هاوڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان  له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و نوسراوه‌ ده‌كات كه‌ له‌ 23ی ئابی 2022، له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌بازارِكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) ده‌رچووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕێكاری یاسایی دژی كڕیاران و بازرگانیكه‌رانی نه‌وتی به‌رهه‌م هێنراوی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، نامه‌كه‌ی سۆمۆ هیچی تر نییه‌ له‌ دڵۆپێكی دیكه‌ له‌ رژاندنی زانیاری ناڕاست كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌ڕێكی سیاسی. شه‌ڕێك كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵێكی هه‌ندێك لایه‌نه‌ له‌ به‌غدا بۆ تێكدانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق. هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌ نامه‌كه‌ تێكدانی به‌رده‌وامی دیالۆگی نیازپاكییه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ. ئه‌و دیالۆگه‌ی كه‌ هه‌وڵده‌دات پلانێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی سه‌رچاوه‌ و داهاته‌كانی وزه‌ی عێراق به‌گوێره‌ی ده‌ستووری فیدراڵی دابنێت و رێكبكه‌وێت. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: نامه‌كه‌ی سۆمۆ پشت به‌ بۆچوونێكی سیاسی ده‌به‌ستێت كه‌ له‌لایه‌ن پانێڵێكی پارێزه‌ره‌وه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق" نیشان ده‌ده‌ن. به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییه‌ له‌ عێراق و برِیاری پابه‌ندكه‌ر نییه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی به‌پێی ده‌ستووری فیدراڵی پێكنه‌هاتووه‌ له‌ عێراق. بۆیه‌ ئه‌م پانێڵه‌ له‌ به‌غدا دادگای باڵای فیدراڵی نییه‌ و بۆچوونه‌كانی پانێڵی خۆنمایشكه‌ره‌كان هیچ قورسایییه‌كی یاسایییان له‌ عێراق و شوێنه‌كانی دیكه‌دا نییه‌. بۆچونی پێچه‌وانه‌، وه‌ك چۆن سۆمۆ و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ به‌غدا ده‌یكه‌ن، بریتییه‌ له‌ فێڵكردنێك. فێڵێك كه‌ ده‌ستوور تێكده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كات. ئه‌م هێرشه‌ سیاسییه‌ بۆ سه‌ر ده‌ستووری فیدراڵی عێراق، پاڵنه‌رێكیشه‌ بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری مه‌ركه‌زی كه‌ سه‌رده‌مێكی ترسناكی ڕابردوومان وه‌بیرده‌هێنته‌وه‌. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راشیگه‌یاندوه‌، مادده‌ی ٩٢(٢)ی ده‌ستووری عێراق داوا ده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك ده‌ربكات به‌ زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی بۆ دیاریكردنی كاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. تا ئێستا هیچ یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ ده‌رنه‌چووه‌. بۆیه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌م پانێڵه‌ كه‌ رای ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢یان ده‌ركردووه‌، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووریان نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربرِیوه‌ و بێده‌نگ بووه‌. له‌ 15ی شوباتی 2022، رِۆژی برِیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حكومه‌ت به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ی به‌ ناڕه‌وا و ناده‌ستوور و ناشه‌رعی وه‌سف كرد. جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 28ی شوباتی 2022 به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. به‌یاننامه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشتیوانی لێكرابوو. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا بڕیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌ ناده‌ستووری وه‌سف كراوه‌ و داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی شه‌رعی كراوه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٩٢ی ده‌ستوور. له‌ مانگی ئازاردا لێدوانی هاوشێوه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا. هه‌روه‌ها له‌ 4ی حوزه‌یرانی 2022، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا خسته‌ڕوو كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی له‌ عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌، و ئه‌و ده‌زگایه‌ كه‌ بڕیاری 15ی شوباتی 2022ی ده‌ركردووه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووری نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو كێڵگه‌كانی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و یاسای نه‌وت و غازی كوردستان به‌پێی برِگه‌كانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق دامه‌زراوه‌. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ یاساناسه‌ پێشه‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. رۆژی 5ی حوزه‌یرانی 2022، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ دۆسیه‌ی دادگایی كرد دژی وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی فیدراڵ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆسیه‌دا داوای ڕاگه‌یاندنی گشتگیری ده‌ستوری بوونی یاسای نه‌وت و غازی كوردستان و ناشه‌رعییه‌تی ڕای ئه‌و پانێله‌ ده‌كات كه‌ وا خۆی نیشان ده‌دات كه‌ دادگای باڵای فیدراڵییه‌. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هۆشداری داوه‌و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو: نه‌ سۆمۆ و نه‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵی سه‌لماندنی شه‌رعیه‌تی دادگای باڵای فیدراڵی به‌ناو دادگا نه‌داوه‌. له‌به‌رئه‌مه‌ش دادگای باڵای فیدراڵی دیاره‌ ناشه‌رعییه‌. هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك ئه‌م ناڕه‌حه‌تییه‌ له‌ناو عێراقدا تێده‌گات، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌متر هه‌ستی پێبكه‌ن. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ناو دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا، و لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ئارگیومێنته‌كانی به‌غدا، ستراتیژی به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكێك دروست بكات بۆ دروستكردنی نادڵنیایی له‌ناو بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌ و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌غدا ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ تێبگه‌ین و ڕه‌ت بكرێنه‌وه‌، و به‌ ڕوونی و بێ دوو دڵی له‌ ده‌ستووری فیدراڵ و ئومێدی گه‌لی عێراقدا ده‌بینرێت كه‌ عێراق وه‌ك كۆمارێكی فیدراڵی راسته‌قینه‌ بمێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نه‌شاردوه‌ته‌وه‌ كه‌ مافی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌كانی هایدرۆكاربۆن له‌ سنووری هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووری فیدراڵی و یاسای كوردستاندا هاتووه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و ناردن و فرۆشتن و پاڵاوتنی و به‌كارهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، و پێشبینیش ده‌كرێت به‌رهه‌مهێنان زیاد بكات. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی پابه‌نده‌ به‌ پرۆسه‌ی ناوبژیوانی و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ عێراق. ئه‌و ناكۆكییانه‌ وه‌ك هه‌ر جیاوازییه‌كی تری بیروڕا ده‌بێت به‌ پێی ده‌ستووری فیدراڵی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن. تا ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌نگاوه‌ به‌هێزه‌كان بۆ به‌رگریكردن له‌و مافانه‌.

هاوڵاتی.. نرخی مریشك له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌زین و ئه‌مڕۆ نرخی یه‌ك كیلۆ مریشكی گه‌وره‌ به‌ 1900 دینار فرۆشرا.  ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌، نرخی مریشك له‌ بازارِه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی نرخی كیلۆیه‌ك مریشكی گه‌وره‌ بۆ 1900 دینار دابه‌زی، هاوكات نرخی جۆره‌كانی دیكه‌ مریشكیش دابه‌زینی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینی. ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌دێت، نازم عبدوڵا جاف سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان رایگه‌یاند، له‌ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ 15 ملیار دینار زیان به‌ر پرۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و برِه‌ باسكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌نگی مه‌ترسیه‌ بۆ راوه‌ستاندنی به‌رهه‌مهێنانی مریشكی زیندوو.    

عەمار عەزیز ماوەی زیاتر لە  10 ساڵە مامۆستایانی دهۆك چاوەڕوانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونن، لەكابینەكانی رابردوودا حكومەتی هەرێم پێكەوە بڕیاری دروستكردنی سێ شاری نیشتەجێبوونی بۆ مامۆستایان دەركرد، پرۆژەكانی هەولێرو سلێمانی تەواوبوون، بەڵام تائێستا پرۆژەی دهۆك دەستی پێنەكراوە، ئەو زەویەی بۆ پرۆژەكە تەرخانكرا دواتر دراوە بەبازرگانان بۆ پرۆژەی بازرگانی، یەكێتی مامۆستایان دەڵێت:»ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك هاوكارنەبوون و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆك دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات»، مامۆستایەكیش پێیوایە ئەگەر بێدەنگی مامۆستایان نەبووایە پرۆژەكە ئاوا لەبەین نەدەچوو.  عەوام ئیبراهیم، مامۆستایە لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «من لە 2012وە مامۆستام، زیاتر لە 10 ساڵە چاوەڕێی حكومەت دەكەین شاری مامۆستایان دروستبكات، مووچەی ئێمە كەمەو بەشی خەرجی ماڵ و منداڵ ناكات و بەو مووچەیە هەرگیز ناتوانین شوێنێكی نیشتەجێبوون بكڕین، نازانم جیاوازی ئێمە لەگەڵ مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی چیە، بۆچی پرۆژەكەی ئەوان تەواوبوو ئێمەش هەر لەچاوەڕوانیداین». «داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین پەلەبكەن لەجێبەجێكردنی پرۆژەكە، چونكە سەدان مامۆستا  لەسنوری پارێزگای دهۆك لەخانوو و شوقەی بەكرێدان« عەوام ئیبراهیم وای وت. محەمەد بامەڕنی، مامۆستایە لەپەروەردەی رۆژهەڵات لەناوەندی شاری دهۆك باسی تەواونەكردنی شوقەی مامۆستایانی لەپارێزگای بۆ  هاوڵاتی كردو وتی: « ستەمێكی روون و ئاشكرا لەئێمە كراوە، لەدهۆك شوێنی گۆنجاو بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان هەیەو هیچ بیانوویەك بۆ دواكەوتنی پڕۆژەكە نیە، داواش لەیەكێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە دەكەین چارەنووسی ئەم پرۆژەیەمان بۆ یەكلایی بكاتەوە». مامۆستا محەمەد وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد حەوت ساڵە كرێچیەو لەتوانایدا نیە شوقە یان خانوو بكڕێت، ئەو دەڵێت:» بۆچی بەرپرسان هەرزوو پرۆژەی شاری مامۆستایانیان لەهەولێرو سلێمانی تەواوكرد، بەڵام پرۆژەكەی دهۆك هەر جێبەجێ نەكرا، ئێمەش  مافی خۆمانە شوقە یان خانوویەك بەقیستی درێژخایەن وەربگرین». ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوڵاتی رایگەیاند:»ئەنجومەنی وەزیران لەكابینەی شەشەم ، فەرمانی دەركرد بۆ دروستكردنی سێ شاری مامۆستایان لەهەریەك لەپارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی، لەساڵی 2012 دەستمانكرد بەجێبەجێكردنی پرۆژەی شاری مامۆستایانی سنوری پارێزگای هەولێر، دواتر لە 2014 پرۆژەی شاری مامۆستانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لەپاشان و لەساڵی  2019 بۆ مامۆستایانی سنوری قەزای كەلارو دەوروبەری». وتیشی: «ئیدارەی پارێزگای هەولێرو سلێمانی زۆر لەگەڵ ئێمە هاوكاربوون لەهەمانكاتدا هەماهەنگیەكی زۆر باش لەنێوان ئێمەو بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەهەردوو پارێزگاكەدا هەبوو، بۆیە پرۆژەكانی ئەو دوو پارێزگایە تەواوبوون، لەپارێزگای هەولێر هەزارو 13 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەشكران، كەئەویش خانوو و شوقە بوون بەقیستی 100 مانگ و بەنرخێكی گونجاو». «لەسلێمانیش تەواوبووەو ژمارەی شوقەكانی نزیكەی هەزار و 850 شوقەیە بەقیستی 100 بۆ 110 مانگ و دابەشكرا، پرۆژەی شاری مامۆستایانی كەلاریش سەرووی 60%ی پرۆژەكە تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە « ئەحمەد گەرمیانی وای وت. هاوكات عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:« ئەم بابەتە پەیوەندی بەیەكێتی مامۆستایانەوە هەیە، نازانین هۆكارەكانی دواكەوتنی پرۆژەكە چین، پەیوەندیمان بەو پرسەیە نیە». فەلاح حەجی حەسۆ بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەدهۆك بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 ئەوكات پارچە زەویەك بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایانی دهۆك لەلایەن حكومەتەوە دابینكراوە، دوای ئەوە لەساڵی 2012 پرۆژەكە راگیرا بەهۆی چەند هۆكارێك، دواتر شەڕی داعشی بەسەرداهات ، حكومەت پێویستی بەو پارچەزەویە بوو بۆ ژمارەیەك پرۆژە، دیارە ئەوكات جارێكی تر زەویەكان دابەشكران، بۆیە ئەو گۆڕانكارییە دروستبووە ، ئێستا ئەو پارچەزەویە نەماوە. «مامەڵەكانی شاری مامۆستایانی دهۆكمان بەرێوە بردووە، هیچ دژایەتی پرۆژەكەمان نەكردووەو هاوكاریش بووین، دەرگای ئێمە كراوەیە بۆ یەكێتی مامۆستایان، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ پارچەزەویەكیان بۆ دابین بكەین، دەبێت حكومەت زەوییان بۆ دابین بكات و  دواتر ئێمەش مامەڵەكانیان بەڕێوەدەبەین» فەلاح حەجی حەسۆ وای وت.   بەڵام ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: «بەداخەوە ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئێمە هاوكارنەبوون، لەهەمانكاتدا بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكیش بەهەمان شێوە هیچ هاوكارنەبوون و دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات ئەوەش بەبیانووی هەبوونی چەند تێبینیەك لەسەر كۆمپانیاكە، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان كۆمپانیا پرۆژەی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی بەڕێكوپێكی تەواوكرد». روونیشیكردەوە: « ئەو زەویەی كەپێشتر بڕیاربوو شاری مامۆستایانی دهۆكی لەسەر دروستبكرێت دواتر درا بەسێ بازرگان تاوەكو پرۆژەی بازرگانی لەسەر دروستبكەن، چەندین جاریش سەردانی بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكمان كردووە تازەویەكی تر دەستنیشان بكرێت بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان، بەداخەوە تائێستا هیچ پارچەزەویەك بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دابین نەكراوەو  هیچ نیەتێكیش نیە پرۆژەكە دروستبكرێت، وتیشی: «ئەوان بەردەوام دەبن لەبەدواداچوون بۆ پرۆژەكە، چونكە مافی مامۆستایانی دهۆكە ئەوانیش شوقە بەنرخێكی گونجاو وەربگرن». ژمارەی مامۆستایانی هەرسێ پارێزگا بەبێ مامۆستایانی وانەبێژ بەم شێوەیەیە، پارێزگای دهۆك 28 هەزار، پارێزگای هەولێر نزیكەی 35 هەزار، پارێزگای سلێمانی نزیكەی 32 هەزار مامۆستان. جەمبەد شوكری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەبارەت جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەپێی ئەو دەستەڵاتەی هەمانە بەدواداچوونمان بۆ پرۆژەی شاری مامۆستایان كردووە، لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و وەزیری پەروەردە تاووتوێی پرۆژەكەمان كردووەو داوامانكردوە ئەم یەكانە بۆ مامۆستایان دروستبكرێت». وتیشی: «لەئەنجامی بەدواداچوونەكانمان ئەوەمان بۆ دەركەوت كە بەرپرسانی دهۆك دەیانەوێت شاری مامۆستایان  لەشوێنێكی گونجاو بەكوالێتیەكی باش دروستبكرێت، هەروەها ئەو كێشەو كەموكورتیانەی لەپرۆژەكانی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی كراوە بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دووبارە نەبێتەوە، بۆیە دروستكردنی پرۆژەكە دواكەوتووە». هەر سەبارەت بەدروستنەكردنی شاری مامۆستایان لەدهۆك، لەتیف ئەمین، كەمامۆستایە لەپەروەردەی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: «گومان لەوەدا نییە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای دهۆك باشتر نییە لەمامۆستایانی پارێزگاو شوێنەكانی تر، پێموایە هۆكارەكە نەبوونی فشاری مامۆستایانە بۆ سەر لایەنەكانی پەیوەندیدار بۆ ئەم بابەتە، رەنگە یەكێتی مامۆستایانیش لێرە وەكو پێویست خەم لەمەسەلەكە نەخۆن و تائێستا بەجددی داوایان نەكردبێ، بۆیە پرۆژەكە دەستی پێنەكردووە».  

نیگار عومەر ماوەی دوو ساڵە كشتوكاڵی گەرمیان لەبەر ناوچەكانی رێگری لەچاندنی برنج دەكات لەناوچەكەدا، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ وشكەساڵی و كەمی ئاوی رووباری سیروان و رەوانەكردنی ئاوەكە بۆ ناوچەكانی خانەقین و دیالە، ئەم هۆكارەش وایكردووە بەرهەمی برنجی ناوچەی گەرمیان بۆ زیاتر لەنیوە كەمبكات، بەنموونە لەگوندی بانیخێڵان رێگە بەڕوواندنی لەسەدا 40ی ساڵانی رابردووی برنج دراوە، جوتیارانیش دەڵێن:» حكومەتی هەرێم رێگریمان لێدەكات بەڵام پشتیوانیمان ناكات»، حكومەت بڕیاریداوە بڕێك پارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشەكەساڵی لەگەرمیان تەرخان بكرێت بەڵام هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە گەرمیان. چاندنی برنج لەمانگی شەشەوە دەستپێدەكات و لەناوەڕاستی مانگی 10وە دەدورێتەوە، گوندی بانیخێڵان یەكێكە لەو گوندانەی كەجۆرێك برنجی بەناوبانگی  تێدا بەرهەم دەهێنرێت و ئەم بەرهەمەش بەهۆی كەمئاوی و  رێگری لەچاندنی زیاد لەنیوەی بەرهەمەكەی كەمیكردووە. سیروان محەمەد، جوتیاری گوندی بانیخێڵان سەر بەقەزای دەربەندیخان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەسنوری گوندی بانیخێڵان لەمانگی شەشەوە دەستدەكەین بەچاندنی برنج كەجۆرە برنجێكی بەناوبانگە لەهەموو كوردستان و بەبرنجی (خڕی نەگازە) ناسراوەو تایبەتمەندی جیاوازە لەهەندێ لەناوچەكانی دیكە، ئەویش بەهۆی شوێنی جوگرافیاو ئاوی ناوچەكەوەیە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی كەمئاوییەوە لەلایەن كشتوكاڵەوە ڕێگەنادەن هەموو جوتیارەكان وەك ساڵانی رابردوو برنج بچێنن،  وتیشی: « ئێمە نزیكەی 80 جوتیار دەبین ئێستا رێگەیان بە 30 جوتیار داوە برنج بچێنن، ئەویش بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوەو برنجیش یەكێكە لەو بەرهەمانەی ئاوی زۆری دەوێت». ئەو جوتیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « ساڵانی رابردوو نزیكەی 200 تۆن برنجمان بەرهەمدەهێنا بەڵام دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە نزیكەی 80 تۆن بەرهەم دێت كەزیاد لەنیوە كەمیكردووەو حكومەتیش هیچ هاوكاریەكمان ناكات نە لەڕووی سەمادەوە نە لەڕووی ئامێرە كشتوكاڵیەكانەوە ئەمەش وایكردووە زۆربەی كات خەرجیەكانمان زیاتر بێت لەداهات». حكومەتی هەرێم لەماوەكانی رابردوودا بڕیاریدا كە بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بۆ گەرمیان دابین بكات، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە دەست كشتوكاڵی گەرمیان. شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان لەو رووەوە بۆ هاوڵاتی دواو رایگەیاند: «بەهۆی وشكەساڵیەوە ناوچەی گەرمیان رووبەڕووی زیانی زۆر بووەتەوە بەتایبەت ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی كەپشت بەئاوی باراناو دەبەستێت، لەنێو بەرهەمی هاوینەشدا بۆ ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە لەسنوری گەرمیان رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج هەرچەندە ئەمە زیان بەبەرهەمی جوتیاران دەگەیەنێت، بەڵام ناوچەكانی خانەقین و پاێزگای دیالە رووبەڕووی كەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە بۆیە بەناچاری وامانكردووە چاندنی برنج كە ئاوی زۆر دەوێ نەهێڵین بچێنرێت».   وتیشی:  «بۆ هاوكاریكردن و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران لەزیانەكانی وشكەساڵی داوای (10) ملیار دینارمان كردووە لەوەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە بۆ  نەهاتووە». روونیشیكردەوە: «ساڵانە لەسنوری گەرمیان نزیكەی چوار هەزار دۆنم زەوی دەكرا بەبرنج بەڵام لەئێستادا نزیكەی 70 لەسەد، رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج بەتایبەت ئەو زەویانەی كەسود لەئاوی پرۆژە ئاودێریەكان دەبەستن، وە بۆهاوكاری كردنی ئەم جوتیارانە هەمو ناوكانمان ناردوە بۆ سەروی خۆمان تا هاوكاری بكرێن تا ئێستا هیچ وەڵامێكمان بەدەست نەگەیشتووە».   «جوتیاران: پێیانوایە حكومەت پلانی نیە بۆ پەرەدان بەكەرتی كشتوكاڵ»   شەعبان كوڵەجۆیی، جوتیاری سنوری گەرمیان بۆ هاوڵاتی باس لەوە دەكات،» بەهۆی وشكەساڵیەوە تووشی زەرەرو زیانێكی زۆربووین وای لێهاتووە هەر بەرهەمێك دەچێنین بەشی تێچووەكەی ناكات و لەگیرفانی خۆمان پارەی تێدا خەرج دەكەین». وتیشی،» حكومەت هیچ پشتیوانیەكی جوتیاران ناكات و نرخی پێداویستیەكانیش لەبازاڕدا گرانن، جوتیار جگە لەوەی كەهاوكاری ناكرێت، دوو ساڵە سنوری ناحیەی كۆكس كەنزیكەی 35 گوندە بەهیچ شێوەیەك رێگەمان پێنادرێت برنج بەرهەمبهێنرێت بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوە». وتیشی: «حكومەت هیچ پلانێكی نیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ، چونکە ئاوی رووباری سیروان بەشی ناوچەكانی دیالەو ئێمەش دەكات، بەڵام لەئێستادا زۆربەی زۆری ئەو گوندانەی كەدەكەونە خوارووی ناحیەی كوڵەجۆوە جۆگە ئاوەكانیان لێبڕاوەو رەوانەی پارێزگای دیالە دەكرێت «.  

هاوڵاتی ئاماژەو ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی هاتووەتە ئاراوەو تەنها ماوەتەوە واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە بدات، ئەمریكاو ئێرانیش هەردولا خۆیان ئامادە دەكەن وەك یەكەم هەنگاو هەشت زیندانیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن كەهاوشێوەیە لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2015 لەواژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیدا روویدا. ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ئاشكرایكردووە چوار هاووڵاتی ئەمریكا لەئێران زیندانین و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا چوار هاووڵاتی ئێرانی زیندانی كردووە كە بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت. زۆربەی بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە ئاستی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا خێراتربووە بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێك واژۆ ناكات كەزیانی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی هەبێت.   ئێران خۆی بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئامادە دەكات كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی قەتەری لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئاگاداری پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بڵاویكردووەتەوەوە:  ئێران و وڵاتانی 5+1 لەزیندوكردنەوەی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) نزیكبوونەتەوە  و تاران لەچەند داواكارییەك پاشگەزبووەتەوەو ئەمریكا گەشبینە بەوەی لەدوو هەفتەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنە دوایین بڕیاری لەسەربدرێت. سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەپێی ئەو پێشنیارانەی ئەوروپا خستویەتیەڕوو بۆ لایەنەكان بەتایبەت بۆ واشنتۆن و تاران، لەچوار قۆناغداو لەماوەی 60 رۆژدا رێكاری نوێ بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی كەجەزیرە ناویانی ئاشكرانەكردووە هاتووە: لەگەڵ گەڕانەوەو پابەندبوونی تاران بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەیان ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەبانكەكانی جیهان ئازاد دەكرێن. بەپێی پڕۆسەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقۆناغی یەكەمدا سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا لەسەر 17 بانكی ئێران و 150 دامەزراوەی ئابوریی و بازرگانیی ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان لادەبرێن. ئەو قۆناغەش بەئازادكردنی حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار لە داهاتەكانی ئێران لەكۆریای باشور دەستپێدەكات. هەر لەو پڕۆسەیەدا ئاماژەی بەوەشكراوە ئێران دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا رێگەی پێبدرێت كە 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەی فەرمی بفرۆشێت و ئەمریكا دڵنیایی ئەوە بداتە ئەو وڵاتە كە رێگری لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە تۆمارێكی دەنگی عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران بڵاوبووەتەوە كە وتوویەتی: واشنتۆن رازیی بووە لەقۆناغی یەكەمدا سێ بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدژی تاران هەڵوەشێنێتەوەو ئەو بابەتە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە رادەگەیەنرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونیكردووەتەوە كە واشنتۆن هیچ جۆرە باجێك بەتاران نادات و بەبەردەوامیش هەوڵدەدات ئێران توانای ئەوەی نەبێت بۆمبی ئەتۆم دروستبكات. بەرپرسێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بەكەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئێران لەوەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپا كە رۆژی دووشەممە (15/8/2022) رادەستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای كردووە لەداواكارییەكی سەرەكی پاشگەزبووەتەوە و داوای نەكردووە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری واشنتۆن دەربهێنرێت بۆیە بەوتەی ئەو بەرپرسە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر نزیكە.   دواكاریی و هەنگاوەكانی ئێران تاران لەوەڵامی پێشنیارەكەی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) داوای ئەوەی كردووە كەدەبێت ئەمریكا لەئەگەری دووبارە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی  قەرەبوی ئێران بكاتەوەو ئەوە بەسەرەكیترین داواكاریی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر واشنتۆندا. لەپێشنیارە نوێیەكەی ئەوروپاو لەقۆناغی دەستپێكردنی پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، دەبێت ئێران لەیەكەم هەنگاودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشە بكاتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 تەنها نزیكەی 5% بووە لەكاتێكدا دوای كشانەوەكە لەچەند قۆناغێكدا پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتەوە 60%. هاوكات دەبێت ئێران هەر لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا ژمارەیەك لەكورە ئەتۆمییەكانی كەدەوترێت زیاتر لەسێ هەزار دانەیە لەكاربخات چونكە تەنها دوو هەفتە بەر لەدەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند 500 كورەی ئەتۆمیی لەجۆری (ئار ئای 6)ی خستوەتەكار كە بەنوێترین نەوەی كورەی ئەتۆمیی ئەژمار دەكرێن. ئێران لە رابردووداو لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا رێگەپێدراوبوو بۆ بەكارهێنانی پێنج هەزارو 60 ئامێری سەنتریفیوژ یان كورەی ئەتۆمیی، بۆیە بەپێی پڕۆسەی رێككەوتنەكە دەبێت زۆربەی ئەو ئامێرانە رابگرێت كە لەدوای ساڵی 2018 بەمەبەستی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەكاریهێناوە. روسیا گەشبین نییە روسیا كەیەكێك لەسەرەكیترین لایەنەكانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمییە رایگەیاندووە زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە ئاڵۆزیی زۆری تێدایەو پێویستە هەموولایەك و بەتایبەت ئەمریكا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن. میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لەنەتەوەیەكگرتووەكان كەهاوكات سەرۆكی تیمی دانوستانكاری وڵاتەكەیەتی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەنوێترین لێدوانیدا دەڵێت؛ ئەمریكا هۆكاری دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە چونكە دەیەوێت هەندێك داواكاریی نایاسیی و لەدەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئۆلیانۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە: كە جگە لەپێشنیارەكانی ئەوروپا سێ رەشنووسی دیكە ماوە كەدەبێت لایەنكانی ناو رێككەوتنەكە كۆكبن لەسەری و داواتر واژۆی بكەن. بەبڕوای ئەو سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران دەكرێت رۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەر پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكات. ئەمریكا بڕیاری كۆتایی دەدات تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا بەئاشكراو بەناوهێنانی لەمیدیاكان روونی نەكردووەتەوە كەواشنتۆن لەچ كاتێكدا بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام ئەوەی روونە بڕیاری كۆتایی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لای ئەمریكایەو گرەوی بەختی ئێرانیش هەر لەدەستی ئەو وڵاتەدایە.

سەركۆ جەمال چوونی هێزی كۆماندۆ بۆ  شارەوانی سلێمانی دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەو بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بەشێوەی نایاسایی بۆ رایگشتی یەكلاییكردەوە، تەنها لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی ئەو پرسە دەكرێت مەسەلەكە باڵباڵێنە نەك چاكسازی»، پەرلەمانی كوردستانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەبارەت دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان پێكدەهێنێت، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: « تۆڕەكە تەنها ماسیە بچووكەكان دەگرێت». هێزەكانی كۆماندۆ بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی چوونە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن جیا لەپۆلیسی شارەوانی بەبەردەوامی هێزەكانی ئاسایش شارەوانی سلێمانی دەپارێزن، سەرۆكی شارەوانی-یش دەڵێت: كاری نامۆو ناخۆش روویانداوە كە هەڕەشە لەژیانی هاووڵاتیان و موڵك و ماڵی هاووڵاتیان دەكەن، وتیشی: ژمارەی هێزەكانی پۆلیسی شارەوانی كەمن و من داوای هێزی ئاسایشم كردووە». ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند:»پێنج كەسیان بەتۆمەتی دەڵاڵیكردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەسلێمانی دەستگیركردووە». بەپێی زانیارییەكان جوڵاندنی هێزی كۆماندۆ زیاتر پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هەیە، چونكە لەساڵانی رابردوودا هەزاران دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە كراون بەپرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژەی دیكە، لەوانەش باخەكانی بناری گۆیژەو زەوی مەسڵەحەی كۆن لەسلێمانی، بەڵام ئەو كەسانەی دەستگیركراون هیچیان بەرپرسی گەورەی حزبی نین، بەڵام باس لەوەدەكرێت ئەو كەسانەی دەستدرێژییان بۆ سەر زەوی و موڵك و ماڵی دەوڵەت كردووە بەرپرسانی باڵان، بەڵام ئەوانەی دەستگیركراون هیچان بەرپرسیارێتی باڵایان نیەو تەنها دەڵاڵ و بازرگانن. ئاسایشی سلێمانیش لەو راگەیەنراوەیدا سەبارەت بەدەستگیركردنی تۆمەتباران ئاماژەی بەدەستگیركردنی هیچ بەرپرسێكی باڵا نەكردووە، بەڵام دەڵێت: «بەبڕیاری دادوەر (پێنج) بازرگان و دەڵاڵ كە بەڕێكاری نایاسایی مامەڵەیان بەزەوی و زارو موڵكی گشتییەوە كردووە دەستگیركراون». ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: « دەیان لێپرسراوو فەرمانبەری دامەزراوە كارگێڕییەكان و چەندین كەس كە وەك بریكارو دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییكردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووەو لەلایەن هێزەكانمان بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی كۆماندۆ رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوەو دەستگیركردنیان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەدەستگیركردنی هەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵك پۆستەكانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە». لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پێشتر رایگەیاند: «كۆمەڵێك خەڵك پەیدابوون و بوونەتە مافیا بۆ كۆشك و زەوی و خانوو دوكانەكانی شارەوانی، كۆمەڵێك خەڵكی دەموچاو دووبارە پارەو سەرانە لەخەڵك وەردەگرن، بەناوی حزب و بەناوی مەسئولەوە قسە دەكەن، داوامان لەئاسایشی سلێمانی كردووە پاڵپشت و پشتیوانمان بێت، وتیشی: «قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پشتیوانمن»، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەو رێوشوێنانەی گیراوەتەبەر  ‎هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندیكرد بە لەیلا عومەر بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە. هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەهەریەك لەزەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمانیش ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن. بەوتەی سەرچاوەیەك لەناو شارەوانی سلێمانی، ئەو كەسانەی دەستگیركراون لەلایەن ئاسایشەوە سەرجەمیان لەدەرەوەی شارەوانی سلێمانی بوون، بەڵام مامەڵەیان بەزەوییەكانی شارەوانییەوە كردووە، وەك سەرچاوەكە وتی یەكێك لەو كەسانەی بەناوی (مەلا زاهیر) ناوی دەهێنرێت چەندین ساڵە مامەڵە بەزەوییەكانەوە دەكات و پێشتریش شارەوانی و ئاسایش ئاگاداربوون لەبابەتەكە، لەگەڵ هاتووچۆی سلێمانیش گرێبەستی هەبووە. هاوكات سەرچاوەیەك لەهاتووچۆی سلێمانی  بەهاوڵاتی رایگەیاند: خاوەنی گرێبەستی بەكرێگرتنی گەراجەكان‌و عەریزەی ئەلیكترۆنی هاتوچۆی سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە لەهەڵمەتە ئەمنییەكەی بافڵ تاڵەبانیدا دەستگیركراوە، مەلا زاهیر چەندین وێنەی لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و شێخ ئەحمەدی نۆكان بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی هەیە. (زاهیر تاهیر مەجید) ناسراو بە «مەلا زاهیر» یان «شێخ زاهیر» یەكێك  لەو كەسانەیە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەهەڵمەتێكی هێزەكانی (كۆماندۆ)دا لەسلێمانی دەستگیركراوە. شێخ زاهیر خاوەنی زەوی‌و گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانییە،  جگە لەمە گرێبەستی (عەریزەی ئەلیكترۆنی) بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی پێدراوە و پێشتریش بەشێك لەعەریزەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی پێدراوە. بەوتەی سەرچاوەكە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر (12:45) خولەك هێزەكانی كۆماندۆ لەگەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانی «شێخ زاهیر» ناسراو بە «مەلا زاهیر»یان دەستگیركردووە. زاهیر تاهیر چەمچەماڵی یاخود «شێخ زاهیر» ساڵی 2017 لەزیادكردنێكی ئاشكرادا بەكرێگرتنی گەراجی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ دەرچووە، ئەوانەی لەكاتی خۆیدا ئاگاداری ئەو زیادكردنە ئاشكرایە بوون‌و دەڵێن هەر لەبنەڕەتەوە بەپاڵپشتی ئیدارەی گشتیی یەكێتی زیادكردنەكە بۆ «شێخ زاهیر»‌و كەسێكی تر قۆرخكراوە‌و مەرجەكانی گرێبەستەكەشیان وەكو خۆی جێبەجێ نەكردووە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی هەرێمی كوردستان، دەزگای ئاسایش و سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی هێزەكانی 70 و دەزگای دژەتیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ، رایگەیاند: «لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زارو موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوەو چاوپۆشی لەهیچ كەسێك مەكەن لەهەر پلەو پۆستێكدا بێت.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی تەنیا لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوەو بەهاكەیان ملیۆنان دۆلارەو چەند بەرپرسێك بەنزیكەی بەبەهای زیاتر لەملیارێك دۆلار زەوییان فرۆشتووە، زۆربەشیان بەناوی هێزی ئەمنییەوە وەرگیراون. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»زەوی لەسلێمانی و لەگەرمیان و لەناوچەكانی دیكەش، بەچەندین شێواز داگیركراوە، بەشێك بەناوی نیشتەجێبوون و بەشێكی بەناوی كەسوكاری شەهیدو پرۆژەی وەرزشی و چەندین شێوەی دیكە. وتیشی: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی دەكرێت مەسەلە باڵباڵێنە نەك چاكسازی». ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكهێندراوە سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان و لەلێكۆڵینەوەداین، لەسەرجەم شارەكان دەستبەسەرداگرتنی زەوی هەیە نەك تەنیا سلێمانی». وتیشی: «ئەو زەویانەی دەستیان بەسەرداگیراوە زۆربەیان زەوی خزمەتگوزاری و نایابن، بەڵام دەستتێوەردانی حزبی رێگرە لەوەی ئەو كارە بوەستێندرێت، ئەوەی لەسلێمانیش روودەدات زیاتر ململانێی حزبییە ئەگەرنا ئەوانەی دەستبەسەركراون تەنها كەسە بچووكەكانن و تۆڕەكە ماسییە بچووكەكانی گرتووەو گەورەكانی نەگرتووە.» دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵكی گشتی تەنها پارێزگای سلێمانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو لەشاری هەولێر بەپێی نووسراوێك كەدزەیكردووەو نووسراوێكی نایاساییە زەویەكی گرانبەها كە دەكەوێتە بەرامبەر هۆتێل رۆتاناو لایەكی (٤٠ مەتری) بەرامبەر پارك و لایەكی (١٠٠ مەتری) و لایەكەی تری رێگای موسڵە، ئەگەر ٣٠٪ بكرێتە خزمەتكوزاری ئەوا دەخەمڵێنرێت مەتری (2000) دۆلار بكات، واتە بایی (700 ملیۆن دۆلار)ە بەڵام بەپێی نووسراوەكە بەنایاسایی تاپۆیان كردووەو كراوەتە موڵكی كەسێكی نزیك لەحزب. هەر لەهەولێر زەوییەك كە رووبەرەكەی زیاتر لە 400 مەترە، بەڵام بەكەمتر لە 100 دۆلار كراوە بەناوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ستێر گروپ، كەكۆمپانیایەكی حزبییەو زەوییەكە بەهای هەر مەترێكی نزیكەی دوو هەزار دۆلارە. ساڵانێكی زۆرە لەمیدیاو رایگشتیدا باس بەتاڵانبردنی زەوی و دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی لەشاری سلێمانی و پارێزگاكانی تر دەكرێت لەلایەن بەرپرسان و كەسانی دەستڕۆیشتوو، بەڵام حكومەت و دەسەڵات  هیچ هەنگاوێكیان بۆ رێگری لەم پرسە نەگرتەبەر.

هاوڵاتی دوای کەمکردنەوەی هەناردەی گازی شل لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، بەرلین بەنیازە دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە بکات، کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش نایشارنەوە، کە بڕینی گازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا دروست دەكات. کۆمپانیاى یونیبەرى ئەڵمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە ڕۆژى ٢٩ى ئەم مانگەوە بەمەبەستى پڕکردنەوەی ئەو کەمووکورتیەی، کە بەهۆى برینی غازی ڕووسیاوە دروست بووە، وڵاتەکەمان دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە دەکات. کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە بڕینی غازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا، كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا لە ناوچەکەدا دروست دەكات. ڕۆژى ٢٧ى تەمموز کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى ڕایگەیاند، بڕی هەناردەکردنى گازی سروشتی وڵاتەکەمان بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگەى بۆری گازی نۆرد ستریم ١ بۆ ٢٠٪ کەمدەکەینەوە. ڕۆژى ٢٥ى تەمموزیش کۆمپانیاى گازپرۆم ڕایگەیاند، کە لەمەودوا هەناردەکردنى غاز بۆ وڵاتانى ئەندامى یەکێتى ئەوروپا بەهۆى بوونى کێشەى تەکنیکى لە بۆرى ستریم-ى یەک بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمدەکەینەوە. ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بڵاویکردەوە، هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا لە رێگەی بۆری نۆرد ستریمەوە لەنێوان ڕۆژانى ٣١ ى ئەم مانگە تا ٢ ى مانگى داهاتوو بەهۆى کارکردن و نۆژەنکردنەوەى وێستگەی غازی ترێنت ٦٠ ڕادەگرین ڕووسیا دووەم گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنەری غاز و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، بەجۆرێک، ڕێژەى ١٧٪ ى بەرهەمی غازی جیهان، ڕێژەى ١٢٪ ى بەرهەمی نەوتی جیهان بەرهەم دێنێت .

هاوڵاتی بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا. لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت. بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات. لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت. عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە. بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە. ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن. لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە ‌كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا. وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی  2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە  بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.

هاوڵاتی به‌پێی لێدوانێکی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەیان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەداوە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە. عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقلە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٠ ملیار دۆلار و گوتی: "پێشبنی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەمان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاندووە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣١ تۆن و روونی کردووەتەوە کە یەدەگی زێڕ بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد ناکات، بەڵکو لە ماوەی درێژخایەندا زیاد دەکات. ئەمەیش لە کاتێکدایە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.

شەنای فاتیح نەبوونی سیتمێكی بانكی پێشكەوتوو بەكەلێنێكی گەورەی شێوازی حكومڕانی و بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان ناودەبرێت و بەشێكی زۆری ئەو قەیرانانەش لەهەرێمی كوردستاندا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستمی بانكی، پسپۆڕانی ئەم بوارەش دروستكردنی سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو بەئاستەم نابینن، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا حكومەتی هەرێم هەنگاوی جددی لەم بوارەدا نەناوە، هاووڵاتیانیش متمانەیان بەبانك و سیستمی بانكی لاوزە. هاوار شێخ رەئوف، بەڕێوبەری گشتی پێشووتری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «هۆكار زۆرە بۆ نەبوونی سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوو و نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بەبانك لەهەرێمی كوردستان، یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە كۆمەڵگای ئێمە كۆمەڵگایەكی ئیسلامییەو بانكە پێشكەوتووەكانیش بەسیستەمی رەبەوی كاردەكەن و لێرەدا قبوڵكردنێكی گشتی لەسەر ئەو بابەتە بەباشی دروستنابێت و بانكی ئیسلامیش بابەتێكی نوێیەو وردە وردە بەرەو پێشكەوتن دەڕوات». وتیشی: «دەستوەردانی حزبی هۆكارێكی دیكەی پێشنەكەوتنی سیستەمی بانكیە لەهەرێمی كوردستان و لەئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی بانكی نیشتیمان و ئەم بانكە مۆڵەتی هاوشێوەی بانكەكانی عێراق بۆ كاروباری بانكی دەبێت و چاوەڕوان دەكەین هەنگاوێكی باش بێت». سەرەڕای ئەم هەوڵانە هێشتا هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكەكان لەئاستێكی نزمدایەو وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش دەڵێت: لەكۆمەڵگای كوردیدا هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو نەبووەتە كولتوور كەپارە ببرێتە بانك و خەڵكی هەر لەكۆنەوە فێربووە پارەكانی لەماڵەوە دادەنێت. جەبار گۆران، شارەزای كارگێڕیی دارایی و وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەبوونی متمانەی خەڵك و سەرنەكەوتنی سیستەمی بانكی لەهەرێمی كوردستاندا بەشێكی بەهۆی ئەو قەیرانانەوەیە  كەپێشتر رووبەڕووی عێراق و هەرێمی كوردستان بووەتەوە و هەروەها دارایی هەرێمی كوردستانیش كە سەر بەحكومەتی عێراقیە و كاتێك بمانەوێت بانكێك پەیوەست بكەین بەبانكەكانی دەرەوە پێویستە لەڕێی بانكەكانی عێراقەوە بێت». وتیشی: هۆكاری كولتووری و ئاینیش كەبەشێك لەبانكەكان بەسیستەمی سووی بانكی كاردەكەن و بەشێكی هاووڵاتیان وەریناگرن و متمانەیان پێی نییە». بانكی نیشتمان لەهەرێمی كوردستان مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكیدا كەفەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: « دروستكردنی بانكی نیشتمان یەكێكە لەهەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت لەپێناو پەرەدان بەسیستەمی پێشكەوتووی بانكی لەهەرێمی كوردستان». بانكی نیشتیمان سەرمایەكەی ٢٥٠ ملیار دینارەو لەو بڕە ٢٥ ملیاری بەنەقد لەئەژمێرێكی تایبەت لەبانكی ناوەندی عێراقی لەلقی هەرێمی كوردستان دانراوەو ٢٢٥ ملیاریش عەقاراتی بانكە بازرگانییەكانەو ئەو بانكە جێگرەوەی سەرجەم بانكە حكومییەكانی دیكەیە. هاوكات جەبار گۆران باسی لەوەكرد كە لەكوردستاندا دەتوانرێت كار لەسەر سیستەمێكی بانكی باش بكرێت و سەبارەت بەبانكی نیشتیمانیش رایگەیاند: «بوونی ئەو بانكە گرنگەو سەركەوتوو دەبێت بەمەرجێك حكومەتی هەرێم سەرەتا متمانەی خەڵك بۆ بانكەكان بگەڕێنێتەوە بۆ هەر موچەخۆرێك كارتێكی بانكی بكرێتەوەو موچەكەیان بەكاش وەرنەگرن، هەروەها راستگۆیی حكومەتیش لەم پڕۆژەیەدا گرنگەو ئەو پارانەی لەبانكدا دەمێننەوە جارێكی دیكە بەگەڕبخرێنەوەو وەبەرهێنانیان تێدابكرێت، كە ئەمەش پلان و هەنگاوو ئیرادەی دەوێت و پێویستە كاری لەسەربكرێت و هەروەها روئیای حكومەت بۆ پلانی دامەزراندنی ئەم بانكە روونبێت و هیچ ئامانجێكی دیكەی لەپشتەوە نەبێت». لەجیهاندا دوو جۆر سیستەمی بانكی هەیە، ترادیشناڵ بانك كە بانكە تەقلیدییەكانن و بەسووی بانكی كاردەكەن و ئەم سیستەمە بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو جیهاندا پەیڕەو دەكرێت و پشتی پێدەبەسترێت، هەروەها سیستەمی ئیسلامی كە لەنزیكەی 100 وڵات لقیان هەیە بەتایبەت وڵاتە ئیسلامییەكان و ئەوروپا و ئەمریكاش. هاوكات، دوو جۆریش سیستەمی هەژماری بانكی هەیە، سیستەمی خەزنكردن و سیستەمی وەبەرهێنان. فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم دەڵێت:  حكومەت مەبەستیەتی كە بەزووترین كات دروستكردنی بانكی نیشتمان تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانن سولفەیەك لەبانكی ناوەندی عێراقی وەربگرن بەپێی ئەو رێنماییانەی هەیانە، لەبەرئەوەی كوردستان بتوانێت پێشینەكانی فەرمانبەران و خانووبەرەو كشتوكاڵی و پیشەسازی و قەرزی نیشتەجێكردن بكەنەوە، بەهۆیەوە هاووڵاتیان سوودمەند بن و هەروەها هاوشێوەی بانكە ئەهلییەكان بانكی نیشتمانیش ببەسترێتەوە بەبانكە جیهانییەكانەوە. ئابووریناسێك: نەبوونی متمانە خەڵك ناچاردەكات پارەكەی لەماڵەوە دابنێت ئەیووب سماقەیی، مامۆستا لەكۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوری زانكۆی سەڵاحەدین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «كۆمەڵێك هۆكار وایانكردووە كە خەڵكی متمانەیان بەدارایی دەوڵەت بەگشتی و لەناویشیاندا بەسیستەمی بانكی لەهەرێمی كوردستاندا نەمێنێت، ئەوانیش: 1-سیاسەتی دارایی بەگشتی سیاسەتێكی ناڕوونە. 2-بودجەی گشتی لەوڵاتدا نییە. 3-سیستەمێكی بانكی روون لەهەرێمدا نییەو نەبەستراوەتەوە بەسیستەمی بانكی عێراقی و جیهانی. 4-هۆشیاری بانكی لای خەڵكی لەئاستێكی نزمدایە. 5-بانكەكان لەهەرێمی كوردستاندا بوونەتە سندووق یان بریتین لەچەند قاسەیەك و پارەیان تێدا حیجز دەكرێت.» وتیشی: «ئەم هۆكارانە وایانكردووە تەنانەت هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكی ئیسلامیش نییە و بانك لەبنەڕەتدا بۆ ئاسانكاری و وەبەرهێنان و پاشەكەوت و كڕین و فرۆشتن دامەزراوە». هەروەها ئەیووب سماقەیی باسی لەوەشكرد:»بانكەكانی كوردستان ناسنامەیەكی دەوڵەتی یان حكومیان نییە بەڵكو ناسنامەی ناوچەیی و شەخسی و حیزبیان هەیە، كەئەوەش متمانە لای هاوڵاتیان دروست ناكات، بەڵام ئەگەر بانكێكی حكومی بێت و دەوڵەت خاوەندارێتی بكات خەڵك متمانەی پێدەكات. « هەروەها هاوار شێخ رەئوف بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: « بەهۆێ كێشمەكێشمی سیاسییەوە هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكەكان نییەو هەر وڵاتێكیش هەلومەرجێكی سیاسی ئارام و بێكێشەی نەبێت خەڵك متمانە بەبانكەكان ناكات و ناچێت پارەكانی بخاتە بانكەوە و لەماڵەوە لەنزیك خۆیەوە دایدەنێت و هەركات بیەوێت دەستی پێی دەگات».

هاوڵاتی پارێزگای ئەنبار لەئێستادا دوای نەمانی داعش و دەركردنی ئەندامانی ئەو رێكخراوە تیایدا لەگەشەو ئاوەدانیی سەردەمی خۆیدا دەژی و زۆربەی شارەكانی ئاوەدانكراوەتەوەو دەستی خزمەتگوزاری پێگەیشتووە. ئەم پارێزگایە كە بەدەوڵەمەندی سەرچاوە  سروشتییە جۆراوجۆرەكانی بەناوبانگە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە پشتگوێخراوە، تەنیا گرنگی بەنەوت دراوە  تیایدا لەكاتێكدا چەندین جۆر كانزاو فۆسفات و سەرچاوەی دیكەی سروشتی تیادایە. پارێزگای ئەنبار كەوتووەتە رۆژئاوای عێراقەوە، لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای عێراقەو  (1/3)ی هەموو رووبەری عێراق پێكدەهێنێت. لەئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدات كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی بكات بەهاوبەشی خۆی لەدۆزینەوەو وەبەرهێنانی غازدا لەو كێڵگە تازانەی كەوتوونەتە رۆژئاوای ئەو پارێزگایەوە، ئەم پرۆژەیەش ئەگەر سەربگرێت بەگەورەترین پرۆژە لەعێراقدا دادەنرێت و بەپێی لێكۆڵینەوەكان پێشبینیدەكرێت قەبارەی ئەو غازە تیایدا  53 ترلیۆن پێ سێجا بێت. چەند سەرچاوەیەكی فەرمی حكومەت جەختیان لەوەكردووەتەوە كەوەزارەتی نەوتی عێراق چەندین شوێنی دیكەی لەو پارێزگایەدا دەستنیشانكردووە كە نەوتی تیادایە وەك ناوچەكانی سەرسارو رۆژئاوای رومادی، بەڵام قەبارەو بڕەكانیان ئاشكرا نەكردووەو باسیشیان لەوە نەكردووە كەی دەستدەكەن بەوەبەرهێنان تیایدا. د.خەلدون بەسامی بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای كەشفی جیۆلۆجی لەو پارێزگایە دەڵێت: هەموو دۆزینەوە كانزاییەكان لەعێراقدا هەر لەساڵی 1966ەوە بەدەستی عێراقییەكان ئەنجامدراوە، هەروەها كەشفكردنی ئەوەی یەكەمی عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەبواری یەدەگی كبریت دووەمی عێراق لەبواری یەدەگی فۆسفات لەجیهاندا لەدوای وڵاتی مەغریبەوە لەلایەن عێراقییەكان خۆیانەوە بووە، ئەویش لەچوارچێوەی دەستنیشانكردنی ئاستی یەدەگی كانزاكان لەساڵی 1986ەوە بۆ ساڵی 1990 كەتوانیمان 10 ملیار تۆن فۆسفات كەشفبكەین، وتیشی: كۆمپانیاكە كار بۆ گەشەپێدانی یەدەگەكان دەكات بەتایبەت لەبواری كاڵای سەرەتایی لەپیشەسازی چیمەنتۆداو تەنانەت چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتیش لەو بوارەدا وەبەرهێنانیان كردووە. لەپارێزگای ئەنبار كێڵگەی عەكازی غازی هەیە كەهێشتا وەبەرهێنانی تیادا نەكراوەو گەورەترین كێڵگەی غازییە لەعێراق، بەپێی پێشبینییەكانیش زیاتر لە 5 ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی تیادایە، كۆی گشتی غازیش لەبیابانی ئەنبار بە 53 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت. بۆ ئەوەی لەمانای ئەم ژمارەیە تێبگەین، ئەوا ئەم ژمارەیە 15 هەزار جار هێندەی ئەو غازەیە كەعێراق لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، واتە ئەم غازەی ئەنبار بەشی 40 ساڵی عێراق دەكات. بەبڕوای شارەزایانیش وەبەرهێنانكردن لەناوچەی عەكاز كە یەدەگەكەی نزیكەی 6 ترلیۆن پێ سێجایەو لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، بەهۆی چەندین هۆكارەوە نەتوانراوە وەبەرهێنانی تیادا بكرێت دەبێتە دەروازەیەكی فراوان بۆ كۆمپانیاكانی تر بۆ وەبەرهێنانكردن لەسەرچاوە سرووشتییەكانی دیكەدا. سەرچاوە فەرمییەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كەكاركردن لەو ناوچانە بەردەوامی هەیەو چەندین تیمی وەزارەتی نەوت خەریكی گەڕان و رووپێویكردنی زەوییەكانی ناوچەكەن بەرلەوەی بڕۆنە قۆناغی هەڵكەندنی بیری نەوت و كێڵگەی غازی. بەپێی رووپێوییە هایدرۆكاربۆنییەكانیش لەو ناوچەیەدا ئاماژەی ئەوە هەیە كەبڕێكی زۆر غازو نەوتی تێدایە، بەڵام ئاماژەكان زیاتر بۆ ئەوە دەڕۆن كە غازی زیاتر تێدابێت و گفتوگۆش لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانیی بەناوبانگدا بەردەوامی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەو كێڵگانە. بەڵام بەبڕوای شارەزایان گەورەترین بەربەستێك بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا دروستببێت بواری ئەمنی و بوونی گرووپە چەكدارەكانە، ئەمەش وەهایكردووە كۆمپانیا گەورەكان چاو بەكاروبارەكانیاندا بخشێننەوە لەعێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لەپارێزگای ئەنبار، ئەمە جگە لەڕۆتین و گەندەڵی ئیداریش كە ناهێڵن پرۆژەكان بەچاكی بەڕێوەبچن. لەلایەن خۆیەوە حكومەتی خۆجێی ئەنبار جەخت لەباشبوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە دەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات بانگهێشتنامەیان بۆ كۆمپانیا گەورەكان لەبواری وەبەرهێناندا ناردووە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەبواری نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی  و كارەبادا ئەنجامبدەن، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لەپارێزگاكەدا هاوكاردەبێت لەخستنەگەڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار دەستی كار لەپارێزگای ئەنبار.

هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا هەردووكیان مەیلی گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی هەیە بەڵام ئەوانەی زیاتر لەهەموو كەسێك چاوەڕوانی زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنەن دانیشتوانی ئێرانن كەپێنج ساڵە خراپترین دۆخی ئابورییان لەمێژووی ئەو وڵاتە ئەزموون كردووە. وڵاتی چین رایگەیاندووە كشانەوەو راگرتنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم زیانی 200 ملیار دۆلاری لەئەمریكاو زیانی 500 ملیار دۆلاری لەئێران داوە. ئەمریكا پێش ئەوەی دەست بەسزا ئابورییەكانی لەدژی ئێران بكات لەساڵی 1979 بەبڕی چوار ملیار دۆلار كاڵای رەوانەی ئێران كردووەو لەبەرامبەردا بڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار كاڵای لەئێرانەوە هاوردە كردووە واتە ئاستی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەو سەردەمەدا و 43 ساڵ پێش ئێستا نزیكەی شەش ملیار دۆلار بووە كەبەراورد بەئێستا رەنگە ژمارەیەكی زۆر گەورە بێت. ئاستی بازرگانیی ئێران و ئەوروپاش لەسایەی سزاكانی ئەمریكا بووەتە مایەی خێر بۆ توركیا، بەوتەی بەرپرسانی ژووری بازگانیی ئێران، وڵاتەكەیان لەپێنج مانگی ئەمساڵدا بەبەهای 464 ملیۆن دۆلار كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە لەكاتێكدا توركیا هەر لەو ماوەیەدا 40 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی ئەوروپا كردووە بەوەش ئەو وڵاتە 87 هێندەی ئێران كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە. تەنها یەك رۆژ دوای كۆتایی دوایین خولی دانوستانەكانی ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكان نرخی هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی ئێران لە 32 هەزار تمەنەوە بۆ 31 هەزار دابەزی بۆیە گومانی تێدا نییە رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم باری گرانی ئابوریی لەسەر شانی دانیشتوانی ئێران كەمتر دەكاتەوە. ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەبێتە هۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی یاسای فرۆشی نەوت و غازی ئێران كە پێشتر ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار داهاتەكەی بووەو هاوكات ئەو وڵاتە دەتوانێت دەستبكاتەوە بەبازرگانیی لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان. بانكی جیهانی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووە كە ئێران لەسێ ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی لەمێژوی وڵاتەكەیدا تۆمار كردووە ئەگەر گۆڕانكاریی لە داهات و سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتەدا روونەدات ئەوە بەتەواوەتی لەگەشەی ئابوریی دەوەستێت. ئێران پلانی هەبووە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2015 ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ 7% دابەزێنێت بەڵام ئاستی ئێستای هەڵاوسانەكەی دەگاتە 52 بۆ 85 لەسەدا. سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەچەندساڵی رابردوودا وایكردووە بانكی ناوەندیی ئێران نەتوانێت ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان بكات و هەر ئەوەش وایكردوە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە تالێواری هەڵدێر ببات و بەوتەی بەرپرسانی ئەو بانكە: لەسێ ساڵدا ئاستی هەڵاوسان لە 12% بۆ زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە. دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2018 لەرێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە زیاتر لە (122) ملیار دۆلاری ئێران لەبانكەكانی جیهان بلۆككراو دوای دوو ساڵ لەهەوڵەكانی تاران تەنها چوار ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی ئێران گەڕایەوە كەئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی جارێكی دیكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو پارەیە ئازاد دەكرێت و ئاهێك بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە. شەوی دووشەممە (15/8/2022) ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپای دایەوە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەڵام جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ستایشی وەڵامدانەوەكەی تاران، رایگەیاند؛ ناتوانێت ناوەڕۆكی وەڵامەكە ئاشكرابكات و ئەوان تەنها دەیانەوێت لایەنەكان لەیەكتر نزیك بكەنەوە. ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای رادەستكردنی وەڵامی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا رایگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پابەندبوونی لایەنەكانە بەبەردەوامبونی رێككەوتنی ئەتۆمیی و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە دڵنیایی بدرێت كە جارێكی دیكە هیچ لایەك لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە. بەرپرسانی تاران بەبەردەوامیی جەختیان لەدوو داواكاری كردوە كەیەكێكیان بریتیە لەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت و داواكاریی دوەمیشیان ئەوەیە چیتر بەئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتەكان لەناوخۆی ئەمریكا تاكلایەنە بڕیار لەكشانەوە لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە نەدرێت وەك ئەوەی دۆناڵد ترمپ سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە لەساڵی 2018 كردی. رۆبەرت مالی، پسپۆڕی ئەمریكی بۆ كاروباری ئێران رایگەیاندوە: كێشەی سەرەكیی ئەوەیە تاران داوای كردووە نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چیتر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بخاتە ژێر گومانەوە و پاشگەزببێتەوە لەچاودێرییە وردەكانی وێستگە ئەتۆمییەكان. مالی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پاكانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەرببڕێت ئەوا ئەمریكا واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە دەكات، بەڵام ئێران و ئاژانسی ئەتۆم ناكۆكیان هەیەو ئاژانس پێداگریی دەكات كەئێران وردەكارییەكانی ئەم دواییانەی زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5% بۆ 60% ئاشكرانەكردووەو رادەستی ئەو ئاژانسەی نەكردووە. ئێران داوای داخستنی سێ دۆسیەی لەئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە بەپێی راپۆرتەكان سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی نایاسایی و تەشەنەكراوی تێدا بەدی كراوە. ئەو بەرپرسەی ئەمریكا وتوویەتی» تا ئەوكاتەی واشنتۆن و تاران لەسەر هەموو شتەكان رێككنەكەون وەك ئەوە وایە لەسەر هیچ شتێك رێككنەكەوتبن». لەلایەكی دیكەوە: جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە: هیچ بڕگەو بابەتێكی دیكە نەماوە بۆ دەقی ئەو رەشنووسەی بەمەبەستی گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئامادەكراوە تەنها ئەوەی ماوەتەوە واژۆكردنی لایەنەكانی بەشداری ناو رێككەوتنی ئەتۆمییەكەی ئێران و (ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا + ئەڵمانیا)یە.

سەركۆ جەمال لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری راگیراون، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت زیاتر لە 300 كۆمپانیاو نووسینگە بەهۆی باجی حكومەتەوە مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەوتەی ئەندامێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش ترلیۆنێك دیناری بەڵێندەران لای حكومەتە كەزیاتر لە 800 ملیاری پارەی بەڵێندەرانی سلێمانییە. سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تائێستا مەسەلەی مایەپووچ بوون وەك خۆی باس نەكراوە، ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێننەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باج و رسوماتەی دەخرێتە سەریان ئەمەش مانای مایەپوچ بوون نییە». «حكومەت یەك ترلیۆنی بەڵێندەران قەرزارە» ناجی شێخ عیزەدین سەرمایەدارو ئەندامی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەزار و 500 پرۆژە لەهەرێمی كوردستان راگیراون كەزیاتر لەهەزار پرۆژەیان لەسلێمانین، یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەرانیش لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، جگە لەو پارە لاوەكیانەی لەنێوان بەڵێندەران و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، تەنها بەڵیندەرانی سلێمانی نزیكەی 800 ملیار دیناریان لای حكومەتە». «ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە بۆ پرۆژە و وەبەرهێنەرو بەڵێندەران» میران كامیل وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە، حكومەت تەنیا مووچەی داوەو ئاوڕی لەبەڵێندەران نەداوەتەوە، لەكاتێكدا پرۆژەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، بەپێی داتاكان لەساڵێكدا زیاتر لەهەزار پرۆژە هەبووە كە 100 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، ئێستا ئەو ژمارەیە بێكارن». بەوتەی میران كامیل «لەسلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژە راگیراون، بەپرۆژەی بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنانیشەوە، تەنانەت ئەو پرۆژانەی ئەمساڵیش راگەیەندراون پارە نییە بۆیان دابین بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەڵێندەری دیكەش مایەپوچ بێت و پرۆژەكانیان رابگیرێت». وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت:» لەسلێمانی نزیكەی هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون لەكاتێكدا هەزارو 242 بەڵێندەر لەسلێمانی هەن، بەهۆیەوە نزیكەی 100 هەزار كەس بێكاربوون». لەهەولێرو دهۆك چەند پرۆژە راگیراون؟ بەپێی ئەو داتایەی هاوڵاتی لەدەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەستیكەوتووە، لەهەولێر پرۆژەكان لەلایەن هەزارو 559 بەڵێندەرەوە جێبەجێدەكرێن، بەڵام تائێستا زیاتر لەهەزارو 200 پرۆژە لەهەولێر راگیراون، ئەو پرۆژانەش كەحكومەتی هەرێم ئەمساڵ تەواویكردوون مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و 400 و پرۆژەن، ئەو پرۆژانەش كەئێستا بەردەوامن لە 10% بۆ 20%ی شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە. لەكابینەی نۆدا نزیكەی 200 پرۆژە تەواوكراون، بەڵام لەبەرامبەردا 400 پرۆژە راگیراون و زیاتر لە 350 ملیار دیناریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەدهۆكیش نزیكەی 200 پرۆژە وەستاون و بەڵێندەران 181 ملیار دیناریان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بەپێی ئەو داتایانەی هاوڵاتی لەوەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە دەستیكەوتوون، لەسلێمانی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا جگە لەساڵی 2022 ، نزیكەی 900 بەڵێندەر مایەپوچ بوون، زۆربەی ئەو مایەپوچ بوونانە بۆ ساڵی 2014و ساڵی 2020 دەگەڕێنەوە یەكەمیان شەڕی داعش تێیدا روویداو ئەوی دیكەشیان كۆرۆنا تێیدا سەریهەڵدا، لەساڵی 2022 ش 70 پرۆژەی نوێ لەسلێمانی حكومەت بڕیاریداوە دروستیانبكات، بەڵام ئەوانیش كێشەی پارەداركردنیان هەیە كەیەكێكیان رێگای سەرەكی كەلار- سلێمانییە. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پرۆژەكان دەستی دەستییان پێدەكرێت رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» كێبڕكێیەكی زۆر دروستبووە لەنێوان پڕۆژەكانی سلێمانی و هەولێردا، كێبڕكێكە بۆ پێشخستن نییە، بەڵكو لەپێناو ئەنجامنەدان و كەوتنیەتی، كام زۆن دەسەڵاتی لاهەبوو، ئەوەیان زیاتر سزای زۆنەكەی تر دەدات، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت لەپارتییەو لەهەولێرە دەسەڵاتەكانی زیاتر چڕبووەتەوەو زۆبەی پۆستەكانی حكومەت لەئەندامانی حزبەكەی خۆیەتی و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە سزامان بدەن، جارجار هەندێك پڕۆژەی بچووك جێبەجێ دەكەن كە وا خۆیان نیشاندەدەن دڵسۆزی سلێمانین». رەمەزان نامیق دەڵێت:»هەرچەندە ناوەناوە بەردی بناغەی پڕۆژەیەك دادەنرێت، بەڵام دواتر یان پشتگوێ دەخرێت، یان لەكاتی جێبەجێكردنی بودجەكەی بۆ خەرج ناكرێت، بۆ نموونە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان كە50%ی تەواو بووە، بەڵام تەنها 3%ی بودجەكەی بۆ خەرجكراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی :»پڕۆژەكانی سلێمانی لە دوو هۆكار بەدەر نییە، یەكەم دەستی دەستی پێكردنی پڕۆژەكانی سلێمانییە، كاتێك پڕۆپۆزەڵی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێشكەش كرا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر نەبوو، ئێستا شەقامی 150 مەتریش لەهەولێر جێبەجێكراوە، پردی دووساید‌و تونێل دروستدەكرێت و شەقامەكان لەهەولێر فراوان دەكرێن، ئەمانە هەمووی لەقۆناغی قەیرانی دارایی دەكرێت، قەیرانی داراییان تەنها بەسەر پارێزگای سلێمانیدا سەپاندووە، بەڵام سوودیان بۆ خۆیان لێ بینیوەو پڕۆژەكانی هەولێریان جێبەجێ كردووە». رەمەزان نامیق وتیشی: «حكومەت فێڵێكی دیكەی كردووەو هەموو ئەو پڕۆژانەی سلێمانی كە دروستدەكرێت لەسەر داهاتی سلێمانییە بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێتی داهاتی نەگەڕاندەوە، ئەوكات ئەنجامەكەی ئەوەیە كە پڕۆژەكانی سلێمانی تەواو ناكرێت». سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «دیاردەیەك دروستبووە كە كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنەوە چونكە بەرگەی ئەو پارەیە ناگرن كە وەك باج خراوەتەسەریان، چونكە حكومەت رسوماتێكی بێ بنەما لەخەڵك وەردەگرێت و كۆمپانیا یان ئەو شوێنە ناچار دایدەخات، لەمێژووی ژووری بازرگانی شتی وا رووینەداوە وەك ئەمساڵ كە ئەو هەموو كۆمپانیاو نوسینگەیە دابخرێت، ئەویش بەهۆی رێنمایی نوێی وەزارەتی داراییە». وەك سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: «بەوهۆیەوە سەدان بەڵێندەر پرۆژەكانیان راگرتووەو پارەیان پێنەماوە تابەردەوامی پێبدەن، تەنها ئەمساڵ 330 نوسینگەو كۆمپانیا لەسلێمانی مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە هەلی كاركردن بۆ كۆمپانیا بچوكەكان و بەڵێندەر نەهێڵدراوەتەوە». پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راگرتنی پرۆژەكان بەتایبەت لەسنووری سلێمانی پێكهێناوە، لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەكەیە كەهاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیژنەیەی پێكمان هێناوە لەهۆكاری راگرتنی پرۆژەكانی سلێمانی دەكۆڵێتەوە، بەڵام جارێ راپۆرتەكەمان تەواو نەكردووەو بڕیارە تا 1-9-2022 تەواوی بكەین». لوقمان وەردی وتیشی:»تا ئەوكاتەی راپۆرتەكە رادەستی پەرلەمان دەكەین ناتوانین لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتەكە زانیاری بدەین، بەڵام داوامان كردووە پەرلەمان لەسەر راگیرانی پرۆژەكان و بەتایبەتیش ئەو پرۆژانەی سلێمانی كۆبوونەوە بكات».

هاوڵاتی بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپیک، عێراق بە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پابەنددەکات، وڵاتەکەی بۆ مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە رۆژێکدا بۆ سەروو چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزدەکاتەوە. لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، عێراق پابەندە بەبڕیاری رێکخراوی ئۆپیک و ھاوپەیمانەکانی لەبارەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام ئەو زیادکردنە کاریگەریی لەسەر یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاو نابێت. عەلا یاسری وتیشی، مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق بە تێکڕا بۆ چوار ملیۆن و ٦٦٣ ھەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە، راشیگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە و داھاتەکەشی ١٠ ملیار و ٥٤١ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار و ٢٥٨ دۆلار بووە. جێگای ئاماژەیە عێراق دەیەوێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ بەھاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە عێراق کاردەکەن بەرھەمھێنانی نەوت بگەیەنێتە ھەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لەبازاڕەکانی جیهاندا داهاتی نەوتی عێراق زیادبووە ئەمەش وایکردووە کورتهێنانی بودجەی پێپڕبکاتەوە. ڕێکخراوی ئۆپێک، لە مانگی رابردوودا، هەناردەی نەوتی خۆی رۆژانە بە نزیکەی 216 هەزار بەرمیل زیاد کرد، بەمەش هەناردەی رۆژانەی ئۆپێک بۆ 28 ملیۆن و 896 هەزار بەرمیل زیاد بوو. ئەمەش بە زیادکردنی هەناردەی حەوت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک بەدیهات، کە عێراق یەکێکیانە.  

هاوڵاتی دۆخی ئابوریی و مرۆیی لەئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی رەئیسی پاشەكشێی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەجۆرێك لەیەك ساڵی تەمەنی سەرۆك كۆماری ئەودا هەڵاوسان بۆ نزیكەی 60% بەرز دەبێتەوە و وڵاتەكەش چووەتە ریزی 10یەمین وڵاتی جیهان لە رووی هەڵاوسانی ئابورییەوە. بانكی جیهانی ئاشكرای كردووە لەماوەی 43 ساڵی رابردوودا ئێرانییەكان بەڕێژەی 30% هەژارتربوون و تەنها لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2020 سەرمایەكانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 40% دابەزیوە. یەك ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران تێدەپەڕێت كە بڕیاربوو حكومەتێكی شۆڕشگێڕ لەئابوری و دادپەروەریدا بخوڵقێنێ، بەڵام ئامارەكانی ناوخۆی وڵاتەكە باس لەقوڵبوونەوەی قەیرانە ئابورییەكان و خراپبوونی دۆخی مرۆیی دەكەن بەتایبەت كە لەسەردەمی ئەودا زۆرترین كەس بەراورد بەساڵانی رابردوو لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون. ئێران لەئێستاداو لەسەردەمی رەئیسی بووەتە خاوەنی زیاتر لەپێنج ترلیۆن  تمەن دراوی چاپكراوەو تەنها لەسەردەمی ئەودا 40% پارەی چاپكراو زیادی كردووە كەئەوەش ئاماژەیەكی دیكەی نزیكبوونەوەیە لەلێواری داڕمانی ئابوریی. رەئیسی هیوای ئابوریی ئێران لەگۆڕدەنێت سەرۆك كۆماری ئێران لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنیدا هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ كەمتر لە 18% دابەزێنێت، لەئێستا ئەو رێژەیە لەهەڵاوسانی تاسنوری 60% بردووە.  لەتەمەنی ساڵێكی كابینەی حكومەتی رەئیسی لەئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكە لە 33٪ بۆ 56٪ بەرزبووەتەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران كەساڵێك پێش ئێستا بەبەڵێنی دادپەروەریی و نەمانی هەژاریی كابینەكەی دامەزراندو دەسەڵاتی وڵاتەكەی گرتەدەست  بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوریی رووبەڕووی رەخنەی یارو نەیار بووەتەوە. كارنامەی ئابوریی رەئیسی بەئاستێك خراپ بووە كە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وەك دۆستێكی دێرینی رەئیسی حاشای لەوە نەكردووە كەئابوریی وڵاتەكە لەسالێكدا پاشەكشێی گەورەی كردووەو كارنامەی حكومەت لەو بوارەدا خراپبووە. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران لە 19 مانگی رابردوودا هەڵاوسانی ئابوریی لە 30٪ زیاتر بووە و لەئەمساڵیشدا هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لەسەدا 52٪. دەستبەكاربوونی رەئیسی وەك سەرۆك كۆمار هاوكات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان بۆ زیاتر لە 85%. لەماوەی ساڵێكیشدا  نرخی زەیت لەئێران بەڕێژەی 285٪ بەرز بووەتەوەو نرخی نانیش بۆ دوو هێندە زیادیكردووەو دۆخەكە بەوانەشەوە نەوەستایەوە نرخی هەر دۆلارێكیش 25٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەر تمەن لەبازاڕەكانی وڵاتەكە زیاتر 30 هەزار تمەنە. پێشتر دۆلار بەناوی دۆلاری حكومی رادەستی بازرگان و هاوردەكارانی كاڵاو پێداویستییە خۆراكییەكان دەكرا كەنرخی هەر دۆلارێك بەچوار هەزارو 200 تمەن بوو، بەڵام حكومەتەكەی رەئیسی بەلابردنی ئەو دۆلارە لەبودجەی وڵاتەكەدا بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی ماددە خۆراكییەكان و ئەو دەرمانانەی لەوڵاتانی جیهانەوە بەناچاری هاوردە دەكران. سەرۆك كۆماری ئێران خۆی دانی بەوەدا ناوە یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان لابردنی ئەو دۆلارە حكومییە بووە لەبودجەی ئێراندا. ئێران بەهۆی ئەو هەڵاوسانانەی كە لەسەردەمی رەئیسیدا تێیكەوتووە چووەتە ریزبەندی 10یەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین هەڵاوسانی تۆماركردووە. توانای كڕین و سك هەڵگوشین ناوەندی تووێژینەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی ئێران بڵاویكردووەتەوە رێژەی بێكاریی و هەژاریی لەماوەی رابردوودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و بژێویی خەڵكیش لەڕووی خۆراكەوە زۆر خراپ بووە. بەپێی راپۆرتی ئەو ناوەندە رێژەی ساڵانەی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت بۆ هەر دانیشتویەكی ئێران لە 13 كیلۆوە بۆ شەش كیلۆ كەمی كردووە و هاوكات خواردنی برنج لەساڵێكدا لە 44 كیلۆ بۆ 35 كیلۆ كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی توانای كڕینەوە بووە.  چاپكردنی دراو، تمەن رزگار ناكات لەساڵی 2018و دوای كشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (ئەمریكا، روسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانا لەگەڵ ئەڵمانیا) كە بە 5+1 ناودەهێنرێن، ئێران بەبەردەوامی ناچاربووە پارەی چاپكراو زیادبكات، بەڵام رەئیسی رایگەیاند دژی ئەو هەنگاوو پلانەی حكومەتی پێشووەو هەوڵی كەمكردنەوەی چاپی تمەن دەدات. بەپێی ئامارەكان رێژەی دراوی چاپكراوی تمەن لەساڵێكی دەستبەكاربوونی رەئیسیدا 40% زیادی كردووەو ئێستا كۆی پارەی چاپكراوی ئێران گەیشتووەتە پێنج ترلیۆن و 104 ملیار تمەن. ئەگەرچی میدیاكانی نزیك لەسەرۆك كۆماری ئێران هەوڵدەدەن رەئیسی لەماوەی ئەو یەك ساڵەدا بەسەركەوتوو پیشانبدەن، بەڵام بەپێی ئامارەكانی خودی ئەو میدیایانە ئابورییەكەی رەئیسی تەنها لەیەك مانگی ساڵدا توانیویانە رێژەی زیادكردنی دراوی چاپكراوی تمەن كۆنتڕۆڵ بكەن، بەزمانێكی دیكە لە 11 مانگدا چاپكردنی پارە بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵاوسان هەر بەردەوام بووە. دانەوەی قەرزی بانكی ناوەندیی ئێران بەدەستی حكومەت بڕی 49 ترلیۆن و 631 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 911 دۆلار رەنگە تەنها دەستكەوتی رەئیسی بووبێت كە حاشای لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە حكومەت رایگەیاندووە سەرجەم قەرزە بیانییەكانی ئێران هەشت ملیارو 675 ملیۆن دۆلارەو بەبێ ئەوەی روونیبكاتەوە چ رێژەیەكی لەو قەرزە داوەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە هەوڵدراوە ئەو قەرزانەش كەمبكرێنەوە لەكاتێكدا ئەو پارە بلۆككراوانەی ئێران كە بڕیاربوو لەبانكەكانی جیهان ئازدبكرێن لەنێوان هەشت بۆ 20 ملیار دۆلار بووەو حكومەتیش هیچ وردەكارییەكی ئاشكرا نەكردووە.