هێمن مەحموود   لەگەڵ نزیكبوونەوەی ١ی تشرینی یەكەم، هاوشانی جموجۆڵە سیاسییەكانی بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جموجوڵێكی دیكەش بەدی دەكرێت كەئەویش یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩یە، كە لەو رۆژەدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەبەغدا لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستیپێكردو دواتر زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوەو ئەنجامەكەشی بەلادانی عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو كوژرانی زیاتر لە ٧٠٠ كەس و برینداربوونی زیاتر لە 17 هەزار كەسی دیكە كۆتایی هات. ئەم خۆئامادەكردن و بانگەوازكردنە كە لەلایەن چەندین گرووپی گەنجان و هێزە مەدەنییەكانەوە بۆ یادكردنەوەی ئەو رۆژە ئەنجامدەدرێت لەكاتێكدایە كەهێشتا گرێی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەنێوان سەدرییەكان و هەماهەنگییەكان یەكلانەبووەتەوەو ئەگەری ئەوە لەئارادایە لایەنگرانی رەوتی سەدریش بڕۆنە پاڵ خۆپیشاندەرانی تشرین و دۆخەكە بگەڕێتەوە چوارچێوەی یەكەم كەتیایدا رووبەڕووبوونەوەی چەكداری روویداو بەهۆی لێدوانێكی سەدرو هاتنە پێشەوەی چلەی ئیمام حسێنەوە تاڕادەیەك هێور بووەوە. بەپێی ئەو راگەیەندراوو بڵاوكراوانەی كە لەبەغدا بڵاوكراونەتەوە داوادەكرێت رۆژی ١ی تشرینی داهاتوو خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە بۆ یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی ٢٠١٩ رێكبخرێت. لەو بڵاوكراوانەدا ئاماژە بەوەكراوە (گەل لەناوچەی سەوز قسەی خۆی دەكات) ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە خۆپیشاندەران بەنیازن بڕۆنە ناو ناوچەی سەوزەوە. (مشرق فرێجی) ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی (نازل ئاخز حەقی) كە لایەنێكی سەرەكییە لەو ئامادەكارییانەی بۆ خۆپیشاندانەكان دەكرێت ئاشكرایكردووە كە خۆپیشاندەران داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن. خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ كە دواتر بەخۆپیشاندانەكانی (تشرین) ناوی دەركرد، لەسەرەتادا داوای چاككردنی دۆخی ئابووری و نەمانی گەندەڵی و مەحسوبییەت دەكرا، دواتر بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژییەكی لەڕادەبەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و گرووپە میلیشیاییەكان داواكارییەكان گۆڕدران بۆ لادانی عەبدولمەهەدی و سزادانی بكوژان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان و لاوازكردنی رۆڵی ئێران لەكاروباری عێراقیداو هەر بەو هۆیەشەوە كار گەیشتە سوتاندنی كونسوڵخانەكانی ئێران و بارەگای ئەو لایەنانەی كە لەو وڵاتەوە نزیكبوون، دیارە ئەمەش بەبێ قوربانی تێنەپەڕی كە جگە لەكوشتنی راستەوخۆ، سەدان چالاكوان و خۆپیشاندەری دیكەش تیرۆركران و سەدانی دیكەش رفێنران و دواتر كوژران یاخود تاوەكو ئێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی نە حكومەتەكەی عەبدولمەهەدی و نە حكومەتەكەی كازمیش بكوژانیان دۆزیبێتەوە یاخود درابێتن بەدادگا. كوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین نەك هەر لەلایەن زۆرینەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە ئیدانەكرا، بەڵكو ئەمریكاو بەریتانیاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكانیش هاتنە سەرخەت و داوای لێپێچینەوەو سزادانی بكوژانیان كرد، هاوكات داواشیانكرد حكومەتی عێراقی هەنگاوی راستەقینە بنێت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دەستباڵایی گرووپە میلیشیاییەكان لەكاروباری رۆژانەی خەڵك و دەوڵەتدا. لەئێستاشدا كە یادی سێ ساڵەی ئەو خۆپیشاندانانە دەكرێتەوە دۆخی عێراق لەحاڵەتێكی زۆر تایبەت و ناوازەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدایەو ئەگەری تێكچوونی لەئارادایە. بەپێی ئەو زانیارییە میدیاییانەی كە بڵاوكراونەتەوە لەئێستادا سێ ئاراستە هەیە بۆ چۆنییەتی یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین كەیەكەمیان لەلایەن لیژنەی مەركەزی خۆپیشاندەرانی پارێزگا راپەڕیووەكانەوەیە كە پێی وایە لەگۆڕەپانی (نسور) خۆپیشاندەران كۆببنەوەو هەوڵی رۆیشتنە ناوچەی سەوز بدەن، بەڵام رەوتی دووەم جەخت لەوەدەكاتەوە كە لەگۆڕەپانی (تەحریر) لەناوەڕاستی بەغدا كۆببنەوە (ئەم گرووپە تێڕوانینێكی رایدكاڵانەی لەدژی رژێمەكە هەیە)، بەڵام گرووپی سێیەم پێی وایە پێویستە لەسێ شوێن یادی خۆپیشاندانەكان بكرێتەوە كەئەوانیش بەغداو بەسرەو ناسریەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا رەوتێك هەیە پێی وایە پێویستە یادكردنەوە نەكرێت ئەویش بۆ ئەوەی رەوتی سەدر بۆ خۆی نەقۆزێتەوەو ئەم یادە بۆ ئامانجە سیاسییەكانی بەكارنەهێنێت بەتایبەت باسی ئەوە لەئارادایە رەوتی سەدر بەنیازە لەو رۆژەدا خۆپیشاندان ئەنجامبدات، ئەم رەوتە (فایەق شێخ عەلی) پەرلەمانتار سەرپەرشتی دەكات و زۆر بەتوندی دژی ئەوەیە یادەكە بكرێـتەوە. لەشاری ناسریەش هێزە ناڕازییەكان و ئەوانەی داوای گۆڕانكاری دەكەن بەئامادەبوونی نوێنەرانی دەیان هێزی مەدەنی و دیموكراسیخوازو سەندیكا جەماوەرییەكان كۆبوونەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند پشتگیری تەواوەتی لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ گۆڕینی دەسەڵات دەكەن، هاوكات داواشیانكرد دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و چەك بەدەست دەوڵەتەوە بێت و گەندەڵی نەمێنێت، داواشیانكردووە تەواوی هێزەكان لەبەرەیەكی یەكگرتوودا كۆبكرێـتەوە. بەبڕوای زۆرێك لەچاودێرانی سیاسیش پێشبینی دەكرێت ئاستی جەماوەریی و بەشداریی هاووڵاتیان لەخۆپیشاندانەكاندا بەبەراورد بەجاری یەكەم زۆر گەورەو فراوان نەبێت، كە ئەویش دیارە چەندین هۆكاری هەیە كەبەشێكی ئەوەیە زۆرێك لەوانەی رابەرایەتی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد رۆیشتوونەتە پەرلەمان و پۆستیان لەحكومەت وەرگرتووەو هێزی سیاسییان دروستكردووە، بەشێكی دیكەشیان بەسەر حزبە سیاسییەكانی دیكەدا دابەشبوون و بۆچوونی جیاوازییان بۆ دروستبووە. ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٢٠١٩ كەسانی ناحزبی و بێلایەن بوون و خۆپیشاندانێكی تەواو جەماوەری و خۆڕسك بوو، بەڵام ئێستا قۆناغەكە جیاوازەو جەماوەرەكەش دابەشبووە بەسەر حزبەكاندا. هاوكات حكومەتی عێراق رێوشوێنێكی ئەمنی توندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران گرتۆتە بەرو بەشێكی زۆری رێگاكانی بە بەربەستی كۆنكریتی گرتووە، ئەمە جگە لەوەی هێزی لەناو ناوچەی سەوزدا بڵاوكردۆتەوەو هەڕەشەی ئەوەدەكات ئەگەر خۆپیشاندانەكان لەدەست دەربچن بەهێز رووبەڕوویان دەبێتەوە. بەرپرسانی حكومەتی عێراقی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە لارییان لەخۆپیشاندانی ئاشتییانە نییە، بەڵام هەر ئەگەرێك بۆ چوونە ناوچەی سەوزو دەستدرێژیكردن بۆ سەر دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و دادوەرییەكان ئەوا قبوڵی ناكات و بەتوندی دژی دەوەستێتەوە. دكتۆر (ئیحسان شەمەری) بەرپرسی ناوەندی فیكری سیاسی عێراقی پێی وایە دۆخی عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدایە كە یەكەمیان ئەوەیە ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی تر نەگات بە ڕێككەوتن و حكومەت دروست نەكات ئەوا بەرەو راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆن و دەروازەیەك دەبێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستاو بەمەش سەدر رازی دەبێت و جۆرێك لەهاوسەنگی دروستدەكات. ئەگەری دووەم ئەوەیە بەرەو دروستكردنی حكومەت بڕۆن، ئەویش بەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن سەدرییەكانەوە، بەڵام ئەمە جێگای ناڕەزایەتیی هێزەكانی تشریینەو لەگەڵ داواكارییەكانی شەقامدا رووبەڕوو دەبێتەوە ئەویش بەو ئیعتیبارەی شەقام پێشتر دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەردەمی (عادل عەبدولمەهدی) تاقیكردووەتەوە. ئەگەرو سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە كەحكومەت بەبێ رەزامەندی موقتەدا سەدر درووستبكرێت ئەوا گرفتی گەورە روودەدات كە نەك هەر سەدرییەكان دژی دەوەستنەوە، بەڵكو هێزەكانی تشرینیش دژی دەوەستنەوە. ئێستاو پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی تشریندا، دۆخی عێراق چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی كۆمەڵایەتی و چ لەڕووی دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەرەوە نەك هەر باشتر نەبووە، بەڵكو بەبەراورد بەحكومەتە رووخاوەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەم حكومەتەی كازمی سەرەڕای بودجەیەكی زەبەلاحی ئابووری و بەرزی نرخی نەوت و یەدەگی زۆری دراو، نەیتوانیوە ئامانجەكانی خۆپیشاندەرانی تشرین بەدیبهێنێت و هەژاری و گەندەڵی بنەبڕ بكات بەڵكو گرانی نرخی شمەك و كاڵاكان و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی یەكێكە لەسیما سەرەكییەكانی ئەم حكومەتە. لەڕووە سیاسییەكەشەوە نەك هەر گرووپ و میلیشیاكان دەستیان لەحكومەت نەبڕاوە، بەڵكو ئێستا دەوڵەتێكی قوڵن لەناو دەوڵەتداو بەئارەزووی خۆیان بۆردومانی باڵیۆزخانەكان دەكەن، تەنانەت بۆردومانی ماڵی خودی كازمیش دەكەن بەبێ ئەوەی حكومەتەكەی كازمی توانای لێپرسینەوەی هەبێت. لەئێستادا ئەوەی پرسیاری سەرەكی تشریینییەكانەو بەدوای وەڵامدانەوەیدا وێڵن، ئەوەیە ئایا خۆپیشاندانەكانی ئەوان دوای ئەو هەموو قوربانییە چی گۆڕی و چی بەرهەمهێنا؟.  

  هاوڵاتی حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا دەسەپێنێت ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەسەپێنن بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر فرۆشی بەرهەمی نەوت و پێترۆکیمیایی. حکومەتی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بازرگانیی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا دەسەپێنێت، یەکێک لە ئامانجەکانیش بریتییە لە دوو کۆمپانیای چین کە نەوتی خاوی ئێران کۆگا دەکەن و دەستی باڵایان لە بازرگانیی نەوتی ئەو وڵاتەدا هەیە، سزاکان دوو ناوەندی کۆگاکردنی نەوتی خاوی ئێران لە چین و بەڕێوەبەرێکی ئاژانسی کەشتیوانیی جیهانی کە ئەرکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بووە، دەگرێتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش هەشت ناوەندی دیکەی بۆ سزادان دیاریکردووە کە لە هەناردەی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران رۆڵیان هەبووە. ئەو کۆمپانیایانە لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، هیندستان و ئیمارات چالاکن و لقیان هەیە. ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد، ئەو سزایانە بەگوێرەی فەرمانی حکومەتی فیدراڵی سەپێنراون کە رێگە بە سەپاندنی سزا بەسەر بازرگانی نەوت و بەرهەمی نەوتی و پترۆکیمیایی ئێران دەدات. ئەم پاکێجە لە سزاکانی ئەمه‌ریکا و توندترکردنی گوشارەکانی سەر تارانه‌، هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران و پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندانەکان لە دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامەو شه‌وی رابردوو بریندارێكی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كان لە پیرانشار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بریندارێکی تری خۆپیشاندانەکان لە شاری پیرانشار گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەو خۆپیشاندانانە گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش کۆی گشتی گیان لەدەستدان ٧٦ کەسی تێپەڕاندووە.  رێکخراوی ھەنگاو بڵاویشیکردەوە،  لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا ٧٠ ژن لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون و ناسنامەی ٥٢یان ئاشکرا بووە.   

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوە ئەمرۆ چوارشەممە، رایگەیاند: باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بانگهێشت دەكرێت و نامەی ناڕەزایەتی توندی دەدرێتێ‌ بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان. ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بەپەلە بانگهێشتدەكرێت، بۆئەوەی یاداشتێكی ناڕەزایی توندی پێبدرێت بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و بۆردومانەكانەكانی وڵاتەكەیەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە توندترین شێوە سەركۆنەی بەئامانجگردنی چوار ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تۆپ، موشەك و 20 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ دەكەین، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك گیان لەدەستدان و برینداری لێكەوتەوە.

هاوڵاتی  دوابه‌دوای كۆتاییهاتنی چله‌ی كوژرانی ئیمام حسێن و ئاساییبوونه‌ی ژیانی هاووڵاتیانی به‌غداو ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، دۆخی سیاسی عێراقیش تاڕاده‌یه‌ك خه‌ریكه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و مانۆڕو جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌ستیپێكردووه‌. ره‌نگه‌ درووستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ به‌ناوی (به‌ڕێوبردنی ده‌وڵه‌ت) كه‌ له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و پارتی و یه‌كێتی و سیاده‌و عه‌زم (به‌بێ ره‌وتی سه‌در) پێكدێت گرنگترین رووداو نوێ بێت له‌دۆخی سیاسی عێراقدا ئه‌ویش به‌و پێیه‌ی له‌چه‌ندمانگی رابردوودا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبووبون كه‌ئه‌وانیش به‌ره‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌ره‌ی رزگاری نیشتمان بوو. سه‌باره‌ت به‌درووستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تی (به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت)، رۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) ئاشكرایكردووه‌: له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا، ده‌وڵه‌تی یاسای (نوری مالیكی) سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ درووستبكرێت به‌جۆرێك به‌ر له‌هه‌مووان به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی مالیكی رایگه‌یاند كه‌شتی ئه‌و هاوپه‌یمانێـتییه‌ كه‌وتووه‌ته‌ڕێ، به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تی جه‌وهه‌ری چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وایكردووه‌ كه‌شتییه‌كه‌ هێشتا له‌كه‌ناردا له‌نگه‌ری گرتبێت. گرنگترین ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ش له‌سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، یه‌كه‌میان به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وه‌ك (هادی عامری) داوایكردووه‌ پێش راگه‌یاندن گره‌نتی له‌موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ئه‌ویش به‌چوون بۆ لای بۆ حه‌نانه‌ ده‌بێت، به‌ڵام مالیكی دژی ئه‌وه‌ بووه‌و داوایكردووه‌ له‌مۆته‌كه‌ی سه‌در خۆیان رزگاربكه‌ن. دووه‌م ناڕه‌زایه‌تیش له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌كیمه‌وه‌ بووه‌ كه‌داوایكردووه‌ حكومه‌تێك له‌سه‌ربه‌خۆكان و نوێنه‌رانی هێزه‌ ناڕازییه‌كان درووستبكرێت، سێیه‌م ناڕه‌زایه‌تیش له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتره‌وه‌ بووه‌ كه‌پێی وابووه‌ پێویسته‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی بكشێته‌وه‌ چونكه‌ جێگای ناڕه‌زایی خه‌ڵك و سه‌درییه‌كانیشه‌. له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه‌پێشتر له‌هاوپه‌یمانی سه‌درییه‌كان له‌دژی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ئێستا له‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌دایه‌، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ڵێت:  له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پێی شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆی به‌شداری ده‌كات. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هێشتا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكنه‌كه‌وتوون و به‌پێی لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌ردوولاش بێت هیچ یه‌كێكیان سازشیان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی خۆیان نه‌كردووه‌، هه‌ر به‌هه‌مان هۆكار چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایكردووه‌ كه‌ئه‌و دوو حزبه‌ خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌و به‌یه‌ك كاندیده‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بڕۆنه‌ په‌رله‌مان. هاوكات وابڕیاره‌ دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له‌ڕاگرتنی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌هۆی خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌دره‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و هه‌ڵبژاردنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بدات. حكومه‌تی عێراقیش رێوشوێنی ئه‌منی توندی له‌به‌غداو ناوچه‌ی سه‌وز گرتۆته‌به‌ر بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ نوێیه‌ بێت كه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌بێ په‌رله‌مانتارانی سه‌در (كه‌پێشووتر ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌) نزیكه‌ی 273 په‌رله‌مانتاره‌، كه‌ده‌نگی ئه‌م ژماره‌یه‌ش ده‌توانێت سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشانبكات (سه‌رۆك كۆمار پێویستی به‌ 220 ده‌نگ هه‌یه‌)، دواتریش سه‌رۆككۆماری نوێ كه‌سێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راده‌سپێرێ كه‌پێویستی به‌ده‌نگی نیوه‌ كۆ یه‌كی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وابڕیاره‌ هێزه‌ ناڕازییه‌كان له‌ ١ی تشرین خۆپیشاندان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان بۆسه‌ر ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌پێی راگه‌یاندراوێكی سوپای پاسدارانی ئێران، بنكه‌ی حه‌مزه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ هێزه‌ زه‌مینییه‌كانی سوپای پاسداران، له‌ رێگه‌ی تۆپخانه‌ و فرِۆكه‌ی بێفرِۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشیكردووه‌ته‌ سه‌ر خاکی هه‌رێم و ده‌شڵێت، هێرشه‌كه‌ بۆسه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی هێزه‌ كوردییه‌كان بووه‌ له‌ باكوری عێراق. به‌پێی راگه‌یاندروه‌كه‌، تۆپبارانه‌كان له‌ ٢٤ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر هێرشه‌كانیان. ئه‌مرِۆ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێم له‌ رێگای ئێرانه‌وه‌ به‌ تۆپ و موشه‌ك بۆردومانكرا و به‌هۆیه‌وه‌ به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان تاوه‌كو ئێستا پێنج شه‌هید و نزیكی ٤٠ برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. سوپای پاسداران له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "تاوه‌كو نه‌هێشتنی هه‌رِه‌شه‌ی ئه‌م هێزانه‌ و هه‌نگاوی كاریگه‌ریی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بینین بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندی و به‌رپرسیارێتی خۆیان ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت."  

هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند هیچ کێشەیەک لە سەبەتەی خۆراکدا نییە، جەختیش لەوەدەکاتەوە هاتنی جۆرە نوێیەکانی برنجی تایلەندی بۆ عێراق و دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان سەبارەت بەم جۆرە برنجە. لەوبارەیەوە "محەممەد حەنون" وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراق راگەیاندووە" ژمارەیەک کەشتی بارھەڵگر بە برنجی تایلەندی بە کوالێتییەکی باش گەیشتوونەتە عێراق، داواشی لە هاوڵاتیان کرد، کە ئەم برنجە وەریبگرن و باوەڕ بەو دەنگۆیە نادروستە نەکەن کە لەسەر برنجی تایلەندی ھەیە. "حەنون"راشیگەیاند " برنجی بەردەست لەو جۆرەیە کە لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک بریکاری تەماحکار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە برنجەکە ناشێ بۆ خوادن ،بۆیە بەشێک لە هاوڵاتیان ناچارن وەری نەگرن کە ئەمەش ڕاست نییە. "حەنون"جەختی لەوەشکردەوە "کە ئەم برنجە یەکێکە لە باشترین سەرچاوە خۆراکیە نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی تا ئێستا بارەکان گەیشتووەتە هەشتەمین کەشتی، و تا کۆتایی ساڵ ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە ئەم برنجە بار دەکەن دەگاتە ١١ کەشتی .  وتیشی"گرێبەستێک هەیە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەڕێگەی کەرتی تایبەتی عێراقەوە کە بنەچەیەکی زۆر باشی دارشتوە، ھەروەک وتیشی "هیچ کێشەیەک لەبارەی سەبەتەی خۆراکەوە نییە. ڕوونیشیکردەوە کە "وەزارەتی بازرگانی بە چەند ئاراستەیەک جووڵەی کردووە بە ئامانجی دوورخستنەوەی عێراقییەکان لە قەیرانی خۆراک.   

هاوڵاتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو رۆژی 26-09-2022 لانیکەم 76 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە، لەوانەش شەش کەسیان ژن و چوار کەسیشیان منداڵ بوون، ئەمەلەکاتێکدایە شەوی رابردوو خۆپیشاندانەکان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون. لە شاری سنەدا بۆ دەیەمین شەو لەسەریەک خۆپێشاندان کرا. لە کرماشان، مەریوان و شاری قوروەشدا خۆپێشاندان هەبوو.   بەپێی ئەو راپۆرتە، زۆرترین قوربانی لە پارێزگای مازندەران لە باکووری ئێران بووە، کە 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوای ئەویش پارێزگاکانی گیلان و ورمێ دێن، کە لە هەریەکەیان 10 کەس گیانیان لەدەستداوە دوو رۆژ لەمەوبەر تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، 41 کەس لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە.   بەگشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان 18 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەگوترێت ژمارەی کوژراوەکان لەوە زیاترە.

هاوڵاتی  وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشکرای کرد كە خورما لە پێشەنگدایە لە پرۆسەی هەناردەكردنی بەروبووم بۆ وڵاتانی دراوسێ، هاوكات گرنگی ساڵنامەی كشتوكاڵی لە كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و پاراستنی بەكاربەران ئاشكراکرد.  "میساق عەبدولحسێن" بریکاری تەکنیکی وەزارەت ،لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى راگەیاندووه‌"بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە وەرزی هاوین و زستاندا پەرە بە رۆژمێری کشتوکاڵی دراوە، لە هەمان کاتدا چاودێری نرخی بەرهەمەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەکرێت ،ھەروەک ڕێگە بە پاراستنی بەکاربەرانی دەدات .  بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد، "هاتنە ناوەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی قاچاخ دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جووتیاران لە ئەنجامی فڕێدانی بەرهەمی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا، هەروەها کاریگەری لەسەر سەقامگیری نرخەکان دەبێت . وتیشی" وەزارەتی کشتوکاڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچیەتی ، بە تایبەت کە زۆربەی بەرهەمی قاچاخ کوالیتییەکی باشیان نی یە و خراپ و نادروستە.   "عەبدولحسێن" جەختی لەوە کردەوە، "وەزارەت بەردەوام دەبێت لە هاندانی جووتیاران و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە وەرزی زۆری بەرھەمدا ، بەتایبەتی کە پرۆسەی هەناردەکردن، پاڵپشتێکی گرنگی ئابووری نیشتمانییە. ھەروەک وتیشی "هێشتا خورما لە عێراق لە پێشەنگدایە لە پرۆسەی هەناردەکردندا.   

رۆژی 28-9 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوەو تیادا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستلەكاردەكێشێتەوە. بەپێی كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڵاوكراوەتەوە، كۆبونەوەكە بۆ دوو مەبەستە یەكەمیان، دەنگدانە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پۆستەكەی، دوەمیشیان هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە. هەر بەپێی كارنامەكە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.  

هاوڵاتی مستەفا کازمی لە ھەڤیەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی " Al-Monotor" کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە رایگەیاندووە، عێراق پێویستی بەوەیە لە رابردوو کە پڕە لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە، بەرەو ئایندەیەک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت، ھەنگاو بنێت و گوتی: "لەئێستادا، سەرجەم لایەنەکان لەوە تێگەیشتوون، ئەستەمە، بتواندرێت حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشدارییکردنی سەکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێکھێندرێت". ئاماژەی بەوەشدا کە ھەر حکوومەتێک بەبێ بەشدارییکردنی رەوتی سەدر پێکبھێندرێت، بەرەوڕووی قەیران و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بەرەوڕووی قەیرانی متمانە لەگەڵ جەماوەر بوونەتەوە، ئەگەری ھەیە دوورخستنەوەی سەدر بۆ نموونە، ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا روویدا، خراپتر دووبارە ببێتەوە". مستەفا کازمی باسی لە کاری لەپێشنەی خۆی کردووە و گوتوویەتی: "لەئێستادا، کاری لەپێشنەم، ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا". سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشی کردووە کە ئێران، ژمارەیەک دۆستی لە عێراقدا ھەیە و دەتوانێت کاریگەریان لەسەر دروست بکات و ھانیان بدات لە بری بەکارھێنانی چەک، گفتوگۆ ئەنجام بدەن و گوتی: "ئێمە پێویستییمان بە پەیوەندی باش ھەیە و لەئێستادا، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئێراندا، ھەیە".

هاوڵاتی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، هێزی ئاسمانی عێراق به‌ فڕۆكه‌ی F16 هێرشی كرده‌ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش له‌ دیاله‌. به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و هێرشه‌دا چه‌ندین مۆڵگه‌ی تیرۆرستان خاپوور كران، به‌ڵام تائێستا زیانه‌ گیانییه‌كانی تیرۆرستان نه‌زانراوه‌. ئه‌م هێرشه‌ی هێزی ئاسمانی عێراق به‌پێی زانیاریی وردی هه‌واڵگیری ئه‌نجامدراوه‌و چه‌ندین مۆڵگه‌ی تیرۆرستان كراونه‌ته‌ ئامانج.  

هاوڵاتی به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێک هاوپه‌یمانێتی فه‌تح پیشبینی دەکات رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت. ھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، ئەنجامی ھەوڵ و گفتوگۆ و دانوستانەکان بەرەو ئەوە دەچێت رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێبکەنەوە بۆئەوەی رێکارە یاساییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەواو بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پڕکردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت و پۆستەکەش دەدرێتە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و پەرلەمانتار مەحمود مەندەلاویش بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکرێت.

هاوڵاتی دوای ئەوەی کە ژمارەیەک درۆنی ئێرانی کە لە لایەن رووسیاوە بەکارهاتبوون، لە نێوەڕاست و باشووری ئۆکراینا خرانەخوارەوە، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگه‌یاند وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە "کاردانەوەی تووند" دژی ئێران بنوێنن،    ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتاری شەوانەی خۆیدا، رۆژی هەینی 24-09-2022، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریانداوە باڵیۆزی ئێران دەربکەن و ژمارەی ستافی باڵیۆزخانەکەش کەمبکەنەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە، "رێکخەری کاتیی کاروباری ئێرانیان لە ئۆکراینا بانگهێشتکردووە".    کیێڤ بە دیپلۆماتە ئێرانییەکەی گوتووە، پێدانی چەک لە لایەن ئێرانەوە بە رووسیا، "راستەوخۆ دژی بێلایەنبوونە،" و "کارێکی نادۆستانەیە کە گورزێکی گەورە لە پەیوندییەکانی ئۆکراینا و ئێران دەدات."   هەر لە رۆژی هەینی کیێڤ گوتی، کەسێکی سڤیل لە هێرشێکی درۆنیی هێزەکانی رووسیادا بۆ سەر شاری ئۆدێسای باشووری ئۆکراینا کوژراوە و درۆنێکی دروستکراوی ئێرانی لە لایەن هێزە ئۆکراینییەکانەوە خراوەتەخوارەوە، گوتەبێژی زیلینسکی دەڵێت، "بەکارهێنانی چەکی ئێرانی لە لایەن سەربازانی رووسیاوە، هەنگاوەکانی ئێرانن دژی سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتەکەمان."   دەقی گوتەکانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا:   "سوپای رووسیا درۆنی ئێرانییان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی دنیپرۆ پێترۆڤسک و ئۆدێسا. من وەزارەتی دەرەوەم راسپارد کاردانەوەی تووند دژی ئەمە بنوێنن. جیهان هەموو راستیێک لەبارەی هاوکاریکردنی لایەنی شەڕانگێز دەزانێت و ئەوە لێکەوتی خۆی دەبێت. بڕیاردراوە مۆڵەت لە باڵیۆزی ئێران لە ئۆکراینا بسەندرێتەوە و ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێرانیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە. شەش لەو درۆنە ئێرانییانە لە لایەن چەکی دژەفڕۆکەی هێزەکانمان لە رۆژهەڵات و باشوور خرانەخوارەوە. یەکێکی دیکەیان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزە دەریاییەکانمان خرایەخوارەوە."

هاوڵاتی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له‌میانی کۆبوونه‌وه‌ی خولی 77هه‌مینی کۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیویۆرک گوتاری عێراقی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند عێراقییەکان بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعشیان کرد مسته‌فا کازمی له‌میانه‌ی گوتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌ سه‌رکه‌وتنی عێراق کرد له‌ شه‌ری دژ به‌ تیرۆر و رایگه‌یاند، ئه‌و شه‌ڕه‌ی عێراقییه‌کان کردیان به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو جیهان بوو دژ به‌ تیرۆریستانی داعش. کازمی ستایشی رۆڵی هاوپه‌یمانانی کرد له‌ شه‌ری دژی تیرۆر و سه‌پاندنی یاسا له‌ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان، هه‌روه‌ها داواکاری حکومه‌تی عێراقیشی بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر کرده‌وه‌ و به‌ پێویستی زانی هه‌موولایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ماهه‌نگی بکه‌ن. مسته‌فا کازمی داوای له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش کرد، پشتیوانییه‌کانیان بۆ گه‌لی عێراق به‌ مه‌به‌ستی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان زیاتر بکه‌ن که‌ به‌هۆی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ دووچاری وێرانی زۆربووه‌. کازمی ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌کانی حکوومه‌تی کرد بۆ گێرانه‌وه‌ی خێزانه‌ عێراقییه‌کانی که‌مپی هۆل له‌ سووریا و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌کانی خۆیان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، حکوومه‌تی عێراقی به‌رنامه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لی داڕشتووه‌ بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ ئه‌و ناوچانه‌. سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان رایگه‌یاند، له‌م سه‌کۆیه‌وه‌ جارێکیتر داوای پابه‌ندبوون له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌کاته‌وه‌ بۆ رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری خاکه‌که‌ی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاته‌که‌ی. هه‌روه‌ها گوتیشی، عێراق ده‌خوازێت خاڵی کۆکه‌ره‌ و چاره‌سه‌ری ناکۆکییه‌کان بێت له‌ ناوچه‌که‌. کازمی روونیکرده‌وه‌، عێراق ده‌خوازێت هه‌موو کێشه‌کان له‌ رێگه‌ی که‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌کانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربکرێت له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و دراوسێیه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، نه‌ک ده‌ست له‌کاروباری ناوخۆی عێراقدا وه‌ربده‌ن. له‌ به‌شێکی دیکه‌ی گوتاره‌یکه‌دا، کازمی ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی رابردوو کرد، گوتی به‌ پاڵپشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دیکه‌، توانیمان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێویه‌کی سه‌رکه‌وتوویی ئه‌نجام بده‌ین. سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخی عێراقیش، کازمی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ چه‌ک ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت و ململانێکان به‌ گفتوگۆی نیشتمانی چاره‌سه‌ربکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو لایه‌نه‌ باڵاکانی عێراق ده‌یانه‌وێت رێز له‌ بنه‌ماکانی دیموکراسییه‌ت بگیرێت.