هاوڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:" ڕەزامەندییان دەربڕیوە لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سەردانێكی بەپەلەی بۆ پۆڵەندا بكەن، بۆئەوەی بزانن لەوێ چی ڕوودەدات". دیمەنی دوێنێی، كۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیانی باشووری كوردستان لە سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا میدیا ناوخۆی و جیهانییەكانی تەنی و ناڕەزایی گەورەی بەدوای خۆیداهێنا. لەسەر ئەو پرسە، لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی: لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی كوردیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان داوایان كردووە، گەشتێكی بەپەلە بكەن بۆ پۆڵەندا، ئێمە ڕەزامەندیمان دەربڕیوە بۆ ئەو گەشتە و داوایان لێدەكەین، سبەینێ گەشت بكەن، بۆئەوەی لەماوەی سێ ڕۆژدا پێمان بڵێن ئەوەی لەوێ ڕوودەدات چییە؟. سەرۆكی پەرلەمانی هەرێم وتیشی: ئێمە هیچ ڕێگرییەکمان نییە، كۆبوونەوەیەكی تری پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بكەین، دوای گەڕانەوەی ئەو لیژنەیە. دەشڵێت: ئەوەی ڕوودەدات شتێكی ناسروشتییە و جیاوازە لەوەی پێشتر هەبوو، ئێستا خەڵك لە سنوورە و دەبێت پەرلەمان قسەی هەبێت و هەموو پێداویستییەك بۆ گەشتكردنی ئەو لیژنەیە دابیندەكەین.
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند:"ویستمان باسی کۆچی گەنجان بکەین، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان دەورێكی لاوازی گێڕا و بایکۆتی دانیشتنەکەم کرد". ئەمڕۆ دووشهممه 8ی تشرینی دووهمی 2021، كۆبونەوەی ئاسایی پەرلەمان دەستیپێكرد و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رێواز فایەق رایگەیاند:" شەڕی پەرلەمانتاران وایكرد كۆبونەوە لەسەر كێشەی كۆچی كۆچبەران بە ئامادەبونی پێنج وەزیر نەكرێت و دوابخرێت". هواكت پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە نارەزایی دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر كێشەی كۆچبەران هاتە دەرەوەی كۆبونەوەكە و بایكۆتی كرد. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ویستمان كۆبونەوەكە لەسەر پرسێكی زۆر گرنگ بێت لەسەر پرسی گەنجان و دانیشتەكە تایبەت بێت لەسەر ئەو پرسە و ئەوە بە درۆ بخەینەوە كە دەوترێت پەرلەمانی كوردستان دەوری سەرەكی ناگێرێت لە كێشەی خەڵكدا، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان دەورێكی لاوازی گێڕا و كاتێك بابەتەكە جدی بێت دەرفەتی قسەكردن نادات، بەڵام كە بابەتەكە شەڕە شەقی ناو فراكسیۆنەكان بێت جەوێك دەخوڵقێنێت كە بەردەوام بێت". پێشەوا هەورامانی وتیشی:" لەوڵاتێكدا بەپێی ئەوەی من پرسیومە تەنیا لە پێشانگایەكی ئوتۆمبێل دا لەمانگێكدا لەلایەن بەرپرسانەوە و ئەوانەی تیوە گلاون لە گەندەڵی چەندین ئوتۆمبێلی گرانبەها بۆ كچە مۆدێلەكان و ئەوانەی بەرهەمی بۆتۆكس و فیلەر بكڕدرێت، حەتمەن گەنجەكانی بێزار و بێتاقەت ئەبن". جەختی لەوەشكردەوە:"لەوڵاتێكدا ئەوانەی قاچاخچێتی جگەری مرۆڤ دەكەن وەزعیان زۆر باشتربێت لە پزیشكێكی نەخۆشیەكانی جگەر و دەست بەسەر داهاتی خاڵە سنوریەكاندا بگرن و بۆ خۆیانی سەرف بكەن ئەمە بە دڵنیاییوەە وادەكات گەنج بڕواتە دەرەوە و كۆچ بكات". وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئێمە پێشنیاری زۆر باشمان كردووە بۆ دۆزینەەوی هەلی كار و باشتركردنی دۆخی هاوڵاتیان و گەنجان بەتایبەتی بەڵام سەرۆكی پەرلەمان هیچ كات بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە و دەوری نەبووە".
هاوڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو رایگەیاند:" دوای سەدەیەک لەتاقیکردنەوەی ناسیۆنالیزم وهك ڕێباز و ئایدۆلۆژیایهكی سیاسی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت کە ئەم رێبازە شکستی هێناوە و "تەنها نمونهی حوكمڕانی دیكتاتۆر و شۆڤێنی بەرهەمهێناوە". ئەمڕۆ دووشهممه 8ی تشرینی دووهمی 2021، هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو لەهەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی لەوەشکردوە، "ناسیۆنالیزم وهك ڕێباز و ئایدۆلۆژیایهكی سیاسی، بۆماوهی زیاتر لهیهك سهده دهبێت لهڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا نهیتوانیوه ئهزمونێكی حوكمڕانی سهركهوتوو پێشكهشبكات.". ئاماژەی بەوەشکردوە، "بهپێچهوانهوه ئەم رێبازە تهنها نمونهی سیستمی حوكمڕانی دیكتاتۆری و شۆڤێنی و پشتبهستوو بههێزی سهربازی بهرھەمھێناوە".
هاوڵاتی فەرماندەی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند:" هێرشەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوانکاری بوو، میلیشیاکانی ئێران ئەو هێرشەیان کردووە". ئەمڕۆ دووشهممه 8ی تشرینی دووهمی 2021، کینیت ماکینزی، فەرماندەی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوانکاری بوو، میلیشیاکانی ئێران ئەو هێرشەیان کردووە، ئەو رووداوەش ئەمریکای نیگەران کرد". کینیت ماکینزی وتیشی: "بینیمان گرووپەکانی سەر بە ئێران کە زانییان ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی دەست بە دەسەڵاتەوە بگرن پەنایان بۆ تووندوتیژی برد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئەوەش باش نییە، بە دڵنیاییەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن بەرەنگاری ئەوە ببنەوە، بەڵام پەنابردنی میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێرانەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا بۆ کردەوەی تاوانکاری دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق". فەرماندەی فەرماندەیی سەربازیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکراشی کرد: "رێکخراوەکانی قاعیدە و داعش هەوڵی گەڕانەوە بۆ عێراق دەدەن، باوەڕیشم وایە هێزەکانی عێراق دەتوانن رێگە لەوان بگرن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان بەبێ بەشداریکردن لە شەڕی چەکداری". هاوكات دوێنێ دوو شەممە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: ''ئەمریكای تۆمەتبارە لە تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق.'' شەوی یەکشەممە 7-11-2021 بە سێ فرۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دوو لە فڕۆکەکان لە ئاسمان تەقێندرانەوە و یەکێکیشیان ئامانجەکەی پێکا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 14 ئەم مانگەی بە رۆژی یادکردنەوەی دامەزراندنی سلێمانی دياريكرد. ئەمڕۆ سێشەممە 9ی تشرینی دووهمی 2021، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوەوە و لە كۆبونەوەكەدا بڕیارییاندا بە كۆی دەنگ ڕۆژی 14ی مانك كە دەكاتە ڕۆژی دامەزراندنی سلێمانی بە ڕۆی یادكردنەوەكەی دیاریبكرێت. بەرنامەی کاری کۆبونەوەکەش لە سێ تەوەر پێکهاتبو، لەوانە دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی رۆژی سلێمانی بۆ یادکردنەوەی ساڵانە، دەنگدان لەسەر گۆڕینی ناوی گوندی (کانی مانگا) بۆ ناوی (کەژان) سەر بە قەزای پێنجوێن، دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی گواستنەوەی گوندی (قەڵا رێویلە) لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی. لە کۆبونەوەکەدا 28 ئەندامی ئەنجومەن ئامادەبون و 24 کەس دەنگیاندا بە دیاریکردنی رۆژی سلێمانی، چوار ئەندامیش دەنگیان نەدا.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند:" ئێستا رووبەڕووی "سەختترین" دۆخ بووینەتەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنوور". دەشڵێت:" سنوورەکەمان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پارێزراوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر سنوور زیاد دەکەین". وتەبێژەکەی حکومەتی پۆڵەندا ئەوەشی وتووە کە بێلاڕووس هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە دەکات لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە بچنە وڵاتەکە و لەوێوە دەیاننێرێت بۆ پۆڵەندا. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئێستا "سنوورەکەمان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پارێزراوە." هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر سنوور زیاد دەکەن، بەتایبەتیی لەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە هێرش بکرێتە سەریان. نایشی شارێتەوە کە هەوڵی زیاتر دەبێت لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ بڕینی سنوورەکەیان. بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی پۆڵەندا، ئێستا سێ بۆ چوار هەزار کەس چوونەتە سەر سنووری وڵاتەکەیان، لەولاتریش هەزاران کۆچبەری دیکە خۆیان ئامادەکردووە. سزاکانی سەر بێلاڕووس لەلایەن برۆکسلەوە لەو کاتەوە دەستیان پێکرد کە بێلاڕووس بەمەبەست فڕۆکەیەکی بەرەو وڵاتەکەی خۆی ئاراستەکرد کە لە یۆنانەوە بۆ لیتوانیا دەچوو، تاوەکو رۆژنامەڤانێک و هاوڕێ کچەکەی دەستگیربکات کە ئۆپۆزیسیۆن بوو. سەرۆکی وڵاتەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لەسەرین لەبارەی بەکارهێنانی کۆچبەران. هاوکات هێزی خزمەتگوزاریی سەر سنووری بێلاڕووسیش دەڵێت، ئەو کۆچبەرانە "هیچ مەترسییەک دروست ناکەن."
هاوڵاتی سهركۆماری توركیا رایگەیاند:" ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لەدەرەوەی سنور پرسێکی تایبەتن بە ئاسایشیی نەتەوەیی تورکیاوە و "له سهرهوهی سیاسهتن، بۆیە ئەوانەی دژی دەوەستنەوە خەریکی هاوکاری تیرۆرن و بێ ئامانجن". رهجهب تهیب ئهردۆغان شەوی رابردوو دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپهراسیۆنهكانی وڵاتهكهی له دهرهوهی سنوور پرسێكن له سهرهوهی سیاسهتەوەن و ئەوانەی دژی ئەم ئۆپەڕاسیۆنەن "سەرقاڵی هەڵدانی هێلەکی فریاکەوتن بۆ ئەندامانی رێكخراوی تیرۆریستیی". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی دەڵێن سوپا قەندیل دەسوتێنێت و "بەدرۆ و بوختانی جۆراوجۆر دەنگیان بە مانهوهی سوپا له عێراق و سووریا نەدا، بێ پرهنسیپن". 26ی مانگی رابردو پەرلەمانی تورکیا دەنگیدا لەسەر داواکاری سەرۆکی تورکیا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە، پارتی گەلی کۆماریش کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە بڕیارەکەی رەتکردەوە. پەرلەمانی تورکیا هەروەها رۆژی سێشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2021 ماوەی مانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیای لە مالی و کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژکردەوە.
هاوڵاتی لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە دانوستاندنی نێوان حکومەتی دیمەشق و بەڕێوەبەری خۆسەر دەکەن، لوقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هاوار نیوز-ی وتووە، "لە ئێستادا هیچ پرۆسەیەک نییە، بەڵام ئەوان بۆ دیالۆگ ئامادەن". وتوشیەتی، " لەم قۆناغەدا لە نێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشقدا هیچ دیالۆگێک نییە. ئەو قسانەی کە دەوترێت، هەندێک دەڤەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رادەستی حکومەتی دیمەشق کراون، ڕاست نییە ئەمە بەشێکە لە ئەو شەڕە تایبەتەی کە لە بەرانبەر هەرێمەکەمان بەڕێوە دەچێت". لوقمان ئەحمێ باسی لەوەشکردووە، "بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و پاراستنی پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و بەڕێوەبەری خۆسەر ئەوان ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەک دیالۆگ بکەن". پێشتر، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا رایگهیاند، "بە مەبەستی گفتوگۆکردن لهبارهی دامهزراندنی کۆمیتهیهکی باڵای هاوبهش و داڕشتنی ژمارهیهک یاسای تایبهت به ئیدارهی خۆجێی سیستمی بهڕێوهبهری، شاندی ئیدارەی خۆسەریی کوردانی سوریا و حکومهتی سووریا کۆدهبنهوه". ئاماژهی بهوهشکرد، "روسیا پێداگرە لە نێوهندگیرکردن له نێوان بەڕێوەبەری خۆسەر و حکومهتی سوریا بۆ دهستپێکردنی دانوستان له نێوانیاندا". بهوتهی ئیلهام ئەحمەد، "حکومهتی روسیا بهڵێنیداوه که حکومهتی سوریا بۆ گهیشتن به رێککهوتنێکی گشتگیر له نێوان دیمهشق و کوردی سوریا رازیی دهکات".
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی سەربازی بەریتانی کۆبۆوە و وتی، "لەھەموو كات زیاتر پێویستە پەنا ببرێتەبەر گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاکسازییەکانی وەزارەتی پیشمەرگە بەردەوام دەبن". بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، ئەمڕۆ دووشەممە لە ھەولێر قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی سەربازی بەریتانی بەسەرۆكایەتی مارشال سامی سیمپسن گەورە راوێژكاری سەربازی حكومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقا کۆبۆتەوە. لە کۆبوونەوکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لەرەوشی عێراق كردووە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە لەھەموو كات زیاتر پێویستە پەنا ببرێتەبەر گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان بەتایبەت ئەو گرفتانەی لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەكانەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانەوە سەریانھەڵداوە. هاوکات، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بەوەداوە كە گرنگە كورد یەك دەنگ و یەك ریز بێت بەتایبەت لەئێستادا کە قۆناغی دەستپێكردنی گفتوگۆكانە لە بەغدا ئەوەش لەپێناو باشتر دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان دا. لەو کۆبوونەوەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ئامادەیبوو، لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەوە، قوباد تاڵەبانی وتویەتی، قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بەردەوامیش بەو پڕۆسەیە دەدرێت. وەفدە سەربازییەكەی بەریتانیاش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگی زیاتر و بەردەوامی لەپشتیوانیکردنی هەوڵەکانی چاکسازی، هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، راشیانگەیاندووە، "دەبێ هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و گفتوگۆ و دانوستان بکەنە بنەماى کارکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە".
هاوڵاتی سەرۆکی پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان دەکات لەبارەی دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری وڵاتەکەی کرد و لە ماوەیەکی کەمدا کۆبوونەوەکە رێکخرا. وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش تێیدا بەشداربوو. دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی سەرۆکایەتی پۆڵەندا بڵاویکردەوە باسی ئەو رێکارانە کراون بۆ روبەڕوبونەوەی دۆخەکە دەگیرێنەبەر. سەرۆکی وڵاتەکەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پەیوەندی دەبەستێت بۆ هاوکاریی زیاتر. ئەمڕۆ دووشەممە بەشێکی بەرچاو لە کۆچبەران کە زۆربەیان کۆچبەری کوردن لە بێلاڕووس کۆبوونەوە و بە لێشاو هەوڵی چوونە نێو خاکی پۆڵەندا دەدەن. وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا ڤیدیۆی کۆچبەرانی بڵاوکردووەتەوە و لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە کۆچبەرێک بە خاکەناز هەوڵی بڕینی تەلبەندەکانی سنوورەکە دەدات. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی دەبنەوە. بەپێی وتەی وەزارەتەکە کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "هەموو چالاکییەکانی کۆچبەران لەژێر چاودێریی سەربازانی بێلاڕووس بەڕێوەدەچن." ماریوش بلاشچاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا لە تویتەری خۆی ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 12 هەزار سەربازیان لەسەر سنوور بڵاوەپێکردووە. لەلایەکی دیکەوە بێلاڕووس پۆڵەندا بەوە تۆمەتبار دەکات کە کۆچبەران لەسەر سنوور دەچەوسێنێتەوە.
هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند:" ژماردنەوەی دەستی وێستگە تانەلێدراوەكان كۆتایی هاتووە، وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان هاوتان. ئەمڕۆ دووشەممە، كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ژمارەی تانەكان هەزار و 436 بوون، كە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی، (موسڵ، سەڵاحەدین، میسان، دیالە، بەغداد، هەولێر، كەركوك، كەربەلا، موسەننا، قادسە، ئەنبار، زیقار، بەسرە و نەجەف)، ژماردنەوەی دەستی وێستگە تانەلێدراوەكان كۆتایی هاتووە، وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان چونیەكن. ئەوەشخراوەتەڕوو، ''كۆمسیۆن دەستیكردووە بە وردبینیی وێستگەكان و ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی ئەو وێستگانەی بەڵگەیان لەسەر بووە و ژمارەیان 87 تانە بوون، ئەمەش كۆی ئەو وێستگانەی سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەیان بۆ كراوە چوار هەزار و 324 وێستگە بوون، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.'' باسکەوەشکراوە، ''وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان چونیەكن، تەنها كارتە پوچەڵەكان نەبێت، كە لیژنەكانی كۆمسیۆن لەڕێی وردبینی بە چاو بۆی دەركەوت ژمارەیەكی زۆر كەمیان كارتی دروستن، ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان گیرایەبەر بەپێی ڕێوشوێن و ڕێنوێنییەكان.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''تەواوی وردەكارییەكان لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو، دواتریش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.'' دوای پرۆسەی ژماردەنەوەكە، ئەنجامەكان لەلایەن لیژنەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی كۆمسیاران و ئەویش لای خۆیەوە بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی بەرزكردەوە، بەمەبەستی دەربڕینی ڕای خۆی.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر شێوازی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێل رێککەوتوون و لە چەند مانگی داهاتوودا تابلۆکان لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن". ئەمڕۆ دووشهممه 8ی تشرینی دووهمی 2021، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بنەمای پرۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە؛ ئێمە نیازمان هەبوو تابلۆکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕین و بیانگونجێنین لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان؛ دواتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی بەغدا هاتە سەر خەت؛ خۆشبەختانە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی فیدراڵیش پشتیوانی کرد؛ کۆنووسێکمان واژۆکرد و هەردوولامان لەسەر شێوازی تابلۆکان رێککەوتین؛ ئەوەی لەسەر رێککەوتووین لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت". بە وتەی رێبەر ئەحمەد، هەم ئەوان و هەم حکومەتی عێراق گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هەیە کە "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو گرێبەستە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند مانگی داهاتووشدا تابلۆکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن". سەبارەت بە بڕیاری پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان لە هەرێمی کوردستان، کە لە عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرچووە، وەزیری ناوخۆ گوتی: "لە عێراق بڕیارێک دەرچووە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئێمە پێشتر لە هەرێمی کوردستان، داوام لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کردبوو سەرژمێرییەک بکەن بۆ ئەوەی بزانین چەند ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا یان تۆمارنەکراون هەن؛ ئێستا ئەو ئامارانەمان لەبەردەستە؛ داوام لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانیش کردووە خوێندنەوەیەک بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکەن".
هاوڵاتی دواى گهیشتنى 200 ملیارهكهى بهغدا، وهزارهتى داراییو ئابورى حكومهتى ههرێم خشتهى دابهشكردنى موچهى سهرجهم وهزارهتهكانى ڕاگهیاند. ئەمڕۆ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند 200 ملیارەكە تەمویل كراوە و گەیشتە هەرێمی كوردستان، هەر دوا بەدوای ئەوە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكوەمتی هەرێم خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی راگەیاند. بەپێی خشتەكە سبەینێ سێ شەممە، 9 تشرینی یەكەمی 2021 زۆرترین وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتی موچە وەردەگرن و پێنج شەممە كۆتا وەزارەت موچە وەردەگرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی بە سەرپەرشتی رەفعەت عەبدوڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و كۆبونەوە. لەدوای تەواو بونی كۆبونەوەكە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵا,كردەوە و رایانگەیاندووە لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوا گۆڕانكاریەكان تاوتوێكرا، بەتایبەت ئەو بارودۆخەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتۆتە كایەوە. ئەوەشخراوەتە ڕوو، لە گرتنەبەری هەمو ئەو ڕێوشوێنانەی كە یەكڕیزی گەل ئەپارێزێت و لەو چوارچێوەیەشدا مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان بەدیدەهێنێ. لە كۆبونەوەكەد باس لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و چاككردنی گوزەرانی هاوڵاتیان کرد، بەتایبەت خۆئامادەكردن بۆ ئەو ئاڵانگاریانەی ڕوبەڕوی هەرێم دەبێتەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و سازان. ئەمەش لەكاتێكدایە لە پێش هەڵبژاردنی نپەرلەمانی عێراق یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانیەتیەكیان واژۆ كردو و پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد و لەلایەن هەموو بەرپرسانیشەوە تەئكید لەوە دەكرایەوە هاوپەیمانێتیەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردنیشە و بەردەوام دەبن.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق رایگەیاند:" بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان رێککەوتنێکی واژۆکردووە دەشڵێت، بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان پێویستی بە مامەڵەی تەواونییە. ئەمڕۆ دووشهممه 8ی تشرینی دووهمی 2021، حەیدەر کەریم بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەسەر دیزاینی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەھەموو جۆرەکانییەوە رێککەوتنێکی واژۆکردووە و لە ماوەیەکی تردا دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەشیخستۆتەڕوو، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان پێویستی بە مامەڵەکردنی تەواونییە، بەڵکو تەنھا ھەرکەس بەنیازە بیگۆڕێت بۆ تابلۆی نوێ یان تابلۆی نوێ تۆمار بکات دەتوانێت لەکاتی رایکردنی ھەر مامەڵەیەکی دیکەدا کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆدەکات ئەو کارەش ئەنجامبدات. باسیلەوەشکردووە، دەست کردن بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان دوای تەواوکردن و ئامادەکردنی تابلۆکان دەبێت کە لەنزیکترین کاتدا بەردەست دەبن.
