هاوڵاتی  فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)  لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، داعش لەچەند ناوچەیەکی سوریا و عێراق خۆی رێکخستوەتەوە و لەچەند ناوچەیەکەیش هێرشدەکەنەسەر هێزە ئەمنییەکان. لوقمان خەلیل، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەرۆژهەڵاتی سوریا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندوە، سەرکردەکانی کورد مەترسییان هەیە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، جارێکی دیکە گروپی داعش گەشەبکاتەوە بەتایبەت کەلەئێستادا زانیارییان هەیە ئەو گروپە بەهێمنی و لەناوچە بیابانی و دوورەدەستەکان سەرقاڵی خۆرێکخستنەوەیە. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە ئەو لەساڵی 2014دا فەرماندەیی کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆبانی و رەققەی کردووە و هەسەدە سەرجەم ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای لەدەستی داعش رزگارکردووە، بەڵام لەو کاتەشدا فەرماندەکانی کورد باوەڕیانوابوو داعش مەترسییەکانی بەشێوەی جیاواز بەردەوامن، هەربۆیەش تائێستاش هەموو رۆژێک هێزەکانی دژەتیرۆری سەر بە هەسەدە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردنی چەکدار و لایەنگرانی رێکخراوەکە لە دێرەزور و ناوچەکانی دیکەش ئەنجام دەدەن. ئەو فەرماندەیەی هەسەدە دەڵێت، "تەنها لەم هەفتەیەدا لەئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکییەکاندا سێ چەکداری داعش کوژراون، هەروەها هێزێکی فەڕەنساش هێرشیانکردووەتەسەر پێگەکانی داعش لەناوچەکانی نزیک لەدانیشتوان".  لای خۆیەوە مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدواین لێدوانیدا سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش رایگەیاند، داعش کە لەسەر دەستی هەسەدە و بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسوریا کۆتایی پێهێنرا، لەئێستادا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان دروستکردووە، "بەتایبەت کەلەئێستادا لە دیرەزور و پارێزگای ئەنبار لەعێراق داعش بوونێکی رێکخراوی هەیە، بۆیە نابێت لەبوونیان لەو ناوچانە و لەناو کامپەکاندا چاومان دابخەین". لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەفغانستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات مەترسی ئەوەیان هەیە ئەمریکا بڕیاری كشانەوەی هێزەکانی لەسوریاش بدات و ئەوەش کاریگەری لەسەر  ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و سوریا دروستدەکات. لای خۆیەوە مانگی شوباتی ئەمساڵ جێسیکا مکنەڵتی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و عێراق بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی داعش و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان. 

هاوڵاتی حكومەتی لوبنان رایگەیاند:"دوای پێكدادانە چەكدارییەكەی بەیروتی پایتەخت كە شەش كوژراو و 32 برینداری لێكەوتەوە، بڕیار دراوە ئەمڕۆ هەینی سەرجەم قوتابخانە و زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان دابخرێن. سەرۆکی لوبنان دەڵێت:" لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەن وڵات بکاتە بارمتەی بەرژوەندییەکانی". عەباس حەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "رۆژی هەینی سەرجەم قوتابخانە پیشەییەكان، پەیمانگا و زانكۆ حكوومیی و تایبەتەكان دادەخرێن". عەباس حەلەبی راشیگەیاند، بڕیارەكە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی بووە بۆ داخستنی تەواوەتی لە رۆژی هەینیدا، ئەمەش وەك رێزگرتن و ماتەمینییە بۆ گیانی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی رووداوەكانی رۆژی پێنجشەممە لە بەیروت گیانیان لەدەستداوە. لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت کە تێیدا داوای دوورخستنەوەی تاریق بەیتار، دادوەری لێکۆڵەریان دەکرد لە پەڕاوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت لە 4-8-2020 کە سەتان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و گرووپێكی دیکە روویدا، کە حیزبوڵڵا دەڵێت سەر بە کەتائیبی لوبنانین بە سەرۆکایەتی سەمیر جەعجەع. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو پێكدادانەدا شەش كەس كوژراون و 32 كەسی دیكەش بریندار بوون كە دۆخی دوو كەسیان مەترسیدارە. هەریەك لە حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، گرووپە چەكدارەكانی پارتی هێزەكانی لوبنان سەربە سەمیر جەعجەع بە كوشتن و برینداركردنی لایەنگرانیان لە كاتی خۆپیشاندانەكەدا تۆمەتبار كرد.

  هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند:" وه‌ك كۆمسیۆن به‌رپرس نین له‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌ ژماره‌ی ده‌نگ و كورسی كه‌ تائێستا به‌ نافه‌رمی راگه‌یه‌ندراون". كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و سندوقانه‌ی ده‌ژمێردرێنه‌وه‌، گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامه‌كان دروست بكه‌ن و جه‌ختی كره‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك كۆمسیۆن به‌رپرس نین له‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌ ژماره‌ی ده‌نگ و كورسی كه‌ تائێستا به‌ نافه‌رمی راگه‌یه‌ندراون. به‌وته‌ی كۆمسیۆن، له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، هێرشێكی توند به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی رون و ورد كراوه‌ته‌سه‌ر كۆمسیۆن. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 10ی ئه‌م مانگه‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران و ئه‌وانه‌ی باڵی حه‌شدی شه‌عبین، به‌تایبه‌ت كوتله‌ی هادی عامری، ره‌خنه‌ی زۆریان له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ گرت و هه‌ڕه‌شه‌ی په‌نابردنه‌ به‌ر یاسا و شه‌قام و به‌كارهێنانی هێزیان كردوه‌.

عەمار عەزیز لەسنوری پارێزگای دهۆك پارتی دەنگ و كورسییەكانی كەمیكردووەو هەشت كورسی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) و یەكگرتوو دەنگەكانیان زیادی كردووەو  سێ كورسی پارێزگاكەیان مسۆگەر كردووە. پارێزگای دهۆك 11 كورسی بۆ دانرابوو، بەپێی دەرئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە رۆژی دووشەممەی رابردوو راگەیەندرا تێیدا پارتی هەشت كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی دوو كورسی و هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) كورسییەكی بەدەستهێناوە. قادر حەسەن، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لەبادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت»: لە دوو بازنە دەنگەكانمان گەیشتووەتە 26 هەزار، لەبازنەكانی تریش نزیكەی حەوت هەزار دەنگمان هەیە، بەگشتی 33 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، ئەمە دووەمجارە بادینان دەبێتە خاوەن كورسییەكی پەرلەمانی عێراق». ناوبراو پێشیوابوو كە لەكاتی بانگەشەدا بەرنامەیەكی زۆر رێكوپێكیان داناوەو هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی دوو كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆن تەنیا یەك كاندیدی هاوپەیمانی لەبازنەی (ئاكرێ ، شێخان ، بەردەرەش ) كە سەر بەیەكێتیە دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. لەساڵی 2018 پارتی لەبازنەی دهۆك و ئامێدی 132 هەزار و دووسەدو یەك دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 76 هەزارو دووسەد و نەوەد و شەش دەنگی هێناوە، لەبازنەی ئاكرێ، بەردەرەش، شێخان لەساڵی 2018، 82 هەزارو دووسەدو نەوەدو شەش دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 67 هەزارو نەوەدو سێ دەنگی هێناوە، لەبازنەی زاخۆ، سێمێل،  103 هەزار دەنگی هێنا، لەم هەڵبژاردنە 52 هەزارو حەوت سەد و هەشتاو حەوت دەنگی هێناوە . خالد ئەحمەد ، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لەلقی 1ی پارتی لەدهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەهەڵبژاردنی 2018 پارتی لەسنوری پارێزگای دهۆك 318 دەنگی هێنا، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە هێشتا دیار نیە كەچەند دەنگمان هێناوە، هەشت كۆرسیمان هێناوە، بەڵام لە 2018 ژمارەی كۆرسیەكانمان 10 كورسی بووە». رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لەسنوری پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەراورد بەهەولێرو سلێمانی زیاتر بووەو گەیشتبووە لەسەدا 52و نیو. خالد ئەحمەد پێیوابوو كە  كەمبوونەوەی دەنگەكانیان بۆ هاوپەیمانی پارتەكان دەگەڕێتەوە كە بەتەنها كێبڕكێی 11 كورسیەكەیان كردووەو  لەبەرامبەردا تەواوی حزبەكان كێبڕكێیان كردوون، وتیشی:» پارتی لەگوڕانكاری ناترسێت، پێش دوو مانگ دوو بەرپرسی لق لەسنوری پارێزگای دهۆك گۆڕدراون ، ئەم پرۆسەیە لەپێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، هەركاتێك بەپێویستی بزانێت گوڕانكاری بكات بەبێ دوودڵی دەیكات». یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كورسیەكی زیاد كرد، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی دەنگەكانیانەوە لەو پارێزگایەدا كە هەریەك لە جەمال كۆچەرو عومەر كۆچەر بوونە پەرلەمانتاری عێراق. سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەر بەیەكگرتوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ رێككەوتنێكی فەرمی و ئیمزاكراو لەنێوان ئێمە و لایەنەكانی تر نەبووە، بەڵام سەردان و لێكتێگەیشتنمان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری، قسەمان لەگەڵ كۆمەڵ كردووە وتمان ئێوە هیچ كاندیدێكتان نیەو فیكرەی ئێوە نزیكە لەئێمە بۆیە حەزدەكەین دەنگ بەكاندیدانی ئێمە بدەن، ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵ دەنگیان داوە بەكاندیدانی یەكگرتوو لەبادینان «. سەباح عەلی پێشیوابوو هۆكاری زیادبوونی دەنگەكانیان بۆ ناڕازیی و توڕەیی خەڵك دەگەڕێتەوە بەرانبەر دەسەڵات كە یەكگرتوو ئەمجارە زیاتر لە 73هەزار دەنگیان هێناوە.

هاوڵاتی هاوپه‌یمانی فه‌تح بەسەرۆکایەتى هادی عامری داوای كورسیه‌كی یه‌كێتی له‌ كۆمیسیۆن ده‌كات و ده‌ڵێت كاندیدێكی ئێمه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌كان له‌ كۆمیسیۆن كاندیدێكی یه‌كێتی چووه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ی و لایه‌نگرانی كاندیده‌كه‌ی فه‌تح خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو ڕێگای هه‌ولێر- موسڵیان داخست. ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ لایه‌نگرانی یوسرا محمد ڕه‌جه‌ب كاندیدی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ بازنه‌ی یه‌كی نه‌ینه‌وا خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو ڕایانگه‌یاند ده‌نگی كاندیده‌كه‌یان دیارنه‌ماوه‌و ئه‌حلام ڕه‌مه‌زان كاندیدی یه‌كێتی له‌ شوێنه‌كه‌ی ده‌رچووه‌. خۆپیشانده‌ران داوا له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات ده‌نگه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ده‌ست جیابكرێنه‌وه‌ و مافی كاندیده‌كه‌یان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی كۆمیسیۆن ده‌نگی زیاتر له‌ 8هه‌زار وێستگه‌ی به‌ده‌ست جیاكرده‌وه‌و گۆڕانكاری له‌ كورسی لایه‌نه‌كان ڕوویدا له‌ ئێستادا زۆربه‌ی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان داوا ده‌كه‌ن ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست جیابكرێنه‌وه‌.

عەمار عەزیز. نەینەوا رێژەی بەشداریكردنی خەڵكی شەنگال لەدەنگدانی گشتی لەسەدا 30% تێنەپەڕاندو بەو هۆیەوە یەكینەكانی پاراستنی شەنگال نەیانتوانی كورسیی بەدەستبهێنن و پارتی سێ كورسی قەزاكەی بەدەنگدانی ئاوارەكانی كە لەدهۆكن بردەوەو كورسی كۆتایی ئێزیدیەكانیش بۆ حزبێكی كۆنی ئێزیدییەكان بووە. قەزای شەنگال سێ كورسی بۆ دیاریكرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ كورسییەكی كۆتا بۆ ئێزیدییەكان، بۆ سێ كورسییەكەی شەنگال پارتی و یەكێتی یەكینەكانی پاراستنی شەنگال و چەند حزبێكی دیكە كاندیدیان هەبوو، بۆ كورسی كۆتاش حەوت حزبی دیكە كاندیدیان هەبووە. ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی دەستەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « 83 هەزار كەس لەسنوری قەزای شەنگال مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە تەنیا 13 هەزار كەس دەنگیاندا، خەڵك سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردبوو، بەڵام كێشە لەشوێنی ناوەكانیاندا هەبوو لەكاتژمێر 8ی بەیانی تا 11ی بەیانی ئامێرەكانی دەنگدان كەزیاتربوون لە 30 بنكەی سنوری قەزاكە ئیشیان نەكردووە». ئازاد حسێن وتیشی: «كاندیدەكەمان دوو هەزارو 13 دەنگی هێنا، بەو ئەنجامانە رازی نین، لەسەر هەموو پێشێلكاری و كێشەكان ئوفیسی نەینەوامان ئاگاداركردووە، هەر شتێك لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵكی ناوچەكە بێت  بەتایبەت لەبواری سیاسی قبوڵ ناكەین». «خەڵك حەزیدەكرد دەنگی خۆیان بدەن، بەڵام كۆمسیۆن بەشێوەیەكی ناڕاستەخۆ حەزیان نەدەكرد خەڵكی شەنگال دەنگ بدەن، جارێك ئامێرەكە لەكار دەكەوت جارێك دەیانووت ناوەكەت لەتۆماری دەنگداندا نەهاتووە یان ئامێرەكە پەنجەی دەنگدەرانیان نەدەخوێندەوە، ئەمانە هۆكاری كەمی رێژەی دەنگدانە كە 70 هەزار كەس دەنگیان نەدا كە ئەمەش زیانێكی گەورە بوو  بۆ هەموو پارت و هێزەكان ناو قەزاكە « ئازاد حسێن وا دەڵێت. ئازاد حسێن پێشیوابوو دەنگدانی تایبەتی ئاوارەكان كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە «دەیان فێڵ و ساختەی تیادا كراوە» ،  ئەو ئەنجامانەی كەڕاگەیەنراون راست نین ، بەهیچ شێوەیەك پەسەندی ناكەین». سێ كاندید نزیك بوون لەبەدەستهێنانی كۆرسی كۆتا، كاندیدی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی نزیكەی سێ هەزار دەنگی هێناوە، كاندیدی پارتی دیمۆكراتی ئێزیدی سەر بە حەیدەر شەشۆ  2 هەزار و 600 دەنگی هێناوە، بەڵام هێشتا لەچەند بنكەیەك هەژمار نەكراون، كاندیدی حزبی پادێ‌ نزیك لە یەبەشە 2 هەزارو 13 دەنگ . بەپێی راگەیاندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە بازنەی شەنگال پارتی هەرسێ‌ كورسی بازنەی شەنگالی بەدەستهێناوەو  كورسی كۆتاش بۆ پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بووە. سەعید بەتۆش، سەرۆكی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەكاتی دەنگدان چەند كێشەیەكی بچووك دروستبوو لەكاركەوتنی ئامێری خوێندنەوەی كارتی بایۆمەتری لەچەند بنكەیەك، دوای چەند كاتژمێرێك چارەسەركران، كێشەی هەرە گەورە بایكۆتی خەڵك بوو، هیچ كەسێك چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد خەڵك بەم رێژە كەمە بەشداربن، ئەگەر خزمەتی خەڵك نەكرێت بێگومان ئەوانیش دەنگ نادەن.» سەعید بەتۆش باسی لەوەشكرد بەپێی راگەیاندراوی كۆمسیۆن كاندیدەكەیان دەرچووە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان 2 هەزارو 900 دەنگی هێناوە، بەڵام هێشتا لەزۆر شوێن هەژماریان نەكردووە، لەوانەیە دەنگەكانمان بگاتە زیاتر لەسێ هەزار دەنگ. قایمقامی قەزای شەنگال بەشدارینەكردنی هاووڵاتیان لەپرۆسەی هەڵبژاردن بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەڕێنێتەوە. فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە  حەوت ساڵە هیچ كێشەیەك بەتەواوی چارەسەرنەكراوەو تائێستا دوو ئیدارەیی هەیەو گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوەو ناوچەكە ئاوەدان نەكراوە، وتیشی:»خەڵك باوەڕیان بەحكومەتی عێراق نەماوە شتێك لەبەرژەوەندی خەڵكی شەنگالدا بكات، بۆیە ئەمڕۆ سزای بەرپرسەكانی عێراقیان دا « . لای خۆیەوە حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان  و سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد هیچ تێبینی و كێشەیەكیان لەگەڵ دەنگدان نەبووەو كاندیدەكەیان دوو هەزار و 600 دەنگی هێناوە ، بەڵام  زۆر بنكەی دەنگدان ماوە، لەگەڵ دەنگەكانی دەنگدانی تایبەت.      

  هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند:" گرانبوونی بەنزین بەهۆی ئەوەیە لە دەرەوە هاوردەی دەکەن و هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکەن بۆ نرخەکەی". ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021،  جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، بەهۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری به‌نزین له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده‌ ده‌كرا كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ نرخی نه‌وت و له‌ رابردووشدا نرخی نه‌وت لەسەر ئاستی جیهاندا به‌رزبووەوه‌، ئەوەش بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان لە هەندێک دەروازە راگیراوە، بۆیه‌ بڕیارە ‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ گرفته‌كان و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پلانی گونجاو بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین دابنرێت تاوه‌كو له‌ داهاتوودا قه‌یران دروست نه‌بێت. لەبارەی نەوتی سپیشەوە وتەبێژی حکومەتى هەرێم نووسیویەتی، وەزارەتەکە لە هەوڵی چارەسەرکردن و دابینکردنی نه‌وتی سپیدایە. ماوەى چەند رۆژێک نرخى بەنزین و سوتەمەنییەکانى دیکە بەشێوەیەکى خێرا بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوەو بەوتەى عەلی حەمە ساڵحیش نرخى بەنزین بۆ هەر لیترێک دەگاتە ١٣٠٠ دینار ئەگەر حکومەت رێگری لە کەمکردنەوەى نرخ نەکات.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرکردە و لایەنگرانی حزبەکەی دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى راستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق".  ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021،  نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرکەوتنی پارتی ئەرک و بەرپرسیارێتیی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، "دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە". جێگری سەرۆکی پارتی لایەنگرانی حیزبەکەی بە "سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتی" ناودەبات و دەڵێت، "بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت". دەقی راگەیێندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان ‎بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتیمانه‌وه‌ له‌ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدانى قاره‌مان و جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەم. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئەو دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی. ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه‌ جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانى پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا. ده‌ستخۆشى له‌ یە‌كە ‌یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه‌ دڵسۆزانە‌ ده‌كه‌م كە‌ لە‌ كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە‌ سە‌ر سه‌ندووقە‌كان. زۆر سوپاس بۆ دەنگدەرانی خۆشەویست، بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان. بەشداریی دڵسۆزانه‌تان، سەلمێنەری بەهێزیی باوەڕ و متمانەتانە بە ڕێبازەکەتان. ئێوە سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتین کە بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت. پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارتی دەکەم، چاوەڕوانیم لە هەموویان ئەوەیە به‌ باشترین شێوه‌ ئەرکەکانیان ڕاپه‌ڕێنن و خزمەتكاری خەڵک بن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى، هەوێنی یەکڕیزیی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌كان و بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستورییەکانی هه‌رێمى كوردستان بن. ‎سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم سەرکەوتنە ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە. سەرکەوتن لە هەموو پارتییەکان و دەنگدەرانی پارتی و لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت. ‎نێچیرڤان بارزانی ‎جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان  

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر ڕایگەیاند:"وەفدێكی چوار كەسی پێكهێنا بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی داهاتووی عیراق. موقتەدا سەدر لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، تەواوی لایەنە سیاسییەكان ئاگادار دەكەینەوە، كە لیژنەی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، نوێنەرایەتی رەوتی سەدر دەكەن. ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی ناوبراو تەواوی دەسەڵاتیان هەیە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی بۆ ئەم قۆناغە دروستبكەن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و خۆپارێزی لەو كەسانەی كە تێبینیمان لە سەریان هەیە. رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ كەسێك بۆی نییە دەستێوەردان لە كاروباری ئەو لیژنەیە بكات، كە پێكهاتوون لە: حەسەن عەزاری / سەرۆكی لیژنە نەسار ئەلروبەیعی / جێگری یەكەم نەبیل تەڕەفی / جێگری دووەم حاكم زاملی / پاڵپشتی لیژنە

سازدانی: شاناز حەسەن بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو ئەوە دووپاتدەكاتەوە ئەگەر ئیسلامییەكان بە یەك هاوپەیمانێتی پێكەوە لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەشدارییان بكردایە دەبوونە خاوەنی هەشت كورسی. مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ  هاوڵاتی دەشڵێت:»بایكۆت كردن لەلایەن هاووڵاتیانەوە  دووبارە سوودی بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان هەبووە».  هاوڵاتی: بۆچوونتان لەسەر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چییە؟ مستەفا عەبدوڵا: هەڵبژاردنی ئەمجارە یاساكەی جیاواز بوو، بازنەكان زۆربوون و یەكگرتوو بەشەش كاندید بەشداری كردو شەش بازنەی بە ئامانج گرت، لە چوار بازنەی سەركەوتنی بەدەستهێنا. بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی دیكە، یەكگرتوو لەسەدا پەنجای كورسییەكان و دەنگەكانی زیادیكردووە، بەوەش هەنگاوێكی دیكەی نا بۆ پێشەوە، چونكە پێمان وابوو لەساڵی 2018 هۆكار هەبوو بۆ دابەزینی دەنگەكانی یەكگرتوو، بەڵام لەدوای كۆمەڵێك بەخۆداچوونەوە و هەنگاونان بۆ چارەسەر لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئەنجامەكەیمان بینی، كاندیدەكانیشمان ئەوانەبوون كە لەناو خەڵكدان و كاریان بۆ خەڵك كردووە و رۆڵی باشیان گێڕاوە. بەكاركردنی یەكگرتووش وەك حزب زۆر باش بووە بۆ كاندیدەكان، ئەمانە هەمووی پێكەوە و بانگەشەی هێمن و ئارام بەپلانی ورد وایكرد سەركەوتوو بین.  هاوڵاتی: لەگەڵ كام لەلایەنەكان هەماهەنگیتان هەبوو لەڕۆژی دەنگدان لەو بنكە و بازنانەی ئێوە كاندیدتان نەبوو؟ مستەفا عەبدوڵا: هەر سەرەتا بڕیارماندا بانگەشەی هەڵبژاردن ئارام و ئاسایی بێت، چونكە فرەبازنەیە، لەهەندێك شوێن ئێمە كاندیدمان نیە و لایەنەكانی دیكە كاندیدیان هەیە، بۆیە پێویستی بەگۆڕینەوەی دەنگدەرانی یەكتر هەیە، بۆیە بڕیارماندا بانگەشەی هەڵبژاردنمان ئاڕاستەیەكی دژی نەبێت بەلایەنەكانی دیكە بەتایبەت ئەوانەی كەپێشتر یان ئێستا ئۆپۆزسیۆن بوون، بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەری لەسەر دەنگەكانیان دابنێین، لەهەمانكاتدا چونكە فرەبازنەیە دەكرێت لەئاستی بازنەكان كە ئێمە لەبازنەیەك كاندیدمان نیە، یان ئەوان نیانە، لایەنگرەكانمان بەو ئاراستەیە بنێرین كە دەنگ بدەن بەلایەنەكانی دیكە، بۆیە لەو رووەوە جەماوەری هەموو لایەنە سیاسیەكانمان بەئامانج بگرین بۆ ئەوەی گرژی دروست نەكات، ئەگینا وەك نووسرا و رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێك نەمانبووە و نەمانكردووە.  هاوڵاتی: ئەگەر لەگەڵ كۆمەڵی دادگەریی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بوونایە وەك یەكگرتوو تاچەند دەرئەنجامەكان گۆڕانكاری بەسەردا دەهات؟ مستەفا عەبدوڵا: باشترین بژاردە ئەوەیە كە لایەنە ئیسلامییەكان یەك لیستی هەڵبژاردن بن، چونكە دڵنیام كە ئێمە یەك لیست بووینایە ئێستا پێنج كورسیمان هەیە، ژمارەی كورسییەكان تا هەشت كورسی دەڕۆیشت و بەرزدەبۆوە، چونكە كەدەنگەكانی ئێمە و كۆمەڵی دادگەری لەهەر بنكەیەك كۆبكەینەوە، دەبووە ژمارەیەكی زۆر لەپێش زۆر لەحزبەكانی دیكەوە، بۆیە ئێمە زەرەرمان كرد. وەك حزبە ئیسلامییەكان هەموومان زەرەرمان كرد، ئێستاش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەپێویستی دەزانین یەكبگرین و پێكەوە كاربكەین باشتر دەبێت.  هاوڵاتی: زۆربەی لایەنەكان دەنگەكانیان كەمی كردووە؟ لەلایەكیشەوە بایكۆت زۆر بوو، پێتانوایە ئەمە چ ئاماژەیەكە بۆ حزبە سیاسییەكان و بۆ ئێوە وەك یەكگرتوو؟ مستەفا عەبدوڵا: بایكۆت و بەشدارینەكردن پەیامە كەخەڵك نائومێدە، نائومێدكراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، تووشی قەیران كراوە، پێیوایە گۆڕانكاری روونادات. بۆیە ئەوە ستەمێكە لەهاووڵاتیان كراوە، بەڵام هاووڵاتیان ئەوە بۆیان نابێتە بژاردەی باش، چونكە جارێكی دیكە دەسەڵاتداران سوودی لێوەردەگرن لەو جۆرە تەشكیل و بیركردنەوانەی خەڵك، ئێمە پێمانوابوو نەدەبوایە وابێت، یەك لەكێشە گەورەكانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەبوو، واتە زۆرینەی ئەوانەی نەچوون بۆ دەنگدان خەڵكی ناڕازی بوون، كاتێك ناڕازی ناچن و لایەنەكانی دەسەڵات بەفشاری دەسەڵاتەكەیان دەچن و هێزە ئۆپۆزسیۆن و جدییەكان زیان دەكەن، بۆیە بڕوامان وایە كەڕێژەی بەشداری زیاتر بوایە، ئێمە دەنگ و كورسیمان زیاتر دەبوو، لەهەر شوێنێك یەكگرتوو كاندیدی هەبووبێت بایكۆتی نەكردووە، لەشوێنەكانی دیكەش هەموو رێكخستنەكانی یەكگرتوو ئاڕاستە كرابوون بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەپێی ئەو كاندیدانەی كە بە شیاویان دەزانن بۆ پەرلەمانی بەغدا.  هاوڵاتی: ئەگەر حكومەتی داهاتوو پێكبهێنرێت و ئێوە بێبەش بكرێن، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟ مستەفا عەبدوڵا: جارێ‌ زووە باس لە پێكهێنانی حكومەت بكەین، چونكە هەموو شتێك كاریگەری و حساباتی خۆی هەیە، لەكاتی تەشكلیكردنی حكومەتدا، هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی بزانین بەچ ئاراستەیەك مامەڵە دەكەین و بەبڕیاری سەركردایەتی بڕیار دەدەین.  هاوڵاتی: ئێوە تاچەند پشتگیری بەرهەم ساڵح دەكەن كە یەكێتی دەڵێت تاكە كاندیدیانە؟ مستەفا عەبدوڵا: ئەم خولە خولێكی نوێیە و بڕیارەكان و هەنگاوەكانی بڕیاری نوێی پێویستە كە تائێستا ئێمە باسمان لێنەكردووە، بەڵام ئەوە بڕیارێكی سەركردایەتی پێویستە و ئەو بڕیار دەدات كوتلەكەی دەنگ بەچی بدات، چونكە ئەوە پرسێكی سیاسی فراوانە و سەركردایەتی لەسەر ئەو پرسە بڕیار دەدات  

هاوڵاتی ڕابەری تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان ڕایگەیاند:" دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕەنگە ببێتە مایەی شەڕو كوشتار". شێخ نەهرۆ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگەیاندوە، "ڕێژەی زۆری بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، پرۆسه‌ى سیاسیی دەخاتە ژێر مەترسی لەدەستدانی شەرعیەت‌و ناڕەزایی دەربڕین لەئاستی هەڵبژاردنەكان‌و ڕازینەبون بەئەنجامەكانی، ئەوەش وادەكات ڕەنگە هەندێك كەس دانی پێدانەنێن، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی دواتر دێنە پێشەوە". شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، "دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان خوانەخواستە ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشەو ناڕەزایی‌و پشێویی‌و توندوتیژیی‌و شەڕو كوشتار، بەمجۆرەش دەگەڕێینەوە گۆشەی وێرانكاریی‌و لەناوچون‌و جیابونەوە". له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوای لەزانایان‌و بیرمەندانی گەلی عێراق كردوه‌، هەوڵی نەهێشتنی كەوتنەوەی ئاگری فیتنە بدەن.

شاناز حەسەن لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی سەرما  نرخی‌ نەوتی‌ سپی‌ لەبازاڕەکانی‌ هەرێمی به‌رزبوه‌وه‌ و  پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" چاوەڕوانی  وەزارەتی نەوتی عێراقین بۆ ناردنی  نەوتی سپی". هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراقین ئەو بڕەی كە بڕیاریداوە  بینێرێت، بەڵام تائێستا بەدەستمان نەگەیشتووە". پارێزگاری سلێمانی وتیشی:" تەنیا سەرچاوە بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان ئەوەیە لە حكومەتی عێراقیەوە بێت بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە". ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند رێككەوتن كراوە و ناوەراستی ئەم مانگە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی نەوتی سپی". ساڵی رابردوو نرخی نەوت بە 110 هەزار دینار بوو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 150 هەزار دینار. هەروەها یەک تۆن گازوایل بۆ 500 دۆلار بەرزبووەتەوە. هەرچەند حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو لەم مانگەدا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکات، بەڵام خەڵکی ترسیان لە دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتە و هەروەها گرانی نرخەکەیەتی، بۆیە لە زۆر ناوچەدا دیسان پەنا بردراوەتە بەر بڕینی دارە خۆرسکەکان.

سازدانی: هاوڵاتی وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوەدەدات كە بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرن خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكەن. محەمەد حەكیم، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئەگەر بەڵگەكان سەلمێنەر بن بەڵێ و دیارە بۆ دەرنەچوونی هەندێك كاندید هەندێ ئاماژە هەن وا سات سات بەڵگەی تازە بەكاندید و مەكتەبی هەڵبژاردن دەگات». هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە لە سەرجەم ئەو بازنانەی كە كاندیدیان تێیدا هەبووە دەنگەكانی خۆیان بەدەستهێناوەتەوە» لەم هەڵبژاردنەدا كە لەهەندێ بازنە كاندیدمان نەبووە هەڵەیە باسی كەم و زیادكردنی دەنگەكان بكرێت». هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەبارەی دەرئەنجامی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ كۆمەڵی دادگەری؟ محەمەد حەكیم: دەرئەنجامە بەراییەكان لەئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو. هاوڵاتی: ئایا سكاڵاتان لەهەولێر تۆمار كردووە؟ پێتانوایە بەمەبەست وا كراوە كاندیدەكەی كۆمەڵ دەرنەچێت؟ محەمەد حەكیم: مەڵبەندی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تێبینی خۆی خستووەتەڕوو و بە مەكتەبی هەڵبژاردنمان وتووە هەر بەڵگەیەكتان لایە بەشێوازی یاسایی بیدەنە كۆمسیۆن. ئەگەر بەڵگەكان سەلمێنەر بن بەڵێ و دیارە بۆ دەرنەچوونی هەندێك كاندید هەندێ ئاماژە هەن وا سات سات بەڵگەی تازە بەكاندید و مەكتەبی هەڵبژاردن دەگات. هاوڵاتی: لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتی بەشێك لەكادیرانتان رەخنە دەگرن كە دەبوو كۆمەڵ لەزۆربەی بازنەكان كاندیدی هەبوایە بەتایبەت لەبازنەی گەرمیان لەسلێمانی و سەرجەم بازنەكانی هەولێر؟ بۆچوونەكەیان رەوایە؟. محەمەد حەكیم: ئەوە زیاتر ئێستا باس دەكرێ كە ئەنجامەكان دەركەوتوون لەو بازنانە كە لەبەر بایكۆتی دەنگدەرو باری نیوخۆی یەكێتی بەشداری كەم بووەو بەدەنگی كەم كاندید سەركەوتووە، ئیجا ئێمە پێنج بازنەی بەهێزی خۆمان كاندیدمان داناوە. هاوڵاتی: ئەگەر كۆمەڵی دادگەری لەسەرجەم بازنەكانی هەرێم كاندیدی هەبووایە پێتانوایە دەنگەكانتان كەمی نەدەكرد كە ئێستا لەم هەڵبژاردنە تەنها 50 هەزار دەنگە؟ محەمەد حەكیم: ئەم هەڵبژاردنە ئێمە كۆی دەنگی پێنج بازنەكە بەراورد ئەكەین بەدەنگی سنوری ئەو پێنج بازنەیە لە هەڵبژاردنی پێشوی عێراق ، ئینجا لەم هەڵبژاردنە هەڵەیە بۆ ئێمەو ئەو حزبانەش كە لەچەند بازنەیەك كاندیدمان هەبووە باسی دەنگی بەدەستهاتوو بكرێ لەم سیستەمە، بە هەڵەی ئەزانم باسی كەمی و زیادی دەنگ بكرێت. هاوڵاتی: پێتانوایە بێجگە میكانیزمی دانانی كاندیدەكانتان لەبانگەشەی هەڵبژاردن كەموكورتی هەبووە؟ محەمەد حەكیم: ئەوەی بازنەكانمان روونكردەوە، بەڵێ لەبانگەشەش كەموكورتی هەبوە، بەڵام كاندید و ئۆرگان و كادیرو و ئەندام و جەماوەریشمان ماندوو بوون. هاوڵاتی: ئایا لێكتێگەیشتنتان لەگەڵ یەكێتی بۆ هەندێ بازنە زیانی پێگەیاندوون؟ محەمەد حەكیم: لێكتێگەشتن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بووە و ترسمان لەتەزویری ئەلكترۆنی هەبووە وەكو هەڵبژاردنی پێشوو، لەكۆی بازنەكان ئێمە دەنگی خۆمان هێناوەتەوە بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو. هاوڵاتی: ئەگەر یەك هاوپەیمانێتیتان هەبوایە لەگەڵ یەكگرتوو دەرئەنجامەكان بۆ كۆمەڵ باشتر دەبوو؟ محەمەد حەكیم: نازانم، هەردولا هەوڵماندا لەسەر هەڵەبجە نەگەیشتینە یەك و هەردوولا حەقمان بوو، چونكە بازنەی بەهێزمان بوو و هەردوو كاندیدیش بەهێزبوون، بەداخەوە پاش دەركەوتنی ئەنجامەكان هەڵەیە بڕیار بۆ كاتی هاوپەیمانێتیەكان بدرێ!. هاوڵاتی: دەرئەنجامەكان بەشكست دادەنێن؟ ئایا گۆڕانكاری ئەنجامدەدەن بۆ خۆئامادەكردنتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟  محەمەد حەكیم: ئەمڕۆ لەئاستی باڵا كۆبووینەوە و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرین و لەم نزیكانەش سەركردایەتی كۆدەبینەوە چی باش بێ ئەنجامی دەدەین و دەبێ خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەین.  

  هاوڵاتى وەفدێكی بزووتنەوەی تاڵیبان بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا، سەردانی ئەنقەرە دەکات. بڕیارە وەفدەکەی تاڵیبان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، بگاتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، ئەمیرخان موتەقی، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، سەرۆکایەتی وەفدەکەی تاڵیبان دەکات. مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2021 رایگەیاند، بەنیازن لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ چەند وەزیرێکی دیکەدا سەردانی شاری کابول بکەن. هێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ چوونە ئەفغانستان و یارمەتی هێزەکانی ئەفغانستانیان دەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی تاڵیبان، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ئەمساڵ تاڵیبان دەستی بەسەر کابوولی پایتەختدا گرت. هێزەکانی تورکیا ناچاربوون وڵاتەکە جێبهێڵن.

هاوڵاتى  وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان رایگەیاند:" بایکۆت جۆرێکە لەخەباتی سیاسی و مافی سیاسی و یاساییە بۆ هەمو کەسێکیش". دەشڵیت:"بۆچی بۆ ئێمە خیانەت و خزمەتکردنی دەسەڵات بێت، بۆیە  کە بەرامبەرمان دەکرێت".  ئەمڕۆ پێنج شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، عبدالله وەرتی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "سەرکردایەتی بزوتنەوە بێدەنگ نابێت لەئاست چاواشەکاری و ناهەقیەکان کە بەرامبەری دەکرێت، دەشڵێت، پڕو پاگەندەی ژەهراوی و دوژمن کارانەی ناحەزان کار ناکات لەکادیر و ئەندامانی بزوتنەوە و بایکۆت جۆرێکە لەخەباتی سیاسی و مافی سیاسی و یاساییە بۆ هەمو کەسێکیش بۆچی بۆ ئێمە خیانەت و خزمەتکردنی دەسەڵات بێت". باسیلەوەشکردووە، ''گەلی کوردستان هۆشیارە و ئەندام و کادیرانی بزوتنەوەش لەئاستی دۆخەکەدان و باش تێگەیشتون لەپڕو پاگەندەی بێ بنەماو بێدەنگ وبێ وەڵامیش نابین بۆ پیلانی پیلانگێڕان، ئەوەشی وتووە، ''60%ی خەڵکی کوردستان و عێراق  بایکۆتی پڕۆسەکەیان کرد". 10ی تشرینی یەکەمی 2021، دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کردوو داوای لە ڤلایەنگرانیشی کرد دەنگ نەدەن و بایکۆتی بکەن.