هاوڵاتى رێککەوتنی ستراتیژیی (25) ساڵەی نێوان ئێران و چین یەکێکە لەدورودرێژترین رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کەخۆی لەزیاتر لە (100) گرێبەستی ئابورییدا دەبینێتەوەو سەرمایەکەشی بە (400) ملیار دۆلار خەمڵێنراوەو پێدەچێت ئامانجەکەی پاشەکشێی ئابوریی و سیاسیی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوروپا بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ناوەندی ئەمەریکی بۆ چاودێریی سەرمایە لەجیهان (American Enterprise) بڵاویکردووەتەوە رێککەوتنە (25) ساڵەکە  کە (100) بەڵگەنامەو گرێبەستی لەبوارەکانی (نەوت و غاز، پترۆ کیمیایی، پردو هێڵی شەمەندەفەر، بیناسازی، دەریاوانی ، بانکیی،  پەروەرەدە..هتد)  بەبڕی (400) ملیار دۆلار سەرمایەی چینی لەئێران لەخۆ دەگرێت لەکاتێکدا ساڵی (2004) تا (2019) هەموو سەرمایەی چین لەئەمەریکا (182) ملیار دۆلار بووە کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی (12) ملیار دۆلار، بەڵام چین دەیەوێت بەو رێککەوتنە  ساڵانە (16) ملیار دۆلار سەرمایە لەئێران بخاتەگەڕ، بۆیە ئەمە گومانی زۆر دروستدەکات لەکاتێکدا ئاستی سەرمایە و ژمارەی دانیشتوان و پێگەی ئابوریی و سیاسیی ئەمەریکا بەراورد ناکرێت بەئێران. ئەو ناوەندە ئابورییەی ئەمەریکا رایگەیاندووە چین دەیەوێت لەڕێگەی ئەو سەرمایەیەوە ئێران بخاتەژێر باری قەرزێکی گەورەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بکات و ئێران وەک بەنزینخانەیەک هەموو داهاتەکەی بڕژێنێتە گیرفانی چینەوە، چونکە ئەگەر تاران نەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە چین بۆی هەیە دەست بەسەر کۆمەڵێک سەرچاوەی داهات و دارایی ئێران لەناوخۆو دەرەوەدا بگرێت. پلانی چین بۆ ئێران و جیهان چین پلانێکی ستراتیژیی و درێژخایەنی ئابوریی بۆ پێگەو گرێدانەوەی کیشوەرەکانی (ئاسیا، ئەفەریقا، ئەوروپا) لەساڵی (2013) دەستپێکردوە کە بە (یەک بازنە و یەک رێگا) ناودەهێنرێت و لەکۆندا بە (رێگای ئاوریشم) ناوی هێنراوە، ئەم بازنەیە (70) وڵات لەخۆدەگرێت و ئێران دەکەوێتە چەقی ئەو بازنەیە کە بەدڵی بازنەکە ناوی دهێنرێت، بۆیە چین بە رێککەوتنێکی (25) ساڵە لەگەڵ ئێران دەیەوێت ستراتیژە گەورەکەی خۆی بەدیبهێنێت و ئێران ببێتە ناوەندێکی گواستنەوەو گەیاندن و بازرگانیی چین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. پەکین لەساڵی دەستپێکی ئەو پلانە ستراتیژییەوە نزیکەی یەک ترلیۆن و (300) ملیار دۆلاری بە مەبەستی گەشەی ژێرخانی ئابوریی بۆ (60) وڵاتی نێو ئەو بازنەیە تەرخانکردووە و پێدەچێت بەم رێککەوتنە لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی جۆرێک لەبووژاندنەوەی ئابوریی لەو وڵاتە. ساڵی (2017) لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەو پلانە ستراتیژییە نزیکەی (31) وڵات جگە لەئەمەریکا  بە رەسمی پشتیوانیی خۆیان بۆ (یەک بازنە و یەک رێگا) راگەیاند کە پێدەچێت ئەو ژمارەیە لەئێستادا زۆر زیاتری کردبێت، بەڵام وەک ئاماژەی پێدراوە پلانی بازنەکە (70) وڵات دەگرێتەوە کە روسیاو تورکیا بەگرنگترین پشتیوانی پلانەکەی چین لەناوچەکەدا لەقەڵەم دەدرێن. رێککەوتنەکە تەمەنی دەسەڵات لەئێران درێژ دەکاتەوە.. شارەزایان و شیکەرەوانی سیاسی پێیانوایە دۆخی ئابوریی و سیاسیی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران خراپەو رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە، بۆیە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ چین جۆرێکە لەبەهێزکردنی ئابوریی و پشتیوانێکی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزا سیاسی و ئابورییەکانی ئەمەریکا و ئەمەش وادەکات تەمەنی دەسەڵات لەئێران درێژ بکرێتەوە. ئەوەی لەتێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو رێککەوتنە بەدیدەکرێت کە نزیکەی (10) ساڵی خایاندووەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە، ئەوەیە کە ئێران بەبەردەوامی نایەوێت بە تەنها رووی سیاسیی و ئابوریی لەڕۆژهەڵات یان رۆژئاوا بێت، چونکە مێژووی دەستپێکردنی قۆناغی واژۆکردنی رێککەوتنە (25) ساڵەکەی لەگەڵ چین دەگەڕێتەوە بۆ دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لەساڵی (2015)، کەئەویش بە گەورەترین رێککەوتنێکی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی نێوان تاران و رۆژئاوا لەقەڵەمدەدرا، بەڵام دۆخی ناوخۆیی و پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران وای لەچینییەکان کرد کە واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە لەساڵی (2017) بۆ ئەمساڵ واتە رۆژی (27)ی مارسی (2021) دوابخەن و تەنانەت لەناوخۆی ئێراندا ئاماژە بەوە دەکرا کەچینییەکان دەیانەوێت رێککەوتنەکە لەگەڵ باڵی محافزکار لەحکومەتی داهاتوودا بکەن کەنزیکەی پێنج مانگی داهاتوو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران یەکلایی دەبێتەوەو پێدەچێت حکومەت بکەوێتە دەست ئەوان، چونکە حکومەتی ئێستا بە ریفۆرمخواز پێناسە دەکرێت. ئەو رێککەوتنە لەناوخۆی ئێراندا ناکۆکییەکانی باڵی محافزکار بەڕێبەرایەتیی عەلی خامنەیی و باڵی ریفۆرمخواز بەپێشەنگیی حەسەن رۆحانی لەحکومەتی وڵاتەکەدا زەق کردەوەو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی عەلی لاریجانی وەک نوێنەری خامنەیی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا بەشداریی پێبکرێت، تەنانەت هەواڵەکە وا بڵاوکرایەوە کە چین پێشنیاری بەشداریی لاریجانی کردووە، بەڵام محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هەواڵەکەی رەتکردەوەو رایگەیاند کەئەو جۆرە هەواڵانە لەئاستی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نییەو هیچ کاتێک چین لەو ئاستەدا دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەدا ناکات و تەنانەت پێشنیاری بەشداریی لاریجانی لەسەر داوای ئەو بووە. ساڵی (2016)ش جین پینگ، سەرۆکی چین چاوی بەعەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کەوت و خامنەیی لەو دیدارەدا رایگەیاند کە خەڵک و حکومەتی ئێران بەبەردەوامی هەوڵی بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین دەدەن و لەو سۆنگەیەوە رێککەوتنی ستراتیژیی (25) ساڵەی نێوان بەرپرسانی چین و ئێران زۆر دروست و باشە، بۆیە ئەم لێدوانەی خامنەیی ئاماژەیەکی گرنگ بوو بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنەکە. ناکۆکییەکانی ئەو دوو باڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر رێککەوتنەکە ئاماژەیە بەگەورەیی و گرنگیی رێککەوتنەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیی و نێوخۆییەوە، بۆیە هەردوو باڵەکە هەوڵدەدەن خۆیان بکەن بەخاوەنی سەرەکیی رێککەوتنە (25) ساڵییەکە لەگەڵ چین و ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و رێککەوتنەکەیان بەداگیرکردنی خاکی ئێران لەلایەن چینەوە وەسف کردووە و تەنانەت نزیکەی پێنج هەزار ئیمزا لەدووتوێی نامەیەک بۆ چین رەوانە کرا، ئەو رێککەوتنەی پەکین لەگەڵ تارانیان بە ناشەرعی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەخاکفرۆش ناوهێنا، بەڵام چین هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی نەبووە لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی ئێرانیی دژ بەو رێککەوتنە. چین ئامانجی ئابوریی لەئێران هەیە.. چین ژمارەی دنیشتوانی دەگاتە یەک ملیارو (400) هەزار کەس و ساڵانە بەبڕی چوار ترلیۆن و (700) ملیۆن دۆلار بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیەو ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بازرگانیی ساڵانەی لەئێستادا لەگەڵ چین دەگاتە (21) ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ژمارەیە پێشتر زیاتر بووە لە (27) ملیار دۆلار، بۆیە چین دەیەوێت بەبیانوی رێککەوتنی (25) ساڵە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئێران بەرزبکاتەوە، یان لانی کەم وەک رابردووی لێبکاتەوە. پێگەو هەڵکەوتەی جوگرافیای ئێران بە بەردەوامی مایەی سەرنجی وڵاتە زلهێزەکانە، چین یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین گرنگیی بەئێران دەدات، بۆیە ئەگەر سەرنج بدرێتە نەخشەی جیهان و ئەو بازنەیەی چین وەک (یەک بازنە و یەک رێگا) ناوی دەهێنێت، دەردەکەوێت وڵاتی ئێران دەکەوێتە ناوەندی ئەو بازنەیەوە، ئەمەش وا لەچین دەکات بەزۆر داواکاری ئێران رازی بێت و چاوپۆشیی لەدۆخی ناوخۆو نێودەوڵەتیی بکات تەنها لەپێناو بەدەستهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچە ستراتیژییە، کەئەمەش لەهەڵسوکەتەکانی چەند ساڵی رابردووی چین بەرامبەر ئێران بەدیدەکرێت، چونکە لەساڵی (2017) کەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بڕیاریدا بەکشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) و بەسفر گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران، تەنها وڵاتێک زیاترین نەوتی لەئێران کڕیوەو رێگەی نەدا ئامانجەکەی ئەمەریکا بەدیبهێنرێت وڵاتی چین بوو، چونکە رۆژانە (480) هەزار بەرمیل نەوتی لەو وڵاتە دەکڕی و لەئێستاشدا سەرەڕای سزاکانی سەر ئێران، وڵاتی چین رۆژانە نزیکەی (850) هەزار بەرمیل نەوت لەئێران دەکرێت. چین لە رووی بازرگانییەوە یەکەم وڵاتە بۆ ئێران، چونکە زیاترین هەناردەو هاوردەی کاڵای هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتەداو بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران لەساڵی (2020) زیاتر لە (25%)ی سەرجەم کاڵاو خۆراکی هەناردەی ئێران رەوانەی چین کراوە، کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی (10) ملیار دۆلار. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە بەجێبەجێکردنی رێککەوتنی (25) ساڵە لەگەڵ چین، ئاستی هەناردەی ئێران بۆ ئەو وڵاتە بۆ سێ هێندە بەرزدەبێتەوە، واتە ساڵانە بە بەهای (30) ملیار دۆلار کاڵای ئێرانی رەوانەی چین دەکرێت  و لەلایەکی دیکەوە ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و چین ئاشکرای کردووە کە ئاستی هەناردەی ئێران بۆ چین لە رابردوودا بەهای (27) ملیار دۆلاری ئەزموون کردووە، بەڵام دۆخی سیاسی و سزاکانی ئەمەریکاو بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ چین تا نۆ ملیار دۆلار دابەزاندووە. بەپێی یەکێک لە رێککەوتنەکان ئاستی هەناردەو هاوردە لەگەڵ چین دەبێت هاوشان بێت، واتە ئەگەر ئاستی هەناردە لەئێرانەوە بۆ چین گەیشتە (30) ملیار دۆلار، دەبێت لەبەرامبەردا ئێران ئاستی هاوردەو کڕینی کاڵا لەچینەوە بگەیەنێتە (30) ملیار. چین شەڕی ئەمەریکا بەئێران دەکات.. لەکاتی قوڵبوونەوەی ململانێی نێوان پەکین و واشنتۆن، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمەریکا وتی» ئەگەر ئێمە چین نەگۆڕین ئەوا ئەو هەموومان دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بەرەنگاری ببینەوە» ئەمە بە یەکێک لەدێڕە سەرنجڕاکێشەکانی بەرپرسێکی ئەمەریکی لە دوو دەیەی رابردوودا دژی چین لەقەڵەمدەدرێت، بۆیە ئەمەریکا بەهەموو شێویەک دەیەوێت بەرەنگاری چین ببێتەوەو هەمو کارتێکی فشاری سیاسی و ئابوریی بەکاردەهێنێت. جەنگی ئابوریی نێوان چین و ئەمەریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا لەساڵی (2017) دەستیپێکردو ساڵی (2018 و 2019) گەیشتە لوتکەی خۆی و کار گەیشتە ئەوەی ئەمەریکا سێ  کەشتیگەلی ئەتۆمی و فڕۆکەهەڵگری رەوانەی باشوری دەریای چین لەزەریای هێمن بکات، چونکە چین خۆی بەخاوەنی ئەو بەشە لەئاوی زەریاکە دەزانێ و ئەو ئاوانە بەڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی لەقەڵەمدەدرێت و بەپێی ئامارەکان سێ ترلیۆن بازرگانیی هەموو جیهان لەو ئاوانەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە چین لەبەرامبەر رێگرییە ئابورییەکانی ئەمەریکا دەیەوێت بەخێراترکردنی دروستکردنی (یەک بازنە و یەک رێگا) کەئێران دەکەوێتە ناوەندی ئەو بازنەیەوە ململانێی ئابورییەکانی دژی ئەمەریکا بەهێزتر بکات و ئێران وەک کارتێکی فشار بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لەدەریای باشوری چین بەکاربهێنێت. چین نەوتی ئێرانی دەوێت.. بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەڕێککەوتنی چین و ئێران بڵاوبووەتەوە، چین بەبێ گوێدانە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران  نەوتی ئەو وڵاتە بە (32%) کەمتر لەنرخی جیهانی دەکڕێت و دەتوانێت پێدانی پارەی نەوتەکە بەئێران تا دوو ساڵ دوابخات، ئەمەش بەو واتایە دێت چین چیتر گوێ بەسزاکانی ئەمەریکا لەدژی ئێران نادات، بەڵام نەوتی ئێران بەیەک لەسەر سێی نرخی جیهانی دەکرێت، کەئەمەش بەوەرچەرخانێکی سیاسیی چین وەسف دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردوەتەوە کەنەوتی وڵاتەکەی بەدابەزاندنی (32%) نرخەکەی رادەستی هیچ وڵاتێک تەنانەت چین بکرێت. رێککەوتنێکی نهێنی و نادیار.. ئەگەرچی رێککەوتنی (25) ساڵەی نێوان چین و ئێران واژۆ کراوە، بەڵام بەپێی دەستورو یاسای چین نابێت هیچ بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەی بڵاوبکرێتەوە و لەهەمان کاتێشدا بەپێی یاساو دەستوری ئێران هەر بەڵگەنامەیەکی رێککەوتنی حکومەت کە پەیوەندیی بەدارایی و ئابورییەوە هەبوو، پێویست بەبڵاوکردنەوە ناکات و حکومەت ناچار نییە ئەو بەڵگانە بڵاوبکاتەوە، بۆیە هەردوو یاسای ئەو دو وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەی وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە بەنهێنی و نادیاریی بمێننەوەو ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، بەشێکی زۆری زانیارییەکانی ناوەندی ئابوریی جیهانی کیل Kiel Institute for the World Economy (IfW Kiel) لەوڵاتی ئەڵمانیایەو تەنها شتێک کە لە رێککەوتنەکەدا زۆر روونە چین دەیەوێت جەمسەرێکی بەهێز بێت لەناوچەکەداو لەو چوارچێوەیەشدا پێویستی بەچەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت ئێران هەیە.  

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا بڕیاریدا سزا به‌سه‌ر که‌رتى پیشه‌سازیى به‌رگرى تورکیا (SSB) دا بسه‌پێنێت، به‌هۆى کڕینى سیستمى موشه‌کى به‌رگرى S400 له‌ روسیا. به‌پێى راسپارده‌یه‌ک که‌ له‌ تۆمارى فیدڕاڵى ئه‌مریکادا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌نتۆنى بلینکن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که‌ ده‌سه‌ڵاتى پیشه‌سازى به‌رگرى تورکیا "مامه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌ی" له‌گه‌ڵ لایه‌نى روسیادا کردوه‌ بۆ کڕینى سیستمى موشه‌کى به‌رگرى S400. هه‌روه‌ها به‌پێى ئه‌و راسپارده‌یه‌، سزاکان ده‌سته‌ى پیشه‌سازى سه‌ربازیى تورکیا و ئیسماعیل ده‌میر سه‌رۆکى ده‌زگاکه‌ى گرتوه‌ته‌وه‌، هاوکات سێ لێپرسراوى دیکه‌ى تورکیاش که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئیسماعیل ده‌میره‌وه‌ هه‌یه‌ سزادراون. هاوکات رێگه‌ به‌ مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیانى ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ که‌سانه‌ى که‌ سزا خراوه‌ته‌ سه‌ریان نادرێت و ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ لیسته‌که‌دان سه‌رمایه‌کانیان له‌ ئه‌مریکا بلۆک ده‌کرێت و رێگه‌ى گه‌شتکردنیان بۆ ئه‌مریکا پێنادرێت. حکومه‌تى تورکیا واژۆى کڕینى سیستیمى به‌رگرى موشه‌کى S-400 کرد، مانگى ته‌موزى 2019ش به‌ چه‌ند قۆناغێک ده‌ستیکرد به‌ گواستنه‌وه‌ى سیستمه‌که‌ بۆ خاکى تورکیا و ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکاى لێکه‌وته‌وه‌و ده‌یان وا1ژۆى ئه‌ندامانى کۆنگرێس کۆکرایه‌وه‌ بۆ سزادانى ئه‌نقه‌ره‌. له‌ماوه‌ى رابردوشدا، به‌رپرسانى ئه‌مریکا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردوه‌ته‌وه‌، حکومه‌تى تورکیا له‌پرۆگرامى فڕۆکه‌ى جه‌نگى F-35 ده‌رده‌که‌ن وه‌ک هه‌نگاوێکى سه‌ره‌تایى بۆ سزادانى ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر کڕینى سیستمى به‌رگرى موشه‌کى روسی.

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئامارى بڕى نه‌وتى فرۆشراو و داهاتى ده‌ستکه‌وتووى مانگى رابردووى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، بڕى 91 ملیۆن زیاتر به‌رمیل نه‌وت به‌ به‌هاى پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلار فرۆشراوه‌. وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق راگه‌یه‌ندراوێکى له‌باره‌ى ئامارى فرۆشتنى بڕى نه‌وت و داهاته‌که‌ى له‌ مانگى ئازار بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ له‌ کێڵگه‌کانى که‌رکوک بڕى سێ ملیۆن و 71 هه‌زار و 745 به‌رمیل نه‌وت به‌ به‌هاى 194 ملیۆن و 530 هه‌زار و 539 دۆلار فرۆشراوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ کۆى بڕى نه‌وتى فرۆشراو له‌ کێڵگه‌کانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق 88 ملیۆن و 240 هه‌زار و 184 به‌رمیل نه‌وت بووه‌. هاوکات، تێکڕاى هه‌نارده‌کردنى بڕى نه‌وتى فرۆشراوى رۆژانه‌ له‌ مانگى ئازاردا دوو ملیۆن و 945 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بووه‌ و یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى به‌ 63 دۆلار و 3.29 سه‌نت فرۆشراوه‌.  

هاوڵاتى وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا رایگه‌یاند،"چاوه‌ڕوانین کارى پێویست بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌زوترین کات تیرۆریستانى شنگال و مه‌خمور له‌ چالاکى په‌کبخرێن." ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ى نیسانى 2021، ئه‌نادۆڵى تورکی، خولوسى ئاکار وه‌زیرى به‌رگریى تورکیا، به‌ رێگه‌ى ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆبونه‌وه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رماندانه‌ى سوپاى تورکیا ئه‌نجامدا که‌ له‌سه‌ر ھێڵى سنوریى و ده‌ره‌وه‌ى سنور له‌ ئه‌رکدان و رایگه‌یاند،"چاوه‌ڕوانین کارى پێویست بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌زووترین کات تیرۆریستانى شنگال و مه‌خمور له‌ چالاکى په‌کبخرێن." خولوسى ئاکار له‌میانى کۆبوونه‌وه‌که‌دا له‌باره‌ى جموجوڵه‌کانى یۆنان وتی:"وێڕاى ھه‌ڵوێستى ئاشتیانه‌ و دانوستانخوازانه‌ى ئێمه‌، چه‌واشه‌کارى و ده‌ستدرێژییه‌کانى یۆنان به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌ش گرژییه‌کان زیاتر ده‌کات". خولوسى ئاکار باسى له‌ به‌رده‌وامى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى سوپاى تورکیاى کرد و وتی: "سه‌ربازه‌کانمان حه‌شارگه‌کانى تیرۆریان ھه‌ڵته‌کاندوه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌کانمان به‌توندى به‌رده‌وامن".  

هاوڵاتی سەرۆكی ئێران رایگەیاند، لەدوو ناوچەی وڵاتەكەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردووەو دەشڵێت:" توانای نیشتیمانیمان زۆرە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا". ئەمڕۆ شەممە 3ی نیسانی 2021، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی نیشتیمانی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا رایگەیاند:" لەدوو ناوچەی وڵات شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردوە و ئەگەر پابەند نەبین بەرێكارەكان پێدەچێت ناوچەكانی دیكەش بگرێتەوە". رۆحانی راشیگەیاند:" لەماوەی سێ ساڵی رابردودا ئێران دو روداوی بەخۆوە بینیوە كە پێشتر رویان نەداوە، ئەوانیش پرسی پەتای كۆرۆنا و شەڕی ئابورییە، لەماوەی 100 ساڵی رابردودا وێنەیان نەبووە". سەرۆك كۆماری ئێران ئەوەشی دووپاتكردەوە كە توانای نیشتیمانییان زۆرە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا بەجۆرێك مایەی شانازییە، ئەو بابەتەش لەماوەی 14 مانگی رابردودا كاری لەپێشینەی حكومەت بووە. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە حكومەت لەقۆناغەكانی داهاتودا چوار هەنگاو دەنێت ئەویش بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان و تەواوكردنی پرۆژە ئابورییەكانە. تائێستا ئێران بەتۆماركردنی یەك ملیۆن و 920 هەزار و 394 حاڵەتی توشبون بەكۆرۆنا لەپلەی یەكەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و رۆژانە زیاتر لە 70 بۆ 80 كەس لەو وڵاتە بە ڤایرۆسەكە گیان لەدەست دەدەن.  

هاوڵاتى ‌په‌رله‌مانتارێکى پارتى دیموکراتى گه‌لان هه‌ده‌په‌ به‌هۆى ده‌رچوونى بڕیارى سزاى زیندانییه‌وه‌ پارێزبه‌ندى لێسه‌ندرابووه‌وه‌، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى تورکیا ده‌ستگیرکرا. عومه‌ر فاروق گه‌رگه‌رلیئۆغڵو، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌ فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى گه‌لان (ھه‌ده‌په‌) له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ١٧ى ئازارى ئه‌نجومه‌نى گشتیى په‌رله‌مان، له‌دواى خوێندنه‌وه‌ى یاداشتنامه‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى تورکیا له‌باره‌ى ده‌رچوونى بڕیارى کۆتایى سزاى زیندانی، پارێزبه‌ندى لێسه‌ندرایه‌وه‌ و دواتریش بڕیارى ده‌ستگیرکردنى بۆ ده‌رچوو. له‌دواى ده‌رچوونى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى ناوبراو له‌نێو ماڵه‌که‌ى خۆى له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى تورکیاوه‌ ده‌ستگیرکرا.    

هاوڵاتى به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوه‌ دادوه‌ر محمد عورێبی، یه‌کێک له‌و دادوه‌رانه‌ى سه‌رپه‌رشتى دادنیشتنه‌کانى تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ى گه‌وره‌ تۆمه‌تبارانى ڕژێمى پێشووى عێراق گیانى له‌ده‌ستدا. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2ى نیسانى 2021 دادوه‌ر محمد عورێبی به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانى له‌ده‌ستدا.

هاوڵاتى قۆناغى یه‌که‌مى ئۆپه‌راسیۆنی ئاسایش و مرۆڤایه‌تی بۆ سه‌ر کامپى هۆڵ کۆتایى هات له‌لایه‌ن هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆوه‌ 125 که‌س که‌ له‌ ناویاندا 20 به‌رپرسیان هه‌بووه‌ ده‌ستگیر کران. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2ى نیسانى 2021، عه‌لى حه‌سه‌ن، وته‌بێژى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆى ڕۆژئاڤاى کوردستان له‌ ناو کامپى هۆڵ کۆتایى به‌ قۆناغى یه‌که‌مى ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منى و مرۆییه‌که‌ى سه‌ر کامپه‌که‌ هێناو رایگه‌یاند:"له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا به‌ سه‌رکه‌وتوو بووین و ئێستا ژینگه‌یه‌کى ئارامتر و سه‌قامگیرترمان له‌ناو کامپه‌که‌ فه‌راهه‌م کردووه‌". ناوبراو راشیگه‌یاند:"ئه‌مه‌ به‌بێ پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى زۆر ناخایه‌نێت، هه‌ربۆیه‌ بانگه‌واز ده‌که‌م هه‌ل بقۆزرێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى درێژخایه‌نى کامپه‌که‌". هه‌ڵمه‌ته‌که‌ که‌ به‌پشتیوانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات و یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن و یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل له‌ 28ى مانگى ڕابردوو ده‌ستى پێکرد، ئه‌مڕۆ کۆتاییهات و به‌پێى ڕاگه‌یه‌نراوى کۆتایی، تیایدا "زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منیه‌کان به‌شدارییان تێدا کرد، 125 چه‌ته‌ ده‌ستگیر کراوه‌ که‌ له‌ نێویاندا ٢٠ سه‌رچه‌ته‌ هه‌یه‌". له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا 47 که‌س له‌ناو کامپه‌که‌دا کوژراون، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کرا کێشه‌ى خێزانه‌کانى داعش چاره‌سه‌ر بکات و بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وڵاته‌کانیان و کامپى هۆڵ گرفتێکى نێوده‌وڵه‌تییه‌.  

هاوڵاتی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان لەراپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی مانگێکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٦ چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون‌و ٦ کۆڵبەر کوژراون‌و ٢٢ کەسیش خۆیان کوشتوە. كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، له‌ مانگی ئاداردا هه‌ڵمه‌تی گرتن و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چالاكوانانی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌و له‌و مانگه‌دا 46 چالاكوان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. به‌م پێیه‌ له‌سه‌رەتای ئه‌مساڵه‌وه‌ 201 چالاكوانی سیاسی و مه‌ده‌نی كورد له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون. هه‌ر به‌ پێی راپۆرته‌كه‌دا، مانگی رابردوو دوو كه‌س له‌ رۆژهه‌ڵات له‌ سێداره‌دراون و به‌مه‌ش له‌ سه‌رتای ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌شت هاوڵاتی كورد ئه‌و سزایه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه‌. له‌به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، كه‌ له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵ شه‌ش كۆڵبه‌رو كاسبكاری كورد كوژراون و 11 كۆڵبه‌ر و كاسبكاریش برینداربوون. له‌سه‌رەتای ئه‌مساڵه‌وه‌ 15 كۆڵبه‌رو كاسبكار له‌ رۆژهه‌ڵات كوژراون و 33 كه‌سی تریش برینداربوون. كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ مانگی رابردوودا حه‌وت ژن و 15 پیاو خۆیان كوشتووه‌ و به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینیشه‌وه‌ كه‌سێك كوژراوه‌ و كه‌سێكی تریش بریندار بووه‌.

هاوڵاتى عێراق و سعودیه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنى سندوقێکى هاوبه‌ش به‌ سه‌رمایه‌ى سێ ملیار دۆلار به‌ مه‌به‌ستى به‌هێزکردنى که‌رتى وه‌به‌رهێنان و کارى هاوبه‌ش له‌ بوارى وزه‌ و نه‌هێشتنى باج رێککه‌وتن. ئاژانسى هه‌واڵى سعودیه‌ بڵاویکرده‌وه‌، سعودیه‌ و عێراق له‌باره‌ى به‌رده‌وامیدان له‌ هاوکاریکردن و هه‌ماهه‌نگیکردنى یه‌کتر له‌ بوارى نه‌وت له‌ چوارچێوه‌ى کارکردن له‌ رێکخراوى ئۆپێک و ئۆپێک پڵه‌س و پابه‌ندبوون به‌ هه‌موو رێککه‌وتن و میکانیزمه‌کانییه‌وه‌ رێککه‌وتن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى وزه‌ش، هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر به‌ستنى هێڵێکى کاره‌با بۆ هه‌ردوو وڵات و کارکردن له‌سه‌ر به‌هێزکردنى وه‌به‌رهێنانى سعودیه‌ له‌ عێراق و فراوانکردنى چالاکى کۆمپانیا سعودییه‌کان له‌سه‌رجه‌م کایه‌ و بواره‌کاندا. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ باجى دوولایه‌نه‌ له‌سه‌ر کاڵا و شمه‌که‌ هاورده‌کانى نێوان دوو وڵات و به‌هێزکردنى که‌رتى چالاکییه‌کانى که‌رتى تایبه‌ت. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ و له‌ یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ى سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌که‌ى کازمى بۆ سعودیه‌، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆکى ره‌وتى سه‌در رایگه‌یاند، به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ردانه‌که‌ و هیواى خواست ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ده‌رکردنى عێراق له‌ دۆخى دابڕانى مێژوویى و ژینگه‌یى خۆیی. دوێنێ مسته‌فا کازمى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق به‌سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ سعودیه‌ و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سه‌لمان شازاده‌ى ئه‌و وڵاته‌ کۆبووه‌وه‌ و چه‌ند رێککه‌وتنێکیان واژۆکرد.  

هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە وڵاتی کرواتیا چوار پەنابەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەستدا، سەرەخۆشی لەبنەماڵەکانیان دەکەن و لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی تەرمەکانیان دەگەڕێندرێتەوە رۆژئاوای کوردستان. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە داخەوە لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە وڵاتی کرواتیا  ، چوار پەنابەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ، گیانیان لە دەستدا و چەند پەنابەرێکی دیکەش برینداربوون". ئەوەش هاتوە، "وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاریان و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان ، لە سەر ڕاسپاردە و ئەرکی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، تەرمی ئەو چوار پەنابەرە دەگەڕێنڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دواتر دەنێردرێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن".

هاوڵاتی  سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی ڕایگه‌یاند به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ دووباره‌ په‌تای كۆرۆنا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ پشكنین بۆ سه‌رجه‌م مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی ئه‌نجام ده‌دات. ڕه‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29-3-2021 له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی پشكنین بۆ سه‌رجه‌م مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی ده‌كرێت. وتیشی: به‌هۆی ده‌وام و هه‌روه‌ها بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكاران له‌ به‌شه‌ ناوخۆیی و هۆڵه‌كانی خوێندن، بڕیار درا پشكنین بۆ سه‌رجه‌م مامۆستا و خوێندكاران بكرێت. سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی كرد بۆ ناردنی چه‌ند تیمێكی پزیشكی بۆ پشكنینی مامۆستا و خوێندكاران.

هاوڵاتى دادگاى ده‌ستووریى تورکیا کاتى دانیشتنى دادگاکه‌ى بۆ بڕیاردان له‌داواکارییه‌که‌ى داواکارى گشتى تورکیا بۆ داخستنى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) دیاریکرد. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 26ى ئازارى 2021، دادگاى ده‌ستووریى تورکیا بڕیاریدا ڕۆژى 31ى ئه‌م مانگه‌ دانیشتنى دادگاکه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌مه‌به‌ستى بڕیاردان له‌و داواکارییه‌ى داواکارى گشتى تورکیا پێشکه‌شى دادگاى ده‌ستووریى کردووه‌ بۆ داخستنى پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌). هه‌روه‌ها له‌هه‌مان رۆژدا بڕیاره‌ دادگاى ده‌ستووریى چاوده‌خشێنێته‌وه‌ به‌ سکاڵاکه‌ى عومه‌ر فاروق، په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ که‌ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى لێسه‌ندنه‌وه‌ى مافى په‌رله‌مانتاریى کردبوو. ڕۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ داواکارى گشتى دادگاى ده‌ستووریى باڵاى تورکیا داواکارییه‌کى بۆ داخستنى هه‌ده‌په‌ به‌تۆمه‌تى "کارى تیرۆرستی" پێشکه‌شى دادگاى ده‌ستووریى کرد، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش کاردانه‌وه‌ى ئه‌وروپا و ئه‌مریکاى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و داواده‌که‌ن، تورکیا بڕیارى داخستنى هه‌ده‌په‌ نه‌دات. پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌) پارتێکى کوردى باکورى کوردستانه‌و 56 ئه‌ندامى له‌ په‌رله‌مانى تورکیادا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 10 هه‌زار په‌رله‌مانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى و به‌رپرس و ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له‌ زیندانه‌کانى تورکیادان.

هاوڵاتى محه‌مه‌د ئۆجالان ڕایگه‌یاند: ڕێبه‌ر ئۆجالان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا وتوویه‌تی؛ ده‌وڵه‌ت یارییه‌کى هه‌ڵه‌ ده‌کات، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌ن، ئه‌مه‌ بابه‌تێکى سیاسییه‌، نه‌ یاساییه‌ و نه‌ ڕاسته‌، پێویسته‌ پارێزه‌رانم بێنه‌ ئێره‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشم و ده‌شڵێت عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پێى راگه‌یاندووه‌ که‌ " نامه‌وێت که‌س بۆ من له‌ مانگرتن له‌ خواردن و له‌ زینداندا بمرێت". دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 25ى ئازارى 2021، محه‌مه‌د ئۆجالان، بڕاى عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان له‌لایه‌ن داواکارى گشتیى ڕۆحاوه‌، بانگهێشت کرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ژێر چاودێریى داواکارى گشتیدا، به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئۆجالان بکات، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسى میزۆپتامیا قسه‌یکردووه‌. محه‌مه‌د ئۆجالان ڕایگه‌یاند: کاتژمێر 06:00ى ئێواره‌ى ڕۆژى 24ى ئه‌م مانگه‌، له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه‌ که‌ خۆى وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رى زیندانى ئیمرالى ناساندبوو ته‌له‌فۆنى بۆ کراوه‌، پێى وتووه‌ که‌ پێویسته‌ ڕۆژى 25ى ئه‌م مانگه‌ کاتژمێر 01:45 خوله‌کى دویانیوه‌ڕۆ له‌ بیناى داواکاریى گشتى ڕۆحا بێت تا له‌ ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ براکه‌ى قسه‌ بکات. محه‌مه‌د ئۆجلان ده‌ڵێت: به‌یانى خۆمم گه‌یانده‌ دادگاى ڕۆحا، داوام لێکرا که‌ بۆ ماوه‌ى 10 خوله‌ک له‌ ژوورێکى قاتى ژێره‌وه‌ى بیناکه‌بم، له‌وێ کارمه‌ندێک هه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌ت له‌گه‌ڵ براکه‌ت ڕێکده‌خات، ده‌نگى ته‌له‌فۆنه‌که‌ هات، وه‌ڵامم دایه‌وه‌ و ڕێبه‌ر ئۆجالان یه‌کسه‌ر وتی:”چۆن هاتوویته‌ ئێره‌؟ کێ تۆى هێناوه‌؟ ئه‌مه‌ چۆنه‌؟ له‌ کوێوه‌ په‌یوه‌ندى ده‌که‌یت؟ محه‌مه‌د ئۆجالان ڕاشیگه‌یاند: براکه‌م وتی: “هه‌م تۆ هه‌ڵه‌ى هه‌میش ده‌وڵه‌ت، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌، ساڵێکه‌ هیچ دیدارێک نه‌کراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ یاساى ده‌وڵه‌ت و هیچ یاسایه‌کى دیکه‌ش جێگه‌ ناگرێت، هاتنى تۆ هه‌ڵه‌یه‌ و زۆر مه‌ترسیداره‌، ده‌وڵه‌تیش مه‌ترسیداره‌، ئه‌مه‌ شتێکى ڕاست نییه‌، ئه‌گه‌ر دیدارێک بکرێت پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ى یاسا بێت، نابێت به‌ دڵى خۆیان و دواى ساڵێک دیدارێک به‌ ته‌له‌فۆن درووست بکه‌ن، ئه‌وه‌ى ئێوه‌ ده‌یکه‌ن زۆر هه‌ڵه‌یه‌، ده‌وڵه‌تیش یارییه‌کى هه‌ڵه‌ ده‌کات، ئێوه‌ش، ئه‌مه‌ یاسایى نییه‌، ڕاست نییه‌، هیچکات قبوڵ ناکرێت، هاوکات مه‌ترسیداره‌، ئاگاتان لێیه‌ چى ده‌که‌ن؟، ده‌مه‌وێت پارێزه‌رانم بێنه‌ ئێره‌ و دیدارم له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، ئه‌مه‌ شتێکى یاساییه‌، 22 ساڵه‌ لێره‌م، ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک بێته‌ پێش چۆن ده‌بێت؟ ئه‌م کێشه‌یه‌ ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ى یاساوه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، بۆ نایه‌نه‌ ئێره‌؟، ئه‌گه‌ر چاوپێکه‌وتنێک بێت ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران بێت، چونکه‌ ئه‌م دۆخه‌ هه‌م سیاسییه‌ هه‌میش یاساییه‌. له‌ به‌رده‌وامیدا محه‌مه‌د ئۆجالان وتی، به‌ سه‌رۆکم وت؛ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانى هاتنم بۆ ئێره‌ چالاکییه‌کانى مانگرتن له‌ خواردنه‌و و سه‌رۆکیش وتوویه‌تی:”نامه‌وێت که‌س بۆ من له‌ مانگرتن له‌ خواردن و له‌ زینداندا بمرێت، پێشتریش ئه‌مه‌م وتبوو، ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌، پێویست به‌مه‌ ناکات، ئه‌مه‌ شتێکى قورسه‌، پێویسته‌ ئێوه‌ ئه‌مه‌ ببینن. هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ئۆجالان له‌ به‌رده‌وامیدا ده‌ڵێت: نزیکه‌ى چوار بۆ پێنج خوله‌ک قسه‌مان کرد، ده‌نگێک به‌ لاوازى هات، به‌ باوه‌ڕم ده‌نگى سه‌رۆک بوو، وتی: ئه‌م دیداره‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌مه‌ دیداریش نییه‌، به‌ڵام دواى ئه‌مه‌ ته‌له‌فۆنه‌که‌ پچڕا. محه‌مه‌د ئۆجالان ده‌شڵێت دواى پچڕانى ته‌له‌فۆنه‌که‌، دۆخه‌که‌م به‌و کاربه‌ده‌سته‌ى له‌وێ بوو گه‌یاند، ویستیان له‌وێ بمێنم، دواتر که‌سێکى دیکه‌ ته‌له‌فۆنى کرد و وتى پێویسته‌ له‌وێ بمێنیت، دواى ١٠ بۆ ١٥ خوله‌ک، وتم چیتر ته‌له‌فۆن ناکرێته‌وه‌، دوایى وتیان، دیدار ته‌واو بووه‌. له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا محه‌مه‌د ئۆجالان ڕوو له‌ ده‌وڵه‌ت و که‌سانى خاوه‌ن ویژدان وتی: کرده‌وه‌یه‌کى به‌م شێوه‌یه‌ قبوڵکراو نییه‌.  

 هاوڵاتى فه‌رمانده‌یى هه‌رێمى هه‌فتانین هۆشداریى به‌و که‌سانه‌ ده‌دات، که‌ خزمه‌تى داگیرکه‌ران ده‌که‌ن و داوا ده‌کات، ده‌ست له‌و کارانه‌ هه‌ڵگرن که‌ خزمه‌ت به‌ داگیرکه‌ر ده‌کات و دووره‌ له‌ پێوانه‌کانى وڵاتپارێزیی. ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوى فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى هه‌فتانین: گه‌ریلاکانى ئازادیى کوردستان له‌ هه‌ر ده‌ڤه‌رێکى کوردستان و هه‌ره‌ دوایى له‌ گاره‌ و هه‌فتانین به‌رخۆدانێکى به‌هێزیان نیشاندا و سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌یان بۆ گه‌لى کورد تۆمار کرد. گه‌له‌که‌مان به‌و وره‌ و هێزه‌ى که‌ له‌ گه‌ریلا وه‌رى ده‌گرێت، به‌ وره‌ و ڕۆحى گاره‌ ڕژانه‌ گۆڕه‌پانه‌کانى نه‌ورۆز و جارێکى تر نیشانیاندا که‌ ئه‌وان گه‌لى سه‌رهه‌ڵدانن. له‌ قۆناغێکى ئاوه‌هادا ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ر ده‌ست له‌ پیلانى داگیرکاریى به‌رنادات و ده‌یه‌وێت زیاترى بکات. به‌تایبه‌تى ده‌خوازن هه‌ندێک که‌س له‌ باشوورى کوردستان تێوه‌گلێنن و ئه‌وان بۆ ئامانجه‌ گڵاوه‌کانیان به‌کار بهێنن. له‌ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ هه‌ندێک که‌س بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى مادیى هاوکاریى داگیرکه‌ران ده‌که‌ن، له‌ هه‌فتانین له‌ کارى ڕێگه‌ و له‌ گاره‌ کارى به‌ڕێوه‌بردن ده‌که‌ن. له‌ کوردستان بۆ داگیرکاریى سه‌ربازیى ڕێگه‌ دروست ده‌کرێت. کارکردن له‌ دروستکردنى ڕێگه‌ى سه‌ربازیى به‌واتاى خزمه‌تى دووژمنه‌ و ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ تاوانێکى گه‌وره‌یه‌ له‌ دژى گه‌ل. که‌سانێک، که‌ بۆ خزمه‌تى داگیرکه‌ران کار ده‌که‌ن پێشتر له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یى ئێمه‌ هۆشدارییان پێدراوه‌. گه‌لێک که‌س ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى دوژمن-یان بینیوه‌  و وازیان له‌ خزمه‌تکردنى داگیرکه‌ر هێناوه‌. به‌ڵام هه‌ندێک که‌س هێشتا به‌ به‌رده‌وامیى خزمه‌تى داگیرکه‌ر ده‌که‌ن و له‌ داگیرکاریى باشوورى کوردستان ڕۆڵ ده‌گێڕن. ئێمه‌ جارێکى تر داوایان لێده‌که‌ین که‌ با ده‌ست له‌م کرده‌وه‌یه‌ به‌رده‌ن  و خزمه‌تى دووژمن نه‌که‌ن ئه‌م کاره‌یان دووره‌ له‌ پێوانه‌کانى وڵاتپارێزیی. فه‌رمانده‌یى هه‌رێمى هه‌فتانین