هاوڵاتی پارێزگای ئەنبار لەئێستادا دوای نەمانی داعش و دەركردنی ئەندامانی ئەو رێكخراوە تیایدا لەگەشەو ئاوەدانیی سەردەمی خۆیدا دەژی و زۆربەی شارەكانی ئاوەدانكراوەتەوەو دەستی خزمەتگوزاری پێگەیشتووە. ئەم پارێزگایە كە بەدەوڵەمەندی سەرچاوە  سروشتییە جۆراوجۆرەكانی بەناوبانگە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە پشتگوێخراوە، تەنیا گرنگی بەنەوت دراوە  تیایدا لەكاتێكدا چەندین جۆر كانزاو فۆسفات و سەرچاوەی دیكەی سروشتی تیادایە. پارێزگای ئەنبار كەوتووەتە رۆژئاوای عێراقەوە، لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای عێراقەو  (1/3)ی هەموو رووبەری عێراق پێكدەهێنێت. لەئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدات كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی بكات بەهاوبەشی خۆی لەدۆزینەوەو وەبەرهێنانی غازدا لەو كێڵگە تازانەی كەوتوونەتە رۆژئاوای ئەو پارێزگایەوە، ئەم پرۆژەیەش ئەگەر سەربگرێت بەگەورەترین پرۆژە لەعێراقدا دادەنرێت و بەپێی لێكۆڵینەوەكان پێشبینیدەكرێت قەبارەی ئەو غازە تیایدا  53 ترلیۆن پێ سێجا بێت. چەند سەرچاوەیەكی فەرمی حكومەت جەختیان لەوەكردووەتەوە كەوەزارەتی نەوتی عێراق چەندین شوێنی دیكەی لەو پارێزگایەدا دەستنیشانكردووە كە نەوتی تیادایە وەك ناوچەكانی سەرسارو رۆژئاوای رومادی، بەڵام قەبارەو بڕەكانیان ئاشكرا نەكردووەو باسیشیان لەوە نەكردووە كەی دەستدەكەن بەوەبەرهێنان تیایدا. د.خەلدون بەسامی بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای كەشفی جیۆلۆجی لەو پارێزگایە دەڵێت: هەموو دۆزینەوە كانزاییەكان لەعێراقدا هەر لەساڵی 1966ەوە بەدەستی عێراقییەكان ئەنجامدراوە، هەروەها كەشفكردنی ئەوەی یەكەمی عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەبواری یەدەگی كبریت دووەمی عێراق لەبواری یەدەگی فۆسفات لەجیهاندا لەدوای وڵاتی مەغریبەوە لەلایەن عێراقییەكان خۆیانەوە بووە، ئەویش لەچوارچێوەی دەستنیشانكردنی ئاستی یەدەگی كانزاكان لەساڵی 1986ەوە بۆ ساڵی 1990 كەتوانیمان 10 ملیار تۆن فۆسفات كەشفبكەین، وتیشی: كۆمپانیاكە كار بۆ گەشەپێدانی یەدەگەكان دەكات بەتایبەت لەبواری كاڵای سەرەتایی لەپیشەسازی چیمەنتۆداو تەنانەت چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتیش لەو بوارەدا وەبەرهێنانیان كردووە. لەپارێزگای ئەنبار كێڵگەی عەكازی غازی هەیە كەهێشتا وەبەرهێنانی تیادا نەكراوەو گەورەترین كێڵگەی غازییە لەعێراق، بەپێی پێشبینییەكانیش زیاتر لە 5 ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی تیادایە، كۆی گشتی غازیش لەبیابانی ئەنبار بە 53 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت. بۆ ئەوەی لەمانای ئەم ژمارەیە تێبگەین، ئەوا ئەم ژمارەیە 15 هەزار جار هێندەی ئەو غازەیە كەعێراق لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، واتە ئەم غازەی ئەنبار بەشی 40 ساڵی عێراق دەكات. بەبڕوای شارەزایانیش وەبەرهێنانكردن لەناوچەی عەكاز كە یەدەگەكەی نزیكەی 6 ترلیۆن پێ سێجایەو لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، بەهۆی چەندین هۆكارەوە نەتوانراوە وەبەرهێنانی تیادا بكرێت دەبێتە دەروازەیەكی فراوان بۆ كۆمپانیاكانی تر بۆ وەبەرهێنانكردن لەسەرچاوە سرووشتییەكانی دیكەدا. سەرچاوە فەرمییەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كەكاركردن لەو ناوچانە بەردەوامی هەیەو چەندین تیمی وەزارەتی نەوت خەریكی گەڕان و رووپێویكردنی زەوییەكانی ناوچەكەن بەرلەوەی بڕۆنە قۆناغی هەڵكەندنی بیری نەوت و كێڵگەی غازی. بەپێی رووپێوییە هایدرۆكاربۆنییەكانیش لەو ناوچەیەدا ئاماژەی ئەوە هەیە كەبڕێكی زۆر غازو نەوتی تێدایە، بەڵام ئاماژەكان زیاتر بۆ ئەوە دەڕۆن كە غازی زیاتر تێدابێت و گفتوگۆش لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانیی بەناوبانگدا بەردەوامی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەو كێڵگانە. بەڵام بەبڕوای شارەزایان گەورەترین بەربەستێك بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا دروستببێت بواری ئەمنی و بوونی گرووپە چەكدارەكانە، ئەمەش وەهایكردووە كۆمپانیا گەورەكان چاو بەكاروبارەكانیاندا بخشێننەوە لەعێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لەپارێزگای ئەنبار، ئەمە جگە لەڕۆتین و گەندەڵی ئیداریش كە ناهێڵن پرۆژەكان بەچاكی بەڕێوەبچن. لەلایەن خۆیەوە حكومەتی خۆجێی ئەنبار جەخت لەباشبوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە دەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات بانگهێشتنامەیان بۆ كۆمپانیا گەورەكان لەبواری وەبەرهێناندا ناردووە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەبواری نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی  و كارەبادا ئەنجامبدەن، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لەپارێزگاكەدا هاوكاردەبێت لەخستنەگەڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار دەستی كار لەپارێزگای ئەنبار.

هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا هەردووكیان مەیلی گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی هەیە بەڵام ئەوانەی زیاتر لەهەموو كەسێك چاوەڕوانی زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنەن دانیشتوانی ئێرانن كەپێنج ساڵە خراپترین دۆخی ئابورییان لەمێژووی ئەو وڵاتە ئەزموون كردووە. وڵاتی چین رایگەیاندووە كشانەوەو راگرتنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم زیانی 200 ملیار دۆلاری لەئەمریكاو زیانی 500 ملیار دۆلاری لەئێران داوە. ئەمریكا پێش ئەوەی دەست بەسزا ئابورییەكانی لەدژی ئێران بكات لەساڵی 1979 بەبڕی چوار ملیار دۆلار كاڵای رەوانەی ئێران كردووەو لەبەرامبەردا بڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار كاڵای لەئێرانەوە هاوردە كردووە واتە ئاستی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەو سەردەمەدا و 43 ساڵ پێش ئێستا نزیكەی شەش ملیار دۆلار بووە كەبەراورد بەئێستا رەنگە ژمارەیەكی زۆر گەورە بێت. ئاستی بازرگانیی ئێران و ئەوروپاش لەسایەی سزاكانی ئەمریكا بووەتە مایەی خێر بۆ توركیا، بەوتەی بەرپرسانی ژووری بازگانیی ئێران، وڵاتەكەیان لەپێنج مانگی ئەمساڵدا بەبەهای 464 ملیۆن دۆلار كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە لەكاتێكدا توركیا هەر لەو ماوەیەدا 40 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی ئەوروپا كردووە بەوەش ئەو وڵاتە 87 هێندەی ئێران كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە. تەنها یەك رۆژ دوای كۆتایی دوایین خولی دانوستانەكانی ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكان نرخی هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی ئێران لە 32 هەزار تمەنەوە بۆ 31 هەزار دابەزی بۆیە گومانی تێدا نییە رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم باری گرانی ئابوریی لەسەر شانی دانیشتوانی ئێران كەمتر دەكاتەوە. ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەبێتە هۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی یاسای فرۆشی نەوت و غازی ئێران كە پێشتر ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار داهاتەكەی بووەو هاوكات ئەو وڵاتە دەتوانێت دەستبكاتەوە بەبازرگانیی لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان. بانكی جیهانی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووە كە ئێران لەسێ ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی لەمێژوی وڵاتەكەیدا تۆمار كردووە ئەگەر گۆڕانكاریی لە داهات و سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتەدا روونەدات ئەوە بەتەواوەتی لەگەشەی ئابوریی دەوەستێت. ئێران پلانی هەبووە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2015 ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ 7% دابەزێنێت بەڵام ئاستی ئێستای هەڵاوسانەكەی دەگاتە 52 بۆ 85 لەسەدا. سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەچەندساڵی رابردوودا وایكردووە بانكی ناوەندیی ئێران نەتوانێت ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان بكات و هەر ئەوەش وایكردوە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە تالێواری هەڵدێر ببات و بەوتەی بەرپرسانی ئەو بانكە: لەسێ ساڵدا ئاستی هەڵاوسان لە 12% بۆ زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە. دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2018 لەرێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە زیاتر لە (122) ملیار دۆلاری ئێران لەبانكەكانی جیهان بلۆككراو دوای دوو ساڵ لەهەوڵەكانی تاران تەنها چوار ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی ئێران گەڕایەوە كەئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی جارێكی دیكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو پارەیە ئازاد دەكرێت و ئاهێك بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە. شەوی دووشەممە (15/8/2022) ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپای دایەوە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەڵام جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ستایشی وەڵامدانەوەكەی تاران، رایگەیاند؛ ناتوانێت ناوەڕۆكی وەڵامەكە ئاشكرابكات و ئەوان تەنها دەیانەوێت لایەنەكان لەیەكتر نزیك بكەنەوە. ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای رادەستكردنی وەڵامی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا رایگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پابەندبوونی لایەنەكانە بەبەردەوامبونی رێككەوتنی ئەتۆمیی و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە دڵنیایی بدرێت كە جارێكی دیكە هیچ لایەك لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە. بەرپرسانی تاران بەبەردەوامیی جەختیان لەدوو داواكاری كردوە كەیەكێكیان بریتیە لەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت و داواكاریی دوەمیشیان ئەوەیە چیتر بەئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتەكان لەناوخۆی ئەمریكا تاكلایەنە بڕیار لەكشانەوە لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە نەدرێت وەك ئەوەی دۆناڵد ترمپ سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە لەساڵی 2018 كردی. رۆبەرت مالی، پسپۆڕی ئەمریكی بۆ كاروباری ئێران رایگەیاندوە: كێشەی سەرەكیی ئەوەیە تاران داوای كردووە نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چیتر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بخاتە ژێر گومانەوە و پاشگەزببێتەوە لەچاودێرییە وردەكانی وێستگە ئەتۆمییەكان. مالی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پاكانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەرببڕێت ئەوا ئەمریكا واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە دەكات، بەڵام ئێران و ئاژانسی ئەتۆم ناكۆكیان هەیەو ئاژانس پێداگریی دەكات كەئێران وردەكارییەكانی ئەم دواییانەی زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5% بۆ 60% ئاشكرانەكردووەو رادەستی ئەو ئاژانسەی نەكردووە. ئێران داوای داخستنی سێ دۆسیەی لەئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە بەپێی راپۆرتەكان سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی نایاسایی و تەشەنەكراوی تێدا بەدی كراوە. ئەو بەرپرسەی ئەمریكا وتوویەتی» تا ئەوكاتەی واشنتۆن و تاران لەسەر هەموو شتەكان رێككنەكەون وەك ئەوە وایە لەسەر هیچ شتێك رێككنەكەوتبن». لەلایەكی دیكەوە: جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە: هیچ بڕگەو بابەتێكی دیكە نەماوە بۆ دەقی ئەو رەشنووسەی بەمەبەستی گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئامادەكراوە تەنها ئەوەی ماوەتەوە واژۆكردنی لایەنەكانی بەشداری ناو رێككەوتنی ئەتۆمییەكەی ئێران و (ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا + ئەڵمانیا)یە.

سەركۆ جەمال لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری راگیراون، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت زیاتر لە 300 كۆمپانیاو نووسینگە بەهۆی باجی حكومەتەوە مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەوتەی ئەندامێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش ترلیۆنێك دیناری بەڵێندەران لای حكومەتە كەزیاتر لە 800 ملیاری پارەی بەڵێندەرانی سلێمانییە. سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تائێستا مەسەلەی مایەپووچ بوون وەك خۆی باس نەكراوە، ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێننەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باج و رسوماتەی دەخرێتە سەریان ئەمەش مانای مایەپوچ بوون نییە». «حكومەت یەك ترلیۆنی بەڵێندەران قەرزارە» ناجی شێخ عیزەدین سەرمایەدارو ئەندامی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەزار و 500 پرۆژە لەهەرێمی كوردستان راگیراون كەزیاتر لەهەزار پرۆژەیان لەسلێمانین، یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەرانیش لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، جگە لەو پارە لاوەكیانەی لەنێوان بەڵێندەران و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، تەنها بەڵیندەرانی سلێمانی نزیكەی 800 ملیار دیناریان لای حكومەتە». «ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە بۆ پرۆژە و وەبەرهێنەرو بەڵێندەران» میران كامیل وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە، حكومەت تەنیا مووچەی داوەو ئاوڕی لەبەڵێندەران نەداوەتەوە، لەكاتێكدا پرۆژەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، بەپێی داتاكان لەساڵێكدا زیاتر لەهەزار پرۆژە هەبووە كە 100 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، ئێستا ئەو ژمارەیە بێكارن». بەوتەی میران كامیل «لەسلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژە راگیراون، بەپرۆژەی بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنانیشەوە، تەنانەت ئەو پرۆژانەی ئەمساڵیش راگەیەندراون پارە نییە بۆیان دابین بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەڵێندەری دیكەش مایەپوچ بێت و پرۆژەكانیان رابگیرێت». وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت:» لەسلێمانی نزیكەی هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون لەكاتێكدا هەزارو 242 بەڵێندەر لەسلێمانی هەن، بەهۆیەوە نزیكەی 100 هەزار كەس بێكاربوون». لەهەولێرو دهۆك چەند پرۆژە راگیراون؟ بەپێی ئەو داتایەی هاوڵاتی لەدەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەستیكەوتووە، لەهەولێر پرۆژەكان لەلایەن هەزارو 559 بەڵێندەرەوە جێبەجێدەكرێن، بەڵام تائێستا زیاتر لەهەزارو 200 پرۆژە لەهەولێر راگیراون، ئەو پرۆژانەش كەحكومەتی هەرێم ئەمساڵ تەواویكردوون مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و 400 و پرۆژەن، ئەو پرۆژانەش كەئێستا بەردەوامن لە 10% بۆ 20%ی شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە. لەكابینەی نۆدا نزیكەی 200 پرۆژە تەواوكراون، بەڵام لەبەرامبەردا 400 پرۆژە راگیراون و زیاتر لە 350 ملیار دیناریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەدهۆكیش نزیكەی 200 پرۆژە وەستاون و بەڵێندەران 181 ملیار دیناریان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بەپێی ئەو داتایانەی هاوڵاتی لەوەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە دەستیكەوتوون، لەسلێمانی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا جگە لەساڵی 2022 ، نزیكەی 900 بەڵێندەر مایەپوچ بوون، زۆربەی ئەو مایەپوچ بوونانە بۆ ساڵی 2014و ساڵی 2020 دەگەڕێنەوە یەكەمیان شەڕی داعش تێیدا روویداو ئەوی دیكەشیان كۆرۆنا تێیدا سەریهەڵدا، لەساڵی 2022 ش 70 پرۆژەی نوێ لەسلێمانی حكومەت بڕیاریداوە دروستیانبكات، بەڵام ئەوانیش كێشەی پارەداركردنیان هەیە كەیەكێكیان رێگای سەرەكی كەلار- سلێمانییە. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پرۆژەكان دەستی دەستییان پێدەكرێت رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» كێبڕكێیەكی زۆر دروستبووە لەنێوان پڕۆژەكانی سلێمانی و هەولێردا، كێبڕكێكە بۆ پێشخستن نییە، بەڵكو لەپێناو ئەنجامنەدان و كەوتنیەتی، كام زۆن دەسەڵاتی لاهەبوو، ئەوەیان زیاتر سزای زۆنەكەی تر دەدات، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت لەپارتییەو لەهەولێرە دەسەڵاتەكانی زیاتر چڕبووەتەوەو زۆبەی پۆستەكانی حكومەت لەئەندامانی حزبەكەی خۆیەتی و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە سزامان بدەن، جارجار هەندێك پڕۆژەی بچووك جێبەجێ دەكەن كە وا خۆیان نیشاندەدەن دڵسۆزی سلێمانین». رەمەزان نامیق دەڵێت:»هەرچەندە ناوەناوە بەردی بناغەی پڕۆژەیەك دادەنرێت، بەڵام دواتر یان پشتگوێ دەخرێت، یان لەكاتی جێبەجێكردنی بودجەكەی بۆ خەرج ناكرێت، بۆ نموونە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان كە50%ی تەواو بووە، بەڵام تەنها 3%ی بودجەكەی بۆ خەرجكراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی :»پڕۆژەكانی سلێمانی لە دوو هۆكار بەدەر نییە، یەكەم دەستی دەستی پێكردنی پڕۆژەكانی سلێمانییە، كاتێك پڕۆپۆزەڵی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێشكەش كرا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر نەبوو، ئێستا شەقامی 150 مەتریش لەهەولێر جێبەجێكراوە، پردی دووساید‌و تونێل دروستدەكرێت و شەقامەكان لەهەولێر فراوان دەكرێن، ئەمانە هەمووی لەقۆناغی قەیرانی دارایی دەكرێت، قەیرانی داراییان تەنها بەسەر پارێزگای سلێمانیدا سەپاندووە، بەڵام سوودیان بۆ خۆیان لێ بینیوەو پڕۆژەكانی هەولێریان جێبەجێ كردووە». رەمەزان نامیق وتیشی: «حكومەت فێڵێكی دیكەی كردووەو هەموو ئەو پڕۆژانەی سلێمانی كە دروستدەكرێت لەسەر داهاتی سلێمانییە بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێتی داهاتی نەگەڕاندەوە، ئەوكات ئەنجامەكەی ئەوەیە كە پڕۆژەكانی سلێمانی تەواو ناكرێت». سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «دیاردەیەك دروستبووە كە كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنەوە چونكە بەرگەی ئەو پارەیە ناگرن كە وەك باج خراوەتەسەریان، چونكە حكومەت رسوماتێكی بێ بنەما لەخەڵك وەردەگرێت و كۆمپانیا یان ئەو شوێنە ناچار دایدەخات، لەمێژووی ژووری بازرگانی شتی وا رووینەداوە وەك ئەمساڵ كە ئەو هەموو كۆمپانیاو نوسینگەیە دابخرێت، ئەویش بەهۆی رێنمایی نوێی وەزارەتی داراییە». وەك سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: «بەوهۆیەوە سەدان بەڵێندەر پرۆژەكانیان راگرتووەو پارەیان پێنەماوە تابەردەوامی پێبدەن، تەنها ئەمساڵ 330 نوسینگەو كۆمپانیا لەسلێمانی مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە هەلی كاركردن بۆ كۆمپانیا بچوكەكان و بەڵێندەر نەهێڵدراوەتەوە». پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راگرتنی پرۆژەكان بەتایبەت لەسنووری سلێمانی پێكهێناوە، لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەكەیە كەهاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیژنەیەی پێكمان هێناوە لەهۆكاری راگرتنی پرۆژەكانی سلێمانی دەكۆڵێتەوە، بەڵام جارێ راپۆرتەكەمان تەواو نەكردووەو بڕیارە تا 1-9-2022 تەواوی بكەین». لوقمان وەردی وتیشی:»تا ئەوكاتەی راپۆرتەكە رادەستی پەرلەمان دەكەین ناتوانین لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتەكە زانیاری بدەین، بەڵام داوامان كردووە پەرلەمان لەسەر راگیرانی پرۆژەكان و بەتایبەتیش ئەو پرۆژانەی سلێمانی كۆبوونەوە بكات».

هاوڵاتی بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپیک، عێراق بە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پابەنددەکات، وڵاتەکەی بۆ مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە رۆژێکدا بۆ سەروو چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزدەکاتەوە. لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، عێراق پابەندە بەبڕیاری رێکخراوی ئۆپیک و ھاوپەیمانەکانی لەبارەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام ئەو زیادکردنە کاریگەریی لەسەر یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاو نابێت. عەلا یاسری وتیشی، مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق بە تێکڕا بۆ چوار ملیۆن و ٦٦٣ ھەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە، راشیگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە و داھاتەکەشی ١٠ ملیار و ٥٤١ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار و ٢٥٨ دۆلار بووە. جێگای ئاماژەیە عێراق دەیەوێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ بەھاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە عێراق کاردەکەن بەرھەمھێنانی نەوت بگەیەنێتە ھەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لەبازاڕەکانی جیهاندا داهاتی نەوتی عێراق زیادبووە ئەمەش وایکردووە کورتهێنانی بودجەی پێپڕبکاتەوە. ڕێکخراوی ئۆپێک، لە مانگی رابردوودا، هەناردەی نەوتی خۆی رۆژانە بە نزیکەی 216 هەزار بەرمیل زیاد کرد، بەمەش هەناردەی رۆژانەی ئۆپێک بۆ 28 ملیۆن و 896 هەزار بەرمیل زیاد بوو. ئەمەش بە زیادکردنی هەناردەی حەوت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک بەدیهات، کە عێراق یەکێکیانە.  

هاوڵاتی دۆخی ئابوریی و مرۆیی لەئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی رەئیسی پاشەكشێی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەجۆرێك لەیەك ساڵی تەمەنی سەرۆك كۆماری ئەودا هەڵاوسان بۆ نزیكەی 60% بەرز دەبێتەوە و وڵاتەكەش چووەتە ریزی 10یەمین وڵاتی جیهان لە رووی هەڵاوسانی ئابورییەوە. بانكی جیهانی ئاشكرای كردووە لەماوەی 43 ساڵی رابردوودا ئێرانییەكان بەڕێژەی 30% هەژارتربوون و تەنها لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2020 سەرمایەكانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 40% دابەزیوە. یەك ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران تێدەپەڕێت كە بڕیاربوو حكومەتێكی شۆڕشگێڕ لەئابوری و دادپەروەریدا بخوڵقێنێ، بەڵام ئامارەكانی ناوخۆی وڵاتەكە باس لەقوڵبوونەوەی قەیرانە ئابورییەكان و خراپبوونی دۆخی مرۆیی دەكەن بەتایبەت كە لەسەردەمی ئەودا زۆرترین كەس بەراورد بەساڵانی رابردوو لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون. ئێران لەئێستاداو لەسەردەمی رەئیسی بووەتە خاوەنی زیاتر لەپێنج ترلیۆن  تمەن دراوی چاپكراوەو تەنها لەسەردەمی ئەودا 40% پارەی چاپكراو زیادی كردووە كەئەوەش ئاماژەیەكی دیكەی نزیكبوونەوەیە لەلێواری داڕمانی ئابوریی. رەئیسی هیوای ئابوریی ئێران لەگۆڕدەنێت سەرۆك كۆماری ئێران لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیدا هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ كەمتر لە 18% دابەزێنێت، لەئێستا ئەو رێژەیە لەهەڵاوسانی تاسنوری 60% بردووە.  لەتەمەنی ساڵێكی كابینەی حكومەتی رەئیسی لەئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكە لە 33٪ بۆ 56٪ بەرزبووەتەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كەساڵێك پێش ئێستا بەبەڵێنی دادپەروەریی و نەمانی هەژاریی كابینەكەی دامەزراندو دەسەڵاتی وڵاتەكەی گرتەدەست  بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوریی رووبەڕووی رەخنەی یارو نەیار بووەتەوە. كارنامەی ئابوریی رەئیسی بەئاستێك خراپ بووە كە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وەك دۆستێكی دێرینی رەئیسی حاشای لەوە نەكردووە كەئابوریی وڵاتەكە لەسالێكدا پاشەكشێی گەورەی كردووەو كارنامەی حكومەت لەو بوارەدا خراپبووە. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران لە 19 مانگی رابردوودا هەڵاوسانی ئابوریی لە 30٪ زیاتر بووە و لەئەمساڵیشدا هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لەسەدا 52٪. دەستبەكاربوونی رەئیسی وەك سەرۆك كۆمار هاوكات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان بۆ زیاتر لە 85%. لەماوەی ساڵێكیشدا  نرخی زەیت لەئێران بەڕێژەی 285٪ بەرز بووەتەوەو نرخی نانیش بۆ دوو هێندە زیادیكردووەو دۆخەكە بەوانەشەوە نەوەستایەوە نرخی هەر دۆلارێكیش 25٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەر تمەن لەبازاڕەكانی وڵاتەكە زیاتر 30 هەزار تمەنە. پێشتر دۆلار بەناوی دۆلاری حكومی رادەستی بازرگان و هاوردەكارانی كاڵاو پێداویستییە خۆراكییەكان دەكرا كەنرخی هەر دۆلارێك بەچوار هەزارو 200 تمەن بوو، بەڵام حكومەتەكەی رەئیسی بەلابردنی ئەو دۆلارە لەبودجەی وڵاتەكەدا بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی ماددە خۆراكییەكان و ئەو دەرمانانەی لەوڵاتانی جیهانەوە بەناچاری هاوردە دەكران. سەرۆك كۆماری ئێران خۆی دانی بەوەدا ناوە یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان لابردنی ئەو دۆلارە حكومییە بووە لەبودجەی ئێراندا. ئێران بەهۆی ئەو هەڵاوسانانەی كە لەسەردەمی رەئیسیدا تێیكەوتووە چووەتە ریزبەندی 10یەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین هەڵاوسانی تۆماركردووە. توانای كڕین و سك هەڵگوشین ناوەندی تووێژینەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی ئێران بڵاویكردووەتەوە رێژەی بێكاریی و هەژاریی لەماوەی رابردوودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و بژێویی خەڵكیش لەڕووی خۆراكەوە زۆر خراپ بووە. بەپێی راپۆرتی ئەو ناوەندە رێژەی ساڵانەی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت بۆ هەر دانیشتویەكی ئێران لە 13 كیلۆوە بۆ شەش كیلۆ كەمی كردووە و هاوكات خواردنی برنج لەساڵێكدا لە 44 كیلۆ بۆ 35 كیلۆ كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی توانای كڕینەوە بووە.  چاپكردنی دراو، تمەن رزگار ناكات لەساڵی 2018و دوای كشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (ئەمریكا، روسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانا لەگەڵ ئەڵمانیا) كە بە 5+1 ناودەهێنرێن، ئێران بەبەردەوامی ناچاربووە پارەی چاپكراو زیادبكات، بەڵام رەئیسی رایگەیاند دژی ئەو هەنگاوو پلانەی حكومەتی پێشووەو هەوڵی كەمكردنەوەی چاپی تمەن دەدات. بەپێی ئامارەكان رێژەی دراوی چاپكراوی تمەن لەساڵێكی دەستبەكاربوونی رەئیسیدا 40% زیادی كردووەو ئێستا كۆی پارەی چاپكراوی ئێران گەیشتووەتە پێنج ترلیۆن و 104 ملیار تمەن. ئەگەرچی میدیاكانی نزیك لەسەرۆك كۆماری ئێران هەوڵدەدەن رەئیسی لەماوەی ئەو یەك ساڵەدا بەسەركەوتوو پیشانبدەن، بەڵام بەپێی ئامارەكانی خودی ئەو میدیایانە ئابورییەكەی رەئیسی تەنها لەیەك مانگی ساڵدا توانیویانە رێژەی زیادكردنی دراوی چاپكراوی تمەن كۆنتڕۆڵ بكەن، بەزمانێكی دیكە لە 11 مانگدا چاپكردنی پارە بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵاوسان هەر بەردەوام بووە. دانەوەی قەرزی بانكی ناوەندیی ئێران بەدەستی حكومەت بڕی 49 ترلیۆن و 631 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 911 دۆلار رەنگە تەنها دەستكەوتی رەئیسی بووبێت كە حاشای لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە حكومەت رایگەیاندووە سەرجەم قەرزە بیانییەكانی ئێران هەشت ملیارو 675 ملیۆن دۆلارەو بەبێ ئەوەی روونیبكاتەوە چ رێژەیەكی لەو قەرزە داوەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە هەوڵدراوە ئەو قەرزانەش كەمبكرێنەوە لەكاتێكدا ئەو پارە بلۆككراوانەی ئێران كە بڕیاربوو لەبانكەكانی جیهان ئازدبكرێن لەنێوان هەشت بۆ 20 ملیار دۆلار بووەو حكومەتیش هیچ وردەكارییەكی ئاشكرا نەكردووە.  

سەركۆ جەمال بەوتەی سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكات، سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییش پێشنیازەكان بۆ هاوڵاتی دەخاتەڕوو، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت سەرقاڵی راپۆرتێكن لەوبارەیەوەو هێشتا تەواویان نەكردووە، پسپۆڕێكی ئابووریش سودەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتەڕوو. سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت :»بەپێی بڕیارێك لەم كابینەیەدا، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوەو بۆ ئەم مەبەستەش دوو پێشنیاز هەیە، بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، داواكراوە بەداتا دەست بەكۆكردنەوەی زانیاری تەواو لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێت بەجۆرێك لەوكاتەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەستاوە تاوەكو ئێستا چەند پارە لەسەر حكومەت كەوتووە؟ هاوكات پارەی پێویست بۆ هەموو ساڵەكانی پلەبەرزكردنەوە چەندە؟.» سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم وتیشی: « مەسرور بارزانی داوای ئەوەی كردووە كە پلەبەرزكردنەوەكە بەپێی یاساو رێنمایی چۆنە و فەرمانبەر لە (2016)ەوە تاوەكو ئێستا چەند پلەبەرزكردنەوەی هەبووە؟ چۆن بۆی هەژمار بكرێت؟، دواتر بڕی پارەی پێویست بۆ كۆی گشتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران چەندە دیاری بكرێ؟.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەستیكەوتوون « پلەبەرزكردنەوەكە لەكاتی دەستپێكردنەوە واتە رۆژی جێبەجێكردنی  بڕیارەكەوە  دەبێت و شاییستە داراییەكانی ساڵانی رابردوو هەژمار ناكرێت، چونكە حكومەت پێیوایە ئەگەر قەرەبووی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانی رابردووش بكاتەوە، ئەوا پارەیەكی زۆری پێویستە ئەمەش لەتوانای حكومەتدا نییە كە ئەو پارەیە دابین بكات، بۆیە لەو مانگەی كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە، پارەكە خەرج دەكرێت».   پلە بەرزكردنەوە لەكەیەوە راگیراوە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، لەكۆتایی ساڵی 2015 بڕیاریدا بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بڕیارەكەش لەیەكی كانوونی دووەمی 2016 جێبەجێكراو لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا پلەی فەرمانبەرانی مەدەنی (شارستانی) راگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوە لەدەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەتەوە.   پەرلەمانتارێكی كوردستان: بەنهێنی پلەبەرزكردنەوە كراوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا پلەبەرزكردنەوەی  هێزی ئاسایشی ناوخۆو سەربازی بەردەوامە، ئەویش بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كراوە». عەلی حەمەساڵح وتیشی:»بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  كە بەژمارە شەش هەزارو 522 لە 9/12/2018 دەرچووەو جیاوازی پۆلێن و پلەبەرزكردنەوەی دادوەرەكان بۆ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 و 2018 ی گەڕاندووەتەوە». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە» فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیەكان تائێستاش پلەبەرزكردنەوەیان بەردەوامە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش تائێستا پلەبەرزكردنەوەی هەر رانەگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستی پێنەكردووەتەوە». هەرێم حسێن فەرمانبەرە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :» من ئێستا لەپلەی پێنجدام لەفەرمانبەری، ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە دەبم بەپلە چوار ستێپی سێ كە ئەوەش بە پێنج ساڵ بەرزدەبیتەوە، چونكە لەپلە 10 تا وەكو پلە پێنج چوار ساڵ جارێكەو بەپێی پلەكانی دیكەش دەگۆڕێت». ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» لە 2007ەوە فەرمانبەرم، بەڵام ئەگەر لە 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەم بۆ هەژماربكرێت زیاتر لە  150 هەزار دەچێتە سەر موچەكەم چونكە لەگەڵ هەندێك پلە بەرزكردنەوە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەش زیاد دەكات». دوو هەفتە لەمەوبەر سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رایگەیاند: «ئێستا لەبەرنامەماندا نییە كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە، بەڵام لە ئەگەری داواكاریی حكومەت ئەوەش لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناچارین پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە».  سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو رێكخستنەوەیەی بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم جێبەجێی بكات وتی: «ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكان دەوام دەكەن و هەستدەكرێت لەو شوێنە زیادن، ئەوا ناچاردەكرێن بەگواستنەوە  بەگوێرەی پسپۆرییەكەی لەوەزارەتێكی دیكە كە پێویستیان پێیەتی».  باسی لەوەشكرد: شێوازی گواستنەوە و رێكخستنەوەی فەرمانبەران بەئاسایی ناكرێت بۆیە لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری سەرقاڵی دروستكردنی داتابەیسێكن بۆ بەدیجیتاڵكردنی دۆسیەی كەسی فەرمانبەران، ئەوكات بەگوێرەی پسپۆری فەرمانبەران كاری گواستنەوەیان لەوەزارەت بۆ وەزارەتێكی دیكە یاخود لەبەڕێوەبەرایەتیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەكرێت».   هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274هەزار مووچەخۆری هەیە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت :»سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەواومان نەكردووە». وتیشی:» راپۆرتەكە تەواوبوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت تا وەك راسپاردەیەك بدرێتە حكومەتی هەرێم و كاری لەسەر بكات». عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی هەردوو یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلەبەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و رێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بەپێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، بڕیاری راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیارێكی نایاساییەو دریژەدان بەم بڕیارەش دۆخی فەرمانبەرێتی تەواو شێواندووەو هەموو هاوكێشەكانی پەیوەندیدار بەپلەو ئاستی فەرمانبەرێتی و میلاكی تێكداوە.»  ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: «لەساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، هەربۆیە هەندێك لەفەرمانبەران كە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوون دوو پلەو زۆرینەی زۆری فەرمانبەرانیش بەلای كەمەوە یەك پلەیان لای حكومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەكەن، ئەم بڕیارە مانگانە زیانی گەورە لەنزیكەی (٣٦٥,٠٠٠)  فەرمانبەرو مامۆستا دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دیناری مانگانەیە».   زیانی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران  عومەر گوڵپی دەڵێت :»كۆی ئەو پارەیەی كەمانگانە بەهۆی پلەبەرزكردنەوەوە دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، بەخەمڵاندنی ئێمە نزیكە لە (٥٠ ملیار) دیناری مانگانەوە، بەم پێیە بۆ ماوەی پێنج ساڵەكە بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەران لای حكومەتە زیاترە لە (سێ ترلیۆن) دینار.» سەبارەت بەسودی ئابووری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ بازاڕی هەرێم و گوزەرانی فەرمانبەران، نەبەرد كەریم مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی ئابووری بەهاوڵاتی وت:»لەمانگی یەكی 2016 ەوە بەفەرمانێك كە پاڵپشتی یاسایی نەبووە پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم راگیراوە، كە ئەوەش مافێكی یاسایی هەموو فەرمانبەرێكە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت پلەبەرزكردنەوە بكرێت». ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی:»ئێستا تەنها مووچەخۆری شارستانی پلەبەرزكردنەوەی راگیراوە كە ئەمەش زیانی زۆر لەئابووری و مووچەخۆرەكانیش دەدات، كە خەمڵێندراوە بەزیاتر لە 50 ملیار دینار، ئەگەر ئەم لێبڕینە بگەڕێتەوە ئەوە بازاڕ دەبوژێتەوە و كوالێتی ژیانی هاووڵاتیانیش باشتر دەبێت جگە لەوەی بەشێوەیەكی دیكەش سود بەحكومەت دەگەیەنن لەوەی باجی زیاتر دەدەنە حكومەت». هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، ئەوانەی فەرمانبەری مەدەنین ژمارەیان 750 هەزار كەسە، بەوپێیە تەنها ئەو فەرمانبەرانە پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە.

شەنای فاتیح بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بارگرانیەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە شەش ساڵە نەوتی بۆ هاووڵاتیان دابین نەكردووەو ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراق ناردویەتی و لەجیاتی 45 هەزار دیناریش 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەرگیراوە، لەم وەرزی هاوینەشدا بەرمیلێك نەوت لەسەرووی 260 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت لەوەزری زستاندا نرخەكەی زۆر گرانتر بێت. ساڵی رابردوو وەزیری دەستلەكاركێشاوەی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا كەهەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، بەڵام تەنها 35%ی هاووڵاتیان نەوتی سپیان پێدرا. ساڵانە لەوەرزی هاویندا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی ئەوەی كە خواستی زۆری لەسەر نییە، بەڵام ئەمساڵ لەم وەرزی هاوینەشدا نەوتی سپی نرخی ئێجگار بەرزەو هەر بەرمیلێك نەوت لەسەروی 260 هەزار  دینارەوەیەو هیچ ساڵێك لەم كاتەدا نرخی نەوتی سپی بەو شێوەیە نەبووە. چاوەڕوان دەكرێت نرخی نەوت لەزستاندا گرانتر بێت كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەوتی سپی و گازوایل و غازی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ وڵاتانی دیكەو حكومەتیش كارئاسانی بۆدەكات و ئەگەر بێت و حكومەت رێگری لێبكات و بۆ هاووڵاتیانی كوردستانی دابین بكات بێگومان نرخەكان دادەبەزن». وتیشی: «ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیەتە سەرخەت و هەنگاوی پێویست نەنێت چاوەڕێ دەكرێت نرخی نەوتی سپی لەوەرزی زستاندا گرانتر ببێت» . كەریم عەلی باسی لەوەشكرد:» هاووڵاتیان زیاتر لەشەش ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە و ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراقی ناردوویەتی و پیشتر نرخەكەی 45 هەزار دینار بوو بەڵام حكومەتی هەرێم 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەردەگرێت». هاوكات شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی بۆ ماڵان ناكات، سەرباری ئەوەش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشناكرێت، چونكە حكومەت ئەم كەرتەی فەرامۆش كردووەو پلانی نیە پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بگەیەنێت بەهەموو ماڵێك». وتیشی:» لەساڵی 2016وە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی نەوتی راگرتووەو ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ خەڵك دروستكردووە بەتایبەت لەناوچە ساردەكاندا كەپێویستە پێش وەرزی زستان نەوتی سپیان پێبگات». هاووڵاتیانیش گلەییان لەگرانی نرخی نەوت هەیەو دەڵێن:»پێشتر بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە لەوەرزی هاویندا نەوتیان دەكڕی و  زستان بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی زۆرگرانە». تەها ئەحمەد، كە پیشەی مامۆستایەو تەمەنی 60 ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە و كارتی نەوتیشمان هەیە بەڵام نەوتمان نادەنێ‌«. باسی لەوەشكرد: «ئەگەر جیاوازی لەنرخی نەوتدا هەبێت باشترە لەوەرزی هاویندا بكڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ لەوەرزی هاوینیشدا هەر گرانە». هاوكات هەورامان حەمە حەسەن كاسبكارێكی تەمەن 40 ساڵەو لەپارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێیە سەبارەت بەگرانی نرخی نەوت بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « كارتی نەوتمان هەیەو زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووەو وتیشی: ئێمە ساڵانە ئەگەر زۆر بەكەمیش بەكاری بهێنین سێ بەرمیل نەوتمان پێویستە، ئەگەر نرخەكەشی ئاوا بەرز بێت ئەوا كڕینی نەوت بارگرانیەكی زۆرە بۆ ئێمە». هاوكات، عوسمان محەمەد، فەرمانبەرێكی تەمەن 43 ساڵەو دانیشتووی ئیدارەی گەرمیانەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرووە و پێشتر لەهاویندا نەوتمان دەكڕی و خەزنمان دەكرد بۆ زستان، بەڵام ئێستا لەهاونیشدا هەر گرانە». حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیەكانی سەر شانی هاووڵاتیان نیەو تابێت نرخی پێداویستیەكان گرانتر دەبێت و ئەمەش ئەوندەی تر هاووڵاتیانی نیگەران كردووە.

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەم مانگەدا (ئاب) لەتەواوی هەرێمدا دەست بە دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەکرێت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دابوو. لەوبارەیەوە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 08-08-2022  بەمیدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە "بڕیارە ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە بکرێت و هەوڵدەدرێت بە کەمترین ماوە تەواوبن". وتیشی: "یەکە نیشتەجێبوونەکان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەن و بەیەکەوە دەست بە دروستکردنیان دەکرێ". سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کردووە: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت." لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ."  بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."

سەركۆ جەمال پەرلەمانتارانی كوردستان وەڵامی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان دەدەنەوە كە لە رێگەی  پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەدەستكەوتەكانی ئەم كابینەیە كردو دەڵێن:» ئەم كابینەیە شكستەكانی زۆرتر بووە لە دەستكەوتەكان و بارگرانی گەورە لەسەر هاووڵاتیان دروست بووە». سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی لەگەڵ وەزیرەكان لەڕێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەو كارو چالاكیانە كرد كە ئەنجامیانداوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانە ئەوەیان نەخستەڕوو كە زیادكردنی داهات كەوتۆتە سەر شانی هاووڵاتیان و كێشەی كارەباو رێگاوبان و گرانی سوتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی) هەیەو هەوڵی چارەسەركردنیان دەدەن. بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەكەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» لەماوەی سێ ساڵدا، مووچە بەبەردەوامی دراوە، بەپێی بودجەی بەردەست، توانیومانە بارگرانی سەر خەڵك و حكومەت كەمبكەینەوە». هەروەها وتیشی:» داهاتی ناوخۆ 100% زیادیكردووە، زۆرترین خەرجیش بۆ رێگاوبان بووە». هاوكات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» حكومەت، لەڕێگەی پرۆگرامی خزمەتەوە، كە زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاریی لەخۆدەگرێت، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە دەكات، كە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێن». « ٩٥ ملیار دینار بە رێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی گێڕدراوەتەوە بۆ حكومەت، داهاتی گومرگیش لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەك ترلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار لە كابینەی نۆیەمدا بەرزكراوەتەوە»، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی وای وت. پەرلەمانتارانی كوردستان كابینەی نۆیەم دەدەنە بەر نەشتەرو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە لەم كابینەیەدا قاچاغچێتی رێكخراو زۆر بووەو باجەكان لەسەر هاووڵاتیان زیادی كردووەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەردەست نییە.  عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»وەزیرەكان تێكرا باسیان لەدەستكەوتەكان كرد، لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام باسیان لەگرفتەكان نەكرد، بۆیەكەمجار لەم كابینەیە لە سەرەتای 2020 ەوە قاچاخی رێكخراو دەستیپێكرد، هاوشێوەی كابینەی پێشوو یاسای بودجە نەبووە، كە یاسای بودجە نەبوو چاودێریكردنی داهات زۆر قورس دەبێت، هەموو ئەو پارانەی خەرج كراون دیارنییە». « لەم كابینەیە دووئیدارەیی زەق بووەوە، لەهەندێك پرۆژە هەیەو لەهەندێك نییە، لەهەندێك شوێن مووچە هەیە و لەهەندێك شوێن نییە، وەك چۆن لەكابینەكانی پێشوو زەوی بەهای نەبوو لەم كابینەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی هەندێك كەس بەكارهێندرا»، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشكرد تەنها ئەو زەویانەی لەشارەكان بەناوی پرۆژەوە بۆ چەند كەسێكی دیاریكراو بوون چەندین جار زیاترە لەپارەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و ئاوەڕۆ و ئەوانی دیكە، ئەگەر حكومەت بیفرۆشتایە زیاتری دەكرد، وتیشی:» تەنها مووچە لەم كابینەیە دوانەكەوتووە چونكە نەوت بەرزبووە، جگە لەوەی پارەی نەوت زیاتر دەگەڕێتەوە بەڵام ناكرێت بووترێت گرنگە چونكە هەمانشێوەی رابردوو پارەیەكی زۆری نەوت بەفیڕۆ دەڕوات». عەلی حەمەساڵح روونكردنەوەی زیاتری لەسەر داهاتی نەوت خستەڕوو كە لەئێستادا نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت گرەنتی نییە داهاتی نەوت دانەبەزێت، هەرێمی كوردستان یەدەگ و توانای قەرزی نیە بەرگەی دابەزینی نەوت ناگرێت بەم فۆڕمەی ئێستا، كە هەرێمی كوردستان دەبێتە قوربانی سنووری سلێمانی زیاتر زیان دەكات چونكە بەشێك لەپرۆژەكان و مووچەش لەسەر داهاتی سلێمانی خۆیەتی، وتیشی:» شتێك نییە بەناوی خەزێنەی داهات هەر ناوچەیە و داهاتی خۆی خەرج دەكات، 873 پرۆژە لەسلێمانی وەستاون بەڵام لەسنووری پارتی هەموو پرۆژەكان كاردەكەن، تەنانەت 100 مەتریەكەش پارەی بۆ خەرج نەكراوەو ڕاگیراوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكان ئەوەیە بەرپرسانی حكومەت لەم كابینەیە بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی خۆیان ناكەن دەتوانم دەیان پرۆژەیان پێبڵێم». عەلی حەمەساڵح جەختی لەوەشكردەوە كە هێزی چەكدار هەر حزبییە و وردتریش كراوەتەوە، لەهەردوو زۆنەكە دادگا لەژێر هەژموونی حزبدایە، بەڵام «دادوەری باشیش ماوە». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە «لەئەمساڵدا هیچ دەرمانێك لەبودجەی هەرێم بۆ سلێمانی نەكڕدراوە، ئەوەی هەیە لەبەغداوە دێت، تەنانەت چەكەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەبانك خەرج ناكرێت، جگە لەوەی 50%ی كارگەكانی كوردستان داخراون چونكە باری سەرشانیان قورسكراوە كەواتە شانازی نییە بڵێن داهاتی باج زیادیكردووە پرۆژە گەورەكانیش لەباج بەخشراون واتە ناعەدالەتی زۆر لەباجدان هەیە». «لەخاڵە سنوریەكان لەبری ئەوەی قاچاغی نەهێڵن دوو كۆمپانیای دیكەیان زیاتركردووە بۆ وەرگرتنی باج بەشێوەیەكی نایاسایی، ئەمەش بە رێككەوتن كراوە، دەبوو بەرپرسانی حكومەت هەموو ئەو كەموكورتیانەیان دیاریبكردایە و چارەسەریان پێبوایە، بەڵام نییانە». عەلی حەمەساڵح وای وت. پەرلەمانتارێكی دیكە پێیوایە كە كۆمپانیا گەورەكان باج نادەنە حكومەت و لەسەدا 80ی باج لەسەر شانی هاوڵاتیانە. عومەر گوڵپی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی وت:» كۆمپانیای روسنەفت و گروپی كۆمپانیاكانی كار 840 ملیۆن دۆلاری لە2021 وەرگرتووە بەڵام یەك دینار باجیان نەداوە، ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای نزیك لەحزبەكانیش خۆیان دەدزنەوە لەباج، پێویستە یاسای باج و یاسای وەبەرهێنان و نەوت و گاز هەمواربكرێتەوە كە سەرچاوەی بەفیڕۆدانی داهاتە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە زۆرینەی وەبەرهێنەران دەبوو لەبواری كشتوكاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنان بكەن، بەڵام زۆربەیان لەنیشتەجێبووندا وەبەرهێنان دەكەن كە قازانجێكی زۆر دەكەن، ئەمەی بە بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان و زەوی و ئاوی ئەم وڵاتە وەسف كرد. بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان «سێ مەترسی زۆر گەورە لەسەر هەرێم هەیە، یەكەم بێكاری دووەم هەژاری سێیەم بێئاوی، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە و لەبەسرە و عەمارە و بەغدا خراپتر دەبێت، ئەوەی كەئێستا حكومەت مووچەی بۆ دەدرێت چاكسازی و ئازایی حكومەت نییە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتە ئەی ئەگەر نەوت دابەزی چۆن مووچە دەدەیت و خزمەتگوزارییەكان بەردەوامی پێدەدەیت؟». «نابێت یەك بەیەك وەزیرەكان بێنە سەر شاشە و بەشتی بچووكەوە خەڵك مەشغول بكات، پێویستە گۆڕانكاری ڕاستەقینە بكرێت و حكومەتی هەرێم بەزوویی خۆی بۆ قۆناغی ئایندە ئامادەبكات، لەهەولێر خەڵك بەدوو هەفتە جارێك ئاوی پێدەدرێت، ئاو هەیە بەڵام بەفیرۆدەچێت». عومەر گوڵپی وای وت. عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشدا «لەكاتێكدا حكومەت هاوكاری گەنجان ناكات بۆ دۆزینەوەی كار و قەرزی بچوك و هاوسەرگیری نەماوە، باجی ئینتەرنێتیشی لەسەر %20 زیادكردووە، جگە لەوەی یاسای خانەنشینان لەبەغدا دەرچووە و لەهەرێم جێبەجێناكرێت». پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو دەڵێت:»شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت، كە باجیش شڵەژاو بوو چالاكی ئابووری خاو دەكاتەوە و گەرموگوڕی بازاڕیش كەم دەكاتەوە». شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»باج سیستەمێكە بەرامبەر خزمەتگوزاری وەردەگیرێت، واتە دەبێت چالاكی ئابووری هەبێت لەلایەن ئەو كەس یان كۆمپانیایەوە بڕێكی دەگێڕدرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئەوەی روویداوە نەچالاكی ئابووری هەیە نە سیستەمە حكومیەكە وەكو خزمەتگوزاری دابینی كردووە، حكومەتی هەرێم زۆر نەشارەزایانە دەستكاری باجی كردووە باجی خانووبەرەی لە%1ەوە كردووە بە %3 ئەمەش بەدەر لەیاسایە». « تائێستاش بۆ بەرزكردنەوەی باج نەگەڕاونەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی باج خۆی كەموكورتی زۆری تێدایە، كۆمپانیاكان هەروا لە رێگەی ژمێریارێكەوە بودجەیەك رێكدەخەن و دەیدەن بە حكومەت كە زۆرینەی راست نییە، دەتوانین بڵێین بۆ كاسبكار و هاووڵاتیان باج هەیە بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكان و كۆمپانیا نەوتی و سەرمایەدارەكان باجیان لێوەرناگیرێت، بۆیە شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت»، شێركۆ جەودەت وای وت. شێركۆ جەودەت پێشیوابوو كە پەرلەمان رۆژ لەدوای رۆژ عەیبدار دەكرێت و لێی ئەدرێ تاخەڵك رقی لێی بێت، چونكە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و یاسادانان لەپەرلەمان دەكرێت، هەمیشە هەموو هێزی خۆیان خستووەتەگەڕ تا پەكی بخەن و ناشرینی بكەن، چونكە پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵكە وتیشی:»بینیمان سێ مانگ لەمەوپێش چۆن یەكێتی و پارتی پەكیان خست و نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، ئێمە ململانێمان بۆ ئەوەیە پەرلەمانێكی بەهێز هەبێت، ئەوانیش بەپێچەوانەوە دەیانەوێت پەرلەمانێكی لاواز و پەككەوتوو بێتەدی». بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان «لەم كابینەیەدا حكومەت بووەتە داردەستی سەرمایەدار و كۆمپانیا حزبیەكان بەیەكێتی و پارتی و گۆڕانیشەوە ئەوەی ئەوان بیانەوێت لەئاسانكاری بۆیان دەكرێت و سەرمایەداری گەورەی هەڵتۆقیو دروستبووە، نەوت بەناشەفافی دەبرێت بەڕێوە نۆ ساڵیشە ئەم حكومەتە بودجەی نییەو داهاتیش بەشێوازێكی قێزەون لەلایەن ئەو حزبانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمە دەستكەوت بێت لەو هەموو گەندەڵییەی رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت». پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە حزبەكەی بەشدارە لە حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەكابینەی نۆیەم دەگرێت. عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لایەنێكی باشتری ئەم كابینەیە نابینم لەكابینەكانی پێشوو، چونكە باشتر ئەوەیە ژیانی خەڵك بەرەو باشتر چووبێت، هەلیكار بۆ خەڵك دۆزرابێتەوە و پاشەكەوتی مووچە لەوانی دیكە كراوە لەم كابینەیە درابێتەوە، باشتر ئەوەیە رێگاوبان و خزمەتگوزارییەكان باشتر بێت بۆیە من جیاوازیەك نابینم كە دیار بێت ئەم كابینەیە باشتر بێت». بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی «زیاتر لە هەشت ساڵە بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان كەواتە ناتوانم بڵێم باشترە بۆ چاودێریكردن، هاتنی وەزیر و بەرپرسەكان جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە، لەكابینەی پێشتر هەندێك دۆخی ناهەموار هاتە پێشەوە لەوانەش شەڕی داعش، بۆیە بەراوردی بكەین بە كابینەكانی پێشووتر ئەوا ئەم كابینەیە باشتر نییە، دۆخی دووئیدارەییش لەم كابینەیە زیاتر دێت كە ئەمەش جیاوازیكردنە بەتایبەت بوونی پرۆژە و مووچە لەناوچەیەك و نەبوونی لەناوچەیەكی دیكە». سەبارەت بەدۆخی مافی مرۆڤ لەكابینەی نۆ عەباس فەتاح دەڵێت:»لەوانەیە هەندێك بابەت زۆر گەورە بكرێت یاخود بەدواداچوونی جددی تری بۆ دەكرێت، مەسەلەی كوشتن و گرتنی رۆژنامەنووسان زیاتربووە، مەسەلەی مافی مرۆڤ بووەتە جێی پرسیار لای هەموان».

هاوڵاتی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ئاشكرای دەكات بڕی دوو تریلۆن دیناریان بۆ 121 پرۆژە خەرج كردووەو دەشڵێت:" لەو گوژمەیە 854 ملیار دینارمان بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبان خەرج كردووە كە بەرهەمەكەی هەزار و 212 كیلۆمەتر ڕێگاوبان بووە". بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گرنگترین كار و چالاكییەكانی وەزارەتەكەی لەو سێ ساڵەدا دەخاتەڕو. دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رایگەیاند: ئەركە سەرەكییەكانی وەزارەت پێكهاتون لە دروستكردنی ڕێگەوبان و پردەكان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون. هەروەها دەشڵێت: سەرەڕای ئەو ئەركانە ئێستا وەزارەت لە سەرقاڵی دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی خێرای هاتووچۆ، فڕۆكەخانەیە. " لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا وەكو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە (60) پڕۆژەی ڕێگاوبان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە (854) ملیار دینار جێبەجێ بكەن، كە بەرهەمەكەی هەزار و (212) كیلۆمەتر ڕێگاوبان بوە و لە ناویدا (92) كیلۆمەتر رێگای یەك ساید و دو ساید و رێگای لاوەكی و گوند و پڕۆژەی دروستكردنی تونێل و پردی گەورەی لەخۆ گرتوە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوە وا دەڵێت. لە بارەی یەكەی نیشتەجێبونەوە وەزیری ئاوەدانكردەوە رایگەیاند: توانیومانە (9) پڕۆژەی بیناسازی و نیشتەجێكردن لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە گوژمەی گشتی (98) ملیار و (500) ملیۆن دینار تەواو بكەین. دانا عەبدولكەریم باسی لەوەشكردوە، (82) پڕۆژەی بچوك و مامناوەند لەسەر بودجەی ئاسایی بە گوژمەی گشتی دو ملیار (794) ملیۆن دینار بۆ رێگای گوندەكان تەواوكراوە. هاوكات راشیگەیاند، هەنگاوی یەكەممان ناوە بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین لە هەرێی كوردستان، كە لە ئێستادا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتی. وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە بارەی كۆی گشتی كارەكانی وەزارەتەكەیەوە لە سێ ساڵی رابردودا وتی: بە گشتی (121) پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان و نیشتەجێكردن بە گوژمەی زیاتر لە دو ترلیۆن دینار ئەنجامدراوە.  

هاوڵاتی حكومەتی هەرێم بەفەرمی داهاتی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی ئاشكرا كرد كە بەبەهای سێ ملیارو 63 ملیۆن و 358 هەزار نەوتیان فرۆشتووە و لەسەدا 46.2 بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و خەجییەكانی رۆیشتووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی تەموزی 2022، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، فرۆشتی نەوتی لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی (2022) بڵاوكردەوە كە تێیدا لەو سێ مانگەدا داهاتی نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە( سێ ملیار و 63 ملیۆن و 358 هەزار و 891)دۆلار، لەو رێژەیەش پارەی ماوە كە (بۆ موچە تەرخانكراوە)، تەنها بریتی بووە لە سەدا 43.8%. حكومەتی هەرێم لە خشتەیەكدا ئەوەی خستۆتەروو كە 34 ملیۆن و 923 هەزارو 168 بەرمیل  نەوتی لە رێگەی بۆڕییەوە فرۆشتووە كە نرخی هەر بەرمیلێك بە 86 دۆلارو 73 سەنت فرۆشتووە. هەر بەپێی خشتەكەی حكومەتی هەرێم 409.037 بەرمیل نەوت بەناوخۆ فرۆشراوە كە نرخی هەر بەرمیلێك84 دۆلارو 23 سەنت بووەو كۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لەو رێگەیەوە ( یەك ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار بووە. هاوكات، لە خشتەكەدا ئەوە رونكراوەتەوە، پارەی ماوە كە ( بۆ موچە تەرخانكراوە) دوای دەركردنی سەرجەم خەرجییەكانی نەوت، (یەك ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232)دۆلار بووە، واتا كۆی پارەی ماوەی فرشی نەوت بریتنی بووە لە (43.8%) و لەبەرامبەردا (46.2%)ی داهاتی نەوت بۆ سەرجەم خەرجییەكانی نەوت تەرخانكراوە. سەرەرای ئەوەی كابینەی نۆیەم چاكسازی دەستپێكردووە بۆ رێكخستنەوەی خەرجیەكانی، بەڵام هێشتا چاكسازی لەبواری داهاتەكانیدا ئەنجام نەداوە و كۆمپانیا نەوتییەكان قازانجەكەیان لە حكومەتی هەرێم زیاترە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا.

هاوڵاتی خاوەن روئیای ئاسیاسێڵ، فاروق مستەفا رەسوڵ، یەكێك لە گەورەترین خەڵاتە جیهانییە گرنگەكان لە لەندەن بەدەستدەهێنێت، دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە رایگەیاند:" وەكو شكۆمەندییەك وسەركەوتنێكی شەخسی بۆ خۆم سەیری ناكەم، بەڵكو وەكو دانپێدانانێك بۆ سەرجەم بزنسمانەكانی عێراق سەیری دەكەم". ئەمڕۆ 7ی تەموزی 2022،  لەبەغداد سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ فاروق مستەفا رەسوڵ لەلایەن دامەزراوەی گلۆباڵ ئیكۆنومیكس (Global Economics Limited)ــەوە كە بارەگاكەی لە لەندەنە خەڵات كرا. دەقی بەیاننامەی ئاسیاسێڵ: خاوەن روئیای ئاسیاسێڵ، بەڕێز فاروق مستەفا رەسوڵ، یەکێك لە گەورەترین خەڵاتە جیهانییە گرنگەکان لە لەندەن بەدەستدەهێنێت بەغداد، 7 تەمموزی 2022 - سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەڕێز فاروق مستەفا رەسوڵ لەلایەن دامەزراوەی گلۆباڵ ئیکۆنومیکس (Global Economics Limited)ــەوە کە بارەگاکەی لە لەندەنە خەڵات کرا لەبەر ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کە لە گەشەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان بینیویەتی لە عێراقدا، لە ڕێی ئەو وەبەرهێنانە گەورانە و شەراکەتە گرنگانەی ئەنجامیداون، لەگەڵ ئەو روئیا پێشەنگەی کە بۆ کۆمپانیای ئاسیاسێڵی داڕشتووە و بووەتە مایەی ئەوەی شایستەی خەڵاتی "باشترین بزنسمانی پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان" بێت. گلۆباڵ ئیکۆنومیکس خانەیەکی بڵاوکردنەوەی دارایی پایەبەرزە لەگەڵ گۆڤارێکی وەرزیی تایبەت بە بزنس کە بارەگاکەی لە شانشینی یەکگرتووە، و هەڵدەسێت بە میوانداریکردنی بەرنامەی خەڵاتەکانی ساڵانەی ئابووریی جیهانی کە لە ڕێیەوە ئەداکردنی نایابی کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی لە جیهاندا ڕێزیان لێدەنرێت.   ئەم تیمە جیهانییە تایبەتمەندە ساڵانە بە دوای ئەو بزنسمانانەدا دەگەڕێن لە جیهاندا کە جیاوازی لە ژیانی خەڵکانی تردا دروست دەکەن. لەمساڵدا، بەدواداچوونەکانیان لە جیهاندا گەیشتە عێراق و لێرە زۆر سەرسام بوون بە دەستکەوتەکانی بەڕێز فاروق و ئەو کارانەی پێی هەڵساوە بۆ دامەزراندن و پێشخستنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان تا ئەو پێگە پێشەنگە لە کەرتی پەیوەندییەکاندا بەدەستبهێنێت کە ئێستا هەیەتی، ئەمەش وایکرد کاك فاروق لە تەنیشت پیاوە بزنسمانە گەورەکانی جیهانەوە بێت، بەو پێیەش بەرێزیان شایستەی ئەم خەڵاتە بوون. خەڵاتەکانی ئابووریی جیهانیی توانیویەتی پێوانەی ئەوە بکات کە چۆن هەوڵ و روئیا ناوازەکانی بەڕێز فاروق نەك تەنها توانیویەتی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق باشتربکات، بەڵکو پەلیکێشاوە بۆ دانانی کاریگەری گەورە لەسەر کۆمەڵگە لە ڕێی بێشومار خزمەتگوزاری و دەستپێشخەرییەوە. ئاسیاسێڵ بە بیرۆکەیەکی كاك فاروق دەستیپێکرد، سەرەتا وەکو خەون و روئیایەك، دواتر پەرەیسەند و بووە کۆمپانیایەكی بچوك کە تەنها چوار تەلەفۆنی مۆبایلی ئیش پێدەکرد. وا ئەمڕۆ ئاسیاسێڵ بووەتە باشترین تۆڕی مۆبایل لە عێراقدا، و خزمەتگوزاریی پێشکەشی زیاتر لە 16 ملێون بەشداربوو دەکات لە سەرانسەری عێراقدا. هەموو ئەمانە بەهۆی ڕابەرایەتیکردنی حەکیمانە و روئیای ئیلهامبەخشی کاك فاروقەوە بووە کە ئەم گەشتە 21 ساڵییە پڕبێت لە سەرکەوتن لە بواری پەیوەندییەکان وەکو یەکێك لەوانەی کە بەشدارییەکی سەرەکی هەیە لە ئابووریی عێراقدا. لەگەڵ دامەزراندن و بەکارخستنی هەزاران لە زیرەکترین عەقڵەکان (باشترین تواناکان)ی وڵات، شانبەشانی پلانە بەردەوامەکانی بۆ فراوانبوونی زیاتر، کاك فاروق ئەرکێكی تری بە ئاسیاسێڵ سپارد ئەویش بەردەوامبوون بوو لە هێنانی تەکنەلۆجیای نوێ بۆ عێراق و ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی لە وڵاتدا و پێشخستنی لەسەر هەردوو ئاستی ئابووریی و کۆمەڵایەتی. بەرێز فاروق مستەفا ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ لەمبارەیەوە وتی: "بەڕاستی من هەست بە تەوازوع دەکەم، و نەمدەزانی کە پاڵێوراوم بۆ وەرگرتنی هیچ خەڵاتێك. ئەم ڕێزلێنانەی خەڵاتەکانی گلۆباڵ ئیکۆنۆمیکس شەرەفێکی گەورەیە بۆ من. من وەکو شکۆمەندییەك وسەرکەوتنێکی شەخسی بۆ خۆم سەیری ناکەم، بەڵکو وەکو دانپێدانانێك بۆ سەرجەم بزنسمانەکانی عێراق سەیری دەکەم. من وەکو بەیاننامەیەك سەیری دەکەم کە تیایدا هاتووە سەرەنجام هەمووان بەری ڕەنج و ماندوبوونی دڵسۆزانەی خۆیان دەچننەوە. هەر بۆیە هەموو بزنسمانە پێشەنگەکان هاندەدەم، بە تایبەتی گەنجانی خاوەنکار، ئیش بکەن لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانیان. من ئەم دەستکەوتانەم لەسەر سینیەکی زێڕ پێشکەش نەکراوە، بەڵکو دەبوو خۆم ماندوو بکەم لە پێناویان. گەشتەکەم بە هەبوونی خەونێك لە کەرتی پەیوەندییەکان دەستپێکرد، وا ئەمڕۆ، ئاسیاسێڵ کۆمپانیایەکی پەیوەندییە کە چەندین خەڵاتی گەورەی بردووەتەوە، وە بۆتە جێی بایەخپێدان لەسەر ئاستی جیهان". جێی ئاماژە پێکردنە کە ئەمە یەکەم خەڵات نییە کە بەڕێز فاروق مستەفا ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ بەدەستیدەهێنێت. پێشتر چەندین خەڵاتی تری پێبەخشراوە لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزانەی بۆ باشترکردنی ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەش لە ڕێی چەندین پرۆژەوە کە جێبەجێی کردوون، بە تایبەتی لەبواری پەیوەندییەکاندا. خەڵاتی "باشترین بزنسمان لە بواری پەیوەندییەکان" وەکو سەرکەوتنێك بۆ کۆمپانیای ئاسیاسێڵ سەیردەکرێت. لەسەر ئاستی جیهان دان بە ئیشوکارە جددیەکانیدا دەنرێت لە پێناو باشترکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق، تا ببێتە نمونەیەك و خەڵکانی تر وەکو سەرمەشقی بواری تەکنەلۆجیا شوێنپێی هەڵبگرن. ---------- کۆتایی --------- دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ یەکەمین کۆمپانیای خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق. وله‌ 31 كانونى یەکەمی 2021 ـەوە ژماره‌ى به‌شدرابووانی 16 مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر لە 99% ى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ناو كۆمپانياكانى ترى مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتە بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق. لە سەرەتای ساڵی 2022ــەوە، ئاسياسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی 4G+  لە لایەن Speedchecker®  و فراوانترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێتی 4G+ ناسێنراوە لەلایەن دامەزراوەی ئۆکلا '®Ookla 'ـەوە.   پەیوەندی: ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان (پشکداری تایبەت)، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیاری زیاتر: www.asiacell.com   دەربارەی گلۆباڵ ئیکۆنۆمیکس: گلۆباڵ ئیکۆنۆمیکس خانەیەکی بڵاوکردنەوەی دارایی و گۆڤارێكی وەرزی تایبەت بە بزنسە، بارەگاکەی لە شانشینی یەکگرتووە، تێڕوانینی قووڵ بۆ  کەرتە جیاوازەکانی ئابوریی لە سەرتاسەری جیهاندا فەراهەمدەکات. بەرنامەیەکی ساڵانەی هەیە کە تەرخانکراوە بۆ خەڵاتە گەورەکانی گلۆباڵ ئیکۆنۆمیکس، کە هەڵدەسێت بە دیاریکردن و ڕێزلێنانی باشترینی ئەداکردنی کەرتە جیاوازەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. بۆ زانیاری زیاتر: https://www.theglobaleconomics.com/about-us/    

هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دارایی تایبەت بە داهات، خەرجی و كورتهێنانی بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بڵاوكردەوەكە داهاتی گشتی پێنج ترلیۆن و 640 ملیار دینار و خەرجییەكانیش پێنج ترلیۆن و 777 ملیار دینار بووە. ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تەموزی 2022، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردوە، لەم ڕاپۆرتەدا داهاتی ئاماژە پێكراوی فرۆشتنی نەوت بریتییە لە پوختەی ئەو داهاتەی كە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەت، ئەم داهاتە پێش گەیشتی بە ئەژمێری وەزارەت خەرجییەكانی دەرهێنان و پشكی كۆمپانیا و گواستنەوە و سەرجەم خەرجیەكانی دیكەی فرۆشتنی نەوتی لێ دەردەكرێت. بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی، ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بۆی رەوانەی كراوە زیاتر لە سێ ترلیۆن و 391 ملیار دینار بوە، هەروەها 400 ملیار دیناریش لە بەغداوە رەوانەی هەولێر كراوە، داهاتی ناوخۆش لەو ماوەیەدا تریلیۆنێك و 708 ملیار دینار بوە، هاوكاری هاوپەیمانانیش نزیكەی 140 ملیار دینار بوە.

هاوڵاتی بانكی ناوەندی عێراق پێشبینی دەكات یەدەگی دراوە بیانیەكانی لە 70 ملیار دۆلارەوە بگەیەنێتە 90 ملیار دۆلار و ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە ناتوانن بەهای دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار دەستكاری بكەن. ئەمڕۆ شەممە 2ی تەموزی 2022، عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە ئێستادا یەدەگی دراوە بیانیەكان زیاتر لە (70) ملیار دۆلارە و پشبینی دەكەین تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە (90) ملیار دۆلار". هەروەها راشیگەیاند:" لە ئێستادا ناتوانن نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بگۆڕن و هیچ بیانویەك نییە بۆ گۆڕانكاری كردن و دەستكاری كردنی". خەڵەف ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دابەزاندنی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە و ئەگەر دایبەزێنن ئابوری وڵات دوچاری داڕمان دەبێت و ئەو بابەتە پەیوەستە بە سیاسیەتی نەختینەی وڵاتەوە. لەنێو پەرلەمانی عێراق هەوڵێكی پەرلەمانتاران هەیە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی. لە كانونی یەكەمی 2020 بە بڕیاری بانكی ناوەندنی حكومەتی عێراق نرخی سەد دۆلاری ئەمریكی لە 120 هەزار دینار بەرزكرایەوە بۆ 145 هەزار دینار.  

ئارا ئیبراهیم عێراقی خاوەن نەوت لەسەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمیدا یەدەگی زێڕو دۆلار زیاد دەكات و وەك خۆیان دەڵێن پێشتر ئەو رێژەو بڕە زۆرە نەتوانراوە گلبدرێتەوە و بەمێژوویی وەسفی دەكەن، بەڵام لەسێ ساڵی كابینەكەی مەسروربارزانیدا كە بەهەمان شێوەی بەغدا خاوەنی نەوتە نەك قەرزەكان كەمنەبووەتەوە، بەڵكو زیادیان كردووە. بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كەعێراق لەپلەی 10ی جیهان و چوارەمی جیهانی عەرەبییە، كەكڕینی زێڕیان بەڕێژەی لە 35% زیاد كردووەو یەدەگی دۆلاریش ئەوەندە زیادی كردووە لەمێژووی عێراقدا وێنەی نەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزەكانی سەری لە 27 ملیار دۆلارەوە بۆ 34 ملیار دۆلار زیادی كردووە عێراق یەدەگی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كە بانكەكەیان بڕی نوێی زێڕی ئاشكرا كردووە كە 34 تەنەو بەڕێژەی 35٪ زیادی كردووە»زێڕ بەشێكە لەستراتیژی بانكی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی سامانەكانی لەپێناو بەدیهێنانی بەرزترین ئاستەكانی سەقامگیری». هەروەها بانكی ناوەندی باسی لەوەشكردوە، زێڕ یەكێكە لەگرنگترین سەرمایەكان كە لەلایەن بانكە ناوەندیەكان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەگیرێتە بەر». هاوكات بانكی ناوەندی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە زێڕ پەناگایەكی پارێزراوە لەبارودۆخی نادڵنیاییدا، بەهۆی قبوڵكردنی نێودەوڵەتیەوە. یەدەگی دۆلاری عێراق راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. محەمەد مەزهەر ساڵح راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند:» بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كەنرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كەدەبێت عێراق لەماوەی ساڵەكانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بیانداتەوە». راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەهۆی كێشمەكێشی نرخەكانی بازاڕی وزەی جیهانی و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەدوای رێككەوتنەكانی (ئۆپێك +) و خراپبوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو، رووبەڕووی كێشەی دارایی ببووەوە. بانكی ناوەندیی عێراق لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار. پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبەغدا رایگەیاند كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشەو پێویستی بەهاوكاری دارایی نییە. عەلاوی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ چەند پسپۆڕێكی ئابوری لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریكی رێكەوتنیان كردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بكەن لەئەنجامدانی چاكسازی دارایی. عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانەی بەڕێژەی 90٪ پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت. لەماوەی رابردوودا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئەوەی دووپاتكردەوە كە توانیویانە بەشێوەیەكی بەرچاو یەدەگی دۆلارو زێڕ لەبانكی ناوەندی عێراقدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بكەنەوە كە لەپێشتردا وێنەی نەبووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی قەرزارو خاوەن نەوتی خاو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بەحكومەتی عێراق خاوەن نەوتی خاوەو رۆژانە 410 هەزار تا 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووەو مانگانە داهاتی نەوتی دەستكەوتووە هاوشێوەی عێراق بێجگە لەوەی داهاتی ناوخۆی هەبووە. مەسرور بارزانی لەدوای سوێندخواردنی لەپەرلەمانی كوردستان لە 10ی تەمموزی  2019 دا، لەبەشێك لەوتارەكەیدا رایگەیاند كە» حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێكی نەخوازراوەو دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش بزانن، كە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدراڵ». هەروەها ئەوكات مەسرور بارزانی وتی:»ئەم رەوشە داراییە لەدەسپێكدا كابینەكەمان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی بەرنامەی كارمان ئەم دۆخە تێپەڕێنین»، بەڵام كابینەی نۆیەم نەك تێیان نەپەڕاند، بەڵكو قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمیان زیاد كرد. قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم تادەستپێكی كابینەی نۆیەم 27 ملیار دۆلار بووە، بەڵام پاش شەش مانگ لەكابینەی نۆیەم حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە قەرزەكان گەیشتووەتە 28 ملیار و 470 ملیۆن دۆلار. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارەكەیدا لەپەرلەمانی كوردستان، باسی لەقەرزەكان و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەت كردو رایگەیاند:» حكومەتی هەرێم زیاتر لە 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار قەرزو پابەندیی دارایی لەسەرە، كە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیار و 256 ملیۆن دۆلار، پابەندییە داراییەكان دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیار و 337 ملیۆن دۆلار، پاشەكەوتی موچە دەگاتە نزیكەی نۆ ملیار دۆلار، هەروەها بابەتی هەردوو بانكی بازرگانیی عیراقی (TBI) و بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان (KIB) دەگاتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار».   لەلایەكی دیكەوە هەر ئەم كابینەی نۆیەمە لە 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی 10ی ساڵی رابردوەوە بۆ كۆتایی مانگی 3ی ئەمساڵ  لە زیاتر لە 28 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 31 ملیار دۆلار. ئامانج رەحیم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاشكرایكرد، لە 3ی 10ی 2020 كە لە راپۆرتەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمدا هاتبوو، كۆی گشتی قەرز بەدۆلار 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار بوو كە بەدینار دەكاتە 33 ترلیۆن و 659 ملیارو 430 ملیۆن دینار. هەروەها وتیشی، تا 31ی 3ی 2021، ئەم بڕە پارەیە لە 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلارەوە زیادی كردووەو بووەتە 31 ملیارو 637 ملیۆن دۆلار. هەروەها وتیشی، لەهەمان كاتدا پارەی پێنج مانگی پاشەكەوتی 2020ی خراوەتەسەر، جگە لەوەی هەندێك پارەی قەرزی پەیوەندیدار بە نەوتیش دوای مانگی 10ی 2020 دروست بوو كە ئەوەشی بۆ زیادكراوە. چەندینجار، رێباز حەملان، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێم مانگانە 250 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە. هاوڵاتی پرسیاری ئاراستەی جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەگروپی رۆژنامەنووسان، لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە چەندەو چەندی دراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو دوێنێ وەڵامبداتەوەو زانیارییەكان بنێرێت، بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە.