هاوڵاتی رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە. رۆژی سێشەممە 13-12-2022، محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هێڵەکانی هاتووچۆیە و ئەویش لەم دوو رۆژە تەواو دەبێت. بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی گوتیشی، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە تونێلی دەربەندیخان بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بڕیار هەر لەوێ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێ رابگەیێنێت. رۆژی 04-10-2022، دەست بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کرا و بەهۆیەوە تائێستا تونێلەکە داخراوە.
هاوڵاتی وڵاتانی G7 کە لە هەر یەک لە ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دڵنیایییان دا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی سەرکردەی وڵاتانی G7دا پەسەند کرا کە ئەڵمانیا سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی دەکات، هاتووە؛ ''جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لە پشتیوانی نەبڕاوەمان بۆ ئۆکراینا و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کیێڤ لە بەرامبەر شەڕی بەردەوامی رووسیا دەردەبڕین''. لە بەیاننامەکەدا سەرکۆنەی هێرشە 'نامرۆڤانە و بێ بەزەییەکانی' رووسیا کراوە بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکراینا و باس لەوە کراوە کە کردەی دژبە مەدەنی تاوانی جەنگە. لە بەیاننامەکەدا، هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی ئامانجیان ئەوەیە لە کۆتاییدا تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانە گرنگانە بدەن کە بەهۆی هێرشی بێ بەزەیی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون و هاتووە؛ ''نابێت تاوانەکانی جەنگ و ستەمەکانی دیکە بێ سزا بمێننەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان (سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر) پوتین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە بە بەرپرسیار دەزانین. لێدوانە نابەرپرسیارەکانی رووسیا لەبارەی ئەتۆم جێگەی قبوڵ نییە و جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی، بایۆلۆجی یان ئەتۆمی دەرەنجامی جیددی دەبێت''. هاوکات وڵاتانی G7 داوایان لە رووسیا کرد، دەستبەجێ جەنگی سەر ئۆکراینا رابگرێت و بەتەواوی و بەبێ مەرج لە خاکی ئەو وڵاتە بکشێتەوە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وڵاتەکان خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە لەبارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێلە لە دەریای رەش. وڵاتانی G7 ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە یانەیەکی ئاووهەوایان پێکهێناوە و ئامانجی سەرەکی لەو کارەش سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتەیەکی پیشەسازییە کە دۆستی ژینگە بێت. لە بەیاننامەکەدا داوا لە رێکخراوی هاریکاری ئابووریی و گەشەپێدان (OECD) کراوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) میوانداری سکرتاریەتی کاتی یانەی ئاووهەوا بکات.
هاوڵاتی لە راگەیەندراوێکدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند، ٥٩ خێزانی ئاوارەی دیکە کە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەددین. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق رایگەیاندووە کە ٥٩ خێزانی دیکەی ئاوارە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەددین.. ئیڤان فایەق ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەرنامەی حکوومەتی عێراق، جەخت دەکاتەوە لە کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و گوتوویەتی: "لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا، کار دەکەین لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان". رۆژی ھەشتی ئەم مانگە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاندبوو، ٢٨٦ ئاوارەی دیکە کە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر نیشتەجێبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و بەشێکی دیکەشیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کرد.
هاوڵاتی دوای دەستگیركردنی چوار کەس لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە بەتۆمەتی پارە سپیکردنەوە کە لەنێویاندا ئیڤا کایلی" جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا" هەبوو، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورپا هۆشداریدا کە دیموکراسی ئەوروپا لەژێر هەڕەشەدایە، هاوکات داوای دروستکردنی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکانداڵە کرد، هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ئەندامێتی ئەو پەرلەمانتارەی هەڵوەشاندەوەو لەپەرلەمان دەریکرد. پۆلیسی بەلجیکا لە برۆکسل ڕۆژی هەینی دەستی بەسەر ٦۰۰،۰۰۰ هەزار یۆرۆی کاش گرت لەئەنجامی ١٦ بەدواداچوونی جیاوازدا، هەروەها بەوهۆیەوە چوار کەسیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی تێوەگلان کە لەنێویاندا ئیڤا کایلیش هەبوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارەکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگیری و کاریگەری نوێنەری ئەو وڵاتە دراوە بەئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا. ئیڤا کایلی بۆماوەی ٨ ساڵە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، بەهۆی تۆمەتی تێوەگلانی لە سکانداڵاکە لە ئەرکەکانی وەک یەکێک لە ۱٦ جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دورخرایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە گروپی سۆسیالیست و لەپارتی پاسۆکیچەپی ناوەڕاستی یۆنان و دیموکراتەکانی پەرلەمان دورخرایەوە، هەرەها سەرجەم سەروەت و سامانەکەیان سڕکرد. بەپێی زانیاریەکانی داواکاری گشتی سەرەڕای سڕکردنی سەروەت و سامانی ئیڤا کایلی، لەڕۆژی هەینیەوە بۆ ڕێگریکردن لە ونبوونی هەر بەڵگەیەکی پەیوەست بە گەندەڵیەکە سەرجەم ئایتی و ئەکاونتەکانی ۱۰ ئەندامی فەرمانبەری ئەورپایان سڕکردووە. لە کاردانەوەی ئاشکرابوونی سکانداڵەکە، چاودێران و پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە بەرتیلدان بە پەرلەمانی ئەوروپا دەبێتە یەکێک لەگەورەترین سکانداڵەکانی مێژووی پەرلەمان؛ بەشێکیش لەپەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن کە توشی شۆک بوون لەو بەرتیل و سکانداڵە ئاشکرایە. هەر پەیوەست بە کاردانەوەکانی سکانداڵەکە، ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گاڵتەی بە یەکێتی ئەوروپا کرد هەرچەندە وڵاتی هەنگاریاش ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە؛ بەڵام چەندین جار توشی ناکۆکی بووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.
هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە سێ ئۆپراسیۆنی جیاوازدا، ئەمیرێک و دوو چەکداری داعش دەستگیرکراون. هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری تایبەتی خۆی بڵاوکردووتەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، جموجووڵی داعشیش لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داعش هێرشەکانی تورکیای وەک هەلێک قۆزتووەتەوە و پلانی بۆ چەندین هێرشی تیرۆریستی داڕشتووە. هەسەدە دەڵێت، یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)، بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە چەند شار و ناوچەیەک دەستی بە چەند ئۆپراسیۆنێک لەدژی شانە شاراوەکانی داعش کردووە. راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکاندا, ئەمیرێکی داعش و دوو بەرپرسی رێکخراوەکە کە بەرپرسی دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی بوون، لە نزیک شاروچکەی هۆڵ، تەل حەمیس و دێرەزۆر دەستگیرکراون. هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
ئێران لە حەوت مانگدا بە بەهای 34 ملیار دۆلار نەوتی فڕۆشتوە و تەنها پێنج ملیارد دۆلاری لە کۆی داهاتی نەوتی ساڵی رابردوی کەمتر بوە. ناوەندی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئاستی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە ئەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و ئەو وڵاتە توانیویەتی بە شێوازی جیاواز خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکات و نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا ساخ بکاتەوە. بە پێی ئامارەکان ئێران لە ساڵی رابردودا کۆی فرۆشی نەوتەکەی لە بازاڕەکان 39 ملیارد دۆلار بوە لە کاتێکدا تەنها لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 34 ملیارد دۆلار نەوتی فرۆشتوە. فرۆشی نەوتی ئێران لە ئەمساڵدا بەراور دبە ساڵی رابردو زیاتر لە 45٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە کاتێکدا داهاتی نەوتی ساڵی 2020ی وڵاتە تەنها 17 ملیارد دۆلار بوە. پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ساڵی 2018، داهاتی نەوتی ئێران لە 113 ملیارد دۆلار زیاتر بوە کە بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی تاران فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نزیکەی 80 ملیارد دۆلار لە داهاتەکەی لەدەست داوە.
چوار گەنجی دیکەی شاری شنۆ سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت و لە جوانڕۆ خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی مامۆستایەکی ئاینیی بەردەوامە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەی بەسەر چوار گەنجی دیکەی شاری شنۆ سەپاندوە و بەوەش تا ئێستا شەش گەنج کە دوانیان بران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. تا ئێستا زیاتر 15 گەنجی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەوە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێشنوێژی شاری جوانڕۆیان دەستگیر کرد جەماوەرێکی زۆر وەک ناڕەزایەتیی چونە بەردەم قائیمقامیەتی شارەکە و تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە چاوەڕوانی ئازادکرنی ئەو ماومۆستا ئاینییەیان کرد. مەلا سەیفوڵڵا حسێنی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆرینەی دانیشتوانی شارەکەی لێکەوتوەتەوە و داوای ئازدکردنی ئەو مامۆستایە دەکەن.
دەستەی پەروەردەی رۆژئاوای کوردستان بڵاوی کردوەتەوە 19 قوتابخانە لە کۆبانێ بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە داخراون. بەکر جەرادە، هاوسەرۆکى دەستەى پەروەردە هەرێمى فورات بە ئاژانسى (هاوار نیوز)ى راگەیاندوە؛ بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتى سوریا بەتایبەت گوندەکانى کۆبانێ لە 20ى مانگى رابردو تا ئێستا لەکۆى 461 خوێندنگە 19یان بە تەواوەتی داخراون. جەراد وتویەتى؛ بەهۆى داخستنى ئەم قوتابخانەوە چەندین خوێندکار لە خوێندن بێبەش بون و جگە لەوەش بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە چەند قوتابخانەیەک بەتەواوەتى روخاو و خاپور بون. وتوشیەتى؛ بۆ گەڕاندنەوەى خوێندکاران بۆ خوێندن هیچ چارەیەکیان نییە و توانایان نییە پڕۆسەى خوێندن لە قوتابخانەکان دەست پێبکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەتا ئێستا هێرشە ئاسمانییەکان تورکیا بۆ سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
87 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە دوەم خۆپیشاندەر لە شاری مەشهد لەسێدارە دار و گەنجێکی شاری سەردەشت بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا، ئەوروپا 21 بەرپرس و ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سزا دا و نەتەوەیەکگرتوەکان و فەڕەنسا و دەیان وڵاتی دیکە دژی جێبەجێکردنی سێدارە ئیدانەی دەسەڵاتی ئێرانیان کرد. لە سێدراەدانی گەنجێکی دیکەی خۆپیشاندەر لە ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە و چالاکوانان و گەنجانی ناڕزایی رایانگەیاند کاتی شین نییە و کاتی شەڕە لە دژی دەسەڵاتێک کە دەیەوێت بە سێدارە بمانکوژێت. هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەورد لە مەشهەد، هەواڵی کوژرانی شەهریار عادلی، دەستگیرکراوێکی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجەدا ئاشکرا بو. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی دوشەممە بڵاوی کردەوە، گەنجێکی دیکەی کورد بە ناوی شەهریار عادلی تەمەن 27 ساڵ کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان شاری سەردەشت دەستگیرکرابو بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە. ئەو گەنجە لە 22ی مانگی رابردودا بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی دەستگیر دەکرێت و لە بنکەیەکی ئەمنیی و هەواڵگریی شاری سەردەشت ئەشکەنجەدەدرێت، دواتر بە دانانی بارمتە مۆڵەتی پێدراوە لە نەخۆشخانە چارەسەری خوێنبەربونی بۆبکرێت کە دوای چەند رۆژ مانەوە بەهۆی سەختی ئەشکەنجە و کاریگەریی زۆر لەسەر جستەی دواجار شەهریار عادلی لە نەخۆشانە گیانی لەدەستداوە. لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەو گەنجە وەرزشکارەی شاری مەشهد لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و مەشهەد و چەند شارێکی دیکە ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و خوێندکاران ئیدانەی سزای سێدارەیان لە ئێران کرد. چالاکوانان و ئەنجومەنەکانی تایبەت بە شارەکانی ناوخۆی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی داوایان کردوە لە سبەینێوە بۆ ماوەی سێ رۆژ مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە سەرتاسەری وڵاتەکە دژی لەسێدارەدان. یەکێتی ئەوروپا لە دانیشتنی رۆژی دوشەممەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ژمارەیەک سزای دیکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی توندوتیژیی و لەسێدرەدانی خۆپیشاندەران راگەیاند. جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند 20 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەیەکی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن ئەوروپاوە سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێت و هۆکاری ئەو سزایانەش پێشێلکردنی حاشاهەڵنەگری مافەکانی مرۆڤە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا دوای لەسێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد رایگەیاند؛ پاریس بە توندترین شێوەی ئیدانەی لەسێدارەدانی دوەم گەنجی دەستگیرکراوی ناڕازیەتییەکانی ئێران دەکات و ئەوەش ئاماژەیەکی رون و مەترسیداری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە کە قبوڵکراو نابێت. هاوکات ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند لەسێدرارەدانی گەنجێکی دیکەی ناڕازیی لە ئێران توشی شۆک بوین و بەکارهێنانی سزای سێدارە لەگەل مافە گەردونییەکانی ژیان یەک ناگرنەوە. لەگەڵ فەڕەنسا و یەکێتی ئەوروپا، ئانالینا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامێکدا ئیدانەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لە ئێران کرد و رایگەیاند؛ ئەو هەنگاوانەی دەسەڵاتی ئێران بۆ لەسێدارەدان لە پێناو ترساندن و تۆقاندنی خەڵکدایە. ئەمڕۆش لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان بەردەوامبو و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کرد حەوت گەنجی دیکەی کورد لەو بەشەی کوردستان دەستگیرکراون و هاوشێوەی ماوەی رابردو چارەنوسی زۆربەیان دیار نییە. بەپێی ئامارەکانی مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا لانیکەم 127کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردسیان گیانیان لەدەستداوە کە نۆ کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە و ئازار لە زیندان و بنکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوە.
ناوەندی بۆتان ئینتەرناشناڵ، رۆبۆتێکی بەناوی 'رۆنی' دروست کرد کە دەتوانێت هەواڵ بە زمانی کوردی بنوسێتەوە و بخوێنێتەوە. بۆتان ئینتەرناشناڵ کە لە بواری رۆژنامەنوسی کوردیدا لێکۆلینەوە و کار دەکات، لە توێتێکدا رایگەیاند، رۆبۆتێکیان بە ناوی 'رۆنی' دروست کردووە کە دەتوانێت هەواڵ بە زمانی کوردی بنوسێتەوە. ناوەندەکە لە تویتەکەیدا دەڵێت، " رۆنی رۆنامەنوسێکی رۆبۆتی کوردیە کە ١٠٩ زمان دەزانێت و لە هەمان کاتدا دەتوانێت، هەواڵ بخوێنێتەوە، بنوسێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکات." کۆدەکانی رۆژنامەنوس 'رۆنی' لەلایەن کەیۆ لەزگین چالیەوە دروست کراوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا نمایش دەکرێت و دەست بە کار دەکات. ناوەندی بۆتان ئینتەرناشناڵ لە شارەکانی ئامەد و شڕنەخی باکوری کوردستانە و لە بواری راگەیاندنی کوردی و ئازادی رادەربڕیندا پرۆژە ئامادە دەکات. رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور هاوکاری بۆتان ئینتەرناشناڵ دەکات.
بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تاران بۆ 38 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و هاوشانی ئەویش بەهای یۆرۆ گەیشتە 40 هەزار تمەن. رۆژی دوشەممە لەگەڵ گرژبونەوەی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئێران جارێکی دیکە بەهای دروای دۆلار بەرز دەبێتەوە و نرخی زیڕیش بەرزترین ئاستی خۆی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە تۆمار کرد. نرخی هەر لیرەیەکی زیڕ لە ئێران کە بە (ئیمامی) ناودەهێنریت لە 18 ملیۆن و 900 هەزار تمەن بۆ 19 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بەرز بوە و بە گشتی نرخی زێر لە وڵاتەکە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بە پێی راپۆرتێکی ئابوریی ناوخۆی ئێران تا ئێستا دراوی تمەن 95%ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دراوی دۆلار لەدەستداوە. لە سەرەتای سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران بە 30 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا بەڵام دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان هەر دۆلارێک هەشت هەزار تمەن بەرزبونەوەی تۆمار کردوە و لە ئێستادا هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا بە 38 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوڵاتی وەزیری پێشوی دەرەوەی سوید، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سوپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن. مارگۆت واڵسترۆم، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید دوابەدوای لە سێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد لە تویتێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە و دەشڵێت بەتەنها ئیدانەکردنی دۆخەکە بەس نیە، ئەم لێدوانەی مارگۆت واڵسترۆم هاوکاتە لەگەڵ کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا. لەسەروبەندی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕێکەوتنی لەسەر سەپاندنی سزای زۆر قورس دژ بە " کۆماری ئیسلامی ئێران" ڕاگەیاند؛ هەروەها ناوبراو وتیشی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پشتگیریکردنی ژنانی گەنج وخۆپیشاندانی ئاشتیانە دەیکات. هەر پەیوەست بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەلی ئێران، ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش کە ئەمڕۆ لە برۆکسلە ڕایگەیاند، کە بەتوندی ئیدانەی لەسێدارەدانی دووەمین خۆپیشاندەری ئێرانی کرد و وتیشی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ گەلی ئێراندایە. ئانالینا بێربوک، لەبارەی ناوەڕۆک ووردەکاری سزاکانی سەر ئێرانەوە وتی، سزاکان زیاتر بۆسەر سوپای پاسداران وئەو کەسانەیە کە دەستیان هەیە لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە بۆسەر خۆپیشاندەرەکان. مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد ئەمرۆ سەرلەبەیانی لەشاری مەشهەد لەسەر شەقام بڕیاری لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا، مەجید ڕەزا دووەمین خۆپیشاندەری ئێرانە کە بە ئاشکرا لە سێدارە درا کە تەنها دوای ٥ ڕۆژ لە لەسیدارەدانی موحسین شیکاری بوو؛ هاوکات دەزگای قەزایی ئێرانیش بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنیەکان وێنەی ساتی لەسێدارەدانەکەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا مەجید ڕەزا دەمووچاوی داپۆشرابوو. مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد بەتۆمەتی کوشتنی دوو بەسیج وبریندارکردنی ٤ چەکداری دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێ بەجێکرا. دوای لە سێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد، ناڕەزایەتیەکان فراوانتربوون و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کە یەکێک لە بابەتی کۆبوونەوەکانیان تایبەتکرابە تاوتویکردنی دۆخی ئێستای ئێران وسەپاندنی سزای زیاتر بۆ سەر ئێران.
میخائیل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هەوڵ دەدەن تورکیا رازی بکەن، دەست لە ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆسەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) هەڵبگرێت. ئاژانسی هەواڵی سپوتنیکی روسی رایگەیاند، کۆبونەوەکانی روسیا لەگەڵ تورکیا لەبارەی دۆخی باکوری سوریا بەردەوامە. میخائیل بۆگدانۆڤ بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، هەوڵ دەدەن تورکیا لە هێرشی زەمینی بۆسەر باکوری سوریا پاشگەز بکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە سێرگی ڤێرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، تورکیا دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاسایی بکاتەوە و سوریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تورکیا بە پێویستی دەبینێت لەگەڵی کۆبێتەوە. بەڵام روسیا لەگەڵ ئەوەدایە کە پێویستە ئەو پەیوەندیانە لەسەر پاراستنی سەروەری هەردوو وڵات بێت.
هاوڵاتی لەشی مرڤ تەنها لەخانەکانی پێکنەهاتووە، بەڵکوو لە مایکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەشی پێکهاتووە بەجۆرێک نزیکەی ٢کگم کێشی لەش پێکدەهێنن لەشی مرڤ لە بلیۆنان خانە پێکهاتووە، لەگەل ئەوەشدا تاکە پێکهێنەری لەشی مرۆڤ نین بەڵکوو چەندان وردە زیندەوەری جیاواز کە لەناو و لەسەر ڕووی لەش دەژین کە بەشێکی زۆریان لەڕیخۆڵەکاندا دەژین نزیکەی ٢کگم لە کێشی لەش پێک دەهێنن وبەشدارن لە تەندرووستی مرۆڤدا. بەپێی توێژینەوەکان وبەڵگە زانستیەکان لەسەر کاریگەری ئەو وردە زیندەوارانە دەرکەوتووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بە هەوکردنەکانی پەیوەست بە ڕیخۆڵە، سیستەمی بەرگری، توانای هەرسکردن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە نوێترین تویژینەوەکاندا باس لە کاریگەری ئەو وردە زیندەوەرانەی ناو ڕیخۆڵەکان دەکرێت لەسەر توانای مەعریفی و مێشک، زانین و توانای مێشک بۆ مامەمەڵەکردن لەگەڵ سترێس و خەمۆکی. جۆن کرایان پڕۆفیسۆر لە زانستی ئەناتۆمی ودەمار لە زانکۆی کۆلێژی کۆرک کە پسپۆڕە لە پەیوەندی نێوان مێشک و ڕیخۆڵە، لەیەکێک لە تاقیکردنەوەکانیدا دەریخست کە لەسەر مشک ئەنجامی دابوو ئەو مشکانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەمۆکی و سترێسدان ڕێژەی وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لەمەشەوە هانی دا کەبەدواداچوونی زیاتر بۆ پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە ومێشک بکات. کرایان لەبارەی گرنگی وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەوە باس لەوە دەکات کە ئەگەر خۆراکێکی تەندرووست بخۆیت ئەوا ڕێژەیەکی تەواو وتەندرووست لە وردەزیندەوەرەکانی ناو ڕیخۆڵەت دەبێت وبەتەندرووستی دەمێننەوە، هەربەوهۆیەوەش کە وردە زیندەوەرە سودبەخشەکان کاریگەریان لەسەر تەندرووستی مێشک هەیە ئەوا یارمەتی گەشەی ئاسایی مێشک دەدات وبەپێچەوانەوە کێشە لە وردە زیندەوەرەکانتدا دەبێتە هۆی کێشە لە ڕەفتار و زانین وسیستەمی بەرگریشدا. هەر لەمبارەیەوە لە توێژینەوەیەکی ژاپۆنیدا کە لەسەر کاریگەری وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە لەسەر توانای زیرەکی مرۆڤ و مێشک ئەنجام درا، ئەوەی پشت ڕاست دەکردەوە کە ئەو مشکانەی بەبێ بوونی وردە زیندەوەرەکان گەورەدەبن وەڵامدانەوەیان زیدەڕەوی تێدابووە بۆ فشار و سترێس بەبەراورد بەومشکانەی کە ڕێژەی تەواو لە وردە زیندەوەرەکانیان هەبووە. توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکە تەندرووستەکانیش ئەنجام دا وبەکتریای ناسراو بە " لاکتۆبەسیڵەس" بۆ ڕیخۆڵەی مشکە تەندرووستەکان دانا، بەمەش دەرکەوت کە ڕادەی سترێس و دڵيراوکێ تێیاندا کەمتر بووەتەوە. توێژەر وپسپۆڕانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن ڕەنگە بکرێت لەڕێگەی باشترکردنی خۆراکەکانمەوە وردەزیندەوەرەکان تەندرووست بهێڵینەوە وایان لێبکەین تواناکانی مێشکمان باشتر بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کەهیشتا زووە بۆباسکردن لەوەی کە هەوڵ بدرێت لەڕێگەی گۆڕانکاریکردن وزیادکردنی وردەزنیدەوەرەکانی ڕێخۆڵە توانای زیرەکی مرۆڤ بەرزبکرێتەوە، بەڵام تاقیکردنەکان بەردەوامن وبەڵگەکانیش بەهێزن وبوارەکەش زۆربەخێرایی پەرەدەسەنێت.
هاوڵاتی کەشتی ئاسمانی ڕەشید کە لایەن سەنتەری بۆشایی ئاسمانی دوبەی بن موحەمەد ڕەشید " ئێم بی ئاڕ ئێس سی " درووستکراوە وکۆمپانیای نیشتنەوەی ژاپۆنی ئەندازیاری "هاکیوتۆ- ئاڕ" بۆ گەڕان بەدوای مانگ درووستکراوە دەگەینرێت، لەجۆری موشەکی سپەیس ئێکس فاڵکۆن لە ١١ی کانونی یەکەم بەرەو بۆشای ئاسمان هەڵدرا. گەشتی کەشتیە ئاسمانیە ڕەشید وزەیەکی کەمی دەوێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بگاتە سەرمانگ، کاتێک دەگاتە ئەوێ یەک ڕۆژی مانگ لەوێ بەسەردەبات واتە ( ١٤.٧٥ ڕۆژی سەر زەوی) و ئەرکە سەرەکیەکەی جی بەجێ دەکات. وابڕیارە وڵاتی کەنداو چەند دانە لە ڕۆڤەر و ئۆربیتەر ڕەوانەی سەر مانگ بکات، لەگەڵ ڕۆڤەری دووەمیش بڕیارە لە زووترین کاتدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بینیشینێتەوە.. کەشتی ئاسمانی ڕەشیدی چوار ویل کە کێشەکەی ١٠کگم لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمپنایای" ئێم بی ئاڕ ئیش سی" درووستکراوە وبەتەواوی لەلایەن تیمێکی ئیماراتیەوە دیزاین کراوە؛ حەمەد ئەلمەرزووقی بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی نوێنەرایەتی مانگی ئیمارات لە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، تیمەکە کاری زۆر باشیان کردووە لە درووستکردن ودیزاینکردنی کەشتیەکە. ئەم کەشتیە ئیماراتیە یەکەم کەشتی ئاسمانیە کە لایەن وڵاتیکی عەربیەوە دروستکرابێت، هاوکات بە ماوەیەکی کەم دێت لەدواین ئەرکی ئارتەمیسی یەکی ناسا بۆ گەڕان ولێکۆڵینەوە لە مانگ. کۆمپانیای جیبەجێکاری ئیماراتی ئاسمانی ئەم هەوڵە وەک هەنگاویک بۆ کارە گەورەکانی داهاتووی لەسەر مەریخ سەیر دەکات، حەمەد ئەلمەرزوقی بەڕێبوبەری گشتی کۆمپانیاکە هیواداریشە تا ساڵی ٢١١٧ یەکەم نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ ئەنجام بدەن.
