شاناز حەسەن بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە لەسەر دەستپێكردنەوەی داڕشتنەوەی دەستور ئەنجام بدات تالیژنەیەكی بۆ پێكبهێندرێت، سەرجەم فراكسیۆنەكانیش دەڵێن:» لەگەڵ ئەوەداین  هەرێم دەستورێكی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت». رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو تێیدا 29 لیست و قەوارە بەشدارییان كردو 16 لیست و حزبی سیاسی بوونە خاوەنی كورسی لەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاسا چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت بەو پێیە بێت، دەبێت لە 30ی ئەیلولی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستوور و خوێندنەوەی تێبینی حزبەكان و یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاووتوێ دەكرێت. بەر لەوەی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی كوردستان بخرێتە ناو خشتەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حزب و فراكسیۆنەكانی لەبارەی دەستوورەكە وەردەگرێت. لەساڵی 2009 دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندی كرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەكە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە. لەخولی چوارەمدا جارێكی دیكە دەستوور لەكۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی كۆتایی پێهێنا. ئەندامێكی یەكێتی: نووسینەوەی دەستور رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی پێویستە عەباس فەتاح، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستاد هیچ لیژنەیەك دانەنراوە و رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی لیژنە كۆنەكە نوێ بكەنەوە یان لیژنەیەكی تازە بەگۆڕانكارییەوە دروست بكرێتەوە». ئەوەشی روونكردەوە:» لەئێستادا ئەوەش روون نیە لەو ماددانەوە دەستپێدەكرێتەوە كە پەسەندكراون یاخود لەسەرەتاوە دەستی پێدەكرێتەوە». عەباس فەتاح جەختی لەوەشكردەوە هێشتا كات ماوە بۆ هەڵیژاردنی پەرلەمانی كوردستان و وتی:»دەتوانرێت بەمانگێك لیژنەیەك دروست بكرێت و یاسایەك دەربكرێت». ئەم ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە:» دەكرێت لایەنەكان رێكبكەون لەسەر هەندێك بڕگەو ماددەی سیاسی كەدەبێت هەبێت وەك سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان و سەرچاوەی یاسادانان ئەوكات دەتوانرێت بەسێ مانگ دەستور بنووسرێتەوە و  هیچ كێشەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروستناكات». لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە وتی:»تائێستا هیچ باسێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە نەكراوە».   پارتی گەشەپێدانی توركمانی: پێویستە دەستور بنووسرێتەوە ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت محەمەد سەعدەدین، ئەندامی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستا هەموو حزب و لایەنەكانی ناو پەرلەمان بیروڕای خۆیان سەبارەت بەدەستور ناردووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان». وتیشی:» پاڵپشتی ئەوە دەكەین دەستور لەناو پەرلەماندا بەزووترین كات تێپەڕێنرێت،  چونكە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی زۆربەی كێشەكان و ریكخستنی كاروبارەكانی خۆی پێویستی بەدەستورە، بۆیە پاڵپشتی تەواوەتی دەكەین». محەمەد سەعدەدین ئەوەشی روونكردەوە:»پێویستە دەستور بنووسرێت و ئامادەبكرێت ئەنجا بابەتی هەڵبژاردن بخرێتەڕوو، چونكە كە دەستورەكە هەبوو هەڵبژاردن لەچوارچێوەی ئەو ماددانەدا دەكرێت كە لە دەستورەكەدا جێگیر كراوە».   كۆمەڵی دادگەری: كاتی گونجاو بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە روپاك ئەحمەد، ئەندامی  لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» دەبێت هەڵبژادرن لەكاتی خۆیدا بكرێت و كاتی گونجاویش بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە، دەتوانین لەو كاتەدا پرۆژە دەستورەكە بنووسینەوە». هەروەها پێشیوابوو نووسینەوەی دەستور كاتێكی زۆری پێویست نیە و دەكرێت لایەنەكان رێككبكەون و لەكاتێكی دیاریكراودا ئامادە بكرێت.   فراكسیۆنی یەكگرتوو: هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نییە ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت:» ئەگەر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە ئیرادەیەك هەبێت دەتوانرێت دەستورەكەش ئامادەبكرێت و لەگەڵ هەڵبژاردندا بكرێتە راپرسییەوە، بەڵام بەمەرجێك سازانی سیاسی  لەسەر هەبێت». جەختی لەوەشكردەوە:» هیچ پاساوێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بەم پەرلەمانە داوەو هیچ وڵاتێك بۆ پرسی كۆرۆنا و هیچ پرسێكی دیكە هەڵبژاردنەكانی خۆی دوانەخستووە». فراكسیۆنی گۆڕان: پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە لەكاتی خۆیدا بكرێت و لەبەرژەوەندی میللەتدا نیە دوابخرێت، چونكە دواخستنی دەبێتە دروستبوونی دەسەڵاتێكی تاكڕەو». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە پڕۆژەی دەستور پڕۆژەیەك نیە بۆ حزبێك بنووسرێتەوە، پێویستە بە كۆدەنگی بكرێت و كاتەكەی گونجاو بێت و هەرێمی كوردستان دەستورێكی هەبێت. دابان محەمەد باسی لەوەشكرد كە ئەوەی ئێستا دەبینرێت» لایەنێك زەخت دەكات بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم  پەسەندبكرێت، ئەوە دیارە پەیوەندی بەكاری ناو حزبەكەوە هەیەو هیچ باش نیە پەلە پەل لەدەستوردا بكرێت ئەم پەلەكردنەی ئێستا گومانی گەورە دروستدەكات». فراكسیۆنی پارتی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نین زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا لەقۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی دەستورین، پێمان باشە لیژنەكە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی تێدابێت،  بەو لایەنانەشەوە كە كورسی پەرلەمانیشیان نیە». سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئێمە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسین لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن وەك سیستمێكی دیموكراسی و مافی هاووڵاتیان پیادەبكرێت و لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت».

سازدانی: هاوڵاتی رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ دادۆكیكردن لە ئازادی رادەربڕین ئاماژە بەوە دەدات كە نزیكەی 10 رۆژنامەنووس لەهەرێمی كوردستاندا تیرۆركراون و بكوژەكانیان لەیاسا هەڵهاتون و نادیارن و سزا نەدراون. رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین و میدیا لەهەرێمی كوردستان بەشداری دەكات لەساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەوڵاتی لوبنان كە لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی رێكدەخرێت. رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین لەم چاوپێكەوتنەدا دەشڵێت:» كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون». هاوڵاتی: وەكو سەنتەری میترۆ وەك رێکخراوێكی ناحكومی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن؟ ئامانجتان چییە؟ رەحمان غەریب: ئەوە سێ ساڵە وەكو رێكخراوێكی سەربەخۆ نوێنەرایەتی خۆمان دەكەین كە داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنووسی دەكات هەماهەنگی فراوانی لەگەڵ رێكخراوە جیهانییەكاندا هەیە كە لەسەر ئاستی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان موعتەرەفە. هەموو ساڵێك ئەم یادە دەكرێتەوە كە تایبەتە بەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، پێشەنگایەك دەكەنەوە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی كوژراون یادیان دەكەنەوە، یان یادكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر لەناو رۆژنامەنووسان. هەروەها مێزگرد دروست دەبێت و تایبەتە بەقسەكردن لەسەر ئەو گرفتانەی لەسەر ئازادی رادەربڕین و میدیا هەیە، هەروەها چۆن فشار لەسەر ئاستی جیهاندا بەهێز بكرێت و فراوان بكرێت بەئامانجی ئەوەی كاریگەریمان هەبێت لەسەر حكومەت و وڵاتەكانمان تا دەربازبوون لەسزا كۆتایی پێبهێنرێت تایبەت بەتیرۆركردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان. ئەمە هەماهەنگی نێوان رێكخراوی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی تایبەت بەئازادی رۆژنامەنووسانە. هاوڵاتی: ئێوە هیچ ئامارێكتان لەبەردەستدایە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق چەند رۆژنامەنووس تیرۆر كراون و بكوژەكانیان لەسزا دەرچوون؟ رەحمان غەریب: ئێمە هەموو ساڵێك كە بەشدار دەبین بكوژی رۆژنامەنووسان  لەسەر ئاستی عێراقدا زۆرەو باسی دەكەین، زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لەعێراق و هەرێمی كوردستان تیرۆر كراون. ئەوەی پەیوەندیدارە بەتیرۆری رۆژنامەنووسان هەندێكیان تیرۆری راستەوخۆ بووەو پەیوەندی بە نووسین و بیروڕاكانیانەوە هەبووە وەكو (عەبدولستار تایەر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، ویداد حسێن، كاوە گەرمیانی) رۆژنامەنووسی دیكەمان هەیە كە بەدەستی داعش تیرۆركراون، ئەوانەی لەجەنگدا تیرۆر دەكرێن و ئەوانەی لەناو نیزامە سیاسییەكاندا تیرۆر دەكرێن هەر هەمووی دەچێتە ئەو  خانەیەی دەربازیان بووە لەسزا، وەكو چۆن ئەوانەی داعش تیرۆری كردوون كەس نازانێت كێیە، لەناو هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بەهەمان شێوە كە رۆژنامەنووس تیرۆركراوە ناناسێندرێتەوەو  رادەكات، لەبەرئەوەی سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستاندا نییە. هاوڵاتی: ئایا نزیكەی 10 رۆژنامەنووسێكمان هەیە كە تیرۆركراون و بكوژەكانیان هەڵهاتوون یان سزا نەدراون؟ رەحمان غەریب: دوو پەیامنێری كوردستان تیڤی لەگەڵ رۆژنامەنووسێكی پەكەكە، لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس ( ئامانج بابانی و ژنەكەی) لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانەی تر كە پێشتر ناوم هێناون، ئەوانە هەموویان بكوژەكانیان نادیارن و سزانەدراون. هاوڵاتی: ئایا لەهەرێمی كوردستان پاشەكشە لەئازادی رادەربڕین دەبینرێت؟ رەحمان غەریب: قەزیەی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی ، شتێكی نیزاڵییەو خەباتی بەردەوامی دەوێت كە بە نینۆكت دیوارێك هەڵبكەنیت دەبێت وا بەردەوام بین. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تا رادەیەك بڕوایان بە ئازادی رۆژنامەنووسی هەیە، چونكە یاساكان هەیەو جێبەجێ ناكرێت، یاسای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەیەو رۆژنامەنووسان پێیان نادرێت، یاسا هەیە بۆ بكوژانی رۆژنامەنووسان، بەڵام خەڵك دەربازی دەبێت لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان. لەبەرئەوە سەرباری وجودی ئازادی رۆژنامەنووسی و سەدان كەناڵی میدیایی لەهەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاریان نییە، ئازادی گەیشتنیان بە هەموو ئەو چالاكیانە نییە كە روودەدەن ، لەكاتی خۆپیشاندانەكان و تەنگەشەی سیاسی كێشەیان بۆ دروستدەكرێت، هەموو ئەمانە پێچەوانەی یاساكانە كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. هاوڵاتی: چ قسەیەكتان لەسەر سزادراوانی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان هەیە؟ رەحمان غەریب: پرسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی پارێزگای دهۆك هەیەو حوکمدراون و هەندێكیان ئازاد كراون، هەموو ئەم جۆرە كەیسانە تێڕوانینی نەرێنی هەبووە لەئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتان و رێكخراوە بیانییەكان لەسەر دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان، ئینجا ئەم نامەو ریسالانە كە كاریگەری هەبووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون. هاوڵاتی: ئەو وڵاتانەی نامەیان بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە داوای چیان كردووە؟ رەحمان غەریب: هەموومان داوای سەروەری یاساو داوای دادگای دادپەروەر دەكەین، مەحكەمەی عادل كە سەرنجیشمان هەبێت لەسەر تۆمەتەكان با ناڕەواش بن، بەڵام خۆ دەكرێت دادگایەكی دادپەروەر هەبێت كە مەرجی زۆر زۆری هەیە ئەوەی كە ئەم بابەتە دەبینێت دەزانێت مەرجەكانی مەحكەمەی عادل چیە، لەبەرئەوەی مەرجی مەحكەمەی عادل نەبووە ئەمەش جارێكی تر عەلامەتی سەرسوڕمانی خستەسەر سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان. هاوڵاتی: دەتانەوێت چ پەیامێك بگەیەنن لە لوبنان تایبەت بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەهەرێم و عێراقدا؟ رەحمان غەریب: ئێمە داوای هاوپشتییان دەكەین كە هاوپشتییان هەیە بەردەوام، مەوزوعی دەربازبوون لەسزا مەوزوعێكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە لە سێیەمین خراپترینی ئەو وڵاتانەیە لەسەر ئاستی جیهان كە دەربازبوون لەسزای هەیە لەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان. بۆ نموونە، تیرۆركردنی خاشقچی كە سی ئای ئەی ئەمریكی راپۆرتی لەسەر داوە، نەتەوەیەكگرتووەكان راپۆرتی لەسەر داوە، موخابەراتی توركی راپۆرتی لەسەر داوەو هەر هەموویان ئیدانەی وڵاتی سعودییەیان كردووە لە تیرۆركردنی ئەم رۆژنامەنووسەو پارچە پارچە كردنیدا، بەڵام ئایا چی كرا؟ ئێمە خەباتێكی بەردەواممان هەیەو دەبێت، چونكە دڵنیاین حكومەتی دادوەرمان دەبێت و یاسا تێیدا سەروەر دەبێت، ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەكەین.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر و  پرسی دەرچووانی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، تەوەری سێیەمیش قسەکردنە لەسەر پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان. ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌می 2021، به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سێ ته‌وه‌ر تاووتوێ ده‌كات، كه‌ یه‌كێكیان قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێره‌. وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ته‌وه‌ره‌كان، خستنه‌ڕووی رەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان - عیراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان. هاوكات بابەتی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان ده‌خرێته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پایمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: یەکەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان. دووەم: خستنەڕووی بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022، و چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پایمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان. سێیەم: خستنەڕووی بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانی هاووڵاتیان لە ئەنجامی لافاوی رۆژی 2021/10/30 و ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زەرەر و زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.

  هاوڵاتی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی ده‌نگۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی مه‌ترسیدار به‌هۆی خواردنی مۆزه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ دوای به‌دواداچوون ده‌ركه‌وت هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر میوه‌ی جۆری مۆز و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌ فه‌رمی هاورده‌ ده‌كرێن نییه‌. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هاتووه‌: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدۆیی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا سەبارەت بەبوونی جۆرە کرمێک لەناو بەرھەمی مۆز گوایە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکی ترسناکە، دوای بەدواداچوونی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ بابەتەکە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەنداری عیراقی و بەدواداچوونی سەرچاوەکان و هاتنی بەرهەمی مۆز لە دەروازەکان و وەرگرتنی نمونەکانی ناو بازاڕ و کۆگاکان و جۆرەکان و شێوازی هاوردەکردن و بەکارهێنان، بۆمان دەرکەوت کەوا ھیچ حاڵەتێک لەم شێوەیە یان ئەم جۆرە بەرهەمانەی مۆز لە ھەرێمی کوردستان بوونی نیە و هیچ نەخۆشیەک تۆمارنەکراوە". ده‌شڵێن: "ئەم فیدیۆیە لە وڵاتانی دیکەی دەرەوەیە و لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی بیانی پێشتر بڵاوبووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ھاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە لە سەلامەتی جۆرەکانی ئەم بەرهەمانە و نەبوونی هیچ نەخۆشیەکی پەیوەندار بەم بابەتە لەگەڵ بەردەوامبوونی بەدواداچوون لەپێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان".

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند:" دڵنیایی دەدەین کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبووی زیانلێککەوتووانی لافاو دەکەینەوە و رەنگە تاوەکو سبەیش پرۆسەی خاوێنکردنەوە کۆتایی دێت دەست بە قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان دەكرێت." ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی دوایین زیانەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدا و رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان لەسەر هێڵبووە و خۆی بە شێوەی مەیدانی سەردانی خەڵکەکەی کرد و دڵنیایی دا لەوەی کە سەلامەتی هاووڵاتیان لەسەرووی هەمووشتێکەوەیە و رایگەیاند کە قەرەبووی زیانەکان دەکەنەوە. پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ئەوانەوە کردووە و کە بە دادپەروەریی قەرەبووی زیانلێککەوتووان دەکەنەوە. ئومێد خۆشناو دەستخۆشی لە رێکخراوە خێرخوازی و ناوەندی قەیرانەکان و بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان دەکات کە هاوکاربوون بۆ زیانلێککەوتووانی لافاو و دەشڵێت "سوپاس بۆ خوا کە زیانی گیانی نەبووە." لەبارەی قەرەبووکردنەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە رێگەنادەن کە خەڵێک زەرەرێکی زۆری کردبێت و قەرەبووی کەم بکرێتەوە یان بە پێچەوانەوە لەبەرئەوە " دڵنیایی دەدەین کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبووی زیانلێککەوتووانی لافاو دەکەینەوە و رەنگە تاوەکو سبەیش پرۆسەی خاوێنکردنەوە کۆتایی دێت."

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند:" ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی هێزەکانی گەریلا لە دژی سوپای تورکیا لە هەفتانین و ئاڤاشین بەردەوامە، لە هەفتانین شەش داگیرکەر سزادران و لە چەندین شوێن ناچار بە پاشەکشەکران. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی تشرینی دووه‌می 2021، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەرخۆدانی گەریلا دژی سوپای تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بڵاوکردەوە. هەپەگە ڕایگەیاند:" لە هەفتانین ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری بەردەوامە و هێزەکانی گەریلا کەوتنە ناو سەنگەرەکانی دوژمن و شەش داگیرکەر سزا دران و چەند سەنگەرێکیش خاپوور کران. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سوپای تورکیا لە چەندین ناوچە هێزەکانی کشاندووەتەوە.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە لەگەڵ 200 ملیارەکەی ئەم مانگە، سێ ملیار دیناریش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی لافاوەکەی رۆژی شەممەی هەولێر بنێرن. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021،جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیاندراوێكدا رایگەیاند:" دوای هەوڵەکانی حکومەت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە کە 200 ملیارەکەی ئەم مانگە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن". مانگانه‌ به‌پێى بودجه‌ى ساڵى 2021 عێراق حكومه‌تى ناوه‌ند 200 ملیار دینار وه‌ك شایسته‌ى دارایی هه‌رێم ده‌نێرێته‌ هه‌رێمى كوردستان. حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی بەپێی ئەو داهاتەی لەبەر دەستیدایە لە 25 ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی موچە كردووە و تا ئێستا تەنیا چەند وەزارەتێك موچەی وەرگرتووە.وەزیری دارایش پێشتر رایگەیاند: بەهۆی نەگەراندنەوەی داهاتی هەندیك لە پارێزگاكان سیستمی دابەشكردنی موچە خاوە و كێشەی تیدایە".

هاوڵاتی کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند:"  داهاتی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان لەماوەی 10 مانگی رابردودا 150 ملیۆن دۆلار بوە". دەڵێت:" هیچ قەرزێکمان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند:" کۆی ئەو بڕە پارەی نەختینەیەی لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی و میسر وەرگیراوە لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 86% ساڵی بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 283 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. کۆمپانیای دانەغاز  ئەوەشی رونكردۆتەوە:" لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان 150 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوە و لە ئێستاشدا هیچ قەرزێکیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە".  

هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند:"ئەو گرفتەی دروستبووە لەسەر بنەمای پلان بووە، پلانی ئەمساڵ بەشی زانستیی زانکۆ و کۆلێژەکان دایدەڕێژن. لەگەڵ ئەو پلانە، رێژەیەکی زۆر نمرەی بەرزهاتبوو، بۆیە داواکاریی قوتابیانمان وەرگرت و پلانی وەرگرتنی ساڵی رابردوومان بۆ ئەمساڵ جێبەجێکرد." ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا  ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گرفتەی دروستبووە لەسەر بنەمای پلان بووە، پلانی ئەمساڵ بەشی زانستیی زانکۆ و کۆلێژەکان دایدەڕێژن. لەگەڵ ئەو پلانە، رێژەیەکی زۆر نمرەی بەرزهاتبوو، بۆیە داواکاریی قوتابیانمان وەرگرت و پلانی وەرگرتنی ساڵی رابردوومان بۆ ئەمساڵ جێبەجێکرد." خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قسەی کرد و وتی، پلانی وەرگرتن 56 هەزار و 804 قوتابی وەردەگرێت. ئەمساڵ 52 هەزار و 532 قوتابیش داوایان پێشکێشکردووە کە 45 هەزار و 113 قوتابیان دەرچووی خوێندنی ساڵی 2020 - 2021 بوون.  بۆ ئەمساڵ بە وتەی خەتاب ئەحمەد، 47 هەزار و 746 قوتابی وەرگیراون. ئەو ژمارەیە بەبێ قوتابیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.  خەتاب ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد لە رێگەی زانکۆلاینەوە قوتابی ئەو بەشە بدۆزێتەوە کە نمرەکەی وەرگیراوە، دوای ئەوە دەبێت بچێت بۆ زانکۆکە و لەوێ لە رێگەی سیستمێکی تایبەتەوە وەردەگیرێن. جۆرێکی دیکەی قوتابیش هەیە بە گوتەی د. خەتاب ئەحمەد کە فۆڕمیان پێشکێش نەکردووە کە "ژمارەیەکن و ناوەکانیان دەنێرین بۆ زانکۆکان و لەوێ شوێنیان بۆ دەدۆزرێتەوە و وەردەگیرێن."  خەتاب ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو قوتابیان لە بەشەکانی خۆیان بەرزتریان بۆ گەڕاوەتەوە. ئەو دەڵێت، ئەو قوتابیانەی گۆڕانکاری لە نمرەکانیاندا کراوە زیاتر لە 30 هەزار قوتابین.  

  هاوڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند:"  پشتگیری له‌ هه‌موو ده‌نگێكی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و ئازاديی ڕاده‌ربڕین ده‌كه‌ین، كه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌رفرازی و ژیانێكی به‌ كه‌رِامه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بن به‌ پێشه‌نگ له‌ ده‌رخستنی ڕاستیيه‌كاندا". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كودرستان، لە پەیامێكدا رایگەیاند:" پشتگیری له‌ هه‌موو ده‌نگێكی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و ئازاديی ڕاده‌ربڕین ده‌كه‌ین، كه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌رفرازی و ژیانێكی به‌ كه‌رِامه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بن به‌ پێشه‌نگ له‌ ده‌رخستنی ڕاستیيه‌كاندا، له‌ هه‌مان كاتیشدا سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو هه‌وڵێكی نه‌خوازراو ده‌كه‌ین كه‌ به‌ناوی ئازاديی ڕاده‌ربڕین و پیشه‌ی پیرۆزی ڕۆژنامه‌نووسيیه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ به‌زاندنی سنووری ئازادییه‌كانی خه‌ڵك، و ئامرازێك بۆ دروستكردنی پشێوی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی".   دەقی پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:.. به‌بۆنه‌ی ڕۆژی نێوده‌وڵه‌تيی كۆتاییهێنان به‌ ده‌ربازبوون له‌ سزای تاوانه‌كانی دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان، هه‌ڵوێستی ڕاشكاوانه‌ی خۆمان بۆ ڕه‌وشی ناله‌باری كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، عێڕاق و كوردستان ده‌رده‌بڕین، مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌ كه‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ ئاماره‌كانی تاوانكاری، تیرۆر و كوشتنی به‌ناهه‌قی ڕۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تيی ڕۆژنامه‌نووسان و ڕێكخراوه‌ داكۆكیكاره‌كانی بواری مافی مرۆڤ و ئازاديی ڕاده‌ربڕین له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان. لێره‌وه‌، له‌م بۆنه‌ جیهانیيه‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نین، هه‌موو جۆره‌ پێشێلكارییه‌ك له‌ شێوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان، هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تی پێكردن و ڕفاندن، مایه‌ی دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی ناسه‌قامگیر و نائارامه‌ بۆ كاری میدیایی، ئه‌م شێوازانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌لێكردن و بێزاركردن مه‌حكوم و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، هاوكات پشتگیری له‌ هه‌موو ده‌نگێكی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و ئازاديی ڕاده‌ربڕین ده‌كه‌ین، كه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌رفرازی و ژیانێكی به‌ كه‌رِامه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بن به‌ پێشه‌نگ له‌ ده‌رخستنی ڕاستیيه‌كاندا، له‌ هه‌مان كاتیشدا سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو هه‌وڵێكی نه‌خوازراو ده‌كه‌ین كه‌ به‌ناوی ئازاديی ڕاده‌ربڕین و پیشه‌ی پیرۆزی ڕۆژنامه‌نووسيیه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ به‌زاندنی سنووری ئازادییه‌كانی خه‌ڵك، و ئامرازێك بۆ دروستكردنی پشێوی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م بۆنه‌یه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانین تاوه‌كو جارێكی تر داوا له‌ هاووڵاتيیانی ئازیز و خۆشه‌ویستی كوردستان بكه‌ین، بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵكردنی هه‌سته‌كانیان، له‌و شاڵاوه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و ناته‌ندروسته‌ی سۆشیال میدیا، كه‌ خه‌ریكه‌ داب و نه‌ریت و ڕه‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌سه‌نایه‌تيی میلله‌ته‌كه‌مان له‌ناو ده‌بات. له‌ كۆتاییشدا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م داده‌نه‌وێنین، كه‌ له‌پێناو دركاندن و به‌دیارخستنی ڕاستیيه‌كان گیانیان سپارد. د. ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان

  هاوڵاتی سه‌رۆک كۆماری توركیا رایگەیاند:" لەو کاتەی پێویست بە ئۆپەراسیۆن بکات، بێگومان ئۆپەراسیۆن دەکرێت. لەوەدا ھەنگاو بەرەو پاش نانێین". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک كۆماری توركیا له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئیتاڵیا، كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی G20 سه‌ردانی رۆمای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ی كردبوو، له‌نێو فڕۆكه‌دا وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكارانی دایه‌وه‌. ڕۆژنامەوانێك  لە ئەردۆغانی پرسی: "ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ بە ئاشکرا پاڵپشتیی پەکەکە / یەپەگە دەکات. راهێنانیان پێدەکات و بەردەوامیشە، سەرەڕای ھۆشدارییەکانی تورکیا کارەکانیان تاوەکو مانۆڕی سەربازی چوو. چاوەڕوانی چین لە ماوەی داھاتوودا، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا هەیە؟". ئەردۆغان لە وەڵامدا وتی: "لەو کاتەی پێویست بە ئۆپەراسیۆن بکات، بێگومان ئۆپەراسیۆن دەکرێت. لەوەدا ھەنگاو بەرەو پاش نانێین. جارێ ئێمە بەھیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناکەین. ئەگەر رێکخراوێکی تیرۆریستی وەکو پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە لە بەرامبەرماندابێت، چی پێویست بێت ئێمە ئەوە دەکەین. لەمە پاشگەز نابینەوە". ئەردۆغان وتیشی: "ئێمە ھەموو کات ئەمەمان گوتووە و دەیڵێینەوە. ئەگەر لێرە بەدواوە ئێمە ھاوپەیمانیی ناتۆ بین، ئەوە نابێت ھاوبەشەکەمان کە ھاوپەیمانمانە لە ناتۆ، ھەوڵی کاری لەو شێوەیە بدەن. بەھەمانشێوە، ئەمڕۆ گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ پێکەوە کارکردن لەسەر ئەم پرسە، کە بە یەکێک لە پێشینەی کارە سەرەکییەکانی تورکیا دەبێت لە ماوەی داھاتوودا. لەسەر ئەم پرسەش ھەڵوێستێکی نەرێنیان نەبوو". ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌‌ له‌ په‌راوێزی لووتكه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ی وڵاتان كۆبووەتەوە و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامی باشیان هه‌بێت.  لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بایدن وتی: "له‌ كه‌شێكی ئارام و بونیادنه‌رانه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بایدن كۆبووینه‌وه‌. به‌ڕێزان مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ئیبراهیم كاڵن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و هاكان فیدان سەرۆکی دەزگای میت له‌گه‌ڵم بوون. به‌رپرسانی ئه‌منی و هه‌واڵگریش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون. كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی زۆرباشدا به‌ڕێوه‌ چوو. بڕیارماندا درێژە بە‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان به‌ چڕی بدەین و هه‌ماهه‌نگییه‌كانیشمان له‌باره‌ی ئه‌فغانستان. سووریا، لیبیا و رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست زیاتر بکەین". سەبارەت بە بابەتی پڕۆگرامی فرۆکەی ئێف-35 کە بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی، تورکیای لێ بێبەشکراوە. ئەردۆغان وتی: "ئێمە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارمان داوە. لەمبارەیەوە گفتوگۆمان لەسەر دابینکردنی فرۆکەی ئێف-16 کرد. سەبارەت بەم بابەتە ھەڵوێستێکی نەرێنیم لێ نەبینی. بە پێچەوانەوە، ھەرچۆن وەزیرانی بەرگریمان لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ یەک دەکەن، وەزیرانی دەرەوەشمان لەگەڵ پەیوەندیدارەکانیان کۆدەبنەوە و خوا یار بێت ئەم بابەتە ھەستیارە بۆ ھەردوو وڵات دەگەیێننە ئەنجام". رەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی: "دەگوترا ئەم کۆبوونەوەی ئێمە کۆبوونەوەیەکی 20 خولەکی دەبێت. کۆبوونەوەکەی ئێمە یەک کاژێر و 20خولەکی خایاند. لەوە تێبگەن، کە چۆن راگەیاندنەكان سەرقاڵی ئێمەن". ئه‌ردۆغان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ لووتكه‌ی G20 به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بوو و گوتی: "به‌ درێژایی دوو رۆژ كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ له‌ باره‌ی 'مرۆڤ، هه‌ساره‌ و خۆشگوزه‌رانی' کران، چاوخشێندرایه‌وه‌ به‌و كارانه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا کران و تاوتوێی پێشهاته‌كانی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی كرا". ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا له‌و بابه‌تانه‌ بوون كه‌ له‌ میانی لووتكه‌كه‌دا خرانه‌ روو و وتی: "جه‌ختمان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی پاریس كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌مان ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێكردنی رێککەوتنەکە".

هاوڵاتی  وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رایگەیاند:" سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم دابه‌ش ده‌كرێت".  وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم دابه‌ش ده‌كرێت. لە 25ی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچەی پێنج وەزارەتی دابەشکردووە، کە ئەوانیش پێشمەرگە، ناوخۆ، تەندروستی، دارایی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ مووچه‌ی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانە سیاسییەکان، هێزەکانی زێرەڤانی، هێزی بەرگریی و فریاکەوتن، بەرێوەبەرایەتی دەزگا نەوتییەکان دابه‌ش ده‌كرێت.

هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بە دانانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، ئالان حەمە سەعید،  وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان  لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانیان بەبەردەوامی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەسەر خەتبوون و لەبەر ئەنجامی داواکارییەکانیشیان دوێنێ رێنمایی ژمارە 14 دەرچووە کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ و باشترکردنی رەوشی داراییان". ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان بەبەردەوامی پشتیوانی داواکارییەکانی مامۆستایانی  وانەبێژ بووە و بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەی رابردودا پڕۆژەیەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی دۆخێکی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ باشتر بکرێت، ئەو پڕۆژەیەش پەسەندکرا. باسی لەوەشکرد، دوێنێ 1ی تشرینی یەکەم فەرمانێکی وەزارییان دەرکردووە و کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ و باشترکردنی رەوشی داراییان. دوێنێش وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێکاری نوێی لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرکرد و رایگەیاند، بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بە دادنانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی داواکارییەکانی دەرچوانی ناڕازی پۆلی 12ش ئەوەی خستەڕو، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەهەماهەنگی بەردەوامدان و گرفتەکانی دەرچوانی ناڕازی بەرەو چارەسەری دەڕوات، هەروەها "هەر گۆڕانکارییەک بکرێت لە بەرژەوەندی خوێندکاراندا دەبێت ".

هاوڵاتی وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند:" وه‌ك حكومه‌ت هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن به‌ زوترین كات، مووچه‌ى سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان دابه‌ش بكرێت". دەڵێت:" هێشتاش 200 ملیار دیناری به‌غدا نه‌گه‌یشتووه‌". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، جووتیار عادل، وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌نووسیدا رایگەیاند:" گرفتی چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتمان هه‌یه‌، ئومێده‌وارین له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا مووچه‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان دابه‌ش بكرێ، هێشتاش 200 ملیار دیناری به‌غدا نه‌گه‌یشتووه‌". باسى له‌وه‌ش كرد: "ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین به‌ زووترین كات و له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكروادا مووچه‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت دابین بكرێ". له‌باره‌ى تەرخانکردنی هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکوومەتەوە بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەى هه‌ولێر له‌ چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گوته‌بێژى حكوومه‌ت ڕوونى كرده‌وه‌: "دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، لێژنەیەک پێک هێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی وەبەر ئەو خێزانانە کەوتوون، دوای هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە پێویستە لەسەر حکوومەت، بەپێی توانا دابین دەکرێن".  جووتیار عادل له‌باره‌ى پێدانى ڤاكسین به‌ كه‌سانى سه‌روو ته‌مه‌ن 12 ساڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: "چاوەڕێی وەزارەتی تەندروستی دەکەین بۆ ئەوەی هەر ڕاسپاردەیەکی پێویست ئاراستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بکات، دواتر لەو بارەیەوە بڕیاری گونجاو دەدەین، بەڵام داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بچن ڤاکسین وەرگرن بۆ بتوانین ڕێ لەو پەتایە بگرین". لەبارەی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەردەوام دەبێتە هۆی هەڕەشەی تیرۆریستان، وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو دوو شەهیدەی لە دوایین هێرشی تیرۆریستاندا شەهید بوون، گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەئکیدی لەوە کردووە کە دەبێ ئەو بۆشاییە ئەمنییه‌ بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پڕ بکرێتەوە، بۆ ئەوەش چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا بەپێی پێویست ئەو لایەنانە نەهاتوونەتە پێش، بەتایبەتی حکوومەتی عێراق، بۆیە ئێمە داوا دەکەین بە زووترین کات ئەمە چارەسەر بکرێت و هێزی پێشمەرگە وەکوو تاکە هێزی متمانەپێکراو لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت".  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند:" مانگی رابردو رۆژانە 3.12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هەناردەی دەرەوە کراوە و بەتێکڕا هەر بەرمیلێک نه‌وت به‌ 79.3 دۆلار فرۆشراوە، داهاتەکەشی 7.68 ملیار دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق بەتێکڕا رۆژانە 3.12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هەناردەی دەرەوە کردووە، لەو رێژەیەش زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی لەپارێزگای بەسڕەوە هەناردەکراوە. ئەوەش هاتووە، هەر بەرمیلێک نه‌وت به‌ 79.3 دۆلار فرۆشراوە، داهاتەکەشی 7.68 ملیار دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، بەرزبونەوەی داهاتی نەوت لەکاتێکدایە مانگی ئه‌یلوول یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی عێراق به‌ 72.6 دۆلار فرۆشراوە.