سازدانى: ئارا ئیبراهیم وه‌زیرێکى کابینه‌ى نۆیه‌م ده‌ڵێت حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وله‌ویه‌تى بۆ دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌و وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه و ده‌شڵێت که‌مبوونه‌وه‌ى داهاتى نه‌وت و ناوخۆ کاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆژه‌کان ده‌بێت. دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت دابه‌زینى نرخى نه‌وت خه‌رجییه ناپێویسته‌کان که‌مده‌کاته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه لیژنه‌ى بۆ پێکهێندراوه. هاوکات ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه وه‌ک ستافى گۆڕان له‌ناو کابینه‌ى نۆیه‌م تائه‌م ساته له‌حکومه‌تى هه‌رێم رازیین. هاوڵاتى: دابه‌زینى نرخى نه‌وت، خه‌رجییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم که‌مده‌کاته‌وه، هاووڵاتیان ترسیان له‌وه هه‌یه پاشه‌که‌وتى موچه ده‌ستپێبکاته‌وه؟ ئایا موچه وه‌ک خۆى ده‌بێت؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: موچه له‌سێ سه‌رچاوه‌وه دابینده‌کرێت، به‌شێکى که له‌به‌غداده‌وه دێت به‌شێکى داهاتى نه‌وته‌و به‌شێکیشى داهاته ناوخۆییه‌کانه، ئه‌گه‌ر داهاتى ناوخۆیى و داهاتى نه‌وت که‌م بکات کاریگه‌رى له‌سه‌ر تواناى دارایى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رى له‌سه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌کات، ئومێده‌واریشین کاریگه‌رى له‌سه‌ر موچه نه‌بێت، به‌ڵام که‌مبوونه‌وه‌ى داهاتى نه‌وت و ناوخۆ کاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆژه‌و کارى خزمه‌تگوزارى وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کات به‌دڵنیاییه‌وه. هاوڵاتى: ده‌توانن دڵنیایى بده‌ن ئه‌وله‌وتى حکومه‌ت دابینکردنى موچه‌یه؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: بەد‌ڵنیاییه‌وه هاوڵاتى: که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه ناپێویستییه‌کانى حکومه‌ت چین که‌بڕیاردراوه که‌مبکرێته‌وه؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: هێشتا نه‌چووینه‌ته ئه‌و ورده‌کارییه‌وه، دواتر ئه‌وه رێنمایى پێده‌رده‌چێت به‌پێى ئه‌و رێنماییانه کارده‌کرێت و لیژنه‌یه‌کى باڵاى بۆ پێکهێندراوه بۆ مه‌سه‌له‌ى قه‌یرانى دارایى ئه‌گه‌ر دروستبێت، تائێستا ئه‌ندام نیم له‌و لیژنه‌یه‌دا، به‌ڵام به‌تەئکید رێنمایى بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌رده‌چێت، به‌هه‌ر حاڵ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵده‌دات کاریگه‌رى له‌سه‌ر موچه دروست نه‌بێت. هاوڵاتى: پرۆسه‌ى چاکسازى دوێنێ سێشه‌ممه له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسکراوه‌ته‌وه که‌خێراتر ده‌کرێت، پەله ده‌کرێت له‌جێبه‌جێکردنیدا؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: یاساى چاکسازى رێنمایى تایبه‌تى پێ ده‌رچووه، ده‌بێت هه‌ر وه‌زاره‌ته‌و به‌پێى تایبه‌تمه‌ندیى خۆى ماوه‌ى بۆ دانراوه جێبه‌جێى بکات، شتێک نییه هیچ که‌سێک یا وه‌زاره‌تێک بتوانێت که‌مته‌رخه‌مى تێدا بکات. هاوڵاتى: دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر لێدوانێکت بۆ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى دا که کۆبوونه‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان وه‌ک سێ لایه‌نى سه‌ره‌کى کابینه‌ى نۆیه‌م ده‌کرێت پاش کۆنگره‌ى یه‌کێتى، کۆنگره ته‌واو بوو هه‌ر نه‌کراوه، هۆکار چییه؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: پڕۆسه‌که به‌رده‌وامه به‌ڵام به‌هۆى ئه‌م بارودۆخه له‌ناکاوه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگه‌رى کردووه‌ته سه‌ر دۆخه‌که، خۆتان ده‌زانن کاتى خۆیشى به‌هۆى کۆنگره‌ى یه‌کێتى جۆرێک له‌و بابه‌تانه دواکه‌وت، که یه‌کێتى کۆنگره‌که‌ى ته‌واو کرد ده‌بێت هه‌ندێک شت یه‌کلایی ببێته‌وه، چونکه به‌رده‌وام وه‌زیره تایبه‌تمه‌نده‌کانیان له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا بوون، ئه‌وه کاریگه‌رى هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌و دانیشتنه سێ قۆڵییه، که‌دواشکه‌وت حکومه‌تى هه‌رێم سێ هه‌فته زیاتره به‌شێوه‌یه‌کى چڕ‌وپڕ خه‌ریکى پرسى بوونى ڤایرۆسى کۆرۆنایه، به‌ڵام ئێمه به‌مانگ پێش ئێستا کۆبوونه‌وه‌مان کردووه وه‌ک گۆڕان خۆمانى بۆ ئاماده ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌م سێ هه‌فته‌یەى دواتر کۆرۆنا هه‌ڕه‌شه بووه له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، له‌به‌رئه‌وه هه‌نگاوى جددى بۆ نراوه‌و ئه‌م بارودۆخه کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌بێت، خۆشتان ده‌زانن تا 26ى ئازار کراوه به‌پشوو، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌کى خێرا ئه‌و کۆبوونه‌وانه ده‌ستپێبکات له‌نێوان سێ لایه‌نه‌که‌دا. هاوڵاتى: پرسى پۆستى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم بۆ کاروبارى چاکسازى و سه‌رۆکى ده‌سته‌ى داهاته نه‌وتییه‌کان بۆ یه‌کلانه‌کراوه‌ته‌وه، ئایا له‌گه‌ڵ پارتى باستان کردووه وه‌ک بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: به‌ڵێ ئه‌وانه هه‌مووى باسکراوه‌و به‌شێکه له رێککه‌وتنه‌که، مه‌سه‌له‌ى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکوه‌زیران بۆ کاروبارى چاکسازى په‌یوه‌ندى به‌یاساى گشتى چاکسازییه‌وه هه‌یه، ئێستا ئێمه تیمێکمان خه‌ریکى ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى یاساى چاکسازى گشتیى ده‌ربچێت و ئه‌و یاریده‌ده‌ره له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسایه‌دا ده‌ستبه‌کارده‌بێت که‌ى یاساکه په‌سه‌ند کرا. مه‌سه‌له‌ى پ‌ۆسته‌کان له‌گفتوگۆکانماندا له‌گه‌ڵ پارتى بڕێندراوه‌ته‌وه، ته‌نها ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌قۆناغ به‌قۆناغ جێبه‌جێ بکرێت، به‌داخه‌وه به‌بۆنه‌ى ئه‌و دۆخانه‌ى دروستده‌بن تۆزێک دواکه‌وتووه، هیوادارم ئه‌م ڤایرۆسه‌ش تێپه‌ڕێنین و هه‌م کۆبوونه‌وه‌کان ده‌ستپێبکات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ى ماوه دابنرێن. هاوڵاتى: هه‌شت مانگ زیاتر له‌کابینه‌ى نۆیەم تێپه‌ڕبووه، ستافى گۆڕان له‌ناو حکومه‌ت له‌کابینه‌ى نۆیه‌م رازیین؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: تائه‌م ساته رازیین.
ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارانى کورد له‌به‌غداوه دڵنیایى ده‌ده‌نه موچه‌خۆران که‌عێراق مانگانه 453 ملیار دینارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه ده‌کات و هیچ مه‌ترسییه‌کى له‌سه‌ر نییه. دابه‌زینى نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت له‌جیهاندا بۆ (37) دۆلار، دۆخى دارایى عێراقى شڵه‌ژاندووه‌و فرۆشى نه‌وتى مانگانه‌ى به‌ته‌واوه‌تى به‌شى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ناکات و کورتهێنانى هه‌یه. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:» هیچ هێزێک ناوێرێت ده‌ستکارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌عێراقدا بکات». ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»موچه‌ى فه‌رمانبه‌ر له‌عێراقدا هیچ هێزێک ناوێرێت ده‌ستکارى بکات، ئه‌مه هه‌رێمى کوردستان نییه خه‌ڵک لێى بێده‌نگ بێت، ئه‌مه هه‌رێمى کوردستان نییه وه‌ک رانه‌مه‌ڕ لێیان بخوڕى، عێراق له‌ئێستا ئاگرى گرتووه سێ ملیۆن که‌س دێنه‌سه‌ر شه‌قام». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که له‌ساڵى 2016 هه‌مان قه‌یران رووى کرده عێراق، وتیشى:» مانگ هه‌بووه بڕى دوو ملیار دۆلار قه‌رز کراوه له‌بانکى ناوه‌ندى به‌حیله شه‌رعى، له‌به‌رئه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى هیچ کێشه‌یه‌کى بۆ دروست ناکرێت». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى باسى له‌وه‌شکرد عێراق (87) ملیار دۆلار یه‌ده‌گى دارایى هه‌یه‌و پێشیوابوو پاره‌ى بانکى ناوه‌ندى بۆ ئه‌وه دانه‌نراوه هه‌رکات پێویستت پێی بوو ده‌ربهێندرێت، به‌ڵام عێراق هه‌ندێ جار په‌ناى بۆ بردووه که (84) ترلیۆن دینارى عێراقى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى سومعه‌ى پاره‌ى عێراقى بمێنێت. هاوکات ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه وه‌ک لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق دوێنێ سێشه‌ممه به‌یاننامه‌یه‌کیان بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه که‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران که‌مده‌کرێته‌وه. حکومه‌تى عێراق مانگانه بڕى نزیکه‌ى چوار ترلیۆن دینارى بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانى پێویسته« پێش که‌مبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت مانگانه حکومه‌تى عێراق حه‌وت ترلیۆن دینارى له‌فرۆشتنى نه‌وت ده‌ستکه‌وتووه، به‌ڵام له‌ئێستادا ته‌نها به‌فرۆشتنى نه‌وته‌که‌ى سێ ترلیۆن و (500) ملیار دینارى مانگانه‌ى ده‌ستده‌که‌وێت»، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید واى وت. هاوکات په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى له‌به‌غدا ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌عێراق ده‌ستکارى ناکرێت. مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى له‌به‌غدا له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» به‌هیچ شێوه‌یه‌ک دابه‌زینى نرخى نه‌وت کاریگه‌رى نابێت له‌سه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ره‌نگه کاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆژه خزمه‌تگوزاریه‌کان هه‌بێت، به‌ڵام حکومه‌ت پلانى وایه کاریگه‌رى نه‌بێت بۆ سه‌ر موچه و وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه«. ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌غدا بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستانى ره‌وانه ده‌کات له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌و هیچ مه‌ترسى له‌سه‌ر دروست نابێت. به‌پێى رێککه‌وتنێک له‌نێوان حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى بودجه‌ى 2019 مانگانه بڕى (453) ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه ده‌کرێت تا ئه‌وکاته‌ى پرۆژه بودجه‌ى 2020 له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌کرێته یاسا، ئه‌وکات هه‌رێمى کوردستان مانگانه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست ده‌کات و له‌به‌رانبه‌ردا (900) ملیۆن دۆلارى له‌به‌غداوه بۆ دێت. راوێژکارێکى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر دابه‌زینى نرخى نه‌وت به‌رده‌وام بێت، قه‌یرانێکى دارایى چاوه‌ڕێى عێراق ده‌کات. ئه‌مین به‌کر راوێژکارى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» حزبه سیاسییه‌کان خۆیان و حکومه‌ت له‌ئێستادا چاوه‌ڕێى پرسى نرخى نه‌وت ده‌که‌ن، له‌وانه‌یه قه‌یرانێکى ئابورى به‌دوایى خۆیدا بهێنێت که‌نه‌توانن چاره‌سه‌رى بکه‌ن».
راپۆرتی: عەرەب نیوز وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا دوای دەست لەکارکێشانەوەی لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) لە تەمووزی ٢٠١٩دا، عەلی باباجان جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی کە بەرپرس بوو لە ئابووری وڵات، لە دووشەممەی رابردوودا داوایەکی فەرمی پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ کرد بۆ دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی. راگەیاندنی پارتەکەی لە بۆنەیەکدا دەبێت لە ئەنقەرە لە رۆژی چوارشەممە واتە ئەمڕۆ. ناوی پارتەکە لە بۆنەکەدا رادەگەیەنرێت بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن پارتە نوێیەکە ناوی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن دەبێت و کورتکراوەکەی «دێڤا» یە کە تورکییە بەمانای «چارەسەر» دێت. پارتەکەی باباجان، کە بەبەستێکی گەورەی لەبەردەمدایە، لیستێکی وردی وردی دەمەزرێنەران لەخۆدەگرێت کە تۆنێکی زیاتر تەکنۆکراتیان هەیە هاوشانی کۆمەڵیک زۆر لە ئەندامانی گەنج، جگەلەوەی کەسایەتە پارێزگارەکان و سیکیولارەکان کۆدەکاتەوە لەسەر ئامانجی فراوان. باباجانی تەمەن ٥٣ ساڵ، کە هاوپەیمانێکی نزیکی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سوەرۆکی تورکیا بوو، پشتگیری عەبدوڵا گول سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی هەبوو لەکاتی ئامادەکارییەکانیدا بۆ دەمزراندنی پارتەکە بەڵام گویل لە پارتەکەدا بەشداری ناکات. بەپێی راپۆرتێکی ئەلمۆنتەر، سیاسەتمەدارانی نزیک عەبدوڵا گویل دوودڵ بوون لە بەشداریکردن لە پارتێکی بچوکدا و پێیانوایە «هاوپەیمانییەتیەکی گەورە» لەگەڵ پارتەکەنی تردا دەبێتە بەربەست بۆ دەسەڵاتی ئەردۆغان. لیستی دامەزرێنەرانی پارتەکە خەڵکانێکی تێدایە کە ئاستی زانستیان بەرزە بەجۆریک زۆربەیان براوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە لە جەندین کەرت و ئەکادیمیای جیاوازدا. کەسایەتیە بالاکانی سوپا و وەزیرانی پێشووی وڵاتیش لەسەر لیستی ئەکەپە لەخۆدەگرێت، جەگەلەوە لەسەدا %٣٠ ئەندامانی پارتەکە لە ئافرەتان پێک دێن. باباجان پشتگیری لەسیستەمێکی تەواوەتی پەرلەمانی دەکات کە پێش سێ ساڵ تورکیا ئەو سیستەمەی وەلانا و سیستمەی بەڕێوەبردنی گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی. لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فۆکسی تورکی لە بەرەبەیانی دووشەممەی رابردوودا، باباجان وتی تورکیا پێویستی بە «دەستپێکێکی نوێ» هەیە و داوای چاکسازی کرد بۆ پتەوکردنی سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ، هەروەها دیموکراسی لە وڵاتەکەدا. «نزیکەی ٢٠ ساڵ تێپەڕیوە (لەسەردەمی دامەزراندنی ئەکەپەوە). تورکیا گۆڕاوە و بەداخەوە ئەو پارتە سیاسیەی من ئەندامێک بووم لێی دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندین کاروبار کە پێچەوانەی رێساکانی سەردەمی دامەزراندنی بوو»، باباجان وای وت. باباجان ئاماژەی بەوەشکرد کە «پێویستییەکی گەورە هەیە بۆ بنیادنانی تورکیایەکی زیندووترو بەپیتتر، ئەمەش مەحاڵە ئەنجام بدرێت لەگەڵ سیستەمی ئێستای سیاسی وڵات. هیچ شتێکی سەربەخۆ لەوڵاتەکەدا نەماوە، تەنانەت سیستەمی داوەرییش». رەخنەکانی باباجان لەدژی ئەکەپە و ئەردۆغان لەدەوری خراپ مامەڵەکردنی ئابووریشدا دەخولێتەوە لەگەڵ مەترسییەکانی «دەسەڵاتی یەک کەس» و ئاماژە خراپەکانی ئابوری وڵات لەسەردەمی قەیرانی ٢٠١٨ەوە کە بەشێوەیەکی بەرجاو پشتگیری هەڵبژاردنی پارتەکەی کەمردووە. لە چاوپیکەوتنێکدا لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، وەزیری پێشووی ئابوری رەخنەی لەو راستییەکە گرت کە «هەندێک وەبەرهێن بۆ وەبەرهێناننی کورت خایەن هاتوون بۆ تورکیا، بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ، بەڵام خۆیان بەدوورگرتووە لە وەبەرهێنانێکی درێژخایەن» لەبەر نەبوونی «پێشبینی داوەری». باباجان کەسایەتی پیشەنگ بوو لە پشت گەشەسەندنی ئابوری تورکیا لەنیوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٥ و لەو کاتەدا لالەین زۆریک لە وەبرهێنەرانی بێگانەوە کارەکانی بەرز دەنرخێنرا. بەشێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی بەرەی لیبڕاڵی ئەکەپەی دەکرد و روانگەکانی لەبەرژەوەندی هێشتنەوەی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا. باباجان کەسایەتی پێشەنگ بوو لەسەردەمی چاکسازییە ئابووریەکانی تورکییا لەساڵەکانی ٢٠٠٠دا بەپشتگیری سندوقی دراوی نیودەوڵەتی، پیش ئەوەی وەک بەرپرسی دانوستاناکار دابنرێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. لە کانوی یەکەمی ٢٠١٩دا، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، پارتێکی نوێی، ئینشیقاقی لە ئەکەپەوە، دامەزراند بەناوی پارتی ئایندە. بەپێ وتەی بەرک ئەسەن، شیکەرەوەیەکی سیاسی لە زانکۆی بەلکان لە ئەنقەرە، لەگەڵ دامەزراندنیپارتەکەی باباجاندا گروپ ناوەندخوازەکەی ناو ئەکەپە کە رۆڵێکی گەورەیان گێڕان لە بەڕێوبردنی حکومەتدا لە یەکەم سێ تێرمی حوکمرانیدا بەشیوەیەکی یەکجاری لە پارتەکە دەردەچن. «رەنگە ئەمە سەرلمێنەری شکستێکی گەورەتر بێت بۆ ئەردۆغان وەک لە هەڵگەڕانەوەی گروپەکەی داودئۆغلۆ لەسەرەتای ئەمساڵەوە چونکە باباجان وەک تەکنۆکراتێکی سەرکەوتوو لەلایەن زۆرێک کەسەوە ستایش کراوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی ئابوری تورکیای کرد لە چەند ساڵێکی گەشەی ناوازەدا»، ئەسەن وای وت. هەفتەی رابردوو، ناوەندی راپرسی میترۆپۆڵ لە ئەنقەرە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات رێژەی رەزامەندی خەڵک بەرامبەر ئەردۆغان لە تورکیادا کەمبووەتەوە بۆ لەسەدە %٤١.١ کە پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەسەدا %٤٨ بوو لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنییە سەربازییەکەی بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. هەمان کۆمپانیای راپرسی مانگی رابردوو راپرسییەکی تریشی بڵاوکردەوە، کە دەریخست پاڵپشتییەکان بۆ پارتەکەی داودئۆغڵۆ لە لەسەدا %١.٢ ماوەتەوە لەکاتێکدا پشتگیری بۆ پارتە نوێیەکەی باباجان لەسەدا %٠.٨. هەمان راپرسی ئەوەی ئاشکراکرد کە پشتگیری رای گشتی بۆ ئەکەپە دابەزیووە بۆ لەسەدا %٤٠ کە پێشتر لەسەدا %٤٢.٦ بوو لەکاتی هەڵبژاردنی گشتی ٢٠١٨‌دا. راپرسییەکەی تر، کە لەلایەن کۆمپانیای پۆلیمیتر کە مانگی شوباتدا ئەنجامدراوە، ئەوە دەردەخات کە دادوئۆغلۆ و باباجان دەتوانن لەسەدا %٧ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. هەرچەندە ئەو رێژەیە کەمترە لە لەسەدا %١٠ی کە پێویستە بۆ هەر پارتێک بۆ داغڵبوونی بۆ پەرلەمان، بەڵام هێشتاش دەبێتە شکستیک بۆ ئەکەپە کە پشتگیری رای گشتی لە راپرسییەکەدا لەسەدا %٣٠یە. «هەرچەندە داودئۆغلۆ زووتر دەستی پێ‌کرد، بەڵام باباجان قورساییەکی زۆری سیاسی لەسەر نییە و دەتوانێت دەنگدەرانی مامناوەندنخواز و بازنەی بزنس رازی بکات لەهەمان کاتدا. دوای دامەزراندنی پارتەکە، دەبێت باباجان دیبەیتی گشتی بگۆرێت و تیشک بخاتەسەر کێشە ئابورییەکانی تورکیا»، ئەسەن وای وت ئەسەن ئاماژەش بەوە دەکات کە باباجان پەیڕەوی لە رێبازێکی هاوسەنگ کردووە تا ئێستا لەنێوان بوونی وەک رەخنەگرێک لە پاوانخوازی و تاکڕەوی دەسەڵاتی ئەردۆغان و رایزکردنی دەنگدەرانی پارێزکار و مامناوەندخواز. «بەڵام لە سیاسەتی چالاکدا، دەبێت ئامادەبێت بۆ رووبەرووبەنەوەی ئەردۆغان بەشیوەیەکی راستەوخۆ ئەگەر بیەوێت چانسی رازیکردنی بەلێشاوی دەنگدەران هەبێت و تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی»، ئەسەن ئاماژەی بەوە کرد.
شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى کۆنتڕۆڵى کاره‌باى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت ئێستا رۆژانه (13 _ 14) کاتژمێر کاره‌باى نیشتیمانى ده‌درێته هاوڵاتیان له‌هه‌رسێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێم و لە رۆژانی داهاتوودا پێدانی کارەبا زیاد دەکات و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه تیمه‌کانى ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌پرۆژه‌ى به‌ستنى پێوه‌رى زیره‌ک و کاره‌کانیان به‌هۆى کۆرۆناوه راناگرن. ئومێد ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى کۆنتڕۆڵى کاره‌باى هه‌رێم، له‌لێدوانێکیدا ده‌رباره‌ى پێدانى کاته‌کانى کاره‌باى نیشتیمانى، به هاوڵاتى وت «پێشتریش رامانگه‌یاندبوو به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌کانى گه‌رماوه، خواست له‌سه‌ر کاره‌با که‌مده‌بێته‌وه‌و له‌کاتێکدا به‌رهه‌میشمان که‌مى نه‌کردووه‌و وه‌ک خۆیه‌تى، بۆیه ژماره‌ى کاتژمێره‌کانى کاره‌با زیاد ده‌کات، له‌سه‌ره‌تاى مانگه‌وه له‌هه‌شت کاژمێره‌وه به‌شێوه‌یه‌ک تائێستا رۆژانه (13 _ 14) کاتژمێر کاره‌باى نیشتیمانى ده‌درێته هاوڵاتیان». وتیشى «له‌ئێستادا به‌و پێیه‌ى کاره‌باى نیشتیمانى کاتژمێره‌کانى زیادى کردووه، بۆیه ده‌توانین بڵێین به‌کاره‌باى نیشتیمانى و مۆلیده ئه‌هلییه‌کانه‌وه له 24 کاتژمێر نزیکده‌بێته‌وه، چونکه ئێستا بڕى به‌رهه‌مى کاره‌بامان له‌نێوان (3200 _ 400) مێگاواتدایه«. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کاره‌با، باسى له‌به‌رده‌وامى به‌ستنى پرۆژه‌ى پێوه‌رى زیره‌کى کاره‌با کرد، وتى «به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌سه‌دا (16 – 17)ى پرۆژه‌که ته‌واو بووه‌و کاره‌کان وه‌ک خۆى ده‌ڕوات، ته‌نانه‌ت له‌م بارودۆخى خۆپارێزییه‌ش له‌ڤایرۆسى کۆرۆنا تیمه‌کانى ئێمه له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به رێگاکانى خۆپارێزى هه‌ر به‌رده‌وام بوون و به‌ستنى پێوه‌ره‌که راناگیرێت و له‌کاتى پشووشدا به‌رده‌وام ده‌بێت». ئومێد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که له‌ئێستادا زۆر گرنگه هاوشانى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیه ته‌ندروستیه‌کان و داموده‌زگا ته‌ندروستیه‌کانى دیکه هه‌موولایه‌ک هاوکاربن و کاره‌کانیان نه‌وه‌ستێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که.
هاوڵاتى، رێناس بارزان تەندروستی گەرمیان سەرجەم سەنگەرەکانی پیشمەرگە لەسنورەکە دەرمانڕێژ دەکات بەهۆی گومانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو رێزی پۆلیس و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەنزیک کوڵەجۆ لەباشووری کەلار. دکتۆر سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «نووسراومان بۆ هاتووه که‌سه‌رجه‌م سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه که له‌م ناوچەیەدا هە‌ن ده‌رمانڕێژ بکه‌ین... تا ئێستا هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ک نەهاتۆته لای ئێمه پشکنینی بۆ بکه‌ین و توشبووبێت». گومانەکە ئەوەیە کە دوو کەس تووشی کۆرۆنا بووبن لەڕیزی ئەو هێزانەی نزیکن لەپێشمەرگەوە کەبازگەیان داناوە لەسەر رێگەی کەلار جەلەولاو هاتوچۆی هاوڵاتیان بەبازگەکەی ئەواندایە. ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ کەسێک لەکەلارەوە بەگومانی توشبوونی بەکۆرۆنا گەیەنراوەتە سلێمانی و پشکنینیان بۆکردووە، کە پێشتریش پشکنینی بۆ کراوە. باسی لەوەشکرد ئەو کەسە پیش‌تر لەڕێگەی مه‌رزی باشماخەوە گەڕاوەتەوە، له‌که‌رەنتینه‌ی سلێمانی داخڵ کرابوو، خه‌ڵکی گه‌رمیان بوو پاش پشکنین له‌که‌رەنتینه‌که ده‌رکرابوو ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه کرابوو. دواتر لەسلێمانیەوە په‌یوه‌ندی کراوە بەتەندروستی گەرمیانەوە که‌گومانێکیان لەو کەسە هه‌یه‌و دەبێت پشکنینه‌که‌ی دووباره بکرێته‌وه، داوایانکردووە بدۆزرێتەوە دواتر تەندروستی گەرمیان، ره‌وانه‌ی که‌ره‌نتینه‌ی سلێمانی دەکەنەوە بۆ دووبارە پشکنین. دکتۆر سیروان به‌ڕێوەبه‌ری ته‌ندروستی گه‌رمیان به هاوڵاتى وت «له‌سه‌ره‌تای مانگی دووه‌وە هه‌ڵمه‌تی رۆشنبیریمان ده‌ستپێکردووه له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه‌کان له‌کۆتایی مانگی دووەوە بنکه‌ی ته‌ندروستی مه‌رزی پروێزخان کرا به (٢٤) کاتژمێری که‌پێشتر ته‌نها پشکنینمان ده‌کرد که‌رەنتینه نه‌بوو، له (٢٠)ی مانگه‌وه ده‌ستمانکرد به‌دروستکردنی که‌ره‌نتینه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ که‌لار له‌کۆماری ئیسلامی ئێران. دوێنێ (٢٤) کەسی دیکه داخڵ کراون، تاکو ئێستا (١٠٥) که‌س له‌که‌رەنتینه‌کانی گه‌رمیانن، سه‌روو (٢٠٠) که‌سیان ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه کردووه، ئەوەش دوای ئه‌نجامدانی گشت پشکنینه‌کان، له‌کۆتایی هه‌فته‌ی یه‌که‌م (٣٠٠) که‌س بوون، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی (١٤) رۆژه‌که ته‌واو بوو ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه کران. وتیشی تاکو ئێستا نزیکه‌ی (٨-١٠) که‌س وه‌ک که‌یسی گومانلێکراویان له‌قاوشی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی که‌لار داخڵ کردووه‌و پشکنینیان بۆ کراوەو له‌ژێر چاودێریدان، پێشتر ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌کرا، به‌ڵام ئێستا له‌که‌لار سه‌رجه‌م پشکنین و چاره‌سه‌ره‌کان ده‌کرێ. له‌ئێستادا جگه له‌مه‌رزی په‌روێزخان پێنج بنکه‌ی دیکه‌ی پشکنین دانراوه بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی که له‌شاره‌کانی دیکه‌وه هاتووچۆی که‌لار ده‌که‌ن له (ساڵح ئاغا‌و شێخ له‌نگه‌رو زینانه‌و کفری و خانه‌قین و سه‌وزبڵاخ ) به‌ته‌نها ئه‌مڕۆ لەو بنکانه پشکنین بۆ نزیکه‌ی چوار هەزارو (٥٠٠) که‌س کراوه. لەبه‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان زیاد له پێنج تیمی تایبه‌ت دروستکراوه، تیمی یه‌که‌م له‌په‌روێزخانه که‌ئیشی چاودێری کردن و پشکنینی سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌یه که له‌کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه، تیمی دووه‌م تیمی که‌ر‌نتینه‌کانی که‌لاره، ئه‌م تیمه سه‌رپه‌رشتی کەر‌نتینه‌کان و داخڵبوونیان تۆمارده‌کات و چاودێریی ته‌ندروستییان ده‌کات وه‌ک میوان نه‌ک گومان‌لێکراو، چونکه که‌سی گومان‌لێکراو له‌ئوتێله‌که دانانێن. تیمی سێیه‌م تیمی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی که‌لاره له‌لایه‌ن به‌ڕێوەبه‌ری نه‌خۆشخانه‌که سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت که‌ئه‌م تیمه قاوشی چاودێری و پشکنینی چاره‌سه‌ری دابینکردووه له‌گه‌ڵ دابینکردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌کان و له‌هه‌مانکاتدا تیمێکی راگه‌یاندن هه‌یه که‌هه‌موو رۆژێ سه‌رجه‌م که‌یس و هه‌واڵه‌کان سه‌باره‌ت به‌م ڤایرۆسه بڵاوده‌کاتەوە. سه‌باره‌ت بەتواناو ئامێره‌کانی یه‌که‌که‌و تیمەکان، دکتۆر سیروان وتی «ئه‌م یه‌که‌یه به‌توانای خۆماڵی خۆمان واتا به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان کراوه‌تەوەو ئامێره‌کان له‌لایه‌ن چه‌ند به‌ڕێزێک که‌یه‌کێکیان له‌فه‌رمانبەرە‌کانی ناو خه‌سته‌خانه‌که که له‌به‌شی تاقیگه‌یه به‌سود وه‌رگرتن له‌تواناکانی له‌سه‌ر داوای خۆیان هه‌ندێک ئامێری پێویستیان هێناوه که‌هی خۆیانه له‌به‌شێکی نه‌خۆشخانه‌که دانراوه بۆ پشکنین و له‌پلاندا هه‌یه تاقیگه‌که گه‌وره‌تر بکات له‌داهاتوو و له‌ئێستادا ته‌ندروستی گه‌رمیان توانای پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای هه‌یه. ئه‌وانه‌ی که له‌ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی که‌ر‌نتین ده‌کرێن، هه‌روه‌ها وتیشی کە که‌یسی گومانلێکراویش لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه چونکه قاوشی پێویست دابینکراوه هه‌م بۆ چاودێریکردن هه‌م بۆ چاره‌سه‌ریش. لەڕۆژانی پشوودا به‌ڕێوەرایه‌تی ته‌ندروستی گشتیی گه‌رمیان به‌هاوکاری قایمقامیه‌تی که‌لار ئیداره‌ی گه‌رمیان و ده‌زگای ئاسایش پشوویان نابێت و له‌حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا ده‌بن. دوێنێ نزیکه‌ی (٢٥) هەزار ماسکی خۆپارێزی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ره‌وانه‌ی که‌لار کراوه. هەروەها ھەڵمەتێکی دەرمانڕشتن دژ به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبازاڕی قەزای کەلار به‌ڕێوه‌چوو. ھەڵمەتەکە بەردەوامدەبێت و لەڕێگەی چوار تیمەوە ئەنجامدەدرێت و شەقام و شۆستەکان دەرمانڕێژ دەکرێن بەمادەی دژەڤایرۆس، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
راپۆرتی: رۆیتەرز وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا چەند رۆژێک پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ مۆسکۆ بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا لە سەر ئاگربەستێک بۆ راگرتنی شەڕ لەئیدلیبی سوریا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هۆشداریدا بەهێزەکانی حکومەتی سوریا کەبکشێنەوە ئەگەرنا «سەربازەکانیان سەریان لەلاشە دەکرێتەوە» . دوای شەش کاتژمێر لەکۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، ئەردۆغانێکی غەمبار رێککەوتنێکی راگەیاند کەدەستکەوتی ناوچەیی دەچەسپێنێت بۆ هێزەکانی سوریای پاڵپشت بە روسیا لەسەر حسابی ئۆپۆزسیۆنی سوریای پشت قایم بەتورکیا. کاتێک لە روسیا دەگەڕایەوە، ئەردۆغان وتی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پوتن رێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیری لەئیدلیب و ئەو خەڵکە سڤیلانە دەپارێزێت کە رەنگە ببوونایەتە پەنابەر لەتورکیا، دوای چەند مانگێک لەشەڕکردن کەنزیکەی ملیۆنێک کەسی ئاوارە کردووە. «ئاگربەستەکە دەستکەوتی گرنگتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت»، ئەردۆغان وای وت. رێککەوتنەکە، ئەگەر خۆی بگرێت، پێشڕەوییەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد سنوردار دەکات، ئەمەش گەورەترین خەمی ئەنقەرە دەڕەوێنێتەوە کەئەویش لێشاوی ئاوارەی سورییە کە لەدەست بۆردومانەکانی ئیدلیب هەڵدێن و بەهەڵوەدان دەیانەوێت سنور تێپەڕێنن و بچنە پاڵ ئەو سێ ملیۆن و (٦٠٠) هەزار پەنابەرە سوریەی ئێستا لەتورکیان. بەڵام بەوەستاندنی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و رازیبوون بەدەورییەی هاوبەشی تورکی-روسی لە رێگایەکی خێرادا کە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەناو ئیدلیبدا تێپە دەبێت (رێگای خێرای ئێم-٤)، رێککەوتنەکە سەرکەوتنەکانی ئەمدواییانەی ئەسەد توندوتۆڵ تر دەکات و رێ بە روسیا دەدات زیاتر بێتە نێو قوڵایی ئیدلیبەوە وەک لەپێشتر. «سوپای سوریا وەستێندرا بەڵام دوورنەخرایەوە، رەنگە ئەمە گەورەترین دۆڕاندنی تورکیا بێت»، ئۆزگور ئۆنلوسەرچیکلی توێژەر لەناوەندی (جێرمان مارشڵ فەند) وای وت. بەرەوپێشچوونەکانی ئەسەد لەشەڕی قووڵی ئەم چەند هەفتەیەی دواییدا کۆنترۆڵکردنەوەی رێگا خێراکەی تریش لەخۆدەگرێت کە بەناو ئیدلیبدا تێپەڕ دەبێت و دیمەشقی پایتەخت و حەلەب پێکەوە گرێدەدات کەئەویش رێگای خێرایی ئێم-٥ و لەگەڵ چەند شاری گرنگی تردا. لەمۆسکۆ، رێککەوتنەکەی پێنجشەممەی رابردوو بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک سەرکەوتنێک بینرا بۆ پوتین و ئەسەد لەسەر حسابی ئەردۆغان. «رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیاتر لەبەرژەوەندی مۆسکۆو دیمەشقە، روسیا لەمەیدانی جەنگدا براوەیە ، لەبەرئەوەیە لەبەرەی دیپلۆماتیشدا دەیباتەوە»، سێرگی مارکۆڤ پەرلەمانتاری پێشووی روسیا وای وت. وچانێکی کورت؟ هەرێمەکەی دەوری ئیدلیب و بەشێک لەپارێزگاکانی دراوسێ یەکێک بوون لەچوار ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کە روسیا‌و ئێران، هەروەها تورکیا بە»ناوچەکانی راگرتنی جەنگ» ناویان دەبات سێ ساڵ لەمەوبەر لەهەوڵێکدا بۆ راگرتنی خوێنڕشتن. بەڵام رێککەوتنەکە تەمەنی کورت بوو، لەوکاتەوە هێزەکانی سوریا بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی، کە روسیا‌و ئێرانن، کۆنترۆڵی هەرسێ بەشەکەی تری «ناوچەکانی راگرتنی جەنگ»ی کردووە لەدەست ئۆپۆزسیۆنی دەریهێناون، جگەلەوەی ئەسەد بەڵێنی داوە ئیدلیبیش کۆنترۆڵ بکاتەوە. شیکەرەوان لەتورکیاو روسیا دەڵێن ئەم رێککەوتنە نوێیە وەک ئەوانەی پیشوو تەمەنی کورت دەبێت. «رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا‌و روسیا رێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکو ئاگربەستێکی کاتییەو رەنگە پێکدادان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە»، ئۆنلوسەرچیکلی وای وت. تەنها چەند کاتژمێریک دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، (١٥) کەس بەهۆی شەڕی نێوان گروپە جیهادییەکان و هێزەکانی حکومەتی سوریاوە لەباشوری ئیدلیب کوژران، بەڵام بەپێی وتەی دانیشتوانی شوێنەکانی تری پارێزگاکە توندوتیژی هێوربووەتەوە. شینان ئۆلغن، توێژەر لەناوەندی کارنەیجی ئەوروپاو دیپلۆماتکارێکی پێشووی تورکیا، وتی کە دەبوو ئەردۆغان دەستبەرداری هەندێک شت ببوایە بۆ پوتین، چونکە بژاردەی جێگرەوە - گەڕانەوە بۆ ململانێی سەربازیی - دەبووە «سیناریۆیەکی دۆڕان بۆ تورکیا» . کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئیدلیب لەلایەن روسیاوە سەربازە تورکییەکانی دەکردە قوربانی هێزی کوشندە، هەرچەندە ڤار ڤار لەلایەن ئەنقەرە ئەم سنورە دەبەزێنڕێت لە رێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریا‌و خستنەخوارەوەی فرۆکەی جەنگیی سوری. هەفتەی رابردوو نزیکەی (٣٤) سەربازی تورکی لەهێرشێکی ئاسمانی‌دا کوژران، ئەمەش کوشندەترین هێرش بوو بۆ سوپای تورکیا لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا. «تورکیا بەم لاوازییە سوپاییەوە لەمێزی دانوستاندا ئامادەبوو، بەدەستهێنانی ئاگربەستێک لەم رووەوە گرنگ بوو، بەڵام ئەم ئاگربەستە باجێکی هەبوو»، ئۆلغن وای وت. لاوازییەکی تری تورکیا لەئیدلیب (١٢) پێگە چاودێرییەکانیەتی کە لە ٢١٠٧دا دایمەزراندن بۆ چاودێریکردنی رێکەوتنەکانی» راگرتنی شەڕ». زۆربەی ئەو خاڵە چاودێرییانە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن سەربازانی سوریاوە دەورە درابوون و بەتەنها مانەوەو دوور لەو (٢٠) هەزار سەربازەی ئەردۆغان ناردنی بۆ ئیدلیب لەمانگی رابردوودا. رێککەوتنە کورت و سێ خاڵییەکەی پێنجشەممە باسی چارەنووس یان داهاتووی ئەو خاڵە چاودێرییانە ناکات، بەڵام ئەردۆغان وتی کەهەموویان گرنگن و دەهێڵرێنەوە. «هەموویان پێگەی ئێستای خۆیان دەهێڵنەوە. لەئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک نییە». بەڵام دیارنەبوو کەئەو خاڵە چاودێرییانە چ رۆڵێکیان دەبێت کە کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە کۆنترۆڵکراون، «بەم رێککەوتنە، ئەو هەرێمە درایە رژێمی ئەسەد، بۆیە ئەو خاڵە چاودێرییانە ما‌نایان نییە»، ئۆلغن ئاماژەی بەوە کرد. سەرەڕای هەموو ئەو دەستبەرداربوونانە، شیکەرەوان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەدرۆغان بتوانێت ناوخۆی وڵاتی پێ قایل بکات، چونکە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دەنگدەرانی تورکی رەچاو کردووە ، ئەویش راگرتنی شەپۆلی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی وڵات و وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر سەربازە تورکییەکانە. «ئەگەر لە روانگەی هاوڵاتییەکەی تورکی سەیری بابەتەکە بکەین، ئەو دوو هۆکارە تاکە هۆکاری گرنگن. بۆچی هاووڵاتییەک گرنگی بدات بەسنوری ناوخۆ‌و سنوردارکردن لەناو سوریادا؟ ئەوە ئیشی هاووڵاتییەکی ئاسایی نییە»، ئۆنلوسەرچیکلی وای وت.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم سیاسه‌تمه‌دارو پێشمه‌رگه‌یه‌کى دێرینى یه‌کێتى ده‌ڵێت نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رنامه‌داڕێژه‌رى راپه‌ڕین بووه به‌چه‌ندان مانگ پێش راپه‌ڕین و ده‌شڵێت:»کاک نه‌وشیروان به‌ساڵ پێش راپه‌ڕین بیرى له‌وه ده‌کرده‌وه که راپه‌ڕینى شاره‌کان ده‌ستپێبکات و نامه‌ى هه‌یه که خۆى ویستوویه‌تى بێته‌وه ناو شار، له‌ناو شاره‌وه به‌خۆحه‌شاردان زه‌مینه‌ى راپه‌ڕینى ناو شار رێک بخات». عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف، سیاسه‌تمه‌دارو پێشمه‌رگه‌ى دێرینى ئه‌و کاته‌ى یه‌کێتى ئاماژه به‌وه ده‌دات ملازم عومه‌ر سه‌رکردایه‌تى راپه‌رینى شارى سلێمانى کردووه‌و ده‌شڵێت: »به‌فعلى راپه‌رینى شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى ملازم عومه‌ر سه‌رکردایه‌تى کردووه«. کاک نه‌وشیروان به‌رنامه‌داڕێژه‌رى راپه‌ڕین بووه به‌چه‌ندان مانگ پێش راپه‌ڕین، به‌ساڵ پێش ئه‌وه کاک نه‌وشیروان بیرى له‌وه ده‌کرده‌وه که راپه‌ڕینى شاره‌کان ده‌ستپێبکات، نامه‌ى هه‌یه که‌خۆى ویستویه‌تى بێته‌وه ناو شار له‌ناو شاره‌وه به‌خۆحه‌شاردان زه‌مینه‌ى راپه‌ڕینى ناو شار رێکبخات. له‌به‌رئه‌وه کاک نه‌وشیروان وه‌کو بیرى و فکرى راپه‌رینى شاره‌کان، له‌دواى کاره‌ساتى ئه‌نفاله‌وه فکره‌ى راپه‌ڕین لاى کاک نه‌وشیروان گه‌ڵاڵه بوو بوو، ئیشى بۆ ده‌کرد، ته‌شکیله‌ى مه‌فره‌زه پارتیزانه‌کان به‌و ئامانجه‌و به‌و مه‌به‌سته‌بووه که له‌هه‌ر شار‌و ناوچه‌یه‌کدا مه‌فاریزى بچوکى پارتیزانى بڵاوکرده‌وه. هاوڵاتى: ئه‌ندازیارى راپه‌ڕین کێ بوو؟ چۆن توانرا له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژێکدا له‌ڕانیه‌و سلێمانى‌و ناوچه‌کانىتر راپه‌ڕین یه‌کلابکرێته‌وه؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌خواستى هه‌رکه‌س بێ و نه‌بێ به‌کاک نه‌وشیروانه‌وه لکێنراوه‌و به‌شبه‌حاڵى خۆم پێموایه بۆ ئه‌و سه‌رکردایه‌تیکردنه‌و روانین‌و پێشبینى و بیرکردنه‌وه سیاسیه‌ى ئه‌و سه‌روه‌خته‌ى ئه‌و زاته‌و ئه‌و کارانه‌ى بۆى کرد،ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه گونجاو نیه، چونکه ئه‌گه‌ر چواندنه‌که وه‌ک میعمارو ئه‌ندازیارى بکه‌ین، وه‌ستاو کرێکاره‌که‌ش هه‌رخۆى بوو. نموونه‌یه‌کت بده‌مێ که به‌مدواییه له‌ده‌فته‌رى بروسکه‌کانى کاک نه‌وشیرواندا که‌کاک به‌ختیارى براى به‌یادی هێنامه‌وه، هه‌ندێکى بڵاوکردۆته‌وه، به‌رپرسى به‌تالیۆنى حه‌وتى ى.ن.ک له‌ڕۆژى 8ى 3ى ساڵى 1991دا، ئێواره‌که‌ى له‌سلێمانییه‌وه به‌کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێ فه‌یله‌قى حه‌وتى جه‌یشى عیراقى خۆیان کۆکردۆته‌وه به‌ره‌و سلێمانىدێن، کاکه (کاک نه‌وشیروان) له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ دوو مانگ پێش ئێستا ئه‌و فه‌یله‌قه له‌شه‌ڕى کوه‌یت ئیباده بووه‌و نه‌ماوه هه‌موو رێگه‌کانى سلێمانیش به‌ده‌ست هێزه راپه‌ڕینه‌وه‌کانه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى راپه‌ڕینى راسته‌وخۆ له‌شارى سلێمانى کردووه جڵه‌وى فه‌رمانى به‌ده‌سته‌وه بووه کاربه‌ده‌ست بووه، ملازم عومه‌ر بووه، که هه‌موو حزبه‌کانى دیکه‌ش که زۆرینه بوون ئه‌وانه‌ى ناو شاریش به‌خه‌ڵکى بێلایه‌نه‌وه هه‌موو له‌ژێر فه‌رمانى ملازم عومه‌ردابوون له‌میحوه‌رى سلێمانى و شارباژێرو گه‌رمیان و کفرى و هه‌تاکو چه‌مچه‌ماڵ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێته سه‌ر ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ى ره‌خساوى ئه‌وه‌ى حه‌تمه‌ن نابێت شه‌ڕى سه‌دام بۆ چوونه ناو کوەیت لێدانى هێزى هاوپه‌یمانى له‌سه‌دام و سوپاى عێراق نادیده بگیرێت، ئه‌م زه‌مینه‌یه ره‌خسا بۆ ئه‌وه‌ى کورد بتوانێت ده‌رفه‌ته‌که بقۆزێته‌وه‌و تۆڵه‌ى خۆى له‌و رژێمە سه‌رکه‌وتکه‌رە بکاته‌وه که‌چه‌ندین ساڵ بوو به‌ئاگرو به‌ئاسن کوردى له‌ناو ده‌برد، ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر قیاده‌ى مه‌یدانى میحوه‌ره‌کانى راپه‌ڕینى سلێمانییه حه‌تمه‌ن ئاشکرایه کاک نه‌وشیروان له رانیه‌وه چووه شه‌قڵاوه‌و به‌ره‌و میحوه‌رى هه‌ولێر، ئه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى راپه‌ڕینى راسته‌وخۆ له‌شارى سلێمانى کردووه جڵه‌وى فه‌رمانى به‌ده‌سته‌وه بووه کاربه‌ده‌ست بووه، ملازم عومه‌ر بووه، که هه‌موو حزبه‌کانى دیکه‌ش که زۆرینه بوون ئه‌وانه‌ى ناو شاریش به‌خه‌ڵکى بێلایه‌نه‌وه هه‌موو له‌ژێر فه‌رمانى ملازم عومه‌ردابوون له‌میحوه‌رى سلێمانى و شارباژێرو گه‌رمیان و کفرى و هه‌تاکو چه‌مچه‌ماڵ. ملازم عومه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕ‌ازى نه‌بوو پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزى بێگانه‌دا هاوکار بێت دژى عیراق و جۆرێک له ناڕه‌زایى و ئاماده نه‌بونى خۆى بۆ ئه‌و شه‌ڕ و ڕاپه‌ڕین و به‌شدارى ده‌ربڕی، دواجار بۆچونه‌که‌ى کاک عومه‌ر جێگیر بوو کاک نه‌وشیروان به‌رنامه‌داڕێژه‌رى راپه‌ڕین بووه به‌چه‌ندان مانگ پێش راپه‌ڕین، به‌ساڵ پێش ئه‌وه کاک نه‌وشیروان بیرى له‌وه ده‌کرده‌وه که راپه‌ڕینى شاره‌کان ده‌ستپێبکات، نامه‌ى هه‌یه که‌خۆى ویستویه‌تى بێته‌وه ناو شار له‌ناو شاره‌وه به‌خۆحه‌شاردان زه‌مینه‌ى راپه‌ڕینى ناو شار رێکبخات. له‌به‌رئه‌وه کاک نه‌وشیروان وه‌کو بیرى و فکرى راپه‌رینى شاره‌کان، له‌دواى کاره‌ساتى ئه‌نفاله‌وه فکره‌ى راپه‌ڕین لاى کاک نه‌وشیروان گه‌ڵاڵه بوو بوو، ئیشى بۆ ده‌کرد، ته‌شکیله‌ى مه‌فره‌زه پارتیزانه‌کان به‌و ئامانجه‌و به‌و مه‌به‌سته‌بووه که له‌هه‌ر شار‌و ناوچه‌یه‌کدا مه‌فاریزى بچوکى پارتیزانى بڵاوکرده‌وه. دواهه‌مین که‌س دواجار زۆر به‌قه‌له‌قى و دڵه‌ڕاوکێیه‌وه کاک مه‌سعود بارزانى قه‌ناعه‌تى کرد به‌به‌رنامه‌که‌ى کاک نه‌وشیروان، ترسه‌که‌ى کاک مه‌سعود ئه‌وه‌بوو که‌هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کى دیکه دووباره ببێته‌وه‌و مه‌ترسى هه‌بوو که راپه‌ڕین شکست بهێنێت هاوڵاتى: تا چه‌ند پارتى قه‌ناعه‌تى به‌و به‌رنامه‌و پلانه‌ى کاک نه‌وشیروان هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانى راپه‌ڕین؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: نه‌ک هه‌ر پارتى له‌ناو یه‌کێتیشدا خه‌ڵک هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م فکره‌ی کاک نه‌وشیروان نه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانى راپه‌ڕین، له‌ناو سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیدا گفتوگۆ کرابوو خه‌ڵکێک هه‌بوو له‌گه‌ڵیدا نه‌بوو، بۆیه چ له‌ناو پارتى و یه‌کێتى و هێزه‌کانى دیکه‌ش خه‌ڵکێک هه‌بوو بڕواى به‌مه نه‌بوو، پێیانوابوو ئه‌مه گونجاو نییه له‌م قۆناغه‌دا یان هه‌ر ناکرێت. بۆیه ئه‌م فکره‌یه قورس بوو بچێته ناو خه‌ڵک و سه‌رکردایه‌تى هێزه‌کانه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌ناو سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیشدا پێش ئه‌وه‌ى راپه‌ڕین نزیک ببێته‌وه گفتوگۆى زۆر چڕ وپڕ هه‌بوو له‌سه‌رئه‌وه‌ى که‌یه‌کێتى نه‌بێت به‌به‌شێک له‌میحوه‌رى هاوپه‌یمانان بۆ شه‌ڕکردن له‌دژى رژێمى عێراق. حه‌تمه‌ن که رووداوه‌کان نزیکبوونه‌وه، ئه‌وانه‌ى یه‌کێتى بڕواشیانوانه‌بوو هاتنه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته، هه‌ندێکیان مه‌رجى ئه‌وه‌یان هه‌بوو هیچ هێزێکى بێگانه له‌ئێران و تورکى هه‌تا هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌شدار نه‌بن له‌گه‌ڵ هێزى پێشمه‌رگه‌دا یان هێزى پێشمه‌رگه هاوکارى ئه‌و هێزانه نه‌کات و ئه‌مه سه‌رى گرت، چوونه ژێر بارى ئه‌و فکره‌و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه، به‌ڵام دواهه‌مین که‌س دواجار زۆر به‌قه‌له‌قى و دڵه‌ڕاوکێیه‌وه کاک مه‌سعود بارزانى قه‌ناعه‌تى کرد به‌به‌رنامه‌که‌ى کاک نه‌وشیروان، ترسه‌که‌ى کاک مه‌سعود ئه‌وه‌بوو که‌هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کى دیکه دووباره ببێته‌وه‌و مه‌ترسى هه‌بوو که راپه‌ڕین شکست بهێنێت. هاوڵاتى: گه‌نجێکى ته‌مه‌ن 28 ساڵ و خوارئه‌و ته‌مه‌نه نازانن راپه‌ڕینیش چییه؟ چۆن ده‌کرێت وشیار بکرێنه‌وه له‌وباره‌یه‌وه؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: ئه‌مه پێویستى به‌موناقه‌شه‌یه‌کى زۆر قوڵ و فراوان هه‌یه،راپه‌ڕین وێستگه‌یه‌که له‌وێستگه‌کانى خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى کوردستان له‌باشوور به‌درێژایى نیو سه‌ده زیاتر، ئه‌گه‌ر بچینه ناو ئه‌م موناقه‌شه‌یه‌وه ده‌بێت له‌وێوه ده‌ستپێبکه‌ین ئایا ئه‌سڵه‌ن ئه‌م شۆڕشه چه‌کدارییه‌ى کورد له‌عێراقدا هه‌ڵگیرسا، ئه‌م شۆڕشه ره‌وا بوو یان نا، ده‌بێت خه‌ڵکان به‌پشت به‌ستن به‌ده‌قه مێژووییه‌کان و دیکۆمێنته‌کان، خه‌ڵکى نوخبه‌ى شاره‌زا بێن و ئه‌مه یه‌کلابکه‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى هۆکارێکى ئاسان، ئه‌وه‌تا جه‌نابت پرسیار له راپه‌ڕین ده‌که‌یت، که وێسگه‌یه‌کى ئه‌و خه‌باته‌یه، به‌ڵام ده‌یان جار راپه‌ڕین و شه‌ڕى گه‌وره‌و موجازه‌فه‌ى گه‌وره گه‌وره کراوه به‌خوێنى گه‌نجانى میلله‌ته‌که‌مانه‌وه، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و خۆپیشاندانه‌کانى سلێمانى و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شۆڕشى نوێ و هه‌تا شۆڕشى ساڵى 1974 و شۆڕشى ئه‌یلول، ئه‌مانه هه‌مووى له‌ژێر پرسیاردان، بۆیه گفتوگۆى قوڵ و چڕى ده‌وێت له‌لایه‌ن خه‌ڵکى پسپۆڕ‌و شاره‌زا ئه‌مه یه‌کلابکرێته‌وه، بۆ ئه‌م گفتوگۆیه پێویسته؟، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کانى زۆر نێگه‌تیڤ و خراپ بوون. سه‌رکرده‌کانى شۆڕش به‌داخه‌وه زۆربه‌یان بوون به‌خه‌ڵکى مافیا، ئەوانەی لەشۆڕش‌و راپەڕیندا بوون‌و چوونە حکومڕانییەوەو مانەوە تێیدا، خەڵکی جوان وازی لەحکومڕانی هێنا به‌مه‌عنایه‌کى دیکه ئه‌و کاراکته‌رانه‌ى که له‌شۆڕشدا بوون هه‌تاکو له‌راپه‌ڕیندا بوون‌و ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ژیاندا ماون، هه‌ریه‌که‌یان ده‌ستى چۆته خوێن‌و قووتى میلله‌ته‌که‌ى خۆى، ئه‌مانه ئێستا وه‌کو تاوانبار سه‌یر ده‌کرێن له‌به‌رانبه‌ر میلله‌تدا هاوڵاتى: ئایا ئه‌وانه‌ى له‌شاخ بوون ئێستا خه‌ریکى خزمه‌تى خه‌ڵکن یان خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: سه‌رکرده‌کانى شۆڕش به‌داخه‌وه زۆربه‌یان بوون به‌خه‌ڵکى مافیا، ئەوانەی لەشۆڕش‌و راپەڕیندا بوون‌و چوونە حکومڕانییەوەو مانەوە تێیدا، خەڵکی جوان وازی لەحکومڕانی هێنا به‌مه‌عنایه‌کى دیکه ئه‌و کاراکته‌رانه‌ى که له‌شۆڕشدا بوون هه‌تاکو له‌راپه‌ڕیندا بوون‌و ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ژیاندا ماون، هه‌ریه‌که‌یان ده‌ستى چۆته خوێن‌و قووتى میلله‌ته‌که‌ى خۆى، ئه‌مانه ئێستا وه‌کو تاوانبار سه‌یر ده‌کرێن له‌به‌رانبه‌ر میلله‌تدا، له‌به‌رئه‌وه بۆیه گومان دروستبووه، ئه‌و مێژووه زۆر شتى جوانى تێدا بووه، به‌ڵام ئه‌م کاراکته‌رانه‌ى که ماون وایانکردووه خه‌ڵک ته‌نها وێنه ناشرینه‌کانى شۆڕش به‌سه‌دان زه‌ره‌بین گه‌وره بکه‌ن، به‌ڵام وێنه جوانه‌کانیش به‌سه‌دان زه‌ره‌بین بچووک ده‌کاته‌وه که نه‌بینرێت، ئه‌مه واىکردووه به‌داخه‌وه هه‌ندێ جار شه‌هیده‌کانیش چوونه‌ته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌وانه‌ى له‌ناو کابینه‌ى نۆیه‌مدان دژى داواکارى سه‌ره‌تایى خه‌ڵکن نه‌ک جێبه‌جێى ناکه‌ن، هه‌موو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌ڕۆن کاربه‌ده‌ستانى ئه‌م هه‌رێمه‌و کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێم دژى داواکارى و مافه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانن هاوڵاتى: ئایا کابینەى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم که هه‌شت مانگێکى تێپه‌ڕاندووه توانیویه‌تى داواکارییه سه‌ره‌تاییه‌کانى خه‌ڵک جێبه‌جێ بکات پاش 29 ساڵ لەڕاپه‌ڕین؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: کابینه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ساڵى 1992ه‌وه هه‌موو کابینه‌کان که‌دروست بووه، کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم نه‌بوون، ئه‌م ناوه غه‌درێکه‌و لێى کراوه کابینه‌ى حزب بوون، به‌داخه‌وه ئه‌م کابینه نوێیه‌ش بووه به‌کابینه‌ى ئه‌شخاس، کابینه‌ى گروپ و خه‌ڵکى ده‌وروپشتیانن، ئه‌مه کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم و میلله‌تى کورد نییه، چونکه به‌ئاشکرا دیاره نه بۆ میلله‌ت و هه‌رێمى کوردستان ئیش ده‌که‌ن، ده‌بینین پره‌نسیپى دوو ئیداره‌یى رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌وانه‌ى له‌ناو کابینه‌ى نۆیه‌مدان دژى داواکارى سه‌ره‌تایى خه‌ڵکن نه‌ک جێبه‌جێى ناکه‌ن، هه‌موو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌ڕۆن کاربه‌ده‌ستانى ئه‌م هه‌رێمه‌و کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێم دژى داواکارى و مافه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانن. دوو ساڵیشه هیچ حزبێکى سیاسى و هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌کى سیاسى باسى که‌رکوک و دوزخورماتوو ناکه‌ن له‌ئه‌ده‌بیات و میدیاکانیشیاندا، ئه‌مانه به‌رده‌وام باسى پاره‌و ئیستحقاقاتى پۆست ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوڵاتى: له‌ئێستادا گفتوگۆیه‌ک هه‌یه بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق و به‌شدارى کردنى کورد‌و پێشتریش بۆ کابینه‌که‌ى عه‌لاوى، ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى کورد ده‌که‌ن له‌به‌غدا دڵسۆزن بۆ خاک و نه‌ته‌وه یان دواى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان که‌وتوون؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: قه‌زییه‌ى کورد له‌عێراق زۆر حه‌ق و ئاڵۆزیشه، له‌زۆر قۆناغدا ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى قه‌زییه‌ى کوردیان کردووه له‌عێراقدا به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ئه‌و ره‌وایه‌تییه‌ى قه‌زییه‌ى کوردیان نه‌هێشتووه، ئه‌وه‌ى ئێستا ره‌وایه‌تى قه‌زییه‌ى کوردى خستۆته ژیر پرسیاره‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌نوێنه‌رایه‌تى کورد ده‌که‌ن له‌عێراقدا که به‌داخه‌وه ئه‌وانه خه‌ڵکانێکن جگه له‌به‌رژه‌وه‌ندى و پۆست و به‌رژه‌وه‌ندى که‌سى و بنه‌ماڵه‌یى نه‌بێت، به‌لاى قه‌زییه گرنگه‌کاندا ناڕۆن، باسى کابینه‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویت کرد، تۆ بیستوته دوو ساڵیشه هیچ حزبێکى سیاسى و هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌کى سیاسى باسى که‌رکوک و دوزخورماتوو بکه‌ن له‌ئه‌ده‌بیات و میدیاکانیشیاندا!!، ئه‌مانه به‌رده‌وام باسى پاره‌و ئیستحقاقاتى پۆست ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه ئه‌وه‌ى کێشه‌مان نه‌بووبێت له‌حکومه‌ته‌کانى پێشووى عێراق مه‌به‌ستم پێش راپه‌ڕینه به‌حکومه‌تى سه‌دام حوسێنیشه‌وه کێشه‌ى پۆست و پاره‌مان نه‌بووه، سه‌دام حوسێن پۆست و پاره‌ى بۆ هه‌موو کورد هه‌ڵڕشت به‌س به‌و مه‌رجه‌ى که‌کورد لێى یاخى نه‌بووایه. ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى کورد له‌به‌غدا ده‌که‌ن کێشه‌ى خاک و نیشتمانیان وه‌لاناوه، هاتوون ته‌نها له‌سه‌ر کێشه‌ى حوکمڕانى قسه ده‌که‌ن، ئه‌وانیش بۆ پله‌و پۆستى خۆیان ئه‌وه‌یان کردووه به‌جه‌وهه‌رى کێشه‌ى خۆیان هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى ئێستا حوکمڕانن له‌عێراق هه‌مان بیرکردنه‌وه‌ى سه‌دام حوسێنیان هه‌یه بۆ مافه‌کانى کورد، یان ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد که به‌حه‌کیمانه مامه‌ڵه بکات؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: وه‌کو بیرکردنه‌وه ره‌نگه هه‌ندێکیان وه‌کو سه‌دام یان خراپتر بیر له‌مافه‌کانى گه‌لى کورد بکه‌نه‌وه، ره‌نگه هه‌ندێکیان بیرکردنه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر کورد باشتر بێت، به‌ڵام مه‌سه‌له ئه‌وه نییه ئه‌وان چۆن بیر له‌کورد ده‌که‌نه‌وه، کورد چۆن نوێنه‌رایه‌تى مه‌سه‌له‌ى خۆى ده‌کات، کێشه‌ى ئێمه ئه‌وه نییه ئه‌وان لیبراڵن، دیموکراسن، ئیسلامین، کێشه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه کورد چى ده‌وێت له‌عێراقداو مافه‌کانمان چییه؟ ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ى کورد ده‌که‌نتائێستا نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ کابینه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و ئه‌وانه‌ى پێشتریشدا باسى مافه‌کانى کورد بکه‌ن. کێشه‌ى کورد له‌عێراقدا سێ مه‌سه‌له‌ى زۆر گرنگه، کێشه‌ى خاک، کێشه‌ى شه‌راکه‌تى سامان، کێشه‌ى شه‌راکه‌تى حوکمدارى، سه‌رکردایه‌تى کورد ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى کورد له‌به‌غدا ده‌که‌ن کێشه‌ى خاک و نیشتمانیان وه‌لاناوه، هاتوون ته‌نها له‌سه‌ر کێشه‌ى حوکمڕانى قسه ده‌که‌ن، ئه‌وانیش بۆ پله‌و پۆستى خۆیان ئه‌وه‌یان کردووه به‌جه‌وهه‌رى کێشه‌ى خۆیان، له‌ئه‌سڵدا کێشه‌ى کورد له‌گه‌ڵ حوکمڕانه یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى عێراقدا کێشه‌ى خاک و سامان بووه. له‌به‌ر ئه‌و فه‌شه‌له یه‌ک له‌دواى یه‌کانه‌ى سه‌رکردایه‌تى کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویسته ئیتر هه‌ر پارێزگایه‌ک له هه‌رێم بیر له چۆنیه‌تى ڕێکخستنى په‌یوه‌ندیه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق بکاته‌وه و به‌مه‌ش له ژێر هه‌ژمونى بنه‌ماڵه سیاسیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌رده‌چین و شکۆمان ده‌پارێزین و مافى زیاتر بۆ هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ین و مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه و خاک و ئینتیما به‌رز و به‌ره‌و پێش ده‌به‌ین هاوڵاتى: عه‌یبه نییه پاش 29 ساڵ له راپه‌ڕین دۆخى که‌رکوک و دووزخورماتوو به‌و شێوه‌یه‌یه که‌سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد وه‌ک تۆ ده‌ڵێیت پرسى خاکیان لا گرنگ نییه؟ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: ئه‌وه به‌شێکه له‌و بیروباوه‌ڕه چه‌وته‌ى که‌سه‌رکردایه‌تى کورد پیاده‌ى ده‌کات بۆ شکاندنى شکۆى کورد‌و شکاندنى شکۆى میلله‌ته، عاده‌ته‌ن میلله‌تانى داگیرکه‌ر هه‌میشه له‌شکۆى میلله‌ته‌که ده‌ده‌ن، به‌داخه‌وه سه‌رکردایه‌تى کورد ئه‌مڕۆ به‌شداره له‌شکاندنى شکۆى میلله‌تى کورددا به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى که له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌یکات له‌کاتى گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومه‌تدا، ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ خاک و نیشتمان بێت و کورد که‌رکوک و دوزخورماتوو و سه‌رجه‌م ناوچه کوردستانییه‌کان بخاته پێش هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کى دیکه‌وه. له‌به‌ر ئه‌و فه‌شه‌له یه‌ک له‌دواى یه‌کانه‌ى سه‌رکردایه‌تى کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویسته ئیتر هه‌ر پارێزگایه‌ک له هه‌رێم بیر له چۆنیه‌تى ڕێکخستنى په‌یوه‌ندیه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق بکاته‌وه و به‌مه‌ش له ژێر هه‌ژمونى بنه‌ماڵه سیاسیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌رده‌چین و شکۆمان ده‌پارێزین و مافى زیاتر بۆ هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ین و مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه و خاک و ئینتیما به‌رز و به‌ره‌و پێش ده‌به‌ین، بۆ ئاینده‌ى کورد له عێراقدا ئه‌مه دروسترین هه‌نگاوى ئه‌م قۆناغه‌یه.
عومه‌ر فه‌تاح مامۆستایان و شاره‌زایانى ئاینى ئیسلام، پشتیوانى له‌بڕیارى راگرتنی سه‌رجه‌م رێوڕه‌سمه ئایینییه‌کان و نوێژى به‌کۆمه‌ڵ و هه‌ینى و داخستنى مزگه‌وته‌کان ده‌که‌ن، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئەوەش لەکاتێکدا هەندێک پابەندنەبوون بە رێنمایەکان. هەینی رابردوو هەندێک لە نوێژخوێنان لەسەر شەقامەکان و دەشت و دەر ریزیان بەست و نوێژی هەینیان کرد دوای ئەوەی مزگەوتەکان بۆ ماوەیەک داخران بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید ١٩. شارەزایانی ئاینی جەخت لەوە دەکەنەوە کەڤایرۆسه‌که «مه‌ترسیه‌کى گه‌وره‌یه«و دەڵێن روویکردووەته سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تى و په‌یوه‌ندى به‌کافرو ئیسلامه‌وه نیه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌که‌ن داخستنى مزگه‌وته‌کانیش کارێکى ئاساییه‌و بۆ خۆپارێزى بووه له‌نه‌خۆشى کۆرۆناو داواشده‌که‌ن سه‌رجه‌م موسڵمانان و زانایانى ئاینى و وتاربێژان پابه‌ندى بڕیار‌و رێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و پزیشکان ببن. له‌دواى تۆمارکردنی چه‌ند حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌شاری سلێمانی، رۆژى چوارشه‌ممه 4ى ئه‌م مانگه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا ئه‌نجامداو چه‌ند بڕیارێکی ده‌رکردو سه‌رجه‌م رێوڕه‌سمه ئاینییه‌کان له‌مزگه‌وت، کڵێسا و په‌رستگاکان به‌گوتاری هه‌ینی مزگه‌وته‌کانیشه‌وه، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان تاوه‌کو کاتێکی نادیار راگیرا، رۆژى هه‌ینى رابردووش بڕیاره‌که له‌سه‌رتاسه‌رى هه‌رێم جێبه‌جێکرا. حه‌سه‌ن شه‌مێرانى وتاربێژ‌و شارەزای شەریعەتی ئیسلامی، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات ئه‌و ده‌ردو نه‌خۆشه‌یه‌ى کۆرۆنا له‌یه‌ک کاتدا مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تى و په‌یوه‌ندى به‌لایه‌نى کافر‌و ئیسلام و بار‌و مزگه‌وته‌کانه‌وه نیه‌و هه‌مووى مه‌ترسى له‌سه‌ره. حه‌سه‌ن شه‌مێرانى له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئایینى پیرۆزى ئیسلام بۆ خزمه‌تى مرۆڤ هاتووه، بۆ هه‌موو چین و تووێژێکى جیاواز ئه‌وانه‌شى که موسڵمان نین پێویسته پارێزگاری‌یان لێبکرێت، له‌م بابه‌ته‌دا به‌پێى ئایه‌ته‌کانى قورئانى پیرۆز پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بۆچوونى ئه‌وکه‌سانه‌ى که له‌م بابه‌ته‌دا شاره‌زان و به‌گوێى ئه‌وان بکه‌ین». حه‌سه‌ن شه‌مێرانى وتی «له‌به‌رئه‌وه‌ى بابه‌تى کۆرۆنا په‌یوه‌ندى به‌لایه‌نى پزیشکییه‌وه هه‌یه، پێویسته هه‌موو که‌سێک پابه‌ندى رێنمایی و بڕیاره‌کانى ئه‌وان ببن». وتیشى «من زاناى ئاینیم هیچ زانیاریه‌کم له‌سه‌ر لایه‌نى پزیشکى نیه، بۆیه ده‌بێ به‌قسه‌ى ئه‌وان بکه‌ین و ئه‌وانیش پێیان وایه یه‌کێک له‌هۆکاره‌کان و ئه‌گه‌ره‌کانى دروستبوون و گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌که بوونى قه‌ره‌باڵغیه، بۆیه واباشتره به‌پێى قسه‌ى ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین و دوربکه‌وینه‌وه له‌قه‌ره‌باڵغى». حه‌سه‌ن شه‌مێرانى له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆى هه‌ڵگرى ئه‌و ڤایرۆس و نه‌خۆشیه بێت و بچێته شوێنێکى قه‌ره‌باڵغ و که‌سانێکى دیکه تووش بکات ئه‌وه تاوان و گوناهێکى زۆر گه‌وره‌ى کردووه. وتیشى «خۆى ئاینى ئیسلامیش ئاینى ره‌حمه‌ته نه‌ک زه‌حمه‌ت، باشتره پێش لایه‌نى ته‌ندروستى و حکومه‌تیش ئێمه‌ى مامۆستایانى ئاینى خۆمان ده‌ستپێشخه‌رى بکه‌ین و قه‌ره‌باڵغى و جومعه‌و جه‌ماعه‌ت و بۆنه ئاینییه‌کانمان زۆر که‌متر بکه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌خۆمان و موسڵمانى دیکه‌ش بکه‌ین». ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئه‌گه‌ر هه‌ر مامۆستایه‌ک پابه‌ند نه‌بێت به رێنماییه‌کانه‌وه‌و به‌رده‌وامبێت خوانه‌خواسته هه‌ر که‌سێک له‌مزگه‌وته‌که‌ى ئه‌وه‌وه تووش ببێت ئه‌وا ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌ى مزگه‌وته‌که ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تیه‌کەى هه‌ڵبگرێت. حه‌سه‌ن شه‌مێرانى وتیشى «راى زانایان و لیژنه‌ى فتوا زۆر دروسته که‌نوێژی هەینییان هه‌ڵگرتووه بۆ ماوه‌یه‌ک، من راکه‌ى ئه‌وان په‌سه‌ند ده‌که‌م و پشتیوانی‌یان لێده‌که‌م، تا ئه‌وکاته‌ى پزیشکه‌کان و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌ڵێن قه‌ره‌باڵغى مه‌ترسى هه‌یه پێویسته هه‌موومان پابه‌ندبین به‌بڕیارو رێنماییه‌کانه‌وه‌و خۆمان به‌دوور بگرین و پارێزگارى بکه‌ین». لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مان"هه‌ر وتاربێژێک پابه‌ند نه‌بوو، به‌پێى رێنماییه‌کان و یاساکان وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى رێکارى یاسایی خۆیانى به‌رانبه‌ر بگرنه به‌ر" به‌شێک له‌مامۆستایانى ئاینى و نوێژخوێنان، له‌ڕۆژى هه‌ینى و کاته‌کانى دیکه پابه‌ند نین به‌بڕیارو رێنماییه‌کانى حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌و له‌نزیک مزگه‌وته‌کان و له‌سه‌ر شه‌قام و ناو بازاڕ‌و پارک و گه‌ڕه‌که‌کان به‌کۆمه‌ڵ نوێژه‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن. لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مانى کوردستانیش داواده‌کات هه‌موو مامۆستایان پابه‌ندى بڕیاره‌کان بن و هه‌ر وتاربێژێک پابه‌ند نه‌بوو، به‌پێى رێنماییه‌کان و یاساکان وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى رێکارى یاسایی خۆیانى به‌رانبه‌ر بگرنه به‌ر. وه‌یسی سه‌عید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «گرنگه هه‌موو موسڵمان و نوێژخوێنێک و مامۆستایه‌کى ئاینى پابه‌ندى ئه‌و رێنمایی و بڕیارانه بێت که‌حکومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌ریده‌کات، ئه‌وه هه‌مووى له‌به‌رژه‌وه‌ندیى گشتییه‌و بۆ سه‌لامه‌تیی خه‌ڵک دراوه«. ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو هه‌موو ئه‌و رێنمایی و بڕیارانه‌ى له‌ماوه‌ى رابردوودا دراون به‌هه‌ڵگرتنى بۆنه‌و مه‌راسیمه ئاینییه‌کانیشه‌وه بۆخزمه‌تى خه‌ڵک بووه‌و ته‌نها بۆ خۆپارێزى بووه، وتیشى «ئه‌و بڕیارانه بۆ ئه‌وه‌بوو نه‌خۆشیه‌که هیچ مه‌ترسییه‌ک دروستنه‌کات و بڵاونه‌بێته‌وه، هه‌موو ئایینه‌کانیش به‌تایبه‌تى ئاینى ئیسلامیش بۆ پاراستن و رێزگرتن له‌مرۆڤایه‌تى هاتوون، ده‌بێت هه‌موو موسڵمانان و مامۆستایانى ئایینیش هه‌ست بەبه‌رپرساریه‌تى بکه‌ن، ده‌بێت ئه‌و رێکارانه په‌یڕه‌وبکه‌ن و رێگرییه‌کان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌کە بووه«. وه‌یسی سه‌عید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئه‌وقاف ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌پێى رێنماییه‌کانى پزیشک ئه‌گه‌ر قه‌ره‌باڵغى هه‌بێت ئه‌وه مه‌ترسى له‌و شوێنه دروستده‌بێت، سوودى خه‌ڵکى تیانیه، وتیشى «هه‌موو وتاربێژان و مامۆستایانى ئایینى فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافن و ئه‌وه‌ش دامه‌زراوه‌یه‌کى حکومییه، ده‌بێت وه‌زاره‌ت به‌پێى یاسا‌و رێنماییه‌کانى خۆى رێکارى خۆیان به‌رانبه‌ر ئه‌وانه بگرنه‌به‌ر که‌بڕیاره‌که‌یان پشتگوێخستووه‌و نوێژی به‌کۆمه‌ڵیان له‌مزگه‌وته‌کان کردووه، پێویسته ئه‌وه بزانن بڕیاره‌که مه‌به‌ست له‌وه‌نیه که‌هیچ نوێژێک نه‌کرێت، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه قه‌ره‌باڵغى نه‌بێت و خه‌ڵک کۆنه‌بێته‌وه«. له‌باره‌ى بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى نوێژى هه‌ینیه‌وه، مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆکی، پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگه‌وتی پێشه‌وا عومه‌ر له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه، له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک وتارێکى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات، پاش تاووتوێکردن و گوێگرتن بۆ چه‌ندین دکتۆری خواناس و پسپۆڕ له‌م بواره‌دا بڕیارى راگرتنى نوێژی هەینی بۆ ئه‌وه‌یە یه‌کێک له‌ڕێگه‌ی مزگه‌وته‌وه دووچاری ئه‌م ڤایرۆسه پیسه نه‌بێت و بڵاوه نه‌کات، کارێکی باشمان کردووه مادام به‌مه‌شوه‌ره‌ت بووه‌و به‌خۆسه‌ری و هه‌رکه‌س بۆ خۆی نه‌بووه«. زۆرینه‌ى وتاربێژانی ئاینی پابه‌ندبوون به‌بڕیاره‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ته‌وه، ته‌نها چه‌ند کسێکی که‌میان نەبێت نوێژى به‌کۆمه‌ڵیان ئه‌نجامداوە لەدەرەوەی مزگەوت. نه‌به‌ز ئیسماعیل وته‌بێژه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «سوپاس بۆ خوا له‌سه‌دا 99ی مامۆستایان پابه‌ندبوون به رێنماییه‌کان، هیچ مزگه‌وتێک نیه که‌نوێژى به‌کۆمه‌ڵى تێداکرابێت، ره‌نگه تاک و ته‌را وتاربێژ یان خه‌ڵکانى دیکه هه‌بن له‌ده‌ره‌وه‌ى مزگه‌وت له‌ده‌شت و پارک و شوێنه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان نوێژى هه‌ینییان کردبێت، ئه‌گه‌ر مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى تێدابێت ئاگاداریان ده‌که‌ینه‌وه که ئه‌وه دووباره نه‌بێته‌وه«. ناوبراو ئاگادارى مامۆستایانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌که‌ى ده‌کات که پابه‌ندبن به‌هه‌موو رێنمایی و بڕیاره‌کانى حکومه‌ت و ته‌ندروستى و لیژنه‌ى فتواوه‌و هیچ مامۆستایه‌ک نوێژى به‌کۆمه‌ڵ ئه‌نجامنه‌دات تا ئه‌وکاته‌ى مه‌ترسییه‌کان کۆتایی دێت.
هاوڵاتى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت تورکیا شەش هەزار چەکداری تیرۆریستی لەناوچە جیاوازەکانی ئیدلیبەوە هێناوەتە رۆژئاوای کوردستان ئەوەش بۆ پاکتاوکردنی کورد. ئەوەش دوای راگەیاندنی ئاگربەستی ئیدلیب. مستەفا بالی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی «هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا هێرش نیە بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵکو هێرشێکە بۆسەر کورد بەئامانجی پاکتاوکردنی». هەروەها وتی «تورکیا کەڵک لەهەموو هەڵمەتێک وەردەگرێت بۆ داگیرکاریی زیاتر‌و دابەشکردنی سوریا شتێکی نوێ نییە، بۆیە ئێستاش شەش هەزار چەکداری تیرۆریستی لەناوچە جیاوازەکانەوە هێناوەتە باکوری سووریا». سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێنجشەممە گەیشتنە رێکەوتنێک، دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆکردن لەمۆسکۆ بۆئەوەی شەڕ لەئیدلیب رابگیرێت پارێزگای ئیدلیب له‌باکوری خۆرئاوای سوریا بەیانیی هەینی (6ی ئازار)ی بە ئارامی دەستپێکرد، ئاسمانی شارەکە بۆ یەکەمین جار لەماوەی چەند مانگدا بێ فڕۆکەن، لە دوای ئاگربەستەکەی نێوان روسیا و تورکیا. بەڵام ئەم ئارامییە پێدەچێت گرژی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت و تورکیا هێزە بریکارەکانی لەئیدلیبەوە بگوازێتەوە بۆ رۆژئاڤای کوردستان. تورکیا پێشتر رێکەوتنێکی ئاگربەستی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد کەپەلامارەکانی رۆژئاڤا بوەستێنێ و نەچێتە قوڵایی زیاتر لە (٣٠) کیلۆمەترەوە. مستەفا بالی وتی «دوو شت نابێت لەبیر بکرێت ئەوەش دوو گرێبەستی ئاگربەستە یەکیان لەنێوان ئەمریکاو تورکیا، ئەوی دیکەش لەنێوان روسیا و تورکیا، بەڵام تورکیا پابەندی هیچ لەو گرێبەستانە نەبووە. وتیشی «ئەو پێشێلکارییەی تورکیاش لەکاتێکدایە کەئێمە بەندەکانی هەردوو رێککەوتنەکەمان جێبەجێ کرد‌و هەم هێزەکانمان لەسەر سنووری تورکیا کشانەوەو هەم بۆ پاراستنی خەڵک دوو شاری سەرێ کانی و گرێ سپی-مان چۆڵ کرد». بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیشی «ئێستا هێزەکانی ئێمە لەخاڵەکانی سەر سنووردا نین و هێزەکانی حکومەتی ناوەندی سنوورەکان دەپارێزن، هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆسەر ناوچەی کوردستانی سوریا هێرش بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات نییە، بەڵکو هێرشێکە بۆسەر کورد بەئامانجی پاکتاوکردن». هێمنییەکی بێوێنه له‌ئیدلیبی سوریادا دوای رێکه‌وتنێکی ئاگربەست هه‌رێمی ئیدلیب له‌باکوری خۆرئاوای سوریا بەیانیی هەینی (6ی ئازار)ی بەئارامی دەستپێکرد، ئاسمانی شارەکە بۆ یەکەمین جار لەماوەی چەند مانگدا بێ فڕۆکەن، لەدوای ئاگربەستەکەی نێوان روسیا و تورکیا. رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ و پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لەپارێزگای ئیدلیب رایانگەیاند رێکەوتننامەکە، کە لەنیوەشەودا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پێدەچوو ره‌چاوبکرێت. سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان «نەبوونی هیچ ئامادەییەکی فڕۆکەکانی رژێم و روسیا لەئاسمانی ئیدلیب» پشتڕاستکردەوە. ناوبراو وتی شەڕو پێکدادانێک لەپێش بەرەبەیاندا بووەهۆی کوشتنی شەش چەکداری رژێم و نۆ ئەندامی پارتی تورکستانی ئیسلامی، گروپێکی تووندڕەو کە زۆرینەیان ئوغورن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێدەچوو شه‌ڕکه‌ران تێبینی ئاگربەستەکە بکه‌ن. سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێنجشەممە گەیشتنە رێکەوتنێک، دوای چەند کاتژمێرێک لەگفتوگۆکردن لەمۆسکۆ. رێکەوتنەکە دەبێتەهۆی دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی لەسەر شاڕێگەی سەرەکیی M4 لەباکوری سوریا، ئەو شوێنەی هێزەکانی تورکیا‌و روسیا دواتر دەورییەی هاوبەشێ لێ ئەنجامدەدەن.
عومەر فەتاح پەرلەمان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کەپێشتر هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ رێگریکردن لەڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بەکۆڤید ١٩، ئێستاش زۆرینەیان واژۆی نووسراوێک ناکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە ، ئەوەش وەکو رێکارێکی خۆپاراستن لەڤایرۆسەکە. مونا قەهوەچی سکرتیری پەرلەمان دەڵێت پەرلەمانتاران ئامادەنین واژۆ بکەن بۆ دانیشتنێک لەسەر کۆرۆنا ، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن پێیان وتوون کۆبوونەوە سنووردار بکەن و دەبوو پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆبوونەوە بکرایە. نزیکه‌ى مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار یاداشتێکیان داوه‌ته سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى کۆبونه‌وه‌یه‌کى نائاسایی رێکبخات له‌سه‌ر نه‌خۆشى کۆرۆناو ئاماده‌کاریه‌کانى حکومه‌ت بۆ چۆنیه‌تى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌که تائێستا رێکنه‌خراوه. سکرتێرى په‌رله‌مانیش هۆکاره‌که‌ى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنته‌وه یاداشته‌که واژۆى پێویستى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌و داواکراوه‌ته‌وه که‌ژماره‌ى واژۆکان زیاتربکرێت، په‌رله‌مانتارێکیش ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات هه‌وڵه‌که‌ی ئه‌وان بۆ کۆبوونه‌وه له‌لایه‌ن دوو فراکسیۆنى تره‌وه له‌باربراوه بۆ ئه‌وه‌ى بیکه‌ن به‌ده‌ستکه‌وتى خۆیان. رۆژان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى نیشتیمانى، یه‌کێک له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى واژۆى له‌سه‌ر یاداشته‌که کردووه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات پێش ئاشکراکردنى حاڵه‌ته‌کان له‌کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئه‌وان وه‌ک ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنه جیاوازه‌کان به‌تایبه‌تى یه‌کێتى و کۆمه‌ڵى ئیسلامى و گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ، یاداشتێکیان به‌رزکردۆته‌وه بۆ په‌رله‌مان. ئه‌و په‌رله‌مانتاره به هاوڵاتى وت «داوامانکرد به‌ئاماده‌بوونى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌ت به‌تایبه‌تى وه‌زیرى ته‌ندروستى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى نائاسایی رێکبخرێت، بۆ چۆنیه‌تى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و ئاماده‌کاریه‌کى نه‌خۆشى کۆرۆنا، به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێک له‌دوو فراکسیۆنى جیاواز‌و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵه‌که‌مان له‌باربرا». رۆژان محه‌مه‌د ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وتیان باخه‌ڵک نه‌ترسێت و کۆبوونه‌وه‌ى داخراوى له‌سه‌رنه‌کرێت، ئێمه خۆمان وه‌زیرى ته‌ندروستى بانگهێشتى لیژنه‌کان ده‌که‌ین. وتیشى «سه‌ره‌تاى ئه‌و هه‌فته‌یەى که‌حاڵه‌ته‌کانى سلێمانى راگه‌یه‌ندرا وه‌زیرى ته‌ندروستى هاتبووه لای لیژنه‌کانى په‌رله‌مان، ئیجرائاته‌کان دره‌نگ که‌وت». سه‌باره‌ت به‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان هیچ به‌رنامه‌یه‌کى هه‌یه که‌کۆبوونه‌وه له‌سه‌ر کۆرۆنا ئه‌نجامبدات، مونا قه‌هوه‌چى، سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد پێش چه‌ند رۆژێک سه‌رۆکایه‌تى یاداشتێکیان پێگه‌یشتووه بۆ داواى کۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئاماده‌کارى و گفتوگۆ له‌سه‌ر نه‌خۆشى کۆرۆنا، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ته‌نها چه‌ند که‌سێکى که‌م واژۆیان کردبوو داواکه ره‌تکراوه‌ته‌وه. به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ده‌بێت له (10) ئه‌ندام که‌متر نه‌بێت که‌واژۆیان کردبێت، بۆیه ئێمه داوامانکرد که‌ژماره‌ى واژۆکان زیادبکرێت، ئه‌وکات سه‌رۆکایه‌تیش به‌پێى پێویستى و گرنگى ده‌یخاته به‌رنامه‌ى کاره‌وه. رۆژان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌باره‌ى که‌مى واژۆکانه‌وه ده‌ڵێت «نه‌خێر که‌منه‌بوو، ئێمه له‌سه‌ر قسه‌ى سه‌رۆکایه‌تى ته‌نها چه‌ند ئه‌ندامێک واژۆکانمان ته‌واونه‌کرد، ئه‌گینا په‌رله‌مانتارى زۆر هه‌بوو که‌واژۆ له‌سه‌ر یاداشته‌که بکات، به‌ڵام ئێستا لایه‌نى ته‌ندروستى داواى کردووه قه‌ره‌باڵغى نه‌کرێت، بۆیه ئیمزاى تر‌ى ناخەینه‌سه‌ر، به‌داخه‌وه تاحاڵه‌ته‌کان له‌ناو هه‌رێم تۆمار نه‌کرا ئیجراتى پێویست نه‌کرا له‌په‌رله‌مان». مونا قه‌هوه‌چى له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد به‌پێى رێنمایی و بڕیاره‌کانى حکومه‌ت و ته‌ندروستى کۆبوونه‌وەکان سنوردارکراون و پێناچێت هیچ دانیشتنێکى فراوانى په‌رله‌مان بکرێت. وتیشى «هه‌رچه‌نده تائێستا هیچ بڕیارێک نیه بۆ دواخستنى کۆبوونه‌وه یان به‌رده‌وامىدان به‌دانیشتنه ئاساییه‌کان، ئه‌گه‌ر شتێکى گرنگ هه‌بێت و لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌کان راپۆرتى کۆتای‌یان له‌سه‌ر پرۆژه یاساکان ته‌واوبکرێت، ئه‌وا سه‌رۆکایه‌تى بڕیارى پێویستیان له‌باره‌وه ده‌دات». لوقمان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ی کاروباری ته‌ندروستی و ژینگه و مافی به‌کاربه‌رى په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌ندام له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات به‌رده‌وام لیژنه‌که‌یان به‌دواداچوون و چاودێریى دۆخه‌که ده‌کات، بۆیه سه‌رۆکایه‌تى و لیژنه‌که‌شیان به‌زه‌روریان نه‌زانیوه که‌دانیشتنى تایبه‌ت له‌سه‌ر کۆرۆنا به‌ڕێوه‌بچێت. ناوبراو به هاوڵاتى وت «ئێمه دانیشتنێکى دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ته‌ندروستى و ستافه‌که‌ى ئه‌نجامدا بۆ چۆنیه‌تى ئاماده‌کارى و چاره‌سه‌رى کێشه‌و گرفته‌کان، جگه له‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌ک فرۆکه‌خانه‌کان و ده‌روازه‌کان و پارێزگاره‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتییه‌کان له‌سه‌ر خه‌تین و ته‌ندروستى به‌ئه‌رکى خۆى هه‌ستاوه‌و حکومه‌تیش له‌گه‌ڵ توانا سنورداره‌کان هه‌نگاوى باشى ناوه«. ئه‌ندامه‌که‌ى لیژنه‌ی کاروباری ته‌ندروستی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، به‌هۆى زیادبوونى حاڵه‌ته‌کان له‌وڵاتانى دراوسێ و له‌ناو هه‌رێمیش له‌سه‌ر بڕیارى حکومه‌ت کۆبوونه‌وه‌کان به‌وانه‌ى په‌رله‌مانیشه‌وه سنوردارکراون، ئه‌و وتیشى «سه‌رۆکایه‌تیش ئاگاداره لیژنه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌م دۆخه به‌ووردى چاودێریى ده‌که‌ین، بۆیه تائێستا به‌پێویست نه‌زانراوه کۆبوونه‌وه‌ى فراوان بکرێت، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته دۆخه‌که ئاڵۆزبوو بۆچى نا، ده‌کرێت بڕیاره‌که بگۆڕدرێ و کۆبوونه‌وه‌ى فراوانى له‌سه‌ر ده‌که‌ین». وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم تائێستا بوونى دە حاڵه‌تى راگه‌یاندووه که‌هه‌ڵگرى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێن و رۆژی چوارشه‌ممه 4ى ئه‌م مانگه‌ش یه‌که‌م هاوڵاتى که‌مامۆستایه‌کى ئایینى دانیشتووى شارى سلێمانى بوو به‌هۆى کۆرۆناوه گیانی له‌ده‌ستدا. رۆژی هه‌ینی رابردووش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم له راگه‌یێندراوێکیدا ئاشکرایکرد که‌ئافره‌تێکی ته‌مه‌ن (33) ساڵى دووگیان دانیشتووی شارى هه‌ولێره تووشی ڤایرۆسى کۆرۆنا بووه.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم پێشمه‌رگه‌یه‌کى دێرینى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى له‌باره‌ى یادى راپه‌ڕینه‌وه ده‌ڵێت «کاک نه‌وشیروانمان بینى و له‌سه‌ر راپه‌ڕین هه‌ندێ گفتوگۆمان کرد، ئێمه پێمانوت که‌هێزه‌کانمان ئاماده‌ن و ده‌مانه‌وێ هه‌ماهه‌نگیى له‌نێوانماندا هه‌بێت، کاک نه‌وشیروان خۆشحاڵى زۆرى ده‌ربڕى و هه‌تا پێیوتین له‌هه‌ر قۆڵێکه‌وه پێتانخۆشه هێرش بکه‌ن و ئێمه پێشوازى له‌و هه‌وڵه‌ى ئێوه ده‌که‌ین». عه‌بدولستار مه‌جید، پێشمه‌رگه‌ى دێرینى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى که‌ئێستا سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامییه له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وتى»ژیانى به‌رپرسه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌وپه‌ڕى ره‌فاهیه‌تدان و خه‌ڵکیش ده‌بێ ده‌ستى له‌سه‌ر دڵى بێت تا مانگ بێت و موچه‌که‌ى وه‌ربگرێت». هه‌روه‌ها ده‌شڵێت»ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى راپه‌ڕینى بۆخۆى برد سه‌رانى شۆڕش و سه‌رکرده‌ى حزبه‌کانن، ده‌بوو ئێستا ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵک هاوشێوه‌ى وڵاتانى که‌نداو بوایه. کاک نه‌وشیروان رۆڵى سه‌ره‌کى له‌و پلانداڕشتنه‌ى راپه‌ڕیندا هه‌بوو، من بیرمه ئێواره‌یه‌ک من و مامۆستا حه‌سه‌ن بابه‌کر وه‌ک وه‌فدى بزوتنه‌وه چووینه لاى یه‌کێتى نیشتمانیى له‌دۆڵى قاسمه‌ڕه‌ش، ..... له‌سه‌ر راپه‌ڕین هه‌ندێ گفتوگۆمان کرد، ئێمه پێمانوت که‌هێزه‌کانمان ئاماده‌ن و ده‌مانه‌وێ هه‌ماهه‌نگیى له‌نێوانماندا هه‌بێت، کاک نه‌وشیروان خۆشحاڵى زۆرى ده‌ربڕى و هه‌تا پێیوتین له‌هه‌ر قۆڵێکه‌وه پێتانخۆشه هێرش بکه‌ن و ئێمه پێشوازى له‌و هه‌وڵه‌ى ئێوه ده‌که‌ین هاوڵاتى: ئه‌ندازیارى راپه‌ڕین کێ بوو؟ چۆن توانرا له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژێکدا راپه‌ڕین و سلێمانى و ناوچه‌کانى تر یه‌کلابکرێته‌وه تێیدا؟ عه‌بدولستار مه‌جید: له‌ڕاستیدا سته‌م و سه‌رکوتکارى و چه‌وساندنه‌وه‌ى خه‌ڵک له‌لایه‌ن به‌عسییه‌کانه‌وه گه‌یشتبووه لوتکه‌و توڕه‌یى و رقى خه‌ڵکیش به‌هه‌مان شێوه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى به‌عس وه‌ک دوومه‌ڵێکى لێهاتبوو که‌کاتى ته‌قاندنى هاتبوو، نه پێشمه‌رگه به‌بێ پشتیوانى خه‌ڵک ده‌یتوانى بێته ناوشارو به‌عس رابماڵێ، نه خه‌ڵکیش ده‌یتوانى به‌بێ پشتیوانییه‌کى عه‌سکه‌رى توڕه‌ییه‌که‌ى بکاته راپه‌ڕینى سه‌رتاسه‌رى، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین هه‌موو راپه‌ڕینێک ئه‌گه‌ر به‌رنامه بۆداڕێژراو نه‌بێ، هه‌رزوو شکستده‌هێنێ و سه‌رکوتده‌کرێ. ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه وه‌ک فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیى پێشوو ئاگادارى رووداو و ورده‌کارییه‌کان بین، یه‌کێتى نیشتمانیى کوردستان و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه کاک نه‌وشیروان رۆڵى سه‌ره‌کى له‌و پلانداڕشتنه‌ى راپه‌ڕیندا هه‌بوو، من بیرمه ئێواره‌یه‌ک من و مامۆستا حه‌سه‌ن بابه‌کر وه‌ک وه‌فدى بزوتنه‌وه چووینه لاى یه‌کێتى نیشتمانیى له‌دۆڵى قاسمه‌ڕه‌ش، له‌نزیک گوندى سونێ له‌وێ کاک نه‌وشیروانمان بینى و له‌سه‌ر راپه‌ڕین هه‌ندێ گفتوگۆمان کرد، ئێمه پێمانوت که‌هێزه‌کانمان ئاماده‌ن و ده‌مانه‌وێ هه‌ماهه‌نگیى له‌نێوانماندا هه‌بێت، کاک نه‌وشیروان خۆشحاڵى زۆرى ده‌ربڕى و هه‌تا پێیوتین له‌هه‌ر قۆڵێکه‌وه پێتانخۆشه هێرش بکه‌ن و ئێمه پێشوازى له‌و هه‌وڵه‌ى ئێوه ده‌که‌ین. ئامانجى راپه‌ڕین شتى تر بوو ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه شتى دیکه‌یه، خه‌ڵک کاراکته‌رو قوربانیده‌رى سه‌ره‌کى راپه‌ڕین بوو، ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌که‌ى راپه‌ڕینى بۆخۆى برد سه‌رانى شۆڕش و سه‌رکرده‌ى حزبه‌کانن. ده‌بوو ئێستا ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵک هاوشێوه‌ى وڵاتانى که‌نداو بوایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژیانى به‌رپرسه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌وپه‌ڕى ره‌فاهیه‌تدان و خه‌ڵکیش ده‌بێ ده‌ستى له‌سه‌ر دڵى بێت تا مانگ بێت و موچه‌که‌ى وه‌ربگرێت هاوڵاتى: پاش 29 ساڵ ئایا گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ى راپه‌ڕینى له‌پێناودا کرا؟ عه‌بدولستار مه‌جید: به‌داخه‌وه نه‌خێر پێى نه‌گه‌یشتین، ئامانجى راپه‌ڕین شتى تر بوو ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه شتى دیکه‌یه، خه‌ڵک کاراکته‌رو قوربانیده‌رى سه‌ره‌کى راپه‌ڕین بوو، ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌که‌ى راپه‌ڕینى بۆخۆى برد سه‌رانى شۆڕش و سه‌رکرده‌ى حزبه‌کانن. ده‌بوو ئێستا ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵک هاوشێوه‌ى وڵاتانى که‌نداو بوایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژیانى به‌رپرسه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌وپه‌ڕى ره‌فاهیه‌تدان و خه‌ڵکیش ده‌بێ ده‌ستى له‌سه‌ر دڵى بێت تا مانگ بێت و موچه‌که‌ى وه‌ربگرێت. ئه‌و هێزانه‌ى له‌شاخ هه‌بوون، راپه‌ڕین نه‌یتوانى له‌چوارچێوه‌ى یه‌ک سوپاى نیشتمانییدا رێکیان بخات و له‌برى حزب، حکومه‌ت و دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌تیمان هه‌بوایه، ئێستا دواى (٢٩) ساڵ له‌ڕاپه‌ڕین، تازه گوێبیستى هێزى فڵان حزب و له‌ناو حزبدا لیواى فڵان به‌رپرس و فیسار سه‌رکرده هه‌یه، دواى دوو ده‌یه له‌ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌شى به‌عس له‌ده‌زگا و کارگه‌و دامه‌زراوه به‌جێیهێشتبوو، سه‌رانى شۆڕش هه‌موویان وێرانکردو له‌جێگه‌یدا ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ى حزبیى و شه‌خسییان دروستکرد. گه‌نجێک هیچ مافێکى پێنه‌درێت و دواى (١٦) ساڵ خوێندن ناچار به‌گرتنه‌به‌رى رێى مان و نه‌مانى ئه‌وروپا بگرێت و له‌وڵاتى خۆى رابکات، باسى راپه‌ڕینى چى بۆ بکرێت؟! ده‌سه‌ڵاتدارانى کورد ده‌یانتوانى کارێک بکه‌ن خه‌ڵک ئینتیماى بۆ وڵاتى خۆى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان به‌گه‌نده‌ڵى و سته‌م و دابه‌شکردنى کۆمه‌ڵگه کارێکیان کردووه، ئینتیماى خه‌ڵکیان له‌ناوبرد هاوڵاتى: گه‌نجێکى ته‌مه‌ن 28 ساڵ و خوار ئه‌و ته‌مه‌نه نازانن راپه‌ڕینیش چییه؟ چۆن ده‌کرێت وشیار بکرێنه‌وه له‌وبارەیه‌وه؟ عه‌بدولستار مه‌جید: گه‌نجى ئێستا ناهه‌قى نیه ئه‌گه‌ر ئاگاى له‌ڕابردوو نه‌بێت و نه‌شیه‌وێت ئاگاى لێبێت. گه‌نجێک بچوکترین خه‌ون و خولیاى خۆى له‌م هه‌رێمه بچوکه‌دا نه‌بینێته‌وه، گه‌نجێک هیچ مافێکى پێنه‌درێت و دواى (١٦) ساڵ خوێندن ناچار به‌گرتنه‌به‌رى رێى مان و نه‌مانى ئه‌وروپا بگرێت و له‌وڵاتى خۆى رابکات، باسى راپه‌ڕینى چى بۆ بکرێت؟! ده‌سه‌ڵاتدارانى کورد ده‌یانتوانى کارێک بکه‌ن خه‌ڵک ئینتیماى بۆ وڵاتى خۆى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان به‌گه‌نده‌ڵى و سته‌م و دابه‌شکردنى کۆمه‌ڵگه کارێکیان کردووه، ئینتیماى خه‌ڵکیان له‌ناوبرد. سه‌رانى شۆڕش ئێستا هه‌ریه‌که‌یان بارته‌قاى سه‌د ساڵ سه‌روه‌ت و سامانیان کۆکردۆته‌وه. ئه‌وه خۆیانن که‌دان به‌وه‌دا ده‌نێن ژێرزه‌مینه‌کانیان پڕکردووه له‌دۆلارى دزراو هاوڵاتى: خه‌ڵک له‌ئێستادا نائومێد‌و بێزاره، ئایا ئه‌وانه‌ى له‌شاخ بوون ئێستا خه‌ریکى خزمه‌تى خه‌ڵکن یان خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن؟ عه‌بدولستار مه‌جید: جا خۆ هه‌موو که‌س وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره له‌ئه‌رزى واقیعدا ده‌بینێت. تۆ سه‌یرکه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه چ که‌تنێکیان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا ناوه‌ته‌وه، ئه‌وه هیچ خۆیان له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه نه‌بێت خه‌ڵک نایان بینێت، مناڵه‌کانیشیان قوتابخانه‌و زانکۆى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. سه‌رانى شۆڕش ئێستا هه‌ریه‌که‌یان بارته‌قاى سه‌د ساڵ سه‌روه‌ت و سامانیان کۆکردۆته‌وه. ئه‌وه خۆیانن که‌دان به‌وه‌دا ده‌نێن ژێرزه‌مینه‌کانیان پڕکردووه له‌دۆلارى دزراو. ئه‌م کابینه‌یه نه‌یتوانیوه یه‌ک هه‌نگاو به‌ئاراسته‌ى چاکسازیدا بنێت، نه‌یتوانیوه یه‌ک به‌ڵێن له‌وانه‌ى له‌سه‌ره‌تادا به‌خه‌ڵکیاندا جێبه‌جێى بکه‌ن. پێشتر نه‌وت ناشه‌فاف بوو ئێستا ناشه‌فافتره، پێشتر روبعه موچه هه‌بوو ئێستاش ئه‌گه‌ر یه‌ک مانگ به‌غدا پاره نه‌نێرێت ئه‌و روبعه موچه‌یه‌شى پێ‌نادرێت، پێشتر گه‌نده‌ڵیه‌کى زۆر هه‌بوو، ئێستا ره‌گى داکوتاوه، پێشتر په‌رله‌مان نوزه‌یه‌کى تیا‌بوو، ئێستا بۆته پاشکۆ‌و سێبه‌رى حزب و حکومه‌ت و وه‌ک نه‌بوو وایه هاوڵاتى: ئایا کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت داواکارییه سه‌ره‌تاییه‌کانى خه‌ڵک جێبه‌جێ بکات؟ عه‌بدولستار مه‌جید: کابینه‌ى نۆیه‌میش هاوشێوه‌ى ئه‌وانه‌ى پێش خۆیه‌تى و ره‌نگه خراپتریش. ئه‌وه‌ى گۆڕاوه ته‌نها ده‌موچاوه‌کانن، ئه‌م کابینه‌یه نه‌یتوانیوه یه‌ک هه‌نگاو به‌ئاراسته‌ى چاکسازیدا بنێت، نه‌یتوانیوه یه‌ک به‌ڵێن له‌وانه‌ى له‌سه‌ره‌تادا به‌خه‌ڵکیاندا جێبه‌جێى بکه‌ن. پێشتر نه‌وت ناشه‌فاف بوو ئێستا ناشه‌فافتره، پێشتر روبعه موچه هه‌بوو ئێستاش ئه‌گه‌ر یه‌ک مانگ به‌غدا پاره نه‌نێرێت ئه‌و روبعه موچه‌یه‌شى پێ‌نادرێت، پێشتر گه‌نده‌ڵیه‌کى زۆر هه‌بوو، ئێستا ره‌گى داکوتاوه، پێشتر په‌رله‌مان نوزه‌یه‌کى تیا‌بوو، ئێستا بۆته پاشکۆ‌و سێبه‌رى حزب و حکومه‌ت و وه‌ک نه‌بوو وایه. مانگى رابردوو پاره‌که که‌مێک دواکه‌وت دابه‌شکردنى موچه گه‌یشته (٤٣) رۆژ و زیاتریش. ئه‌ى تۆ رۆژى (٥٠٠) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بفرۆشیت، داهاتى ناوخۆت گه‌یشتبێته زیاتر له (٣٠٠) ملیار دینار، ئه‌مریکاش موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ت بۆ بدات به‌و حاڵه‌شه‌وه به‌بێ پاره‌که‌ى به‌غدا نه‌توانى موچه‌ى خه‌ڵک بده‌ی، ئیتر حکومه‌تى چى؟! هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر به‌راوردى کابینه‌ى هه‌شته‌م و نۆیه‌م بکه‌ین ته‌نها له‌ته‌مه‌نى هه‌شت مانگدا، کامیان ئه‌دایان باشتر بوو؟ عه‌بدولستار مه‌جید: کابینه‌ى هه‌شت رووبه‌ڕووى کۆمه‌ڵێک ته‌حه‌دیات و کێشه‌ى گه‌وره بووه‌وه که شه‌ڕى داعش قورسترینیان بوو جگه له‌دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ...هتد . ئه‌گه‌ر هه‌ندێ سه‌ختى گوزه‌ران هه‌بووبێ ره‌نگه هه‌ندێ پاساویش هه‌بووبێت، ئێستا ئه‌و قه‌یران و کێشانه بوونیان نیه و دۆخه‌که‌ش وه‌ک خۆیه‌تى. چاوت له‌و پاره‌یه نه‌بێت که له‌به‌غداوه دێت و هه‌ندێ عه‌یب و عارى حکومه‌تى داپۆشیوه، مانگى رابردوو پاره‌که که‌مێک دواکه‌وت دابه‌شکردنى موچه گه‌یشته (٤٣) رۆژ و زیاتریش. ئه‌ى تۆ رۆژى (٥٠٠) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بفرۆشیت، داهاتى ناوخۆت گه‌یشتبێته زیاتر له (٣٠٠) ملیار دینار، ئه‌مریکاش موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ت بۆ بدات به‌و حاڵه‌شه‌وه به‌بێ پاره‌که‌ى به‌غدا نه‌توانى موچه‌ى خه‌ڵک بده‌ی، ئیتر حکومه‌تى چى؟! هاوڵاتى: به‌شێکى زۆر له‌سه‌رکرده‌کانى شاخ ئاماده‌نین ئێستا بێنه ناو خه‌ڵکه‌وه، پێتوایه هۆکاره‌که‌ى چییه؟ عه‌بدولستار مه‌جید: هى ئه‌وه‌یه که‌ئێستا جیهانى ئه‌وان و ماڵ و مناڵیان ئه‌و جیهانه نیه که‌خه‌ڵک تیاى ده‌ژى، ئه‌وان له‌دۆڵێک و خه‌ڵک له‌دۆڵێکى تر، من پێموایه به‌شێک له‌وانه ئه‌م وڵاته‌یان ته‌نها بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و پڕکردنى گیرفانى خۆیان ده‌وێت، ئه‌گینا وڵات وێران بێت و خه‌ڵک هه‌مووى له‌ناوبچێت هیچ،باکیان پێی نیە، تا ئەم عەقڵیەتەش نەگۆڕێت، کە دڵنیام ناگۆڕێت، نابێ چاوەڕێی دنیایەکی باشتر بۆ خەڵک بکرێت .
عومەر فەتاح نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا لەسلێمانی لەسێ بەش پێکهاتوەو (65) قەرەوێڵەی هەیەو ئامێری تایبەت بەپشکنینی کۆرۆنای تێدایە، ماوەی (١٠) رۆژە شەوو رۆژ کاری تێدا دەکرێت و بەبەردەوامی (450) کرێکار‌و وەستا ئیشی تیادەکەن. نەخۆشخانەکە ناوی (ئاسا)یە کورتکراوەی ناوی ئەو سێ خێرخوازەیە کەئەرکی سەرەکی دروستکردنی پرۆژەکەیان لەئەستۆ گرتووە جگە لەو سێ کەسە ، ژمارەیەک خێرخوازی تر بەشێوازی جۆراوجۆر بەشدارییان تێداکردووە. سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە لە 95%ی کارکردن لەبیناکەی تەواوکراوەو جگە لەهەندێک وردەکاری ئێستا تەنها دانانی ئامێرە پزیشکییەکانی ماوە کە لەژوورو هۆڵەکانی پێشوازی نەخۆشدا دابنرێت. بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگەش بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر چواری ئێوارە نەخۆشخانەکە بکرێتەوەو لە 15ی ئەم مانگەشەوە هەر نەخۆشێک کە گومانی لێبکرێت یان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت لەو نەخۆشخانەیە پێشوازی لێدەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەو ئاشکراکردنی خاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆماری ئیسلامی ئێران، لەهەرێمی کوردستان ئامادەکاری و رێوشوێنی تەندروستی و ئەمنی توند گیرایەبەر بۆ خۆپارێزی و خۆبەدوورگرتن لەنەخۆشیەکە، لەو چواچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە 27ی مانگی دووی رابردوو دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەنەخۆشی کۆرۆنا لەلایەن چەند خێرخوازێک و بەسەرپەرشتی دەزگای تەندروستی سلێمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە. نەخۆشخانەکە لەگەڕەکی قڕگەو لەنزیک نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی، زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا تەرخانکراو بەڕووبەری زەویەکە پێکهاتووە لەپێنج هەزار مەتر. حاجی سالار شاسوار تەمەن (58) ساڵ یەکێکە لەو خێرخوازانەی کەئەرکی دروستکردنی نەخۆشخانەکەی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرتووەتە ئەستۆی خۆی و رۆژانە نزیکەی (18) کاتژمێر لەسەر پرۆژەکەیەو بەووردی چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات، ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەسەرەتاوە بڕیاربوو نەخۆشخانەکە تەنها (30) تەختی بێت و لەماوەی (15) رۆژدا تەواوبکرێت، بەڵام دواتر رێژەکەی زیادکراوە بۆ (65) تەختی و ماوەکەشی کەمکراوەتەوە بۆ (11) رۆژ. حاجی سالار لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرکی کۆمەڵێک سەرمایەداری شاری سلێمانی دروستدەکرێت، جگە لەو خێرخوازانەش رۆژانە خەڵکی زۆری وەک کرێکار‌و وەستا دێن بەخۆبەخشی کاردەکەن لەدیوارو کاری بۆیاخ و کارەکانی تر». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو خەڵکی دیکەش هەبووە چیمەنتۆو بلۆک و پێداویستی دیکەی هێناوەو داوای کردووە بەشداری لەو کارە خێرخوازیەدا بکات، وتیشی «ئێمە لەسەرەتاوە چاوەڕوانی ئەوەمان نەبوو خەڵکی ئەوەندە بەپەرۆشەوە بێن بەدەممانەوە هاوکارمان بن». بەگشتیی نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر دروستکراوەو تەنها دوو هەزار مەتری کراوە بەبینا، ئەوەی کەدەمێنێتەوە بڕیارە پارکێکی ئۆتۆمبێل و باخچەیەکی تێدا دروستبکرێت و لەداهاتووشدا بەپێی پێویست بیناو ژووری دیکە لەسەر زەویەکە دروستدەکرێت. بینای نەخۆشخانەکە لەسێ بەش پێکهاتووە، بەشێکیان (18) ژوورەو بەشێکی دیکەیان (15) ژوورەو بەشێکی دیکەیان تایبەتە بەپزیشک و کارمەندان لەچوار ژووری (10 بە 16) مەتر پێکهاتووە. حاجی سالار سەرپەرشتیاری پرۆژەکە وتی «وەک لەسەرەتای پرۆژەکەوە بەڵێنماندابوو بەکەمترین ماوە تەواوی بکەین زۆر خۆشحاڵم ئەوە بەڵێنەکەی خۆمان بردەسەرو ئیتر نەخۆشخانەکە ئامادەیەو دەکەوێتە کار». حاجی سالار "بەدیاریکراوی نازانین چەندمان خەرجکردووە، ئێمە بۆ خودامان کردووە حەزیش ناکەین ئاشکرای بکەین" نزیکەی (11) رۆژە 24 کاتژمێر (450) کرێکار‌و وەستاو سەرپەرشتیار لەچەند شوێنێکی جیاوازەوە سەرقاڵی کار‌و ئیشن لەپرۆژەکەدا، سەبارەت بەو بودجەیەی کە لەو نەخۆشخانەیەدا خەرجکراوە. حاجی سالار وتی «بەدیاریکراوی نازانین چەندمان خەرجکردووە، ئێمە بۆ خودامان کردووە حەزیش ناکەین ئاشکرای بکەین، چونکە تەنها پارەکەی هی ئێمە نەبووە، خەڵکی خێرخوازی دیکەش بەشدارییان کردووە بەچیمەنتۆ یان بەئاسن و ئەلەمنیۆم و کاشی و بۆیاخ، بۆیە نازانین چەند سەرفکراوەو هەوڵمانداوە باشترین جۆری کوالێتی تێدا بەکاربهێنین». لەدوای تەواوبوونی کارەکانی بینا، بڕیارە ئامێرە پزیشکییەکان لەژوورەکاندا دابنرێت و دواتر چەند رۆژێک راهێنان بەکارمەندو پزیشکەکان دەکرێت و ئیدی نەخۆش وەردەگیرێت. شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، ئەوە دەخاتەڕوو کە پرۆژەکە لە 95%ی کاری بیناکە کۆتایی هاتووەو زۆربەی ئامێرەکانیش ئامادەن. شەماڵ جەبار لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «لەدوای دەرکەوتنی نەخۆشیەکە لەنزیکی هەرێم و بەتایبەتی لەئێران بەزوویی پلانمان دانا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکەو چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەرەتا بڕیاربوو رووبەرەکە بچووک بێت و ژمارەی ژوورەکان کەم بێت، بەڵام دواتر رێژەو ژمارەکانمان زیادکردو ستافمان کرد بەدوو ئەوەندەو سێ ئەوەندەو شکور بۆ خوا ئێستا لەقۆناغی کۆتاییدایە، ئێمە وەک دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هەموو کارەکانمان کردووە بەهاوکاری ئەو خێرخوازانە، جگە لەوانە لەهیچ لایەنێکەوە هاوکاریی نەکراوین». نەخۆشخانەکە ناوی (ئاسا)یە بۆ چاودێری ورد‌و پارێزبەندی پزیشکی، ناوەکەش کورتکراوەی ناوی ئەو سێ خێرخوازەیە کەئەرکی دروستکردنی پرۆژەکەیان لەئەستۆ گرتووە. شەماڵ جەبار یاوەر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەوڵیانداوە باشترین و نوێترین ئامێری پزیشکی بهێننە نەخۆشخانەکەو ئەو شووشانەی کە لەبەشەکانی بینا بەکارهاتووە ئەنتی بەکتریایە. وتیشی «هەر ژوورێک دوو تەختی تێدایەو ئامێرەکانیش گەیشتووەو لەدەرەوە هێنراوەو لەلایەن چەند بازرگان و سەرمایەدارێکەوە بەشێکی دابینکراوە، تەنانەت سیستمی ئۆکسجینی بیناکەش مەرکەزی دەبێت». بینای نەخۆشخانەکە کراوە بەسێ بەشەوە، بەشی چاودێریی سەرەتایی لە (18 ) ژوور پێکهاتووەو ئەو کەسانەی کەگومانیان لێدەکرێت لەو بەشە دەخەوێندرێن و نموونەیان لێوەردەگیرێت بۆ پشکنین، دوای پشکنین ئەگەر دەرکەوت هەرکەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت دەبرێتە بەشی دووەمی نەخۆشخانەکە کەپێکهاتووە لە (15) ژوور‌و هەر ژوورەی دوو تەختی تێدایە، بەشی سێیەمیش تەرخانکراوە بۆ پزیشک و کارمەندان. شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هەر لەناو نەخۆشخانەکە پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت و ئامێرەکەیان بۆ دابینکردووە. شەماڵ جەبار یاوەر بە هاوڵاتى وت « هەوڵمانداوە بیناکە زۆر بەباشی دروستبکەین، چونکە ئەگەر خوای کرد بەزوویی لەم ڤایرۆسە رزگارمان بوو بۆ بەشی چاودێریی ورد بەکاریدەهێنین، کە ئێرە دەبێتە گەورەترین یەکەی چاودێریی ورد لەسەر ئاستی عێراق نەک کوردستانیش». شەماڵ جەبار یاوەر جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بەپێی پلانەکانی ئەوان بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بینای نەخۆشخانەکە بەشێوەیەکی فەرمی بکرێتەوە. وتیشی «ئێمە چەند رۆژو شەوێکە نەخەوتووین بۆ ئەوەی ئەم کارە تەواوبکەین، دەزگای تەندروستی توانیمان شاکارێکی دیکە تۆماربکەین و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، دوای کردنەوەی بیناکە ئێمە بۆ ماوەی چەند رۆژێک راهێنان دەکەین بەکارمەندو پزیشکەکان و دواتر لە 15ی ئەم مانگەوە هەر نەخۆشێک گومانی لێبکرێت یان هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت لێرە دەمێنێتەوە، چونکە لەدەرەوەی قەرەباڵغی و کەناری شارە». ئەو بەرپرسەی تەندروستی هێمای بۆ ئەوەشکرد کە شتێکی «دڵخۆشکەرە» کەبەو ماوە کەمە توانیویانە سەنتەرێکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی دروستبکەن. وتیشی «سەلماندمان ئێمەش توانا‌مان هەیە وەکو کوردستان کەکاری باش و قورس بکەین، هەرچەندە وەک پێویست هیچ هاوکارییەک نەکراوین». سەبارەت بەدابینکردنی کارمەندو پزیشک، شەماڵ جەبار وتی «هەتا (100) کەسیش پێویست بکات لەکارمەندو پزیشک و شۆفێر‌و کارگوزارو هەر بەشێکی دیکە لەدەزگای تەندروستی پێشمەرگەوە ئەوەندەمان هەیە بتوانین بیانگوازینەوە بۆ ئێرەو سەرپەرشتی نەخۆشخانەکە بکەن». ناوبراو ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکات بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی کۆرۆنا، بەوەی کەخۆیان بەدووربگرن لەترس و دڵەراوکێ و تەنها گرنگی بدەن بەلایەنی پاک‌وخاوێنی. وتیشی «هەتا پێیان دەکرێ خۆیان بپارێزن بەمانەوەیان لەماڵەکانی خۆیان، هەوڵبدەن کەمترین چوونە دەرەوەیان هەبێت مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست بێت، ئەگینا خۆیان بەدووربگرن لەقەرەباڵغی».
شاناز حه‌سه‌ن به‌رپرسانى ده‌روازه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، رایده‌گه‌یه‌نن به‌هیچ جۆرێک هاتوچۆى بارزگانى له‌گه‌ڵ ئێران راناگیرێت و پێویست ناکات خه‌ڵک بترسێت. موختار حاجى عه‌لى، لێپرسراوى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ له‌سنورى قه‌زاى پێنجوێن، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات له‌ئێستادا له‌مه‌زرى باشماخه‌وه ته‌نها هاتنى گه‌شتیارانى ئێرانى راگیراوه، هاتوچۆى بازرگانى زۆر به‌ئاسایى وه‌ک پێشتر هه‌یه. ناوبراو له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «مه‌رزه‌کان هیچ کات داناخرێن، ته‌نیا ئه‌و که‌لوپه‌ل و خوارده‌مه‌نیانه‌ى که دێنه هه‌رێمه‌وه، له‌سه‌ر مه‌رزه‌کان ده‌گوازرێنه‌وه ناو بارهه‌ڵگرى عێراقى و شوفێره‌کانى خۆمان ده‌یانهێننه ناو هه‌رێمه‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ک رێکارێک بۆ بڵاونه‌بوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا». له‌باره‌ى هاتنه‌وه‌ى گه‌شتیارانى هه‌رێمه‌وه، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد تا (15) ی مانگ ده‌توانن ئه‌وانه‌ى له‌ئێرانن بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێم و له‌دواى ئه‌و رێکه‌وته‌وه مه‌رزه‌کان به‌ڕووى گه‌شتیارانى هه‌رێمیشدا داده‌خرێن. ئه‌و به‌رپرسه‌ى مه‌رزى باشماخ باسى له‌وه‌کرد تاکو ئێستا له‌مه‌رزى باشماخه‌وه، هەزارو ( 892) که‌س هاتوونه‌تەوه هه‌رێمى کوردستان، وتیشى «له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسه‌که له‌ئێران رۆژانه به‌لێشاو خه‌ڵک ده‌هاتنه‌وه، به‌ڵام ئێستا زۆر که‌مبووه‌ته‌وه‌و رۆژانه ته‌نیا (15) بۆ (20) که‌س ده‌گه‌ڕێنه‌وه«. موختار حاجى عه‌لى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌ئێستادا خه‌ڵک خۆى له‌وه تێگه‌یشتووه، ئه‌و هه‌موو را‌گرتن و پشکنینه ته‌نیا بۆ سه‌لامه‌تى گیانى هاووڵاتیانه‌و داوا ده‌که‌ن پشکنینیان بۆ بکرێت ئه‌وکات بڕۆنه‌وه بۆ ناو خێزانه‌کانیان. ئه‌حمه‌د قادر، قایمقامی قه‌زاى چۆمان، که‌مه‌رزى حاجى ئۆمه‌ران ده‌که‌وێته ئه‌و سنوره‌وه له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ته‌نیا هاتوچۆى گه‌شتیارانى ئێرانى بۆ هه‌رێم راگیراوه، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى خۆمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و تاماوه‌ى چوارده رۆژ ده‌خرێنه ناو که‌ره‌نتینه‌کانه‌وه‌و تادواى ئه‌و ماوه‌یه تێکه‌ڵ به‌کۆمه‌ڵگه ده‌کرێنه‌وه«. له 21ى شوباتى 2020وه تا رۆژى شه‌ممه زیاتر له (900 ) که‌س له‌مه‌رزى حاجى ئۆمه‌رانه‌وه هاتوونه‌ته‌وه هه‌رێمى کوردستان، قایمقامى چۆمان باسى له‌وه‌شکرد پێشتر رۆژانه به‌سه‌دان که‌س ده‌هاتنه هه‌رێمه‌وه، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆر که‌مبۆته‌وه، رۆژانه (10) بۆ (20) که‌س ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ناوبراو وتیشى «هاتوچۆى بارزگانى به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رانه‌گیراوه‌و ئاڵوگۆڕى باره‌کان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ شۆفێره عیراقییه‌کان و هه‌موو رێکارێک گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ خۆپاراستن له‌و ڤایرۆسه‌و هه‌موو بارهه‌ڵگره‌کان پاکژده‌کرێنه‌وه ئینجا داخڵ ده‌بن». جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه تائێستا هیچ بڕیارێک نیه بۆ راگرتنى هاتوچۆى بازرگانى و به‌پێى رۆژو پێویستى رێنمایى نوێ ده‌رده‌چێت، وتیشى «له‌داهاتوودا هه‌ر بڕیارێک بدرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى کۆرۆنا بێگومان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى و سه‌لامه‌تى هاوڵاتیاندا ده‌بێت
عومه‌ر فه‌تاح له‌ده‌روازه فه‌رمی و لاوه‌کیه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران رێوشوێنه‌کان توندوتۆڵ ده‌کرێنه‌وه بەرامبەر بەوانەی بەقاچاخ دەگەڕێنەوە بۆ خۆدەربازکردن لەپشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوانەشی بگیرێن رەوانەی ئێران دەکرێن ئەگەر دانیشتوانی ھەرێمیش بن. ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ئاشکرا دەگەڕێنەوە بۆ ماوه‌ى 14 رۆژ ده‌خرێنه ژێر چاودێرى پزیشکییه‌وه، ئه‌وانه‌شى خۆیان ئاشکرانه‌که‌ن له رێگه‌ى هێزه‌کانى پۆلیس و ئاسایشه‌وه ده‌ستگیرده‌کرێنه‌وه‌و ده‌خرێنه ژێر چاودێریى ورده‌وه. پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه: بارى قاچاخ و ده‌رمانیشمان گرتووه پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه، نزیکه‌ى (117) کیلۆمه‌ترى هاوسنووره له‌گه‌ڵ شارى کرماشان و پاوه‌و نه‌وسودو مه‌رزى ته‌ته‌و چه‌ند شار‌و شارۆچکه‌یه‌کى دیکه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، هاوکات مه‌رزى پشه له‌ناحیه‌ى به‌مۆو مه‌رزى شۆشمێ له‌ته‌ویڵه ده‌که‌وێته سنورى ئه‌و پارێزگایه‌وه. ئازاد تۆفیق پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو ئه‌وان وه‌ک ئیداره هه‌ر له‌ساتى یه‌که‌مى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که له‌ئێران هه‌موو رێوشوێنێکیان گرتوه‌ته‌به‌رو هه‌ردوو ده‌روازه‌که‌یان داخستوه‌و رێگه‌ناده‌ن هیچ جۆره هاتوچۆیه‌ک ئه‌نجامبدرێت. وتى «رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و ناوخۆش وه‌کخۆى جێبه‌جێده‌که‌ین و دووشوێنمان ته‌رخانکردووه بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى که له‌ئێران دێنه‌وه، تائێستا نزیکه‌ى (50) که‌س که‌ره‌نتینه کراون و ده‌توانین تا (110) که‌س چاوێرى بکه‌ین، به‌ڵام ئیشه‌ڵا ناگاته ئه‌و ژماره‌یه«. له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو ئه‌وان لیژنه‌ى تایبه‌تیان دروستکردووه بۆ ده‌ستگیرکردنى ئه‌وکه‌سانه‌ى به‌قاچاخ دێنه‌وه‌و خۆیان ناخه‌نە ژێر چاودێرییه‌وه، ئازاد تۆفیق وتى «چه‌ندین که‌سمان ده‌ستگیرکردووه‌و ئاسایش و پۆلیش له‌ڕێگه‌ى چاودێرى کردنى سنووره‌کانه‌وه توانیویانه چه‌ندین بارى قاچاخ ده‌رمان و ده‌مامک و پێداویستى تر‌ى پزیشکى ده‌ستبه‌سه‌ردا بگرن، که به‌کۆڵ ویستراوه بهێنرێته هه‌رێمه‌وه«. قایمقامى چۆمان: هه‌رکه‌س به‌قاچاخ بێته‌وه ره‌وانه‌ى ئێرانى ده‌که‌ینه‌وه سنورى قه‌زاى چۆمان ناحیه‌کانى سمێلان، گه‌ڵاڵه، حاجی ئۆمه‌ران و قه‌سرێ ده‌گرێته‌وه‌و سنورێکی به‌رفراوانی جوگرافی له‌گه‌ڵ چه‌ند شارێکى رۆژهه‌ڵاتی کورستان هه‌یه‌و هاوسنوره له‌گه‌ڵ شارى پیرانشار‌و ده‌روازه‌ى حاجى ئۆمه‌رانیش ده‌که‌وێته ئه‌و سنوره‌وه. ئه‌حمه‌د قادر قایمقامى چۆمان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات ئه‌وان سنوره‌کانیان توندوتۆڵکردووه‌و ئه‌وانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه که‌ره‌نتینه ده‌کرێن. ناوبراو به‌هاوڵاتى وت «هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه به‌هاوکارى فه‌رمانگه جیاوازه‌کان تیمى ته‌ندروستى و ئاسایش و پۆلیس و تیمى دیکه جێگیرکراون و پشکنین بۆ هه‌موو که‌سێک ده‌کرێت و رێوشوێنى توند گیراوه‌ته به‌ر». قایمقامى چۆمان وتی «به‌هۆى ئه‌وه‌ى هێشتا له‌سنوره‌که‌ى ئه‌وان رێژه‌یه‌کى زۆر به‌فر ماوه‌ته‌وه له‌سه‌ر سنوره‌کان هاتووچۆ به‌قاچاخ زۆر قورسه‌و پێناچێت به‌ئاسانى هیچ که‌سێک ده‌ربازى بێت. ئه‌حمه‌د قادر وتیشى «به‌ڵام ئێمه هه‌ر تیمى خۆمان ئاماده‌کردووه‌و هه‌ر که‌سێک به‌قاچاخ بێته‌وه ره‌وانه‌ى ئێرانى ده‌که‌ینه‌وه‌و له‌م یه‌ک دوو رۆژه‌شدا که‌سێکى ئێرانى که‌کارى کۆڵبه‌رى کردووه به‌قاچاخ هاتبوو، ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ى ئه‌ودیو کراوه‌ته‌وه«. له‌سنورى ئیداره‌ى راپه‌رین (110) که‌س که‌ره‌نتینه کراون هاوشێوه‌ى ناوچه‌کانى دیکه، له‌سنورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین رێوشوێنى توندگیراوه‌ته‌به‌ر به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ى که له‌ئێرانه‌وه به‌نایاسایی دێنه‌وه‌و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیرکراون و خراونه‌ته ژێر چاودێریى پزیشکییه‌وه. به‌کر بایز قایمقامی قەزای پشدەر له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو ئه‌وان رێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ناوخۆ‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان جێبه‌جێ ده‌که‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو جێگاى تایبه‌تیان بۆ ئه‌و که‌سانه دیاریکردووه که له‌ئێرانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه. قایمقامی قەزای پشدەر وتی «ئێمه دوو جێگه‌مان کردووه‌ته‌وه‌و تائێستا له‌یه‌کێکیان (60) که‌س و ئه‌ویتریشیان (50) که‌س له‌ئێران هاتوونه‌ته‌وه، خستووماننه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه ئه‌وه‌شى که نوێ بێت ده‌ینێرین بۆ رانیه‌و سلێمانى». جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌کردەوه ئه‌وان ئه‌گه‌ر که‌سێکیش دوو هه‌فته پێش راگه‌یاندنى حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌ئێران بووبێت خستوویانه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه‌و ده‌بێت (14) رۆژ که‌ره‌نتینه بێت. به‌کر بایز وتیشى «له‌سنوورى ئێمه‌وه هیچ مه‌رزێکى لاوه‌کى یان رێگه‌یه‌کى وانییه که‌خه‌ڵک به‌قاچاخ بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر بۆ دڵنیایی خۆمان ئه‌و شوێنانه‌ى گومانمان لێى هه‌بووبێت ئاسایش و پۆلیسمان لێ جێگیرکردووه بۆ ئه‌وه‌ى که‌س نه‌توانێت به‌قاچاخ بێته‌وه«. له‌دوای تۆمارکردنی چه‌ند حاڵه‌تێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، له‌کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، بۆ به‌رگریکردن و خۆپاراستن له‌ڤایرۆسه‌که حکومه‌تی هه‌رێم چه‌ند بڕیار‌و رێنماییه‌کی تایبه‌تیان ده‌رکردووه له‌ناو سه‌نته‌ری شار‌و شارۆچکه‌کانیشدا چه‌ند رێوشوێنێکی پزیشکی گیراوه‌ته‌به‌ر. ئیداره‌ى گه‌رمیان: ئه‌وانه‌ى له‌مه‌رزى مونزیرییه‌وه هاتوونه‌ته‌وه خراونه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه سنورى ئیداره‌ی گه‌رمیان، پێکهاتووه له‌هه‌ریه‌که له‌قه‌زاکانی (که‌لار، کفری، به‌شێک له ناحیه‌کانی قه‌زای خانه‌قین و هاوسنوره له‌گه‌ڵ شارى کرماشان و چه‌ند شار‌و شارۆچکه‌یه‌کى دیکه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و ده‌روازه‌ى په‌روێزخان ده‌که‌وێته سنوره‌که‌و مه‌رزى مونزیرییه‌ش له‌خانه‌قین هاوسنوره له‌گه‌ڵ گه‌رمیانداو رۆژانه سه‌دان که‌س له‌و دوو ده‌روازه‌یه‌وه هاتووچۆ ده‌که‌ن بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران. هه‌ڤاڵ ئیبراهیم وته‌بێژى ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌وکه‌سانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى له‌ده‌روازه‌ى په‌روێزخانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌یانخه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ناو که‌لار شوێنێکیان دیاریکردووه‌و تائێستا زیاتر له (200) که‌سیان خستووه‌ته ژێر چاودێریى پزیشکیه‌وه‌و پرۆسه‌که‌شیان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه‌شى وت «ئه‌و بنکه‌یه له‌ژێر چاودێرى به‌رپرسانى مه‌رزو قایمقام و ته‌ندروستى و ئاسایش و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کاندایه، به‌پێى پێویست پشکنین بۆ ئه‌وکه‌سانه ده‌کرێت که‌ده‌مێننه‌وه«. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چ هه‌نگاوێک گیراوه‌ته‌به‌ر به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ى به‌شێوه‌ى نایاسایی دێنه‌وه، هه‌ڤاڵ ئیبراهیم وتى «هیچ که‌سێک به‌قاچاخ نه‌هاتووه، ئه‌وه‌شى ده‌وترێ له‌مه‌رزى مونزیریه‌وه هاتوون، ئه‌وانه‌ى خه‌ڵکى سنوره‌که بوون لاى خۆمان خستووماننه ژێر چاودێرییه‌وه، ئه‌وانه‌شى خه‌ڵکى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق یان سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و شوێنه‌کانى تربوون ناردوماننه‌ته‌وه‌و ئه‌وان لاى خۆیان که‌ره‌نتینه‌یان کردوون». قایمقامى پێنجوێن: مه‌رزه لاوه‌کییه‌کان داخراوه‌و رێوشێونه‌کان تونده قه‌زاى پێنجوێن رووبه‌رێکى به‌رفراوانى هه‌یه له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و هاوسنوره له‌گه‌ڵ شاره‌کانى مه‌ریوان و سه‌قزو بانه‌و هه‌ردوو ده‌روازه‌ى باشماخ و سه‌یرانبه‌ن ده‌که‌ونه ئه‌و سنوره‌وه‌و رۆژانه جگه لەوه‌ى نزیکه‌ى هه‌زار ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگرو سووته‌مه‌نى، سه‌دان هاوڵاتى و گه‌شتیار هاتووچۆ له‌و دوو ده‌روازه‌یه‌وه ده‌که‌ن، جگه له‌و دوو مه‌رزه پێنج مه‌رزى لاوه‌کى ده‌که‌وێته ئه‌و سنوره‌وه. زانا ره‌حمان قایمقامى پێنجوێن ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، ئه‌وان به‌پێى رێنماییه‌کانى سه‌رووى خۆیان رێوشوێنى پێویستیان گرتووه‌ته‌به‌رو له‌ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ تیمێکى ته‌ندروستى جێگیرکراوه‌و هه‌ر گه‌شتیارێک له‌ئێران بگه‌ڕێته‌وه دواى پشکنین و رێوشوێنه ئیدارییه‌کان به‌ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت ده‌یگوازنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى که له‌سلێمانى دیاریکراوه‌و بۆماوه‌ى (14) رۆژ له‌ژێر چاودێریدا ده‌بن. ناوبراو به‌هاوڵاتى وت «ئێمه مه‌رزه‌کانمان توندوتۆڵکردووه‌و رێگه به‌وه‌ناده‌ین که‌س به‌قاچاخ بێته‌وه‌و بزانین هه‌ر که‌سێکیش به‌نایاسایی هاتووه‌وە ئه‌وه راده‌ستى هێزه‌کانى پۆلیس و ئاسایشی ده‌که‌ین و ئه‌وان ئیجرائاتى پێویستیان به‌رانبه‌ر ده‌گرنه به‌رو ده‌خرێنه ژێر چاودێرییه‌وه«. سه‌باره‌ت به‌هاتووچۆى بازرگانى له‌ده‌روازه‌کانه‌وه، قایمقامى پێنجوێن ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که له‌ده‌روازه‌ى باشماخه‌وه ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌رده‌وامه، به‌ڵام به‌کۆمه‌ڵێک رێوشوێنى ته‌ندروستیى توندوتۆڵ، وتیشى «سه‌باره‌ت به‌مه‌رزى سه‌یرانبه‌نیش که‌هه‌موو میوه‌و سه‌وزه‌کانى لێوه هاورده‌ده‌کرا دوو هه‌فته‌یه داخراوه‌و ئێستا باره‌کان له‌ڕێگه‌ى باشماخه‌وه دێته هه‌رێم». رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکردکه‌باندێکیان ده‌ستگیرکردووه که‌خه‌ڵکیان له‌ئێرانه‌وه به‌قاچاخ هێناوه‌ته‌وه. به‌پێى ناوه‌رۆکى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى ئاسایش دوای کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌گوێره‌ی مادده‌ی (76) له‌یاسای سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، باندێکی قاچاخییان ده‌ستگیرکردووه که له (15) که‌س پێکهاتوون و قاچاخچێتییان به‌مرۆڤه‌وه کردووه‌و هه‌ندێک له‌تۆمه‌تباره‌کان شۆفێرن و هه‌ندێکی دیکه‌یان کاسبن و ساڵی له‌دایکبوونیان له‌نێوان 1966 بۆ 2004دایه، سه‌رجه‌میان کورد‌و دانیشتووی هه‌رێمی کوردستانن. له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى ئاسایشى سلێمانیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌کراوه تۆمه‌تباره‌کان دانیان به‌تاوانه‌کانیاندا ناوه به‌وه‌ی به‌ئۆتۆمبێل و به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی به‌رامبه‌ر به‌بڕێک پاره هاوڵاتیانیان بردووه‌ته ئێران یاخود له‌ئێرانه‌وه هێناویانه‌ته هه‌رێم.
راپۆرتی: رۆیتەرز وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرتاسەری ئێران‌دا لەبڵاوبوونەوەدایە، کەناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دڵەراوکێ لەنێو زۆربەی ئێرانیەکاندا پەرەیسەندووە کەهەندێکیان نیگەرانی ئەوەن سیستەمی فەرمانڕەوایی ئایینی وڵاتەکەیان جڵەوێکی توندوتۆڵی نییە بەسەر نەخۆشییەکەوە. هەموو رۆژێک بارهەڵگرە پڕ لەسپرا پاکژکەرە (ڤایرۆس کوژ)ەکان شەقامەکان، مەزارگاکان، پارکە گشتییەکان، تەنەکە خۆڵەکان، تەوالێتە گشتتیەکان، هەروەها مارکێتەکانی قوم، تاران و شارەکانی تر پڕدەکەن کەحاڵەتی تووشبوونیان تێدا تۆمارکراوە. تەلەڤزیۆنەکانی سەر بەحکومەت کارمەندەکانی پاککردنەوەی پیشان دەدا کەوێستگەکانی میترۆ‌و پاسیان پاکدەکردەوە. «بۆنی دەرمانە پاکژکەرەکان بوونەتە کابوس بۆم، شارەکەمان بۆنی گۆڕستان ومەیتخانەی لێدێت»، زیبا رەزایی تەمەن (٦٢) ساڵ وای وت کەمامۆستایەکی خانەنشینە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، سەرهەڵدانی خێرای ڤایرۆسەکە زیاتر لە (٧٠) کەسی کوشتووەو حاڵەتەکانی تووشبونیش نزیکدەبنەوە لەدوو هەزار. بەرپرسان داوایان لەخەڵکی ئێران کردووە کەدووربکەونەوە لەشوێنە گشتییەکان و لەماڵەوە بمێننەوە لەکاتێکدا بەشێوەیەکی کاتی قوتابخانەکان، زانکۆکان، ناوەندە وەرزشی و کلتورییەکان لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا داخراون. «ماوەی هەفتەیەکە ماڵەوەمان بەجێنەهێشتووە. منداڵەکان وانە بەئۆنلاین دەخوێنن و تەنها هاوسەرەکەم دەچێتە دەرەوە ئەویش بۆ کڕینی شتومەک و کارکردن»، سەمار تەمەن (٣٨) ساڵ وای وت کەخەڵکی شاری شیرازە. بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لەدروستبوونی پشێویی و ترس، حکومەت شاری قومی دانەخستووە کەشارێکی پیرۆزی شیعەکانەو لەلایەن بەرپرسانەوە وەک ناوەندنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکرا. هەرچەندە چەند رێکارێکی فراوانیان سەرپاندووە وەک سنوردارکردنی ئەوەی کێ رێی پێبدرێت بچێتە دەرەوەو ناوەوەی قوم. هەندێک دەمارگیری ئایینی، بەپیاوە ئایینیەکانیشەوە، بیرۆکەی داخستنی ناوچە پیرۆزەکەیان رەتکردووەتەوە بۆ رێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بەوپێیەی پێیانوایە مەزارگەی قوم «شوێنێکە بۆ چاکبوونەوە». چەند ڤیدیۆیەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە کەچەند کەسێکی نیشاندەدا دەرگاو گۆڕەکانی مەزارگەی مەعسومەیان دەلێسایەوە، ئەمەش وەک بەرەنگارییەک دژی ئامۆژگارییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە رایگەیاندبوو دووربکەونەوە لەدەستلێدان یان ماچکردنی مەزارگەکە، کەخەڵکی زۆر سەردانی دەکەن. لێکەوتەیەکی بەگوژم و لەپڕ مایک رایان، بەرپرسی پرۆگرامی باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ٢٧ی شوباتدا رایگەیاند ئێران مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسێکدا دەکات کەزۆر لەوە خراپترە کە تائیستا مرۆڤ لێی تێگەشتووە. حکومەت یەکەم حاڵەتی تووشبون و مردنی بە ڤایرۆسەکە لە ١٩ی شوباتدا راگەیاند. بەرپرسانی ئێران، بەسەرۆک حەسەن رۆحانیشەوە، هەموو ئەو نیگەرانیانەیان پشتگوێخستووە کە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و باس لەوەدەکەن هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکەدا جێبەجێکراوە. کۆمەڵیک پزیشک کە لەلایەن رۆیتەرزەوە پەیوەندییان پێوە کرا وتیان کە نەخۆشخانەکانی تاران، قوم، رەشت پڕی خەڵک بوون و باری نەخۆشخانەکان گرانبوون. «نەخۆشخانەکان پڕن لەکەسی تووشبوو، گوێبیستی سەدەها هەواڵی مردن دەبین. پێویستمان بە نەخۆشخانەی زیاترە، ژمارەی مردن بەرز دەبێتەوە»، پزیشکیک لەئێران وای وت کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت. وەزارەتی تەندروستی فەرمانی بەنەخۆشخانەکان کردووە تەنها ئەو کەسانە داغڵ بکات کە تووشبوون لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی پیویستیان بەچاودێری بەپەلە هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی سەر بەسوپا تەرخانکراون بۆ چارەسەرکردنی تووشبووەکان. پزیشکێک لەقوم، کەئەمیش نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رۆیتەرزی راگەیاند نەخۆشییەکە چەند رۆژێک پیش ئەوەی رابگەنرێت بوونی هەبووە. «ئێمە نەخۆشی زۆرمان هەبوو بەهەمان نیشانەی نەخۆشییەوە، بەڵام بە دەرمانی هەڵامەت چارەسەریان بۆ کراو نێردرانەوە بۆ ماڵەوە». هەندێک لە رەخنەگران فەرمانڕەوایانی ئایینی تۆمەتبار دەکەن بەشاردنەوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی زامنی بەشداریکردنێکی زۆر بکەن لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لەمانگی شوباتدا. هەندێکی تر پێیانوایە پەردەپۆشکردنی رووداوەکە بۆ ئەوە بوو کە رێژەی بەشداریکردن کەم نەکات لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ٢١ی شوباتدا. دواتر عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەت هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوەو وتی کەسەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە نابێت بەسیاسی بکرێت. «بەناو هەموو وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە، چۆن شتی وا دەبێت لەماوەی تەنها (١٠) رۆژدا؟ بەڕوونی ئەوان راستییەکانیان پەردەپۆش کرد تا پلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، دووبارە درۆیان لەگەڵ کردینەوە»، فەریبا تەمەن (٣٤) ساڵ وای وت کەمامۆستایەکی ئامادەییە لە شاری تەبرێز. متمانەی خەڵکی ئێران بە سەرکردەکانیان دزری تێکەوتووە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پارو دانپێدانانی درەنگی خستنەخوارەوەی بێ مەبەستی فرۆکە ئۆکرانییەکە کە بووەهۆی مردنی هەر (١٧٦) سەرنشینەکەی. «ئەگەر منداڵەکانم بەم ڤایرۆسە نەمرن، بەبرسێتی دەمرن»، عەلی حوسەینی تەمەن (٣٩) ساڵ وای وت کە کارمەندێکی بیناسازییە. وتی «کاروباری بیناسازی ئێستا نەماوە و منیش بێکارم».