هاوڵاتی لە شاری بەغدا بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی و سێ لە پاسەوانەکانی بریندارن و دوای رووداوەکەش باری نائاسایی لە بەغدا راگەیێندرا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاژێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز. میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، سێ لە پاسەوانەکانی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی بەئامانجکردنی ماڵەکەی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، برینداربوون. هەمان ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە، پاسەوانەکان لەلایەن هێزی تایبەتی پاسەوانەکانی ماڵی کازمییەوە بەخێرایی نێردراونەتە نەخۆشخانەکان و زانیاری لەبارەی تەندروستییان نەزانراوە.
هاوڵاتی بهبڕیارى وهزارهتى دهرهوهى عێراق، ههردوو باڵیۆزخانهى بیلاڕوسیا لهبهغداو كونسوڵخانهى ئهو وڵاته لهههرێم دادهخرێن. ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە داخستنی کونسوڵگەری بیلاڕوسیای لە بەغدا و هەولێر، ئەوەش وەک هەولێک بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی وڵاتی بیلاڕوسیاوە. لە رۆژی 29-10-2021 بە مەبەستی رێگەگرتن لە کۆچی کۆچبەرانی نایاسایی لە بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا، پەرلەمانی پۆڵەندا بڕیاری دا لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دیوارێک دروستبکرێت. درێژیی دیوارەکە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر و تێچووەکەی 407 ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەندرێز دودا، سەرۆکی پۆڵەندا دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا یاساکە واژۆدەکات.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێشوازیی لە ئیسماعیل بێشکچی کرد و سوپاسی هەڵوێست و نووسینەکانی کرد کە داکۆکیان لە مافی گەلی کورد کردووە. ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری تورک کرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی خەبات و تێکۆشانی بێشکچی لە داکۆکیکردن لە گەلی کوردستان و دۆزی رەوای کورد بەرز نرخاندووە و بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هەڵوێست و نووسین و بەرهەمەکانی بێشکچی کردووە "کە لە رێگەی لێکۆڵینەوەکانیەوە و بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراو کردووە". هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل بێشکچی بەپێی راگەیێندراوەکە، سوپاسی پشتیوانی سەرۆکی حکومەتی کردووە و جەختی لە گرنگیی کارکردن لەسەر لایەنی پەروەردەیی و بایەخدان بە پرسە نیشتمانییەکان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە، بەشێوازێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە کردووەتەوە.
هاوڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستپێكرد. ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و هێزەکانی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دەستپێکردووە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە کوشافی سەروو و کوشافی خواروو بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچانەی کە دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان بەڕێوەچووە. لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروستبووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەکانی پێشمەرگەش نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە پێویست دەزانن بۆ نەهێشتنی جموجووڵ و هەڕەشەکانی داعش. 09:30 خولەکی شەوی 30-10-2021 لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنووری شارۆچکەی پردێ داعش هێرشی کردەسەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر) له لیوای 10ـی پیادهى سهر به وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوون.
هاوڵاتی سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ڕایگەیاند: " وەزارەتی دارایی تا ئێستا موچەی هەزاران كەسی نا شایستەی بریوە بەپێی یاسایی چاكسازی". ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە كۆنفراسی خستنەڕووی چوارەمین راپۆرتی چاودێری و ھەڵسەنگاندنی ھەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: " جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەردەوامە و ئێستا دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژی داعش تەواو بووەو چووەتە سەر وەزارەتی كاروبارى شههیدان و ئهنفالكراوان". لەبارەی چاكسازی و یەكخستنەوەی یەكەکانی٨٠و ٧٠وە ڕایگەیاند: "ڕاستە تاڕادەیەک جێەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە، ئەویش پەیوەستە بەو چاكسازییانەی كە ھاوپەیمانانیش بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ھەیانە و ھەردوو ھاوتەریبە و دەبێت ئەوەش بزانین ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانان پەیوەستە بە جێبنەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە". لەبارەی كۆدی بێ ھاوتا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگەوە عەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی: "لەم ھەفتەیە دەست دەكەین بە دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ 46 ھەزار پێشمەرگە لە لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە". لەبارەی چاكسازییەكان لە دۆسیەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گوتی: "لەم بوارەشدا چاكسازی كراوە و ئێستا 87 كەس سوودمەندی وەرگرتنی منحەن لە وەزارەتی كار و 14 ھەزار كەس نایاسایی بوون و مووچەكانیان بڕاوە و دەبێت كەسی نوێ لە شوێنیان دابنرێت". لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاكان، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ڕایگەیاند: "تا ئێستا نۆ ملیار دینار وەرگیراوەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی رەھنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانە قەرزارانە كاری لەسەر دەكرێت کە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی".
هاوڵاتی وەزیری تەندروستی رایگەیاند:" دروستكردنی كارتی ڤاكسین نایاساییە و هەر كەس و لایەنێك پەنا بەرێتە بەر دروستكردنی لەبەرامبەر برێك پارە سزای یاسایی دەدرێت". داواش لە هاوڵاتیان دەكات وەك لەماوەی رابردوودا لەلایەن چەند هاوڵاتیەكەوە ئاگادار كرانەوە كە كەسێك كارتی ڤاكسین دروست دەكات و بەهاوڵاتیانی دەفرۆشرێتەوە و هەر دیاردەیەكی لەو شێوەیان شك برد وەزارەتی تەندروستی لێ ئاگادار بكەنەوە. ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" پێشتر كەسان هەبون كارتی ڤاكسینیان بەرامبەر برێك پارە بۆ هاوڵاتیان دروست دەكرد لە ئێستادا سیستمەكە جیاوازە و هیچ كەس ناتوانێت بە پارە كارتی ڤاكسین دروست بكات". راشیگەیاند: "ئەمڕۆ دەستکرا بە پێدانی ڤاکسین بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ لە هەموویان گرنگتر قوتابیانی زانکۆیە. ئەم هەڵمەتە دوابەدوای بڕیارەکان و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دێت لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاری لەبارەوە درا". لە بەشە ناوخۆیی 18ی شووبات لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پارێزگاری هەولێر، تیمە گەڕۆکەکان بۆ پێدانی ڤاکسین دەستبەکاربوون. دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر 12 تیم دروستکراون، کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی دەرفەتیان نەبووە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، ڤاکسینەکەیان بۆ دابین بکرێت". بەپێی دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کە رۆژی 25-10-2021 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا: ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە لە ماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت. مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 1-12-2021 ڤاکسینیان وەرگرتبێت. وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، دووشەممە 1-11-2021، لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا بە منداڵان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی زانستی و راوێژکاری پرۆگرامی کوتان کە هاوکاتە لەگەڵ راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە رێگەی داوە پێکوتەی فایزەر-بایۆنتیک بە منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە بدرێت، هاوکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ زیادکردنی بەرگریی کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆڤید 19، بڕیارماندا منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە پێکوتەی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر وەربگرن، بەڵام پێشینە بۆ ئەو منداڵانەیە کە مەترسییان لەسەرە".
هاوڵاتی بهڕێبهرایهتی گشتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێم بڵاویكردهوه كه ئهمڕۆش بایهكه بهبههێزتر له دوو رۆژی رابردوو بهردهوام دهبێت، پلهكانی گهرماشی زیاتر نزم كردووهتهوه. بهگوێرهی زانیاریهكانی كهشناسی خێرایی بایهكه لهناوچهكاندا دوێنێ بهم شێوهیه بوو: ئاکرێ 22 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دەربەندیخان 36 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دوکان 38 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا هەڵشۆ 29 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا مەیدان 25 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا چۆمان 36 کیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا. بهپێی پێشبینییهكان ئهم با بههێزهی ههڵیكردووه چهند رۆژێكی دیكهش بهردهوامی دهبێت، بهڵام لهكات و ناوچهی جیاواز گۆڕانكاری بهسهردا دێت.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بەئەندامیەتی حەشدی شەعبی، بۆ وردبوونەوە لە روداوەکانی رۆژی هەینی شاری بەغدا. لیژنەکە دەستبەکاربووە و بەدواداچوون لەسەر هۆکار و لێکەوتەکانی کوژران و برینداربوونی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات. فەرماندەیی پرۆسە سەربازییەکان ژمارەی قوربانییەکانی خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی 5-6-2021ـی بەغدای ئاشكرا نەکردووە بەڵام رایگەیاندووە بەرپرسی کەمتەرخەم دەبرێنە بەردەم دادگا بەهۆی کەمتەرخەمییان و سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکان، کە بەراشکاوی دووپاتیکردووەتەوە لەوەی نابێت تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت بە فیشەکی زیندوو، بەهیچ جۆرێک. کازمی هەروەها فەرمانیداوە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی پێکدادانەکان، بڕیاریشیداوە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکان بکات. ئەوە یەکەم خۆپێشاندانی تووندی نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییانەی عێراقە کە ناڕەزاییان لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و زۆرینەی خۆپێشاندەران لایەنگری حەشدی شەعبین. ئێوارەی رۆژی هەینی خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی رابردووی عێراق، هەوڵیاندا بچنە نێو ناوچەی سەوز. هێزە ئەمنییەکان رێگەیان لە خۆپێشاندەران گرت و تەقەیان بە ئاسماندا کرد، لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی لە نێوانیاندا 125 کەس برینداربوون. وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، لەو 125 کەسە 27یان خەڵکی سڤیل بوون و ئەوانی دیکە ئەندامانی هێزە سەربازییەکانن. وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ گیانلەدەستدانێک لە ئەنجامی دروستبوونی گرژییەکە لە ناوەندە تەندروستییەکان تۆمارنەکراوە.
هاوڵاتی ڕاوێژکاری داراییو ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند:" لەبودجەی ساڵی داهاتوی عێراقدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە60 دۆلار دیاریدەکرێت، دهشڵێت:"ئهمه لەکاتێکدایه لهبودجەی ساڵی 2021، نرخی یەک بەرمیل نەوت بە45 دۆلار دیاریکراوه". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، مەزهەر ساڵح ڕاوێژکاری داراییو ئابوریی حکومەتی عێراق لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "هێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراق پێشکەشنەکراوەو چاوەڕێی پەرلەمانی نوێی عێراقین هەرچەندە بەگوێرەی بڕیار و رێنماییە کارپێکراوەکان دەبێت لەمانگی (تشرینی یەکەمی/10) هەمو ساڵێکدا رەشنوی بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانبەرانی دڵنیا دەکەنەوە کە دواکەوتنی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 کاریگەری نابێت لەسەر دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران." بەگوێرەی وتەی مەزهەر ساڵح، "لەبودجەی 2022ی عێراقدا نرخی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلار دادەنرێت". تائێستا دیارنییە حکومەتی عێراق لەبودجەی ساڵی داهاتودا یەک دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی لەچ نرخێکدا جێگیردەکات، بهڵام نرخى بهرمیلێك نهوتى لهڕێژهیهكى بهرزدا داناوه.
هاوڵاتی سامان بهرزنجى وهزیرى تهندروستى حكومهتى ههرێم ڕایگهیاند:"دواى سكاڵاو پهیوهندیهكانى هاوڵاتیان پێمانهوه لیژنهى پشكینینو بهدواداچونمان لهوهزارهت دهستى بهڕێكارهكانى خۆى كرد". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا دواى كۆبونهوهى لهگهڵ لیژنهى تهندروستى پهرلهمانى كوردستان، سامان بهرزنجى وهزیرى تهندروستى حكومهتى ههرێم ڕایگهیاند، "دواى سكاڵاو پهیوهندیهكانى هاوڵاتیان پێمانهوه لیژنهى پشكینینو بهدواداچونمان لهوهزارهت دهستى بهڕێكارهكانى خۆى كرد". وتیشى:"دواى لێكۆڵینهوه بۆمان دهركهوت، لهنهخۆشخانه تایبهتهكان پارهى زیاده لههاوڵاتیان وهرگیراوهو سهرپێچى بڕیارو ڕێنماییهكانى حكومهتو وهزارهتى تهندروستى كراوه". ئاشكراشیكرد، "كۆى ئهو پارهیهى لههاوڵاتیان بهزیاده وهرگیراوه بریتیه له710 ملیۆن دینار كه نزیكهى 480 ههزار دۆلاره، سهرجهم ئهو پارهیهش بۆ هاوڵاتیان دهگهڕێندرێتهوه". لهپهیامێكیشدا هۆشداریدا لهوهى، "بههیچ شێوهیهك جارێكى دیكه ئهوه قبوڵناكهینهوه تهرم بهكهسوكارى قوربانیان نهدرێتهوه تا ئهوكاتهى پاره بهنهخۆشخانهكه نهدرێت، ئهوهى ڕویدا ههرگیز ڕێگه بهدوبارهبونهوهى نادرێت".
هاوڵاتی تورکیا پلانی داناوە بەدەیان هەزار چەکداری گروپە میلیشیاکانەوە هیرش بکاتەسەر کۆبانێ و داگیری بکات هاوشێوەی داگیرکردنی عەفرین لەساڵی ٢٠١٨دا. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی تورکیا ئەردۆغان نەیتوانیوە قەناعەت بەبایدن بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو هیرشە سەربازییە. کۆبانێ نایەڵێ تورکیا بخەوێت ئاژانسی «بلوومبێرگ» بڵاوی کردوە کەئامانجی تورکیای بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بریتییە لەداگیرکردنی شاری کۆبانێ و بنکەی ئاسمانیی « مینگ» لە رۆژئاوای حەلەب. ئاژانسەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەی دیبلۆماسیی گواستوویەتییەوە کەدەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، سەدان سەربازیی بەرەو سوریا گواستۆتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو ئۆپراسیۆنەی پلانی بۆدانراوە داخستنی سێیەکی سنووری تورکیاو سوریایە کە 910 کیلۆمەترە، ئاشکراشی کردووە کەئەنکەرە دەیەوێت دەست بەسەر شاری کۆبانێدا بگرێت کە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فوڕات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی بنکەی ئاسمانیی «مینگ» لەنزیک شارۆچکەی ئەعزاز لەگوندەواری رۆژئاوای حەلەب. ئاژانسەکە جەختیکردۆتەوە کەئەو هەنگاوەی تورکیا لەباریداهەیە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەناوبەرێت، هەروەک رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش دوژمنایەتیی خۆی بۆ واشنتۆن رادەگەیەنێت. هاوکات پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، چەند سەرکردەیەکی گروپی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجامداوەو ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا. پێگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تورکیا نزیکەی 35 هەزار چەکداری ئامدە کردووەو پێش ئۆپەراسیۆنەکە لەنزیکەوە چاودێری جموجوڵی ناوچە بەئامانجگیراوەکان دەکات. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چاودێری و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان لەماوەی رابردوودا دووجار لەناو شاری کۆبانێ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. پێگەکە لەزاری یەکێک لەگروپە میلیشیاکانەوە گواستویەتیەوە، کۆبوونەوەی چڕوپڕی نێوان میلیشیاکان و بەرپرسانی سوپای تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچێت بۆ ئامادەکاری بۆ شەڕ دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات. باسی لەوەشکردووە کە ئەو دیدارانە ئەنجمادراون لەئەنقەرەی پایتەختی تورکیا یان لەناو خاکی تورکیاو ناوچەکانی ژێر دەستی میلیشیاکان. یەکێک لەفەرماندە سەربازییەکان وتوویەتی کە سوپای تورکیا ئامادەباشیی کەتیبە سەربازییەکانیان بەرزکردۆتەوەو هێزی سەربازیی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچە سنورییەکان. مستەفا سێجری، یەکێک لە فەرماندەی ئەو میلیشیایانەیە بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە «ئێمە ئەو مەشق و ئامادەکارییە سەربازییانەی کەپێویستە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی داهاتوو تەواومان کردووەو هەزاران شەڕکەرمان ئامادەن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی». عەبدولسەلام عەبدولڕەزاق، یەکێکی دیکەیە لەفەرماندە چەتەکان بەئەلمۆنیتۆری وتووە کە ناوچەکانی تەلڕەفعەت و کۆبانێ ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ سوپای تورکیاو میلیشیاکان ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رۆژی جیهانی کۆبانێ کە ساڵڕۆژەکە تایبەتە بەسەرکەوتنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بەسەر داعشدا. ئەو ئامادەکاریانەش دوای ئەوە دێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوەو بە نیگەرانیەوە لەکۆبوونەوەکە هاتە دەرەوە، بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکاش بایدن لەبارەی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاوە رەتیکردووەتەوە رێی بدات هێش بکاتەسەر ئەو ناوچانە. بایدن ئهردۆغان نائومێد دەکات رۆژی یەکشەممە 31-10-2021 جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆما کۆبوونەوەو باسیان لە چەند پرسێک کرد.. بەڵام جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا هیچ بهڵێنێكی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نەداوە سەبارەت بەچاوپۆشیکردنی لەهێرشکەرنە سەر رۆژئاوای کوردستان. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری تورکیا رایگەیاند «له 16 هەمین لوتکەی سەرکردەکانی G20 کەئیتاڵیا میواندارێتی کرد، لهمیانی كۆبوونهوهم لهگهڵ جۆو بایدن سهرۆكی ئهمریكا دڵگرانی خۆمم لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە لەسوریا پێ راگەیاند». ئەردۆغان لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بەپێدانی چەک بەپهكهكه و پهیهده وتی: «پێموایە قۆناغی داھاتوو بەم شێوەیە بەردەوام نابێت». میدیاكانی توركیا دهڵێن «بایدن هیچ بهڵێنێكی دڵخۆشكهری به ئهردۆغان نهداوه لهبارهی پهكهوهو پهیهدهوه، تهنانهت هۆشداری پێداوه لهبارهی كڕینی موشهكی S400ی روسی و دهستتێوهردانی زیاتر لهسوریا». هەروەها میدیاكانی ئهمریكاش بڵاویانكردهوه، كه بایدن ئهردۆغانی ئاگاداركردووهتهوه لهسهرهنجامی ئهو ههڵسوكهوتانهی كه بووهته هۆی تێكچوونی پهیوهندییهكانی توركیاو ئهمریكا. هاوکات کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، بایدن بەئەردۆغانی وتووە کە «ئەمریکا خوازیاری پاراستنی پەیوەندیی بەرهەمدارو هەروەها فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانە لەگەڵ تورکیا». سەرۆکی ئەمریکا «جەختی لەنەهێشتنی جیاوازییەکان لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە؛ هەردوو سەرکردە تاووتوێی پرۆسەی سیاسیی سوریا، دۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و لیبیایان کردووە.» بەپیی راگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی «سەرۆک بایدن نیگەرانی خۆی لەکڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی لەلایەن تورکیاوە دەربڕیوەو جەختی لەگرنگی بەهێزیی دامەزراوە دیموکراسییەکان، رێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا کردووەتەوە». هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، یەکێک لەبابەتەکانی دیدارەکەیان بریتی بووە لەهاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە. ئەردۆغان دەڵێت، نیگەرانیی خۆی لەوبارەیەوە بە بایدن راگەیاندووەو وتی، «رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو پەکەکەو پەیەدە کە لەسوریادان، بەتایبەتی لەبابەتی ئەو پشتیوانییانەی لەئەمریکاوە پێیاندەگات، جێگەی نیگەرانیی ئێمەیەو نیگەرانیی خۆشمان لەو بارەوە پێ راگەیاند. باسمان لەو نیگەرانییانە کرد کە ئەو بابەتە بۆ ئێمەی دروستکردووە وەک ئەندامی ناتۆ. هەروەها وتمان ئەم هەنگاوانە زیان بەهاوئاهەنگی نێوانمان دەگەیەنێت». ئەردۆغان رۆژی 24-9-2021 لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بایدن بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لەدۆخێکی هێندە خراپدا نەبووە. جۆو بایدن لەوەتەی بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، دوو جار لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە. یەکەمیان لەحوزەیرانی ئەمساڵ و لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەپەراوێزی لووتکەی ناتۆدا بوو. تورکیا هێزی زیاتر رەوانەی سنووری رۆژئاوای کوردستان دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، تورکیا هێزی زیاتری ناردە سنووری کۆبانێ و سەرێکانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ «سوپای تورکیا کاروانێکی نوێی سەربازیی، کە لەبارهەڵگری پڕ لەچەک و تەقەمەنی پێکهاتووە، لەسەر سنوور لەبەرامبەر کۆبانێ کۆکردووەتەوە، هەروەها کاروانێکی سەربازیی ناردووەتە سەرێکانی». کۆکردنەوەی ئەو هێزە لەکاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەکات، لە رۆژئاوای کوردستان. رۆژی سێشەممەی رابردوو 26/10/2021، یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سوریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور لەکاتی پێویستدا لەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی «بەڵێ»ی ئاکپارتی، مەھەپە و ئیی پارتی لەبەرامبەر دەنگی «نەخێر»ی جەھەپە و ھەدەپەدا پەسەند کرا. ئەمجارە جگە لەهەدەپە، بۆ یەکەمجار پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە دووەم پارتی گەورەی تورکیایە لەناو پەرلەمانی تورکیا دژی دەنگدان بوو بەو یاداشتە. بۆیە ئەردۆغان لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی (ئاکپارتی) وتی: «بابەتی گرنگ ئەوەیە جەھەپە کە دووەم گەورە پارتی تورکیایە، خۆی رادەستی هەدەپە کردووە کە یارییەکە بەدەست رێکخراوی تیرۆریستییەوە».
هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند:" هەر ماڵێکی زیانلێکەوتوو لەپڕۆژەی زێڕین سیتی بڕى سێ هەزار دۆلار قەرەبوی دەدرێتێ". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند:" حكومهتی عیراق بڕی سێ ملیار دیناری وهك قهرهبوو بۆ زیانلێكهوتوانی لافاوهكهی ههولێر ناردووه، ئهوانیش لهسهر بنهمای ئهو پارهیه قهرهبووی زیانلێكهوتوان دهكهنهوه". وتیشی: "ههر ماڵێك كه زیانی بهركهوتووه بڕی سێ ههزار دۆلار (30 وهرهقه)ی پێدهدرێت، ئهوانهشی زیان به ئۆتۆمبێلیان كهوتووه ئۆتۆمبێلهكانیان بۆ چاك دهكرێتهوه". رۆژی سێشهممه 2ی تشرینی دووهمی 2021، جوتیار عادل، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند:" بهغدا سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ھەولێر خهرج دهكات. رۆژی شەممەی رابردوو 30ی تشرینی یهكهمی 2021، بەهۆی بارینی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لافاو له بەشێکی شاری هەولێر روویدا، بهگوێرهی خهمڵاندنی بەرێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ههولێر 500 خێزان ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی لهناوچووە. هاوكات 130 ئۆتومبێل بەر لافاو کەوتن و لەکارکەوتوون، 127 خانوو زیانیان بەرکەوتووه، دوو قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقام و تۆڕکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیان بەرکەوتووە، بهڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرەتای هەفتەی داهاتووی ڕایگەیاند:" رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 7ی تشرینی دووەم، مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش، خانەنشتنی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی گشتی دابەش دەکرێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، سهرچاوهیهك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش، خانەنشتنی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی گشتی دابەش دەکرێت". لە رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2021ەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی پەروەردە مووچەیان وەرگرت و تا ئێستاش زۆرێک لە وەزارەتەکان مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمە لەکاتێکدایە، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ھاوکات بوو لەگەڵ رەزامەندی حکومەتی عیراق لەسەر ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرى گشتیی بارزگانى حكومهتى ههرێم ڕایگهیاند:" بهشى شهشهمى پارهى جوتیاران دابهشدهكرێت". ئەمڕۆ پێنجشهممه 4ی تشرینی دووهمی 2021، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشكرایكردوه، ئاگادارکراون کە چەکی بانکی بەشی شەشەمی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی 2021 گەیشتوهو بەشی شەشەمی پارەی جوتیاران دابەشدەکرێت. ڕونكردنهوهى زیاترى لهوبارهیهوه ئاشكراكردوهو وتویهتى:"پارهكهش بهشێوهیهكه، سلێمانی 616 ملیۆن دینارهو هەولێر 393 ملیۆنو دهۆکیش 59 ملیۆن دیناره". ئهوهشى وتوه، "پاشئەوەی لەڕێگهی بانکەکانی هەرێم ڕاستاندنی بۆ دەکرێت، لەئایندەیەکی نزیکدا پارهكه بەسەر جوتیارانی ههرێمى كوردستان دابەشدەکرێت".
هاوڵاتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:" 29ی ئەم مانگە سەر لەنوێ دەست بە دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا دەکەنەوە، دەشڵێت، گفتوکۆمان دەستپێکردووە بە مەبەستی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند:" سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتیی ئاژانسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەڕێوەبەری سیاسیی یەکێتی ئەورووپا، ئینریکی مۆرا، ئەنجامداوە". ئەوەشیخستۆتەڕوو، لەگەڵ ئینریکی مۆرا لەسەر دەستپێکردنەوەی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە (29)ی تشرینی دووەم لە ڤیەننا "بە مەبەستی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران"، رێککەوتون. دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەگەڵ گرتنه دهستی سهرۆكایهتی ئهمەریكا لهلایهن جۆ بایدنهوه، لە (6)ی نیسانەوە لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا دەستی پێکردەوە و شەش گەڕی بەڕێوەچووە، بەھۆی گۆڕینی حکوومەت لە ئێران، بۆ ماوەیەک راگیرا. لە دوای ئهوهی حکوومەتی ئێران رایگهیاند، دووبارە دهگهڕێنهوه بۆ دانوستانەکان، ئینریکی مۆرا، لە (14)ی تشرینی یەکەم لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تاران کۆبوونەوە و دانوستانەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا دەست پێکرایەوە.
