شاناز حه‌سه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان (75) کۆمپانیاو بازرگان دەداتە دادگا که‌پێشتر قه‌رزیان له‌وه‌زاره‌تی دارایی کردووه لەوادەی خۆیدا نەیانداوەتەوە. بڕیارە دوای سێ مانگ دەستبگیرێت بەسەر موڵکی بارمتەکراویاندا ئەگەرچی موڵکەکان کەمترن لەقەرزەکە. له‌ساڵى 2003وه له‌ڕێگه‌ى بانکه‌کانه‌وه قه‌رزى ئاسانکارى دراوه به‌کۆمپانیاو بازرگانان و به‌ڵێنده‌ران، کهبڕى قه‌رزه‌که (800) ملیار دیناره‌و به‌پێی گرێبه‌ستی پێدانی قه‌رزه‌که، ده‌بوو ئه‌و کۆمپانیایانه ساڵانه سودی قه‌رزه‌که بگه‌ڕێننه‌وه بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام له‌ساڵی 2014وه زۆربه‌ی کۆمپانیاکان نه سوودو نه قهرزهکهشیان بۆ حکومه‌ت نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه. له‌ساڵانى 2003وه تا 2011 به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه قه‌رزیان له‌حکومه‌ت کردووه، ئه‌و موڵکانه‌ى له‌بری قه‌رزه‌که وه‌ک ره‌هن دایانناوه، زۆر که‌متره له‌بڕی قه‌رزه‌که‌و له‌ئێستادا نرخى که‌متر ده‌کات. کازم نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانکه بازرگانیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ته‌نیا (75) به‌ڵێنده‌رو کۆمپانیاو بازرگان هه‌یه که‌ئه‌و کێشهیەیان هه‌یه له‌گه‌ڵیداو قه‌رزى زه‌به‌لاحیان کردووه، موڵکه‌کانیان له‌ئێستادا ئه‌و نرخه ناکه‌ن. ئه‌و به هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا قه‌رزه‌که‌یان نه‌دایه‌وه، به‌پێى یاسا له‌دادگاى مه‌ده‌نى (مهحاکمى مه‌ده‌نى) سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارده‌که‌ین و داواى باقى نرخه‌که ده‌که‌ین، یان هه‌ر شتێک وه‌ک ئوتۆمبێل یان خانوو و زه‌وییان به‌ناوه‌وه بێت ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت». به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانکه بازرگانیه‌کان وتیشى «راسته ئه‌و کێشه‌یه‌مان هەیە، ئێستا ئه‌و موڵکانه زۆر که‌متر ده‌که‌ن، به‌ڵام زۆربه‌یان بایی له‌سه‌دا (30) موڵکه‌که‌یان قه‌رزمان پێداون، یان بڕى قه‌رزه‌که‌یان که‌مه«. ئه‌مه دوایین مۆڵه‌ت ده‌بێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا بیگه‌ڕێننه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌یگه‌ڕێننه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵکانهدا ده‌گیرێت کازم نامیق ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد پێشتر چه‌ند جارێک ئه‌و کۆمپانیاو بازرگانانه ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌و به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌یانتوانیوه قه‌رزه‌کان بگه‌ڕێننه‌وه، بۆیه ماوه‌که‌یان بۆ درێژکراوه‌ته‌وه. وتیشى «به‌ڵام ئه‌مه دوایین مۆڵه‌ت ده‌بێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا بیگه‌ڕێننه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌یگه‌ڕێننه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵکانهدا ده‌گیرێت که له‌برى قه‌رزه‌که لهڕههندا دایانناوه«. حکومه‌تی هه‌رێم مانگى پێنجی ئه‌مساڵی وه‌ک دوا مۆڵه‌ت دیاریکردووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزى کۆمپانیاکان و له‌دواى ئه‌و رێکه‌وته‌وه ده‌ستده‌گیرێت به‌سه‌ر ماڵ و موڵکیاندا، حکومه‌ت خاوه‌ن قهرزدارهکانیشى سه‌رپشککردووه قه‌رزه‌کان به کاش یان به‌چه‌کى بانکى بده‌نه‌وه. ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، باسی له‌وه‌کرد نووسراوى فه‌رمى هه‌موو خاوه‌ن قه‌رزه‌کانیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌و رێنمایى تایبه‌تیان به‌و بواره ده‌رکردوه، وتیشى «وه‌ک دوا مۆڵه‌ت ماوه‌ى سێ مانگ دیاریکراوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یانگه‌ڕانده‌وه ئیجرائاتى یاسایى ده‌گیرێته‌به‌ر». مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری هەرێم نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەت و باجی کۆمپانیاکان و گەورە باجدەران کرد، کە ئەوانەی قەرزاری حکومەتن رێگەیان پێ‌نادرێت گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەن.
هاوڵاتى مایکڵ دی ئاندریا ئەفسەریکی پلەبەرزی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی)یە، ئێران بەبکوژی قاسم سولەیمانی دەزانێت کەھاوکات رۆڵی ھەبووە لەڕاوەدونان و کوشتنی چەکدارانی قاعیدە لەئەفغانستان. میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە کەکەسێک بەناوی مایکڵ دی ئاندریا لەدەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا، پلانی سەردار قاسم سولەیمانیی داڕشتووە کەئۆپراسیۆنەکە جێبەجیکرا لەبهرهبهیانی رۆژی هه‌ینی 3ی کانوونی دووه‌می 2020. لەو ئۆپراسیۆنەدا قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهەندیس جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کوژران له‌نزیک فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا. مایکڵ دی ئاندریا لە سی ئای ئەی بە «شازادەی تاریکی» بەناوبانگە. کاتێک لەگەڵ ژنێکی موسوڵماندا ھاوسەرگیریی کردووە، دواتر موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاندووە، ھەر بەھۆی ئەوەیە کە ناویان لێناوە ئایەتوڵا، بەڵام میدیای ئێرانی دەڵێت «بۆ گەیشتن بەئارەزووەکانی بەدرۆ بووەتە موسوڵمان». رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەدووی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە مایکل دی ئاندریا وەکو سەرۆکی دۆسیەی ئێران لەدەزگای سی ئای ئەی هەڵبژێردراوە. لەساڵی ٢٠٠٠ی زاینی بەبەرپرسی ناوەندی دژەتیرۆری سی ئای ئەی دیاری‌کرا. بەڕاپۆرتی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ھەر لەوکاتەدا بەرپرسی ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای ئۆسامە بن لادن سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە بووە. بەپێی راپۆرتەکە بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامەیە بووەتە هۆی لەناوبردنی هەزاران گومان‌لێکراو بەئەندامێتی لەتۆڕە تیرۆریستییەکان. دوای ئەوەی ترەمپ لەھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەدەستھێنا؛ ئایەتوڵا مایکڵی کردە سەرۆکی دۆسیەی ئێران لەدەزگای سی ئای ئەی. بەپێی وتەی فەرمانبەرانی هەواڵگری پێشوو و ئێستای سی ئای ئەی دەستنیشانکردنی مایکل دی ئاندریا یەکەم هەنگاوی گرنگی ترەمپ بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران. نیویۆرک تایمز دەڵێت «لەڕوانگەی سەرۆکی سی ئای ئەی، مایکل دی ئاندریا کەسێکە کەخووی بە کارکردن گرتووەو بەباشی دەتوانێت رۆڵی ھەواڵگریی سەبارەت بەئێران لە سی ئای ئەی لەئەستۆ بگرێت». میدیای ئیرانی دەڵێت ئەو هێزانەی کە لەژێر رێنوێنی دی ئاندریا کاریان کردووە رۆڵی بنەڕەتییان لەکوشتنی عماد موغنیە لەفەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان ھەبوو لە ٢٠٠٨ دا. ئەوان بەهاوکاری ئیسرائیلییەکان و سی ئای ئەی، بە ئەو بۆمبەی کە لەئۆتۆمبیل دایان‌نابوو، موغنیەیان لەدیمەشق کوشت. ھەروەھا جەخت لەوە دەکەنەوە کەئۆپراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گروپی تیرۆریستی داعش‌یش لەژێر چاودێری ئەو ئەنجامدراوە. میدیای ئێرانی دەڵێت «سپاردنی دۆسیەی ئێران لە سی ئای ئەی بەئاوەها کەسێک بە ئەو پێشینەوە نیشانگرتنە لەپڕۆژەی کوێرو درێژخایەنی ئەمریکا دژ بەئێران». ھەروەھا دەڵێت کەکوشتنی سولەیمانی لەڕوانگەی واشنتۆنەوە، «واتا لەناوبردنی یەکێک لەسەرسەختترین لەمپەرەکانی بەردەم هاتنەدی ئامانجەکانی ئەمریکا لەناوچەکە». دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ئێرانیش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەمریکاو ئیسرائیل و سعودیەیان تۆمەتبار کرد. محەمەد جەعفەر مونتەزری داواکاری گشتی ئێران دەڵێت «ریشەی ئەم ئاڵۆزی و پشێویانە دەگەڕێتەوە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل... پلان‌داڕێژی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە، کەسێکی ئەمریکییە بەناوی مایک دی ئەندریا، بەرپرسی دژە تیرۆرە لەدەزگای هەواڵگری ئەمریکا. ھەروەھا دەڵێت «پلانی خستنی رژێمی ئێران لەلایەن سی ئای ئەی و موساد داڕێژراوەو سعودیە لەڕووی داراییەوە سپۆنسەریەتی». ئەمە یەکەم جار نییە کەبەرپرسانی ئێرانی، ریشەو هۆکاری نائارامی و ناڕەزاییەکانی ناوخۆ، دەخەنە پاڵ دوژمنی دەرەکی. دوو ساڵ لەمەوبەر رێکس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوکاتەدا لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ئێران‌دا وتی کەواشنتۆن پشتیوانی لەئامانج و ویستی خەڵکی ئێران دەکات بۆ گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە بەشێوەی ئاشتیانە. چەند رۆژ بەر لەم لێدوانەی تیلرسن، نیویۆرک تایمز لەوتارێکدا ئاماژەی بەکەسێک کرد بەناوی مایکڵ دی ئەندریا، کەکرایە بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە سی ئای ئەی ئەویش بە ئایەتوڵڵا مایکڵ بەناوبانگە. مایکڵ دی ئاندریا، ناسراو بە ئایەتوڵڵا مایکڵ و شازادەی رەش، دوای ئەوەی کەژیانی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی موسوڵمان پێکدێنێ، نازناوی ئایەتولڵا مایکڵی پێدەدرێ، مایکڵ لەمیانەی راپەڕاندنی ئەرکێکیداو سەردانی بۆ وڵاتێکی بیانی، لەگەڵ ئەم ژنە موسوڵمانە ئاشنا دەبێت. دەگوترێ مایکڵ بڕاوی بەئایینی ئیسلام هێناوە، بەڵام میدیای ئێرانی دەڵێت کە زۆر پابەندی رێوشوێنەکانی ئەم ئایینە نییە. بەپێی راپۆرتەکان، ئایەتوڵڵا مایکڵ لەئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، بەرپرسایەتی گەورەی لەئەستۆ بووە. لەئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، هەزاران کەس لەئەندامانی تۆڕە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لەناوبردراون. لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوەشکراوە، کە مایک پامپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بەدوداچوونیان کردووە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و رێککەوتنی ئەتۆمی و زانیاریی تەواویان داوە دەربارەی پابەندبوون یان پێشێلکردنی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە، دواتر ئەمەش بووەھۆی ئەوەی ترەمپ رێکەوتنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە. نیویۆرک تایمز دەنووسێت، لە روانگەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، ئەندریا دەتوانێ بەباشترین شێوە کاروباری هەواڵگری لەئێران، بگەیەنێتە ئەنجام. ئایەتوڵڵا مایکڵ، ناوبانگێکی لەڕادەبەدەری هەیە. هیچ کام لە ئەندامانی دەزگای هەواڵگری بەڕادەی مایکڵ رۆڵیان لەلاوازکردنی تۆڕی تیرۆریستی قاعیدە نەبووە. کاتێک کەچاودێری بەسەر کوژرانی ئۆسامە بن لادن دەکرد، نازناوی شازادەی تاریکی پێدرا. راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز لەبارەی تایبەتمەندیەکانی ئایەتوڵڵا مایکڵ دەڵێت، کە بەردەوام جگەرە دەکێشێت. بەهەمان رادە کەزیرەک و وشیارە، بەهەمان رادەش رەفتارێکی توندوتیژی هەیە. ئەمەش وای کردووە کەزۆرێک لەکارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئامادە نەبن لەگەڵی کاربکەن. میدیای ئێران دەڵێت «دۆناڵد ترەمپ، بەدانانی ئەم فەرمانبەرە ئەمنییە نیشانی‌دا، کە تادێ هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەئێران توندتر دەبن». میدیای ئێرانی دوای نزیکەی مانگێک لەکوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاویان کردەوە کە مایکڵ ئاندریا کوژراوە، له‌ئه‌نجامی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکی له‌ئه‌فغانستان، بەڵام ئەمەریکا پشتڕاستی نەکردەوە. ئاژانسی ته‌سنیمی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران سەرەتای ئەم مانگە بڵاویکرده‌وه که به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه روسییه‌کان، مایکڵ دی ئاندریا به‌رپرسی کوشتنی لیوا قاسم سوله‌یمانی له‌ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکی له‌ئه‌فغانستان کوژراوە. ئاژانسه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه که مایکڵ دی ئاندریا دیارترین که‌سایه‌تی ده‌زگای ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مریکایه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستداو به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی هه‌واڵگری ئه‌مریکا بووه له‌عێراق و ئێران و ئه‌فغانستان. ئەوەش دوای ئەوە ھات کەبزووتنهوهی تاڵیبان رایگه‌یاند که لهویلایەتی غەزنی ئه‌فغانستان فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مریکییان خستووه‌ته خواره‌وه‌و دواتر وێنه‌ی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی بڵاوکرده‌وه که‌هه‌موو سه‌رنشینه‌کانیشی کوژراون، به‌ڵام ئه‌مریکا خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ی له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ره‌تکرده‌وه.
سازدانی: شاناز حه‌سه‌ن ئه‌مه‌ل جه‌لال ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان ئاماژه به‌وه‌ده‌کات به‌شێک له‌و ژنانه‌ی که له‌سه‌رکردایه‌تی حزبهکاندان، له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه‌و هه‌ڵگرى هه‌مان خه‌سڵه‌ت و ئایدیاى پیاوانه‌ى هه‌یه بۆ مافه‌کانى ژنان، بۆیه چاوه‌ڕوانى هیچى لێناکرێت. ئه‌مه‌ل جه‌لال له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان هه‌نگاوى کردارى ناوه له‌دانانى سیاسه‌ت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ په‌ره‌پێدانى تواناى ژنان و دانانى یه‌که‌کانى یه‌کسانى جێنده‌رى لهوهزارهتهکانى حکومه‌تى هه‌رێم. به‌شێک له‌و ژنانه‌ی که له‌سه‌رکردایه‌تی حزبهکاندان، له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه هاوڵاتى : رۆڵى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان چى بووه بۆ یه‌کسانى جێنده‌رى؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: کاتێک باس لهپرسێکى گرنگى وه‌ک جێنده‌ر ده‌که‌ین، ده‌بێت له‌ڕووى به‌رپرسیارێتییه‌وه فراوانتر سه‌یرى بکه‌ین نه‌ک ته‌نها له‌چوارچێوه‌ى ده‌زگایه‌کى وه‌ک ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانماندا وابه‌سته‌ى بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌بێت بۆ چه‌سپاندنى ئه‌م چه‌مکه هه‌نگاوه کردارییه‌کانى ببینین، ئێستا ئه‌نجومه‌ن وه‌ک پرۆژه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌ستیپێکردووه به‌دابه‌شکردنى رۆڵ و به‌رپرسیاریه‌تیه‌کان لهتێکهڵکردنى چه‌مکى جێنده‌ر به‌ته‌واوى سیاسه‌ت و پرۆگرامه‌کانى خوێندن و ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌هێڵه گشتییه‌کانى ده‌ستورو یاسا به‌رکاره‌کان، سه‌رئه‌نجام لهفهلسهفهى سیاسى و حوکمڕانیدا بکرێته بنه‌ماو به‌رنامه‌ى ده‌سه‌ڵاته ته‌شریعى و حکومى و قه‌زایی و له‌هه‌مانکاتدا وابهستهکردن و پهیوهستکردنى دامه‌زراوه میدیاییه‌کان و ناوه‌نده‌کانى ئه‌کادیمى و لێکۆڵینه‌وه بۆ شیکردنه‌وه‌ى رهگوڕیشهى ئه‌و به‌ربه‌ست و رێگرییانهى که‌بوونه‌ته له‌مپه‌ر لهچهسپاندنى ئه‌م بنه‌مایه به‌ئامانجى بهکلتورى کردنى ئه‌م به‌هاو چهمکانهو ره‌نگدانه‌وه‌یان لهئاکارو ره‌وشتى تاک و کۆمه‌ڵ. ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان رۆڵى خۆى گێڕاوه‌و هه‌نگاوى کردارى ناوه له‌دانانى سیاسه‌ت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ په‌ره‌پیدانى تواناى ژنان و دانانى یه‌که‌کانى یه‌کسانى جێنده‌رى لهوهزارهتهکانى حکومه‌تى هه‌رێم له (9) وه‌زاره‌ت وه‌ک قۆناغى یه‌که‌م، ئێستا هه‌نگاوى دووه‌ممان ئه‌وه‌یه کهتهواوى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و پارێزگاکانى هه‌رێم ئه‌و یه‌کانه دابنێین و هه‌نگاوى دواتر کارکردنه له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى تواناى کارمه‌ندانى ئه‌و یهکانهو له‌ڕێگه‌ى راهێنان و لێکۆڵینه‌وه‌و خوێندنه‌وه ده‌بێت. هاوڵاتى : ئایا رۆڵتان هه‌بووه لهوشیارکردنهوهى ره‌گه‌زى مێینه به‌رانبه‌ر به‌مافه‌کانیان به‌شێوه‌ى گشتى؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵام جیاواز له‌و رۆڵه‌ى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ده‌یکات، رێکخراوه‌کان کار بۆ هۆشیارى تاک و کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌کانیانه‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌چوارچێوه‌ى داڕشتنى سیاسات و ستراتیژى نیشتمانى و دانانى پلانى پێویست بۆ ئه‌و ستراتیژانه دواى په‌سه‌ندکردنى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه، به‌هاوکارى هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌کان، واته کارى ئێمه بهدامهزراوهکردنى چه‌مکى جێندهرو ته‌واوى به‌هاکانى مافه‌کانى ژنانه له‌ڕێگه‌ى به‌هێزکردنى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه. له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تێکى ناڕه‌وا ده‌کرێت به‌رامبه‌ر چالاکوانان و دامه‌زراوه‌کانى ژنان هاوڵاتى : تاچه‌ند پێتانوایه رێکخراوه‌کانى ژنان ئه‌دایان باش بووه بۆ وشیارکردنه‌وه؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له‌ئێستاو به‌ر له (10) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕوونى ئه‌و جیاوازییه به‌دیده‌که‌ین، ئه‌وه‌ش به‌هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشانى رێکخراوه‌کانى ژنان و ئافره‌تان ئه‌و گۆڕانکارییانه هاتۆته‌پێش و مه‌سه‌له‌ى مافه‌کانى ژنان رایهکى گشتى دروستکردووه‌و لهپرسێکى کۆمه‌ڵگه‌ییه‌وه بووەته پرسێکى دامه‌زراوه‌یی و له‌ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌رێم بووه‌ته ئه‌مرى واقیع. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت کهکارهکانیان کاریگه‌رى هه‌بووه لههۆشیارکردنهوهى کۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێوانه‌ى بکه‌ین ده‌توانین بڵێین هێشتا له‌ئاستى پێویست نییه‌و پێویسته هه‌وڵه‌کان زیاتر بێت به‌شێوه‌یه‌کى هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ کاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى خانمان و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌کان تائاستى هۆشیارى کۆمه‌ڵگه زیاتر به‌رزبێته‌وه‌و ببێته به‌هاو ئاکارى ره‌وشتى، ئه‌وکاته پرسى ژن ده‌بێته ئاکار‌و ره‌وشت و به‌رپرسیارێتى تاک و کۆمه‌ڵ. هاوڵاتى : نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان باسى ئه‌وه‌ى کردووه که‌ده‌یان ملیۆن که‌س مه‌ترسى خه‌ته‌نه‌کردنیان له‌سه‌ره؟ چیتان کردووه بۆ رێگری؟ لهبهرنامهتاندایه چی بکه‌ن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: دیارده‌ى خه‌ته‌نه‌کردنى مێینه به‌به‌راورد به‌ساڵانى هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان ئه‌ویش به‌هه‌وڵى رێکخراوه‌کانى ژنان و ئافره‌تان و کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى سه‌ره‌تا هه‌وڵى یه‌کێتى ژنانى کوردستان و رێکخراوى وادى ئه‌ڵمانى بهههندوهرگرین کهههنگاوێکى بوێرانه بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، دوابه‌دواى ئه‌وان ئه‌م دیارده‌یه رایهکى گشتى وه‌رگرت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و رێگریکردن له‌ئه‌نجامدانى له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستى دامه‌زراوه‌یى و رێکخراوه‌یی و میدیایی، دوایین هه‌نگاو ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان به‌هاوبه‌شى و پاڵپشتى رێکخراوى یونسێف و جێبه‌جێکردنى له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانى هارتلاند ئهنلایس و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى بۆ ده‌ستنیشانکردنى ئاستى رێژه‌که سه‌ره‌نجام ده‌رکه‌وت که به‌ئاستێکى به‌رچاو دابه‌زیوه به‌جیاوازى ناوچه‌کان، له‌ئێستادا پلانێکى ئاماده‌کردووه به‌ناوى پلانى (گۆڕینى هه‌ڵسوکه‌وت) بۆ نه‌هێشتنى دیارده‌که‌و سفرکردنه‌وه‌ى کوردستان له‌و دیارده‌یه به‌هاوکارى رێکخراوى (سندوقى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ دانیشتوان)، جێبه‌جێکردنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و مامۆستایانى ئایینى جێبه‌جێده‌کرێت و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت و به‌دواداچوون ده‌کات بۆ ئاستى جێبه‌جێکردن و کاریگه‌رییه‌کانى. هاوڵاتى : ئایا حزبه‌کان توانیویانه رۆڵ بده‌ن به‌ژنان و ئافره‌تان و خاوه‌ن بڕیار بن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: به‌دڵنیاییه‌وه ئێستا ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ژنان به‌ڕێژه‌ى جیاواز له‌ناو پارته سیاسییه‌کان هه‌یه، رێژه‌که‌ش له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا ته‌نها به‌گه‌یشتن بهپێگهى سه‌رکردایه‌تى کفایهته بۆ گه‌یشتن به‌مافه مه‌ده‌نى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و یاسایی و کلتورى و فهرههنگییەکان؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، چونکه پێگه‌ى سه‌رکردایه‌تى ئامرازه بۆ گه‌یشتن به‌و مافانه، بۆ ئه‌وه‌ش که‌سایه‌تى بوێر‌و له‌خۆبردووی ده‌وێت، ئه‌ویش به‌وه‌ى حزبه‌که‌ى بهئامراز ببینێت نه‌ک به‌ئامانج، که پێموایه تائێستا له‌و رووه‌وه زۆر هه‌ژارین له‌سه‌ر ئاستى چه‌ند پێوانه‌یه‌ک. یه‌که‌میان: ئه‌وه‌یه به‌شێک له‌و ژنانه پرسى ژن و مافه‌کانى نهبوورته خه‌مى که له‌کاتێکدا به‌هۆى سیستمى کۆتاوه ئه‌و پێگه‌یه‌ى به‌ده‌ستهێناوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگى خۆشى ده‌رچووبێت. دووه‌میان: به‌شێک له‌و ژنانه له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌پرسى ژن نییه‌و هه‌ڵگرى هه‌مان خه‌سڵه‌ت و ئایدیاى پیاوانه‌ى هه‌یه بۆ مافه‌کانى ژنان، بۆیه چاوه‌ڕوانى هیچى لێناکرێت. سێیه‌م: به‌شێک له‌و ژنانه له‌ترسى پێگه‌که‌ی و بۆ رازىکردنى دڵى به‌رپرسه‌کانیان که‌خۆیان بهقهرزارباریان ده‌زانن لهدهرچواندنیان هیچ هه‌ڵوێستێکیان نییه، بوون و نه‌بوونیان هیچ کاریگه‌ریى نییه، به‌داخه‌وه زۆرجار به‌زیانى دۆسیه‌و پرسه‌کانى ژنان ته‌واوده‌بێت، چونکه زۆرجار ده‌بێته پرسیار لاى خه‌ڵک کهئهوهتا ژنان لهپێگهکانى ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام ناتوانن وێنایه‌کى جیاواز‌و سه‌رکه‌وتوو پیشانى کۆمه‌ڵگه بده‌ن، به‌مه‌ش متمانه‌ى کۆمه‌ڵگه لاوازده‌بێت بۆ گرنگى به‌شداریى ژنان له‌پرۆسه‌ى سیاسى، به‌ڵام ئه‌مه نابێته ئه‌وه‌ى ژنى لێهاتوو به‌توانامان نه‌بێت، به‌ڵێ جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه که‌ژماره‌یه‌کى به‌رچاویش هه‌یه له‌ناو پارته سیاسییه‌کان کهخهبات و تێکۆشانیان جێگه‌ى ستایشهو بهپڕۆژهو به‌رنامه‌کانیان ده‌یانه‌ویت گۆڕانکارى بکه‌ن و ماف و به‌رکه‌وته یاسایی و سیاسى و ئابورییه‌کانى ژنان به‌ده‌ستبهێنن و ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێنن. هاوڵاتى : له‌ناو حزبه سیاسییه‌کاندا هیچ دۆسییه‌یه‌ک هه‌یه که تهحەڕوشیى سێکسى به‌ژنان و ئافره‌تان کرابێت؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: راستییه‌کى تاڵه ده‌بێت نه‌یشارینه‌وه که به‌ڵێ به‌داخه‌وه هه‌یه، به‌ڵام په‌رده‌پۆش کراوه‌و که‌مترین ده‌نگى له‌سه‌ر به‌رزده‌بێته‌وه، بۆیه به‌داخه‌وه هه‌ندێکجار لهناهۆشیارى سیاسى ژنه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت و درک بهئاسهوارو مه‌ترسیه‌کانى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر داهاتوى که‌سایه‌تى خۆى ناکات و به‌بێ تێگه‌یشتن ده‌که‌وێته هه‌ڵه‌ى ره‌وشتییه‌وه، هه‌ندێک جاریش ئیستیغلال ده‌کرێن و به‌کارده‌هێنرێن بۆ مه‌رامى سیاسى، هتد به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفته ناتوانى ئه‌مانه پشتڕاستبکهیتهوه، چونکه هیچ سکاڵا‌و به‌ڵگه‌یه‌کى سهلمێنراومان له‌به‌رده‌ستدا نیه، به‌ڵام به‌ئاشکرا هه‌ست به‌و پێشێلکارییانه ده‌که‌ین و بووەته بابه‌تى هۆشیارى دامه‌زراوه حزبى و حکومى و رێکخراوه‌یی و میدیایی، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت که‌هه‌یه. ئه‌وه‌ی کە روودەدات بە ره‌هایی نیه، به‌ڵام ژمارهکهشى که‌م نییه که‌هێشتا هه‌ژمونى بیرى دواکه‌وتویی و وابهستهبوونى به‌عورف و عاداته چهقبهسستووهکانى کۆمه‌ڵگه که رێگره له‌به‌رده‌م هۆشیارى ژنان لهپهنابردنه به‌ر رێکخراوه‌کانى ژنان و هه‌ڵمه‌تى هه‌ندێک له‌پیاوانى ئاینى که‌دین ئیستیغلال ده‌کات بۆ به‌لاڕێدابردنى کۆمه‌ڵگه‌و هه‌روه‌ک له‌ئێستادا ده‌بینین هه‌ڵمه‌تێکى ناڕه‌وا ده‌کرێت به‌رامبه‌ر چالاکوانان و دامه‌زراوه‌کانى ژنان، ئه‌مانه هه‌مووى هۆکارن بۆ لاوازکردنى متمانه‌و به‌داخه‌وه ده‌زگای میدیاییش له‌و رووه‌دا رۆڵێکى نێگه‌تیڤى بینیوه لهڕهخساندنى ئه‌و فه‌زایه که‌ده‌بوو به‌پێچه‌وانه‌وه بوایه. هاوڵاتى : بۆچى هه‌ندێک ژنان تائێستاش وه‌ک پیاوان متمانه‌یان بهڕێکخراوى ژنان نیه؟ له‌بوونى کێشه‌یه‌کدا په‌ناى بۆ نابه‌ن؟ ئه‌مه‌ل جه‌لال: زۆر شت کراوه‌و هه‌نگاوى کردارى بۆ نراوه به‌ڵام هێشتا له ڕووى به‌رجه‌سته بونى ئه‌و مافانه زۆرى ماوه پێویستى به‌کاتى زۆر‌و به‌رپرسیارێتیه‌کى فراوانتر‌و فره ڕه‌هه‌ندتر له‌وه‌ى ئێستا به‌رێوه‌ده‌چێت، مافه مه‌ده‌نى و سیاسی و ئابورى و یاساییه‌کانى ژنان پێویستى به‌گۆڕانکارى ریشه‌یی هه‌یه له‌گۆڕینى بیرکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ و ئاستى بهرپرسیاریتیهکانى ئه‌ویش به‌ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى پێویست بۆ فه‌راهه‌مکردنى ئه‌و مافانه که پێویستى به‌کۆمه‌ڵیک گۆڕانکارییه له‌ڕووى هه‌موارى یاسا گشتییه‌کان و یاساکانى تایبه‌ت به‌که‌رتى گشتى و که‌رتى تایبه‌ت و ته‌رخانکردنى بودجه‌ى پێویست و دابینکردن و به تواناکردن و په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه مرۆییه‌کان و به‌هێزکردنى ژینگه‌ى کار‌و ره‌نگدانه‌وه‌ى لهئیرادهیهکى سیاسى باوه‌ڕ بهپڕهنسیبهکانى به‌شدارى وه‌ک یه‌کى دوور لهههژمونى ره‌گه‌زى و به‌هێزکردنى ده‌زگاو دامه‌زراوه تایبه‌ته‌کانى ژنان تابتوانن له‌ئاستى پێداویستییه‌کانى مافه‌کانى ژنان بن و به‌به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ى ستراتیژى وه‌ڵامى پێداویستییه‌کان بده‌نه‌وه
هاوڵاتى زۆربوونی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانانی عێراق نیگەرانیەکانی زیادکردووە و نازناوی «شەهیدی وشە» لە رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان دەنێن هاوشێوەی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی هەرێم کەنازناوی «شەهیدی قەڵەم»یان لێنراوە. سێ رۆژنامەوانی عێراقی لەدەستپێکی ئەمساڵەوە کوژراون، ئەمەش نیگەرانی لای رێکخراوەکانی بواری مافی رۆژنامەوانان زیادکردووە له‌کاتێکدا گروپە چەکدارهکان هەوڵدەدەن رۆژنامەوانان بێدەنگ بکەن لە رووماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی لەتەواوی وڵاتەکەدا لەئارادان. نزار زەنون، سەرپەرشتیاری گشتی کەناڵی ئاسمانی رەشید، دواهەمین قوربانی بوو کەکۆمەڵێک چەکدار لەنێو ئۆتۆمبیلێکی بێ ژمارەدا سێشەممە (11ی شوبات) تیرۆریان کرد. چەکدارەکان بەچەکی بێدەنگ تەقەیان لێکردو کوشتیان لەنزیک ماڵەکەی لەگەڕەکی جامعه، خۆرئاوای بەغدا، پێشئەوەی بڕفێندرێت بۆ ناوچەیەکی نادیار. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کەناڵەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیانکرد بەلێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەنجامدەران. هێرشەکە دوای مانگێک دێت لەکوشتنی پەیامنێرێک و وێنەگرێکی کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد سەمەدو سەفا غالی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لەبەسره. سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافەکانی رۆژنامەوانانی عێراق، ئیبراهیم سەراجی وتی «زەنون سێیەمین قوربانی نێو رۆژنامەوانانه کە لەماوەی مانگ و نیوێکدا کوژراون.» وتیشی «ئەو زنجیرە تیرۆرکردنەی رۆژنامەوانان بەردەوامدەبێت بەهۆی لاوازیی لێکۆڵینەوەو رێوشوێنەکانی سزادانه‌وه بۆ راگرتنی خوێنڕێژییەکە». لایەنە چەکدارەکان تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەنجامدانی ئەو تیرۆرکردنانەوەن، بە ئامانجی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و گوشار خستنه‌سەر میدیاکان تا رووماڵیان نەکه‌ن. زیاتر لە (100) هێرش لەدژی ناوەندە میدیاییه‌کان و رۆژنامەوانان ئەنجامدراون لەوکاتەوەی خۆپیشاندانەکان لەتشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکردووە. له‌و هێرشانه بریتیبوون لههەڵکوتانەسەر نووسینگەی کەناڵە ئاسمانییەکان لەلایەن لایەنە «ناڕێکخراوەکانەوە»، تێکدانی کەرەستەکانیان و لێدان لەپهیامنێرو وێنەگرەکانیان. سەراجی وتی زۆربەی رۆژنامەوانان بەشێوەیەکی راستەوخۆ سوکایەتییان پێکراوەو هەراسانکراون، بەڵام لەترسی سەلامەتییان باسیان نەکردووە. ئەوانی دیکە هەڕەشه‌ی کوشتنیان بەدەستگەیشتووە، ئەمەش وایلێکردوون بڕۆن بۆ ناوچەی ئهمینتر. سەراجی داوای لەحکومەت کرد «بەگرنگییەوە» بڕوانێتە زۆربوونی رووداوەکانی توندوتیژی لەدژی رۆژنامەوانان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفافانە کە ئەنجامدەران بەسزای خۆیان بگەیەنێت و تووندوتیژییەکەش بوەستێنێت. وتی: «دەبێت ژینگەیەکی پارێزراو بۆ رۆژنامەوانان دابینبکرێت کەببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ کاره‌که‌یان، رێگەیان پێبدرێت زانیاری‌یان دەستبکەوێت و رووماڵی رۆژنامەوانی بکەن.» سەراجی وتی بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق یاسین یاسری لەمانگی رابردوودا بۆ رێگەدان بە رۆژنامەوانان بۆ هەڵگرتنی چەک «چارەسەر نییە». وتی دەبێت بەکارهێنانی چەک تەنها بۆ هێزە ئەمنییەکان رێپێدراوبێت، لەکاتێکدا ئەوان تەنها لایەنن کە بەرپرسیارن لەپاراستنی تەواوی دانیشتوان بەبێ جیاوازی. رۆژنامەنووسان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی پێشێلکاری و هەڕەشەی تیرۆرکردن دەبنەوە و بکوژە سەرەکییەکانیان دەستگیرناکرێن. تەنها لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین نووسەرو رۆژنامەنووس لەهەرێمی کوردستان کوژراون، لەوانە، دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حوسێن، ئەمە جگە لەوەی ئامانج بابانی و هاوسەرەکەی لە رووداوێکی تەمومژاوییدا کۆتایی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستدا، پۆلیسی سلیمانی لەمبارەیەوە دەڵی رووداوەکە خۆکوژییە، بەڵام پۆلیسی تاوانەکانی هەرێم دەڵێت مەرج نیە خۆکوژیی بێت. هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، راپۆرتی ژمارە 23ی خۆی سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی سەر بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکان لەساڵی٢٠١٩ی لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. تێیدا پێشێلکاریەکانی سەر رۆژنامەنووسان لە هەرێم و شارەکانی تری عێراق تۆمارکردووە. سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەبڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ئاماری کە لەڕێکەوتی 2019.1.1ەوە دەستیپێکردووەو هەتا 2019.12.31ی خایاندووە، پێشێلکارییەکانی سەر رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندنی بڵاوکردەوەو هاوکات حاڵەتەکانی پێشێلکاری و پێشگیری لەڕووماڵکردنی دەستنیشان کردووە. بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پێشێلکارییەکان دژ بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان، بەگشتی (٦٦) حاڵەت بووە کە لەڕاپۆرتە ئامارییەکەدا بەسەر شەش مانگی یەکەم و دووەمدا دابەشکراوەو شەش مانگی یەکەم بەم شێوەیەی خوارەوەیە: - دەستگیرکردن: (١٠) حاڵەت - رێگەنەدان بەڕووماڵکردن: نۆ حاڵەت - هێرش و سووکایەتی: پێنج حاڵەت - لێدان: یەک حاڵەت - داخستنی نووسینگە: یەک حاڵەت - داوای پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری ئەمنی: یەک حاڵەت - هەڕەشە: یەک حاڵەت بەپێی راپۆرتە ئامارییەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسان کە بەشێوەی خشتەیی تۆمارکراوە، لە شەش مانگی دووەم حاڵەتەکان بەم شوەیەی خوارەوەیە کەسەرجەم (38) حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، کەکۆی حاڵەتەکانی سەرجەم ساڵی 2019 دەکاتە (66) حاڵەتی پێشێلکاری. لەڕاپۆرتەکەی سەندیکانی رۆژنامەنووسانی کوردستاندا ئاماژە بەشوێن و جێگەی ئەو شار‌و شارۆچکانە کراوە کەحاڵەتەکانی پێشێلکاری تێیاندا ئەنجامدراوە کەئاماژە بەموسڵ و بەغداش کراوە، کە لەوێش هەر بەرانبەر رۆژنامەنووسانی کورد پێشێلکاری کراوە بەم چەشنەیە: سلێمانی: شەش حاڵەت هەولێر: شەش حاڵەت دهۆک: شەش حاڵەت خانەقین: سێ حاڵەت کەرکوک :چوار حاڵەت هەڵەبجە: یەک حاڵەت مووسڵ: یەک حاڵەت بەغدا: یەک حاڵەت هەر بەپێی داتاکە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بەڕۆژنامەنووسانی رەگەزی نێرەو رەگەزی مێ تەنیا دوو حاڵەت بووە.
عومه‌ر فه‌تاح یه‌کێک له‌و دوو که‌سه‌ى که ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی دانیشتوانی ناحیه‌ى عه‌ربه‌تدا کرد لەسەرەتای ئەم مانگەدا پێشمه‌رگه‌ی زێرهڤانیهو دوای نۆ رۆژ له‌ده‌ستگیرکردنیان به بڕیاری دادوه‌ر به‌که‌فاله‌ت ئازادکراون تا رۆژی دادگایی‌کردنیان. رۆژی سێ شه‌ممه 4ی ئه‌م مانگه، له‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌که‌ی دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تدا که‌سێک له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یه‌وه ته‌قه به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌کاندا ده‌کات و دوابه‌دوای ته‌قه‌که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی عه‌ربه‌ته‌وه په‌یوه‌ندی ده‌کرێت به‌بازگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانیه‌وه‌و له‌وێ ده‌ستگیرده‌کرێن. دابان محه‌مه‌د عارف به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت به هاوڵاتى وت «ئێمه وه‌ک ئیداره‌ی ناحیه هه‌ر له‌ساتی روداوه‌که‌وه سکاڵامان له‌سه‌ر ئه‌و دووکه‌سه تۆمارکرد، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ى نۆ رۆژ ده‌ستبه‌سه‌رکران، به بڕیاری دادوه‌ر هه‌ریه‌که‌یان به بڕی 500 هه‌زار دینار ئازادکراون تارۆژیی دادگاییکردنه‌که‌یان و یه‌کێک له‌و دووکه‌سه‌ش پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی بووه«. ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی نزیک سلێمانی به‌مه‌به‌ستی داواکردنی نه‌وت و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێر رێگای سه‌ره‌کی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌یان داخست. نه‌به‌ز محه‌مه‌د یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که پێشتر به هاوڵاتى راگه‌یاندبوو ده‌یان کێشه له‌سنوری ناحیه‌که‌ماندا هه‌یه، بۆ گه‌یاندنی ئه‌و کێشانه به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاتینه سه‌ر شه‌قام، چونکه ماوه‌ی سێ ساڵه نه‌وت دابه‌شنه‌کراوه، جۆزه‌ی (16) ئه‌مپێریمان هه‌یه ده‌بوو (18 بۆ 20) سه‌عات کاره‌بای نیشتیمانیمان هه‌بێ به‌س ئێستا ته‌نها (12) کاتژمێر که‌متریشه، جگه له‌وانه ئێستا کێشه‌ی غازیشی هاتووه‌ته سه‌ر. ئه‌و رێکخه‌ره‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ی ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ئه‌وان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیان داوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌و داواکاریانه جێبه‌جێنه‌کرێت، دێینه‌وه سه‌ر جاده‌و فشار‌و رێگای مه‌ده‌نی توندتر ده‌گرینه‌به‌ر». به‌رێوه‌به‌رى ناحیه سه‌باره‌ت به‌داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران وتی «ئێمه‌ش چاوه‌راوانی جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانین له‌سه‌روی خۆمانه‌وه، بڕیاره له‌رێگه‌ى حکومه‌تی عێراقه‌وه 30 ملیۆن لیتر نه‌وت بگاته سلێمانی و ناحیه‌که‌ی ئێمه‌ی وه‌ک یه‌که‌م شوێن به‌شی خۆی پێده‌درێت».
ھاوڵاتی سوپای عێراق بەمدواییانە تۆڕێکی تاوانکاریی هەڵوەشاندەوە لەئەنبار کەدەستی هەبوو لەکڕینی چەک و تەقەمەنی دزراودا بۆ دواتر فرۆشتنەوەیان لەبازاڕی رەشدا. سوپا نۆ ئەندامی گروپەکەی دەستگیرکردووه لەناوچەی قائیم لە 30ی کانونی دووەم. هەندێک لەو چەکانەی بە نایاسایی بەدەستهاتوون بەقاچاخ دەبرێنە سوریا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌و بەچەند گروپێکی چەکداری دیکە دەفرۆشرێنەوە. فەرماندەیەکی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەو بادیە کەداوایکرد ناوی نه‌هێنرێت رایگەیاند ئەندامانی تۆڕەکە دانیان پێداناوە کەچەکەکانیان لەمیلیشیاکانی سەر بەئێران کڕیوەو لەحەشارگەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دزراون لەو شارانه‌ی لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە رزگارکران. بەشێکی زۆری چەکی سوک و مامناوەندی روسین، بۆمب و تەقەمەنی و هاوەنیش بەئەندامانی تۆڕەکە گیران لەناوچەی قائیم لەڕۆژئاوای ئەنبار. ئەفسەرەکە وتی «ئەندامانی تۆڕەکە وتوویانە گوایە رۆڵی ئەوان سنوورداربووە بۆ فرۆشتنی چەکەکان، دوای ئەوەی لەو گروپانەیان کڕیوە کە سەر بەمیلیشیاکانی هەواداری ئێرانن وەک کەتائیب حزبوڵا‌و بزووتنەوەی نوجەباو عەسائیب ئەهل حەق و سەید شوهەدا». باسی لەوەشکرد لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کێ چەکەکانی بەتۆڕەکە فرۆشتووە تادەستگیربکرێت و بهێنرێتە بەردەم دادگا. ھەروەھا وتی «ئەندامانی میلیشیاکان سەقامگیرییان ناوێت، لەبەرئەوەی سەقامگیری لەعێراق مانای ئەوەی ئه‌وان چیتر بەهانەیان نابێت چەکیان لەدەستدابێت یان لەناو میلیشیاکاندا چالاکبن و خزمەتی بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە بکەن.» بازرگانیکردن بەو چەکانەوە زیادیکردووە که تاڵانیکراون لەو ناوچانه‌ی لەداعش رزگارکراون دوای ئەوەی ئەمریکا سزای سه‌پاند به‌سەر ئێران‌دا، لەکاتێکدا سزاکان بوونەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی ئێران بۆ ئه‌و میلیشیایانه‌ی لەعێراق چالاکن. ئەو سزایانە فشاری بۆ هێنان دەستبکەن بەکاری تاوانکارانە بۆ دابینکردنی داراییان. لیوا نو‌عمان عەبدول زه‌وبه‌عی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، رایگەیاند لە سێ هەفتەی رابردوودا سوپای عێراق دەستیگرتووە بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیدا کە لەدوای داعش جێمابوون لەموسڵ و تەلەعفەرو بەعاج و ناوچەکانی دیکە لەدەشتەکانی نەینەوا. زه‌وبه‌عی وتی «دەستمانگرتووە بەسەر زیاتر لەهەزارو (500) کیلۆ تەقەمەنی و تفاقی جۆراوجۆردا لەگەڵ دەیان ئارپیجی.» سوپا ده‌ستیشیگرتووه به‌سه‌ر سەدان چەکی سوک و بچوکدا لەگەڵ دوو سەکۆی موشەک هاویشتن. زه‌وبه‌عی راشیگەیاند گه‌ر ئەو چەکانە به‌شاراوه‌یی بمانایه‌ته‌وه، دەکرا ئەندامانی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە دەستیان هەیە لەبازرگانیی چەکدا بیاندزن و بۆ خۆیان بەکاریانبهێنن بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن لەسەقامگیریی وڵات. وتیشی «هێزەکانی عێراق بەردەوامن لەئەنجامدانی گەڕان بۆ هەڵدانەوەی حەشارگەکانی چەک و لەناوبردنیان لەو شوێنەی دەدۆزرێنەوە یان دوورخستنه‌وه‌یان بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌مین فڕێبدرێن تا دڵنیایی هەبێت له‌وه‌ی مەترسییان نییە». ئەحمەد حەمدانی شارەزایه‌کی بواری سیاسه‌ت وتی «چەند میلیشیایەک کەئێران پشتیوانیانە بەشدارن لەدابینکردنی چەکدا بۆ بازاڕی رەش و ئەوانەش لەو حەشارگە ژێرزەمینیانە دەرهێنراون کەدوای داعش جێمابوون». وتیشی «کڕیارەکان زۆربەی جار ئه‌و تاقمە تاوانکارانه‌ن کەدەستیان هەیە لەکوشتن و دزیکردن بەزەبری چەک جگە لەخێڵەکانی ناوچە دوورەدەستەکان کەکێشەیان هەیە لەگەڵ خێڵی دیکە». ئەحمەد حەمدانی هه‌روه‌ها وتی «لەعێراق دەبێت ئەگەری ئه‌وەمان لەبیرنەچێت کەچەکدارانی داعش دەتوانن جاریکی دیکە بیانکڕنەوە.» ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد که لەهەمان کاتدا هێزەکانی عێراق هەنگاوی باشیان ناوە بۆ له‌ناوبردنی ئەو تۆڕانەی دەستیان هەیە لەفرۆشتنی چەکدا بە نایاسایی
هاوڵاتى، رێناس بەرزان 75 خوێندکاری پزیشکی لە ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی پزیشکی گشتی زانکۆی گەرمیان دەخوێنن کە ئەو بەشە دوو ساڵە کراوەتەوە. ھاوکات گەورەترین تاقیگەی زانستی کوردستان لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە. د.فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «دوای ئەوەی ساڵی پار بەشی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە، خوێندن لەو بەشە بە باشترین شێوە بەرێوە دەچێت و بەهیچ شێوەیە کێشەی کەمی مامۆستایان نیە. کۆلیژەکە لەم دوو ساڵەی خوێندندا 75خوێندکاری هەیە». لەگەڵ ئەوەشدا تاقیگەیەکی زانستی کراوەتەوە کە بەتاقیگەیەکی «پیشکەوتوو» ناودەبرێت، لە لایەک وەزیری خوێندنی باڵاوە. تاقیگەکە تایبەتە بە بەشەکانی زانستیەکان بەتایبەتی بەشەکانی بایلۆجی و کیما و ئەندازیاری و پزیشکی. رووبەری تاقیگەکە 11 هەزار مه‌تر دوجایە و گەورەترین کۆمەڵگەی تاقیگەکانە لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان. تاقیگەکە پێکهاتوە لە 38هۆڵی تاقیگە لەگەڵ 90ژووری تایبەت بە تاقیگەکان بەبری 8ملیار دیناری عیراقی. لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆر فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەتایبەتمەندی ئەم تاقیگەیە کردوە کە بریتیەلە کارکردنی زیاتر لەسەر بیناکەو ژوور وهۆڵ و ئەو پێداویستیانەی کە بۆ تاقیگەیە بەڵام سەبارەت بە ئامێرەکانی تاقیگەکە وتی «تاوەکو ئێستا ئامێری بۆ دابین نەکراوە « دکتۆر فەرهاد قادر وتی «تاقگیەکە دەبێتە ناوەندێکی راوێژکاری بۆ تۆێژینەوەی زانکۆ وە دەرەوەی زانکۆش سودی لێ ئەبینێت». لەزانکۆی گەرمیان، تاقیگەیەکی زانستی کرایەوە، کە پێکهاتوە لە ٣٨ تاقیگەو ٩٠ ژوری تایبەت بە ئۆفیس و لەسەر ڕوبەری زیاتر لە ١١ هەزار مەتر چوارگۆشە بە بودجەی زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار دروستکراوە، بەیەکێک لە گەورەترین تاقیگە زانستییەکانی ناوچەکە دادەنرێت. ھەفتەی رابردوو دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تاقیگە زانستیەکەی لە زانکۆی گەرمیان کردەوە. دکتۆر ئارام محەمەد وتی «ئەم تاقیگەیە یەکێک دەبێت لە گەورەترین و گرنگترین تاقیگە زانستییەکان لەنێو دامەزراوەکانمان و بە کەوتنە سەرکاری خزمەتێکی بەرچاو بەزانکۆ و پێشخستنی ئاستی زانکۆکە دەکات، هەوڵی تەواو بۆ دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی دەدەین و لەم ڕوەوە لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین». دکتۆر فەرهاد قادرکە تازە بووە بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وتی «سەردانی وەزیری خوێندنی باڵابۆ پیرۆزبایی و پالپشتی ئێمە بوە و لەنزیکەوە باسی کێشەوگرفتەکانی زانکۆمان کرد وجگە لەوە تاوتوێی کردنەوەی ئەو تاقیگەمان کرد.»
عومه‌ر فه‌تاح ئۆتۆمبیلێکی جۆری میکزه‌مینی ئێواره‌ی دوینێ بارێکی قاچاخى شۆفڵی تێدابووه‌و له‌لایه‌ن پۆلیسى گومرگه‌وه له‌ناو بازاڕی خورماڵ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراو شۆفێره‌که‌شی ده‌ستگیرکراوه، ویسویەتی لهمهرزێکی سنوره‌که‌وه ئه‌و باره قاچاخه ببه‌ن به‌ره‌و کۆماری ئیسلامی ئێران. عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بارێکی قاچاخی پێبوه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتویانه«. وتیشی «پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت». سه‌رچاوه‌یه‌کی تری ئاگادار له‌و رووداوه بە ھاوڵاتی راگەیاند ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه ئۆتۆمبێلێک که له‌سنوری سه‌یدسادقه‌وه به‌ره‌و ناحیه‌ى خورماڵ رۆیشتووە، بارێکی قاچاخی شۆفڵی تیابووه، ویستویانه له‌مه‌رزی ده‌ره‌ی مه‌ڕه‌وه لەناوچەی ھەورامان که مه‌رزێکی لاوه‌کییه ئه‌و که‌لوپه‌لانه ببه‌ن به‌ره‌و ئێران. سه‌رچاوه‌که داوای‌کرد ناوی نەھێنرێت لەبەرئەوەی پۆستەکەی رێگەپێدراو نیە بۆ لێدوانی فەرمیی، به وت «مهفرهزهیەکی پۆلیسی گومرگ که‌وتوونه‌ته شوێنی قاچاخچیەکان، چه‌ند فیشه‌کێکی به‌ئاسماندا تەقاندوە، دواتر شۆفێره‌که‌یان ده‌ستگیر کردووەو که‌لوپه‌له قاچاخه‌کانیشیان گرتووە». به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یە پێشتر چه‌ند جارێکی دیکه له‌مه‌رزه لاوه‌کیه‌کانی ئه‌و سنووره‌وه که‌لوپه‌ل و ئامێرى جۆراوجۆر به‌شێوه‌ی قاچاخ براونه‌تە کۆماری ئیسلامی ئێران. سه‌باره‌ت به‌و رووداوه عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ له‌لێدوانێکی تایبه‌تدا به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بووه بارێکی قاچاخی پێبووه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتوویانه، پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت».
عومه‌ر فه‌تاح لیژنه‌یه‌کی په‌رله‌مانی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ بچێته سه‌یدسادق و به‌دواداچوون بکات بۆ داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران و ھەروەھا سەردانی ماڵی ئەو گەنجە بکات کەمانگی رابردوو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەکەدا دەستگیرکراو پێڵاو خرایە دەمیەوە لەناو بارەگای ئاسایش. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق و ئه‌و چالاکوانه‌ی لێى دراوه به هاوڵاتى وت «له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌وه ئاگادارکراومه‌ته‌وه که‌سه‌ردانم ده‌که‌ن و به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌که‌م ده‌کرێت، منیش ئه‌وه‌ی روویداوه ده‌یخه‌مه‌ڕوو بۆ ئه‌وان». هێشتا هیچ یه‌کێک لهبهڵێنەکانی بەرپرسان جێبهجێنهکراوە کە دابوویان بەخۆپیشاندەرانی سەیدسادق کەمانگی رابردوو رژانە سەرشەقام و بەدوای ئەوانیشدا دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی ھاوسنور لەگەڵ سەیدسادق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. دیارترین داواکانی خۆپیشاندان، داواکردنی به‌شه سوته‌مه‌نی و زیادکردنی کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانی بوو، تێیدا ماوه‌ی ههفتهیهکیاندایه حکومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی. سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی پێکهێناوه، بڕیاره ئه‌مرۆ یه‌کشه‌مه سه‌ردانی قه‌زاکه بکه‌ن و چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبده‌ن. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ى ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان پێکیهێناوه، به هاوڵاتى وت «دوابه‌دوای خۆپیشاندانه‌کان سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی دروستکردووه‌و ده‌چینه سه‌یدسادق و له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه ئیدارییه‌کان کۆده‌بینه‌وه«. رۆژی دووشه‌ممه 27ی مانگی یه‌کی رابردوو، ژماره‌یه‌ک له‌چین و تووێژه جیاوازه‌کانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو داوایانکرد له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا به‌شه سوته‌مه‌نی ئه‌مساڵیان پێبدرێت و کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانییان بۆ زیادبکرێت و ده‌ستبکرێته‌وه به‌جێبه‌جێکردنی پرۆژه خزمه‌تگوزاریه وه‌ستاوه‌کان، به‌ڵام به‌وته‌ی رێکخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه هێشتا هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێنه‌کراون. شاخەوان رەئوف ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو جگه له‌فه‌رمانگه ئیداریه‌کان چاویان بهچالاکانی مه‌ده‌نی و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانیش ده‌که‌وێت و له‌کۆبوونه‌وه‌کانیاندا له‌نزیکه‌وه به‌دواداچوون بۆ کێشه‌و داوکاری و که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و قه‌زایه ده‌که‌ن. له‌کاتی خۆپیشاندانه‌که‌دا یه‌کێک له‌چالاکانی مه‌ده‌نی و به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که ئاشکرایکرد له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌کانه‌وه لێی دراوه‌و سوکایه‌تی زۆری پێکراوه‌و پێڵاو خراوەته ده‌میه‌وه. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێکردنی داواکاریه‌کانی ئه‌وان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه که تائێستا که زیاتر له دوو هه‌فته تێپه‌ڕ بووه، هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه که‌دراوه پێیان جێبه‌جێ نه‌کراوه. وتیشى «نه‌وت یه‌ک جار هاتووه، ئێستا به‌هه‌وڵی خێرخوازان که‌مپینمان رێکخستووه‌و نه‌وت به‌سه‌ر ماڵه هه‌ژاره‌کاندا دابه‌شده‌که‌ین، وه‌زعی کاره‌باش خراپتر بووه باش نه‌بووه«. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان وتى «ده‌چینه ماڵى ئه‌و چالاکوانه‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌وحاڵه‌ته‌ش ده‌که‌ین و له‌کۆی ئه‌و پێشیلکاریانه ده‌کۆڵینه‌وه که‌ئه‌و رۆژه روویداوه«. هه‌روه‌ها وتى «دوای کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌نجامی سه‌ردانه‌که‌مان به راپۆرتێک به‌رزده‌که‌ینه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، ئه‌وکات ئه‌وان بڕیاری کۆتایی ده‌ده‌ن که چی بکرێ و قسه‌ى پێویست له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکه‌ن». سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ژماره‌یه‌ک له‌دانیشتوانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو گه‌نجێکی دانیشتوی قه‌زاکه به‌ناوی بڕیار حه‌سه‌ن شه‌هید کراو زیاتر له (100) که‌سی دیکه‌ش برینداربوون، که‌سوکاری ئه‌وگه‌نجه هه‌رچه‌نده سکاڵایان تۆمارکردووه، به‌ڵام دوای شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و رووداوە هیچ که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه سزا نه‌دراوه. قه‌زای سه‌یدسادق سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانییه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بەناحیەو گوندەکانیەوە نزیکه‌ی (120) هه‌زار که‌س دهبێتو بۆ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانی قه‌زاکه چه‌ند جارێک دانیشتوانه‌که‌ی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆیان تائێستا زۆرێک له‌داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کراوه.
شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاشکرای ده‌کات، تائێستا سێ حاڵه‌تى جیاکراوه (گومان‌لێکراو) بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌هه‌رێم هه‌بووه‌و یه‌کێکیان بازرگانێکى کورد بووه‌و دووانه‌که‌ى تر هاووڵاتی بیانى بوون و ئێستاش له‌ژێر چاودێریدان. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێمى کوردستان، بە هاوڵاتى وت «تائێستا سێ حاڵه‌تى جیاکراوهمان هه‌بووه‌و یه‌کێکیان بازرگانێکى کورد بووه‌و دواى دوو هه‌فته ده‌رکه‌وت نیشانه‌کانى تێدانه‌بووه‌و دووانه‌که‌ى تر بیانى بوون و ھێشتا له‌ژێر چاودێریدان». وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه له‌هه‌ولێر، شوێنێکى تایبه‌تیان دابینکردووه به‌ناوى (کۆره‌مپین)، ئەوەش له‌سه‌ر رێنمایى ته‌ندروستى جیهانى. کۆره‌مپین واته ئه‌و شوێنه ته‌نیا که‌سانێکیان تێدا ده‌مێنێته‌وه کهگومانیان لێده‌کرێت ھەڵگری ڤایرۆسبن و تادوو هه‌فته له‌ژێر چاودێریدا ده‌مێننه‌وه. محه‌مه‌د قادر باسی له‌وه‌کرد پێشتر (16) هاووڵاتی چینى له‌کۆمپانیایه‌کى بیانى له‌هه‌رێمدا کاریان ده‌کرد، گومانیان لێده‌کرا، چونکه چوبوونه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ى خۆیان و هاتبوونه‌وه، به‌ڵام تا دوو هه‌فته له‌ژێر چاودێریدا بوون و هیچ نیشانه‌یه‌کى ڤایرۆسه‌که‌یان هه‌ڵنه‌گرتبوو. دکتۆر محه‌مه‌د وتیشى «رێکاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ رێگه‌ناده‌ن هیچ بیانییه‌ک له‌و وڵاتانه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى تێدا بڵاوبۆته‌وه بێته هه‌رێمه‌وه، ئه‌و رێکارانه کارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زۆر ئاسان کردووه‌و هه‌نگاوێکى باشه بۆ خۆپاراستن». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد تائێستا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، نۆ حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌و دوێنێ له‌میسر یه‌ک حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌و تائێستا له‌عێراق و کوردستان هیچ حاڵه‌تێک تۆمار نه‌کراوه. به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوه تائێستا (67) هه‌زارو (880) که‌س له‌جیهاندا تووشبوون که‌زۆربه‌یان لهچینن، هه‌زارو (526) تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه. به‌پێی لێکۆڵینه‌وه زانستییه‌کان سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌که چه‌ند جۆرێکی شه‌مشه‌مه کوێره‌و ماره، ڤایرۆسه‌که له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا نیشانه‌کانى به‌ته‌واوى ده‌رده‌که‌وێت که تایه‌کى زۆر دیارترین نیشانه‌کانیه‌تى. وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ رێگریکردن له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که له 30ی کانوونی دووه‌مه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی، گه‌شتی هاووڵاتی چین-ی بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه کردووه. ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە (67) هەزار کەس و نزیکەی هەشت هەزارو (578) کەس لەنەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن زانکۆی جۆنهۆپکینز بڵاوکراونەتەوە، ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە (67) هەزارو (97) تووشبوو و نزیکەی هەزارو (527) تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتی: نیویۆرک تایمز وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا بێلا ژانگ ئاوێکی دڵۆپێنراو (مغەزی) بەلقی دارێکی درێژەوە هەڵواسی و لەدەرەوەی نەخۆشخانەکە خۆی بەسەر بەردێکی نەمامدا نووشتاندەوە. دایکی و براکەشی بەماندوێتییەوە لەتەنیشتییەوە دانیشتن و شانیان لەماندوێتیدا داکەوتبوو، لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان ئاوی دڵۆپێنراویان بۆ داندرابوو. لەم رۆژانەی دواییدا، خاتوو ژانگی تەمەن (٢٥) ساڵ، کە بۆنفرۆشێکی قژ رەنگکراوی شینە، بەبێچارەییەوە شایەتحاڵی یەک بەیەکی کەسوکاری بوو کە بەڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشکەوتبوون، ڤایرۆسێک کە بەناو شارەکەیدا، وهان، بڵاوبووبووەوە. یەکەمجار داپیرەی ڤایرۆسەکەی گرت، پاشان تەشەنەی سەند بۆ باپیرەی و دایکی، خۆی و برا بچووکەکەی دوای ئەوان تووشبوون. ئەم خێزانە داوای یارمەتییان کرد، بەڵام نەخۆشخانەکانی شارەکە، کە رووبەڕووی کەمی قەڕەوێڵە بووبوونەوە، لەخۆیانیان نەگرتن. لە ١ی شوباتدا، باپیرە ژانگ لەماڵەوە گیانی لەدەستدا. «پێمان دەڵێن چاوەڕێ بکەن»، دایکی خاتوو ژانگ، یانگ لینگ بەتووڕەییەوە وای وت. خەریکبوو ئاوە دڵۆپێنراوەکەی لەدەستی دەکردەوە لەگەڵ ئەوەی قۆڵی لەبێزاریدا رادەوەشاند. «بەڵام تا کەی چاوەڕێ بین؟ تائێستا یەکێکمان لەدەستداوە». شاری وهان، کە ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا سەریهەڵدا تێیدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکەی نییە. حکومەت گەشتی قەدەغە کردووە بەڵام ئەمە دۆخەکەی خراپتر کردووە بەهۆی سنوردارکردنی سەرچاوەکانەوە. زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن بەهۆی کەمی ستاف و قەرەباڵغییەوە، نەخۆشخانەکان چەندین نەخۆشیان بەڕێکردووە وەک خانەوادەی ژانگ، کە ناچاریان دەکەن بچنە ماڵەوەو خۆیان هەڵبستن بەجیاکردنەوەی خۆیان (گلدانەوەی تەندروستی) کە بەم جۆرەش مەترسی دروستدەکەن بۆ ئەندامانی تری خێزانەکانیان. زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن، دەسەڵاتدارانی چین لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو کەسانەیان کۆکردووەتەوە کەنیشانەی مامناوەندیان تێدا بەدیدەکرێت و لەناوەدنی گلدانەوەی تەندروستی دایانناون. حکومەت یاریگا وەرزشییەکان و هۆڵەکانی پێشانگاو شانۆ دەکات بەم ناوەندانەوەو راشیگەیاندووە کە بەکۆی گشتی ئەم ناوەندانە (10) هەزار نەخۆش لەخۆدەگرن. قەڕەوێڵەکان لەنزیک یەکەوە داندراون و ریزەکانیش تەنگن، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە کەئاخۆ ئەمە بەبێمەبەست نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی تر لەناو نەخۆشەکاندا. خاتوو ژانگ، کە لەپێنجشەممەی رابردوودا بۆ یەکێک لەم ناوەندانە داغڵکرا لەگەڵ دایکی، پێیوایە تاکە بژاردەیانە تا باوکیشی تووش نەکەن. ناوەندی گلدانەوەکە ساردبوو، گەرماوەکان کەم بوون، کاتی تایبەتیش زۆر کەم بوو. بەڵام قەڕەوێڵەکان بەدۆشەکی کارەبایی گەرمکرابوون و تیمەکانی تەندروستی لەڕۆژێکدا سێ جار پلەی گەرمییان دەپشکنی و ژەمە خواردن و دەرمانی بێبەرامبەریان دەدانێ. «لانیکەم ئێستا کەسێک گرنگیمان پێدەدا»، خاتوو ژانگ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا وای وت. بۆ خانەوادەی ژانگ، نیشانەکانی سەرەتای کێشەکە لەسەرەتای هەفتەی ساڵی نوێی چینی دەستیپێکرد کاتێک داپیرەی (٧٠) ساڵەی، کە تەندروستییەکی باشی هەبوو، لەرزوتای لێ پەیدابوو، هەروەها دەستیکرد بەکۆکە کردن. تائەوکاتە، ڤایرۆسە نوێیەکە چەند هەفتەیەک دەبوو لەناو شارەکە بڵاوبووبووەوە، هەرچەندە بەرپرسان بەگرنگییەوە لێیان نەدەڕوانی. تەنانەت دوای ئەوەی حکومەت دانی بەوەدانا کەدەکرێت لەناو مرۆڤدا بگوازرێتەوە، خانەوادەکە پێیانوانەبوو کە لەمەترسیدابن چونکە زۆربەی کاتەکانیان لەماڵەوە بەسەردەبرد. داپیرەیان برد بۆ نۆرینگەیەکی پزیشکی و پزیشکەکە دەرمانی هەڵامەتی بۆ نووسی و ناردیەوە ماڵەوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، حکومەت گەشتی بۆ دەرەوەو ناوەوەی شارەکە سنوردارکرد، گواستنەوە گشتییەکانی داخست، هەروەها زۆربەی ئۆتومبیلە تایبەتییەکانی قەدەغەکرد لەسەر رێگاکان. وەک زۆربەی دراوسێکانی، خاتوو ژانگ لەسەرەتادا نیگەران نەبوو. وێنەی گاڵتەئامێزی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆست دەکرد سەبارەت بەداخستنی گەشتەکان و بە رێکخستنی میوەی وشکە کاتی بەسەردەبرد. کۆکەکەی داپیرەی بەردەوام بوو کە لەلای ئەوان مابووەوە لەکاتی پشووی سەری ساڵدا. تاکەی کەم نەدەبووەوە. پاشان باپیرەی خاتوو ژانگ، کە شێرپەنجەی سییەکان لاوازی کردبوو، لەپڕێکدا دۆخی خراپ بوو. باپیرەی ئامێرێکی ئۆکسجینی بەکاردەهێنا بۆ هەناسەدان بۆ ماوەی (٣٠) خولەک لە بەیانیانداو دووبارە لەشەوانیشدا. ئا لەوکاتەکدا ئیتر نەیدەتوانی هەناسەش بدات و پێویست بوو ئامێرەکەی بەدەمەوە ببەسرێت هەر کاژمێرێک جارێک. دواتر تووشی تایەکی تووند بوو. خاتوو ژانگ وتی کە بۆ ماوەی چوار رۆژ ئەوەندە نائاسوودە بوو کەنەیدەتوانی بخەوێت. بەهۆی ئەوەی کڵۆڵ بوون بۆ دەستی یارمەتی، خاتوو ژانگ و خێزانەکەی تەلەفونیان بۆ هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەمێشکیاندا هات. بەڵام نەخۆشخانەکان هەموویان پڕ بوون. وەڵامدەرەوانی باری لەناکاو (ئیمێرجنسی) پێیان راگەیاندبوون کە پێویستە لەپێشدا قەرەوێڵەیەک لە نەخۆشخانەیەک دابین بکەن بۆ خۆیان، ئینجا ئەمبولانس دەنێردرێت. خاتوو ژانگ تێکشکابوو کە دەیبینی باپیرەی لەمردن نزیک دەبێتەوە، باپیرەیەک کە لەبەخوێکردن و گەورەکردنیدا بەشداربوو. لەو شەوەدا هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی، کە پڕبوو لەوێنەی گەشتی خۆی و خواردن، بووە لێشاوێک لەهاواری بەپەلەی یارمەتی. لەدوایین هەوڵیدا، پەیوەندی بەهێڵێکی گەرمی سەرۆک شارەوانییەوە کرد، بەڵام وەڵامدەرەوەکە هیچ وەڵامێکی پێنەبوو، پرسیاری لێکرد کەپلانیان چییە. «تۆ پرسیار لە من، هاوڵاتییەکی سادە، دەکەیت کەچۆن ئەمە چارەسەر بکەم؟، ژانگ وەڵامی دایەوەو تەلەفونەکەی داخستەوە. ئەو نیوەڕۆیە، باپیرەی لە ئاپارتمانی خانەوادەکەیاندا مرد. کرێکارانی گۆڕستانێکی نزیک هاتن بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی. ئەوان وتیان کە لەبەرئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بووە، کەسوکاری رێ‌یان پێ‌نادرێت هاودەمی تەرمەکە بکەن و دەبێت دەستبەجێ تەرمەکە بسووتێنرێت. بەڵام ئەوان کاتییان نەبوو بۆ ماتەمینی. تا ئەوکاتە داپیرەی خاتوو ژانگ دۆخی بەرەو خراپتر دەڕۆشت. گەیاندیانە نەخۆشخانە کەپزیشکێک پێی وتن سییەکانی لەپشکنینی تەنووریدا سپی دەرکەوتووە - ئەمەش نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی تووندی سییەکانە. دواتر پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی بوو. پێویست بوو لەیەکێک لەو نەخۆشخانانە داغڵ بکرێت کەدیاریکرابوون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لەوێ رەنگە پزیشکەکان بتوانن چاودێری نیشانە سەرەکییەکانی بکەن و بەدژە ڤایرۆس و دەرمانی دژە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی چارەسەری بکەن و ئۆکسجینی پێویستی بۆ دابین بکەن. بەڵام هەر هیچ قەڕەوێڵەیەک بەردەست نەبوو. دواتر پزیشکەکان بەخاتوو ژانگ و دایکیان وت کەئەوانیش تووش بوون. (ئالن)یش، برا بچووکەکەی، پشکنینی ئەرێنی بوو بۆ ڤایرۆسەکە. هەموویان پێیانوترا کە بگەڕێنەوە ماڵەوە. باوکی کە تەمەنی (٥٠) ساڵە، تاکە ئەندامی خێزانەکە بوو کەتووشی ڤایرۆسەکە نەبووبوو. ئەو لەژووری دانیشتن دەخەوت بۆ ئەوەی دوور بێت لەژوورە نووستنەکان. بەهەمیشەیی دەمامکیان دەبەست تەنانەت کاتێکیش کەدەخەوتن و بەسەرە چاودێری داپیرەیان دەکرد کە بەزەحمەت هەناسەی دەداو نەیدەتوانی لەسەر جێگە هەڵبستێت. خاتوو ژانگ دڵنیابوو لەوەی کەتووشبوونی باوکیشی دەکەوێتەوە سەر کات. ئەوان هیچ پاکژکەرەوە (میکرۆب کوژ)، ئامێری هەناسەپێدەر، یان دەمامکی ئەستووریان نەبوو کە بیانپارێزێت لە ڤایرۆسەکە. «هەموو رۆژێک پێکەوە نان بخۆیت، ئاو بخۆیتەوە، دانیشی، هەروەها سەیری هەواڵەکان بکەیت، گرنگ نییە چەنێک بەخەستی هەوڵبدەیت، بەدڵنیاییەوە ئەو هەر دەیگرێت»، ژانگ وای وت. ژیانی رۆژانەی ژانگ بووە رۆتینات لەناوەڕاستی شەودا کاتیک ریزەکانی سەرەگرتن کەمتر بوون، ژانگ داپیرەی دەبرد بۆ نەخۆشخانە بۆ بینینی پزیشکێک و وەرگرتنی دەرمان. لەکاتی رۆژدا، لەگەڵ دایکی دەگەڕایەوە بۆ نەخۆشخانەو لە ریزەکەدا دەوەستا. «ئەمە چ حکومەتێکە؟› خاتوو یانگ، کە لەتەنیشتی کچەکەیدا بوو، بەشێوەزارێکی ناوخۆیی قیژاندی و دەنگەکەی بەدرێژایی حەوشەی نەخۆشخانەکە دانگیدایەوە. «هەواڵەکان هەمیشە باسی ئەوە دەکەن هەموو شتەکان باشن، ئەوان تەنانەت گرنگی نادەن بەخەڵکی ئاسایی». تەنها کاردانەوەی خاوی حکومەت نەبوو لەبەرامبەر پەتاکە کە بێزارکەربێت. ئەوەش بێزارکەربوو کە خەڵکی لەشکۆی سەرەتایی خۆی بێبەشدەکرا. دوای ئەوەی باپیرە ژانگ مرد، خاتوو یانگ وتی کە بەشێوەیەک تەرمەکەی برا وەک ئەوەی «بەرازێکی مردوو یان سەگێکی مردوو» بێت. ئەوان ئێستاش نازانن پاشماوەی تەرمەکەی لەکوێیەو کاتیان نییە تا بیر لەسازکردنی پرسە بکەنەوە. «تەنانەت ناتوانم ئەو کەسانەش رزگار بکەم کەزیندوون»، یانگ وای وت. «ئێستا ئەوەی کە دەتوانین بیکەین پاڕانەوەیە لەخوداکان، پاڕانەوە لەهەر کەسێکی تر سوودی نییە».
هاوڵاتى لەوکاتەوەی لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکان قەدەغەکراوە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی «داعش» توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. رێکخراوەکە لە ئێستادا رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بۆتەوە له هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکان لەنێویاندا فەیسبوک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووە و ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بە ئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه هێرشەکەی 29 تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیامگۆڕینەوەی رووسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لە هێرشەکە، بە هەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. شیکاروانان دەڵێن داعش شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ قۆرخکردنی مەیدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3 کانونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بە داعشی سڕییەوە و بەشێوەیەکی کاریگەر گروپەکەی لە مینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای توێژینه‌وه رۆژنامەوانیەکان لە زانکۆی بەغدا، وتی «هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کە بیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». وادیارە داعش هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لە هەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئالگۆریزمی وایان چێکردووە کە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به داعش ده‌ده‌ن. ئالگۆریزم بریتیە لەو لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزار و 500 که‌ناڵی قەدەغەکردووە کە پروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە. داعش گواستییه‌وه بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لە تویتەر و فەیسبوک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبوکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و سناپچات و تیکۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی هزری دەستکردەوە چاودێریدەکرێن. لە تشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت «مینبەرەکە نزیکەی 10 ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بە چەکەوە». تیک تۆک، کە رێ بە بەکارهێنەرانی دەدات ڤیدۆی 15 چرکەیی دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاوان‌دا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووە و نزیکەی 26 هەزار ماڵپەڕ و ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. ئەمریکا ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت هەڵمەتەکە ئەوکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی ناشر، کە بابەته‌کانی ئەعماقی بڵاودەکردەوە، که باڵی پروپاگەندەی داعشه. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بە ئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کە دەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21 کانونی دووەم بڵاوکرانەوە و رایانگەیاند که فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لە بواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت «سەرکەوتوو بووە» و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لە تیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەر، مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لە پروپاگەندەی داعش پسپۆڕی عێراقی له بواری هەواڵگریدا، فازل ئەبوڕەغیف وتی لە عێراق، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توانیویانە رێگربن لە چالاکیە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن. ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕ و کەسێک کە تێوەگلابوون لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی «چەندین پەیج و ئەکاونت کە پشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان». نزیکەی دوو هەزار کەس لە تەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و وتیشی 22 هەزار مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بە دەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لە تەواوی جیهاندا و داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بە کارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشداریی دا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن... بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێری ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». سەرنج لەسەر چالاکیەکانی داعش ئیبراهیم سەراجی بەڕێوبەری رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «داعش گەیشتۆتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی». وتیشی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له تیرۆریزم دەکەن.» سەراجی وتی سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵە و چالاکیەکانی داعشە و راستیەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه، مانای ئه‌وه نییه دەتوانن لەوە رزگاربن کە ئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون. جەختیکردەوە لە پێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگر بن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوە و برەودان به تووندڕەوی.
عومه‌ر فه‌تاح وه‌رزی چاندنی په‌تاته‌یه‌و له‌شاره‌زوور دەستیپێکردوە، ده‌یان جوتیاری سنوره‌که سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن به‌ڕێگه‌یه‌کی نوێ چه‌ند جۆرێکی په‌تاته به‌رهه‌مبهێنن و ده‌یانه‌وێت ئیدی کوردستان پێویستی به‌به‌رهه‌می هاورده‌ى ده‌ره‌وه نه‌بێت، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵیش ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن چه‌ند ساڵێکه له‌وه‌رزی پێگه‌یشتندا دوو هێنده‌ی پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خرێته بازاڕه‌کانه‌وه. ده‌شتی شاره‌زوور، بەیه‌کێک له‌ده‌شته به‌ناوبانگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت و به‌هۆی به‌پیتی خاکه‌که‌ی و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی به‌توخمه کانزاییه‌کان به‌باشترین شوێن داده‌نرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته. دارا مه‌سته‌کانی، جوتیارێکی نمونه‌ییه‌و ساڵانه له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی ده‌شتی شاره‌زوور نزیکه‌ى (400) ته‌ن به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خاته بازاڕه‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات ئه‌مساڵ جۆرێکی نوێی بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی چاندووه‌و به‌ناوی (سامتا) که له‌ئێرانه‌وه هێناویه‌تی و به‌وته‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئاووهه‌وای شاره‌زوور گونجاوه‌و ناوه‌که‌ی زۆر زه‌ردو جوانه‌و تامی خۆشتره له‌جۆره‌کانی دیکه. له‌شاره‌زوور زیاتر له‌حه‌وت جۆر تاقیکراوه‌ته‌وه‌و ئه‌م جۆره نوێیه له‌ڕێگه‌ى دڵۆپاندنه‌وه کردویانه سه‌رکه‌وتوو بووه. دارا وتی «ده‌بێت خۆڵه‌که‌ی زۆر نه‌رمبێت، شیبکرێته‌وه‌و نابێت زه‌ویه‌که ره‌ق بێت، چونکه به‌رهه‌مه‌که‌ی باش نابێت، ئه‌مجۆره له‌فه‌ڕه‌نسی و هۆڵه‌ندیه‌که‌ش به‌رهه‌مه‌که‌ی زۆرتره«. ئه‌و جوتیاره نمونه‌ییه باس له‌وه‌ده‌کات ئێستا په‌تاته‌ی جۆری ئه‌ریزۆناش له‌ناو خانووی پلاستیکیدا به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌کرێت و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌سێ مانگ به‌رهه‌مه‌که‌ی پێده‌گات، وتیشی «ئه‌و جۆرانه‌ی به‌رهه‌مدێ زیاتر بۆ خواردنه، ئه‌وه‌ی بۆ جبس و برژاندن و بابه‌ته‌کانی دیکه‌یه زۆر که‌متر ده‌کرێ». په‌تاته به‌هایه‌کی خۆراکیی به‌رزی هه‌یه، به‌یه‌کێک له‌ناسراوترین و به‌رفراوانترین به‌رهه‌مه خۆراکییه کشتوکاڵییه‌کان داده‌نرێت و یه‌کێکه له‌خۆراکه رۆژانه‌ییه‌کان، چاندنه‌که‌ی له‌مانگی شوباته‌وه ده‌ستپێده‌کات و له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران ده‌ستده‌کرێت به‌هه‌ڵکه‌ندنی، هه‌روه‌ها له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئابیشدا په‌تاته ده‌کرێت و مانگی (12) هه‌ڵده‌که‌نرێت و ئه‌و جۆره‌یان پێیده‌وترێت په‌تاته‌ی پایزه. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه ئێستا کوردستان له رووی به‌رهه‌می په‌تاته‌دا گه‌یشتووه‌ته ئاستی خۆبژێویی، به‌ڵام گرفت له‌شێوازی هه‌ڵگرتن و به‌بازاڕکردنی به‌رهه‌مه‌که‌دایه. سه‌میر ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌که‌دا کهدهکهوێتە کۆتایی وه‌رزی هاوینه‌وه، خواردنی په‌تاته له‌کوردستان له‌نزمترین ئاستدایه، ئه‌و به هاوڵاتی وت «گرفتی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه جووتیاران به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕه‌کان ساغ نابێته‌وه‌و نرخه‌که‌شی زۆر داده‌به‌زێت». ئه‌و وتیشى «زۆرێک لهجوتیارهکانیش کۆگای پێویستیان نیه بۆ هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌که تا ئه‌وکاته‌ی پاره ده‌کات، ته‌نها بازاڕیش که پهتاتەی کوردستانی بووێت شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه«. به‌پێی توێژینه‌وه‌کان که‌شوهه‌واو خاکی کوردستان بۆ چاندنی په‌تاته گونجاوه‌و ده‌تواندرێت له‌وه‌رزی به‌هارو پایزدا بچێنرێت، به‌ڵام به‌رهه‌می پایزه زۆر باش نییه، بۆیه جوتیاران زۆرترین بڕ له‌وه‌رزی به‌هاردا ده‌چێنن. به‌شێکی زۆری جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌رگای سنوره‌کان ده‌کرێته‌وه‌و له‌ئێران و تورکیاوه به‌رهه‌می وڵاتانی دیکه دێننه هه‌رێم، حه‌سه‌ن عه‌لی ته‌مه‌ن (58) ساڵ جوتیارێکی دیکه‌یه‌و له‌سنوری قه‌زای پێنجوێن ساڵانه ده‌یان دۆنم زه‌وی ده‌کات بهپهتاته، ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌پێنجوێن و ده‌وروبه‌رى زیاتر په‌تاته‌ی هۆڵه‌ندی، فه‌ڕه‌نسی ده‌کرێت، بۆ یه‌ک دۆنم زه‌وییش بڕی یه‌ک ته‌ن بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی تێده‌کرێت و به‌پێی ساڵیش (7 – 11) ته‌ن په‌تاته به‌رهه‌می ده‌بێت. جوتیارێک: حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات حه‌سه‌نی جوتیار به هاوڵاتی وت «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌ت هیچ هاوکارییه‌کمان ناکات و بنهتۆوو ده‌رمان و ئامێری پێویستمان ناداتێ، چوار مانگیش ماندودهبین بهبهرههمهکانمانهوه، به‌ڵام له‌کاتی پێگه‌یشتنیدا له‌سنوره‌کانه‌وه رۆژانه سه‌دان ته‌ن به‌رهه‌م دێننه بازاڕه‌کانه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌که‌ی ئێمه له‌بازاڕ هیچ ناکات». ئه‌و جوتیاره‌ی پێنجوێن ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که‌ساڵانه زۆربه‌ی جوتیاران به‌هۆی دابه‌زینی نرخه‌وه تووشی زه‌ره‌ر ده‌بن، وتیشى «له‌سه‌رەتاوه تاکۆتایی تێچووی به‌رهه‌مه‌که له‌ئه‌ستۆی جوتیاراندایه، حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات». به‌پێی پێشبینیه‌کانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌رهه‌می ئه‌مساڵی په‌تاته بگاته (250) هه‌زار ته‌ن، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه ساڵانه دانیشتوانی هه‌رێم پێویستیان به (100) هه‌زار تۆن په‌تاته هه‌یه بۆ خواردن و ساڵ به‌ساڵ رووبه‌ری چێنراو به به‌رهه‌می په‌تاته‌ش له‌زیادبووندایه. به‌وته‌ی سه‌میر ئیسماعیل چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته له‌هه‌رێمی کوردستان قۆناغێکی باشی بڕیوه، ساڵ به‌ساڵیش به‌رهه‌م روو له‌زیادبوونه، وتیشی «بۆ پارێزگاریکردن له‌به‌رهه‌می ناوخۆیی و ساغبوونه‌وه‌ی له‌بازاڕدا له‌مانگی یانزه‌ی ساڵی پاره‌وه هێنانی په‌تاته‌مان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کردووه‌و ته‌نها ئه‌و جۆرانه دێت که بۆ جبس و فینگه‌رو برژاندن و چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌یه«. ساڵانه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ناوخۆ‌و بۆ ئه‌وه‌ی جوتیاران تووشی زه‌ره‌ر نه‌بن، له‌مانگی (11) به‌دواوه تاوه‌کو ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار هه‌رێمی کوردستان پشت بهپهتاتهی بیانی ده‌به‌ستێت و بۆ هه‌ر کیلۆیه‌کی هاورده‌کراویش بڕی (350) دینار باجی گومرگی ده‌خرێته‌سه‌ر. هه‌رچه‌نده ساڵانه به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌شێک لهبهروبوومهکان رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیاد ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی وه‌ک پێویست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ‌و سه‌رچاوه‌کانی ئاوه‌وه هاوکارییان نه‌کراوه‌و به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕدا به‌نرخی گونجاو نافرۆشرێت، ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌وان ساردبنه‌وه له‌که‌رتی کشتوکاڵى. به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکانی هه‌رێم هەزارو (600) جوتیار ساڵانه به‌ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌وی به په‌تاته ده‌چێنن و له‌ماوه‌ی (10) ساڵی رابردوودا، گرنگی زۆر به‌چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته ده‌درێت و چه‌ند کۆمپانیایەکی که‌رتی تایبه‌ت له‌هۆڵه‌نداو فه‌ره‌نساو ئێرانه‌وه بنه‌تۆوی تایبه‌تی په‌تاته ده‌هێننه کوردستان. سه‌میر ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو ساڵانی پێشتر سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری به‌رهه‌می په‌تاته، بنه‌تۆویان له‌کۆمپانیاکان کڕیوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شیان کردووه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه راگیراوه.
هاوڵاتى لەو دەورەی ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین خەڵەف، دەتوانێت چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ببینی، کەوەستاون بەسەر لاشەی پیاوێکی کەوتوو، لەناو ئۆتۆمبێلەکەش دەنگی ژنێک بە کزی لەناویدا دەبیسترێت. سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، دەڵێت « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.» چەند رۆژێک دوای ئەم قسانەی دایکی هەڤرین بۆ کەناڵی بی بی سی، رۆیشتە پەرلەمانی ئەوروپاو لەوێدا وتی «»دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان». سوعاد مستەفا دایکی ژنە سیاسەتمەداری تیرۆرکراوی کورد هەڤرین خەڵەف کەیەکێکە لەبەشداربووانی کۆنفڕانسی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆنفڕانسەکەدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی ژنان کرد کە لەدژی ئەردۆغان یەکبگرن. کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا رۆژانی ( ٥ و ٦)ی شوبات لە ژێر ناوی ‹یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد› بەڕێوە چوو، بە بەشداری چەندین پەرلەمانتارو بیرمەمندو کەسایەتی جیهانی و کوردی. «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان» سەرەتای دانیشتنەکە، سوعاد مستەفا قسەی کرد دایکی سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەف وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان»، هەڤرین لەتشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیاوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا. سوعاد مستەفا وتی «لەلایەن گەلی رۆژئاوا‌و لەبەرەکانی خۆڕاگرییەوە سڵاوم بۆ هێناون و تیشکیشی خستە سەر شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی ژنانە». سوعاد مستەفا هەروەها وتی « شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە، بەهێرشکردنەسەر ژنان، مرۆڤایەتی دەکەنە ئامانج.» سوعاد مستەفا ئەو قسانەی لەبەردەم دەیان کەسایەتی سیاسی و دبلۆماسی و ئەکادیمی جیهانیدا کرد کەهەندێکیان براوەی خەڵاتی نۆبڵ بوون و بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون. چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانیش پشتیوانی کۆنفڕانسەکەیان کرد وەکو: دیسمۆند توگو خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ کە بە رەچەڵەک خەڵی ئەفریقای باشوورە، شیرین عەبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، جاگیر بیەنجا باڵیۆزی باڵای ئاشتی لەکۆنسەی ئەوروپاو سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤ-ی بیانجا، نوام چۆمسکی بیرمەندو زمان‌ناسی جیهانی و لەیلا زانا خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤ و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپەو چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانی. سوعاد مستەفا دایکی هەڤرین خەڵەف لەدرێژەی قسەکانیدا لەکۆنفرانسەکە وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان و مرۆڤایەتی و بۆ ئازادی ژنان بوو بەسیمبۆل و پیرۆزی». هەروەها وتی «ئەم دوژمنە مرۆڤایەتی ناناسێت. ئێستا بەملیۆنان هەڤرین هەن. لەدژی ئەم دیکتاتورە (ئەردۆغان) راپەرین و ئەم راپەڕینە بەگوڕتریش دەبێت. بانگەوازییەک ئاڕاستە هەموو ژنان دەکەم و پێیان دەڵێم: دەست لەناو دەست، ببن بەیەک و لە دژی ئەردۆغان و ئەوانەی هاوکاریی ئەو دەکەن، بڵێن ‹ئێمە هەموومان هەڤرینین، لەدژی تۆ تێکۆشان دەکەین». لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەکوشتنی هەڤرین لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی عەرەبی بەڵگەی گوماناوی ئاشکرادەکات کەکچە سیاسەتمەداری کورد، هەڤرین خەڵەف کوژراوە لەلایەن دەستەیەکی سوپای سوریای ئازاد بەناوی « ئەحرار شەرقیە» کەتورکیا پشتگیری‌یان دەکات و دەستەی چەکدارانی بەرپرسیار حاشا لەو تاوانە دەکات، بەڵام بەڵگەکان چیرۆکێکی ترمان پێدەڵێن. هەرچەندە هەڤرین خەڵەف تەنها (٣٤) ساڵان بوو کاتێک کەمرد، بەڵام داکۆکی دەکرد لەنێوان هەموو نەتەوەکان لەسوریا و بنکەیەکی بەهێزی کرد دژی چالاکی «بەهاری ئاشتی» تورکی لەبەشی باکوری سوریا کەکوردەکان باڵادەستن تیایدا، ئەو شوێنەی کەکوردەکان پێی دەڵێن رۆژئاوا. هەڤرین تەنها داکۆکی لەمافەکانی کورد نەدەکرد، بەڵکو «داهاتووی سوریا» کەهەڤرین دامەزرێنەری بوو، دەیویست کورد‌و عەرەب و مەسیحیەکان شانبەشانی یەکتری کاربکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگی دروستکردنەوەی ناوچەکە. نەوبەهار مستەفا ، هاوڕێ و هاوژینی دەڵێت «بۆ من و هاوڕێکانم خوشکێک، یاوەرێک و سەرکردەیەکمان لەدەستدا»و زۆر ئەستەم دەبێت کەسێک بدۆزینەوە شوێنی هەڤرین بگرێت « ژنێکمان لەدەستدا کەدەیویست دەنگی ژنان و تواناکانیان بەرزبکاتەوە، ئەو هەمیشە کاری بۆ ئاشتی دەکرد. لەنزیکی ٥:٣٠ ی سەرلەبەیانی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هەڤرین لەڕێگەی خێرای “M4” بەئۆتۆمبێلەکە کەوتەڕێ لەحەسەکەوە بۆ بنکەی حزبەکەی لە رەققە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر. ئەمەش دوای سێ رۆژ لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو دەستپێکردنی ئەردۆغان بەئەنجامدانی هاوینی ئاشتی لەوێدا. رێگای خێرای “M4” بە رێگەیەکی سەلامەت رەچاودەکرێت، بەڵام لەو بەیانییەدا، شایەتحاڵەکان وتیان کاروانێکی سەربازییان لەسوریا بینیوە کە لەتورکیاوە بەرەو رێگای خێرای « M4» هاتوون. ئەو کاروانەش بەشێک بوو لەسوپای سوریای ئازاد کە لە (٤١) دەستەو زیاتر لە (٧٠) هەزار سەرباز پێکهاتووە. ئەمانیش لەلایەن تورکیاوە دروستکراون. تورکیا چاودێری و راهێنان و چەکداری ئەم دەستانە دەکات، کەدژی هێزە کوردیەکان دەجەنگن لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەو کاتەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە کشانەوەو لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تورکیا دەستی بەکرداری سەربازیی کرد. لەو پارچە ڤیدیۆیانەی لەبەرنامەی تێلیگرام بڵاوبووەوە، دەستەکە خۆیان بە (ئەحرار شەرقییە) ناساند‌و بەشوێنکەوتووەکانیان وت کەئەمە «ساتەکانی یەکەم گەشتنی موجاهدینی ئەحراری شەرقییە بۆ حەسەکە و بۆ رێگای خێرای مەنبەج» لەیەکێک لەڤیدیۆکان دەتوانیت خۆر ببینیت کاتێک هەڵدێت لەنێوان کاتژمێر ٦:٣٠ بۆ ٧ی بەیانی. لەناو ڤیدیۆیەکی تردا، دەتوانین بەربەستێکی دیار ببینین، ستوونێکی گەورە بۆ گواستنەوەی پەیوەندیەکان و هەروەها رێگەیەکی خۆڵی دەبینین. بەراوردکردنی شوێنەکانی ئەم بەشانە بەوێنەکانی سەتەلایت، دەتوانین شوێنی زەویناسی ڤیدیۆکە دیاری بکەین. ئەویش خاڵی پشکنینی تەراوزییە، هەمان خاڵی پشکنین کەئەو بەیانییە هەڤرین بۆی دەچوو . پاشان پارچە ڤیدیۆکان خولانەوەیەکی تاریک وەردەگرێت، تیایدا گرتنی سێ چەکدار دەردەکەوێت، دەڵێن ئەوان سەر بە پەکەکە بوون. دواتر یەکێک لەسەربازەکانی ئەحرار شەرقییە داوا لەهاوڕێکەی دەکات وێنەی بگرێت کەتەقە لەپیاوێک دەکات لەسەر زەویەکە راکشاوە، وا دیارە کە بەفیشەک کوژراوە. لەو رۆژەداو لەهەمان خاڵی پشکنینی ئەو ناوچەیە هەرسێ پیاوەکە کوژران. دەستەی ئەحرار شەرقییە نکۆڵی تەواوەتی کرد، کە ئەوان لەو شوێنەدا بووبن، بەڵام لەلێدوانێکی دواتریان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن.» هەروەها وتیان ئەوان دەستیان کردووە بەتەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکە بەهۆکاری « نەوەستانی». لە لێدوانەکە ئەوەیان زیاد کردووە کە ئەوان هەڤرینیان نەکردۆتە ئامانج بەتایبەتی و نازانن چۆن کوژراوە. بەڵام پارچە ڤیدیۆ تایبەتاکانیان و ئەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوەو شایەتحاڵەکان کە بەتایبەتی بۆ بی بی سی دووان، هەموویان شایەدیان بۆ ئەوەدا کەهەڤرین لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە کوژراوە. لەو رۆژەداو لەکۆتا ڤیدیۆدا کەدەستەی ئەحرار شەرقییە بڵاویکردەوە، دەتوانیت جەنگاوەرەکان ببینی کە دەوری ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین دەدەن و لاشەیەکیش لەسەر زەویەکە کەوتووە کەگوایە دەگەڕێتەوە بۆ فەرهاد رەمەزانی شۆفێری. دەنگی ژنێک بەکزی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەبیستیت. «ئەوە دەنگی هەڤرینە» سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، کاتێک بی بی سی پارچە ڤیدیۆکانی پیشاندا وتی « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.» وا دیارە کە هەڤرین خەڵەف لەژیاندا بووەو توانیویەتی ناسنامەی بکوژەکان بناسێتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی وەستێنراوە، هەروەها بەڵگەی تر هەیە کەهەڤرین لەئۆتۆمبێلەکەدا نەمردووە. جوتیارێکی ناوچەکە، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەو رۆژەدا لە نزیک خاڵی پشکنینەکەوە بووە کاتێک دەستەی چەکدارەکان دەستییان بەسەر هەڤریندا گرتووەو وتی « کاتێک سەربازەکان کشانەوە لەکاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی چوومە سەر رووداوەکەو دیمەنێکی زۆر ترسناکم بینی، یەکەم کەسیش کەبینیم کچێک بوو. لاشەکەی لەدوری (پێنج) مەتر لەئۆتۆمبێلەکەوە دوور بوو... هەموو دەموچاوی شێوێنراو بوو. قاچەکانی زۆر بەقورسی بریندار ببوو کەوابزانم شکابوو» . هەروەها وتی «لەبەربەستی تراوزییە نۆ لاشەم دۆزییەوەو خەڵکی ناوچەکە رەتیانکردەوە یارمەتیم بدەن لەهەڵگرتنی لاشەکان و بیخەمە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەوە دەترسان کەئەوانیش بکوژرێن» کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی هەمان رۆژ، لاشەی هەڤرین و سێ کەسی تر رادەستی نەخۆشخانەی مالیکیەی سەربازیی کرا. راپۆرتی پزیشکی ئەوکاتە بڵاویکردەوە کەهەڤرین زیاتر لە (20) فیشەکی پێوە بووەو قاچەکانی شکابوون و بەتوندی دەستدرێژی کراوەتەسەر. پیش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتەسەر هەموو ئەو بەڵگانەی لەلایەن بی بی سی کۆکراونەتەوە دەمانباتە ئەو دەرئەنجامەی کەچەکدارانی دەستەی ئەحرار شەرقییە هەڤرینیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە راکێشاوەتە دەرەوە کەهێشتا لەژیاندا بووەو پاشان دەستدرێژییان کردۆتە سەر پێش ئەوەی لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بیکوژن. سپێدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر تورکیا کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەو دادپەروەرانە ئەنجامبدەن بۆ کوشتنەکەی هەڤرین خەڵەف. هەڤرین، یەکێکە لەسەدان ئەو خەڵکانەی کەکوژراون لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩و بەجێهێشتنی بۆشاییەک بۆ دروستبوونی هێزی سوریای ئازاد کە لەلایەن تورکیا‌و دەستە گروپەکانی وەک ئەحرار شەرقییە هاوکاری دەکرێن و تیایدا بتوانن هەموو کارێک بێ سزا ئەنجام بدەن. ئەحرار شەرقییە لە لێدوانێکیان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن و ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەکوشتنی هەڤرین خەڵەفەوە نییە.» رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ بی بی سی دواو وتی «پێویستە لێکۆڵینەوە لەکوشتنی هەڤرین و ئەوانی تر بەدەستی ئەحرار شەرقییە کوژراون بکرێت بەشێوەیەکی رێکوپێک و تاوانبارەکان رادەستی دادگا بکرێن... ئەگەر تورکیا سنورێک بۆ دەستەکانی دانەنێت کە بەوەکالەت لەسوریا دەجەنگن و سنورێک بۆ سزادانیان دانەنێت، ئەوا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستەکانی تریش کەپێشێلکاری زیاتر ئەنجامبدەن.» حکومەتی تورکیا، کەهاوکاری گروپەکانی سوریای ئازاد دەکات، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە بۆ داواکاریەکەی بی بی سی تاسەرنج بدات لەسەر رووداوەکە.
وتاری: فەهیم تەشتکین لەوێبسایتی ئەلمۆنیتەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەسەروبەندی قوڵبوونەوەی گرژییەکانی تورکیا-روسیا لەئیدلیب و پێگەیەکی بەهێزتری ئێران لەهەرێمەکەدا، دەوترێت کوردەکان بەبێدەنگی خەریکی لێکدانەوەی بژاردەکانیانن لەحاڵەتی پەرەسەندنی ململانێی ئیدلیبداو ئەگەری شەڕکردنیش هاوشانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەدوور نازانن. مانگی رابردوو تورکیا بەهێمنی دەرکەوت کاتێک سوپای سوریا بەرەو مەرعەت نو‌عمان بەڕێکەوت، لەشکرکێشییەک کەپێچەوانەی چەندین پەیوەندی پشت پەردەی نێوان دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی سەربازیی و هەواڵگری روویدا لەمۆسکۆ. زیاد لەمەش، بەرپرسانی تورکی بەفەرماندەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان راگەیاندبوو کەدەبێت بەجۆڕێک رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥ بکرێنەوە لەگەڵ ئەوەی وردەکاری گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسیا بۆ باسکردن لەچەند کۆبوونەوەیەکدا لەشارەکانی غازی عەنتاب و رەیحانلی سەر سنوری تورکیا لە ١٥ی کانونی دووەم. هەرچەندە کاتێک سوپای سوریا هەنگاوی بەرەو قۆناغی داهاتوی ئامانجەکەی نا، کە سەراقبە، لەکۆتایی کانونی دووەم، دەرکەوت کەتورکیا هەوڵی جەنگی زەمینی دەدات بۆ رێگەگرتن لەکەوتنی شارۆچکەکە کەدەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی رێگای خێرایی ئێم-٥ و ئێم-٤. تورکیا بەناردنی هێز دەستیپێکرد بۆ ئیدلیب، هەنگاوێک کە دوای سەردانی تۆد وۆڵتەرز، فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لەئەوروپا هات لە ٣٠ی کانونی دووەم بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی سوریا، لەگەڵ ئەوەی تۆپبارانی حکومەتی سوریا هەشت تورکی کوشت لەسەربازو مەدەنی لە ٣ی شوبات لەنزیک سەراقب. لەکاتێکدا ئەنقەرە داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ هێڵی ئاگربەست لەپشت ١٢ خاڵە چاودێرییەکەیەوە لەپارێزگای ئیدلیب، هێزەکانی سوریا لەماوەی هەفتەیەکدا کۆنتڕۆڵی (١٠٠) شوێنیان کردەوە بەبێ گوێدان بەهەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ نێو سوریا. بەوپێیەی هێزەکانی تورکیا رێگای رۆژهەڵاتیان بڕی، کەوانێکیان کێشا لە باشورەوە بۆ رۆژئاوا تا بەخێرایی سەراقب بگرنەوە. لەئەنجامی ئەمەدا، حەوت بنکەی سەربازی تورکیا، لەناویشیاندا سێ خاڵی چاودێری تازە دامەزرێنراو گەمارۆدران. تورکیا بەردەوامە لەناردنی چەک و هێز بۆ ئیدلیب بەتێپەڕبوونی سەدەها ئۆتومبیلی بارهەڵگر بەسنورەکەیدا بۆ نێو سوریا. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوەیەکی تریان سازکردووە لەگەڵ (٤٠) فەرماندەی ئۆپۆزسیۆن لە رەیحانلی، کە پێیانوتوون دانوستانەکان لەگەڵ روسیا شکستیخواردووەو دەبێت ئۆپۆزسیۆن «خۆی ئامادە بکات بۆ خراپترین» دۆخ. سەرچاوەیەک کەئامادەی کۆبوونەوەکە بووە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە ئۆپۆزسیۆن شاری ئیدلیب بە «هێڵی سوور» دەبینێت. هەموو ئەم پەرەسەندنانە لەباکوری رۆژئاوا کاردانەوەی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات، کە لەوێ کوردانی سوریا بەبێدەنگی ئامادەکاری دەکەن بۆ سینارۆ شیاوەکان. لەسەروبەندی پەرەسەندنەکان لەئیدلیب، سوپای نیشتمانی سوریای پاڵپشت بەتورکیا چەندین هێرشی ئەنجامداوە لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی، بەڵام شکستیهێناوە لە دروستکردنی بەرەنگارییەکی جددی بۆ کوردەکان. لەهەمانکاتدا، کوردەکان بەوردی بیر لەوە دەکەنەوە چۆن سوود لەو لەنگەرە پەرەسەندووە وەربگرن لەحاڵەتی روودانی ناکۆکییەکی فراوانتری روسیا-تورکیا. دەنگی دەهۆڵی شەڕی تورکیا لەسەر ئیدلیب وای لەکوردەکان کردووە رەچاوی بژاردەی هاوکاریکردنی سوپای سوریا بکەن لەلەشکرکێشییەکانی کۆتاییدا بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای فورات. تیشکی سەرەکی کوردەکان هەرێمی عەفرینە کەتورکیا لەمارسی ٢٠١٨ داگیریکرد وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ بەربەست دانان بۆ خۆبەڕێوبەری کورد لەسوریا بەپاساوی ئەوەی لەلایەن نزیکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی کوردی کە لەلایەن ئەلمۆنیتەرەوە پەیوەندیان پێوە کراوە، دەکرێت سۆز‌و هەڵسەنگاندنەکانی کوردەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە: •کوردەکان وانەیەکی باش فێربوون لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کە تێیدا تورکیا پێگەی خۆی قایم کرد لە رۆژهەڵاتی فوراتدا. کوردەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە متمانەکردنی زۆر بە ئەمریکا هەڵەیەو نابێت روسیا فەرامۆش بکەن، هەروەها رێککەوتن تەنها لەڕێی دانوستانەوە لەگەڵ دیمەشق سەردەگرێت. •بەوپێیەی هێزەکانی ئەمریکا تیشکیان خستووەتەسەر کێڵگە نەوتییەکانی رمێڵان، حەسەکە، هەروەها دێرەزوور لەباکوری رۆژئاوا، بیرۆکەی کردنەوەی بۆشایی زیاتر بۆ روسیا بەبێ ئەوەی زیان بگات بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. تەنانەت گفتوگۆ هەیە لەسەر پێشکەشکردنی بنکەیەکی نوێ بە روسیا کەپێشتر دەستیگرتووە بەسەر چەندین بنکەی سەربازی چۆڵکراوی ئەمریکا ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی مۆسکۆ تا فشار بخاتەسەر دیمەشق لەبەرژەوەندی کوردەکان بجوڵێتەوە. •رەنگە کوردەکان دەروازەیەکی نوێیان بۆ بکرێتەوە تا بەوردی هەنگاو بنێن ئەگەر پەرەسەندنی بەردەوامی ئیدلیب سەربکێشێت بۆ کۆتاییهاتن بەهاوبەشی روسیا-تورکیا. کوردانی سوریا ئەگەری پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەدوور نازانن بۆ هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەگەر پێکدادانەکان لە ئیدلیب گەشەبستێنێت بۆ جەنگ لەنێوان سوپای سوریا و تورکیا. لە رووداوێکی وەهادا، رەنگە بەرەی نوێ بکرێتەوە لە تەل رەفعەت و مەنبج دژی سێگۆشەی داگیرکراوی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی تورکیا لەنێوان عەزاز، جەرابولس، هەروەها ئەلباب، سەرەڕای ئەگەری هەنگاوی سەربازی بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات کەسوپای تورکیا و سوپای نیشتمانی سوریای لێیە (مەبەست ئەو ناوچانەیە تورکیا لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی داگیریکرد). •هەرچەندە هەموو ئەو ئەگەرانە دەکەوێتەوە سەر دانوستانی تەواوی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە، بنیادنانی ئەو دیالۆگەی کە روسیا دەستپێشخەری تێداکرد لەنێوان هەردوولادا دوای ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی تورکیا کە بووەهۆی گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ هەندێک ناوچەی دیاریکراوی سنوری تورکیا. ئەگەر مەترسی جەنگ لە ئیدلیب بەرجەستە نەبێت و سوپای سوریا بگاتە عەفرین، رەنگە کوردەکان لەو خاڵەشدا هەر بەشداری بکەن لەکەمپینەکەدا. لە ئێستادا، روسیا بەشێوەیەکی تاکتیکی ئاسانکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کوردەکان دژی ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بەتورکیا کەکۆنترۆڵی عەفرینیان کردووە. ئەگەر پەرەسەندنەکان لێکەوتەی گرژی گەورەی لێبکەوێتەوە لەگەڵ تورکیا، رەنگە روسیا کۆتایی بەستراتیجییەتی خۆی بهێنت لە رێدانی تورکیا کە بەسەلامەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات لەوانە «چاوپۆشین»ی سیستەمە بەرگرییەکانی لەئاست چالاکی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رێگەگرتن لەڕووبەرووبوونەوەی نێوان سوپای تورکیا‌و سوریا، هەروەها گرتنی جڵەوی میلیشیاکانی سەر بەحکومەتی سوریا‌و کەمکردنەوەی مەترسی وەڵامدانەوەیان. کۆتای پێهێنانی ئەم جۆرە میکانیزمانە، کە کاری خۆیان کردووە بەهۆی ناوەندە هاوبەشەکانی هەماهەنگییەوە، رەنگە سەربکێشێت بۆ پەرەسەندن لەو شوێنانەی تر کەسوپای تورکیایی لێیە. بەڵام ئەگەر تورکیا‌و روسیا لەسەر ئاگربەستێکی نوێ رێکبکەون دوای کردنەوەی رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥، رەنگە مۆسکۆ بگەرێتەوە بۆ ستراتیجی گرنگیدان بە نیگەرانییەکانی تورکیا لەسەر پرسی کورد. بۆ کوردەکان، ئەمە مانای گەڕانەوە دەبێت بۆ ژووری چاوەڕێکردن. بەڵام گۆڕانکارییە خێراکان لە ئیدلیب ئەگەری سەوزکردنی گڵۆپی روسیای بۆ لەشکرکیشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ لاوازکردووە لەبەرامبەر رێککەوتنیک لەسەر ئیدلیب، ئەمەش سیناریۆیەکە کەکوردەکان دەمێکە بەجددی وەریدەگرن. لەهەمانکاتدا، لایەنێکی تر سەریهەڵداوە لەدەستتێوەردانی ئێران لەسوریادا، کەکوردەکان جارێ ئامادە نین باسی لێوەبکەن. هەتا ئێستا ئێران خۆی سەرکز کردووە لەکاتێکدا ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادەیی ئێرانیان بەکارهێناوە وەک پاساویک بۆ لێدان لەئامانجەکانی تاران لەسوریا. بەڵام لەکاتی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لەسەرەتاکانی کانونی دووەم، ئێران بەڵێنی داوە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا دەربکات وەک بەشێک لەستراتیجی فراوانی «تۆڵەکردنەوە»، کە دەردەکەوێت ئەم ستراتیجیەی هێنابێتە بەرەکانی پێشەوەی ئیدلیب و رۆژئاوای حەلەب. لەگەڵ حزبوڵا، گروپەکانی سەر بەئێران لەوانە فەیلەقی زەینەبییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی پاکستانی، هەروەها فەیلەقی فاتمییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی ئەفغانی بەشدارن لەشەڕەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکە. سەرەڕای ئەوەش، عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکارێکی باڵای عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەڵێنی ئەوەی داوە کە «حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی لەئیدلیبەوە دەڕۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات بەمەبەستی دەرکردنی ئەمریکییەکان». ستراتیجی ئێران بەنزیکی پەیوەندی هەیە بەکوردەکانەوە. ئەگەر کوردەکان دووربخرێنەوە لەئەمریکاو زیاتر لە دیمەشق نزیک بکرێنەوە، ئەوا ئەوکات جێبەجێکردنی خواستی کوردەکان لەئاستێکی «شیاو»دا شتێک نییە کەئێران دژی بوەستێتەوە. سەرەڕای پرسی کورد لەوڵاتەکەی خۆیدا، ئێران بەوریاییەوە مامەڵەی کردووە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سوریا لەسەرەتای دەستپێکی قەیرانی سوریاوە. لەکاتێکدا روسیا بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان دەبینێت لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق وەک کورتبڕێک بۆ کۆتایهێنان بە بەرەکانی پێشەوەی شەڕو هەنگاونان بەرەو قۆناغی بنیادنانەوە، ئێران بێزارە لەوەی روسیا زۆر تورکیای دەستکراوە کردووە. لەهەمانکاتیشدا مەرجی ئەنقەرە لەسەر کوردەکان بەربەستی دروستکردووە بۆ ستراتیجی دەرچوونی مۆسکۆ. لای خۆیەوە تاران یەکبوونی کوردەکانی لەگەڵ دیمەشق پێ باشە بەجۆرێک کە بەرژەوەندی زیاتر دەستەبەربکات بۆ حکومەتی سوریا. ئەوەی شایەنی باسە، سەرکردایەتی پەکەکە دیمەشق وەک چەقی رێککەوتن دەبینێت، بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەرەکانی ئێران هێندەی فاکتەری روسییەکان. هەرچەندە ئەگەر هەسەدە بەردەوامی بدات بەهاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا رەنگە تووشی مەترسی سیناریۆکەی ئیدلیب ببێتەوەو لە رۆژهەڵاتی فورات لەسەر حسابی کورد هەمان شت رووبداتەوە، ئەمەش هۆشدارییەکەی ویلایەتی دەسەلمێنێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەی وتران، هۆکاری سەرەکی پێناسەکردنی سۆزی ئێستای کوردەکان هەستی نادڵنیاییانە، بۆیە هیچ کەس لەبزوتنەوەی کوردی‌دا ئامادە نییە هەڵوێستێکی روونی خۆی بخاتەڕوو.