ئارا ئیبراهیم کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى، شه‌وى دووشه‌ممه‌ى رابردوو په‌یامێکى بەپەرلەمانتاران و «فوئاد حوسێن» وەزیری دارایی عێرقدا ناردووه که‌وه‌زیر «له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبى دانانێت». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، فوئاد حوسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئابوورى و وه‌زیرى دارایى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق کۆبووه‌ته‌وه‌و داواى لێکردووه له‌سه‌ر بنه‌ماى کورسى کورد‌و پشکى حزبه کوردییه‌کان له‌په‌رله‌مانى عێراق وه‌زاره‌ته‌کان بدرێته کورد. فوئاد حوسێن وتوویەتی کەدۆخى کورد جیاوازه له‌شیعه‌کان که ناڕه‌زایه‌تیان هه‌یه له‌ئێستادا، به‌ڵام عه‌للاوى به راشکاوى ئه‌وه‌ى پێ راگه‌یاندووه کهوهزیرهکان له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌کنۆترات و سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت و که‌سانى دیارى حزبى دانانێت. به‌رهه‌م ساڵح شه‌وى 1ى شوباتى 2020 محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى راسپارد بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق و ماوه‌ى مانگێکى له‌به‌رده‌ستدایه بۆ پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ى و ته‌نها (18) رۆژى له‌به‌رده‌ستدا ماوه بۆ پێکهێنانى کابینه‌که‌ى. په‌رله‌مانتارێکى کورد‌و ئاگادار له‌و پرسه که‌نه‌یویست ناوى بهێندرێت، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که «فوئاد حوسێن دواى کۆبوونه‌وه‌که، به‌تووڕه‌یى له‌کۆبوونه‌وه‌که چۆته ده‌ره‌وه‌و نیگه‌ران بووه«. سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێى راگه‌یاندوون فوئاد حوسێن به‌فه‌رمى بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت کۆنه‌بووه‌ته‌وه. سه‌لیم شوشکهیى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «دوێنێ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێى راگه‌یاندین که فوئاد حوسێن به‌فه‌رمى له‌گه‌ڵ عه‌للاوى باسى پێکهێنانى حکومه‌تى داهاتووى عێراقى له‌گه‌ڵدا نه‌کردووه‌و نه‌چۆته ناو دانوستانى فه‌رمییه‌وه«. دوێنێ سێشه‌ممه 11ى شوباتى 2020 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فراکسیۆنه کوردییه‌کان کۆبوونه‌ته‌وه‌و جه‌خت له‌یه‌کڕیزى کورد کراوه‌ته‌وه له‌به‌غدا به‌پێى راگه‌یاندراوى فه‌رمى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم. له‌باره‌ى ئه‌و وه‌زیره کوردانه‌ى که له‌ناو کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکى حکومه‌تى کاربه‌ڕێکه‌ردان ده‌مێننه‌وه یان نا، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ وتی «به‌تەئکید ئه‌م ده‌موچاوانه‌ى ئێستا له‌ناو حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیدان نامێنن». عه‌للاوى بەپەرلەمانتارە کوردەکانی وتووە، دوو مه‌رجى سه‌ره‌کی هه‌یه، که‌سانێک بن زۆر حزبى دیار نه‌بن و هاوکاری بن له‌کابینه‌که‌دا، وتوشیەتی «خۆ ئه‌وانه‌ى له‌ناو حزبهکاندان هه‌موو خه‌ڵکى خراپ نین و خه‌ڵکى باشیشیان تێدایه«. په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا ئاشکراى ده‌کات که عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق هه‌ردوو وه‌زیره‌که‌ى پارتى له‌پۆسته‌کانیان لاده‌دات و خه‌ڵکانى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت. کاوه محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت پێى راگه‌یاندین که‌خه‌ڵکى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت و شیعه‌کان به‌وه رازى بوون، سوننه و کورد ده‌یانه‌وێت به‌شداربن و پشکیان هه‌بێت». ناوبراو وتیشى «عه‌للاوى هه‌ردوو وه‌زیره‌که‌ى پارتى، فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى و به‌نگین رێکانى وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن لاده‌دات له‌پۆسته‌کانیان و خه‌ڵکى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت، ئه‌وه‌شى کردووه به‌مه‌رج بۆ لایه‌نه سیاسییه‌کان». کورد لهکابینهکهى عادل عه‌بدولمه‌هدى سێ وه‌زاره‌تى هه‌بووه‌و فوئاد حوسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى دارایى و وه‌زیرى دارایى، به‌نگین رێکانى وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن له‌سه‌ر پشکى پارتى و یه‌کێتیش یه‌ک وه‌زاره‌تى هه‌یه که‌بریتییه له‌حاکم فاروق وه‌زیرى داد. سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا ده‌ڵێت قبوڵى ناکه‌ن عه‌للاوى راسپێردراو بۆ حکومه‌تى نوێى عێراق به‌ناوى که‌سانى سه‌ربه‌خۆ وه‌زیرێکى وه‌کو ته‌ها محێدین مه‌عروف بۆ کورد دابنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ کۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پێنج فراکسیۆنى کوردستانى(پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) بەڕێوەچوو لەسەر ئەو پرسە. ڤیان صه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا بە ھاوڵاتی بۆ هاوڵاتى، باسی لەوەکرد کە کۆبوونەوەکە جه‌ختی له‌یه‌کڕیزى کرادۆتەوە. ڤیان سه‌برى وتی «وه‌زیر پۆستێکى سیاسییه نه‌ک پۆستێکى ئاسایى، که سیاسییه زۆر ئاساییه ئه‌و که‌سانه حزبى بێت و هه‌م ته‌کنۆترات و پاک بێت، ده‌بێت عه‌للاوى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بکات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دانانى وه‌زیره‌کان. هاوکات، ئه‌وه‌شی روونکردەوه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى نوێ رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق که پێشتر ئه‌نجامدراوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى بودجه‌و مادده‌ى 140ى ده‌ستور جێبه‌جێ بکرێت و یه‌کێکه له ئه‌وله‌ویاته‌کانیان. به‌رهه‌م ساڵح شه‌وى 1ى شوباتى 2020 محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى راسپارد بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق و ماوه‌ى مانگێکى له‌به‌رده‌ستدایه بۆ پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ى. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که عه‌للاوى کۆتایى هه‌فته‌ى ئاینده بڕیاره حکومه‌ته‌که‌ى رابگه‌یه‌نێت و بێته په‌رله‌مان، وتیشى:» ته‌نها (١٨) رۆژ له‌به‌رده‌ست محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت ماوه، ئه‌وه‌ى به‌براده‌رانى ئێمه وتووه له‌به‌غدا بڕیاره کۆتایى هه‌فته‌ى ئاینده حکومه‌تى نوێ و به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى رابگه‌یه‌نێت». سه‌لیم شوشکهیى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که کورد لهکابینهکهى عه‌للاوى چوار وه‌زاره‌تى پێده‌درێت، به‌پێى به‌رکه‌وته‌ى کورسییه‌کان بێت پارتى دوو وه‌زاره‌ت و یه‌کێتى وه‌زاره‌تێک و گروپى (١٥) وه‌زاره‌تێکیان ده‌بێت. فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا کە دوو بەشن، بەشداریانن نەکردوە لە کۆبوونەوەکەدا، رابوون مەعروف پەرلەمانتاری فراکسۆنی ئایندە کە ساڵی رابردوو لە نەوەی نوێ جیابوونەوە، لەو باریەوە وتی «ئێمە وەک بنەما، کۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ ناوەندێکی حکومی و حیزبی رەتناکەینەوە، بەڵام لە دیدی ئێمەوە پارتی و یەکێتی بەشێکن لە کێشەکانی عێراق نەک چارەسەر. بۆیە گونجاو نیە بچین لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی چارەسەری کێشەکان بکەین لە کاتێکدا ئەو دو حیزبە خۆیان بەشێکن لە ھۆکاری کێشەکان». رابوون مەحروف بە ھاوڵاتی وت «ئێمە بڕوامان بە تێرمی یەکڕیزی و دابەشکاری تائیفی و مەزھەبی نییە لە عێراقدا. لە دیدی ئێمەوە لەم قۆناغەدا پارتی و یەکێتی زوڵم و ستەمیان لە ھاوڵاتیانی ھەرێم زۆرتر کردوە تا دەزگا حوکمڕانیەکانی بەغداد. بۆیە ئێمە بیر لە رزگارکردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان دەکەینەوە لە دەستی پارتی و یەکێتی، نەک بچین لەگەڵ پارتی و یەکێتی فراکسیۆنی یەکگرتو پێکبھێنین و ئەوان بڕیار بدەن و ئێمە سەر بلەقێنین». وتشی «شاندی کوتلە کوردستانیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەڕێز محمد عەلاوی دانیشتون بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەجێندای کابینەی داھاتو لەسەر مافە بنەڕەتیەکانی گەلی کوردستان. بەڵام سەبارەت بە پشکی حیزبەکان، ئێمە وەک فراکسیۆنی ئایندە لەم قۆناغەدا دژی پێک‌ھێنانی حکومەتین لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی و بەشداریش لە حکومەتدا ناکەین». گروپى (١٥) پێکهاتوون له‌فراکسیۆنه‌کانى (گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ، ئاینده، هاوپه‌یمانى)، کاوه محه‌مه‌د ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که داواى هیچ وه‌زاره‌تێکیان له عه‌للاوى نه‌کردووه، به‌ڵکو ته‌نها داواى پاراستنى مافه‌کانى گه‌لى کوردیان کردووه به‌تایبه‌ت پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ى جووتیاران.
عومه‌ر فه‌تاح له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا (62) هاوڵاتی تووشی حاڵه‌تی شکان و ده‌رچوونی ئێسک بوون به‌هۆی به‌فرو سه‌رماوه‌و به‌ستنی شه‌قامه‌کانه‌وه، به‌شێکی زۆریان دوای چاره‌سه‌ری پزیشکی ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه کراونه‌ته‌وه‌و هاتوچۆش رێنمایی ده‌داته شۆفێران کهتیژڕهوی نه‌که‌ن. چه‌ند رۆژێکه شه‌پۆلێکی سه‌رماو سۆڵه‌و به‌فر روویکردوهته ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و پله‌گانی گه‌رما دابه‌زیون بۆ ژێر سفری پله‌ی سه‌دی و به‌شێک له رێگا سه‌ره‌کیه‌کان و شه‌قامه‌کانی ناو سه‌نته‌ری شاره‌کانیش به‌ستویه‌تی و ئاسته‌نگی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێلیش دروستکردوه. له‌سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆک نزیکه‌ی (20) سم به‌فر باریوه‌و پله‌ی گه‌رما دابه‌زیوه بۆ ئاستی (12) پله‌ی ژێر سفرو به‌شێکی زۆری شه‌قامه‌کان به‌ستویه‌تی و چه‌ند رووداوێکی هاتوچۆش روویداوه. هه‌یسه‌م عه‌بدی به‌رپرسی سه‌نته‌ری فریاکه‌وتنی پارێزگای دهۆک، به ھاوڵاتی وت «به‌هۆی به‌ستنی شه‌قامه‌کانه‌وه‌و زۆری به‌فره‌وه کارمه‌ندانی سه‌نته‌ره‌که‌مان له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا (37) هاوڵاتی ته‌مه‌ن جیاوازیان گه‌یاندوه‌ته نه‌خۆشخانه‌کان که‌تووشی حاڵه‌تی شکانی ئێسکی ده‌ست و قاچ بوون یان خزان و ترازان بوون». ئه‌و به‌رپرسه ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد نزیکه‌ی (12) حاڵه‌تیان به‌هۆی رووداوه‌کانی هاتوچۆوه بووه که ئاسته‌نگیان بۆ دروستبووه له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی ناوه‌ندی پارێزگا یان رێگاوبانه‌کانی ده‌ره‌وه. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیش بڵاویکرده‌وه له‌نزیک قلیاسان ئۆتۆمبێلێکی ئه‌مبولانس له‌کاتی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشێکدا، کۆنترۆڵی له‌ده‌ستداو وه‌رگه‌ڕاوه‌و رووداوه‌که‌ش به‌هۆی به‌ستنی شه‌قامه‌که‌وه بووه‌و شۆفێره‌که کۆنترۆڵی له‌ده‌ستداوه‌و وه‌رگه‌ڕاوه، به‌ڵام رووداوه‌که هیچ زیانێکی گیانی به‌دواوه نه‌بووه. لوقمان له‌تیف، به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی پێنجوێن به ھاوڵاتی وت «به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله سه‌رمایه‌ی که رووی له‌ناوچه‌که‌مان کردووه‌و ئه‌و به‌فرو به‌سته‌ڵه‌که‌ی که‌هه‌یه له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو رۆژه‌دا نزیکه‌ی (25) ھاوڵاتی به‌هۆی خزان و که‌وتنه‌وه تووشی شکانی ئێسک و ده‌رچوون و درز‌و ئازار پێگه‌شتن بوون و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ کراوه«. ناوبراو داوای له‌هاوڵاتیان کرد که‌زۆر به‌ووریاییه‌وه هاتوچۆ بکه‌ن و له‌کاتی زۆر پێویست نه‌بێت نه‌چنه ده‌ره‌وه تا ئه‌م شه‌پۆله سه‌رماو به‌فره تێده‌په‌ڕێت، وتیشی «به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مه‌ن و منداڵن چاودێری وردتریان ده‌وێت، چونکه پێکهاته‌ی ئێسکیان لاوازتره بۆ به‌رکه‌وتنی زه‌بری ده‌ره‌کی». به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیش، لهئاگاداریهکیدا هۆشداری داوه‌ته شۆفێران که به‌هۆی دابه‌زینی پله‌کانی گه‌رما بۆ ژێر سفر به‌سته‌ڵه‌ک له‌سه‌ر چه‌ند شه‌قامێک هه‌یه‌و پێویسته بهوریاییهوە شۆفێریی بکهنو تیژڕه‌ویی نه‌که‌ن.
وتاری: مایکڵ روبن لەگۆڤاری واشنتن ئێکزامینەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا دەیەیەک لەمەوبەر، حکومەتی تورکیا داوای لەبەلجیکا، فەرەنسا، هەروەها ئیتاڵیا کرد کۆمەڵێک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد دەستگیربکەن لەسەر تۆمەتی ئەوەی کەئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون. وڵاتە ئەوروپییەکان داواکەیان جێبەجێکرد بەدەستبەسەرکردنی (40) کورد. لەوکاتەدا بەرپرسانی تورکی ئاهەنگیان گێڕا. «ئێمە زۆر دڵخۆشین چونکە بەلجیکا هەستا بە ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتی خۆی»، ئەحمەد داودئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەوکات ئەمەی وت و ئەوەشی خستەڕوو کە دەستبەسەرکردنەکان «پەیامێکی روونن بۆ ئەوانەی کەدابینکەری سەرچاوەن بۆ کردەی تیرۆر». پێچەوانەی پێشبینییەکان، خۆشییەکەی حکومەتی تورکیا پێی نەگرت و سەرکەوتنەکەیشی باجێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا. لەتورکیا بەشێوەیەکی تووند حکومەت کۆنتڕۆڵی دادگاکان دەکات؛ سەربەخۆیی دادوەری زیاتر تیۆرییە وەک لەوەی راستەقینە بێت. ئەمە بەتایبەتی زەقترە لە رژێمی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، کەتێیدا هەردوو لایەنی تۆمەتبارکراوو داوەران دەزانن کە رووبەڕووی تۆمەت و زیندانی دەبنەوە ئەگەر کەیسی ورد بخەنەڕوو یان پاڵپشتی پارێزگاری بکەن. بەمانەیەکی تر، لە تورکیادا تاوان گوێزەرەوەیە (وەک پەتا) بۆ هەر کەسێک کەدژی ئەردۆغان، کوڕەکەی یان زاواکەی بوەستێتەوە. بەڵام، لەدەرەوەی تورکیا دادگاکان ئامادەن بەبێلایەنی تەماشای بەڵگەکان بکەن. زۆرجار، ئەمە سەردەکێشێت بۆ شکستی گەورە بۆ حکومەتی تورکی. بۆ نمونە، لە ٢٠٠٥دا دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتگیری لەقەدەغەکردنی لەچک کرد لە تورکیا کەئەردۆغان زۆر بەتووندی دژی بوو. بەڵگەکانی تورکیا دژی فەتحوڵا گولەنی جودابیر، کە ئێستا لەئەمریکایە، بەتۆمەتی ئەوەی هەوڵی کودەتاکردنی داوە بەسەر حکومەتدا، لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە بە ناقایلکەر لەقەڵەمدران. ئێستا رژێمی ئەردۆغان سێ بەهیچ دۆڕاوە. لایەنی تۆمەتباری کورد لەبەلجیکا رووبەڕووی ئەوە وەستانەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی بێت. لە ٨ی مارسی ٢٠١٩دا، دادگای پێداچوونەوەی برۆکسل کەیسی (41) کەسی داخست کەتۆمەتبار کرابوون بەسەرکردە یان ئەندام لەچالاکی رێکخراوێکی تیرۆرستیدا. بەشێوەیەکی وردتر، دادگاکە ئەوەی یەکلایی کردەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو «پارتێکە لە ململانێیەکی چەکداری نانێودەوڵەتیدا». لەبەرئەمە، دادگاکە گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کەپێویستە بەلجیکا یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات لەکەیسەکەدا نەک یاساکانی دژەتیرۆر. داواکاری گشتی بەلجیکا تانەی لەم دەرئەنجامەدا، بەڵام لە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، دادگایی پووچەڵکردنەوە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی پەسەندکرد. دوای ئەمە هیچ تانەیەک نییە. لەمەودوا، بەلجیکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا ناکات، بڕیارێک کەهەرگیز رووینەدەدا ئەگەر تورکیا هەوڵی فراوانکردنی سیستەمی زۆرداری (ئەسۆریتاریانیزم)ی خۆی نەدایە لەدەرەوەی سنوری وڵاتەکەی. ئەمە مانای ئەوە نییە کە پەکەکە لەدەرەوەی رەخنەکان بێت. سەرەتای پەیدابوونی خوێناوی بوو، هەروەها زۆر خەڵکی بێ‌تاوان، کورد‌و تورک، گیرۆدەی شەڕەکەی بوون. عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەرەکەی، کە ئێستا لەزیندانی تورکیادایە لەساڵەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠کاندا سیستەمی مارکسیزمی پەیڕەودەکرد هەرچەندە لەوکاتەوە بزووتنەوەکە پەرەیسەندووە. هەندێک لقی پەکەکە، وەک هەڵۆکانی ئازادی کوردستان (تاک)، هێشتا بەشدارن لەکردەی تیرۆریستی‌دا، هەرچەندە هەندێک گروپی تر کە لەپەکەکەوە پەرەیانسەندووە (بۆ نمونە پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا، پەیەدە) ئەو جۆرە تاکتیکانە پەیڕەو ناکات و لەڕاستیدا تۆمارێکی زۆر باشتری هەیە لەسوپای تورکیا کاتێک دێتەسەر بابەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و گرنگیدان بەماف و ئاسایشی مەدەنی. لەگەڵ ئەوەی بەلجیکا ئاراستەیەکی نوێی وەرگرت لەتەماشاکردنی پەکەکەدا، رەنگە ئێستا کاتی ئەوەبێت ئەمریکا بەو بەڵگەیەدا بچێتەوە کە بووەهۆی ئەوەی پەکەکە وەک تیرۆریست بناسێنێت لەیاسای ئەمریکیدا. ئێستا روونە کە بەڵگەی تورکیا جێی متمانە نییەو زۆرجاریش هەڵبەستراوە. جگەلەمەش، دۆخی ئەوکاتی ناساندنی پەکەکە وەک تیرۆریست لە ١٩٩٧دا - سیازدە ساڵ دوای ئەوەی یاخییووبی دەستیپێکردو وادەردەکەوێت کەکات بۆدانراو بوو وەک شیرینییەک بۆ فرۆشتنی چەک لەلایەن ئیدارەی کلینتۆنەوە بەتورکیا - ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم ناساندنە زیاتر دیبلۆماسی بووە وەک لەوەی بابەتی بێت. لابردنی پەکەکە لەلیستی تیرۆردا مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەمریکا باوەش بۆ گروپەکە بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی تورکیا هاوکاری نزیکەکانی قاعیدە دەکات لەسوریاو پەیوەندی ئاڵۆزی ئەنقەرە لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامی تادێت روونتر دەبێت، لابردنی پەکەکە لەلیستی تیرۆردا ئەو کێشە دیبلۆماسییانە چارەسەر دەکات کەپەیوەندی ئەمریکای بەگروپە کوردییە سورییەکانەوە کەمکردووەتەوە. هەروەها ئەو کێشە پەرەسەندووەش چارەسەردەکات کە رێگەدانە بە دیبلۆماسییەت تا ژینگەی ناساندنی تیرۆری پیس بکات، دیاردەیەک کە چوارچێوەی یاسایی سەرزەنشتکردن (ستیگما) نادات بەگروپە تیرۆریستییە راستەقینەکان. هەروەها رەنگە پرۆسەی ئاشتی و پێکهاتنەوە وەگەڕبخاتەوە لەناو تورکیادا بەئاماژەکردن بۆ ئەنقەرە کەقەبارەو ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆدا مانای ئەوەی نییە دەبێت جیهانی دەرەوە یاسا ناماقوڵ و نەژادپەرستییەکانی قبوڵ بکات یان گروپە ئاشتیخوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەنانەت یاخیبووەکان وەک تیرۆریست لەقەڵەم بدات. لەواشنتن و بەتایبەتی لەوەزارەتی دەرەوەدا، پێویستە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەسەر بەرژەوەندییەکانی تورکیادا زاڵ ببێت.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) ده‌ڵێت کلیلى پڕۆسه‌ى ئاشتى له‌تورکیا لاى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌و ده‌بێت کورد ده‌نگ به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان به‌رزبکاته‌وه. عائیشه باشاران، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌فراکسیۆنى هه‌ده‌په له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه ده‌بێت کورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگ و هه‌ڵوێستى یه‌کبخات »ئێمه له‌باکور هه‌شت پارتى سیاسى هاتووینه‌ته باشور بۆ ئه‌وه‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر ئاستى رۆشنبیران و نووسه‌ران دروستبکرێت». عائیشه باشاران ده‌شڵێت:» ده‌سه‌ڵاتدارانى داگیرکارى ده‌یانه‌وێت فشارى توند بخه‌نه‌سه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان، له‌لایه‌ک هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر رۆژئاواى کوردستان، ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت ده‌ستکه‌وته‌کانى رۆژئاواى کوردستان له‌ناوبه‌رێت، له‌لایه‌کى تر له‌کاتى ریفراندۆمدا گه‌مارۆیان خسته‌سه‌ر باشورى کوردستان». هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌ش ده‌کات له‌باکورى کوردستان سیاسه‌تمه‌دارانى کورد ده‌خرێنه زیندانه‌وه، «بەهه‌موو جۆرێک کوردان ده‌کوژرێن و ده‌ستگیرده‌کرێن، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ له‌سه‌ر گه‌لى ئێمه له‌باکور هه‌یه، له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان رۆژانه کورد له‌سێداره ده‌ده‌ن، واته ئێستا له‌چوار پارچه‌ى کوردستان فشار‌و زه‌ختى زۆر هه‌یه«. هاوڵاتى: له‌م کۆنفڕانسه‌دا یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتووى رۆشنبیرانت بۆ ده‌رکه‌وت؟ عائیشه باشاران: ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا ئێمه خه‌باتێکمان ده‌ستپێکرد بۆ دروستکردنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌بوو و ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردنیش نه‌بوو، به‌ڵکو بۆ دروستکردنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆ دانانى ستراتیژییه‌کى نه‌ته‌وه‌یی، له‌کاتێکدا که سه‌د ساڵ به‌سه‌ر په‌یمانى لۆزاندا تێپه‌ڕده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى داگیرکارى ده‌یانه‌وێت فشارى توند بخه‌نه‌سه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان، له‌لایه‌ک هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر رۆژئاواى کوردستان ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت ده‌ستکه‌وته‌کانى رۆژئاواى کوردستان له‌ناوبه‌رێت، له‌لایه‌کى تر له‌کاتى ریفراندۆمدا گه‌مارۆیان خسته‌سه‌ر باشورى کوردستان، له‌باکورى کوردستان سیاسه‌تمه‌دارانى کورد ده‌خرێنه زیندانه‌وه، بەهه‌موو جۆرێک کوردان ده‌کوژرێن و ده‌ستگیرده‌کرێن، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ له‌سه‌ر گه‌لى ئێمه له‌باکور هه‌یه، له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان رۆژانه کورد له‌سێداره ده‌ده‌ن، واته ئێستا له‌چوار پارچه‌ى کوردستان فشار‌و زه‌ختى زۆر هه‌یه، هێرشه‌کان به‌رامبه‌ر گه‌لى ئێمه له‌هه‌موو کوردستان دژوارن، ئێستا کورد به‌خه‌بات و ناسنامه‌ى خۆى له‌هه‌موو جیهان ناوى ده‌رکردووه، بۆیه ئێمه وه‌ک باکورى کوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه ده‌ستمانکردوه به نزیکبوونه‌وه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یی بۆ رێککه‌وتنێکى نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ش ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ سێ پارچه‌که‌ى دیکه‌ى کوردستان، پێویسته هه‌ر پارهچهیهکى کوردستان به‌پێى تایبه‌تمه‌ندى و دۆخى خۆى له‌یه‌کتر نزیکببنه‌وه‌و رێکه‌وتن بکه‌ن، ده‌ست به‌خه‌باتێکى نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ن، ئێمه وه‌ک ئه‌و شانده‌ى ده‌ستمان به‌و تێکۆشانه کردووه هه‌شت پارتى سیاسى کوردى تێدایه، نه‌ک ته‌نیا پارتى سیاسى، به‌ڵکو رۆشنبیر‌و شاعیر‌و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسى تێدایه‌و ده‌ستى کردووه به‌و خه‌بات و تێکۆشانه نه‌ک ته‌نیا له‌باکورى کوردستان، به‌ڵکو له‌هه‌موو پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان. هاوڵاتى: بۆچى ته‌نها باکوورى کوردستان؟ عائیشه باشاران: ئێمه ئێستا ئه‌و خه‌باته له‌باکورى کوردستان ده‌که‌ین، له‌داهاتوودا ده‌توانرێت ببێته بنه‌مایه‌ک یان پایه‌یه‌ک بۆ سێ پارچه‌که‌ى تر‌ى کوردستان، چونکه ئێستا باکور کراوه‌ته ئامانج بۆ ئه‌وه‌ى پارتى ئازاد نه‌بێت، تاکى ئازا‌و سیاسى ئازاد‌و ژنى ئازاد نه‌بێت، ئێمه ده‌خوازین ئه‌مه ببێته بنه‌مایه‌ک بۆ پارچه‌کانى دیکه‌ش هاتووین بۆ باشور تا ئه‌وه لێره‌ش دروستبکه‌ین، پێویسته له‌باشوریش که‌ئه‌م رێککه‌وتنه نه‌ته‌وه‌ییه نییه، هه‌بێت تاستراتیژیهکى نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت. هاوڵاتى: له‌ئێستادا دۆخى هه‌ده‌په چۆنه‌و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات به‌رامبه‌ر ئه‌ندام و سه‌رکرده‌کانى ئێوه گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێک؟ عائیشه باشاران: ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات دوژمنایه‌تیه به‌رامبه‌ر به‌کورد، ئێستا سیاسى کورد‌و چالاکوانانان و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران، ژنان و گه‌نجان له‌زیندانه‌کانى تورکیادان، ئه‌وان ئێستا دوژمنایه‌تى گه‌لى کورد ده‌که‌ن، نه‌ک ته‌نیا دوژمنایه‌تى کوردى باکور، به‌ڵکو دوژمنایه‌تى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌که‌ن، له‌هه‌ر جێیه‌ک کورد هه‌بێت ئه‌وان دوژمنایه‌تى ده‌که‌ن، ئه‌مه ته‌نیا گروپێکى سیاسى و که‌سایه‌تیه‌ک نیه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌تى تورک و ئه‌ردۆغان دژى هه‌موو گه‌لى کوردن، له‌سه‌ر دوژمنایه‌تى کورد سیاسه‌ت ده‌که‌ن و حسابى خۆیان ده‌که‌ن، ئه‌مه له‌کاتى ریفراندۆمه‌که‌ى باشورى کوردستاندا زیاتر ده‌رکه‌وت، ئه‌ردۆغان وتى گه‌لى باشور برسی ده‌که‌م، ئه‌وه دوژمنایه‌تى نیشانده‌دات، ده‌یه‌وێت کورد بێ ماف و بێ شوێن و بێده‌سه‌ڵات بن، له‌باکورى کوردستان ئێوه ده‌بینن شاره‌وانیه‌کان داگیرده‌که‌ن و سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان زیندانى ده‌که‌ن، په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌گرن و ده‌یانخه‌نه زیندانه‌وه، ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت ناهێڵن کورد له‌هیچ کوێیه‌کى دونیا خاوەن ماف بن، له‌هه‌ر شوێنێک کوردیک بڵێت من مافم هه‌یه‌و ده‌مه‌وێت بژیم، ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت من ناهێڵم تۆ بژی و مافت هه‌بێت، بۆیه ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ى دژى کوردان سیاسه‌ت ده‌کات. هاوڵاتى: چه‌ند پهرلهمانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى ئێستا له‌زیندانه‌کانى تورکیادان؟ عائیشه باشاران: پێشتر پانزه په‌رله‌مانتارى ئێمه ده‌ستگیرکرابوون، به‌ڵام دواتر هه‌ندێکیان ئازادکران، ئێستا هه‌شت په‌رله‌مانتار له‌زیندان ماون، له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 21ى ئادارى رابردوو (28) سه‌رۆک شاره‌وانى ده‌ستگیرکراون، یه‌کێکیش له‌وانه سه‌رۆک شاره‌وانى گه‌وره‌ى ئامه‌ده سه‌لجوق میرزاکلییهو (32) شاره‌وانیش داگیرکراون و قه‌یوم له‌شوێنیان دانراوه، ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت نابێت کوردان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، کاتێک که قه‌یومه‌کان ده‌ستبه‌کاربوون ده‌چن ئەو کوردانه ده‌گرن و ده‌یانخه‌نه زیندانه‌وه، ئه‌و قه‌یومانه خزمه‌تى خه‌ڵک ناکه‌ن، به‌ڵکو دژایه‌تى کردنى گه‌لى ئێمه‌یه، کلتورو مێژووى کورد لاده‌ده‌ن و کلتورى تورک ده‌سه‌پێنن، ناوى که‌سانى وه‌ک ئه‌حمه‌دى خانى و یه‌ڵماس گۆنای و ئه‌حمه‌د کایا لادهبەن و چالاکوانانى ژن ده‌گرن، نایانه‌وێت ژن کاربکه‌ن و سیاسه‌ت بکه‌ن، ئه‌مه دژایه‌تیکردنى گه‌لى کورده، من که په‌رله‌مانتارم ناتوانم بهکوردى قسه بکه‌م، بشتوانم رێگه‌مان نه‌دراوه بهکوردى بنووسین، ئێمه به‌هه‌زاران ساڵه له‌و خاکه‌دا به‌یه‌که‌وه ده‌ژین، گه‌لى ئێمه زۆرتره له‌وان، که‌چى رێگه به‌زمانمان نادرێت و دان به‌بوونى ئێمه‌دا نانێن، زمانى کوردى له‌خوێندنى په‌روه‌رده‌دا به‌کارناهێنرێت و رێگه‌ى پێناده‌ن. هاوڵاتى: ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په کردى بۆ سه‌رۆک شاره‌وانى ئه‌سته‌نبوڵ چ سودێکى بۆ کورد هه‌بوو، ئه‌مه تاکتیک بوو یاستراتیژى بوو؟ عائیشه باشاران: تاکتیک بوو، ئێمه بڕیارێکماندا که وتمان ده‌بێت کوردستان سه‌رکه‌وێت و له‌تورکیاشدا ده‌سه‌ڵاتداران شکست بهێنن، ئه‌م هه‌نگاوى ئێمه تاکتیک بوو، وتمان له‌به‌رامبه‌ر فاشیزمدا به‌ره‌ى دیموکراسى به‌هێز بکه‌ین و ته‌نیا دیموکراسى ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به رێگای سێیه‌مه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا کێ به‌رامبه‌ر فاشیزم و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه ئێمه پشتگیرى ئه‌و ده‌که‌ین، به‌لاى ئێمه‌وه پشتیوانیکردن له‌جه‌هه‌په تاکتیک بوو نه‌ک ستراتیژى، ئێمه پشتیوانیمان له‌جه‌هه‌په نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان وه‌ستاینه‌وه. ئه‌مه بۆ ئه‌وه نه‌بوو که‌سێک قازانج بکات یان هاوڕێیانى ئێمه شاره‌وانى به‌ده‌ستبهێنن، به‌لامانه‌وه گرنگ بوو ئه‌و سیسته‌مى فاشیسته تێکبده‌ین، هه‌موومان بینیمان تێکیشچوو، واته جاری یه‌که‌مینه دواى (17) ساڵ ئه‌ردۆغان شکستى هێناو ئه‌سته‌نبوڵى له‌ده‌ستدا، گه‌لى تورکیا ئه‌وه‌ى بۆ ده‌رکه‌وت که به‌یه‌کێتى ده‌توانین سیسته‌م تێکبدرێت، له‌داهاتووشدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رووبه‌ڕووى لاوازى و فشار ده‌چێت. هاوڵاتى: له‌ڕووى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مان په‌یوه‌ندى هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په باشتره به‌راورد به‌لایه‌نه‌کانى تر؟ عائیشه باشاران: ئێمه هه‌ڵسه‌نگاندنى باش و خراپ بۆ ئه‌مه ناکه‌ین، به‌ڵکو ئێمه سیاسه‌ت ده‌که‌ین، سیاسه‌تی ئێمه به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په‌و هه‌ر لایه‌نێکى تر تاکتیکه. هاوڵاتى: هه‌ڵوێستى جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر پرسى کورد چۆنه؟ عائیشه باشاران: جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و پرسى ئه‌وانیش باکورى کوردستان نییه، ئه‌وانیش ئه‌وه ده‌زانن ئه‌گه‌ر فشار له‌سه‌ر هه‌ده‌په توندتر بێته‌وه‌و گۆشه‌گیر بکرێت ئه‌ردۆغان گه‌وره‌تر ده‌بێت، فاشیزم و ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌تر ده‌بێت، بۆیه ناچارن ئه‌وانیش به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌نگ به‌رزبکه‌نه‌وه. هاوڵاتى: ئه‌وه‌نده‌ى تۆ زانیاریت هه‌بێت چه‌ند هاوڵاتى کورد ئێستا له‌زیندانه‌کاندان؟ عائیشه باشاران: تائێستا نزیکه‌ى حه‌وت هه‌زار کورد له‌زیندانن، ئه‌و ژماره‌یه گۆڕانکارى به‌سه‌ردا دێت، رۆژانه خه‌ڵک ده‌گیرێت و ئازاد ده‌کرێن. هاوڵاتى: دۆسیه‌ى ئازادکردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌زیندان چۆنه‌و چیتان کردووه بۆ ئازادکردنى؟ عائیشه باشاران: ئه‌مڕۆ ئه‌و زوڵم و زۆرییهى به‌رامبه‌ر کورد‌و هه‌ده‌په، مه‌سه‌له هه‌ده‌په‌و حزبێک نییه، مه‌سه‌له دژایه‌تیکردنى گه‌لى کورده، به‌رامبه‌ر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و هه‌موو ئه‌و دژایه‌تییه‌ى به‌رامبه‌ر کورد ده‌کرێت، پێویسته هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌ک گه‌لى کورد له‌چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگى خۆمان یه‌کخست و ده‌نگى نه‌ته‌وه‌ییمان به‌رزکرده‌وه ده‌توانین هه‌موو زیندانیه‌کانیش ئازاد بکه‌ین، ده‌توانین رووبه‌ڕووى هه‌موو زۆردارى و فاشیستێک ببینه‌وه. هاوڵاتى: ئێستا وه‌ک ئاگادارن ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ حزبى دروستکردوه و بڕیاره عه‌لى باباجانیش حزب دروستبکات، ئه‌مه تاچه‌ند شکست به ئه‌که‌په‌و ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت؟ عائیشه باشاران: سیاسه‌تى ئه‌که‌په له‌ناوخۆیدا وایکرد که‌ئه‌و حزبه ببێت به سێ پارچه‌وه، له‌پاشه‌ڕۆژدا ده‌شبێت به (33) پارچه‌وه، چونکه مه‌سه‌له‌ى ئه‌وان ئایدۆلۆژى نییه، به‌رژه‌وه‌ندییه، ئه‌وه‌ش واده‌کات ئه‌که‌په زیاتر به‌ره‌و پارچه‌بوون بچێت. هاوڵاتی: پێتانوایه پرۆسه‌ى ئاشتى له‌تورکیا ده‌ستپێبکاته‌وه یان ده‌بێت تورکیا‌و په‌که‌که رێکبکه‌ون ئینجا ئاشتى دروستده‌بێت؟ عائیشه باشاران: ئێمه هه‌میشه خه‌بات بۆ ئاشتى ده‌که‌ین، لاى ئێمه لهئاشتى پیرۆزتر هیچ شتێکی تر نییه، شه‌ڕ ئاشتى له‌ناوده‌بات، پێویسته شه‌ڕ رابگیرێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پرۆسه‌ى ئاشتى گرێدراوه به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه، واته ئۆجه‌لان شه‌ڕ کۆتایی پێدێنێت نه‌ک له‌باکورى کوردستان، به‌ڵکو له رۆژئاواى کوردستانیش، چاره‌سه‌ری رۆژئاواش لاى به‌ڕێز ئۆجه‌لانه، رێگاى ئاشتى لهئیمیراڵی لای ئۆجه‌لانه‌و پێویسته گفتوگۆى له‌گه‌ڵ بکرێت، پرسى کورد پرسێکى مێژووییه، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌گفتوگۆو رێکه‌وتن هه‌یه، گه‌ڕانه‌وه بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى که له‌ساڵى 2013دا پێکهات ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری و ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له‌ڕێى ئمیراڵییه‌وه ده‌بێت، بۆیه ئه‌دره‌سى ئاشتى دیاره کهئمیراڵی و به‌رێز ئۆجه‌لانه.
عومه‌ر فه‌تاح بەفری سەر لووتکەی شاخەکانی پێنجوێن لەزستاندا خوڕەی ئاوەکانی دامێنی چیاکان لەهاویندا، دێمەنێکی دڵڕفێنن بۆ ئەوانەی کەبیانەوێت شوێنێکی نوێ تاقیبکەنەوە بۆ گەشتوگوزار، بەڵام ئەم دیمەنانە تاڕادەیەک بەتاڵن لەگەشتیارانی تامەزرۆی گەشتی زستانە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی خزمەت و رێگاوبانی پێویستەوە. پێنجوێن یه‌کێکه له‌ناوچه گه‌شتیاریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌هۆی سروشته جوانه‌که‌ى و دیمه‌نی چیابه‌رزه‌کانی ده‌روپشتی و بوونی دارستان و باخێکی زۆررو فێنکی ئاووهه‌واکه‌یه‌وه سه‌رنجی گه‌شتیارانی به‌لای خۆیدا راکێشاوه، بەڵام بەدەگمەن گەشتیار دەبینێت لەزستاندا گەشت بۆ ئەم ناوچە سەرنجڕاکێشە بکەن کە بەوەزری زستان بەفری سپی لەسەر لوتکەی شاخەکانی نابڕێت. ساڵانه هه‌زاران هاوڵاتی له‌ناوچه جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه له‌وه‌رزه جیاوازه‌کان رووى تێده‌که‌ن و کاته‌کانی خۆیانی تێدا به‌سه‌رده‌به‌ن، به‌ڵام خراپی رێگاوبانهکهی و نه‌بوونی مه‌رجه‌کانی که‌رتی گه‌شتوگوزارییه‌کان وایکردووه گه‌شتیاران داوابکه‌ن ئاوڕی جددی لێبدرێته‌وه. له‌وه‌رزی زستاندا پێنجوێن ساڵانه به‌فرێکی زۆری لێده‌بارێت، ئه‌مه‌ش وایکردوه ببێته شوێنی گه‌شتی زستانه‌و سه‌دان هاوڵاتی سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکەیه ده‌که‌ن. ئارام عوسمان ته‌مه‌ن (37) ساڵ دانیشتوی شاره‌زوور ساڵانه چه‌ند جارێک بۆ گه‌شت ده‌چێته سه‌یرانگاکانی پێنجوێن، ئه‌و به‌هاوڵاتی وت «پێنجوێن خۆشترین ناوچه‌ی گهشیتاریه له‌سنورى سلێمانیدا به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى زستان ئه‌وکاتانه‌ى به‌فری لێده‌بارێت، به‌ڵام که‌می خزمه‌تگوزاری واده‌کات زۆر دڵمان بهسهیرانگاکانی خۆش نه‌بێت، چونکه له‌ڕووی رێگاوبانه‌وه زۆر خراپه‌و پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانیش نا‌بینیت له‌ناوچه گه‌شتیاریه‌کان وه‌ک ته‌والێت و شوێنی دانیشتن». له‌ساڵی 2014وه به‌هاوکاری سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی گه‌نجان یاری خلیسکانی سه‌ر به‌فر له‌پێنجوێن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئێستا دوو تیمی کوڕان و کچان که‌ژماره‌یان نزیکه‌ی (60) که‌سه سه‌رقاڵی ئه‌م وه‌رزشه‌ن، جگه له‌چێژبینین له‌یارییه‌که دیمه‌نی جوان و دڵرفێنی چیا به‌فرینه‌کان چێژێکی تایبه‌ت به‌ئاماده‌بووانی وه‌رزشه‌که ده‌به‌خشێت. مه‌ریوان فه‌ره‌ج سه‌رپه‌رشتیاری یاری خلیسکانی سه‌ر به‌فر، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات قه‌د پاڵی کێوێک له‌ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاکه تایبه‌تکراوه به‌یاریی خلیسکانی سه‌ر به‌فر نزیکه‌ی پێنج دۆنم زه‌وییه، به‌ڵام که‌می پێداویستییه‌کان و نه‌بوونی پاڵپشتی بۆته گرفتی گه‌وره له‌به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنیدا. ئه‌و وتیشی «له‌وه‌رزی زستان ته‌نها فیستیڤاڵی خلیسکانه زۆر گه‌رموگوڕه‌و گه‌شتیار راده‌کێشتێت بۆ ناوچه‌که، به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌موکورتییه‌کی زۆرمان هه‌بووه له‌ڕووی دابینکردنی ته‌واوی که‌لوپه‌له‌کان و نه‌بوونی توانای دارایی و پاڵپشتی حکومه‌ت، بۆیه نه‌توانراوه وه‌ک پێویست گرنگی پێبدرێ، لێره‌وه داوا له‌حکومه‌ت ده‌که‌ین که بۆ ساڵانی داهاتوو، که‌لوپه‌لی وه‌رزشیی پێویستمان بۆ دابینبکه‌ن تابتوانین زۆرترین گه‌شتیار بهێنینه پێنجوێن». سنوری پێنجوێن به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی ناوچه‌یی و که‌شوهه‌واکه‌یه‌وه به‌یه‌کێک له‌ناوچه فێنکه‌کانی پارێزگای سلێمانی داده‌نرێت و خاوه‌نی چه‌ندین سه‌یرانگای زستانه‌و هاوینه‌یه، گرنگترین سه‌یرانگا به‌ناوبانگه‌کانی قه‌زای پێنجوێن بریتین لهبلکیان، گۆڵێ، چوارباخ، یاساماڵ، سێچاکانه، به‌ڵام به‌ناوبانگترینیان هاوینه‌هه‌واری گۆڵێیه که‌خاوه‌نی قهیتهرانێیهکی زۆر دڵگیره‌و له‌کاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌کانی گه‌رمادا له‌زۆربه‌ی ناوچه‌کانی هه‌رێمه‌وه زۆرترین گه‌شتیار رووی تێده‌کات. سه‌یرانگه‌ی گۆڵێ ده‌که‌وێته گوندی گۆڵێ له‌شارۆچکه‌ی گه‌رمک به‌دووری 25 کیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی قه‌زاکه‌وه، ئه‌م سه‌یرانگه‌یه تاوه‌کو ئێستا سروشتی خۆی پاراستووه. به‌رپرسانی ناوچه‌که‌ش هاوشێوه‌ی گه‌شتیاران گله‌یی و گازنده‌یان هه‌یه له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم و سه‌رمایه‌دارانی که‌رتی تایبه‌ت که‌ده‌ستی هاوکاری بۆ سه‌یرانگاکان درێژنهکردووهو نه‌هاتوون پرۆژه‌ی تێدابکه‌ن. هه‌رچه‌نده له‌سنوری پێنجوێندا خاوه‌نی زیاتر له(10) هاوینه‌هه‌واره، به‌ڵام تائێستا فه‌رمانگه‌یه‌کی گه‌شتوگوزار له‌ناوچه‌کدا نیه که‌چاودێری شوێنه گه‌شتیارییه‌کان بکات. زانا ره‌حمان قایمقامی پێنجوێن بە هاوڵاتی وت «ته‌نها هاوینه‌هه‌واری بلکیان وه‌ک ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاری له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شوێنه گه‌شتیارییه‌کانی هه‌رێمدا هه‌ژمارکراوه«. ساڵانه به‌تایبه‌تی له‌وه‌رزەکانی بەهارو زستان و هاویندا زیاتر له (100) هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌که‌ن قایمقامی پێنجوێن له‌به‌شێکی تری قسه‌کانیدا بۆ هاوڵاتی وتی «حکومه‌ت و که‌رتی تایبه‌تیش نه‌یانتوانیوه وه‌ک پێویست خزمه‌تی ناوچه گه‌شتیاریه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه به‌پێى توانای خۆمان کارمانکردووهو هه‌ندێک پرۆژه‌ى سه‌ره‌تایی و پێویستمان ئه‌نجامداوه«. به‌پێی ئاماره نافه‌رمیه‌کان، ساڵانه به‌تایبه‌تی له‌وه‌رزەکانی بەهارو زستان و هاویندا زیاتر له (100) هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌که‌ن. بەڵام کەمترینیان لەوەرزی زستاندان. نادر رۆستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که‌پلان و ستراتیژیه‌تی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌یه که‌رتی گه‌شتیاری بکه‌ن به‌یه‌کێک له‌سه‌رچاوه‌کانی داهاتی هه‌رێم و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌یانه‌وێت هه‌موو ئه‌و ناوچانانه‌ی کهسهیرانگاو ناوچه‌ی گه‌شتیارییان هه‌یه ئاوڕی پێویستیان لێبده‌نه‌وه. وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم بە هاوڵاتی وت «پێنجوێن که‌شوهه‌واو جوگرافیای واهه‌ڵکه‌وتووه که‌ناوچه‌یه‌ک دڵگیرو له‌باره بۆ گه‌شیار، بۆیه ئه‌وێ یه‌کێکه له‌وناوچانه‌ی که له‌ساڵانی رابردوو به‌پێی داهاتی حکومه‌ت هه‌ندێک کار کراوه له‌سه‌یرانگاکان به‌تایبه‌تی گۆڵێ». نادر رۆستی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا هاوشێوه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه فیستیڤاڵی هه‌فته‌ی سپی ئه‌نجامبدرێت و له‌و رێگه‌یه‌وه سه‌دان گه‌شتیار چوونه‌ته ناوچه‌که، چونکه له‌باره بۆ ئه‌و جۆره وه‌رزشه، که‌شێکی زۆر خۆش و تایبه‌ت دروستده‌کات، هه‌وڵده‌ده‌ین فراوانتر بکرێت بۆ ساڵانی داهاتوو. چونکه سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی راکێشانی گه‌شتیاری زستانه‌یه. حکومەتی هەرێم هیچ بنکه‌یەکی گه‌شتیاری له‌پێنجوێن نەکردۆتەوە، وته‌بێژه‌که‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار وتی «له‌ساڵی 2014وه حکومه‌ت له‌قه‌یراندایه‌و هه‌موو جۆره دامه‌زراندنێک راگیراوه بۆیه نه‌توانراوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یان بنکه‌یه‌کی گه‌شتیاری له‌وێ بکرێته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتیاری سه‌یرانگاکان بکات، ئێمه له‌هه‌وڵه‌کانی خۆمان به‌رده‌وامده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئاینده‌دا به‌ڵکو حکومه‌ت دامه‌زراندن بکاته‌وه، چونکه زۆر پێویسته‌و زه‌روره که‌ئه‌و بنکه‌یه بکرێته‌وه«. جگه له‌هاوینه هه‌واره‌کان، به‌هۆی بوونی چه‌ندین قه‌ڵای مێژوویی و ئارامگای شاعیران و که‌سایه‌تیه ناوداره‌کانه‌وه سالڵانه ژماره‌یه‌کی زۆرگهشتیار سه‌ردانی سنوری پێنجوێن ده‌که‌ن. پێنجوێن یه‌کێکه له‌قه‌زا دێرینه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، نزیکه‌ی (٩٠) کیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی پارێزگای سلێمانیه‌وه دووره‌و ژماره‌ی دانیشتوانی نزیکه‌ی (٤٠) هه‌زار که‌س ده‌بێت و (40) کیلۆمه‌تر له‌شاری مه‌ریوانی رۆژههوڵاتی کوردستانه‌وه دووره. پێنجوێن ئه‌و شارۆچکهیهیە له‌کۆمه‌ڵێک چیا‌و گردۆڵکه پێکهاتووه، ناوچه‌یه‌کی سه‌خته‌و پله‌کانی گه‌رمای له‌زستاندا زۆرجار بۆ ژێر سفر داده‌به‌زێت، به‌و هۆیه‌وه که‌شوهه‌واو جوگرافیایه‌کی له‌باری هه‌یه بۆ وه‌رزشه‌کانی تایبه‌ت بهخلیسکانی سه‌ر به‌فر.
عومه‌ر فه‌تاح حکومه‌تی عێراق دوو مه‌رجی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی دانبنێت به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی چوار ده‌روازه‌ى نافه‌رمی له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا. مهرجەکانیش بریتین لەەوەی 50%ی داهاته‌کانیان بۆ حکومه‌تی عێراق بێت و لێپرسراوی یه‌که‌م و هه‌یکه‌لی ئیداری ده‌روازه‌کان سه‌ر بهبەغدا بێت. بەڵام هەرێم رازیی نیە. ئه‌و چوار ده‌روازه سنورییهش که‌وتوونه‌ته سنوری چه‌ند قه‌زایه‌ک له‌پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، حکومه‌تی ئێرانیش به‌نیازه له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ند ده‌روازه‌و بازاڕچه‌یه‌کی لاوه‌کی بکاته‌وه که‌ماوه‌ی زیاتر له‌دووساڵه داخراون. ماوه‌ی سێ ساڵه حکومه‌تی هه‌رێم کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کات هه‌ریه‌که له‌ده‌روازه نافه‌رمیه‌کانی (پشته‌و ته‌وێڵه له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و کێلێ له‌سنوری قه‌ڵادزێ و سه‌یرانبه‌ن له‌سنورى پێنجوێن) بکاته ده‌روازه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆیان لێوه‌بکرێت له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، به‌ڵام تائێستا حکومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نه‌نواندووه. سالار عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنورییه‌کان له‌باره‌ی دوایین هه‌نگاوه‌کانی به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی ئه‌و ده‌روازانه ئاماژه به‌وه ده‌کات حکومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌نگاوه هونه‌ری و ئیدارییه‌کان و ئه‌و فه‌رمانگه حکومییانه‌ی که‌پێویستن له‌و ده‌روازانه‌دا کردونیهتهوهو ته‌نها ئه‌وه ماوه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌فه‌رمی بڕیاری کردنه‌وه‌یان بدات. نوێنه‌ره‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنورییه‌کان، به هاوڵاتى وت «حکومه‌تی عێراق و ده‌سته‌ی خاڵه سنورییه‌کان له‌ساڵی پاره‌وه دوو مه‌رجیان داناوه بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازانه، مه‌رجی یه‌که‌می ئه‌وه‌یه 50%ی کۆی داهاته‌کانی هه‌موو ده‌روازه‌کان له‌ئیبراهیم خه‌لیله‌وه تا په‌روێزخان بگه‌ڕێته‌وه بۆ حکومه‌تی عێراق و 50%شی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم بێت، مه‌رجی دووه‌میش ئه‌وه‌یه لێپرسراوی یه‌که‌م و هه‌یکه‌لی ئیداری هه‌موو ده‌روازه‌کان سه‌ر به ده‌سته‌ی خاڵه سنورییه‌کانی حکومه‌تی عێراق بێت، تائێستا ئه‌م دوومه‌رجه جێبه‌جێنه‌کراوه‌و هه‌نگاوه‌کان له‌قۆناغ و شوێنێکی دیاریکراودا وه‌ستاوه«. له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا نوێنه‌ری چه‌ند وه‌زاره‌تێکی حکومه‌تی عێراق که‌پێکهاتبوون له‌وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆ‌و ته‌ندروستی و بازرگانی و دارایی و گواستنه‌وه‌و کشتوکاڵ و ده‌سته‌ی خاڵه سنوورییه‌کان، پێنج جار سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی و ده‌روازه‌کانی سه‌یرانبەن و پشته‌و کێلێ و ته‌وێڵه‌یان کردووه‌و راپۆرتیان له‌سه‌ر دوایین ئیشوکاره‌کان ئاماده‌کردووه‌و به‌رزیانکردووه‌ته‌وه بۆ حکومه‌تی عێراق تابڕیاری به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی ئه‌و ده‌روازانه بدات. سالار عه‌بدوڵا، وتیشى «گفتوگۆ‌و سه‌ردانه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه، به‌ڵام به‌هۆی خۆپیشاندانه‌کان و ئه‌و بارودۆخه‌ى که به‌غدای تێکه‌وتووه هه‌نگاوی نوێ نه‌نراوه‌و چاوه‌ڕوانین بزانین بارودۆخه‌که به‌چی ده‌گات». به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا حکومه‌تی عێراق ئه‌و ده‌روازه سنورییانه‌ی به‌فه‌رمی نه‌ناساندووه به‌نیمچه فه‌رمی داده‌نرێن و به‌شێوه‌یه‌کی سنوردار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێداده‌کرێت، به‌ڵام له‌کاتی بهنێودهوڵهتیکردنیاندا ده‌روازه‌یه‌کی نوێی بازرگانیه به‌ڕووی بازرگاناندا ده‌کرێته‌وه. مه‌رزی پشته ده‌که‌وێته سنووری ناحیه‌ی به‌مۆ له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردوودا چه‌ند جارێک رێگاوبانی مه‌رزه‌که چاککراوه‌و تائێستا (14) فه‌رمانگه‌ی تایبه‌ت به‌خاڵه سنورییه‌کان له‌گوندی سه‌رته‌که‌وه له‌ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه بۆ مه‌رزی پشته له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه گوازراونه‌ته‌وه. نزیکه‌ی دوو هه‌زار ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌مه‌رزی پشته کارده‌که‌ن و رۆژانه (150- 170) باری جۆربه‌جۆری که‌ره‌سته‌ی بیناسازی و ئامێره کاره‌باییه‌کان له‌ئێرانه‌وه هاورده ده‌کرێت و هیچ بارێک هه‌نارده ناکرێت، داهاتی رۆژانه‌ی مه‌رزه‌که‌ش له‌نێوان (50- 60) ملیۆن دیناردایه. مه‌رزی سه‌یرانبه‌ن له‌سه‌ر رووبه‌ری ته‌نها حه‌وت دۆنم زه‌وی دروستکراوه‌و داواکراوه که رووبه‌ره‌که‌ی فراوانبکرێت بۆ (200) دۆنم و هه‌موو فه‌رمانگه‌کانیش بیناو که‌ره‌سته‌ی پێویستیان بۆ دابینبکرێت. سه‌یرانبه‌ن ده‌که‌وێته باکوری قه‌زای پێنجوێن‌و (45) کیلۆمتر له‌ناوه‌ندی قه‌زاکه‌وه دووره له‌دوای مه‌رزی باشماخ ده‌بێته دووه‌م مه‌رز له‌سنوری پێنجوێندا، هاوسنووره له‌گه‌ڵ شاره‌کانی بانه‌و سهقزو سه‌رده‌شتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانداو ته‌نها (20) کیلۆمه‌تر له‌شاری بانه‌وه دووره. ده‌روازه‌ی کێلێ ده‌که‌وێته سنورى قه‌ڵادزێوه له‌ئیداره‌ی راپه‌ڕین، هه‌ردوو شارۆچکه‌ی سه‌رده‌شت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و قه‌ڵادزێ له‌باشووری کوردستان پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، گرنگی ده‌روازه‌که‌ش له‌وه‌دایه که له‌سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێرو پارێزگای سلێمانییه‌وه نزیکه به‌به‌راورد به‌ده‌روازه سنوورییه‌کانی دیکه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان رۆژانه له‌و ده‌روازه‌یه‌وه (100) تا (150) ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌و مه‌رزه‌وه ده‌که‌ن. له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌رین و هه‌ڵه‌بجه‌و پێنجوێن زیاتر له‌دوو ساڵه چه‌ند ده‌روازه‌یه‌کی نافه‌رمی له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، به‌هۆکاری نادیار له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌وه داخراون‌و سه‌دان هاوڵاتی بێکاربوون و بڕیاره جارێکی دیکه بکرێنه‌وه. رۆژی هه‌ینی 7/2 به‌همه‌ن مورادنیا پارێزگاری سنه، به راگه‌یاندنه فه‌رمیه‌کانی ئێرانی راگه‌یاندوه «له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ند بازاڕچهو ده‌روازیه‌کی لاوه‌کی له‌سنوری شاره‌کانی مه‌ریوان و بانه‌و سه‌وڵاوای پارێزگای سنه، ده‌کرێنه‌وه ده‌بنه‌هۆی ره‌خساندنی هه‌لی کار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی کهبژێویی ژیانیان له‌سه‌ر کاری کۆڵبه‌رییه«. سه‌باره‌ت بەبڕیاری کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازانه، سالار عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنوریه‌کان وتی: «تائێستا به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و نافه‌رمی هیچ شتێکمان له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه لاوه‌کیانه پێنه‌گه‌یشتووه‌و ئێمه ئاگاداری ئه‌وه‌نین». له‌کاتی به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی ئه‌و ده‌روازانه‌دا هۆکارێک ده‌بێت بۆ گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌و ناوچانه‌و ده‌بێته‌هۆی ره‌خساندنی هه‌لی کاری زیاتر‌و سه‌رچاوه‌یه‌کی نوێی داهات ده‌بێت بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و دانیشتووانی ناوچه‌که‌ش.
راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا پارێزگای ئیدلیب لەباکوری سوریا دوایین پێگەی بەهێزی هێزەکانی دژی بەشار ئەسەدە کە لەئێستادا لەژێر هێرشی ئاسمانی و زەمینی سوریا‌و روسیادان. نزیکەی دوو مانگە هێزەکانی حکومەتی سوریا، بەپاڵپشتی روسیای هاوپەیمانی، لەبەرەوپێشچووندان بۆ گرتنەوەی تەواوی پاریزگاکە و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، سەربازانی سوری بەهاوکاری میلیشیاکانی ئێران و هێزی ئاسمانی روسیا چەندین شارۆچکەو گوند لەباکور-رۆژئاوای پارێزگاکەی گرتووە. لەدوایین بەرەوپێشچووندا، سەربازانی حکومەتی سوری چەند بەشێکی زۆری شارۆچکەی ستراتیجی سەراقبیان گرت. بۆ ماوەی دوو رۆژ یەکەکانی سوپای سوریا گەمارۆی شارۆچکەکەیاندا، چەندین تۆپباران لەلایەن سوپا‌و هێزەکانی تورکیاوە، کە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن، ئاڵوگۆڕ کران. سەراقب دەکەوێتە نیوان یەکتربڕی رێگای خێرایی ئێم-٤ و ئێم-٥ کە شارەکانی ژیردەستی حکومەت لەوانە دیمەشق و حەلەب پێکەوە دەبەستێتەوە و بەناو ئەو ناوچانەدا دەڕوات کە لەژیر دەستی ئۆپۆزسیۆندان. جگە لە سەراقب، حکومەتی سوریا دەستیگرتووە بەسەر شارۆچکەی خوەیر ئەلعیس، عەباد، تەل تەبەریز، هەروەها خوەیری. بەپێی ئاماری نەتەوە یەگرتووەکان، لەشکرکێشییەکەی سوریا بووەتەهۆی ئاوارەبوونی (500) هەزار خەڵکی سڤیل لەئیدلیب کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن . ئاماژەش بەوەدراوە کە نزیکەی (280) هەزار سڤیل لەژیر مەترسی ئاوارەبووندان لەگەڵ ئەوەی بەرەوپیشچوونی سوریا نزیکدەبێتەوە لێیان. ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەگرتووەکان باس لەوەدەکات ئەوانەی شەڕی گرتنەوەی ئیدلیب دەکەن گرنگی کەم دەدەن بەپاریزگاریکردنی خەڵکی سڤیل. «بابەتێکی شۆکهێنەرە کەخەڵکی سڤیل بەردەوام زۆرترین پرشکی ململانێی سەرجەم لایەنەکانیان بەردەکەوێت. وادیارە زلهێزەکانی دەرەوە بۆ سوودی سیاسیی و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیی شەڕ دەکەن لەگەڵ ئەوەی پابەندی خۆیان بەپارێزگاریکردنی خەڵکی سڤیلەوە فەرامۆش کردووە». نەتەوەیەگرتووەکان دەڵێت لەمانگی کانونی دووەمدا (186) سڤیل کوژراون و لەپێنج رۆژی سەرەتایی مانگی شوباتیشدا (40) سڤیل گیانیان لەدەستداوە. حکومەتی تورکیا، کەترسی لێشاوی پەنەبارانی هەیە بۆ وڵاتەکەی، داوای لە روسیا کردووە کۆتایی بهێنێت بە بەرەوپێشجوونی حکومەتی سوریا. سوپای تورکیا هێزەکانی جوڵاندووە بۆ ئیدلیب بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنێکی هێورکردنەوەی دۆخەکە، رێککەوتنی ئەستانە لە ٢٠١٧، کە لەلایەن مۆسکۆو ئەنقەرەوە ئیمزاکراو چەندین جار سەرپێچی لێکراوە. رێککەوتنەکە بەمەبەستی وەستاندنی هێرشی حکومەتی سوریا ئیمزاکرا بۆ سەر ئیدلیب. لەساڵی ٢٠١٨شدا رێککەوتنێکی تر ئەنجامدرا، رێککەوتنی سۆچی، لەنێوان هەردوولادا بۆ دامەزراندنی (12) خاڵی چاودێری سوپای تورکیا بەدرێژایی باشوری رۆژهەڵاتی پاریزگای ئیدلیب. تورکیا دەڵێت کەئێستا نۆ لەو خاڵە چاودێرییانە لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدراون و بەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ رۆیتەرز قسەی کردووە سێ خاڵی چاودێری تورکیا لەو ناوچانەدان کە لەژێر دەست حکومەتی سوریادایە. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەپێنجشەممەی رابردوودا رایگەیاند تورکیا چوار خاڵی چاودێری نوێی لە رۆژهەڵاتی شاری ئیدلیب دروستکردووە. بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی حکومەتی تورکیا، تائیستا تورکیا (150) ئۆتۆمبیلی هاریکاری سەربازی لەچەک، تانک، ئۆتومبیلی زرێپۆش. هاریکاری لۆجیستی ناردووە بۆ بەهێزکردنەوەی خاڵە چاودێرییەکانی. بەڵام روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەدات لەهەفتەی رابردووەوە نزیکەی (400) ئۆتۆمبیلی هاوکاری سەربازیی تورکی گەشتووەتە سوریا بۆ ئیدلیب. لەوکاتەوەی کەساڵی ٢٠١٥ کەوتووەتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، ئیدلیب لەلایەن چەند گروپێکەوە کۆنترۆڵ کراوە نەک لەلایەن تەنها گروپێکەوە. ئەو گروپە سەرەکییانەی لەوێدا چالاکییان هەیە حەیات تەحریر شام، بەرەی ئازادی نیشتمانی، هەروەها پارتی ئیسلامی تورکستانن. حەیات تەحریر شام یەکێکە لە گروپە بەهێزەکان لە ئیدلیب کە زۆرترین ناوچەکانی پاریزگای ئیدلیبی بەدەستەوەیە لەوانە، ناوەندی پاریزگاکە و خاڵی سنوری بابلهەوا لەگەڵ تورکیا. پێشتر گروپەکە ناوی بەرەی نوسرە بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠١٧ چووە نێو چەند گروپێکی تری جیهادی و حەیات تەحریر شامیان پێکهێنا. هەرچەندە شیکەرەوانی سەربەخۆ خۆیان بەدووردەگرن لە خەمڵاندن، بەڵام چارلس لیستەر شیکەرەوە لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوای وایە کە حەیات تەحریر شام (١٥) هەزار شەڕکەری ئامادەی هەبێت جگە لە چەند هەزار کارمەندێکی سڤیل. «لەدەرەوەی حەیات تەحریر شام، ئیدلیب جێگەی نزیکەی دەرزەنیک گروپی جیهادی ترە کە زۆربەیان دڵسۆزی گروپی قاعیدەن - رەنگە هەموویان پێکەوە فەرمادەیی حەوت هەزار و (٥٠٠) چەکدار بکەن»، لیستەر وای وت. ئەمریکا ئەو ژمارەیەی بەزیاتر خەمڵاندووە و باس لەوە دەکات (٢٠ بۆ ٣٠) هەزار چەکداری میلیشیا هەبن لەئیدلیب لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە (٢٠) هەزار شەڕکەر هەن لە ئیدلیب کە پەیوەستن بە حەیات تەحریری شامەوە، کە زۆربەیان خەڵکی دەرەوەن. فارس شەهابی پەرلەمانتاری حکومەتی سوریا بە بی بی سی راگەیاند کە نزیکەی (١٠٠) هەزار چەکداری حەیات تەحریر شام لەئیدلیب هەن. هێزیکی دیاری تر بەرەی ئازادی نیشتمانییە، کە تورکیا پشتیوانی دەکات، لە ٢٠١٨ لەلایەن بەرەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دامەزرا. ئەم هێزە هاوپەیمانیەتییەکی تورکیایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە گروپە توندڕەوەکانی وەک ئەحرار شامیان تێدایە لەگەڵ چەند گروپێکی تر کە لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سوریا دەجەنگن کە ژمارەیان دەگاتە (٨٠ بۆ ١٠٠) هەزار شەڕکەر. پێشتر حەیات تەحریر شام و بەرەی ئازادی نیشتمانیی دژی یەکتر بوون و حەیات تەحریر شام زۆربەی ئەو ناوچانەی داگیرکرد کە بەدەست بەرەی ئازادی نیشتمانییەوە بوون. دواتر، لەسەروبەندی لەشکرکێشی حکومەتی سوریا بۆ سەر ئیدلیب لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩، هەردوو گروپ گەشتەن رێککەوتن و ئێستا هاوشانی یەکتر دژی هێرشی حوکمەتی سوریا دەجەنگن. ئارۆن لەند، توێژەر لە رێکخراوی «سێنچری فاوندەیشن»ی ئەمریکی، دەڵێت کەبەرەی ئازادی نیشتمانی لەلایەن سەرکردایەتی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت لەگەڵ پارەو چەک و سەرچاوەی تورکیا. «کەوتن یان سەرکەوتنی بەرەی ئازادی نیشتمانی دەکەوێتەوە سەر دەستتیوەردانی تورکیا لەسوریا»، لەند وای وت. هەروەها چەندین جیهادی بیانی هەیە لە ئیدلیب کە زۆربەیان شەڕ بۆ ئەو گروپانە دەکەن کە نزیکن لەقاعیدەوە. پارتی ئیسلامی تورکستان گروپێکە کە پێکهاتووە لەشەڕکەری ئیغۆری. موسوڵمانانی ئیغۆری، کە کەمینەیەکن لە پاریزگای شینجیانگی چین، لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی سوریادا پێگەی خۆیان دروستکرد لەوڵاتەکەدا. هەروەها گروپی تەوحید هەن کە زۆربەیان خەڵکی ئۆزبەکستانن و جگە لەدەستەی جیهادو ئیمام بوخاری. «بڕوامان وایە کە نزیکەی (٣٠ بۆ ٤٠) هەزار شەڕکەری بیانی هەن کە زۆربەیان ئیغۆری، تاجیکی، ئۆزبەکی، تورک، هەروەها شەڕکەری (١٠٣) وڵاتی جیاوازی تر»، فارس شەهابی، پەرلەمانتاری حکومەتی سوریا وای وت. بەڵام رافائێلۆ پانتوچی، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی بەریتانی «رۆیاڵ یونایتد سێرڤسز» بڕوایوایە ئەو ژمارەیە زۆر زۆرە. «ئەوانە خۆیان و خیزانەکانیشیان رەنگە ژمارەیان نەگاتە چەند هەزارێک»، بانتوچی وای وت. باوەڕوایە کەشەڕکەری بیانی تریش هەبن لە ئیدلیب، لەوانە چیچانی هەرچەندە ژمارەی ئەمان پێدەچێت کەمتر بێت.
هاوڵاتى ئازاد دا‌غ برای مەزڵوم دا‌غ، کەتۆمەتبارە بەکوشتنی کەسێک لەهەولێر کە دەگووترێت کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا بووە، رایگەیاند چەند چەکدارێک کەخۆیان بە پۆلیس ناساندووە بەبێ فەرمانی دادوەر هەوڵی «رفاندنیان» داوە، لەنێوان رحاو ئامەد. ئازاد داغی تەمەن (٢٧) ساڵ، کەهاوکات براى دێرسیم داغی پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەدە رایگەیاند کە لەلایەن پۆلیسی جلوبەرگ مەدەنییەوە ویستراوە بەزۆر دەستگیربکرێت و بڕفێنرێت. ئازاد دا‌غ کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیدا لەبەردەم نەخۆشخانەى ژنان لەسەر رێگاى رحا – ئامەد چاوەڕێی خوشکە پەرلەمانتارەکەى دەکرد، پۆلیس بەئۆتۆمبێلێکى جۆری فۆرد رانجەر لێی نزیکبوونەوەو دواى داواکردنى ناسنامەو پشکنینى زانیارییەکان لەبارەیەوە بەپاساوی ئەوەى ‹بڕیاری دەستگیرکردنى هەیە› ویستیان دەستگیری بکەن. تەمموزی ساڵی رابردوو لەشاری هەولێر، کە لە رێستورانتێک بەناوی هوقەباز، کەسێک بەناوی عوسمان کۆسە کە دەگوترا کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا لەهەولێرو هەندێکی تر بەئەفسەری میت ناویان برد کوژران لەگەڵ دوو کەسی تردا. دوای رووداوەکە مەزڵوم دا‌غ برای دەرسێم دا‌غ پەرلەمانتاری هەدەپە بە تۆمەتی کوشتنی عوسمان کۆسە دەستگیرکرا. ئازاد دا‌غ برای مەزڵوم دا‌غ دەڵێت لەبەرئەوەى بڕیاری دەستگیرکردنى نەبووە ناڕەزایەتى نیشاندابوو. بەڵام ویستبوویان بەزۆر بیخەنە ناو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە. بەڵام دا‌غ ناڕەزایەتیى نیشاندا بوو و رەتیکردبووەوە بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان. ئازاد دا‌غ لەو بارەیەوە بەمیدیاکانی نزیک لەهەدەپەی وتووە «هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنم بۆ دەرنەکرابوو، بەڵام هەر بەزۆر دەیانوت بڕیاری دەستگیرکردنت هەیە. پۆلیسێکى قژ سپی چەندجارێک بەتەلەفون قسەى کرد، بەڵام لەئەنجامدا دەرکەوت هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنم نەبوو». وتیشی‌ی «ئەوانەى ئەو کارانە دەکەن دەبێت ئاشکرابکرێن». ئازاد دا‌غ لەدژی ئەو هەوڵەی پۆلیس بۆ رفاندنی چوو بۆ لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لەئامەدو سکاڵاى تۆمار کردووە. عوسمان کۆسە، کەگوایە کارمەندی کونسوڵخانەی تورکە لەهەولێرو لەگەڵ دوو کەسی تر کوژران، دوای ئەوە چەندین کەس دەستگیرکران، یەکێک لەوانە مەزڵوم داغە. کۆسە پێشتر بەرپرسی دۆسیەی ئێران بووە لەدەزگای سیخوڕیی تورک (میت)دا‌و دوای ئەوە لەمیت دا کراوە بە بەرپرسی دۆسیەی باشوری کوردستان.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم نوێنه‌رى پارتى یه‌کێتى دیموکرات (په‌یه‌ده) له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌سه‌ده له رۆژئاڤا کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌یه که له‌لایه‌ن تورکیاوه داگیرکراوه که‌دڵنیان ناتوانێت سه‌رکه‌وتوو بێت، به‌ڵکو شکست ده‌هێنێت. سلێمان عه‌لى عه‌ره‌ب، نوێنه‌رى پارتى یه‌کێتى دیموکرات (په‌یه‌ده) له‌هه‌رێمى کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات دۆخى دوژمنانى کورد له (سوریا، ئێران، تورکیا) خراپه‌و کورد ده‌توانێت له‌م قۆناغه‌دا کار بۆ ستراتیژییه‌تى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکات. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:» دوژمنانى کورد هه‌رچه‌نده ناکۆکى سیاسى یان هه‌ر ناکۆکییه‌کیان هه‌بێت ئه‌گه‌ر پرسى کورد هاته پێشه‌وه ئه‌وان له‌دژى کورد ده‌بنه یه‌ک و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌کورد راده‌گه‌یه‌نن، بۆیه پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دژایه‌تییه‌ش کورد له‌ناوخۆیدا له‌یه‌ک نزیک ببینه‌وه، پێویسته کورد ئه‌گه‌ر له‌یه‌کیش نزیکبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ساسى نه‌ته‌وه‌یی بێت». هاوکات، ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه که‌وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هیچ هاوکارییه‌کى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ریان له رۆژئاڤا نه‌کردووه که‌سه‌دان هه‌زار ئاواره رووى کردووەته باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا. هاوڵاتى: یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر ئاستى رۆشنبیران چ گرنگییه‌کى له‌م قۆناغه‌دا هه‌یه؟ سلێمان عه‌ره‌ب: کۆبوونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ت لەباکورى کوردستان نوێنه‌رایه‌تى هه‌ده‌په رێکیان خستووه، له‌قۆناغێکى وا گرنگدا پێویستیمان بهکۆنگرهى نه‌ته‌وه‌یى کورده وه‌ک گه‌لى کورد، کورد یه‌کڕیزى و یه‌کهه‌ڵوێستى له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م قۆناغه هه‌ستیاره پێویسته، بێگومان هێزه سیاسییه‌کان نه‌یانتوانیوه بببنه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى راسته‌قینه‌ى کۆمه‌ڵگاى گه‌لى کورد، کۆبوونه‌وه‌ی که‌سایه‌تى رۆشنبیر‌و نووسه‌رو پێویسته، هه‌ڵوێستى که‌سێکی رۆشنبیر وه‌ک هێزێکى جیاواز له‌لایه‌نه سیاسییه‌کان ببنه پێشڕه‌و یه‌کڕیزى دروستبکه‌ن، هێزى رۆشنبیر زیاتر ده‌توانێت کارى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى دروستبکات له‌که‌سى سیاسه‌تمه‌دار، نزیکایه‌تى هێزى سیاسى و چڤاکى هه‌بێت، قه‌ناعه‌تم وایه ده‌رئه‌نجامى دواى کۆنفرانسه‌که کۆمیته‌یه‌ک دروستده‌کرێت، سه‌ربه‌خۆ خه‌باتى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى پێشبخه‌ن، بتوانن زهمینەیهک بۆ ئه‌نجامدانى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی پێکبهێنن، بۆیه خه‌باتێکى له‌و جۆره پێویسته بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی رێکبه‌خه‌ن. هاوڵاتى: هاتنى وه‌فدى هه‌ده‌په‌و پارته‌کانى دیکه بۆ باشوور بۆ ئه‌وه‌یە نزیکایه‌تى له‌نێوان رۆشنبیرانی هه‌ر چوار پارچه دروست ببێت؟ سلێمان عه‌ره‌ب: ئه‌و شانده‌ى که هاتووه‌ته باشوور ماوه‌یه‌کى زۆره له‌باکورى کوردستان خه‌ریکى زهمینهسازکردنن بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌شت پارتى سیاسى هاتوون جیاوازى بۆچوون له‌نێوان پارته‌کانی باکورى کوردستان هه‌یه، به‌ڵام توانیویانه نزیکایه‌تى باش له‌نێوان ئه‌و پارتانه دروستبکه‌ن، ئێستاش که هاتوون بۆ ئێره بۆ ئه‌وه‌یه تابتوانن ئه‌و نزیکایه‌تیه له‌ناو رۆشنبیران و گه‌لى ئێمه له‌باشور دروستبکه‌ن. هاوڵاتى: بۆ دروستبوونى یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی جیاوازى بۆچوونه‌کان گرفت دروستناکات؟ سلێمان عه‌ره‌ب: دوژمنانى کورد هه‌رچه‌نده ناکۆکى سیاسى یان هه‌ر ناکۆکییه‌کیان هه‌بێت ئه‌گه‌ر پرسى کورد هاته‌پێشه‌وه ئه‌وان له‌دژى کورد ده‌بنه یه‌ک و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌کورد راده‌گه‌یه‌نن، بۆیه پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دژایه‌تییه‌ش کورد له‌ناوخۆیدا له‌یه‌ک نزیک ببنه‌وه، پێویسته کورد ئه‌گه‌ر له‌یه‌کیش نزیکبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ساسى نه‌ته‌وه‌یی بێت و له‌پێناو کورددا بنیادبنرێت، واته هه‌ر که‌س و لایه‌نێک جیاوازى سیاسى و فکرى و رۆشنبیرى خۆى هه‌بێت، به‌ڵام به‌هاى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه که‌ده‌بێت له‌سه‌رى کۆک بین و له‌یه‌کتر نزیکبینه‌وه، ئێستا له رۆژئاواى کوردستان به‌هاى نه‌ته‌وه‌یی دروستبووه، هێزى پاراستنى کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاواى کوردستان دروستبووه، ئیداره‌یه‌ک بۆ خزمه‌تکردنى کۆمه‌ڵگه‌ى رۆژئاواى کوردستان هه‌یه. هاوڵاتى: واته ئێستا کاتى ئه‌وه هاتووه که‌یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی دروست ببێت؟ سلێمان عه‌ره‌ب: بێگومان کاتی هاتووه، پێویسته زه‌مینه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یی دروست ببێت، بۆ ئه‌وه‌ى کورد ستراتیژیه‌کى نه‌ته‌وه‌یی دابنێت له‌دۆخێکدا که شه‌ڕى جیهانى سێیه‌م هه‌یه، ئێستا ره‌وشێکى زۆر خراپ و مه‌ترسیدار له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌یه، دوژمنانى کورد له ره‌وشێکى زۆر خراپدان، ئابورى ئه‌وان تێکچووه، سیاسه‌ت و دیبلۆماسى ئه‌وان تیکچووه، به‌تایبه‌ت سوریا‌و تورکیا‌و ئێران، واته ئه‌و وڵاتانه له‌ناو ئاڵۆزى و قه‌یرانیکى زۆر خراپدان، بۆیه پێویسته کوردیش له‌م قۆناغه‌دا ستراتیژیه‌کى هاوبه‌ش دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دۆزى کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى رابردوو مه‌زڵوم کۆبانى رایگه‌یاند ئاماده‌کارى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى داگیرکراون به‌ده‌ستیان بهێننه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ى به‌ڕێزتان ئاگاداربن رۆژئاواى کوردستان ئه‌وه‌نده تواناى سه‌ربازیى و مرۆیی هه‌یه بتوانیت ئه‌و ناوچانه کۆنترۆڵ بکاته‌وه؟ سلێمان عه‌ره‌ب: ئه‌و ناوچانه‌ى داگیرکراون له رۆژئاواى کوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه به‌بڕیارى نێوده‌وڵه‌تى و بێده‌نگى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى داگیرکراون، بێگومان وه‌ک رۆژئاواى کوردستان تێکۆشانى ئێمه به‌رده‌وامه بۆ رزگارکردنى هه‌موو ناوچه‌کانى رۆژئاوا‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى گه‌لى ئێمه بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان له‌سه‌ر خاکى ره‌سه‌نى خۆیان، ئه‌مه خاڵی ئه‌وله‌ویه‌ته له‌تێکۆشانى گه‌لى ئێمه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌تێکۆشانى خه‌ڵکى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا ئه‌و ناوچانه‌ى داگیرکراون له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه خاڵی یه‌که‌مى تێکۆشانى ئێمه ده‌بێت، بۆیه ئێمه دڵنیاین له‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه به‌ده‌ست ده‌هێنینه‌وه‌و تائێستاش ئه‌و تیکۆشانه به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئه‌مه زه‌مینه‌یه‌کى سیاسى و دیبلۆماسیى و سه‌ربازیشى پێویسته، واته ده‌بێت گۆڕانکارى دروست ببێت له‌ناوچه‌که، چونکه ئێمه دڵنیاین له‌وه‌ى که‌ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک و ئه‌ردۆغان له‌و داگیرکارى و مرۆڤکوژییهى ئه‌نجامى ده‌دات سه‌رکه‌وتوو نابێت و شکست ده‌هێنێت، تورکیا له‌ناو قه‌یرانێکى سیاسى و ئابورى و دیبۆماسیدایه، ئێمه‌ش ده‌توانین سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرین بۆ ئه‌وه‌ى له‌قازانجى کورد بشکێته‌وه. هاوڵاتى: ئه‌مریکا هاوکاریتان ده‌کات بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى له‌لایه‌ن تورکیاوه داگیرکراون؟ سلێمان عه‌ره‌ب: تائێستا ئه‌مریکا بێده‌نگه. هاوڵاتى: گفتوگۆکانتان له‌گه‌ڵ رژێمى سوریا گه‌یشتووه به‌کوێ به‌تایبه‌ت ئێوه کهگرنگى بهمهسهلهى رێکه‌وتن له‌گه‌ل رژێمى ئه‌سه‌د ده‌ده‌ن؟ سلێمان عه‌ره‌ب: ئێمه رامانگه‌یاندووه که بۆ گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌رى له‌گه‌ڵ رژیمى سوریا ئاماده‌ین، به‌گرنگى ده‌زانین له‌گه‌ڵ رژێم رێکبکه‌وین له‌چوارچێوه‌یه‌کدا که‌هێزى پاراستنى ئێمه هه‌سه‌ده‌و یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه له‌چوارچێوه‌ى سوپاى سوریا جێگه‌ى خۆیان بگرن که‌ئه‌وان توانیویانه داعش تێکبشکێنن، هه‌روه‌ها زیاتر له‌پێنج ملیۆن که‌س له‌ناو رۆژئاواى کوردستان بپارێزن له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزییه‌ى سوریادا، پێویسته ئیداره‌ى خۆسه‌ر که‌ئێستا له رۆژئاواى کوردستان هه‌یه له‌ڕووى ده‌ستورى و کارگێڕییه‌وه جێگیربکرێت و دانى پێدابنرێت و دۆزى کورد چاره‌سه‌ر بکرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ رژێمدا رێکبکه‌وین. هاوڵاتى: پێتانوایه رژێمى سوریا بێته پێشه‌وه بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى خۆسه‌ر له رۆژئاڤا؟ سلێمان عه‌ره‌ب: ئێمه هه‌میشه داواى گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌رییمان له‌گه‌ڵ رژێم کردووه له‌چوارچێوه‌ى یه‌کێتى سوریاداو پاراستنى خه‌ڵکی سوریا تایهکێتى گه‌لانى سوریا بونیادبنێین. هاوڵاتى: ئێستا به‌هۆى بارودۆخى ئیدلبه‌وه خه‌ڵکێکى زۆر ئاواره بووه‌و له‌لایه‌کى تر دیلێکى زۆر لهزیندانهکاندایه، ئێوه چارهسهریهکتان داناوه بۆ ئه‌م دوو پرسه جیاوازه؟ سلێمان عه‌ره‌ب: هه‌ر له‌ده‌ستپێکى شۆڕشى رۆژئاواى کوردستان و سنورى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا بۆ ئاواره‌کان کراونه‌ته‌وه‌و به‌سه‌دان هه‌زار که‌س ئێستا له رۆژئاواى کوردستانن و لهدۆخیکى ئارامى سهقامگریدا له‌که‌مپه‌کاندا ده‌ژین، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه ده‌رگاکانمان به‌ڕووى ئاواره‌کانى ئیدلب کردووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ى لایه‌نگری تورکیان و گوایه تورکیا هاوکارى گه‌لى سوریا ده‌که‌ن، ئێستا لهمامهڵهیهکدا له‌بازاڕى روسیا‌و سوریادا فرۆشتوونى، ئێستا ئه‌و خه‌ڵکانه هه‌مووى ئاواره‌بوون، وه‌ک رۆژئاواى کوردستان ده‌رگامان کردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه که‌ئاواره ده‌بن، به‌ڵام پێویسته هه‌موو که‌سێک بزانن هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ى له رۆژئاواى کوردستانن بهئاوارهکانى خۆمان و ئه‌وانه‌ى داعشه‌وه، هیچ رێکخراوو ده‌وڵه‌تێک هاوکاریى ئیداره‌ى خۆسه‌رى و ئه‌و ئاوارانه‌ى نه‌کردووه، ئه‌و هاوکاریانه‌ى پێشکه‌شکراون هه‌مووى هاوکارى ئیداره‌ى خۆسه‌ره که توانایه‌کى زۆرکه‌مه، به‌ته‌نیا ئیداره‌ى خۆسه‌ر فریاى ئه‌و هه‌موو ئاوارانه که‌وتووه‌و هاوکارى پێگه‌یاندوون ئه‌وه‌نده‌ى توانیبێتى، تا ئه‌م ساته‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه خێرخوازییه‌کان و هیچ ده‌وڵه‌تێک هاوکارى ئه‌و ئاوارانه‌ى نه‌کردووه. هاوڵاتى: نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆچى هاوکارییان نه‌گه‌یاندووه، ئه‌مه پرسێکى مرۆڤایه‌تییه؟ سلێمان عه‌ره‌ب: مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌سته به‌هه‌ڵوێستى سیاسیى تورکیاوه، چونکه تورکیا ده‌رگاى خۆى بۆ چه‌ته‌کانى داعش به‌ڕووى ئه‌وروپاو وڵاتانی جیهاندا کرده‌وه، هه‌روه‌ها تورکیا ده‌رگاى هاوکاریکردنى بۆ داعش و چه‌ته‌کان کرده‌وه، به‌ڵام ده‌رگاى بۆ هاوکاریکردنى ئاواره‌کان و خه‌ڵکى سوریا داخستووه، ئه‌و ده‌رگایانه‌ى بۆ هاوکاریکردنى ئاواره‌کانیش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هه‌بوون ئه‌ویشى داخستووه، ئه‌مه زهختێکى تورکیایه بۆ ئه‌وه‌ى هاوکارى ئاواره‌کانى رۆژئاواى کوردستان و خه‌ڵکى سوریا نه‌کرێت، له‌ئێستادا ته‌نیا دوو ده‌رگا کراوەن، ئه‌ویش له‌ده‌ستى چه‌ته‌کانى تورکیادایه‌و له‌ده‌ستى ئێمه‌دا نییه. هاوڵاتى: تائێستا شه‌ڕ له‌نێوان هه‌سه‌ده‌و سوپاى تورکیا‌و میلیشیا چه‌کداره‌کان له رۆژئاواى کوردستان به‌رده‌وامه؟ سلێمان عه‌ره‌ب: به‌ڵێ تائه‌م ساته‌ش شه‌ڕ به‌رده‌وامه، ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ى بۆ راگرتنى شه‌ڕ هه‌بوون تائێستا ئێمه پێوه‌ى پابه‌ندین، به‌ڵام سوپاى تورکیا‌و چه‌ته‌کانى پێوه‌ى پابه‌ند نین و به‌رده‌وام هێرشده‌که‌ن، له‌م دۆخه‌شدا هه‌سه‌ده وه‌ڵامى ئه‌و هێرشانه ده‌داته‌وه.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد ده‌ڵێت کۆمیته له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان پێکده‌هێندرێت و دواتر ده‌کرێن به‌یه‌ک بۆ چاودێرى هه‌ڵوێستى لایه‌نه سیاسییه‌کان. دوێنێ شه‌ممه 8ى شوباتى 2020 وه‌فدێکى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) که به‌شێکیان په‌رله‌مانتاربوون و چه‌ند پارتێکى سیاسى کوردى باکور کۆنفرانسێکیان له‌هۆتێل داوا له‌سلێمانى به‌ئاماده‌بوونى ده‌سته‌بژێرانى رۆشنبیران و رووناکبیران ژماره‌یان زیاتر له (200) که‌س ده‌بوو له‌شاره‌که ئه‌نجامدا. ئه‌ندامێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد ئاماژه به‌وه‌ده‌دات ئامانجیان ئه‌وه‌یه کۆمیته‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان پێکبهێنن له‌سه‌ر ئاستى کۆمه‌ڵگا نه‌ک حزبه سیاسییه‌کان. شوکروڵڵا حه‌مه‌ده‌مین، ئه‌ندامى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئامانج بۆ یه‌کخستنى وتارى کورد‌و دروستکردنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌ییه به‌شێوازێکى تر، رایه‌ڵه‌یه‌کى کۆمه‌ڵگایى پێکده‌هێنین کار له‌سه‌ر یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى بکات ببێته پردێک له‌نێوان پارچه‌کانى کوردستان، لانى که‌م له‌م قۆناغه‌دا وه‌کو چاودێرێک بێت به‌سه‌ر هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوکه‌وتى حزبه سیاسییه‌کانه‌وه«. ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد پێشتر هه‌وڵه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوون که له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان قسه بکرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌کانه که له‌ئێستادا حزبه سیاسییه‌کان په‌رته‌وازه‌ن. به‌پێى ده‌رئه‌نجامى کۆنفرانسه‌که بڕیاره کۆمیته‌یه‌ک له‌هه‌رێمى کوردستان (باشورى کوردستان) و کۆمیته‌ش له‌سێ پارچه‌که‌ى دیکه پێکبهێندرێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد وتیشى «زه‌مینه‌سازى کراوه‌و کاتى ئه‌وه‌ش هاتووه که کۆمیته‌کان له‌هه‌ر چوار پارچه، دواتر بکرێنه یه‌ک بۆ وشیارى نه‌ته‌وه‌یى و نزیککردنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى و کار بۆ به‌ستنى کۆنفرانسى راوێژى ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌ى ئێستا به‌رچاوڕوونى بداته هێزو لایه‌نه سیاسییه‌کان و کۆمه‌ڵگا». شوکروڵڵا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه دروستکردنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کورد پشوودرێژى زۆرى ده‌وێت، وتی «داگیرکه‌رانى کوردستان سه‌دساڵه کار له‌سه‌ر که‌رتکردنى کورد ده‌که‌ن، کارکردن له‌سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌وڵى زۆر‌و کاتى زۆرى ده‌وێت». وه‌فده‌که‌ى هه‌ده‌په‌و پارته سیاسییه‌کانى دیکه‌ى باکور رۆژى 4ى شوباتیش له‌پارێزگاى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک رۆشنبیر‌و رووناک‌بیر کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، کهپێکهێنانى کۆمیته‌ى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کورده.
شاناز حه‌سه‌ن هەڵدانەوەی کەیسی ئامانج بابانی و هاوسەرو مناڵەکەی کە پایزی رابردوو لە رووداوێکی تەمومژاویدا گیانیان لەدەستدا بە «تەسفیەی سیاسی» ناودەبرێت، بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر بازرگانیکردن بەغازی گەرمیانەوە کەچەند رۆژێکە سەریهەڵداوە. رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، 6/2 جه‌بار ئه‌حمه‌د شه‌ریف، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڵگه‌ى تاوانى هه‌رێمى کوردستان، له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند کە رەنگە رووداوی مردنەکەی ئامانج بابانی «خۆکوژیی نەبووبێت» وەکو ئەوەی کەدادگای سلێمانی یەکلایی کردۆتەوە. باوکی ئامانج بابانی دەڵێت: کوڕەکەی هەرگیز چه‌کى به‌کارنه‌هێناوه‌و هیچ کێشه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵ که‌س نه‌بووه تاچهک هه‌ڵبگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە دادگا کەیسەکەی داخستووەو بێهیوایە لەوەی بڕیارێکی تر بدرێت. ورووژاندنی ئەم باسە دوای ئەو ناکۆکییانە دێت کە بەم دواییانە کەوتە نێوان یەکێتی و پارتییەوە لەپرسی فرۆشتنی غازی گەرمیاندا کە زۆرێک پێیوانوایە شەڕێکی بازرگانییە لەسەر داهاتی ئەو غازە کەهەفتەیەک زیاترە بۆتە قەیرانی بێ غازی لەبازاڕدا. جه‌بار ئه‌حمه‌د شه‌ریف، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڵگه‌ى تاوانى هه‌رێمى کوردستان، له‌کۆنگره رۆژنامهوانییەکەیدا وتی کە چوار قه‌وان له‌لایه‌ن تیمى به‌ڵگه‌ى تاوانى ئاسایشه‌وه له‌سلێمانى له‌کاتى رووداوه‌که هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش «گومانێکى زۆرى دروستکرد». باسی لەوەشکرد کەکۆى گشتى قه‌وانه‌کان بووە به (11) قه‌وان. کەحهوتیان لهدهمانچهى ئامانج بابانى ته‌قێنراون، چوار قه‌وان چاره‌نووسى دیارنه‌بووه. سه‌باره‌ت به‌و وتانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڵگه‌ى تاوانى هه‌رێم وه‌ستا نورى، باوکى ئامانج بابانى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئامانج هیچ کات به‌هیچ شێوه‌یه‌ک چه‌کى به‌کارنه‌هێناوه‌و نه چه‌کى هه‌بوه‌و نه لهچهکیشى زانیوه‌و قه‌د چه‌کى نه‌بووه، هیچ کێشه‌یه‌کى مه‌عنه‌وى و ماددیشى له‌گه‌ڵ که‌س نه‌بووه تاچهک هه‌ڵبگرێت». وتیشى»قسه بکرێت و نه‌کرێت چى لهبابهتهکە ده‌گۆڕێت، چونکه که‌یسه‌که داخراوه‌و دادگا بڕیارى خۆى داوه«. باوکى ئامانج به‌پێویستی ده‌زانێت حکومه‌ت و لایه‌نه به‌رپرسه‌کان ئه‌وه یه‌کلایى بکه‌نه‌وه، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت «ئێمه نه ده‌زگایه‌کى ئه‌منى و نه ده‌زگاى ئاسایشمان هه‌یه، وه‌ک هاوڵاتییه‌ک هه‌ر گوێ ده‌گرین و چاوه‌ڕوانى حکومه‌ت و خواین که شته‌که ئاشکرابکرێت، کوڕه‌که‌مان خۆى رۆیشتووه، ناوه‌که‌ى بگه‌ڕێننه‌وه بۆمان». دوای کۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڵگه‌ى تاوانى هه‌رێم، سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ئه‌و وتانه‌ی ناوبراوی ره‌تکرده‌وه‌و رایگه‌یاند «به‌توندى ئاگادارى ده‌که‌ینه‌وه‌و له‌هیچ که‌سێکى قبوڵناکه‌ین وته‌و کۆنگره‌ى گوماناوى بۆ بڕیاره‌کانى دادگا بکات و وه‌ک ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره تاوانێک ئه‌نجامبدات». حاکم عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «به‌گومان و سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و کۆنگره رۆژنامهنووسییهى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ڵگه‌کانى تاوانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر دۆسییه داخراوهکهى ئامانج بابانى و لانه محه‌مه‌دو جگه‌رگۆشه‌که‌یان ئه‌نجامدرا». حاکم عومه‌ر وتی «بڕیاره‌کانى دادگا رێزى یاسایى خۆى هه‌یه، جگه له‌یاسا هیچ که‌سێک سه‌روه‌ر نییه به‌سه‌ر بڕیاره‌کانى دادگاوه‌و بۆى نییه هیچ جۆره تانه‌و ته‌علیقێک له‌سه‌ر بڕیاره‌کانى دادگا بدات، جگه له‌وه‌ى لایه‌نه‌کانى داواکه خۆیان بۆیان هه‌یه به‌پێى یاساى بنه‌ماى دادگه‌رییه سزاییه‌کان، ئه‌گه‌ر به‌دڵیان نه‌بوو لایه‌نه‌کانى دۆسییه‌که یان داواکارى گشتى تانه‌ى یاسایى لێبده‌ن». وتیشی «وه‌ک سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى سلێمانى به‌توندى ئاگادارى ده‌که‌ینه‌وه‌و له‌هیچ که‌سێکى قبوڵناکه‌ین وته‌ى گوماناوى و کۆنگره‌ى گوماناوى و هه‌ڵسه‌نگاندنى بڕیاره‌کانى دادگا به‌شێوازى گوماناوى بکات و بیروباوه‌ڕى خه‌ڵک بهدادگاکانى هه‌رێم که‌مبکاته‌وه، یاخود متمانه‌ى دادگاکان لاى خه‌ڵک که‌مبکاته‌وه، ئێمه ئه‌مه به‌تاوانێک ده‌زانین و ئه‌و که‌سه تاوانێکى ئه‌نجامداوه«. وته‌بێژى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد تاکو ئێستا ئه‌و که‌یسه له‌بنکه‌ى پۆلیسى سهیوانهو هیچ که‌س و لایه‌نێک تانه‌ى لێنه‌داوه، واته نه لایه‌نه‌کان، نه داواکارى گشتى، چونکه ته‌نیا به تانه‌ى یاسایى ئه‌م بابه‌تانه یه‌کلاده‌کرێته‌وه. هەروەها بەپێی راگەیەنراوێک کە ماڵپەری فەرمی یەکێتی بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتوە کە بنەماڵەی لانە محەمەد هاوسەری ئامانج بابانی وتەکانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم رەتدەکەنەوە. بەپێێ راگەیەنراوەکە «جوڵاندنی کەیسەکە لەم کاتەدا بۆ پەردەپۆشی حساباتی سیاسییە نەک خەمی ئەوان» میدیای فەرمی یەکێتی نووسیویەتی «ئەندامێک لەخانەوادەی رۆژنامەنووسی جوانەمەرگ لانە محەمەد بە PUKmediaی راگەیاند: ئەوپەڕی بێ ئەدەبییە بۆ هەر کەسێک کەیسێکی وا بجوڵێنێتەوە تا پەردەپۆشی حساباتی سیاسی پێ‌بکات». ئێواره‌ى 16/10ى 2019، که‌ناڵی (NRT) هه‌واڵى تیرۆرکردنى ئامانج بابانى و هاوسه‌رو منداڵه‌که‌ى بڵاوکرده‌وه، به‌ڵام دواتر ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى سلێمانى و به‌شێک له‌میدیاکانى سلێمانى رایانگه‌یاند ئامانج بابانى خۆى لانه محه‌مه‌دى هاوسه‌رى و منداڵه‌که‌ى کوشتووه. دواى دوو رۆژ پۆلیس و ئاسایشى سلێمانى له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ورده‌کارى رووداوه‌که‌یان خسته‌ڕوو رایانگه‌یاند رووداوه‌که خۆکوژى بووه‌و ئامانج بابانى هاوسه‌رو منداڵه‌که‌ى خۆى کشتووهو که‌یسه‌که له‌دادگاش به‌و پێیه‌ى دوو که‌سه‌که له‌ژیاندا نه‌ماون که‌یسه‌که‌ى داخست.
ئارا ئیبراهیم ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى که له (124) ئه‌ندام پێکهاتووه به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ سیستمى هاوسه‌رۆکى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى یه‌کلاکرده‌وه‌و هاوڵاتى ناوه‌کانیان ئاشکراده‌کات. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، ئه‌و پێنج که‌سه‌ى بۆ پۆستى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى خۆیان ده‌پاڵێون یان رێکه‌وتن و ته‌وافوقى له‌سه‌رده‌کرێت بریتین له (به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق، باڤڵ تاڵه‌بانى، لاهور شێخ جه‌نگى، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، شاڵاو کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى). هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى ده‌بنه هاوسه‌رۆکى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى ئه‌رک و کاره‌کانیان جیاوازده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و پێنج که‌سه ده‌بنه رابەری به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانى یه‌کێتى. ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى، داوای‌کرد ناوی نەهێرێت، زانیاریەکانی بە هاوڵاتى دا، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که ئه‌و ناوانه باسده‌کرێت بۆ هاوسه‌رۆکى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى، به‌ڵام به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تى له‌گه‌ڵ دانانى سێ که‌سدان و به‌شێک له‌گه‌ڵ چوار‌و پێنج که‌سدان، وتیشى «ئه‌گه‌رى زۆرینه به‌لاى ئه‌وه‌دا ده‌ڕوات که چوار بۆ پێنج که‌س بن». هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو پرسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى و جێگره‌که‌ى و سکرتێره‌که‌ى یه‌کێکى دیکه‌یه له‌وانه‌ى که‌ده‌بێت له‌نێوخۆى یه‌کێتى گفتوگۆ‌و رێکه‌وتنى پێشترى له‌سه‌ربکرێت، وتیشى «ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆکانى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى سێ که‌س بێت، ئه‌وا ئۆتۆماتیکى دووان له‌وانه‌ى ناویان بۆ هاوسه‌رۆکى دێت به‌هه‌ڵبژاردن پۆستى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى و جێگره‌که‌ى وه‌رده‌گرن و که‌سێکى دیکه بۆ سکرتێرى ئه‌نجومه‌نه‌که هه‌ڵده‌بژێردرێت». ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن ژماره‌یان له (9 بۆ 11) که‌س ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى یا پێشتر هه‌ڵبژاردنیان بۆ ده‌کرێت له‌ناو ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى. ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى وتی «هێشتا یه‌کێتى نیوه‌ى خاڵه‌کانى په‌یڕه‌وى په‌سه‌ند نه‌کردووه، دواى په‌سه‌ندکردنى سه‌رجه‌م خاڵه‌کانى په‌یڕه‌و که له (75) خاڵ پێکهاتووه، ئه‌وکاته ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن و هاوسه‌رۆکانى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى هه‌ڵده‌بژێردرێن». سه‌رپه‌رشتیارى دانیشتنه‌کانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ سیستمى هاوسه‌رۆکى په‌سه‌ند کراوه‌و یه‌کێتى سکرتێرى نابێت. مسته‌فا چاوڕه‌ش، سه‌رپه‌رشتیارى دانیشتنه‌کانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «تائێستا (40) خاڵ له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆ په‌سه‌ند کراوه‌و (35) مادده‌ى ماوه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌چوار پێنج رۆژى دیکه کاره‌کانى ته‌واو بکه‌ین». وتیشى «بڕیاردرا له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆ ده‌بێت هه‌مووى پێوه‌ى پابه‌ندبێت و بچنه سه‌ر کاره‌کانى خۆى، له‌په‌یڕه‌و جێگیرکرا که‌یه‌کێتى سکرتێرى نابێت و کۆتا بڕیاره، به‌ڵکو سیستمى هاوسه‌رۆکى په‌یڕه‌و ده‌کات، که‌س دیارى نه‌کراوه بۆ هاوسه‌رۆکى و به‌هێمنى له‌چه‌ند رۆژى داهاتوو ئه‌وه دیارى ده‌کرێت». مسته‌فا چاوڕه‌ش باسى له‌وه‌شکرد که تاپهیڕهوى ناوخۆى یه‌کێتى مادده‌کانى په‌سه‌ند نه‌کرێت، هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن ناکرێت. هەروەها وتی «که مادده‌کانى په‌یڕه‌و په‌سه‌ندکران هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌کرێت، لاى ئێمه ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن دیارى نه‌کراون». مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که ناگاته مانگێکى دیکه کاره‌کانى یه‌کێتى ته‌واوده‌کرێت به‌هه‌ڵبژاردنى هاوسه‌رۆکان و ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن و په‌سه‌ندکردنى مادده‌کانى په‌یڕه‌وى ناوخۆشه‌وه. وتیشی «ته‌مه‌ننا ده‌که‌ین یه‌کێتى نوێببێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌فه‌سه بڕۆین و یه‌کگرتوو بین له‌سه‌روو ههموویهوهو به‌رنامه‌ى باشمان هه‌بێت ئه‌وه نوێبوونه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ین مه‌عنا ئه‌وه‌یه که‌ئێمه زه‌ره‌رمان کردووه«. چه‌ند خاڵێک له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى هێشتا یه‌کلانه‌کراوه‌ته‌وه‌و په‌سه‌ندنه‌کراوه که له‌کۆى (75) خاڵ (35) خاڵى ماوه‌ته‌وه، به‌شێک له‌خاڵه‌کان په‌یوه‌ندى به‌هه‌ماهه‌نگى ئۆرگانه‌کانى یه‌کێتییه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت هه‌ماهه‌نگى و ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن و ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رکردایه‌تى. مسته‌فا چاوڕه‌ش وتى «ئه‌و ماددانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى هه‌یه، هێشتا په‌سه‌ند نه‌کراوه‌و ماوه‌ته‌وه، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک په‌سه‌ندبکرێت هه‌ردوولا قبوڵى بێت».
هاوڵاتى به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله به‌فرو بارانه‌ى هه‌رێمى گرتوه‌ته‌وه، په‌روه‌رده‌ى پێنجوێن ده‌وامى باخچه‌کان و بازنه‌ى یه‌که‌مى بنه‌ڕه‌تى کرده پشوو. په‌روه‌رده‌ى پێنجوێن رایگه‌یاند"به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله به‌فرو بارانه‌ى هه‌رێمى کوردستانى گرتوه‌ته‌وه و له‌به‌ر سه‌لامه‌تى خوێندکاران، سبه‌ینێ یه‌ک شه‌ممه 9-2-2020، ده‌وامى باخچه‌کان و بازنه‌ى یه‌که‌م واته پۆلى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌مى بنه‌ڕه‌تى ده‌کرێته پشوو". ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه هه‌ر ئه‌مڕۆ د. ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راگه‌یاند"به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله به‌فرو بارانه‌ى رووى له هه‌رێمى کوردستان کردوه، ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ینه به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌کان که به‌پێى که‌شوهه‌واى ناوچه‌کانیان بڕیار له‌سه‌ر ده‌وامى سبه‌ینێ یه‌ک شه‌ممه بده‌ن". هاوکات هه‌ر له‌م ساڵدا هه‌فته‌ى رابردووش دوو ڕۆژ له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانى خوێندن له قه‌زاى پێنجوێن به‌هۆى به‌فر و بارانه‌وه کرابووه پشوو.
شاناز حه‌سه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێمی کوردستان، یه‌کێک له‌ڕێگاکانی منداڵى بلورى حه‌رامده‌کات و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و پسپۆرانی بواری نه‌خۆشیه‌کانى ژنان جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه ده‌که‌نه‌وه ئه‌و رێگایه‌ى کهحهرامکراوه له‌هه‌رێمی کوردستان به‌کارناهێنرێت. چه‌ند ساڵێکه له‌هه‌رێمی کوردستان، به‌شێک له‌و خێزانانه‌ی منداڵیان نیه په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر چاندنى منداڵى بلوری و هیواو ئومێدیان به‌وه‌یه له‌و رێگه‌یه‌وه ببنه خاوه‌نی منداڵ و له‌زۆربه‌ی پارێزگاکانی هه‌رێمیش سه‌نته‌رو نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی بۆ کراوه‌ته‌وه. ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا رێگەیەکی منداڵی بلوری حەرامکردووە کەبریتیه لهچاندنى هێلکه‌ى ژنێک له‌ناو هێلکه‌دانى ژنێکى تردا، ئه‌وه‌ش کێشه‌ى بۆماوە دروستده‌کات. وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت ئەوە رێگه‌پێنه‌دراوه لەهەرێمی کوردستان. له‌نووسراوێکدا ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا رایگه‌یاندووه له‌دانیشتنى ئاسایى خۆیدا له 24/12/2019 به‌زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامه‌کانى دانانى منداڵى بلورى تهلقیحکراو لهتۆوى پیاوو هێلکه‌دانى ئافره‌تدا له‌ده‌ره‌وه‌ى ره‌حم، پاشان چاندن و دانانى له‌ڕه‌حمى ههوێى ئه‌و ئافره‌ته‌ى خاوه‌ن هێلکه‌دانه ته‌لقیح کراوه‌که‌یه حه‌رامکردووه. به‌پێى نووسراوه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی فه‌توا له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و رێگه بلوریه هۆکاره بۆ شێواندن و نادیارى چه‌ندین حوکمى شه‌رعى وه‌ک میرات و دهستنوێژشکان و خه‌ڵوه‌ت له‌گه‌ڵ خزمه‌کانى پله دووى دایکه‌که‌ى و نادیارى دایکى راسته‌قینه‌ى ئه‌و منداڵه بلوریه. په‌یمان ئیبراهیم، یه‌کێکه له‌و ژنانه‌ى به‌وته‌ی خۆی ماوه‌ى (هه‌شت) ساڵ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌بووه که به‌ڕێگه‌ی سروشتی منداڵی ببێ، به‌ڵام ئاواته‌که‌ی بهدینههاتووهو په‌نای بردووەتهبهر رێگای بلوری و ئێستا بۆته دایکى منداڵێک و وه‌ک خۆی ئاماژه‌ى بۆده‌کات که‌تاکه هیواو خه‌ونه‌کانى له‌ڕێگه‌ى منداڵى بلوریه‌وه به‌دیهاتووه. په‌یمان ئێستا دایکی کچێکه له‌ڕێگه‌ی بلوریه‌وه له‌دایکبووه، دەڵێت «له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌شت ساڵه‌دا پزیشک و سه‌نته‌رو شار نه‌ما نه‌چین و رووى تێنه‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ببینه خاوه‌نى منداڵێک، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ى بلوریه‌وه بوومه دایکى کچێک». په‌یمان ئه‌وه‌ى باسکرد که‌دووجار له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ش بلورى داناوه‌و سوودى نه‌بووه، ئه‌و وتى «له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌کى شارى سلێمانى سه‌رکه‌وتووانه کاره‌که ئه‌نجامدراو بوومه خاوه‌نى کچێک». ئه‌و ژنه له‌باره‌ى حه‌رامکردنی رێگه‌یه‌کی منداڵی بلوری له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌تواوه، وتى «ئه‌گه‌ر منداڵى هه‌قیی خۆت نه‌بێت و لهجهرگى خۆت نه‌بێت راسته حه‌رامه، کێ منداڵى ده‌وێت و که‌س ئه‌وه‌ى پێ قبوڵ ناکرێت». به‌شێک له‌پسپۆرانی نه‌خۆشیه‌کانى ژنان و نه‌زۆکى و بلورى ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو له‌و وڵاتانه‌ی ئاینی ئیسلامی تیا په‌یڕه‌وده‌کرێت ئه‌و جۆره‌ى تێدا ده‌کرێت که لیژنه‌ى فه‌توا حه‌رامیکردووه. ژیان ئه‌حمه‌د، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌کانى ژنان و منداڵبوون و نه‌زۆکى و بلورى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «له‌ئێستادا رێژه‌یه‌کى زۆر خێزان دێن و منداڵى بلورى ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تیش نه‌ک هه‌ر خێزانى ناو هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو له‌ته‌واوى عێراقه‌وه داوای چاندنى منداڵى بلورى ده‌که‌ن». له‌باره‌ى بڕیاره‌که‌ی لیژنه‌ى فه‌تواوه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه پێشتریش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و جۆره‌مان بۆ هیچ که‌سێک نه‌کردووه، وتی «چونکه ئێمه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى موسوڵمانین و وه‌ک باسیش کراوه له‌ڕووى بۆماوەوە زیاتر کێشه دروستده‌بێت، بۆیه نایکه‌ین «. ئه‌و پسپۆره باسى له‌وه‌کرد پێش فه‌تواکه خێزانێک هاتوون و داوایانکردووه ئه‌و جۆره‌یان بۆ بکه‌ن، وتی «به‌ڵام پزیشکه‌کان نه‌یانکردووه، بۆیه خێزانه‌که په‌نایان بردۆته‌به‌ر لیژنه‌ى فه‌توا، بۆیه ئه‌وانیش به‌فه‌توا رایانگهیاندووهو حه‌رامیان کرد». ژیان ئه‌حمه‌د وتى «له‌وڵاتانى تردا ده‌کرێت به‌تایبه‌ت له‌وڵاته موسوڵمانه‌کانیش، خه‌ڵکى خۆشمان نه‌خۆشمان هه‌یه له‌قوبرس و لوبنان و ئێران کردوویه‌تى». سه‌باره‌ت به‌هۆکاری ده‌رکردنی ئه‌و فه‌توایه، حه‌سه‌ن موفتى، سه‌رۆکى لیژنه‌ى باڵای فه‌توا قسه‌ى بۆ هاوڵاتى کردووه‌و ده‌ڵێت «ئه‌و جۆره‌یان کێشه‌ى بۆماوەییەو تێکه‌ڵبوونى تێدایه، بۆیه حه‌راممان کردووه«. ئه‌و جۆره‌ى که فه‌توا حه‌رامیکردووه، له‌وڵاتانى تر جێبه‌جێده‌کرێت که‌بریتیه لهچاندنى هێلکه‌ى ژنێک له‌ناو هێلکه‌دانى ژنێکى تردا، ئه‌وه‌ش کێشه‌ى وراسه دروستده‌کات، بۆیه رێگه‌پێنه‌دراوه، زیاتر بابه‌ته‌کە شه‌رعییه نه‌ک زانستى، چونکه له‌زۆر وڵاتى تردا ده‌کرێت باسى له‌وه‌شکرد ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى زانستى بکرێت و ئه‌و حاڵه‌تانه بێت، کهڕێگهپێدراوه «ئه‌وه حه‌ڵاڵه« وتیشى «منداڵ به‌خته‌وه‌رى بۆ خێزان ده‌هێنێت، بۆیه ئێمه‌ش رێگریمان له‌وه نیه«. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستى جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه رێگه حەرامکراوەکە له‌هه‌رێم به‌کارناهێنرێت و رێگه‌پێدراو نیه. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستى حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستان، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئه‌و جۆره‌ى که فه‌توا حه‌رامیکردووه، له‌وڵاتانى تر جێبه‌جێده‌کرێت که‌بریتیه لهچاندنى هێلکه‌ى ژنێک له‌ناو هێلکه‌دانى ژنێکى تردا، ئه‌وه‌ش کێشه‌ى وراسه دروستده‌کات، بۆیه رێگه‌پێنه‌دراوه، زیاتر بابه‌ته‌کە شه‌رعییه نه‌ک زانستى، چونکه له‌زۆر وڵاتى تردا ده‌کرێت». ئه‌و وتیشى «ئه‌و رێگه‌یه به‌کارناهێنرێت له‌هه‌رێمدا، چونکه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى موسوڵمانین و زیاتر گرنگى به‌کلتورو دابونه‌ریت ده‌درێت له‌وڵاتى ئێمه‌دا»
کاکەلاو عەبدوڵا سەدەها چالاکوان لەچەند رۆژی رابردوودا گەڕانەوە سەر شەقامەکانی عێراق بۆ دەربڕینی نارەزایەتییان دژی دەستنیشانکردنی وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان موحەممەد عەللاوی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە. عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشانکرا لەشەممەی رابردوودا وەک جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر کە لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە. لەدوای چەند هەفتەیەک لەبنبەستی سیاسی، بەرهەم ساڵح دوامۆڵەتی ١ی شوبات بوو بۆ پەرلەمان تا رێکبکەون لەسەر دەستنیشانکردنی سەرکردەیەک کە ئەمەش وای کرد «گفتوگۆی نائاسایی ئەنجامبدەن و لەسەر عەللاوی رێکبکەون»، بەپێی راپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی. لەکاتێکدا عەللاوی پەیمانیدا کەخواستەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات سەبارەت بەچاکسازی فراوان و پاکتاوکردنی گەندەڵی، بەڵام زۆرێک لەشیکەرەوان پێیانوایە کەگۆڕانکاریەکی گرنگ و بەرچاو روونادات. «دەستنیشانکردنی موحەممەد تۆفیق عەللاوی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ پێناچێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروستبکات لەداینەمۆی داهێزراوی عێراقدا، ئەمەش مانای ئەوەیە کەپشێوی بەردەوام دەبێت بەبێ کۆتاییەکی دیار. بەڕوونی دیارە عێراقییەکان دڵخۆش نین بەدەستنیشانکردنی لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندەران لەبەغداد رەتیانکردووەتەوە لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی»، ئەنتۆنی فاف توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەتلانتیک کاونسڵ وای وت. ماوەی چوار مانگە لەبەغدادو شارەکانی باشوری عێراقدا خۆپیشاندان دەستیپێکردووە دژی حکومەت کەداوای هەڵبژاردنی پێشوەخت، سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆ، هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی و سزادانی ئەوانەی توندوتیژییان ئەنجامداوە دژی خۆپیشاندەران دەکەن. زیاتر لە (٤٨٠) کەس کوژراون و نزیکەی (٣٠) هەزار کەسیش برینداربوون بەهۆی توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەران. لەکاتێکدا عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، خۆپیشاندەران داوای کۆتایهێنانی تەواوەتی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیان کرد لەگەڵ بنەبڕکردنی دەستوەردانی دەرەکیی، بەتایبەتی هەژموونی ئێران لەوڵاتەکەدا. دوای بنبەستێکی سیاسیی درێژخایەن، بەرهەم ساڵح، عەللاوی (٦٥) ساڵی هەڵبژارد، کەپێشتر وەزیری پەیوەندییەکان بوو لەکابینەکەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر پێش ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە لەساڵی ٢٠١٢دا لەسەر گەندەڵی حکومەت و دەستوەردانی دەرەکی لەوەزارەتەکەیدا. عەللاوی ماوەی مانگێکی پێدراوە تاحکومەت پێکبهێنێت کەدەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبکرێت. ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی پیدراوە تاهەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت کە تائێستا بەروارێکی دیاریکراوی بۆ دیارینەکراوە. دوای ئەوەی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ هەڵبژێردرا، عەللاوی گرتە ڤیدیۆیەکی لەتویتەر پۆست کرد کەتێیدا پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ خۆپیشادەران «چونکە ئەگەر ئێوەم لەگەڵ نەبن، ناتوانم هیچ شتێک بکەم، ئەم هەڵبژاردنەی من بەرپرسیاریەتییەکی گەورەو مێژوویی دەخاتە سەرشانم». ئەنتۆنی فاف پێیوایە کەیەکەم کاری لەپێشینەی عەللاوی دەبێت «تێکشکاندنی ئەو پێگە بەهێزەی ئێران و میلیشیاکانی بێت کەهەیانە لەسەر عێراق بەبێ دنەدانی پەرەسەندنی تر» و ئەوەش شیاو‌و گونجانە، چونکە پێگەی عەللاوی لەناو شیعەدا بەهێزە. «ئەو دەبێت دەستبەجێ پاکتاوی توندوتیژی خۆپیشاندەران کۆتایی پێبهێنێت و فەرمان بەمیلیشیاکانی ئێران بکات توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران رابگرن، ئەگەرنا لەحەشدی شەعبی دەریان دەکات کە بودجەکەیان لەوێوە بۆ تەرخان دەکرێت و ئەگەر ئەمەش نەکرا هێزە ئەمنییەکان بەکاربهێنێت بۆ دەستگیرکردنیان». زۆربەی خۆپیشاندەران عەللاوی بەوە تۆمەتباردەکەن کەهەر لەهەمان ریزی ئەو سیاسییانەدایە کەشکستیانهێناوە لەفەرمانڕەوایەتی وڵاتدا‌و جێبەجێنەکردنی خواستەکانیان. دوای ماوەیەکی کەم لەدەستنیشانکردنی، سەدەها خۆپیشاندەر لەمەیدانی تەحریری بەغداد کۆبوونەوەو هوتافی «موحەمەد عەللاوی رەتدەکەینەوە»یان کێشا. خۆپیشاندان لەشارەکانی تریش دژی هەڵبژاردنی عەللاوی وەک سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا، لەوانە دیوانییە کەخۆپیشاندەرێک بە رۆژنامەی گاردیانی وت «دەستنیشانکردنی عەللاوی بەهۆی پەسەندکردنی هەمان ئەو لایەنە سیاسییە گەندەڵانەوە هاتووە کەماوەی چوار مانگە ئێمە دژیان خۆپیشاندان دەکەین». بەڵام عەللاوی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پشتگیریی لێ‌کرا، کەگەورەترین کوتلەی هەیە لەپەرلەمانی عێراقدا، داوای لەخۆپیشاندەران کرد شەقامەکان چۆڵ بکەن و «ژیانی ئاسایی» دەستپێبکنەوە. لەتویتێکدا موقتەدا سەدر وتی، «ئەمە هەنگاوێکی باشە، هیوام وایە دەستنیشانکردنی موحەممەد عەللاوی پەسەندبکرێت لەلایەن گەلەوەو ئارام بگرن». هەرچەندە هەموو کوتلەکانی پەرلەمان پاڵپشتی خۆیان دەرنەبڕی بۆ عەللاوی، بەڵام عەزیز جەبار، شیکەرەوەی سیاسی لەکەناڵی ئەلجزیرە وتی بەوپێیەی موقتەدا سەدر پشتگیریی خۆی دەربڕی ئەوا «ئەوانی تریش هەمان شت دەکەن». دەستنیشانکردنی عەللاوی لەلایەن ئێران و ئەمریکاشەوە پێسوازی لێکراو بەهەنگاوێکی باش وەسفیانکرد کەبتوانێت خواستەکانی خۆپیشاندەران بەجێبگەیەنێت. لەبەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد کەهیواخوازە دەستنیشانکردنی عەللاوی ببێتە مایەی دروستبوونی «حکومەتێکی سەربەخۆو راستگۆ کەپابەندبێت بەداخوازی گەلی عێراق». بەپێی وتەی شارەزایان کارەکتەرانی دەرەکی تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دروستکردنی هەژمونی خۆیان لەحکومەتی نوێداو ئاراستەکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بەپێی ئەجێندای خۆیان، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کەدەبێت ئەمریکا هەنگاوی باشتر بهاوێژێت و سستی نەنوێنێت وەک پیش‌تر لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیدا، چونکە ئێستا «ئەمریکا پاڵپشتی زۆری نییە لەعێراق وەک پیشووتر» زۆربەی سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێت بەتەواوی هێزەکانی لەوڵاتەکە دەربچن. «بەردەوامیدان بەهەڕەشەی ئاشکرا بۆ سزادانی عێراق لەحاڵەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا سەردەکێشێت بۆ ناکۆکی زیاتر لەنیوان واشنتن و بەغداد، لەجیاتی ئەوە ئەمریکا دەبێت هەنگاوی دروستکردنەوەی متمانە بنێت لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق و بەڵێنی پاڵپشتی جددی بدات بۆ هێنانەوەی عێراق بۆ سەر رێگا راستەکە»، عەباس کازم، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەتلانتیک کاونسڵ وای وت. دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەفرۆکەخانەی بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە، کوتلە شیعەکانی پەرلەمان - بەبێ بەشداری سوننەو کوردەکان - لە ٥ی کانونی دووەم دەنگیاندا بۆ دەرکردنی هیزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق. ئەمە بووەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک هەڕەشەی سزای ئابوری بکات لەسەر عێراق لەحاڵەتی دەرکردنی هێزەکانیان لەوڵاتەکەدا. ئەنتۆنی فاف ئاماژە بەوەدەکات کەهەر کاتێک عەللاوی توانی سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات، «پێویستە نزیک ببێتەوە لەئەمریکاو دەستبکات بەگفتوگۆ بۆ داهاتوو، نەک هەر لەسەر هەماهەنگی سەربازیی، بەڵکو هەماهەنگی لەسەر کۆمەڵیک هاریکاری کەئەمریکا دەتوانێت دابینی بکات، ئەمریکاش لای خۆیەوە دەبێت ئەوە بکاتە مەرج لەسەرعێراق کە فشار بخاتەسەر ئێران و بریکارەکانی تاهەوڵەکانیان کەمبکەنەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقدا». ئەنتۆنی فاف باس لەوەش دەکات کەئەگەر عەللاوی بەفەرمانەکە هەڵنەستێت ئەوا «پەیامێکە بۆ ئەمریکا کە حکومەتەکەی ئارەزووی نییە لەبەردەوامیدان بەپەیوەندییەکان کە لەبەرژەوەندی هەردوولادایە». هەرچەندە عەباس کازم پێیوایە کەدەبێت عەللاوی هاوسەنگی رابگرێت لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانی عێراقدا، بەڵام «ئەمە پێناچێت رووبدات لەماوەی کورتخایەندا بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی ئابوری، سیاسی، هەروەها ئەمنیی عێراق»و وڵاتەکە پشتی بەستووە بەبازرگانی لەگەڵ ئێران‌دا جگە لەوەی زۆربەی کەرتی وزەی عێراق لەلایەن ئێرانە دابیندەکرێت.