هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆری وتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوەدا، دوای لافاوەکەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر بەڵێنیان داوە ئەوەی لە توانایاندا بێت ئەنجامی بدەن، دەشڵێت، "ئه‌مڕۆش لێره‌ین تا به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین". رۆژی هەینی 30-10-2021  لە چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای هەولێر ر دروستبوو، دوو لەو شوێنانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت گوندی کۆری و شاری زێڕین بوون. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای رۆژێک سەردانی ئەو ناوچانەی کرد و قسەی لەگەڵ زیانلێکەتووان کرد. مەسرور بارزانی ئاماژە بە قسەی گەنجێک دەکات کە داوای کردووە قوتابخانەیان بۆ دروستبکرێت و دەڵێت، کاتێک سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە، "شتێك زۆر سه‌رنجی راكێشام، یه‌كێك له‌ كوڕه‌ گه‌نجه‌كانی دانیشتووی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، له‌ جیاتی ئەوەی داوای شتێك بۆ خۆی بكات، گوتی، ئێمه‌ قوتابخانه‌مان نییه‌، ئه‌گه‌ر بكرێت قوتابخانه‌یه‌كمان بۆ بکەنەوە". دوای لافاوەکە لیژنەیەک لە پارێزگاری هه‌ولێر و وه‌زیری شاره‌وانی دروستکرا و زیانەکانی لافاوەکەیان بە 5.5 بۆ شەش ملیار دینار خەمڵاند. پارێزگای هەولێر رایگەیاند 500 ملیۆن دیناریان بۆ قەرەبووی زیانلێکەتووان تەرخانکردووە و حکومەتی عێراقیش سێ ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە. مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت، پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە داوای کردووە کە لە بودجەی فریاگوزاری بڕێک پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەویش بەڵێنی پێداون و دواتر سێ ملیار دیناریان بۆ تەرخانکردووە. لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد لە کابینەیەی حکومەتدا زیاتر لە 50 قوتابخانە کراونەتەوە و بودجه‌ی پێویستیش بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ بۆ دروستكردنی 23 باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ی دیكه، کە به‌ زوویی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌موو كوردستان و پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ته‌واو دەكرێن. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، داوای لە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کردووە کە بە بۆنەی نزیكبوونەوەی‌ ساڵیادی كۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر یه‌كێك له‌و قوتابخانانه‌، به‌ناوی فرسه‌ت سۆفییەوە بکرێت.

    هاوڵاتی   نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بەئامادەبوونی وەزیری تەندروستی هەرێم و بەشێك لەبەرپرسانی دیکەی تەندروستی نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی تایبەت بە توشبووانی شێرپەنجە کرایەوە کە بەبەهای شەش ملیۆن دۆلار و لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن خێرخوازی شاری سلێمانی جەمالی حاجی عەلی دروستکراوە و نەخۆشخانەی هیواش لەسەر پشکی سندوقی شێرپەنجە بودجەیەکی تەواوکاری بۆ کڕینی بەشێک لە ئامێر و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکەی دابینکردووە کە بەگشتی بودجەی پڕۆژەکە شەش ملیۆن دۆلار  بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەموو خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی لەلایەک دابنرێن، دەتوانن بڵێن چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە و خەرجییەکانی ئەم نەخۆشییە بەتەنها نیوەی کۆی توانا تەندروستییەکانی پێویستە بۆیە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە لەم پرۆژەیەدا هاوکارییان کردوون، چونکە ئەم پڕۆژەیە لەپاڵ نەخۆشخانەکانی چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لەسلێمانی و هەولێر هاوکارێکی باشیان دەبێت لە خزمەتکردنی زیاتری توشبووانی ئەم نەخۆشییە. وەزیری تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕو، حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی پەرەپێدانی زیاتر بە نەخۆشخانە حکومییەکان بڕیاریداوە سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێر و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی تەرخان بکات.

هاوڵاتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند:" سەرکۆنەی هەوڵی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتن دەکات. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات. لە راگەیێندراوەکەی یونامیدا هاتووە: "یونامی بە تووندترین وشە سەرکۆنەی هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات. یونامی خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت کە سەرۆکوەزیران زیانی بەرنەکەوتووە لە هێرشە درۆنییەکەدا بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە بەغدا". یونامی ئاماژەی بەوەکردووە کە "تیرۆریزم، تووندوتیژی  کاری نایاسایی نابێت رێگەیان پێبدرێت بۆ لاوازکردنی سەقامگیری عێراق و لادان لە پڕۆسە دیموکراتییەکەی". یۆنامی هەروەها دەڵێت: "هاودەنگیی سەرۆکوەزیرانین لە داواکاردنی ئارامیی و هاندانی دانبەخۆداگرتن. لەگەڵ ئەوەشدا یونامی بە بەهێزی هانی هەموو لایەنەکان دەدات بۆ بەرپرسیارییەتی وەرگرتن لەپێناو هێورکردنەوە و بەشداریکردن لە دیالۆگ بۆ کەمکردنەوەی گرژی سیاسی، بە پابەندبوون بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق". بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاتژمێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.

  هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن رایانگەیاند:" پشتیوانیی خۆمان بۆ مستەفا کازمی دووپات دەکەینەوە". بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاتژمێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە هەولێر لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە درۆن قسەی کرد، وتی، "هەوڵێکی ترسنۆکانە دراوە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە سەرکۆنە دەکەین." هاوكات قوباد تاڵەبانی لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەم کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ماڵی بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەبەغدا بەئامانج گرت، هاوکات تەئکید لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەینەوە کە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپ و بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەروەها داوا لە هەموو لایەکیش دەکەین یەکبگرن و لە ناتەبایی دوور بکەونەوە لە بەرامبەر ئەو کارە تاوانکاریانەدا، هەروەها بەگرنگی دەزانین یەک هەڵوێست بن بۆ بەدەستهێنانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات". جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم رووداوە لەکاتێکدایە "هاوڵاتیان چاوەڕێی ئەوەبوون لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە خزمەتگوزاری و ئاسایش دابین بکات، بۆیە ئێمە داوای کۆدەنگی و وەلانانی جیاوازییەکان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە هەموو مەزهەب و نەتەوە جیاوازییەکانییەوە".    

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" ئەم کارە تیرۆریستییەی، کە لایەنێکی باڵای وڵاتی کردە ئامانج، بە ئامانجکردنێکی روون و راشکاوە بۆ عێراق و گەلەکەی، چونکە ئاسایش و سەقامگیری کراوەتە ئامانج و مەبەستیانە عێراق بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن و عێراق بخەنە ژێرباری ئاژاوە و تووندوتیژی و تیرۆر تاوەکو دەرەنجام مەترسییەکان و دەستوەردانە دەرەکییەکانی ئێرە و ئەوێ رووی تێبکات". دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، رووداوەکە "بە ئامانجکردنێکی روون و راشکاوە بۆ عێراق و گەلەکەی، چونکە ئاسایش و سەقامگیری کراوەتە ئامانج و مەبەستیانە عێراق بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن". موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەپەیامێکدا رایگەیاند، "ئەم کارە تیرۆریستییەی، کە لایەنێکی باڵای وڵاتی کردە ئامانج، بە ئامانجکردنێکی روون و راشکاوە بۆ عێراق و گەلەکەی، چونکە ئاسایش و سەقامگیری کراوەتە ئامانج و مەبەستیانە عێراق بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن و عێراق بخەنە ژێرباری ئاژاوە و تووندوتیژی و تیرۆر تاوەکو دەرەنجام مەترسییەکان و دەستوەردانە دەرەکییەکانی ئێرە و ئەوێ رووی تێبکات". ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین شان بدەنە ئەم بەرپرسیارێتییە تاوەکو ئەو کاتەی عێراق چاک دەبێتەوە و بەهێزەوە دەگەڕێتەوە". لای خۆیەوە  مستەفا کازمی لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "پێشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عێراق و گەلی عێراق، موشەكەكانی ستەمكاری ئیمانداران سڵ ناكاتەوە، و موویێكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە لە مكوڕی و سووربوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و  بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا بۆ سەر رێچكەی خۆی"، هەروەها وتی،  "من باشم سوپاس بۆ خوا لەناو گەلەکەمدام و لە پێناو عێراق داوای ئارامی و دان بەخۆداگرتن لە هەمووان دەکەم".  

هاوڵاتی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیاند:' هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر ماڵی مستەفادا کازمی، لە رێگەی سێ درۆنەوە کراوە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە و سێیەمیان ئامانجەکەی پێکاوە:. ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 7ی تشرینی دووه‌می 2021، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، بە کەناڵی فەرمی عێراقی راگەیاند:" ئەوەی رویداوە و کردنە ئامانجی کەسی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشهاتێکی مەترسیدارە و کردەوەیەکی تیرۆریستیییە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکرێت بۆ گەیشتن بە هەموو وردەکارییەکانی ئەو کارە تیرۆریستییە". سەعد مەعن کە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیشە، وتی: "ئەنجوومەنی دادوەری لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە پێکدەهێنێت". بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاتژمێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.  

هاوڵاتی سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند:" دەبێت لە ژوورە فیکرییەکانی دەرەوەدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت، کە لە ساڵانی رابردووەوە بە دروستکردن و پشتیوانیکردنی گرووپی تیرۆرستی و داگیرکردنی ئەو وڵاتە، جگە لە نائەمنی و دروستکردنی ناکۆکی و ناسەقامگیری هیچ شتێکی دیکەیان بۆ خەڵکی ستەملێکراوی عێراق نەبووە". عەلی شەمخانی سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران  لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر رایگەیاند: "هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاژاوەیەکی نوێیە و دەبێت لە ژوورە فیکرییەکانی دەرەوەدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت، کە لە ساڵانی رابردووەوە بە دروستکردن و پشتیوانیکردنی گرووپی تیرۆرستی و داگیرکردنی ئەو وڵاتە، جگە لە نائەمنی و دروستکردنی ناکۆکی و ناسەقامگیری هیچ شتێکی دیکەیان بۆ خەڵکی ستەملێکراوی عێراق نەبووە". هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی دوای خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی هات، لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە هەینیی رابردوو رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و ویستیان بچنە ناوچەی سەوز، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن، بەو هۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران روویدا و ژمارەیەک خۆپێشاندەر کوژران و بریندار بوون. دەزگاکانی راگەیاندنی عێراق بڵاویانکردەوە، سێ لە پاسەوانەکانی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی بەئامانجکردنی ماڵەکەی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، برینداربوون.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و بە کردەیەکی تیرۆریستی بۆ سەر دڵی دەوڵەتی عێراق ناوی دەبات. لە راگەیێندراوێكیدا، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە چاودێری هەواڵی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی سەر ماڵی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی کازمی دەکەین و هەستمان بە ئارامی کرد کاتێک زانیمان کە ئەو زیانی پێنەگەیشتووە". پرایس وتیشی: "ئەم کردە تیرۆریستییە روونە کە ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین، راستەوخۆ ئاراستەی نێودڵی دەوڵەتی عێراقی کراوە". لە درێژەی راگەیێندراوەکەیەدا، پرایس گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندایە، کە ئەرکی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆی عێراقیان لە ئەستۆدایە و ئێمە هاوکاریمان پێشکێش بە ئەوان کردووە لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەو هێرشە. نێد پرایس راشیگەیاند، پابەندبوونیان بۆ عێراقییە هاوبەشەکانیان پتەو و جێگیرە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراقدایە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021،  لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.  

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:"ئەم کردەوە تیرۆریستییە پێشهاتێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامە سەختەکان. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە ئارامی بپارێزن و دان بە خۆیاندا بگرن." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای تویتەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پەیامێکیشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "له‌ نزيكه‌وه‌ چاودێريى رووداو و پێشهاته‌كانى به‌غدا و خۆپيشاندانه‌كان و لێكه‌وته نه‌خوازراوه‌‌كانى ده‌كه‌ين".  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "تووندوتيژى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى، مايه‌ى داخ و نيگه‌رانييه‌ و مه‌ترسيى ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. وێڕاى سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌میى بۆ خانه‌واده‌ى قوربانييان، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌ين دان به‌ خۆياندا بگرن و كارێكى وا نه‌كرێت دۆخه‌كه‌ به‌ ئاقارێكى خراپتردا بڕوات". نێچیرڤان بارزانی باسی مافى خۆپيشاندان و ده‌ربڕينى ناڕه‌زايی‌ لە دەستووردا دەکات و رایدەگەیێنێت: "ده‌ستوور و ياسا مافى خۆپيشاندان و ده‌ربڕينى ناڕه‌زايى به‌ شێوه‌يه‌كى مه‌ده‌نى و ئاشتيانه‌ دياریی كردوو‌ه‌ و ده‌يانپارێزێت، به‌ هه‌مانشێوه‌ رێگه‌ى له ئاڵۆزیی و پشێوى و تووندوتيژى گرتووه‌. داوا ده‌كه‌ين خۆپيشاندان و ناڕه‌زايى و مامه‌ڵه‌كردنيش له‌گه‌ڵياندا له‌ چوارچێوه‌ى ياسادا بێت و هه‌مووان ئارامى بپارێزن و ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌نديى گشتيى وڵات بكه‌ن". سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن بە سه‌ركه‌وتنى عيراق ناودەبات و رایدەگەیێنێت: "هه‌ر تانه‌ و سكاڵا و تێبينييه‌كيش له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌بێت، ده‌بێت به‌ رێكاره‌ ياساييه‌كان يه‌كلايى بكرێنه‌وه‌. ده‌بێت هه‌موومان له‌ عيراق له‌ ئاستى به‌رپرسياريه‌تيى نيشتمانيدا بين و پێكه‌وه‌، يه‌كڕيز و ته‌با، ئاشتيانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين، رووبه‌ڕووى مه‌ترسييه‌كان به‌تايبه‌تى تيرۆر ببينه‌وه‌، ئارامى و ژیان و گوزە‌ران و خزمە‌تكردنی ھاووڵاتیيان ئامانجی سە‌رە‌كيی ھە‌مووان بێت". نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دوابەدوای هێرشەکە بۆ سەر ماڵی مستەفا کازمی لە بەغدا کە کا تژمێر 02:00 ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویدا تویتێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو هەوڵە شکستخواردووە بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لەبەغدا کرایە ئامانج سەرکۆنە دەکەم". سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "ئەم کردەوە تیرۆریستییە پێشهاتێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامە سەختەکان. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە ئارامی بپارێزن و دان بە خۆیاندا بگرن." بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

هاوڵاتی لە شاری بەغدا ‌بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی و سێ لە پاسەوانەکانی بریندارن و دوای رووداوەکەش باری نائاسایی لە بەغدا راگەیێندرا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاژێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز. میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، سێ لە پاسەوانەکانی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی بەئامانجکردنی ماڵەکەی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، برینداربوون.  هەمان ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە، پاسەوانەکان لەلایەن هێزی تایبەتی پاسەوانەکانی ماڵی کازمییەوە بەخێرایی نێردراونەتە نەخۆشخانەکان و زانیاری لەبارەی تەندروستییان نەزانراوە. 

    هاوڵاتی  به‌بڕیارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ى بیلاڕوسیا له‌به‌غداو كونسوڵخانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌رێم داده‌خرێن.  ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2021، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە داخستنی کونسوڵگەری بیلاڕوسیای لە بەغدا و هەولێر، ئەوەش وەک هەولێک بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی وڵاتی بیلاڕوسیاوە. لە رۆژی 29-10-2021 بە مەبەستی رێگەگرتن لە کۆچی کۆچبەرانی نایاسایی لە بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا، پەرلەمانی پۆڵەندا بڕیاری دا لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دیوارێک دروستبکرێت. درێژیی دیوارەکە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر و تێچووەکەی 407 ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەندرێز دودا، سەرۆکی پۆڵەندا دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا یاساکە واژۆدەکات.  

هاوڵاتی مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێشوازیی لە ئیسماعیل بێشکچی کرد و سوپاسی هەڵوێست و نووسینەکانی کرد کە داکۆکیان لە مافی گەلی کورد کردووە. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2021،  سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری تورک کرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی خەبات و تێکۆشانی بێشکچی لە داکۆکیکردن لە گەلی کوردستان و دۆزی رەوای کورد بەرز نرخاندووە و بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هەڵوێست و نووسین و بەرهەمەکانی بێشکچی کردووە "کە لە رێگەی لێکۆڵینەوەکانیەوە و بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراو کردووە". هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل بێشکچی بەپێی راگەیێندراوەکە، سوپاسی پشتیوانی سەرۆکی حکومەتی کردووە و جەختی لە گرنگیی کارکردن لەسەر لایەنی پەروەردەیی و بایەخدان بە پرسە نیشتمانییەکان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە، بەشێوازێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە کردووەتەوە.

  هاوڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستپێكرد.  ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و هێزەکانی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دەستپێکردووە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە کوشافی سەروو و کوشافی خواروو بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچانەی کە دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان بەڕێوەچووە.  لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروستبووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەکانی پێشمەرگەش نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە پێویست دەزانن بۆ نەهێشتنی جموجووڵ و هەڕەشەکانی داعش.  09:30 خولەکی شەوی 30-10-2021 لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنووری شارۆچکەی پردێ داعش هێرشی کردەسەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر) له‌ لیوای 10ـی پیاده‌ى سه‌ر به‌ وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوون.

هاوڵاتی  سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی  ڕایگەیاند: " وەزارەتی دارایی تا ئێستا موچەی هەزاران كەسی نا شایستەی بریوە بەپێی یاسایی چاكسازی". ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2021، عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە كۆنفراسی خستنەڕووی چوارەمین راپۆرتی چاودێری و ھەڵسەنگاندنی ھەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: "  جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەردەوامە و ئێستا دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژی داعش تەواو بووەو چووەتە سەر وەزارەتی كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان". لەبارەی چاكسازی و یەكخستنەوەی یەكەکانی٨٠و ٧٠وە ڕایگەیاند: "ڕاستە تاڕادەیەک جێەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە، ئەویش پەیوەستە بەو چاكسازییانەی كە ھاوپەیمانانیش بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ھەیانە و ھەردوو ھاوتەریبە و دەبێت ئەوەش بزانین ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانان پەیوەستە بە جێبنەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە". لەبارەی كۆدی بێ ھاوتا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگەوە عەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی: "لەم ھەفتەیە دەست دەكەین بە دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ 46 ھەزار پێشمەرگە لە لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە". لەبارەی چاكسازییەكان لە دۆسیەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گوتی: "لەم بوارەشدا چاكسازی كراوە و ئێستا 87 كەس سوودمەندی وەرگرتنی منحەن لە وەزارەتی كار و 14 ھەزار كەس نایاسایی بوون و مووچەكانیان بڕاوە و دەبێت كەسی نوێ لە شوێنیان دابنرێت". لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاكان، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ڕایگەیاند: "تا ئێستا نۆ ملیار دینار وەرگیراوەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی رەھنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانە قەرزارانە كاری لەسەر دەكرێت کە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی".

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی رایگەیاند:" دروستكردنی كارتی ڤاكسین نایاساییە و هەر كەس و لایەنێك پەنا بەرێتە بەر دروستكردنی لەبەرامبەر برێك پارە سزای یاسایی دەدرێت". داواش لە هاوڵاتیان دەكات وەك لەماوەی رابردوودا لەلایەن چەند هاوڵاتیەكەوە ئاگادار كرانەوە كە كەسێك كارتی ڤاكسین دروست دەكات و بەهاوڵاتیانی دەفرۆشرێتەوە و هەر دیاردەیەكی لەو شێوەیان شك برد وەزارەتی تەندروستی لێ ئاگادار بكەنەوە. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2021،  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" پێشتر كەسان هەبون كارتی ڤاكسینیان بەرامبەر برێك پارە بۆ هاوڵاتیان دروست دەكرد لە ئێستادا سیستمەكە جیاوازە و هیچ كەس ناتوانێت بە پارە كارتی ڤاكسین دروست بكات". راشیگەیاند: "ئەمڕۆ دەستکرا بە پێدانی ڤاکسین بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ لە هەموویان گرنگتر قوتابیانی زانکۆیە. ئەم هەڵمەتە دوابەدوای بڕیارەکان و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دێت لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاری لەبارەوە درا". لە بەشە ناوخۆیی 18ی شووبات لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پارێزگاری هەولێر، تیمە گەڕۆکەکان بۆ پێدانی ڤاکسین دەستبەکاربوون. دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر 12 تیم دروستکراون، کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی دەرفەتیان نەبووە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، ڤاکسینەکەیان بۆ دابین بکرێت". بەپێی دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کە رۆژی 25-10-2021 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا: ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە لە ماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت. مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 1-12-2021 ڤاکسینیان وەرگرتبێت. وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، دووشەممە 1-11-2021، لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا بە منداڵان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی زانستی و راوێژکاری پرۆگرامی کوتان کە هاوکاتە لەگەڵ راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە رێگەی داوە پێکوتەی فایزەر-بایۆنتیک بە منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە بدرێت، هاوکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ زیادکردنی بەرگریی کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆڤید 19، بڕیارماندا منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە پێکوتەی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر وەربگرن، بەڵام پێشینە بۆ ئەو منداڵانەیە کە مەترسییان لەسەرە".