە نەگەشتۆتە ئەنجام و یەکێتى چاوەڕێى راپۆرتى کۆتایى دەکات. رۆژى دووشەممە 13ى کانونى دووەمى 2020 مەجید ئیبراهیم عەبدوڵا لەلایەن هێزەکانى ئاساشەوە دەستگیر دەکرێت لەماڵەکەی خۆیداو رۆژى پێنجشەممە 16ى کانوونى دووەم  ئاسایشى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو لەبەشێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە کە«  مەجید ئیبراهیم عەبدوڵا، رەزامەندى دادوەر وەرگیراوە بۆ دەستگیرکردن و پشکنینى ماڵەکەی لەگوندى سیساوەى سەر بەشارۆچکەى هەریر» . په‌رله‌مانى کوردستان لیژنه‌یه‌کى بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه‌ پێکهێناو سه‌ردانى ئاسایشى هه‌ولێرو پزیشکى دادى له‌سلێمانى و هه‌ولێرو ماڵى قوربانییه‌که‌یان کردووه‌. عوسمان که‌ریم سواره‌ ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى و جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامى لیژنه‌ لاوه‌کییه‌که‌ له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتی «به‌نسبه‌تى ئه‌و که‌یسه‌ى (مه‌جید ئیبراهیم) ماوه‌یه‌که‌ روویداوه‌و په‌رله‌مان به‌پێویستى زانیوه‌ که‌ته‌مومژاوى له‌دۆسییه‌که‌دا هه‌بووه‌، لیژنه‌ى بۆ پێکهێناوه‌و چوونه‌ته‌ ئاسایشى هه‌ولێرو پزیشکى دادى له‌هه‌ولێرو سلێمانى و سه‌ردانى که‌سوکارى قوربانییه‌که‌و شوێنى رووداوه‌که‌شیان کردووه‌«. وتیشى «شوێنى رووداوه‌که‌ له‌به‌رزى مه‌ترێک و (25) سانتیمه‌تر عه‌مه‌لییه‌که‌ کراوه‌، وه‌کو لیژنه‌که‌ ناتوانین  بڵێین خۆى خۆى خنکاندووه‌ یاخنکێندراوه‌«. بەپێی وتەی عوسمان که‌ریم جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌جیاوازی ئەنجامی پشکنینی پزیشکى دادى له‌سلێمانى و هه‌ولێر بۆ توێکارى ته‌رمى (مه‌جید ئیبراهیم) «زۆر که‌مه‌« هه‌ردوولایان ده‌ڵێن به‌ماده‌یه‌ک بووه‌ «وه‌کو قوماش». ئاسایشى هه‌ولێر پێیان راگه‌یاندوون که‌  (370) گرام تلیاک له‌ماڵی مەجید ئیبراهیم ده‌ستى به‌سه‌رداگیراوه‌ لەگەڵ (60) کیلۆ تلیاکیش که‌ له‌ئێرانه‌وه‌ هاتووه‌. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى وتی «تلیاکەکە گوایه‌ که‌سێک هێناویه‌تى و ده‌ستگیرکراوه‌و ئه‌ویش ژماره‌ مۆبایلێکى پێبووه‌ که‌ هى مه‌جید ئیبرایم بووه‌ که‌ به‌حسابى ئاسایش و به‌دواداچوونه‌کانیان وه‌ک ئه‌مانه‌تێک بۆ مه‌جید ئیبراهیم بووه‌«. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى که‌ لەلیژنه‌ لاوه‌کییه‌که‌دا بووه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆسیه‌ى پێشمه‌رگه‌که‌ى یه‌کێتى ده‌شڵێت «ئاسایشى هه‌ولێر فۆتۆکانیان پێ نیشانداین، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ جلى کوردى له‌به‌ردا بووه‌و گوایە بە به‌نه‌خوێنکه‌ى ئه‌و عه‌مه‌لیه‌ى کردبێت به‌قسه‌ى ئاسایشى هه‌ولێر، پزیشکى دادیش هه‌ر ده‌ڵێت به‌شتێک بووه‌ که‌وه‌ک قوماش بووه‌«. په‌رله‌مانتارێکى پارتى به‌بێ ئاگادارى لیژنه‌که‌ چووه‌ هه‌والێکى له‌سایتى په‌رله‌مان داناوه‌ وتیشی «به‌داخه‌وه‌ دوو حزبى گه‌وره‌ى وه‌کو پارتى و یه‌کێتى تائێستا متمانه‌ له‌نێوانیاندا به‌شێکى نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌«. بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵێک له‌سایتى په‌رله‌مان لەسەر ئەو بابەتە به‌بێ ئاگادارى سه‌رۆکى په‌رله‌مان گرژى له‌نێوان ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیدا دروستکردووه‌و تائێستاش له‌سایتى فه‌رمى په‌رله‌مان لانه‌براوه‌. ده‌رباره‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ى له‌سایتى په‌رله‌مان بڵاوبووه‌ته‌وه‌و رێواز فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاند ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى لیژنه‌که‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى مه‌جید ئیبراهیم بۆ «به‌لاڕێدابردنى راى گشتى بووه‌«.  په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ى له‌سایتى په‌رله‌مانى کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ دوورو نزیک وه‌ک لیژنه‌که‌ «ئاگادارى نین و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارێکى پارتى به‌ناوى (سه‌عید هه‌رکى) چووه‌ نوسوویه‌تى، هیچ یه‌کێک له‌په‌رله‌مانتارانى دیکه‌ ئاگادارى نه‌بوون». وتیشی «ناکرێت راگه‌یەندراوێک به‌پێچه‌وانه‌ى رێساو یاساکان بڵاوبکرێته‌وه‌، ده‌بوو ئێمه‌ راپۆرت بده‌ینه‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان که‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئاماده‌ى ده‌که‌ین».  

 شاناز حەسەن قەیرانی نەبوونی غاز لەشارەکانی کوردستان سەریهەڵداوەو بەدەگمەن بوتڵێکی غازیان دەستدەکەوێت، ئەوەش لەوەرزێکدا کەسەرماو بەفرو کڕێوە تەنگیان بەهاوڵاتیان هەڵچنیوە. بەرپرسان دەڵین کەمی غاز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەساڵى پێشوو کۆمپانیایه‌ک کارى دابه‌شکردنى غازى ده‌کرد، له‌م هه‌فته‌یەدا کاته‌که‌ى ته‌واو بووه‌ و کاره‌کان دراوه‌ته‌ ده‌ست کۆمپانیایەکی تازه‌، ئه‌وەش بۆته‌ هۆکارى قەیرانەکە. بەرپرسانی پاریزگای هەولێر دەڵێن کێشەکەیان چارەسەر کردووە، بەڵام سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی دەڵێت لای ئەوان نەبووە بەقەیران، بەڵکو بەهۆی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکەوە خەڵکی دووچاری دڵەڕاوکێ بوون، ئەوەش لەکاتێکدایە لەشاری سلێمانی دوێنێ چەند چێشتخانەیەک خواردنی پێویستیان لەکاتی خۆیدا ئامادە نەکرد بۆ میوانەکانیان بەهۆی نەبوونی غازەوە. که‌ریم عه‌لی، سه‌رۆکى لێژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانی، به‌ هاوڵاتى وت «که‌مى غاز له‌پارێزگاى سلێمانی، هه‌ر نه‌بووه‌و هه‌موو رۆژێک وه‌ک پێویستى رۆژانه‌ غاز هه‌بووه‌، ته‌نیا کاریگه‌رى لێدوانى په‌رله‌مانتاران و بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى که‌مى غاز له‌هه‌ولێر هه‌بووه‌و دڵه‌ڕاوکێى لاى خه‌ڵک دروستکردووه‌«. وتیشی «به‌داخه‌وه‌ باس له‌که‌مى کێشى بوتڵی غازو که‌مى ده‌کرێت که‌به‌رده‌وام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌کان له‌چاودێریداین و خه‌ڵک ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌مى غاز له‌سنورى پارێزگارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى روونادات». ‌وته‌بێژى پارێزگاى هه‌ولێر باس لەوەدەکات کێشه‌ی غاز لەئەمڕۆوە چاره‌سه‌ر دەکرێت و دەڵێت «هاوڵاتیان دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌، کۆمپانیا تازه‌که‌ به‌ته‌واوى ده‌ستبه‌کاربووه‌و غازى پێویست گه‌یشتۆته‌ ناو هه‌ولێر کێشه‌ى که‌مى غاز به‌زوویى چاره‌سه‌ر ده‌بێت». به‌یار فایه‌ق، وته‌بێژى پارێزگارى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «ساڵى پێشوو کۆمپانیایه‌ک کارى دابه‌شکردنى غازى ده‌کرد، له‌م هه‌فته‌یەدا کاته‌که‌ى ته‌واو بووه‌ و کاره‌کان دراوه‌ته‌ ده‌ست کۆمپانیا تازه‌که‌و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆکارى که‌مى غازو ئه‌و کێشانه‌ى لێکه‌وته‌وه‌«. وتیشی» هاوڵاتیان دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌، دوێنى هه‌ینى کۆمپانیا تازه‌که‌ به‌ته‌واوى ده‌ستبه‌کاربووه‌و غازى پێویست گه‌یشتۆته‌ ناو هه‌ولێرو کێشه‌ى که‌مى غاز به‌زویی چاره‌سه‌ر ده‌بێت».  پارێزگاى هه‌ولێر رۆژانه‌ (13) ته‌نکه‌ر غازى پێویسته‌ وته‌بێژى پارێزگارى هه‌ولێر جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ «له‌مه‌ودوا له‌و رێژه‌یه‌ش زیاتر غاز رۆژانه‌ دێته‌ هه‌ولێرو کێشه‌ى غازمان نامێنێت».  به‌یار فایه‌ق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد ئه‌م چوار پێنج رۆژه‌ قه‌یران و ئه‌زمه‌ى غاز نه‌بوو، لەلایەن بریکاره‌کان هه‌ر به‌نرخى دیاریکراوى جاران فرۆشراوه‌، وتی «ته‌نیا له‌هه‌ندێک شوێن وه‌ک مارکێته‌کان ئه‌مه‌یان قۆستۆته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م دوو رۆژه‌دا ئاسایى ده‌بێته‌وه‌«.  ماوه‌ى هەفتەیەکە له‌هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ى که‌مى غازو گرانبوونى نرخه‌که‌ى هاوڵاتیان و کاسبکارانى بێزار کردووه‌و داوا له‌حکومه‌ت ده‌که‌ن چاره‌سه‌رى بکات. ئه‌سعه‌د مسته‌فا، غازفرۆشێکى شارى سلێمانیه‌و باس له‌وه‌ده‌کات ماوه‌ی چەندڕۆژێکە وه‌ک پێویست غازیان پێنادرێت، وتی «له‌ناوه‌نده‌کانى فرۆشتن غاز زۆر که‌مه‌و ته‌نیا ده‌توانین رۆژ (20) بوتڵ بهێنین بۆ فرۆشتن، که‌ئه‌مه‌ زۆر که‌مه‌و ناتوانین بژێویمان دابین بکه‌ین».  وتیشی «که‌س نازانێت بۆ ئه‌م ئه‌زمه‌ى غازه‌ دروست بووه‌، چونکه‌ هه‌فته‌ى پێشوو غاز زۆر ئاسایى بوو له‌پڕ ئاوا که‌مبوو له‌ناوه‌نده‌کاندا».  ئه‌سعه‌د ماوه‌ى (12) ساڵه‌ غاز فرۆشه‌و جه‌ختی له‌وه‌کرده‌وه‌ باسی لەوەکرد کەئه‌مساڵ به‌تایبه‌ت ئه‌م دوو مانگه‌ خه‌ڵک به‌ڕێژه‌یه‌کى زۆر غاز به‌کارده‌هێنن، چونکه‌ زۆربه‌ى خه‌ڵک له‌به‌ر نه‌بوونى نه‌وت و گرانى نرخه‌که‌ی، زۆپاى غاز به‌کارده‌هێنن.  داواشى له‌حکومه‌ت کرد، ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات، وتی» ئێمه‌ وه‌ک کاسبکارى غازفرۆشى و خه‌ڵکیش داواکارین که‌مى غاز نه‌بێته‌ هۆکارێک و نرخه‌که‌ى به‌رزبێته‌وه‌و کاریگه‌رى هه‌بێت بۆسه‌ر ژیانى خه‌ڵکى هه‌ژار». رۆژانه‌ پارێزگاى سلێمانى پێویستى به‌ (35 بۆ 40) هه‌زار بوتڵ غاز هه‌یه‌. سه‌رۆکى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانی باسی لەوەکرد کێشه‌ى که‌مى غاز بوونى نه‌بووه‌، ته‌نیا کاریگه‌رى لەناوچه‌کانى هه‌ولێر بووه‌. که‌ریم عه‌لی سه‌رۆکى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌پارێزگاى سلێمانى روونیکرده‌وه‌ غازى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ى گه‌رمیان و  راپه‌ڕین له‌سه‌دا 80 ى غاز له‌کێڵگه‌کانى کۆڕمۆڕو له‌سنورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و له‌سه‌دا 20ی له‌که‌رکوکه‌وه‌ دێت و ئاسایى هه‌موو رۆژێک بڕى پێویست هاتووه‌«. که‌ریم عه‌لی وتیشی «خه‌زانى باشمان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی غاز هه‌یه‌و به‌شى مانگێک غازمان هه‌یه‌، له‌کاتێکدا که‌ئه‌زمه‌ش دروست بێت».

هاوڵاتى ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دانوسان له‌نێوان پارتى و گۆڕان که‌هاوکات وه‌زیرى کابینه‌ى نۆیه‌مه‌، ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا کۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان ئه‌نجامبدرێت. دانا عه‌بدولکه‌ریم،  وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکرن و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دانوسان له‌نێوان گۆڕان و پارتى له‌سه‌ر پۆسته‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى وت «گفتوگۆکان به‌رده‌وامه‌ بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى پۆسته‌کان له‌گه‌ڵ پارتى، ئێمه‌ به‌پێى رێککه‌وتنه‌که‌ ئه‌و پۆستانه‌ یه‌کلاییده‌که‌ینه‌وه‌، له‌قۆناغى کۆتاییداین و ئه‌و بابه‌ته‌ش کۆتایى دێت». وتیشى «به‌پێى رێککه‌وتنى گۆڕان و پارتى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆک وه‌زیرانمان هه‌یه‌ بۆ چاکسازى که‌په‌یوه‌ندیداره‌ به‌یاساى چاکسازى گشتییه‌وه‌، ده‌کرێت یاریده‌ده‌ره‌که‌مان پێش ده‌رچوونى یاساکه‌ ده‌ستبه‌کاربێت یا دواى ده‌رچوواندنى یاساکه‌ ده‌ستبه‌کاربێت، هیچ رێگرییه‌ک له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌«. دانا عه‌بدولکه‌ریم، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌کابینه‌ى نۆیه‌م له‌چه‌ند لایه‌نێک پێکهاتووه‌، به‌ڵام سێ لایه‌نى سه‌ره‌کى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕانن» ده‌بێت ئه‌و سێ لایه‌نه‌ کۆبوونه‌وه‌و دانیشتن بکه‌ن و هه‌ندێک له‌و پۆستانه‌ لاى یه‌کێتى و پارتى بێت و ئەوەشی له‌داڕشتنه‌وه‌ى پۆسته‌کان به‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بکه‌وێت پێویستى به‌دانوسانه‌«. بڕیاربوو له‌مانگى 12ى ساڵى 2019 کۆبوونه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى و یه‌کێتى ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام یه‌کێتى به‌هۆى سه‌رقاڵییان بۆ کۆنگره‌که‌یان داوایان کرد دوابخرێت بۆ دواى کۆنگره‌. دانا عه‌بدولکه‌ریم وتی «کۆنگره‌ى یه‌کێتى ته‌واو بووه‌، به‌دڵنیایى له‌ماوه‌یه‌کى نزیکدا ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ى سێ لایه‌نه‌ ئه‌نجامدەدرێت، بڕیاروایه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا کۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان ئه‌نجامبدرێت». ئه‌ندامێکى ژوورى حکومه‌ت له‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت ناوى چوار وه‌کیل وه‌زیر که‌پشکى بزوتنه‌وه‌که‌یه‌تى ره‌وانه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم کردووه‌. سۆز عه‌بدولقادر، له‌ژوورى حکومه‌ت له‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ‌هاوڵاتى وت «رێکه‌وتنى پارتى و گۆڕان کراوه‌ له‌سه‌دا 12ى هه‌موو پۆسته‌کانمان هه‌یه‌و ناوى هه‌ر چوار وه‌کیل وه‌زیره‌که‌ که‌پشکى گۆڕانن نێردراوه‌ بۆ حکومه‌تى هه‌رێم، ته‌نها راوێژکارو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان ماون». سۆز عه‌بدولقادر ناوه‌کانى وه‌کیل وه‌زیره‌کانى بۆهاوڵاتى ئاشکراکرد که‌ نێردراون بۆ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم که‌بریتین له‌ (چالاک موهه‌ندیس وه‌کو وه‌کیل وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، کامیل قه‌زاز بۆ وه‌کیل وه‌زیرى کاره‌با، مسته‌فا سه‌لیم بۆ وه‌کیل وه‌زیرى ناوخۆ، دکتۆر سه‌یوان بۆ وه‌کیل وه‌زیرى په‌روه‌رده‌). ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ نایانه‌وێت جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى چاکسازى وه‌کو یاردیده‌ده‌ره‌کانى ئێستا بێت که‌سه‌رۆکى حکومه‌ت دایناون.  وتیشى «مه‌رجى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ که‌یاسا بۆ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى چاکسازى ده‌ربچێت له‌په‌رله‌مانداو هێزى یاسایى له‌پشت بێت و ده‌ستى ئاواڵا بێت، تائێستا حکومه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ى نه‌ناردووه‌، حکومه‌ت پێیان راگه‌یاندووین که‌ئیشى له‌سه‌رده‌که‌ین».

هاوڵاتى روسیا خەریکی دروستکردنی چەند میلیشیایەکە لەڕۆژهەڵاتی روباری فوڕات و رۆژاڤا، ئەمەش ئەگەری شەڕی زیاتر دێنێتە ئاراوەو بەربەست لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعشدا دروستدەکات. هاوکات مەزڵوم کۆبانیش ئاماژە دەکات بەدەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا. هەسەدە دەترسێت میلیشیاکانی روسیا بەربەست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش دروستبکەن لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات بەبڕوای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵەکانی روسیا بۆ راکێشانی گەنجان بۆ نێو میلیشیاکان لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی روباری فوڕات لەسوریا پێدەچێت ببێتەهۆی بارگرژیی زیاتر لەناوچەکە. هەسەدە دەترسێت میلیشیاکانی روسیا بەربەست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش دروستبکەن لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات. هەسەدە رایگه‌یاند که‌زیادکردنی کۆمەڵەیەکی نوێی میلیشیا بۆ ئەو تێکه‌ڵه‌یه‌ کەهەیە بارودۆخەکە ئاڵۆزتردەکات و بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا. فەرهاد خۆجە بەرپرسێکی هەسەدەیە باس لەوەدەکات کە روسیا تۆڕێکی میلیشیای دروستکردووە لەعامودا، تەل تەمەر، عەین عیساو دەرباسییە و ناوچە گوندنشینەکانی حەسەکە. هەڵمەتەکانی راکێشانی ئه‌ندامان و راهێنانەکان دەستیانپێکردووە لەکەمپێک لەزەوییەکانی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، کە لەئێستادا لەژێردەستی روسیادایە. فەرهاد وتی «دەیان گەنجی بێکار کە نایانەوێت یان ناتوانن ناوچەکە بەجێبهێڵن خراونەتە نێو ریزی ئەو میلیشیایانەوە، هەرچەندە بڕی ئەو پارەیەی بۆیان دانراوە زۆر کەمە». هه‌روه‌ها وتی «روسیا لەڕێی کردەوەکانییه‌وه‌، ئاگری بارگرژییه‌کان لەناوچەکە خۆشدەکات».  ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کەئامادەیی ئەو گروپە چەکدارانە رەنگە ببێتەهۆی شەڕو پێکدادان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی دژبه‌یه‌کیی لایەنگریکردنه‌کاندا. ئامادەکاریی دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کەداگیرکراون هاوکات مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هیزەکانی هەسەدە رایگەیاند، ئامادەکاریی دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کەداگیرکراون، هەروەها باسی دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش دەکات لەگەڵ ئەمریکا. رۆژنامەی یەنی ئۆزگویر پۆلەتیکا (politika yeniozgur)، چاوپێکەوتنێکی مەزڵوم عەبدی (مەزلوم کۆبانی) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکردووەتەوە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە «ئەوەی هەیە زۆری نەماوە کە لەکاتێکی گونجاودا، ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان رزگار دەکەینەوە». مەزڵوم کۆبانی، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەسەدە ئیتر لەڕابردوو بەهێزترە، مەرج و پلانی ناوچە رزگارکراوەکانیش نزیکە. وتیشی «پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەب باشەو کوردو عەرەب لەباکووری سوریا چارەنووسیان هاوبەشە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی میسر باشە». ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات لەچەند رۆژی رابردوودا فرانک ماکەنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لەبنکەیەکی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە ماکەنزی رایگەیاند مەزڵوم کۆبانی داوای گرەنتی لەئەمریکا کردووە سەبارەت بەوەی یارمەتی هێزەکانی هەسەدە بدات. ماکەنزی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی “ئەمریکا لەئەرکەکانی دژی داعش بەردەوام دەبێت و یارمەتی هێزەکانی هەسەدە دەدات لەپاراستنی کێڵگە نەوتییەکانداو لەو بابەتەدا هیچ سنوورێکی کاتمان نییە. ئەو دەزانێت و منیش هاوڕام لەگەڵی، ئێمە بۆ ماوەی (١٠٠) ساڵ لێرە نامێنینەوە. لەڕاستیدا نازانم ئێمە چەند لێرە دەمێنینەوەو جگە لەکاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لێرە هیچ رێنماییەکی دیکەم پێ نەگەیشتووە”. فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت چارەسەری ئەو ئەنجامە خراپانەی بکات کەکردوویەتی، بڕیارەکانی دەدات و لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەچوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا دەست بەکاردەکەن. ئەمەش دوای ئەوەی روسیا کەوتۆتە هەوڵی دروستکردنی میلیشیا لە رۆژاڤا. روسیا چاوی لەوە بووە کاریگەریی خۆی لەسوریا فراوان بکات بەدامەزراندنی میلیشیای سەر بەخۆی لەچەند ناوچەیەکی جیاواز، لەوانە ناوچەی حەلەب. ئەحمەد سەلیم چالاکوانێکە لە حەلەب وتی «لەژێر چاودێریی پۆلیسی سەربازیی روسیادا میلیشیاکان لەپارێزگاکانی حەلەب، دەرعاو قونه‌یترە پێکهێنراون، لەمدواییانەشدا لەناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق». وتی «لەحەلەب، پۆلیسی سەربازیی روسیا پشتیوانیی گروپە چەکدارەکانی وەک میلیشیای بێری و ئەساسنا دەکەن و بەگوێرەی راپۆرتەکان روسیا پلانێکی نوێی هه‌یه‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ی هەموو چەکدارەکان لەحەلەب لەژێر یەک میلیشیادا». زیاتر وتی «پۆلیسی سەربازیی روسیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی دامەزراندنیشیان لە دوما، خۆرهەڵاتی غۆتە، دەستپێکردووە بۆ راکێشانی چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بۆ نێو ریزەکانی میلیشیاکە». ئەو چەکدارانەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە رێکەوتننامەکەدا جێیان هەیە، ناویان لەنێو لیستی داواکراوانی رژێمدا هەیە، روسیاش سوودی لەلاوازی و بێدەسەڵاتی ئەوانه‌ بینیوە. ئەحمەد سەلیم وتی «بەشێک لەمیلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن روسیاوە لەدەرعاو قونه‌یترە جێگیربوون، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری چەکدار گواستراونەتەوە بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای ئیدلیب». لێرە چەکدارەکان شانبەشانی لیوای قودسی لایەنگری رژێم و هێزی نیمر، کە لەلایەن عەمید سوهەیل حەسەنی لایەنگری روسیاوه‌ رابەرایەتی دەکرێت، شەڕدەکەن. هاوسەرۆکی باڵی سیاسیی هەسەدە لەناوچەی خۆسەریی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا، ریاز دەرار وتی به‌ڵام ئەو میلیشیایانە پێناچێت زیاتر لە (1000) چەکدار رابکێشن بۆ نێو ریزەکانیان. وتی دامەزرێنراوەکان «بەکرێگیراون و هیچ هونەرێکی جەنگییان نییە، لەبەرئەوە هیچ بەهایەکی سەربازییان نییە بەبەراورد بەهەسەدە، بۆ نمونە، کە لە زیاتر لە (80) هەزار شەڕڤان پێکدێت». وتیشی له‌پاڵ ئەوەشدا هێزەکانی روسیا شکستیان هێناوە لەڕاکێشانی گەنجاندا لەناوچە خێڵەکییەکان بۆ نێو ریزی میلیشیاکانیان، سەرباری هەوڵدانێکی زۆر.

 شاناز حەسەن وەزارەتی تەندروستی داوا له‌و ‌هاوڵاتىانه‌ی هەرێمی کوردستان دەکات کەدوای سەری ساڵ لەچین گەڕاونەتەوە، سەردانی نزیکترین نەخۆشخانە بکەن بۆ ئەنجامدانی پێشکنین بەمەبەستی دڵنیابوون له‌وەی کەدووچاری ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون یان نا، کە بەم دواییانە لەچین بڵاوبۆتەوە. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتى وت «داوا له‌و ‌هاوڵاتىانه‌ ده‌که‌ین که‌پێش دوو هه‌فته‌ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ چونه‌ وڵاتى چین، بۆ دڵنیایى له‌ته‌ندروستیان بچنه‌ لاى پزیشک و پشکنین بکه‌ن». وته‌بێژى ته‌ندروستى وتیشی «له‌ڕوى ته‌ندروستییه‌وه‌ له‌وکاته‌وه‌ى که‌ ڤایرۆسه‌که‌ بڵاوبۆوه‌ ده‌ستمانکرد به‌ڕێنمایى و پشکنینى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ له‌وڵاتى چینه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمه‌وه‌«. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ له‌زۆر وڵاتى جیهان، به‌هاوکارى وه‌زاره‌تى ناوخۆو بازرگانی، له‌ئێستادا خاڵه‌ سنوورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌ ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر گه‌شتیارێک له‌و وڵاتانه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ى تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ بێته‌ هه‌رێمه‌وه‌ پشکنینى بۆ ده‌کرێت و ماوه‌ى دووهه‌فته‌ له‌ژێر چاودێریدا ده‌بێت.  ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی لەبەرئەوەیە کەخه‌سڵه‌تى ڤایرۆسه‌که‌ وایه‌ به‌دووهه‌فته‌ نیشانه‌کانى له‌که‌سه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت. ته‌نیا پشکنین بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌کرێت که‌ له‌چین گەڕاونەتەوە، یان ئەوانەی لەو وڵاتانەی گەڕاونەتەوە کەڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، محه‌مه‌د قادر وتی «ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌ى کۆرۆنا تواناى دروستبوونى نیه‌، واته‌ ترس نیه‌ له‌کوردستان بڵاوبێته‌وه‌، ته‌نیا ده‌بێت له‌که‌سێکه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌«. وتیشی «به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ تائێستا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هیچ حاڵه‌تێک تۆمار نه‌کراوه‌، ته‌نیا له‌ئیمارات چوار حاڵه‌ت تۆمار کراوه‌«. وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم باسى له‌وه‌شکرد کەبه‌رده‌وام رێنماییه‌کانیان بۆ ‌هاوڵاتىانى هه‌رێم ئەوەیە کە پاکوخاوێنى بپارێزن و خۆیان بپارێزن و له‌بوونى هه‌ر ئه‌گه‌رى ڤایرۆسێک، سه‌ردانى پزیشک بکه‌ن و پشکنین بکه‌ن بۆ خۆپارێزیی. نیشانەکانی ڤایرۆسەکە ئەوەیە کەتووشبووەکە تایه‌کى زۆرو ئازارى ماسولکه‌و کۆکه‌و پژمینی هەیە، کەئەوە لەدیارترین نیشانه‌کانن، له‌کاتێکدا ئه‌مانه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ که‌سه‌که‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه‌، چونکه‌ ئه‌م نیشانانه‌ نیشانه‌ى په‌تاى وه‌رزیشن. دکتۆد محه‌مه‌د وتی «بۆیه‌ پشکنین ته‌نیا بۆ سه‌لامه‌تى گیانى که‌سه‌که‌ پێویسته‌«. رۆژى پێنجشه‌ممه‌، له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێرو سلێمانى ئاگادارکراونه‌تەوه‌، بۆ رێگرتن له‌هاتوچۆى گه‌شتیار بۆ ناو هه‌رێم له‌چین و له‌هه‌ر وڵاتێکی تر که‌ ڤایرۆسه‌که‌ى تێدا بڵاوبۆته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌ گه‌شتکردن بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ئێستادا راگیراوه‌. وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاماژە بەوەدکات کەهه‌موو رێوشوێنێک بۆ رێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ گیراوه‌ته‌به‌ر. سامى جه‌لال، به‌ڕێوەبه‌رى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، به‌‌ هاوڵاتى وت «له‌ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌وه‌ به‌فه‌رمى هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستانمان ئاگادارکردۆته‌وه‌، هیچ گه‌شتیارێک له‌وڵاتێک که‌ڤایرۆسه‌که‌ى تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ نه‌یه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ رێگرتن له‌هاتن و بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا». وتیشی «گه‌شتکردنیش بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ راگیراوه‌ که‌ڤایرۆسه‌که‌ى تێدا بڵاوبۆته‌وه‌، بۆ رێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌« هه‌موو rێگریه‌ک کراوه‌ بۆ خۆپاراستن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌و رێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان». ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌سه‌ره‌تاى مانگى یه‌کى 2020 له‌شارى وهان له‌وڵاتى چین سه‌ریهه‌ڵداو زیاتر له‌ (11)هه‌زارو (791) که‌س تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌و (259) که‌سیش مردووه‌. ڤایرۆسى کۆرۆنا تائێستا له‌ (10) وڵاتى جیهان بڵاوبۆ‌ته‌وه‌، (120) که‌س تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێکى مردن له‌وڵاتانى تر تۆمار نه‌کراوه‌. عامر دیاب، به‌رپرسى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «وه‌ک به‌شى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کان به‌رده‌وام رێنماییمان بۆ نه‌خۆش ئه‌وه‌یه‌ خۆى بپارێزێت له‌نزیکبوونه‌وه‌ى زۆر، دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌که‌سێک که‌ کۆکه‌و پژمینى هه‌بێت، ته‌نانه‌ت که‌ئه‌نفلۆنزایه‌کى ئاسایش بێت». تێکه‌ڵى زۆر و نزیکبوونه‌وه‌ هۆکارێکه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى هه‌موو جۆره ‌ڤایرۆسه‌کان، بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ که‌خۆت بپارێزێت له‌شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان دکتۆر عامر وتیشی «زۆر گرنگه‌ به‌تایبه‌ت که‌ له‌ئێستادا زۆربه‌ى ماڵه‌کان ئاژه‌ڵى تێدا به‌خێوده‌کرێت، به‌کارهێنانى ده‌ستکێش و ده‌مامک، پۆشاکى تایبه‌ت بپۆشرێت زۆر پێویسته‌، که‌ له‌ئاژه‌ڵى کێوى به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نزیک نه‌بنه‌وه‌ که‌هۆکارێکه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى جۆره‌کانى ئه‌نفلۆنزاو به‌تایبه‌تیش ڤایرۆسى کۆرۆنا». به‌رپرسى به‌شى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد، زۆر گرنگه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ ‌ان زۆر سه‌ردانى شوێنه‌ گشتییه‌کان نه‌که‌ن و وتی «تێکه‌ڵى زۆر و نزیکبوونه‌وه‌ هۆکارێکه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى هه‌موو جۆره ‌ڤایرۆسه‌کان، بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ که‌خۆت بپارێزێت له‌شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان». جگە لەفڕۆکەخانەکان؛ لەدەروازە سنوورییەکانیش رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا. کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایدەگەیەنێت، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا)، دەشڵێت “دەوامی بنکەی تەندروستی پەروێزخان کرایە (٢٤) کاتژمێری”. کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەڕاگەیەنراوێکدا، کەوێنەیەکی بۆ ‌ نارد، دوێنێ رایگەیاند، دوای گفتوگۆو هەماهەنگی نێوان عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، دەوامی بنکەی تەندروستی پەروێزخان کرایە (٢٤) کاتژمێری. راشیگەیاند ئامادەکاری و هەوڵەکانیش بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بنکەی تەندروستی پەروێزخان، نشینگەی پەروێزخان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبن، «لەپێناو توندوتۆڵکردنەوەی زیاتری ڕێکارەکانی پشکنینی گەشتیاران و هاووڵاتیانی بیانی، کە لەڕێگەی مەرزەکەمانەوە هاتووچۆ دەکەن». راگەیەنەراوەکە باس لەوەدەکات کە لەو بنکەیەدا چاودێری و پشکنین بۆ هاووڵاتی و گەشتیارانی بیانی و حاڵەتە گوماناوییەکانی توشبوو بەڤایرۆسی (کۆرۆنا) دەکرێت. لەساڵانی پێشوودا ڤایرۆسەکە پێشتر بەشێوەیەکی لاواز دەرکەوتووە، بەڵام لەچەند هەفتەی رابردوودا لەشاری وهانی چین بەقورسی سەریهەڵدا لەمارکێتێکدا کەخۆراکی دەریایی و ئاژەڵی کێوی دەفرۆشێت. ئێستا ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە چەند وڵاتیکی گەورەی جیهان، ئەوەش لەڕێگەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسە توشبووەکانەوە کەهاتوچۆی چینیان کردووە. بەرپرسانی چین هۆکارەکانی گواستنەوەیان لە وهان و ناوەوەی شارەکەو شارەکانی تردا وەستاندووە. ئەم هەنگاوە پەرەسەندنێکی بەرچاوە لەهەوڵەکانی وڵاتەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڤایرۆسەکە لەگەڵ ئەوەی ملیۆنەها خەڵکی چین سەرگەرمی گەشتکردن بوون بۆ جەژنی سەری ساڵی لوناری چینی. ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا بەهۆی ئەو ترۆپ (پۆپ)انەوە ناونراون کە لەبەرگی خانەکانیانەوە دەردەچن و شێوەی لەتاج (ئەڵقەی) خۆر دەچێت. دەتوانن ئاژەڵ و مرۆڤ تووش بکەن و ببنەهۆی دروستبوونی نەخۆشی لەکۆئەندامی هەناسەدان هەر لەپەتای ئاساییەوە بیگرە تاحاڵەتی مەترسیداری وەک کۆنەخۆشی تووندی بەتاوی هەناسەیی کەکورتکراوەی (سارس)ەو لەساڵی ٢٠٠٣ هەزارەها کەسی نەخۆش خست لەسەرتاسەری جیهانداو نزیکەی (٨٠٠) کەسی کوشت. ساڵانە نزیکەی (200) هەزار کەس رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن بەهۆی توشبوونیان بەڤایرۆسەکانی کۆرۆناوەو (٢٥) کەس دەمرن. لەکاتێکدا هەندێک لەزانایان باس لەوەدەکەن کەڤایرۆسە نوێیەکە تووندی کەمترە لەڤایرۆسەکانی تری کۆرۆنا، وەک سارس و مێرس، بەڵام دیارنییە کەبەرپرسانی چین چەنێک روون بوون دەربارەی ژمارەی توشبووان و مردووان یان تەنانەت ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە بەوردیی بەدواداچوونیان بۆ کرابێت. «ئەو زانیاریانەی دەیزانین بەخێرایی دەگۆڕێت، هەرکاتێک ڤایرۆسێکی نوێ سەرهەڵدەدات ماوەیەکی پێدەچێت تا دەربارەی شارەزا دەبین»، دکتۆر جولی ڤایشەمپەیەن بەرپرسی لیژنەی تەندروستی لە رێکخراوی کۆمەڵەی نەخۆشییە گوێزەرەوەکانی ئەمریکا وای وت. دکتۆر پیتەر رابینوۆتز، بەڕێوەبەری مێتاسەنتەری زانکۆی واشنتن دەڵێت «هێشتا پزیشکان بەوردیی نازانن ڤایرۆسەکە چۆن تەشەنە دەکات، بەڵام دەگونجێت لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە کە وادەکات مەترسییەکەی زۆرتربێت لەو حاڵەتەی کەتەنها لەئاژەڵەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ». بەشێوەیەکی سەرەکی ڤایرۆسەکە لەڕێی کۆکەو پژمەوە دەگوازرێتەوە وەک ئەنفلۆنزاو ڤایرۆسەکانی تری کۆئەندامی هەناسە. لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کەتوێژەرانی چینی ڤایرۆسێکی نوێی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە کە وەک میکرۆبێک کاردەکات. حاڵەتەکان پەیوەندیداربوون بەکارمەندی مارکێتێک کە ماسی زیندوو، ئاژەڵ، هەروەها پەلەوەری تێدا دەفرۆشرا. دواتر مارکێتەکە لەلایەن حکومەتی چینەوە داخرا. هیچ دەرمانێک بۆ ڤایرۆسە نوێیەکەی وهان پەسەند نەکراوە. دکتۆر جولی ڤایشەمپەیەن دەڵێت کەچارەسەری سەرەکی گرنگیپێدانە، لەوانە دڵنیابوونەوە لەوەی نەخۆشەکە ئۆکسجینی پێویستی پێدەگات و ئەگەر پێویست بکات دەزگای هەناسەپێدەر بەکاربهێنرێت بۆ پاڵەپەستۆکردنی هەوا بۆ نێو سییەکانی نەخۆشەکە. دەبێت نەخۆشەکان پشوو بدەن و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە «لەکاتێکدا سیستەمی بەرگری کاری خۆی دەکات و چارەسەری جەستە دەکات». بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی، دەکرێت پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا  وابکات لەماوەی سێ مانگدا ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا بدۆزرێتەوە. ئاژەڵان سەرچاوەی سەرەکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەن، بەڵام هێشتا دیارنییە چ ئاژەڵێک. بۆچوونەکان بۆ ئەوە دەچن کەسەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی پێشوو وەک سارس هەر لەمارکێتی ئاژەڵی زیندووەوە سەریانهەڵدابێت. ڤایرۆسێکی تر، کە کۆنەخۆشی هەناسەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێرس)ی دروستکرد، لەحوشترەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

‌هاوڵاتى لەشەش مانگی رابردوودا، زیاد لە (100)هەزار له‌ئه‌ندامانی سوپاو پۆلیسی عێراق گەڕێندرانەوە بۆ خزمەت دوای ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵ و نیوی داهاتوودا بەهۆی شەڕی داعشەوە لەناوچە سوننیەکان لەسەر کارەکانیان نەمان. بڕیاریشە دەیان هەزار کەسی تر لەبواری سەربازیدا دابمەزرێنین لەمساڵدا. بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەو هەوڵە بۆئەوەیە کەحکومەت پێشڕەویی بەرچاو بەدەستبهێنێت لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). ئەو هێزانە دەرکران لەبەرئەوەی نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ پێگه‌کانیان لەکاتی رووداوە ئەمنییه‌کانی دوای داگیرکاریی داعشدا لەناوەندی 2014. عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری وتی «سەربازە گەڕاوەکان ناونووسکراون بۆ چەند خولێکی راهێنانی چڕوپڕ بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی جەستەیی و شه‌ڕکردنیان، گەشەپێدانی کارامەیی و بەرزکردنەوەی ورەیان». ژمارەی سەربازە گەڕاوەکان تاسەرەتای ئەمساڵ لەتەواوی یەکەکانی سوپادا گەیشتۆتە (61) هەزار که‌س جگە لە (٤٢) هەزار کەس لەپیاوانی پۆلیس. ئەوانەی کەگەڕاونەتەوە بۆ خزمەت ئامادەی خولێک دەبن بۆ بەهێزکردنی ورەیان و ئاستی ئامادەییان. سەربازەکان لەیەکەکانی پێشووی خۆیاندا دانراونه‌ته‌وه‌ لەگەڵ چەند فەرماندەییەکی تازەپێکهێنراوو ئه‌وانه‌ی پەیکەربەندییان نوێکراوه‌ته‌وه‌، بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی لەدەست داعش رزگارکران. عەمید یەحیا وتی «توانا جەنگییە پەرەپێدراوەکانی سوپا بەهۆی ژمارەی زیادکراوی سەربازانەوەیە، ئەم زیادکردنە پەرەی داوە بەهەوڵە ئەمنیەکانمان و رێیداوە پێمان هەنگاوی گەورە بنێین لەشه‌ڕی دژ به‌تیرۆردا». وتیشی «هێزەکانمان کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەمانیان بەدەستەو هێرش ئەنجامدەدەن و بەسەرکەوتووانە بەدووی پاشماوەکانی دوژمن دەکەون، کە بەشێوەیەکی روون رەنگدانەوەی هەبووە بۆسەر دۆخی ئەمنی لەتەواوی وڵاتدا.» گەڕاوەکان نزیکەی (42) هەزار ئەندامی پۆلیسی پێشووتری لەخۆگرتووەو پلانیش هه‌یه‌ بۆ دامەزراندنەوەی هەمان بڕ لەساڵی 2020. شەلال ناجی ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار وتی «گەڕاندنەوەی ستافی پۆلیس کەپێشتر لەسەرکار لادرابوون، یەکێکە لەداواکارییە سەرەکییەکانمان و حکومەتیش گوێڕایه‌ڵ بووه‌«. وتیشی «پارێزگاکەمان یەکێکە لەپارێزگا گه‌وره‌کان و بیابانێکی فراوان و چەند شارێکی بەرفراوانی تێدایە.» وتی «لەبەر ئەم هۆیە، داوامانکردووە ژمارەی ستافی ئەمنی زیادبکرێت بە رێدان بەگەڕانەوەی هێزی لەکارلادراوی پۆلیسی ناوخۆ بۆ یەکەکانیان.» وتیشی «هەزاران کارمەندی پێشووی پۆلیس بەچەند قۆناغێک گەڕاونەتەوە، کەدوایینیان گروپێکی چوار هەزار کەسی بوو.» ناجی وتی «لەمڕۆدا، پۆلیسی ئەنبار بەشێوەیەکی زیاتر قەرەبووی کورتهێنانی پۆلیسی کردۆتەوەو لەئێستادا (20) هەزار ئەندامی هەیە بەرامبەر (28) هەزار کەپێشتر هەیبوو پێش 2014.» هەروەها وتی «هێشتا کورتهێنان ماوە، بەڵام زیادکردنەکان بەڕاستی ئەرێنی بوون و یارمەتی پشتیوانیکردنی پلان و بەرنامەکانیان داوە بۆ زیادکردنی گوشار لەسەر ئەو ئەندامانەی داعش کەخۆیان شاردۆتەوە لەبیابانداو زیاتر پتەوکردنی شارو گوندەکان دژی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.» زۆرێک لەهێزی پۆلیسی گەڕاوە خراونەتە نێو لیواکانی ئامادەی تاکتیکییه‌وه‌ دوای ئەنجامدانی راهێنانی ئاستی باڵا، ناجی وتی «ئەم لیوایانە لەمڕۆدا سەری رمن لەشەڕی دژ به‌پاشماوەکانی داعشدا». محەمەد رەزاق روبەیعی پسپۆڕێکی ئەمنییە وتی «هەموو ئەم گەڕاوانە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەندامی پێشووتری هێزەکانی سوپاو پۆلیس بوون کەبەشدارییان کردووە لەشەڕی تیرۆریستانداو ئەزمونێکی زۆری سەربازییان هەیە.» وتیشی «هەربۆیە، گەڕانەوەیان زۆر گرنگە بۆ تاوسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان... شەڕی دژی داعش هێشتا تەواو نەبووەو لەناوبردنی مەترسییەکەی پێویستی بەچەند هێزێکی ئەمنیی زیاتر راهێنراو هەیە کەچەکداربن بەپێشکەوتووترین چەکەکان».

راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا نیگەرانییەکانی تەشەنەسەندنی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاڕە داراییەکانی هەژاندووەو بازاڕەکانی بۆرسە سستییان بەخۆیانەوە بینیوە هەر لەنیویۆرکەوە هەتا تۆکیۆ. سێ گەورەترین کۆماپانیای ئەمریکا لەبۆرسەی وڵاتەکەدا ئاستی پشکەکانیان بەڕێژەی لەسەدا ١.٥% کەمبووەتەوە لەکاتێکدا بۆرسەی (١٠٠) پڕبەهاترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا بە رێژەی لەسەدا ٢.٣% سستییان بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی لەچین فرۆشیان زۆرە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. تائێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە(١٠٠) کەسی کوشتووەو زیاتر لەچوار هەزار کەس تووشی بوون لەچیندا لەکاتێکدا زیاتر لە(٥٠) حاڵەتی توشبوون هەیە لەسەرتاسەری جیهاندا. سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەگەڵ ساڵی نوێی چینی روویدا کە لەوکاتەدا عادەتەن گەشتکردن و پارە خەرجکردن زیاد دەکەن. لە دووشەممەی رابردوودا زۆربەی مارکێتە گەورەکانی ئاسیا داخران، بەڵام نیگەرانییەکانی کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر ئابوری چین لەسەرتاسەری جیهان هەستیپێکرا، بەزۆری لەسەر کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکان و فاشیۆنەکان. «هەتا کاتی زیاتر بخایەنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڤایرۆسەکە، باجە ئابورییەکەی گەورەتر دەبێت و دەبێتە  دوو ئەوەندە»، ئان سپێنسەر، پرۆفیسۆر لەزانکۆی ئێکستەر وای وت. لەهەمانکاتدا نرخی نەوت زیاتر لەسەدا ٢% دابەزی و نەوتی خاوی برێنت بە (٥٩) دۆلارو (٣٢) سەنت فرۆشرا، لەگەڵ ئەوەی بازرگانانی نەوت دەترسن لەوەی خواست لەسەر نەوت کەمببێتەوە ئەگەر ئابوری چین بوەستێت. شیکەرەوانی رێکخراوی توێژینەوەی ئابوری ئۆکسفۆرد لە توێژینەوەیەکدا رایانگەیاند کە «کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە خراپترین کاتە» بۆ باری ئابوری جیهان. لەهەوڵی هێواشکردنەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەکە، چین گەشتی چەند شارێکی راگرتووە و دایخستوون لەکاتێکدا کۆمەڵە کۆمپانیایەکی زۆر لەوڵاتەکەدا ئامۆژگاری ستافەکانیان کردووە لەماڵەوە کارەکانیان بکەن. پشوی سەری ساڵی چینیش درێژکرایەوە و کارمەندەکانی کۆمپانیاکان ئاگادارکراونەتەوە کە دوورکەونەوە لەناوچە زۆر توشبووەکان. شیکەرەوان دۆخەکە بەراورد دەکەن بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی سارس لە ٢٠٠٢ کەنزیکەی (٨٠٠) کەسی کوشت. لێکەوتەکانی ڤایرۆسەکە گەشەی ئابوری ساڵانەی چینی لە لەسەدا ١١%ەوە بۆ لەسەدا ٩% دابەزاند. خەمڵاندنی ئەوە کراوە کە ڤایرۆسی سارس نزیکەی (٥٠) ملیار دۆلار زیانی بەئابوری جیهان گەیاند لەماوەی پێنج مانگی بڵاوبوونەوەیدا. لەکاتێکدا ئەم ڤایرۆسە کەمتر کوشندەیە، بەڵام دەگونجێت باجی ئابوری بەرچاوی لێبکەوێتەوە لە ئاسیاو دواتریش بڵاوببێتەوە بۆ وڵاتەکانی تر، بەئەمریکاشەوە «لەڕێی دۆخی دارایی مارکێتەکانەوە، خەرجکردنی بەکاربەر، دڵنیایی، هەروەها هەناردەکردن»، رایان سویت، شیکەرەوە لە «موودی ئەنالەتیک» وای وت. «کێشەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە ئەوەیە کەدەتوانێت پشێوی دروستبکات و دڵنیایی بهەژێنێت، کەئەمەش وا لەبەکاربەران دەکات بەخەرجییەکانیاندا بچنەوەو گۆڕانکاری تێدابکەن». تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا، وەک لویز ڤیتۆن، لەچیندا دابەزینیان لە فرۆشدا بەخۆوە بینی دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا پشکەکانیان نرخی بەرزبووەوە. بۆرسەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیاو فەرەنسا بە رێژەی لەسەدا ٢.٥% دابەزینی بەخۆیەوە بینی. لە لەندەنیش، کۆمپانیای جلوبەرگی «بێربری» کە لەسەدا ١٦%ی فرۆشی لەچیندایە، پشکەکانی بەلەسەدا ٤.٧%  دابەزی. چین یەکێکە لەمارکێتە زەبەلاحەکانی کۆمپانیای «بێربری»ەوە هۆشداری ئەوەیدا بە وەبەرهێنەران کە دابەزین لە خەرجی بەکاربەرانی چیندا رەنگە ببێتە کەمبوونەوەی داهەتەکانی کۆمپانیاکە. کۆمپانیا تەرفیهییەکانی ئەمریکاش، وەک»وین ریزۆرتز»، کە چەندین گازینۆی هەیە لەهەرێمی سەربەخۆی ماکاوی چین، گەورەترین دۆڕاو بوو بەوپێیەی پشکەکانی لە ٨% دابەزی. هەروەها «لاس ڤێگاس ساندز» کە لە ماکاو بزنسی گەورەی هەیە پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا ٦.٦% دابەزی. تۆمی هو، ئابوریناسی باڵا لە رێکخراوی ئابوری ئۆکسفۆرد رایگەیاند کە هەر هەژاندنێک بۆ سەر ئابوری چین رەنگە کورتخایەن بێت، بەڵام کاریگەری زۆری هەبێت هاوشێوەی سارس، کە تەنها لەسێ مانگی سەرەتای ساڵدا کاردەکاتە سەر ئەدای کۆمپانیاکان. دووەم گەورەترین ئابوری جیهان لەپێگەیەکی لاوازدایە دوای جەنگێکی بازرگانی سەخت لەگەڵ ئەمریکاداو سستییەکی سروشتی کە بەهۆی هەوڵەکانی وڵاتەکەوە دروستبووە بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی. ئابوری جیهان بەبەراورد بەساڵی ٢٠٠٢، کاتی سەرهەڵدانی سارس، کاریگەری زیاتری بەردەکەوێت لەحاڵەتی سستی ئابوری چیندا. «جیاوازییەکە بەڕوونی ئەوەیە کە کاریگەری گواستنەوە زۆر زۆر کەمبوو لەکاتی سارسدا، هەستیاری ئابوری جیهان بەرامبەر چین ئێستا زۆر گەورەترە. دەبێت ئەو جیاوازییە چەندجارەی سێ بکەیت لەئێستادا»، گیلیس مۆوک ئابوریناسی بەرپرس لە «گروپی ئاکسا» وا دەڵێت. «دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ کاریگەرییەکە لە ئاسیادا دەمێنێتەوە یان تەشەنە دەکات و سستی لەوڵاتانی تریش دروست دەکات». ئابوریناسان پێشبینی سستی ئابوری جیهانیان کردبوو لە ٢٠٢٠دا، بەڵام مەترسی رووداوێکی لەم جۆرە هەژمار بۆنەکراوە رەنگە سستییەکە زیاتر قووڵبکاتەوە. هێشتا زووە  کە بڕیاربدرێت، بەڵام رەنگە ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا ببێتە ئەو «قەلەڕەشەی» ٢٠٢٠ وەبەرهێنەران ترسی تەواویان لێی هەبوو.

‌هاوڵاتى، لاڤین مه‌حمود شیلان هه‌موو رۆژێک بۆ رازیکردنى دڵى هاوسه‌ره‌که‌ى خواردنى خۆشى ئاماده‌ده‌کرد تادڵى هاوسه‌ره‌که‌ى له‌خۆی رازى بکات، به‌ڵام دەڵێت هاوسه‌ره‌که‌ى هه‌ر ناڕازیى بووە، چونکه‌ رووخسارى ژنه‌که‌ى به‌دڵ نه‌بوو، دواتر پێیده‌ڵێت ده‌بێت جوانکارى بکه‌یت. شیلان ئه‌حمه‌د ناوى خوازراوى ژنێکه‌ ته‌مه‌نى (٣٢) ساڵه‌ بە‌هاوڵاتى وت «من رووخسارێکى بێ که‌موکورتیم هه‌بوو، به‌ڵام لاى هاوسه‌ره‌که‌م وا نه‌بووم به‌رده‌وام پێى ده‌وتم جوانکارى بکه‌، منیش جوانکاریم ئه‌نجامدا بۆ لوت و روومه‌ت و لێوم». ماوه‌ى مانگێکه‌ شیلان جوانکاریی کردووه‌و پاره‌یه‌کى زۆریشی لەجوانکاریەکەیدا خەرجکردوە، وتی «به‌ڵام هیچ پێم جوان نیه‌، چونکه‌ زۆر ناسروشتى ده‌رده‌که‌وم، کاتێک هاوسه‌ره‌که‌م پێیده‌وتم جوانکارى بکه‌ زۆرم پێ ناخۆش بوو، چونکه‌ حه‌زم نه‌ده‌کرد ده‌ستکارى کارى خودا بکه‌م. زۆربوونى جوانکارى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کچانه‌ى وه‌ک مۆدێل خۆیان ده‌نوێنن یان ئه‌وانه‌ى له‌سۆشیال میدیا ناوبانگیان هه‌یه‌، واده‌که‌ن خه‌ڵک و کچى هه‌رزه‌کار چاویان لێبکات. شیلان وتی «به‌ڵام هه‌موو مرۆڤێک به‌و شێوه‌یه‌ جوانه‌ که‌خودا دروستى کردووه‌، من له‌به‌ر هاوسه‌ره‌که‌م کردم هه‌رچه‌نده‌ ئێستا منى پێ جوانه‌ به‌ڵام من خۆم به‌جوانێکى ده‌ستکرد ده‌زانم، به‌ڵام لوتمم به‌دڵه‌«. له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو جوانکارى له‌کوردستان بره‌وى سه‌ندووه‌، به‌شێکى زۆرى هاوڵاتیان په‌نایان بۆ بردووه‌ به‌مه‌به‌ستى جوانترکردنى رووخساریان، سه‌رجه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانیش له‌نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌کان ده‌کرێن. محه‌مه‌د مه‌حمود، پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌کانى پێست و جوانکارى به‌ ‌هاوڵاتى وت «له‌ئێستادا جوانکاریکردن روو له‌زیادبوونه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێکى خه‌ڵکى چاو له‌یه‌کترى ده‌که‌ن یان چاو له‌که‌سایه‌تیه‌کى دیار ده‌که‌ن، به‌شێکى به‌هۆی پسپۆڕیه‌، ئه‌و دکتۆرانه‌ى ئه‌و پسپۆڕییەیان هەیە ژماره‌یان زیادى کردووه‌، سه‌ردانکردنى خه‌ڵک بۆ ده‌ره‌وەو ئاشنابوون به‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها بوونى ئەو درامایانه‌ى له‌تەلەڤزیۆن په‌خش ده‌کرێت». وتیشی»رۆژانه‌ خه‌ڵک دێنه‌ لام داواى جوانکاریه‌ک ده‌که‌ن که‌پێویستیان نیه‌، من ئامۆژگارییان ده‌که‌م نه‌یکه‌ن، به‌ڵام به‌شێکى که‌میان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێک دێن ده‌ڵێن دکتۆر ده‌مه‌وێ رووخسارم له‌فڵان که‌س بچێت، کاتێک من جوانکارى بۆ که‌سێک ناکه‌م که‌پێویستیه‌تى ده‌چێته‌ لاى دکتۆرێکى تر، ئه‌گه‌ر دکتۆرێکى تریش نه‌یکات دواجار دکتۆر زۆره‌ بۆى بکات». ئه‌م پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا «جوانکاریکردن به‌پێى کات و وه‌رزه‌کان ده‌گۆڕێت، له‌مانگى (١٠ بۆ ١) که‌متر خه‌ڵک دێت بۆ جوانکارى،  به‌ڵام دواى ئه‌وه‌  زیادده‌کات» سه‌باره‌ت به‌زیانه‌کانى جوانکاریش وتی «هه‌موو شتێک سوودو زیانى هه‌یه‌، به‌پێى زۆریى و که‌مى به‌پێى جۆرى جوانکاریه‌که‌، ده‌گۆڕێت و پێویستى به‌پسپۆڕى باش و که‌ره‌سته‌ى باش هه‌یه‌ تاجوانکاریه‌که‌ زیانى نه‌بێت، هه‌موو حاڵه‌تێک پێویستى به‌گفتوگۆکردن هه‌یه‌ له‌نێوان نه‌خۆش و دکتۆره‌که‌دا، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێکى سه‌رکه‌وتووى هه‌بێت». لەماوەی چەندساڵی رابردوودا ژمارەی پزیشکە پسپۆرەکانی بواری جوانکاری زیادیان کردووە بەهۆی زیادکردنی خواست لەسەر نەشتەرگەیی جوانکاریی، کە بەبڕوای وەزارەتی تەندروستی سۆشیال میدیا کاریگەری هەیە لەسەر بایەخدان بەجوانکاریی. ئاکام محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن (٢٤) ساڵ که‌جوانکارى بۆ لوتى کردووه‌، وتی «هاوڕێیه‌کم لوتى ته‌جمیل کرد زۆر جوان بۆیان بچووک کردبۆوه‌و ته‌واو رووخسارى گۆڕابوو، منیش پێم جوان بوو بڕیارمدا بیکه‌م، پێشتریش هاوڕێکانم پێیان ده‌وتم لوتت ته‌جمیل بکه‌ خۆم ته‌مه‌ڵیم لێ کردو دوام ده‌خست، دواى بینینى هاوڕێکه‌م که‌بینیم لوتى زۆر جوان بوو، منیش کردم». وتیشی «ئێستا زۆر مورتاحم چونکه‌ رووخسارم کراوه‌ته‌وه‌، پێشتر شێوازى رووخسارمى تێکدابوو، به‌ڵام خه‌ڵک زۆر توانجیان لێده‌دام کاتێک له‌زگه‌که‌ به‌لوتمه‌وە بوو، زۆر که‌سیش ده‌یبینیم پێم پێده‌که‌نین وه‌ک ئه‌وه‌ى تاوانێکم کردبێت توانجیان ده‌دا، هه‌ندێک له‌به‌رئه‌وه‌ى حه‌زیان لێبوو به‌ڵام توانایان نه‌بوو ئه‌وانیش بیکه‌ن، یاخود به‌شه‌رمیان ده‌زانى ده‌یانووت تۆش بوویت به‌کچ لێمان». تووێژەرانی کۆمەڵایەتی دەڵێن ئه‌و که‌سانه‌ى جوانکاریه‌ک ده‌که‌ن بڕوایان به‌خۆیان نیه‌ وا بیرده‌که‌نه‌وه‌ که‌جوانکارى بکه‌ن له‌به‌رچاوى خه‌ڵکى زۆر جوان ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر جوانکارییەک که‌ده‌کرێت له‌ڕووخساردا دیاره‌ که‌جوانکارییه‌ به‌ڵام رووخسارى سروشتى زۆر جوانتره‌. ئامار سادق، تووێژه‌رى ده‌روونى بۆ ‌هاوڵاتى وتی «پێیوایه‌ له‌ئێستادا نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى بۆته‌ لاساییکردنه‌وه‌و چاولێکه‌رى» هه‌ندێک که‌س نه‌فسییه‌ن نامورتاحه‌، به‌بڕواى من شتێکى ته‌قلیدییه‌ که‌سێک ده‌بینێت حه‌ز ده‌کات رووخسارى وه‌ک ئه‌و لێبکات یاخود ئه‌و درامایانه‌ى هه‌یه‌ کاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌روونى تاک». وتیشی «تێکه‌ڵبوون به‌کلتورى وڵاتان کاریگه‌رى هه‌یه‌، چونکه‌ هاوڵاتیان چاو له‌وان ده‌که‌ن و رۆژبه‌ڕۆژ جوانکارى به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت جوانکارى لوت به‌شێوه‌کى لێهاتووه‌ ئێستا زۆرینه‌ى که‌س له‌زگه‌یه‌کى به‌لوته‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک کێشه‌یه‌کى له‌لوتیدا هه‌بێت ئاساییه‌، به‌ڵام نه‌ک پێویستى نه‌بێ و بیکات». نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى له‌نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له‌شاره‌ گه‌وره‌کان ده‌کرێن له‌هه‌ندێ قه‌زاو ناحیه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام بەڕێژەیەکی کەمتر. ‌محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌لێدوانێکیدا به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌وانه‌ى که‌نەشتەرگەریەکان ئەنجامدەدەن پسپۆرى تایبه‌تی پێست و نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارین، چونکه‌ نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى به‌شێکى پێستیشى تێدایه‌«. وتیشی «زیادبوونى نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى پێدەچێت دیوێکى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بێت، ره‌نگه‌ سۆشیال میدیا هۆکار بێت، له‌وانه‌شه‌ رێژه‌ى جوانکاریکردنه‌که‌ نه‌گۆڕابێت، به‌ڵام زیاتر خه‌ڵک باسى بکات ئه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ى زیاترو وردترى ده‌وێت بۆ دیاریکردنى ژماره‌که‌«.  

سازدانى ئارا ئیبراهیم قایمقامى ناوه‌ندى قه‌زاى شه‌نگال ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات دۆخى شارۆچکه‌که‌ زۆر خراپه‌و حه‌شدى شه‌عبى خه‌ریکى خه‌ڵک رفاندن و قاچاغچێتى چه‌کن بۆ سوریا. مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى شه‌نگال له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ده‌ڵێت:» حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که‌ له‌شه‌نگال باڵاده‌ستن و پارتى و یه‌کێتى بوونیان لاوازه‌«. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت له‌سه‌دا 83ى خه‌ڵکى شه‌نگال ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى ئه‌وروپا بوون و له‌سه‌دا 17یان له‌ناو شه‌نگالدا ماونه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵده‌که‌ن و به‌هاوکارى حکومه‌تى عێراق ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى له‌گه‌ڵ داعشدا بوون جێگیرده‌کرێن له‌شه‌نگالدا که‌ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌کوشتن و رفاندنى کوردى ئێزیدیدا. ‌هاوڵاتى: دۆخى شه‌نگال له‌ئێستادا چۆنه‌؟ باس له‌وه‌ده‌کرێت عه‌ره‌بێکى زۆر له‌شه‌نگال جێگیر ده‌کرێن؟ مه‌حما خه‌لیل: ته‌عریبى خه‌ڵکى شنگال له‌ئێستادا خراپترین دۆخى هه‌یه‌ به‌راورد به‌سه‌رده‌مى سه‌دامى گۆڕبه‌گۆڕ، خه‌ڵکى عه‌ره‌ب ده‌هێندرێته‌وه‌ شنگال و حکومه‌تى به‌غدا پاڵپشتییان ده‌کات و له‌سه‌دا 80ى عه‌ره‌به‌کان داعشبوون و ئه‌وانى دیکه‌ پشتیوانى داعش بوون و ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌کوشتن و رفاندنى خه‌ڵکى شنگال و رفاندنى کچ و ژنى ئێزیدیدا. ده‌بوو فلته‌رێکى ئه‌منى توندوتۆڵ هه‌بوایه‌، چونکه‌ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ کارى نامرۆڤانه‌یان به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانى ئێزیدى کردووه‌. ‌هاوڵاتى: له‌ئێستادا چ گروپ و لایه‌نێک له‌شه‌نگالدا ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌؟ مه‌حما خه‌لیل: له‌شه‌نگالدا که‌س ده‌سه‌ڵاتى نییه‌ ته‌نها حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که‌ ده‌سه‌ڵاتدارن و په‌که‌که‌  به‌هاریکارى به‌غدا، پارتى و یه‌کێتى له‌شنگال هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیان نییه‌و بوونیان زۆر لاوازه‌. په‌که‌که‌ دوو گروپى له‌شه‌نگالدا هه‌یه‌، یه‌به‌شه‌و یه‌جه‌شه‌، یه‌جه‌شه‌ به‌شێکه‌ له‌حه‌شدى شه‌عبى و خه‌ڵکى ده‌ڤه‌رى شه‌نگالى تێدایه‌و به‌غدا موچه‌یان پێده‌دات. ئه‌وانه‌ى له‌ناو یه‌به‌شه‌و یه‌جه‌شه‌ن خه‌ڵکى ئێزیدین، به‌ڵام به‌رپرسى باڵاى یه‌به‌شه‌و یه‌جه‌شه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن و ده‌چنه‌ شه‌نگال و سه‌رپه‌رشتیان ده‌که‌ن. ‌هاوڵاتى: حه‌شدى شه‌عبى چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌کات؟ مه‌حما خه‌لیل: خراپترین مامه‌ڵه‌  له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى شه‌نگالدا ده‌کرێت له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، ته‌جاوز بۆ سه‌ر خه‌ڵک ده‌کرێت و باج و گومرگ و سه‌رانه‌ له‌خه‌ڵکى شه‌نگال وه‌رده‌گرن، به‌رنامه‌یه‌ک هه‌بووه‌ بۆ گۆڕینى دیمۆگرافى جێبه‌جێ ده‌کرێت. حه‌شدى شه‌عبى رێگه‌ نادات ئیداره‌و حکومه‌تى خۆجێى شه‌رعى بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌نگال، حه‌شدى شه‌عبى کارى خراپه‌کارى ده‌که‌ن و شه‌نگال به‌کارده‌هێنن بۆ قاچاغچێتى و ناردنى چه‌ک بۆ سوریا. ‌هاوڵاتى: ئێوه‌ له‌ناو سنورى شه‌نگال یا له‌ده‌ره‌وه‌ى سنور کاره‌کانتان جێبه‌جێ ده‌که‌ن؟ مه‌حما خه‌لیل: قایمقامى شه‌رعى شه‌نگالم و ده‌نگى میلله‌تمان وه‌رگرتووه‌، رێنمایی و یاساو په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبى کارى پێده‌کرێت له‌شنگالدا، خزمه‌تگوزارییه‌کان وه‌ک کاروبارى شاره‌وانى و ته‌ندروستى و دارچاندن و پۆلیس، هه‌موو ئه‌وانه‌ ئێمه‌ کارى تێداده‌که‌ین، ئێمه‌ وه‌کو قایمقام و ئه‌نجومه‌نى شه‌رعى شه‌نگال له‌ژێر ئاڵاى په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبى کارناکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بینه‌ شاهیدى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌کانى ئه‌وان و قاچاغچێتى و رفاندن و کوشتن، ئێمه‌ به‌حکومه‌تى عێراقمان راگه‌یاندووه‌ که‌قبوڵ ناکه‌ین هێزى نایاسایى ببنه‌ ده‌سه‌ڵاتدارو ئیداره‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن و خۆسه‌رى فه‌رز بکه‌ن به‌سه‌ر گه‌لى ئێزیدى له‌شه‌نگالدا. ‌هاوڵاتى: ئه‌و قایمقامه‌ى دانراوه‌ سه‌ر به‌کێیه‌، به‌غدا پڕۆژه‌و کاره‌کان ده‌دات به‌ئێوه‌ یان ئه‌و قایمقامه‌ى ئێستا له‌ناو شه‌نگالدا ده‌ستبه‌کاره‌؟ مه‌حما خه‌لیل: ئه‌و قایمقامه‌ى دانراوه‌ سه‌ر به‌حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که‌یه‌و له‌گه‌ڵ به‌غدا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌کى نییه‌و ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌که‌ین و پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ین و به‌غدا پڕۆژه‌کان بۆ ئێمه‌ ره‌وانه‌ ده‌کات بۆ جێبه‌جێکردنى. پڕۆژه‌کان ده‌داته‌ ئێمه‌ نه‌ک پاره‌که‌ى، سێ ناحیه‌ هه‌یه‌ که‌ئێمه‌ پڕۆژه‌ى تێدا جێبه‌جێ ده‌که‌ین، ناحیه‌ى سنونێ و درعوزێرو قیره‌وان و سه‌نته‌رى شه‌نگال، ئه‌وه‌ش به‌پێى رێژه‌ى دانیشتوان  و گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمه‌کان و هاوکارى رێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى و سندوقى هاوکارى عێراق. ساڵى رابردوو بۆ ناحیه‌ى سنونێ به‌به‌هاى نزیکه‌ى حه‌وت ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌ جێبه‌جێکراوه‌، بۆ ناو سه‌نته‌رى شەنگال جارێک دوو ملیارو (400) ملیۆن دینارو جارێکى دیکه‌ ملیارێک و (700) ملیۆن دینارو جارێکى دیکه‌ش سێ ملیار دینار خه‌رجکراوه‌ بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاووئاوه‌ڕۆو هه‌موویمان جێبه‌جێکردووه‌. ‌هاوڵاتى: حه‌شدى شه‌عدبى و په‌که‌که‌ رێگرى له‌جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌کاندا ده‌که‌ن؟ مه‌حما خه‌لیل: په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عدى هه‌وڵیانداوه‌ رێگرى بکه‌ن و کێشه‌ى بۆ دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ خه‌ڵک دابین بکه‌ین. ‌هاوڵاتى: بوونى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ چه‌کداره‌ له‌ناو شه‌نگال گرفتى دروستکردووه‌؟ مه‌حما خه‌لیل: یه‌ک چه‌کدار یاهه‌زارو (10) هه‌زار بێت، که‌عێراقى نه‌بن و  رێز له‌یاساى عێراقى ناگرن و رێز له‌دامه‌زراوه‌ى حکومه‌تى خۆجێى ناگرن، ئه‌ز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکه‌م، چونکه‌ سوێندى ده‌ستوریم خواردووه‌و پێشتر په‌رله‌مانتار بووم و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبیدا ناکه‌م. ‌هاوڵاتى: ئێوه‌ وه‌ک قایمقامى شه‌نگال سه‌ر به‌پارتى دیموکراتى کوردستانن؟ هه‌وڵتانداوه‌ کێشه‌کانى شه‌نگال و ئه‌و دۆخه‌ى هه‌یه‌ بگه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌کان و به‌رپرسانى حزبى و حکومى له‌هه‌رێم و به‌غدا؟ بۆ نموونه‌ مه‌سعود بارزانى؟ مه‌حما خه‌لیل: کێشه‌ى شه‌نگال کێشه‌ى پارتى و سه‌رۆک مه‌سعود بارزانى نییه‌، کێشه‌یه‌کى عێراقى نیشتمانییه‌، سه‌رۆک بارزانى خه‌مخۆرى میلله‌تى کوردو خاکى کوردستانه‌، به‌تاکید گفتوگۆو موناقه‌شه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی کردووه‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌رهه‌م ساڵح و یه‌کێتى گفتوگۆ کراوه‌و داوامانکردووه‌ خاکى شه‌نگال خاکى کوردستانه‌و له‌چوارچێوه‌ى مادده‌ى 140ی ده‌ستوردایه‌، میلله‌تێکى فه‌قیرو هه‌ژارن،  به‌رنامه‌ى ئێرانى و حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که‌ هیچ نه‌توانرێت بکرێت و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتى باڵایان هه‌یه‌. ئێوه‌ خۆتان مه‌شهه‌دى عێراق ده‌بینن رۆژانه‌ خه‌ڵک ده‌کوژرێت که‌س خه‌مى رشتنى خوێنى خه‌ڵکى نییه‌و ئه‌وه‌ش قه‌ده‌رى ئێمه‌یه‌، حه‌شدى شه‌عبى ناهێڵێت یه‌ک ‌هاوڵاتى ده‌ڤه‌رى شه‌نگال کاروبارى خۆى ئه‌نجامبدات، ئیلان ده‌بێت حه‌شد ئاگادارى بێت و پاره‌یان لێ زه‌وتبکات. ‌هاوڵاتى: خاتوو نادیه‌ موراد وه‌ک باڵیۆزى نیازپاکیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵ هیچ  هاوکارییه‌کى شه‌نگالى کردووه‌؟ مه‌حما خه‌لیل: نه‌خێر هیچ هاوکارییه‌کى نه‌گه‌یاندووه‌، به‌رنامه‌یه‌کى هه‌بوو بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ رۆژهه‌ڵاتى شه‌نگال، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا هاتن و زه‌ویمان بۆ ته‌رخانکردن وه‌ک قایمقامى شه‌نگال، تائێستا هیچ نه‌کراوه‌، فه‌ره‌نسا بودجه‌ى بۆ ته‌رخانکردبوو له‌سه‌ر داخوازیى نادییه‌ موراد، هه‌تا ئێستا هیچ جێبه‌جێنه‌کراوه‌. ‌هاوڵاتى: خه‌ڵکى کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵ ده‌کات یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شه‌نگال؟ مه‌حما خه‌لیل: به‌رده‌وام نییگه‌رانى  هه‌یه‌و کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵ ده‌کات  و ئه‌منییه‌ت باش نییه‌، خزمه‌تگوزارى نییه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هێزێکى هاوبه‌شى عێراقى و حکومه‌تى هه‌رێم بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى شه‌نگال، چونکه‌ له‌سه‌دا 83ى خه‌ڵکى شه‌نگال ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى وڵات بوون و له‌سه‌دا 17ى خه‌ڵکى ئێزیدى له‌ناو شه‌نگالدا ماونه‌ته‌وه‌.

سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت دواى پێداچوونه‌وه‌ به‌په‌یڕه‌وى ناوخۆو په‌سه‌ندکردنى له‌ناو ئه‌نجومه‌نى گشتیدا، دواتر ده‌نگدان بۆ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى (مه‌کته‌بى سیاسى) و سکرتێرى یه‌کێتى ده‌کرێت. ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌حکومه‌تى هه‌رێم له‌ڕووى ستراتیژییه‌وه‌ یه‌کیگرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌نگاوى زۆرى ماوه‌و ده‌شڵێت «حزبێک به‌ته‌نها بتوانێت زۆرینه‌ى کوردسیه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ده‌ستبهێنێت ده‌توانێت حکومه‌تى هه‌رێم یه‌کبگرێته‌وه‌«. ئارێز عه‌بدوڵا، باسى ئه‌وه‌ش ده‌کات که‌په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئێزیدیانه‌ هه‌یه‌ که‌په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا هه‌یه‌ له‌شه‌نگال و ده‌شڵێت»: ئێمه‌و پارتى نه‌مانتوانیوه‌ ته‌مى ئه‌و شکسته‌ى به‌سه‌ر شه‌نگالدا هات بیسڕینه‌وه‌، دووجار کشانه‌وه‌ له‌شه‌نگال واى له‌خه‌ڵکه‌که‌ى کردووه‌ که‌دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌«. ‌هاوڵاتى: کۆبونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى که‌بریاره‌ 1ى شوبات ئه‌نجام بدرێت، سکرتێرو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن (مه‌کته‌بى سیاسى) هه‌ڵده‌بژێردرێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن ناکرێت، ته‌نها ئه‌و کۆمیته‌یه‌ى پێکهێندرابوو بۆ پێداچونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ که‌په‌یکه‌رى نوێى یه‌کێتى ده‌رده‌خات په‌سه‌ندده‌که‌ین، دواى ئه‌وه‌ سکرتێرو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکار هه‌ڵده‌بژێردرێت. ‌هاوڵاتى: پێشنیار هه‌یه‌ سه‌رکردایه‌تى ده‌ڤه‌ره‌کان دروستبکرێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: دوو پێشنیار هه‌یه‌، پێشنیارێکیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ده‌سه‌ڵاته‌کانى حزبى دابه‌شبکرێت و به‌و شێوه‌یه‌ بێت که‌ بۆ نموونه‌ پارێزگاى هه‌ولێر سێ مه‌ڵبه‌ندى هه‌یه‌، به‌هه‌رسێکیان ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى هه‌بێت، پێشنیارێکیش هه‌یه‌ وه‌ک پێشووتر بێت مه‌ڵبه‌نده‌کان هه‌بێت و مه‌کته‌بى رێکخستن هه‌بێت سه‌رپه‌رشتییان بکات، هه‌ردووکیان له‌گفتوگۆدایه‌. ‌هاوڵاتى: له‌و دوو پێشنیاره‌ که‌میان بۆ دۆخى یه‌کێتى باشتره‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: به‌بۆچوونى خۆم ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارێزگاکان هه‌بێت به‌بێ مه‌کته‌بى رێکخستن بۆ ئه‌وه‌ى ئۆرگانه‌کان سه‌ربه‌خۆییه‌کى زیاتریان هه‌بێت و ناوه‌نده‌کانى رێکخستن سه‌ربه‌خۆیى زیاتریان هه‌بێت له‌کارکردن و بڕیاردان و به‌رپرسیارێتى هه‌ڵگرتن و لامه‌رکه‌زێتیان هه‌بێت. ‌هاوڵاتى: قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ کوڕانى کۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌تایبه‌ت شاڵاو کۆسره‌ت ره‌سوڵ که‌ئێستا به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێره‌ بکرێته‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ده‌ڤه‌رى هه‌ولێرو دهۆک؟ ئارێز عه‌بدوڵا: بڕوام پێبکه‌ تائێستا هیچ باسنه‌کراوه‌، به‌ڵام هه‌ردوو کوڕه‌که‌ى کاک کۆسره‌ت که‌ ده‌رچوون بۆ ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى ده‌مێکه‌ له‌ناو ئۆرگانه‌کانى حزب کارده‌که‌ن، بێگومان رێزو ته‌قدیریان هه‌یه‌، پێگه‌ى ئه‌وان وه‌کو پێگه‌ى هه‌موو هه‌ڤاڵانى تر پارێزراو ده‌بێت، کوڕانى کاک کۆسره‌ت پێگه‌ى حزبى و کۆمه‌ڵایه‌تیان پارێزراو ده‌بێت. ‌هاوڵاتى: له‌ئێستادا دۆخى یه‌کێتى له‌هه‌ولێر چۆنه‌ به‌وپێیه‌ى به‌ڕێزتان کارى رێکخستنتان له‌و پارێزگایه‌دایه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: یه‌کێتى جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرو دۆستێکى زۆر زۆرى هه‌یه‌، خه‌ڵکێکى زۆر هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ یه‌کێتین کاتێک که‌موکوڕییه‌کان ده‌بینن له‌یه‌کێتى دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌، به‌هۆکارى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ رابردوو کێشه‌مان هه‌بوو، خه‌ڵێکى زۆر هه‌بووه‌ ساردبووته‌وه‌و نیگه‌ران بووه‌و دوورکه‌وتۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌وپێیه‌ى خه‌ڵکى یه‌کێتى له‌هه‌ولێرو دهۆک زۆر له‌شه‌ڕى ناوخۆ زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بوون و له‌یه‌کگرتنه‌وه‌ى حکومه‌تیش جارێکى دیکه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌وه‌، فشار هه‌یه‌و فه‌رق و جیاوازى له‌نێوان ئه‌ندام و کادران به‌تایبه‌ت گه‌نجه‌کانى یه‌کێتى به‌راورد به‌لایه‌نه‌کانى دیکه‌ ده‌کرێت و ئه‌وه‌ کاریگه‌رى زۆر هه‌یه‌ بێگومان، به‌ڵام یه‌کێتى له‌هه‌ولێر قاعیده‌یه‌کى گه‌وره‌و له‌بن نه‌هاتووى هه‌یه‌، به‌ڵنیاییه‌وه‌ له‌ئه‌نجامى ئه‌و کۆنگره‌یه‌ى کردوومانه‌ باشتر کاره‌کانى خۆمان باش ده‌که‌ینه‌وه‌، ململانێ و کێبڕکێى هاوئاستى پارتى ده‌بینه‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتوو. ‌هاوڵاتى: باس له‌هه‌وڵێک ده‌کرێت لیژنه‌ پێکبهێنن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ زویربووه‌کانى یه‌کێتى و ئاشتیان بکه‌نه‌وه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: هه‌ندێک له‌براده‌رانمان دواى کۆنگره‌ توڕه‌بوون به‌هه‌ر هۆکارێک بێت، بێگومان ئه‌وانه‌ کادرو تێکۆشه‌رى ئێمه‌ن و کادرى  باشن و حه‌قیان به‌سه‌ر یه‌کێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێک خه‌ڵک ده‌نگیان به‌گۆڕان داوه‌ یا له‌یه‌کێتى دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش زیاتر له‌به‌ر دوو سێ هۆکار بووه‌، ره‌نگه‌ ئێمه‌ نه‌توانین هه‌موو هۆکاره‌کان نه‌هێڵین، به‌ڵام بێگومان پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڤاڵان و ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ى دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌ به‌هه‌ر هۆکارێک بێت ئاشتیان بکه‌ینه‌وه‌، خه‌ڵکیش له‌یه‌کێتى به‌دوور نییه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى گله‌ییان له‌یه‌کێتى هه‌یه‌ ده‌زانن به‌بێ یه‌کێتى وه‌زعى کوردستان باشتر نابێت خراپتر ده‌بێت، واتا زه‌روره‌تى یه‌کێتى لاى هه‌موولایه‌ک روونه‌و خه‌ڵکه‌که‌ش ته‌فاهومى ئه‌وه‌ ده‌کات بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ریزه‌کانى یه‌کێتى، هه‌ندێک له‌و کێشانه‌مان چاره‌سه‌ر کردووه‌و خه‌ڵکیش چاوى زیاتر له‌یه‌کێتییه‌و زه‌روره‌تى یه‌کێتى بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى له‌کوردستان و به‌رگریکردن له‌خه‌ڵکى کوردستان له‌به‌غداو شوێنه‌کانى تر باش ده‌زانرێت، دڵنیام له‌داهاتوودا یه‌کێتى ئه‌ستێره‌ى گه‌ش ده‌بێت و له‌هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌دا یه‌کێتى پێگه‌ى جارانى ده‌گێڕێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: ئایا خه‌ڵکى یه‌کێتى له‌هه‌ولێرو دهۆک زوڵمیان لێکراوه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: حکومه‌ت جیاوازى زۆر زۆر ده‌کات له‌نێوان خه‌ڵکى یه‌کێتى و پارتی به‌ئێستاشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ى که‌خه‌ڵکى یه‌کێتیان زۆره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ى که‌پارتیان زۆره‌ جیاوازى ده‌کرێت، شوێنێک ئه‌گه‌ر یه‌کێتى زۆر بێت پارتى که‌م بێت، خزمه‌تگوزارى که‌متر ده‌گاته‌ ئه‌و ناوچانه‌و ئه‌و په‌یامه‌شمان گه‌یاندووه‌ به‌به‌رپرسانى یه‌کێتى له‌ناو حکومه‌تى هه‌رێم. تائێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت له‌هه‌ندێ قه‌زاو ناحییه‌کانى پارێزگاى هه‌ولێر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان یه‌که‌مین، بۆ نموونه‌ له‌ چۆمان و ره‌واندز، کارمه‌ندێکیش حکومه‌ت داینامه‌زرێنێت له‌وشوێنانه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێتى بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌ناو قه‌زاو سه‌رۆک شاره‌وانى له‌ناو قه‌زا بێت ئێمه‌ له‌قه‌زاو ناحییه‌کانى چۆمان و ره‌واندز ده‌یبه‌ینه‌وه‌ وه‌ک یه‌کێتى، به‌ڵام ناتوانین ئه‌وه‌ش سیماى دوو ئیداره‌یى و دوو ده‌سه‌ڵاتییه‌. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌هێز بینه‌وه‌و هاوسه‌نگى راستبکه‌ینه‌وه‌ وه‌ک یه‌کێتى، بێگومان کاریگه‌رمان باشتر ده‌بێت له‌سه‌ر راستکردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌ش له‌سه‌ر چاککردنه‌وه‌ى ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ى که‌هه‌یه‌. ناکرێت حزبێک له‌شوێنێک بۆ ماوه‌ى بیست سى ساڵ پله‌ى یه‌که‌م بهێنێت، حزبێکى دیکه‌ که‌پله‌ى دووه‌م ده‌هێنێت حوکمڕانى بکات له‌هیچ شوێنێکى دنیا شتى وا نییه‌، مادام هه‌ڵبژاردن و دیموکراسى هه‌یه‌ ده‌بێت وابێت. بۆ نموونه‌ له‌حاجى ئۆمه‌ران ژماره‌یه‌کى زۆر بارهه‌ڵگر له‌وێ رۆژانه‌ کارى بازرگانى ده‌که‌ن و هاتوچۆ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌لایه‌ن ناوچه‌ى پارتییه‌وه‌ مۆڵه‌ت و  رێگه‌ى پێنه‌درێت، رێگه‌ى پێنادرێت کاربکات ئیلان ده‌بێت ناوچه‌ى پارتى رێگه‌ى بدات، ئه‌گه‌ر یه‌کێتییه‌ک له‌وێ کاربکات یان به‌واسته‌و خزم خزمێنه‌ کراوه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ ناده‌ن یه‌کێتییه‌ک  کاربکات، کارکردنیان له‌سه‌ر ئه‌ندامانى پارتى تاپۆ کردووه‌. ‌هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم یه‌کى گرتووه‌ته‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانى ده‌توانێت قایمقامێک له‌دهۆک لابدات و مه‌سرور بارزانى له‌سلێمانى قایمقامێک دابنێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: حکومه‌تى هه‌رێم له‌ رووى ستراتیژییه‌وه‌ یه‌کى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌کاروبارى رۆژانه‌ى داموده‌زگاکانى حکومه‌ت هه‌نگاوى زۆرى ماوه‌ به‌ته‌واوى یه‌کبگرێته‌وه‌، رۆژێک حکومه‌ت یه‌کده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌م کوردستانى هه‌رێمه‌ یه‌ک حزب به‌ته‌نها حکومڕانى بکات نه‌ک به‌هاوبه‌شى، ده‌بێت حزبێک بێ بتوانێت زۆرترین کورسییه‌کانى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌وکاته‌ ده‌توانێت حکومه‌تى هه‌رێم یه‌کبگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا یه‌کى نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، هێشتا زۆر بوار هه‌یه‌ که‌وه‌ک دوو ده‌سه‌ڵاتى وایه‌، هه‌ژموونى پارتى له‌هه‌ولێرو دهۆک هه‌یه‌و هه‌ژمونى یه‌کێتیش به‌سه‌ر سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌یه‌ بێگومان له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى یه‌کبگرێته‌وه‌ ئه‌و حکومه‌تی هه‌رێمه‌ى خۆمان چۆن داواى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر له‌به‌غدا ده‌که‌ین، حکومه‌تى هه‌رێمى خۆشمان ده‌سه‌ڵات بداته‌ پارێزگاکان، پارێزگاکان ده‌سه‌ڵات بده‌ن به‌قه‌زاو ناحییه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ بێت ورده‌ ورده‌ ئه‌و دیاردانه‌ نامێنێت. ‌هاوڵاتى: ده‌وترێت ژماره‌یەک ئه‌ندام و کادرى یه‌کێتى ده‌ستگیرکراون و له‌زیندانن له‌هه‌ولێرو دهۆک؟ ئارێز عه‌بدوڵا: به‌ڵێ ئێستاش هه‌ندێ خه‌ڵکمان له‌زینداندایه‌ به‌تۆمه‌تى جیاجیا، مه‌سه‌له‌ن خه‌ڵکمان هه‌یه‌ ده‌ڵێن له‌په‌که‌که‌ نزیکن ئه‌سڵ و ئه‌ساسى نییه‌و تۆمه‌ته‌، خه‌ڵکمان هه‌یه‌ ده‌ستگیرکراوه‌و ده‌ڵێن له‌حه‌شدى شه‌عبیى نزیکه‌و ده‌ستگیر کراوه‌، له‌مه‌خمور له‌دهۆک، به‌شێکیان له‌چۆمان ئازادکران، ئه‌وانه‌ هه‌موو ئه‌ندامى یه‌کێتى بوون، به‌داخه‌وه‌ تۆمه‌ت بۆ کادرو ئه‌ندامانى یه‌کێتى دروستده‌کرێت و ده‌ستگیریان ده‌که‌ن. ‌هاوڵاتى: به‌ڵام یه‌کێتى شه‌ریکه‌ له‌کابینه‌ى نۆیه‌م، ناتوانن رێگرى له‌ده‌ستگیرکردنى ئه‌ندام و کادرانتان بکه‌ن؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ئێمه‌ له‌حکومه‌تداین ده‌بێت رێنمایى ده‌ربچێت، که‌ده‌ستگیرکردنى ئه‌ندام و کادرانى یه‌کێتى خزمه‌ت به‌و حکومه‌ته‌ ناکات، خۆ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت داموده‌زگاکانى ئاسایش و پۆلیس رابهێنین پارێزگارى له‌هاوڵاتیان بکه‌ن و له‌سه‌ر بنچینه‌ى هاوڵاتیبوون نه‌ک له‌سه‌ر بنچینه‌ى حزبیبوون، ئه‌و کاره‌ى باسى ده‌که‌م ئه‌گه‌ر یه‌کێتیش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانیش بیکات ناکرێت وابکه‌ین به‌رانبه‌ر پارتى. یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان  پێویسته‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر که‌موکورییه‌کان دابنێن و پێکه‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و ئه‌و شتانه‌ نه‌بێته‌ دیارده‌، یه‌کێک ده‌گیرێت و غه‌ڵه‌تێک ده‌کرێت ئه‌وه‌ ئاساییه‌، گرنگه‌ ده‌ستگیرکردن و تۆمه‌ت دروستکردن نه‌بێته‌ نه‌ریت و دیارده‌. ‌هاوڵاتى: ئایا یه‌کێتى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ له‌شه‌نگال هه‌یه‌؟ لاوازن له‌و ناوچه‌یه‌دا؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ئێمه‌ لاواز نین له‌شه‌نگال، له‌دواى رووخانى رژێمى سه‌دام، پارتى له‌که‌رکوک و خانه‌قین و دوزخورماتوو ئاسایشى هه‌بوو، جگه‌ له‌وه‌ى ئاسایشى فه‌رمى هه‌بوو ئاسایشى خۆى ناردبوو، به‌ڵام یه‌کێتى ئه‌و کارانه‌ى نه‌کردبوو ئاسایشمان له‌شه‌نگال دانه‌مه‌زراند. پارتى به‌هاوکارى پارێزگارى موسڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌یان نه‌ده‌دا خه‌ڵکى یه‌کێتى دابمه‌زرێنن و کاربکه‌ن، راسته‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌کانى حکومه‌تى لێبوو  ئه‌وان لاواز بوون، به‌ڵام هێزه‌کانى پارتى له‌وێ بوون کۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌که‌یان کردبوو. دواى ئه‌وه‌ى که‌داعش هات هه‌ردووجار که‌ به‌رگرى نه‌کرا ئێ خه‌ڵکى دوورکه‌وتووه‌ته‌وه‌، چونکه‌ پارتى به‌به‌رپرسیار ده‌زانن له‌و شکسته‌ى که‌  دووجار به‌سه‌ر شه‌نگالدا هات و پاشه‌کشه‌یان کردبوو، ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتى باره‌گاو کۆمیته‌و مه‌ڵبه‌ندمان له‌وێ ماوه‌. هه‌ندێ هێزى لێیه‌ به‌رگرییان له‌شه‌نگال کردووه‌ راسته‌ له‌په‌که‌که‌ نزیکن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ن و ئێزیدین، په‌یه‌ده‌ که‌هێزێکى رۆژئاواى کوردستان بوو به‌رگرى باشیان کرد له‌هاتنى داعش بێگومان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ پارتى له‌شه‌نگالدا هه‌یه‌. ‌هاوڵاتى: نه‌توانراوه‌ ساڕێژى ئه‌و شکسته‌ بکرێت له‌شه‌نگالدا؟ ئارێز عه‌بدوڵا: کشانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ 2014 کاریگه‌رى زۆرى به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و شکسته‌ى به‌سه‌ر شه‌نگالدا هات نه‌ به‌ ئێمه‌ و نه‌ به‌ پارتى هه‌مومان نه‌مانتوانیوه‌ ته‌مى ئه‌و شکسته‌ بسڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خه‌ڵکه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌و بڕواى به‌حزبه‌ کوردستانییه‌کان ببێته‌وه‌، تائێستا دوو هه‌زارو (800) که‌سى ئێزیدى بێسه‌روشوێنن، ئێ خه‌ڵکى شه‌نگال ئه‌وه‌ له‌ناوچه‌وانى هه‌رێمى کوردستان و به‌ده‌ره‌جه‌ى یه‌که‌م به‌پارتى ده‌زانن، با ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت له‌به‌رانبه‌ریشدا حکومه‌تى هه‌رێم داڵده‌ى خه‌ڵکى شه‌نگالى داوه‌و خزمه‌تى ئێزیدییه‌کانى کردووه‌ باهه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ى ببینین.

ئارا ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنه‌ران له‌سلێمانى ئاشکراى ده‌کات ‌زیاتر له‌ (50) وه‌به‌رهێنه‌رو سه‌رمایه‌دارى هه‌رێمى کوردستان به‌شداربوون له‌کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و مه‌سرور بارزانى به‌ڵێنى داوه‌ که‌ په‌له‌ له‌ رێکاره‌کانى پڕۆژه‌ى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى سلێمانى و پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکاندا بکرێت بۆ جێبه‌جێکردنى. دوێنێ سیشه‌ممه‌ 28ى کانونى دووه‌مى 2020، مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌وه‌به‌رهێنه‌رانى هه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌و باسیان له‌هه‌لى کار و گرنگى په‌ره‌پێدانى ئابوورى هه‌رێم و هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى وه‌به‌رهێنان و ئه‌وله‌ویه‌تدان به‌پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌کان کراوه‌. ‌به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنه‌ران له‌سلێمانى له‌لێدوانێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌و کۆبوونه‌وه‌یەدا باسى هه‌ماهه‌نگیى وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان و حکومه‌ت به‌گشتى کراوه‌ که‌حکومه‌ت پلانى خۆى بداته‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى ستراتیژى. عه‌زیز سه‌عید، ‌به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنه‌ران له‌سلێمانى وتیشى «له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسمان له‌شه‌قامى سه‌دمه‌ترى سلێمانى و پڕۆژه‌ى ستراتیژى گه‌شتیارى دوکان کرد که‌ته‌نها بڕیارى حکومه‌تى ماوه‌و هه‌موو شتێک ته‌واو بووه‌، جه‌نابى کاک مه‌سرور به‌ڵێنیدا که‌ شه‌قامى سه‌دمه‌ترى و پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکان کارى به‌په‌له‌ى بۆ بکرێت تا بکه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌«. پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکان زیاتر له‌دوو ملیار دۆلارى بۆ ته‌رخانکراوه‌و پێکهاتووه‌ له‌شارێکى گه‌شتیارى و له‌لایه‌ن فاروق گروپ به‌هاوکارى کۆمپانیاى دیکه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت. عه‌زیز سه‌عید جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا فاروق مه‌لا مسته‌فا خاوه‌نى فاروق گروپ داواى له‌سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى کردووه‌ که‌ بڕیار له‌سه‌ر پرۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکان بده‌ن تا ده‌ست به‌کاره‌کانى بکرێت. ‌به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌به‌رهێنه‌رانى سلێمانى باسى له‌وه‌شکرد له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسى گرنگى پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌کان و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژێرخانى ئابوورى کرایه‌وه‌ که‌ بۆ له‌مه‌ودوا پرۆژه‌  عه‌شوائیى نه‌کرێت و حکومه‌تى هه‌رێم پلان بداته‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان تا بتوانن جێبه‌جێى بکه‌ن و له‌به‌رانبه‌ردا وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌لى کار بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنن تا هه‌مووى چاوه‌ڕێى دامه‌زراندن له‌که‌رتى گشتى و حکومه‌تدا نه‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو  که‌گفتوگۆ له‌باره‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى وه‌به‌رهێنان و چاککردنى سیستمى بانکى کراوه‌، وتیشى «قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنان زیاد ده‌کرێت به‌پرۆژه‌ى ستراتیژى و بونیه‌ى ته‌حتى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان زیاد ده‌کات، چونکه‌ ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون (50) سه‌رمایه‌دارو وه‌به‌رهێنه‌رى گه‌وره‌ بوون که‌پڕۆژه‌ی گه‌وره‌و ستراتیژییان جێبه‌جێکردووه‌«. « سه‌رمایه‌دار موڵکى هاوبه‌شى حکومه‌ته‌، وه‌به‌رهێنان بۆیه‌ دروست ده‌بێت کۆکردنه‌وه‌ى وه‌گه‌ڕخستنى ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌و حکومه‌ت به‌ته‌نها ناتوانێت سه‌رکه‌وتوو بێت تێیدا»، عه‌زیز سه‌عید واده‌ڵێت. ‌جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند که‌ له‌کۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانى کوردستان جه‌ختیان له‌سه‌ر ره‌خساندنى هه‌لی کارى زیاتر بۆ گه‌نجان کردووه‌ته‌وه‌. قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند «له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ران کۆبووینه‌وه‌و جه‌ختمان کرده‌‌وه‌‌ که‌‌ده‌‌بێت که‌‌رتى تایبه‌‌ت ته‌‌واوکه‌‌رى حکومه‌‌ت بێت بۆ به‌‌ھێزکردنى ژێرخانى ئابورى و ره‌‌خساندنى ھه‌‌لى کارى زیاتر بۆ گه‌‌نجانمان و ئێمه‌ش‌ پاڵپشتى وه‌‌به‌‌رھێنه‌‌ران ده‌‌بین.» له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ى کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌م تایبه‌ت به‌په‌ره‌پێدانى وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانى ئابوورى هه‌رێمى کودستان کراو مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌ت وتی: «ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ زه‌مینه‌یه‌کى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان له‌گشت که‌رته‌کان بهێنینه‌ ئاراو ئاسانکارى پێویست بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆو ده‌ره‌کى بکه‌ین، وتیشى پێویسته‌ وه‌به‌رهێنان به‌پێى پلانێکى زانستى  و پێداویستییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بێت» .