هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و سبەی لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی باش لەسەرخۆ و ( 10 - 15 ) کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دەبێت. ئەوەشی خستوەتەڕو، هەروەها سبەی شەممە ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشو. بەپێی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بەرزترین پلەی گەرمی ناوچەکانی هەرێم بەم شیوەیە دەبێت: هەولێر ١٧ سلێمانی ١٦ دهۆک ١٦ کەرکوک ٢١ هەڵەبجە ١٦ زاخۆ ١٨ سۆران ١٤ گەرمیان ٢١
هاوڵاتی بڕیاره پێش نیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی (9ـی كانوونی یهكهم/ دیسهمبهری 2022)، سهرۆكی ههنگاریا، كاتالین نۆڤاك له چوارچێوهی سهردانهكهی بۆ عێراق، بگاته ههولێری پایتهخت. نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، خانمە سەرۆکەکە تاوەکو شەممە لە عێراق دەمێنێتەوە؛ بڕیارە لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون. به گوێرهی زانیارییهكان، له فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی ههولێر، نۆڤاك له لایهن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکات. کاتالین نۆڤاک کە یەکەمین خانمە پۆستی سەرۆکایەتیی هەنگاریای وەرگرتبێت، دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لە مێژوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی دەرکرد. ئەمڕۆ هەینی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بڕیارێکی بۆ کاراکردنەوەی فەرمانی دیوانی ژمارە (293) دەرکرد، کە تایبەتە بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران. هەروەها لەئێستادا لیژنەکە دوبارە کارەکانی خۆی دەستپێکردوەتەوە و کاریش دەکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی خێزانی کوژراوەکان و تێچوی چارەسەری سەرجەم بریندارەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە لەم چەند شەوەی رابردو لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەڕێوەچو و بەهۆی روبەڕوبونەوەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، سێ خۆپیشاندەر کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا رایدهگهیهنێت، لە داهاتووێكی نزیکدا سوید و فینلەند بە فەرمی دەبنە ئەندامی هاوپهیمانی ناتۆ. ئەنتۆنی بلینکن وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، لەبارەی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەوە رایگەیاند، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون بۆئەوەی واژۆ لەسەر پرۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند له ناتۆ بکەن. ههروهها گوتی: "هەرگیز پڕۆسەی ئەندامێتی وڵاتێک لە ناتۆ لەوە خێراتر نەبووە، 28 وڵات پرۆتۆکۆڵی لکاندنی ئهم دوو وڵاتهیان پەسەندکردووە و کار لەسەر سەر هەنگاریا و تورکیاش دەکەین". دهشڵێت: "پشتڕاستم لە داهاتووێكی نزیکدا دەتوانین هەر دوو وڵات وەک هاوپەیمانی فەرمی ناتۆ ناوزەد بکەین". ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆک کۆماری تورکیا دژایەتی خۆی بۆ بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ رایگهیاند، بە پاساوی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە چەند رێکخراوێكی چەکداری دەکەن.
هاوڵاتی کۆمپانیاى هێڵی ئاسمانیی عێراق رەتیکردەوە گۆشتى بەراز لەنێو ژەمە خۆراکى نێو فڕۆکەکانیدا درابێتە گەشتیاران و ئەو وێنانەى کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە لە هۆتێلێکی ئەڵمانیا بووە. رۆژی 8ى کانوونى یەکەمى 2022، کۆمپانیاى گشتیى هێڵی ئاسمانیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، گۆشتى بەراز دراوەتە گەشتیاران لەنێو گەشتە فڕۆکەوانیەکانیدا بۆ وڵاتان و بەپێچەوانەوە بەتایبەت ئەڵمانیا. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو ژەمە خواردنەى کە لە گەشتەکانى فڕۆکەوانى کۆمپانیاکەدا بە چوون و گەڕانەوەشەوە دەدرێتە گەشتیارانى، بەڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکان کە دەبێت هاوتاى ئەو تایبەتمەندییانە بن کە کۆمپانپاکە پشتى پێ دەبەستێت کە تێیدا رەچاوى شەریعەتى ئیسلام دەکرێت. کۆمپانیاى گشتیى هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەوەی ڕونکردەوە کە، یەکێک لە گەشتەکانیان بەهۆى خراپى کەشوهەوا دواکەتووە کە بڕیار بووە رەوەندى عێراقى بگوێزێتەوە، بۆیە نووسینگەکە لەسەر بودجەى خۆى ناچار بووە کە گەشتیاران بباتە هۆتێلێک،ئیدارەى هۆتێلەکە بەبۆنەی نزیکبوونەوەى بۆنەکانى سەرى ساڵى نوێ، ژەمە خۆراک و دیارى پێشکێش بە سەرجەم ئەو کەسانە کردووە کە لە هۆتێلەکە بوون بە گەشتیارە عێراقییەکانیشەوە و ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە لەو هۆتێلە بووە و پەیوەندى بە کۆمپانیاکەیانەوە نەبووە". ئەو وێنانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە کە گوایە ژەمە خۆراک بوون و دراونەتە گەشیاران لۆگۆى کۆمپانیاکەیانى پێوە نییە کە لەسەر سەرجەم ژەمە خۆراکەکاندا هەیە.
نیگار عومەر زبڵ و خۆڵ و خاشاك پارێزگای كەركوكی تەنیوەو گەر بەڕێبواریش بەسەر شەقامەكانی ئەو پارێزگا پڕ لەنەوتەدا تێپەڕیت دیمەنێكی زۆری زبڵ و خۆڵ و خاشاكی ماڵان بەدیدەكرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك دەڵێت: پێش ساڵی 2020 مانگانە بڕی ملیارێك و دووسەد ملیۆن دینار تەرخاندەكرا بۆ پاكکردنەوەی ناوشار، بەڵام دواتر وەزیری دارایی عێراق بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 200 ملیۆن دینارو چارەسەرنەكردنی ئەم گرفتەش زیاتر هۆكارێكی سیاسییە، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێك دەڵێت: ئەو پارەیەی بۆ شارەوانی دانراوە بەشی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان دەكات، بۆ ئەم كێشەیەش هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهە. كۆنەكردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاكی كەركوك سیمایەكی ناشرینی بەپارێزگاكە بەخشیوەو ژینگەپارێزان دەڵێن ئەم گرفتە مەترسییەكی زۆر بۆ ژینگەی كەركوك دروستكردووەو بەرپرسانی شارەكە خۆیان بەبەرپرسیار نازانن بەرامبەر ئەم مەترسیەو كەتەرخەمن. عەلی عەبدولڕەحمان، چالاكوانی شاری كەركوك بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «شارەوانی رۆژانە نایەت زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆبكاتەوە، ئەمەش وادەكات زیاتر كۆببێتەوەو وەكو بەستەڵەكی لێبێت و ئەوكاتە دێن كۆیدەكەنەوە، ماڵانیش ناچار دەبن هەمووی لەسەر شەقامە گشتییەكان فرێبدەن و تاتیمەكانی شارەوانی بێن و بیبەن، تیمەكانی شارەوانیش بەهیچ شێوەیەك نایەن ماڵ بەماڵ كۆی بكەنەوە بەڵكو هەمووی لەیەك شوێن كۆدەبێتەوە، ئەم كێشەیە بەزۆری لەگەڕەكە كوردیەكاندا دەبینرێت». وتیشی:» زۆرجار ئەو كارمەندانەی كەدێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك پارە لەماڵان وەردەگرن و یەك بەیەك لەدەرگاكان دەدەن بۆ پارە، هەموو ئەمانە دەلالەتن لەوەی كە بەرپرسانی ئەم شارە بێ دەربەستن و خەمخۆری ئەم شارە نین بۆیە حاڵی بەم شێوەیە گەیشتووە». ئەدهەم ئەحمەد چالاكی بواری ژینگە باس لەمەترسیەكانی پیسبوونی شارەكەیان بۆ هاوڵاتی كردو وتی:» ئێمە وەك رێكخراوێكی بواری ژینگە بەرپرسانی شار بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر پیسبوونی ژینگەی شارەكە، چونكە لەكاتی كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاكی ماڵاندا لەكاتی بارانباریندا ئەو ماددە خراپانەی كەتێیدایە تێكەڵ بەخاك و ئاوی شارەكە دەبێت و هۆكارێكە بۆ ژەهراوی بوونی ئاوی شارەكە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و میكرۆب بەهۆی هەواوە كەدەگوێزرێتەوەو چەندین زیانی دیكەی هەیە، كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كەپاشماوە و خاشاك و زبڵی زۆری تێدا فڕێدەدرێت، لە زۆربەی كۆڵانەكان زبڵ بۆگەنی كردووەو تەنها حكومەتیش بەرپرسیارە لەم گرفتە». «لەگەڵ پیسبوونی ژینگەدا كاریگەری دوولایەن دەردەكەوێت بەچاو دەبیرێت كاتێك بەناو گەڕەكەكانی شاری كەركوكدا دەڕۆی دەبینیت رۆژانە چ كارەساتێكی بەسەردا دێت، ئەمە جگە لەوەی سیمای شار زۆر ناشیرین كردووەو كۆڵانەكان شێوەی پاشماوەكانی گرتوە، پێویستە لەسەر تاكی كەركوك خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەپیسبونی شارەكەیان، هەروەها حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان دەبێت بەسمینارو رێنمایی و بەرنامەو كاری هاوبەش لەگەڵ خەڵكداو هاندانی خەڵك بۆ ئەنجامدانی كاری ژینگەپارێزی كەپەیوەندی بەڕەوشتی كۆمەڵگاوە هەیە كار بۆ پاكڕاگرتنی شار بكەین»، ئەدهەم ئەحمەت وای وت. هاوكات ئەحمەد رەسول هاووڵاتیەكی شاری كەركوكە بۆ هاوڵاتی وتی:» هەندێ كات شارەوانی مانگێك جارێك دێن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان لەدەرگاكەت دەدەن گەر نەیكەیتەوەو پارەیان پێنەدەیت بۆت فڕێنادەن، لەهەموو شەقام و كۆڵانەكانی كەركوكدا تێپەڕیت ئەم دیمەنە دەبینیت و هاوینان بۆنی ناخۆشی پاشماوەی ماڵان ژیانی لێ هەراسان كردووین «. وتیشی: «بۆ نموونە رێگای دەرەوەی كەركوك كەڕێگای خارجی پێدەوترێت بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی زبڵ و دەروازەی شارەكەی تەنیوە، زۆربەی ماڵان خۆیان پارە دەدەن بۆ كۆكردنەوەی، ئێمە دەپرسین ئەی شارەوانی ئیشی چیە، ئیتر ئەمە گرفتە تەنها بێباكی لایەنی بەرپرسە بەرامبەر ئەم شارە كەشارێكی بێ ساحێبە«. سەبارەت بە كۆنەكردنەوەی خۆڵوخاشاكی شارەكە، فەرەیدون زەنگەنە سەرۆكی شارەوانی كەركوك بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەساڵی 2020ەوە ئاستی پاكکردنەوەو كۆكردنەوەی پاشماوەی ماڵان بەرەو خراپبوون رۆیشتوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەپێشوتردا بۆ یەك مانگ ملیارێك و دووسەد ملیۆن تەرخانكراوە بۆ پاكکردنەوەی ناو شاری كەركوك، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە بڕی ئەو بودجەیە زۆر كەمكرایەوە بۆ دووسەد ملیۆن، كە لەلایەن وەزیری دارای عێراقەوە كەمكرایەوە ئەمەش بووە گرفت بۆ شارەكەمان كە ناتوانین وەك پێویست خۆڵوخاشاكی ماڵان كۆبكەینەوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بەهۆی كەمی بودجەو ئالیاتەوە ناتوانین فریای ئەم شارە بكەوین و جیاوازیمان نەكردوە لەگەڵ گەرەكی نەتەوە جیاوازەكاندا كەباس لەوە دەكرێت كوردنشینەكان پشتگوێخراون، بەڵام ئەو گەڕەكانەی كە تەجاوزن كەمتر دەتوانین تیمەكانی پاكکردنەوە ئەو شوێنانە پاكبكەوەو زۆرێك لەگەڕەكە كوردیەكان دەكەونە دەوروبەری كەركوكەوە یان تەجاوزەكانن بۆیە وەك پێویست تیمەكان فریایان ناكەون». وتیشی،» فرێدانی خۆڵوخاشاك لەلایەن هاووڵاتیانەوە رۆژانە بەهەزار بۆ هەزارو 200 تۆن مەزەندە دەكرێت، بەو بودجەیەی بۆمان تەرخانكراوە ناتوانین هەمووی كۆبكەینەوە، بۆیە زبڵ و خاشاك كۆدەبێتەوە هەندێ كات مەمنونین هەفتەیەك جارێك زبڵی ماڵان یان هی گەڕەكێك بكۆبكەینەوە». سەرۆكی شارەوانی كەركوك دەڵێت:»بەهۆی ئەم بابەتەشەوە ماڵان خۆیان ناچاردەبن ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بگرن و پارە بدەن بۆ ئەوەی پاشماوەی ماڵان كۆبكاتەوە، گەر ئێمە وەك پێویست هاوكار نەبین خەڵكیش ناچارە ئەمە بكات و جگەلەمەش هەر كارمەندێكی كۆمپانیای پاككەرەوە پارەی دیكە وەربگرێت هاووڵاتیان دەتوانن ئێمە ئاگاداربكەوە و ئیجرائات دەكەین لەگەڵ ئەو كارمەندەو بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش دەیان جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارم كردووە بەڵام هەر وەكوخۆی ماوەتەوە هۆكارەكەشی سیاسیە». بەڵام ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لەسنوری پارێزگای كەركوك بەهاوڵاتی وت:» ئەو بڕە پارەیەی كەدابینكراوە بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان بەشی هەموو كەركوك دەكات و بەڵام شارەوانی هەموو ئامێرەكانی ناخاتەكار بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر گەڕەكە كوردییەكانی وەك پەنجا عەلی، شۆراو، دەروازە، فەیلەق، كوردستان فەرامۆش كراون». وتیشی،» شارەوانی ئامێرەكانی خستۆتەكار بەجیا زبڵ و خاشاكی ماڵان كۆدەكەنەو لەبەرامبەردا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرن و گەر ماڵان پارە نەدەن بۆیان فرێنادەن، بۆیە خەڵك ناچارە فڕێی بدات لەسەر شەقامەكان، سەرباری ئەوەش كۆمپانیاكان كە لەنزیكی شار زبڵەكە فڕێدەدەن و ئاگری تێبەر دەدەن ئەمەش جارێكی تر كێشەی ژینگەی بۆ شار دروستكردووە «. روونیشیكردەوە: «بۆ ئەم كێشەیە هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسەمان كردووە و كارمان بۆ كردووەو پێمانوایە لایەنی پەیوەندیدار سستە لەبەدواداچوون بۆ ئەم گرفتانە».
سەرکردەیەکی بزوتنەوەی سەوز سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ پەتی سێدارە ناتوانێت دەنگە نارازییەکان کپ و سەرکوت بکات. میرحسێن موسەوی یەکێک لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی سەوز لە ئێران بە پەیامێک ناڕەزایەتیی خۆی بۆ لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و گەنجانی ناڕازیی دەربڕی و رایگەیاند؛ ئەو شێوازە لە بەڕێوبردن و دەسەڵاتداریی ئێستا بۆ کوشتن و وێرانکاریی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی نیشتیمانیی وڵاتەکە و لە بەرامبەریشدا خەڵکی ناڕازیی بە یەکڕیزیی دژی دەوەستنەوە و بەرگریی لە خۆیان دەکەن. پەیامەکەی موسەوی لە پێگەی (کەلیمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا هاتوە" نە چەک و نە سێدارە بزوتنەوەی خەڵک بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆیان راناگرێت، شۆڕشی ساڵی 1978 لە ئێران بە مەبستی چۆڵکردنی زیندانەکان بو نە وەک بۆ پڕکردنیان و سوتاندنیان. ئەو وتوشیەتی: شۆڕشی رابردوی ئێران بۆ ئەوەبو خەڵک خۆیان بڕیار لە چارەنوسی دەسەڵات و حوکمڕانییەکەیان بدەن و نەوەک شۆرش ببێتە هۆکارێک بۆ دڵنیایی دەسەڵاتی ستەمکارانی کۆمەڵێک کەسی کەم بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا. ئەمە دووەم پەیامی میرحسێن موسەوییە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە پەیامی یەکەمیدا بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان رایگەیاند؛ ئەو ئامراز و چەکانەی بەدەست هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەویەوە بۆ پارێزگاریی لە خەڵک و خۆپیشاندەرانەوە نەوەک بۆ پاسەوانیی دەسەڵاتداران و گەمژەکان. میرحسین موسەوی کە دوای شۆڕشی 1979 لە ئێران لە ساڵی 1981تا ساڵی 1989 بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوە و دەیان پۆستی هەستیاری و باڵای کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بوە بەهۆی ناڕەزایەتیی لە باڵی محافزکار و دەسەڵاتی ئێران و بە بیانوی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی سەوز و دژایەتی دەسەڵات لە وڵاتەکە بۆ ماوەی 11 ساڵە خۆی هاوژینەکەی لە ماڵەکەیان دەستبەسەرن.
83 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە سنە و ئەراک و دزفول و چەند شارێک رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ کوژاوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو و دەسەڵاتیش بە هەموشێوەیەک هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکە دەدات لە شاری سنە کەشێکی ئەمنی و سەربازیی باڵی لەسەر شارەکەدا کێشا و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک لە بازاڕای بالە (تاناکۆرا) لەو شارە. هاوکات سەرەڕای هەمو رێگرییەکان جەماوەرێکی زۆری خەڵکی شاری سنە بە رێپێوان چونە بەردەم ماڵی هومەن عەبدوڵڵاهی کە شەوی چوارشەممە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا و هێزە ئەمنییەکانیش دوای رفاندنی تەرمەکەی رێگەیان نەدا بە بەشداریی جەماوەریی بەخاک بسپێردرێت. لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەنها لە شاری سنە 17 گەنج و لاوی ئەو شارە کوژراون. هەر لەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مەرگی سارینا ساعدی، بەڕێوچو کە بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا. هاوشێوەی سنە لە شاری پیرانشار بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مەرگی کۆمار دەرئۆفتادە ئەو لاوە 16 ساڵەی بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو، بەڕێوەچو. دوای ئەوەی رۆژی رابردو پزیشکێک بە ناوی ئیمان نەوابی لە نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنرا تا ئێستا چارەنوسی نادیارە و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوەدەکەن ئەو پزیشکی نەشتەرگەرییە کە خەڵکی شاری مەشهەد-ە لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران خزمەتی زۆری بە نەخۆش و بریندارەکانی ماوەی رابردوی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کردوە و داوای پشتیوانیی جەماوەری بۆ ئەو پزیشکە دەکرێت. لە ئەراک سەر بە پارێزگای (مەرکەزی) لە ئێران رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهرشاد شەهیدی، یەکێک لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو و هێزێکی زۆری ئەمنیش لە دەوری گۆرستان و ناو ئەو شارە بڵاوەیان پێکرا. لە شاری دێزفول لە پارێزگای خوزستان رێوڕەسمی چلەی محەمەد قایمیفەر بەڕێوچو و بەشداربوانی رێوڕەسمەکەش دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. هاوکات لە شاری رامسەر لە باکوری ئێران رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی مائیدە جەوانفەر ئەو کچە پەرستارەی کە بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابو بەڕێوچو، جوانفەر تەمەنی 28 ساڵ بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری رەشت کوژرا. ئەمشەو هێرش کرایە سەر بینای داواکاری گشتی لە شاری مازەندەران لە باکوری ئێران و بیناکە سوتێنرا. لە شاری جوانڕۆ پێکدادان لە نێوان کاسباران و دوکانداری شارەکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رویدا و سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات لە سێ رۆژی رابردودا ژمارەیەک زۆر لە دوکان و بازاڕ و کاسبکارانی بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنی سەرتاسەریی سزا داوە و زۆربەی ئەو دوکانانەش بۆ ماوەیەک مانگێک کلۆم و داخراون. شەوی پێنجشەممە گەنجانی شارەکانی سەقز و سنە بە کردنەوەی ئاگر لە چەند شەقام و گەڕەکێک بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و دروشم دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی وترایەوە. هاوکات لەگەڵ سنە و سەقز و چەند شارێکی دیکە بە شەو لە چەند شەقامێکی شاری تاران و یەزد و مەشهەد ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە وترایەوە. ئەمڕۆش لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بۆ سێیەمین رۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێک شاری ئێران بەردەوامبو و زۆربەی دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. لە سێدارەدانی موحسین شکاری لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاردانەوەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی لە رۆژهەڵات و ئێران لێکەوتوەتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی 10 خۆپیشاندەری دیکە و هاوکات هەر ئەمڕۆ دەزگای داد لە وڵاتەکە ئاگادرکردنەوەی سزای سێدارەی بۆ کەسوکاری سامان یاسین، هونەرمەندی کورد لە کرماشان ناردەوە. سامان یاسین لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج دەستگیرکرا و دادگای ئەو شارە بە تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاساێشی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند. بە پێی زانیارییەکان چوار کورد لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر و دواتر دادگایی کراون مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
هاوڵاتی سهرچاوهیهكی ئهمنی له بهغدا ڕایگهیاند، ئێوارهی پێنجشهممه دوای بهڕێوهچونی یاری تۆپی پێی نێوان دو تیپی، شهڕ و پێكدادان لهنێوان هاندهران ههردولا رویدا و بهوهۆیهوه كهسێك كوژرا و دو كهسی دیكهش برینداربون. ئێوارهی ئهمڕۆ یاریهكی تۆپی پێ لهنێوان دوو تیپ له یاریگای كهرتی 42ی ناوچهی سهدری بهغدا بهڕێوهچوه، بهڵام لهناو یاریگاكه شهڕو دهمهقاڵێ دروستبوه و لهئهنجامیشدا هاندهرانی ههردولا بهچهقۆ روبهڕوی یهكتر بونهتهوه. بە پێی زانیارییەکان سێ كهس لهڕوداوهكه برینداربون و بۆ نهخۆشخانه گواستراونهتهوه، بهڵام كهسێك كه چهقۆ بهر ملی كهوتوه و بههۆی سهختی برینهكهیهوه گیانی لهدهستداوه. لە ئێستادا هێزێكی زۆری ئهمنی گهیشتونهته ناو یاریگاكه و دهستبهجێ لێكۆڵینهوه و بهدواداچونیان دهستپێكردوه.
هاوڵاتی وتهبێژی وهزارهتی كارهبای حکومەتی هەرێم رایگهیاند، لهئێستادا تێكڕای پێدانی كاتژمێرهكانی كارهبا ١٤ كاتژمێره لە شەو و رۆژێکدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد ئهحمهد وتهبێژی وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێم رایگەیاند، لهئێستادا بهتێكڕا لهشهو و رۆژێكدا ١٤ کاتژمێر کارەبا دهدرێته هاوڵاتییان. دهشڵێت، "ئەمساڵ لهگهڵ هاتنی وهرزی زستان و سهرماوسۆڵه، ههزار و ٥٠٠ مێگاوات خواست لهسهر كارهبا زیادی کردووە". ئاماژەی بەوەشدا، له گهرمیان ١٧ كاتژمێر كارهبا، له سلێمانی ١٠ كاتژمێر، له دهۆك ١٤ و له ههولێر ١٢ كاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان و بەمەش دهتوانن بڵێن كه به تێكڕایی پێدانی كاتژمێرهكانی كارهبا ١٤ كاتژمێره. هەروەها، باسی له هۆكاری كهمكردنهوهی بڕی پێدانی ئهمپێری كارهبا له ٤٠ ئهمپێرهوه بۆ ٣٠ ئهمپێر كرد و وتی، چارهسهركردنی ئۆڤهرلۆد، پاراستنی گۆڕهڕهكانی كارهبا له سوتان و زیادكردنی كاتژمێرهكانی پێدانی كارهبا به هاوڵاتییان هۆكارهكانی كهمكردنهوهی ئهمپێرهكانی كارهبا بوون. ئومێد ئهحمهد ئەوەشی خستەڕوو، ئهگهر بڕی كارهبای هاوڵاتییان له ٤٠ ئهمپێرهوه نهكرابایه به ٣٠ ئهمپێر، دهتوانرا رۆژانه ١٢ كاتژمێر به تێكرایی كارهبا به هاوڵاتییان بدرێت، بهڵام بههۆی ئهو بڕیارهوه كاتژمێرهكانی پێدانی كارهبا به بهرزبوهتهوه بۆ ١٤ كاتژمێر. دەشڵێت، لهئێستادا رێژهی بهرههمهێنانی كارهبا بووهته سێ ههزار و ٦٠٠ مێگاوات، ٢٠٠ مێگاوات بۆ تۆڕی گشتیی كارهبا زیادبووه، بهڵام به گشتی له وهرزی زستاندا خواست لهسهر كارهبا زیاد دهبێت و ئهمساڵیش لهگهڵ هاتنی وهرزی زستان و سهرماوسۆڵه، ههزار و ٥٠٠ مێگاوات خواست لهسهر كارهبا زیادی کردووە.
هاوڵاتی/دهۆک سەرۆکی لیژنەی وزەو پێشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند دوو رۆژە قایمقامیەی قەزای سێمێل هەڵساوە بە تێکدانی دیواری 26 پاڵاوگەی نایاسای لەو ناوچەیە کە لەگەڵ ئەوەی نایاسای بوون زیانێکی زۆریشیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە. عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی وزەو پێشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە هاوڵاتی ی وت"لە2015وە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەکۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نەیاساییەکانی ناوچەی کواشێی دەرکردوە کەئەوکات 45 پاڵاوگە بوون، دواتر وەزارەتی ناوخۆ، ئیدارەی پارێزگای دهۆکیش بڕیاری داخستنی یان دەرکرد بەڵام بەداخەوە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەنەکانی پاڵاوگەکان بەهێز بوون و دەستێکی گەورە لە پشت یانەوە بوو، پێویستبوو هەر ئەوکات رێگرییان لێ کرابا چونکە ئیشکردنیان زیانێکی زۆر گەورە بەر ژینگەی پارێزگای دهۆک و خەڵکەکە گەیاندوە". ووتیشی"بەپێی زانیاریەکانم زیاتر لەمانگێکە هیج پاڵاوگەیەک ئیشی نەکردوە و نەوتی خاو بۆیان نەڕویشتووە، بڕیاری لەناوبردنی پاڵاوگەکان هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەڵام لەمەش گرنگتر چیتر رێگا بەهیچ کەس و لایەنێک نەدرێت لەوشوێنەیە ئیش بکات". ئەوەشی ڕونکردەوە ،"دوو رۆژە قایمقامیەی قەزای سێمێل هەڵساوە بە تێکدانی دیواری 26 لەو پاڵاوگانە و لەناوبردنی کەل و پەلیان کە ئەمەش هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە". هاوکات دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پاڵاوگەکان بەهۆی نەبوونی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە دانانی پاڵاوگە و دروستکردنی مەترسی لەسەر تەندروستی دانیشتوان، داخراون.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئەوروپا دژی لەسێدارەدانی گەنجێکی خۆپیشاندەر لە تاران ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. بەریتانیا،فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا و نەمسا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی لەسێدارەدانی مۆحسین شکاری تەمەن 23 ساڵ بە تۆمەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەی. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئیدانەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لە ئێران کرد و رایانگەیاند لەسێدارەدانی شکاری لە تاران ئەو راستییەی ئاشکرا کردوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگای دادی ئەو وڵاتە بە دور لە رەوشت و مافەکانی مرۆڤە. وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دوای لەسێدارەدانی شکاری رایگەیاند؛ ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەگونجاو و نامرۆڤانەیە و بە توندی ئیدانەی دەکات. نەمسا لەگەل دەربڕینی دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ سزای سێدارە داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە سەرجەم ئەو سزاکانی سێدارەی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە رابگرێت. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا توڕەیی وڵاتەکەی بۆ لەسێدارنی کەسێکی ناڕازیی لە تاران دەربڕیی و وتی ئەو خەمبارە بەو روداوە و جیهان ناتوانێت چاوپۆشیی لەو توندوتیژیانە بکات کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خۆپیشاندەران و خەڵک بەکاری دەهێنێت. کلێڤێرلی رایگەیاند؛ بەریتانیا دژی هەمو جۆرە سزایەکی سێدارەیە. ئانالینا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پەیامێک لە تویتەر رایگەیاند؛ لە سێدارەدانی ئەو گەنجەی لە تاران بە نامرۆڤانە لەقەڵ دا و دەسەڵاتی ئێران ناتوانێت بەو سزایە دەنگی ئازادیخوازیی لە وڵاتەکە بێدەنگ و کپ بکات. بەیربۆک نوسیویەتی: رفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نامرۆڤانەیە و هیچ سنورێکی نییە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ مۆحسین شکاری لە ماوەی سێ هەفتەدا بە شێویەکی نادادپەروەرانە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دەستبەجێش ئەو سزایەی جێبەجێ کراوە کە ئەوەش ئەوپەڕی نادادپەروەریی و مەترسیداربونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەخات. رێکخراوەکە داوای لە وڵاتانی جیهان کردوە بە زوترین کات و بەپەلە رێگریی لە دەسەڵاتی ئێران بکەن بۆ ئەوەی چیتر سزای سێدارە لەو وڵاتە جێبەجێ نەکرێت و سەرجەم سزاکانی سێدارە بە تەواوەتی راگیرێت. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا دژایەتیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران راگەیاند و ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی و سزای سێدارە لە دژی خەڵکی ناڕازیی. خۆپیشاندەرێکی لە ئێران لەسێدارە درا
هاوڵاتی دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق ، بڕی سێ ملیار دینار بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكات كە زیانلێكهوتووی دەستی رژێمی بەعس بوون. رۆژی پێنجشەممە، 8-12-2022، تارا ئەنوەر قەرەداخی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق (هیئە دعاوی الملكیە)، لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەرەرمەندی دەستی رژێمی پێشووی بەعسن رایگەیاند، "لە ئەنجامی هەوڵەكانی دەستەی داواكانی موڵكداری بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی دەستە دادوەر عەلا جەواد ساعدی، جارێكی دیكە بڕێك پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس دابەش دەكرێت." وتیشی ئەم پارەیە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە داواكارییان پێشكەشی دەستەكەمان كردووە، دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون، دەستەكەمان لە لێژنەی دادوەری پلەی كۆتایی وەرگرتووە و بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە. لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەش، تارا ئەنوەر قەرەداخی گوتی: "هاووڵاتییانی خوشەویست ئاگادار دەكەینەوە پێشتریش پرۆسەی خەرجكردنی بڕە پارە بۆ زیانلیكەوتوواون هەبووە و بەردەوامیش دەبێت." بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواکانی موڵکداریی عێراق، بڕی ئەو قەرەبووەی لە دوایین جار بڕیاری لەبارەوە بۆ دەرچووە و دابەشدەکرێت، سێ ملیار دینار دەبێت و 500 کەس لێی سوودمەند دەبن
هاوڵاتی میدیای هەنگاریا رایگەیاند، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرەو عێراق بەڕێدەکەوێت و رۆژی هەینیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمڕۆپێنجشەممە، میدیاکانی هەنگاریا بڵاویان کردەوە، کاتالین نۆڤاک کە یەکەمین خانمە پۆستی سەرۆکایەتی هەنگاریای وەرگرتبێت، بەرەوعێراق بەڕێدەکەوێت و دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لە مێژوودا سەردانی عێراقی کردبێت. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا، خانمە سەرۆکەکە تاوەکو شەممە لە عێراق دەمێنێتەوە، بڕیارە لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون. سەرۆکی هەنگاریا هەروەها سەردانی ئەو پڕۆژە مرۆییانە دەکات کە بە سەرپەرشتیی بەرنامەی هاریکاری هەنگاری لە عێراق و هەرێـمی کوردستان جێبەجێکراون. ئەمە لەکاتێکدایە، هەنگاریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و پێشتریش پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، ١٧٠ سەربازیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراونو ژمارەیەک سەربازی دیکەیان لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆدا، مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن. هاوکات بەگوێرەی ماڵپەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014ـەوە، هەنگاریا دوو ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆی وەکو یارمەتی بە عێراقداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش دروستبوون.
هاوڵاتی نزیكەی سێ مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە، رێكارەكانی دەسەڵات نەیتوانیوە كۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان بهێنێت، پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێنرایەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: ناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران داوە، بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لەسەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 خۆپیشاندەر كوژراون، گروپێك لەهاككەران پێگەكانی سوپای پاسداران هاكدەكەن و دزە بەزانیارییەكان دەكەن و لای سوپای پاسداران دەستگیركردنی نزیكەی 30 هەزار كەس تۆماركراوە. هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێران رێگاكانی بۆ فشاركردن لەحزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و شیكەرەوانی سیاسی دەڵێن: تاران لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری بۆیە تاران خۆی دەپارێزێت. لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە دەیان كوڕو كچی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناڕەزایەتییەكاندا كوژراون و گڵكۆكانیان بەتارای سور داپۆشراو ئێستا ئەو بەشە لەكوردستان بەراورد بەزۆربەی ناوچەكان لەئێران زۆرترین قوربانی داوەو تاران و ئەسفەهان و تەبرێز چاویان لەڕۆژهەڵاتە بۆ سەركەوتنی شۆڕش. رۆژهەڵاتی كوردستان تائێستا وەك بزوێنەری ناڕەزایەتییەكان و شۆڕشێكی هاوچەرخ لەئێران لەقەڵەم دەدرێت بۆیە رۆژانە لەتارانی پایتەخت تا زاهیدان لەباشورو مازەندەران لەباكور دروشم بۆ پشتیوانیی كوردو خۆپیشاندانەكانی دەوترێتەوەو بە رووناكایی وڵاتەكەو شۆڕش ناودەهێنرێت. ناوهێنانی رۆژانەی كوردستان لەدروشم و ناڕەزایەتییەكانی ئێران وایكردووە كەدەسەڵات لەشێوەی لەشكركێشی هێزێكی زۆری سەربازیی و ئەمنیی رەوانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات و ژمارەیەكی زۆری گەنج و لاوی ئەو بەشە لەكوردستان بەتەقەی هێزە سەربازییەكان خوێنیان لەشەقامەكان رژاوە. لەلایەكی دیكەوە ئەمریكاو ئیسرائیل بەئاشكرا رایانگەیاندووە ئامادەكاریی دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران لەناوچەكەداو بۆ ئەو مەبەستەش مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدەدەن و لەبەرامبەردا تاران پەنا بۆ عێراق و هێزەكانی دەبات كەسنورەكانی توندوتۆڵتر بكەن. سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە (5/12/2022) دوای بەڕێوچوونی مانگرتنی سەرتاسەریی لەبەیاننامەیەكدا جارێكی دیكە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هیچ نەرمییەك نانوێنێت لەبەرامبەر خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەكاندا. سوپا خۆپیشاندەرانی بەتیرۆریست و دەستی دەرەكی ناوهێناوەو لەبەیاننامەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كەناڕەزایەتییەكان گورزێكی گەورەیان لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەكەی داوە بۆیە داوای لەخەڵك و دەزگای داد كردووە كە بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییەكان ببێت بۆ خواست و مەبەستی سەرەكییان. ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسداران پێچەوانەی بەیاننامەكانی پێشوو زیاتر ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی كردووەتە ئامانج و ئاماژەیە بۆ رەوایەتیی سەركوتی خۆپیشاندەران و هەندێك ناوچەی وەك رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سیستان و بلوچستان بووە بەتایبەت كەدەستەواژەی جوداییخواز بۆ ئەو دوو ناوچەیە بەكاردەهێنرێت. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران داواكاری گشتیی ئێران دوای 79 رۆژ ناڕەزایەتیی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لەوڵاتەكە راگەیاندو جەختی لەوە كردەوە لەمەودا دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و كچان دەكات و رێگەنادات پێچەوانەی یاساو رێساكانی وڵاتەكە جلوبەرگی نەگونجاو لەشوێنە گشتییەكان بەكاربهێنرێت. رۆژنامەی شەرق بڵاویكردووەتەوە بۆ راستی و دروستی هەواڵەكە پەیوەندییان بەبەشی راگەیاندنی پۆلیسی ئێرانەوە كردووەو زۆر بەتوڕەیی وەڵامی رۆژنامەكەیان داوەتەوەو تەنانەت بێڕێزییان بەپەیامنێری رۆژنامەکە كردووەو پێیان وتووە با راستی و دروستی هەواڵەكە لەسەرۆكی داواكاری گشتی بپرسێت كەئەوەش ئاماژەیە بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیەو ناكۆكیی ناوخۆیی بەرپرسانی دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران. داواكاری گشتی ئێران رایگەیاند: كۆتایی بە ئەركەكانی پۆلیسی ئەخلاق لەوڵاتەكە هاتووەو ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەكی بەدەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبووەو ئەوەی دایمەزراندووە، هەر ئەوەش هەڵیوەشاندووەتەوە . پێگەی فەرمیی راگەیاندنی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران (جامێ جەم) بڵاویكردووەتەوە؛ چیتر هیچ كەسێك لەفڕۆكەخانەكان و میترۆو شوێنە گشتییەكان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێنادرێت و لەماوەی رابردودا دەیان ژن و كچ لەفڕۆكەخانەكاندا بەبێ سەرپۆش هاتوچۆو گەشتیان كردووە. جامێ جەم ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: كۆمپانیاكان و كارمەندان بەبێ بڕیاری فەرمی حكومەت بێدەنگییان لەئاست هۆشداریی دان بەكەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردووەو ئەوەش پێچەوانەی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە. كۆچی سوری گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 80 رۆژە خوێنی گەنجان و لاوانی بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان لەشەقامەكان دەڕژێت، رۆژ نییە هەواڵی گیانلەدەستدانی بریندارانی ناڕەزایەتییەكان لەنەخۆشخانەكانی ورمێ و تاران و كرماشان و سنە بڵاونەبێتەوەو تا ئێستا لانیكەم ناوو ناسنامەی زیاتر لە 120 كوژراوی كورد بڵاوكراوەتەوە. ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەو كەسانەی كوژراون، كوڕان و كچانی گەنج و لاو بوون كە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 30 ساڵ بووە و كورد وتەنی بەگوللـەی گەرم جوانەمەرگ بوون و تەنها تاوانیان دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواكردنی مافەكانیان بووە لە پێناو ئازادیدا. ژینا ئەمینی كە تەمەنی 22 ساڵ بو و لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكەیەوە دەستگیركراو دواتر راگەیەنرا بەهۆی لێدانی پۆلیس تووشی جەڵتەی دڵ و خوێنبەربوونی مێشك بووەو پاش چەند رۆژێك بێهۆشی گیانی لەدەستداو تەرمی ساردو سڕی لەشاری تاران-ەوە گەڕێنرایەوە شاری سەقزی زێدی خۆی و لەوێ بەخاك سپێردرا. ئیستا هەموو ئەو گەنج و لاوانەی لەشارەكانی رۆژهەڵات بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەست دەدەن وەك هێمایەك بۆ شەهیدبوونیان تارای سور دەبێتە بەرگی گڵكۆكانیان و ئەوەش دیمەنێكی ناخ هەژێن و خەمگینی لەگۆڕستانەكانی بۆكان و مهابادو سەقزو سنەو جوانڕۆو پاوە و كامیاران و كرماشان و ئیلام و زۆربەی شارەكان ئەو بەشە لەكوردستان وێنا كردووە. كۆچی سوری بەناچاریی گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی بووەتە مایەی شانازیی و سەربەرزیی بۆ كەسوكاریان و تەنانەت خەڵكی كۆمەڵگاكەش، بەڵام بەردەوامبوونی توندوتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەو بەكارهێنانی چەك لەدژی خۆپیشاندەران ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراون زیاتر دەكات. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هۆشدارییانداوە كەنزیكەی 50 برینداری ناڕەزاییەتییەكانی ماوەی رابردووی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنەخۆشخانەكان دۆخی تەندروستییان جێگیرنییە، كەسوكاریشیان لەژێر فشاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكاندان بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو بریندارانە بڵاونەكرێتەوە. چالاكوانانی كوردو رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بەكردەوە جەنگێكی سەربازیی لەدژی كوردو بەلوچ راگەیاندووە بۆیە لەڕۆژهەڵات و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەژمارە هێندەی هەموو شارەكانی دیكەی ئێران كوژراوو بریندار تۆمار كراوە. بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەكانی مرۆڤ هەرانا لە 80 رۆژی ناڕەزایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە 471 كەس كوژراوە كە 128 كەسیان لە سیستان و بەلوچستان بووە و 120 كەسیشیان لە رۆژهەڵات. بێسەروشوێنكردن لەدوایین ئاماردا تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەش هەزار كەس دەستگیر كراون و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ناوو ناسنامەی نزیكەی دوو هەزار دەستگیركراویان بڵاوكردووەتەوەو بەپێی بەڵگەیەكی نهێنیش كە بەهۆی هاككردنی پێگە ئەلیكترۆنییەكانی سوپای پاسداران بڵاوكراوەتەوە، ئاشكرابووە لەسەرتاسەری ئێران 29 هەزارو 400 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون كە 115 كەسیان سەر بەهێزە ئەمنییەكان بوون. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە لەئێستادا 18 هەزار و 210 كەس بەبێ دەستگیرکراوەكانی رۆژهەڵات لەزیندانەكان و ناوەندە ئەمنییەكان بەبیانوی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكان دەستبەسەرن و چاوەڕێی سزای دەزگای دادی ئێران دەكەن . ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە 300 كچ و كوڕ لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترەو چارەنووسیشیان نادیارە. مێرمنداڵان و سزای سێدارە دوو مێرمنداڵی بەلوچ لەلایەن دادگایەكی ئێران تۆمەتبار دەكرێن بە «دژایەتی خودا» و رێكخراوەكانیش هۆشداریی دەدەن لەسەپاندنی سزای سێدارە دژی ئەو دوو برایە. محەمەدو عەلی رەخشانی كە دوو بران لە ناڕەزایەتییەكانی شاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان لەبەردەم ماڵی خۆیان دەستگیركراون و دادگا تۆمەتباری كردون بەیاسای (دژایەتی خودا) كە بەپێی یاساكە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. ئەو دوو مێرمنداڵە تەمەنیان 16 و 17 ساڵەو رۆژی هەینی خوێناوی كە نزیكەی 98 بەلوچ لەشاری زاهیدان كوژران لەبەردەم ماڵەكەیان دەستگیركراون و نزیكەی 70 رۆژە لەزینداندان. هاككردنی سوپای پاسداران گروپی هاككەری (بلاك ریوارد) دوای هاككردنی ژمارەیەك پێگەی تایبەت بەسوپای پاسدارانی ئێران، ژمارەیەك بەڵگەنامەی نهێنیی بڵاوكردووەتەوە كە هۆشدارایی دراوە لەبەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. لە راپۆرتێكی نهێنیدا كە رادەستی حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران كراوە، ئاماژە بەترسی هێزە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونیان لەلایەن خەڵكەوە كراوەو هۆشداریی داوە كە ئەو هێزانە لەسەركوتی خەڵك ترساون بەتایبەت كەژمارەیەكیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رووت كراونەتەوە و لێیان دراوە. لەبەشێكی دیكەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە 84٪ی خەڵك پشتیوانیی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەكەن و ئەو ناڕەزایەتییانە بەهۆكارێكی دەربازبوون لەقەیرانە ئابوریی و سیاسییەكان دەزانن. هەر لەبەڵگەنامەیەكی دیكەدا ئاشكرابووە لەسەرەتای ناڕەزایەتییەكاندا دادگاكانی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 80 كەسدا سەپاندووەو دواتر بەهۆی بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بڕیارەكە راگیراوەو لەئێستادا 28 كەس لەژێر هەڕەشەی پەتی سێدارەدان لەشۆڕشی رۆژهەڵاتەوە بۆ ململانێی ئێران و ئەمریكاو ئیسرائیل ئێران لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان زۆرترین هێرشی موشەكی كردووەتە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان و چەند جاریكیش رایەگەیاندووە؛ هاوكات سوپای پاسداران بە راگەیەنراوی فەرمی هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر بەغداو هەولێر رێگریی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكەن ئەوا بەهێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ناوەستێتەوەو لەڕێگەی وشكانییەوە هێرش دەكاتەسەر هەرێمی كوردستان. شیكەرەوانی سیاسی رایانگەیاندووە؛ ئێران لەوە تێدەگات ئەگەر بیهەوێت سنوری خاكی هەرێمی كوردستان لەڕێگای وشكانییەوە ببەزێنێت هاوشێوەی سیناریۆی سەدام حسێن بۆ داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە هێرش دەكرێتەسەری، بۆیە تاران بۆ خۆپاراستن لەو سیناریۆیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشت كردە وڵاتەكەی و ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكانی سودانی و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوەیە هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی چڕ بچنە سەر سنورەكان. ئەوە لەكاتێكدایە ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدوایین لێدوانی رۆژنامەوانیدا دانی بەو راستییەدا نا كە لەتاران داوا لەسودانی كراوە كەعێراق بەڵێنەكەی بۆ دانانی هێزەكانی لەسەر سنور جێبەجێ بكات، كەئەوەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران. لەلایەكی دیكەشەوە هەفتەی رابردوو ئەمریكاو ئیسرائیل مانۆرێكی هاوبەشی سەربازییان لەدەریای ناوەڕاست ئەنجامدا كە بەئاشكرا رایانگەیاند یەكێك لەئامانجەكانی ئەو مانۆڕە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بەگشتی. یائیر لاپید، سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای وڵاتەكەی و سوپای ئەمریكا لەمانۆڕە هاوبەشەكەدا كۆبووەتەوەو ئامانجی سەرەكیی مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ جەنگێكی هاوشێوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران. ناوەندی فەرماندەیی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا هەر سەربارەت بەو مانۆڕە رایگەیاند یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی ئەو مانۆڕە هاوبەشە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی موشەكییە لەناوچەكەدا كەمەبەستی لەهەڕەشە موشەكییەكانی ئێران بوو بەتایبەت كەسوپای پاسداران دەیان جار هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەكیی لەدژی ئیسرائیل كردووە.
