هاوڵاتى له‌په‌یامى ڤیدیۆیى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که داهاتى مانگێکى نه‌وت 30 ملیۆن دۆلار بووه‌و ناوخۆش 60 ملیۆن دۆلار و ده‌شڵێت:" کاتى ئه‌وه هاتووه چه‌وتییه‌کان راستبکه‌ینه‌وه". هاوڵاتى به چه‌ند به‌شێک په‌یامه‌که‌ى ئه‌مشه‌وى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى بڵاوکرده‌وه‌و له ئێستادا ده‌قى قسه‌کانى بڵاوده‌کاته‌وه. ده‌قى په‌یامه ڤیدیۆییه‌که‌ى مه‌سرور بارزانى: به‌ناوى خواى گه‌وره و میهره‌بان هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست سه‌ره‌تا به بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه، پیرۆزباییتان لێده‌که‌م و هیودارام کاتێکى خۆش له رۆژانى جه‌ژندا به سه‌ر ببه‌ن، داواشتان لێده‌که‌م بۆ پاراستنى خۆتان و که‌سوکار و کۆمه‌ڵگه‌که‌تان، رێکاره‌کانى خۆپارێزى و رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن. وه‌ک ئاگادارن هه‌رێمى کوردستان و زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان به هۆى لێکه‌وته ئابوورییه‌کانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌کانى جیهاندا، رووبه‌ڕووى دۆخێکى سه‌ختى ئابوورى بوونه‌ته‌وه. ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه له ده‌ره‌وه‌ى ویست و خواستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه. هه‌ر له سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه‌ش ئێمه هه‌موو هه‌وڵێکمان داوه و به‌رده‌وامیشین له هه‌وڵه‌کانمان بۆ ئه‌وه‌ى بارگرانیى له سه‌ر هاووڵاتییان که‌م بکه‌ینه‌وه. هاونیشتمانیانى به‌ڕێز: ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌م، هه‌موو هه‌وڵێکمان خسته گه‌ێ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا و له هه‌مانکاتیشدا کارمان له سه‌ر ئه‌وه کرد، ئابوورى هه‌رێمى کوردستان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانى پشت به‌ستن به تاکه سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات رزگار بکه‌ین. به‌شێکى زۆرى ئه‌م دۆخه سه‌خته ئابوورییه‌ش، ئه‌نجامى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى ته‌نیا پشت به‌ستن به داهاتى ناجێگیرى نه‌وته. له باره‌ى په‌یوه‌ندیمان له گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه به جیدیه‌ته‌وه هه‌نگاومان نا. هه‌ر له دواى ده‌ستبه‌کاربوونمان له مانگى ته‌ممووزى ساڵى رابردوو، یه‌که‌مین سه‌ردانمان بۆ به‌غدا بوو، هه‌موو ئاماده‌ییه‌کیشمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ربڕى و چه‌ندین پێشنیازیشمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى تایبه‌ت به نه‌وت پێشکه‌ش کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه له مانگى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى رابردووه‌وه، دۆخى به‌غدا شڵه‌ژا و سه‌ره‌نجام حکومه‌تى عێراق له ژێر فشارى ناڕه‌زاییه‌تییه‌کانى خه‌ڵک، ده‌ستى له کارکێشایه‌وه و ئیدى خۆى به به‌رپرسیار نه‌زانى به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه و ماف و شایسته ده‌ستوورییانه‌ى هه‌رێمى کوردستان، که له ساڵى 2005ه‌وه جێبه‌جێى ناکه‌ن. ئێستاش که حکومه‌تى نوێى عێراق به سه‌رۆکایه‌تى به‌ڕێز موسته‌فا کازمى ده‌ستبه‌کار بووه، دووباره ئاماده‌یى خۆمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو کێشه‌کان ده‌رده‌بڕین، به جۆرێک که ماف و شایسته ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو قه‌واره‌یه‌کى فیدرالى دانپێدانراو له ده‌ستوورى عێراقدا، دابین بکرێت. له دوا هه‌وڵه‌کانیشماندا له‌م ماوه‌یه‌دا، سێ جار شاندى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غداى کردووه و له‌م دانوستانانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، تا به ئه‌نجامێکى دادپه‌روه‌رانه و ده‌ستوورییانه ده‌گه‌ین. کوردستانیانى به‌ڕێز: ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا، سوورترمان ده‌کات له سه‌ر درێژه‌دان به ستراتیجى فره‌چه‌شنکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات و له هه‌مانکاتدا زیاتر هانمان ده‌دات بۆ به‌رده‌وامبوون له سه‌ر درێژه‌دان به پرۆسه‌ى چاکسازى و چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو ئه‌و کێماسیانه‌ى له رابردوودا له بوارى کارگێڕى و داراییدا هه‌بووه. به‌ڵام هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستمان ده‌زانن ڕاستکردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو چه‌وتییه و دامه‌زراندنى بنه‌ماى ئابوورییه‌کى سه‌قامگیرتر، کاتى زیاتر و هاوکاریى هه‌موولایه‌کى پێویسته. وه‌ک ئاگادارن له چه‌ند رۆژى رابردوودا، سه‌رپه‌رشتى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان کرد و پلانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى داراییمان په‌سه‌ند کرد. هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕیارى گرنگمان له باره‌ى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى ده‌رکرد، که ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونمان، جه‌ختمان له سه‌ر گرنگیى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى چاکسازى کردووه‌ته‌وه، که به‌شێکى گرنگى کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مه. ئێمه سوورین له سه‌ر به‌رده‌وامبوون له ئه‌نجامدانى چاکسازى و رێگریکردن له به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتی. بێگومان له جێبه‌جێکردنى چاکسازیدا، به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵکانێک که سه‌رپێچى و گه‌نده‌ڵیان کردووه ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه، بۆیه هه‌وڵى په‌کخستنى ده‌ده‌ن و ئاسته‌نگى بۆ دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام چاکسازى داواکارى زۆرینه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه و منیش له به‌ره‌ى هاووڵاتییان ده‌مێنمه‌وه و به پاڵپشتى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست له چاکسازى به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیز لێى پاشگه‌ز نابینه‌وه. بێگومان ده‌بێ چاکسازیش گشتگیر و سه‌رتاسه‌رى بێت و هه‌مووان بگرێته‌وه و نابێ هیچ که‌س و لایه‌نێک له پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حیزبى و شه‌خسى رێگرى له پرۆسه‌ى چاکسازى بکات. لێره‌دا داوا له هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌م، به گیانى هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتی، هاوکارمان بن و یه‌کڕیزى ناوخۆیى بپارێزن و یارمه‌تیده‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بن له رێکخستنه‌وه‌ى سیسته‌مى ئابوورى و کارگێڕیى و چاککردن و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌کان له هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها به تایبه‌تى داوا له نوێنه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌که‌م، به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى شه‌خسى و ململانێى حیزبایه‌تى به‌لاوه بنێن و هاوهه‌ڵوێست بن له داکۆکیکردن له مافه ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. دۆخى سه‌ختى دارایى هه‌رێم به‌رئه‌نجامى چه‌ندین هۆکارى سیاسى و مێژووییه. ئه‌مه جیا له بڕینى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم له لایه‌ن حکومه‌تى عێراق و قه‌یرانى دارایى جیهانی، به‌ڵام ئه‌م دۆخه سه‌خته نابێ بکرێته که‌ره‌سته‌ى ململانێى سیاسى و یه‌کترشکاندن و په‌رته‌وازه‌کردن و دابڕاندنى ناوچه‌کانى هه‌رێم له یه‌کتر له ژێر ناوى جۆراوجۆر. له کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا، به راشکاوى ئاماژه به‌وه دراوه، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کار ده‌کات بۆ چه‌سپاندنى لامه‌رکه‌زیه‌تى ئیداریى پارێزگاکان، که گونجاو بێت له گه‌ل سیسته‌مى یاسایى و کارگێڕى هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تى به پێى یاسا و له ژێر چاودێرى سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت، دابه‌ش ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بکرێت له ئه‌نجامدانى گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌کارهێنانى ده‌سه‌ڵاتى ئیدارى و سه‌رهه‌ڵدانى فره‌چه‌شنى ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگاکانى هه‌رێم. بۆیه ئێمه له گه‌ڵ لامه‌رکه‌زیه‌تى کارگێڕین، به‌مه‌رجێک له چوارچێوه‌ى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمدا بێت. ئێمه هه‌موو تواناکانمان چڕکردووه‌ته‌وه بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى هاووڵاتییان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، له نۆ مانگى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌میشدا، هه‌شت مانگ مووچه دراوه و ته‌نیا مووچه‌ى مانگێک دواکه‌وتووه. چه‌ندین بڕیاریشمان ده‌رکردووه بۆ سووککردنى باروگوزه‌رانى خه‌ڵکى که‌مده‌رامه‌ت و ئه‌وانه‌ى به هۆى رێکاره‌کانى خۆپارێزى زیانمه‌ند بوون. به‌ڵام بێگومان ده‌بێت خۆمان له گه‌ڵ هه‌ر دۆخێکى نه‌خوازراودا، که دێته پێش بگونجێنین. به‌پێى داهات و توانا داراییه‌کانى هه‌رێم پلانمان بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قۆناغه داناوه و بودجه و خه‌رجیى داموده‌زگاکانى هه‌رێم و مووچه‌خۆران رێکده‌خه‌ینه‌وه و ره‌چاوى یاساى چاکسازى په‌یوه‌ست به‌م بواره ده‌که‌ین. هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست: له گوتارى ده‌ستبه‌کاربوونم له په‌رله‌مانى کوردستان ئاماژه‌م به‌وه‌دا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزاره، که بڕى 27 ملیار دۆلاره، به‌شێکى زۆرى ئه‌و قه‌رزانه‌ش له ئه‌ستۆى حکومه‌تى فیدراله، به هۆى نه‌ناردنى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانى پێشووى عێراق، هه‌ربۆیه‌شه به‌داخه‌وه حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى هیچ یه‌ده‌گ و پاشه‌که‌وتێکى دارایى نییه، که‌واته ئیمه ته‌نیا پشت به‌و سه‌رچاوه داراییانه ده‌به‌ستین که مانگانه دێته به‌رده‌ستمان، ئه‌مه‌ش واده‌کات له هه‌ر قه‌یرانێکى دارایى رووبه‌ڕووى کێشه ببینه‌وه. ئه‌م راستییه‌ش زۆربه‌ى خه‌ڵکى شاره‌زا لێى ئاگادارن و شتێکى شاراوه نییه، که‌چى به‌داخه‌وه زۆرجار ئه‌و راستییانه و هه‌موو پرسه سیاسى و نیشتمانییه‌کان پشتگوێ ده‌خرێن و ته‌نیا باسى مووچه ده‌کرێت، له کاتێکدا هه‌مووشمان ده‌زانین سه‌رچاوه‌کانى مووچه چین. بۆ ئاگادارى ئێوه‌ى به‌ڕێز، کاتێک داهاتى مانگانه‌ى فرۆشتنى نه‌وت 700 ملیۆن دۆلار بوو، له‌م بڕه داهاته زیاتر له 400 ملیۆن دۆلارى بۆ تێچووى ده‌رهێنانى نه‌وت و گواستنه‌وه‌ى و دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کان خه‌رجکراوه و ئه‌وه‌ى بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ته‌نیا 300 ملیۆن دۆلار بووه. هه‌روه‌ها ته‌نیا 383 ملیۆن دۆلاریش وه‌ک به‌شه بودجه‌یه‌ک له به‌غدا ده‌هات، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه به‌شى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى نه‌ده‌کرد و ناچار رێژه‌یه‌کى به‌رچاوى داهاتى ناوخۆش وه‌ک ته‌واوکه‌رى پێوستیى مووچه خه‌رج کراوه. وێڕاى ئه‌مه‌ش خه‌رجیى پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارییه‌کان له داهاتى ناوخۆ دابین کراوه و ئینجاش مانگانه 60 ملیۆن دۆلار کورتهێنان هه‌بووه. ئێستاش نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زیوه، بۆ نموونه له مانگى رابردوودا کۆى داهاتى فرۆشتنى نه‌وت که بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ته‌نیا 30 ملیۆن دۆلار بووه، داهاتى ناوخۆش نزیکه‌ى 60 ملیۆن دۆلار بووه و ئه‌و به‌شه بودجه‌یه‌ى له به‌غداش دێت دواکه‌وت. بێگومان ئه‌م دۆخه سه‌خته داراییه، نه‌ک هه‌ر هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو هه‌موو جیهانى گرتووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ وڵاتیشى تووشى داڕمانى دارایى کردووه. ئاشکرایه له خه‌رجکردنى داهاتى هه‌رێمى کوردستاندا، نادادپه‌روه‌رییه‌کى زۆر و بێ پلانى هه‌بووه 80%ى داهاتى هه‌رێمى کوردستان بۆ مووچه‌خۆران ته‌رخانکراوه، مووچه‌خۆرانیش 20%ى دانیشتووانى هه‌رێمن. ئه‌م رێژه‌یه‌ى مووچه‌خۆران به پێى ستاندارده باوه‌کان چه‌ندین به‌رابه‌رى پێداویستییه‌کانى هه‌رێمه. له باشترین بارودۆخى داراییدا، له بودجه‌ى هه‌رێم 15%ى بۆ خه‌رجییه‌کانى به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارى ته‌رخان کراوه و ته‌نیا که‌متر له 5% بودجه بۆ په‌ره‌پێدانى وڵات ده‌مێنێته‌وه. له‌م دابه‌شکارییه ناته‌واوه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمدا، هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک بۆ ئاینده و نه‌وه‌کانى داهاتوو نه‌کراوه. بێگومان ئه‌م وڵاته ته‌نیا به مووچه‌دان پێشناکه‌وێت، به‌ڵکو پێویستیمان به ژێرخانێکى پته‌وتر هه‌یه. ناکرێ هاووڵاتى مووچه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام ئاو و کاره‌باى نه‌بێت، قوتابخانه‌ى باشى نه‌بێت، نه‌خۆشخانه‌ى نه‌بێت، ڕێگه‌وبانێکى باشترى نه‌بێت، به گشتى کێشه‌ى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌کانى هه‌بێت. حوکمڕانى ته‌نیا دابه‌شکردنى مووچه نییه، بۆیه ده‌بێت هه‌موومان پێکه‌وه به هاووڵاتى و حکومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه، بڕیارێکى یه‌کلاکه‌ره‌وه بده‌ین، به جۆرێک گه‌ر له دۆخێکى باشى ئابووریشدا بین، نابێت هه‌موو توانا داراییه‌کانمان بۆ مووچه ته‌رخان بکرێت، پێویسته به‌شێکى به‌رچاوى بودجه بۆ پێشخستنى خزمه‌تگوزارییه‌کان و ژێرخانى ئابوورییمان بێت. هیچ حکومه‌تێک ناتوانێت ته‌واوى هاووڵاتیانى له سیسته‌مى ئیداریدا دابمه‌زرێنێت و مووچه‌یان بۆ دابین بکات، به‌ڵکو ته‌نیا به پێشخستنى ژێرخانى ئابووریمان و په‌ره‌پێدان به وه‌به‌رهێنان، ده‌رفه‌تى کارى زیاتر ده‌ره‌خسێندرێن، که‌واته ده‌بێت داهات و سه‌رمایه‌ى وڵات له‌م ئاراسته راست و ڕه‌وایه‌دا خه‌رج بکرێت. ده‌بێت هه‌موومان پێکه‌وه پلانمان بۆ ده‌رچوون له‌م سیسته‌مه داراییه‌ى ئێستا هه‌بێت. ئه‌مه بڕیارێکى ئاسان نییه، به‌ڵام بۆ هه‌رێم بڕیارێکى چاره‌نووسسازه له نێوان دوو ڕێگه‌ى پێشکه‌وتن و پاشکه‌وتندا. ئه‌م بابه‌ته بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌کى گه‌شتر بۆ هه‌رێم زۆر گرنگه و نابێت ببێت به که‌ره‌سته‌ى ململانێ و موزایه‌ده‌ى سیاسی. هاونیشتمانیانى به‌ڕێز: ئه‌م دۆخه سه‌خته‌ى ئێستا که به پێى پێشبینى شاره‌زایان ره‌نگه تا ماوه‌یه‌کى دیکه‌ش به‌رده‌وام بێت. له هه‌موومان ده‌خوازێت هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بین بۆ تێپه‌ڕاندنى و سووککردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتییانى که‌مده‌رامه‌ت. لێره‌دا دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه، حکومه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه، پلانى دابینکردنى ئاسایشى خۆراک و ده‌رمانى دانا، هه‌ر به‌پێى ئه‌و پلانه له کۆگاکانى حکومى و که‌رتى تایبه‌ت، لانیکه‌م تا کۆتایى ئه‌مساڵ پێداویستى خۆراک و ده‌رمان دابین کراوه و کێشه‌ى خۆراک و ده‌رمان له بازاڕه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دروست نابێت. ئه‌مه جیا له‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به تایبه‌ت له بوارى خۆراک و ده‌رمان به‌رده‌وامه. هه‌ر له چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌دا حکومه‌تى هه‌رێم جیا له به‌شه خۆراکى مانگانه‌ى هاووڵاتیان، له ماوه‌یه‌کى نزیکدا، ده‌ست ده‌کات به دابه‌شکردنى خۆراک به سه‌ر خانه‌واده که‌مده‌رامه‌ته‌کان. ئێمه له هه‌رێمدا زوو ده‌ستمان به رێکاره‌کانى خۆپارێزى کرد، چونکه خۆپارێزى باشترین چاره‌سه‌ره. سوپاسى پێگیرى و پابه‌ندبوونتان ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا هه‌ست ده‌کرێت پابه‌ندبوونه‌کان سستیى تێکه‌وتووه، ئێمه له سه‌ختیى بار و گوزه‌رانتان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بزانین له هه‌موو جیهاندا مه‌ترسیى ئه‌م په‌تایه به‌رده‌وامه، ده‌بێت رێکاره‌کانى خۆپارێزى له ئاستى تاکدا، وه‌ک به‌کارهێنانى ده‌مامک و شوشتنى ده‌ست و خۆ دوورگرتن له قه‌ره‌باڵخى به‌رده‌وام بێت. هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت، به‌رپرسیار ده‌بێت له دروستکردنى مه‌ترسى له سه‌ر خۆى و که‌سوکارى و هه‌موو هاووڵاتییان. به شایه‌تى رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى و خه‌ڵکێکى زۆر، ئه‌زموونى حکومه‌تى هه‌رێم له جێبه‌جێکردنى رێکاره‌کانى خۆپارێزیى و رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵکانێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و هه‌وڵانه که‌مبایه‌خ و ناشرین بکه‌ن. سه‌ڕه‌ڕاى هه‌موو ئه‌و قه‌یران و فشارانه‌ى رووبه‌ڕووى حکومه‌تى هه‌رێم بوونه‌وه، به‌ڵام له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنادا، نموونه‌یه‌کى زۆر سه‌رکه‌وتووى نیشاندا .لێره‌دا ئێوه‌ى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست دڵنیا ده‌که‌مه‌وه، که حکومه‌تى هه‌رێم له هه‌موو که‌س و لایه‌نێک زیاتر له خه‌مى ژیان و بژێوى ئێوه دایه، بۆیه هیوادارم نه‌که‌ونه ژێر کاریگه‌رى دروشم و پڕوپاگه‌نده‌ى ناڕاست و ناواقیعی. ئێمه گوێ له هه‌موو ره‌خنه و تێبینیه‌کانى ئێوه ده‌گرین و داواکارییه واقیعى و مه‌نتیقییه‌کانیش له به‌رچاو ده‌گرین و لێیان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا پێویسته ئێوه‌ش تێگه‌یشتنى ته‌واوتان بۆ ئه‌م دۆخه سه‌خته‌ى ئێستا هه‌بێت. سوپاسى خۆڕ‌اگرى و قوربانیدانتان ده‌که‌م و دڵنیاشم به پشتیوانى خواى گه‌وره و ئێوه‌ى به‌ڕێز، ئه‌م دۆخه ناله‌باره‌ش تێده‌په‌ڕێنین و کوردستان به‌ره‌و گه‌شانه‌وه و بووژانه‌وه هه‌نگاو ده‌نێته‌وه، ئه‌و کاته‌ش شه‌ریکى سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وته‌کان زۆر ده‌بن. له کۆتاییدا دووباره جه‌ژنتان پیرۆز بێت و داواتان لێده‌که‌م پابه‌ندبن به خۆپارێزى و رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان، چونکه خۆپارێزى ئه‌رکێکى نیشتمانیى و ئایینى و مرۆڤایه‌تییه. هه‌ر پارێزراو و ته‌ندروست بن.
ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو ئاشکراى ده‌کات که سکاڵاى یاسایى له‌سه‌ر شه‌ش که‌س تۆمار کردووه که یه‌کێکیان مه‌لا جیهاد ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتییه‌و ئه‌وانى دیکه کارمه‌ندى ئاسایش و فریاکه‌وت و کارمه‌نی کارگێرین. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه هه‌ڵز ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" دواى ئه‌وه له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا له ژماره‌یه‌ک لێدوان و چاوپێکه‌وتنى ڕۆژنامه‌نووسیدا به‌رپرسه پارتییه‌کانى دهۆک تۆمه‌تى جیاجیان بۆ دروست کردووم ئه‌مڕۆ سکاڵام له‌سه‌ر شه‌ش که‌س تۆمار کردووه له دادگاى دهۆک". ناوبراو وتیشى:" سکاڵاکان له‌سه‌ر تۆمه‌تى خیانه‌ت و قسه‌ى ناشرین له‌لایه‌ن دوو کارمه‌ندى پۆلیسى موکافه‌حه(فریاکه‌وتن) و کارمه‌ندێکى دیکه‌ى ئاسایشه له‌گه‌ڵ دوو کارمه‌ندى کارگێرى". هه‌روه‌ها هه‌ڵز ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که سکاڵاى یاسایى له‌سه‌ر مه‌لا جیهاد، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى تۆمار کردووه که له که‌ناڵه‌کانى K24 و که‌ناڵى رووداو باسى کردووه که خانوو سه‌یاره‌م هه‌یه، وتیشى:" ئه‌وانه وا ده‌زانن خۆیان به حوشتر هاتوچۆ ده‌که‌ن و ئێمه به ئوتومبێل". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که هێشتا هه‌ندێ که‌ناڵى راگه‌یاندن ماون که سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکات، وتیشى:" به‌ڵگه‌م هه‌یه‌و له لایڤێکدا ئه‌و کارمه‌ندانه ده‌رده‌که‌ون که ته‌خوینم ده‌که‌ن و قسه‌ى نه‌شیاو ده‌ڵێن و تۆمه‌تبارم ده‌که‌ن به‌وه‌ى ئیش بۆ وڵاتێکى ئیقلیمى ده‌که‌م". هه‌ڵز ئه‌حمه‌د، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که رێکاره یاساییه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت، وتى:" کارمه‌نده‌که‌ى ئاسایش ته‌له‌فونى بۆ کردووم و بێ منه‌تى ده‌ربڕیوه له‌وه‌ى که سکاڵاى یاسام له‌سه‌ر تۆمار کردووه، ئه‌مانه ئه‌گه‌ر که‌سێکى گه‌وره له پشتیانه‌وه نه‌بێت ناتوانن ئه‌وا قسه بکه‌ن".
شاناز حه‌سه‌ن جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى رایگه‌یاند ئاماژه ترسناکه‌کانى ڤایرۆسه‌که ئێستا گه‌یشتۆته لامان چونکه توشبوه‌کان له‌ناو خه‌ڵکدان و سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى دیاریناکرێت و نه‌زانراوه. ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ک له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ توشبویه‌کى تازه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارنه‌کرا تا رۆژی چوارشەممە 13ی ئایار تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون کە لە خانەوادەی تووشبووەکەی رۆژی چوارشەممە بوون دوو رۆژ دواتریش حەوت تووشبووی دیکە تۆمارکران. بە تۆمارکردنی ئەو حەوت کەسە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 13 تووشبووی نوێ کۆرۆنا تۆمارکراون. له‌م هه‌فته‌یه‌دا رۆژانه له هه‌ولێر و سلێمانى حاڵه‌تى نوێ تۆمارده‌کرێت که تائێستا 36حاڵه‌تى نوێى ڤایرۆسه‌که تۆمارکراوه. پێشتریش بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی, دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی رایگه‌یاند، ئاماژەی ترسناک هەیە بۆ تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی. سه‌باح هه‌ورامی، راشیگه‌یاند، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەم, کە تەندروستی خۆیان و کەسوکاریان لامەبەستە زۆر پابەندی رێنماییە تەندروستیيەکان بن. هه‌روه‌ها وتیشی: کۆرۆنا هاوشێوەی تیرۆرستان دوژمنێکی نادیارە. هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا بۆ سایتى هاوڵاتى ئه‌و ئاماژه ترسناکانه‌ى رونکردنه‌وه که له‌سه‌ر پارێزگاى سلێمانى هه‌یه و وتى" ئاماژه‌که ئه‌وه‌یه خۆى سه‌رچاوه‌ى بڵاوبونه‌وه‌که نادیاره و له‌ئێستاشدا تێکه‌ڵاوییه‌کى زۆر هه‌یه له‌ناو خه‌ڵکدا و ئه‌وه واى کردووه ڤایرۆسه‌که به خێراییه‌کى زیاد له جارى پێشوو بڵاوبێته‌وه، چونکه پێشتر که‌سه‌کان ته‌نیا له که‌ره‌نتینه‌کاوه ده‌هێنران و ئه‌مه‌ش وایکردووه ئاماژه‌کان ترسناک بن و ئه‌گه‌رى حاڵه‌تى زیاتر هه‌بێت". هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئه‌رکى که‌رتى ته‌ندروستى چیه و چۆن ده‌توانن رێگرى له‌زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که بکه‌ن؟ هێرش سه‌لیم: ئێمه له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ى پشکنینى هه‌ره‌مه‌کى که‌سه نزیکه‌کانى توشبوه‌کانى حاڵه‌ته نوێیکانه‌وه رۆژانه پشکنینیان بۆ ده‌که‌ین و به‌دواى سه‌رچاوه‌ى توشبوه‌کاندا ده‌گه‌رێین. ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه" به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه نییه که بتوانین هه‌مووى کۆنترۆڵ بکه‌ین بۆیه ئه‌مه ئاماژه‌کان ترسناک ده‌کات". هاوڵاتى: ئێستا پشکنین ته‌نیا بۆ که‌سه نزیکه‌کانى توشبوه‌کان ده‌کرێت، پلانى شوێنى ترتان نیه؟ هێرش سه‌لیم: له‌هه‌ندێک شوێنى گشتى و قه‌ره‌باڵغیش به هه‌ره‌مه‌کى ده‌ستمان به پشکنین کردووه بۆ رێگه‌گرتن له‌ته‌شه‌نه‌کردنى ڤایرۆسه‌که. هاوڵاتى: دوێنێ چوارشه‌ممه باس له که‌ره‌نتینه‌کردنى هه‌موو نه‌خۆشخانه‌ى شۆرش ده‌کرا به‌هۆى توشبونى سێ کارمه‌ندى نه‌خۆشخانه‌که؟تاچه‌ند زانیاریت له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه کارمه‌نده‌کان پزیشک بون یان کارمه‌ندى ته‌ندروستى بون؟ هێرش سه‌لیم: نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناوه‌ندێکى ته‌ندروستى که‌ره‌نتین ناکرێت، چونکه ئه‌و نه‌خۆشخانانه شوێنى نه‌خۆش بۆ چاره‌سه‌رکردن ناکرێت که‌ره‌نتین بکرێن و دابخرێن، ناکرێت له‌هیچ یاسایه‌کدا دابخرێت ئه‌و سێ کارمه‌نده کارمه‌ندى پاککه‌ره‌وه بون و له‌ئێستادا ته‌نیا دوو به‌شى نه‌خۆشخانه‌که که ئه‌و کارمه‌ندانه به‌رکه‌وتنیان تێدا هه‌بووه که‌ره‌نتین کراوه. هاوڵاتى: به‌و پێیه‌ى مه‌ترسیه‌که له‌سه‌ر سلێمانى زۆره قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بۆ ئه‌م دو سێ رۆژه راناگه‌یه‌نرێت؟ هێرش سه‌لیم: خۆى کێشه‌که له‌وه‌دایه له جه‌ژندا تێکه‌ڵاوییه‌که زۆر ده‌بێت به‌هۆى بۆنه‌کان و نۆ جه‌ژنه و سه‌ردانى کردنى یه‌کتر زۆر ده‌بێت و سه‌ردانى گۆرستانه‌کان و واته به‌گشتى هاتوچۆ زۆر ده‌بێت بۆیه زۆر ته‌رکیزمان له‌سه‌ر رۆژانى جه‌زنى، به‌ڵام ئه‌گه‌ریشى هه‌یه حاڵه‌ت زۆر زیاتربێت له‌م دوو رۆژه‌دا بریارى تازه بدرێت بۆ قه‌ه‌دغه‌ى هاتوچۆ. یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبون به ڤایرۆسى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان له‌سلێمانى له 2ى ئازارى 2020 تۆمارکراو تائێستا زیاتر له 170که‌س له‌سلێمانى توشى ڤایرۆسه‌که بوون و 5که‌س مردون و له‌ئێستادا 32که‌س له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە سلێمانی حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن و لە هەولێریش ئەمڕۆ حەوت حاڵەتی نوێ تۆمار کرا، حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە، لە سێ رۆژی جەژن، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆی گشتی رابگەیەنرێت. كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان (431) تووشبوو، لەنێویاندا (5) مردن هەیە و (٣٨٣) نەخۆش چاكبووەتەوە، ئێستا تەنها (43) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان
شاناز حه‌سه‌ن به‌رێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شۆڕش رایگه‌یاند به‌هۆى توشبونى سێ کارمه‌ند به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆ ماوه‌ى 48 کاتژمێر نه‌خۆشخانه‌که ده‌ده‌خرێت بۆ پاککردنه‌وه. دکتۆر شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شۆڕش ،له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" سێ کارمەندی نەخۆشخانەی شۆڕش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هه‌ر به‌و هۆیه‌وه بۆ ماوه‌ى 48 کاتژمێر ده‌ده‌خرێت بۆ پاککردنه‌وه". وتیشى" ئه‌و سێ کارمه‌نده له‌نه‌خشخانه توشى ڤایرۆسه نه‌بون و خۆمان دۆزیومانه‌ته‌وه". هه‌روه‌ها بەڕێوەبەری نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شۆڕش راشیگەیاند، دوێنی حەوت کارمەندی ئەو نەخۆشخانەیە پشکنینیان بۆ کراوە و دواتر لە پشکنینەکان دەرکەوتووە، سیانیان تووشی کۆرۆنا بوون. دکتۆر شه‌ماڵ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌ه‌وشکرد" نه‌خۆشخانه‌که که‌ره‌نتین ناکرێت، به‌ڵکو ئه‌و ماوه‌یه داده‌خرێت ته‌نیا بۆ کارى ته‌عقیم کردنه و پاککردنه‌وه‌یه‌کى به‌ته‌واوه‌تى". باسى له‌وه‌شکرد" له‌ئێستا ئه‌و کارمه‌ندانه‌ى به‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سێ کارمه‌نده توشبوه‌که‌دا هه‌بووه که‌ره‌نتین ده‌کرێن و پشکنینى پێویستیان بۆ دده‌کرێت بۆ رێگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که". ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە سلێمانی حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن و لە هەولێریش ئەمڕۆ حەوت حاڵەتی نوێ تۆمار کرا، حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە، لە سێ رۆژی جەژن، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆی گشتی رابگەیەنرێت. كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان (431) تووشبوو، لەنێویاندا (5) مردن هەیە و (٣٨٣) نەخۆش چاكبووەتەوە، ئێستا تەنها (43) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان
شاناز حه‌سه‌ن ئەنجومەنی مامۆستایانی گەرمیان رایگەیاند، ئەگەر تاسه‌ری ئه‌م مانگه، دوو موچەیان پێنەدرێت ئەوا بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەن هەروەها دەبێت حکومەت بەڵێنمان پێبدات کە موچەکانمان 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکات. مامۆستایه‌ک له ده‌ربه‌نیخان: حکومه‌ت ناچارى کردوین مامه‌ڵه به ژیان و داهاتووى رۆڵه‌کانمانه‌وه بکه‌ین. ئەنجومەنی مامۆستایانی گەرمیان ئه‌مرۆ سێشه‌ممه، 19ئایارى2020 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه رایگەیاند " گەر تا بەرواری 1ی حوزەیران بڕی دوو موچەمان پێنەدرێت، ئەوا بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەین، هەروەها دەبێت حکومەت بەڵێنمان پێبدات کە موچەکانمان 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکات." ئه‌نجومه‌نی ناوبراو پێی وایه كه "سەرجەم لایەنەکانی بەشدار و بێبەش لە دەسەڵات، دەبێت تەحەمولی بەرپرسیارێتیی مێژویی خۆیان بکەن، بەڵێندەدەین تا بەدەستهێنانی ئامانجەکان و گەڕانەوەی تەواوی مافەکانمان، لە خەبات و ناڕەزایەتیی بەردەوام دەبین." هاوکات گۆران جه‌زا ته‌مه‌ن 38ساڵ، 14ساڵه مامۆستایه و له لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" به‌داخه‌وه مامۆستایان گه‌یاندۆته بارودۆخێکى وا سه‌خت مامه‌ڵه به دڵسۆزى و ئه‌رکه پیرۆزه‌که‌یه‌وه بکات که په‌روه‌رده و فێرکردنه". ئه‌م مامۆستایه دانیشتوى ده‌ربه‌نیخانه و وانه‌ى فیزیا به خوێندکاره‌کانى ده‌ڵێت، باس له‌وه ده‌کات بارودۆخى ژیانیان زۆر سه‌خته و وتى" بێ موچه‌یى کار ده‌کاته سه‌ر بیر و هزرمان و ژیانى لێ ئاڵۆزکردوین، به‌داخه‌وه بۆ حکومه‌تێک ناتوانێت موچه‌ى مامۆستایه‌ک بدات که خۆیانى گه‌یاندۆته ئه‌م ئاسته". گۆران جه‌زا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌و وتى" زۆر ده‌مێکه مۆڵه‌ت ده‌ه‌دینه حکوه‌مت به‌ڵام له بیباکى ئه‌وان بریارمان داوه مه‌رجه‌کانمان جێبه‌جێنه‌که‌ن پرسیارى تاقیکردنه‌وه دانانێین و ناچینه تاقیکردنه‌کانه‌وه". ئه‌م مامۆستایه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" باوه‌ڕناکه‌م مامۆستا هه‌بێت ئه‌و بارودۆخه‌ى پێ خۆشبێت که مامه‌ڵه به ژیانى منداڵه‌کانمانه‌وه ده‌که‌ین، به‌ڵام حکومه‌ت ناچارى کردوین".
شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى هاتوچۆى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند له‌ماوه‌ى دوو مانگى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆدا زیاتر له 208 روداوى هاتوچۆ رویداوه و 222که‌س بریندار بون و 36که‌س مردون. ئه‌سعه‌د مه‌لا که‌ریم، وته‌بێژى هاتوچۆى هه‌رێم و لیپرسراوى به‌شى ئامار، بۆ سایتى هاوڵاتى ئامارى دوو مانگى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى ئاشکراکردو وتى" به‌داخه‌وه هاوڵاتیان پابه‌ندى رێنماییه‌کان نابن و هه‌ر بۆیه روداوى زۆر نه‌خوازراو له‌ماوه‌ى قه‌ه‌دغه‌ى هاتوچۆدا رویانداوه". به‌پێى ئامارى به‌رێوبه‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌رێمى کوردستان له‌ماوه‌ى دوو مانگى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆدا واته له 10ئازارى2020وه تا 10ئایارى 2020 208 روداوى هاتوچۆ رویان داوه و 222که‌س به‌هۆیه‌وه بریندار بون و 36که‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه. وته‌بێژى هاتوچۆى هه‌رێم وتیشى" به‌داخه‌وه زۆرترینى روداوه‌کان له سنورى پارێزگاى سلێمانى بووه که ده‌کاته 96 روداوى هاتوچۆ 115بریندار و 12 مردوى لێکه‌وتۆته‌وه". ئه‌سعه‌د مه‌لا که‌ریم ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد" له‌ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆدا 1382 ئوتۆمبێل ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه و زیاتر له 24هه‌زار و 634 به‌ڵگه‌نامه له شۆفێران وه‌رگیراوه به‌هۆى پابه‌ندنه‌بونیان به رێنماییه‌کان به‌تایبه‌ت رێنماییه‌کان ته‌ندروستیه‌کان و ئوتۆمبێلیان به‌کارهێناوه". لیپرسراوى به‌شى ئامار، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو" له‌ماوه‌ى ئه‌و دوو مانگه‌دا 8هه‌زار و 608که‌س غرامه کراون به هۆکارى جیاواز و 13هه‌زار و 765 به نامه‌ى موبایل غرامه کراون که زیاترینى ئه‌و شۆفێرانه له پارێزگاى دهۆک بون که 6هه‌زار و 654شۆفێر غرامه کراون". له‌ئاماره‌که‌دا ئه‌وه‌ش باسکراوه له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 415 ماتۆرسکیل ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه. به‌هۆى بڵاوبنه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى وکردستان ماوه‌ى زیاتر له دوو مانگه قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ راگه‌یاندراوه. تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستان 413که‌س توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون و 339که‌س چاکبونه‌ته‌وه و 5حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان تۆمار کراوه.
شاناز حه‌سه‌ن جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى رایگه‌یاند ئێستا کاتى به‌رکه‌وتن نه‌ماوه چونکه له 14رۆژ تێپه‌رێکردووه و بۆیه مه‌ترسی هه‌یه چونکه سه‌رچاوه‌ى توشبوونى که‌سه‌کان نازانرێت و ده‌ڵێت " به‌دڵنیایه‌وه ئه‌و رینماییانه‌ى بۆ هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بڵاوکرایه‌وه هیچى جیبه‌جێنه‌کراوه، له‌به‌ر ئه‌وه پێشبینى کراو بوو که ئه‌مه ده‌رکه‌وێت". وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێمیش ده‌ڵێت " دوو گریمانه‌مان هه‌یه هه‌م قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى نێوان شاره‌کان هه‌ڵبگیرێت و هه‌م گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى توندتر بکرێته‌وه، به‌ڵام له‌ئێستادا پێشنیارى نیۆمان نیه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان و رێنماییه‌کان وه‌ک خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت". رۆژی چوارشەممە 13ی ئایار تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون کە لە خانەوادەی تووشبووەکەی رۆژی چوارشەممە بوون. دوێنێ شه‌ممه حەوت تووشبووی دیکە تۆمارکران. بە تۆمارکردنی ئەو حەوت کەسە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 13 تووشبووی نوێ کۆرۆنا تۆمارکراون. هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" کۆى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى که له‌م دواییه‌دا له‌سلێمانى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون 13حاڵه‌تن و نۆ حاڵه‌تیان به‌رکه‌وته‌ى که‌سى یه‌که‌مى توشبو بون و سێ که‌سه‌که‌ى تریش له بازیانن و سه‌رچاوه‌ى توشبونیان نه‌زانراوه". جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى رونیکرده‌وه" یه‌که‌م توشبوو پیاوێکى 50ساڵه‌ى کاسب بوو له‌ناو بازاڕى سلێمانى که دواى ده‌رکه‌وتنى توشبون به ڤایرۆسه‌که له‌رێگه‌ى تیمه‌کانمانه‌وه پشکنین بۆ که‌سه نزیکه‌کانى کراو و ده‌رکه‌وت 9که‌س ى دیکه به‌رکه‌وته‌ى بون و وه‌ک هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌که ده‌ستنیشانکران". دکتۆر هێرش سه‌لیم، وتیشى:" سێ توشبوه‌که‌ى تر پیاوێکى چۆفێرى ته‌کسیه له بازیان خۆى و ژنه‌که‌ى و منداڵه‌که‌ى توشبون". ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه تۆمارکردنى ئه‌م حاڵه‌تانه پێشبینیکراو بون، چونکه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه رێنماییه‌کان جێبه‌جێنه‌کراوه و گرنگى پێنه‌دراوه و وتى" ئه‌وه‌ى جێگه‌ى مه‌ترسییه، کاتى به‌رکه‌وتن نه‌ماوه و له 14رۆژ تێپه‌ریوه که ئێمه حاڵه‌تمان نه‌بوه بۆیه جێگه‌ى مه‌ترسییه، جاران له که‌ره‌نتینه‌کانه‌وه خه‌ڵکمان ده‌برده نه‌خۆشخانه و توشبوو بون، به‌ڵام ئێستا له‌ناو شوێنه گشتیه‌کان و هاوڵاتیاندا توشبووو تۆمارده‌کرێت که ئه‌وه جێگه‌ى مه‌ترسى ئێمه بووه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه". جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانىله‌باره‌ى درێژکردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه وتى له پارێزگاکان و له‌لایه‌ن ژورى ئۆپه‌راسیۆنه‌وه بریارى قه‌ه‌دغه‌کردنه‌که ده‌درێت، ئێمه ته‌نیا ئه‌رکى ته‌ندروستى و پشکنین و چاره‌سه‌ر لاى ئێمه‌یه و ئیجرائاته‌کانى تر ده‌که‌وێته سه‌ر شانى پارێزگار و ژورى ئۆپه‌راسیۆن و لیژنه‌کان". دکتۆر هێرش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" به‌دڵنیایه‌وه ئه‌و رینماییانه‌ى بۆ هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بڵاوکرایه‌وه هیچى جیبه‌جێنه‌کراوه، له‌به‌ر ئه‌وه پێشبینى کراو بوو که ئه‌مه ده‌رکه‌وێت و له‌وانه‌یه زیاتر ببێت چونکه له‌ناو خه‌ڵکدایه و کاتێکد ه‌رده‌که‌وێت ژماره‌یه‌کى زۆرى خه‌ڵک توشبووه". هاوکات محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم له لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" وه‌ک وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى دوو گریمانه‌مان هه‌یه هه‌م قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى نێوان شاره‌کان هه‌ڵبگیرێت و هه‌م گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى توندتر بکرێته‌وه، به‌ڵام له‌ئێستادا پێشنیارى نیۆمان نیه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان و رێنماییه‌کان وه‌ک خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت". وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم وتیشى" به‌شى هه‌ره زۆرى له‌سه‌ر پابه‌ندبونى هاوڵاتبیان ده‌وه‌ستێت، ئه‌ودورکه‌وتنه فیزیکیه به‌رده‌وام بێت که به‌داخه‌وه ئێستا که‌متر بۆته‌وه، که‌به‌داخه‌وه حاڵه‌ته‌کان زیاتربێت مه‌ترسى زۆر زیاتر دروست ده‌کات چونکه ئیستا قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ نیه بۆیه حاڵه‌ته‌کان زوتر و زیاتر ده‌گوازرێنه‌وه مه‌ترسى زۆرزیاتر دىبێت". تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستان 404 که‌س توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون 379 که‌س چاکبونه‌ته‌وه و 5حاڵه‌تى مردن یش تۆمارکراون. ،
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:" پارتى دیموکراسى نییه‌و ئازادییه‌کانى نه‌هێشتووه بۆ خه‌ڵکى بادیدنان"، ده‌شڵێێت:" په‌رله‌مانتار نوێنه‌رى خه‌ڵکه ئه‌و قسانه‌ى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى بۆ هاوڵاتى کردوویه‌تى وه‌ک نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم قسه‌ى کردووه". زکری ئه‌حمه‌د زێبارى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ئه‌مڕۆ به‌شێک له مامۆستایان و چالاکوانان ئه‌نجامیاندا داواى ماف و موچه‌ى خۆیان کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌شێکى زۆریان ده‌ستگیر کراون له‌لایه‌ن پارتییه‌وه". ناوبراو وتیشى:" پارتى ناوه‌که‌ى پارتى دیموکراتى کوردستانه، به‌ڵام نه دیموکراتییه‌و نه ئازادى بۆ خه‌ڵکى بادینان هێشتۆته‌وه و رێگرى ده‌کات له هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت داواى مافى خۆى بکات". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى که خه‌ڵکى بادینانه جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه فراکسیۆنى یه‌کێتى پشتیوانى هه‌ر داخوازیى و داواکارییه‌کانى هاوڵاتیان ده‌کات. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى بۆ هاوڵاتى ده‌ڵێت:" ئیشى په‌رله‌مانتار نییه بچێته ناو خۆپیشاندانه‌وه، به‌ڵکو له‌رێى رێکاره‌کانى په‌رله‌مانه‌وه ده‌توانێت داواى روونکرده‌وه له وه‌زیرو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکات"، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى به توندى ئه‌و قسه‌ى ره‌تکرده‌وه‌و وتى:" وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى وه‌ک نوێنه‌رى حکومه‌ت قسه‌ى کردووه، په‌رله‌مانتار راسته له‌سه‌ر پشکى حزبه‌کان ده‌چێته په‌رله‌مان، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵک ده‌کات، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار نه‌چێته خۆپیشاندان و گوێى له‌داواکارییه‌کانى خه‌ڵک نه‌بێت ئیش چییه". ده‌رباره‌ى ده‌ستگیرکراوه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى دهۆک، زکرى زێبارى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که له‌سه‌ر خه‌تن له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى دهۆک دو ده‌بێت به زوترین کات ئازاد بکرێن، وتیشى:" به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیر کراون هه‌موو داواى حه‌قى خۆیان کردووه ئازاد بکرێن، ئه‌مه‌ى پارتى کردوویه‌تى له بادینان کارێکى نادیموکراسى و نا ئازادییه، ناکرێت خه‌ڵک له‌سه‌ر داواى موچه که دواکه‌وتووه ده‌ستگیر بکرێت". هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که وه‌ک فراکسیۆنى یه‌کێتى که حزبه‌که‌ى به‌شداره له کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم داکۆکى له مافى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌که‌ن و وتى:" له هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تى هه‌بێت پشتیوانى ده‌که‌ین".
ئارا ئیبراهیم وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت ئیشى په‌رله‌مانتار نییه بچێته ناو خۆپیشاندانه‌کانه‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت له‌رێگه‌ى کارى په‌رله‌مانه‌وه داوا بۆ وه‌زیرو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رزبکاته‌وه. ئه‌مڕۆ زیاتر له سه‌د مامۆستا له سه‌نته‌رى پارێزگاى دهۆک خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو به‌و هۆیه‌وه سه‌رجه‌میان ده‌ستگیر کران، په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتووى ئیسلامى به هاوڵاتى وت که هێزه ئه‌منییه‌کانى دهۆک"سوکایه‌تیى"یان پێکردووه‌و به "خائین" ناویان بردووه. پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" خه‌ڵک حه‌قى خۆیه‌تى داواى مافى خۆى بکات، به‌ڵام ناکرێت هه‌ندێ لایه‌ن ته‌حریزى ئه‌و خۆپیشاندانه بکه‌ن". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کگرتوو چووه‌ته ناو خۆپیشاندانه‌کان و "ته‌حریزى" خه‌ڵکى کردووه به‌شدارى بکه‌ن، وتیشى:" ئیشى په‌رله‌مانتار نییه به‌شدارى خۆپیشاندان بکات، به‌ڵکو له‌رێگه‌ى رێکاره‌کانى په‌رله‌مانه‌وه داواى روونکردنه‌وه له وه‌زیرو لایه‌نه په‌یوه‌دنیداره‌کان بکات". ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ناو ئه‌و مامۆستایانه‌ى ده‌ستگیر کراون، مامۆستاى تێدا بووه سه‌ر به پارتییه، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که پارتى رێگرى له ئه‌ندام و لایه‌نگرانى ناکات به‌شدارى خۆپیشاندان بکه‌ن و داواى مافى خۆیان بکه‌ن:" خه‌ڵکى پارتى وه‌ک هه‌ر لایه‌نێکى دیکه موعاناتى هه‌یه‌و بژێوى ژیانى له‌سه‌ره". له‌لایه‌کى دیکه‌وه، ئه‌ندامێکى دیکه‌ى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت:" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام وه‌زیرى دارایى بێته په‌رله‌مان تا روونکردنه‌وه له‌سه‌ر دواکه‌وتنى موچه بدات". رێبوار عه‌بدوره‌حیم، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" دواکه‌وتنى موچه هه‌ندێ لایه‌نى مه‌وزوعى هه‌یه ئه‌وه نییه حکومه‌ت پاره‌ى هه‌بێت نه‌یدات". هه‌روه‌ها وتیشى:" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بێته په‌رله‌مان و روونکردنه‌وه له‌سه‌ر دواکه‌وتنى موچه بدات". ئه‌مڕۆ به‌هۆى خۆپیشاندانى به‌شێک له مامۆستایانه‌وه له پارێزگاى دهۆک زیاتر له سه‌د مامۆستا‌و چه‌ند راگه‌یه‌ندکارێکى یه‌کێتى و یه‌کگرتوو ده‌ستگیر کراون و تا ئاماده‌کردنى ئه‌م راپۆته ئازاد نه‌کراون.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ژنه په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتووى ئیسلامى ورده‌کارى خۆپیشاندانى مامۆستایان له پارێزگاى دهۆک و زاخۆ بۆ هاوڵاتى ئاشکرا ده‌کات و ده‌ڵێت به‌رپرسه سه‌ربازییه‌کانى پارتى قسه‌ى نه‌شیاویان به‌رانبه‌ر به‌کارهێناوه. هه‌ڵه‌ز ئه‌حمه‌د، ئه‌دنامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم به 50 رۆژ جارێ ناتوانێت موچه بدات خه‌ڵک ناچاره بێته سه‌ر شه‌قام. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" زیاتر له سه‌د مامۆستا ده‌ستگیر کراوه‌و تا ئێستا ئازاد نه‌کراون، مامۆستاى تێدا بووه پارتى بووه‌و هى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى دیکه‌شى تێدا بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌رپرسه سه‌ربازییه‌کان به جنێودان مامۆستاکانیان کردووته ناو ئوتومبێلى مونشه‌ئه‌وه". هاوڵاتى:ده‌کرێت دوا زانیاریمان پێ بده‌یت له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانى دهۆک و زاخۆ؟ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د:پێش 48 کاتژمێر له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێکه‌وه داواکارى و یاداشت پێشکه‌ش به پارێزگارى دهۆک کراوه بۆ مۆڵه‌ت دان به خۆپیشاندان، به‌ڵام هیچ وه‌ڵاێکیان نه‌بووه، بۆیه به‌پێى قانون پاش 48 کاتژمێر تێپه‌رى به‌سه‌ر داواکارییه‌که‌دا که‌واته لایه‌نى جێبه‌جێکار به ره‌زامه‌ند بوون بۆى هه‌ژمار ده‌کرێت. هه‌ر دوێنێ هه‌ینى ئه‌وانه‌ى سه‌رپه‌رشتى ئه‌و خۆپیشاندانه‌یان ده‌کرد ده‌ستگیر کرابوون، وه‌ک په‌رله‌مانتارێکى لیژنه‌ى په‌روه‌رده، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ به‌شداربوون له خۆپیشاندانه‌که‌دا مامۆستا بووم له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌شداربووم، به‌ڵام به‌داخه‌وه پله‌دار له‌ئاستى موقه‌ده‌م ئیتهامى منى کرد که ئێمه ته‌حریزى خه‌ڵک ده‌که‌ین بێته سه‌ر جاده، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خه‌ڵک له‌وه تێگه‌شتووه که یه‌کگرتوو وه‌ک لایه‌نێکى ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌یه‌وێت داکۆکى له‌مافى خه‌ڵک بکات. هاوڵاتى: موقه‌ده‌مه‌که وتى چى، ئیتهامه‌که چى بوو که کردى که ده‌زانن به‌رێزتان په‌رله‌مانتارن؟ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د: موقه‌ده‌مێک و نه‌قیبێکى پارتى جنێویان پێدام و وتیان ئێوه لایه‌نى دیکه هانتان ده‌دات خۆپیشاندان بکه‌ن، وتیان هاتوویت بۆ ئاژاوه گێریت قسه‌ى زۆر ناشرین و نه‌شیاویان به‌رانبه‌رمان کردووه. هاوڵاتى:چه‌ند مامۆستا به‌شدارى خۆپیشانه‌که‌یان کرد؟ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د:ئه‌وانه‌ى به‌شدارى خۆپیشاندانه‌که‌یان کرد 100 مامۆستا ده‌بووم، هه‌موویان ده‌ستگیرکران به ئوتوبوس(مشائه) به قسه‌ى ناشرین و جنێودان بران بۆ بنکه‌ى پۆلیس ئه‌وانه‌ى له‌ناو سه‌نته‌رى دهۆک، ئه‌وانه‌ى زاخۆش ده‌ستگیر کراون، هێزه ئه‌منییه‌کان به جلى مه‌ده‌نییه‌وه بوون به‌شێکیان و رێگریان لێ کردم که لایڤێک بکه‌م، رێگرى له من کرا نا بێت ته‌سویر بکه‌یت، ئه‌و ڤیدیۆیه تۆ بۆ ده‌وڵه‌تێکى دیکه ده‌نێریت، منى ئیتهام کرد به‌وه‌ى که خیانه‌تکارم، باشه ئه‌گه‌ر من خیانه‌تکارم بۆ نامده‌نه دادگا ئه‌مه تۆمه‌تێکى گه‌وره‌یه که من بۆ ده‌وڵه‌تێکى ئیقلیمى ئیش ده‌که‌م. هاوڵاتى:ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیر کراون، هیچ که‌سێکیان ئازاد کراون؟ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د: نه‌خێر هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیر کراون تا ئێستا هیچ که‌سێکیان ئازاد نه‌کراون. هاوڵاتى:ئایا ئه‌شکه‌نجه‌دان و لێدان هه‌بووه له‌وانه‌ى ده‌ستگیر کراون؟ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د:ئازار ته‌نها ئه‌شکه‌نجه‌دان نییه، که مامۆستایه‌ک داواى موچه‌و قوتى ژیانى خۆى ده‌کات و دێته سه‌ر جاده، ده‌ستگیرى ده‌که‌یت و ده‌یکه‌یته ناو سه‌یاره‌ى پۆلیس و قسه‌ى ناشرینى پێ ده‌ڵێت له ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌که ئازارى زیاتره وه‌کو موته‌هه‌م. هاوڵاتى: ئایا ئه‌وانه‌ى به‌شداربووم سه‌ر به یه‌کگرتوو و هاوپه‌یمانى بوون یان لایه‌نى دیکه‌ى تێیدا به‌شداربوون له‌وانه کۆمه‌ڵ و بێلایه‌ن؟ هه‌ڵه‌ز ئه‌حمه‌د: هه‌موو لایه‌نه‌کانى تێدا بووه، خه‌ڵکى پارتیشى تێدا بووه، من مامۆستا بووم هه‌موو خه‌ڵکى دهۆک ده‌ناسم، دهۆک شارێکى بچوکه و گه‌وره نییه، په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵایه‌تى له دهۆک زۆر به‌هێزه، کادرى پارتى تێیدا بووه له لیژنه‌ى ناوچه‌ى پارتى به‌شدارى خۆپیشاندانه‌که‌ى کردووه، لایه‌نه‌کانى کیده‌ش تێیدا به‌شداربوون بێلایه‌نیشى تێدا بووه، که حکومه‌ت ناتوانێت موچه دابین بکات به 50 رۆژ جارێک، مامۆستا مه‌جبوره بێته سه‌ر جاده. هاوڵاتى: ئه‌و سوکایه‌تییه‌ى به به‌رێزتان کراوه، یه‌کگرتووى ئیسلامى هاتوۆته سه‌ر خه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه؟ هه‌ڵه‌ز ئه‌حمه‌د:وه‌کو په‌رله‌مانتار هه‌ر خۆپیشاندانێک هه‌بێت بۆ داکۆکى له مافى خه‌ڵک فراکسیۆنى یه‌کگرتوو به‌شدارى ده‌کات و سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتووش پشتیوانى ده‌کات، له‌سه‌ر رووداوه‌کان بریاره دکتۆر شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌سه‌ر کۆى رووداوه‌کان کاتژمێر 8ى ئه‌مشه‌و واتا 30 خوله‌کى دیکه قسه‌ى له‌سه‌ر بکات.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكی رایگه‌یاند پزیشکێکى به ره‌گه‌ز پاكستانی ده‌ستگیرده‌كه‌ن به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌وڵیداوه هاوكاری ماددی داعش بكات له عێراق و سووریا. وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكی ئه‌مرۆ شه‌ممه، 16 ئایارى 2020، به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند " محه‌مه‌د مه‌سعود له ویلاتی مینیسۆتا هه‌وڵیداوه پاڵپشتی دارایی كه‌تیبه‌یه‌كی رێكخراوی داعش بكات له عێراق و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شیدا بۆ ئه‌مەریكا كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجامبدات. محه‌مه‌د مه‌سعود- 28 ساڵ له مانگی ئاداری 2020ه‌وه به‌پێی تاوانی تیرۆر له زیندانی كه‌رتی سیربوون له ویلایه‌تی مینیسۆتا زیندانه و رۆژی دووشه‌ممه 11ی ئایار بڕیاری دادگاییكردنه‌كه‌ی ده‌رچوو، به‌ڵام هێشتا لە دادگای ته‌ممیز پێداچوونه‌وه بە بڕیاره‌كه نەکراوە. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكادا هاتووه، مه‌سعود له رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌بووه به هاورێكانی له سووریا و عێراق. له‌راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌ی بی سی 5ی ویلایه‌تی مینیسۆتا-دا هاتووه، (مه‌سعود) مۆڵه‌تی پزیشكی هه‌یه له پاكستان و وه‌ك كارمه‌ندی رایه‌ڵی توێژه‌ر له سه‌نته‌ری كلینیكی سیریوون- ویلایه‌تی مینیسۆتا له ئه‌مەریكا كاریكردووه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی فیزای H-B1 هاتۆته ئه‌مەریكا. لەنێوان مانگی كانوونی دووه‌م- ئادار ویستویه‌تی له رێگه‌ی ئوردن-ه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سووریا و به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی برێك پاره‌ی ره‌وانه‌ی داعشه‌كانی كه‌تیبه‌یه‌كی عێراق كردووه. به‌پێی راپۆرته‌كه رۆژی 19ی ئادار له (فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سات- پاول(MSP))-ی مینیسۆتا له‌لایه‌ن تیمی ئۆپراسیۆنی بنبڕكردنی تیرۆر-ی سه‌ر به پۆلیس فیدرالی (ئێف بی ئای) ده‌ستگیركراوه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی رووه‌و فڕۆكه‌خانه‌ی لۆس ئه‌نجلس- كالیفۆرنیا و له‌وێشه‌وه به كه‌شتی ده‌ریایی بچێته توركیا و له‌وێوه بۆ سووریا. هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه ئه‌وه‌شی خستووەته‌ڕوو كه مانگی شوبات، مه‌سعود هه‌وڵیداوه گه‌شتی ئوردن بكات، به‌ڵام به‌هۆی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئۆردن گه‌شته‌كه‌ی شكستی هێناوه. ئێف بی ئای له مانگی كانوونی دووه‌می 2020ه‌وه چاودێری مه‌سعود-یان كردووه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتبه‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاته دادوه‌رییه‌ی دراویانه‌تێ. به‌پێی كۆدی نهێنی قسه‌كردن، مه‌سعود ناوی (بی بی) بووه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك هه‌بووه. رۆژی 24ی كانوونی دووه‌م (بی بی) په‌یوه‌ندی كردووه به كه‌سێكه‌وه (سی ئێچ ئێس1) گفتوگۆیان له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كردووه له عێراق و به‌ڵێنی پێداون سه‌ردانی سووریا ده‌كات. ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی داوه سه‌ردانی خوراسان كه ناوچه‌یه‌كه له باكوری خۆهه‌ڵاتی ئێران و درێژ ئه‌بێته‌وه بۆ ئه‌فگانستان. په‌یوه‌ندی له (سی ئێچ 1، سی ئێچ2، سی ئێچ ئێس) له سێ شوێنی جیای عێراق و سووریا و ئێران هه‌بووه. رێكخراوی تیرۆریستی داعش ساڵی 2014 سه‌ریهه‌ڵدا وه‌ك درێژه‌پێده‌ری رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعده، له دوای چوار ساڵی شه‌ڕكردن و دوای رزگاركردنی مووسڵ له عێراق و ره‌ققه له سووریا، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه كرا كه كۆتایی به داعش هاتووه، به‌ڵام تائێستا پاشماوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه له عێراق و سووریا جموجۆڵیان هه‌یه.
شاناز حه‌سه‌ن ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى رایگه‌یاند پێویسته کار بۆ ئه‌وه بکرێت چیدیکه په‌رله‌مان قۆرغ نه‌کرێت بۆ لایه‌نێکى دیاریکراو، وه کار بۆ ئه‌وه بکرێت دانیشته‌کان بۆ کارکردن بێت له‌سه‌ر مافى ته‌واوى هاوڵاتیان و ده‌ڵێت" ناکرێت ئێمه‌ش تازه به‌تازه په‌رله‌مان بکه‌ینه شوێنى مشتومڕى حزبایه‌تى لایه‌نه‌کان". ئه‌مڕۆ شەش فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوەو لە کۆبونەوەکەدا یاداشتێک دەدەنە پەرلەمان و نارەزایی لە شێوازی کارکردنی پەرلەمان دەردەبڕن و داوای گەرانەوەی رۆڵ و رێز بۆ پەرلەمان دەکەن. عوسمان که‌ریم، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى کوردستان له لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت"کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى شه‌ش فراکسیۆنه به‌شدارنه‌بوه‌که‌ى دانیشتنى حه‌وتى مانگ له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتاران، بۆ ئه‌وه‌یه چیدیکه په‌رله‌مان و کارى په‌رله‌مان قۆرغ نه‌کرێت بۆ لایه‌نێکى تایبه‌تى و به‌کاربهێنرێت". باسى له بارودۆخى ته‌ندروستى و ئابورى هه‌رێم کرد‌و وتى" له‌م بارودۆخه‌ى ئێستادا میلله‌ت کێشه‌ى زۆرى هه‌یه، ناکرێت ئێمه‌ش تازه به‌تازه په‌رله‌مان بکه‌ینه شوێنى مشتومڕى حزبایه‌تى لایه‌نه‌کان زۆرینه بتوانێت بریاره‌کانى خۆى بسه‌پێنێت و ئیمه و که‌مینه بمێنینه‌وه و بۆیه ئه‌وانه دۆخى باش نیین هیچ کاتێک له‌به‌رژه‌وه‌ندى کورد نین". ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى وتیشى" باوه‌ڕم وایه نه‌ک ته‌نیا ئه‌و شه‌ش فراکسیۆنه به‌ڵ:و له‌وانه‌یه فراکسیۆنى پارتیش ئه‌مرۆ بچێته کۆبونه‌وه که ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که‌له ئاینده بریارى کۆبونه‌وه‌کان بکرێت ئه‌ه‌و په‌رله‌مان ده‌بێت تعبیر له راى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى وکوردستان بکات و هه‌وڵبده‌ین چاره‌سه‌رى کێشه‌کى میلله‌ته‌که‌مان بکه‌ین و ئه‌و کێشانه‌ى هه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌ته‌که‌مانن کارى له‌سه‌ر بکه‌ین". عوسمان که‌ریم ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" شه‌ش فراکسیۆنه‌که پێشتر به‌جیا کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه و پرۆژه‌یه‌ک ئاماده‌که‌ن بۆ پێکهاته‌کان و فراکسیۆنى پارتى بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتنێک بکرێت به‌گشتى له‌نێوان کۆى فراکسیۆنه‌کان و ناکرێت ئه‌م دۆخه به‌م شێوه‌یه بێت و پێویسته له کۆبونه‌وه‌کانى داهاتودا وه‌ڵامى دروستمان پێبێت بۆ خه‌ڵک". هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه "ده‌بێت هه‌موومان ئه‌وه بزانین و هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌کان ئه‌وه بزانن ئێمه به‌کۆده‌نگى ده‌توانین له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ندى بگه‌ینه ئامانجه‌کانمان و ئه‌وانه‌ى حه‌قى ره‌واى میلله‌ته‌که‌مان و وتى" کاتێک که کۆده‌نگى له‌ناو ده‌چێت و توشى شه‌له‌ل ده‌بێت، به‌رامبه‌ره‌که‌شت به‌شێوازێکى تر له‌گه‌ڵت دێته گفتوگۆ و له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و مفاوه‌زات له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم". ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد " بارودۆخه‌که لێره‌دا چاره‌سه‌ر نه‌کرێت کۆبونه‌وه‌کان هیچ ئه‌نجامێکیان نابێت، بۆیه پێویسته ئێمه بگه‌ینه رێککه‌وتێک پێش ئه‌وه‌ى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان ده‌ستپێبکاته‌وه و ده‌بێت ئاراسته‌یه‌کى دروست هه‌ڵبژێرین و هه‌موو لایه‌نه‌کان بتوانین له‌ئاستى چاره‌سه‌رى کێشه‌کاندا بین چونکه کۆبونه‌وه له‌پێناو کۆبونه‌وه بۆ قۆلکردنه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کان خزمه‌ت به دۆخى ئێستاى په‌رله‌مان و هه‌رێم ناگه‌یه‌نێت". هاوکات عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو شەش فراکسیۆنەی بایکۆتی کۆبونەی پەرلەمان لە ٧-٥-٢٠٢٠ مان کردوە، ئەمڕۆ بۆ شێوازی کاری داهاتوی پەرلەمان کۆدەبینەوە. وتیشی: پێمان وایە کاروباری پەرلەمان بەم شیوەیە بەڕێوەناچێت و ناکرێت ئەوەی لە ٧-٥ رویدا دوبارە ببێتەوە، ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان لەناو بینای پەرلەماندا بێت و بەشداری کۆبونەوە نەکات و جێگر و سکرتێری سەرۆک کۆبونەوە بە بەشێک لە پەرلەمانتاران بکەن، وەهەروەها ناکرێت رێز لە رای ٥٣ پەرلەمانتاری فرە حیزب نەگیرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بە یاداشتێکی فەرمی داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە لابردنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتاران نەخەنە بەرنامەی کارەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ کۆدەبینەوەو لەم کۆبونەوەیەدا کە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و ئازادی و سەربەخۆکان، یاداشتێک دەدەین بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە تێدا دەنوسین ئێمە بەم شێوازی کارکردنەی پەرلەمان ناڕازین، چونکە پەرلەمان نەیتوانیوە چاو‌دێر بێت بەسەر حکومەتەوە بەڵکوو بوەتە پاشکۆی حکومەت. عەبدولستار مەجید ئەوەشیخستەروو، لەم کۆبونەوەیەدا بڕیار دەدرێت کە ئێمە چۆن کاری داهاتومان بکەین و پەرلەمانیش چۆن کارەکانی بکات.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى رایگه‌یاند توشبوه‌که‌ى ئه‌مشه‌ى سلێمانى کاسبکارێکى ناو بازاڕى سلێمانیه و خۆى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى کردووه بۆ پشکنین و ده‌رچووه که ڤایرۆسى کۆرۆناى هه‌یه و ده‌ڵێت" سه‌رچاوه‌ى توشبووه‌که‌ى نادیاره تا ئێستا نازانرێت له چیه‌وه توشى ڤایرۆسى کۆۆرۆنا بووه". یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى سلێمانى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا بۆ سایتى هاوڵاتى وتى" توشبوه‌که‌ى ئه‌مشه‌و پیاوێکى کاسبکارى ته‌مه‌ن 50 ساڵه و له‌ناو بازاڕى سلێمانى کار ده‌کات و به‌رکه‌وته‌ى هیچ توشبویه‌کى پێشتر نییه، و سه‌فه‌ری هیچ وڵاتێکیشى نه‌کردووه به‌م ده‌وربه‌ره، بۆیه سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى تائێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه". هاوڵاتى: چۆن ئه‌م حاڵه‌ته تۆمارکرا له سلێمانى؟ یاد نه‌قشبه‌ندى: ئه‌و پیاوه خۆى ته‌ندروستى تێکچووه و سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجى کردووه بۆ پشکنیین، دواى ئه‌وه‌ى له پشکنیین ده‌رکه‌وتووه هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه، دواتر دوباره له نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به کۆرۆناش پشکنینى بۆ کراوه‌ته‌وه و نپۆزه‌تیف بووه دڵنیا بوینه‌وه که توشى ڤایرۆسه‌که بووه . هاوڵاتى توشبوه‌که به‌رکه‌وته‌ى توشبویه‌کى پێشتره یاخود نا؟زانیارى له‌سه‌ر توشبونه‌که‌ى چۆن بۆى گوازراوه‌ته‌وه؟ یاد نه‌قشبه‌ندى: ئه‌و پیاوه کاسبکاره له‌ناو بازاڕى سلێمانى و به‌رکه‌وته‌ى له‌گه‌ڵ خه‌ڵک زۆر بووه، به‌ڵام تائێتا نازانرێت چۆن توشى ڤایرۆسه‌که بووه، چونکه که‌سوکاره‌که‌ى پێشتر که‌سى توشبووى تێدا نه‌بوه واته به‌رکه‌وته‌ى توشبووى تر نیه، وه له‌هه‌مان کاتدا سه‌رفه‌رى هیچ وڵاتێکیشى نه‌کردووه تا بڵێین له‌و وڵاته توشبووه، بۆیه ئێستا له لێکۆڵینه‌وه‌داین سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى بدۆزرێته‌وه. هاوڵاتى: به‌و پێیه‌ى توشبوه نوێکه که‌سێکه خێزانداره و وه‌له‌هه‌مانکاتدا له‌ناو بازاڕى شارى سلێمانیدا کارى کردووه؟ ئایا پشکنین بۆ که‌سه نزیکه‌کانى و ده‌وربه‌ره‌که‌ى ده‌کرێت؟ یاد نه‌قشبه‌ندى: بێگومان ئێمه تیمێکمان هه‌یه که به‌دواداچون بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌کات که به‌رکه‌وته‌ى راسته‌وخۆى له‌ه‌گڵ توشبوه‌که‌دا هه‌بووه و له‌و رێگه‌یه‌وه پشکنین له که‌سه نزیکه‌کانى وه‌رگیراوه و له‌ئێستادا چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى پشکنینه‌کانیانین. هاوڵاتى: له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى وکردستان به‌گشتى و له‌سلێمانى به‌تایبه‌تى به‌و پێیه‌ى حاڵه‌تى نوێ تۆمارده‌کرێت پێتان وایه مه‌ترسیه‌که هه‌ر به‌رده‌وامه؟ یاد نه‌قشبه‌ندى: ئێمه پێشتریش وتومانه مه‌ترسى ڤایرۆسى کۆرۆنا هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه و بونى ماوه و به‌ڵام دۆخه‌که له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه. وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى زۆر جه‌ختى له‌وه کرده‌وه پێشتر لێکدانه‌وه‌ى جیاواز بۆ وشه‌ى "کۆنتڕۆڵ کردن" کراوه و وتى" کۆنتڕۆڵ کردن به‌ماناى کۆتاى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا نایه‌ت، به‌ڵکو واته دۆخه‌که له‌ژێر کۆنترۆڵدایه و له‌کاتێکیشدا ئه‌م دۆخه‌که له‌ژێر کۆنترۆڵدا ده‌مێنێته‌وه، که هاوڵاتیان پابه‌ندى رێنماییه‌کان بن". له هه‌رێمى کوردستان، کۆى گشتى توشبوان به ڤایرۆسى کۆرۆنا 392 توشبوه، له‌نێویاندا پێنج حاڵه‌تى مردن هه‌یه و375 توشبو چاکبونه‌ته‌وه، 12 توشبوى ئه‌و په‌تایه‌ش له‌ئێستادا له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدان.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم وه‌زیرێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زانیارى له‌سه‌ر رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان و جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى ده‌خاته‌روو و ده‌ڵێت:" پێش جه‌ژن موچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دابه‌ش ده‌کرێت وبۆ موچه قه‌رز له سه‌رمایه‌داران کراوه". کوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیرى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى که‌مبووه‌ته‌وه‌و یاساى چاکسازى پێش کۆتایى هاتنى ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه هێزه ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کراوه‌و ناویان له‌نێ, لیستى موچه‌خۆرانى بایۆمه‌تریدایه‌و وتیشى:" وه‌زیرى دارایى به‌ته‌فاسیل باسى کردووه که ده‌بێت هێزه ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان بۆ بکرێت، چونکه گه‌نده‌ڵیه‌کى زۆرى تێدایه". هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه ده‌رستکارى موچه‌ى پله باڵاکان ده‌کرێت و ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه رێکده‌خرێته‌وه. هاوڵاتى: له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چۆن باسى رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان کراوه؟ فه‌رمانبه‌ران مافى خۆیانه زانیارى له‌باره‌یه‌وه بزانن؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر سه‌یرى یاساى چاکسازى بکه‌یت که په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه‌و په‌رله‌مانتاران ده‌نگیان داوه، مادده‌یه‌کى تێدایه ده‌ڵێت رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان به‌شێوه‌ى دادپه‌روه‌رانه، لیژنه‌یه‌ک پێکهێندراوه بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان، رێکخستنه‌وه چۆنه، 13 جۆر ده‌رماڵه هه‌یه پشتبه‌ستوو نییه به هیچ یاسایه‌ک کاتى خۆى به بریارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کراوه، ئه‌وانه نابردرێن ته‌نها رێکده‌خرێنه‌وه، بۆ نمونه من و تۆ له به‌رێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باین، من له پشتى مێزه‌وه دانیشتووم تۆ له‌سه‌ر عه‌مودى، هه‌ندێک جار هه‌ردووکمان وه‌ک یه‌ک ده‌رماڵه‌مان هه‌یه، هه‌ندێجار من هه‌مه که له‌پشتى مێزه‌وه‌م تۆ نییته که له‌سه‌ر عه‌مودى، ئه‌مانه رێکده‌خرێته‌وه‌و ئه‌وه له یاساى چاکسازیدا هاتووه. هاوڵاتى: که‌ى ده‌که‌وێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان؟ کوێستان محه‌مه‌د: وه‌زاره‌تى دارایى داواى له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان کردووه دۆسیه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان بۆ بنێرین و ده‌بێت له‌ماوه‌ى مانگێکدا جێبه‌جێ بکرێت، هه‌ر له‌ناو وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى مامۆستاى په‌یمانگایه ده‌رماڵه‌ى مامۆستاى نییه به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ناو دیوانى وه‌زاره‌تدایه ده‌رماڵه‌ى مامۆستاى هه‌یه، جا ئه‌مه بۆ رێ:خستنه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه و لیژنه‌ى بۆ پێکهاتووه، ئه‌و لیژنه‌یه ده‌بێت له‌ماوه‌ى مانگێکدا ده‌ستنیشانى بکه‌ین. هاوڵاتى:به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم و لێدوانى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم بێت ده‌بێت موچه به‌پێى داهات رێکده‌خرێته‌وه که باس کراوه داهات که‌موبووه‌ته‌وه، مه‌به‌ست له‌مه چییه؟ کوێستان محه‌مه‌د: له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ته‌نها مه‌سه‌له‌ى ده‌رماڵه‌کان باسکراوه‌و باسى موچه نه‌کراوه، ده‌رماڵه‌و پله به‌رزه‌کان ده‌ستکارى ده‌کرێت و رێکده‌خرێته‌وه. هاوڵاتى: باسى بندیواره‌کان کرا که چیتر موچه‌یان پێنه‌درێت؟ کوێستان محه‌مه‌د: جگه له‌وه‌ى له یاساى چاکسازیدا هاتووه، له‌کۆبونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌تایبه‌تى ناوى(بندیواره‌کان) هێندرا که ئه‌وه‌ى ناوى له بایۆمه‌تریدا نییه موچه وه‌رناگرێت، ئه‌وه‌ى بندیواره‌و ناوى له‌بایۆمه‌تریدا نییه موچه وه‌رناگرێت. هاوڵاتى: گومان له‌ناوه‌کانى ناو بایۆمه‌ترى ناکرێت؟ کوێستان محه‌مه‌د: کێشه‌که ئه‌وه‌یه هێزه ئه‌منییه‌کان که ناویان له‌ناو بایۆمه‌تریدا هه‌یه بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کراوه و له‌وێدا گه‌نده‌ڵى زۆر هه‌یه، کاک ئاوات وه‌زیرى دارایى به‌ته‌فسیل باسى کرد که ده‌بێت بۆیان بکرێت سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان نه‌کردووه. هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت داهات که‌مى کردووه، پێویست ناکات هاوڵاتیان بزانن حکومه‌ته‌که‌یان ئێستا داهاتى چه‌نده؟ کوێستان محه‌مه‌د: داهاتى ناوخۆ زۆر که‌مى کردووه و پاره‌ى نه‌وت زۆر سوک و ره‌زیک بووه‌و که‌مبووه‌ته‌وه، حکومه‌تى عێراق تا ئێستا پاره‌ى موچه‌ى مانگى نیسانى ئه‌مساڵى نه‌ناردووه، حکومه‌تى هه‌رێم بۆ موچه‌ى ئه‌م مانگه قه‌رزیان له کۆمه‌ڵێک کۆمپانیاو سه‌رمایه‌دار کردووه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رکات به‌غدا موچه‌ى نارد بیده‌نه‌وه به سه‌رمایه‌دارو کۆمپانیاکان، به‌ڵام موچه پێش جه‌ژنى ره‌مه‌زان سه‌رۆکى حکومه‌ت وتى هى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دابه‌ش ده‌که‌ین. هاوڵاتى: ئه‌و مانگه‌ى دانراوه بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان پێش کۆتایى ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌کرێت؟ کوێستان محه‌مه‌د: به‌ڵێ پێش کۆتایى ساڵ ره‌نگه چه‌ند مانگێکى دیکه جێبه‌جێ بکرێت، چونکه هه‌موو مادده‌کانى یاساى چاکسازى ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌وه‌ى بندیواره به سیستمى بایۆمه‌ترى موچه‌که‌ى ده‌بردرێت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ په‌یره‌وێک بۆ پاسه‌وانى، ئه‌وه‌ى که‌باس ده‌کرێت مه‌لاو شێخ و جاش و ئه‌مانه هه‌موو پاسه‌وانیان هه‌یه هه‌مووى ده‌بردرێت، مه‌سه‌له‌ن ته‌حدید ده‌کرێت باره‌گاکان چه‌ند پاسه‌وانى هه‌بێت، مه‌کته‌بى سیاسى وا هه‌یه دوو بۆ سێ هه‌زار پاسه‌وانى هه‌یه، ئه‌وانه ده‌بێت هه‌مووى رێکبخرێته‌وه. هاوڵاتى: پرسى لامه‌رکه‌زى لاى حکومه‌تى هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت که یه‌کێکه له کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم که بزوتنه‌وه‌ى گۆرانیش تێیدا به‌شداره؟ کوێستان محه‌مه‌د:ئێمه وه‌کو بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌خولى سێیه‌مى په‌رله‌مان پرۆژه یاسامان پێشکه‌ش به په‌رله‌مان کرد وه‌کو فراکسیۆنى گۆڕان، له‌به‌رئه‌وه گۆران ساحێبى لامه‌رکه‌زییه، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین لامه‌رکه‌زى کارگێرى دارایى هه‌بێتو ده‌سه‌ڵاته‌کان شۆربکرێته‌وه ناکرێت، به‌رێوه‌به‌رى دائیره‌یه‌ک بۆ کرینى زۆرپایه‌ک سێ مانگ اوه‌رێ بکات و بۆى نه‌کردرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پاراستنى قه‌واره‌و کیانى هه‌رێمى کوردستانداین،چونکه نه سلێمانى به‌ته‌نها ده‌توانێت ببێته هه‌رێمێک نه هه‌ولێرو دهۆک به‌ته‌نها ده‌توانن ببنه هه‌رێمێک، ئه‌وکاته کیانى کوردستان تێکده‌چێت. کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم باسى جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى کردووه، له کۆبونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌خت له لامه‌رکه‌زى کراوه‌ته‌وه‌و که پشتیوانى لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێرى ده‌که‌ین. هاوڵاتى:پرسى دامه‌زراندن ده‌رچوانى زانکۆ‌و په‌یمانگاکان باس ده‌کرێت یا ده‌که‌وێته دواى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى؟ کوێستان محه‌مه‌د: زه‌حمه‌ته دامه‌زراندن بکرێت، چونکه پاره نییه بیده‌یته فه‌رمانبه‌ران، ئیتر فه‌رمانبه‌رى دیکه له‌کوێ داده‌مه‌زرێت. تا ئه‌نجومه‌نى راژه دروست نه‌کرێت و نه‌زاندرێت فه‌رمانبه‌ر له کوێدا زۆره‌و له کوێدا که‌مه‌و رێکنه‌خرێته‌وه، ئێستا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بریاریداوه ئه‌نجومه‌نى راژه دروست بکرێت، ئه‌وکاته به‌پێى به‌رنامه‌ى ئه‌نجومه‌نى راژه فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێندرێت.
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد(KNK) ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى کوردستان به پاساوى لاواز گه‌مارۆى که‌مپى مه‌خوریان داوه‌و ناتوانرێت پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کان بگه‌یه‌ندرێنه گه‌مپه‌که. که‌مپى مه‌خمور که به که‌مپى(شه‌هید ڕۆسته‌م جودی) ده‌ناسرێت نزیکه‌ى 12 هه‌زار په‌نابه‌رى کوردى باکورى کوردستانى تێدایه‌و زیاتر له سێ مانگه گه‌مارۆ خراوه‌ته سه‌ریان. شۆرش خدر، ئه‌ندامێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد(KNK) له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" که‌مپى شه‌هید ڕۆسته‌م جودی،زیاتر له دوانزه هه‌زار په‌نابه‌رى کوردانى بکورى تێدا ده‌ژین به‌شێوه‌یه‌ک که له بارودۆخێکى زۆر ناهه‌موار ژیان به‌ڕێ ده‌که‌ن، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى حکومه‌تى ناوه‌ند وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه بکات.بێ هه‌ڵوێسته به‌رامبه‌ر ئه‌و بۆردومانانه‌ى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکیاوه ده‌کرێت". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد:" ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى کوردستانیش به پاساوى لاواز گه‌مارۆیان خستۆته سه‌ر خه‌ڵکه‌که له ژیانى ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌که‌ى دابڕیون، هاتوچۆ له‌سه‌ر که‌مپه‌که قه‌ده‌غه کردووه ڕێگرى ده‌که‌ن له گه‌یاندنى هاوکاریه مرۆیى و پزیشکییه‌کان". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد داواى له به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق کرد به ئه‌رکى خۆى هه‌ستێت پارێزگارى له یه‌کێتى خاکى عێراق بکات به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌شکرکێشیه‌ى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکیاوه ده‌کرێته سه‌ر باشوورى کوردستان و بۆردمانکردنى که‌مپى ڕۆسته‌م جودى له مه‌خمور هه‌ڵوێست وه‌رگرێت. هاوکات هه‌مان داواشى ئاراسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان‌و په‌رله‌مانتاران و پارت و لایه‌نه سیاسیه‌کان کرد که هه‌ڵوێستى جدى و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بێت تا گه‌مارۆى سه‌ر که‌مپى مه‌خمور کۆتایى پێ بهێندرێت، وتیشى:" یه‌کگرتو و یه‌ک ده‌نگبن له به‌رامبه‌ر پیلانیگێڕى ده‌وڵه‌تى تورکیا، چونکه پیلانه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا دژ به هه‌موو پارچه‌کانى کوردستانه،پێویسته ئه‌و له‌شکره‌ى له‌لایه‌ن پارتى یه‌کێتى به‌رامبه‌رى یه‌کیان گرتووه له ده‌ڤه‌رى زینى وه‌رتێ له به‌رامبه‌ر دوژمن به‌کارى بهێنن که ئه‌مه ئامانجى خوێنى شه‌هیدان و داواکارى هه‌موو گه‌لى کورده". دوێنێ سێشه‌ممه 12ى ئایارى 2020 جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکى که‌جه‌که ره‌خنه‌ى توندى ئاراسته‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد به‌هۆى گه‌مارۆ خستنه سه‌ر که‌مپى په‌نابه‌رانى باکورى کوردستان ده‌گرێت و به "شه‌رمه‌زارییه‌کى گه‌وره" وه‌سفى کرد. جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکى کۆما جڤاکێن کوردستان رایگه‌یاند "دانیشتووانى مه‌خمور کوردن، خزمه‌تیان به کورد کردووه، شه‌هیدیان داوه و به‌هایان خوڵقاندووه، چۆن ده‌بێت پارتى به‌رده‌وامى به‌و گه‌مارۆیه بدات، له کاتێکدا مه‌ترسیى ڤایرۆس هه‌یه، هیچ هۆکاریکى نییه، پارتى ناتوانێت ئه‌مه بۆ کورد و مرۆڤایه‌تى ڕوون بکاته‌وه، ئه‌مه هیچ خزمه‌تێک به پارتى و به کورد ناکات، سیاسه‌تى پارتى دژى مه‌خمور شه‌رمه‌زارییه‌کى گه‌وره‌یه". بایک داواشى له پارتى کرد کۆتایى به گه‌مارۆدانى مه‌خمور بهێنێت و وتی: "داوا له پارتى ده‌که‌م که ئه‌م شه‌رمه‌زارییه له‌سه‌ر خۆى و کورد هه‌ڵگرێت، ئه‌گه‌ر پارتى درێژه به‌م سیاسه‌ته بدات زیانى پێده‌گات، چونکه هه‌موو که‌سێک دژى ئه‌م سیاسه‌ته‌یه، گه‌لى کورد شتێک که خزمه‌تى نه‌کات قبوڵى ناکات، دژى ده‌وه‌ستێت و ده‌یوه‌ستێنێته‌وه، بۆیه ده‌ڵێم؛ پێویسته پارتى کۆتایى به‌و سیاسه‌ته هه‌م له وه‌رتێ و هه‌م له مه‌خمور بێنێت".