هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی میدیاكاندا كۆبووەوەو لە سێ كاتژمێردا زۆر پرسی گرنگ وەڵامدرانەوە، مەسرور بارزانی وتی:" چاكسازی تەنها سزادانی گەندەڵكاران نییە، چاكسازی بە سیستم دەكرێت". مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "بێگومان سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوە نییە هیچ كەسێك لەسەر بیروبۆچوونی سیاسی بگیرێت بەهیچ شێوەیەك، هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم ئازادی رادەربڕین سنووردار بكرێت". مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە 20ـی حوزەیرانی 2022 لەشاری هەولێر لەدیدارێكدا لەگەڵ بەڕێوەبەرو نوێنەرانی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان، كە تاریق فاتیح سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی ئامادەیبوو لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە دۆخی ژیانی هاووڵاتیان، ئازادی رادەربڕین، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چاكسازیەكانی حكومەت، كاری رۆژنامەوانی، پرسی نەوت و فەرمانبەران و چەندین پرسی دیكە قسەیكرد. سەبارەت بەئینتیمای خەڵك و خۆشەویستی وڵات لەوەڵامی یەكێك لەپرسیارەكان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتی: "كاتێك رەخنە دەگیرێت یان باسی ئەدای حكومەت یان دەسەڵات دەكرێت، ئەركی رۆژنامەنووس ئەوەیە چۆن بتوانن خۆشەویستی وڵات لەناو دڵی خەڵكدا بهێڵێتەوە، هەر هیچ نەبێ ئێوە نابێ دەسەڵات بەخاوەنی ئەو وڵاتە بزانن، بەڵكو دەبێ خەڵك بە خاوەنی وڵات بزانن". هەروەها وتیشی:" كەواتە نابێ خەڵك دڵ رەش بكرێت لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان، خۆتان كە رەخنە لە دەسەڵات و كەموكوڕییەكان دەگرن، هیچ نەبێ بەرنامەیەكیشتان هەبێت كە چی بكەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی خەڵك لەگەڵ نیشتمان دروستبكەنەوە، یان بەرنامەتان چی بووە، من نەمبینیوە بەرنامەتان هەبێت بۆ ئەوەی ئینتیمای هاووڵاتیان بۆ نیشتمان زیاد بكەن، سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد كە" ئەمە رەخنەیەكە هەقە خۆتان ئەو رەخنەیە لەخۆتان بگرن، من دان بەوەدادەنێم رەنگە ئێمە لەحكومەت كەمتەرخەمی ئەوەمان هەبووبێت كە هەموو زانیارییەكان بەئێوەو هاووڵاتیان نەگەیشتووە، هەرچەند بەدڵنیاییەوە دەڵێم لەم كابینەی حكومەتدا زیاتر لەهەموو كابینەكانی تر لێدوان دراوە، روونكردنەوە دراوەو دیدار ئەنجامدراوە، هەروەها لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان زۆرترین بەشداری لەدانیشتنەكانی پەرلەمان هەبووە، جگە لەوەی وەزیرەكان ئامادەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بوونە، لەئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەشداریكردن هەبووە لەكۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەڵام دیارە هێشتا لەو ئاستەدا نییە كە ئێوە رازی بن، هاووڵاتی هەقی خۆیەتی لەهەموو ورەكارییەكانی حوكمداری و حوكمڕانی ئاگادار بێت". كاتێك دەستمان بەو كابینەیە كرد، وتم دەبێت بزانین حكومەت چ مومتەلەكاتێكی هەیە، لە هەموو حكومەت ئەوەی كە تۆماركرابوو و بۆیان هێنام، وتیان 28 مومتەلەك لەسەر ناوی حكومەت تۆماركراوە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی نەبوو، بەڵام تۆمارنەكرابوو، ئێمە هەر لەم كابینەیە لیژنەمان پێكهێنا بۆ ئەوەی بزانین ئێمە چیمان هەیە، دوای ماوەیەك هاتنەوە 36 هەزار مومتەلەكات بەناوی حكومەت هەبوون كە ئێستا تۆماركراون بەراوردكاری سەبارەت بەخۆ بەراوردكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو، مەسرور بارزانی، لەوەڵامی پرسیارێكدا وتی: "ئەوە تموحێكی زۆر باشە كە ئێمە هەوڵبدەین باشتر هەنگاو بنێین، نەك لەئاستی ناوچەكەدا بمێنینەوە، بەڵام بیرتان نەچێت لە هەموو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و پێشكەوتوو تەنها دروشم نییە، بەڵكو بەرپرسیاریەتی هاوبەش هەیە، هاووڵاتیش بەرپرسیاریەتی هەیە بەرامبەر نیشتمانەكەی، تەنیا ئەرك ناكەوێتە سەرشانی دەسەڵات و حكومەت، دەبێ هاووڵاتیش ئەركی خۆی لەبەرچاوبگرێت، باسی ئەوروپا دەكەن، فەرموون بزانن بەرپرسیاریەتی هاووڵاتی لەئەوروپا چییە، ئایا ئەو بەرپرسیاریەتییە لەلایەن هاووڵاتییان و میدیاكاران هەڵگیراوە، ئەمە پرسیارێكە خۆتان وەڵامەكەی دەزانن". لەوەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەدەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و ئازادی كاری رۆژنامەوانی، سەرۆكی حكومەت وتی: "باسی ئەوە دەكەن رۆژنامەنووس لەسەر كۆمێنت گیراوە، من ناڵێم بەشێوەیەكی قەتعی ئەوە نەبووە، بەڵام بێگومان سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوە نییە هیچ كەسێك لەسەر بیروبۆچوونی سیاسی بگیرێت بەهیچ شێوەیەك، هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم ئازادی رادەربڕین سنووردار بكرێت، بەڵام ئازادی و تۆمەت بەخشینەوە دوو شتی جیاوازن، هاوڵاتی لەهەر ئاستێك بێت، رۆژنامەنووس یان پزیشك بێت یان دەسەڵاتدار بێت بەرامبەر بە یاسا ئەركێكی هەیە نابێ پێشێلی مافی خەڵكی تر بكات و نابێ تۆمەت بەخشینەوە بەئازادی پێناسە بكات، هەروەها دەبێ هەموو كەس لەبەردەم یاسا یەكسان بێت، لەلایەك ئێوە وادەڵێن و لەلایەكی دیكەش رەخنە لەدادگاكان دەگرن، كاتێك دادگا بڕیار لەسەر كارێكی نادروستی كەسێك دەدات ئێوە جارێكی تر دێن دادگا تاوانبار دەكەن دەڵێن بۆچی ئەو بڕیارەی داوە، رۆژنامەنووس وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە بەرپرسیارە بەرامبەر بەیاسا، ئەگەر كەسێك بەناوی پزیشك بێت مومارەسەی پیشەی پزیشكی بكات و پزیشك نەبێت لە ئەنجامی ئەو كارەی دەیكات خوا نەخواستە هاووڵاتییەك لەناو دەستی گیان لەدەستبدات، ئێوە وەك رۆژنامەنووس هەڵا دەنێنەوە و دەڵێن دەبێ ئیجرائات بەرامبەر ئەو كەسە بكرێت، چونكە پیشەكەی ئەو نەبووە سوو ئیستیفادەی كردووە، ئەمە راستە بۆ هەموو پیشەكانی دیكەش، كەسێك رۆژنامەنووس نەبێت نابێ بەناوی رۆژنامەنووس مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، رۆژنامەنووسیش وەك هەموو هاووڵاتیانی دیكە تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە دەكرێ هەڵە و شتی نایاسایی بكات، هەموومان بەخۆشمەوە پێویستە بەرامبەر یاسا ملكەچ بین". با بە ژمارە پێتان بڵێم پێشتر 25%ی داهاتی نەوت بۆ مووچە دەگەڕایەوە، من ناڵێم داهاتی كوردستان لەبەر ئەوەی هەندێكی بۆ كولفەی كۆمپانیاكان دەگەڕێتەوە هەندێك بۆ قەرزەكان دەچێت، هەندێكی بۆ گواستنەوەی نەوت ئەمە هەمووی داهاتە بەڵام كولفەیە، حكومەتی هەرێم ناچارە ئەو پارەیە بداتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هاتین ئەو رێژەیەمان لە 25% بۆ 42% بەرز كردەوە، كە وایە داهاتی زیاتر بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە تەنها بۆ مووچە". شەڕی گەندەڵی سەبارەت بە بەشداریكردنی رۆژنامەنووسان لەشەڕی گەندەڵی، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "لەوانەیە وابێت، دەبێ ئەم كەمتەرخەمییە لەبەرچاو بگیرێت، لەمەودوا زیاتر سوود لە توانای رۆژنامەنووسان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرنامە چاكسازییە كە حكومەت هەیەتی و ئەو كارانەی دەیكات زیاتر روونبكرێنەوە، منیش دەمەوێت ئێوەی رۆژنامەنووس بەشدارو پشتیوان بن، بۆ ئەوەی بەیەكەوە شەڕی بنبڕكردنی گەندەڵی بكەین، زۆرم پێمخۆشە ئێوەش بەشداربن ئەگەر ئێوە ئامادەیی ئەوەتان هەبێت، ئامانجی ئەم كۆبوونەوەیەش ئەوە بووە كە ئەم پچڕانە نەبێت، هیوادارم ئەم كۆبوونەوەیە بە خاڵێكی ئیجابی وەربگرن، كە ئەم دانیشتنە دەكەین دیارە هەست بەوەكراوە كە بۆشاییەك هەیەو دەمانەوێت ئەو بۆشاییە پڕبكەینەوە، دانیشتنەمان لێرە پێكەوە نیشانەی ئەوەیە نیەتی ئەوەمان هەیە دەمانەوێت زیاتر لێك نزیك بینەوە و سوود لەتواناكانی ئێوەش وەربگرین". لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە پارەی سیاسییەكان بۆ راگەیاندن، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەدا: "بەڕێزێك باسی ئەوەی كرد فڵان و فڵان خاوەن پڕۆژەی میدیایین، راستە من نایبینم هیچ یەكێك لە ئێوە بێلایەن بن، هەر یەكێكتان لەلایەن كەسێك یان لایەنێكی سیاسی پاڵپشتی دەكرێن، بۆیە داوا لەوەزارەتی رۆشنبیری و خۆشتان دەكەم، ئەوانەی لەلایەن لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی دەكرێن دیارن راگەیاندنی فەرمی حزبەكان سەرچاوەی داراییان دیارە لە كوێوە دێت، بەڵام هەقە ئەوانەی سەرچاوەی داراییان دیار نییە با ئەوانیش ئەو راستیە بۆ خەڵك روونبكەنەوە، پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ خەڵك ئاشكرای بكات كە سەرچاوەی دارایی ئەمانە لەكوێ هاتووە، بۆ ئەوەی خەڵكیش بزانێت". یاسای كاری رۆژنامەوانی سەرۆكی حكومەت، سەبارەت بەكاری رۆژنامەوانی رایگەیاند: "پێویستە یاسای رۆژنامەگەری كە لەكوردستان هەیە رەچاو بكرێت، بۆ ئەوەی هیچ رۆژنامەنووسێك بەدەر لەیاسا كار نەكات و ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بكات، ئێوە وەك رۆژنامەنووس ئەركی ئەوەتان هەیە هاووڵاتییان ئاگادار بكەنەوە، لەهەمانكاتدا ئەركی ئەوەشتان هەیە خەڵك لەنیشتمان و كوردستان نزیك بكەنەوە، خۆشەویستی وڵات و دەسەڵات تێكەڵ نەكەن، دوو شتی جیاوازن، بەڵام من ئەوەم نەبینیوە، نەمبینیوە ئێوە پڕۆژەیەك پێشكەش بكەن كە هاووڵاتی نیشتمانەكەی خۆی خۆشبوێت، نەمبینیوە كار لەسەر ئەوە بكەن هاووڵاتی شانازی بەمێژووی پڕ سەروەری گەلەكەی بكات كە هەزاران شەهیدو قوربانی داوە، ئەگەر لەدەسەڵات یان لایەن و كەسایەتیەك ناڕازین، مانای ئەوە نییە حوكم بەسەر مێژوودا بدەن و پەلاماری بدەن، پێموانییە لەهیچ وڵاتێك ئەمە قبووڵ بكرێت، بەتایبەتی لەوڵاتی دەوروبەر، ئەوەی ئێوە دەتوانن لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەن تەحەداتان دەكەم ئەگەر بتوانن لە هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەو جۆرە قسە بكەن، فەرموون بڕۆن لەوڵاتێكی دراوسێ تۆمەت ببەخشنەوە یان ئیهانەی مەرجەعیەت و موقەدەساتی ئەو وڵاتانە بكەن بزانن لێتان قبووڵ دەكەن، كەس لێتان قبووڵ ناكات، كەواتە رادەی ئازادی دەربڕین لە هەرێمی كوردستان بەراورد ناكرێت بەوڵاتانی ناوچەكە، ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان زۆر لەوە زیاترە كە هەندێك كەس دەیانەوێت پێناسەی بۆ بكەن". بازگەكان لەوەڵامی پرسیارێك لەبارەی خراپی رێگاو بازگەكان لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت وتی: "ئەمە 30 ساڵە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو ئەو كەموكوڕیانەی دەیبینن هی ئەم كابینەیە نییە، دەبوایە لەماوەی ئەم 30 ساڵە ژێرخانێكی ئابووری بەهێز دروست بكرێت، كە پێویست نەبوایە ئێستا ئێمە باسی ئەو كێشانە بكەین، منیش پێم خۆشبوو لە حكومەتێكدا حوكمڕانی بكەم كە هەموو شت زۆر باش بوایە و ئیشی زیاترم كردبا، بەڵام ناكرێ ئەوەی خراپ كراوە هەمووی رووبەڕووی ئەم كابینەیە بكرێتەوە، منیش خۆزگەم دەخواست هیچ بازگەیەك لە هەرێمی كوردستان نەبوایە، بەڵام ئەوە لەبەر ئەوە نییە تەنها لەبەر ئەوەی لەنێوان هەولێر و سلێمانی هەبن، لەنێوان هەولێر و دهۆكیش هەیە لەنێوان هەموو شارەكانی كوردستان بازگە هەن، ئەمەش لەبەرئەوەی هێشتا مەترسی تیرۆر لەسەر كوردستان ماوە، هێشتا شانە نوستووەكانی داعش و تیرۆرستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكان دەستگیر دەكرێن، ماددە هۆشبەرەكان لەم شار بۆ ئەو شار هاوردە دەكرێن، كە ئەمە دەبن بە مەترسی گەورەتر لەسەر كۆمەڵگەی ئێمە، بازگەكان بۆ ئەوە نییە سنوورەكانی ئیداری ئەم پارێزگا لەگەڵ ئەو پارێزگا لە یەكتر جیا بكاتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەم مەترسیانە بڕەوێننەوە، هیوادرم رۆژێك بێت هیچ مەترسییەك لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت و بازگەكان هەڵبگیرێن، سەرەڕای ئەوەش دەبێ پێداچوونەوەیەكی جددی بكرێت، كە بە هیچ شێوەیەك بازگەكان رەنگدانەوەی دوو ئیدارەییان پێوە دیار نەبێت". وڵاتانی دراوسێ بە تەنیا ناتوانن ئەوە بكەن ئەگەر یارمەتیان نەدرێت، ئەو درۆنانە لەكوێوە دێن؟ لەلایەن توركیاوە بۆردومانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بە حیساب پەكەكەی لێیە، ئەگەر پەكەكە خەمی هەرێمی كوردستانیەتی و دەزانێت توركیا ئەوان وەك بیانوو بەكاردێنێت بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بیانووە نابڕن و شوێنەكان چۆڵ ناكەن زیندانی سیاسیی؟! مەسرور بارزانی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێك لەبارەی زیندانیانی سیاسی وتی: "خۆم لەگەڵ ئەوە نیم هیچ كەسێك لەسەر بیروباوەڕی سیاسی بگیرێت، بەڵام سوو ئیستیفادە كردن لەپیشەی رۆژنامەنووسی یان سیاسەت یان هەر پیشەیەكی تر نابێ قبووڵ بكرێت، كەسێك بیەوێت خزمەتی وڵاتەكەی بكات و بەئازادی رادەربڕێت هەقی خۆیەتی، بەڵام سوو ئیستیفادەكرن لە پیشەكەی بۆ مەرام و ئامانجی دیكە، ئەمە كاری یاساو دادگایە، باوەڕ بكەن خۆم حوكمم بەسەر هیچ كەس نەداوە، لەگەڵ ئەوەش نیم هیچ دەسەڵاتێكی سیاسی مافی ئەوەی هەبێت حوكم بەسەر هیچ كەسێكدا بدات، ئەگەر ئێوە كێشەتان لەگەڵ دادگا هەیە رەخنەكان ئاراستەی دادگا بكەن نەك حكومەت، من متمانەم بە دادگاكانی خۆمان هەیە و رێزیان دەگرم، ئەگەر دادگا بڕیارێك بدات ئەركی حكومەتە جێبەجێی بكات". مەسرور بارزانی: میدیای سێبەرم نییە دەربارەی كاری میدیای سێبەر، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "باسی ئەوە كرا كە من میدیای سێبەرم هەیە، من هیچ میدیای سێبەرم نییە، بەهیچ شێوەیەكیش پاڵپشتی میدیایەكی سێبەری واناكەم پەلاماری خەڵك بدات، دووپاتیدەكەمەوە هەقە وەزارەتی رۆشنبیری سەرچاوەی داهاتی هەموو دەزگاكانی راگەیاندن بۆ خەڵك ئاشكرا بكات، بۆئەوەی دیاربێت لە كوێوە پشتیوانی دەكرێن و لە كوێ ئاراستە دەكرێن". بێئومێدی خەڵك لەوەڵامی هەندێك لە رۆژنامەنووسان كە دەڵێن "خەڵك بێئومێدە و رۆژانە وڵاتانی دراوسێ بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت"، مەسرور بارزانی، ئەوەی خستەڕوو: "ئەوە راستە، بەڵام دەبێ بپرسین خەڵك نائومێدە یان نائومێد كراوە، یان هەوڵی نائومێدكردنی خەڵك دەدرێت، ئەمە دوو شتی جیاوازن، بەداخەوە من دەبینم لەجیاتی هەوڵی بەرزكردنەوەی مۆڕاڵی خەڵك بدرێت، بە بەرنامەیەكی رێكخراو هەوڵی دابەزاندنی مۆڕاڵی خەڵك دەدرێت، كێشەی بچووك زۆر گەورە دەكرێن و دەستكەوتەكان بەبێ نرخ پێشان دەدرێن، كە پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدرێت خەتای حكومەتی هەرێم نییە، ئەگەر خوێندنەوەیەكی قوڵی سیاسی و ستراتیژی بۆ دۆخی ناوچەكە بكەن، راستە لەناوچەیەكی زۆر قەیراناویی و ناخۆشداین، قەزیەی كورد هێشتا چارەسەر نەبووە، هێشتا لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگەیشتووینەتە چارەسەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كێشە هەیە، هەندێك لایەن لەجیاتی هاوكاریكردنی كیانی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دانپێدانراوی یاسایی بكەن، بەداخەوە هەوڵی تێكدانی دەدەن، دەستی هەندێك لایەنی سیاسیشی تێدایە، وڵاتانی دراوسێ بە تەنیا ناتوانن ئەوە بكەن ئەگەر یارمەتیان نەدرێت، ئەو درۆنانە لەكوێوە دێن؟ لەلایەن توركیاوە بۆردومانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەحیساب پەكەكەی لێیە، ئەگەر پەكەكە خەمی هەرێمی كوردستانیەتی و دەزانێت توركیا ئەوان وەك بیانوو بەكاردێنێت بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بیانووە نابڕن و شوێنەكان چۆڵ ناكەن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە راگەیاندنەكانی خۆمان كە دێن باسی ئەوە دەكەن لەجیاتی راستی بابەتەكە بۆ خەڵك باس بكەن، لایەنگری دەكەن و ناتوانن خۆتان لەوە دەرباز بكەن، ئەگەر پەكەكە نەبێ توركیا هیچ بیانووێكی نابێ بۆردومانی هەرێمی كوردستان بكات، هەموو ئەو بۆردومانانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان دروستكراون، بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان نەبووەتە پەناگە بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر شوێنێكی دیكە بەتایبەتی دراوسێكانی، بەڵام كەس ناڵێ لەخۆڕایی بۆردومانت دەكەم، بەڵكو دەبێ بیانوێك بدۆزێتەوە، وەك بینیمان لە بۆردومانكردنی هەولێر چەندین تۆمەت خرانە پاڵ هەرێمی كوردستان، هیچ بەڵگەیەكیش نەخرایەڕوو كە راستی و دروستی ئەو تۆمەتانە پشتڕاست بكاتەوە ئەسڵ و ئەساسی نەبوو، هەرێمی كوردستان نەبووەتە شوێنێك بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها لە عێراق هەندێك هێزی لەیاسا دەرچوو بەدرۆن و مووشەك بۆردومانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەگەر باوەڕیان بە پێكەوەژیان و بنەماكانی دەستوور هەبێت نایەن بەبێ بڕیاری حكومەتی فیدراڵ ناوە ناوە بۆردومانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمە بەپێی توانا رووبەڕووی هەڕەشەكان بووینەتەوە، ئێمە نە لەگەڵ شەڕین نە دەمانەوێت شەڕ لە ناوچەكە هەبێت، دەمانەوێت چۆن ئێمە رێزی دەوروبەر دەگرین ئەوانیش رێز لە هەرێمی كوردستان بگرن". دەبێت سیستەم رێكبخەین مەسرور بارزانی لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا وتی: "باوەڕناكەم ئەو بێئومێدییە هەبێت ئێمەش خەڵك دەبینین، راستە كەموكوڕی هەیە و تموحی ئێمە زۆر لەوە زیاترە و دەمانەوێت خزمەتێكی زیاتری خەڵكی خۆمان بكەین، بەو ئیمكانیەتەی لەبەر دەستە و ئەو هەموو ساڵەی رابردوو نابێ وا سەیر بكرێت كە ئێمە لێی بەرپرسین لەو قەیران و گرفتانەی كە تووشی خەڵك بوونە، سەرەڕای ئەوەش بەرنامەمان هەبووە و كارمان لەسەر كردووە، بەڵام هەنێك لەو هەنگاوو چاكسازییەی گرتوومانەتە بەر رەنگە ماوەیەكی دیكە ئەنجامەكەی دەربكەوێت، دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووری دروستكردنی بینایەك نییە ئێوە بەچاو بیبینن، دوای ماوەیەكی دیكە ئێوە دەبینن ئێمە چیمان كردووە لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و ریفۆرم". لەبارەی پرۆسەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: "چاكسازی تەنها سزادانی گەندەڵكاران نییە، چاكسازی لە سیستەم دەكرێت نەك تەنیا لەخەڵك، ئەگەر سیستمێك هەبێ و هەركەسێك بێت بتوانێت بەردەوام بێت لەگەندەڵی ئەوە هەرگیز گەندەڵی كۆتایی نایەت، دەبێ سیستمەكە وا رێكبخرێتەوە كە دەرفەتی گەندەڵی تێدا نەمێنێت، ئێمە میكانیزمان هەیە بۆ چاكسازی و ریفۆرم لەسیستمەكە، ئەوەی تر بۆ دادگا دەمێنێتەوە، هەر كەسێك سكاڵای لەسەر گەندەڵی فڵان و فڵان كەس هەیە با پێشكەشی دادگای بكات با دادگا بە ئەركی خۆی هەڵسێ و ئیجرائات بكات، بەڵام سەبارەت بە حكومەت ئێمە دەمانەوێت چاكسازی لە سیستەم و ژێرخانی ئیدارەدا بكەین، كە چۆن بتوانین رێگری لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بكەین". ئەمە 30 ساڵە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو ئەو كەموكوڕیانەی دەیبینن هی ئەم كابینەیە نییە، دەبوایە لەماوەی ئەم 30 ساڵە ژێرخانێكی ئابووری بەهێز دروست بكرێت...بەڵام ناكرێ ئەوەی خراپ كراوە هەمووی رووبەڕووی ئەم كابینەیە بكرێتەوە دۆسیەی نەوتی هەرێم سەبارەت بەدۆسیەی نەوت لەهەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەدا: "ئێوە پرسیارتان لە هەموو شت كردووە و ئێمەش وەڵامان داونەتەوە، بەڵام ئەگەر بە كورتیش بێت جارێكی دیكە لێرە باسی دەكەم، جێی سەرنج و پێكەنینە كە دەوترێت خەڵك بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان دڵخۆشن یان بەهۆی نەوتەوە هەرێم قەرزدار بووە، دەوترێ پێشتر حكومەتی فیدراڵی بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە و بەهۆی هەناردەكردنی نەوت بڕاوە، لە نووسینی دەستوور خۆم یەكێك بووم لەو شاندەی لە بەغدا بووین لەنووسینەوەی دەستوور بەشداربووین، یەكێك لەخاڵە گرنگەكان ئەوەیە كە ئەو سامانە سروشتییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لە خزمەتی خەڵك بەكاربهێنرێت، ئەگەر سەیر بكەن تاساڵی 2003 هەرچی سەروەت و سامانی سروشتی هەرێمی كوردستان بووە دزراوە و بڕدراوە، داهاتەكەی دراوە بە بۆمب وڵاتەكەی ئێمەیان پێ خابوور كردووە، سەروەت و سامانی ئێمە دژی هاووڵاتیانمان بەكارهێنراوە، كراوە بە چەك و كیمیایی و ئەو هەموو تاوانە دەرهەق بەگەلی كورد كراوە. سەبارەت بەنەوتی كەركووك مەسرور بارزانی وتی :"ئەگەر ئێوە نەوتی كەركووك بە نەوتی كوردستان بزانن، كە من پێموایە كەركووك بەشێكە لەكوردستان و ئەو نەوتەی چەندین ساڵ لەوێ بڕدراوە، دەبوایە بۆ ئاوەدانی كوردستان و هەموو عێراق بەكاربهێنرێت، بەڵام بەشی كوردستان لەو داهات و سەروەت و سامانە چی بووە؟ جگە لە وێرانكاری و ئەنفالكردن و ئەو هەموو تاوانكارییەی دژی هەرێمی كوردستان كراوە، لە نووسینەوەی دەستوور ئێمە ویستمان ئەو مافە بۆ خەڵكی كوردستان بگەڕێتەوە، هەوڵدرا یاسای نەوت و غاز لە حكومەتی فیدراڵی پەسەند بكرێت، ساڵی 2007 رەشنووسێك ئامادەكرا بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز دروست بكرێت، بەڵام حكومەتی عێراقی نەهاتە پێشەوەو ئەو یاسایە نەچووە پەرلەمان، ئەگەر ئەوە هەبوایە ئێمە لە چوارچێوەی ئەو یاسایە رەفتارمان دەكرد، دواتر بەپێی دەستوور یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی كوردستان پەسند كرا، هەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە بەپێی ئەو یاسایە بووە، ئێمە یاسای نەوت و غازمان هەبووە، بەڵام تائێستاش حكومەتی فیدراڵی ئەو یاسایەی نییە، ئەوكاتە لێكتێگەیشتن لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم هەبوو تا یاسای نەوت و گاز لەپەرلەمانی عێراق پەسند دەكرێ، حكومەتی هەرێم دەتوانێت كاری خۆی بكات، ئێستا دادگای فیدراڵی پەنا دەباتەبەر یاسایەك كە لەساڵی 1976 بۆ حكومەتێكی مەركەزی نووسراوە، دوای ئەوە عێراق گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە لەحكومەتێكی دیكتاتۆری بووەتە حكومەتێكی فیدراڵی، بەڵام ئایا ئەو یاسایەی لەساڵی 1976 نووسراوە رەنگدانەوەی دەستووری عێراقە؟ بەهیچ شێوەیەك وا نییە، حكومەتی عێراق یاسای نییە، جگە لەوە كە دەوترێت حكومەتی فیدراڵ بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت راست نییە، ساڵی 2014 یەك بەرمیل نەوت هەناردە نەدەكرا كە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا، ئەگەر پێیانوایە هۆكارەکە نەوتی كوردستانە ئەوكاتە هیچ نەوتێك هەناردە نەدەكرا، دوای بڕینی بودجەی هەرێم بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری بڕیاری هەناردەكردنی نەوتی دا، كۆمپانیاكانیان بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی كوردستان دەركرا هێنایە كوردستان و دوای ئەوە نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە كرا، دوای ئەوەش رێككەوتنی تر كراوە جار بەجار بودجە بۆ هەرێم هاتووە، بەڵام بڕینی بودجە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیدار نەبووە بەوە، چونكە دوای بڕینی بودجە هەرێم نەوتی هەناردە كردووە، ئینجا خەڵك پێی خۆشە دادگای بەناو فیدراڵی ئەو بڕیارەی دەركردووە، ئێمە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی نین، بەڵام كوا دادگای فیدراڵی لەعێراق، لەدەستوور هاتووە دەبێ دادگای فیدراڵی بەپێی ئەو رێكارانە دروستبكرێ و كارا بكرێت، كام دادگای فیدراڵی لەعێراق بەپێی دەستوور دروستكراوە، ئەم دادگایە لەسەردەمی برێمەر هەبووە و تائێستا بەردەوامە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەپێی ماددەی دەستووری دروست نەكراوە، تائێستا دادگای فیدراڵی كە بگونجێت لەگەڵ دەستوور لەعێراق بوونی نییە، ئێمە دژی دادگای فیدراڵی نین، بەڵام حكومەتی عێراق دادگای فیدراڵی نییە، بەڵكو دادگایەكە بەناوی فیدراڵی ئیشوكارەكان دەكات، ئەگەر هەشبێت هیچ دادگایەكی فیدراڵی ماددەیەكی دەستووری هەموار بكاتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو ماددە دەستوورییە بچێتە ریفراندۆم، دەستوور بە ریفراندۆم هەموار دەكرێتەوە نەك بە بڕیاری دادگا، هەڵوێشتی هەرێمی كوردستان دیار بوو، هەر چوار سەرۆكایەتی بڕیارەكەیان رەتكردووەتەوە، چونكە نا یاساییە و سیاسیی بووە و لایەنێكی سیاسیی لە پشت بڕیارەكە بووە، ئەم هەموو ساڵە بۆچی تا ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان كران و هاوپەیمانیەتی سیاسی كرا ئەو بڕیارە كارا نەكرا، هۆكارەكە چی بوو، ئەگەر هۆكارێكی سیاسی لە پشت بڕیارەكە بووبێت دەبێ وەكو خۆی باس بكرێت، ئینجا كە خەڵك بڕیارەكەی پێخۆشە چی، هەرێمی كوردستان وەكو عێراقی لێبێت؟ وەكو كام شاری عێراق؟ تكایە پێم بڵێن كام شاری عێراق لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك خۆشترە؟ كام خزمەتگوزاری عێراق لەهی هەرێمی كوردستان باشترە؟ 95%ی داهاتی عێراق بەدەستی حكومەتی فیدراڵییەوەیە ئەگەر بەو داهاتە نەیانتوانی بێت خزمەتگوزاری بكەن، كە هێشتا ئاوی خواردنەوەو بابەتی تەندروستی و پەروەردە ئەگەر بەراوردی بكەیت بەهەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر پاشكەوتوودایە و ئێمە زۆر لە پێشترین بە 5%ی داهاتی عێراق ئێمە ئەوەمان كردووە، بە هەموو كەموكوڕییەكان كوردستان بووەتە پەناگەی ملیۆنان مرۆڤ كە شوێنەكانی دیكەی عێراق بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئەمنی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەشوێنێكی ئارامیان بینیوە بۆیە هاتوونەتە ئێرە". ئێوە وەك رۆژنامەنووس ئەركی ئەوەتان هەیە هاووڵاتییان ئاگادار بكەنەوە، لەهەمانكاتدا ئەركی ئەوەشتان هەیە خەڵك لە نیشتمان و كوردستان نزیك بكەنەوە، خۆشەویستی وڵات و دەسەڵات تێكەڵ نەكەن، دوو شتی جیاوازن سەبارەت بەدۆسیەی نەوت و غاز سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی :"حكومەتی عێراق 12 ملیار دۆلاری داناوە بۆ لێگەڕان و پێشخستن و دەرهێنانی نەوت كە لەسەر بودجەی نەوت حیساب نییە، بەڵكو لە بودجەی سیادی عێراق تەرخانكراوە، بە هیچ شێوەیەك ناچێتە سەر كولفەی دەرهێنانی نەوت، ئەگەر ئەوە حیساب بكرێت كولفەكە زیاترە، دووەم كێڵگەكانی نەوت لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازییان هەیە لەهەندێك شوێن ئاسانترە و لە هەندێك شوێن زەحمەتترە، سێیەم كۆمپانیای سۆمۆ كە بە حیساب كۆمپانیای بەرپرسە لەدەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی عێراقی كۆمپانیایەكە لە سەردەمی رژێمی بەعس دروستكراوە و تاكو ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە بە هیچ شێوەیەك رەنگدانەوەی حكومەتێكی فیدراڵی پێوە دیار نییە، ئەگەر سۆمۆ گۆڕانكاری بە ستراكچەرەكەی دا بكرێت و بۆ كۆمپانیایەكی فیدراڵی و جێگری سەرۆكی سۆمۆ ببێت بەكەسێكی خەڵكی كوردستان و مافی ڤیتۆی هەبێت لەسەر بڕیارەكان بۆ ئەو نەوتەی لەهەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت، وەكو هی عێراقی لێبێت كە چۆن و بەچەند دەیفرۆشن، هەروەها لە یاسای نەوت و غازی هەرێم باسی ئەوە كراوە هەرێم دوو كۆمپانیا دروست بكات كۆمپانیانی نیشتمانی، كۆمپانیانی فرۆشتنی نەوت، كە كۆمۆ ناونراوە و هاوشێوەی سۆمۆ بێت و لەگەڵ سۆمۆ ئیش بكات بۆ هەناردەكردنی نەوت، سۆمۆ هاتووە هەر كەسێك نەوتی كوردستان بكڕێت هەڕەشەیان لێكردووە و پێیان وتون ئێوە هەقی كڕینی نەوتی كوردستانتان نییە بە نایاسایی لەقەڵەمی داوە، كۆمپانیایەك ئەو حەقە بە خۆی دەدات كە بڕیار لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان بدات، ئەمە وایكرد كڕیارەكان بێن بەوەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بڵێن نەوتی ئێوە مەترسی لەسەرە، لەبەر ئەوە دەبێ بەنرخێكی هەرزانتر پێمان بفرۆشن ئەگەرنا ئێمە ناتوانین بیكڕین، كەواتە هۆكارێك بۆ هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی كوردستان خودی كۆمپانیای سۆمۆیە، دواتریش هاتووە رەخنەی لە هەرێمی كوردستان گرتووە و دەڵێ نەوتی ئێوە هەرزانتر فرۆشراوە، لەم كابینەیە ئێمە هاتین بانگی هەموو كڕیارەكانی نەوتمان كرد، پێمان وتن بەو داشكاندنەی كە بەئێوە دراوە، ئێمە چیتر ئەوە قبووڵ ناكەین، دەبێ ئەو نرخە كەم بكرێتەوە، لەهەر بەرمیل نەوتێك 3 تا 4 دۆلارمان بۆ خەزێنەی حكومەت گێڕاوەتەوە، ئەگەر ئەو هەڕەشانەی سۆمۆ نەبێت ئەو جیاوازییە لە نرخی هەرێم لەگەڵ عێراق نابێت، كە بەردەوام ئەو هەڕەشانە لەسەر كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتی هەرێمی كوردستانن، با بە ژمارە پێتان بڵێم پێشتر 25% داهاتی نەوت بۆ مووچە دەگەڕایەوە، من ناڵێم داهاتی كوردستان لەبەرئەوەی هەندێكی بۆ كولفەی كۆمپانیاكان دەگەڕێتەوە هەندێك بۆ قەرزەكان دەچێت، هەندێكی بۆ گواستنەوەی نەوت ئەمە هەمووی داهاتە بەڵام كولفەیە حكومەتی هەرێم ناچارە ئەو پارەیە بداتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هاتین ئەو رێژەیەمان لە 25% بۆ 42% بەرز كردەوە، كە وایە داهاتی زیاتر بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە تەنها بۆ مووچە". فەرمانبەرانی هەرێم سەبارەت بەزۆری ژمارەی مووچەخۆران لەهەرێمی كوردستان مەسرور بارازانی، وتی: "پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەوەندە مووچەخۆرمان هەیە؟ من حەزدەكەم ئەو پرسیارە لە 30 ساڵی رابردوو بكەن، لەجیاتی ئەوەی هەلی كار بۆ خەڵك دروست بكرێت كە ئەو هەموو فشارە نەخرێتە سەر حكومەتی هەرێم بۆ دامەزراندن، تەنیا ئەوە كراوە كە خەڵك لە حكومەت دابمەزرێت هەر نەوەیەك هاتووە ئەو قوتابیانەی لە زانكۆ دەرچوونە چاویان لەوە بووە كە حكومەتی هەرێم دایانبمەزرێنێت رێژەی مووچەخۆر زیاد بوو، مووچەخۆرو فەرمانبەر دوو شتی جیاوازن كە بەداخەوە من نەمبینی لە راگەیاندنەكان ئاماژەی پێبكرێت لە جیاوازی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، حكومەتی عێراقیش رێژەی مووچەخۆری زۆرە، بەڵام ئەوان چیان كردووە هاتوون جیایان كردووەتەوە شەهیدانە، پەككەوتووان، زیندانی سیاسیی لەمیزانیەی سیاسی پێیان دەدەن، تەنها مووچەی فەرمانبەران بەناوی مووچە دەدرێت، لەكوردستان هەموویان مووچەخۆرن بەفەرمانبەر و زیندانی سیاسی و شەهیدانەو پەككەوتووان، بۆیە لەهەرێمی كوردستان ژمارەكە زۆرە، بەڵام دیسان ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئەوەی ژمارەی مووچەخۆر زیاتر بكەین یان هەلی كار بۆ خەڵك دروستبكەین، بۆ ئەوەی حكومەت لە دوای توانای خەڵك بگەڕێت، كێ بەتوانایە بێتە ناو حكومەت، نەك خەڵك هیچ توانای نەبێت بكرێت بە مووچەخۆر، ئەمە لە روانگەی ئابوورییەوە كارێكی هەڵەیە كە حكومەت تەنها شوێنی دامەزراندن بێت، دەبێ هەلی كار دروستبكرێت و كەرتی تایبەت پەرەی پێبدرێت، شتی وا دروستبكرێت كە حكومەت مەمنون بێت خەڵك ئیشی بۆ بكات، هێندە هەلی كار زیاد بكرێت مووچەی لە كەرتی تایبەت زیاتر بێت هەوڵبدات لە كەرتی تایبەت ئیش بكات نەك لە حكومەت، بەڵام ئەمە خەتای ئەو كابینەیە نییە ئێستا خەریكی ئەوەین بیگۆڕین گرنگی زیاتر بە كەرتی تایبەت بدەین و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنین، ئەوكاتە خەڵك لەجیاتی بێت لە حكومەت بە ملیۆنێك یان دوو ملیۆن ئیش بكات با بچێت لە كەرتی تایبەت بە 5 ملیۆن ئیش بكات، بەو شێوە داهاتی حكومەتیش زیاتر دەبێت و فشار لەسەر حكومەت كەمتر دەبێت هەروەها لەكەرتی تایبەت باجی زیاتر بە حكومەت دەدرێت كەواتا داهاتی حكومەت زیاتر دەبێت، ئەم پرۆسەیە بە رۆژێك و دوو رۆژ ناكرێت، بەڵام پرۆسەیە و كاری لەسەر دەكەین". جیاوازی شارەكان؟! لەوەڵامی ئەوەی كە دەوترێت سەرۆكی حكومەت جیاوازی لەنێوان شارەكان كردووە، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەك ئەوە وانییە، من لەو رۆژەی كە سوێندم خواردووە وتوومە دەبێ سەرۆكی حكومەتێك بم لەزاخۆ تاوەكو كەلار و خانەقین حوكمڕانی بكات، هەروەها جێگری سەرۆكی حكومەتیش، جێگری سەرۆكی حكومەت بێت لە زاخۆ تا خانەقین، بەهیچ شێوەیەك جیاوازی نەبێت و رەنگدانەوەی دوو ئیدارەیی نەبێت، ئەوە شتە ناخۆشەكانی پێشترە تائێستا ماوە، هەرچەند هەوڵیش دەدرێت، بەڵام رێگری هەیە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە خاوبێتەوە، ئەگینا من حەز دەكەم لەهەموو كوردستان وەكو یەك حوكمڕانی تێدا بكرێت، بەڵام تەداخولاتی سیاسی لە حوكمڕانیدا تائێستا ئەو كێشەی هێشتووەتەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە ئیشی لەسەر ناكرێت، ئیشی لەسەر دەكرێت و ئومێد دەكەم رۆژێك دابێت ئەو هەڵە تێگەیشتنە بڕەوێنینەوە". سەبارەت بەنەمانی پارە لەبانكەكانی سلێمانی مەسرور بارزانی وتی:"ئەم قسەیە زۆر كرا، راست نییە، سلێمانی بە موڵكی هیچ لایەنێك نازانم، تا گەمارۆی ئابووری بخرێتەسەر، هەولێر و دهۆك بەموڵكی هیچ لایەنێك نازانم، تا بڵێم لەبەر ئەو لایەنە یارمەتی دەدەم، كوردستان هی هەموومانە، هەموومان خاوەنی ئەم كوردستانەین، دەبێت بەم جۆرەش كاربكەین. بە هیچ شێوەیەك فشار نەخراوەتە سەر سلێمانی، سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان سێ شتە، لەعێراقەوە دێت، یاخود لە نەوت و سەرچاوە نانەوتییەكانەوە دێت، داهاتی ناوخۆی هەر پارێزگایەك جیاوازە، هەندێك پارێزگا زیادی كردووە و هەیە زیادی نەكردووە، لەسلێمانی داهاتی نانەوتی وەك پێویست كۆنەكراوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ حكومەت،كە دەبوایە ئەو كورتهێنانە پڕ بكرێتەوە. نرخی نەوت سەبارەت بەنرخی نەوت مەسرور بارزانی وتی :"نرخی نەوت راستە هەڵكشاوە، بەڵام پێشتر بەشی مووچە و بودجەی نەكردووە، حكومەتی عێراق لە 29 مانگی رابردوو تەنیا 13 مانگ پارەی ناردووە. هەرێمی كوردستان تەنیا حكومەت نییە، هاووڵاتیانی كوردستانیشە، ئێوە بەرگریتان لەمافی هاووڵاتیان كردووە بەرامبەر بەحكومەتی فیدراڵی، حكومەت بێ هاووڵاتی نرخی چییە، ئەگەر ئێوە پشتیوانی حكومەت و هاووڵاتی نەبن، كێ پشتیوانییەتی. دەبێت ئێوە پشتیوانی هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێم بن بۆ ئەوەی داكۆكی لەمافە پێشێلكراوەكانمان بكەین. دەبوایە ئاراستەی رەخنەتان بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵی بێت، نەك حكومەتی هەرێم. داواكاری یاسایی و سیاسیی و داراییمان كردووە، كە پێشێلی مافی دەستووریمان كردووە، دەبێت بەیەكەوە بەرگری بكەن و پشتیوانی بكەین، ئێمە هیچ جۆرە جیاوازییەكمان نەكردووە، دوای ئەوەی هەستمان كردووە، داهاتی زیاترمان لەبەردەستە، لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری سلێمانی و هەڵەبجە كۆبووینەوە و بڕیارمان داوە هەرچی داهات هەیە تەرخان بكرێت، بۆ مووچە، راستە دواكەوتووە، بەڵام هەبووە، ئێوە پێویستە وەك خۆیان شتەكان بە خەڵك بگەیەنن، حەز دەكەم بیر لەوە بكەینەوە لە رابردوو چیمان بەسەرهات، دوای چەند مانگێك لە پێكهێنانی حكومەت كۆرۆنا هات، جووڵە وەستا، بەغدا ناردنی پارەی راگرت، داهاتی نەوت بووە سفر، ئێمە بەچاكسازیی و كەمكردنەوەی خەرجیی بەردەوامیمان دا بەكارەكان، خەرجی حكومەت لە 200 ملیۆن دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ 30 ملیۆن دۆلار، داهاتی ناوخۆمان زیاد كرد، توانیمان تەنیا بەوە، لە 79%ی مووچە دابین بكەین، تەنیا ئەوەمان پێكرا، دەبوایە بەغدا هاوكاریمان بكات، بەڵام نەیكرد، ملیۆنێك ئاوارە و پەنابەر لەكوردستان هەن، دەبوایە لەخەرجی سیادی عێراق پشكیان بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام هیچیان بۆ نەدراوە، ساڵانە زیاتر لە ملیارێك و نیو دۆلار بۆ خەرجی ئاوارە و پەنابەران و كەمپەكانە. بەدەیان هەزار قوتابی لەشوێنەكانی دیكەی عێراقەوە هاتوون ئێمە پێداویستیان بۆ دابین دەكەین و بوونەتە بار بەسەرمانەوە و حكومەتی عێراق هیچی نەكردووە. سەبارەت بە پشكی بەرپرسان و پڕۆژەكان سەرۆكی حكومەت وتی : "پێم خۆشە نموونەم بۆ بنێرن و هەر پڕۆژەیەك داوای پشكیان لێكرد، با بێت من رووبەڕووی یاسایان دەكەمەوە، دەوترێت قاچاغچێتی زیادی كردووە، راستە، بەڵام لە هەموو سنوورەكان وەك یەك نییە. من داوام كرد، ئێستاش داوا دەكەم، وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە هێزی هاوبەش دروست بكەن و یەكەمجار لە بادینانەوە دەستپێبكەن، ئینجا بچنە شوێنەكانی دیكە بۆ ئەوەی رێگری لەو قاچاغچێتییە بكەن و ئێستاش سوورم لەسەر ناردنی ئەو هێزانە. نامەوێت بچمە ناو ئەو وردەكارییە، بەڵام سیاسەتی حكومەت ئەوە نەبووە، رێگری نەكرێت، بەڵام كە هەوڵەكە دراوە، وتراوە ئەوە بكرێت شەڕ دەبێت، ئێستا خەریكین رێگەیەك دەدۆزینەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو بابەتە، من نامەوێت كێشە قووڵتر بكرێت و دەمەوێت چارەسەری كێشەكە بكرێت. مەسرور بارزانی وتیشی: "دەوترێت لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكان پاشەكشێ كراوە، ئەمە بە رەهایی نابێت، دەبێت داتاو پێوەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی حكومەت و بزانین پاشەكشەی كردووە یان پێشكەوتووە. سەبارەت بە رێگری لەپەیامنێران، مەسرور بارزانی وتی :"من لەگەڵ ئەوە نیم، ئاگاداریش نیم، سیاسەتی حكومەت نەبووە، رێگری لە هیچ پەیامنێرێك بكات، بە راگەیاندنی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، هەندێك كات كێشەیەك بووە، یان لە شەڕی داعشدا دەچوون لایڤیان دەكرد، ئەمە لایەنی ئەمنیی پێی خۆش نییە، رەنگە مەترسی دیكەی بەدواوە بێت، ئەم شتانە نابێت راستەوخۆ باس بكرێن، رێگری لەوە ناكرێت بە رێگری لەئازادی رادەربڕین و رووماڵی هەواڵ پێناسە بكرێت، دەمانەوێت لە میدیا نزیك بین و هیوادارم ئەم كۆبوونەوەیەش وا لێكبدەنەوە. لەوەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەكۆبوونەوەی حكومەت لە سلێمانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی :"هیچ جیاوازییەك لەنێوان هیچ شوێنێك و بستێكی خاكی كوردستان ناكەم، شوێنی كۆبوونەوەكان دیارە، رەنگە رێك نەكەوێت لە رووی تەكنیكییەوە، ئەگینا هیچ كێشەم نییە لەهەر كوێیەك بێت. سەبارەت بە بیست هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی كوردستان كە بڕیاری دروستكردنی دراوە، مەسرور بارزانی وتی :"وتوومانە هەمووی بكرێتە ئۆنلاین و دەبێت شتێكی باش درووست بكرێت و ئەوەی دەكرێت، دەبێت كوالێتی بەرز بێت و مەترسی لەسەر ژیانی داهاتووی خەڵك درووست نەكات. لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا مەسرور بارزانی وتی :"پەیوەندی بە كونسوڵخانەكانەوە دەكرێت و هەرچی خراپە لەپەنای دەرگا شاراوەكان بەو خەڵكە دەوترێت، باسكردن و خراپكردنی وڵات و نەتەوەو دەسەڵاتی خۆت بۆ خۆت خراپە، رەخنەت هەبێت بە دەسەڵاتی خۆتی بڵێ، بۆ بە بیانییەكانی دەڵێی، چی پێ دەكرێت؟ یارمەتیت دەدات؟ با حكومەتی خۆت یارمەتیت بدات، ئێمە ناترسین لە كەموكورتییەكان، بەڵام وەڵامی خۆمان هەیە، هەندێك شت هەیە كاریگەری لەسەر پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و دەبێت خۆتان لەبەرچاوی بگرن. سەبارەت بە مەترسی كەمئاوی لەوەڵامی پرسیارێكدا سەرۆكی حكومەت وتی :"ئەولەویەتی ئێمە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە، سەرچاوەی ئاومان بارانە، رووبارەكانە، كە دراوسێكان گرتوویانن، ئاوی ژێرزەوییە، كە بە داخەوە سەدان مەتر دابەزیوە، ئاو پێویستە هەبێت، كە نەبێت دەبێت بزانین چۆن چارەسەری بكەین، ئاوی قورس پاككراوەتەوە و بۆ خواردن ناشێت و بۆ ئەو جۆرە شتانە بەكاردەهێنرێت. ئێمە نین رێكناكەوین، ئێمە چەندین جار شاندمان نادرووەتە بەغدا بۆ ئەوەی رێكبكەوین، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیەو رێككەوتن لەگەڵ خۆڕادەستكردن دوو شتی جیاوازن، ئێمە دەڵێین: با دەستوور حەكەم بێت و هەرچی ئەركی دەستوورییە لەسەر شانی ئێمە جێبەجێی دەكەین، بەڵام هەرچی مافی دەستووریشمان هەیە دەبێت رێزی لێبگیرێت، بەغدا دەیەوێت ئێمە ئەركەكە جێبەجێ بكەین، بەڵام مافی ئێمە نەدات، ئەگەر بەغدا ئامادە بێت بێتە پێشەوە لەگەڵ ئێمە رێكبكەوێت، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین ئینتیما مەسرور بارزانی لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەئینتیمای نیشتیمانی وتی :"زۆر لەو دیدارانەم بینیوە، كە پەیامنێرەكە تەحریكی خەڵك دەكات، پێی دەڵێت: كاكە تۆ نانت نییە و ئاوت نییە، رات لەسەر فڵان شت چییە، ئەمە بۆ خۆی هاندانە، خەڵك ئینتیمای هەیە، بەڵام هەندێك سەریان لە خەڵك تێكداوە، ئەگینا خەڵك وڵاتی خۆی خۆشدەوێت، ئەركی ئێوەیە خەڵك هانبدەن وڵاتی خۆی خۆش بوێت. لەبارەی دۆخی پێشمەرگە، سەرۆكی حكومەت وتی :"دەوترێت لە نۆرەی بەنزینم ناتوانم بەرگری بكەم، ئەی ئەو پێشمەرگەیەی لە هێڵی پێشەوەیە، ئەویش ماڵ و منداڵ و ژیانی نییە؟ بۆچی ئەو دەتوانێت بەرگری بكات، بەڵام كەسێكی دیكە لە نۆرەی بەنزینە ناتوانێت! لەكوردستان زیاتر لە 2 ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمار كراون، ئەگەر رەوشی ژیانی خەڵك ئەوەندە خراپە بۆچی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمار كراو لەكوردستان هەن؟! لەدرێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە قەیرانەكانی هەرێم، مەسرور بارزانی وتی :"لافاو بووە، گرانی بووە، كۆرۆنا بووە حكومەت لەوێ بووە، بە هەموو جومگەكانییەوە ئامادەیی هەبووە، بۆ نموونە لە رووی سووتەمەنی، بەداخەوە حكومەتی عێراق بڕی پێویست بۆ سووتەمەنی نەنارد، بە مووشەك لەپاڵاوتگەیەك درا، ئەمە وایكرد قەیرانێك درووست بێت، ئێوەی راگەیاندنكاران داواتان كرد، كە رێگری لەهێنانی ماددەی خراپ بكرێت، لەسەر پێشنیازی ئێوە حكومەت كۆمەڵێك رێكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی هاوردەی بەنزین گرتەبەر، حكومەت دەیەوێت تەنیا بازرگان سوودمەند نەبێت، بەڵكو هاووڵاتی سوودمەند بێت. پشتیوانی لە بازرگانانیش دەكات، بەڵام نایەوێت بارگرانی تەنیا لەسەر هاووڵاتیان درووست بێت. دوای قەیرانەكە، حكومەتی هەرێم بڕیاری پێویستیی دا بۆ هەڵگرتنی گومرگ. سوپاس بۆ خوا قەیرانەكە تا رادەیەك چارەسەر بووە، بەڵام هەمووی چارەسەر نەبووە، چونكە لەهەموو جیهاندا ئەو قەیرانە هەیە لەبەریتانیا و ئەمریكاش، كاتێك نرخی سووتەمەنی بەرز بوو، نرخی هەموو شتێك بەرز دەبێتەوە، چونكە هەموو شتێك بە سووتەمەنی دەكرێت، تائەو ئاستەی كەرەستەی خواردن كە بۆ كوردستان دێت، گواستنەوەشی زیاد دەبێت، چونكە پەیوەستە بە گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، بۆیە گرانییەكە دەچێتە سەر نرخی خواردنەكە، بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر خەڵك، حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە هەندێك رێككاری گرتووەتەبەر، بۆ نموونە گومرگی لەسەر هاوردەكردنی ئەم جۆرە شتانە كەمكردووەتەوە، لەهەندێك شوێن 10 سەموون بوو بە هەزار دینار، بوو بەهەشت سەموون، یەكسەر خەڵك هاواری لێهەڵسا، حكومەت بۆ ئەمە كارەباكەی لەسەر فڕنەكان كردە بێ بەرامبەر، حكومەت شتی كردووە، ئەمە نییە نەیكردبێت، زۆر شت كراوە، جیا لەمە، زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لە نرخی بەنزین خەرجكراوە، بۆ مەسەلەی پڕۆژەكان، ئێمە جیاوازیمان لەهیچ پڕۆژەیەك نەكردووە، بەڵام بازرگانەكان خۆیان دێن داوای ئەنجامدانی پڕۆژە دەكەن، حكومەت ناتوانێت پڕۆژە بكات، كاتێك بازرگان دێت حكومەت تەنیا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات، دواتر بڕیاری لەسەر دەدات، لەهەر شوێنێك یاخوود لە پارێزگایەك خەڵك هاتبێت داوای ئەنجامدانی پڕۆژەی كردبێت، ئەمە خەتای حكومەت نییە". سەبارەت بەدۆخی سلێمانی مەسرور بارزانی وتی :"بەڕێزێك دەڵێت، لە سلێمانی هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، یاخوود نۆرەی بەنزین هەشت سەعاتە، مووچەخۆر گلەیی دەكات، بەڕێزان كاتی خۆی داوایەك كرا، وتم ئێمە دەبێت بزانین سەرچاوەی داهاتی ئەم حكومەت و وڵاتە چەندە، داهاتی نەوت دیارە، دیلۆیتە یاخوود فڵانە، ئەمانە هەموویان دیارن، بەڵام سەرچاوەی داهاتی ناوخۆمان دیار نییە دەبێت بزانین چەندە، وتمان دەبێت هەمووی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، هەموو وەزارەتێكیش چوارچێوەی دیاریكراوی هەیە، داوامان كرد بزانین داهاتەكە چەندە، دوای ئەوە داوایەكی زۆر كرا بەحیساب ئەوكات تۆمەت خرایە پاڵ من بەحیساب من قۆرخی دەسەڵاتم كردووە، دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە شۆڕ ناكەمەوە، هەر لەسەر ئەم داوایە پێیانم وت فەرموون ئەمە دەسەڵات، بەڵام دەسەڵات لەگەڵ بەرپرسیارێتی دەبێت، تەنیا ئەوە نییە كە تۆ تەنیا دەسەڵاتت هەیە، دەبێت بەرپرسیارێتی ئیداری و داراییش وەربگریت، دەسەڵاتەكەن هەمووی دراوەتەوە پارێزگاكان، من باسی سلێمانی ناكەم، هەموو پارێزگاكان وەك هەڵەبجە، هەولێر و دهۆك، چونكە مەسەلە ئەوە نییە تەنیا هەولێرە بەرامبەر بەسلێمانی، هەموو پارێزگاكان دەسەڵاتیان بۆ شۆڕ كراوەتەوە، ئەگەر كێشە لە پارێزگایەك هەبووبێت، دەبێت لەئیدارەی محەلی پارێزگاكە بپرسم بۆچی ئەم كێشە سەریهەڵداوە، ئەگینا حكومەت بە چاوێكی یەكسان لەگەڵ هەموو پارێزگاكان مامەڵەی كردووە، من حەز دەكەم هەموو خەڵك لە تەلاری ئاڵتوونیدا بژین، بەڵام ئیمكانییەتی ئەم وڵاتە ئەمەیە، ئێمە دەمانەوێت زیاتری بكەین، زیادكردنی ئیمكانییات و داهات پێویستی بەكاری هاوبەشە، ئێوەش دەبێت یارمەتیدەری ئێمە بن، ئەگەر كارێكی باشمان كرد دەستخۆشییمان لێبكەن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەنگاوێكی باشتر بهاوێژین، بەڵام چی باشەت كرد، هەر بەخراپە لێكدرایەوە، رێگەت لێگیرا، خەڵكێك هەیە بەرژەوەندی تێكچووە، ئیتر لەسەر ئاستی سیاسی بێت یاخوود لەسەر ئاستی كەسی بێت، دەسەڵاتیشی هەیە بیەوێت بەرامبەر بەحكومەتەكە هەرچی باشە بەخراپ پیشانی بدات، چونكە خۆی هەست بەمەترسی دەكات نایەوێت ئەم حكومەتە سەركەوتوو بێت، ئێمە هەمیشە باسمان لەمەترسییەكان كردووە، وتوومانە مەترسی داعش هێشتا ماوە، مەترسی قەیرانی تەندروستی باسكراوە، بەخۆشمان و بەوەزیرەكانیشەوە، ئەگەر قەیرانی ئابووری هەبووبێ باسمان كردووە، سووتەمەنی و زیادبوونی نرخ هەمووی باسكراوە، لەبەرامبەردا رێكاریشمان گرتووەتەبەر، یەك لەوانە مەسەلەی ئاسایشی خۆراك، پێشبینی ئەوەمان كردووە ئەگەر قەیرانێك هەبێت، خوانەخواستە هیچ نەبێت لە برسان نەمرین، چەندین كۆگاكامان دروستكرد و پڕۆژەی حكومەتمان دروستكرد، بە پشتیوانی كەرتی تایبەت پڕۆژەی ئاسایشی خۆراك و كارگەكانمان دروستكرد، بۆ ئەوەی ئێمە هیچ نەبێت پشت بەخۆمان ببەستین، بەڵام هەمووشی بەدەست خۆمانەوە نییە، بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی كەمبارانی، داهاتی جووتیاران وەك ساڵانی پێشوو نەبووە، نەك لەبەر ئەوەی حكومەت بەرهەمەكانیان وەرنەگرتووە، داوامان لە جووتیاران كردووە، بەرهەمەكانیان زیاد بكەن، بۆ ئەوەی نەك تەنیا بەشی خۆمان بكات، بەڵكو بتوانین هەناردەی دەرەوەش بكەین". پاراستنی زمانی كوردی مەسرور بارزانی وتی: "من داوامكردووە، كە نابێت پرسی زمان بكرێتە قوربانی هیچ شتێك و دەبێت گرنگیی پێبدرێت، دەبێت هەموومان گرنگی بەزمانی كوردی بدەین، ئێستا هەر یەكێكمان بچێتە دەرەوەو لەهەر وڵاتێكی دیكە بیەوێت بخوێنێت دەبێت زمانی ئەو وڵاتە بزانێت، ئەی بۆچی یەكێك بیەوێت بێت لە كوردستان بخوێنێت زمانی كوردی نەزانێت! دەبێت گرنگیی پێبدەین، ئینجا ئەگەر كەمتەرخەمی هەیە، ئەوا بێگومان كاری زیاتری لەسەردەكەین. كێشەكانی كارەبا سەبارەت بەكێشەی كارەبا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی :" ئێمە دوو كێشەی كارەبامان هەیە، یەكێكیان پەیوەندی بەسووتەمەنییەوە هەیە، ئەوی دیكەشیان پەیوەندی بەوێستگەكانەوە هەیە، چونكە هەرچەند من پسپۆڕی كارەبا نیم، بەڵام وەك بۆم باسكراوە، لەگواستنەوەدا كارەبایەكی زۆر بەهەدەر دەچوو، بەهۆی ئەو سیمەی بۆ گواستنەوە بەكارهاتووە، ئەوەی كێشەیە ئەوە نییە كە ئێمە توانای دابینكردنی كارەبامان نەبێت، تا ئێستاش ئێمە نزیكەی 7 هەزار مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیە، لەوانەیە بۆ دوو ساڵی داهاتوو ئەو رێژەیە زیاتریش بكرێت، بەڵام سووتەمەنیمان نییە بۆ بەكارخستنی ئەو هەموو كارەبایە، چونكە بەشێكی غازەو پەیوەندیی بەكورد ئۆیڵەوە هەیە، كە ئەمە بەداخەوە تێچووەكەی زۆرە و ببوو بەتاكە داهات و سەرچاوەی مووچەش بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە لەبری ئەوەی بدرێت بە كارەبا، دەفرۆشرا، چونكە تەنها ئەوەمان هەبوو، ئێمە سیاسەتمان هەیە بۆ ئەوەی غازەكە لەماوەیەكی كەمدا زیاد ببێت و ئەو غازەش بەر لەهەموو شتێك بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بەكاردەهێنرێت. رێكارەكان بەرامبەر شوێنە نەشیاوەكان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی :"لەسەر ئەوەی كە چی كراوە بەرامبەر بەو شوێنە نەشیاوانە، جارێ هیچ پیشەیەكی یاسایی گوناه نییە، لەسەر مۆدێلكردن بێت، ئەگەر یاسایی بێت گوناه نییە، ئێمە وڵاتێكی داخراو نین و نەمانوتووە ئەمە رێگەپێدراوە و ئەمە رێگەپێدراو نییە، بەڵام رێكار لەسەر شوێنی نایاسایی لەهەموو شارەكانی كوردستان كراوە نەك تەنها لەهەولێر، لەهەموو ئەو شوێنانەی نایاسایین كاری نایاسایی و بەدڕەوشتی كراوە، داخراون و رێكاری یاسایی بەرامبەر بەتاكەكان و بەرپرسەكان و خاوەن خانەكان و ئەو كەسانەی خراپ بەكارهێنانیان كردووە، گیراوەتەبەر". لەبارەی دروستكردنی پەیوەندییەكی پتەوتر بۆ گەیاندنی زانیاری بۆ راگەیاندن، مەسرور بارزانی وتی:" منیش داوا دەكەم لەوتەبێژ و حكومەت میكانیزمێكی باشتر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە پتەوتر بكرێت و زانیاری زیاتر بەهاووڵاتییان و رۆژنامەنووس و دەزگاكانی راگەیاندن بدرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش زیاتر هاوكارمان بن". رێككەوتن لەگەڵ بەغدا سەرۆكی حكومەت لەوبارەیەوە وتی :"ئێمە نین رێكناكەوین، ئێمە چەندین جار شاندمان نادرووەتە بەغدا بۆ ئەوەی رێكبكەوین، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیەو رێككەوتن لەگەڵ خۆڕادەستكردن دوو شتی جیاوازن، ئێمە دەڵێین: با دەستوور حەكەم بێت و هەرچی ئەركی دەستوورییە لەسەر شانی ئێمە جێبەجێی دەكەین، بەڵام هەرچی مافی دەستووریشمان هەیە دەبێت رێزی لێبگیرێت، بەغدا دەیەوێت ئێمە ئەركەكە جێبەجێ بكەین، بەڵام مافی ئێمە نەدات، ئەگەر بەغدا ئامادە بێت بێتە پێشەوە لەگەڵ ئێمە رێكبكەوێت، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین، پێموایە دەبێت ئێوە ئەو شاهێدییە بۆ ئێمە بدەن، كە چوونی چەندین شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا چەندین جار، یان بانگهێشتكردنی ئەوان بۆ ئەوە بووە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین، بەڵام ئێمە ناتوانین نە من و نە هیچ كەسێك لەم حكومەتە مافی ئەوەی نییە لەسەر حیسابی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان سازش بكەین". خراپ بەكارهێنانی رۆژنامەوانی و یاسای دیجیتاڵی سەرۆكی حكومەت وتی :"لەناو هەموو پیشەیەكدا مەرج نییە هەموو كەسێك وەك یەك بن، مرۆڤی باش و خراپ لەهەموو شوێنێك هەیە، مرۆڤ هەیە كە ئەجێندای تایبەتی هەیە، ئەم جۆرە شتانەش هەمووی دیارە، بۆیە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری هەندێك موكومتر بێت لەسەر ئەوەی كە هەم بۆ پشتیوانیكردنی كاری رۆژنامەوانی و هەمیش بۆ رێگریكردن لە خراپ بەكارهێنانی رۆژنامەوانی بەناوی رۆژنامەگەری، ئەوەی یاسای دیجیتاڵی بێت دەبێت تێگەیشتبێت، من خۆم یەكێك بووم لەوانەی كە زۆر پاڵپشتی ئەوە بووم و ئێستاش دەڵێم: با بچێتە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە لایەنەكانی دیكە لەحكومەت پێیان وابوو ئەم یاسای دیجیتاڵە رادەربڕین سنووردار دەكات، بۆیە ئەوان گەڕاندییانەوە". خاوەندارێتی میدیا سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:كە دەڵێن بەحیساب من میدیام هەیەو پشتگیری میدیا دەكەم و فڵان كەس میدیای هەیە و پشتگیری میدیا دەكات، لە هەموو جیهان میدیا لەلایەن كەسانێك یان لایەنێكەوە پشتگیری دەكرێت، ئیتر ئەوە چ رێكخراو، كەسایەتی سیاسی یانیش حزب بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئاشكرا بێت كێ پشتگیری میدیا دەكات، گرنگ ئەوە نییە كێ لەپشتییەتی، گرنگ ئەوەیە كەسەكە دیار بێت، جا هەر كەسێك بێت، بۆ ئەوەی بۆ هەموو كەسێك دیار بێت، بەڵام ئەوانەی دیار نین با ئەوانیش دیار بن، كێ پشتیوانی ئەم راگەیاندنانە دەكەن، ئەگەر خەڵكە با ئەو خەڵكەش دیاربێت و سەرچاوەی داهاتیان دیار بێت". تۆمەتبەخشینەوە بەناوی رۆژنامەوانی لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا مەسرور بارزانی وتی :" بەهیچ شێوەیەك ئێمە رێگریمان نەكردووە لە رۆڵی میدیا، بەپێچەوانەوە، من بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی میدیام و دەمەوێت میدیایەكی بەرپرس و راستگۆ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خەڵك هەبێت، بەڵام ناشبێت تۆمەتبەخشینەوە بەناوی راپۆرت و میدیاو میدیاكاری پێناسە بكەین، هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە رێگری لەوە بكات كەتۆمەتی پێ ببەخشرێتەوە؟، جا ئەمەش یەكێكە لەتۆمەتەكان، من لەسەرەخۆم قبووڵی ناكەم، زۆر جار ئەوە هەبووە كاتێك پرێسكۆنفرانس سازدەكرێن هیچ كەسێك بانگهێشت ناكرێن، ئەوەی دێت و ئەوەی ناهێت كەس رێگری لێناكات، بەرپرسان هەن لەگەڵ فڵان و فڵان كەناڵ قسە ناكەن، ئەوە نیشاندانی هەڵوێستە، چونكە بەداخەوە ئەو كەناڵانە لەبری ئەوەی پرۆفیشناڵانە كار بكەن، بەئەجێندایەكی پێشوەختە دێن، وەزیر لەوانەیە قەناعەتی نەبێت بەشێوەیەكی بێلایەنانە قسەی لەگەڵ بكرێت، ئەگینا كەس رێگەی لەوەزیر نەگرتووە لەگەڵ هیچ میدیاكارێك قسە بكات". سەبارەت بەتوندوتیژی بەرامبەر ژنان سەرۆكی حكومەت وتی :"توندوتیژی لەگەڵ ئافرەتان زیادیكردووە، جگە لەكاك قوباد كەسی دیكە هیچی نەكردووە، كاك قوباد بەناوی حكومەت كردوویەتی، كاك قوباد ئەگەر بەشێك بێت لە حكومەت، كەواتە حكومەت كردوویەتی، ناكرێت هەر كەسێكمان كارێك بكەین بەناوی خۆمانەوە بیكەین، دەبێت بەناوی حكومەت هەر هەموومان بەرپرسیار بین، بەداخەوەش كە رێژەی توندوتیژی نەك تەنها بەرامبەر بە ئافرەت، بەڵكو بەرامبەر هەموو هاووڵاتیان زیادیكردووە، دەبێت رێگری لێبكرێت، ئێمەی چیمان كردووە! زۆر شتمان كردووە، مەسەلەی كۆكردنەوەی چەكی نایاسایی، گرتنی تاوانباران، رێگریكردن، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە لەڕووی پەروەردەییەوە كۆمەڵگەی خۆمان وا پێبگەیەنین لە توندوتیژی دووربكەوێتەوە". خستنەڕووی داتاكان لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا مەسرور بارزانی وتی :"من سوپاستان دەكەم، تۆزێك بە خێرایی یەك دوو شتی دیكە هەیە بۆتان باس دەكەم لەڕووی دارایی و ئابووری، ئێمە داهاتی دەروازەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو و بەجۆرێك بۆ سێ بەرامبەر زیادیكردووە، لە ساڵی 2016 داهاتەكە 563 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە ملیارێك و 690 ملیۆن دینار، خەرجی حكومەت لە 200 ملیۆن بۆ 70 ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە، داهاتی نەوت لە رێژەی 25% كە بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە، بۆ 41% بەرزكراوەتەوە، كەمكردنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی 4 دۆلار كەمكراوەتەوە، ئەمەش بۆ گەنجینەی گشتی گەڕاوەتەوە، كاتێك دەستمان بەو كابینەیە كرد، وتم دەبێت بزانین حكومەت چ مومتەلەكاتێكی هەیە، لەهەموو حكومەت ئەوەی كە تۆماركرابوو و بۆیان هێنام، وتیان 28 مومتەلەك لەسەر ناوی حكومەت تۆماركراوە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی نەبوو، بەڵام تۆمارنەكرابوو، ئێمە هەر لەم كابینەیە لیژنەمان پێكهێنا بۆ ئەوەی بزانین ئێمە چیمان هەیە، دوای ماوەیەك هاتنەوە 36 هەزار مومتەلەكات بەناوی حكومەت هەبوون كە ئێستا تۆماركراون". هەنگاوەكانی چاكسازی مەسرور بارزانی وتی :"لەوەزارەتی ناوخۆ زۆر شت كراوە، بۆ ئەوەی چاكسازییەكان بەئاراستەی كەمكردنەوەی رۆتین و فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان بن، بۆ نموونە بنكەی دەرهێنانی پاسپۆرت، 5 بنكەی نوێی دەرهێنانی پاسپۆرت كراونەتەوە لەسۆران، كۆیە، چەمچەماڵ، ئاكرێ و زاخۆ و لەپلانیشدایە، یەكەیەكی دیكە لە قەزای ئامێدی بكرێتەوە و یەكێكیش بۆ قەزای پێنجوێن لە پلاندایە، 50 بنكەی تۆماری كارتی نیشتمانی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، دامەزراندنی سیستەمی نوێی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل بەپێی ستانداردی جیهانی، كە بەم نزیكانە دەكەوێتە كار و بەپێی پلان ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە لە 22 بنكە پێشكەش بەهاووڵاتییان دەكرێت، بەگەڕخستنی سیستمی گرێبەستی ئەلیكترۆنی بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، زیادكردنی داهات بە رێگەی دانانی رسووماتی ڤیزا و نشینگە، دانانی رێنمایی بەرگری شارستانی و سەلامەتی گشتی، كە تایبەتە بەدانانی ستانداردەكانی بەرگری شارستانی لەباڵاخانە و شوێنە گشتییەكان و وێستگەكانی سووتەمەنی، لەئاستی یاسایی دوو پڕۆژەیاسای گرنگ پەسەندكران و دەركران، كە یاسای كۆمپانیا ئەمنییەكان و یاسای چەكە لەهەرێمی كوردستان، كە ئەمە بۆ ئەوەیە چەكە نایاساییەكان لەهەرێمی كوردستان كۆبكرێنەوە، لەسێكتەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، ئاوەدانكردنی 60 پڕۆژەی رێگەوبان بە بودجەی 854 ملیار دینار كە 1212 كیلۆمەتر بەرهەمیان هەبووە، لەوەش 92 كیلۆمەتر دووسایدە و چەندین رێگەی یەكساید و توونێل و پردی گەورەی لەخۆگرتووە، بەگشتی 12 ملیۆن مەتردووجا قیرتاوكردنی لەخۆگرتبوو، ئەمە هەموو كراوە كاتێك ئێمە لەقەیرانی ئابووریشدا بووین، لە سێكتەری وەبەرهێنان، كابینەی نۆیەم گرنگی تایبەتی بەپڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵ داوەو هانی وەبەرهێنانی داوە،، تائێستا لە كابینەی نۆیەم 194 پڕۆژە لە سێكتەری جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێدراوە بەسەرمایەی 11 ملیار و 155 ملیۆن دۆلار، سێكتەری كشتوكاڵ، كە خاڵێكی گرنگ بووە بۆ ئەم كابینەیەو بیستوومانە، دەبێت زۆر زۆر گرنگی بەو سێكتەرە بدەین، بۆ هەمەجۆركردنی داهات و پێموایە ئەمە سەروەتێكی لەبننەهاتووە، دەبوایە گرنگییەكی زۆر زیاتری پێ بدرابایە و لە ئێستادا بۆ ئێمە ببایە جێگرەوەی نەوت و غازیش، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە، بۆ ئەوەی كاری زیاتری لەسەر بكەین، لەم كابینەیەدا كەرتی كشتوكاڵ هەشت بەرامبەر ئاستەكەی بەرز بووەتەوە، لە رێگەی دەرچواندنی یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، كەدەبێتە هۆكاری رەخساندنی زیاتر لە 5 هەزار هەلی كار لەسەرجەم پڕۆژەكانی كەرتی تایبەتی بواری كشتوكاڵییەكان بۆ بەشەكانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری، هەروەها دامەزراندنی پڕۆژەكانی بەبازاڕكردنی گەنم كە خۆی لە 13 كارگەی جۆراوجۆر دەبینێتەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و توانای ئەمباركردنی 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەیە، جگە لەوەی لە كەرتی تایبەتیش كارگەی تایبەتی خۆراك دامەزراوە، لەم كابینەیەدا زیاتر لە 280 پڕۆژەی سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی سامانی ئاژەڵی مۆڵەتی پێدراوە، جگە لە 30 هەزار خانووی پلاستیكی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دروستكراوە، مۆڵەت بە 2659 كۆمپانیای خۆماڵی دراوە، جیا لە مۆڵەتدان بە 87 كۆمپانیای بیانی و 553 كارگە، جیا لەوەش 3 سایلۆ بەگوژمەی 58 ملیار دینار و 19 كۆگاش دروستكراون، لە سێكتەری كارەبادا، لە ئێستادا 310 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی 6903 مێگاوات وەك ژێرخان هەمانە، تاساڵی 2023 بڕی 2493 مێگاواتی دیكەش دەتوانین بەرهەم بهێنین، تا مانگی تشرینی یەكەم ئێمە دەتوانین 650 مێگاواتی دیكە بخەینە سەر سیستمەكە، كە 2493 مێگاواتە لە (كۆمباڵ سایكڵ)، (هایدرۆ پاوەر)، (سۆڵار) و (فڵایدگارس)و ئەمانە ئیزافەی سەر سیستمی كارەبا دەكرێن، لەم كابینەیەدا 615 مێگاوات بەڕێژەی 19.4% كارەبا زیادی كردووە، یەكەمجارە لەهەرێمی كوردستان و عێراق توانیمان بڕی 165 مێگاوات كارەبا لەگازی راكێشراو بەرهەم بهێنین، هەروەها ئەنجامدانی پڕۆژەی پێوەری زیرەك بووە هۆی كەمكردن و بەفیڕۆچوونی لە 45% بۆ 31%، هێشتا زۆرە دەبێت ئەوەش كەمبكرێتەوە، بەم پڕۆژەیە توانیمانە 14% داهاتی كارەبای بەفیڕۆچوو بۆ گەنجینەی حكومەت بگەڕێنینەوە، كەواتە پێوەری زیرەك كارەبا زیاتر ناكات، بەڵام داهاتی بەفیڕۆچوو بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێنیتەوە، لەبارەی سێكتەری شارەوانی و گەشتوگوزار، بریتین لەبنبڕكردنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی، ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لەهەموو شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان، وەك شەقامەكانی 150 مەتری لەهەولێر، 100 مەتری لەسلێمانی، شەقامی بارزان لە دهۆك، بەداخەوە كاتێك تەمویل دەكرێن هەندێجار ئەو پارەیە وەك خۆی نادرێت، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی كەرتی تایبەت بكەم، لەكارەكانیان بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانەو تۆماركردنی بەرزترین ئاستی هاتنی گەشتیار بۆ ساڵی 2021 كە گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیار، ئەمەش بەبەراورد بەساڵانی پێشتر بەرزترین ئاست بووە، ئەگەر ئێمە ئەم جۆرە پڕۆژانە ئەنجام بدەین، ئاستی هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان زیاتر دەبێت، لە سێكتەری پەروەردە، شوێنی نوێ بۆ زیاتر لە 60 هەزار قوتابی دابینكراوە، لە رێگەی دروستكردنی 57 باڵەخانەی تازە، تاكۆتایی كابینەی نۆیەم ئەم ژمارەیە دەگاتە 100 هەزار شوێن بۆ قوتابی، لەكەرتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پڕۆژەكان بریتین لەكەمكردنەوەی كرێی خوێندن بۆ قوتابیان لەم كابینەیەدا بە رێژەی 100%، لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانكۆ لاینەوە داواكارییان پێشكەشكردووە، دەرفەتی خوێندن بۆ هەر هەموویان رەخسێندراوە، هەروەها دابینكردنی كورسی خۆڕایی بۆ سەرجەم منداڵانی شەهیدان، دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ سەرجەم قوتابیانی كەركووك، شەنگال و خانەقین، جیا لەدابینكردنی 6 هەزار كورسی خوێندنی باڵا بۆ دیبلۆم، ماستەرو دكتۆرا، هەروەها دابینكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندنی ئەكادیمی بۆ ساڵی 2022 مانگانە بە بڕی 7 ملیار و 500 ملیۆن دینار، لەكەرتی تەندروستیشدا دانانی دوو یاسای بەرەنگابوونەوەی ماددەی هۆشبەر و یاسای مافی نەخۆش، هەروەها رێكخستنەوەو دانانی رێنمایی تایبەت بە نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەكان و كەمكردنەوەی نرخ بە رێژەی 40%، دابینكردنی ئامێرەكانی چارەسەری تیشك و كردنەوەی سەنتەری زیاتر بۆ شێرپەنجە، لەبواری چارەسەریدا، زیاتركردن و فراوانكردنی دامودەزگا تەندروستییەكان و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكان بە رێژەی 76% لە كەرتی گشتی و 24% لە كەرتی تایبەت، خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، خەرجكردنی زیاتر لە 19.5 ملیار دینار كرێی خوێندنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، دەركردنی زیاتر لە 11 هەزارو 141 فەرمان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، تاپۆكردنی 200 شوقە و 75 خانووی سەروەران و هەروەها تاپۆكردنی 1500 پارچە زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی كە لەساڵی 2011 پێیان دراوە، وێڕای دانانی داتابەیسێكی دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ كچ و كوڕی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، لەوەزارەتی داد، 57 فەرمانگەی دادنووسی بە ئەلیكترۆنی كراوە، لەكۆی 68 فەرمانگە، هەروەها كردنەوەی 13 فەرمانگە و جێگرایەتی داواكاری گشتی تۆماركردنی خانووبەرە، دادنووس و جێبەجێكردنی مناڵە ناكامەكان، لەسێكتەری پاراستن و چاككردنی ژینگە، هەلی كار بۆ 807 دەرچووانی بواری ژینگە دابینكراوە، كە وەك چاودێری ژینگەیی لەسەر پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت دامەزراون، كە مووچەیان لەسەر خاوەنی پڕۆژەكە دەبێت، لە كابینەی نۆیەمدا 24 پڕۆژە یاسا ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە، لەلایەن لیژنەكانی حكومەت لەئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكان زیاترین سەردانی پەرلەمان كراوە، جیا لەوەش زیاترین كۆبوونەوە لەم كابینەیەدا كراوە، هەروەها زیاترین روونكردنەوەو پێدانی زانیاری لەم كابینەیەدا دراوە، دانانی داتا سەنتەرێكی ناوەندی بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكان كە لەماوەیەكی نزیكدا لەهەرێمی كوردستان دەكەوێتە كار، كە هەموو وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكان بەم داتابەیسە دەبەسترێنەوە، دەبوایە زۆر زووتر لە ئێستادا بكرێت، كە دەبووە كارئاسانی زیاتر لەسەر خوێندنەوەو دیراسەتكردن و پلاندانان لەهەموو پڕۆژەكانی حكومەت، لەداهاتوودا كاری زیاتریش دەكەین، من تەواو بووم، سوپاس بۆ پشوودرێژی و گوێگرتنان، پەنا بەخوا لەداهاتوودا پەیوەندییەكی باشتر لەنێوان ئێمە و ئێوە دروست بێت، ئێوەش بتوانن ئەركی خۆتان بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵانە جێبەجێ بكەن، هەر هەموومان بتوانین خزمەتی زیاتری خەڵكی خۆمان بكەین، ئەوانیش لێمان رازی بن.
هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان روئیای خۆی لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت دەخاتەڕوو كە لەبەرنامەیاندایە دوو كۆمپانیای گشتی دابمەزرێنن بۆ نەوت و غاز كە پەیوەندیان لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی هەبێت بۆ بەبازاڕكردنی نەوت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی ئەوە دەخاتەڕوو كە دوو كۆمپانیای گشتی دادەمەزرێنێت ئەوانیش كۆمپانیای هەرێمی كوردستان بۆ نەوت و غاز (kroc) كە تایبەتمەند دەبێت لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، هەروەها كۆمپانیای كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی نەوت (komo) كە تایبەتمەند دەبێـت بەبازاڕكردنی نەوت، دەكرێ لەلایەك هەماهەنگی لەنێوان هەردوو كۆمپانیاكە هەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەم هەماهەنگییە لەگەڵا كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی و كۆمپانیای سۆمۆ لەبوارەكانی هەمان پەیوەندی هەبێت. هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە لەگەڵا بوونی هەمان پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" هەموو ئەمانەو تەواوكردنی ستراكچەری كۆمپانیای سۆمۆو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی و كردنی بە دامەزراوەیەكی فیدراڵی پێویست بەبڕیاری هاوبەش دەكات، كەدەبێتە مایەی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی راستەقینە لەو كۆمپانیایە بكات و پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە بۆ ئەوبێ". هاوكات داوای ئەوەش دەكات كە" لەگەڵا بوونی دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان لەبەڕێوەبردن و جومگەكانی كۆمپانیاكە، هەروەها هەرێمی كوردستان مافی رەتكردنەوە (ڤیتۆ)ی هەبێت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندیان بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە". حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەدۆسیەی پابەندییە داراییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دۆسیەی نەوت و غاز، بۆچوونی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە بەردەوام بێت لەفرۆشتنی بڕی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێم لەڕێگەی هەمان كۆمپانیاكان، هاوكات لەگەڵا پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بەگرێبەستەكان لەڕووی نرخ و لابردنی هەموو كۆت و ئاستەنگەكان كە كۆمپانیای سۆمۆ بەرامبەر بەپڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دایناوە. روئیای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی داهاتی نەوتی هەناردەكراو ئەوەیە كە" پێوستە ئەم داهاتانە بۆ هەژمارێكی بانكی بگوازرێتەوە كە هەرێمی كوردستان خۆی هەڵیبژێرێ و سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بكات، كە گواستنەوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان راستەخۆ بێت بۆ ئەوەی شایستەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بدات". هەروەها حكومەتی هەرێم دەشڵێن كە" ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە وەك بەشێك لەپشكی بودجەی فیدراڵی، تا ئەوكاتەی كە بەشەكانی تری لەپشكی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەدەست دەگات".
ئیمان زەندی بەپێی ئامارێكی نافەرمی، ساڵانە 250 وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بەهاكەی دەگاتە 550 ملیۆن دینارو بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان گۆشتی وشتر بۆ خواردن بەكاردەهێنن و هەندێكی دیكەیان بۆ جوانی رایدەگرن. لە پارێزگاكانی عێراق و سوریا و سعودیە وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەم لەمساڵدا بەهۆی گرانی ئالیكی ئاژەڵ ژمارەیەك لە بازرگانانی هاوردەی وشتر كارەكانیان راگرتووە. وشتر دوو جۆری هەیە، یەك پشتی لەگەڵ دوو پشتی، دوو پشتیەكان پێیان دەوترێت (دوو ملی) لەعێراقدا رێژەیان كەمە، هەروەها وشتر سێ رەنگی هەیە سپی و زەرد لەگەڵ سور، وشترە عەرەبیەكان لەكوردستان زیاتر بازرگانی پێوە دەكرێت. تەحسین مەولود بەخێوكەری وشترەو مەیدانی وشتری هەیە لە هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی سێ ساڵ ئەو كارەم كرد، بەڵام لەبەر كەمی ئالیك و ساغنەبوونەوەی ناچار بووم بوەستم، چونكە بازرگانیەكی قورسە». ناوبراو باسی لەوەشكرد نزیكەی سێ بۆ چوار كەس لەكوردستان وشتر بەخێو دەكەن و خاوەن چێشتخانەكانیش راستەوخۆ لەخوارووی عێراق دەیهێنن. وشتر نرخیان لەنێوان ملیۆنێك و 500 هەزار دینار تادوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت، ئەوەش بەپێی كێشیان نرخەكەیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت كەكێشیان لەنێوان 400 بۆ 500 كیلۆدایە. ئەو وشترانەی كێشیان 500 كیلۆیە نرخەكەی دەگاتە دوو ملیۆن و 250 هەزار دینار، ئەم جۆرەیان فرۆشی زۆرەترە بەپێی وتەی بازرگانانی وشتر. گرانترین وشتر جۆری «وشتری دوو ملیەكان»ە كە نرخیان دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، كیلۆیەك وشتر بە 14 هەزار دینار لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشرێت بەئێسقانەوە، بەڵام بێ ئێسقان دەگاتە 20 هەزار دینار. بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبازرگانێكی وشترو چێشتخانەكان دەستی كەوتووە، هاوردەكردنی ئاژەڵی وشتر بۆ ساڵی 2020 نزیكەی 250 سەر بووە بە بەهای 562 ملیۆن دینار، بەڵام لەساڵی 2021 رێژەكە زۆر كەم دەكات بۆ سەد سەر وشتر، بە بەهای 225 ملیۆن دینار، لە هەمانكاتدا نرخی ئالیك گران بووەو تۆنێك گەیشتووەتە 800 هەزار دینار كە لەگەنم و جۆ یان گەنمەشامی پێكهاتووە. ئاژەڵی وشتر لەناوچەی پشت موسڵ و پارێزگاكانی عێراقەوە دێت و گومرگیان لەسەر نیە، بەڵام ئەوانەی لە سوریاو سعودییەو قەتەرو دوبەی دێت گومرگیان لەسەرەو بۆ جووتێك وشتر 50 دۆلار وەردەگیرێت. شەش كەرەنتینەی نێودەوڵەتی هەیە لەنێوان پارێزگاكانی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان، لەكوردستانیش 10 شوێنی كەرەنتینە هەیە. میقداد ئیبراهیم لێپرسراوی گشتی ڤێتێرنەری و كەرەنتینەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی مۆڵەتی بازرگانی و قاچاخی بەهاوڵاتی وت:» كەس سەردانی نەكردووین بۆ مۆڵەتی وشتر هێنان، ئەوەیشی هەیە بێ مۆڵەت هاوردە كراوە». ناوبراو وتیشی:» ژمارەی وشتر هێنان زۆر كەمە، چونكە گۆشتەكەی باو نیە لەكوردستان، هەر سەر ئاژەڵێك بێت بەخاڵی كەرەنتینەدا دەڕوات، تائێستا هیچ ڕاپۆرتێكمان بۆ نەهاتووە وشتر بە قاچاخ بێتە هەرێمی كوردستان.» هاوكات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە لە خاڵە گومرگیەكان هیچ وشترێك هاوردە نەكراوە، ئەوەی دێت لەباشورەوە دێت، وتیشی:» پارێزگاكانی عێراق خاڵی گومرگی لەسەرە نازانین بۆیان گومرگ دەكرێت یاخود نا، ئەگەر لە سعودیەوە بێت گومرگیان لەسەر هەرێمی كوردستان نیە، چونكە لەنێوان ناوەند و هەرێم هیچ بازگەیەكی لێنیە و ئازادە، بەڵام گەر بێت و لە سنوری توركیا و ئێران هاوردە بكرێت گومرگ دەكرێت، ناوی هیچ بازرگانێكیش لای ئێمە تۆمار نەكراوە بۆ هاوردەكردنی وشتر». وشتر ئاژەڵێكی نەرم و نیان و هەستیار و عاقڵە، نزیكەی بیست ساڵ دەژی، هەموو ساڵێك بەچكەی دەبێت، بەرزی باڵایان دوو مەتر دەبێت، نێرەكەی 40 بۆ 50 سانتیم بەرزترە لەمێیە، گۆشتەكەی دەوڵەمەندە بە ماددەی كالسیۆم، بۆ هەرسكردن ئاسانە و بەسودە بۆ نەخۆشیەكانی (خوێنبەرەكانی دڵ، ئازاری جومگەكان و ئێسك، بەرزی چەوری خوێن و جگەر)، كۆڵستڕۆڵی كەمە و بۆ ئەوانەی بەرنامەی خواردنی» كیتۆ» ئەنجام دەدەن دەتوانن گۆشتی وشتر بخۆن. وشتر دەبێت بەپێوە سەر ببڕدریت، چونكە ملی درێژە و نابێت ئاژەڵی تر لەبەردەمیدا سەر ببڕدرێت، چونكە بەهۆی هەستیاری فرمێسك دەرێژێت، بۆ سەربڕینەكەشی سەرەتا دەبەسترێتەوە و سنگی هەڵدەدڕێت لە دوو لاوەی ملی شەق دەكرێت و ماوەی 10 خولەك دەخایەنێت. میران سەید جەمال لەگەڵ ناسیح قادری ئامۆزای نزیكەی هەشت ساڵە وشتر دەكەن بەكەباب و قۆزی و خاوەنی گەورەترین چێشتخانەن لەقەزای سەیدسادق، رۆژێكیان ناسیح قادری ئامۆزای بۆ سەفەر ڕوو دەكاتە وڵاتی دوبەی، لەوێ خواردنی وشتری بۆی دێنن و دەبێتە جێی سەرەنجی، ناسیح لە دوای گەڕانەوەی بڕیار دەدات لەگەڵ میرانی ئامۆزای وشتر بهێنین و ئامادەی بكەن، میران بەهاوڵاتی وت:»گۆشتی وشترمان بەكیلۆ نەكڕیووە، بەڵكو ڕاستەوخۆ وشترمان لەدیالەوە ھێناوە». هەروەها هێمای بۆ ئەوەشكرد كە دوكانێكی بچوكیان ھەبووە، وردە وردە داواكاری لەسەر زۆربووەو چێشخانەكەیان گەورە كردووەو لە دەرەورەی قەزاكە وەكو شوێنێكی گەشتیارییان لێكردوە، وتیشی:» دوو لقمان ھەیە لەناو سەیدسادق بەنیازین لقی دیكەش لەهەولێر بكەینەوە». «لە سەیدسادق شوێنی تایبەتیمان هەیە بۆ بەخێوكردنی وشتر، دواتر دەینێرین بۆ قەسابخانە لە قەسابخانە پزیشك پشكنینی بۆ دەكات، زۆرجار وشتر هەبووە سێ ملیۆن دینارمان پێداوە پزیشك لەبەر نەخۆشی سوتاندویەتی، گۆشتی وشتر بۆ شاری سلێمانی و هەولێرو كۆیە لەگەڵ كەلار دەنێرین، ساڵانی ڕابردوو لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژ وشترمان ئامادە دەكرد بۆ یەك ڕۆژی وشترێك تەواو دەبوو، بەڵام ئێستا جوڵەی كردووە بەرەو كەمی هەموو ڕۆژێك 10 بۆ 15 كیلۆ تەواو دەبێت».، خاوەنی چێشتخانەكەی سەید سادق وای وت
هاوڵاتی بەهای تمەن لەدوو رۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی نیو سەدەی رابردوو لەمێژووی دراو لەئێران دابەزیی و بەهای هەر دۆلارێك لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار تمەن و بەرپرسانی وڵاتەكەش رایانگەیاند:» داهات 50% زیادی كردووەو لەسێ مانگیشدا زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە». دابەزینی بەهای تمەن لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 12ی حوزەیرانی 2022 بەگەورەترین و مێژوویترین هاڕەی تمەن لەمێژووی ئەو دراوەدا لەقەڵەمدەدرێت كەهاوشێوەی بۆمبێكی ئابوریی بووەو بووە هۆی هەژاندنی بازاڕەكانی دراو لەئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی جیهانیش. پۆلیسی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕی دراوی وڵاتەكە ژمارەیەك دەلڵاڵ و بازرگانی زێڕو دراوی وڵاتەكەی دەستگیر كردو رایگەیاند:» ئەو كەسانە یارییان بە بەهای دراو و زێڕەوە كردووەو هەر ئەوانیش هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بوون». ئەوەی روونە لە ماوەی رابردوداو لە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارێكی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەركردو هەر ئەو كات پێشبینیی كرا بەهای تمەن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئابوریی وڵاتەكەش رووبەڕووی كێشە ببێتەوە بەتایبەت كە بەرپرسانی تاران كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەكە پیشانداو ژمارەیەك كامێرای چاودێریی نێودەوڵەتیی وێستگە ئەتۆمییەكانیان كوژاندەوەو هاوكات ژمارەیەك كورەی ئەتۆمیی دیكەیان پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خستەوە گەڕ. بەرپرسانی تاران بەو هەنگاوانەش نەوەستانەوە هەڕەشەی كاردانەوە دژی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەیان كرد كەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بڕیاریان داوە كە هەموو ئەمانە بووە هۆی شۆڕبونەوەی بەهای ئەو تمەنەی كە پێشتر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی دەنا. ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕی ناو ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایانگەیاند ئەوەی حكومەت بە نای نەشتەرگەریی ئابوریی دەیكات چارەسەری دۆخی وڵاتەكە ناكات و تەنها ئاساییكردنەوە پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت لەبواری ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا پردی پەڕینەوەیە بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان. هاڕەی مێژویی تمەن نرخی هەر دۆلارێك رۆژی یەكشەممە (12/6/2022) بە كردنەوە بازاڕەكانی دراو لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار و 250 تمەن لە كاتێكدا حكومەت نرخی هەر دۆلارێكی لە شوێنە فەرمییەكانی ئاڵوگۆری دراو بە 27 هەزارتمەن بۆ 27 هەزار و 34 تمەن دەستنیشان كردبو واتە جیاوازیی نرخی دەستنشانكراوی فەرمی لەگەڵ بازاڕەكاندا بۆ هەر دۆلارێك زیاتر لە شەش هەزار تمەن بوو. بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و هاڕەی تمەن بە بومەلەرزەیەكی گەورەی ئابوریی لە مێژوی ئێران ئەژمار دەكرێت، چونكە تمەن زۆرترین بەهای مێژوویی خۆی لەدەستداو لەماوەی 43 ساڵیشدا ئەو دراوە زیاتر لەسێ هەزار و 200 هێندە بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە. بەو پێیە تمەن لەساڵی نوێداو لەماوەی شەش مانگدا لەئێران نزیكەی 30٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە ساڵی 1979 تا 2022 واتە لە 43 ساڵدا بەهای دۆلار، سێ هەزار و 200 هێندە جار لە بەرامبەر دراوی تمەندا بەرز بووەتەوە. بەهای هەر دۆلارێك لەسەرەتای مانگی پێنج و لەگەڵ ئاماژەكانی پێداگریی تاران و ئەمریكا بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی ڤیەننا لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك لە (7/5/2022) بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە ئێران لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار و 651 تمەن دابەزی. داوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا 14٪ی بەهاكەی لەدەست دا، تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 26 هەزار تمەن لە بازاڕەكانی ئێران دابەزی. بەرزبونەوەی بەهای تمەن لەلەرامبەر دۆلار لەو كاتەدا بەهۆی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەدوو هەفتەدا 14٪ی بەهاكەی لەدەستدا، بەڵام قەتەر لەگەڵ راگەیاندنی هەوڵی نێوەندگیریی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بوە هۆی بەرزبونەوەی بەهای تمەن ئەو هەنگاوی قەتەر وای كرد دەستپیكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا رابگەیەنرێت كە64 رۆژ بو راگیرابو بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەتوانێت تمەن و تاران رزگار بكات. پۆلیسی ئابوریی ئێران هەوڵی رزگاركردنی تمەن و دەستگیردنی فرۆشیارانی دۆلار دەدات پۆلیسی ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردو و لەكاتی بەرزبونەوەی دۆلار ئاشكرای كرد ژمارەیەك دەڵال و بازرگانی بەتۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستگیركردوە. بە وتەی سۆهراب بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابوریی ئێران 31 كەس بەهاوكاریی بانكی ناوەندیی بە تۆمەتی تێكدانی بازاڕەكانی دراو لە ئێران دەستگیركراون و ئە كەسانە یارییان بە نرخی دۆلار كردوە و بە مامەڵەی هەوایی زێر و ئاڵتون و دۆلار هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی نرخەكان بون. حكومەت لە رۆژی بەرزبونەوە مێژوییەكەی بەهای دۆلار لە ئێران رایگەیاند؛ هەر جۆر مامەڵە و كڕین و فرۆشتنێكی هەوایی دۆلار و زێر و ئاڵتون یاسایی رێگەپێدراو نییە و هەركەسێك پێچەوانەی یاسا مامەڵە بە زێڕو دراو بكات دەستگیر دەكرێت. ئەگەرچی دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەنگاوێكی گرنك لە لایەن پۆلیسی ئابوریی ئێران وەسف كرا بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەدا و لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا دۆلار بەردەوامبو لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لە وڵاتەكە و پۆلیس سەركەوتو نەبو لە راگرتنی. ئێران دۆلاری زیاد دەكات و چاپكردنی تمەن كەم حكومەتی ئێران رایگەیاندوە بانكی ناوەندی لە دوو مانگ و 20 رۆژدا زیاتر لە هەشت ملیار و 100 ملیۆن دراوی دۆلاری خستوەتە بازاڕەكانەوە لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لەو ماوە دیاریكراوەی ساڵی رابردودا چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوە بەواتایەكی دیكە بەراوردی ژمارەكە دەریدەخات داهاتی حكومەت بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 50% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ رۆژانە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار حەواڵەی فەرمی و ئاڵوگۆری یاسایی دۆلار لەناوخۆی ئێران بۆ وڵانی دیكە روو دەدات بۆیە لە ئێران كێشەیەك بە ناوی كەمیی دراوی دۆلار بوونی نییە. ساڵح ئابادی جەختی كردوەتەوە خستنە بازاڕی دۆلار لە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی داواكاریی و خواست بۆ كڕینی بۆیە گومان هەیە لە یاریكردن بە بەهای ئەو دراوەوە و هاوكات بەهۆی ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە زیاتر لە 50 ساڵە روبەڕوی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوەتەوە توانای كڕینی دراوی دۆلار لەناوخۆدا زۆر كەمە. هەروەها بانكی ناوەندی ئاشكرای كردوە قەبارەی پارەی چاپكراوی لە ئەمساڵدا چوار ترلیۆن و 828 هەزار ملیار تمەن بووە كە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 10هەزار كەمی كردوە ئەوەش وای كردووە چاپكردنی پارە بۆ 4% لەئێران كەم بكات بەوتەی بەڕێوبەری بانكی ناوەندی كەمكردنەوەی چاپكردنی دراوی تمەن ئاماژەی باشە بۆ چارەسەریی و رێگریی لە هەڵاوسان. تەقینەوەی ئابوریی ئێران 61 شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بەنامەیەك هۆشدارییان داوەتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ قۆناغی سێ ژمارەیی، واتە 100% تێدەپەڕێنێت. ئەو پسپۆرە ئابورییانە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە پشتبەستنی 90%ی وڵاتەكە بەفڕۆشتنی نەوت و بەدەستهێنانی دۆلار لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت و ئەوەی حكومەت ناوی ناوە نەشتەرگەریی ئابوریی كە بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی لێكەوتووەتەوە، كۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو تەقینەوەی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی بردووە لە كاتێكدا دەتوانرێت بەپلانی گونجاو داهاتی نانەوتیی ئێران كە لەساڵێكدا 35 ملیار دۆلار بگاتە سالڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار. پسپۆرەكان ئاماژەیان بەوەكردووە لەئێستادا چارەنووسی هەموو خەڵكی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمیی و فرۆشتنی نەوت و پەیوەندیی ئابوریی تاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە كە ناكرێت بە بێگوێدان بەوانە خەڵكی وڵاتەكە لەنوقمبون لەقەیرانە ئابورییەكان رزگا بكرێن لە هەمانكاتیشدا نابێت نەوت و داهاتەكەی هەموو ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە یەكلایی بكاتەوە. بەوتەی شارەزایانی ئابوریی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئێستای ئێران سنوری 50%ی تێپەڕاندوە. لەنوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتییدا كە ئەمساڵ بڵاو كراوەتەوە پێگەی ئێران لە رووی شەفافبوونی ئابورییەكەی لەنێوان 180 وڵاتدا بووەتە 150 كە بە زمانێكی دیكە، ئەو وڵاتە یەكێك بووە لە 30 وڵاتە هەرە ناشەفافەكانی جیهان لە رووی ئابورییەوە. هاوكات هەر بەپێی راپۆرتێكی دیكە پلەی ئێران لە رووی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە لە نێوان 200 وڵاتە 127ەمین وڵات بووە كە لەوەشدا دەردەكەوێت یەكێكە لە وڵاتە خراپەكانی جیهان لە رووی حوكمڕانییەوە. لەنوێترین راپرسیی ناوخۆی ئێراندا دەركەوتووە ساڵی 1980 متمانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەكۆماری ئیسلامی و حوكمڕانییەكەی 70% بووە بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ ئەو متمانەیە بۆ كەمتر لە 20% دابەزیووە و ئەوەش زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك كە متمانەی خەڵكەكە بە رێژەی 50% لەدەست بدات. گرانبوونی خۆراك و نان حكومەتی ئێران لەسەرەتای مانگی پێنج بەفەرمی نرخی مریشك و هێڵكە و رۆن و شیرەمەنییەكانی لە وڵاتەكەی بەرز كردوەو رایگەیاند ئەو بەرزكردنەوەیە دوای چاكسازیی لەبودجەی وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بە نەهێشتنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنیی كە پێشتر رادەستی بازرگانەكان دەكرا بۆ هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان. ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە لەماوەی یەك ساڵدا زۆربەی پێدوایستییە خۆراكییەكان 25 بۆ 60٪ بەرزبووەوە و لەهەندێك حاڵەتیشدا نرخی ئارد لە نانەواخانەكان زیاتر لە 12 هێندە بەرز بووەوە. حكومەت، هاوكات لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان رایگەیاندووە 46 هەزار ملیار تمەنی وەك هاوكاریی ماددیی خستوەتەسەر ئەژماری 47 ملیۆن و 360 هەزار كەس لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە لە 84 ملیۆن كەس زیاترە. هاوكارییەكەی حكومەت لەئێران كە بە یارانە ناودەبرێت دەكاتە یەك ملیار و 700 هەزار دۆلار كە دەبێت بەسەر زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە دابەش بكرێت، بۆیە هەر كەسێك لەئێران تەنها 13 دۆلاری بەردەكەوێت. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوانی ئێران بەهەژار ئەژمار دەكرێن و لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و برسیەتی هەڕەشە لەژیانیان دەكات. ئێران بەچوارەم وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز ئەژمار دەكرێت بەڵام سزاكانی 40 ساڵی رابردوی ئەمریكا و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەكە وای كردووە خەڵكەكەی خێر لەو سەرچاوانە نەبینن و بەبەردەوامی چاوەڕوانی رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بن بۆ دەركەوتنی ئاسۆیەك بۆ باشبوونی ژیانیان. ئەتۆم سەری تمەن دەخوات بەرپرسانی حكومەت و میدیاكانی ئێران لە رۆژانی رابردوو هۆشدارییان دابوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان و دراوی تمەن لە وڵاتەكە دەبێت. ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەكۆی 35 ئەندام بە 30 دەنگ بڕیارێكیان لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەركردو لەبەرامبەردا ئێران كامێراكانی چاودێریی ئەو ئاژانسەی لەوێستگە ئەتۆمییەكانی لەكارخست و نەوەی نوێی كوڕەی ئەتۆمیی لەژمارەیەك ویستگە خستەكار. ئەو هەنگاوەی ئێران، بەسەركێشیی لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەسف كرا بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5٪ زیاتر بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتە زیاتر لە 60٪ و جەختی لەوە كردەوە لەبەرامبەر هەر هەنگاوو سزایەكی دیكەدا كاردانەوەی دیكەی دەبێت. ئێران كە لەبەرامبەر هەر سزایەكی ئەمریكا و بڕیارێكی نێودەوڵەتیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە و ئەوەش وادەكات بەهای دراوی وڵاتەكەی دابەزێت و دۆلاریش بەرز ببێتەوە بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی چارەنووسی دراوی تمەن و پێگەی نێودەوڵەتی تاران دیاری دەكات.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات بەنزینی 690 دیناری بۆ سلێمانی نەماو پاڵاوگەی كەڵەك رێككەوتنی لەگەڵ عێراق هەیەو ئامادەنین بۆ سلێمانی بنێرن. بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم و عێراق رێكبكەون بۆ هێنانی بەنزین، یان حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان تا سوتەمەنی(بەنزین) بدرێتە بەنزینخانەكان بەنرخێكی گونجاو». هاوڵاتی: بەنزینی 690ی كەی دەگات؟ بڕەكەی چەندە؟ بەهمەن قادر: بەنزینی 690 دیناری هەشت و نۆی ئەم مانگە لەڕێگەی 29 تانكەرەوە گەیشتە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین، بڕەكەی ملیۆنێك لیتر بوو، لە دوو رۆژدا دابەش كراوە، بەڵام بەداخەوە لە 10 ئەم مانگەوە بەنزینەكە نەهاتووە. هاوڵاتی: بۆچی راگیراوەو بەتەواوی چی دیكە نایەت یان هۆكارەكەی چییە؟ بەهمەن قادر: ئەوەی كە هەیە حكومەتی عێراق خۆی پێویستی بە سوتەمەنییە و بەشی موسڵا و دەوروبەری سوتەمەنی كەمەو فشار لەسەر پاڵاوگەی كەڵەك هەبووە، هەتا ئەوەی خۆیان وەستابێـت عێراق ئامادە نییە بۆ سلێمانی رەوانە بكات. هاوڵاتی: چارەسەر چییە كاك بەهمەن، دواجار خەڵك زەرەرمەندی یەكەمە؟ بەهمەن قادر: ئەو رێككەوتنەی كراوە رێككەوتنێكی نابەرامبەر و شەفەییە و رێكەوتنێكە بەدڵی ئێمە نییە، رێككەوتن كە كرا هەقە بەشێوازێكی باشتر بكرێت و پێویستە لەهەردوو لادا سیستەمێك هەبێت بۆ ئەوەی بەنزینی 690 دیناری بەردەوام بێت. هاوڵاتی: گرێبەستەكە چۆن بووە وا كێشەی تیابووە؟ بەهمەن قادر: گرێبەستەكە گرێبەستێكی تەواو نەبووە و هەر بەزارەكی بووە و ئەگەر بە زارەكی نەبووبێت چۆن گرێبەست ئاوایە ئەوان بە تاقەتی خۆیان ئیلتیزامات دەكەن هەر كات بیانەوێت رایدەگرن هاوڵاتی: واتە ئێوە لە پاڵاوگەی كەڵەكەوە بۆتان دێـت؟ بەهمەن قادر: بەڵێ لە كەڵەكەوە بۆمان دێـت. هاوڵاتی: هەوڵی ئێوە وەك بەنزینخانەكانی سلێمانی چییە؟ بەهمەن قادر: ئێمە لە نزیكەی 90 بەنزینخانە هەشت بەنزینخانە لەسنوری پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە دابەشدەكەین و ئەوەی كە قسەبێت كردومانە و داوادەكەین كە ئەو پڕۆسەیە گەورەبكرێت و ئەگەر بۆیان ئەكرێـت حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێكبكەون ئێمە هەر ئەوەندەمان دەسەڵات هەیە كە داوابكەین بەردەوام بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرتووە. هاوڵاتی: پاڵاوگەی كەڵەك و حكومەتی عێراق وەڵامیان چی بووە؟ بەهمەن قادر: تا ئێستا هیچ شتێك نەبووە و وەكو قسەیەك هاتووە نەك وەكو رەسمی دەڵێن كە خۆمان پێویستمان بووە، ئێ كە خۆیان پێویستیان بێت نایدەن بەئێمە و دەبێت لەخۆیان زیادبێت ئینجا دەیدەن بەئێمە. هاوڵاتی: پێتانوایە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەی بازیان لە سلێمانی و كەڵەك لەهەولێر بۆ ئەوەی بەشێكیش بۆ بەنزینخانەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان تەرخان بكرێت؟ بەهمەن قادر:خۆی لەم كاتەدا چارەسەری خێرا دەبێت كاری بۆ بكرێت، دیارە ئێمە پاڵاوگەی حكومیمان نییە و پاڵاوگەی مەدەنیمان هەیە، پاڵاوگە مەدەنییەكانیش بێگومان ئەبێ چۆن رێككەوتنی لەگەڵدا بكات ئەگەر حكومەتی هەرێم بچێـت نەوتی خاوی هەبێـت و پێیان بدات و لەگەڵیان ئیتیفاق بكات و پێدەچێت ئەمەش قورس بێت، چونكە تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە بۆ ئەو پڕۆسەیە. هاوڵاتی: پێتوانییە چەند رۆژی دیكە ناڕەزایەتی دروست ببێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە تایبەتی كە كاڵاو پێداوستیش لەگەڵی گران بووە؟ بەهمەن قادر: ئێمە داوا دەكەین كە حكومەتی هەرێم لەم كاتەدا بەپەلەو خێرا هەنگاو بنێت بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی بەنزین، هیوادارم پەلەی تێدا بكەن و چارەسەرێك بدۆزنەوەو هەرچی ئاسانكارییە و لەدەستیان دێـت بیكەن. هاوڵاتی: خەڵك شەقام بگرێـت و ئۆتۆمبێل بوەستێـت ئەمە چارەسەرە كە بەشێك لە شۆفێران بۆ هاوڵاتی باسیان كردووە؟ چونكە نرخی بەنزین زۆر گران بووە نزیكبووەتەوە لە دۆلارێك بۆ یەك لیتر؟ بەهمەن قادر: خەڵك و شۆفێران شەقام بگرن بەوە چارەسەر نابێت، چونكە چەندێك تۆ ئەتوانیت لەسەر جادە بوەستیت دە خولەك نیو كاتژمێر ئەی كارەكەت؟ لەمەسەلەی نرخی بەنزیندا، ئێمە وەكو سلێمانی ئێستاش لەگەڵا هەولێر جیاوازیمان زۆرەو چەند ساڵی رابردوو ئێمە بەردەوام حساباتمان و نرخەكەمان كەمتر بووە لەهەولێر و دهۆك و بەفشاری بازرگانان و بەنزینخانەكان بەردەوام ئێمە هاوسەنگیمان راگرتووە. ئێستا لەهەولێر بەنزینی جۆری سۆپەر بە هەزار و 600 دینارەو لەسلێمانی بە هەزار و 400 دینارە، موحەسەن لەهەولێر بە هەزار و 400 دینارە و لەسلێمانی بە هەزار و 325دینارە، بەهەمان شێوە لە جۆری بەنزینی نۆرماڵ، لەهەولێر بە هەزارو 300 دینارەو لە سلێمانی بە هەزارو 200 دینارە، واتا ئێمە لەسلێمانی كارێكمان كردووە كە تا بتوانین و مەجالی تێدا بێت بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتیان زیاد نەكەین. ئێمە ئومێد دەكەین حكومەتی هەرێم هەوڵبدات و مەسەلەی سوتەمەنی چارەسەر بكات لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی راپەرین و گەرمیاندا، چونكە ئەوەش لە قازانجی بەنزینخانەكاندایە كە نرخەكەی هەرزان بكرێت. هاوڵاتی: پێتانوایە چارەسەری كۆنكرێـتی تەنها ئەوەیە كە حكومەت نەوتی خاو بداتە پاڵاوگە مەدەنییەكان بۆ دابین كردنی بەنزین، یان رێگەی دیكە هەیە بۆ چارەسەر؟ بەهمەن قادر: دەتوانن لەگەڵا حكومەتی عێراقیشدا رێككەوتن بكەن و هەر لەو پاڵاوگانەوە خۆیان لەوەدەچێ بتوانن شت بكەن ئەگەر بەگوێیان بكەن، بەڵام چارەسەر ئەوەیە یان ئەو 690 دینارییە زیادبكرێـت یان خۆیان ئەوكارە بكەن، بەڵام ئەوە پێنج رۆژ بەسەر هاتنی بەنزینی 690 دینارییەكە تێپەڕ بووەو تائێستا هیچ دیار نییە، تەنانەت لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی قسەمان كردووەو دەڵێن پاڵاوگەی كەڵەك رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیەو نەوتی خاوی پێدەدات بۆ موسڵ و دەوروبەری، بۆیە گرنگە هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار لەسەر ئەم پرسە بێنە سەر خەت.
هاوڵاتی گرانبوونی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان و راگرتنی بەنزینی 690 دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین خەڵك و شۆفێرانی تورە كردووەو داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن تا ئەوكاتەی حكومەت بە جدی وەڵامدەداتەوە. لەئێستادا بەنزینی 690 دیناری لە پارێزگای هەولێر هەیە، بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەرین راگیراوەو وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی، كە لەم ژمارەیە لەلاپەرە سێ بڵاوكراوەتەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەنزینی 690 دیناری راگیراوە و داوای چارەسەری بەپەلە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. لەئێستادا یەك لیتر بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بە هەزارو 200 دینارو موحەسەن هەزارو 325 دینارو سوپەر هەزارو 400 دینارە لە پارێزگاری سلێمانی و دەوروبەری. بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، شۆفێرانی تاكسی و پاس «توڕەو نیگەرانن» دەكات و داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن. لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن مەریوان قادر، تەمەن 29 ساڵ شۆفێری تاكسیە لە سلێمانی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ بایی 20 هەزار بەنزینم تێكردووە 16 لیتری نەكردووەو دیلكۆكەشی لێی دەدات تەنها 24 هەزار دینارم پێ پەیا كردووە تا شەو، ئەمە كەسابەتە لە رۆژێكدا چوار هەزار دینارم بۆ بمێنێتەوە». ناوبراو باسی لەوەشكرد، دامەزراندن نییەو ئیش نییە،»تەنها با رێگەمان بدەن كەسابەت بكەین، نرخی بەنزین هەرزان بكەن، بەو بەنزینە 690 دینارییەش رازیبووین ئەوەش نەماوە، ناچارین شەقام بگرین و سەیارەكانمان بكوژێنینەوە». ئەو شۆفێری تاكسییە داوای لەسەرجەم شۆفێران كرد لە شەقامەكاندا ئوتومبێل بكوژێننەوە، وتیشی:» لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن». هەروەها حەسەن عەلی، تەمەن61 ساڵ شۆفێری تەكسی لە سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەڵاهی كوڕی خۆم نازانم هانا بۆ كێ ببەین، ئەوە حاڵ نییە ئێمەی تیان، ماڵ و مناڵ بەچی بژێنین، ئەوەی پەیام كردووە دەیدەمەوە بە بەنزین». حەسەن وتیشی:» خەڵك ئەم دۆخەی قبوڵ كردووە، بەنزین لترێكی ببێتە دوو هەزار دیناریش كەس قسە ناكات، خەتای خەڵكە لەمانەی قبوڵ دەكات، حكومەتداری چۆن ئاوا ئەبێت، ژێر حەرزەكە هەمووی نەوت بێت و بەبەرچاومانەوە بێت و بڕوات ئەوەش حاڵی بەنزین بێت، وڵات چۆن ئاوا دەبرێت بەرێوە». شۆفێرێكی دیكەی پاس دەڵێت، سەرەرای ئەوەی نرخی هاتوچۆی ناوشاریان لە 500 دینار بۆ 750 دینار بەرزكردووەتەوە، بەڵام بارگرانی كەوتۆتە سەر خەڵك. هێمن جەمال، تەمەن 27 ساڵ شۆفێری پاس لە سلێمانی لەلێوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەگەر هەفتەیەك یان دوو رۆژ بەڵام هەموو سەیارەیەك نەك تەنها پاس و تەكسی لە شەقامەكان سەیارەكانمان بكوژێنینەوە حكومەت جوابی دەبێ، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا خەڵك هیچ جوڵەیەك نەكات هەروا بەردەوام دەبێ». ئەو شۆفێری پاسە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامادەن شەقامەكان بگرن لەمڕۆوە بەمەرجێك بەشێوەی مەدەنی بێت و خۆپیشاندان بكرێت تا حكومەت جواب نەداتەوە كەس شەقامەكان چۆڵ نەكات. ئاكار یاسین شۆفێرێكی تەكسییە لەسلێمانی، ئەو بەهاوڵاتی وت»ئەگەر رۆژێك بایی 15 هەزار بەنزین تێبكەم و كاری پێبكەم ئەوا 17 هەزار پەیدا ناكەم، واتە هیچ پارەیەكم بۆ نامێنێتەوە و وامان لێهاتووە كارنەكەین و لەماڵەوە بین باشترە». هاووڵاتیانیش نیگەرانن لەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئارام خالید دەڵێت:» ئۆتۆمبێلم پێ نییە، بەڵام ئەگەر بمەوێت بچم بۆ سەر كارەكەم دەبێت دوو هێندەی جاران پارە بدەم بە تەكسی یاخود پاس، چونكە بەرزی نرخی بەنزین كاری كردووەتە سەر هەموو شتێك». هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارێزگاكان لەسەر هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزینیش كۆك نین لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، پەرلەمانتاران وبەرپرسانی حكومەتیش هۆكاری جیاواز باس دەكەن، بەڵام هێشتا بەنزین هەر بەرزە و خەڵك دادوبێدادیەتی لەدەست بەرزی نرخەكەی. شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت». هەروەها وتیشی:»رێگری دەكرێت لەهێنانی بەنزینی هەرزان و قۆرغكاری دەكرێت، كەمینەیەك نرخەكەی قۆرغ كردووە و حكومەتیش رێگرە لەوەی نەوتی خاو بدرێتە پاڵاوگەكان، چونكە حكومەت مانگانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لەبەرزی نرخی بەنزین سودمەندە». ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان پێشیوابوو ئەوەی لەدەسەڵاتی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكانی پەرلەمان بێت كردوویانە بە یاداشت و پرۆژە بۆ ئەوەی نرخەكە داببەزێت. «خەریكی راپۆرتێكین بەڵام جارێ ناتوانین ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكەین» پێشەوا هەورامی، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت:»ئێمە خەریكی راپۆرتێكین لەسەر هۆكاری گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، بەڵام جارێ ناتوانین زانیاری ناو ڕاپۆرتەكە ئاشكرا بكەین». جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەهاوڵاتی وت:»بەنزین بەگشتی لەجیهان گران بووە، حكومەتی عێراقیش ئێستا بەنزین نانێرێت، بڕواش ناكەم بەمزوانە نرخەكە داببەزێت». «بەغدا بەنزین وەكو كارتی فشار دژ بە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی ئەگەر بەنزین لەدەرەوەش بهێنرێت هەر گرانە و چارەسەری دۆخەكە ناكات»، عیماد رەفعەت وا دەڵێت. هاوكات، رزگار سدقی ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەدهۆك هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە نرخی بەنزین هەمان هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی هەیە، پشتیوانی حكومەتی نییە و لەجیهانیش گرانبووە، ئەو بەنزینەی بە 690 دینار دەدرێتە پارێزگاكان كەمە و بەش ناكات». سدقی وتیشی:» پێشتر حكومەت هاوكاری دەكرد بۆیە بەنزین هەرزان بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیران حكومەت پشتیوانی ناكات». سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت حكومەتی هەرێم بەنزین دەداتە عێراق بەڵام نایداتە سلێمانی كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەبەردەوامی ئەوەیە كە هێنانی بەنزین دراوەتە دەست بازرگانەكان و چاودێری ناكرێت، جگە لەوەی بڕێك لەو بەنزینەی دەبێت بدرێتە سلێمانی بە 690 دینار حكومەتی هەرێم دەیداتە هەولێر و دهۆك». «تەنها چارەسەر ئەوەیە نەوتی خاو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بدرێتە پاڵاوگەكان و ئەوان بەنزین بۆ بەنزینخانەكان دابین بكەن، وەك چۆن ئێستا حكومەتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای كار و قەیوان نەوت بۆ عێراق دەپاڵێوێت و بەنزینیان بۆ دەنێرێت».، كەریم عەلی وای وت. بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی ئەوە دەخاتەروو بەنزین ڕەوانەی موسڵ دەكرێت ئەویش یەكێكە لەهۆكارەكان محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە» ئەو بەنزینەی دەبێت بۆ سلێمانی بنێردرێت دەنێردرێت بۆ موسڵ و دەفرۆشرێت، بۆیە بەردەوام نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، دیاریش نییە كەی بەنزینی 690 دیناری عێراقی دەست بەدابەشكردنی دەكرێتەوە»
شەنای فاتیح ماوەی چەند رۆژێكە نرخی مریشك لەبازاڕەكاندا بەرزبووەتەوەو كیلۆیەك گەیشتووەتە چوار هەزار دینارو زیاتر، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەریەكان دەڵێت:» بەهۆی گرانی مەوادەوە كیلۆیەك مریشك بە (10) هەزار دیناریش بفرۆشین هێشتا دەبێتە زەرەر». سەرەڕای گرانی نرخەكەی لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەی كێڵگە پەلەوەریەكان لەزیادبووندایەو لەساڵی 2019وە تائێستا 237 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری كراونەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا: ئەو پڕۆژانەی لەكوردستاندا هەیەو مۆڵەتیان هەیە 25%ی ئەو ژمارەیەش هەن و مۆڵەتیان وەرنەگرتووە». حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەمانگی تەمموزی 2019وە تا كانوونی یەكەمی 2021 هەزار و 535 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری گۆشت و 11 پڕۆژەی مریشكی هێلكەی خواردن و 46 پڕۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەرو هەشت پڕۆژەی سەربڕینخانەی پەلەوەرو 35 پڕۆژەی كارگەی ئالیك لەهەرێمی كوردستاندا كراونەتەوە. هەروەها باسی لەوەشكرد كە لەهەرێمی كوردستاندا هەزارو 722 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری گۆشت هەیە كە 550 پڕۆژەیان لەپارێزگای هەولێرو 703 یان لەپارێزگای سلێمانی و 333 پڕۆژە لەپارێزگای دهۆك و 34 پڕۆژەیان لەپارێزگای هەڵەبجەو 152 پڕۆژەش لەئیدارەی گەرمیان بوونیان هەیە. هاوكات، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیەو مۆڵەتیان هەیە 25%ی ئەو ژمارەیەش هەیە مۆڵەتیان نییەو كاردەكەن. لەهەرێمی كوردستاندا 24 پڕۆژەی مریشكی هێلكەی خواردن هەیە كە 12یان لەپارێزگای هەولێرو پێنج پڕۆژەیان لەسلێمانی و پێنج پڕۆژە لەدهۆك و دوو پڕۆژەیان لەئیدارەی گەرمیاندایە. هەروەها 52 پڕۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەر لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، 30 پڕۆژە لەپارێزگای هەولێر و 12 پڕۆژە لەسلێمانی و هەشت پڕۆژە لەدهۆك و دوو پڕۆژەش لەئیدارەی گەرمیان. هاوكات، (10) پڕۆژەی سەربڕینخانەی پەلەوەر لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، چوار پڕۆژە لەهەولێر و دوو پڕۆژە لەسلێمانی و سێ پڕۆژە لەدهۆك و پڕۆژەیەكیش لەگەرمیان. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا: لە 2019وە هیچ مۆڵەت پێدانێكمان نەداوە بەهاوردەكردنی مریشك لەدەرەوەی وڵاتەوە. فیراز سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرزبوونەوەی نرخی مریشك بەهۆی گرانی ئالیكەوەیە، چونكە 70%ی تێچووی بەرهەمهێنان لەپڕۆژەكاندا ئالیكە، واتا ئەو مریشكەی یان ئەو بەرهەمە پەلەوەریەی كەهێلكەیە 70%ی تێچووەكەی ئالیكە». « ئێستا نرخی مریشك دوو هەزارو 800 دیناری تێچووە و بەسێ هەزار دەفرۆشرێت و ئەوەی ئێمە وەك وەزارەتی كشتوكاڵا لێی بەرپرسین نرخە لەناو كێڵگە پەلەوەرییەكان، واتە خاوەن پڕۆژە بەچەندی دەفرۆشێت و نرخەكانی دیكە وەكیلە دەیكڕێت و دەیداتە دوكاندارەكان و ئەوانیش هەزار دیناری دەخەنە سەر»، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو وادەڵێت. فیراز سدیق باسی لەوەشكرد لەساڵی 2019وە هیچ مۆڵەت پێدانێكیان نەداوە بەهاوردەكردنی مریشك لەدەرەوەی وڵاتەوەو نزیكەی پێنج مانگیشە گومرگیان لەسەر «سۆیاو زەیتی ئالیك» هەڵگرتووە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو خاوەن پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری كیلۆیەك مریشك بە (10) هەزار دیناریش بفرۆشێت مایەكەی خۆی بۆ ناكاتەوە. نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەریەكانی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد لەسەرانسەری عێراقدا نەخۆشی لەناو پەلەوەراندا بڵاوبووەتەوەو زیانێكی زۆری بەپەلەوەرانی عێراق گەیاندووەو دوو ساڵە داوایان لەحكومەتی هەرێم كردووە بۆ دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵا بۆ ئەوەی ڤاكسین لەوڵاتێكی متمانەپێكراوەوە بۆ خاوەن پەلەوەرەكان دابین بكەن و لەڕێگەی ڤێتەرنەرییەكانەوە دابەشی بكەن بەسەر خاوەن پڕۆژەكاندا، بەڵام تائێستا حكومەت هیچ وەڵامێكی نەبووە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە هەشت مانگ لەمەوبەر تۆنێك عەلەف بە 410 دۆلار بووەو ئێستا بە 700 دۆلارەو فەردەیەك تەڵاشی راخەری ناو دەواجن 70 كیلۆیی پارساڵا بەدوو هەزار بووەو ئێستا شەش هەزار دینارە. نازم عەبدوڵا، هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لیترێك گاز حەوت مانگ لەمەوبەر بە 400 دینار بووەو ئێستا بە 900 دینارە، وتیشی:» سەرەڕای دەرمان و ڤیتامین كە رۆژبەڕۆژ گران دەبێت و كوالێتیشیان باش نییەو بەهۆی گرانی مەوادەوە خاوەن پڕۆژە كیلۆیەك مریشك بە (10)هەزار دیناریش بفرۆشێت هێشتا دەبێتە زەرەر بۆی». خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەری: پێشتریش كە نرخی مریشك هەزار و 500 دینار بووە قازانجێكی ئەوتۆمان نەكردووە. خاوەن پڕۆژەیەكی كێڵگەی پەلەوەری مریشك كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی مریشك هەرزانیش بووە قازانجەكەمان زۆر نەبووە، ئەم وەجبەیەشم بەسێ هەزارو 500 دینار فرۆشتووەو نزیكەی دوو دەفتەرم زەرەر كردووە، چونكە ڤایرۆس و ئەنفلەوەنزایەكی زۆر لەئارادایە و چاودێریش لەسەر دەرمانەكان نییە». ئەو خاوەن كێڵگە پەلەوەرییە ئەوەشی روونكردەوە كە 39هەزار و 500 جوجكەی داخڵا كردووەو 23 هەزاریانی فڕێداوە بەهۆی نەخۆشییەوەو ئەوەشی ماوەتەوە بەهەرچەندێكی بدات قازانج ناكات، وتیشی:» بەڵام ئەگەر لانی كەم چوار بۆ پێنج هەزار فڕێ بدەم بەهۆی نەخۆشییەوە، شتێكی وا زەرەر ناكەم»
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكات تێكڕای داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان تا مانگی نیسان گەیشتۆتە 48 ترلیۆن دینار،جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندییش ڕایگەیاند:"كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار". ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، وەزارەتی دارایی عێراقدا لە راپۆرتێكدا داهاتی چوار مانگی ئەمساڵی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:" كۆی گشتیی خەرجییەكانی حكومەتی عێراق تا مانگی نیسان 34 تریلۆن و 500 ملیار دینار بووە لە كۆی 48 تریلۆن داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو زیادەیەی بەدەستهاتووە 13 تریلۆن و 500 ملیار دیناربووە". وەزارەتەكە پێشبینیشیكردووە، كۆی گشتی داهاتەكان تا كۆتایی ساڵ بگاتە 142 ترلیۆن دینار، هاوكات كۆی گشتیی خەرجییو پێشینەكانیش بگاتە نزیكەی 100 ترلیۆن دیناری عێراقی، بەوجۆرە عێراق تا كۆتایی ساڵ 40 ترلیۆن دیناری عێراقی زیادەی داهاتی دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە داهاتی مانگی ئایاری هەناردەو فرۆشی نەوت گەیشتە 11 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، ئەوەش پێشبینییە داراییەكانی بۆ داهاتی عێراق تێپەراند كە لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا عێراق لە ماوەی مانگێكدا ئەو بڕە داهاتەی لە فرۆشی نەوتی خاو دەست نەكەوتووە. عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند:" بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر یەدەگی دراوی بیانی وڵات كە ئێستا بڕەكەی زیاتر لە70 ملیار دۆلارە". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار. نرخی نەوتی خاو لەجیهاندا لەمانگی حوزەیراندا بەراورد بە مانگی ئایار بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیووەو بۆ هەر بەرمیلێك 5 تا 8 دۆلار نرخەكەی زیادی كردووە.
هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، مانگانە یەك تریلۆن و 210 ملیار دینار داهاتی هەیە ئەوەش دوای دەركردنى خەرجی لەسەدا 58% داهاتی نەوتی خاو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان. عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەفتەیەك لەمەوبەر پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی و كاروباری ئابوری هەرێم نزیكەی یە كتریلۆن و 512 ملیار دینار بووەو حكومەت دەبوو پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك مووچە دابەش بكات نەك لەماوەی نزیكەی مانگێكدا مووچە بدات. عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت:" بۆ هەر مانگێك، بەبێ 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، هەرێمی كوردستان نزیكەی تریلۆنێك و 210 ملیار دیناری مانگانەی لەبەردەستدایە، كە 880 ملیار دیناری داهاتی نەوت و 150 ملیار گومرگ و 50 ملیار دیناریشی لە باج و یەك ملیار لە رسومات و 31 ملیار دینار لە هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە خەرجی بۆ هەرمانگێك بە نزیكەیی یەك تریلۆن و 50 ملیار دینارە، كە 902 ملیار دینار بۆ مووچەو مینحەكان و نزیكەی 100 تا 150 ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان و خزمەتگوزاریی، دەشڵێت:" پڕۆژەش زۆرینەی وەستاوە یان ئەوەی كار دەكات لە زیادەی تێچووی خەرجی موچەو خزمەتگوزاریی دەدرێت". هاوكات، سەبارەت بە داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ، عومەر گوڵپی ئاشكرایكردوە كە 331 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی مانگی پێشوو هەیە، چونكە بەهۆی 200 ملیاردینارەكەی بەغداوە داهاتی ناوخۆ بۆ موچەی مانگی نیسان بەكارنەهات. " لە داهاتی نەوتی مانگی پێنج بڕی نزیكەی (850 تا 880) ملیار دینار لەبەردەستە، لە داهاتی ناوخۆی هەمان مانگیش بڕی 331 ملیار دینار لەبەردەستدایە"، عومەر گوڵپی وا دەڵێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لەئێستادا نزیكەی یەك ترلیۆن و 512 ملیار دینار لەبەردەست وەزارەتی داراییە، بەمجۆرە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە بە هەفتەیەك لە بەردەستەو دەبوو حكومەت پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك دابەشی بكات، نەوەك بەمجۆرەی ئێستا كە مووچەی مانگی پێنج بگەیەنێتە ڕۆژی 26ی مانگی حوزەیرانی 2022 كە دەبوو لەو بەروارە مووچەی مانگی شەش دەست پێبكات.
هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لەقوڵترین قۆناغی ناكۆكییەكانیاندان كە ئەوەش بەمەترسییەكی گەورەی سەر وزەو ئاسایش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەژمار دەكرێت، بۆیە قەتەر وەك وڵاتێكی دەستكراوە هەوڵی نێوەندگیریی نێوان واشنۆن و تاران دەدات. هەوڵەكانی قەتەر بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازو نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوایین تروسكایی تاران بۆ دەربازبون لەقەیرانە كەڵەكەبووەكانی لەقەڵەم دەدرێت، چونكە قەتەر بەكۆتا چانسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی وەسف دەكرێت كە كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەچوار ساڵی رابردوودا نوقمی قەیران كردووە. قەتەر لەمێژووی خۆیدا سەلماندویەتی تەنها وڵاتێكی عەرەبییە كە تێڕوانینی بۆ تاران سەربەخۆیانەیەو سەرەڕای بەهێزكردنی پێگەی خۆی، هەوڵی دوژمنایەتی و توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەدژی ئێران نەداوەو ئەوەش وایكردووە ئێرانییەكانیش وەك دۆست و برا ناوی قەتەر بهێنن. گەشتی ئەمیری قەتەر بۆ تاران، لەمیدیای جیهاندا بەدوایین هەوڵی ئەمریكاو كۆتا شانسی ئێران لەسەر پرسی رێككەوتنی ئەتۆمیی وەسف كراوە، چونكە ئەو وڵاتە ئامانجی لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزكردنەوەی پێگەی سیاسیی خۆی و بەرهەمهێنانی نەوت و غازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسسستایبەت كە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا نرخی نەوتی لەبازاڕەكاندا زۆر بەرز كردووەتەوە، بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 تەنها هۆكارێكە بۆ گەڕانەوەی یاسایی ئێران بۆ بازاڕەكانی نەوت و غازی جیهان. قەتەر پێشەنگی دیپلۆماسیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئەمیری قەتەر بۆ ئێران بەدوایین چانسی تاران لەپرسی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقەڵەم دەدرێت و شارەزایانی سیاسیی ئێرانیش حاشایان لەوە نەكردووەو پێیان وایە دەستی میری قەتەر پڕە لەپێشنیار بە رەزامەنیی واشنتۆن چونكە جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك دووبارەی كردوەتەوە كە دەوحە هاوپەیمانی ستراتیژیی واشنتۆنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. میدیا و رۆژنامەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە ئامانجی سەرەكیی شێخ تەمیم بن حەمد ئال سانی، میری قەتەر بۆ تاران نێوەندگیریی بۆ گەڕانەوەی ئێرانە لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراوەتەوە ؛ دەوحە داوای لە تاران كردووە بەچەند مەرجێكی ئابوریی و ئاسایشی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا رازی بێت بۆ ئەوەی دەرگای ئابوریی بە رووی وڵاتەكەیدا بكرێتەوە دەربازی ببێت لەو قەیرانە قووڵە ئابورییانەی كە ئێستا لێی رۆچووە. شێخ تەمیم بەڵێنی بەبەرپرسانی ئێران داوە بڕێك لە پارە بلۆك كراوەكانیان بۆ ئازادبكات كە لەبانكە نێودەوڵەتییەكاندان بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بلۆك كراوە، هاوكات قەتەر و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ پێدانی قەرزی درێژخایەنن بە ێران، پڕۆژی ئابوریی لەوڵاتەكە دەكەنەوە. قەتەر 22 ساڵە ئەزموونی لەچارەسەری قەیران و ناكۆكیی سیاسیی بەپڕۆژەی ئابوریی هەیە بەتایبەت لە وڵاتانی توركیا، لوبنان و دارفۆر، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتی دەكەنەوە پێویستیان تەنها بەپڕۆژەی ئابوریی بێت بەتایبەت كە لە رووی ئاسایشییەوە لەگەڵ واشنتۆن ناكۆكییان هەیەو سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2019ەوە لەسەر دەستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا كەوتووەتە لیستی تیرۆری واشنتۆنەوە. لەلایەكی دیكەوە قەتەر هەوڵدەدات خۆی لەو بەرەیە سعودیەو ئیمارات دووربخاتەوە كە زیادنەكردنی هەناردەی نەوت و غاز بۆ بازاڕەكانی جیهان وەك كارتێكی فشار دژی واشنتۆن بەكاری دەهێنن، بۆیە یەك لەهەوڵە سەرەكییەكانی دەوحە بۆ ئەوەبووە تاران رازی بكات هاوكات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەكان بوار بكاتەوە بۆ زیادكردنی هەناردەی یاسایی نەوت و غاز لەبازاڕەكاندا بەمەبەستی جێگیركردنی نرخی نەوت و رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئەو سووتەمەنییە. ئێران و قەتەرو روسیا پێكەوە خاوەنی 50%ی نەوتی جیهانن و قەتەرو ئێران پێكەوە خاوەنی دووەم گەورەترین كێڵكەی غازیی هاوبەشن. قەتەر؛ دوایین تروسكایی زیندوكردنەوەى رێككەوتنی ئەتۆمیی ئەگەرچی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر لە (12/5/2022) رایگەیاند ئابوریی وڵاتەكەی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە نەبەستووەتەوە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدات وڵاتەكەی لە ژێر باری گرانی فشارە ئابورییەكانی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا رزگار بكات بۆ ئەو مەبەستەس پێشوازیی لەو پێشنیارانە دەكات كەدەوحە وەك دۆستێكی دێرینی تاران خستوویەتیەڕوو. لەلایەكی دیكەوە ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە؛ حكومەتی ئێستا بڕیاری داوە بەكەمتر لەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا ئابورییەكانی لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریكا رازیی نابێت. مەبەستی سەرەكیی گەشتەكەی شێخ تەمیم كۆتایهێنان بووە بە هەڵپەساردنی دانوستانەكانی ڤیەننا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی كە زیاتر لە 64 رۆژ هەڵپەسێردرا. قوڵایی ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان واشنتۆن و تاران، سوپای پاسدارانە، چونكە حكومەتەكەی رەئیسی بە نەشتەرگەریی مەترسیدار لەئابوریی وڵاتەكەی پێدەچێت دەستی لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەمزووانە شۆردبێت بەتایبەت كە ئەو نەشتەرگەرییەی بووەتە هۆی گرانبوونی نان و گەنم و مریشك و رۆن و زۆبەری ماددە خۆراكییەكان و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی رۆژانە لەئێران. نەشتەرگەرییەكەی رەئیسی بەوە دەستیپێكرد كە هاوكارییە مادییەكانی حكومەتی بڕی بۆ كڕین و هاوردەكردنی ماددە خۆراكییەكانی لەدەرەوە، چونكە پێشتر هەر دۆلارێكی وەك هاوكاریی خۆراكی بەچوار هەزار و 200 تمەن تەرخان دەكرد بۆ هاوردەكردنی خۆراك و دەرمان لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك لەئێستادا زیاترە لە 30 هەزار تمەنی ئێرانی، بۆیە زۆربەی خۆراكەكان بەتایبەت ئاردو برنج بەرزبوونەوەی پێنج بۆ 12 هێندەیی بەخۆیەوە بینیوەو هەر ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لەئێران لێكەوتووەتەوە. ئەگەر قەتەر لەچەند رۆژی داهاتودا پەیامی ئەرێنیی لەسەر گەشتەكەی شێخ تەمیم بۆ تاران بڵاو نەكاتەوە ئەوا سەردانەكە بە شین لەسەر تابوتی رێككەوتنی ئەتۆمیی ناودەهێنرێت بەتایبەت كە بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە كردووەتەوە بە كەمتر لەوەی پێشتر داوایان كردووە رازیی نابن بۆ گەڕانەوەی وڵاتەكەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئێران تەنها یەك رێككەوتنی لەگەڵ قەتەر بڵاو كردووەتەوە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردووەتەوە گەشتەكەی شێخ تەمیم بووەتە هۆی واژۆكردنی رێككەوتنێكی ئەدەبی و كەلتوریی نێوان تاران و دەوحە كە 11 خاڵ لەخۆدەگرێت. بەپێی رێككەوتنەكە ئاسانكاریی دەكرێت بۆ وەرگێڕانی بابەت و كتێبە ئەدەبی و زانستییەكانی نێوان ئێران و قەتەرو مافی لەبەرگرتنەوەش بەشێوەی یەكسان بۆ دوو وڵاتەكە پارێزراو دەبێت و هاوكات گەشتە ئەدەبی و زانستییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە ئاسان دەكرێت و پەیوەندییەكانیان لەبواری زانست و كتێب و كەلتوردا زیاتر دەكەن. كۆماری ئیسلامی ئێران 40 ساڵە لەقەتەر رازییە جەلیل رەحیمی جهان ئابادی، ئەندامی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی و پەیوەندییەكانی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: پەیوەندییەكانی تاران و دەوحە دۆستانەو برایانەیە، چونكە ئەو وڵاتە لە 40 ساڵی رابردوودا هەڵوێستی دادپەروەرانەوە بووە بەرامبەر ئێران تەنانەت لەكاتی ناكۆكیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا قەتەر هەڵوێستی لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران دادپەروەرانە بووە. ئەو وتوویەتی:» قەتەر هەوڵدەدات دیدو بۆچوونەكانی ئێران بگەیەنێتە واشنتۆن و بەپێچەوانەشەوە تێڕوانینەكانی ئەمریكا بۆ تاران دەگوازێتەوە ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. بەپێی زانیارییەكانی جهان ئابادی، سەرەڕای رۆڵی نێوەندگیرانەی قەتەر لەنێوان تاران و واشنتۆن هەریەكە لەوڵاتانی عێراق و عوممان و رۆڵیان هەیە لە نێوەندگریی تاران لەگەڵ واشنتۆن و ریاز . ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوە كردوە كە دەبێت ئەوروپاو ئەمریكا دان بەهێز و بوونی سەربازیی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنێن و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدەن كە ئەوكاتە تارانیش هەوڵەكانی بەئامانجی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەگەڕ. وتەكانی جهان ئابادی دوای ئەوە هات كە رەئیسی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر وتی: ئێران دۆستایەتیی خۆی بۆ قەتەر سەلماندووە، لەبەرامبەریشدا شێخ تەمیم وتی: پەیوەندییەكانی نێوان تاران و دەوحە بەسەر دوو سەردەمی پێش رەئیسی و دوای رەئیسی دابەش دەبێت. نیو سەدە پەیوەندیی دەوحەو تاران پەیوندییەكانی ئێران و قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1971 واتە ئەو لەڕۆژی راگەیاندنی سەربەخۆیی قەتەر، پەیوەندیی نێوان تاران و دەوحە بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغی جیاوازدا ساردوسڕیی كەوتووەتە نێو ئەو دو وڵاتە بەڵام هیچ كاتێك پەیوەندییەكان گرژییەكی ئەوتۆیان بەخۆیەوە نەبینیوە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە لەچەند قۆناغێكی هەستیاردا هەڵوێستی لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە. قەتەر لەجەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەیان ملیار دۆلاری وەك قەرزو هاوكاریی رادەستی رژێمی بەعس كردووەو دوای ئەوەش لەساڵی 2011 تائێتسا دژی بوونی هێزە چەكدارەكانی ئێران بووە لەسوریاو لەساڵی 2016ەش لەكاتی سووتانی باڵیۆزخانەی سعودیە لەتاران، دەوحە پشتگیریی بۆ ریاز دربڕی و دژی تاران هەڵوێستی وەرگرت. ئێران لەناكۆكییەكانی ساڵی 2017ی نێوان ریازو دەوحە پشتگیریی وڵاتی قەتەری كردو ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ ناردنی خۆراك بۆ قەتەر بەكراوەیی هێشتەوە، ئەوەش وایكرد سەرەڕای هەڵوێستی توندیان لەدژی بوونی ئێران لەسوریا بەڵام پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تاران تووندوتۆڵتر كرد، چونكە ئێران تەنها سنوری دەریایی و ئاسمانیی كراوە بوو كە قەتەرییەكان دەیانتوانی خۆیان لەئابڵوقەی سعودیەو وڵاتانی عەرەبیی هاوپەیمانی رزگار بكەن. نزیكەی 300 هەزار كەس كەهەڵگری رەگەزنامەی ئێرانن لەقەتەر دەژین كە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 1993 نزیكەی 100 هەزار كەس لەو ژمارەیە لەنەتەوەی فارسن. ئەوەیە مایەی سەرنجە پەیوەندیی ئابوریی ئەو دوو وڵاتە زۆر كەم بووە، پێشتر تاساڵی 2017 ئاستی هەناردەی ساڵانەی ماددەی خۆراكیی لەئێرانەوە بۆ قەتەر تەنها 60 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەو بڕە لەئێستا بۆ ساڵانە 250 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە كە ژمارەیەكی بەرچاو نییەو بەرپرسانی ئێرانیش رایانگەیاندووە ئەو ژمارەیە لەئاستی شكۆی پەیوەندییەكانی نێوان دەوحەو تاراندا نییە. ساڵی 2006 تەنها وڵاتێكی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش كە دژی بڕیارنامەی ژمارە (1696)ی وەستایە وڵاتی قەتەر بوو، ئەو ساڵە 14 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەكە جگە لەقەتەر كە ئەویش ئەندامی ئەنجومەنەكە بوو بڕیار درا بەڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزا لەدژی تاران، بۆیە دەكرێت هەر ئەو هەڵوێستەی قەتەر بەس بێت بۆ ئەوەی ئێران متمانەی تەواوەتی بەسەربەخۆبوونی بڕیارەكانی قەتەر بكات. دەوحە لەساڵی 2010 گەورەترین رۆڵی هەبووە لەدانوستانی نێوان بەرپرسانی ئەمریكاو ئێران و ئەوروپا، تەنانەت بەیەكەم نێوەندگیری نێوان تاران و وڵاتانی ئەوروپا لەقەڵەمدرا. قەتەر لەدەیان بڕیاری وڵاتانی هاریكاریی كەنداو لەدژی ئێران بەشداریی نەكردووەو ئەوەش بووەتە كێشەیەكی دیكەی دەوحە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی كەنداودا.
هاوڵاتى پهرلهمانتارێکى دهوڵهتى یاسا رایگهیاندووه که بهغدا بۆ لهمهودوا ئهو 200 ملیار دیناره بۆ ههرێمى کوردستان نانێرێت، بهڵام تا ئێستا بهرپرسانى ههرێم ئهو ههواڵهیان پشت راست نهکردووهتهوه. عالیه نوسهیف، پهرلهمانتارى عێراق له دهوڵهتى یاسا ڕایگهیاند:"له مانگى ئایارهوه بڕیاردراوه به ڕاگرتنى ناردنى 200 ملیار دینارهکه، هۆکارى ئهمهش دهگهڕێتهوه بۆ جێبهجێنهکردنى بڕیارهکهى دادگاى فیدڕاڵى که دهسهڵاتى جێبهجێکارى وهزارهتى دارایى و وهزارهتى نهوت دهخاته ژێر بهرپرسیارێتییهوه”. ههروهها راشیگهیاندووه که “تهنانهت ئهوهى پێشتریش وهک پێشینه نێردراوه بۆ ههرێم سهرپێچى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى و یاساى بودجهى ڕابردوو بووه”. تا ئێستا حکومهتى ههرێمى کوردستان بهفهرمى لهلایهن حکومهتى عێراقهوه ئاگادارنهکراوهتهوه له بڕینى 200 ملیارهکه. بهپێى رێککهوتنێک که لهساڵى رابردوو لهنێوان حکومهتى ههرێم و عێراقدا ئهنجامدراوه مانگانه بڕى 200 ملیار دینار بۆ ههرێم رهوانه دهکرێت ئهوهش دواى بهپێى یاساى بودجهى 2021 که به لێدهرکردنى داهاتى نهوت مانگه ههرێم 200 ملیار دینارى بۆ دهنێردرێت. حکومهتى عێراق له مانگى شهشى 2021دا دهستى کرد به ناردنى 200 ملیار دینارى مانگهو تا ئێستا بهردهوام بووه، بهڵام بۆ ههرمانگێک برێک لهو 200 ملیار دیناره دهدرێتهوه به بانکى تى بى ئاى عێراقى که ههرێم نزیکهى حهوت تریلۆن دینارى ئهو بانکه قهرزار بووه.
هاوڵاتى هەر فەردە ئاردێكی تایبەت بە سەمون لە ئێران نرخەكەی 10 هێندە بەرز بوەتەوە و وەزیری دارایی و ئابوریی وڵاتەكەش دەڵێت هەر تاكێك رۆژانە 250 گرام ئاردی بەردەكەوێت كە دەكاتە تەنها دوو نان. گرانبونی نان و سەمون لە ئێران خۆپیشاندانی دانیشتوانی ژمارەیەك ناوچەی لەو وڵاتەی لێكەوتوەتەوە و كەشی ئەمنی و سەربازیی لە ترسی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی باڵی بەسەر شار و شارۆچكەكانی ئێراندا كێشاوە، چاوەڕوان دەكرێت شۆڕشی نان لەو وڵاتە سەرهەڵ بدات. رەخنەگرانی ناو پەرلەمانی ئێران و دەسەڵاتی وڵاتەكە رایانگەیاندوە؛ حكومەت بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەكەی قەرەبوو بكاتەوە دەستی خستووەتە سفرەی خەڵكەوە و هاوكارییە مادییەكانی بڕیوە بۆ دابینكردنی ئارد بە نرخێكی هەزارن. بەرپرسانی ئێران ئاشكرایان كردووە نرخی هەر فەردەیەك ئاردی حكومی لە وڵاتەكە ناگاتە دوو دۆلار بەڵام لە وڵاتانی دراوسێ نرخی هەمان ئەو فەردە ئاردە دەگاتە زیاتر لە 20 دۆلار و گومان دەكرێت بۆ رێگریی لە بەقاچاخبردنی ئاردی ئێران حكومەت بڕیاری گرانكردنی ئاردی دابێت، چونكە هاوكات بەڵێنی داوە هاوكارییە ماددییەكان كە لە ئێران پێی دەوترێت (یارانە) زیاد بكات. وەزیری كشتوكاڵی ئێران جەنگی ئۆكرانیا و كەمبونەوەی ئارد لە وڵاتانی دراوسێی وڵاتەكە بەهۆكاری بەرزبونەوەی نرخی ئارد ناوبردوە و تاڵیبانیش رایگەیاندوە بۆ دابینكردنی ئارد، ئەفغانستان پێویستی بە ئاردی قاچاخیی ئێران نییە. ژمارەیەك میدیای ئێران بڵاویان كردوەتەوە»حكومەت پلانی هەیە نان بە كارتی ئەژماری بانكی و پێناسی نیشتیمانی دابەش بكات بۆ ئەوەی رێگریی بكات لە فیڕۆدانی نان و بەقاچاخبردنی ئارد». سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان لە وڵاتەكەی رایگەیاندوە؛ دەبێت خەڵك تامی دادپەرویی بچێژن، چونكە بە بڕینی دۆلاری حكومی لە بازرگانەكان ئەو پارەیە بۆ گیرفانی خەڵك دەگەڕێتەوە». بیانوی گرانبونی ئارد و نان لە ئێران زۆربەی بەرپرسانی حكومەت رایانگەیاندوە» تا كۆتایی زستانی ساڵی داهاتوو نرخی نان لە نانەواخانە گشتییەكان زیاد ناكات، بەڵام حكومەت لە بودجەی وڵاتەكەدا دۆلاری چوار هەزار و 200 تمەنیی لابردوە كە پێشتر وەك هاوكاریی ماددیی بە مەبەستی كڕینی ئارد و پێدوایستییە سەرەكییەكان تەرخان دەكرد بەوەش بەشێكی بەرچاو لە كورتهێنانی بودجەكەی قەرەبوو دەكاتەوە، چونكە لە ئێستادا بەهای هەر دۆلارێك لە بازاڕەكانی ئێران دەگاتە نزیكەی 29 هەزار تمەن». جەواد ساداتی نەژاد، وەزیری كشتوكاڵی ئێران رایگەیاندووە»یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ پێویستی بە سێ ملیۆن تۆن ئارد هەیە و هەوڵ دەدات ئاردی ئێران بە قاچاخ بەرێتە وڵاتەكەی و پێدوایستییەكەی بۆ ئارد لە رێگەی ئێرانەوە چارەسەر بكات». ساداتی نەژاد بە بێ ناوهێنانی هیچ وڵاتێك ئاماژەی بەوە كردوە نرخی هەر فەردەیەكی 50 كیلۆیی ئارد لە ئێران بە نرخی حكومیی 38 هەزار تمەن كە دەكاتە نزیكەی یەك دۆلار نیو رادەستی نانەواخانەكان دەكرێت، بەڵام هەر هەمان ئەو فەردە ئاردە لە وڵاتانی دراوسێ 500 هەزار تمەن تا 600 هەزار تمەن كە دەكاتە نزیكەی 20 دۆلار دەفرۆشرێت. لێدوانەكەی وەزیری كشتوكاڵی ئێران بوە مایەی كاردانەوەی تاڵیبان و وەزارەتی كشتوكاڵی ئەفغانستان بە راگەیەنراوێكی فەرمی وەڵامی ئەو بەرپرسەی دایەوە و رایگەیاند:» حاشا لەوە ناكرێت كە ئەفغانستان پێویستی بە سێ ملیۆن تۆن ئاردە بۆ دابینكردنی نان و سەمون لە وڵاتەكەی، بەڵام هەوڵ نەدراوە ئاردی ئێران بە قاچاخ بگاتە ئەفغانستان، چونكە وەڵاتەكە پێویستی بە ئێران نییە كە كەمبونەوەی ئاردەكەی پێ چارەسەر بكات». ئارد و ئاسایشی نیشتیمانیی لە ئێران لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان لە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە چەند شارێكی گرتەوە و پەرلەمانی وڵاتەكەش رۆژی یەكشەممە (7/5/2022) وەزیری دارایی و ئابوریی لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشت كرد و لە دانیشتنێكی تایبەتدا لێپرسینەوە لەو دوو وەزیرە كرا. دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران بە میدیاكانی راگەیاندوە كە دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمان و ئاڕاستەكردنی پرسیار لەو دو وەزیرە كاتی زۆری خایاندوە و پێویستی بە دانیشتنی ئاشكرا هەیە كە راستەوخۆ لە میدیاكانەوە پەخش بكرێت. بە پێی راگەیەنراوی پەرلەمانی ئێران حكومەت لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا رایگەیاندوە؛ ئێران ساڵانە پێویستی بە 12 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها چوار ملیۆن تۆن گەنم و ئارد لە ناوخۆ و دەرەوە كڕدراوە. ئەو دوو وەزیرە بە پەرلەمانیان راگەیاندوە؛ ئەو فەردە ئاردانەی حكومەت بە هاوكاریی ماددیی بە نرخی یەك دۆلاری نیو رادەستی نانەواخانە گشتییەكانی دەكات لە سەر سنورەكانی ئێران هەندێك جار بە 900 هەزار تەمەن كە دەكاتە 39 دۆلار دەفرۆشرێت ئەوەش وای كردوە ئاردی هاوردە كە لەسەر حكومەت زۆر دەكەوێت جارێكی دیكە بە قاچاخ هەناردەی دەرەوەی ئێران بكرێت. پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ هۆشداریی دراوە بە حكومەت كە دەبێت نرخی سەرجەم كاڵا و پێدوایستییە سەرەكی و خۆراكییەكان بگەڕێتەوە بۆ نرخە دیاریكراوەكانی سەرەتای ساڵی 2022 تەنانەت ئەگەر ناچار بێت دۆلاری حكومی بەكار بهێنێتەوە و هاوكات داوا كراوە بە راشكاوی بەرپرسیاری سەرەكیی بەرزكردنەوەی نرخەكان رون بكرێتەوە كە سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیە یان تیمە وەزارییەكەی. عەلی عەلی زادە، ئەندامی دەستەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ دەستبردنی حكومەت بۆ نانی خەڵك یارییە بە ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەكە بۆیە حكومەت پێش لابردنی هاوكارییە مادییەكانی كڕینی نان دەبوایە خەڵكی وڵاتەكەی ئاگادار كردایەوە و لە پەرلەمانیش كۆدەنگیی لەسەر دروست بكرایە. ئێران ساڵانە پێویستی بە هاوردەكردنی هەشت ملیۆن تۆن گەنمە لە ئامارەكانی وەرزی دورینەوەی گەنم لە ساڵی رابردودا دەركەوتوە بەرهەمهێنانی گەنم لە ناوخۆی ئێران زیاتر لە 30% كەمی كردوە و وڵاتەكە پێویستی بە هاوردەكردنی هەشت ملیۆن تۆن گەنم لە درەوە هەبوە چونكە بە پێی خەمڵاندنی پێویستییەكان بۆ ئارد، ئێران لە ساڵێكدا پێویستی بە 13 تۆن گەنم هەیە و لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی 2021 لە ئێران چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆن بوە بۆیە پێویست بوە ئەو وڵاتە لانیكەم هەشت ملیۆن تۆن گەنم هاوردەی وڵاتەكەی بكات بەڵام بەرپرسان دانیان بەوەدا ناوە تەنها چوار ملیۆن تۆن گەنمیان هاوردە كردوە. رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان (فاو) رایگەیاندوە؛ گەنمی بەرهەمهێنراوی ئێران لە ساڵی 2019 نزیكەی 14 تۆن بوە و كە یەك ملیۆن و200 هەزار تۆنی بە مەبەستی تۆ بۆ چاندنەوە بەكارهاتوە و ئەوی دیكەی پێدوایستیی ناوخۆی وڵاتەكەی پێ پڕكراوەتەوە. فاو ئاشكرای كردوە یەك لەسەر سێی ئەو زەویانەی لە ئێران گەنمی تێدا بەرهەم دەهێنرێت (دێمە) و دو لەسەر سێی زەوییەكانی وڵاتەكەش بەر ئاوان و پێویستیان بە باران و ئاوی گونجاو هەیە. لە ئامارەكانی ناوخۆی ئێران و فاو دەردەكەوێت گەنمی بەرهەمهێنراوی وڵاتەكە لە دو ساڵی رابردودا زۆر كەمی كردوە و گەنمی ئەو وڵاتە بەهۆی وشكەساڵییەوە لە 13 ملیۆن تۆنەوە بۆ نزیكەی پێنج ملیۆن تۆن كەمی كردوە. شارەزایانی كشتوكاڵ لە ئێران ئاشكرایان كردوە بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی ئاژەڵ وای كردوە بەشێكی بەرچاو لە گەنمەكانی وڵاتەكە بۆ لەوەڕ و خۆراكی بزن و مەڕ و مانگا بەكار بهێنرێت چونكە جوتیاران و ئاژەڵداران ئەوە بە قازانجیانە لە كاتێكدا گەنم بە نرخێكی زۆر هەرزان لە جوتیاران وەردەگیرێت. سەر فیترە نرخی گەنم لە ئێران بەرز دەكاتەوە حكومەتی ئێران بە نوسراوی رەسمی رایگەیاند نرخی هەر كیلۆیەك گەنم بە مەبەستی سەر فیترە بە 12 هەزار تەمەن خەمڵێنراوە و گەنمی جوتیارانیش لە ساڵی داهاتودا بە 11 هەزار و 500 تمەن وەردەگیرێت لە كاتێكدا ساڵی رابردو هەر كیلۆیەك گەنم بە حەوت هەزار و 500 تمەن لە جوتیاران وەرگیراوە. لە نوسراوەكەی حكومەتدا هاتوە بە پێی نرخی گەنم سەر فیترە بۆ هەر كەسێك لە ئێران 40 هەزار تمەنە. بڕیارەكەی حكومەت بۆ دیاریكردنی كڕینی نرخی گەنم و سەر فیترە بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان و زۆربەی ئەو پێداویستییانەی كە پەیوەندییان بە ئارد و گەنمەوە هەیە و زۆربەی رەخنەگرانی حكومەت بڕیارەكەی حكومەت بۆ دیارییكردنی كڕینی گەنم لە جوتیاران و سەرفیترە بە بریسكەی سەرهەڵدانی گرانیی و بەرزبونەوەی نرخەكان لە ئێران لەقەڵەم دەدەن. رۆژنامەی (تیجارەت) لە ئێران بڵاوی كردوەتەوە ئەو بڕیارەی حكومەت لە نزیك جەژنی رەمەزاندا بەس بو بۆ ئەوەی نرخی هەر كیلۆیەك ئارد لە دو هەزار و 700 تمەنەوە بۆ نزیكەی 17 هەزار تمەن بەرز بێتەوە و هەر ئەوەش رویدا. رۆژنامەكە ئاشكرای كردوە نرخی ئارد بۆ سەمونخانەكان لە هەندێك حاڵەتدا و بە تایبەت لە تارانی پایتەخت لە 900 تمەنەوە بە رێژەی (1230%) بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخەكەی گەیشتە 12 هەزار تمەن . ئەو بڕیارەی حكومەت كاریگەریی لەسەر سەرجەم كاڵاكانی ناو بازاڕەكان هەبوە و بەرزبونەوەكانیش لە نێوان 67% بۆ 200% بوە. جیاوازیی نرخی ئارد لە نانەواخانە گشتی و تایبەتییەكان محەمەد جەواد كەرەمی سەرۆكی سەندیكای نانەواخانە و سەمونخانەكان لە ئێران رایگەیاندوە؛ نرخی هەر فەردەیەك ئاردی تایبەت بە سەمونخانەكان لە 67 هەزر تمەنەوە كە دەكاتە نزیكەی دو دۆلار و سێ سەنت بۆ 630 هەزار تمەن واتە زیاتر لە 21 دۆلار بەرز بوەتەوە. كەرەمی رونی كردوەتەوە بەرزبونەوەی نرخی فەردەیەك ئارد نزیكەی 10 هێندەی جارانە و بارگرانییەكەشی لەسەر شانی خەڵكە. كەرەمی ئاشكرای كردوە كە 80%ی ئاردی حكومی رەوانەی ناونەواخانەكان دەكرێت بەڵام سەمونخانەكان و شوێنی دروستكردنی نانە گەورەكان دەبێت لەمەودا ئاردەكەیان بە نرخی بازاڕی ئازاد دابین بكەن . پێشتر نرخی هەر كیلۆیەك ئارد بۆ نانەواخانە گشتییەكان دەیكردە 665 تمەن تا 900 تمەن واتە سێ سەنت،هاوكات سەمونخانەكان هەر كیلۆیەك ئاردیان بە دو هەزار و 700 تمەن دەكڕی كە دەیكردە هەشت سەنت بەڵام سەمونخانەكان ناچارن لەمەودوا هەر كیلۆیەك ئارد بە 16 هەزار تمەن بكڕن كە دەكاتە زیاتر لە نیو دۆلار. ئێران لە ساڵێكدا زیاترین بەرهەمی گەنم و ئاردی هەناردە كردوە ئاژانسی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردوەتەوە لە ساڵێكدا بە بەهای 470 ملیۆن دۆلار بیسكیت و شیرینی و نیشاستەی وەك بەرهەمەكانی ئارد و گەنم هەناردەی وڵاتان كردوە. ئێران لە ساڵی 2021 بە گشتی دو ملیۆن و 274 هەزا و 872 تۆن ماددەی خۆراكیی بەرهەمهێنراو لە ئارد و گەنمی هەناردە كردوە و بەراورد بەوەی كە لەو ساڵەدا نزیكەی 50 ملیارد دۆلار كاڵای هەناردە كردوە، پشكی هەناردەی گەنم و ئارد 1%ی سەرجەم هەناردەی یەك ساڵی ئێران بوە. لە وردەكاریی ئامارەكاندا رون كراوەتەوە لە ساڵێكدا 236 هەزار تۆن بە بەهای 84 ملیۆن دۆلار وەك مەعكەرۆنی (پاستا) رەوانەی دەرەوەی ئێران كراوە و هەر لەو ماوەیەشدا بڕی 12 هەزار 800 تۆن بە بەهای سێ ملیۆن و 400 هەزار دۆلار ئارد و بە بەهای 86 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جۆرە جیاوزەكانی نانی هەناردە دەرەوە كردوە. هاوكات هەرلە ماوەی یەك ساڵدا بە بەهای 331 ملیۆن و دۆلار لە جۆرە جیاوازەكانی بیسكویت و شیرینی هەناردە كردوە كە پێكهاتەی سەرەكییان گەنم و ئارد بوە و نزیكەی 10 هەزار و 200 تۆنیشی وەك نیشاستە هەناردە كردوە كە بەهاكەی دو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە
هاوڵاتی دادگای فیدراڵی لەسەر داوای پەرلەمانتارێكی بەسرە كە شكاتی كردبوو لەسەر ناردنی 200 ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێم، ئەو دادگایە بڕیاریدا كە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم یاساییە. پەرلەمانتارێكی عەرەب كە لەسەر پشكی پارێزگای بەسرەیە داوای لەسەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق تۆماركرد و داوای كرد دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەكلایبكاتەوە. ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیاری دەركرد كە ناردنی ئەو بڕە پارەیە یاساییەو سكاڵای ئەو پەرلەمانتارەی رەتكردەوە. ئەوە لە كاتێكدایە كە هەر ئەو دادگایە رۆژی 15 ی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری دەركرد كە یاسای نەوت و غازی هەرێم یاسایی نییەو دەبێت پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت.
هاوڵاتى سهرۆکى دهستهى وهبهرھێنان رایگهیاند، له چوار پارێزگا و چوار ئیدارهى سهربهخۆ 20 ههزار یهکهى نیشتهجێبوون دروستدهکرێت و ههوڵ دهدرێت ئاسانکارى تهواو بۆ پڕۆژهکان بکرێت و رۆتیناتى بهردهم پڕۆژهکهش لادهبرێت. ئهمڕۆ چوارشهممه 11ى ئایارى 2022، محهمهد شوکری سهرۆکى دهستهى وهبهرھێنان له کۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند:"سهرۆکى حکومهتى ههرێمى کوردستان رهزامهندى دهربڕیوه لهسهر دروستکردنى 20 ههزار یهکهى نیشتهجێبون و ههفتهى ئاینده دهچێته قۆناغى جێبهجێکردن". ههروهها راشیگهیاند:" له ههرێم ههشت شوێنى سهرهکیمان ههیه که پڕۆژهکه دهیانگرێتهوه، که چوار پارێزگا و چوار ئیدارهى سهربهخۆن، بهپێى پێوهرێکى تایبهت یهکهکان دابهش دهکرێت بهسهر هاوڵاتیاندا بهجۆرێک که پارهکهى و قیستى مانگانهى گونجاو بێت لهگهڵ داهاتى کهمدهرامهت و کرێچیان له ههرێمى کوردستان". سهرۆکى دهستهى وهبهرهێنان ئهوهشى خستهروو که ههموو ئاسانکاریهک دهکات بۆ جێبهجێکردنى پڕۆژهکه بۆ ئهوهى سهرکهوتوو بێت و ئامانجهکانى بپێکێت و بهجۆرێک زۆرترین خهڵکى ههژار سودمهند بێت له پڕۆژهکه و ههوڵ دهدهن رۆتین لهبهردهم پڕۆژهکهدا ههڵبگرن و به زوترین کات دهست دهکهن به پێدانى کارى مۆڵهت. محهمهد شوکرى ئهوهشى روونکردهوه که تا ئێستا نرخى یهکهکان و مانگانهکهى دیارینهکراوه، بهڵام "بێگومان بهشێوهیهک دهبێت که زۆربهى ههره زۆرى ئهو کهسانهى لێى سودمهند دهبن بتوانن پارهکهى بدهن و بهپێى داهاتى کهسهکان دهبێت و پێدهچێت له شارێک بۆ شارێکى دیکه جیاواز بێت". "پارێزگاکان و ئیداره سهربهخۆکان پێویسته خهڵکانى شایسته بۆ ئێمه دیاریبکهن که کێیه شایستهى وهرگرتنى یهکهکانه، ههوڵ دهدهین ئهم پڕۆژه وهک هیچ پڕۆژهیهکى دیکه نهبێت و لهماوهیهکى کوردتدا ههوڵ دهدهین تهواوى بکهین"، سهرۆکى دهستهى وهبهرهێنان واى وت.
لەیال ئەحمەد وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی دەڵێت:» لەبەرئەوەی كارەكەمان سستییەكی تیابوەو بەنزینەكەمان بۆنەفرۆشراوەو بازاڕمان زۆر خاو بوو، نرخی بەنزینمان دابەزاند لەبەر ئەوەی بەهەرزان دەستمان كەوتبوو». بەهمەن شێخ قادر لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى روونكردەوە لەسەر وەستاندنی دابەشكردنی بەنزینی 690 دینارییەكە دەدات و دەڵێت:» ئەوجۆرە بەنزینە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی تەكنیكی لە پاڵاوگەكە، چونكە ئەو بەنزیخانانەی كە پارەیان لە بانكەكان خەواندووە بۆ ئەوجۆرە بەنزینە هەر پارەكانیان لە بانكە و چاوەڕێن ئەو كێشەیەی لەوپاڵاوگەیە هەیە چارەسەربێت و بەنزینەكەیان بۆ بێت چونكە هێشتا بەكتابی ڕەسمی پێمان نەوتراوە كە ئیتر ئەوجۆرەبەنزینە نایەت». لەسلێمانی لەئێستادا نرخی یەك لیتر بەنزین لەجۆری نۆرماڵ بە 900 و موحەسەن بە 1025 و سوپەر بە هەزارو 1125 دینار دەفرۆشرێت. ژمارەی بەنزینخانەكان لە هەرێمی كوردستان نزیكەی هەزار بەنزینخانەیە كە 400 زیاتر دەكەوێتە پارێزكای سلێمانی و هەڵەبجە بەهەردووئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان. بەهمەن شێخ قادر ئەوەی خستەروو كە لە سەرەتای شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆكراینا نەوتی جیهانی تا 130 دۆلار بەرز بوویەوە ،بەڵام ئەوەبوو وەستانێكی تێكەوت و وەكو بەنزینخانەكان بەرزبونەوەیان بینی بۆ بەنزینی نۆڕماڵ تا 1025 دینار بەرزبوویەوە بۆ لیترێك بەنزین، وتیشی:» هەموكات لەكاتی شەڕوقەیرانەكان ئەزمەیەك دروست دەبێت لە خۆراك وسوتەمەنی كە سوتەمەنیش یەكێك بوو لە سێكتەرەكان و شەرەكە كاریگەری لەسەری هەبووە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە دابەزینی نرخی بەنزین چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە هەفتەی رابردوو دابەزینی نرخی نەوت بوو بە 106 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، « گرانی نرخی بەنزین بوو لەبەنزینخانەكان كە هاوڵاتى ان كەم سەردانیان ئەكردین لەكاتێكدا بەنزین زۆربوو بەڵام خواست لەسەری كەمبوو، لەبەرئەوەی كارەكەمان سستییەكی تیابوەو بەنزینەكەمان بۆ نەفرۆشراوەو بازاڕمان زۆر خاو بووە ئیمەش بەنزینەكەمان بە هەرزان دەستت كەوتوە ویستومانە بەو نرخ دابەزاندنە كارەكانمان بچێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی و فڕۆشمان بەرزبێتەوە». هاوكات وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە زۆربونی بەنزین هەبێت نرخەكەی زیاتر دادەبەزێنن، وتیشی:»ئێمە لەگەڵ حەق و كاتدا دەڕۆین ، پەیوەندی بەوەوە نییە كەسێك زۆرمان لێبكات تەنیا ئەوەیە بەنزینمان بە هەرزان دەست كەوتوەو ویستومانە فرۆشمان زیاد بكات هاوڵاتى ش پێی خۆشە نرخەكەی دابەزێت». «ئێمە دائیمە وتومانە كاتێک نرخی بەنزین دادەبەزێت پێش هەموو شتێك لە قازانجی ئێمەیە پاشان خەڵك، لەبەر ئەوەی فرۆشمان زیاد دەكات شۆفێرانیش كە دێنەلامان گلەیی ناكەنو دڵمان خۆش دەبێت لەكارەكەمان، چونكە پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ خەڵك هەیە ئەگەر گرانبێت ناڕەزایەتی دروست دەبێت». حكومەتی عێراق زیاتر لەشەش مانگە، نزیكەی نیو ملیۆن لیتر بەنزینی هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكرد و رۆژانە لەبەنزینخانەكان نۆرەی بۆ دەگیراو هەر لیترێك بە 690 دینار دابەشدەكرێت. بەهمەن شێخ مستەفا پێشیوابوو كە بەنزینی 690 دینارییەكە كە نزیكەی ساڵێكە بەردەوام هەیە «هەر ئێمەین و بەنزینخانەكانی ئێمەیە دابەشی دەكات و لەنزیكەی 90 بەنزینخانە دەفرۆشرێت، كەحكومەت ئەیهێنێت وئەیدات بە نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئێمەش ئەیدەین بەو بەنزیخانانەی كەبۆ هاتوچۆی خەڵك و پاس و تەكسیەكان نزیكە ، هەرچەندە هەر گلەیشیان هەیە واتە گروپ و لایەنێكی ترنین هەر بەنزینخانەكانی خۆمانن وپاڵپشتێك بوە بۆگرانترنەبونی نرخی بەنزین». بەهمەن شێخ قادر باسی لەوەشكرد كە ڕۆژانە ئەو بەنزینی 690 دیناریە كە هاتۆتە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 80 هەزار لیتربووە كە نزیكەی 500 هەزار لیتری بۆ پارێزگای سلێمانی بووە بە ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجەوە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك بووە. «بەنزینی 690 دینارییەكە لە هەولێر بەرهەمدەهێنرێت كە هی حكومەتی عێراقییە كە لەپاڵاوگەی كار گروپ بەرهەمدەهێندرێت كە ملیۆنێك و 80 هەزار لیترە ڕۆژانە بەسەر چوار پارێزگاكەدا دابەشكراوە، ئەوەی تر بەشێكی هەر لە خواروی عێراقەوە دێت هەر بەبازرگانی و بەشێكیشی لەتوركیاوە هاوردە دەكرێت»، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی وای وت. سەبارەت بە هۆكاری نەمان و وەستانی بەنزینی 690 دینارییەكە ئەوەی روونكردەوە كە وەستانی ئەوجۆرە بەنزینە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی تەكنیكی لەپاڵاوگەكەدا، چونكە ئەو بەنزیخانانەی كە پارەیان لە بانكەكان خەواندووە بۆ ئەوجۆرە بەنزینە هەر پارەكانیان لە بانكە و چاوەڕێن ئەو كێشەیەی لەوپاڵاوگەیە هەیە چارەسەربێت و بەنزینەكەیان بۆ بێت چونكە» هێشتا بەكتابی ڕەسمی پێمان نەوتراوە كە ئیتر ئەوجۆرەبەنزینە نایەت». بەهمەن شێخ قادر، هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئەو بەنزینەی لە بازیان بەرهەم دەهێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان نییەو حكومەتی هەرێم نەوتی خاوی بۆ دابین ناكات ، بەڵام گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردوە كەنەوتی خاوی بۆدابین دەكات و ئەو سوتەمەنییەی بەرهەمی دەهێنێت دەدرێت بەپارێزگای كەركوك و دەوروبەری. دەربارەی ئەوەی هەندێك لە بەنزینخانەكان 10 تا 25 دینار بۆ هەر لیترێك نرخیان كەمتر كردووەتەوە لەوەی راگەیەندراوە، وتەبێژی بەنزینخانەكان وتی:» بەردەوام دەڵێین باكوالێتیمان باشبێت و لەسەر نرخ دابەزاندن كوالێتیمان خراپ نەكەین ڕەنگە ئەو بەنزینخانانە فرۆشیان كەم بێت و هەوڵدەدەن بەشتێكی كەم سەرنجی خەڵك بەلای خۆیاندا ڕابكێشن».