هاوڵاتی بافڵ تاڵهبانی ڕایگەیاند:" یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتوی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات". ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بافڵ تاڵهبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی له دهباشان له شاری سلێمانی پێشوازیی له ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان كرد و بهپێی راگهیهندراوی كۆبونهوهكه پێشھاتە سیاسییەکان و ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن و قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی گفتوگۆی لهسهر كراوه. لهوبارهیهوه بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و رایگەیاند یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات. هاوسهرۆكی یهكێتی روونیشکردوهتهوه كه پەرۆشی ئەوەن کورد بەیەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەستپێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزەسیاسییە کوردستانییەکانی كردوه و رایگهیاندوه "دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان." ھەر لەدیدارەکەدا تەئکید لەسهر ھاریکاری زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند:" لەكۆی 181 لەسەرتاسەری عێراقدا 174 تانەی لە پرۆسەی دەنگدان رەتکراوەتەوە و حەوت تانەشی پەسندکردووە کە یەکێکیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو تانانەی پەسندکراون سیانیان لە نەینەوا، دووانیان لە بەغدا، تانەیەک لە بەسرە و تانەیەکیش لە هەولێر بوون. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، لەو شوێنانەی تانەکان پەسندکراون، ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و "نوێنەری بەربژێرەکان لە پرۆسەی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەو وێستگانەی تانەکانیان پەسندکراون، ئامادە دەبن". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، راپۆرتی رۆژانە لەبارەی ئەنجامی تانەکان بڵاودەکەنەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند:"ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و له قەزای پێنجوێنەوە دەست به دابهشكردنی نهوتی ماڵان دهكرێت و نرخی ههر بهرمیلێكیش به 55 هەزار دیناره". ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی راگهیهندراوێكی لهوبارهیهوه بڵاوكردهوه و ئاشكرایكرد "پاش دابین کردنی بڕی پێویستی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچە شاخاوییە ساردەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی وهەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین بریارە رۆژی یەکشەممە 24ی تشرینی یەکەم پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لەسنوری قەزای پێنجوێن دەست پێبکات." له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: "رۆژانی دواتریش لەتەوێڵە و بیارە و خورماڵ و شارباژێڕ و ماوەت و قەڵادزێ درێژەی دەبێت و نرخی بەرمیلێک نەوت 55 هەزار دینار دەبێت."
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەوان سەرکۆنەی "هەڵکشانی تووندوتیژی" و هێرشەکانی ناو خاکی سووریا دەکەن. رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی زیادبوونی تووندوتیژییەکان و هێرشەکانی رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری سووریا دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە ئاگربەستی ئێستا بگرن و سەرنجیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل بێت". بڵاوکردنەوەی تویتەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 20-10-2021 تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج. هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە بە سەرکردایەتیی هێزە کوردییەکان لە دەستی داعش؛ رێکخراوە پەڕگیرەکە رەققەی وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی راگەیاندبوو. هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە لە کاتێكدایە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەست لەو ناوچەیە راگەیێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق، کۆبووەوە و داوای کرد کە حکومەتی سوێد هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی باجدا. رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق كۆبووەوە و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە حکومەتی سوێد کردووە زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا، "بەو پێیەی وڵاتی سوێد لەو رووەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ریزی وڵاتە پێشەنگەکانە". وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوێد ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات". لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و هەردوولا هاوڕابوون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت. لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتیی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق".
هاوڵاتی لە کوردستان و عێراق، ١٠٩ ڕۆشنبیر، نووسەر، پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ( UN و OPCW) دەکەن، لێکۆڵینەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکەن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، 109 ڕۆشنبیر، نووسەر، پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی کوردستان و عێراق، نامەیەکیان بۆ هەریەک لە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نارد. لە نامەکەدا باسیان لەوە کردووە، کە سوپای تورک ماوەیەکی درێژە بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، ئۆپەراسیپن ئەنجام دەدات، بەتایبەت لە هەرێمەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا و هەوڵ دەدات ئەو ناوچانە لە خەڵکەکەی چۆڵ بکات. ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردوووە، سوپای دەوڵيتی تورک لە ساڵی ١٩٨٣-ەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدات و لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١، دوایین ئۆپەراسیۆنی خۆی دەستپێکردووە، کە ئاستێکی نوێی سیاسەتی هەرێمیی تورکیا نیشان دەدات و دەیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان داگیر بکات. هەر لەو نامەیەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەتایبەت لە ئامێدیی، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، نزیکەی ٤٠ ساڵیشە گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانەن و بەر بە سوپای تورک دەگرن. لە نامەکەدا ڕاگەیەندراوە، کە دەوڵەتی تورک لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا سەرنەکەوتووە و بەرخۆدانی گەریلا تەنگی پێهەڵچنیون، بۆیە چەکی قەدەغەکراو و گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت، کە هەمان کاریگەریی گەریلا لەسەر خەڵکی مەدەنییش دروست دەکات، ئەم دەنگۆیە بە ڤیدیۆ و راپۆرت لە میدیاکان بڵاودەبنەوە و پشتڕاست دەکرێنەوە. لە نامەکەدا داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کراوە، کە لیژنەیەکی سەربەخۆ بنێرنە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا، تاکو لێکۆڵینەوە بکەن و زانیاریی کۆبکەنەوە. لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندراوە، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، نەک تەنیا ئەرکێکی یاساییە، بەڵکو ئەرکی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیشە.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق داوادەکەن، حکومەتی داهاتووی عێراق وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی خەڵک بێت. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیی لە مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق کردو پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پێشکهوتنی پرۆسهکه لهچاو جارانی پێشوو و گرنگیی یهکلاکردنهوهی ههر کێشهیهک به رێکاره یاساییهکان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەردانى مانگى رابردووى نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن، هەنگاوەکانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆڤید_19، شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوتوێکران. هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕابوون لەوەى حکومەتى داهاتووى عێراق وەڵامدەرەوەى خواست و چاوەڕوانییەکانى خەڵک و هاووڵاتیان بێت. سەبارەت بە هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و کاریگەرییەکانیشى بەتایبەتى لە بوارى پەروەردە و ئابووریدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، فراوانکردنى پرۆسەى کوتانیان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە بە پێویست و گرنگ زانى، هەروەها خۆشحاڵییان بە پرۆسەى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بە یارمەتیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، نیشان دا. لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختى لە گرنگیى یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسى پشتگیریی و هاوکارییەکانى بەریتانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بە بەردەوامیى بەدواداچوونى ئەنجامى سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانى دیکەى بەریتانیا دا و ستایشى رۆڵى باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەى بەریتانیا لە بەغدا و هەولێر کرد.
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 400 ملیۆن دینار بۆ کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەڕین دەدات. بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە راپەڕین، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر خەرجکرنی بڕی 400 ملیۆن دینار وەک هاوکاری بەپەلە بۆ کەرتی تەندروستی راپەرین دەدات. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوتەوە "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئۆکتۆبەری 2021 رەزامەندی لەسەر خەرجکرنی بڕی 400 ملیۆن دینار دا وەک هاوکاریی بەپەلە بۆ کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەرین". وەک لە راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێدراوە "بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ مەبەستی دانانی سیستەم و تۆڕی ئۆکسجین و گازی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی ژیان خەرجدەکرێت و بڕی 150 ملیۆن دیناریش بە مەبەستی دابینکرنی پێداویستی پزیشکی بۆ دەڤەرەکە خەرج دەکرێت". بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، کە رۆژانە ئاماری تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاودەکاتەوە، رۆژی چوارشەممە 20-10-2021، 1154 تووشبووی نوێ و 17 گیانلەدەستدان تۆمارکراون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 266 هەزار و 979 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 352 هەزار و 141 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 327 هەزار و 960 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و شەش هەزار و 176 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 18 هەزار و پێنج تووشبووش لەژێر چارەسەردان.
سازدانی: هاوڵاتی نووسەرو رۆژنامەنوسێك داوا لەسەركردایەتی كورد دەكات هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ مالكی یان سەدر نەكەن لەئێستادا تا لەناو ماڵی شیعەدا كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلادەكرێتەوەو دەشڵێت:» پارتی كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو لەگەڵ یەكێتی ئەو پۆستە یەكلاییدەكەنەوە». ئاسۆ قادر، ناسراو بەئاسۆ حاجی، نووسەرو رۆژنامەنوس لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» ئەوەی بە راستی زیاتر نیگەرانییەكەی قوڵتر كردەوەو گومانەكانیشی زیاتر كرد لەسەر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، خودی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بوو كە لە راگەیاندنی دەرئەنجامە بەرایی و نافەرمییەكان گۆڕانكاری زۆر گەورە بەسەر ژمارەی كورسییەكاندا هات». هاوكات ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەوە 17 ساڵە فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە كە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كورد رازی كراوە كە زۆریان بەكورد كردووە و لەئاخیریشدا وەك گورگ پەلاماری كوردیان داوە. هاوڵاتی: دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەندێ لایەنی شیعەو سوننەو كوردی تووشی شۆك كرد، پێتانوایە هۆكارەكەی چییە؟ ئاسۆ قادر: پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراتییەو ژمارەی كورسی لایەنەكان پەیوەندی بە رێژەی دەنگدەرانەوە هەیە، لەو رێژەیە چەند دەنگیان بەو كاندیدە یان لایەنە سیاسییە داوەو نرخی كورسی ژمارەی دەنگدەران دیاری دەكات. لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق گومانێكی زۆر لەسەر ژمارەی كورسییەكان یان ئەو دەرئەنجامانەی كە لەهەڵبژاردنەكان دروستبوون كۆمەڵێك لایەنی لەهەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد) ئەوانەی پێیان دەوترێت كەمە نەتەوایەتییەكان كە ئەو وشەیە بەشیاو نازانم و دەڵێم پێكهاتەكانی دیكە. ئەوەی بە راستی زیاتر نیگەرانییەكەی قوڵتر كردەوەو گومانەكانیشی زیاتر كرد لەسەر دەرئەنجامەكان خودی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بوو كە لە راگەیاندنی دەرئەنجامە بەرایی و نافەرمییەكان گۆڕانكاری زۆر گەورە بەسەر ژمارەی كورسییەكاندا هات، ئەو گۆڕانكاریانە گومانەكانی ئەو لایەنانەی بەهێزتر كرد، لەگەڵ ئەوەش ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنیەی لەهەڵبژاردنەكان بەكارهات هەر بۆ خۆی پرسیاری زۆری لەسەر بوو، پاشان ئەو رسیڤەرو كۆكەرەوەی دەنگەكان كە لەوڵاتانی ئیمارات دانرابوو كە شتێكی زۆر بێمانابوو كە بەچ شێوازێك حكومەتی عێراقی رێگای بەوەدا كە تەنها ئەوە ئاماژەو سەلمێنەرێكی ئەوەیە كەحكومەتی عێراق نە باوەڕی بەخۆی هەیە نە بەدامەزراوەكانی هەیە. هاوڵاتی: واتا پێتانوایە گومانەكان ئەوەیە كە لەئیماراتەوە دەستكاری دەنگ و كورسی لایەنەكان كرابێت؟ ئاسۆ قادر:ناتوانم ئەوە رەتبكەمەوە یان پشتڕاستی بكەمەوە، بەڵام دەڵێم ئەو هۆكارانەی باسمكرد هەم خودی كۆمسیۆن، هەم میكانیزمی هەڵبژاردنەكان كە ئەو ئامێرەی تێدا بەكارهات لەگەڵ كۆكەرەوەی دەنگەكان لەئیمارات كە ئەوە تا رادەیەكی زۆر گومانەكان بەهێز دەكات و حەقیش بەو لایەنانە دەدات كە گومان بكەن، پرسیارەكە لێرەیە بۆ گومان نەكەن، ئایا ئیمارات دڵسۆزترە بۆ دەنگەدەری عێراقی یان عێراقییەكان، ئایا ئەو كۆمپانیا ئەڵمانییەی كەئەركی پاراستنی ئەو ناوەندەی لەئەستۆ بووە كەدەنگەكانی تێدا كۆكراوەتەوە لەئیمارات دڵسۆزترە یان عێراقییەكان. عێراق بۆ خۆی وڵاتێكی فەیك و ساختەیە، بەڵام ئەوەی ئەمجارەی حكومەتی عێراق و كۆمسیۆن كردیان تەواو ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كەعێراق نە قەد وڵات بووە، نە دەبێتە وڵات. هاوڵاتی: پێتانوایە ئێران چۆن بەم دەرئەنجامانە رازی دەبێت بەتایبەت كە بەرپرسی فەیلەقی قودس گەیشتە بەغدا؟ ئاسۆ قادر: باوەڕناكەم ئێران و هێزە پڕۆ ئێرانییەكان هەرگیز بەو دەرئەنجامە رازی بن، بەڵام بۆ ئێران یەك شت یەكلاكەرەوەیە كە ئێران بڕواناكەم نیگەران بێت سەدر یەكەم و مالكی دووەم دەنگی شیعەكانە یان ئەوانی دیكە، چونكە ئێران باش لەوە دڵنیایە كە هێزە شیعییەكانی عێراقیش لەوە دڵنیان كەكەسیان ناتوانن لەدەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەكانی ئێران. سەدر راستە لەڕووی میدیاییەوە هەندێك ئاڵۆزی دروستكرد كە دەنگە دەنگی میدیایی دروست كرد، بەڵام ئاراستەیەكی دروست نەبووە، سەدر بۆ خۆی كەسێكی پۆپۆلیسە ئەمڕۆ قسەیەك دەكات سبەینێ تەواو پێچەوانەی قسەكەی خۆی دەكاتەوە، سەدر پیاوێكە دوور نییە لەئێران، هەندێك كەس دەڵێن سەدر نوێنەرایەتی شیعەی عێراقی دەكات، ئەسڵەن شتێك نییە ناوی شیعەی عێراقی بێت، یان دەڵێن نزیكە لەئەمریكا جا ئەو چیرۆكی نزیكییە لەئەمریكاوە 17 ساڵە دووبارە دەبێتەوە. لە 2006 ئەمریكا مالكیان كردە پاڵەوانی عروبەو عێراق وتیان كەسی ئێمەیە ئەو كاتەی هێرشی كردەسەر سوپای مەهدی و سەدرییەكان، پاشان ئەو ئەمریكایەی پێی وابوو مالكی دۆستیەتی چەكدارێكی سوپای قودسی ئێرانە. هاوڵاتی: سەركردایەتی كورد تەرەفی سەدر بگرێت یان مالكی، چۆن مامەڵە بكات باشە؟ ئاسۆ قادر: سەركردایەتی كورد یەكلایەنە لەگەڵ هیچ لایەكیان رێككەوتن نەكەن، دانیشتن ئاساییە، بەڵام رێككەوتن كوفرەو هەڵەیەكی كوشندەی سیاسییە. كورد بەرلەوەی بیر لە سەدر یان مالكی بكاتەوە، دەكرێت بیر لەناو ماڵی خۆی بكاتەوەو ئەو دەستپێشخەرییەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بە راستی دەستپێكێكی زۆر باشە كە براوەی هەڵبژاردنەكانە كورسییەكانی 33 كورسییەو لەهی هەموو حزبەكانی دیكە زیاترە كە لەسلێمانی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆی كرد چ ئەوانەی كورسیان بردووەتەوە یان كورسییان بەدەستنەهێناوە، ئەمە یەك گوتاری و یەكهەڵوێستی ناوماڵی كورد زۆر كارتێكی بەهێزترو كاریگەرترە لەژمارەی كوردسییەكان. هاوڵاتی: هەموو جارێك دانوسان و سەردانی یەكتری لەنێو لایەنەكان هەبووە، بەڵام كە چوونەتە بەغدا یەك وتارو یەكدەنگ نەبوون؟ ئاسۆ قادر: جا ئەوە بەدبەختی كوردە، كە یەك گوتاری نەبن غەدر لەخۆیان و میللەت و لەو قەوارە دەستوری و سیاسییەی هەرێمی كوردستانی دەكەن. بۆ دەكرێت لەگەڵ شیعەو سوننە ببیتە هاوپەیمان، بۆ ناكرێت لەگەڵ براكەی خۆت و لایەنە كوردییەكان ببیتە هاوپەیمان، ئەوە پرسیارێكی زۆر جدییە، هیوادارم سەركردایەتی سیاسی كورد ئەو گرێ مێژووییە ئەم جارە دەرباز بكەن، ئەو خۆ خۆرییە دەرباز بكەن. ئێستا فرسەتێكی زۆر باش هاتۆتە پێش بەتایبەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو شتانە مێژوویەكی جوان و گەشاوەی هەیە كە دەستپێشخەر بووەو مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان خەمە هەرە گەورەكەیە، باوەڕ ناكەم ژمارەی كورسی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بكاتە كێشە، ئەگەر لایەنەكان هەموویان لەژێر كاریگەری هێزە ئیقلیمییەكان بێنە دەرەوە. كورد نابێت ببێتە ململانێی نێوان تەرەفی شیعەو شیعە، دەرفەتیان پێبدەن بۆ كوردو سوننەش ئەوەیە كە شیعە لەناو ماڵی خۆیان كەسێك بۆ سەرۆكایەتی حكومەت یەكلایی بكەنەوە، ئەوجار سەدر دەبێت یان مالكی یان كازمی. هاوڵاتی: پێتانوایە بۆ كورد وا باشترە چەند خاڵێك پێكەوە دابڕێژن كە بیكەنە مەرج بۆ دانوسانەكان لەگەڵ شیعەو سوننەكاندا؟ پرسی خاك و مادەدەی 140 و پێشمەرگەو بودجەیە؟ ئاسۆ قادر: ئەوەی تۆ باسی دەكەیت ئەوە رێگا راست و عەقڵانی و لۆژیكییەكەیە، چونكە ئێمە نەتەوەیەكین ئەو نوێنەرانەی ئێمە كە 63 كەسن ئەوانەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەك و نیشتمانێكی ژێردەستە دەكەن، دڵنیام پارتی ئەوە دەكات و ئەوەی دەوێت و لێدوانەكەی سەرۆكی هەرێم كە جێگری سەرۆكی پارتییە پەیامەكەی روون و ئاشكرابوو. هاوڵاتی: وەفدی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە، دەوترێت پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار باسكراوە، هیچ زانیارییەكتان هەیە لەوبارەیەوە؟ یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا دەبینێت؟ ئاسۆ قادر: ئەوە حەق نییە بكرێتە گرفتێكی گەورە ئەوە پشكی كوردەو پشكی بەتەنها لایەنێكی دیاری كراو نییە، راستە یەكێتی ئەوەی بەركەوت لەكاتی هەبوونی جەنابی مام جەلالدا بووە، مام جەلال خۆزگە ئێستاش لە ژیاندا بوایە بێگومان هەتا ئەو پۆستە هی مام جەلال بوو، مەرج نییە دوای مام جەلال پۆستی سەرۆك كۆمار هی یەكێتی بێت. پارتی بێگومان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە، بەڵام پرۆژەو پێشنیاری دیكەو ئۆپشنی بۆ یەكێتی دەبێت لەنێوان سەرۆك كۆمارو ئەو ئۆپشنەدا یەكێتی ئازاد دەكات كامەیان هەڵدەبژێرێت. هاوڵاتی: خەتێك دەبینرێت لەعێراقدا كە سەدرو حەلبوسی و پارتی لێك نزیكن، هەروەها مالكی و هادی عامری و یەكێتی وەك نزیكی یەكتر دەبینرێن؟ ئێوە بۆچوونتان چییە لەسەری؟ ئاسۆ قادر: ئەو خەتانە ئەگەر هەبێت زۆر خراپەو نابێت هەبێت بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەكێتی دەبێت یەك خەت بن و پێكەوە بڕیار بدەن و پاكێجێكیان هەبێت بۆ دانوساندن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد بە راشكاوی بێ شەرمكردن بیدەن بەو لایەنەی حكومەت تەشكیل دەكات ئنجا سەدر دەبێت یان مالكی، ئەوەی ئەوە قبوڵی كرد لەگەڵ ئەوەدابن. ئەوە 17 ساڵە فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە كە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كورد رازی كراوە كە زۆریان بەكورد كردووە و لەئاخیریشدا وەك گورگ پەلاماری كوردیان داوە. هاوڵاتی: كاندیدانی پارتی كێن؟ كە ناوی فوئاد حوسێن، وشیار زێباری و ئازاد بەرواری و فازڵ میرانی باس دەكرێت؟ ئەمانە راستە؟ هەندێ جار باسی نێچیرڤان بارزانیش كراوە بەڵام فەرمی نەبووە؟ ئاسۆ قادر: ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی راست نییەو نە دەچێتە بەغداو نە دەبێتە سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بە كاك نێچیرڤانیشەوە ئەو كەسانەی ناوت هێنان شایەنی ئەو پۆستەن، ئەوانە هەموو تێكۆشەرن و هەموو تەمەنیان لەخەباتكردندا بووەو جێگەی رێزن، ئەسڵەن سەرۆك كۆماری وڵاتێكی فاشلی وەك عێراق بەرانبەر بەگەورەیی ئەو تێكۆشەرانە زۆر جیاوازە. كاك فوئاد حوسێن جاری پێشوو ركابەری بەرهەم ساڵح بوو ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبوایە سەرۆك كۆمار دەبوو، هەموو ئەوانی دیكەش راستن و كە شتێك لە میدیا باس كراوە راستە بەڕێژەیی بەڵام بە موتڵەقی نا. هاوڵاتی: بافڵ تاڵەبانی دەڵێت تاكە كاندیدمان بەرهەم ساڵحە، پارتی تەحەفوزی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە؟ ئاسۆ قادر: باوەڕناكەم پارتی هێماو تەحەفوزی لەسەر بەرهەم ساڵح هەبێت، بەڵام بەرهەم ساڵح كارێكی خراپی كرد لەدەرەوەی كۆدەنگی كوردستانی وای نیشاندا كە كورسی سەرۆك كۆمار گرنگترە لەچارەنووسی كورد وەك میللەتێك ئەوە بەداخەوە، هیوادارین ئەوە دووبارە نەبێتەوە. ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت حەقە پارتی گوێ لەیەكێتی بگرێت، یەكێتی كێی كاندید كرد پارتی دەنگی پێبدات، ئەگەر سەرۆك كۆمار كەوتە لای پارتی بێگومان یەكێتیش دەنگی پێبدات. بەرهەم ساڵح ئەوەندەی بەئاشكرا لەسلێمانییە زیاترو بەنهێنی لەهەولێرەو خۆی و ماڵ و مناڵیشی
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڕیاریدا رێگه بههاوردهكردنی تهواوی بهرههمه نهوتییهكان و پاشماوه نهوتی و ماده كیمیاییهكان بدرێت. بهپێى فهرمانێكى وهزارى كه كهمال ئهتروشى وهزیرى سامانهسروشتیهكانى ههرێم واژۆى لهسهرى كردوهو ژمارهكهى 8102 له ڕێكهوتى 4/10/2021 واژۆكراوه تێیدا هاتوه، ڕێگهپێدانى هاوردهكردن و ههناردهكردنى تهواوى بهرههمه نهوتیهكان و پاشماومه نهوتیهكان و مادده كیمیاییهكان و ههر ڕێگهپێدانێكى تر كهتایبهته به گواستنهوهى كه لو پهل و پێداویستیهكانى كۆمپانیاكانى نهوت و گازى نێودهوڵهتى و خزمهتگوزاریهكان تهنها به ڕهزامهندى وهزیر دهبێت بهپێى ڕێنماییهكارپێكراوهكان. ئهوهشخراوهتهڕوو، له رۆژى 4/10/2021 ئهو فهرمانه كارى پێدهكرێت. بهمهركهزى كردنى هاوردهكردنى سوتهمهنى بهتایبهت بهنزین بۆههرێم له كاتێكدایه كه پێشتر پارێزگارهكانى ههرێم داوایانكرد ئهم دهسهڵاته بدرێته پارێزگارهكان بۆئهوهى ژمارهیهكى زیاتر كۆمپانیاكان بهنزین هاوردهبكهن و كێبڕكێ لهسهر دابهزینى نرخهكهى دروست ببێت.
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە موشەکەکانی چین دەردەبڕیت کە لە دەنگ خێراترن، ئەوەش دوای ئەوەی چەند راپۆرتێکی هەواڵ لەسەر تاقیکردنەوەی پەکین لە سەر موشەکی خێراتر لە دەنگ بڵاوکرایەوە کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکی هەیە. بایدەن، پێش ئهوهی به فڕۆكهی سهرۆكایهتی بهرهو پێنسلڤانیا بهڕێ بكهوێت، وهڵامی پرسیاری رۆژنامهنووسانی دایهوه كه بهڵێ ئهو نیگهرانه لە موشەکەکانی چین. جۆ بایدن بەرلە سەرکەوتنی فڕۆکەی Air Force One و رۆیشتنی بۆ پێنسلڤانیا پرسیاری لێکرا ئاخۆ موشەکە دەنگبڕەکانی چین نیگەرانی کردووە، بایدن بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە. موشەکەکانی چین لە چینەکانی بەرگە هەوای سەرەوە پێنج جار خێراتر لە خێرایی دەنگ دەروات، کە نزیکەی شهش ههزار و 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەکات. وەزارەتی دەرەوەی چین راپۆرتەکەی فاینانشاڵ تایمزی رەتکردەوە کە دەڵێت چین لە مانگی ئاب چەکێکی تاقیکردووەتوە کە رەوانەی بۆشایی ئاسمانکراوە و بەدەوری گۆی زەوی سووڕاوەتەوە بەرلەوەی بەرەو ئامانجەکەی بڕوات کە دواتر نەیپێکاوە. وەزارەتی دەرەوەی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا راپۆرتێکی فاینانشاڵ تایمز-ی رهتكردهوه كه باسی لهوهكردبوو، چین لە مانگی ئابدا چەکێکی تاقی کردوەتهوە لە بۆشایی ئاسماندا و بە دەوری زەویدا رۆیشت بێت پێش ئەوەی بەرەو ئامانجە بێسەروشوێنەکەی بڕوات.
هاوڵاتی عامر خالید، یهكێكی تر له دهستگیركراوانی بادینان ئازاد كراو و چوار چالاكوانی تر به ساڵێك زیندانی سزا دران کە ئەوانیش راگیرانەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت و ئازاد دەکرێن. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، دادگایی كردنی پێنج چالاكوانی دیكهی بادینان له دادگای دووی ههولێر بهڕێوهچوو.ههریهكه له سلێمان کەنعان سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، فرسەت ئهحمەد سەعید، عامر خالید عەگید و جەمال خەلیل مەجید، بەڕێوەچوو. عامر خالید، ئازاد كرا و چوارهكهی تریش ههریهكهیان به ساڵێك زیندانی سزا دران.بههۆی ئهوهی ماوهی راگیرانهكهیان بۆ ههژمار دهكرێت ئهو چوارهی تریش ئازاد دهكرێن. ئهمه لهكاتێكدایه شهوی رابردوو مامۆستا بهدهل بهرواری، ئازاد كراو گهڕایهوه ناو كهسوكارهكهی.
هاوڵاتی سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ ڕایگەیاند:" ئاگربەستێکی گشتگیر مەرجی سەرەکیمانە". هادی بەحرە، سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ بەرلە دەربڕینی هەڵوێستەکەی سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشی حکومەتی سووریا بۆ سەر ئەریحا لە پارێزگای ئیدلیب کرد کە تێیدا 11 کەس گیانیانلەدەستدا لەنێویاندا منداڵ و ژن و پیاو هەبوون. سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وتی:" ئەو هێرشە بەڵگەی ئەوەیە کە ئێستا وڵاتەکە لەهەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ئاگربەستی شەڕە". هادی بەحرە وتی:" هەندێ لایەن لە سووریا هەن چێژ لە خوێنڕشتن دەبینن کە دەبینن وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی دەڕوات هەوڵی هێرش و پەلاماری زیاتر دەدەن". سەرەتای هەفتە گیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، حکومەت و ئۆپۆزسیۆن رێککەوتوون دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە و رەشنووسێکی نوێی دەستوور ئامادەبکەن. گفتوگۆکانی جنێڤ بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان پێچەوانەی گفتوگۆی ساڵانی لەمەوبەر کەمتر سەرنجی لەسەر ئاگربەستی شەڕ و لایەنی مرۆییە و سەرنجی گەورەی لەسەر نووسینەوەی دەستووری سووریایە، بە گوتەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات، کۆتایی بەو خوێنڕشتنەش دەهێنێت کە ماوەیەکە هێوربوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نەشوەستاوە. لیژنە 45 کەسییەکەی دەستووری سووریا بۆ یەک هەفتە لە جنێڤ کۆدەبنەوە. لیژنەی دەستووری سووریا لە 2019 پێکهێندرا؛ تاوەکو ئێستا 5 جار کۆبوونەتەوە، دوایین کۆبوونەوەیان لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بوو، بەڵام ئەو ناکۆکییە زۆرانەی لە سووریادا هەن وایکردووە، کارەکانی لیژنەکە بە سستی بەڕێوەبچن.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" پێشبینی دەکەین لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بگاتە 100 دۆلار". ئەمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە وۆرکشۆپێکدا لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا رایگەیاند:" پێشبینی دەکەن لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بگاتە 100 دۆلار، ئەمەش بەهۆی کاریگەری دابەزینی کۆگای ستراتیژیی ئەمریکا و جیهان و باشبوونەوەی دۆخی ئابووری جیهان کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە پێشتر زیانی پێگەیشتبوو". وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، حکومەت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی ساڵی 2022 لە نێوان 55 و 65 دۆلار جێگیردەکات، پێشبینیش دەکەن ئەو نرخە گۆڕانکاری بەسەردابێت و دۆخی ئابووری نیشتمانی وڵات باشتربێت و کوررتهێنانی داراییش لە بودجەی گشتی تێپەڕێنێت. وەزیر نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە کۆمپانیای شلمبنجەر دەستدەکات بە پرۆسەی لێدانی 96 بیری نەوت لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 1، کە گەورەترین دەبێت لە مێژووی وڵات و پرۆژەکەش رۆژانە 80 هەزار بەرمیلی دیکە زیادکات. وەزیری نەوتی عێراق هەروەها رایگەیاند کە ئەندامانی ئۆپێک بەدوای ئەو رێگەچارانە دەگەrێن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت هاوسەنگ بکەن ئەگەر هاتوو نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە بۆ ئاستێکی بەرز لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت نایانەوێت نرخی نەوت بگاتە ئاستێک کە جێگای پەسەند نییە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 86 دۆلار و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش هەر بەرمیل بە 83 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەبڕوای ئەوان ئاستی پەسەندکراوی نرخی نەوت لە ماوەیەکی درێژخایەندا لە نێوان 75 دۆلار بۆ 85 دۆلارە.
هاوڵاتی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا،بە زۆرینەی دەنگ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای، كە لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان پێهاتووە،بەفەرمی ناساند. ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2021. پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیای سەر بە ئیسپانیا، لەکۆی ١٢٩ ئەندامی پەرلەمان ١١١ پەرلەمانتار دەنگیاندا بە بەفەرمیی ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەفەرمی ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن پەرلەمانی كەتەلۆنیاوە لەكاتێكدایە، توركیا بە ئاشكرا باس لە هێرشكردنە سەر كانتۆنەكانی ڕۆژئاوادەكات و لەماوەی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان داوایان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فەرمی بناسێنن.