عەمار عەزیز بەڕێوەبرایەتی شوێنەواری دهۆک لێکۆڵینەوە بۆ شەش شوێنی شوێنەواری دەکات . دکتور بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری لە پارێزگای دهۆک بە هاوڵاتی وت"بەڕێوبەرایەتییەکەمان بە بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک زانکۆی دەرەوە لەشەش شوێن دەستمان بە لێکوڵینەوەی مێژووی کردوە . یەکەم لە گردی باستکێ لە سنوری قەزای سێمێل بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی توبنگنی ئەڵمانی. دووەم گردی موقبلێ، لە قەزای سێمێل بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی فرایبورگی ئەڵمانی. سێ یەم جووگای فەیدییە لە شارۆچکەی فەیدییە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئودونی ئیتاڵی" دکتو بێکەس بریفکانی ووتیشی"شوێنی چوارەم گردی ئاسنگەران لە قەزای بەڕدەڕەش بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئودۆنی ئیتالی. پێنجەم گردی زەید،لە سنوری قەزای سێمێل بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کافوسکاری ئیتاڵی. شەشەم خەنەس لەسنوری قەزای شێخان بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئودۆنی ئیتاڵی"
هاوڵاتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە هۆشداری دەدەنە حکومەت لەبارەی سەرکوتکردنی ناڕەزایی قوتابییان،و ڕایدەگەیەنن ئەگەر قوتابییە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد نەکرێن، مامۆستایان دەڕژێنە سەر شەقام. ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە کە لە نوێنەرانی مامۆستایانی شارەکانی سنە، مەریوان، سەوڵاوا، سەقز و بیجاڕ پێکهاتووە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند ، دەسەڵات لە جێگەی دڵدانەوەی خەڵک و قوتابییان، تووندترین شێوەکانی سەرکوتکردنی گرتووەتەبەر و ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی هەبووایە لە زانکۆ و قوتابخانەکانی دەدا تاوەکو بیسەلمێنێت "ژینا و نیکا" نەکوژراون. ئەنجومەنی مامۆستایان داواش دەکەن کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندان بوەستێنرێت و هێزە ئەمنییەکان چیتر توندوتیژی بەکار نەهێنن،و داوا دەکەن بە زوترین کات خوێندکارە گیراوەکانی لە خۆپیشاندانەکاندا گیراون ئازاد بکرێن. جێگەی باسە چەند ڕۆژە هەڵمەتی دڕاندنی وێنەی خامنەی و بەرپرسانی ئێران لە ناو خوێندنگەکاندا دەستی پێکردووەو خوێندکاران ناڕەزای دەردەبڕن. هەروەها چەند رۆژە لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی دژ بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەستیپێکردووە.
هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سەربەستی لە شاری هەولێر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری توێتا پڕادۆ تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەست دا و دوو ئافرەت و دوو منداڵیش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون بریندار بوون." بە پێی زانیارییەکان ئەو کەسەی لەتەقینەوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی هەولێردا گیانی لەدەستداوە ناوی (هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول)ـە و تەمەنی 41 ساڵانە. پلەی عەقیدە لە دژەتیرۆی یەکێتی. لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە زمانی کوردی لە خوێندگا عەرەبییەکان ڕایگەیاند قوتابی هەر نمرەیەكی له بابهتی زمانی كوردی لە قوتابخانە عەرەبییەكان بهدهستهێنا، بە كەوتوو ئەژمارناكرێت بە پێی بڕیارەکەی وهزارهتی پهروهردهی عێراق، کە له (6ـی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022) به واژووی بهڕێوهبهری گشتی ئهزموونهكان گشتاندنی بۆ كراوه، هەموو ئەو قوتابخانانەی كە خوێندنیان بە زمانی عەرەبییە و بابەتی زمانی كوردی تێیدا دەخوێندرێت، قوتابی ئەگەر هەر نمرەیەكی له بابهتی كوردی هێنا، بە كەوتوو بۆی هەژمارناكرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زمانی کوردی لە خوێندنگا عەرەبییەکان وەک بابەتی لاوەکی لێبێت و فەرامۆش بکرێت.
نیگار عومەر كەمی خزمەتگوزاری و مەترسییەكانی داعش لەسنورەكە وایكردووە لەكۆی 67 ماڵی ناحیەی زینانە 40 ماڵی كۆچ بكەن و 10 گوندی سنوری ناحیەكەش بەتەواوی كۆچیان كردووەو بەشێكی زۆری گوندەكانی تریش رەویان كردووە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت: ناحیەی زینانە هیچ سیمایەكی ناحیەبوونی پێوە دیارنیە و لەشێوەی گوندێكدایەو لەهەموو روویەكی خزمەتكردنەوە پشتگوێخراوەو دانیشتوانەكەشی بەدەست نەبوونی كارەبا و خراپی رێگاوبانەكانیەوە دەناڵێنن و چەندین جاریش داواكارییەكانمان گەیاندووەتە ئیدارەی گەرمیان تائێستا هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە. زینانە لەساڵی 1997ەوە كراوە بەناحیەو لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای كفریەو لە رووی جوگرافیەوە هاوسنورە لەگەڵ قەزای كفری و قەزای دوزخورماتوو، ناوچەكە مەترسی چەكدارانی داعش و گروپە توندڕەوەكانی لەسەرە و هەشت لیوای پێشمەرگەی لێیە بۆ پاراستنی ناوچەكە لەچەكدارانی داعش، بەهاووڵاتیانی ناوچەكەو هێزەكانی پێشمەگەوە نزیكە سێ هەزار كەسی تێدا دەبێت، بەڵام چەندین گرفتی خزمەتگوزاری وایكردووە ناحیەكە روو لەچۆڵبوون بكات . وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بەهاوڵاتی راگەیاند:» ناحیەی زینانە 46 گوندی لەسەرەو 10 گوندی چۆڵەو 34 گوندی ئاوەدانە، ئەم ناحیەیە لەڕووی خزمەتگوزاریەوە بۆماوەی چەندین ساڵە هیچ پرۆژەیەكی گرنگی تێدا جێبەجێنەكراوە و تا ئێستاش سیمای گوندێكی بچووكی هەیەو لەڕووی خزمەتگوزاری رێگەوبانیشەوە رێگاكانی زۆر خراپە تەنها بەشێك لەڕێگای ناحیەكە نەبێت قیرتاوكراوەو زۆربەی رێگاكانی دیكەی خراپن و هیچ جۆرە سەوزایی و جوانكاریەكی بۆ نەكراوە، نزیكەی سێ هەزار خەڵكی تێدا دەژیت، بەداخەوە كەمی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەكە وایكردوە روو لەچوڵبوون بكات و لەكۆێ 67 ماڵ 40 ماڵی كۆچیانكردووە و چوڵبوونی ناحیەكە جێگەی مەترسییە بۆ ناوچەكە بەگشتی». وتیشی،» كێشەی سەرەكی ناحیەكە بێ كارەبایە، و كارەبای نیشتمانی زۆر خراپە و هیچ ئامێرێك ئیش پێناكات و ئەو ئامێرەشی ئیش پێبكەی خراپی دەكات و كارەبای مۆلیدەشی هەر نیە، هەروەها وشكەساڵی و نەبوونی ئاوی پێویست وایكردووە ناحیەكە چوڵببێت كەئەمەش لەزۆر رووەوە مەترسی گەورە دروستدەكات بۆ قەزای كفری و ئیدارەی گەرمیان كەپێویستە ئاوڕی زیاتری لێبدرێتەوە، 11 ساڵە داوادەكەین لەحكومەتی هەرێم بنكە تەندروستیەكەی ناحیەی زینانە بكرێت بەمەڵبەندێكی تەندروستی و دكتۆری بۆ دابنرێت، هەر بۆی نەكراوە، بنكە تەندروستیەكە تاكاتژمێر یەك دەوامی تێدا دەكرێت و دوای ئەوە دادەخرێت و خەڵكی سنوورەكە تووشی حاڵەتێك ببن نازانن بۆ كوێ بچن، یان دەبێت رێگایەكی دوور ببڕن تا دەگەن بەكفری یان خورماتوو». هاوكات جەماڵ وارانی لێپرسراوی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری زینانە بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەم سنورەدا زیاتر لەهەشت لیوای پێشمەرگەی تێدایەو توانراوە بەشێوەیەكی زۆر باش لەزۆربەی ناوچەكان كە مەترسی لەسەرە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگە دابنێرت، بەڵام بەهۆی فراوانی ناوچەكە كەهاوسنورە لەگەڵ قەزای خورماتوودا بۆشایی ئەمنی هەیە لەنێوان ئێمەو سوپای عێراق، ئەمەش وایكردووە داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە ببینێت و ناوبەناو جموجۆڵی هەبێت لەناوچەكەدا». وتیشی،» سەڕای بەرفراوانی و سەختی ناوچەكەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ مانەوەی داعش لەو سنوورە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لەپارێزگاریكردن لەخەڵكی سنورەكە». هەروەها هێمن جەلال كەخەڵكی ناحیەكەیە بەهاوڵاتی وت:»ناحیەی زینانە هیچ سیمایەكی ناحیەبوونی پێوە دیارنیەو لەشێوەی گوندێكدایە نە پاركێكی تێدایە بۆ ئەوەی گەنجەكانی سنورەكە رووی تێبكەن، نە شوێنێكی رۆشنبیری یان سەنتەرێك بۆ گەنجەكان، ئەوە جگە لەسەدان گرفتی دیكە وەك خراپی كارەبای ناحیەكە كەخەڵكەكەی بێزار كردووەو كارەبای مۆلیدەشمان نیە، كۆڵانی وای تێدایە 20 ماڵ بووە ئێستا دوو ماڵی تێدا ماوەتەوەو هەموو بارییان كرد». وتیشی:»زینانە پشتگوێخراوەو كەس ئاوڕی لێناداتەوەو جیاوازیەكی زۆری لەگەڵدا كراوە بەبەراورد بەناحیەكانی دیكەی سنوری ئیدارەی گەرمیان و ئێمە بووینەتە قوربانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق، تەنها یەك بنكەی تەندروستی هەیە كەنەخۆشێكمان هەبێ دەبێ بیبەین بۆ كفری یان خورماتوو بە رێگایەكی پڕمەترسیدا، لەڕووی ئەمنیشەوە دەبێت شەوان خۆمان پارێزگاری لەخۆمان بكەین سەڕای بوونی هێزی پێشمەرگە لەناوچەكە، بەڵام بۆشایی ئەمنی تێدایەو زۆرجار داعش دێنە نێو ناحیەكەو خۆیان وەك هاووڵاتی پێشاندەدەن و ئێمە نازانین كە داعشن و دواتر زیانمان پێدەگەیەنن». «كەمی قوتابخانە و نەبوونی پشتیوانی بۆ هاتوچۆی قوتابییان و خوێندكارانی گوندەكان گرفتی تری خەڵكی سنوری ناحیەكەن، ئەوە سەرەڕای مەترسیەكانی داعش لەسنورەكە، كە هەموو ئەمانە وایكردووە خەڵكی ناحیەكە رەوبكەن و چەندین جاریش داواكاری ناحیەكەمان گەیاندۆتە ئیدارەی گەرمیان تائێستا هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە «، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە وای وت. سەبارەت بەگرفتی تەندروستی ناحیەكە، عەباس عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» ناتوانین بنكە تەندروستیەكەی زینانە بیكەین بەمەڵبەندی تەندروستی هەرچەندە دەزانین كە پێویستی زۆری خەڵكەكەیە، تەنانەت لەبنكە تەندروستیەكەی زینانەش كێشەی كەمی كارمەندمان هەیەو هیچ كارمەندێكی ژنیان نیەو زۆرجار ناتوانرێت دەرمانی پێویست بنێرێت بۆیان بەهۆی كێشەی كەمی دەرمانەوە لەتەندروستی گەرمیان». وتیشی: داوامان لەوەزارەتی تەندروستی كردووە مەڵبەندێكی تەندروستی بە بوونی دكتۆرەوە بۆ ناحیەكە بكەنەوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە «. هاوكات چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەئیدارەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت، «هۆكاری كەمی خزمەتگوزاریەكان قەیرانی داراییەو بۆ گرفتی كارەبای ناحیەكە داواكاریمان گەیاندووەتە وەزارەتی كارەباو تائێستا نەتوانراوە محاویلەیەكی گەورەتریان بۆ دابین بكرێت». وتیشی:» لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا ئێمە بەگوێرەی دانیشتوان بوجە سەرف دەكەین و رێژەی دانیشتوانی ناحیەكە كەمە، بۆیە ناتوانرێت بودجەی زیاتریان بۆ دابین بكرێت، هەوڵمانداوە گرفتی ئەمنی ناوچەكە چارەسەربكەین و لەداهاتووشدا هەوڵدەدەین گرفتەكانی دیكەیان ئیشی لەسەربكەین». محمد خورشید هاوڵاتی گوندی قوپەڵكی سەر بەناحیەی زینانە بەهاوڵاتی وت،» بەهۆی بێ كارەبایی و بێ ئاوییەوە زۆربەی دانیشتوانی گوندەكەمان مەڕو ماڵاتەكانیان فرۆشت و كۆچیان كرد بۆ شارەكان و ئێمەش لەناچاریدا ماوینەتەوە، سنورەكەمان وشكەساڵی و مەترسی داعش تەنگی پێهەڵچنیوەو گوزەرانمان زەحمەت بووە و هیچ كەسێكیش ئاوڕمان لێ ناداتەوە». وتیشی،» زۆرێك لەگوندەكانی ئەم سنورە جگە لەبێكارەبایی، قوتابخانەو بنكەی تەندروستییان تێدانیەو لەگوندەكەی ئێمەش بنكەیەكی تەندروستی هەبوو ئەویش بۆماوەی 11 ساڵە داخراوە باوەڕیش ناكەم بۆمان بكەنەوە، چونكە كەسئامادەنیە لەشوێنی مەترسییدا دەوام بكات».
هاوڵاتی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند، بەھۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران، ١١ ھەزار ئاوارە لە کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و ٧٠٠ خێزان لە کەمپی ئاوارەکانی رۆژھەڵات لە کۆیە ژیانیان لە مەترسیدایە. کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، بە پێی ئامارەکان لە مانگی هەشتی ٢٠١٥ ەوە تا ئێستا بەھۆی بۆردومانە ئاسمانییەکان و ھێرشەکان لەناو بارەگا و بنکە سەربازییەکانی تورکیاوە تا ئەمڕۆ، ١٣٨ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و لانی کەم ٢٠٤ ھاووڵاتیش برینداربوون. هەروەها باسی لە زیانەکانی ئەم دواییەی بۆردومانەکانی کردووەو تیایدا دەڵێت لە بۆردومانەکەی رۆژی ٢٨ی ئەیلولی رابردووی ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێم، ١٧ کەس کوژران و ٦٥ کەسی تریس برینداربوون، جگە لە زیانە گیانییەکان، لەسنوری ناوچەی کۆیە خوێندنگەیەک زیانی بەرکەوتووە و پێنج خوێندنگەی تریش و دوو باخچەی ساوایان داخراون و ٤٢٥ خوێندکار و ٦٠ منداڵ لە باخچەی ساوایان لە خوێندن بێبەشبوون. بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی باسی لەوەش کرد ،ھیچ ھەنگاوێکی جدی دژی ئەو بۆردومانانە نەگیراوەتەبەر و تەنھا راگەیەندراوی ئیدانە بڵاوکراوەتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، کە سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، هۆشداری دەداتە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی چوار دەرمانی کۆمپانیایەکی هیندی کە لەکاتی بەکارهێناندا ئەگەری هەیە ببنە هۆکاری مردن، داواش لە دەرمانخانەکان دەکات خۆیانی لێ بەدووربگرن. پاش ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO ئاگاداریەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە چوار ماددەی کومپانیای بەرھەم ھێنەری ھیندی مەیدن فارماسیوتیکالس ( Maiden Pharmaceuticals Limited (Haryana, India) بەرھەمەکان بریتین لەو چوار ماددەی خوارەوە : -Promethazine Oral Solution. 2-Kofexmalin Baby Cough Syrup. 3- Makoff Baby Cough Syrup. 4-Magrip N Cold Syrup. شیکاری تاقیگەیی بۆ نمونەی هەریەک لە چوار بەرهەمەکە پشتڕاستکراوەتەوە کە بڕێکی قبوڵنەکراو (ژێر ستاندەرد) لە ماددەکانی ( diethylene glycol and ethylene glycol) وەک (contaminants) پیسکەریان تێدایە کە ماددەی ژەهراوین بۆ مرۆڤ کاتێک دەخورێن و دەتوانن ببنە هۆی مردن. کاریگەرییە ژەهراویەکان دەتوانن بریتی بن لە ئازاری سک، ڕشانەوە، سکچوون، نەتوانینی میزکردن، سەرئێشە، گۆڕانی باری دەروونی، و برینداربوونی توندی گورچیلە کە لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.. تا ئێستا ئەم چوار بەرهەمە لە ووڵاتی گامبیا دەستنیشان کراون، بەڵام لەوانەیە لە ڕێگەی بازاڕە نافەرمیەکانەوە بەسەر وڵاتان یان ناوچەکانی دیکەدا دابەشکرابن. ئەو چوار بەرھەمە لە ھەرێمی کوردستان رێگەیان پێ نەدراوە و ھاوردەی ھەرێمی کوردستان نە کراون وە مۆلەتی بەکارھێنانیان نیە وەزارەتی تەندروستی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئەگەری بە قاچاخ ھاتنی بۆ ناو بازارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان بە دووربگرن لە بەکار ھێنانی ئەم بەرھەمانە. وە ھەروھا گشت دەرمانخانەکان و ھاوولاتیان ئاگادار دەکەنەوە کە تەنھا مامەلە بە دەرمانی فەرمی یەوە بکەن کە مۆڵەتی بەکارھێنانی ھەبێت و ستیکەری کۆاڵیتی کۆنترۆلی لەسەر بێت.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵگری عێراق کوژرانی ئەبو مستەفای راگەیاند کە جێگری سەرکردەی سەربازی رێکخراوی داعشی سنوری کەرکوک بووە. له راگهیهندراوێكی شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراقیدا هاتووه: له ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، تیرۆریست ئهبو مستهفا جێگری سهربازی كهرتی كهركووك و دوو له هاوهڵانی، به هاوكاری لهگهڵ فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكان كوژران. ئاماژەی بەوەشدا،شوێنی چەکدارەکانی داعش لەلایەن هێزی ئاسماننیەوە دیاری کراوە و پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە دۆڵی زغێتون لە پارێزگای کەرکوک کوژراون.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لە پلاندایە دوای تەواوبوونی بەستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ ئوردن، هێڵی کارەبای عێراق لەگەڵ سعوودیە و کەنداو ببەستینەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە بەردی بناغەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبایی نێوان ھەردوو وڵاتیان دانا. هەر لەم بارەیەوە کازمی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیوییەتی" کارمان لەسەر ستراتیژییەکی گشتگیر لە بواری کارەبادا کرد و چەندین پرۆژەمان لەو بوارەدا تەواوکرد". هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی عێراق لە دوای بەستنەوەی هێڵی کارەبای وڵاتەکە لەگەڵ ئوردن، رایگەیاند، بەستنەوەی هێڵی کارەبای وڵاتەکەی لەگەڵ ئوردن لە مانگی حوزەیرانی داهاتوود تەواو دەبێت و دوای تەواوبوونیشی، هێڵی کارەبای عێراق لەگەڵ سعوودیە و کەنداو دەبەسترێتەوە. ڕاشیگەیاند، بەردەوامن لە کارکردن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی جێگرەوە و خاوێن و دەرهێنانی غاز لەپێناو سەقامگیریی لە وزەی کارەبا لە عێراقدا.
هاوڵاتی دوای بڕیارەکەی ئۆپیک پلەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک بە بڕی ٢٥ دۆلار بەرز ببێتەوە. ئۆپیک پڵەس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەمدەکەنەوەو و رایگەیاند لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها دوای بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، نرخی نەوت نزیکەی سێ دۆلار بەرزبووەتەوە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا و لە ئێستادا بە ٩٤ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. بانکی گۆڵدمان ساکسی تایبەت بە وەبەرهێنانی فرەنەتەوەیی ئەمریکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لە دۆخی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە تا مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، بڕوا دەکەن کە ٢٥ دۆلار نرخەکەی بۆ هەر بەرمیلێک بەرزببێتەوە. هەروەها پێشبینی دەکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٢ بگاتە ١٠٤ دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ١١٠ دۆلار بەرزببێتەوە. هاوکات، بانکی ئەمریکیش پێشبینی کردووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ دا نرخی هەر بەریلێک نەوت لە نێوان ١١٠ دۆلار بۆ ١١٥ دۆلاردا جێگیر ببێت.
عەمار عەزیز دەوروبەری کاتژمێر 9و نیوی ئەم شەو فرۆکەی تورکیا چەند شوێنێک لەناوچەی سەردەشت لە چیای شەنگال بوردومان کرد. موراد سەعید ، دانیشتووی ناوچەی سەردەشت لەچیای شەنگال بە هاوڵاتی وت" بوردومانەکەی ئەمشەو لە چیای شەنگال بارەگایەکی یەبەشە کراوەتە ئامانج بەڵام نازانین زیانەکان چین چونکە تاڕادەیەک لە ئێمە دوورە،پەیوەندیمان بە چەند کەسێکەوە کردووە ووتیان دەنگی بوردومانەکەمان بیستووە بەڵام ئەوانیش نازانن زیانەکان چین. هەروەها " هەر ئەمشەوە دژە تیروری کوردستان ڕاگەینراوێک یان بڵاوکردوەتەوە وتیادا هاتووە، فرۆکەی تورکیا ئەم شەو بارەگایەکی یەبەشەی لەچیای شەنگال بوردومانکردوە بەوهۆیەوە کۆژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
هاوڵاتی ئەمریکا رایگەیاند بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندان و بڕینی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی ژمارەیەک سزای بەسەر کۆماری ئیسلام ئێراندا سەپاندوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد ژمارەیەک سزای بەسەر بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئێراندا سەپاندوە و ئەگەر سەرکوتەکانیش بەردەوام بێت سزای دیکە دژی ئەو دەسەڵات لەو وڵاتە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینە؛ لە ناو لیستی سزادراواندا هەر یەکە لە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ و عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن (پەیوەندییەکان)ی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتونەتە لیستی سزا نوێیەکانی واشنتۆن. هاوکات لەگەڵ ئەو دوو وەزیرە پێنج بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر بە هۆی توندوتیژی و سەرکوتی خۆپیشاندەرانەوە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنرا.
هاوڵاتی تورکیا بڕیاریدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنکەرە، باڵیۆزەکەی رەوانەی ئیسرائیل بکات. تەلەفیزیۆنی (تی ئار تی) تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنکەرە باڵیۆزی وڵاتەکە رەوانەی ئیسرائیل دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا جێگیر دەکرێت. تی ئار تی ئاماژەی بەوەدا کە شاکر ئۆزجان تورنولار لە لایەن تورکیاوە دەبێتە ئەرکدار و باڵیۆزی وڵاتەکە لە ئیسرائیل و لە تەلئەبیبی پایتەختی ئەو وڵاتەکە دەستبەکار دەبێت. پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی کوژرانی 60 فەڵەستینی ، لە خۆپیشاندانەکانی دژی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کەرتی غەزە، تورکیا و ئیسرائیل باڵیۆزەکانی یەکتریان لە وڵاتەکانیان دەرکرد و لەو کاتەوە تورکیا هیچ باڵیۆزێکی لە تەلئەبیب جێگیر نەکردبو. نزیکەی 10 ساڵە هەندێکجار ناکۆکیی لە نێوان تەلئەبیب و ئەنکەرە دروست دەبێت بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە سەردەمی کێشەکانیشیاندا گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا و نزیکەی هەزار کۆمپانیای ئیسرائیل لە تورکیا کار دەکەن.
هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە دەربارەی چەند شروبێکی کۆکە دوای ئەوەی بووە هۆی مردنی ٦٦ منداڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە لەسەر چەند شروبێکی کۆکە کە پێیان وایە بۆتە هۆی مردنی ٦٦ منداڵ لە گامبیا و ڕایگەیاند کە دەبێتە هۆی زیانی کوشندە بە گورچیلەکان. ڕۆژی چوارشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کرد کە شیکردنەوەی تاقیگەی دەکەن بۆچەند شروبێکی کۆکە کە لە لایەن کۆمپانیای دەرمانسازی میدێن دەلهی نوێ دروست کراوە. لەم بارەیەوە بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئادهانۆم ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە مردنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی برینداربوون لە گورچیلەکانیاندا مردوون لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ئەنجام دراوە بەڕێوەچووە و تیایدا لێکۆڵینەوەیان لە چەند شروبێکی کۆکەی منداڵان کردووە کە ئەمانەن Promethazine Oral Solution, Kofexmalin Baby Cough Syrup, Makoff Baby Cough Syrup and Magrip N Cold Syrup. تاقیگەکانی WHO بۆیان دەرکەوتووە کە هەموو شروبەکان "بڕێکی قبوڵنەکراو" دای ئەسیلین گلایکول و ئیثیلین گلایکولیان تێدایە، کە هەردووکیان دەکرێت ببێتە هۆی شکستێکی کوشندەی گورچیلەکان. ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند تا ئێستا بەرهەمەکان تەنیا هەناردەکراون بۆ گامبیا بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمیەکانەوە لە بازاڕەکانی تردا دابەش کرابن. ئەمەش لە کاتێکدایە ستافی وەزارەتی تەندروستی لە هیندستان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە " لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە بابەتەکەدا دەستی پێکردووە ". ڕاشیانگەیاند "هەموو هەنگاوە پێویستەکان" دەبرێنە بەر بەڵام ئەوان هێشتا چاوەڕێی ڕاپۆرتێکن کە پەیوەندی لە نێوان مردنی منداڵەکان و بەرهەمە پزیشکییەکانی ناوبراوەکەدا دروست دەکات"
هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵی و بەهەدەر دانی پارەوسامانی دەوڵەت فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو بەرپرسی باڵای عێراق دەرکردووە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە دادگای تاوانی کەرخ تایبەتمەند لە دۆسیەكانی دەستپاكی، سزای زیندانیكردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان لە وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی بابل دەرکردوە. دەستەی دەسپاکی عێراق ڕاشیگەیاند، دادگای کەرخ سزای شەشساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامە لە وەزارەتی بەرگری پێشوو دەرکردوە بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە پارەی گشتی گەیاندووە. ئاماژهی بهوهشكرد، دادگاکە سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەر بهڕێوهبهری گشتی پێشووی شارهوانییهكانی بابل بۆ ماوهی دوو ساڵ سهپاندوە، بههۆی ئهو پێشێلكاریانهی لە گرێبەستەکانی کڕین ئەنجامی داوە.
