هاوڵاتی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و هه‌روه‌ها به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌و ئاهه‌نگێڕانی خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسی له‌عێراق و پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.  بڕیاره‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌و تیایدا تاوتوێی په‌یوه‌ندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بكه‌ن له‌باره‌ی گرنگی به‌هێزكردنی لێكتێگه‌یشتنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگی بونیاتنه‌ر.  

دوو فڕۆکەوانی كۆمپانیای فلای به‌غداد بەناوەکانی (كازم جاسم) و (حه‌یده‌ر عه‌بدولسه‌مه‌د) لەڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، ئەو دوو فڕۆکەوانە لەکاتی چوونیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانیان لەدەستداوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢/١٠/٢٠٢٢لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان." دوای ئەوەی چوارشەمەی ڕابردوو ٢٨/٩/٢٠٢٢ ئێران لە ڕێگەی ٧٣ موشەکی بالیستی و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی فراوانی کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و پردێ و گوندی زڕگوێز، بەهۆیانەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و چەندین ناوەندی جیهانی و وڵاتانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەروەها نیگەرانیی تووندی نێوخۆییان لێکەوتەوە. هەفتەی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیی رادەستکرد. هەر بۆیە ئەمڕۆلیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان."

هاوڵاتی نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران گەیشتە نزیکەی 34 هەزار تمەن ,و نزمترین بەهای میژویی تۆمار دەکات بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دەبینێت و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە بەرزترین نرخی مێژویی ئەو دراوە لە وڵاتەکەدا. میدکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە گەیشتوەتە زیاتر لە 33 هەزار و 400 تمەن و ئەوەش بەرزترین نرخە کە ئەو دراوە لە بەرامبەر دراوی تمەن تۆماری کردبێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بنبەستی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران رابگەیەنێت ، نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاریگەریی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەش بە هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر بەهای دۆلار ئەژمار دەکرێت. ئەمەش لە کاتیکدایە پێش خۆپیشاندانەکانی دو هەفتەی رابردو نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران لە نێوان 26 هەزار تمەن بۆ 27 هەزار تمەن بوە

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، چالاكیی دو گه‌ریلای ژن له‌ دژی بنكه‌یه‌كی پۆلیس له‌ مێرسین له‌ رێگه‌ی په‌ڕه‌شوته‌وه‌ بووه‌. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاویكرده‌وه‌ سلێمان سۆیلو، وه‌زیری ناوخۆی توركیا له‌ لێدوانێكی نوێ سه‌باره‌ت به‌ روداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی هه‌ستیاری پۆلیس له‌ شاری مێرسین رایگه‌یاند؛ ئه‌و دو كچه‌ گه‌ریلایه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) به‌ په‌ڕه‌شوت خۆیان گه‌یاندوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌. به‌ وته‌ی سۆیلو له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی نوێ سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌و دو گه‌ریلایه‌ به‌ په‌ڕه‌شوت له‌ شاری منبج له‌ باكوری سوریا هاتونه‌ته‌ مێرسین و هێرشه‌كه‌یان دژی بنكه‌ی سه‌ره‌كیی پۆلیس له‌و شاره‌ ئه‌نجام داوه‌. لێدوانه‌كانی وه‌زیری ناوخۆی توركیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ناوی ئه‌نجامده‌رانی چالاكییه‌ی بڵاوكردبوه‌وه‌ و دواتر هه‌په‌گه‌ به‌ راگه‌یه‌نراوێك رایگه‌یاند ئه‌و كه‌سانه‌ی سلێمان سۆیلو ناوی هێناون له‌ چیا و شاخه‌كانی كوردستان و دو گه‌ریلای دیكه‌ ئه‌و چالاكیه‌یان ئه‌نجام داوه‌.  

هاوڵاتی توركیا رایگه‌یاند هاورده‌كردن و وه‌رگرتنی غاز له‌ ئێران راگیراوه‌و كۆمپانیایه‌كیش ده‌ڵێت: هێڵی بۆری غازی نێوان توركیا و ئێران پێویستی به‌ چاكسازییه‌. كۆمپانیای بۆتاش بۆ كڕینی و رێكخستنی نه‌وت و غاز له‌ توركیا، رۆژی شه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌؛ هاورده‌كردنی غازی ئێران بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ راده‌گیرێت. كۆمپانیاكه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا هۆكاری راگرتنی وه‌رگرتن و هاورده‌ی غازی ئێرانی به‌ كێشه‌ بۆریی غازی نێوان دوو وڵاته‌كه‌ ناوبردوه‌. بوتاش رونی كردوه‌ته‌وه‌ دوای چاكسازیی له‌ هێڵی بۆری غازی نێوان توركیا و ئێران هاورده‌كردن و كڕینی غاز له‌و وڵاته‌وه‌ بۆ توركیا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. به‌هۆی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سزاكانی ئه‌مریكا، غازی ئێران ته‌نها له‌ لایه‌ن توركیا و عێراق به‌كار ده‌هێنرێت و به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ یه‌ك ساڵدا به‌ به‌های یه‌ك ملیارد و 600 ملیۆن دۆلار غازیان له‌ ئێران كڕیوه‌. توركیا گرێبه‌ستێكی 25 ساڵه‌ی كڕینی غازی له‌گه‌ڵ ئێران واژۆ كردوه‌ كه‌ ساڵی 2026 ئه‌و گرێبه‌سته‌ كۆتایی دێت.  

هاوڵاتی نیردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق  (یونامی)، به‌بۆنه‌ی یادی (3 ساڵه‌ی) خۆپیشاندانی تشرینییه‌كان له‌ ساڵی ٢٠١٩، له‌ تویتێكدا داوای له‌ خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان کرد، له‌ توندوتیژی و ئاڵۆزی زیاتر دووربكه‌ونه‌وه‌و ده‌ستخۆشی له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان کرد، کە پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن. هەروەها ڕایگەیاند کە خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌، بنچینه‌ی دیموكراسییه‌ و داوایان لە هەموو لایەک کرد بە خۆ دورگرتن لە توندووتیژی و پێشگرتن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ تشرینییەکان لە بەغدا خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست کە تیایدا داوای حکومەتێکی سەربەخۆ بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و بەدوور لە گەندەڵیان کرد، کە بتوانێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکات. هەروەها خۆپێشاندانی تشرینییه‌كان لە رێگەکانی بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا، گرژیان تێکەوت و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.

هاوڵاتی لە بەیاننامەکەی شیلی و ئیسپانیادا داوا لە دەسەڵاتدارانی تاران کراوە، چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بەکار نەهێنێت و بە پێی قسەکانی رۆبێرت مالی، 54 وڵات ئەو بەیاننامەیان واژوو کردووە. ئەو دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئێران گوێبیستی ئەو داواجیهانییە بن و کۆتایی بە توندوتیژی بێنن، هاوکات رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە بەیاننامەی وڵاتانی شیلی و ئیسپانیا، رایگەیاند "54 وڵات داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بێنێت". میشێل تیلۆر، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لیژنەی مافی مرۆڤ، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمەریکا و 53 وڵاتی دیکە داوا لە ئێران دەکەن لێکۆڵینەوەی بەپەلە، تەواو، بێلایەن و ئاشکرا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی مەهسا [ژینا] ئەمینی ئەنجام بدات". نوێنەرەکەی ئەمەریکا هەروەها رایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران نەبینێت". ئەو دووپاتیکردەوە، "ئەمەریکا پشتیوانی خەڵکی ئیرانە". لە بەیاننامەی ئەو 54 وڵاتەدا هاتووە، "زۆر بە رژدی داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بەو خۆپێشاندەرانەی کە داوای مافی ئازادیی بیروڕا دەکەن، کۆتایی پێبێنێت و چیتر توندوتیژی و هەڵاواردنی ژنان درێژە پێنەدات". 15 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە.  زۆربەی خۆپێشاندانەکان توندوتیژیان لێکەوتووەتەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 100 خۆپێشاندەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. 

هاوڵاتی وته‌بێژی یەکێتیی ئەوروپا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای دوو مانگ لە پەکخستنی، پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە.    پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگه‌یاند: یەکێتیی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات.    پیتەر ستانۆ وتیشی: یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.    یەكێتیی ئەوروپا داواش لە لایەنەکان دەکات بە متمانەیەکی باشەوە بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.   رۆژی 28ـی ئەیلوول و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ ناوچەى سەوز بە سێ مووشەک کرایە ئامانج و مووشەکەکان لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان کەوتنە خوارەوە. بەهۆی مووشەکەکانەوە حەوت کەس بریندار بوون.  

هاوڵاتی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەروەكچۆن پەیوەندییە سیاسی و جەماوەرییەكانی عێراق و ئێران رۆیشتە قۆناغێكی نوێوەو گەیشتە ئاستێكی زۆر بەرزو باڵا، ئاوەهاش پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوو وڵات قۆناغێكی گرنگی بڕی و دەروازە سنورییەكانی ئێران بوون بەشادەماری ئابووری و ژیاری عێراق و ساڵانە بەملیارەها دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تیادا ئەنجامدەدرێت كەئەگەر بێتو سنوری ئێران نەبێت بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی عێراق دابینناكرێت. سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران - عێراق پێشبینی دەكات لەدەیەی داهاتوودا عێراق ببێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری بەتایبەت بۆ ئێران. یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران-عێراق دەڵێت: "عێراق بازاڕێكی ستراتیژییە، پێشبینی دەكات لەچەند مانگی داهاتوودا هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەرزتر بێتەوە و بگات بە ١٠ ملیار دۆلار لەساڵێكدا، هاوكات هیواشی خواستووە لەساڵانی داهاتوودا بگات بە ٢٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاند: "باوەڕی وایە لەوەی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا عێراق دەبێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری لەناوچەكەدا بەتایبەتیتر بۆ ئێران، لەڕووی ئابوورییەوە عێراق وڵاتێكی لاواز نییە، چونكە بەتەنیا لەمانگی رابردوودا بەبەهای ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووەو بەپێی ئەو پلانەی دایناوە تا كۆتایی ئەمساڵ لەداهاتی نەوت ١٢٠ ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت. ماڵپەڕی (trade map)ی بازرگانی كە نەخشەی بازرگانی وڵاتان بۆ هاوردەو هەناردەكردن و خواستی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو، ئاشكراشیدەكات لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ سووتەمەنی و ئاسن بەگرنگترین هاوردەی عێراق لەئێرانەوە دادەنرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: عێراق لەماوەی ساڵی رابردوودا 24 كاڵای سەرەكی لەئێرانەوە هاوردە كردووە، كەبەهای دارایی هەشت ملیار و ٩١٤ ملیۆن و ٦٠٥ هەزار دۆلار بووە، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 هاوردەكردنی عێراق لەئێرانەوە بەڕێژەی لە 1٪ زیادیكردووە. هاوكات سوتەمەنی كانزایی لەپلەی یەكەمدا هاتووە لەهاوردەی عێراق لەئێرانەوە بەبەهای دوو ملیارو ٩٢٧ ملیۆن و ٦٥١ هەزار دۆلار، دواتر بەرهەمی ئاسن و پۆڵا دێت كە بەبەهای یەک ملیارو ١٤٩ ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار بووە، دواتریش بەرهەمە پلاستیكیەكان بەبەهای 788 ملیۆن دۆلار. لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئێران گەیشتووەتە یەک ملیارو ١٩٦ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار دۆلار، ئەمەش لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 بەڕێژەی 88% زیادی كردووە. گرنگترین هەناردەی عێراق بۆ ئێران دانەوێڵە بووە، كەبەهاكەی 770 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر پاشماوەی پیشەسازی خۆراك دێت، هەروەها ئامادەكردنی پەین و عەلەفی ئاژەڵی بەبەهای 101 ملیۆن دۆلار. وەنەبێت ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی بازرگانی و خۆراكی تاكە پەیوەندیی ئابووری عێراق و ئێران بێت، بەڵكو كارەباش یەكێكی دیكەیە لەو بابەتانەی ئێرانییەكان رەوانەی عێراقی دەكەن و ساڵانە عێراق سەدان ملیۆن دۆلار بەكارەبای ئێرانی دەدات و بڕی نزیكەی دوو هەزار مێگاوات كارەبا لەو وڵاتە دەكڕێت و لەمانگی تەمموزی رابردووش عێراق و ئێران یەكەم رێككەوتنی درێژخایەنیان لەبواری كارەبا ئیمزاكرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، یەكێك لەو گرفتانەی وەهایكردووە عێراق سودی تەواوەتی لەو بازرگانییە نەبینێت باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانە لەزۆرینەی زۆری دەروازە سنورییەكاندا كەوەهایكردووە بەشێكی زۆر داهاتی دەروازەكان بۆ خۆیان ببن و خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق لەگومرگی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە سودمەندبێت. بەپێی دانپیانانی خودی وەزارەتی دارایی عێراق كە بەهۆی باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانەوە لەدەروازەكاندا داهاتی گومرگەكان تەنیا لەسەدا ١٢ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوەو ئەوەی دیكەی بۆ ئەو هێزو گرووپانە دەڕوات. شێوازی دەستكەوتنی پارەكەشیان بەهۆی قاچاخیكردن و سەرانە سەندن و چەندین جۆری تری پارەسەندنەوەیە كەداهاتی ساڵانەی ئەم گرووپ و هێزو میلیشیایانە دەگاتە ١١ ملیار دۆلار.  

هێمن مەحموود   لەگەڵ نزیكبوونەوەی ١ی تشرینی یەكەم، هاوشانی جموجۆڵە سیاسییەكانی بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جموجوڵێكی دیكەش بەدی دەكرێت كەئەویش یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩یە، كە لەو رۆژەدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەبەغدا لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستیپێكردو دواتر زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوەو ئەنجامەكەشی بەلادانی عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو كوژرانی زیاتر لە ٧٠٠ كەس و برینداربوونی زیاتر لە 17 هەزار كەسی دیكە كۆتایی هات. ئەم خۆئامادەكردن و بانگەوازكردنە كە لەلایەن چەندین گرووپی گەنجان و هێزە مەدەنییەكانەوە بۆ یادكردنەوەی ئەو رۆژە ئەنجامدەدرێت لەكاتێكدایە كەهێشتا گرێی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەنێوان سەدرییەكان و هەماهەنگییەكان یەكلانەبووەتەوەو ئەگەری ئەوە لەئارادایە لایەنگرانی رەوتی سەدریش بڕۆنە پاڵ خۆپیشاندەرانی تشرین و دۆخەكە بگەڕێتەوە چوارچێوەی یەكەم كەتیایدا رووبەڕووبوونەوەی چەكداری روویداو بەهۆی لێدوانێكی سەدرو هاتنە پێشەوەی چلەی ئیمام حسێنەوە تاڕادەیەك هێور بووەوە. بەپێی ئەو راگەیەندراوو بڵاوكراوانەی كە لەبەغدا بڵاوكراونەتەوە داوادەكرێت رۆژی ١ی تشرینی داهاتوو خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە بۆ یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی ٢٠١٩ رێكبخرێت. لەو بڵاوكراوانەدا ئاماژە بەوەكراوە (گەل لەناوچەی سەوز قسەی خۆی دەكات) ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە خۆپیشاندەران بەنیازن بڕۆنە ناو ناوچەی سەوزەوە. (مشرق فرێجی) ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی (نازل ئاخز حەقی) كە لایەنێكی سەرەكییە لەو ئامادەكارییانەی بۆ خۆپیشاندانەكان دەكرێت ئاشكرایكردووە كە خۆپیشاندەران داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن. خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ كە دواتر بەخۆپیشاندانەكانی (تشرین) ناوی دەركرد، لەسەرەتادا داوای چاككردنی دۆخی ئابووری و نەمانی گەندەڵی و مەحسوبییەت دەكرا، دواتر بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژییەكی لەڕادەبەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و گرووپە میلیشیاییەكان داواكارییەكان گۆڕدران بۆ لادانی عەبدولمەهەدی و سزادانی بكوژان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان و لاوازكردنی رۆڵی ئێران لەكاروباری عێراقیداو هەر بەو هۆیەشەوە كار گەیشتە سوتاندنی كونسوڵخانەكانی ئێران و بارەگای ئەو لایەنانەی كە لەو وڵاتەوە نزیكبوون، دیارە ئەمەش بەبێ قوربانی تێنەپەڕی كە جگە لەكوشتنی راستەوخۆ، سەدان چالاكوان و خۆپیشاندەری دیكەش تیرۆركران و سەدانی دیكەش رفێنران و دواتر كوژران یاخود تاوەكو ئێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی نە حكومەتەكەی عەبدولمەهەدی و نە حكومەتەكەی كازمیش بكوژانیان دۆزیبێتەوە یاخود درابێتن بەدادگا. كوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین نەك هەر لەلایەن زۆرینەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە ئیدانەكرا، بەڵكو ئەمریكاو بەریتانیاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكانیش هاتنە سەرخەت و داوای لێپێچینەوەو سزادانی بكوژانیان كرد، هاوكات داواشیانكرد حكومەتی عێراقی هەنگاوی راستەقینە بنێت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دەستباڵایی گرووپە میلیشیاییەكان لەكاروباری رۆژانەی خەڵك و دەوڵەتدا. لەئێستاشدا كە یادی سێ ساڵەی ئەو خۆپیشاندانانە دەكرێتەوە دۆخی عێراق لەحاڵەتێكی زۆر تایبەت و ناوازەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدایەو ئەگەری تێكچوونی لەئارادایە. بەپێی ئەو زانیارییە میدیاییانەی كە بڵاوكراونەتەوە لەئێستادا سێ ئاراستە هەیە بۆ چۆنییەتی یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین كەیەكەمیان لەلایەن لیژنەی مەركەزی خۆپیشاندەرانی پارێزگا راپەڕیووەكانەوەیە كە پێی وایە لەگۆڕەپانی (نسور) خۆپیشاندەران كۆببنەوەو هەوڵی رۆیشتنە ناوچەی سەوز بدەن، بەڵام رەوتی دووەم جەخت لەوەدەكاتەوە كە لەگۆڕەپانی (تەحریر) لەناوەڕاستی بەغدا كۆببنەوە (ئەم گرووپە تێڕوانینێكی رایدكاڵانەی لەدژی رژێمەكە هەیە)، بەڵام گرووپی سێیەم پێی وایە پێویستە لەسێ شوێن یادی خۆپیشاندانەكان بكرێتەوە كەئەوانیش بەغداو بەسرەو ناسریەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا رەوتێك هەیە پێی وایە پێویستە یادكردنەوە نەكرێت ئەویش بۆ ئەوەی رەوتی سەدر بۆ خۆی نەقۆزێتەوەو ئەم یادە بۆ ئامانجە سیاسییەكانی بەكارنەهێنێت بەتایبەت باسی ئەوە لەئارادایە رەوتی سەدر بەنیازە لەو رۆژەدا خۆپیشاندان ئەنجامبدات، ئەم رەوتە (فایەق شێخ عەلی) پەرلەمانتار سەرپەرشتی دەكات و زۆر بەتوندی دژی ئەوەیە یادەكە بكرێـتەوە. لەشاری ناسریەش هێزە ناڕازییەكان و ئەوانەی داوای گۆڕانكاری دەكەن بەئامادەبوونی نوێنەرانی دەیان هێزی مەدەنی و دیموكراسیخوازو سەندیكا جەماوەرییەكان كۆبوونەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند پشتگیری تەواوەتی لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ گۆڕینی دەسەڵات دەكەن، هاوكات داواشیانكرد دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و چەك بەدەست دەوڵەتەوە بێت و گەندەڵی نەمێنێت، داواشیانكردووە تەواوی هێزەكان لەبەرەیەكی یەكگرتوودا كۆبكرێـتەوە. بەبڕوای زۆرێك لەچاودێرانی سیاسیش پێشبینی دەكرێت ئاستی جەماوەریی و بەشداریی هاووڵاتیان لەخۆپیشاندانەكاندا بەبەراورد بەجاری یەكەم زۆر گەورەو فراوان نەبێت، كە ئەویش دیارە چەندین هۆكاری هەیە كەبەشێكی ئەوەیە زۆرێك لەوانەی رابەرایەتی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد رۆیشتوونەتە پەرلەمان و پۆستیان لەحكومەت وەرگرتووەو هێزی سیاسییان دروستكردووە، بەشێكی دیكەشیان بەسەر حزبە سیاسییەكانی دیكەدا دابەشبوون و بۆچوونی جیاوازییان بۆ دروستبووە. ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٢٠١٩ كەسانی ناحزبی و بێلایەن بوون و خۆپیشاندانێكی تەواو جەماوەری و خۆڕسك بوو، بەڵام ئێستا قۆناغەكە جیاوازەو جەماوەرەكەش دابەشبووە بەسەر حزبەكاندا. هاوكات حكومەتی عێراق رێوشوێنێكی ئەمنی توندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران گرتۆتە بەرو بەشێكی زۆری رێگاكانی بە بەربەستی كۆنكریتی گرتووە، ئەمە جگە لەوەی هێزی لەناو ناوچەی سەوزدا بڵاوكردۆتەوەو هەڕەشەی ئەوەدەكات ئەگەر خۆپیشاندانەكان لەدەست دەربچن بەهێز رووبەڕوویان دەبێتەوە. بەرپرسانی حكومەتی عێراقی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە لارییان لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە نییە، بەڵام هەر ئەگەرێك بۆ چوونە ناوچەی سەوزو دەستدرێژیكردن بۆ سەر دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و دادوەرییەكان ئەوا قبوڵی ناكات و بەتوندی دژی دەوەستێتەوە. دكتۆر (ئیحسان شەمەری) بەرپرسی ناوەندی فیكری سیاسی عێراقی پێی وایە دۆخی عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدایە كە یەكەمیان ئەوەیە ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی تر نەگات بە ڕێككەوتن و حكومەت دروست نەكات ئەوا بەرەو راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆن و دەروازەیەك دەبێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستاو بەمەش سەدر رازی دەبێت و جۆرێك لەهاوسەنگی دروستدەكات. ئەگەری دووەم ئەوەیە بەرەو دروستكردنی حكومەت بڕۆن، ئەویش بەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن سەدرییەكانەوە، بەڵام ئەمە جێگای ناڕەزایەتیی هێزەكانی تشریینەو لەگەڵ داواكارییەكانی شەقامدا رووبەڕوو دەبێتەوە ئەویش بەو ئیعتیبارەی شەقام پێشتر دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەردەمی (عادل عەبدولمەهدی) تاقیكردووەتەوە. ئەگەرو سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە كەحكومەت بەبێ رەزامەندی موقتەدا سەدر درووستبكرێت ئەوا گرفتی گەورە روودەدات كە نەك هەر سەدرییەكان دژی دەوەستنەوە، بەڵكو هێزەكانی تشرینیش دژی دەوەستنەوە. ئێستاو پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی تشریندا، دۆخی عێراق چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی كۆمەڵایەتی و چ لەڕووی دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەرەوە نەك هەر باشتر نەبووە، بەڵكو بەبەراورد بەحكومەتە رووخاوەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەم حكومەتەی كازمی سەرەڕای بودجەیەكی زەبەلاحی ئابووری و بەرزی نرخی نەوت و یەدەگی زۆری دراو، نەیتوانیوە ئامانجەكانی خۆپیشاندەرانی تشرین بەدیبهێنێت و هەژاری و گەندەڵی بنەبڕ بكات بەڵكو گرانی نرخی شمەك و كاڵاكان و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی یەكێكە لەسیما سەرەكییەكانی ئەم حكومەتە. لەڕووە سیاسییەكەشەوە نەك هەر گرووپ و میلیشیاكان دەستیان لەحكومەت نەبڕاوە، بەڵكو ئێستا دەوڵەتێكی قوڵن لەناو دەوڵەتداو بەئارەزووی خۆیان بۆردومانی باڵیۆزخانەكان دەكەن، تەنانەت بۆردومانی ماڵی خودی كازمیش دەكەن بەبێ ئەوەی حكومەتەكەی كازمی توانای لێپرسینەوەی هەبێت. لەئێستادا ئەوەی پرسیاری سەرەكی تشریینییەكانەو بەدوای وەڵامدانەوەیدا وێڵن، ئەوەیە ئایا خۆپیشاندانەكانی ئەوان دوای ئەو هەموو قوربانییە چی گۆڕی و چی بەرهەمهێنا؟.  

  هاوڵاتی حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا دەسەپێنێت ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەسەپێنن بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر فرۆشی بەرهەمی نەوت و پێترۆکیمیایی. حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا دەسەپێنێت، یەکێک لە ئامانجەکانیش بریتییە لە دوو کۆمپانیای چین کە نەوتی خاوی ئێران کۆگا دەکەن و دەستی باڵایان لە بازرگانیی نەوتی ئەو وڵاتەدا هەیە، سزاکان دوو ناوەندی کۆگاکردنی نەوتی خاوی ئێران لە چین و بەڕێوەبەرێکی ئاژانسی کەشتیوانیی جیهانی کە ئەرکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بووە، دەگرێتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش هەشت ناوەندی دیکەی بۆ سزادان دیاریکردووە کە لە هەناردەی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران رۆڵیان هەبووە. ئەو کۆمپانیایانە لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، هیندستان و ئیمارات چالاکن و لقیان هەیە. ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد، ئەو سزایانە بەگوێرەی فەرمانی حکومەتی فیدراڵی سەپێنراون کە رێگە بە سەپاندنی سزا بەسەر بازرگانی نەوت و بەرهەمی نەوتی و پترۆکیمیایی ئێران دەدات. ئەم پاکێجە لە سزاکانی ئەمه‌ریکا و توندترکردنی گوشارەکانی سەر تارانه‌، هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران و پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندانەکان لە دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامەو شه‌وی رابردوو بریندارێكی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كان لە پیرانشار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بریندارێکی تری خۆپیشاندانەکان لە شاری پیرانشار گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەو خۆپیشاندانانە گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش کۆی گشتی گیان لەدەستدان ٧٦ کەسی تێپەڕاندووە.  رێکخراوی ھەنگاو بڵاویشیکردەوە،  لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا ٧٠ ژن لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون و ناسنامەی ٥٢یان ئاشکرا بووە.   

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوە ئەمرۆ چوارشەممە، رایگەیاند: باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بانگهێشت دەكرێت و نامەی ناڕەزایەتی توندی دەدرێتێ‌ بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان. ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بەپەلە بانگهێشتدەكرێت، بۆئەوەی یاداشتێكی ناڕەزایی توندی پێبدرێت بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و بۆردومانەكانەكانی وڵاتەكەیەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە توندترین شێوە سەركۆنەی بەئامانجگردنی چوار ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تۆپ، موشەك و 20 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ دەكەین، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك گیان لەدەستدان و برینداری لێكەوتەوە.

هاوڵاتی  دوابه‌دوای كۆتاییهاتنی چله‌ی كوژرانی ئیمام حسێن و ئاساییبوونه‌ی ژیانی هاووڵاتیانی به‌غداو ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، دۆخی سیاسی عێراقیش تاڕاده‌یه‌ك خه‌ریكه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و مانۆڕو جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌ستیپێكردووه‌. ره‌نگه‌ درووستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ به‌ناوی (به‌ڕێوبردنی ده‌وڵه‌ت) كه‌ له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و پارتی و یه‌كێتی و سیاده‌و عه‌زم (به‌بێ ره‌وتی سه‌در) پێكدێت گرنگترین رووداو نوێ بێت له‌دۆخی سیاسی عێراقدا ئه‌ویش به‌و پێیه‌ی له‌چه‌ندمانگی رابردوودا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبووبون كه‌ئه‌وانیش به‌ره‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌ره‌ی رزگاری نیشتمان بوو. سه‌باره‌ت به‌درووستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تی (به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت)، رۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) ئاشكرایكردووه‌: له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا، ده‌وڵه‌تی یاسای (نوری مالیكی) سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ درووستبكرێت به‌جۆرێك به‌ر له‌هه‌مووان به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی مالیكی رایگه‌یاند كه‌شتی ئه‌و هاوپه‌یمانێـتییه‌ كه‌وتووه‌ته‌ڕێ، به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تی جه‌وهه‌ری چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وایكردووه‌ كه‌شتییه‌كه‌ هێشتا له‌كه‌ناردا له‌نگه‌ری گرتبێت. گرنگترین ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ش له‌سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، یه‌كه‌میان به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وه‌ك (هادی عامری) داوایكردووه‌ پێش راگه‌یاندن گره‌نتی له‌موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ئه‌ویش به‌چوون بۆ لای بۆ حه‌نانه‌ ده‌بێت، به‌ڵام مالیكی دژی ئه‌وه‌ بووه‌و داوایكردووه‌ له‌مۆته‌كه‌ی سه‌در خۆیان رزگاربكه‌ن. دووه‌م ناڕه‌زایه‌تیش له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌كیمه‌وه‌ بووه‌ كه‌داوایكردووه‌ حكومه‌تێك له‌سه‌ربه‌خۆكان و نوێنه‌رانی هێزه‌ ناڕازییه‌كان درووستبكرێت، سێیه‌م ناڕه‌زایه‌تیش له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتره‌وه‌ بووه‌ كه‌پێی وابووه‌ پێویسته‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی بكشێته‌وه‌ چونكه‌ جێگای ناڕه‌زایی خه‌ڵك و سه‌درییه‌كانیشه‌. له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه‌پێشتر له‌هاوپه‌یمانی سه‌درییه‌كان له‌دژی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ئێستا له‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌دایه‌، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ڵێت:  له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پێی شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆی به‌شداری ده‌كات. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هێشتا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكنه‌كه‌وتوون و به‌پێی لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌ردوولاش بێت هیچ یه‌كێكیان سازشیان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی خۆیان نه‌كردووه‌، هه‌ر به‌هه‌مان هۆكار چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایكردووه‌ كه‌ئه‌و دوو حزبه‌ خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌و به‌یه‌ك كاندیده‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بڕۆنه‌ په‌رله‌مان. هاوكات وابڕیاره‌ دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له‌ڕاگرتنی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌هۆی خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌دره‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و هه‌ڵبژاردنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بدات. حكومه‌تی عێراقیش رێوشوێنی ئه‌منی توندی له‌به‌غداو ناوچه‌ی سه‌وز گرتۆته‌به‌ر بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ نوێیه‌ بێت كه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌بێ په‌رله‌مانتارانی سه‌در (كه‌پێشووتر ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌) نزیكه‌ی 273 په‌رله‌مانتاره‌، كه‌ده‌نگی ئه‌م ژماره‌یه‌ش ده‌توانێت سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشانبكات (سه‌رۆك كۆمار پێویستی به‌ 220 ده‌نگ هه‌یه‌)، دواتریش سه‌رۆككۆماری نوێ كه‌سێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راده‌سپێرێ كه‌پێویستی به‌ده‌نگی نیوه‌ كۆ یه‌كی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وابڕیاره‌ هێزه‌ ناڕازییه‌كان له‌ ١ی تشرین خۆپیشاندان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.