ژیر طارق فاتح وشەی دیموکراسی لە هەردوو زاراوەی یۆنانی کۆن "دیمۆس" کە بە واتای (گەل) دێت و "کراتۆس" کە بە واتەی (دەسەڵات)دێت، وەرگیراوە، کە پێکەوە دەکاتە دەسەڵاتی گەل. ئەم چەمکە لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتاییترین فۆڕمی دیموکراسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لە دەوروبەری سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا سەریهەڵدا، کە هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی وڵاتدا دەکرد. ئەم فۆڕمە لە دیموکراسی پێی دەوترا دیموکراسی ڕاستەوخۆ و ڕێگەی بە پیاوە ئازادەکان دەدا دەنگ لەسەر یاسادانان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بدەن، هەرچی ژنان و کۆیلە و هاوڵاتیانی بێگانە بوون، بۆیان نەبوو بەشداربن تێیدا. بە تێپەڕبوونی کات، سیستەمی دیموکراسی گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی دیموکراسی نوێنەرایەتی لە سەدەی ١٨دا. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا، نوێنەران هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لەبری خۆیان بڕیار بدەن، کە دواتر بوو بە مۆدێلێک لە ئاستی جیهانیدا بڵاوبووەوە و خۆی لەگەڵ چوارچێوە کولتوورییە جیاوازەکاندا گونجاند. ئەمڕۆ دەنگدان چەندین شێوەی هەیە، لەوانە؛ نوێنەرایەتی ڕێژەیی و دەنگدانی هەڵبژاردنی پلەبەندی، کە هەریەکەیان شێوازی جیاواز پێشکەش دەکەن بۆ ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک. لە ئێستادا دەنگدان مافێکی بنەڕەتییە و بەردی بناغەی حوکمڕانی دیموکراسییە. دەسەڵات دەدات بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر حکومەتەکەیان هەبێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن. لە هەلومەرجی هەنووکەی کوردستاندا گرنگی دەنگدان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە تەحەددایەکی مێژوویی و گرنگی سیاسییدا دەڕوات و سەرجەمی پێکهاتەی دەسەڵات پێویستی بە گۆڕنکاریی ڕیشەیی هەیە. لە کاتێکدا لە کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکرێت، پێویستە هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن کە کردەی دەنگدان و بەشداریکردن واتە خواستی بەکۆمەڵ بۆ سەربەخۆیی و سەقامگیری و بەرجەستەکردنی ئیرادەی گۆڕانکاریی. هەر دەنگدانێک بەڵگەی پابەندبوونی خەڵکە بۆ داڕشتنی داهاتووی خۆیان و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسیەکان. بە تایبەت بۆ ئەم بارودۆخەی هاوڵاتیانی کوردستان، دەنگدان دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی حوکمڕانی کە بە باشترین شێوە خواست و داواکانی خەڵک و هاوڵاتیان بەرجەستە بکەن. جگە لەوانەش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا وادەکات پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکڕیزی دەستەبەر ببێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە فرەچەشنی و ئاڵۆزی پێکهاتەکانییەوە تایبەتمەندە. کورد بە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، مافی چارەی خۆنووسینی خۆی دووپات دەکاتەوە و بەشداری دەکات لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی جیاوازدا کە شەفافیەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. لە کۆتاییدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ناکرێت گرنگیی دەنگدان لە کوردستاندا تەنیا لە ئاستی بانگەشەدا زیادەڕەوی تێدا بکرێت. چونکە هەڵبژاردن تەنها مومارەسەی ئەرکێکی مەدەنی و دیموکراسی نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی ژیانییە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی خەڵک لە هۆڵەکانی دەسەڵاتدا دەنگ دەداتەوە. بەشداریکردن و بە جێگەیاندنی ئەم ماف و ئەرکە دیموکراسییە، بناغەی حوکمڕانی پتەوتر دەکات و ڕێگا بۆ ئایندەیەکی گەش و دواڕۆژێکی شایستە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان خۆش دەکات.
هاوڵاتی پەیامنێری سکای نیوز لە لوبنان، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی سەربازی لوبنان، هەواڵی کردنەئامانجی عەلی کرکی لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت بڵاوکردەوە و دەشڵێت، گیانی لە دەستداوە، بەڵام بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز تا ئێستا چارەنووسی نادیاره. سوپای ئیسرائیل لەوبارەیەوە دەڵێت، ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە چەند موشەکێکێکیان ڕەوانەی چەند شوێنێک کردووە بۆ کوشتنی گەورە بەرپرسی حیزبوڵا، ئامانجی هێرشەکە لە بەیروت عەلی کرکی فەرماندەی میحوەری باشوورە و کەسی سێیەمی سەرکردایەتی حزبەکە بووە.
هاوڵاتی پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، بڕیارە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى سلێمانى بکات و لەگەڵ بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكان کۆببێتەوە و پرسى بانگەشەى هەڵبژاردن تاوتوێبکەن. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، وتی، بەرنامە هەیە هاوشێوەى کۆبوونەوەکانى لە هەولێر و دهۆک، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سلێمانى بکات و لەگەڵ بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكان کۆببێتەوە. نێچیرڤان بارزانى، لە رۆژانى ١٥ تا ٢٢ ئەیلول لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانى سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک و ئیدارەى زاخۆ کۆبووەتەوە هەروەها سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا داكۆكى له گرنگيى سهرخستنى ههڵبژاردن و بهڕێوهچوونى شارستانييانهى بانگهشهى ههڵبژاردن كردوه.
هاوڵاتی بەهۆى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەیانەوە لە دەریای ئیجە، سێ کۆچبەر خنکان و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنوس، توانا عومەر کە ئاگاداری پرسی کۆچبەرانە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە کەناری دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نوقوم بوو و تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن. باس لەوەش کرد، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندوە، تائێستا پێنج کۆچبەرێکیان رزگار کردووە. وتیشی، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن چوار کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان و هەلیکۆپتەرێکەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جێی ئاماژەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٥ تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٥٩١ کەس لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە ٣٤٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٨ـیشیان بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون. ئەمڕۆ دووشەممە، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، بەشێوەیەک 6 حاڵەت لە هەولێر و 3 حاڵەت لە سلێمانی، 5 حاڵەتیش لە پارێزگای دهۆک. دەشڵێت، لە شاری هەولێر شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سلێمانیش سێ حاڵەتی توشبوون تۆمارکراون بەبێ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان. باس لە ئامرەکانی پارێزگای دهۆکیش کردوو وتی: لە پارێزگای دهۆک پێنج حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و یەکێک لە تووشبووەکان گیانیلەدەستداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە بە هۆی تەواونەبوونی ڕێکاری دامەزراندنیان. دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، بەپێی داتا و ئەو نووسراوانەی کە کراوە ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی ناو زانکۆ و پەیمانگاکانین، ئەمە (٣٦) ەمین جارە گردبوونەوە دەکەین، گەر دانەمەزرێین ئەوا ناچارین هەڵوێستی دیکە بگرینە بەر. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، بە هۆی دانەمەزراندنمانەوە ئاستی ناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە دابەزینی بەردەوامدایە، تا کەی ئاوڕ لەو کەسانە نادەنەوە کە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە پێدەگەیەنن. دەشڵێن، ١٢ هەزار و ٢٨٦ کەس بایۆمەتری پێ کراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زۆر سست ڕێکارەکانی دامەزراندنی دەرچووە سێ یەکەمەکان جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بەرێوەبەراتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەشی پێشبینیکراویی 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم بەرزدەبێتەوە. دەشڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان ساماڵ و تەنکە هەوری بەرز دەبێت، پلەکانی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 35 پلەى سیلیزى سلێمانی : 34 پلەى سیلیزى دهۆک : 35 پلەى سیلیزى کەرکوک : 38 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 37 پلەى سیلیزى زاخۆ : 35 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 24 پلەى سیلیزى سۆران : 30 پلەى سیلیزى گەرمیان : 40 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆ ڕێنمای تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە، دەشڵێت، ئەگەر هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕێگەنادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك، هەروەها ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە. ئەوەشخراوەتەڕوو، رێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ. لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە ماددەیەك بەكاربهێنرێت، جگەلەوەش ڕێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنەسیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەک، مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، خوێندنگە. باسلەوەشکراوە، لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە، ئەگەر بەربژێرێکیش پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
هاوڵاتی کەناڵی "الحدث"ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکەوتن کەناڵی الحدث ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. ئەمە لە کاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئیسڕائیل هەزاران ئامێری پەیجەری لەدەستی ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی تەقاندەوە، لە ئەنجامدا کوژراو برینداری لێکەوتەوە، بەوەش ململانێی ئیسڕائیل و بەرەی مقاومەی ئیسلامی زیاتر پەرەی سەند.
هاوڵاتی لە چوارچێوەی هەوڵە قڕکەرییەکانی فەرهەنگی کوردییدا، درەنگانی دوێنێ شەو، دەوڵەتی تورک هەموو ئەو دەستەواژانەی بە کوردی لەسەر شەقامەکانی باکووری کوردستان نووسرابوون سڕییەوە و تەنها نووسراوە تورکییەکانی هێشتووەتەوە. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە ٣١ـی ئاداری ئەمساڵ و بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانیی لە لایەن دەم پارتییەوە لە باکووری کوردستان، شارەوانییەکان هەموو هۆشدارییەکانی سەر شەقامەکانیان کرد بە زمانی کوردی بە نموونەی “پیادەڕۆ و هێدی” نووسییەوە، درەنگانی دوێنێ شەویش هاوشێوەی هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تواندنەوەی گەلی کورد، تێکڕای ئەو دەستەواژانەی لە وان، ئامەد، مێرین و ئێلح سڕییەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە هەواڵییەکانی باکووری کوردستان، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک ئەو نووسینانە سڕاونەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، چەند جارێکە زمانی کوردی و نووسینی کوردی لەسەر شەقام و تابلۆکاندا، لەلایەن ڕەگەز پەرستانی تورکیاوە ڕەش دەکرێتەوە.
هاوڵاتی بە گوێرەی دوایین ئاماری پەڕینەوەی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا لە ماوەی نۆ مانگ و نیوی رابردوودا ٢٣ هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر پەڕیونەتەوە. لەو بارەیەوە ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز بۆ کۆچبەران خەونێکە تا پێیدەگەن، بەڵام کەناڵەکە چەندەها ساڵە بووەتە مۆتەکەی رۆحی کۆچبەران. هەروەها بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتکە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ١٥ــی ئەیلول، ٢٣هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە، کە زیاترە لە ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، بەڵام کەمترە لە ساڵی ٢٠٢٢. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گشتی ٢٩ هەزار و ٤٣٧ کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شەش ساڵی رابردوودا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ نزیکەی ١٩٤ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی پارێزگاکە کۆبووەوە و جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر لە هەموو بوارەکان کردەوە. بهيانيى ئهمڕۆ يهكشهممه ٢٢-٩-٢٠٢٤ نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لهگهڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگار و بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكانی ناوەند و سنوورى پارێزگاكهدا، كۆبووهوه. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا، دۆخ و ئاستى خزمهتگوزارييهكان، پرۆسهى ئاوهدانكردنهوه و بنياتنان، بهرنامهى گهشهپێدان و چۆنێتيى بهڕێوهچوونى كار و پرۆژهكان له پارێزگاى ههولێر و قهزا و ناحيهكانى، تاوتوێ كران، ههروهها تيشك خرايه سهر گرنگيى دابينكردنى پێداويستييهكان و چارهسهركردنى گرفت و كهموكوڕيهكان. هەروەها له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا باس له ئامادهكارييهكانى پارێزگاى ههولێر بۆ ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و بانگهشهى ههڵبژاردن كراوە. هەروەها نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له گرنگيى سهرخستنى ههڵبژاردن و بهڕێوهچوونى شارستانييانهى بانگهشهى ههڵبژاردن كردهوه، ئاماژهى به رۆڵى لايهنه پهيوهنديدارهكانیش كرد. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نییە و رۆژی شەممە ١٤-٩-٢٠٢٤، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە دهۆک و بەشداری کرد لە بینینی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' ماوەی چەند ڕۆژێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان، دەستی کردووە بە سەردان و بەسەرکردنەوەی فەرمانگەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بهرپرسانی فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی ئیدارەکە كۆبووهوه و له كۆبوونهوهكهدا سهرپهرشتيار و بهرپرسانى ئيدارهى زاخۆ، پوختهيهكيان دهربارهى كار و پرۆژه و چالاكييهكانيان و ڕەوشی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان لهناو شارى زاخۆ و سنوورى ئيدارهكه بەگشتی خستهڕوو، ههروەها باسيان له پلانى كار و پرۆژهكانى داهاتوويان كرد. جێگەی ئاماژەیە، سەبارەت به هەڵبژاردنی پهرلهمانى كوردستانيش کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بەڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستان، هیوای خواست پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت و جەختی لهوه كردهوه كه هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییيه یاساییيەکان و هێمن ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بن. ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا دیارنییە، ئەم سەردانیکردنەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ فەرمانگە حکومییەکان و سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات یاخود تەنها سەردانییەکانی تەنها لە سنووری پارێزگای هەرلێر و دهۆکدا سەردانییەکانی دیاریکراو دەبێت.
هاوڵاتی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندنی بەخشینی مینحە و پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران بەردەوام دەبێت و زیاتر لە دو ملیۆن و 300 هەزار قوتابی لێ سودمەند دەبن، هاوکات هەڵمەتێکیان دەستپێکردوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لە خوێندن دابڕاون. وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بودجەی 85 ملیار دیناری عێراقیی بۆ مینحەی خوێندکاران تەرخان کردوە و بەپێی چەند مەرج و رێکارێک بەسەر خوێندکارانی کەمدەرامەت و هەژار و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابەش دەکرێت، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن، دابەشکردنی مینحەکەش دەستپێدەکات، هەر خوێندکارێک بڕی 200 هەزار دیناری پێدەدرێت، بەخشینی مینحەکەش بۆ دو جارە، مانگی ئەیلول مینحەی یەکەم و مانگی ئازاریش مینحەی دوەمیان پێدەبەخشرێت.
هاوڵاتی سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ ڕایگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات، دەشڵێت، دەبێت لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكرێت. عائد هیلالی ڕایگەیاندووە، تا ئێستا حەلبووسی بەهەمان خەیاڵی پلە و پۆستی پێش دوورخستنەوەی لە پەرلەمان دەژى، لێدوانەكانی ئەم دواییەشی ئاماژەن بۆ ئەوەی تووشی حاڵەتێكی سەرلێشێواوی بووە و خەریكە پێگەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات، حەلبووسی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوانانەوە بەشێك لە دەسەڵاتەكان بەدەستبهێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنێك لەنێوان حەلبووسی و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان، بە مەبەستی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان هەمووار بكاتەوە و چانسی سوودانی بۆ دووبارە بوون بە سەرۆكوەزیران نەهێڵێت. وتیشی: نابێت حەلبووسی لەبیری بچێت، كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواكراوە، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی ساختەكارییەوە، قسەكانیشی لەسەر بودجە دوورە لە ڕاستییەوە، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەهۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وڵاتەوە لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق بكات. باسی لەوەشكرد، حەلبووسی لەسەر حیسابی پارەی گشتی زۆر دەوڵەمەند بووە، دەبێت لێیى بپرسرێت: ئێوە ئەم پارەیەتان لە كوێوە دەست كەوتووە، هەروەها دەبێت دادگا لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە زۆرەكەی بكات. لە كۆتاییدا وتی: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە پەلە لێپرسینەوە لە حەلبووسی بكات لەسەر سامانە گەورەكەی، نابێت بە ئازادیی لە دەرەوە بێت، چونكە تۆمەتبارە بە تاوانی ساختەكاری، ئەم بابەتەش لە دژی سەلمێنراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت دادگایی بكرێت. ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 91 ملیار دیناری دیکەی پشکی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢-٩-٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ." بەگوێرەی راگەیێنداراوەکە، بڕی پارەکە ٩١ ملیار و ١٥١ ملیۆن و ٧٨٤ هەزار دینارە بۆ مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤؛ پارەکەش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. رۆژی ١ـی ئابی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە ٧٤ ملیار دیناری وەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەروەها رۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٧٠ ملیار دیناری بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ٢٠٢٤ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. هەروەها ئەمڕۆ ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ـە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابییان وەرنەگرتووە، هەر ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاریدا زیاتر لە ٥٧٢ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.