هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند:" هەر ماڵێکی زیانلێکەوتوو لەپڕۆژەی زێڕین سیتی بڕى سێ هەزار دۆلار قەرەبوی دەدرێتێ". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند:" حكومهتی عیراق بڕی سێ ملیار دیناری وهك قهرهبوو بۆ زیانلێكهوتوانی لافاوهكهی ههولێر ناردووه، ئهوانیش لهسهر بنهمای ئهو پارهیه قهرهبووی زیانلێكهوتوان دهكهنهوه". وتیشی: "ههر ماڵێك كه زیانی بهركهوتووه بڕی سێ ههزار دۆلار (30 وهرهقه)ی پێدهدرێت، ئهوانهشی زیان به ئۆتۆمبێلیان كهوتووه ئۆتۆمبێلهكانیان بۆ چاك دهكرێتهوه". رۆژی سێشهممه 2ی تشرینی دووهمی 2021، جوتیار عادل، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند:" بهغدا سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ھەولێر خهرج دهكات. رۆژی شەممەی رابردوو 30ی تشرینی یهكهمی 2021، بەهۆی بارینی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لافاو له بەشێکی شاری هەولێر روویدا، بهگوێرهی خهمڵاندنی بەرێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ههولێر 500 خێزان ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی لهناوچووە. هاوكات 130 ئۆتومبێل بەر لافاو کەوتن و لەکارکەوتوون، 127 خانوو زیانیان بەرکەوتووه، دوو قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقام و تۆڕکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیان بەرکەوتووە، بهڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرەتای هەفتەی داهاتووی ڕایگەیاند:" رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 7ی تشرینی دووەم، مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش، خانەنشتنی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی گشتی دابەش دەکرێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، سهرچاوهیهك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش، خانەنشتنی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی گشتی دابەش دەکرێت". لە رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2021ەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی پەروەردە مووچەیان وەرگرت و تا ئێستاش زۆرێک لە وەزارەتەکان مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمە لەکاتێکدایە، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ھاوکات بوو لەگەڵ رەزامەندی حکومەتی عیراق لەسەر ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرى گشتیی بارزگانى حكومهتى ههرێم ڕایگهیاند:" بهشى شهشهمى پارهى جوتیاران دابهشدهكرێت". ئەمڕۆ پێنجشهممه 4ی تشرینی دووهمی 2021، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشكرایكردوه، ئاگادارکراون کە چەکی بانکی بەشی شەشەمی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی 2021 گەیشتوهو بەشی شەشەمی پارەی جوتیاران دابەشدەکرێت. ڕونكردنهوهى زیاترى لهوبارهیهوه ئاشكراكردوهو وتویهتى:"پارهكهش بهشێوهیهكه، سلێمانی 616 ملیۆن دینارهو هەولێر 393 ملیۆنو دهۆکیش 59 ملیۆن دیناره". ئهوهشى وتوه، "پاشئەوەی لەڕێگهی بانکەکانی هەرێم ڕاستاندنی بۆ دەکرێت، لەئایندەیەکی نزیکدا پارهكه بەسەر جوتیارانی ههرێمى كوردستان دابەشدەکرێت".
هاوڵاتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:" 29ی ئەم مانگە سەر لەنوێ دەست بە دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا دەکەنەوە، دەشڵێت، گفتوکۆمان دەستپێکردووە بە مەبەستی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند:" سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتیی ئاژانسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەڕێوەبەری سیاسیی یەکێتی ئەورووپا، ئینریکی مۆرا، ئەنجامداوە". ئەوەشیخستۆتەڕوو، لەگەڵ ئینریکی مۆرا لەسەر دەستپێکردنەوەی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە (29)ی تشرینی دووەم لە ڤیەننا "بە مەبەستی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران"، رێککەوتون. دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەگەڵ گرتنه دهستی سهرۆكایهتی ئهمەریكا لهلایهن جۆ بایدنهوه، لە (6)ی نیسانەوە لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا دەستی پێکردەوە و شەش گەڕی بەڕێوەچووە، بەھۆی گۆڕینی حکوومەت لە ئێران، بۆ ماوەیەک راگیرا. لە دوای ئهوهی حکوومەتی ئێران رایگهیاند، دووبارە دهگهڕێنهوه بۆ دانوستانەکان، ئینریکی مۆرا، لە (14)ی تشرینی یەکەم لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تاران کۆبوونەوە و دانوستانەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا دەست پێکرایەوە.
هاوڵاتی وهزارهتى پلاندانانى عێراق وادهى ئهنجامدانى سهرژمێری گشتى دانیشتوانى لهسهرتاسهرى عێراق بهههرێمى كوردستانیشهوه ئاشكرادهكات، وتهبێژى ئهو وهزارهتهش دهڵێت:"حكومهت بڕى 120 ملیار دینارى بۆ ئهو پرۆسهیه تهرخانكردوه". عهبدولزههره هینداوی وتهبێژی وهزارهتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكرد، لهمانگی (تشرینی دوهمی 2022 ـ واته مانگى 11ى ساڵى داهاتوو) پرۆسهى سهرژمێریی گشتیی لهتهواوی عێراق بهههرێمی كوردستانیشهوه بهڕێوهدهچێت. بهوتهى وتهبێژى وهزارهتى پلاندانان، "ئامادهكارییهكان بۆ ئهنجامدانی سهرژمێریی گشتیی دانیشتوان بهردهوامهو ژمارهیهك تاقیكردنهوهی ئهو پڕۆسهیهش لهههریهك له(بهسره، ئهنبار، كهربهلاو ههولێر) ئهنجامدراوهو ئێستاش تێستی پڕۆسهکه لهپارێزگای دهۆك بهڕێوهدهچێت". سهبارهت بهپارهى تهرخانكراو بۆ پرۆسهكه وتهبێژهكه دهڵێت:"وهزارهتی پلاندانانى عێراق بڕی 120 ملیار دیناری تهرخانكردوه".
هاوڵاتی وەزارەتى دارایی هەرێم رێنمایی نوێی لەبارەى لێبڕینى مووچەی ئەو کەسانە دەرکرد کە دوو مووچە وەردەگرن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێنماییەکى ئاڕاستەى گشت وەزارەتەکان و فەرمانگەکانى نەبەستراو بە وەزارەتەکان کرد و رایگەیاند، لێبڕینى مووچە لەو مووچەخۆرانەى کە دوو مووچەیان وەرگرتووە لەپێش 1-7-2021 لێیان وەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەوانەى دواى ئەو بەروارە لێیان وەردەگیرێتەوە. بەگوێرەى رێنماییەکە، هەر مووچەخۆرێک لەدواى 1-7-2021 دوو مووچەى وەرگرتبێت مووچە زیادەکەى لێ وەردەگیرێتەوە و تەنها یەک مووچە وەردەگرێت. نووسراوەکە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکانی وەزارەت کراوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ماددەی 14/ یەکەم لە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە ناوەڕۆکەکەی (جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێ ناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە). بڕیارماندا بە دەرکردنی ئەو رێنماییانەی خوارەوە: 1. بڕی ئەو مووچانەی کە وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەوە کە زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە پێش 1-07-2020 لێیان وەرناگیرێتەوە. 2. ئەوانەی لە دوای 1-07-2020 زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت کە خۆی هەڵی بژاردووە. هەر بڕە پارەیەکیش لە پێش ئەو بەروارە لێیان وەرگیرابێت، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە. 3. بڕی لێوەرگیرانەوەکە لە مووچەخۆر کە لە بڕگەی 2 هاتووە بە رێژەی (5/1)ی کۆی مووچەکەی [بنەڕەتی و دەرماڵە] زیاتر نەبێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو رێنماییە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.
سازدانی: مەزهەر كەریم سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كەهاوردەكردنی دەرمانی قاچاغ بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامەو زیادیشی كردووە، دەشڵێت: «ئەو قودرەتە نیە هەموو دەرمانێك فەحس بكرێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش، هەموو جۆرە دەرمانێك بەقاچاغ دێتە كوردستانەوە». د. بارێف زاهیر سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «پێدانی ئەم هەموو جۆر دەرمانە لەسەر ئەساسی پزیشكی نەبێت ئەوكاتە ئێمە رێك بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، لەوە دەچێت كۆمپانیاكانی دەرمان یاخود ئەو كەسانەی كە بەجۆرێك لەجۆرەكان شتی نائەخلاقی تەندروستیو پزیشكییان ئەنجامداوە، دەبێت ئەو كەسە رووبەڕووی دادگا بكرێتەوە كەدزینی پارەیە لەنەخۆش». هاوڵاتی: جۆرێك لەئاڵۆزیو فەوزا دەبینرێت لەهاوردەكردنی دەرماندا بۆچی؟ د.بارێف زاهیر: لەهاوردەكردنی دەرماندا سەدو هەشتا بۆ دووسەد كۆمپانیای فەرمی هەیە لەعێراقو هەرێمی كوردستان دەرمان هاوردە دەكات لەدەرەوە بۆ ناوخۆی كوردستان، ئەگەر فەوزا هەبێت لەهاوردەكردنی دەرمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی كات شوێنی نافەرمی یاخود قاچاغ دەرمان ئاوردە دەكات، ناویان تۆمارنەكراوە لەوەزارەتی تەندروستی هیچ كەسێك ئاگادارنیە، ئێمە نازانین كێن، بەڵام ئەگەر زۆر وردبینەوە لەشارەكانو سنورەكان دەزانرێت كێنو ئەوانە دیاری بكرێن، بەڵام كاری هێنانی دەرمانی قاچاخ لەوەتەی من بەبیرم دێت هەر هەبووە، لەئێستادا تەسەور دەكەم زیادی كردبێت، چونكە ئەو قودرەتە نیە هەموو دەرمانێك فەحس بكرێت، بۆ پڕكرنەوەی ئەو بۆشاییەش، بۆیە بەشێك لەدەرمان بە قاچاخ دێتە هەرێمی كوردستان، كە جۆری دیاری كراوی نیە هەموو جۆرە دەرمانێك دێت. هاوڵاتی: لەئێستادا مۆڵەتی مەدخەلی دەرمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگیراوە هۆكارەكەی چیە ئایا رێكدەخرێتەوە؟ د.بارێف زاهیر: مۆڵەتی مەدخەری دەرمان نیە، بەڵكو كۆمپانیای هێنانو هاودەكردنی دەرمانەو لەئێستادا راگیراوە، بۆچی راگیراوە، كردنەوەی كۆمپانیای دەرمان كەیو چۆن دەكرێتەوە ناتوانم وەڵامێكی دەقیق بدەمەوە، جگە لەوەزارەتی تەندروستی، بەڵام تەنیا دەتوانم وەك رێگەپیشاندەرێك لەوبارەیەوە قسە بكەم، وەزارەتی تەندروستی دەیانەوێت بەپێی رێنماییەكانی هاوردەكردنی دەرمانو فەحسكردنی دەرمانو فروشتنو هێنانو بڵاوكردنەوەی لەنەخۆشخانەكاندا رێنمایی تازەی بۆ دەربكەن. هاوڵاتی: ئێوە وەك سەندیكای دەرمانسازان تەنیا بەرگری لەكارمەندەكانتان دەكەن یان بەرگریش لەو خەڵكەش دەكەن كەدەچێتە بەردەم پزیشكێكو لەڕەچەتەیەكدا چەندین دەرمانی بۆ دەنووسێت؟ د. بارێف زاهیر: ئێمە سەندیكای دەرمانسازانین، بەڵام سەندیكای دەرمانسازان مانای ئەوە نیە تەنیا ئیش بۆ ئەوەبكات دەرمانساز خۆش بژی، سەندیكای دەرمانسازان یەكێك لەهەدەفەكانی ئەوەیە كەبتوانێت دەرمان بەشێوەیەكی سالمو رێکوپێكو تەندروست بگاتە دەستی نەخۆش، ئەمە یەكێكە لەئەهدافەكان لەیاساكانی ئێمەدا نووسراوەتەوە، ئەمە واتای ئەوەیە لەهەر شوێنێكدا نەخۆشێك بەشێوەیەكی ناتەندروست یاخود بەنرخێكی ناتەندروست یاخود بەشێوەیەكی ناڕێكوپێك دەرمان بگاتە دەستی، جا سەبەبكار هەركەسێك بێت ئێمە ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەین ئەگەر هاتوو سەبەبكارەكە پەیوەندی بەدەرمانخانەكانی ئێمەوە بوو، ئیجرائاتەكانیش بەم شێوەیەیە ئەگەر هاتوو سەرپێچی لەجلوبەرگدا بێت ئەوا ئاگادار دەكرێتەوە پاشان دەرمانخانەی پێدادەخرێت ئەگەر پەیوەندی بەنەخۆشەوە بوو ئەوا رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە ، یاخود پەیوەندی بەپزیشكێكەوە هەبوو یان هەر كەسێكی دیكە بوو ئەگەر شوێنەكە شوێنێكی فەرمی بوو وەك عەیادەی پزیشكێك. ئێمە چەندین جار نووسراومان كردووە بۆ سەندیكای پزیشكان تاحاڵەتێك روویداوەو بەدواداچوونی بۆ بكەن، بەڵام ئەگەر شوێنێكی نافەرمی بوو وەك لاكۆڵانەكان، كە بەداخەوە لەئێستادا زۆر زۆر شایعەو لە لاكۆڵانەكاندا هەیە، ئەوە دەچێتە قاڵبێكی دیكەوە، دەچێتە قاڵبی ئەمنی قەومییەوە، ئەمە دەچێتە قاڵبی پەیڕەوكردنی یاسا لەلایەن حكومەتەوە بەرامبەر ئەو كەسانە، ناتوانم بچم ئیجرائات لەگەڵ شوێنێكدا بكەم كەخۆی بۆخۆی نافەرمیە. هاوڵاتی: زۆرترینی خەڵك گلەیی ئەوە دەكەن كەپزیشك لەدوای دیاریكردنی نەخۆشیەكەی چەندین جۆر دەرمانی جیاوازی بۆ دەنووسێت؟ د. بارێف زاهیر: ئەم پرسیارە دوو روانگەی هەیە، یەكەم پزیشك خۆی دەزانێت چی بۆ نەخۆش دەنووسێت، كەس ناتوانێت ئیجباری بكات، چونكە ئەو پشكنین بۆ نەخۆشەكە دەكات، دیاری دەكات، ئەو دەزانێت ئەو نەخۆشە چی دەوێت، لەوە دەچێت دە جۆر دەرمانی بوێت، لەوە دەچێت بەیەك دەرمان حەلی بكات، بەڵام دەبێت لەسەر ئەساسێكی زانستی بێت كە دەبێت سەندیكای پزیشكان ئەوە دیاری بكەن، پێدانی دەرمانەكە لەسەر ئەساسی پزیشكی بووە یان زانستی بووە یان لەسەر هەر ئەساسێكی دیكە بووبێت، روانگەی دووەم پێدانی ئەم دەرمانە یان پێدانی ئەم هەموو جۆر دەرمانە لەسەر ئەساسی پزیشكی نەبێت، ئەوكاتە ئێمە رێك بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، لەوە دەچێت كۆمپانیاكانی دەرمان یاخود ئەو كەسانەی كە بەجۆرێك لەجۆرەكان شتی نائەخلاقی تەندروستیو پزیشكیان ئەنجامداوە، دەبێت ئەو كەسە رووبەڕووی دادگا بكرێتەوە كەدزینی پارەیە لەنەخۆش، بۆیە ئەمە شتێكی زۆر نائەخلاقیە، هەركەسێك ئەو كارە بكات لەئەخلاقی پزیشكی لایداوە، كەحاڵەتی وەهابووەو هەیە، بەڵام خۆشبەختانە زۆر نیە. هاوڵاتی: پزیشكانی وڵاتان بە نەخۆشەكانیان دەڵێن ئیسراحەت بكە یان تەنیا ئاو بخۆ، بۆ لای ئێمە پزیشك ئەوە جێبەجێ ناكات، نمونەی زیندوی ئەوەش چەند پزیشكێكی بەریتانی هاتوونەتە هەولێر لە باسی ئەوە دەكەن فەوزا هەیە لەپێدانی دەرمان بەنەخۆش ؟ د. بارێف زاهیر: ئاو بخۆو ئیسراحەت بكە، ئەمە تەنیا بۆ هەموو نەخۆشێك نیەو بەهەموو نەخۆشێك ناڵێن، لەئەوروپاش ئەگەر یەكێك ئیلتیهاباتی ڤایرۆسی هەبوو ئەوا پێیدەڵێن بڕو ئیسراحەت بكەو ئاو بخۆ، چونكە ڤایرۆس ماوەی حەفتاو دوو كاتژمێری خۆی تەواو دەكاتو تەواو دەبێت یاخود نەخۆشی سكچون دەرمانی بۆ نانووسن یان تا لێهاتن دەرمانی بۆ نانووسن، دەڵێن بڕۆ لەماڵەوە ئیسراحەت بكە، خواردنەكانت شەكرو خوێی تێدابێت بۆ قەرەبووكردنەوە، بەڵام كەیەكێك بزانن بەڕاستی نەخۆشە لەهەر جێگەیەك بێت دەرمانی بۆ تەرخان دەكەن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین دەرمان بەڕێژەیەكی زۆر دەنووسرێت كە زۆر كات نەخۆش تەحەمولی ئازار ناكات و داوای دەرمان دەكات. هاوڵاتی: كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لەكوردستان كاری پێناكرێت، بۆ نموونە دەرمان هاتووەتە كوردستان لەدەرمانخانەكان دەفرۆشرێت كوالێتی زۆر نزمە بۆچی رێگەدەدەن دەرمانی كوالێتی نزم بێت؟ د. بارێف زاهیر: ناتوانین بڵێین كوالێتی كۆنتڕوڵ كاری پێناكرێت، كاری پێدەكرێت، بەڵام بەپێی پێویست دەرەقەتی ئەو هەموو دەرمانە نایەت و ناتوانێت سەیتەرە بكات، چونكە دەرمان بەڕێژەیەكی زۆر دەهێنرێتە كوردستان، هیچ كەوالێتی كۆنتڕۆلێك نیە بتوانێ هەموو دەرمانێك فەحس بكات، لەجێگەی كوالێتی كۆنتڕۆلێك دوو كوالێتی كۆنتڕۆڵ هەیە یان سیان هەیە، ئێمە یەك دائیرەمان هەیە، ئەمەش پێویستی بەوەیە توانایەكی زۆری بدرێتێ، تەنیا كاری پشكنین بێت، بەڵام كاریان زۆر پێسپێردراوە كەژمارەی فەرمانبەرو ئامێریان كەمە. هاوڵاتی: ئێوە لەگەڵ لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان قسەتان كردووە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێت یان نا؟ د. بارێف زاهیر: كۆنتاكتمان زۆر باشە لەگەڵ لیژنەی پەرلەمان، عادەتەن لەكاتی یاسادانانو یاسا قبوڵ كردن ئێمە كارمان پێیان دەبێت، ئەوانیش بەهەمان شێوە، ئەوان زیاتر موتابەعە دەكەنو پرسیار دەكەن. هاوڵاتی: لەئێستادا وەك چۆن دوكانو ماركێت لەگەڕەكەكاندا زۆر بووە ئەوەهاش دەرمانخانە زۆر بووە، ئێوە وەك سەندیكا چاودێری ئەم دەرمانخانانە دەكەن یان نا، نموونە خەڵك هەبووە دەرمانی كڕیوە ماوەیەكی كەمی ماوە تا بەسەربچێت؟ د. بارێف زاهیر: ئێمە زۆر زۆر پێخۆشحاڵینو سەرمان بەرزە ژمارەی دەرمانخانە بەشێوەیەكی وەها زیاد بكەین كەخەڵك پێمان بڵێت ماشەڵا بەقەدەر هێندەی سۆپەرماركێت دەرمانخانە هەیە، ئەمە سەربەرزیە بۆ ئێمە، لەهەموو كوچەو كۆڵانێکدا بەشێوەیەكی فەرمی خزمەتی نەخۆش بكەین، كەژمارەیان نزیكەی دوو هەزار دەرمانخانە دەبێت لەشارەكانی هەرێم، وەك چاودێریش لەڕێگەی لیژنەكاتی تەندروستیو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستیو لیژنەكانی قایمقامیەتەوە چاودێری دەكەین. هاوڵاتی: لەكابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمدا باس لەوەكراوە حكومەت كۆمپانیایەكی گشتی دەرمان پێكدەهێنێت بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەوە چی بەسەرهات؟ د. بارێف زاهیر: كاتی خۆی ئەو كارە نەكرا كەكابینەی پێشوو، وەزیری تەندروستی كابینەی پیشوو لەكاردابوو، ئەوكات ئەو كارە نەچووە پێش و لەئێستادا هیچ نەكراوەو وەك خۆی ماوەتەوە. هاوڵاتی : ئەگەر مۆڵەت بكرێتەوە بۆ دەرمانساز تەنها مۆڵەت بەسە یان پێویستی بەڕێكارەكانی كۆمپانیاكانی كردنەوەی مەدخەلی دەرمان كەمتر بكرێتەوە، هەموو كەسێك نەتوانێت ئەوە بكات؟ د. بارێف زاهیر: تەنیا مۆڵەت نیە، بەڵكو بیستو هەشت خاڵمان وەك شەرتو مەرج لەسەر دەرمانخانە داناوە كاتێك دەكرێتەوە، دەبێت هەموو مەرجەكانی تێدابێت بەپێی یاسا كەزۆرە ئەوەها باس ناكرێت. هاوڵاتی: كۆمپانیاو كارگە هەیە بۆ دروستكردنی دەرمان لەسلێمانی كاری بۆ كردووە ئەو دەرمانەنەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن چاودێری بكەن تابزانن كەوالێتیەكی باشە لەچاو ئەو دەرمانەی لەدەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت؟ د. بارێف زاهیر: ئەوەی من دەیزانمو ئێمە دەیبینین نەك كارگەی دەرمان لەسلێمانی، هەردوو كارگەی دەرمان لەهەرێم جۆریەتیان زۆر باشە، هاتنەناوەی دەرمانی بیانیش بەهۆی بازاڕی ئازادەوەیە كەدێتە كوردستان نەك خراپی دەرمانی خۆمان.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، دەشڵێت:" تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ١٣ی هاووڵاتییانی سلێمانی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە". ئەمڕۆ پێنجشهممه 4ی تشرینی دووهمی 2021، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کاتی راگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی کۆرۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"مەترسی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەموو کاتێک زیاترە، بەڵام ئێستا ڤاکسین هەیە دەتوانین رێگری لێ بکەین".هاوكات ئەمڕۆ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمان دەکات و لەگەڵ لیژنەی تەندروستی کۆدەبێتەوە، لەبارەی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و بیمەی تەندروستی گفتوگۆ دەکەن. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی:" داوا لە حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەم خەڵک ناچار بکەن ڤاکسین وەربگرن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان". سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەفتەی داهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کارتی ڤاکسین دەدرێتە هاووڵاتییان کە بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات بەکاردێت.
هاوڵاتی دەستەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات لێژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان. ئەمڕۆ پێنجشهممه 4ی تشرینی دووهمی 2021، هەریەک لە ئەندامانی دەستەی دۆستایەتی کورد فرانسوا ئەلفۆنسی (پارتی سەوز/ ئیفا، فەرەنسا)، ئەندریاس شیدەر (ئێس دی، نەمسا)، نیکۆلاج ویلیامسۆن (چەپ، دانیمارک) لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیان لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە کرد، کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەکاریان دەهێنێت. ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە راگەیاندنێکی هاوبەشیاندا ڕایانگەیاند: “لە کوردستانی عێراق (باشوور) سەدان پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، چالاکوانی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هۆشداری دەدەن، کە دەوڵەتی تورک لە کاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیدا لەسەر خاکی عێراق چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت”. ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) و نوسینگەی کاروباری چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە دەستپێبکەن و کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ لەو پێناوەدا دابمەزرێنن. راشیانگەیاندووە، “تورکیا لە سوریا (رۆژئاوا) و عێراق (باشوور) لە ناوچە کوردییەکاندا سیاسەتی هێرشبەرانەى زیاتر کردووە و ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو پێشێل دەکات”. بە وتەی ئەندامانی دەستەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، ئەگەر دەستێوەردانێکی بەهێز و دەستبەجێ ئەنجام نەدرێت، تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو کردەوە دژە ئاشتی و دژە مرۆڤایەتیانەدا بوێری کردەوەی دیکەی هاوشێوەی دەبێت. دەستەى دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی لەو بانگەوازەش دەکات، کە دەیەوێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستبەجێ دەستبەکار بن و شاندێکیش بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەى ناوچەکە و شوێنی بەکارهێنانی چەکە کیمیاوییەکان بکەن.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگهیاند:" چین زۆر بە خێرایی سەرقاڵی فراوانکردنی پێگە ئەتۆمییەکەیەتی، دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2030 ببێتە خاوەنی 1000 کڵاوەی ئەتۆمی، هاوکات دەتوانێت ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە لە رێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمان تاقیبکاتەوە. ئەمڕۆ پێنجشهممه 4ی تشرینی دووهمی 2021، پێنتاگۆن لە راپۆرتێکی ساڵانەیدا ئاماژەی بە توانا سەربازییەکانی چین داوە، دەڵێت، پەلەکردن بۆ فراوانکردنی پێگەی ئەتۆمیی چین وادەکات وڵاتەکە تاوەکو 2027 ببێتە خاوەنی 700 کڵاوەی ئەتۆمی، تاوەکو ساڵی 2030یش دەتوانێت 300 کڵاوەی دیکە زیادبکات. لە راپۆرتی پێشتریدا، کە خرایە بەردەم کۆنگرێس و لە یەکی ئەیلوولی 2020 بڵاوکرایەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند چین ئێستا 200 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، راشیگەیاند لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئەو ژمارەیە دوو هێندەی لیدێت. راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات چین دەستیکردووە بە فراوانکردنی پلاتفۆرمە دەریایی، وشکانی و ئاسمانییەکانی بۆ هاوێشتنی چەکە ئەتۆمیەکانی، هاوکات سەرقاڵی بونیادنانی پێداویستییەکانی ئەو پلاتفۆرمانەیە. راپۆرتەکە ئەوەش دەڵێت کە چین دەستیکردووە بە دروستکردنی لانیکەم سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی کیشوەربڕ. توانا ئەتۆمییەکانی چین هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی هیچ کام لەوانەی ئەمریکا و رووسیا، کە بە هەردووکیان پشکی شێریان لە کۆی چەکە ئەتۆمییەکان بەردەکەوێت کە بەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمریکا بەتەنیا 3750 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
هاوڵاتی وەزارەتى پێشمەرگە راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى پردێ بڵاوکردەوە و دەڵێت:" هیچ زیانێکی گیانی نەبووە". لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، کاتژمێر١٠:٣٠ی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی فەوجی۲ی لیوای۱۰ی پیادەیان دا، لە سنوری میحوەری پردێ- دبس. دەشڵێت:"پێشمەرگە ئازاکانمان بەخێرایی لێیان هاتنە دەست و ڕاویان نان، خۆشبەختانە هیچ زیانێک بە پێشمەرگە نەگەیشتووە". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمە بۆ چەندین جارە داعش بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوى ٣٠-١٠-٢٠٢١ چەکدارانی داعش لەهەمان میحوەر هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
هاوڵاتی بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ساڵانە 33 ملیار و 661 ملیۆن دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە. بەپێی نووسراوی ژمارە 4367ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژی 27-9-2021 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەوە ئامادەکراوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت مانگانە بریتییە لە 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینار، لەکاتێکدا ئەگەر بکرێن بەهەمیشەیی ئەوا مووچە و دەرماڵەی شایستەی مانگانەیان بریتییە لە بڕی 7 ملیار و 525 ملیۆن و 623 هەزارو 350 دینار، بەو پێیە ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە دابمەزرێندرێن، مانگانە 2 ملیار و 805 ملیۆن و 101 هەزار و 650 دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆچوونی خۆشی لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: "سەبارەت بە رای وەزارەتمان بەو تەرخانکراوەی کە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێوەردەگرن دەتوانرێت بکرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانییەکی دارایی نەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتمان".
هاوڵاتی هەریەکە لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر کێبڕکێیانە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق لەپشکی شیعەکان لەکاتێکدا هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رانەگەیەنراوە. مالکی لەهەوڵدایە بەرەیەکی فراوان لەبەرەکەی سەدر پێکبهێنێت بۆ پێکانی ئامانجەکەی، هاوکات موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەلایەوە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بەرەی تێدابێت کە یەکەمیان پاڵپشتی لەحکومەت بکات و دووەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ چاودێریکردنی حکومەت. لەساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکومەت لەعێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان سوننە، شیعەو کورد پێکھێنراون و پۆستی سەرۆکوەزیران بەر شیعەکان کەوتووە. بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لەکۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە. مالکی نایەوێت سەدر تامی سەرکەوتنەکەی بکات نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ژمارەی كورسییەكانی ئەو بەرەیەی لەگەڵ چەند لایەنێكدا پێكیهێناوە، زیاترە لەژمارەی كورسییەكانی رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر. دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی رابردوو، نوری مالكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان، بەرەیەكیان پێكهێنا بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكومەت. سەدر ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام مالکی دەیەوێت بەهاوپەیمانێتیەک کە لەسەروی ٩٠ کورسیەوە بێت پێش سەدر بکەوێت. یەكشەممەی رابردوو نوری مالكی لەبارەی دوایین هەوڵەكانی ئەو بەرەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆی رایگەیاند، رووبەرێكی تر هەیە لەدەرەوەی رووبەری بەرەكەیان كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن، ئەوانیش چوونەتە پاڵیان و بەوەش ژمارەی كورسییەكانیان زیاتربوون. وتیشی، «بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بەسەركردەی لایەنە سیاسییەكانەوەو بەوەش دەتوانین بەسەر رەوتی سەدردا سەربكەوین». سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد كە «مەرج نییە گەورەترین فراكسیۆن تەنها شیعەكان پێكیبهێنن، بەڵكو هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كوردو سوننە و شیعە كە لەنێو خۆیاندا یەكڕیزن، كۆدەبنەوە و یەكدەگرن و لەو ئاسۆ نیشتمانییەدا ئێمە ئامادەگییەكی گەورەترمان هەیە». پێشتر هیشام ركابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالكی راگەیاندبوو، زیاتر لە 73 پەرلەمانتاریان لەچێوەی بەرەكەیاندا كۆكردووەتەوەو هەوڵەكانیشیان بەردەوامن لەپێناو زیاتركردنی ژمارەكە. ئەوەش وەکو ئامەژەیەک بەوەی پێش سەدر دەکەون. بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، 37 كورسی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی هەیە، بەڵام مالكی و لایەنە شیعییەكانی تر پێكەوە بەرەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. بەپرسانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێن، بەرەكەیان كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیی بەهێز كە توانای پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامە نیشتمانییەكەی و پاراستنی حكومەتی لەگێچەڵپێكردن هەبێت. ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بەوەی کە دەتوانن پێش موقتەدا سەدر بکەون. سەدر: دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت. ئەوانیش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بن. لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند «دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئێمە لاریمان نییە بۆ خزمەتی نیشتیمان لەهەر بەرەکیان بین». وتیشی «هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نییە، جگە لەبابەتی چاکسازی و جیاوازی لەنێوان ملکەچبوونی دەرەکی و نیشتمانیبوون». لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوتی سەدر، 73 کورسی بەدەستهێنا. لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران لە بەرەی دژە سەدرن لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتباردەکەن بەئەنجامدانی ساختەکاری لەدژی ئەوان. كۆمیسیۆن: هیچ ساختەکارییەک نەکراوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزارو 621 وێستگە تەواوکردووەو دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووەو ئەنجامەكان لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی ھاوتان. قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق لهمبارهیهوه رایگهیاند، بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رێکارێکی پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە «خیانەتکارانی ئەلیکترۆنی» نەسپێردرێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئهمه رایگهیاند، لە 14 هەزار وێستگە دەنگەكان بەدەست هەژمارکراونەتەوەو ئەنجامەکانیان هەمان ئەو ئەنجامانەبووە، کەپێشتر کۆمسیۆن بڵاویكردهوه. راشیگهیاند، هیچ ساختەکارییەک لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە. عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی، نوێنەرانی حزبەکان و چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمسیۆن تاوەکو ئێستا پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە کردووە، کە دەکاتە لەسەدا 25ی کۆی وێستەگەکان، بەڵام هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان. ئەو لایەنانەی شیعەی عێراق، کە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک لەخۆپیشاندان دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن. لەبارەی بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەری رێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رەتدەکەنەوە و داوا لەدەستەی دادوەری دەکەن، چاو بەتەواوی تانەکاندا بخشێنێتەوە، کە لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، هەروەها جەختدەکاتەوە، دەبێت دەنگی تەواوی وێستگەکانی دەنگدان بەدەست هەژماربکرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، کە رەوتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە هۆشداری لەدەستتێوەردانی وڵاتان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوەو رایگەیاند «هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە، هەندێک وڵات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و گوشاردەخەنە سەر لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان». لایەنگرانی حەشدی شەعبی مەترسی دەخەنە سەر ناوچەی سەوز کاندیدە دەرنەچووەکان سکاڵایان لەسەر 1434 وێستگەی دەنگدان تۆمار کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆمسیۆنیش تەنها 68 سکاڵای پەسەندکردووە. ماوەی پێنج رۆژە وێستگە تانەلێدراوەکان بەدەست دەنگەکانی دەژمێردرێتەوە، تا ئێستاش وێستگەکانی 10 پاێزگا تەواو بووە، کە لە نێوانیاندا 28 وێستگەی هەولێرو 87 وێستگەی کەرکووک ئەنجامەکانی 100٪ هاوتای ئەنجامی ئەلیکترۆنی بوون. بەرپرسانی کۆمسیۆن دەڵێن کە ئامێرەکە دەنگە راستەکان هەژمار دەکات و ئەگەر کەسێک دەنگی بەدوو کاندید دابێت، یان بەقەڵەم جاف خەتی لێدابێت هەموویان پوچەڵ دەکاتەوە. گوشارەکانی سەر کۆمسیۆن تادێت چڕ دەبێتەوە، بەرەی ناڕازی شیعەکان لایەنگرانی خۆیان و حەشدی شەعبیان بردووەتە بەردەم دوو دەرگای ناوچەی سەوزو ماوەی 12 رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر عێراق بەگشتی و بەغدا دروستکردووە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەند گولـله هاوەنێک ئاراستەی ئەو ناوەندەکرا، لەناوچەی سەوز کە پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە. عەبدولخالق تەڵعەت، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پاراستنی ناوەندی تایبەت بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان لەکۆمسیۆن دەڵێت «هێزێکی زۆر لەناوچەی سەوز بەتایبەتی لەو ناوەندەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی لێ دەژمێردرێنەوە بڵاوەی پێکراوە، ئێمە وەکو فەرماندەی هاوبەشی عێراق سەرپەرشتیاری ئەو هێزە دەکەین». وتیشی «گوشاری زۆر لە سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت». هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی تادوای تەواوبوونی سکاڵاکان و بەدوادچوونەکان چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دەیان حزبی بەشدارو کاندیدی دەرنەچووی شیعەکان لەبەغداو شارەکانی خوارووی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەکان.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەدات كە لەشەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا كاری زۆرباشیان كردووە بۆ گواستنەوەو یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەشڵێت:» چوار لیوای دیكە یەكخراونەتەوەو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە». لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتوون كە لیوایەك لەوەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەك لەسوپای عێراق بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوولا پڕبكەنەوە. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە كە لیواكەی وەزارەتی پێشمەرگە بەگواستنەوە دەخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و مووچەو خانەنشینیان لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت. هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەناردنی دوو لیوا بۆ بۆشاییە ئەمنییەكان كاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام ناوچەكە فراوانەو ناردنی ئەو هێزانە كەمەو پێویستی بەدوو لیوای دیكەش دەبێت. هاوڵاتی: بەرپرسانی ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستانیش باسی زیادبوونی مەترسییەكانی داعش دەكەن، بەرنامەتان چییە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان؟ لیوا قارەمان كەمال: بە راستییەكەی ئەوەی ئێمە تەئكیدی لێدەكەینەوە هەماهەنگی زیاترە لەنێوان ئێمەو عێراقدا بەتایبەتی نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هەردوولاماندا هەیە، ئەوە خاڵی هەرە سەرەكی و گرنگە. خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدەین پێكەوە، چونكە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە گەورەن لەهەندێك شوێن دەگاتە 40 تا 60 كیلۆمەتر چوارگۆشە، هیچ هێزێكی تێدا نییە، هەم عێراق رێگە نادات هێزەكانی پێشمەرگە بچنە ئەو شوێنانە، هەم عێراق خۆیشی ئامادە نییە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار تەئكیدمان كردووەتەوە كە پێویست دەكات ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بە هێز پڕبكرێتەوەو پلانی ئەوەمان هەیە دوو لیوا دروست دەكرێت كەلیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ناوچەیەكی گەورەیەو چوونی دوو لیوا زۆر كەمە، راستە كاریگەری خۆی دەبێت، لیوایەكیان لەخانەقین تا مەنتیقەی كەركوك دەبێت و لیواكەی دیكە لەمەخمور دەبێت تا دەشتی نەینەوا، دوو لیوا كەمە بۆ ئەو سنورە و ئومێدەوارین دوو لیوای دیكە دروست بكرێت. هاوڵاتی: پرسی ناردنی ئەو دوو لیوایە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی باست كرد بەچی گەیشتووە؟ لیوا قارەمان كەمال: ئەم لیوایانە لەقۆناغی كۆتاییدایەو وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان ئامادە دەكات كەژمارەیان سێ هەزارو 700 پێشمەرگەو ئەفسەر دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا ناوەكان دەنێردرێت بۆ بەغداو دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، واتا موچەو خانەنشینیان لەسەر عێراق دەبێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە. هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق كۆبوونەوەمان كردووە تەئكید كراوەتەوە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەدا ئەنجام بدەین، چونكە داعش هەم مەترسی ماوە لەسەر هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق و هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانەدا، تائێستا داعش چالاكی هەیەو بەردەوام خۆی رێكدەخاتەوە لەبەرئەوە، ئەگەر ئەو ناوچانە بە هێز پڕ نەكرێتەوەو ئۆپەراسیۆنی هاوبەش نەبێت بەتەئكید داعش دەمێنێت و لەناو ناچێت. هاوڵاتی: ئەم دوو لیوایە دەتوانین بڵێین تا كۆتایی ساڵ لەو ناوچانە جێگیر دەكرێن؟ لیوا قارەمان كەمال: لەچەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان دەنێرێت بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمە مەشق و راهێنانی دەوێت و بەئۆتومبێلی جەنگی نوێ و ئینجا دەنێردرێنە واجب، دوای ئەوەی ناوەكان دەنێرین و رێكدەخرێن دواتر مەشقیان پێ دەكرێت ئینجا دەچنە واجبەوە. باسی ئەوەمان كردووە كە دوو لیوا بۆ ئەو ناوچانە كەمەو وەك یەكەم هەنگاو هەنگاوێكی زۆر باشە، درێژییەكەی هەزار كیلۆمەتر دەبێت و ناردنی دوو لیوا زۆر كەمەو بەڵام كاریگەریی خۆی دەبێت. هاوڵاتی: ئەگەر ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكارتان دەبن؟ لیوا قارەمان كەمال: هێزەكانی هاوپەیمانان لە دروستكردنی ئەم دوو لیوایە بۆ ئەو ناوچانە سەرجەم چەك و پێداویستییەكانیان لەسەر هاوپەیمانان دەبێت، هەر كاتێكیش ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت هاوكار دەبن. هاوڵاتی: ژمارەی داعش باس لەنزیكەی 10 هەزار چەكدار دەكرێت، ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دەزانن بەنزیكەیی چەند كەس دەبن؟ لیوا قارەمان كەمال: داعش لەجموجۆڵدایە لەهەر ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە ژمارەیان دەگۆڕێت، لەدیالە ژمارەیەكەو لە كەركوك و باشووری كەركوك ژمارەیەكە، لەناوچەی مەخمور و نەینەوا ژمارەیەكی دیكەیەو بەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو ژمارە گەورەیە نین، بەڵام بەشێوەی پارتیزانی شەڕت لەگەڵدا دەكەن. ئەو شەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە شەهید بوون، دوو تا سێ چەكدار لەدوورەوە رەبیەكەیان بینیوەو پێشمەرگەكە دەركەوتووەو تەقەیان لێكردووەو دواتر پێشمەرگەكەی دیكە چووە بە هانایەوە تەقەشیان لەو كردووەو شەهیدیان كردووە، ئەوە نییە مەفرەزەیەكی گەورە هاتبێت رەبایەكە بگرێت، ئەوان مەبەستیانە چۆن بتوانن زیانێكت پێ بگەیەنن و خۆیان بێ زیان لێی دەربچن. هاوڵاتی: حسابی ئەوە دەكرێت كە ئەو دوو لیوایە دەچنە ئەو بۆشاییە ئەمنیانە تا رادەیەكی زۆر گیانیان پارێزراو بێت و ئەجهیزەو تەكنیكی نوێ بەكاربهێنن؟ لیوا قارەمان كەمال: سوپای عێراقی لە رووی ئیمكانییەتەوە ئیمكانییەتی باشی هەیە، لە رووی پێداویستی جەنگی و چەكەوە شتی باشی هەیە، هەم هاوپەیمانانیش وەكو باسم كرد هاوكار دەبن بۆ ئەو دوو لیوایە، بەتەئكید دۆخیان باشتر دەبێت لە رووی پێداویستییە سەربازییەكانەوە. هاوڵاتی: پێتانوایە خەڵكی ئەو ناوچانەی داعشی لێییە یارمەتیان دەدەن؟ لیوا قارەمان كەمال: چارەسەری داعش تەنها هێز نییە، كۆمەڵێك بابەتی سیاسیشی هەیە تا ئەو بابەتانە چارەسەر نەكرێت كۆمەڵێك كەموكورتی ئیداری هەیە چارەسەر ناكرێت، داعش ئەو فرسەتە دەقۆزێتەوەو گەشە دەكات و دەمێنێت و عاتیفەی خەڵك بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەڵام داعش بەتەنها بە كردەوەی سەربازیی لەناو ناچێت، لەناوچە سوننە نشینەكاندا كێشەی زۆری خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاوەدانی هەیە، ئەمانە هەمووی وای كردووە داعش ئیستغلالی ئەو دۆخە بكات و بمێنێتەوە. هاوڵاتی: پرسی چاكسازییەكان و یەكخستنەوەی هێزەكان گەیشتووەتە چ قۆناغێك؟ لیوا قارەمان كەمال:چاكسازییەكان بەردەوامەو بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەم شەش مانگەی كۆتایی ئەمساڵ ئیشی زۆر باش كراوە، چوار لیوای دیكە خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پشتیوانی یەك و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانی یەك فەرمانەكەی دەرچووەو پشتیوانی دوو نوسراوەكەی لەئەنجومەنی وەزیرانەو ئەویش دێتەوە، ئەوەش كۆتایی پێهاتووە لە رووی گواستنەوەی هێزەكان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە. مەسەلەی یەكخستنی ژمێریاری میكانیزمەكە رێكخراوەو نووسراوەكەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەو تەنها رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. هاوڵاتی: واتا دەتوانین بڵێین یەكەی 70 و 80 ئیتر مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت؟ لیوا قارەمان كەمال: تا یەكەی ژمێریاری كە میكانیزمەكەیمان نوسیووەو نێردراوە بۆ حكومەتی هەرێم، كە موافەقەكەی گەڕایەوە بەدڵنیاییەوە لەوەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن، چونكە پێشتر میزانییەی خۆیان جیاواز بووەو دەبێت بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە سەر وەزارەت. هاوڵاتی: ئەی پرسی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم؟ لیوا قارەمان كەمال: دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی چووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری و هیچ خانەنشینێك نامێنێت لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا وەجبە وەجبە دەنێردرێت، ئەوەش ئیشی باشی لێكراوە. لەسەر رێكخستنەوەی دۆسییەكان كە دەبێت هەموو پێشمەرگەیەك دۆسییەی تایبەت بەخۆی هەبێت خەریكی رێكخستەوەی ئەو دۆسیانەین. هاوڵاتی: پلە بەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئەفسەران بۆچی دوادەكەوێت؟ لیوا قارەمان كەمال: بەڵێ راستە، خۆی فەترەیەك پلە بەرزكردنەوە راگیرا، كە كرایەوە بەرزمان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش داوای لیستی خانەنشینانیان كرد، ئێستا لیستێكمان ناردووە لەدوای ئەوە جەدوەلی 2018 و 2019 بەوەجبە وەجبە ئامادەیە بینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندی لەسەر بدەن. لیستی خانەنشینان كە ژمارەیان زیاتر لە 800 ئەفسەرە ناویان رۆیشتووە بۆ خانەنشین، ئەوەش ئیشی تێدا كراوە، هۆكارەكەی پێشتر ئەوە بووە كە پلە بەزركردنەوە راگیرابوو.
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە لە چاوپێکەوتنێکدا "بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات."، عەتا سەراوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاندبوو، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخواردكراوم و كە بە كەسێكی تر جێبەجێیكردووە". لە چاوپێکەوتنێکدا عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەمرۆ چوارشەممە وتیشی، " تاجرەکان دەرمانی ژەهراوی دەهێنن، پارتی و یەکێتین، جۆری ئەو ژەهرەی لە ڕابردوو درا بە من زەربیخ بوو". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی بەرپرسی ژەهرخواردنکردنی ئێمە بووە ئاشکرابێت بەخۆم رۆحی دەکێشم". هاوکات، ئێوارەی ئەمرۆ نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر قسەکانی سەراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە" دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم ، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە، بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 3 ی نۆڤێمبەری 2021
