هاوڵاتی وەزارەتى پێشمەرگە راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى پردێ بڵاوکردەوە و دەڵێت:" هیچ زیانێکی گیانی نەبووە". لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، کاتژمێر١٠:٣٠ی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی فەوجی۲ی لیوای۱۰ی پیادەیان دا، لە سنوری میحوەری پردێ- دبس. دەشڵێت:"پێشمەرگە ئازاکانمان بەخێرایی لێیان هاتنە دەست و ڕاویان نان، خۆشبەختانە هیچ زیانێک بە پێشمەرگە نەگەیشتووە". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمە بۆ چەندین جارە داعش بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوى ٣٠-١٠-٢٠٢١ چەکدارانی داعش لەهەمان میحوەر هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
هاوڵاتی بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ساڵانە 33 ملیار و 661 ملیۆن دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە. بەپێی نووسراوی ژمارە 4367ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژی 27-9-2021 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەوە ئامادەکراوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت مانگانە بریتییە لە 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینار، لەکاتێکدا ئەگەر بکرێن بەهەمیشەیی ئەوا مووچە و دەرماڵەی شایستەی مانگانەیان بریتییە لە بڕی 7 ملیار و 525 ملیۆن و 623 هەزارو 350 دینار، بەو پێیە ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە دابمەزرێندرێن، مانگانە 2 ملیار و 805 ملیۆن و 101 هەزار و 650 دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆچوونی خۆشی لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: "سەبارەت بە رای وەزارەتمان بەو تەرخانکراوەی کە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێوەردەگرن دەتوانرێت بکرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانییەکی دارایی نەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتمان".
هاوڵاتی هەریەکە لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر کێبڕکێیانە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق لەپشکی شیعەکان لەکاتێکدا هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رانەگەیەنراوە. مالکی لەهەوڵدایە بەرەیەکی فراوان لەبەرەکەی سەدر پێکبهێنێت بۆ پێکانی ئامانجەکەی، هاوکات موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەلایەوە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بەرەی تێدابێت کە یەکەمیان پاڵپشتی لەحکومەت بکات و دووەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ چاودێریکردنی حکومەت. لەساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکومەت لەعێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان سوننە، شیعەو کورد پێکھێنراون و پۆستی سەرۆکوەزیران بەر شیعەکان کەوتووە. بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لەکۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە. مالکی نایەوێت سەدر تامی سەرکەوتنەکەی بکات نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ژمارەی كورسییەكانی ئەو بەرەیەی لەگەڵ چەند لایەنێكدا پێكیهێناوە، زیاترە لەژمارەی كورسییەكانی رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر. دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی رابردوو، نوری مالكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان، بەرەیەكیان پێكهێنا بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكومەت. سەدر ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام مالکی دەیەوێت بەهاوپەیمانێتیەک کە لەسەروی ٩٠ کورسیەوە بێت پێش سەدر بکەوێت. یەكشەممەی رابردوو نوری مالكی لەبارەی دوایین هەوڵەكانی ئەو بەرەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆی رایگەیاند، رووبەرێكی تر هەیە لەدەرەوەی رووبەری بەرەكەیان كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن، ئەوانیش چوونەتە پاڵیان و بەوەش ژمارەی كورسییەكانیان زیاتربوون. وتیشی، «بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بەسەركردەی لایەنە سیاسییەكانەوەو بەوەش دەتوانین بەسەر رەوتی سەدردا سەربكەوین». سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد كە «مەرج نییە گەورەترین فراكسیۆن تەنها شیعەكان پێكیبهێنن، بەڵكو هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كوردو سوننە و شیعە كە لەنێو خۆیاندا یەكڕیزن، كۆدەبنەوە و یەكدەگرن و لەو ئاسۆ نیشتمانییەدا ئێمە ئامادەگییەكی گەورەترمان هەیە». پێشتر هیشام ركابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالكی راگەیاندبوو، زیاتر لە 73 پەرلەمانتاریان لەچێوەی بەرەكەیاندا كۆكردووەتەوەو هەوڵەكانیشیان بەردەوامن لەپێناو زیاتركردنی ژمارەكە. ئەوەش وەکو ئامەژەیەک بەوەی پێش سەدر دەکەون. بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، 37 كورسی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی هەیە، بەڵام مالكی و لایەنە شیعییەكانی تر پێكەوە بەرەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. بەپرسانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێن، بەرەكەیان كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیی بەهێز كە توانای پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامە نیشتمانییەكەی و پاراستنی حكومەتی لەگێچەڵپێكردن هەبێت. ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بەوەی کە دەتوانن پێش موقتەدا سەدر بکەون. سەدر: دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت. ئەوانیش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بن. لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند «دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئێمە لاریمان نییە بۆ خزمەتی نیشتیمان لەهەر بەرەکیان بین». وتیشی «هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نییە، جگە لەبابەتی چاکسازی و جیاوازی لەنێوان ملکەچبوونی دەرەکی و نیشتمانیبوون». لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوتی سەدر، 73 کورسی بەدەستهێنا. لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران لە بەرەی دژە سەدرن لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتباردەکەن بەئەنجامدانی ساختەکاری لەدژی ئەوان. كۆمیسیۆن: هیچ ساختەکارییەک نەکراوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزارو 621 وێستگە تەواوکردووەو دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووەو ئەنجامەكان لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی ھاوتان. قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق لهمبارهیهوه رایگهیاند، بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رێکارێکی پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە «خیانەتکارانی ئەلیکترۆنی» نەسپێردرێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئهمه رایگهیاند، لە 14 هەزار وێستگە دەنگەكان بەدەست هەژمارکراونەتەوەو ئەنجامەکانیان هەمان ئەو ئەنجامانەبووە، کەپێشتر کۆمسیۆن بڵاویكردهوه. راشیگهیاند، هیچ ساختەکارییەک لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە. عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی، نوێنەرانی حزبەکان و چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمسیۆن تاوەکو ئێستا پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە کردووە، کە دەکاتە لەسەدا 25ی کۆی وێستەگەکان، بەڵام هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان. ئەو لایەنانەی شیعەی عێراق، کە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک لەخۆپیشاندان دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن. لەبارەی بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەری رێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رەتدەکەنەوە و داوا لەدەستەی دادوەری دەکەن، چاو بەتەواوی تانەکاندا بخشێنێتەوە، کە لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، هەروەها جەختدەکاتەوە، دەبێت دەنگی تەواوی وێستگەکانی دەنگدان بەدەست هەژماربکرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، کە رەوتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە هۆشداری لەدەستتێوەردانی وڵاتان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوەو رایگەیاند «هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە، هەندێک وڵات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و گوشاردەخەنە سەر لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان». لایەنگرانی حەشدی شەعبی مەترسی دەخەنە سەر ناوچەی سەوز کاندیدە دەرنەچووەکان سکاڵایان لەسەر 1434 وێستگەی دەنگدان تۆمار کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆمسیۆنیش تەنها 68 سکاڵای پەسەندکردووە. ماوەی پێنج رۆژە وێستگە تانەلێدراوەکان بەدەست دەنگەکانی دەژمێردرێتەوە، تا ئێستاش وێستگەکانی 10 پاێزگا تەواو بووە، کە لە نێوانیاندا 28 وێستگەی هەولێرو 87 وێستگەی کەرکووک ئەنجامەکانی 100٪ هاوتای ئەنجامی ئەلیکترۆنی بوون. بەرپرسانی کۆمسیۆن دەڵێن کە ئامێرەکە دەنگە راستەکان هەژمار دەکات و ئەگەر کەسێک دەنگی بەدوو کاندید دابێت، یان بەقەڵەم جاف خەتی لێدابێت هەموویان پوچەڵ دەکاتەوە. گوشارەکانی سەر کۆمسیۆن تادێت چڕ دەبێتەوە، بەرەی ناڕازی شیعەکان لایەنگرانی خۆیان و حەشدی شەعبیان بردووەتە بەردەم دوو دەرگای ناوچەی سەوزو ماوەی 12 رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر عێراق بەگشتی و بەغدا دروستکردووە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەند گولـله هاوەنێک ئاراستەی ئەو ناوەندەکرا، لەناوچەی سەوز کە پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە. عەبدولخالق تەڵعەت، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پاراستنی ناوەندی تایبەت بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان لەکۆمسیۆن دەڵێت «هێزێکی زۆر لەناوچەی سەوز بەتایبەتی لەو ناوەندەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی لێ دەژمێردرێنەوە بڵاوەی پێکراوە، ئێمە وەکو فەرماندەی هاوبەشی عێراق سەرپەرشتیاری ئەو هێزە دەکەین». وتیشی «گوشاری زۆر لە سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت». هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی تادوای تەواوبوونی سکاڵاکان و بەدوادچوونەکان چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دەیان حزبی بەشدارو کاندیدی دەرنەچووی شیعەکان لەبەغداو شارەکانی خوارووی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەکان.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەدات كە لەشەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا كاری زۆرباشیان كردووە بۆ گواستنەوەو یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەشڵێت:» چوار لیوای دیكە یەكخراونەتەوەو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە». لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتوون كە لیوایەك لەوەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەك لەسوپای عێراق بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوولا پڕبكەنەوە. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە كە لیواكەی وەزارەتی پێشمەرگە بەگواستنەوە دەخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و مووچەو خانەنشینیان لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت. هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەناردنی دوو لیوا بۆ بۆشاییە ئەمنییەكان كاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام ناوچەكە فراوانەو ناردنی ئەو هێزانە كەمەو پێویستی بەدوو لیوای دیكەش دەبێت. هاوڵاتی: بەرپرسانی ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستانیش باسی زیادبوونی مەترسییەكانی داعش دەكەن، بەرنامەتان چییە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان؟ لیوا قارەمان كەمال: بە راستییەكەی ئەوەی ئێمە تەئكیدی لێدەكەینەوە هەماهەنگی زیاترە لەنێوان ئێمەو عێراقدا بەتایبەتی نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هەردوولاماندا هەیە، ئەوە خاڵی هەرە سەرەكی و گرنگە. خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدەین پێكەوە، چونكە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە گەورەن لەهەندێك شوێن دەگاتە 40 تا 60 كیلۆمەتر چوارگۆشە، هیچ هێزێكی تێدا نییە، هەم عێراق رێگە نادات هێزەكانی پێشمەرگە بچنە ئەو شوێنانە، هەم عێراق خۆیشی ئامادە نییە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار تەئكیدمان كردووەتەوە كە پێویست دەكات ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بە هێز پڕبكرێتەوەو پلانی ئەوەمان هەیە دوو لیوا دروست دەكرێت كەلیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ناوچەیەكی گەورەیەو چوونی دوو لیوا زۆر كەمە، راستە كاریگەری خۆی دەبێت، لیوایەكیان لەخانەقین تا مەنتیقەی كەركوك دەبێت و لیواكەی دیكە لەمەخمور دەبێت تا دەشتی نەینەوا، دوو لیوا كەمە بۆ ئەو سنورە و ئومێدەوارین دوو لیوای دیكە دروست بكرێت. هاوڵاتی: پرسی ناردنی ئەو دوو لیوایە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی باست كرد بەچی گەیشتووە؟ لیوا قارەمان كەمال: ئەم لیوایانە لەقۆناغی كۆتاییدایەو وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان ئامادە دەكات كەژمارەیان سێ هەزارو 700 پێشمەرگەو ئەفسەر دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا ناوەكان دەنێردرێت بۆ بەغداو دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، واتا موچەو خانەنشینیان لەسەر عێراق دەبێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە. هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق كۆبوونەوەمان كردووە تەئكید كراوەتەوە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەدا ئەنجام بدەین، چونكە داعش هەم مەترسی ماوە لەسەر هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق و هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانەدا، تائێستا داعش چالاكی هەیەو بەردەوام خۆی رێكدەخاتەوە لەبەرئەوە، ئەگەر ئەو ناوچانە بە هێز پڕ نەكرێتەوەو ئۆپەراسیۆنی هاوبەش نەبێت بەتەئكید داعش دەمێنێت و لەناو ناچێت. هاوڵاتی: ئەم دوو لیوایە دەتوانین بڵێین تا كۆتایی ساڵ لەو ناوچانە جێگیر دەكرێن؟ لیوا قارەمان كەمال: لەچەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان دەنێرێت بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمە مەشق و راهێنانی دەوێت و بەئۆتومبێلی جەنگی نوێ و ئینجا دەنێردرێنە واجب، دوای ئەوەی ناوەكان دەنێرین و رێكدەخرێن دواتر مەشقیان پێ دەكرێت ئینجا دەچنە واجبەوە. باسی ئەوەمان كردووە كە دوو لیوا بۆ ئەو ناوچانە كەمەو وەك یەكەم هەنگاو هەنگاوێكی زۆر باشە، درێژییەكەی هەزار كیلۆمەتر دەبێت و ناردنی دوو لیوا زۆر كەمەو بەڵام كاریگەریی خۆی دەبێت. هاوڵاتی: ئەگەر ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكارتان دەبن؟ لیوا قارەمان كەمال: هێزەكانی هاوپەیمانان لە دروستكردنی ئەم دوو لیوایە بۆ ئەو ناوچانە سەرجەم چەك و پێداویستییەكانیان لەسەر هاوپەیمانان دەبێت، هەر كاتێكیش ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت هاوكار دەبن. هاوڵاتی: ژمارەی داعش باس لەنزیكەی 10 هەزار چەكدار دەكرێت، ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دەزانن بەنزیكەیی چەند كەس دەبن؟ لیوا قارەمان كەمال: داعش لەجموجۆڵدایە لەهەر ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە ژمارەیان دەگۆڕێت، لەدیالە ژمارەیەكەو لە كەركوك و باشووری كەركوك ژمارەیەكە، لەناوچەی مەخمور و نەینەوا ژمارەیەكی دیكەیەو بەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو ژمارە گەورەیە نین، بەڵام بەشێوەی پارتیزانی شەڕت لەگەڵدا دەكەن. ئەو شەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە شەهید بوون، دوو تا سێ چەكدار لەدوورەوە رەبیەكەیان بینیوەو پێشمەرگەكە دەركەوتووەو تەقەیان لێكردووەو دواتر پێشمەرگەكەی دیكە چووە بە هانایەوە تەقەشیان لەو كردووەو شەهیدیان كردووە، ئەوە نییە مەفرەزەیەكی گەورە هاتبێت رەبایەكە بگرێت، ئەوان مەبەستیانە چۆن بتوانن زیانێكت پێ بگەیەنن و خۆیان بێ زیان لێی دەربچن. هاوڵاتی: حسابی ئەوە دەكرێت كە ئەو دوو لیوایە دەچنە ئەو بۆشاییە ئەمنیانە تا رادەیەكی زۆر گیانیان پارێزراو بێت و ئەجهیزەو تەكنیكی نوێ بەكاربهێنن؟ لیوا قارەمان كەمال: سوپای عێراقی لە رووی ئیمكانییەتەوە ئیمكانییەتی باشی هەیە، لە رووی پێداویستی جەنگی و چەكەوە شتی باشی هەیە، هەم هاوپەیمانانیش وەكو باسم كرد هاوكار دەبن بۆ ئەو دوو لیوایە، بەتەئكید دۆخیان باشتر دەبێت لە رووی پێداویستییە سەربازییەكانەوە. هاوڵاتی: پێتانوایە خەڵكی ئەو ناوچانەی داعشی لێییە یارمەتیان دەدەن؟ لیوا قارەمان كەمال: چارەسەری داعش تەنها هێز نییە، كۆمەڵێك بابەتی سیاسیشی هەیە تا ئەو بابەتانە چارەسەر نەكرێت كۆمەڵێك كەموكورتی ئیداری هەیە چارەسەر ناكرێت، داعش ئەو فرسەتە دەقۆزێتەوەو گەشە دەكات و دەمێنێت و عاتیفەی خەڵك بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەڵام داعش بەتەنها بە كردەوەی سەربازیی لەناو ناچێت، لەناوچە سوننە نشینەكاندا كێشەی زۆری خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاوەدانی هەیە، ئەمانە هەمووی وای كردووە داعش ئیستغلالی ئەو دۆخە بكات و بمێنێتەوە. هاوڵاتی: پرسی چاكسازییەكان و یەكخستنەوەی هێزەكان گەیشتووەتە چ قۆناغێك؟ لیوا قارەمان كەمال:چاكسازییەكان بەردەوامەو بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەم شەش مانگەی كۆتایی ئەمساڵ ئیشی زۆر باش كراوە، چوار لیوای دیكە خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پشتیوانی یەك و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانی یەك فەرمانەكەی دەرچووەو پشتیوانی دوو نوسراوەكەی لەئەنجومەنی وەزیرانەو ئەویش دێتەوە، ئەوەش كۆتایی پێهاتووە لە رووی گواستنەوەی هێزەكان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە. مەسەلەی یەكخستنی ژمێریاری میكانیزمەكە رێكخراوەو نووسراوەكەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەو تەنها رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. هاوڵاتی: واتا دەتوانین بڵێین یەكەی 70 و 80 ئیتر مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت؟ لیوا قارەمان كەمال: تا یەكەی ژمێریاری كە میكانیزمەكەیمان نوسیووەو نێردراوە بۆ حكومەتی هەرێم، كە موافەقەكەی گەڕایەوە بەدڵنیاییەوە لەوەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن، چونكە پێشتر میزانییەی خۆیان جیاواز بووەو دەبێت بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە سەر وەزارەت. هاوڵاتی: ئەی پرسی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم؟ لیوا قارەمان كەمال: دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی چووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری و هیچ خانەنشینێك نامێنێت لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا وەجبە وەجبە دەنێردرێت، ئەوەش ئیشی باشی لێكراوە. لەسەر رێكخستنەوەی دۆسییەكان كە دەبێت هەموو پێشمەرگەیەك دۆسییەی تایبەت بەخۆی هەبێت خەریكی رێكخستەوەی ئەو دۆسیانەین. هاوڵاتی: پلە بەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئەفسەران بۆچی دوادەكەوێت؟ لیوا قارەمان كەمال: بەڵێ راستە، خۆی فەترەیەك پلە بەرزكردنەوە راگیرا، كە كرایەوە بەرزمان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش داوای لیستی خانەنشینانیان كرد، ئێستا لیستێكمان ناردووە لەدوای ئەوە جەدوەلی 2018 و 2019 بەوەجبە وەجبە ئامادەیە بینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندی لەسەر بدەن. لیستی خانەنشینان كە ژمارەیان زیاتر لە 800 ئەفسەرە ناویان رۆیشتووە بۆ خانەنشین، ئەوەش ئیشی تێدا كراوە، هۆكارەكەی پێشتر ئەوە بووە كە پلە بەزركردنەوە راگیرابوو.
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە لە چاوپێکەوتنێکدا "بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات."، عەتا سەراوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاندبوو، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخواردكراوم و كە بە كەسێكی تر جێبەجێیكردووە". لە چاوپێکەوتنێکدا عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەمرۆ چوارشەممە وتیشی، " تاجرەکان دەرمانی ژەهراوی دەهێنن، پارتی و یەکێتین، جۆری ئەو ژەهرەی لە ڕابردوو درا بە من زەربیخ بوو". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی بەرپرسی ژەهرخواردنکردنی ئێمە بووە ئاشکرابێت بەخۆم رۆحی دەکێشم". هاوکات، ئێوارەی ئەمرۆ نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر قسەکانی سەراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە" دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم ، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە، بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 3 ی نۆڤێمبەری 2021
هاوڵاتی ئهندامێكى پهرلهمانى كوردستان ڕایگهیاند:" حکومەت خەریکی دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و غازە بە نهێنی و قهرزى دووساڵى كۆمپانیاى دانه غازى داوهتهوه". ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، عومهر گوڵپى ئهندامى پهرلهمانى كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :"حكومهت بهنهێنى قهرزى كۆمپانیاكانى غازو نهوت دهداتهوه، لەم ڕۆژانەدا هەموو قەرزی ساڵانی (٢٠١٩) و (٢٠٢٠)ی کۆمپانیای دانەغازی دایەوە، بەڵام تا ئێستا بیری لە دانەوەی یەک دینار قەرزی مووچەخۆرانی خۆی نەکردووەتەوە". عومهر گوڵپى دهڵێت:" ئێمە لەگەڵ دانەوەی هەموو قەرزەکانین، بەڵام بە شەفافیەت و بە ڕوونی و لە چوارچێوەی کاری حکومی نەوەک بە نهێنی و ژێر بەژێر، بەجۆرێک بەنهێنی ئەم کارە بەڕێوە دەچێت کە لەبری ئەوەی ئێمەو هاووڵاتیانی کوردستان لە سەرۆکی حکومەت و وتەبێژو وەزیری داراییەکەیەوە بیزانین، کەچی لە بەیاننامەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە زانیارییمان دەست دەکەوێت". ئهو پهرلهمانتاره دهپرسێت، دانەوەی قەرزەکان لە کاتێکدایە کە دیار نیە ئەم قەرزانە بۆ کران؟ کێ کردی؟ بۆچی؟ بە چ پێوەرێک؟ بە چ یاسایەک؟ بە چ شێوازێک؟ بۆ چەند؟ چەند سوی ئەچێتە سەر؟ پاشان چەند ملیارن؟ هی چەند کۆمپانیا؟ لە بەرانبەر چی؟ هیچ یەکێک لەمانە دیار نیە، زیاتر لە ساڵێکە حکومەت بەڵێنی داوە لیستی هەموو قەرزەکان بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا نەیناردووەو دیاریش نیە کەی دەینێرێت! عومهر گوڵپى جهخت لهسهر ئهوهدهكاتهوه، حكومهت نهیتوانیوه قهرزى موچهى فهرمانبهران بداتهوهو زیاتر له حهوت ساڵه پهله بهرزكردنهوه ڕاگیراوهو ئهو ئهژماره بانكیهش بڕیاربوو بۆ فهرمانبهران دروست بكرێت تا ئێستا دروست نهكراوه. فهرمانبهرانى ههرێمى كوردستان زیاتر له 15 ترلیۆن دیناریان لاى حكومهتهو تا ئێستا حكومهت جگهلهوهى هیچ لهم قهرزانهى نهداوهتهوه، پلهبهرزركدنهوهى ڕاگرتوهو مانگانه قهرزهكانى فهرمانبهران كهلاى حكومهته زیاد دهكات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بەبەشداری زیاتر لە ٦٠ كۆمپانیا پێشانگا و كۆنفرانسی كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی لە شاری ھەولێر كرایەوە و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکەدا لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئهمڕۆ لێرهین و بهشداری ئهو پێشانگه هاوبهشهی نێوان وهزارهتی كشتوكاڵی ههرێمی كوردستانی و وهزارهتی كشتوكاڵی فیدراڵ دهكهین، ئهم ههماههنگییه هاوبهشه دهستپێكێكی زۆر باش دهبێت بۆ پێشخستنی كهرتی كشتوكاڵ لهسهر ئاستی ههموو عێراق". ئاماژەی بەوەشکرد:" ئهم پێشانگهیه دهبێته دهستپێكێك بۆ ئهوهی ئهم ههماههنگییهی له نێوان جوتیارانی ههرێمی كوردستان و ناوچهكانی دیكهی عێراق پهرهبستێنێت". لە پێشانگاكەدا زیاتر گرنگی بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و ئامێر و پێداویستی کشتوکاڵی و هەندێک لە کەلوپەل دراوە، هەروەها لەگەڵ كردنەوەی پێشانگاكەشدا، كۆنگرەیەك بەڕێوەچوو كە تیایدا گفتوگۆ دەربارەی بەرەوپێشبردنی سێكتەری كشتوكاڵی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت. پێشانگاكە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكرێت. بڕیارە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان بە بەشداری ژمارەیەك شارەزای بواری كشتوكاڵیی لە كۆنفرانسەكە گفتوگۆ بكەن.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕایگەیاند، لە هەرێمی زاپ لە ئەنجامی چالاکی گەریلاکانیان دژی داگیرکەران سەنگەرێک ڕووخێنراوە و لایەنی کەم سێ سەربازی سوپای تورک سزادران. ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لەبارەی چالاکی هێزەکانیان دژی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیە هاتووە: ” لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری بازەکانی زاگرۆس دا ڕۆژی ٢-١١ کاتژمێر ٠٣:٣٠ لە مەیدانی قەڵای بەدەوی لە هەرێمی زاپ هێزەکانمان لە داگیرکەرانیان دا. لە ئەنجامی ئەو چالاکییە سەرکەوتووەدا لانی کەم سێ داگیرکەر سزادران، سەنگەرێک ڕووخێنرا و گورز لە سیستەمی کامێرای چاودێری پێشکەوتوو و سیستەمی ڕادار درا. ڕۆژی ٢-١١ کاتژمێر ٠٩:٠٠ هەرێمی خواکورک لە مەیدانی گردی شەهید شەریف و لەهەرێمی زاپ لە مەیدانی گردی شەهید سمکۆ بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان کرا”.
هاوڵاتی بانکی ئەمریکا رایگەیاند:"نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکو کۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو بۆ 120 دۆلار بەرزدەبێتەوە". ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، بانکی ئەمریکا رایگەیاند:"نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکو کۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو بۆ 120 دۆلار بەرزدەبێتەوە". هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی پێشبینییەکانی بانکی ئەمریکا بۆ نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانەی وزە کە لە جیهاندا سەریهەڵلداوە و بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازی سرووشتی، نرخی بەنزین و نرخی خەڵووز. بانکی ئەمریکا پێیوایە کە بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی داهاتوو زیاتر دەبێتە لە بڕی خستنەڕووی نەوت و لەبەر ئەوەش بە بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە نرخەکانی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا. بانکی ئەمریکا ئێستا دەڵێت، بەرزبوونەوەی خواست بۆ گازوایل و بەنزین و سووتەمەنی فڕۆکە هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای پاڵاوگەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا. بانکی ئەمریکا یەک مانگ لەمەوبەر پێشبینی کردبوو کە لە ماوەی 6 مانگدا نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە ئەگەرهاتوو کە زستانێکی سارد رووبدات. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک لەسەر داهاتووی بازاڕی نەوت کۆببنەوە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان و بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەکەی لە پۆستەکەیان دورخستەوە. ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە لەسەركارلادانی هەردوو بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و گومرگی گەرمیان. لەسەركارلادانی بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردوودا شۆفێرانی مەرزەكە مانیانگرت و بۆ ماوەیەك هاتوچۆ لە مەرزەكەوە راگیرا، دوێنێ دەستیپێكردەوە. دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، ساڵی رابردو لە مێژوی دەروازەکە بە ساڵی زێڕین دادەنێرت، چونکە زیاتر لە 240 ملیار دینار داهاتی هەبوە.
هاوڵاتی سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:" ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاوارە و پەنابەر زیاتر لە شەش ملیۆن و 270 هەزار كەسە و پێشبینی دەكەن ساڵی 2040 بگاتە 8 ملیۆن و 800 هەزار كەس. ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، سیروان محەممەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ''ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەرەو زیادبوون چووە، پێشبینی دەكەین بۆ ساڵی 2040 بگاتە 8 ملیۆن و 800 هەزار كەسم دەشڵێت، 20 ساڵ پێش ئێستا گەشەی دانیشتووان سەرووی 3٪ بوو بەڵام ئێستا دەگاتە 2٪. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاوارە و پەنابەر زیاتر لە 6 ملیۆن و 270 هەزار كەسە و پێشبینی دەكەین ساڵی 2040 بگاتە 8 ملیۆن و 800 هەزار كەسە.'' ئەوەشیخستۆتەڕوو، هەرچی ژمارەی دانیشتوانی عێراقە، ئێستا 40 ملیۆن كەسە و ساڵانە نزیكەی 850 هەزار كەس زیاد دەبێت.
تەشەنەكردنی كۆرۆناو رێگری هەندێك لەهەڤاڵان لەهەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ هۆكاربوو بۆ درێژەدان بەو ئەزموونە سەرنەكەوتووە سازدانی: ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە راشكاوانە قسە لەسەر كێشەو پرسە ناوخۆییەكانی حزبەكەی دەكات و ئاماژە بەوە دەدات كە لەكۆنگرە بڕیاریانداوە پاش شەش مانگ، ئەزموونی هاوسەرۆكی هەڵسەندگاندنی بۆ بكرێت و پەیڕەو هەموار بكرێتەوە، دەشڵێت:» بەشێك لەهەڤاڵان رێگربوون لەهەمواری پەیڕەوی ناوخۆو بوونە هۆكاری بەردەوامی ئەو ئەزموونە سەرنەكەوتووەی یەكێتی». ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ دەشڵێت:» سیستمی هاوسەرۆكی لەناو یەكێتی فەشەلی هێناوە». هاوڵاتی: دۆخی یەكێتی بەتایبەت دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان چۆنە؟ ئارێز عەبدوڵا: دوای هەڵبژاردن ئێمە ئێستا تێگەیشتووین كە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی شێوازی كاركردنی خۆمان دەزانین بۆ ئەوەندە كورسیمان هێناوەو كورسی دیكەمان نەهێناوە، واتا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو دۆخە كراوە تا سوود لەلایەنە باشەكانی بكەین و لایەنە نەرێنییەكانیش دووبارە نەبێتەوە. هاوڵاتی: ئایا سیستمی هاوسەرۆكی فەشەلی هێنا لەناو یەكێتیدا؟ ئارێز عەبدوڵا: با بەڕوونی باسی بكەین، سیستمی هاوسەرۆكی دوای كۆنگرەش دژی بووم، دژی ئەو شێوازە بووم و ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبوو بەگشتی، واتا ئەگەر ئەو كێشانەش روویان نەدایە هەر سیستمی هاوسەرۆكی ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبوو، هەر دەبوو چاوی پێدا بخشێنینەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی لەپەیڕەوی یەكێتی لەناو كۆنگرە پەسەندكرا، دەرفەتێكی شەش مانگیمان دا، وتمان ئەزمونی هاوسەرۆكی تاقیدەكەینەوە. دوای شەش مانگ لایەنە باش و خراپەكانی ئەو شێوازەمان بۆ دەردەكەوێت ئەوكاتە پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكەینەوە، واتا لەكۆنگرە بڕیارماندا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواربكەینەوە لەهەر بابەتێك كە هەڵەمان كردبێت یان لەهەر بابەتێك ئەگەر گونجاو نەبێت هەمواری بكەینەوەو بیگۆڕین، چونكە ئەو هەستەمان هەبوو هەڵەو كەموكوڕی هەیە بەدوو هۆكار. یەكەم: لەمێژ بوو كۆنگرە نەبەسترابوو، كێشەی كەڵەكەبوو زۆر بوو، دەمانویست كۆنگرە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنرێت و بێ دروستبوونی كێشە. دووەم: لەسەروبەندی كۆنگرە پەتای كۆرۆنا پەیدا بوو ئەویش كاریگەری زیاتری هەبوو كە پەلەی زیاتر بكەین لەتێپەڕاندنی كارەكانی كۆنگرە، بۆیە شەش مانگمان دانا بۆ تاقیكردنەوەی ئەو سیستمە نوێیەی كاركردنی یەكێتی، بەڵام دواتر پەرەسەندنی كۆرۆناو دوایش دەركەوت هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆ لەبەرژەوەندی هەندێ لەهەڤاڵان نەبوو، بۆیە ئەو هەڤاڵانەی لەهەمواركردنەوەی پەیڕەو لەبەرژەوەندیاندا نەبوو رێگریان دەكرد، لەئەنجامیشدا كێشەی گەورەمان بۆ دروست بوو كە ئەو ئەزموونە سەرنەكەوتووە درێژە پێبدرێت. هاوڵاتی: پێتانوایە پاشەكشەی دەنگەكانی یەكێتی بەهۆی ئەو كێشانەوە بووە كە روویانداوە؟ ئارێز عەبدوڵا: دوو سێ هۆكار هەبووە بۆ پاشەكشەی دەنگەكانی یەكێتی یەكەم: هەموو حزبەكان دەنگیان كەمی كردووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق. دووەم: پێش ئەوەی ئەو كێشانەش بتەقێتەوە ئێمە كێشەی گەورەمان هەبووە، واتا هەموو كێشەكان بەگشتی كاریگەری هەبوو، یەك هۆكار نییە، بەڵكو كێشە كەڵەكەبووەكانی یەكێتی بێگومان كاریگەری هەبووە، كێشەكانی ئەم دواییەی ناوخۆی یەكێتیش بەڵێ یەكێك بووە لەهۆكارەكانی پاشەكشەی یەكێتی. سێیەم: هەندێ هەڵەی تەكنیكیمان كردووە لەهەڵبژاردنەكاندا، چونكە هەڵبژاردن زەحمەت و ئاڵۆز بووەو هونەرو بەڕێوەبردن و راگەیاندنێكی زۆر یەكانگیری دەوێت و وەكو جاران نییە وردە وردە ئاڵۆزتر دەبێت، ئێمە هەندێ هەڵەمان كردووە وای كردووە كەژمارەی كورسیەكانمان كەمی كردووە. هاوڵاتی: پارتی چاوی لەپۆستی سەرۆك كۆمارەو ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت باسی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكەن كە بۆ پارتی بێت، قسەتان چییە لەو بارەیەوە؟ ئارێز عەبدوڵا: ئەگەر لێبگەڕێن پارتی چاوی لەپۆستەكانی سلێمانی و بەسڕەش دەبێت، بەڵام خۆ بەدەست پارتی نییە، ئێمەش چاومان لەوەیە یان لانی كەم لەبەرئەوەی پارتی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو رێگری لەوە كرد كە پارێزگاری كەركوك كوردێك بێت، ئەمجارە پێویستە زۆر نەرمی بنوێنێت بۆ ئەوەی یەكێتی پارێزگارێك لەكەركوك دابنێت. لەبەرئەوە بەهۆكاری ئەو پێداگیرییەی پارتی نەچوونە ژێربار بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد وای كرد كەئەو سێ ساڵەی رابردوو عەرەبێكی شۆڤێنی پارێزگاری كەركوك بێت، ئۆباڵی ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. بۆیە ئێمە چاومان لەوەیە كە پارتی قەرەبووی ئەو بابەتە بكاتەوەو جارێكی دیكە ئەو گرفتانە دروست نەكات. سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتنێكی دوورودرێژمان لەگەڵ پارتی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەگەر پارتی پابەندە بەو رێككەوتنانە كە پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەین و پۆستەكان دابەش بكەین ئەوەی كردوومانە تائێستا ئەوا پێویستە هەر باسی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكات وەكو جاری رابردوو و كاندیدی هەبێت، پێویستە بۆ یەكێتی بێت. ئێمە كاتی خۆی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بووین لەبەرانبەردا پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار بووە بۆ یەكێتی، ئەوە لەلایەك وەكو دابەشكردنی بەرژەوەندییەكانیشمان بووە، لەلایەكی دیكەوە بۆ پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی بووە لەبەغدا. ئەگەر پارتی پێیانوایە لەبەغداش سەرۆك كۆمار هی ئەوان بێت و سەرۆكی هەرێم لەدەست ئەوان بێت و سەرۆكی حكومەت لەدەست ئەوان بێت، ئێ بێگومان ئێمەش قسەی دیكەمان دەبێت و چاو بەهەموو ئەو رێکكەوتنانەو بەو شێوازە كاركردنە هاوبەشەدا دەخشێنینەوە كە هەمانە. هاوڵاتی: بۆ نموونە پارتی كاندیدی بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر یان رێبوار تاڵەبانی دەبێت؟ ئارێز عەبدوڵا: ئێمە بە كەسێك رازی دەبین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە خۆمان لەئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر بدەین، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە لەسەر ناو، كێ دەڵێت یەكێتی كەسێكی بێلایەن كاندید ناكات؟. نەمزانیوە پارتی بەفەرمی باسی كەسیان كردبێت، بەڵام فەرەیدون عەبدولقادر یەكێتییە، ئینجا ئەوان دێن پیاوەتی بەئاوی حەمامەوە دەكەن ئەوە شتێكی ترە، ئێمە هیچ گومانمان لەدڵسۆزی و توانای فەرەیدون عەبدولقادر نییە. هاوڵاتی: پرسی ژەهرخوارد کردنی چەند بەرپرسێكی یەكێتی چۆنە كە باسی دەكەن؟ ئارێز عەبدوڵا: باسی ژەهرخوارد کردن دەكرێت، نازانم ئەو برادەرانەی كە باسی دەكەن پێویستە بەڵگەنامەكانی خۆیان بدەنە دادگاو سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، خۆ تائێستا هیچ ناوێك نەهاتووە راستە گومان هەیە، بەڵام گومان هەیەو هەندێك لەسۆسیال میدیاو دەزگاكانی راگەیاندن بابەتەكان زۆر گەورە دەكەن. تائێستا پەنجە نەخراوەتە سەر كەسێك بڵێن فڵان كەسە، لەبەرئەوە ئەو بابەتە پێویستی بەبەدواداچوون و بڕیاری دادگا هەیە، كۆمەڵێك خەڵك لەناو یەكێتی باسی ئەوە دەكەن كە ژەهرخوارد کراون، ئەوانە پێویستە بەڵگەكانیان تەسلیمی حزب و دادگا بكەن. لەدادگا بەسەر چ لایەنێكدا سەلمێندرا دەبێت سزا بدرێت، لە حزب بەسەر كێدا ساغ ببێتەوە دەبێت حزب سزای بدات، تائێستا تەنها قسەیەو ئەگەر دادگا بڕیار نەدات هەر بەگومان دەمێنێتەوە.
شاناز حەسەن بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە لەسەر دەستپێكردنەوەی داڕشتنەوەی دەستور ئەنجام بدات تالیژنەیەكی بۆ پێكبهێندرێت، سەرجەم فراكسیۆنەكانیش دەڵێن:» لەگەڵ ئەوەداین هەرێم دەستورێكی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت». رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو تێیدا 29 لیست و قەوارە بەشدارییان كردو 16 لیست و حزبی سیاسی بوونە خاوەنی كورسی لەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاسا چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت بەو پێیە بێت، دەبێت لە 30ی ئەیلولی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستوور و خوێندنەوەی تێبینی حزبەكان و یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاووتوێ دەكرێت. بەر لەوەی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی كوردستان بخرێتە ناو خشتەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حزب و فراكسیۆنەكانی لەبارەی دەستوورەكە وەردەگرێت. لەساڵی 2009 دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندی كرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەكە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە. لەخولی چوارەمدا جارێكی دیكە دەستوور لەكۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی كۆتایی پێهێنا. ئەندامێكی یەكێتی: نووسینەوەی دەستور رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی پێویستە عەباس فەتاح، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستاد هیچ لیژنەیەك دانەنراوە و رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی لیژنە كۆنەكە نوێ بكەنەوە یان لیژنەیەكی تازە بەگۆڕانكارییەوە دروست بكرێتەوە». ئەوەشی روونكردەوە:» لەئێستادا ئەوەش روون نیە لەو ماددانەوە دەستپێدەكرێتەوە كە پەسەندكراون یاخود لەسەرەتاوە دەستی پێدەكرێتەوە». عەباس فەتاح جەختی لەوەشكردەوە هێشتا كات ماوە بۆ هەڵیژاردنی پەرلەمانی كوردستان و وتی:»دەتوانرێت بەمانگێك لیژنەیەك دروست بكرێت و یاسایەك دەربكرێت». ئەم ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە:» دەكرێت لایەنەكان رێكبكەون لەسەر هەندێك بڕگەو ماددەی سیاسی كەدەبێت هەبێت وەك سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان و سەرچاوەی یاسادانان ئەوكات دەتوانرێت بەسێ مانگ دەستور بنووسرێتەوە و هیچ كێشەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروستناكات». لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە وتی:»تائێستا هیچ باسێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە نەكراوە». پارتی گەشەپێدانی توركمانی: پێویستە دەستور بنووسرێتەوە ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت محەمەد سەعدەدین، ئەندامی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستا هەموو حزب و لایەنەكانی ناو پەرلەمان بیروڕای خۆیان سەبارەت بەدەستور ناردووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان». وتیشی:» پاڵپشتی ئەوە دەكەین دەستور لەناو پەرلەماندا بەزووترین كات تێپەڕێنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی زۆربەی كێشەكان و ریكخستنی كاروبارەكانی خۆی پێویستی بەدەستورە، بۆیە پاڵپشتی تەواوەتی دەكەین». محەمەد سەعدەدین ئەوەشی روونكردەوە:»پێویستە دەستور بنووسرێت و ئامادەبكرێت ئەنجا بابەتی هەڵبژاردن بخرێتەڕوو، چونكە كە دەستورەكە هەبوو هەڵبژاردن لەچوارچێوەی ئەو ماددانەدا دەكرێت كە لە دەستورەكەدا جێگیر كراوە». كۆمەڵی دادگەری: كاتی گونجاو بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە روپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» دەبێت هەڵبژادرن لەكاتی خۆیدا بكرێت و كاتی گونجاویش بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە، دەتوانین لەو كاتەدا پرۆژە دەستورەكە بنووسینەوە». هەروەها پێشیوابوو نووسینەوەی دەستور كاتێكی زۆری پێویست نیە و دەكرێت لایەنەكان رێككبكەون و لەكاتێكی دیاریكراودا ئامادە بكرێت. فراكسیۆنی یەكگرتوو: هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نییە ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت:» ئەگەر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە ئیرادەیەك هەبێت دەتوانرێت دەستورەكەش ئامادەبكرێت و لەگەڵ هەڵبژاردندا بكرێتە راپرسییەوە، بەڵام بەمەرجێك سازانی سیاسی لەسەر هەبێت». جەختی لەوەشكردەوە:» هیچ پاساوێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بەم پەرلەمانە داوەو هیچ وڵاتێك بۆ پرسی كۆرۆنا و هیچ پرسێكی دیكە هەڵبژاردنەكانی خۆی دوانەخستووە». فراكسیۆنی گۆڕان: پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە لەكاتی خۆیدا بكرێت و لەبەرژەوەندی میللەتدا نیە دوابخرێت، چونكە دواخستنی دەبێتە دروستبوونی دەسەڵاتێكی تاكڕەو». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە پڕۆژەی دەستور پڕۆژەیەك نیە بۆ حزبێك بنووسرێتەوە، پێویستە بە كۆدەنگی بكرێت و كاتەكەی گونجاو بێت و هەرێمی كوردستان دەستورێكی هەبێت. دابان محەمەد باسی لەوەشكرد كە ئەوەی ئێستا دەبینرێت» لایەنێك زەخت دەكات بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم پەسەندبكرێت، ئەوە دیارە پەیوەندی بەكاری ناو حزبەكەوە هەیەو هیچ باش نیە پەلە پەل لەدەستوردا بكرێت ئەم پەلەكردنەی ئێستا گومانی گەورە دروستدەكات». فراكسیۆنی پارتی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نین زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا لەقۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی دەستورین، پێمان باشە لیژنەكە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی تێدابێت، بەو لایەنانەشەوە كە كورسی پەرلەمانیشیان نیە». سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئێمە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسین لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن وەك سیستمێكی دیموكراسی و مافی هاووڵاتیان پیادەبكرێت و لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت».
سازدانی: هاوڵاتی رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ دادۆكیكردن لە ئازادی رادەربڕین ئاماژە بەوە دەدات كە نزیكەی 10 رۆژنامەنووس لەهەرێمی كوردستاندا تیرۆركراون و بكوژەكانیان لەیاسا هەڵهاتون و نادیارن و سزا نەدراون. رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین و میدیا لەهەرێمی كوردستان بەشداری دەكات لەساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەوڵاتی لوبنان كە لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی رێكدەخرێت. رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین لەم چاوپێكەوتنەدا دەشڵێت:» كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون». هاوڵاتی: وەكو سەنتەری میترۆ وەك رێکخراوێكی ناحكومی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن؟ ئامانجتان چییە؟ رەحمان غەریب: ئەوە سێ ساڵە وەكو رێكخراوێكی سەربەخۆ نوێنەرایەتی خۆمان دەكەین كە داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنووسی دەكات هەماهەنگی فراوانی لەگەڵ رێكخراوە جیهانییەكاندا هەیە كە لەسەر ئاستی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان موعتەرەفە. هەموو ساڵێك ئەم یادە دەكرێتەوە كە تایبەتە بەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، پێشەنگایەك دەكەنەوە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی كوژراون یادیان دەكەنەوە، یان یادكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر لەناو رۆژنامەنووسان. هەروەها مێزگرد دروست دەبێت و تایبەتە بەقسەكردن لەسەر ئەو گرفتانەی لەسەر ئازادی رادەربڕین و میدیا هەیە، هەروەها چۆن فشار لەسەر ئاستی جیهاندا بەهێز بكرێت و فراوان بكرێت بەئامانجی ئەوەی كاریگەریمان هەبێت لەسەر حكومەت و وڵاتەكانمان تا دەربازبوون لەسزا كۆتایی پێبهێنرێت تایبەت بەتیرۆركردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان. ئەمە هەماهەنگی نێوان رێكخراوی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی تایبەت بەئازادی رۆژنامەنووسانە. هاوڵاتی: ئێوە هیچ ئامارێكتان لەبەردەستدایە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق چەند رۆژنامەنووس تیرۆر كراون و بكوژەكانیان لەسزا دەرچوون؟ رەحمان غەریب: ئێمە هەموو ساڵێك كە بەشدار دەبین بكوژی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی عێراقدا زۆرەو باسی دەكەین، زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لەعێراق و هەرێمی كوردستان تیرۆر كراون. ئەوەی پەیوەندیدارە بەتیرۆری رۆژنامەنووسان هەندێكیان تیرۆری راستەوخۆ بووەو پەیوەندی بە نووسین و بیروڕاكانیانەوە هەبووە وەكو (عەبدولستار تایەر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، ویداد حسێن، كاوە گەرمیانی) رۆژنامەنووسی دیكەمان هەیە كە بەدەستی داعش تیرۆركراون، ئەوانەی لەجەنگدا تیرۆر دەكرێن و ئەوانەی لەناو نیزامە سیاسییەكاندا تیرۆر دەكرێن هەر هەمووی دەچێتە ئەو خانەیەی دەربازیان بووە لەسزا، وەكو چۆن ئەوانەی داعش تیرۆری كردوون كەس نازانێت كێیە، لەناو هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بەهەمان شێوە كە رۆژنامەنووس تیرۆركراوە ناناسێندرێتەوەو رادەكات، لەبەرئەوەی سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستاندا نییە. هاوڵاتی: ئایا نزیكەی 10 رۆژنامەنووسێكمان هەیە كە تیرۆركراون و بكوژەكانیان هەڵهاتوون یان سزا نەدراون؟ رەحمان غەریب: دوو پەیامنێری كوردستان تیڤی لەگەڵ رۆژنامەنووسێكی پەكەكە، لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس ( ئامانج بابانی و ژنەكەی) لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانەی تر كە پێشتر ناوم هێناون، ئەوانە هەموویان بكوژەكانیان نادیارن و سزانەدراون. هاوڵاتی: ئایا لەهەرێمی كوردستان پاشەكشە لەئازادی رادەربڕین دەبینرێت؟ رەحمان غەریب: قەزیەی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی ، شتێكی نیزاڵییەو خەباتی بەردەوامی دەوێت كە بە نینۆكت دیوارێك هەڵبكەنیت دەبێت وا بەردەوام بین. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تا رادەیەك بڕوایان بە ئازادی رۆژنامەنووسی هەیە، چونكە یاساكان هەیەو جێبەجێ ناكرێت، یاسای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەیەو رۆژنامەنووسان پێیان نادرێت، یاسا هەیە بۆ بكوژانی رۆژنامەنووسان، بەڵام خەڵك دەربازی دەبێت لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان. لەبەرئەوە سەرباری وجودی ئازادی رۆژنامەنووسی و سەدان كەناڵی میدیایی لەهەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاریان نییە، ئازادی گەیشتنیان بە هەموو ئەو چالاكیانە نییە كە روودەدەن ، لەكاتی خۆپیشاندانەكان و تەنگەشەی سیاسی كێشەیان بۆ دروستدەكرێت، هەموو ئەمانە پێچەوانەی یاساكانە كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. هاوڵاتی: چ قسەیەكتان لەسەر سزادراوانی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان هەیە؟ رەحمان غەریب: پرسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی پارێزگای دهۆك هەیەو حوکمدراون و هەندێكیان ئازاد كراون، هەموو ئەم جۆرە كەیسانە تێڕوانینی نەرێنی هەبووە لەئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتان و رێكخراوە بیانییەكان لەسەر دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان، ئینجا ئەم نامەو ریسالانە كە كاریگەری هەبووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون. هاوڵاتی: ئەو وڵاتانەی نامەیان بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە داوای چیان كردووە؟ رەحمان غەریب: هەموومان داوای سەروەری یاساو داوای دادگای دادپەروەر دەكەین، مەحكەمەی عادل كە سەرنجیشمان هەبێت لەسەر تۆمەتەكان با ناڕەواش بن، بەڵام خۆ دەكرێت دادگایەكی دادپەروەر هەبێت كە مەرجی زۆر زۆری هەیە ئەوەی كە ئەم بابەتە دەبینێت دەزانێت مەرجەكانی مەحكەمەی عادل چیە، لەبەرئەوەی مەرجی مەحكەمەی عادل نەبووە ئەمەش جارێكی تر عەلامەتی سەرسوڕمانی خستەسەر سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان. هاوڵاتی: دەتانەوێت چ پەیامێك بگەیەنن لە لوبنان تایبەت بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەهەرێم و عێراقدا؟ رەحمان غەریب: ئێمە داوای هاوپشتییان دەكەین كە هاوپشتییان هەیە بەردەوام، مەوزوعی دەربازبوون لەسزا مەوزوعێكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە لە سێیەمین خراپترینی ئەو وڵاتانەیە لەسەر ئاستی جیهان كە دەربازبوون لەسزای هەیە لەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان. بۆ نموونە، تیرۆركردنی خاشقچی كە سی ئای ئەی ئەمریكی راپۆرتی لەسەر داوە، نەتەوەیەكگرتووەكان راپۆرتی لەسەر داوە، موخابەراتی توركی راپۆرتی لەسەر داوەو هەر هەموویان ئیدانەی وڵاتی سعودییەیان كردووە لە تیرۆركردنی ئەم رۆژنامەنووسەو پارچە پارچە كردنیدا، بەڵام ئایا چی كرا؟ ئێمە خەباتێكی بەردەواممان هەیەو دەبێت، چونكە دڵنیاین حكومەتی دادوەرمان دەبێت و یاسا تێیدا سەروەر دەبێت، ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەكەین.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر و پرسی دەرچووانی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، تەوەری سێیەمیش قسەکردنە لەسەر پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشهممه 3ی تشرینی دووهمی 2021، به گوێرهی راگهیهندراوی فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان، له كۆبوونهوهكهدا سێ تهوهر تاووتوێ دهكات، كه یهكێكیان قهرهبووكردنهوهی زیانلێكهوتووانی لافاوهكهی ههولێره. وهك له راگهیهندراوهكهدا هاتووه، یهكێكی دیكه له تهوهرهكان، خستنهڕووی رەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان - عیراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان. هاوكات بابەتی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان دهخرێتهڕوو، لهگهڵ چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پایمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: یەکەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان. دووەم: خستنەڕووی بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022، و چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پایمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان. سێیەم: خستنەڕووی بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانی هاووڵاتیان لە ئەنجامی لافاوی رۆژی 2021/10/30 و ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زەرەر و زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.
