قەیرانی بژێویی و تەندروستیی بەهۆی قەیرانی دارییەوە لە ئێران زیاد دەکات و لە نوێترین راپۆرتیشدا ئاشکرابوە کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە زیاتر لە شەش ساڵە خۆراک و وزەی پێویست بە جەستەیان ناگات. رۆژنامەی شەرق لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی قەیرانی دارایی و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2016 تا ئێستا بڕی خۆراکی سەرسفرەی دانیشتوانی وڵاتەکە بە شێوەیەی بەرچاو کەمی کردوە کە زۆر کەمترە لە پێوانە تەندروستی و جیهانییەکان. لە راپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتوە هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی رۆژانە پێویستی بە 2800 بۆ 3000 هەزار کاڵۆری هەیە لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی ئێران رۆژانە توانای دابینکردنی 1950 بۆ 2100 کالۆری وزە و خۆراکین بۆ جەستەیان هەیە. ئاماژە بەوە کراوە بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی خۆراک (61%)ە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی خوراک لە ئێران گەیشتوەتە (81%) بۆیە توانای دابینکردنی خۆراکی پێویست لە وڵاتەکە زۆر دابەزیوە. رۆژنامەی شەرق لە راپۆرتەکەیدا ئاستی قەیرانەکانی بە گێڕانەوەی چەندین روداو بۆ دابینکردنی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر رون کردوەتەوە ئەوەش بەوەی کە هاوڵاتییەک لە شاری ئەسفهان پێلاوی کەتانی بە رۆن و برنج گۆڕیوەتەوە و لە ورمێ کراسێکی 260 هەزار تمەنی کە نزیەکی چوار دۆلار دەکات بە خۆراک گۆڕدراوەتەوە و کتێبی خوێندنی منداڵانی خێزانێک بۆ کڕینی مریشک و پێڵاوی زستانە لە تاران بە نۆک و نیسک و دانەوێڵە ئاڵوگۆڕی پێکراوە. ئاماژە بەوەکراوە ئێستا لە ئێران ئاساییە خەڵک کەلوپەلی ناو ماڵەکەی لە بەرامبەر خۆراکدا دەگۆڕێتەوە و ئەوەش ئاماژەیە کە توانای کڕینی خەڵک بۆ دابینکردنی خۆراک تا چ ئاستێک دابەزیوە.    

هاوڵاتی روئیا پیرایی لەچاوپێکەوتنێکی گۆڤاری تایم: هەمووکەس دەزانێ داواکاری بۆ ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگەیە، دەشڵیت: ئەم قوربانیانەی بە گیانی ئازیزەکانمان داومانە دەبێت ژیانێکی نوێ لەدایک بێت ونابێت بە فیڕۆ بڕوات  ئەکتەر ودەرهێنەری دیاری ئەمریکی ئەنجلینا جولی چاوپێکەوتنێکێ تایبەت لەگەڵ ڕوئیا پیرایی لە گۆڤاری تایم کە گۆڤارێکی هەفتانەی ئەمریکیە بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجام دا، روئیا پیرایی چالاکوانی دیاری ئێران  بەهۆی لەدەستدانی دایکی كە لەناو خۆپیشاندانەکانی ئێران شەهید  کرا، بە بڕینی قژی و وەستان لەپاڵ گۆڕەکەی دایکی بوەتە سیمبولێکی تری خۆپیشاندانەکانی ئێران. ڕوئیا لەوەڵامی پرسیارێکی ئەنجلینا جولی کە لێی دەپرسێت، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە چیە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانە ژن و پیاو لەهەموو نەتەوەکانی ئێران ناڕەزایی دەرئەبڕن و داوای ئازادی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیان ئەکەن،ئەم خۆپێشاندانە داوای ئازادی ژن دەکات، هەموو کەسیش دەزانێت  ئازادی ژن واتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە. لەماوەی چاوپێکەوتنەکەدا كە لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە، ڕوئیا پیرایی باس لە ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکات ودەڵێت: هیچ کەس لە ئیران ژیانێکی ئاسایی ناژیت، بەهۆی یاساکانی دەوڵەت وفشارەکانی لەسەر کۆمەڵگە، بەڵام من هەمیشە بەهۆی خێزانەکەمەوە هەستم بە ئارامی وئازادی کردووە، دایکم یەکێک بوو لەوانەی حەزی بە ژیانبوو وباوەڕی بە ئازادی هەبوو. ئەنجلینا جولی: ئێستا چۆن لەگەڵ ئەو شۆکە دەژیت ومامەڵە دەکەیت؟ روئیا پیرایی: بۆمن زۆر قورسە کە بەردەوام بم چونکە ئازیزترین کەسم لەدەستداوە، هەست دەکەم کە منیشیان کوشتوە، دایکم نزیکترین کەسم بوو پێش ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکاندا تیرۆری بکەن، بەڵام من پێویستە بەردەوام بم، پێویستمە ببمە دەنگی بێدەنگکراوی دایکم و هەموو ئەوانەی کە کوژران لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە؛ هەر لەبەرئەوەشە کە دوای بەخاکسپاردنی دایکی ئێران بەجێدەهێڵێت. ڕوئیا لەبارەی کوشتنی دایکیەوە بۆ ئەنجلینا باس لە وتەکانی ئەو شایەتحاڵە دەکات کە لەکاتی تیرۆرکردنی دایکی لەوی بووە و دەڵێت، ئەو بکوژانەی دایکمیان  تیرۆرکردووە لەنزیکەوە تەقەیان لێکردووە و کاتیکی کەمی بردووە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە، دایکم بە ١٦٧ گولە پێکراوە وشەهید کراوە.   ئەنجلینا لەبارەی ئازایەتی وبەرخودانی رویاوە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕویا پیرایی دوپات ئەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو بوەتە نمونەی سروش بۆ هەموو جیهان. ڕوئیا پیرایی لەبارەی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە وتی، ئەمە ڕێگەیەکی دوورودرێژە، بەڵام بەدڵنیای ناگەڕێنەوە ناو تاریکی،چونکە هەستمان بەوەکردووە کە رژێمی ئیسلامی ئێران چاک ناکرێتەوە، دەشڵێت ئەو یەکگرتویەی خۆپیشاندەرانی ئێران کلیلی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، دەشڵێت ئێستا هەموو کەس ئێمە دەبینێت و وڵاتانی دوونیاش پاڵپشتمانن.   روئیا پیرایی ، تەمەن ٢٥ ساڵان، چالاکوانی دیاری ئێران كە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی و لەدوای شەهیدکردنی دایكی بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوو بە سومبولێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەروەها لەناو لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنانی دونیادا دانرا کە لەلایەن بی بی سی وە بڵاو کرایەوە، روئیا قژی خۆی بڕی وەک ناڕەزایەتیەک و لەسەر گۆڕی " مینوو مەجیدی" دایکی قژی خۆی بەدەستەوەگرت وەک دوپاتکردنەوەی بەردەوامی خۆی بۆ درووشمەکانی کە دایکی لەسەر کوژرابوو. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران دوای کوژرانی ژینا "مەهسا" ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێڕان بەتاوانی نەپۆشینی حیجابێکی شەرعی دەستی پێکرد و دەیان دروشمی جۆراو جۆر وچالاکی ژنان و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، دیارترین چالاکیەکانیش قژ بڕینی ژنان  وسوتاندنی سەرپۆشەکانیان بوو؛ خۆپیشاندانەکان لە دوای ١٦ی ئەیلول دەستیپێکرد و بەپێی دواین ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی هرانای ئێران ٤٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ کەسیش دەستگیرکراون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئێوارەی دوێنێ هێزەکانیان لە نزیک شاروچکەی زرگانی سەر بە کانتۆنی حەسەکە، درۆنێکی دەوڵەتی تورکیایان خستووەتە خوارەوە کە ئامادەکاری هێرشکردنە سەر بارەگاکانیان دەکرد. لەلایەکدی دیکەوە، ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند، لە هێرشەکانی دوێنێ دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسادا، هاوڵاتیەکی تەمەن ٦١ ساڵ گیانی لەدەستداوە. بەگوێرەی میداکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆش بارەگاکانی تورکیا لەسەر سنوری باکور و رۆژئاوای کوردستان، چەندین گوندی کۆبانێ و تەل تەمریان تۆپباران کردووە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەستیان پێکرد و ٢٠ رۆژە بەردەوامە. لە هێرشەکاندا بە دەیان هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤان شەهید بوون. هەرچەندە وڵاتانی جیهان داوایان کردووە کە تورکیا هێرشەکان رابگرێت، بەڵام هێرشەکان بەردەوامن.

هاوڵاتی پارێزەرێک لە دهۆک ڕایگەیاند دەوامی بەرێوەبرایەتی جێبەجێکردن بۆماوەی 20رۆژ ڕادەگیرێت. پارێزەر بەهادین دەشتانی بەهاوڵاتی ی ووت" بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی جەردی ساڵانە لەرێکەوتی 12ی ئەم مانگە تاوەکو 31/12 دەوامی فەرمی بەرێوەبرایەتی جێبەجێکردن ڕادەگیرێت، کاری ئەم فەرمانگەیە ئەوەیە کە هەر بڕیارێکی لەدادگا دەربچێت جێبەجێ دەکات، لەم ماوەیە هەر بڕیارێک لەدادگا دەربچێت جێبەجێ ناکرێت تاوەکۆ ساڵی نویێ"  ووتیشی، "هەموو ساڵێک پێنج رۆژ دەوام لەم فەرمانگەیە رادەگیرا بەڵام ئەم ساڵ کراوە بە 20رۆژ، بەدڵنیایەوە ئەم بڕیارە زیانێکی زۆر دەگەینێتە خەڵک چونکە لەو ماوەیە هیچ مامەڵەیەک خەڵک بەرێوە ناچێت، گرنگترین و سەرەکیترین فەرمانگەیە، بەنموونە هیچ کەسێک ناتوانێت بۆ نەفەقەی ژن و منداڵ نە پارە بدات و وەربگرێت، کاری سەدان خێزان و کەس ڕادەگیرێت" ئەوەشی ڕونکردەوە، "فەرمانبەرانی ئەم فەرمانگەیە دەوامی خۆیان دەکەن بەڵام مامەڵەی هاوڵاتیان وەرناگرن"

هاوڵاتی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبێ بەرامبەر پارە دەداته‌ پرۆژەکان بەمەبەستی فراوانکردنیان، بڕی پارەکەش بۆ هەر پرۆژەیەک، لە نێوان پێنج بۆ 30 هەزار دۆلار دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی کانوونی یەکەمی 2022)،  قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردنی پرۆژە و هاوکاریکردنی خاوەن پرۆژەکان، رێکخراوی  (IOM)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕێک پارەی دابینکردووە، بۆئەوەی لە سنووری سلێمانی بەبێ بەرامبەر بیدات بە خاوەنی پرۆژەکان بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانیان. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی قایمقمییەتی سلێمانی: بۆ هەر پرۆژەیەک (٥) هەزار بۆ (٣٠) هەزار دۆلار دەدات سلێمانی- نەتەوەیەکگرتووەکان بێ بەرامبەر دەستگیرۆیی فراوانکردنی پرۆژە دەکات بەمەبەستی فراوانکردنی پرۆژەو هاوکاریکردنی خاوەن پرۆژەکان، رێکخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕێکی زۆر پارەی دابینکردووە لە سنوری سلێمانی بەبێ بەرامبەر بیدات بە خاوەنی پرۆژەکان بۆ فراوانکردنی پرۆژەکەی. بەپێی مەرجەکان بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە هاوکارییە پێویستە تەمەنی پرۆژەکە ساڵێک کەمتر نەبێت و بەدەر لە خاوەنی کارەکە (٣-٥٠) کارمەندی هەبێت. پرۆژەکە لە سنوری سلێمانیدا بێت و لەکارکردن بەردەوام بێت و خاوەنی کارەکە عیراقی بێت. هەر بەپێی مەرجەکان پێویستە پرۆژەکان لەبواری پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی کشتوکاڵی و مەڕوماڵاتدا بێت. هەرکەسێک خوازیارە سودمەند بێت لەم هاوکارییەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بێ بەرامبەرەو وەرناگیرێتەوە، هەتا رۆژی (٢٩/١٢/٢٠٢٢) سەردانی بینای مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە بکات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری. رۆژانی یەک شەممە تاکو پێنج شەممە، لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٣ی پاشنیوەڕۆ. بۆ پەیوەندیکردن (٠٧٥١٠٥٩٧٠٠٣) (٠٧٧٢٥٤٧٠٨٤٠) راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی    

سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا.  لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات.  بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢  وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون. ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین  کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا. لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە.  رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن. بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت.  لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی  ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری  منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان. لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە. ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە  ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو  ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟    نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران.  پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف  UNICEF، لەهەرێمی کوردستان  و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە  ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها  ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)،  لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران  (١٢-١٧ ساڵان) تەنها  ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو  کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات.         لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟ بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن. هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن  بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە  پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن.   ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر  ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن.    کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان  بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ: رەنگە  بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.   کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی  ٤-١٧ ساڵ: دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان.   ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟  ئەو پێکووتەیەی  کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات. سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC  ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی  ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە .   ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟ وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە،  کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی  کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤) هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟  پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟  بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت.   سەرچاوەکان: 1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data 2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9. 3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC 4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)  

خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ی فیزیا، پزیشکی، کیمیا، وێژە و ئابوری لە مەراسیمێکدا کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو، بەخشرایە خاوەنەکانیان. خەڵاتی نۆبڵ کە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەهۆی پەتای کۆڤید١٩ نەتوانرا بەڕێوە بچێت، ئەمساڵ پێشکەشی خاوەنەکانیانکرا. لە رێورەسمەکەدا کە لە ماڵی کۆنسێرتەکانی ستۆکهۆڵم (کۆنسێرت هاوس) بەڕێوەچوو، بنەماڵەی شاهانەی سوید، ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، وەزیرەکان، نوێنەرانی پارتەکان، نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و براوەی خەڵاتەکان و هەروەها چەندین میوان بەشداربوو. خەڵاتی فیزیا بەخشرایە ئالان ئەسپێکت، جۆن ئێف کلۆزەر، ئەنتۆن زایلینگەر، خەڵاتی کیمیاش بەخشرایە کارۆلین بێرتۆزی، مۆرتن مێلدال و باری شارپلیس. هەروەها سڤانتێ پابۆ خەڵاتی فیزیۆلۆژی/پزیشکی وەرگرت، و بێن ئێس بێرنانکە، دۆگلاس دبلیو دایمۆند و فیلیپ ئێچ دیبڤیگ خەڵاتی ئابووریان وەرگرت. خەڵاتی وێژەییش بەخشرایە ئەنیێ ئێرنۆکس. براوەی خەڵاتی نۆبڵ بڕوانامە، مەدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی پارەی ٩٠٠ هەزار یۆرۆییان پێبەخشرا. ئەمساڵ بەرپرسانی روسیا و بیلاڕوس بانگهێشتی رێورەسمەکە نەکرابوون. لە لایەکی دیکەوە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢، ئەلیس بیالیاتسکی، بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە بیلاروس و ڕێکخراوەکانی میمۆریال و سەنتەری ئازادییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ لە روسیا و ئۆکرانیا، لە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکانیان وەرگرت .

هاوڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین فۆڕمی دامەزراندنی بە شێوەی گرێبەست بۆ چەند پسپۆڕییەک راگەیاند و دەڵێت، کێبڕکێکە بەپێی خاڵبەندییە. بەپێی راگەیەندراوێکی ئیدارەی راپەڕین پسپۆڕییەکان بریتیین لە: ئەندازیاری شارستانی (چوار کەس)، ئەندازیاری میکانیکی (سێ کەس)، ئەندازیاری کارەبایی (دوو کەس)، ئەندازیاری تەلارساز (یەک کەس)، ئەندازیاری پلانسازی شار (یەک کەس)، ئەندازیاری جیۆلۆجی (یەک کەس)، ژمێریاری هەڵگری بەکالۆریۆس بێت (چوار کەس)، کارگێڕی کار کە هەڵگری بەکالۆریۆس بێت (دوو کەس)، روپێوی کار هەڵگری دیبلۆم (سێ کەس)، ژمێریاری هەڵگری دیبلۆم (چوار کەس) و کارگێڕی کار کە هەڵگری دیبلۆم بێت (چوار کەس). راشیگەیاندووە، فۆڕمەکە بەپێی خاڵبەندییە و کێ زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە چانسی دامەزراندن بۆ ئەو کەسە دەبێت و فۆڕمەکەش بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەست دەبێت. مەرجەکان: ١-  هەر کەسێک لە کەرتی گشتی کاری کردبێت دەبێت بە نوسراوی فەرمی لایەنی پەیوەندیدار پشتڕاستی بکاتەوە کە کاری کردووە. ٢- هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت کاری کردبێت  دەبێت بە نوسراوی فەرمی لایەنی پەیوەندیدار پشتڕاستی بکاتەوە کە کاری کردووە. ٣- دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لە کەرتی تایبەت بە بەڵێننامەی فەرمانگەی دادنوس پشتڕاستی بکاتەوە کە خوازیار چەند ساڵ کاری کردووە لەو کەرتە کاری کردووە بە ڕاست و دروستی . ٤- لایەنی پەیوەدیدار بە (کەرتی گشتی بە کەرتی تایبەت ) بەرپرس دەبێت لە راست و دروستی نوسراوی فەرمی بۆ خوازیارو رێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتە بەر لە ئەگەری نادروستی پشتگیریکردن. لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە هەندێك ناوچە دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، سبه‌ی دوشه‌ممه‌ش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە شەو درەنگدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو بەگوێرەی راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە بەرەبەیانى رۆژى سێ شەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات، بارانبارین بە شێوەى نمە باران لە ناوچەى جیا جیا دەستپێدەکات، لەگەڵ بارانبارین بارستە هەوایەکى ساردیش روو لە ناوچەکە دەکات، ئاستى باران مامناوەند دەبێت و هەروەها لەگەڵ بارانبارین  لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان بەفریش دەبارێت . به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی ده‌ڵێت، "کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان بەشێوەى نمە باران و بارانى مامناوەند دەبێت بە گشتى  و کاریگەرى ئەم شەپۆلە ڕۆژى پێنجشەممە کۆتایی دێت".  

بانکی جیهانی ئاشکرای کرد قەرزەکانی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و ئەو وڵاتەش لە ساڵێکدا تەنها 250 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردوەتەوە قەرزەکانی ئێران تا کۆتایی ساڵی رابردو 10 ملیار و 349 ملیۆن دۆلار بوە کە بریتی بون لە هەردو جۆرەکانی قەرزی درێژخایەن و کورت خایەن. ئەو بانکە رونی کردوەتەوە تا پێش ساڵی 2020 قەرزەکانی ئێران نزیکەی چوار ملیار دۆلار بوە، بەڵام لە ساڵی 2021 دوای ئەوەی مۆڵەتی پارە قەرزکردن بەو وڵاتە داروە، چوار ملیار دۆلاری لە سندقی نێودەوڵەتیی دراو وەگرتوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی ئێران لە ساڵی 2021 تەنها 254 ملیۆن دۆلار لە قەرزە درێژخایەنەکانی داوەتەوە کە 46 ملیۆن دۆلاری سودی بانکی بوە. ئێران لە ساڵی 2018 دوای توندبونەوەی سزای ئەمریکا لە دژی ئەو وڵاتە داهاتەکەی کە80٪ بۆ 90٪ی پشت بە نەوت دەبەستێت لە 120 ملیارد دۆلارەوە بۆ نزیکەی 13 ملیار دۆلار دابەزیوە .

هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند ، وەرگرتنی پەنابەری زیاتر و کارئاسانی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازان،دەتوانێت  وڵاتەکەی لە قەیرانی کەمیی دەستی کار دەرباز بکات. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندیی سیتیزن لە شاری پۆستدام رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە کرێکار و دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە وڵاتەکە "تاوەکو بتوانن ئابووریی وڵاتەکە بە سەقامگیری بهێڵنەوە." حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زیاتری کۆچبەران، ئەوەش بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی وڵاتەکە و راکێشانی زیاتری کرێکاری بیانی بەتواناتر؛ هەروەها لابردنی هەندێک لەو گوشارانەی کە لەسەر سیستمی خانەنشینانی ئەڵمانیا هەیە کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵگەیەکی بەتەمەن ناسراوە. هاوکات مانگی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا هەمواری لە یاسای وەرگرتنی پەناخوازان کرد، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی ئەڵمانیا و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ نێو ئەو وڵاتە.

بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دوو برا لە شاری شنۆ سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت و رێکخراوێکیش ئاشکرای دەکات زیاتر لە هەشت دەستگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و فەرها و فەرزاد تەهازادە دانیشتوی شاری شنۆ لە دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە. تۆمەتی ئەو دوو برایە بەشداریی بوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تا ئێستا تەنها لە شاری شنۆ پێنج گەنج بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕزایی، زیاتر لە هەشت گەنجی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان و لە زیندان گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی 85 رۆژی رابردوی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 130 گەنج و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بە گشتیش لە سەرتاسەریی ئێران 485 کەس کوژراون.

  هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکراینا ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکراینا درێژەی هەیە وسوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە. کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هەمو ژێرخانی کارەبا لە شاری ئۆدێسا لە باشوری ئۆکرانیا كراوه‌ته‌ ئامانج، دوای ئەوەی روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ بۆردومانکردنی دو وێستگەی کارەبای ئۆکرانیا هەڵدا و بەوهۆیەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بێکارەبا بون. ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی رایگه‌یاند، "دۆخی ناوچەی ئۆدێسا زۆر سەختە، بەداخەوە هێرشه‌كان بەهێز بون، بۆیە چاكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان كاتی زۆر ده‌خایه‌نێت". وتیشی لە  کۆی ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، ١٠یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتەخوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی حكومه‌تی کیێڤ، ڕوسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئۆکرانیا کردوە و هێرشەکانی بە تاوانی جەنگ وەسف کردوە، بەهۆی کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی، مۆسکۆش دەڵێت هێرشەکان لە ڕوی سەربازییەوە "رێگه‌پێدراون". هاوکات تاران ڕەتیدەکاتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بۆ مۆسکۆ دابین کردبێت، کیێڤ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی دەڵێن ئێران "درۆ" دەکات

هاوڵاتی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دووەم کاروانی پارە دزراوەکەی بانکی رافیدەین گەڕێندرایەوە کە 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە. نوسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەئەنجامی بەدوداچونێکی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەهاوکاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لایەنەپەیوەندیدارەکانی بواری دەسپاکی بەردەوامبون لەبرەودان بۆ گێڕانەوەی ئەوپارانەی دزراون بەتایبەتی پارەکانی باج کە بە دزینی سەدە ناوزەد دەکرێت". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، وەک جەختکردنەوەیەکیش بۆ ئەو بڕیارانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 27ی مانگی رابردو رایگەیاند بو، بەشی دوەمی پارەکانی باج گێڕدراونەتەوە کە بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیار دینارە، کە بەشێوەیەکی یاسایی خرابونە سەر هەژماری کراوەی لقی سەرەکی بانکی ڕافیدەین، به‌وه‌ش تێکڕای پارە گێڕاوەکان دەگەنە 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزارو 525 دینار. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنەوەی پارە و بەدواداچوون بۆ داواکراوان بەردەوامە لەژێر چاودێری راستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخاتە پێشەنگی ئەولەویەتەکانەوە".

بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و دۆلار نرخی مێژویی لە بازاڕەکانی ئێران تۆمار کرد و پێشبینی دەکرێت بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکا بەهای تمەن زیاتر دابەزێت. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکە گەیشتوەتە 37 هەزار و 500 تمەن و ئەوەش بە بەرزترین نرخی دراوی دۆلار دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە 30 هەزار تمەن بوە و دوای زیاتر لە 85 رۆژ ناڕەزایەتیی هەر دۆلارێک لانیکەم حەوت هەزار تمەن بەرز بوەتەوە. شارەزایانی ئابوریی پێشبینیی دەکەن بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان و هەڵوێستی ئەمریکا بۆ دەستبەردابونی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، بەهای دراوی تمەن بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر.