هێمن مەحموود هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەو كەسانەیان دەستپێكردووە كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواداریان زۆرەو بە(بلۆگەر)یان (فاشنیست) بەناوبانگن و بابەتی نامۆ بەكۆمەڵگا و ئابڕووبەرو ناوەڕۆك ئاست نزم و پووچ بڵاودەكەنەوەو تائێستا زیاتر لە شەش كەسیان لەو كەسانە دەستگیركردووەو سزای بەندكردنی چەند ساڵەشیان بۆ بڕیوونەتەوە كەچەند ژنێكشیان تێدایە، بەقسەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت، ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراقیش لەلایەك پێشوازی لێكراو لەلایەكی تریشەوە هەندێك لەچالاكوانان نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە رەنگە كاریگەری هەبێت بۆ سەر ئازادی بیروڕا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمانگی رابووردوودا رایگەیاند كەوا لیژنەیەكیان بۆ دیاریكردنی ئەو بابەتانە درووستكردووە كەوا (ناوەڕۆكێكی پووچ و ئابڕووبەرو دژ بەزەوقی گشتی و پێچەوانەی رەوشت و رەفتارەكانی كۆمەڵگا) هەیەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكرێنەوە، هاوكات مینبەرێكیشیان درووستكردووە تابەكارهێنەرانی ئینتەرنێت وەزارەتی ناوخۆ لەو بابەتانە ئاگاداربكەنەوە كەدەڕۆنە ئەو چوارچێوەیەوە بۆ ئەوەی خاوەنەكەی دەستگیربكرێت. تاوەكو ئێستاش چەندین كەس زیندانیكراوان و دادگاییكراون و سزادراون و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت. دادگای كەرخ بڕیاری زیندانیكردنی دوو ساڵی بۆ (عەلی حەسەن زەجمە) كەیەكێكە لەچالاكوانانی یوتیوب بڕییەوە، (غوفران مەهدی سەواد)یش كەناسراوە بە (ئوم فەهد) كەچالاكێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆكە بڕیاری زیندانیكردنی شەش مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، ئەویش بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی چەندین ڤیدیۆ كەقسەی نەشیاوو ئابڕووبەرو دژ بەئادابی گشتی تیادایە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی كە (ئوم فەهد) لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك بڵاویكردووەتەوە بەجلی نیمچە رووتەوە دەردەكەوێت و بەردەوام باس لەوەدەكات كەپەیوەندی لەگەڵ تۆڕێكی بەرفراوانی دەسەڵاتدارانی عێراقدا هەیە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشووتریش هێزە ئەمنییەكانی عێراق (عەسەل حسام) كەناسراوە بە(هەنگوینەكەی بەغدا)یان بەهەمان تۆمەت كەئەویش بڵاوكردنەوەی شتی نامۆیە بەكۆمەڵگا دەستگیركرد. لەترسی دەستگیركردن و زیندانیكردنیشیان زۆرێك لەو كەسانەی كەتۆمەتبارن بەبڵاوكردنەی شتی نامۆو ئابڕووبەر لەكۆمەڵگادا كەوتوونەتە سڕینەوەی بابەت و وێنەو ڤیدیۆكانی رابووردوویان و هەندێكی دیكەشیان كەوتوونەتە داخستن یان فرۆشتنی هەژمارەكانیان، هەندێكیشیان چەند ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردووەتەوە كەداوای لێبووردن لەوەزارەتی ناوخۆو جەماوەر دەكەن لەو بابەتانەی كەپێشتر بڵاویانكردووەتەوە. دەربارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانەش، سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانە بەهۆی ئەو سكاڵایانەوە بووە كە لەلایەن هاووڵاتیان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەمیبنەری ئەلیكترۆنی (هەواڵبدە) تۆماریان كردووەو تایبەت بەهەواڵدان لەو جۆرە كەسایەتیانەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. مەعن ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە كەدەستگیركراوەكان رەوانەی دادگا دەكرێن و بەئامادەبوونی لیژنەیەكی شارەزا تەماشای دۆسیەكانیان دەكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان لەدوای ئەو هەڵمەتە تێبینی ئەوەیانكردووە كە لەو جۆرە بڵاوكراوانەی دژ بەكۆمەڵگان و ئابڕووبەرن و بێ ئاست و ناوەڕۆك پووچن كەمیكردووە. بەپێی ئەوەی یاساناسانیش خستوویانەتەڕوو دەستگیركردنەكان بەپێی ماددەی 403ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بەڕێوەدەچێت كەسزاكەی دوو ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 200 هەزار دینارە. بەڵام وەنەبێت ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رووبەڕووی رەخنە نەبووبێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك لەچالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئەوانەی لەبواری مافی مرۆڤدا كاردەكەن رەخنەی خۆیان ئاراستەی وەزارەتەكە كردووەو دەڵێن ئەم رێوشوێنانە چەندین نیشانەی سەرسوڕمان دەخاتەسەر چەمكی دادگەری لەعێراقدا. دكتۆر عەلی بەیاتی شارەزا لەبواری مافی مرۆڤ رایگەیاندووە رێوشوێنەكانی دادگاو حكومەتی عێراق بۆ رێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی بابەت و پەیامی ئاست نزم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرچەندە پێویستییەكی گرنگ بێت و بیانوویەك بێت بۆ پارێزگاریكردن لەزەوقی گشتی كۆمەڵگای عێراقی، بەڵام دەستوەردانی راستەوخۆی دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسانە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە كارێكی زۆر بەپەلە بووەو هیچ پێویستی بەوە نەدەكرد یاسا زۆر بەتوندی بەكاربهێنرێت. هەروەها دەشڵێت پێویست بوو سەرەتا پەناببرێتە رێوشوێنە بەدیل و سزا ناڕاستەوخۆكان وەك داخستنی هەژمارەكان و ئاگاداركردنەوەیان و سزادانی ماددییان، پێویستە هەر بەرتەسككردنەوەیەكی ئازادی لەڕێگای یاساوە بێت و ئەم یاسایەش رەچاوی بەهاكانی مافی مرۆڤی تێدا بكرێت لەهەموو روویەكەوە. عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاساش بڕوای وەهایە یاسای سزادانی عێراقی زۆر بەڕوونی جیاوازی لەنێوان جنێودان و تەشهیرو سوكایەتی خستووەتەڕوو، ئاماژە بەوەشدەكات دەبێت دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان بەرپرسیارێتی چاودێریكردنی ئینتەرنێت بگرنە ئەستۆ بەهاوبەشێتی لەگەڵ چەندین شارەزای بواری راگەیاندن و یاساداو ئەوەی دژ بەیاسایە رەوانەی دادگا بكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كەپێویستە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەربكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. بەبڕوای بەشێك لەشارەزایانی كۆمەڵناسیش بۆ تێگەیشتن لەناوەڕۆكی بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە لێكۆڵینەوەو پێداچوونەوەی واقیعی كۆمەڵگای عێراقی بكرێت و دەبێت بزانرێت بۆچی زۆرینەی گەنجان و هەرزەكاران تەماشای ئەو ناوەڕۆكانە دەكەن كەهیچ مانایەكیان نیە. ئەو كۆمەڵناسانە بڕوایان وەهایە تێنەگەیشتنێك هەیە بۆ چەمكی ئازادی لەلایەن ئەو كەسانەوە كە ناوەڕوكی ئاست نزم و سەتحی و پووچ بڵاودەكەنەوەو ئامانج لێی سەرقاڵكردنی گەنجانە بەو بابەتانەی كە رێگە لەگەشەكردنی بەهرەو گەشەپێدانی گەنجان دەگرێت. بەپێی ئامارێكی ناوەندی راگەیاندنی ژمارەیش (كە رێكخراوێكی ناحكومییە) بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەجۆرە جیاوازەكانییەوە لەساڵی 2022 گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 300 هەزار كەس لەعێراقدا، كە رێژەی پیاوان لەسەدا 68 و رێژەی ئافرەتانیش لەسەدا 32، تەمەنی بەكارهێنەرانیش لەنێوان پێنج ساڵ بۆ 34 ساڵدایەو تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك رێژەی بەكارهێنەرانی لەساڵی رابووردوو زیادبووە.
هەدەپە لە شاری ئامەد بۆ پشتگیریکردن لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کەمپینی ' ماڵی من ماڵی تۆیە' راگەیاند و داوای کرد، هاوکاریەکان چڕتر بکەنەوە. رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئامەد، کەمپینێکی لە ژێر ناوی 'ماڵی من ماڵی تۆیە' راگەیاند. رێکخستنی هەدەپەی ئامەد لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " پێکەوە سەردەکەوین." لە راگەیەندراوەکەی رێکخستنی هەدەپەی ئامەددا هاتوور، " خەڵکی ئامەد دەرگاکانی بە رووی زیانلێکەوتوواندا کردووەتەوە و تۆڕی هاوکاریەکان فراوان دەکات." گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی ئامەدیش تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، " لەدژی ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لە ئازادی گەلەکەمان وەربگرن، پێکەوە خاوەنداکری لە کۆمەڵگاکەمان بکەین." لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی دیموکراتی گەلان، لەبارەی دۆخی شاروچکەی بازارجخی مەرەشەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەدەپە ئاماژەی بەوەکرد کە قایمقامی بازارجخ کە سەر بە ئاکەپەوە، دەستی بەسەر ئەو هاوکاریانەدا گرتووە کە پارتەکە کۆیکردووەتەوە و وتی، بازارجخ ١٠ رۆژە لەدژی ئەم کارەساتە لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. دەسەڵات دەیەوێت، رێگری لە ناوەندی قەیرانەکانی هەدەپە بکات. هەروەها لە گوندی حەسەنکۆجای شارەکە دەست بەسەر هاوکاریەکانی هەدەپەداگیراوە.
هاوڵاتی شاندی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکە بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ پرسی سەرەکی تاوتوێکراون کە بریتریبوون لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و سیستەمی دارایی، وزە، ژینگە. لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمریکا و عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی شاندی عێراق و ئەمریکا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە واشنتۆن ئەنجامدرا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە،هەردوو شاندەکە قوڵکردنەوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە تەواوی پرسەکانی نێوان هەردوو لایەندا دوپاتکردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق ، هەردوولا باسیان لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئابوری عێراق کردووە، لەوانەش نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار و ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ دەرکردنی چاکسازی ئابووری لە بواری سیاسەتی دراو و مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستکاریکردنی سیستەمی دارایی. هەروەها ئەمریکا چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پرەودان بە ئابووری عێراق لە بەهێزکردنی بازاڕە دارایی و ئاڵوگۆڕەکان بە گرنگ ناوبردووە و شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی توانای تەکنیکی و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی بانکی لە تاوانە داراییەکان و سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی نوێکردەوە. پرسی وزە یەکێک بوو لەو پرسانەی، هاوشانی دارایی بابەرتی سەرەکی بوو لە دانیشتنەکەندا و هەردوولا بڕیاریاندا هەوڵەکان زیاتر بکەن بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی وزە و پەیوەندی ناوچەیی بە تۆڕی کارەبای عێراق و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وزەی نوێبووەوە. هاوکات، شاندی ئەمریکا ستایشی پابەندبوونی عێراقی کرد بە پڕۆژەکانی پەیوەندیی کارەبایی ناوچەیی لەگەڵ ئوردن و سعودیە و دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی GCC. سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ، شاندی عێراق ڕایانگەیاندووە کە عێراق بەم نزیکانە ستراتیژییەکی گشتگیری حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە. لە راگەیەندراوە هاوەبەشەکەدا باس لە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ عێراق و تیایدا هاتووە واشنتۆن لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری پەرەپێدان پێشکەش بە عێراق کردووە و ئەمریکا نیازی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە تەکنیکییەکانی بۆ باشترکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاویش لە عێراقدا. راگەیەندراوە هاوبەشەکە ئەوەشی تێدا باسکراوە، ئەمریکا پێشوازی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و دانوستانە بەردەوامەکانی سەبارەت بە پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و یاسای هایدرۆکاربۆنەکان کردووە. ئەم ڕاگەیەندراوە دوای سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرکردایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشەدێت. شاندەکەی عێراق بۆ ئەمریکا لە نوێنەرایەتیی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و نوێنەرایەتیی گۆڕانی کەشوهەواو هەروەها نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون. هاوکات شاندە عێراقییەکە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئادیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا؛ هۆشستین، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگیی وزەی جیهانی و ژێرخان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و گەنجینە و وزە و ژووری بازرگانی پێکهاتبوون.
هاوڵاتی هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردهوه، چارەنووسی زیاتر لە ٧٣ کەس نادیارە کە لەو بەلەمەدا بوون کە دوێنێ لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت. هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئاماژە بەوە دەدرێت لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا لانیکەم ٧٣ کۆچبەری نایاسایی چارەنووسیان نادیارە و ئەگەری ئەوە هەیە گیانیان لەدەست دابێت. ئەم بەلەمە کە نزیکەی ٨٠ کەسی هەڵگرتبوو و بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتبوو لە ١٤ی شوبات کەوتبووە جووڵە. حەوت سەرنشینەکەی دیکەی کە زۆر بە زەحمەت رزگاریان ببوو ئێستا لە نەخۆشخانەن". ژمارەی کۆچبەران کە کۆچی نایاسای دەکەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی جۆراو جۆرەوە لە هەڵکشاندایە بە تایبەت لە ڕێگەی ئاوەوە کە ژمارەیەکی زۆریان گیانلەدەستدەدەن،بەو پێیەی تەنها لە ٤٧ ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە 130 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. لەگەڵ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بەردەوام توندتردەکرێتەوە بەڵام ئەمە ڕێگری نەکردووە لە کۆچی نایاسای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بە هۆی سەختی باری ژیان و کێشە سیاسییەکانی ئەو ناوچانەی گرتۆتەوە. گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، فلاڤیۆ دی گیاکۆمۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە کانوونی دووەمەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ١٣٠ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە. بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٠٢٢دا كۆی گشتیی هەزار و ٣٧٧ کۆچبەری نایاسایی کە ویستوویانە لە ئەفریقاوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە.
هاوڵاتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرستان و کێوماڵکردنی پێگەکانیان، لە 24 کاتژمێری رابردودا لە رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای بەغدا 12 چەکداری داعش کوژراون. فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی گەرەنتیکردنی ئاسایشی زیارەتکارانی رۆژی شەهیدکردنی ئیمام کازم کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، لە 24 کاتژمێری رابردودا هێزەکانیان ژمارەیەک ئۆپراسیۆنیان ئەنجام داوە و تیایدا 12 چەکداری داعش کوژراون. حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017دا، سەرکەوتنی خۆی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی ناوسراو بە داعش دا ڕاگەیاند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ، هێرشی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوامە هەربۆیە هێزەکانی عێراق ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ پاکتاوکردن و دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی ئەو گروپە بەردەوامە ئۆپراسیۆنەکەی دوێنێی سوپای عێراق پێنجەمین ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانە لە ماوەی هەفتەیەکدا دژی داعش، سێشەممەی رابردوش هێزە ئەمنییەکان پلانێکی "تیرۆرستی" داعشیان پوچەڵکردەوە و کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی رێکخراوەکەشیان راگەیاند.
تەلەڤیزۆنێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە واشنتۆن و تاران بۆ ئازادکردی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی بە نێوەندگیریی قەتەر سەرقاڵی دانوستانن. تەلەڤیزیۆنی (NBC) ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمریکا و ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدا بون بە مەبەستی ئازادکردن ژمارەیەک هاوڵاتیی زیندانیکراوی ئەمریکا لە ئێران و یەکێک لە مەرجەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی بوە لە بانکەکانی کۆریای باشور. NBC لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوە کردوە؛ واشنتۆن و تاران لە رابردوشدا دانوستانی لەو شێوەیان کردوە و رەنگە ئەمریکا لە پێناو ئازادکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بە هەندێک مەرجی دەسەڵاتی ئێران رازیی ببێت. دەرکەوتوە ئەمریکا داوای ئازادکردنی سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تاهباز-ی کردوە کە سەرجەمیان خەڵکی ئێرانن و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکان و لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە زیندانیی کراون. سەرچاوەکانی ئەمریکا رونیان کردوەتەوە؛ ئەگەر واشنتۆن و تاران رێککەون، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ یان ئازادکردنی ئەو زیندانیانە لە وڵاتی قەتەر ئەنجام دەدرێت چونکە ئەو وڵاتە نێوەندگیری سەرەکیی نیوان ئەمریکا و ئێرانە. کۆریای باشور بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ناتوانێت بڕی حەت ملیارد دۆلاری ئێران رادەست بکات و ئەگەری هەیە ئەگەر دەسەڵاتی تاران ئامادەیی دەربڕێت بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی کە واشنتۆن داوای ئازادکردنیانی کردوە ئەوا پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشور ئازاد بکرێت. ژمارەیەک بەپرسی ئەمریکا لە لێدوانەکانیان بۆ تەلەڤیزیۆنی (NBC) جەختیان لەوەکردوەتەوە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی واشنتۆن و تاران پەیوەندیی بە پرسی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نییە.
هاوڵاتی خۆپیشاندانەکه، بەئامادەبونی دەیان هاوڵاتی و نوسەر ڕۆشبیر ، له شەقامی سالمی سلێمانی، بەشێوەی ڕێپێوان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ، داوای کۆتایهێان بەگۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالانیان دەکرد دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی2ی2023 لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، خۆپیشاندانێکی فراوان لە سلێمانی ، بۆ ئازادی ئۆجالان ڕابەری زیندانیکراوی پارتی کرێکانی کوردستان(پەکەکە) ئەنجادرا، خۆپیشاندانەکە لە لایەن کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان سازکرابوو، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی و نوێنەری چەند پارتێکی سیاسی و ڕێکخراو و نوسەر و ڕۆشبیر بەشدارییان تیایدا کرد، تیایدا داوای کۆتایهێنان به گۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالان كرا. خۆپیشادانەکە، له شەقامی سالمی شاری سلێمانی بەڕێپێوان دەستیپێکرد، بەدروشمی ئازادی بۆ ئۆجالان و بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو، هەتا بەردوەم باخی گشتی، پاشان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەكە پەیامی خۆیان ڕاگەیاند، کەداوای سەرەکیان بریتین بوو لە، شکاندنی گۆشەگیری ئیمرالی، کەزیاتر له 22مانگە هیچ هەواڵێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان نیە و ئاگاداری باردودۆخی تەندروستی نین. لەو بارەیەوە مامۆستا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان به هاوڵاتی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ 24ساڵ بەسەر پلانگێری نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ تێدەپەڕێت، ئامانج لەم پلانە ئەوەبوو، گەلانی ناوچەکە بخرێنە ناو دۆخی شەڕەوە ، بەڵام سەرۆک ئاپۆ بە مانیفێستە ئاشتیخوازەکانی خۆی ئەم پلانەی شکست پهێنا. ئاماژەیی بەوەشکرد: هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخی ئۆجالان نیە،دەسەڵاتی فاشستی تورکیا له 2011وە ڕێی نەداوە، پارێزەران سەردانی دورگەری ئیمراڵی بکەن، هەروەها 23مانگیشە ڕێگەنەدراوە کەسوکارەکەی سەردانی ئۆجالان بکەن وتیشی: ئەم چالاکییە لە هەمو شارەکانی کوردستان و جیهان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ڕەخنەی له هەڵوێستی ڕێکخراویCPT گرت بەرامبەر کەیسی ئۆجالان و بەدوو ڕوو ناوی برد. هاوكات تاران حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، دەربارەی مێژوی پلانی دەستگیرکرنەکە ، زانیاری بە هاوڵاتی داو و وتی: ئۆجالان ماوەی 50ساڵە هاتۆتە ناو کایەی سیاسی و 25ساڵیشە، زیندانی کراوە. ئەو دەربارەی شێوازی دەستگیرکردنی وتی: سەرەتای ئەم پلانگێڕییە نێودەوڵەتیە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1998 دەستیپێکرد، ئەوکات ئۆجالان لە سوریا بوو، بەپێدانی چەند بەڵێنێک لەوانە پێدانی مافی پەنابەرێتی ئۆجالان سوریای جێهێشت و دواتر دەستگیرکرا، ئەمریکا و ئیسرائیل و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچە بەشدارییان لە پلانەکەدا كرد. لە درێژەی قسەکانی وتی، ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کرا کەبەندیخانەیەکی تایبەتە و سیستەمێکی تایبەت، ئەو زیدانیە و شێوازی ئەشکەنجەدانه که دژی ئۆجالان دەکرێت، لەمێژودا بەرامبەر هیچ ئازادیخواز و سەرکردەیەک نەکراوه. عەبدوڵا ئۆجالان رابەری زیندانیكراوی پارتی کارێکارانی کوردستان، 24ساڵ لەمەوبەر و لە 15ی شوباتی 1999، لە وڵاتی کینیا دەستگیرکرا و ڕەوانەی توركیا كرا.
نەتەوەیەکگرتوەکان رایدەگەیەنێت رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران حەشار دراوە ئەمریکاش دەڵێت: کۆماری ئیسلامی رێبەری ئەلقاعیدەی خستوەتە قەفەسی زێڕینەوە. دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە ؛ بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (سیف ئەلعەدل) رێبەری نوێ گروپی ئەلقاعیدە لە خاکی ئێراندا نیشتەجێ بوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە حەشار دراوە. لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە سەیف عەدل دوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری بوەتە رێبەری ئەلقاعیدە و گروپی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە ئامادە نییە زانیارییەکانی کوژرانی زەواهیری لە کابول و رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران پشتڕاست بکاتەوە. نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە؛ پشتی بە زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگری و هێزەکانی ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا بەستوە و دەرکەوتوە سەیف عەدل کە ئەفسەرێکی پێشوی سوپای میسر بوە کەسێکی بەتوانا و بە ئەزمونە لە ئەنجامدانی پەلاماری سەربازیی و هێرشی چەکداریی. فەرماندەیەکی هێزەکانی دژە تیرۆری ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی بڵاو بکرێتەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە؛ مایەی سەرسوڕمانە کە رێبەری نوێ ئەلقاعیدە لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و ئەو کەوتوەتە قەفەسی زێڕینەوە و رون نییە کە دەسەڵاتی ئێران رێگە بە سەیف عەدل دەدات گەشت بکات یان لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە. ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دەستنیشان کردوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانیاریی لەسەر سەیف عەدل ئاشکرا دەکەن بە مەبەستی دەستگیرکردن یان کوشتنی. پێشتر مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا رایگەیاندبو کە ئێران بوەتە ماڵی نوێی ئەڵقاعیدە. ئەیمەن زەواهیری رێکەوتی 31 تەموزی ساڵی 2022 لە لایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە کابول، پایتەختی ئەفغانستان کوژرا و بە پێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێستادا سەیف عەدل رێبەرایەتیی گروپی ئەلقاعیدە دەکات.
هێمن مەحموود لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو ئامانج لەسەردانەكەش وەك خراوەتەروو بۆ گفتوگۆكردنە لە سەر شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەكی تر تاوەكو رێككەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو پرسانە بكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر «شێوازی بەڕێوەبردن»ی نەوت و یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێككەوتن. وەفدی ئەمجارەی هەرێم كە لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرا پاش سەردانێكی دوو رۆژە بۆ بەغداد گەڕانەوە بۆ هەولێرو بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو گەڕێكی تری گفتوگۆ ئەنجامبدەن، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە هێشتا هەرێم و بەغداد نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك سەبارەت بەو پرسانەی گفتووگۆیان لەسەری كردووە. شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەربارەی رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە (هاوڵاتی) راگەیاند:»هیوادارین بگەنە رێككەوتن بەڵام زۆر زەحمەتە، چونكە جێبەجێكردنی دەستوور ئەوە دەخوازێت كە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لەدەستی حزبی و كەسی دەربهێنرێت و لەقۆرخكاری ئازادبكرێت بۆ ئەوەی ببێتە پرسێكی نیشتیمانی و كۆنترۆڵكراو بێت لەلایەن نوێنەرانی خەڵكەوە كەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە نەوتی هەرێم لەدەستی چەند كەسێكدایە لەناو حزبدا». لەعێراقی نوێدا كە لەدوای ساڵی 2003ەوە چەندین پرس هەن كەهەرێم و بەغدا ناكۆكییان لەسەریان هەیە، كەدیارترینیان بودجە و بابەتی نەوت و غازو كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و پێشمەرگەو چەندین پرسی دیكەیە كە تاوەكو ئێستا رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەوە نەكراوە. یەكێك لەو گرفتانەی كە بەزەقی لەدوای ساڵی 2014ەوە سەریهەڵداوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبیانووی هەناردەكردنی سەربەخۆیی نەوتەوە، بڕینی بوودجەی هەرێم بووە لەلایەن بەغداوەو لەوساوە تاوەكو ئێستا ئەو گرفتە چارەسەرنەكراوە. لەئێستادا كەكابینەكەی سوودانی خەریكی ئامادەكردنی رەشنووسی بوودجەی ساڵی 2023یە، یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە لەبەردەم ئامادەكردنی بودجەدایە وەك هەندێك لەبەرپرسانی سیاسی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن پشكی هەرێمی كوردستانە كە تاوەكو ئێستاو دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم هێشتا بەغداو هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. وەك حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە ڕۆژی ١٣ـی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو جەخت لەسەر رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ كرایەوەو گفتوگۆكرا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لەنێو بودجەكەدا، ئاماژە بەوەشكراوە بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازو ناردنی پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڵوگۆڕكران و بڕیاردرا لەپێناو گەیشتن بەچارەسەرو رێكەوتن كۆبوونەوەو گفتوگۆكان درێژەیان هەبێت. لەساڵانی پێشووتردا پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 17بووە، بەڵام لەم چەندساڵەی دوایدا كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12و لەسەدا 14، لەئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا گەڕانەوەیە بۆ لەسەدا 17 بەڵام پێناچێت بەغدا بەئاسانی بەوە رازی بێت. یەكێك لەو دۆسییە گرنگانەی دیكەش كەهەرێم دەیەوێت ئەمجارە لەگەڵ بەغداو بەتایبەتیش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بگاتە رێككەوتن لەسەری دۆسیەی نەوت و غازە كە بۆ ماوەی 18 ساڵە هەرێم و بەغدا لەسەری رێكنەكەوتوون، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوەو سەرۆكی شاندەكەی هەرێم ئەوەی خستۆتەڕوو كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە رێكەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەك كە لەچوارچێوەی دەستوورو لەخزمەت هەموو پێكهاتەو هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت و وەزیری سامانە سروشتیەكانیش، وردەكاری تێڕوانینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی رەشنووسی پرۆژەیاساكەوە خستەڕوو. پرۆژەیاسای نەوت و غاز كە ماوەی 18 ساڵە لەڕەفەكانی پەرلەمانی عێراقدا كەوتووەو نەخراوەتە دەنگدانەوە پشت بەهەرسێ ماددەی دەستوری (111 و 112 و 115) دەبەستێت بۆ چارەسەر كێشەكانی هەرێم و بەغداو بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتییەكان لەوڵاتدا پەیوەستكردووە بەكۆمپانیایەكی نیشتیمانییەوە كەئەنجومەنێكی ئیتیحادی تایبەتمەند لەو بوارەدا سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە تائێستا نە یاساكە دەرچووەو نە كۆمپانیاو ئەنجومەنەكە درووستكراوە، لەساڵی 2003شەوە هەرێم و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان ناكۆكن. خاڵەكانی 20 و 23ش لەكارنامەی كابینەكەی سوودانی باس لەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی كە لەساڵی 2007ەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، نەوت هەناردە دەكات، دوای ساڵانێكیش لەناكۆكی دواجار لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەركردو رایگەیاند تەواوی گرێبەست و كاركردن و گەڕان بەدوای نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و وڵاتان بۆ هەناردەی نەوت نادەستورییە، حكومەتی هەرێمیش ئەوەی رەتكردەوەو ئەوەی بەپێشێلكردنی سەروەری خۆی وەسفكرد. لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیشدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە «ئێمە لەسەروبەندی پێشكەشكردنی بودجەین. لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتووینەتە رێككەوتن لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی نەوت و دابینكردنی دارایی لەیاسای بودجەدا.» سەبارەت بەیاسای نەوت و گاز، سوودانی ئاماژە بەوەدەكات، «دوای پەسندكردنی بودجە دەچینە سەر دەركردنی یاسای نەوت و گاز، ئەمە یەكێكە لەگرنگترین شایستەكان هەر لەوکاتەوە دەستوور نووسراوەتەوە، چونكە تەنیا هەرێمی كوردستان چاوەڕێی نەوت و گاز ناكات، بەڵكو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت چاوەڕێن، تاوەكو بزانن دەسەڵاتەكانیان چین و چی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. لەنوێترین بڕیاریشدا كەوەك نیازپاكییەك دەردەكەوێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم، حكومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 272 ملیار دینار كە قەرزی گەنمی جووتیارانە بۆ ساڵەكانی 2015 و 2016 رەوانەی هەرێم بكات.
هاوڵاتی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر داوای محەمەد شیاع سوودانی پێویستە لە میانی ئەمساڵدا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە میانی ئەمساڵدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای نیشتەجێبوونی کردووەهاوکات جەختی لە بەگەڕخستنی هەموو هەوڵەکان کردۆتەوە، لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی له عێراق لەماوەی ئەم ساڵەدا. سودانی داواشیکردووە، پێویستە هەموو توانا و پێداویستییەکانی مرۆیی، تەکنیکی، دارایی و لۆجستی پێویست بهردهستبكرێن، بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆسهی سهرژمێری له عێراق. ههروهها لە کۆبوونەوەکەدا ئەو رێکكارانەی دەزگای ناوەندی بۆ سەرژمێری و ئامار لە وەزارەتی پلاندانان و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی و ڕۆڵە چاوەروانکراوەکانی وەزارەتەکانی پەیوەندار بەم پرۆسەیە، تاووتوێکران. بەپێی زانیارییەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا. هاوکات بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.
هاوڵاتی دوای نۆ رۆژ لە بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، ئەمڕۆ نۆ هاوڵاتی رزگارکران و ژمارەی گیان لەدەستدانیش گەیشتە زیاتر لە 41 هەزار کەس، ژمارەی بریندارەکانیش بە زیاتر لە 100 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. سەرۆکایەتی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، تا ئەمڕۆ چوارشەممە لە تورکیا 35 هەزار و 418 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی سوریا بڵاویانکردەوە، تا ئەمڕۆ پێنج هەزار و 801 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 396 کەسی دیکەش برینداربون. بەرەبەیانی رۆژی 2023/2/6، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکوری کوردستانی هەژاند. بومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە، لە تورکیا و سوریاش تائێستا گیان لەدەستدانی زیاتر لە 41 هەزار کەس راگەیەنراوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ژینگە، شارستانی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا، پێویستە ٥٠ هەزار و ٥٧٦ باڵەخانە پێویستە برووخێنرێن کە لە بومەلەرزەکەدا زیانیان بەرکەوتووە. موراد کوروم وەزیری ژینگە، شارستانی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمەکانیان لە ١٠ پارێزگا کە بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروست کردووە، پشکنینان بۆ ٣٨٧ هەزار و ٣٤٦ باڵەخانە و خانوو کردووە. کوروم ئاشکرای کرد، بە گشتی لەو ژمارەیە ٢٧٩ ژەزار و ٦٥٥ باڵەخانە زیانێکی کەم یاخود زیانیان بەر نەکەوتووە، بەڵام پێویستە ٥٠ هەزار و ٥٧٦ باڵەخانە برووخێنرێن و بە کەڵکی نیشتەجێبوون نەماون. دوێنێش موراد کوروم وەزیری ژینگە، شارستانی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا باسی ئەوەی کرد کە بە گشتی لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، ١٩٠ هەزار باڵوخانە رووخاون و زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆجالان زیاتر لەنیو سەدەیە خەبات بۆ ئازادی نیشتمان و گەلی كورد دەكات و لەپێناو ئازادی گەلەكەیدا نزیكەی چارەكە سەدەیەكە لەزیندانی تاكەكەسیدایە، ئەو باوەڕیوایە بۆ رزگاركردنی میللەتەكەی دەبێت هێزێك هەبێت، چەكدار بێت و بەدیسپلین بێت، بڕیاری سیاسی و سەربازی و كاركرنی لەدەستی خۆیدا بێت و پشت بەخۆی ببەستێت. عەبدوڵا ئۆجالان كاتێك لەزانكۆی ئەنقەرە لەكۆلێجی زانستی سیاسی بوو، خوێندنی تەواونەكردو گەڕایەوە بۆ ئامەدو لەساڵی 1978 پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی دامەزراند، پێش دامەزراندنی پەكەكە، ئەندامان و لایەنگرەكانی ئەو حزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە كارو چالاكییان هەبوو، یەكەم دەستەی ئەو كەسانەی پێیان دەوترا ئاپۆچی لەساڵی 1973 دا لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا وەك گروپێكی فیكری و ئایدۆلۆژی بەسەرۆكایەتی ئۆجالان دەستیان بەكاركردو لەساڵی 1976دا ئەو گروپە سەرەتاییەی پەكەكە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەكارو چالاكییەكانی بگەڕێتەوە بۆ باكووری كوردستان و دوای ساڵێك لەگەڕانەوەشیان بۆ باكوری كوردستان بەبەشداریی 23 كەس یەكەم كۆنگرەیان خۆیان رێكخست و پەكەكەیان دامەزراند. دوای كودەتای ئەیلولی ساڵی 1980 لەتوركیا، ئەندامانی پەكەكە وەك زۆربەی گروپ و دەستەكانی دیكە رووبەڕووی شاڵاوی گرتن و كوشتن و راوەدوونان بوونەوە، بۆ ساڵی دواتر بەشێك لەئەندامانی پەكەكە روویان لەلوبنان كرد كە لەوكاتەدا ناوەندێك بوو بۆ كۆبوونەوەی گروپە شۆڕشگێڕەكانی ناوچەكە، ئەندامانی پەكەكە بەسەرۆكایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان لەلوبنان پەیوەندییان بەگروپە شۆڕشگێڕەكانی ئەو سەردەمەوە كردو لەلایەن كەسانی وەك نایف حەواتمە، جۆرج حەبەش و بەگشتی بزووتنەوەی رزگاریی فەلەستینەوە هاوكاری كران. پەكەكە لەساڵی 1984دا دەستی بەخەباتی چەكداری كردو لە 15ی ئابی 1984دا بەشێوەی فەرمی شەڕی چەكداری لەدژی سوپاو حكومەتی توركیا لەناوچەكانی ئەڕوح و شەمزینان دەستپێكردو تا بەئێستا دەگات جگە لەوەی چەند جارێك ئاگربەستی راگەیەندووە، خەباتی چەكداری پەكەكە لەدژی سوپای توركیا بەردەوامە، ئەوە لەكاتێكدایە لەچەندرۆژی رابردووشدا جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) داوای لەهەموو هێزەكانیان كرد بەهۆی بومەلەرزەكان لەتوركیاو ناوچەكە سەرجەم چالاكییە سەربازیەكانیان رابگرن. پەكەكە لەساڵی 1990 جگە لەلوبنان چەند بنكەیەكی لەناوچەكانی شام لەسووریا كردەوە، عەبدوڵا ئۆجالانیش لەلوبنانەوە بەرەو شام رۆیشت و بەبەردەوامی سەردانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانی دەكرد. كاتێك لەساڵی ١٩٩٨پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سوریا تێكچوو، ئەنقەرە هەڕەشەی لەدیمەشق كرد بەوەی كەپشتگیریی پەكەكە نەكات و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی لەدژی ئەو وڵاتە كرد. ئۆجالان بۆ ئەوەی بەر لەشەڕێكی قورس بگرێت كەتوركیا دەیویست لەگەڵ سوریادا لەناوچەكە هەڵی بگیرسێنێت، لە 9ی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵادا بڕیاری بەجێهێشتنی سوریای دا، بۆیە روویكردە یۆنان، بەڵام یۆنان داوای مانەوەی ئۆجالانی لەو وڵاتە رەتكردەوە، دواتریش بۆ هەمان مەبەست چووە روسیا، لەوێش رێگەی مانەوەی پێنەدرا، دوای ئەوەش چوو بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بەڵام لەوێش دوای مانەوەی بۆ ماوەیەك ئیتاڵیاش مافی مانەوەی پێنەدا، هەربۆیە جارێكی تر رووی لەڕووسیا كردەوە، بەڵام ئەمجارەش رێگەی مانەوەی پێنەدراو نێردرایەوە بۆ یۆنان، جارێكی دیكەش لەوێوە بەهۆی دروستكردنی ئاستەنگ بۆی، ئۆجالان نێردرا بۆ كینیا كەبەرنامە هەبوو لەوێوە بنێردرێ بۆ ئەفریقای باشور. ئۆجالان، لەكینیا لەماڵی باڵیۆزی یۆنان مایەوە، بەڵام لە 15ی شوباتی 1999 دا بەپیلان و فێڵ رەوانەی فڕۆكەخانەی پایتەختی كینیا كراو لەوكاتەدا لەلایەن ژمارەیەك لەتیمی تایبەتەوە هێرشكرایەسەر ئۆتۆمبێلەكەی ئۆجالان و دەستگیریان كردو بەرەو توركیا رفێندرا. ئۆجالان خۆی لەبارەی دەستگیركردنەكەیەوە دەڵێت: دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، هاوكات جەمیل بایك ئاشكرایدەكات: «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەمانداو بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكە بوو». 15ی شوبات كەیادی دەستگیركردنی رابەری زیندانیكراوی پەكەكەیە، لەكاتێكدایە كەزیاتر لە 22 مانگە هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی ئۆجەلان نییە، كەمپینی «ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان-یش كەماوەی چوار مانگە راگەیەنراوەو لەلایەن 28 كەسایەتی ئەكادیمی و نووسەرو پزیشك و سیاسەتمەداری ناودارەوە پێشەنگایەتی دەكرێت بەردەوامەو بەملیۆنان ئیمزای كۆكردووەتەوە بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان. جوتیار رەشید نوسەرو چاودێری سیاسی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پەكەكە سەبارەت بە رۆڵی ئۆجالان، دەڵێت: داگیركەرانی كوردستان لەوەتەی هەن، هەوڵی توانەوەی نەتەوەكەمان دەدەن و لەناوناچین، ئێمە پایەیەكی بنەڕەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین و بەبێ ئێمە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، پرسی كورد بەهێزو شەڕ چارەسەرنابێت، دەستگیركردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش بەشێكە لەم سیاسەتە، بەڵام ئەو فكری دیل نەكراوە. هاوكات محمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاسەتمەدار سەبارەت رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ٢٤ ساڵە بەڕێز ئۆجالان لەزیندانە، گۆشەگیركردنی ئەو، گۆشەگیركردنی تاكە كەسێك نەبوو، واتا هەوڵی لەناوبردنی تاكێك نەبوو، بەڵكو گۆشەگیركردنی پرۆژەیەك بوو، كە رێبەر ئۆجالان بڵاویكردەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئازادی گەلانی ژێردەستە، لەناویدا گەلی كورد، كەنزیكەی ٥٠ ملیۆن كەس دەبن، وڵات و نیشتیمان و سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوییان داگیركراوەو دوژمنانی بەتاڵان دەیبەن. پیلانی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەبوو چیتر شتێك نەمێنێت بەناوی پەكەكە، بەڵام ئۆجالان بڕیاریدا رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوەو لەزیندانەوە درێژە بەخەبات بدات و سەرباری پرۆژەكانی بۆ پرۆسەی سیاسی لەباكوری كوردستان و توركیا، هەر لەزینداندا زیاتر لە 10 كتێبی نووسیوەو چەندین نامەی لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە بڵاوكردووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە 18 کەس بەتۆمەتی دەستکاریکردنی نرخی دراو لە بەغدای پایتەخت، پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. لەم بارەیەوە ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا راگەیەندراوێکدا: کە ھێزەکانی سەربە ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی، 18 کەسیان بەتۆمەتی یاریکردن بە نرخی دراو لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف دەستگیر کردووە. ئاماژەی داوە کە دەستگیرکراوەکان بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندییەوە، دۆلاری ئەمریکییان بەرامبەربە دیناری عێراقی فرۆشتووە. ڕاشیگەیاندوە لە میانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر 795 ملیۆن دیناری عێراقی و 385 ھەزار دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە. باسی ئەوەش کردوە، ژمارەیەک نووسینگەی ئاڵوێری دراو کە مۆڵەتیان نەبووە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف لەلایەن داخراون.
هاوڵاتی بومەلەرزەكەی ٦ی شوبات، كەباكوری كوردستان و توركیاو رۆژئاوای كوردستان و سوریای بەشێوەیەكی زۆر بەهێز هەژاند، جگە لەوەی زیانێكی زۆری گیانی لێكەوتەوەو رۆژ بەڕۆژ، ژمارەی گیانلەدەستدان بەشێوەیەكی زۆر سامناك بەرزدەبێتەوە، هەروەها كاریگەریەكی زۆریشی لەسەر ئابوری، سیاسەت و كۆمەڵگای توركیا دروستكردووە، ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەدەسەڵات دەگرێت كە بەدەم ناوچە كارەساتبارەكان و لێقەوماوانەوە نەرۆیشتووەو هەدەپە دەڵێت: ئەگەر شارەوانییەكانمان دەستیان بەسەردا نەگیرایە، دەمانتوانی زووتر لەو ئازارە كەمبكەینەوە، هاوكات ئەحمەد تورك رایگەیاند: خەڵك لەجیاتی دەسەڵات یارمەتی لێقەوماوان دەدەن. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمیەكان لەباكوری كوردستان و توركیا زیاتر لە 35 هەزار و 418 كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 105 هەزار كەسیش برینداربوون، تاوەكو ئێستاش هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو هاووڵاتیانەی كەزیاتر لە ١٠ رۆژە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەو خانووە رووخاوەكاندان بەردەوامە، بۆیە پێشبینی دەكرێت، ئاماری گیانلەدەستدان زیاد بكات. زیانە ماددییەكان و كاریگەری لەسەر ئابوری توركیا وەزارەتی ژینگەو شارستانی توركیا رایگەیاندووە، زیاتر لەحەوت هەزار باڵەخانە كەزۆربەی زۆریان یەكەی نیشتەجێبوونن، رووخاون و زیان بە ١٢ هەزار باڵەخانەی دیكە گەیشتووە. هەروەها چەندین كارگەو شوێنكار رووخاون و زیانیان بەركەوتووە. بەتایبەتی لەپارێزگاكانی دیلۆك، هاتای و مەڕەش كە رێرەوێكی گەورەی بازرگانی ئاوی و شاری پیشەسازین. حكومەت بەفەرمی رایگەیاندووە كە بومەلەرزەكە لە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نزیكەی ١٤ ملیۆن كەس داناوە كە زیاتر لە ١٥٪ی دانیشتووانی توركیا و باكوری كوردستان پێكدەهێنن و ئەمەش راستەوخۆ رێژەی هەڵاوسان بەرزدەكاتەوە كەپێشتر رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا لە ٨٤٪ەوە بۆ ٥٨٪ دابەزیبوو. بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، قەبارەی زیانەكانی بومەلەرزەكە لە ١٠ پارێزگای توركیا بە ١٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەساڵی ٢٠٢٢دا قەبارەی بازرگانی لەهەموو بوارێكدا لە ١٠ پارێزگاكە نزیكەی ٢١ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. جگە لەوەش حكومەت باجێكی زۆری لەهاووڵاتیان و پیشەوەران و بازرگانەكانی ئەو ناوچەیە وەرگرتووە، بەڵام لەئێستادا یەكێك لەشادەمارەكانی ئابوری توركیا پەكیكەوتووەو ئەمەش دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسیەوە. ئۆپۆزسیۆن: دەسەڵات پلانی بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیان نییە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەكات كەدوای بومەلەرزەكە دەستبەجێ نەیتوانیوە، بەهانای هاووڵاتیانەوە بچێت كەدوو رۆژی یەكەمی بومەلەرزە وەك «هەلی زێڕین» دادەنرێت و دەڵێن، دەسەڵاتی ئاكەپەو مەهەپە پێویست بوو بەهەموو هێزیەوە بەبەكارهێنانی سوپاو پۆلیس هەوڵی رزگاركردنی ئەو هاووڵاتیانەی بدایە كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا. بۆیە زۆربەی سەرۆك، بەرپرس و پەرلەمانتارانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و تیمەكانی رزگاركردنیان لەو شارانەن كەبومەلەرزە تێیاندا روویداوە. لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان نزیكەی هەزار هاووڵاتیی شارەكە لەبومەلەرزەكەدا بوونەتە قوربانی، پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهە) كۆنفڕانسێكی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا. بوڵدان لەقسەكانیدا وتی، «دەسەڵات لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكانی بوومەلەرزەكەدا ماوەتەوو هیچی لەدەست نایەت. هیوادارم بەزووترین كات پێكەوە ئەم برینانە ساڕێژ بكەین، ئەگەر شارەوانییەكانمان دەستیان بەسەردا نەگیرایە، دەمانتوانی زووتر لەو ئازارە كەمبكەینەوە.» كلچدار ئۆغلۆ-ش ئاماژەی بەوەكرد، «كەرتی بیناسازی لەتوركیاو خراپی بەڕێوەبەریی وەهای لەم وڵاتە كرد، باڵەخانەكان بەكوالێتیەكی باش دروست ناكرێن و هیچ چاودێریی و بەدواداچوونێكیش لەكاتی دروستكردنیاندا نییە، ئەمە پرسێكی گرنگە، بەڵام لەئێستادا كێشەكە بێپلانی حكومەتە بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیان.» هەروەها ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین كە لەپۆستەكەی دوورخراوەتەوە سەردانی ناوەندی شاری مەرەشی كرد كە ١٧ كەس لەخزمەكانی لەبومەلەرزەكەدا گیانیان لەدەستداوە. ئەحمەد تورك دوای بەدواداچوون بۆ خزم و كەسوكارو هاووڵاتیان بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كردو وتی: « ئێمە لەشارەكەدا گەڕاین، هەموو هاووڵاتیان دەڵێن، دەوڵەت لێرە نییە. دەیانەویت وەهای پیشان بدەن كەحكومەت هەوڵی رزگاركردنی هاووڵاتیان دەدات، بەڵام لەشارەكاندا هاووڵاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوكاری یەكدی دەكەن، هاووڵاتیان لەهەموو جێگەیەكی باكوری كوردستان هاوكاری كۆدەكەنەوەو دەیگەیەننە دەستی زیانلێكەوتووان.» مەرال ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش كەهاوپەیمانی جەهەپەیە سەردانی هاتای كردو زیانلێكەوتووانی بەمەلەرزەكەی بەسەركردەوە. مەڕال ئاكشەنەر وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی بەپشتگوێخستنی زیانلێكەوتووان تۆمەتبار كرد، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، كەمەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار هەیە. هاووڵاتیان پشتگوێخراون و جگە لەخواردن و پێداویستیەكانی دیكە، پێویستیان بەمادەی پاككەرەوە هەیە. لێبوردن و دەستگیركردنی وەبەرهێنەرەكان پرسێكی دیكە كەدوای بومەلەرزەكە هاتووەتە ئاراوە، یاسای لێبوردنی وەبەرهێنانە. حكومەتی دادو گەشەپێندان لەمانگی شوباتی ٢٠١٧دا، واتە بەر لەهەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨، یاسای لێبوردنی وەبەرهێنانی لەژێر ناوی «ئاشتی وەبەرهێنان» پەسەندكرد. لەو چوارچێوەیەدا حكومەت مۆڵەتی بە ١٣ هەزار خانوو و باڵەخانە داوە كەكارەكانیان تەواو بكەن، لەكاتێكدا بەشێوەیەكی زیادەڕۆیی و بێمۆڵەت دروستیانكردبوو. ئەم پرسە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە جارێكی دیكە بووەتەوە یەكێك لەڕۆژەڤە سەرەكییەكانی توركیا. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و چەندین بەرپرسی دیكەی ئۆپۆزسیۆن لەم چەند رۆژەی دواییدا رایانگەیاند، حكومەت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی هاووڵاتیان چاوپۆشی لەوەبەرهێنەرەكان كردووە كەباڵەخانەی ناتەندروست دروستبكەن و هۆكارێك كەئەمڕۆ باڵەخانەكان رووخاون و هاووڵاتیان گیانیان لەدەستداوە، ئەو یاسایەیە كەدەسەڵات پەسەندی كردووە. لەلایەكی دیكەوە، بەفەرمانی دادوەر دەست بەئۆپراسیۆنێكی فراوان بۆ دەستگیركردنی ئەو وەبەرهێنەرانە كراوە كە پرۆژەكانیان لەبومەلەرزەكەدا رووخاون. بەكر بوزداغ وەزیری دادی توركیا لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كەفەرمانی دەستگیركردن بۆ زیاتر لە ١٣٠ وەبەرهێنەر دەركراوەو ژمارەیەكیش دەستگیركراون. دەمیرتاش لەم بارەیەوە بەتویتێك باسی ئەوەی كرد، دەستگیركردنی وەبەرهێنەران بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانەكانی دەسەڵاتە. لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئاكەپە رێگەی بەوەبەرهێنەران داوە باڵەخانەی ناتەندروست دروست بكەن. بۆیەش پێدەچێت، ئەم پرسە خراپ بەسەر حكومەتەكەی ئەردۆغاندا بشكێتەوە. رێگریكردن لەهاوكارییەكان و دەستگیركردنی خۆبەخشان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە ١٠٠ كەس لەناوەندی مەڕەش، سەمسور، دیلۆك و هاتای بەتۆمەتی دزی و تاڵانی دەستگیركراون. رۆژی ١٣ی ئەم مانگەش، ڤیدیۆی سێ گەنج لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكریەوە كە كوژرابوون و بەرپرسانی حكومەت بانگەشەی ئەوەیان كرد، گوایە دزییان كردووە. تاوەكو ئێستا نازانرێت كێ ئەو سێ گەنجەی كوشتووە. رووداوێكی دیكە لەمەڕەش روویدا. پێنج گەنجی خۆبەخشی شاری ئامەد كەهەوڵی رزگاكردنی هاووڵاتیانیان دەدا، بەئەشكەنجەو لێدان لەشاری مەڕەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران و دواتر بەڕووتی لەكەشوهەوای ساردی ژێر سفرەوە لەچۆڵەوانیەكی دەرەوەی شارەكە فڕێدران. چەندین دیمەن و وێنەی دیكەی بەو شێوەیە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكرانەوە كەكاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. كۆمسیۆنی یاسایی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی ئەو رووداوانەوە، سكاڵای تۆمار كردو رایگەیاند، لەكاتێكدا ئەگەر تاوانێكیش كرابێت، نابێت هیچ كەسێك بكوژرێت و دەستگیربكرێت، لەكاتێكدا كەدادگا تاوانەكەی ئاشكرا نەكردووە. پرسێكی دیكە كەئۆپۆزسیۆنی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تووڕە كردووە، راگەیاندنی دۆخی نائاساییە بۆ ماوەی سێ مانگ و رێگریكردنە لەگەیاندنی هاوكارییەكان بەلێقەوماوانی بومەلەرزەكە. لەكاتێكدا كە ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، حكومەت توانای هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی نییە، هەروەها رێگری لەهاوكاری پارتەكانی دیكە و رێكخراوەكان دەكرێت. ١٣ی ئەم مانگە ناوەندی قەیرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد كەهێزەكانی حكومەت لە سەمسوور، دەستیان بەسەر ٥٠٠ چادر، ١٢٠ مۆلیدە، ٣٠ كۆنتێنەر، لەعوسمانیە و ناوچەی پاتنۆسی موش دەستیان بەسەر چەند بارهەڵگرێك هاوكاری وەك بەتانی و خواردەمەنیدا گرتووە. بومەلەرزەو هەڵبژردن بوومەلەرزەكەی ٦ی شوبات لەكاتێكدا روویدا كەتوركیا لەنێو كەشی بەر هەڵبژاردندایە. بەشێوەیەكی فەرمی ١٤ی ئایار وەك رۆژی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا دیاریكرابوو. هەرچەندە تاوەكو ئێستا حكومەت بەفەرمی باسی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكانی نەكردووە، بەڵام بە راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ، پێدەچێت، هەڵبژاردنەكان ئەنجام نەدرێن. بولەند ئارنچ سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیاو یەكێك لەدامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەكانەوە، نووسراوێكی لەتویتەرەكەیدا بڵاوكردەوە. ئارنچ ئاماژەی بەوەكرد كەدۆخی توركیا بەهۆی بومەلەرزەوە ناجێگیرەو پێویستە هەڵبژاردنەكان دوابخرێن. ئیدریس شاهین وتەبێژی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤا) لەمبارەیەوە ناڕەزایەتی توندی دەربڕی و رایگەیاند، نابێت رێگەبدرێت، هەڵبژاردنەكان دوابخرێن. دەكرێت بەهۆی دۆخی نائاساییەوە هەڵبژاردن لەوادەی فەرمی خۆی كە ١٨ی حوزەیرانە ئەنجامبدرێن. لەلایەكی دیكەوە گولتەكین ئویساڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی رایگەیاند: كەئەردۆغان دەیەوێت هەڵبژاردنەكان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخات و هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی شارەوانیدا ئەنجامبدرێن. پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەڕاگەیەندراوێكدا كە لەبارەی دۆخی بومەلەرزەوە بڵاویكردبووەوە، هوشداری ئەوەی دابوو كەدەسەڵاتی ئاكەپە - مەهەپە، دەیەوێت بومەلەرزەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنن و بەو شێوەیە تەمەنی دەسەڵاتەكەیان درێژ بكاتەوە.
