هاوڵاتی بافڵ تاڵهبانی، هاوسهرۆكی یهكێتی له پێشوازی له كهسوكاری ههڤاڵ محهمهد، كارمهنده كوژراوهكهی سیكیوێرتی له سلێمانی رایگهیاند:" پشتگیری لە ھیچ تۆمەتبارێک ناكەین و رێگاش نادەین یاساشکێنان بەناوی ھەر پاساوێکەوە داڵدەبدرێن، دهشڵێت: "لەمەودوا یەکێتی پارێزەری پاراستنی مافخوراوان دەبێت". ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، به گوێرهی راگهیهندراوێكی نووسینگهكهی، ئهمڕۆ دووشهممه بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی ھەڤاڵ محەمەد کاکە خان، کارمەندی سیكیورێتی یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی، کە لە چەند رۆژی رابردوودا کوژرا. ههروهك هاتووه: لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی کۆچکردوو پێیڕاگەیاندن "ئەم رووداوە دڵتەزێنە مایەی نیگەرانی قوڵی بووە، چونکە گەنجێک لەپێناو بژێوی ژیانی ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێدەگەیاند و بەشداربووە لەپاراستنی ئارامی شار، بەڵام بەداخەوە بەوشێوە نامرۆڤانەیە ژیانی گەنجێک کە لەسەرەتای تەمەنیدابوو کوژێنرایەوە و دڵنیایکردنەوە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بەھیچ شێوەیەک مایەی لێخۆشبوون نین". به گوێرهی راگهیهندراوهكه، "بافڵ تاڵەبانی روونیشیکردەوە پشتگیری لە ھیچ تۆمەتبارێک ناکات و رێگاش نادات یاساشکێنان بەناوی ھەر پاساوێکەوە داڵدەبدرێن، لە یەکێتیش ھەر کەسێک لە ھەر پلەو پۆست و بەرپرسیارێتییەکدا بێت و تێوەگلابێت بە یاساشکێنی، بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکەین، چونکە ھیچ کەسێک نابێت لەسەروو یاساوە بێت و ئەم ئارامییەی ھەیە پارێزگاری لێدەکەین و بە کردەوەش سەلماندوومانە ئارامی و ئاسایش لامان ھێڵی سوورە". بافڵ تاڵەبانی وتیشی: "لەمەودوا یەکێتی پارێزەری پاراستنی مافخوراوان دەبێت و داکۆکیکاری سەرسەختی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکانیش دەبین و ئەم نیەتە ئەرکی ئێمەیە وە جێبەجێی دەکەین".
هاوڵاتی کۆڵن پاوڵ، وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئەمەریکا لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، کۆچى دواییکرد. ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، لە تەمەنى ٨٤ ساڵیدا و لەدواى توشبوونى بە کۆرۆنا، کۆڵن پاوڵ، وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمەریکا کۆچى دواییکرد. خێزانی پاوڵ لە راگەیێنراوێکدا لەسەر فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە 'فەرماندە کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان ئەم بەیانییە بەهۆی دەرهاوێشتەکانی کۆرۆنا گیانی سپارد." لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا خێزانەكەی نوسیویەتی: "پیاو باوک و باپیرەیەکی لێهاتوو، هەروەها ئەمریکییەکی مەزن و خۆشەویستمان لەدەستدا. کۆڵن پاوڵ، یەکەم وەزیری دەرەوەی رەشپێستی ئەمریکا بوو، لە 2001 تاوەکو 2005 لە پۆستەکەی مایەوە، لە چەندین ئیدارەی کۆمارییەکان بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوە ناودەبرا. کۆڵن پاوڵ خاوەنى سێ کچ و سێ کوڕە لە کاتی شەڕی عێراق لە 2003 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو. .
هاوڵاتی سكرتێرى مهكتهبى سیاسىو سهرۆكى وەفدی دانوستانكارى پارتى بۆلاى لایهنهكان ڕایگهیاند: "بزوتنهوهى گۆڕان ئهگهر كورسیشى نهبێت، ههر بزوتنهوهى گۆڕانه". فازڵ میرانى سكرتێرى مهكتهبى سیاسىو سهرۆكى وەفدی دانوستانكارى پارتى لهدواى كۆبونهوهیان لهگهڵ بزوتنهوهى گۆڕان ڕایگهیاند: "بزوتنهوهى گۆڕان حزبهو ئهگهر كورسیشى نهبێت ههر بزوتنهوهى گۆڕانه". ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، وەفدێكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەپێی بەرنامەی وەفدەكە لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی و گۆران و سۆسیالیست كۆدەبێتەوە. میرانى وتیشى:"دهمانهوێت لهگرژیهكانى كاتى ههڵبژاردن دوربكهوینهوهو بهیهكڕیزیى بچینهوه بۆ بهغداو قۆناغێكى تازه دهستپێبكهین". لهئێستادا لهعێراقو ههرێمى كوردستان گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومهت دهستیپێكردوهو پارتى كورسیهكانى زیادیكردوهو یهكێتى كورسیهكانى كهمیكردوهو گۆڕان هیچ كورسیهكى بۆ پهرلهمانى عێراق بهدهستنههێناوه.
هاوڵاتی یەپەگە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتدەکاتەوە كە باس لە گیانلەدەستدانی پێنج گەریلا لە رۆژئاوای کوردستان کردبوو". دەڵێت:" هێزەکانیان لەو ناوچانەدا هیچ جموجووڵێکی سەربازییان نییە". ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لەڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند: "وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەراگەیاندراوێكدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی ئێمە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون، بەڵام ئەم زانیارییە راست نییە". یەپەگە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت:" هێزەکانیان لەو ناوچانەدا کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی پێداون، هیچ جموجووڵێکی سەربازییان نییە". وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2021 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە ناوچەی کانی ئاشتی (سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی گرتوونیانەتەبەر رێگرییان لە هێرشێكی شەڕڤانانی یەپەگە کردووە و لە ئەنجامدا 5 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. لە تشرینی یەکەمی 2019دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە نزیکن لە ئەنقەرەوە هێرشیانکردە سەر سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنتڕۆڵیان کردن. لە کانوونی دووەمی 2018یشدا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ شەڕڤانان، هەرێمی عەفرینیان کۆنتڕۆڵکرد.
هاوڵاتی کۆبوونەوەی وەفدی باڵایی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند:" پۆستی سەرۆک کۆمار هی لایەنێک نییە و پێویستە بە ڕێککەوتن دابنرێت:" وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: نەریتێک هەبووە کە پۆستەکە هی یەکێتییە". ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، وەفدێكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەپێی بەرنامەی وەفدەكە لەگەڵ هەر یەك لە یەكێتی و گۆران و سۆسیالیست كۆدەبێتەوە. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بابە شێخ حوسێن وتەبێژی یەكێتیی رایگەیاند" سەردانەکەمان بۆ پارێزگای سلێمانی سەردانێکی دۆستانەی دوای هەڵبژاردنە بۆ رەواندنەوەی گرژییەکانی هەڵبژاردنە". وتەبێژی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، وەک شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین، هەموو ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، پێکەوەبین داکۆکیکی لەو مافە دەستوورییانە بکەین کە بەدەستهاتوون و کار بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش بکەین کە ماوەن. لەسەر هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد" ێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەنگاویان بۆ ئەم مەبەستە ناوە و لە رێککەوتن نزیکبوون، بەڵام ئاستەنگ هاتنە پێش". لای خۆیەوە بابە شێخ حوسێن وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند" پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین". باسی لەوەشکرد: سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، نەریتێک هەیە کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە، پێموانییە ئەوە ببێتە کێشە لە نێوانمان. وتیشی" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هیچ پۆستێک نەکراوە، بەڵکو باس لە یەکڕیزی و کێشەکانی هەرێم و بەغدا کراوە، نەک پۆستەکان."
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند:" تا سبەینێ سێشەممە، لایەنەکان دەتوانن تانە لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بکەن". ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند سبەینێ سێشەممە دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی لایەنەکان تانەکانیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن. وتیشی: لە ماوەی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی کۆمسیاران وردبینی و پێداچوونەوە بۆ تانەکان دەکات و پاشان لە ماوەی ١٠ رۆژدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بە تانەکاندا دەچێتەوە و دواتریش ناوی ئەندامە نوێیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ژمارەیان ٣٢٩ کەسە رادەگەیەندرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تانەکان، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند دەکرێت بەر لەوەی بەرزبکرێتەوە بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی. رۆژی شەممەی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عیراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە زۆربەی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی بە تایبەتیش لایەنە شیعەکان ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری ئێران عەبدولسەلام کەریمی وەک راوێژکاری خۆی دیاریکرد؛ عەبدولسەلام کەریمی خەڵکی سەقزە و سەر بە لایەنی نەریتخوازە ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران عەبدولسەلام کەریمی وەک راوێژکاری خۆی دیاریکرد؛ عەبدولسەلام کەریمی خەڵکی سەقزە و سەر بە لایەنی نەریتخوازە. ئیبراهیم رەئیسی داوای لە عەبدولسەلام کەریمی کردووە کە بەدواداچوون بۆ "کاروباری گەلان و کەمینەکان" بکات و بۆ"یەکیەتی" و "یەکگرتوویی نێوان گەل و ئایینە جیاوازەکان" تێبکۆشێت. عەبدولسەلام کەریمی بە ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی وتووە، سەرۆک کۆماری ئێران پێی وتووە کە جیاوازی لە نێوان ناوچە، پەیڕەوانی ئایین و بەکارهێنەرانی زمانەکاندا نەکات و جیاکاریش لە دابەشکردنی توانا و دەرفەتەکان قبووڵ ناکات. کەریمی دەڵێ، سەرۆک کۆمار بوونی گەلان وەک هۆکاری بەهێزبوونی وڵات دەزانێت و پێیوایە جیاوازی لەنێوان شیعە و سوننە و کورد و تورک و فارسدا نییە. عەبدولسەلام کەریمی ساڵی 1967 لە دایکبووە و دکتۆرای لە زمان و ئەدەبی عەرەبییدا هەیە. ئەو پێشتر 5 ساڵ قایمقامی شاری دیواندەرە، 5 ساڵ بەرپرسی زانکۆکانی پەیام نوور لە مەریوان و سنە، 5 ساڵ جێگری سەرۆکی پلاندانانی رێکخراوی پەروەردەی پارێزگای سنە و بەڕێوەبەری ناوەندی زانستی ئیسلامی ئیمام شافعی سنە بووە. پێشتر ئیبراهیم رەئیسی وتبووی، بێ جیاوازی سوود لە توانایی و بژاردەکان وەردەگرێت. کەسایەتییە ناودارە ئایینییە سوننەکانی وەک مەولەوی عەبدولحەمید، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو، ئەمجارە پشتیوانیان لە ئیبراهیم رەئیسی کرد کە کەسایەتییەکی نەریتخوازە.
هاوڵاتی مستەفا قەرەسوو، داوا دەکات گەلی کورد لە ئەوروپا دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە بەرامبەر گەریلا قیامەت دروست بکەن و دەڵێت لەم کاتەدا پشتیوانی لە گەریلا نەکەن کەی دەیکەن؟. ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکیدا کە کەناڵی مەدیا خەبەر، لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان کە دەوڵەتی تورک لە وەرخەل بەکاری دەهێنێت، وتی “ئەمە تاوانێکی جەنگییە. ئایا ئەو چەکانە ئازادن کە بەرامبەر پەکەکە و کورد بەکاردەهێنرێن؟ پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەو دەوڵەتانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان قەدەغەکردووە، قسە بکەن”. ئەو وتیشی: ئەمە نائەخلاقیە دەوڵەتی تورک ئەمە نەک تەنیا لە دژی کورد بەکاردێنێت، بەڵکو لە داهاتوودا لەدژی هەندێک لایەنی دیکەش بەکاریدەهێنێت. ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتیشی “پێویستە جەماوەری کورد هەستێتە سەرپێ. بەڵام گەریلاکان شەڕ دەکەن، چۆن لە دژی ژەهر و چەکی کیمیایی شەڕ دەکەن؟ بۆمبی ئەتۆمیان لەدژی ژاپۆن بەکارهێنا، چی ڕوویدا؟ ژاپۆنیەکان ناچار بوون خۆیان ڕادەست بکەن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت هاوشێوەی ئەوە لە دژی گەریلا بکات، بە چەکی کیمیایی دەیەوێت گەریلاکان لەناوببات”. ئاماژەی بەوەشکرد: سوپای تورک ئیرادەی نییە لە دژی گەریلا شەڕ بکات، لە لایەکەوە لە دوورەوە بە فڕۆکە بۆمباران دەکەن. لەلایەکی دیکە چەکی کیمیایی بەکاردێنن، ئەوان ناتوانن لە دژی قارەمانانی کورد شەڕ بکەن، بە هەمان چەک سەربازانی تورکیا ناتوانن ڕۆژێک بوەستن، هەڵدێن. چونکە گەریلاکانمان بە فیداکاری شەڕ دەکەن. باسی لەوەشکرد سوپای تورک ناتوانێت بە چەکی کیمیایی ئەنجام بەدەست بهێنێت هەر بۆیە داوای لە گەلی کورد لە ئەوروپا کرد “قیامەت دروست بکەن پێویستە گەنجان قیامەت دروست بکەن. ئەگەر لەم کاتەدا پشتیوانی لە گەریلا نەکەن کەی دەیکەن؟ پێویستە هەموو گەلی کورد دژی ئەم تاوانە هەڵوێست وەربگرن، وەک چۆن هەڵوێست لە هەڵەبجە وەرگیرا، پێویستە ئێستا هەڵوێست لە دژی ئەو چەکە کیمیایانەی کە لەدی گەریلا بەکارهێنراون وەربگیرێت”.
هاوڵاتی بۆ رێككەوتنی لایەنە شیعەكانی ناو پەرلەمان كە زۆرترین كورسی پەرلەمانیان هەیە، تەنیا دوو هەڵبژاردن لەبەردەستدایە و دەتوانرێت حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، ئەویش پێكهێنانی حکومەتە کە هەردوو سەرکردەی شیعە موقتەدا سەدر و نوری مالکی رۆڵی گەورەی تێدا دەبینن، یاخود پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافقییە بە رێككەوتن. بەپێی زانیاریەكان لەچەند ڕۆژی داهاتوودا هەموو سەرکردەکانی شیعە بانگهێشتی نەجەف دەکرێن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە مەرجەعێکی شەیعە، کە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت، نوێنەری عەلی سیستانی دەبێت و پەیامی ئەوی پێدەبێت، بۆ ئەوەی رای مەرجەعیەتیان پێ بوترێت لەسەر ئایندەی حکومەتی عێراق. بەپێی هەندێک میدیای عێراقی سەرجەم سەرکردە شیعەکان بانگی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا سازدەکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا دوو بژاردە دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەکە، یەکێکیان پێکهێنانی حکومەتە کە هەردوو سەرکردەی شیعە موقتەدا سەدر و نوری مالکی رۆڵی گەورەی تێدا دەبینن، ئەویش پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافقییە. هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە شکستی خوارد ئەوا حکومەتی کازمی تا شەش مانگی تر دەمێنێتەوە وەک حکومەتی کاربەڕێکەر و لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ لەکاتی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن دوو بارە دەکرێتەوە. وەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، ئامانج لە کۆبوونەوەکە چارەسەری ئەو ناکۆکیانەی نێوان شیعەیە کە هەڕەشە لە عێراق دەکەن و مەرجەعە گەورەکەی نەجەف دەیەوێت شیعە بە یەکگرتووی بمێنێتەوە. رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، رۆژی شەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تەواوی ئەنجامە بەراییەکانی هەموو وێستگەکانی راگەیاند ئەنجامی کۆتایی کورسیی سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەمشێوەیەبوو: - رەوتی سەدر 72 - تەقەدووم 37 - سەربەخۆ 35 - پارتی 33 - دەوڵەتی یاسا 33 - هاوپەیمانیی فەتح 16 - هاوپەیمانیی کوردستان 16 - عەزم 13 - نەوەی نوێ 9 - بزووتنەوەی ئیمتیداد 9 - ئیشراقەی کانوون 6 - یەکگرتووی ئیسلامی 4 - کۆمەڵی دادگەری 1
هاوڵاتی سبەینێ وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بگاتە شاری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و تاوتوێکردنی كارنامەیەكی هاوبەشی کوردستانی. وەفدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن فازڵ میرانی، سكرتێری مهكتهبی سیاسی ئهو حزبهوه سهرۆكایهتی دهكرێت، به ئهندامێتی ههریهكه له مهحمود محهمهد، وتهبێژی پارتی و دڵشاد شههاب، عهلی حوسێن و پشتیوان سادق. وەفدەكەیی پارتی لەگەڵ هەریەک لە یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان کۆدهبێتهوه، دواتر سەردانی حزبی سۆسیالیست-یش دەکات. بهپێی زانیارییهكان مەبەست لە سەردانی ئەو وەفدەكەی پارتی بۆ سلێمانی گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی كارنامەیەكی هاوبەشی کوردستانییە بۆ بەغدا. رۆژی شەممە 16-10-2021، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی پەسندنەکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە فەرمی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەنجامەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی کوردستان 16 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 4 کورسی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لهسهر بنهماى ڕێنمايى و ئامۆژگارى و بهها باڵاكانى، بۆ پێکهوهژیان و لێبوردهیی و بۆ ئێستا و داهاتوويهكى باشترى مرۆڤايهتى كار بكهين". لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە، "ئهم ياده پيرۆزه خێر و خۆشى و ئاسوودهيى بۆ تهواوى مرۆڤايهتى لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و ببێته هاندهرێك بۆ ههمووان كه گيانى خۆشهويستى و ئاشتهوايى و ميهرهبانى لهناو خۆمان و دهوروبهر و ههمووماندا پتهوتر بكات". لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "با لهم يادهدا چاكه و مرۆڤايهتى و پهيرهوكردنى پهيامى ئاشتيخوازانه و مرۆڤدۆستى و مرۆڤپهروهريى حهزرهتى پێغهمبهر كۆمانبكاتهوه و ههموومان لهسهر بنهماى ڕێنمايى و ئامۆژگارى و بهها باڵاكانى، بۆ پێکهوهژیان و لێبوردهیی و بۆ ئێستا و داهاتوويهكى باشترى مرۆڤايهتى كار بكهين". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: له يادى لهدايكبوونى پێشهوا و پێغهمبهرى مهزنى ئيسلامدا حهزرهتى موحهممهد دروودى خواى لهسهر بێت، گهرمترين پيرۆزبايى له ههموو موسڵمانان له كوردستان، عيراق و تهواوى جيهان و مرۆڤايهتى دهكهم. هيوادارم ئهم ياده پيرۆزه خێر و خۆشى و ئاسوودهيى بۆ تهواوى مرۆڤايهتى لهگهڵ خۆيدا بهێنێت و ببێته هاندهرێك بۆ ههمووان كه گيانى خۆشهويستى و ئاشتهوايى و ميهرهبانى لهناو خۆمان و دهوروبهر و ههمووماندا پتهوتر بكات. با لهم يادهدا چاكه و مرۆڤايهتى و پهيرهوكردنى پهيامى ئاشتيخوازانه و مرۆڤدۆستى و مرۆڤپهروهريى حهزرهتى پێغهمبهر كۆمانبكاتهوه و ههموومان لهسهر بنهماى ڕێنمايى و ئامۆژگارى و بهها باڵاكانى، بۆ پێکهوهژیان و لێبوردهیی و بۆ ئێستا و داهاتوويهكى باشترى مرۆڤايهتى كار بكهين. ئهم ياده له ههموو لايهك پيرۆز بێت و ههموو ساڵێك به خێر و خۆشى. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی تهندروستی ئیدارهی راپهڕین له هۆشدارییهكی توندا داوای له هاوڵاتیان كرد خۆیان له ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن و ئاگاداری كردنهوه كه له نهخۆشخانهكانی قهڵادزێ شوێنی بهتاڵ نهماوه. له هۆشدارییهكهیدا تهندروستی راپهڕین رایگهیاندوه:" بەهۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوانی کۆڕۆنا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و نەمانی شوێنی بەتاڵ بۆداخڵکردنی نەخۆشانی کۆڕۆنا لەنەخۆشخانەی ژیان و سەنتەری کۆڕۆنا لەقەڵادزێ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و داوادەکات هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن تاکو سەڵامەت بن . تەندروستی ڕاپەڕین چهند بڕیارێكیشی دهركردوه كه ئهمانهن: 1ـ سەردانی نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەدەکات. 2ـ نەخۆش تەنها یەک هاوەڵی لەگەڵ دەبێت و ڕێگە تەنها بەیەک کەس دەدرێت بۆ داخڵبون لەگەڵ نەخۆش لەناو نەخۆشخانەدا. 3ـ پێویستە هەمووئەوانەی داخڵی ناو ناوەندە تەندروستیەکان دەبن پابەندی بەکارهێنانی پێداویستیە خۆپارێزیەکانبن.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاراستەی ئەندامانی نوێی پەرلەمان کرد و داوای لێکردن متمانەی گشتی بەکردەوەی سیاسی بگەڕێننەوە. ئەمرۆ یەکشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 202، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی مستەفا کازمی، لە مەراسیمێکدا کە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامەوە بەڕێوەچوو، وتی: سیاسەت بۆ هەندێک بە چەمکی درۆ و ساختەکاری و ململانێ و فریودانی خەڵک گەیشتووە. وتیشی “ئەمڕۆ ئێمە بەڵێنمان جێبەجێ کرد لە بەردەم گەلەکەمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و پێشوەختە و خەڵک کێیان هەڵبژاردووە کە نوێنەرایەتی بکەن و ئەو نوێنەرانەش پێویستە ڕۆڵی خۆیان لە پەرلەمانی نوێدا ببینن”. سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند: پێویستە نوێنەرە تازەکان بەها ئاینییە بەرزەکان هەڵبگرن بۆ گرنگیدان بە خەڵک و دادپەروەری و ڕاستگۆیی. ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی ڕابردوودا وڵات بە دۆخێکی سەختی دارایدا تێپەڕی کردووە کە بە هۆی کۆرۆنا و دۆخی وڵاتەوە تێی کەوتووە هیوای خواست بۆ داهاتوو ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال جۆن برێنن فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد. ئەمڕۆ یەک شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال جۆن برێنن فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد، لە دیدارەکەدا دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تاووتوێ کرا. فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان لە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، دووپاتیشی کردەوە کە داعش، هێشتا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە عێراق و سوریا. هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت، سوپاسی هاوکاری هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرنگی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی كردەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بۆ ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەو ناوچانەدا. ووتیشی، سەقامگیربوونی دۆخی عێراق، کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی .
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "پێویستە ھەموو رێكارەكانی وەرگرتنی رسومات ئاسانتر و روونتر بكرێنەوە و نەبنە بارگرانی بۆ ھاوڵاتیان و بەجۆرێكیش بێت كە لەگەڵ سیاسەتی ئابوری حكومەت و كەرتی تایبەتیش بگونجێت". ئەمرۆ یەکشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 202، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی رێكخستنەوەی رسومات و پێداچوونەوە بە داھاتەكانی حكومەت كردم بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، جەختی لەوە كردۆتەوە، "كە دەبێت رسومات بەجۆرێك رێكبخرێتەوە سودی باشتری ھەبێت بۆ خزمەتكردنی ھاوڵاتییان". نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، راپۆرتێك خرایەروو كە ھەموو ئەو رسوماتانەی تێدا دیاری كرابوو كە لەدامودەزگاكانی حكومەت وەردەگیرێن لەگەڵ پلانی چۆنییەتی رێكخستنەوەیان و باشتر بەكارھێنانەوەیان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە، "كە پێویستە ھەموو رێكارەكانی وەرگرتنی رسومات ئاسانتر و روونتر بكرێنەوە و نەبنە بارگرانی بۆ ھاوڵاتیان و بەجۆرێكیش بێت كە لەگەڵ سیاسەتی ئابوری حكومەت و كەرتی تایبەتیش بگونجێت". نوسینگەکەی ئەوە ئاشکرا دەکات، لەو راپۆرتەی كە پێشكەش كراوە، ھەموو گرفتەكان و چارەسەر كردنیان لە پرۆسەی رێكخستنەوەی رسومات خراوەتەروو، و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو راپۆرتە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری ھەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت.