هاوڵاتی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ 12 پۆست لە زانکۆى پۆلیتەکینکى دهۆک دەکەنەوە و بۆ پۆستەکانیش مەرجە خوازیاران هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا یان ماستەر بن. دەقی راگەیەنراوەکە: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارەیەک پۆست لە زانکۆى پۆلیتەکینکى دهۆک بۆ جارى دووەم ڕادەگەێنێت. پۆستەکان: هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن قوتابیان هاریکارێ سەرۆکی زانکۆیێ بۆ کاروبارێن زانستی و خواندنا بلند هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن کارگێڕى و دارایى راگرێ کولیژا تەکنیکی ئەندازیارى راگرێ کولیژا تەکنیکی کارگێڕى دهۆک راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی دهۆک راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شێخان راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی ئامێدی راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی زاخۆ راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شەنگال راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی کارگێڕى دهۆک بەڕیوەبەری گشتى سەنتەری توێژینەوە مەرجەکان بۆ پۆستى هاریکارێ سەرۆک زانکۆ و ڕاگرێ کۆلێژ و بەڕێوەبەرى گشتى سێنتەرى توێژینەوە: 1. هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت . 2. ناونیشانى زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت. 3. خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت. مەرجەکان بۆ پۆستى ڕاگرێ پەیمانگەها: 1. بڕوانامەکەى لە ماستەر کەمتر نەبێت. 2. ناونیشانى زانستى لە مامۆستا کەمتر نەبێت. 3. خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت. تێبینیەکان: • ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات، باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکە وەردەگرێت. • زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت. • پێشکەشکار پێویستە: (سى ڤى) ، (پوختەى ڕاژە) ، (یەکەمین فەرمانى زانکۆیی بەدەستهێنانى نازناوى زانستى) ، (لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستیە بڵاوکراوەکان) ، (وێنەیەک لە کارتى نیشتمانى یاخود ڕەگەزنامە) پێشکەش بکات. • دوا کات بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکە رۆژى شەمە ڕێکەوتى (2022/12/24) لە ڕێگەى ئەم بەستەرەى خوارەوە (https://forms.gle/XepNFZ11bWLusrpx7) دەبێت. • پێشکەشکار پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆ پەسند کرابێت.
89 رۆژ بەسەر کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر و لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی تێدەپەڕێت، ناڕەزایەتییەکانیش لە ئاستی ناوخۆی نێودەوڵەتی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە. ئەمڕۆ لە شاری سنە گەنجێک وەک دەبڕینی ناڕەزایەتی بۆیاخی سوری بە نیشانەی رژانی خوێنی خەڵک و خۆپیشاندەران کرد بە پەیکەری هێمای ئازادیی لە مەیدانی ئێقباڵ لەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیر کرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ سۆنیا شەریفی کچە خوێندکارێکی شاری ئاودانان لە ئیلام کە تەمەنی 17 ساڵە لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی خودا دراوەتە پاڵی و سزای سێدارە ئەو کچە کوردە دەگرێتەوە کە زیاتر لە دو مانگە دەستبەسەرە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداراییان دابو کە کەسوکاری فەرهاد و فەرزاد ئاگادارکراونەتەوە کە سزای سێدارەکەیان جێبەجێ دەکرێت بەڵام لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی و هۆشداریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سزاکانی سێدارەی ئەو دو برایە و چەند گەنجێکی دیکە راگیراوە. سەرۆکی داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند؛ سزای سێدارە بۆ فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە شاری شنو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و راشیگەیاندوە هیچ سزایەکی سێدارە بۆ گەنجانی شاری شنۆ نەبڕاوەتەوە، لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە هاوکات لە فەرزاد و فەرهاد کە بران سزای سێدارە بەسەر چوار گەنجی دیکەی ئەو شارەدا سەپێنرا و کەسوکار و پارێزەرانی ئەو گەنجانەش هەواڵەکەیان پشتڕاست کردبوەوە. حەسن عەبدۆلیانپور سەرۆکی ناوندی پارێزەرانی دەزگای داد لە ئێران رایگەیاند؛ بەکارهێنانی هەر جۆرە چەک و چەقۆیەک بە مەبەستی ترساندنی هێزی ئەمنی و خەڵک بە تاوانی موحاربە یان (دژایەتی خودا) لەقەڵەم دەدرێت. لێدوانی سەرۆکی پارێزەرانی دەزگای دادی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستا دو خۆپیشاندەری گەنج لە تاران و مەشهەد بە پێی ئەو یاسایە لەسێدارە دراون و لانیکەم 50 خۆپیشاندەری دیکەش هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسایە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. سزای سێدارەی خۆپیشاندەرێک هەڵوەشایەوە و عەباس موسەوی پارێزەری ماهان سەدرات کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابو ئاشکرای کرد ئەو سزایە دوای راگرتنی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دواجار بە پێداچونەوەی دادوەرەکان سزای سێدارە بە تەواوی هەڵوەشایەوە. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان (International Federation of Journalists) ئاشکرای کرد لە ماوەی نزیکەی سێ مانگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لانیکەم 58 رۆژنامەنوس بە بیانوی روماڵی ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون و تەنها 30 لەو رۆژنامەنوسانە بە دانانی بارمتە و بە شێویەکی کاتی ئازاد کراون. رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا محەمەد پورنەجەف، ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کانبێرا-ی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ شەشەم جار لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بانگهێشت کرد. لیندا تۆماس گرینفێڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و خەڵکی ناڕازیی لەو وڵاتە بونی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوەیەکگرتوەکان پەڵەیەکی ڕەشە. دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد نوێنەرایەتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دور بخرێتەوە شەوی چوارشەممە ئەو کۆمیسیۆنە لە کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبونی نوێنەری 45 وڵات دەرکردنی نوێنەری ئێرانی خستە دەنگدانەوە و 29 وڵاتیش دەنگیان بە دەرکردنی دا. وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا بڵاوی کردوەتەوە هۆشداریی دراوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسێدارەدان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و نیگەرانیی قوڵی وڵاتەکەمان گەیاندوەتە بەرپرسانی تاران.
کاتی پیری ریپۆرتەری پێشووی تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، ئەردۆغان زۆر ترساوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا شکست بهێنێت بۆیە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات. لەلایەکی دیکەوە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە شەش ساڵە لە زینداندایە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ هەیە، تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا، کودەتایە. کاتی پیری تویتێکی لەبارەی سەپاندنی سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کە سەر بە جەهەپەیە بڵاوکردەوە. کاتی پیری لە تویتەکەیدا دەڵێت، لە کاتێکدا کە پێویست بوو، بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە جێبەجێ بکرێت، بەڵام سزای زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵدا دەسەپێندرێت. پیری ئاماژەی بەوەکردووە، دیارە ئەردۆغان زۆر دەترسێت کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا شکست بهێنێت، بۆیەش سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە توێتێکدا رایگەیاند، بڕیاری دادگا لەبەرامبەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کودەتایە کە لەدژی ئیرادەی گەل کراوە. ئەمڕۆ دادگای ئەستەنبوڵ سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. دادگا بەگوێرەی مادەی ٥٣ی دەستوری تورکیا، ئیمامئۆغلۆی بە سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆمەتبار کرد. ئەگەری هەیە قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات بەسەر ئیمامئۆغلۆدا بسەپێندرێت. تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە کە کەی ئیمامئۆغلۆ دەستگیر دەکرێت و دەتوانێت لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگای ئەستەنبوڵ بدات.
ئێران بە کۆی دەنگ لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەردەکرێت و ئەمریکا و ئەوروپا بە پێشەنگی ئەو هەنگاوە ئەژمار دەکرێن. دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد نوێنەرایەتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دور بخرێتەوە شەوی چوارشەممە ئەو کۆمیسیۆنە لە کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبونی نوێنەری 45 وڵات دەرکردنی نوێنەری ئێرانی خستە دەنگدانەوە و 29 وڵاتیش دەنگیان بە دەرکردنی دا. لە کۆی 45 دەنگ، نوێنەری 29 وڵات بە دەنگی بەڵی بڕیاری دەرکردنی ئێرانیان لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان پەسند کرد و نوێنەری هەشت وڵاتیش دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و نوێنەری 16 وڵاتیش بێلایەنیی خۆیان لە بڕیارەکە دەربڕی. هەر یەکە لە نوێنەرانی سوریا و روسیا و ڤەنزوێلا و بیلاڕوس دژی بڕیارەکە لێدوانیان دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ مانەوەی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕبڕی بەڵام بە پێی یاساکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیاری دەرکردنی ئێران پەسند کرا. دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی ئێران دژی ژن دەیکات نابێت لە کۆمیسیۆنی تایبەت بە ژنانی جیهان لە نەتەوەیەکگرتوەکان بمێنێتەوە و داوای کرد کار بکرێت بۆ دورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە کۆمیسیۆنەکە. لیندا تۆماس گرینفێڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و خەڵکی ناڕازیی لەو وڵاتە بونی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوەیەکگرتوەکان پەڵەیەکی ڕەشە.
داداگای ئەستەنبوڵ سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ سەپاند کە لەسەر لیستی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) هەڵبژێردراوە. ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. حکومەتی هاوپەیمانی ئاکەپە / مەهەپە تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵ ئیمامئۆغلۆ کە سووکایەتی بە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە. دادگای تورکیا بەپێی مادەی ٥٣ی دەستوور، سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. دادگا کاتی دەستگیرکردن و جێبەجێکردنی سزاکەی ئاشکرا نەکرد. ئیمامئۆغلۆ دەتوانێت لە داداگی تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگا بدات. دوای بڕیاری دادگا، بە هەزاران لایەنگری جەهەپە لەبەردەم گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و پشتگیری خۆیان بۆ ئیمامئۆغلۆ دەربڕی و رایانگەیاند، بڕیاری دادگا سیاسیە و قبوڵ ناکرێت. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ دوای بڕیاری دادگا بە کورتی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لەلایەن گەلەوە پێی دراوە و کەس ناتوانێت بە ئاسانی زەوتی بکات و وتی، " بە پشتگیری خوا تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین." لەلایەکی دیکەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ پەیامێکی فیدیۆیی لە تویتەرەکەیدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆشکەکەی تورکیا (کۆشکی ئەردۆغان) ناوەندی کودەتایە و دژی یاسایە. لە ئێستادا لایەنگرێکی زۆری جەهەپە لەبەردەم گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە و لەدژی دەسەڵاتی ئاکەپە / مەهەپە دروشم دەڵێنەوە.
سەركۆ جەمال كێشەی وەسڵی لیژنەی «موشتەریات» واتە كڕین و فرۆشتنی ناحیەی قادركەرەم سەر بەقەزای چەمچەماڵ سەردەكێشێتە دادگا، یەكێك لەفەرمانبەرانی ناحیەكە دەڵێت بەناوی ئەوەوە وەسڵ واژۆ كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاوسەری ئەو فەرمانبەرە هەڕەشەی لێكردوە و رووداوەكەش بەناڕاست ناودەبات. پەیمان سەعدوڵا فەرمانبەر لەناحیەی قادر كەرەم بەهاوڵاتی وت:»لە 26-1-2022 ەوە ئەندام بووم لەلیژنەی كڕینی ناحیەی قادركەرەم تاوەكو 31-8-2022، بەڵام ئەو شتانەی لەناو ناحیەكە كڕدراوە هیچ كەسێك لەلیژنەكە لەسەرۆكەوە تاهەردوو ئەندامەكە كەهەریەك لە (شەیدا عەبدولكەریم سەرۆكی لیژنە، پەیمان سەعدوڵا ئەندامی لیژنە، ئاواز سەید جەبار ئەندامی لیژنە)، ئاگاداری نەبووین». وتیشی:»هەر شتێك كەكڕدراوە لەدینارێكەوە تا 10 ملیۆن دینار ئێمە ئاگاداری نەبووین و كەسێك بەناوی ئێمەوە ئیمزای كردووە لەسەر وەسڵەكان كە لەناحیەكە دەوام دەكات، دوای سكاڵاكەش ئەو وەسڵانە هیچیان لەناو فەرمانگە نەماون». بەوتەی ئەو فەرمانبەرە «لەكاتێكدا لیژنەی كڕین نابێت لەسێ بۆ شەش مانگ زیاتر ئەندامەكانی بمێننەوە، بەڵام لەلیژنەكەدا ناوی خێزانی لێپرسراوی كارگێڕی ناحیەی بەردەوام تێدایە». هاوكات عەدنان ساڵەیی، هاوسەری فەرمانبەرەكەی ناحیەی قادركەرەم، كە ئەویش سكاڵای لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم تۆماركردووە، بەهاولڵاتی وت:»هاوسەرەكەم لەناحیەی قادركەرەم دەوام دەكات، بەناوی ئەوەوە واژۆ كراوەو شت كڕدراوەو نەیزانیوە چییان كڕیوە». وتیشی:»كاتێك بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەممان ئاگاداركردەوە وتی ئاگادارنیم، بەڵام ئێمە وتمان سكاڵا تۆماردەكەین، ئیتر لەمە ترسان و دەستپێشخەرییان كردو بەڕێوەبەری ناحیەو ژمارەیەك كارمەندی ناحیەو قایمقامیەتی چەمچەماڵ سكاڵایان لەسەر تۆماركردم و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرام». ئەو هاووڵاتییە دەڵێت:» كەچوومە لای دادوەر وتیان تۆ بوویت بەمافیاو رۆژی 31-9-2022 هەڕەشەت كردووە، بەڵام ئەو رۆژە من لەوكاتەدا لەستۆدیۆی كەناڵێك لەبەرنامەدا بووم، دواتر كە بەڵگەكانم خستەڕوو بەكەفالەت ئازادكرام، لەدوای سێ مانگ و هەشت رۆژ لەچەمچەماڵ دۆسیەكەمان گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، دوای پەیوەندیكردن بەدادگای پیرەمەگرون وتەیان لێوەرگرتین». بەڵام سدیق محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» من سكاڵام لەسەر ئەو تۆماركردووە، مەسەلەی وەسڵەكانیش كەدەوترێت بەناوی ئەوەوە واژۆكراوە راست نییەو خۆی ئاگادارە، گواستنەوەی دۆسیەكەش لەچەمچەماڵەوە بۆ پیرەمەگرون لەسەر داوای ئێمە بووە، چونكە خێزانم حاكمە لەدادگای چەمچەماڵ تا وابیرنەكرێتەوە كە لایەنگری تێدا دەبێت هاوسەرەكەی و ئەو فەرمانبەرەش سكاڵای تۆماركردووەو دادگا دۆسیەكە یەكلایی دەكاتەوە». وتیشی:»كەیسەكە یەكەمجار گواسترایەوە بۆ سلێمانی و لەوێش گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، لەبەر ئەوەی سكاڵام لەسەر تۆماركردووە، ئەویش چووە سكاڵای تۆماركردووە، لەكاتی دەوامی فەرمیدا لەناو ناحیەكە هەڕەشەی كردووەو وتوویەتی بۆ دەوامی خێزانەكەم زیادكراوە». سدیق محەمەد دەڵێت:»سێ كەس ئەو رۆژە كارێكیان هەبوو لەناحیەكەو دواتر نێردران بۆ ئاسایش، بەڵام كە هاتنەوە بۆ ناحیەكە دەوام كاتێكی كەمی مابوو خێزانەكەی پێی وتووە نایەڵن بڕۆمەوە لەكاتێكدا دەبوو كاروباری ئەو سێ كەسە رایی بكات، ئەویش هاتووە هەڕەشەی كردووە لەناو ناحیەكە جگە لەوەش چەند جارێك بەئۆتۆمبێل دەوام كەوتووەو هەڕەشەی كردووە». «مەسەلەی وەسڵەكان ئەو كارمەندە خۆشی ئاگادارەو خۆی بەو كەسەی وتووە واژۆی بكە، هیچ گەندەڵییەكی تێدا نییە، چونكە نەسریەی ناحیەكە لە 500 هەزار كەمترەو هی ئەوە نیە گەندەڵی تێدا بكرێت، جگە لەوەی وەسڵەكان دەچێتەوە قایمقامیەت، ئێستاش خێزانی لەناحیەكە دەوام دەكات، بەڵام لەلیژنەی كڕین نەماوە، چونكە دەوام كەم دەكات». بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم وادەڵێت. لەبەرامبەر وتەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، عەدنان ساڵەیی دەڵێت:»یەكەمجار لەچەمچەماڵ بەهۆی ئەوەی خێزانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەدادگای چەمچەماڵا دەوام دەكات سكاڵایان لێوەرنەگرتم، بۆیە كاتێك بانگ كرام بۆ دادگای پیرەمەگرون سكاڵام تۆماركرد». وتیشی:»ئەوەی كەدەڵێت خێزانم دەوامی نەكردووە، راست نییەو تەنانەت دەوامی زیادیشی پێكراوە، تەنانەت چەند جارێكیش پاسی دەوام جێیهێشتووە بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری ناحیە خێزانەكەمی زیاتر لەدەوام هێشتووەتەوە».
هاوڵاتی دوابەدوای هێرشەکەی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر هۆتێلێک لە ناوەڕاستی کابوڵدا کە خاوەندارێتی هۆتێلەکە چینییە، چین داوای لە هاوڵاتیانی کرد لە ئەفغانستان " بە زووترین کات " ئەو وڵاتە جێبهێڵن. وانگ وێنبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی سێشەممە داوای لەو هاوڵاتییەکانی کرد بەزوترین کات ئەفغانستان بەجێبهێڵن، هەروەها داوای " لێکۆڵینەوەیەکی چڕی کردوو " و داوای لە حکومەتەکەی تاڵیبان کرد " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بەهێز بگرنەبەر بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی هاوڵاتیان و دامەزراوە و پڕۆژەکانی چین لە ئەفغانستاندا." وانگ وتیشی باڵیۆزخانەی چین لە کابوڵ تیمێکی خۆی ڕەوانەی شوێنەکە کردووە تاوەکو یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی پێداویستی و ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی قوربانییانی هێرشەکە. هاوکات ڕێکخراوی داعش، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر هۆتێلی لۆنگانی کابوڵی ڕاگەیاند، کە تیایدا سێ هێرشبەر کوژران و لانیکەم دوو میوانی هۆتێلەکە بریندار بوون لە کاتێکدا کە هەوڵیاندەوە لە پەنجەرەکەوە خۆیان هەڵبدەن تاوەکو هەڵبێن. جێگەیباسە،ئاگادارییەکەی چین وادەردەکەوێت شکستێک بێت بۆ تاڵیبانی ئەفغانستان کە هەوڵی وەبەرهێنانی بیانی دەدەن لە وڵاتەکەدا بە هیوای ئەوەی ئابووری ئەفغانستان لە لەناوچوون ڕزگار بکەن.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دونگنێسی بەریتانیا ژێر ئاو کەوت و جگە لە رزگارکردنی 43 کۆچبەر، تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەشیان بێسەروشوێنن. گوتیشی، هێشتا ناسنامەی کۆچبەرەکان نەزانراوە. بەگوتەی ئاری جەلال، بەلەمەکە، بەلەمێکی ماسیگرتن بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە و، لە ئاوەکانی بەریتانیا نقوومبووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 43 سەرنشینی بەلەمەکە رزگارکراون و تەرمی سێ کۆچبەریش دۆزراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێنن. ئاری جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەڵمەتی گەورەی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی دیکە لە ئاوەکانی نێوان کێنت و فەرەنسا دەستیپێکردووە. هاوکات، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کۆچبەر دوای نوقمبوونی بەلەمێکی بچووک لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گیانیان لەدەستدا. هەروەها، بە گوێرهی راپۆرتەکان، بەلەمەکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری کێنت ژێرئاو کەوتووە. حکومەتی بەریتانیا ڕاشیگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، هێزەکانی دەریایی و پۆلیس و پاسەوانانی سنووری بەریتانیا و فەرەنسا، توانیان 43 کۆچبەر رزگاربکەن. جێگەیباسە، بۆ رێگری لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە، بڕیارە ساڵی داهاتوو ریشی سوناك سەرۆکوەزیرانی بهریتانیا، یاسایەک دهردبكات، به گوێرهی یاساكه هەر كۆچبهرێك بەشێوەیەکی نایاسایی بچێته بەریتانیا، یان دەستبەجێ رهوانهی وڵاتەکەی دهكرێتهوه، یاخود دهگوێزرێتهوه وڵاتێکی دیکە
هاوڵاتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بابەتی نەوت، بوودجە و پشکی هەرێم لە بەشەبوودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق، لەو بابەتانەن کە بۆی هاتوون. لەبارەی ناردنی پشکی هەرێم گوتی "وەزارەتی دارایی عێراق، لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٢دا، تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە". وەزیری دارایی و ئابووری، گوتیشی:''بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشەبوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبوون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بەتەواوەتی چارەسەر کرد.'' لەو سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، بابەتی نەوتە، کە بووەتە کێشەیەکی هەڵپەسێرداوی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکانیان گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە کردووە و هەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هەیە. لەبارەی درەنجامی کۆبوونەوەکایشەوە گوتی "کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە". وەزیری دارایی و ئابووری ئەوەشی گوت:''وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کردووە و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن.دوای هەوڵەکانی شاندەکەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە پارەی دوو مانگی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.'' وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی دیکە، تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەکان بە دڵی هاووڵاتییان دەبن، هەوڵی زۆریشیان داوە بابەتی بوودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن، بەشێوەیەک کە نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی سیاسی و قۆزتنەوەی سیاسیش دژی هەرێمی کوردستان بکرێت. لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکانەوە، ئاوات شێخ جەناب کە ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمە بۆ بەغدا، گوتی: دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنین و وەکو چۆن سێ ڕۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینوویمانە.
هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر بونەتەوە و شەوی رابردو چەند گوندێکی گرێسپی و شێراوا و سنوری کۆبانێ بەچڕی تۆپباران کران. سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوەتەوە تورکیا دەستی لە هێزەکانی رژێمی سوریا نەپاراستوە و چەند بنکەیەکی سەربازانی ئەو وڵاتەی بۆردومان کردوە. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، شەوی رابردو سوپای تورکیا بەچڕی هەریەک لە گوندەکانی ئەبو سەرۆ، رێگای ئیم فۆڕ و عەین عیسای تۆپباران کردوە. ئاماژەی بەوەشکردوە هەریەک لە ناوچەکانی شێراوا، گوندی زەرێ، تەپەخانێ، خانێ و قەران لە ناوچەی عەین عیسا و تل تەمر و تل لەبەن بەچەکی قورس کراونەتە ئامانج. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەشیان خستوەتە رو کە لە هەمانکاتدا خاڵە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە گوندی کۆر عەلی کۆبانێ لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوە بەڵام لە بارەی زیانەکانەوە هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.
هاوڵاتی لە سۆماڵ بەهۆی کێشەی خۆراکەوە کە بەردەوامە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس تووشی بەدخۆراکی بوون. لەو راپۆرتەی کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی کەمیی باران بارینەوە لە ساڵی ٢٠٢٠وە کێشەی خۆراکی پەیوەست بە وشکەساڵییەوە بەردەوامە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس تووشی بەدخۆراکی بوونەتەوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە وشکەساڵی بەردەوام دەبێت و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە خراپتر دەبێت. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کاریگەریی کێشەی خۆراکی پەیوەست بە وشکەساڵی لە باشووری خۆرئاوای وڵاتەکە و مۆگادیشۆ-ی پایتەخت و چەندین ناوچەی دیکەی وڵاتەکە بەردەوام بێت. خەڵکی سۆماڵ کە بەشێوەیەکی گشتی ژیانیان بە ئاژەڵدارییەوە بەڕێدەبەن، زۆرینەیان بەهۆی وشکەساڵی و پێکدادانەکانەوە ناچار کراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
پاتریک ڕیدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دەورییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هەسەدە "بەتەواوی" دەستیپێکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە راگیرابوون. ڕیدەر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەسەدە کرد و وتی، " بەناوی هێزەکانی ئەمریکاوە دەتوانم بڵێم، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەسەدە، دژی داعش دەستی پێکردووتەوە." وتەبێژی پنتاگۆن باسی ئەوەشی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، راستەوخۆ رووبەرووی مەترسی ببوونەوە، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و لە ئێستادا هیچ مەترسیەکی دیکە لەسەر هێزەکانیان دروست نەبووە. لە وڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی، ئایا تورکیا سوورە لەسەر هێرشی زەمینی بۆسەر باکوری سوریا یان نا؟ پاتریک ڕیدەر وتی، نامەوێت لەبری تورکیا قسە بکەم، بەڵام بەناوی ئەمریکاوە دەڵێم کە لەگەڵ هەسەدە چالاکیەکانمان بە تەواوی دەست پێکردووەتەوە و دەوریەکانمان پێکەوە لە نۆی مانگەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن. بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە کە شەوی ١٩ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە ٢٣ی ئەو مانگەدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە، هەموو چالاکی و ئۆپراسیۆنێکیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان راگرتووە و خۆیان بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا ئامادە دەکەن.
هاوڵاتی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەركردنی بڕیاری راگرتنی كاتی بۆ موڵك و ماڵی تۆمەتباری هەڵاتوو بریكاری پێشووی وەزیری كارەباو ڕێگریكرن لە گەشتكردنی راگەیاند. دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: دادگای لێكۆڵینەوەی دووی كەرخ بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنی كاتیی موڵك و ماڵی تۆمەتباری هەڵاتوو جێگری پێشووی وەزارەتی كارەبا، سەبارەت بەو سكاڵایەی كە لەلایەن یەكێك لە خاوەنی كۆمپانیاكانەوە لەسەری تۆمار كراوە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار داوای (بەرتیل)ی كردووە لەبەرامبەر بەخشینی یەكێك لەو تەندەرانەی كە وەزارەتی كارەبا بەكۆمپانیاكەی ڕاگەیاندووە، ئاماژە بەوەشدەكات: كە بڕیارەكە بەپێی بڕگەكانی مادەی (121) بنەڕەتی دەركراوە. ئاشكراشیكرد: دادگاكە پێشتر لە بیست و پێنجی مانگی ئابی ڕابردوو فەرمانی دەستگیركردن و پشكنینی دژی تۆمەتبار دەركردووە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (دووەم/1) لە بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983)، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كتابی ئاراستەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخی بەغدا كرد، بەمەبەستی ئاراستەكردنی بۆ دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی، بەمەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردن دژی تۆمەتبار.
هاوڵاتی وادەردەكەوێت سەرەتای ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی (محەممەد شیاع سوودانی) سەریهەڵدابێت و ئەو هێزانەی لەژێر چەتری (هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) بەگشتی و هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت كۆكبوون لەدروستكردنی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان لەئێستادا لەناوخۆیاندا جۆرێك لەناكۆكییان بۆ درووستبووبێت. هەرچەندە لەماوەكانی پێشووتردا هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (كە لەهێزە شیعەكان و پارتی و سوننەكان) پێكدێت و درووستكەری حكومەتی عێراقن كۆبوونەوەو لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتن كەخۆی لەهەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەماوەی یەك ساڵدا دەبینێتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بكەن كە پێشووتر بانگەشەیان بۆ دەكرد. لەئێستاشدا بەپێی ئەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەهۆی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە رۆڵەكەی لاوازكراوە بۆیە وادەردەكەوێت حوكمڕانی وڵات لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (مالیكی_خەزعەلی_عامری)یەوە بكرێت و ئەوان بڕیاربەدەستی یەكەمی عێراق بن. لەنوێترین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوودانی سەرۆكوەزیراندا، وادەردەكەوێت ناكۆكییەكان دەركەوتبن و سەرەتای لێكترازانی ئەو چوارچێوە شیعەیە بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی سەرنج و تێبینیان لەسەر گۆڕانكارییەكانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دزەی پێكراوە بۆ میدیاكان ناكۆكییەكان لەوەوە سەریانهەڵداوە، سوودانی سەرۆكوەزیران دەیەوێت گۆڕانكاری لەهەندێك لەپارێزگارەكانی پارێزگاكانی عێراقدا بكات، بەتایبەت ئەوانەی دەنگۆی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانیان بەشوێنەوەیە. لەكۆتاییەكانی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرۆكوەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی پارێزگارەكان درووستبكات و جەختی لەوەكردەوە هەرچی پارێزگارێك گرفتێكی ئیداری یان گەندەڵی هەبێت لادەبرێت، هەربۆیە ژمارەیەك لەو پارێزگارانە خۆیان گەیاندە بەغداو بەتایبەتیش چوونە لای نوری مالیكی. هەرچەندە سەرۆكوەزیران بەڵێنیداوە هەر پارێزگارێك لاببات لەهەمان حزب پارێزگارە نوێیەكە دابنێت، بەڵام وادیارە گرفتەكە لەوەوە سەرچاوە بگرێت كە (نوری مالیكی) سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڕوای وایە پێویستە دابەشكارییە نوێییەكان بەپێی قەبارەی سیاسی ئێستای گرووپەكان بێت، بەڵام سوودانی سەرۆكوەزیران بڕوای وایە دەبێت بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێت كە لەساڵی 2013 ئەنجامدراوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەیە رەوتی سەدر بێبەشنەكرێت كاتێك دەیەوێت پارێزگارەكانی سەر بەڕەوتی سەدر بگۆڕێت. وەنەبێت هەر بەتەنیا ناكۆكییەكان لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە، بەڵكو مەترسی ئەوەش لەئارادایە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كە سوودانی ئەنجامی داوە كە خۆی لەگۆڕینی 1000بەرپرسی ئەمنی و سیاسی و هەواڵگری و سەربازی بینیوەتەوە هەموویان لایەنگری حكومەتەكەی مستەفا كازمی و نزیكبوون لەڕەوتی سەدر، پێكدادانی لایەنگرانی سەدرو حكومەتەكەی سوودانی لێبكەوێتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاندووە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران سوپایەك لەڕاوێژكارانی دامەزراندووە كە بەشی داگیركردنی وڵاتی چین دەكات، ئاماژەش بۆ ئەوەدەكات سەرۆكی حكومەت داوایەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای رێكخستنی راوێژكاران كە لەساڵی 2017 دەرچووە پشتگوێخستووە. نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقیش ناكۆكییان لەنێواندایەو مەترسی هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەئارادایە، هەرچەندە زۆرێك دەڵێن ناكۆكییەكان بەو جۆرە نین، بەڵام لەهەموو ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەئارادایە، بەتایبەت لەكاتێكدا مالیكی ئارەزووی ئەوەی هەیە پۆستی جێگری سەرۆككۆماری بەدەستبهێنێتەوەو خەزعەلیش دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیدا، هەروەها خەزعەلی ئەو ئەندامە جیابووانەی حزبی دەعوە دەگرێتەخۆ كە جیادەبنەوە ئەمەش مالیكی نیگەران كردووە. پێشووتریش خەزعەلی رایگەیاندبوو كە سوودانی مافی تاك بڕیاری نییەو دەبێت بۆ هەر بڕیارێك بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی. وەنەبێت ناكۆكییەكان هەر بەتەنیا پەیوەست بێت بەسەرۆك وەزیرانەوە، بەڵكو ژمارەیەك لایەنی سوننەش بیر لەگۆڕینی محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەنەوەو بیر لەوەدەكەنەوە رێگەنەدەن حەلبوسی هەژموون خۆی بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بسەپێنێت كە وابڕیارە ئۆكتۆبەری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونكە سەركەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا بەواتای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بڕیاری سوننە دێت لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بەدوور نازانرێت محەمەد حەلبوسی لەچەند مانگی داهاتوودا لەسەر كورسی سەرۆكی پەرلەمان لابدرێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەندێك لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار رەزامەندن بەلادانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سوننەكاندا. دكتۆر یەحیا كوبەیسی كەشارەزای كاروباری عێراقە دەڵێ» لادانی حەلبوسی بەتەنیا پشت بەبڕیاری (چوارچێوەی هەماهەنگیی)ی شیعەكان دەبەستێت و بڕیاری سوننە نییە، تائێستا لەناو چوارچێوەدا كۆدەنگی لەسەر لادانی نییەو هەندێك لەوڵاتانی ناوچەكە پاڵپشتی لێدەكەن.. لەناو چوارچێوەشدا مالیكی لەگەڵ دوورخستنەوەی حەلبوسیدایە، بەڵام هەندێكی تریان دژی ئەمەنو پێیانوایە حەلبوسی كەسایەتییەكە كە دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت». لەنوێترین راگەیەندراوی خۆیدا باڵیۆزخانەی ئەمەریكاش لەبەغدا لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایدەكات، پشتیوانییەكی تەواوی حكومەتی محەممەد شیاع سوودانی دەكەن لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕینی دۆخی ئێستای وڵاتدا. سەبارەت بەدۆخی پەیوەندییەكانی بەغداو هەرێمی كوردستانیش وادەردەكەوێت حكومەتەكەی سوودانی بەئاراستەی سفكردنەوەو چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمدا هەنگاوبنێت، هەر لەو چوارچێوەیەشدا جگە لەچالاككردنەوەی مادەی 140ی دەستور، لەئێستاشدا گفتوگۆگانی هەرێم و بەغدا دەستیپێكردووەتەوە. رۆژی دووشەممە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری حكومەتی فیدراڵی كۆبووەوە. لەكۆبوونەوەكەدا شاندی هەرێمی كوردستان دیدو بۆچوونی حكومەتی هەرێمیان لەبارەی پرەنسیپە گشتییەكانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، خستەڕوو و بەپێویستیان زانی دەستوورو كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق، ببێتە بنەمایەك بۆ رێكەوتن لەسەر ئەو بابەتە، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراقیش ئاماژەیان بەبنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵیان كردەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وەزارەتە هاوتاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەبڕوای چاودێرانیش لەئێستادا كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، كە لەلایەك دژایەتیكردنی گەندەڵی و پاراستنی سەربەخۆیی وڵات و بڕیاری سیاسییە، لەلایەكی تریشەوە فشاری ئەو هێزانەیە كە ئەم حكومەتەیان پێكهێناوەو دەیانەوێت پشكەكانیان زیاتر بكەن. هەر بەبڕوای ئەو چاودێرانە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تەنیا بۆ ئەوە درووستكرا كەحكومەتەكە درووستبكرێت و پۆستە باڵاكان دابەشبكات، ئەگینا لەواقیعی سیاسیدا هیچ بڕیارێكی سیاسی گەورەی بەدەست نییەو ئەوەی هەیە لەلای هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە كەبڕیاربەدەستی یەكەمی وڵاتن و هێڵە سیاسییە گشتییەكانی كابینەكەی سوودانی دیاری دەكەن و بەهەر لێكترازان و ناكۆكییەكیش لەنێو هێزەكانی ئەو چوارچێوەیەدا تەمەنی كابینەكەی سوودانیش یان كۆتایی دێت یاخود كورت دەبێت.
ناوەندی هەرانا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکەی ئێران بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس بەرزبوەوەتەوە. ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا)، ئامارێکی نوێی لەبارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکەی ئێران بڵاوکردەوە کە لە 16ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەستی پێکرد. بەگوێرەی ئاماری هەرانا، تاوەکو ئێستا ٤٩٣ کەس کوژراون و خۆپیشاندانەکانیش لە ١٦١ پارێزگا و شاروچکە بەردەوامن. هەرانا دەڵێت: لەنێو کوژراوەکاندا، ٦٨ منداڵ و نەوجەوان و ٦٢ کەس لە هێزە ئەمنیەکان هەن. هەروەها تاوەکو ئێستا ١٨ هەزار و ٤٢٤ کەس دەستگیرکراون کە ٦٣٢ کەسیان خوێندکارن. خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران ٨٨ رۆژە بەردەوامە و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان دەکات. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی ١٢٥ هاوڵاتی کورد کوژراون.
