هاوڵاتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا لە تویتەر لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچوونی خۆی دەربڕی و ستایشی ئەنجوومەنەکەی کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق بە تایبەت دژی ئەو هێرشانەی کە "لێرە و لەوێ" دەکرێنە سەر خاکی عێراق. موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا ڕایگەیاند کە دژی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەپەلە دەوەستێتەوە، چونکە حکومەتێکی زۆر لە عێراق پێکهات و زۆربەیان زیانیان بە خەڵک گەیاندووە هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی کرد" گوێ لە وتەکانی نوێنەری عێراق نەگیرێت، چونکە هیچ لە وتەکانیدا ئاماژەی بە راستییەکان نەدەدا." گوتیشی "لە بەدیهێنانی چاکسازیش هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین." لەبارەی ئەو چەکانەی کە لە دەستی گرووپ و هێزە چەکدارەکاندان، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رووبەڕووی فشارێکی زۆری ئەو هێزانە دەبێتەوە، لەکاتێکدا خۆی سەرۆکوەزیرانە و بەشێک لە چەکدارەکان گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی ناکەن. ڕاشیگەیاند، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە چەکداری لە دژی ناڕەزایی خەڵک بەکارنەهێنرێت و لە چوارچێوەی دەوڵەت بکرێتە دەرەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارانی ڕووداوی کوشتنی ژنە ڕۆژنامەنوسەکەی گەڕەکی بەختیاری سلێمانی دەستگیر دەکەن . بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند:سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەمە ( ٢٠٢٢/١٠/٤) ئاگادارکراین لە ڕووداوێکی كوشتنی ژنێک بەناوی ( ناگەهان کمال ئاکارسێڵ ) لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و پاش بەدواداچوونی وورد لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە ژێر ڕێنمایی بەڕێز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- کۆیە توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین و لە ئیستا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە ، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەکەین کە هاوکارمان بوون لە دەست خستنی زانیاری لەسەر تۆمەتباران . بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ٢٠٢٢/١٠/٤.
هاوڵاتی هەواڵگریی ئەمریکا رایگەیاند لێکۆلێنەوەکانی واشنتۆن دەریخستوە خۆپیشاندەرانی ئێران یەکڕیزیی و یەکگرتی خۆیان پاراستوە، بۆیە پێویستە هاوکارییان بکرێت. ویلیام برێنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بە تەلەفیزیۆنی (سی بی ئێس)ی وڵاتەکەی راگەیاند؛ خەڵکی ئێران بێزارن لە سەرکوتی سیاسی و توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکانیشی بە دڕندانە ناو بردوە. ئەو بەرپرسەی ئەمریکا وتویەتی: واشنتۆن گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی کە پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندەرانی ئێران بکات لە پێناو ئازادیدا بۆیە لە هەنگاوی داهاتودا کار دەکات بۆ دابینکردی ئینتەرنێتی ئازاد و بە بێ سانسۆر بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە. برێنز جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێران بە رامبەر خۆپیشاندەران و لە چوارچێوەی رێگریی لەو دەسەڵاتەشدا هاوكاریی و پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران دەکرێت لە هەر رێگەیەکەوە کە واشنتۆن بە گونجاوی بزانێت.
هاوڵاتی بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت ، فرۆشی فڕۆشگا ئۆنلاینەکانی ئێران بە رێژەی 87% کەم دەکات و پێشبینی دەکرێت 400 هەزار کار و پیشە بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت لە لایە حکومەتەوە لەناوبچێت. پێگەی پادرۆ بۆ کار و بازرگانیی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین لە ئێران بڵاوی کردەوە بەهۆی ئەوەی حکومەت لە ئێران وەک هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەکان ئینتەرنێت دەبڕێت و لە هەندێک حاڵەتیشدا فیلتەری دەکات هەر فرۆشگایەکی ئۆنلاین لە یەک هەفتەدا (50) ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی (150) دۆلار زیانی بەرکەوتوە. ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوە کردوە لە تەنها لە دو هەفتەدا هەر فرۆشگایەکی ئۆنلاین لانیکەم 300 دۆالار زیانی بەرکەوتوە و ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لە بڕینی ئینتەرنێت ئەوا 400 کار و پیشە کە بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە شکست دەهێنن. ئەنجومەنی بازرگانیی ئەلیکترۆنیک لە ئێران ئاشکری کردوە سەردانی فرۆشگا ئۆنلاینەکان 97% کەمی کردوە و فرۆشیشیان لە 15 رۆژدا 87% بەراورد بە رابردو کەمی کردوە.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای دەکات کوڕ و کچی زیاتر لە پێنج هەزار بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە دەژین. هاجەر چنارانی، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمانی ئێران) لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە پەرلەمان رایگەیاند؛ زیاتر پێنج هەزار و 400 کوڕ و کچی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەژین. چنارانی وتویەتی: ئەو بەرپرسانی ئێران کە کوڕ و کچەکانیان مافی مانەوەیان لە وڵاتانی بیانی هەیە دەبێت هاوشێوەی منداڵەکانیان وڵاتەکە جێبهێلن لەگەڵ منداڵەکانیان بژین. ئەو پەرلەمانتارە داوای کرد یاسای رەتکردنەوەی بەرپرسانی خاوەن دو رەگەزنامە لە ئێران بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بیر لە وەرگرتنی رەگەزنامەی وڵاتانی دیکە نەکاتەوە. هاجەر چنارانی وتوشیەتی ناکرێت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە بکەن و لە هەمان کاتیشدا هەڵگری رەگەزنامە و ناسنامەی ئەو وڵاتانە بیت.
هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوێندکاران ئاگادار دەکاتەوە لە ماوەی ١٥ رۆژی دهاتوودا ناوی دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان رادەگەینرێت. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرقاڵی ئامادەکردنەکان بۆ پێشوازی کردن لە قوتابیانی نوێ ولە هەمان کاتیشدا هەنگاوەکان بۆ تەواو کردنی رێکارەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێم بەردەوامن. د.عهبدولفهتاح عهبدولڕەزاق، بریكاری وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند له دوو ههفتهی ئایندە ناوی دهرچووان ڕادهگهیێندرێت لهبارهی ڕاگهیاندنی ناوی دهرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادهیی له زانكۆ و پهیمانگهكانی هەرێمی کوردستان. بریكاری وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی رایگەیاند:''بۆ ئهمساڵی خوێندن تهواوی ئامادهكارییهكانمان بۆ پێشوازیكردن له دهرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادهیی كردووه. دوای پڕكردنهوهی فۆڕمهكان له ڕێگهی سیستهمی زانكۆلاین، وهزارهت دەست به چارهسهركردنی داتا و پڕۆگرامهكان دهكات بۆ دابهشكردنی قوتابیان و خوێندكاران به گوێرهی نمرهكانیان بهسهر زانكۆ و پهیمانگهكان. ڕاگهیاندنی ناوی قوتابیانیش له زانكۆ و پهیمانگهكان ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ دهخایهنێت. وهكو پلانی وهزارهت، كورسی خوێندنمان بۆ ههموو دهرچووان دابین كردووه، بهڵام ههندێك حاڵهت ههیه بۆ نموونه قوتابی ههیه ڕەنگه ناوی لهو شوێنه نهگهڕێتهوه كه ئارهزووی خۆیهتی، بۆیه لهوانهیه له خوێندنی تایبهت بخوێنێت، بۆیه له ئێستادا ناتوانین ڕێژەیهكی تهواو ئاشكرا بكهین و چاوهڕێی تهواوبوونی پڕۆسهكه دهكهین.'' پهیوهست به پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابیان و خوێندكاران له ساڵی ٢٠٢١ ـ ٢٠٢٢ له وهزارهتی خوێندنی باڵا د.عهبدولفهتاح عهبدولڕەزاق رایگەیاند، داوا له ئهنجوومهنی وهزیران كراوە كه پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندكاران بكهن، ئەویش بڕی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار دابین كراوە بۆ نۆژەنكردنهوهی بهشه ناوخۆییهكان پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندكاران، بۆیه بۆ ئهمساڵی خوێندنیش ههوڵی تەواو دراوە بۆ ههمان بابهت. سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابی نوێ سەبارەت بە کردنەوەی زانکۆ و کۆلێژی نوێ، د.عهبدولفهتاح عهبدولڕەزاق، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەی رابردوودا كۆلێژی ڤێتهرنهرییان كردووەتهوه و كۆلێژی شوێنهواریش دهتوانێت قوتابی وهرگرێت، بهڵام لهسهر ئاستی زانكۆ دوو پرۆپۆزهڵیان ئاماده كردووه و داویانەتە ئهنجوومهنی وهزیران بۆ ئەوەى ههردوو زانكۆی پۆلهتهكنیكی گهرمیان و زانكۆی ئاكرێ بۆ زانسته كردارییهكان لە ساڵی ئایندە بتوانن قوتابی وهربگرن. لهسهر ئاستی زانكۆ ناحكومییهكانیش لقی زانكۆی لهندهن پڕۆپۆزهڵهكهی لهناو ئهنجومهنی وهزارهت گهنگهشه دهكرێت و بڕیاری لهسهر دهدرێت. سەبارەت بە داشكاندن له كرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل له خوێندنی تایبهت بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند:''به پێی ڕایكینگی زانكۆكان ١٠% بۆ ٢٠% داشكان كراوه، سهبارهت به خوێندنی زانكۆ حكومییهكان به خۆشحاڵییهوه ئهنجومهنی وهزیران ڕازی بوو لهسهر داشكاندنی خوێندنی پارالێل و ئێواران به ڕێژەی٤٥% و ههوڵ دهدەین پهسهند بكرێتهوه، ئهم داشكاندنهش بۆ منداڵی شههید ڕێنمایی جیاواز ههیه به مهبهستی یارمهتیدانیان، خوێندنی پارالێل بۆ ههموو ئاستهكان لێخۆشبوونیان بۆ دهكرێت، بهڵام ڕەنگه له بهشێك بۆ بهشێكی دیكه ڕێژەكه گۆڕانكاری بهسهردا بێت. '' خوێندنی ماستهر و دكتۆرا ڕادهگهیێندرێت. سهبارهت به دهستپێكردنی خوێندنی ماستهر و دكتۆرا، بریكاری وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی گوتی:''پلانهكه له بهشه زانستییهكانهوه دهست پێ دهكات و ئێستا له دیراسهتكردنه، ئێستا خهریكین خشتهیهك دیاری بكهین و دواتر له ماڵپهڕی وهزارهت بڵاوی دهكهینهوه. بۆ بهدهستهێنانی كورسی ماستهر و دكتۆرا پێویسته قوتابی له تاقیكردنهوهی زانستی دهربچێت، واتا ١٥ له ٣٠ وهربگرێت و ئینجا دهچێته ناو كێبەركێ و به گوێرهی پێوهرهكان مامهڵهی لهگهڵ دهكرێت. ده ناوی یهكهم كورسییهكان وهردهگرن، زانینی زمانی ئینگلیزی گرنگه بۆ ئهو كهسهی پێشكهشی دهكات بۆ ئهوهی توانای پێشبڕكێی ههبێت و بوونی بڕوانامهی زمان بۆ وهرگرتن ئهولهویهتی پێ دهدرێت.'
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٢، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی شاندی عێراق کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی ڕەوشی عێراق ئەنجام دا و تێیدا جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راپۆرتی وەرزیی لەبارەی دۆخی عێراق پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرد. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بارودۆجی سیاسی عێراق و هەرێم ڕایگەیاند،"داوامان لە سەرکردەکانی عێراق کرد تا ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنن". هەروەها ڕایگەیاند "تاوەکو ئێستا لایەنە کوردییەکان لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوو". ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکی نێوان شیعە و شیعە هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. پلاسخارت باسی لە دوایین خۆپێشاندانەکانی عێراق کرد کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و برینداربوون و گوتی، ئەوە مایەی "نیگەرانی جیدیمانە. باسی لەوەش کرد، "دەبێت هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا هەبووە بە مەبەستی نەهێشتی کێشەکان." جێنین پلاسخارت پێیوایە، دۆخی عێراق "هەستیارە" و داوای گۆڕانکاری لە بارودۆخی عێراقدا دەکات. جێگەی باسە نوێنەری شاندی عێراق ڕایگەیاند: “ئێران و تورکیا سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ئێران بە درۆن هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، نابێت عێراق بە پاساوی تیرۆر بکرێتە ناوچەی ململانێ.”
هاوڵاتی ئەکادیمیای ژنۆلۆجی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی تیرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی ئەکادیمیاکەیان دەکات وداوا دەکەن بە زوترین کات بکەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکرێت، کەمێک پێش ئێستا ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیاکە بڵاوکردووەتەوە، کە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە تەقەی لێکراو گیانی لەدەستدا. لە بەیاننامەکەدا هاتووە:”کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیمان و هەمانکات ئەندامی دەستەی وەشانی گۆڤاری ژنۆلۆژی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری سلێمانی شەهیدبوو، ئێمە بەتووندی ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار دەکەین، کە هێزە فاشیست و هەژموونخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرامبەر ژنانی بەرخۆدێر ئەنجامی دەدەن”. هەروەها ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، “بەزووترین کات بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزنەوە، کە درێژکراوەی تاوانە دڕندانەکانی پێشووە کە بەرامبەر هەریەک لە یاسین بوڵوت و محەمەد زەکی چەلەبی و سوهەیل خورشید ئەنجامدران، ئەگەر بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرانەکرێن، ئەوە حکومەتی هەرێمیش دەکەوێتە بەر شەپۆلی شۆڕش ژن، کە ئێستا سەریهەڵداوە”. ئاماژە بەوەش دەکات، کە ناگیهان ماوەیەکی زۆر ڕەنجی داوە لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، بەتایبەت لە کارەکانی بزووتنەوەی گەنجانی زانکۆ، چاپەمەنیی و کاروخەباتی ژنۆلۆژی، “بە فیداکارییەکی گەورەوە پێشەنگایەتیی کردووە، لەبەر خاتری ئەو تێکۆشانەش چەندین ساڵ لە زینداندا بەرخۆدانی کردووە”. هاوکات تیشکی خستووەتەسەر تێکۆشانی شەهید ناگیهان لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت:”لە ساڵە هەرە زەحمەتەکانی شۆڕشی ژندا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە عەفرین، بە بوێریی و پێداگیرییەکی زۆرەوە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنگ و شوناسی ژن وەربگرێت و ژنان هۆشیار بکاتەوە، دەست لەسەر دڵ بووە بۆ ژنانی شەنگال، کە ڕووبەڕووی وەحشییەتی داعش ببوونەوە، لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسیی و مێژووی شەنگال و شەنگالییەکان”. لەبارەی کارەکانی شەهید ناگیهانیشەوە لە باشووری کوردستان، ڕایگەیاندووە:”ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستاندا لە سلێمانی کاروباری کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنانی کورد و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەدەبرد، لەکاتێکدا بە زانستی ژن پێشەنگایەتیی خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی ژنی دەکرد، بەدەستی چەپەڵ و تاریکی هێزە داگیرکەرەکان بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا”. ئەوەش هاتووە:”ناگیهان ئاکارسەل چەندین ساڵ ڕەنجی دا بەرامبەر ئەو فاشیزمەی، کە ژینا ئەمینیی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، کاری بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی زیهنیی و زانستیی ژنان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەکرد، ئێمە ناگیهان ئاکارسەل بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان دەژیێنین، جەخت دەکەینەوە، کە تۆڵەی هەڤاڵ ناگیهان لە زیهنییەتی تاریکی فایشزم و پیاوەتیی دەکەینەوە”. ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی داواش لە هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، ئازدیخواز و ئەکادیمیستەکان دەکات، “ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار بکەن و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تێکۆشانی دژی داگیرکاریی و فکری تاریکی فاشیزم بەهێزبکەن”. ژنۆلۆژیی بەتایبەتیش داوا لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و کافییە سلێمان و هەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکات، “فشار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، لە بەرامبەری ئەم تاوانەش وەک وەک بەشێک لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” چالاکیی بکەن”.
هاوڵاتی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(USAID) رایگەیاند حکومەتی هەرێم ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ ئەو گەنجانەی کە بیرۆکە و پڕۆژەیان هەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ئێرڤ هیکس کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لەڕووی ناردنی راوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا. جێگری سەرۆک وەزیران داواشی کرد لە هاوکارییەکانیان بەردەوام بن و بە تایبەتیش هاوکاری گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاند حکومەتی هەرێم لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و چاکسازییەکان و هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردوە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بە هەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەکەین و هەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە. لەلایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا.
هاوڵاتی بەپێی پرۆژە یاسایەک کە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) پێشکەشیانکردووە، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژدەکرێتەوەو وابڕیارە سبەینێ لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بکرێت. رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و وابڕیارە رۆژی 06-11-2022 ماوەکەیان کۆتایی پێبێت. جێگای ئاماژەیە ژمارەیەک فراکسیۆن ئیمزایان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نەکردووە کە ئەوانیش فراکسیۆنەکانی (كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان ( عەلی حەمەساڵح ، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری).
هاوڵاتی ئەو ژنەی بەیانی ئەمڕۆ لەگەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی کوژرا، دەرکەوت رۆژنامەنوسێکی نزیک لەپەکەکەیەو خەڵکی باکوری کوردستانەو تیرۆرکراوە. ئاژانسی (ڕۆژ نیوز)بڵاویکردۆتەوە ناگەهان ئاكارسەل ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆركرا. پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ ،لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لەماڵەكەی خۆی و ناوەندی ژنۆلۆژی ناگەهان ئاكارسەل درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەست بەجێ شەهیدكرا. ناگەهان ئاكارسەر، چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆ لۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی بووە، خەڵكی شاری كۆنیای تورکیایە وبە ڕەچەڵەك كوردە.
هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 4 تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کۆببێتەوە و رەوشی عێراق تاوتوێ بکات. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردبوویەوە کە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی بەغدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کۆدەبێتەوە. راشیگەیاندبوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رەوشی عێراق تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەیشدابوو کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات و کورتەیەک سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق پێشکەش دەکات.
هاوڵاتی تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیردەکات و دەست بەسەر 19 هەزار داری زەیتوندا دەگریت. لەماوەى مانگى رابردودا لەلایەن سوپاى تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش ژن و منداڵ لەنێوانیاندایە. هاوارنیوز بڵاوی کردەوە، لە مانگى ئەیلول و لەلایەن سوپاى تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیرکراون کە سیانیان منداڵ و پێجیشیان ژنن. جگە لە دەستگیرکردنى ئەو ژمارەیە لە هاوڵاتییانى عەفرین، هەر لەو مانگەدا لەلایەن چەکدارانی سەر بە تورکیا 19 هەزار درەخت بڕدراونەتەوە و دەستیش بەسەر 17 هەزار دەرخت زەیتوندا گیراوە.
هاوڵاتی کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ تورکیا لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ دۆخی زیندانییان کردووە.. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بڵاویکردۆتەوە کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ تورکیا، لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تیمێکی ڕێکخراوەکە سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە. سی پی تی ڕایگەیاندووە، کە بەئامانجێکی تایبەت سەردانی تورکیای کردووە، لە سەردانەکەشدا بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوە بیانییەکان لە تورکیا و هەلومەرجی ڕاگرتنیان و ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەیان کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، کە شاندەکەی سی پی تی سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ هەلومەرجی زیندانیکراوان و پەیوەندیکردنیان بە دەرەوە کردووە. هەر لە سەردانەکەدا، شاندەکەی سی پی تی لەگەڵ سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا و ساڤاش ئۆنلو، سەرۆکی بەشی کۆچبەران و ئاکین گورلەک، جێگری وەزیری دادی تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی تورکیا کۆبوونەتەوە و “تێبینییە سەرەتاییەکانی خۆیان پێشکەش کردوون”. ڕێکخراوی سی پی تی تاکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، کە دەتوانێت بەبێ مۆڵەتی حکومەتەکان، سەردانی زیندانەکانی ٤٦ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بکات، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تائێستا هەشت جار شاندی ناردووەتە زیندانی ئیمرالیی لە تورکیا. سەردانی سی پی تی بۆ زیندانی ئیمرالیی لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان تەنها پێنج جار توانیویانە چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستاش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالیی لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە وەڵام نەدراونەتەوە. دادگای سزا قورسەکانی بۆرسا ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە وەڵامی داواکارییەکی پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ڕایگەیاند، کە بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە. سزاکەش لە ٣١ی ئایارەوە دەستیپێکردووە و سێ مانگ دەخایەنێت. لە ماوەی ڕابردووشدا ٣٥٠ پارێزەر لە ئەوروپا و ٧٥٦ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ٤٤ پارێزەر لە باشووری کوردستان و ژمارەیەک پارێزەریش لە میسر، لوبنان و ئوردن کەمپەینێکیان ڕاگەیاند و داوای ئەنجامدانی دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.
هاوڵاتی واشنتۆن بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەرەانەوە سزای نوێ بەرسەر ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنێت کە دەستیان لە توندوتیژییەکان و سەرکوتی هاوڵاتییانی وڵاتەکەدا هەبوە. جۆ بایدن؛ سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی دوشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ وتویەتی: واشنتۆن نیگەرانە لەو دۆخەی کە لە ئێران هەیە و هیزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش سەرکوتی ئەوانە دەکەن کە لە پێناو دادپەوەریی و کەرامەتی مرۆییدا خۆپیشاندان دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ حکومەتی ئێران دەیان ساڵە ئازادییەکانی خەڵکی پێشێل کردوە و بە ترس و تۆقاندن نەوی نوێی وڵاتەکەشی سەرکوت کردوە. بایدن وتوشیەتی، ئەمریکا پشتیوانی هەمو ژنان و هاوڵاتییانی ئازادیخوازی ئێران دەبێت کە ئازایەتییان مایەی دڵگەرمیی هەمو جیهانە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە وڵاتەکەی کۆمەڵێک سزای نوێی دژی سەرکوت لە ئێران ئامادە کردوە و لەم هەفتەیەدا سزاکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لایەکی دیکەوە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک رایگەیاند؛ بە کردار پشتیوانیی لە ژنان و خۆپیشاندەرانی ئێران دەکەن کە لە پێناو ماف و شکۆی خۆیاندا تێدەکۆشن.
