هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:" هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیانەوێت قسەم". دەڵێت:" ئەو كەسانە بۆ ئەو مەبەستە كەمی دەخەنە بازاڕەوە و منیش بەدوری دەزانم قسەیان لەگەڵ بكەم". سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهان بە وڵاتانی ئۆپیک دەبەستێتەوە و دەڵێت کەمی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپیکەوە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وتی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهان بۆ کەمی خستنەڕووی نەوت و هەروەها بۆ هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە ،کە بەگوتەی بایدن دەیانەوێت قسەی لەگەڵدا بکەن بەڵام ئەو بەدووری دەزانێت قسەیان لەگەڵدا بکات. بایدن ئاماژەی بەو کەسایەتییانە نەداوە، بەڵام لە سەرەتای هاتنی سەر دەسەڵات جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دروست بکات، ئەوەش لەسەر بنەمای دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانی سعودی کە لە 2-10-2021 لەنێو کونسوڵخانەی سعودیە لە شاری ئیستەنبوولی تورکیا کوژرا بەبێ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە. بەرپرسانی سعودیە رەتیانکردەوە کە محەممەد بن سەلمان دەستی لە کوشتنی خاشوقچیدا هەبێت و دۆسیەکە بە تۆمەتبارکردنی چەند کەسێكی نزیک لە بن سەلمان داخرا. سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بایدن وتی: ئەوە بە دەستپێشخەرییەکی دەرەکی کە بابەتی گرانبوونی خەرجی دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوتە، بەستراوەتەوە، زیاتر لەوەی بە رێگریکردن لە زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپیک، ببەسترێتەوە. بایدن وتی: "لەو بارەیەوە گفتوگۆی زۆر هەن و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی هەن، کە دەیانەوێت قسەم لەگەڵدا بکەن، بەڵام من بەدووری دەزانم قسەیان لەگەڵدا بکەم". بایدن ئاماژەی بەوەدا ئێستا لەم کاتەدا شتێكی وا نابینێت کە ببێتەهۆی دابەزینێکی بەرچاوی نرخی نەوت، بەڵام لە ساڵی 2022دا ئیدی کەم کەم نرخی سووتەمەنی لە جیهان دادەبەزێت. بایدن راشیگەیاند، دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی کارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەری هەیە توانایان هەبێت ئەو کارە بکەین، ئەوەش بە گوتەی بایدن کەمێك لەسەر سعودیە و هەندێ شتی دیکە وەستاوە کە لە داهاتوودا دەکرێن.
هاوڵاتی گوهدار زێباری دوای ساڵێک لە مانەوەی لەزیندان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەوانەی دەستگیریانکردوون ئامانجیان نەپێکا لە زیندانیکردنیان و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکات کە بەرگری لە دەستگیرکراوانی بادینان کردووە. گوهدار زێباری رۆژنامەوانی سزادراوی بادینان لەدوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی پەیامێک لە زیندانەوە بڵاو دەکاتەوە و تیایدا دەڵێت “سلاوێکێ بوێرانە لە زیندانێکی قۆڵ و دابڕاو بۆ میللەتێکی ستەملێکراو لەدەست دەسەڵاتێکی نەبان و زاڵم، لێرە جوانترین شت قەدەغەیە ئەویش قەڵەمە بۆیە ناچارم بە پارچە زنجیرێك ئەم پەیامە بنوسم”. ئەو دڵنیا نییە لەوەی نوسینەکەی بڵآو دەبێتەوە یان نا بۆیە دەڵێت “ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش دوای بڵاو بونەوەی دڵنیا نیم لە سەلامەتی ژیانی خۆم بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نیە ئەوەی دێتە ڕێگای بۆ گەیشتن بە مەعشوقەکەی، چونکە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین بۆیە دەبێت دێڕە تەواو نەکراوەکان تەواو بکەین و گوتارە بچراوەکانیش بەردەوامی پێ بدەین”. نوسینی ئەو رۆژنامەنوسەی کە بە ٦ ساڵ زیندانی لەگەڵ چوار هاوکار و هاوڕێدا لەلایەن دادگای دووی هەولێرەوە سزا دراوە دەشڵێت “ئێمە لێرەین چونکە پەنجەمان بۆ سەرەداوەکانی گەندەڵی درێژکردووە وچاومان خستوەتە سەر گردەکانی ئەم وڵاتە کە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە، قسەمان لەسەر کومەڵێك کەس کردووە کە بەلای ئێمەوە مروڤن و قابیلی رەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیروز و قدوسن، لە رێزی خوادوەندەکانن، بۆیە دەبێت قسە بکەین ھەتا ھەموو شتێك دەچێتەوە قەبارەی خۆی”. گوهدار باس لە سزاکەیان دەکات و دەڵێت “زۆر داخ لە دڵن بەئێمە بۆیە ٦ساڵ سزای ئێمە یان داوە دیاریش نیە ئاخۆ ئەم سزایە داخی دڵیان دادەمرکێنێت یان تینوی سزای زیاترن، چونکە دارەکە خراپ لەسەریان شکایەوە ھەر دەستگیرکردنی ئێمە خۆی بەخۆی سەرکەوتنی ئێمە بوو، چونکە ئەوان مانگانە ملیونان دۆلار لە میدیا و سۆشیال میدیا خەرج دەکەن و ھەزارەھا موچە خۆر بەناو نوسەر و رۆژنامەنووس وفلان و فیسار ھەن کەچی قودرەتی ئەوەیان نەبوو بە گوتار بە قەڵەم وگفتوگۆ و مێزگرد وەڵامی ئێمە بدەنەوە”. باس لەوەش دەکات کە ئەوانی دەستگیریانکردوون دۆڕاون و بە تۆمەت و قسەی ناڕاست دەیانەوێت ڕاستییەکان بگۆڕن هەر بۆیە دەشڵێت “دڵنیابن ناتوانن حەقیقەت بگۆرن و ڕاستی بەڕێگای خۆی دەڕوات،خاڵێکی تری دۆڕانی ئەوان ئەوە بوو دەیانویست بادینان بترسێنن و ملکەچی خۆیانی بکەن، بەڵام بادینان ئەم جارە گرێی نێوان سوران و بادینانی کردەوە و بەستەلەکی نێوان سلێمانی و دھۆكی شکاند”. زێباری جەختلەوە دەکاتەوە کە مەبەستیان بوو قەلەمە بوێرەکانی بادینان بشکێنن “بەڵام بەم کارەی ئەوان ھەڤاڵانی ئێمە نەک تەنها لە بادینان بەڵکو لە سەرانسەری جیھان وەکو سیمبولی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەیەك ناسێنران”. لە کوتایی پەیامەکەیدا گوهدار زێباری ستایشی ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانیان کردووەن دەڵێت “بەرامبەر بە ھەڵوێستی ھەر کەسێك لە ھەر شوێنێك لەھەر پلە و پۆستێك لەھەر نەتەوەیەك بۆ پشتیوانی ئێمە خۆمان دەچەمێنینەوە و ڕێزی لێ دەگرین زۆر سوپاس”.
هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" كاركردن له قۆناغى دووهمی دهستی پێ كردووه و به تهواوبوونیشی ههردوو ڕێگهی سهرهكی ههولێر ـ شهقڵاوه و ههولێر ـ سلێمانی به یهكتر دهبهستێتهوه و قەرەباڵغى نێو شارى هەولێر کەم دەکاتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، له قۆناغى یەکەمیدا، ڕێگهی سهرهكی شهقڵاوه تا ڕێگهی بهحركه کرایەوە و ئێستاش كاركردن له قۆناغى دووهمی دهستی پێ كردووه و به تهواوبوونیشی ههردوو ڕێگهی سهرهكی ههولێر ـ شهقڵاوه و ههولێر ـ سلێمانی به یهكتر دهبهستێتهوه و قەرەباڵغى نێو شارى هەولێر کەم دەکاتەوە. کۆى پڕۆژەکە کەى تەواو دەبێت؟! شهقامی بازنهیی ١٥٠ مەتری ههولێر له پێنج قۆناغ پێك دێت. له ماوهی ڕابردوودا بهشی یهكهمی قۆناغی یهكهم كارهكانی تهواو بوو و به ڕووی شۆفێراندا كرایهوه کە ڕێگهی شهقڵاوه تا ڕێگهی بهحركەیە به درێژی ١٠ کیلۆمەتر، ئێستاش كاركردن له قۆناغى دووهمی دهستی پێ كردووه. ئهندازیار ئهمیر عهبدولخالق بهڕێوهبهری پڕۆژەی ١٥٠ مەترى، سهبارهت بهكارهكانی قۆناغى دووهمی ئهم شهقامه تایبهت به فهرمانگهی میدیا و زانیاری گوتی: بهشی دووهمی ئهم شهقامه كه له ڕێگهی شهقڵاوه تا ڕێگهی كۆیه كاری تێدا دهكرێت، له ڕێكهوتی ٣١/٨/٢٠٢١ دهستی پێ كردووه و وا بڕیاره له كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ تهواو بكرێت کە درێژیهكهی ٧.٦ كیلۆمەترە و بڕی گوژمهی خهمڵێنراویش بۆ تهواوكردنی ئهو بهشهیان بریتییه له ٨٧ ملیۆن دۆلار. ڕەخساندنى هەلێکى زۆرى کار: سهبارهت به چۆنیهتی كاركردن لهم پڕۆژەیه و ژمارهی ئامێر و كرێكارهكان، ئهندازیار ئهمیر عهبدولخالق گوتی: لهبهر ئهوهی ئهم پڕۆژەیه پڕۆژەیهكی ستراتیژی و گهورهی پایتهختی ههرێمی كوردستانه، بۆیه دهمانهوێت به باشترین شێوه كارهكانی بهڕێوه بچێت تا له كات و ساتی خۆیدا بتوانین تهواوی بكهین، بۆ ئهم مهبهستهش ڕۆژانه ٤٠٠ ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دهكهن ئهمه جگه لهوهی ١١٠٠ كارمهند و كرێكاریشمان ههیه كه ڕۆژانه به بهردهوامی بۆ ماوهی ١٢ بۆ ١٤ كاتژمێر كار دهكهن، ئهوهی جێگهی دڵخۆشیشه ئهوهیه كه زۆربهی زۆری كارمهند و كرێكارهكانمان كوردن كه ئهوهش بهو واتایه دێت كه ئێمه له رێگهی پڕۆژەیهكی وەهاوە توانیومانه ههلی كار بۆ زۆر له گهنج و لاو و خهڵكی خۆمان بڕەخسێنین، ههروهها خاڵێكی تر كه گرنگه ئاماژەی پێ بدهم ئهوهیه كه ئهو ماددانهی له دروستكرنی ئهو پڕۆژەیهدا به كار هاتوون ههر ههمووی بهرههمی ناوخۆی ههرێمی كوردستانه، چونكه ئێمه له كۆمپانیای هێمن گرووپ دوو كارگهی قیرى گەورە و مەسفایەکى قیر و كارگەیەکی بهردی شكاو و سێ كارگهی كۆنكرێتمان ههیه، كه ئهمانه ههمووی وا دهكات سوود و قازانجی فرهلایهنی بۆ كوردستان ههبێت. پێكهاتهی قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە: ئهو بهشهی ئێستا كاری تێدا دهكرێت له شهقامێكی سهرهكی به دوو ئاراسته پێک دێت، كه پانی ههر یهكێكیان ٢٠ مهترە و نێوانى هەردوو سایدەکەش (دوورگهی ناوهندی) ٢٠ مهتره كه له داهاتوودا دهتوانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ سەوزکردن و یا فراوانکردنى شهقامهكه. له ههردوو لای ڕاست و چهپی شهقامهكه، شهقامی خزمهتگوزاریی ههیه كه پانیی ههر شهقامێكیان ٢٣ مهتره و دوو سایدیشه. لەم قۆناغەدا چوار پردی سهرهكی هەن كه دوو پردیان بۆ سووڕانهوهیه له چوارڕیانی ههولێر ـ كۆیه و دوو پردیشیان بۆ سوڕانهوه و گۆڕینی ئاڕاستهیه. هەر لەم قۆناغەى پڕۆژەکەدا ١٣ ئاوبهری سندووقیی جۆراوجۆر هەن، ئهمه جگه له دیواری پاڵپشتیی كۆنكرێتی و تهواوی بڕگهكانی كه پێویسته له دروستكردنی ڕێگاکەدا ههبێت وهك هێماكان و پهرژینی خۆپاراستن و سیستهمی ئاوهڕۆ بۆ تهواوی ڕێگاكه. كوالێتی جیهانیی لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە: زۆر جار دهگوترێت دوای تهواوبوونی ههر پرۆژەیهك گرنگترین قۆناغ دهست پێ دهكات ئهویش قۆناغی چاودێری و چاككردنهوهیه بۆ ئهوهی ئهو پڕۆژەیه به تهواوی بهو شێوهیه بێت كه بهرنامه و پلانی بۆ داڕێژراوه، لهم بارهوه ئهندازیار ئهمیر عهبدولخالق وتی: ئێمه به گوێرهی مواسهفاتی جیهانیی و تایبهتمهندییهكانی ئاشتۆی ئهمریكی كارهكانی ئهم بهشه ئهنجام دهدهین له ڕووی كوالێتی و بهكارهێنانی جۆری كهرهستهكان، بهڵام دهبێت ئهوه بزانین كه قۆناغێكی پێویست و گرنگ ههیه له دوای قۆناغی دروستكردن ئهویش قۆناغی بهردهوامیدان و پاراستنی ڕێگهكه و چاككردنهوهیهتی. جێی ئاماژەیه درێژیی شهقامی بازنهیی ١٥٠ مهتری شاری ههولێر ٧٠ كیلۆمەتره ئێستا به ههردوو بهشی قۆناغی یهكهم و دووەم ١٧.٦ كیلۆمەتی تهواو دهبێت و دوای تهواوبوونی بهشی دووهمی ئهم قۆناغه ئهو قهرهباڵغی و لۆده زۆرهی له سەر شهقامهكانی دیکەى ههولێر ههیه به تایبهتی له دهروازهكانی شار، كهم دهبێتهوه و دهبێته هۆی بهستنهوهی ڕێگهی سهرهكی ههولێر ـ سلێمانی و جێبهجێكردنی ئهم پڕۆژەیهش بە ههماههنگیی حكوومهت بووه و بۆ تهواوكردنیشى سهرۆكایهتی شارهوانی ههولێر تهواوی ئاسانكارییەکى ئەنجام داوە.
هاوڵاتی ئێران یەكەمین وڵاتی جیهانە لە رووی بونی سەرچاوەی غازەوە، بەڵام كەمترین هەناردەی هەیە، چونكە ئەو وڵاتە بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە هەندێكجار بۆ دابینكردنی رێژەی غازی ناوخۆیشی رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە. ئەو وڵاتە خاوەنی (1680) مەتر سێجا غازە كەدەكاتە زیاتر لە (44) ترلیۆن مەتر سێجا كە یەكسانە بە (16%)ی غازی هەموو جیهان و بەمەش یەكەم وڵاتی جیهان ئەژمار دەكرێت كە زیاترین یەدەگی غازی هەیەو دوای ئەو وڵاتی روسیا بە (1600) فوت سێجا دووەم وڵاتە كە زیاترین غازی یەدەگی لەجیهاندا هەیە. (80) وڵاتی جیهان خاوەنی گێڵگەی غازن و لەو ژمارەیە (20) وڵاتیان خاوەنی زیاترین بەرهەمهێنانی غازن و تەنها سێ وڵاتی (ئێران، روسیا، قەتەر) پێشەنگن لە رووی یەدەگ و توانای بەرهەمهێنانی غازو دابینكردنی بۆ وڵاتانی جیهان، چونكە ئەو سێ وڵاتە رێژەی (28%)ی غازی هەموو جیهانیان بەدەستەوەیەو دوای ئەوان وڵاتی سعودیە بە (4.1%)و وڵاتی ئیمارات بە (3.9%)و ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمەریكا بە (3.3%) خاوەنی زیاترین یەدەگی غازن و بەچاوخشاندنێك بەجیاوازیی نێوان رێژەی غازی ئێران لەگەڵ رێژەی غازی ئەمەریكا دەردەكەوێت كە دەكرێت غاز لەئێران ببێتە قوڵایی ستراتیژیی لەجیهاندا. ئێران خاوەنی (43) كێڵگەی غازەو رەنگە تاكە وڵاتی جیهان بێت كە زیاترین كێلگەی غازیی هەیە. ئێران زۆرترین غازی هەیەو كەمترینی هەناردە دەكات لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غاز لەلایەن كۆمپانیای نیشتیمانی غاز لەئێران دەگاتە (830) ملیۆن مەتر سێجاو لەو رێژەیە (70) ملیۆن مەتر سێجای بۆ وێزگە كارەباییەكان و كارگەكان بەكاردەهێنرێت و بڕی (130) ملیۆن مەتر سێجای بۆ مەبەستی بەكارهێنان لەعەمبارەكانی نەوت و تەنها بڕی (15) بۆ (30) ملیۆن مەتر سێجای هەناردە دەكرێت و ئەو بڕەی كە دەمێنێتەوە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی ماڵان لەو وڵاتە بەمەبەستی گەرمكردنەوە بەكاردەهێنرێت. تاساڵی (2007) زیاتر لە (62%)ی گێڵگە غازییەكانی ئێران بەبێ بەرهەمهێنانی غاز وەك خۆیان ماونەتەوەو بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای نیشتیمانیی غاز؛ ئەو وڵاتە دەتوانێت تا (200) ساڵی دیكە سود لەكێڵگە غازییەكانی وەرگرێت و غازی سروشتی بەرهەم بهێنێت. تاساڵی (2011) زیاتر لە (42) مەیدان یان كێڵگەی غازیی لەئێران تۆمار كراوەو بەپێی بەراوردەكان ئەو وڵاتە خاوەنی (92) شوێنی راگرتن و عەمباركردنی غازە. ئێران رایگەیاندووە لەساڵی (1997) بۆ یەكەمجار غازی وڵاتەكەی هەناردەی توركمانستان كردووەو غازی بەو وڵاتە فرۆشتوە، دواتر لەساڵی 2001 گرێبەستێكی (25) ساڵەی كڕینی غاز لەلایەن توركیا لەگەڵ ئێران واژۆ دەكرێت كە لە رێگەی بۆریەوە لەشاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە غازی ئێران لەو بۆریە بەرەو پارێزگای ورمێ و دواتر بەرەو پارێزگای وان لەباكوری كوردستان و شارەكانی دیكەی توركیا رەوانە دەكرێت. بەپێی گرێبەستی (25) ساڵەی نێوان توركیا و ئێران دەبێت ئێران رۆژانە زیاتر لەهەشت ملیۆن مەتر سێجا غاز رەوانەی توركیا بكات لەكاتێكدا توركیا پێویستی بە رۆژانە زیاتر لە (48) ملیۆن مەتر سێجا غازە بەڵام ئەو وڵاتە چوار گرێبەستی دیكەی كڕینی غازی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان هەیە. پێشتر سەرچاوەكانی هەواڵی نەوت و غازی ئێران لەساڵی (2011) بڵاویانكردبوەوە كە ئاستی هەناردەی ئاشكرای غازی ئێران بۆ توركیا دەگاتە رۆژانە (25) بۆ (30) ملیۆن مەتر سێجا و سەرەڕای ئەوەش رۆژانە چوار ملیۆن مەتر سێجا غازی ئێران رادەستی كڕیارانی توركیا دەكرێت كە پێدەچێت بەوڵاتانی دیكەی بفرۆشن. وەك لەژمارەكاندا دەردەكەوێت ئێران زیاتر لەنیوەی غازی توركیا دابین دەكات، بۆیە دەكرێت فرۆشتنی غاز لەلایەن ئێرانەوە وەك كارتێكی فشار لەبەرامبەر توركیا وەك ركابەرێكی دێرین بەكاربهێنێت بەتایبەت كە توركیاش بڕێك لەو غازە رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا دەكات و ئەویش تێڕوانینێكی سیاسی هەیە بۆ هەناردەكردنی غاز لەوڵاتەكەیەوە بۆ ئەوروپا. ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) لەساڵی (2017) بڵاوی كردەوە كە لەهەشت مانگی ئەو ساڵەدا ئێران بڕی (250) ملیۆن مەتر سێجا غازی رەوانەی وڵاتی ئەرمینیا كردووە و هاوكات هەر لەو ماوەیەدا بڕی زیاتر لەپێنج ملیار سێجا غازی رەوانەی توركیا كردووە و زیاتر لەیەك ملیار مەتر سێجای لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بۆ عێراق ناردووە. ئەو ئاژانسە روونیكردووەتەوە كە لەساڵی (2013) ئاستی هەناردەی غازی ئێران بۆ وڵاتانی دیكە (30) ملیۆن مەتر سێجا بووە لە رۆژێكدا و لەساڵی (2017) گەیشتوەتە (78) ملیۆن مەتر سێجاو لەساڵی (2020) رۆژانە (195) مەتر سێجای هەناردە كردووە. ئێران و ئەرمینیا گرێبەستێكی (20) ساڵەیان لەساڵی (2004)ەوە هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی غازی ئێران لەبەرامبەر كارەبای بەرهەمهێنراوی ئەرمینیا و بەپێی گرێبەستەكە ئێران ساڵانە (365) ملیۆن مەتر سێجا غازی بۆ ئەو وڵاتە ناردووە لەكاتێكدا ئێران دەتوانێ لە رێگەی ئەو بۆرییەی بۆ وڵاتی ئەرمینیا رایكێشاوە ساڵانە بڕی دوو ملیار و (300) ملیۆن مەتر سێجا غاز رەوانەی ئەرمینیا بكات و ئەو وڵاتەش غازی ئێران بۆ مەبەستی دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێزگە كارەباییەكانی بەكاربهێنێت و دواتر كارەبای بەرهەمهێنراو بۆ ئێران بنێرێت. ئێران لە بەرامبەر هەر یەك مەتر سێجا غاز كە بۆ ئەرمینیای دەنێرێت بڕی سێ كیلۆوات كارەبا لەئەرمینیا وەردەگرێت و تەنها لەساڵی (2017)دا لەسێ مانگی وەرزی هاویندا بڕی (300) مێگاوات كارەبای لە ئەرمینیاوە هاوردە كردووە و هەر لەو ماوەیەشدار بڕی (150) مێگاوات كارەبای لەوڵاتی ئازربایجانەوە وەرگرتووە. ئێران رۆژانە بڕی (30) ملیۆن مەتر سێجا غازی لە ساڵی (2017)دا بە توركیا فرۆشتوە و ئێران جگە لەوەرزی زستان رۆژانە ئەو بڕە غازەی رەوانەی توركیا كردووە كە لە ساڵێكدا دەبێتە هەشت ملیار مەتر سێجا غاز، چونكە ئاستی هەناردەی غازی ئێران لەوەرزی زستاندا بەهۆی كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆی بۆررییەكانی غازو بەرزبوونەوەی بەكارهێنانی غاز لەو وڵاتە بەمەبەستی گەرمكردنەوە ، بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و ئەوەش زۆرجار توركیا روبەڕوی قەیرانی غاز دەكاتەوە. عێراق دوای توركیا زۆرترین غازی ئێران بەكاردەهێنێت لەساڵی (2017)دا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازی ئێران بۆ عێراق لەحەوت ملیۆن مەتر سێجا بۆ (25) ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە و دواتر ئەو رێژەیە لە ساڵی (2019) بۆ نزیكەی (48) ملیۆن مەتر سێجا زیادی كردو تا نیوەی ساڵی (2021) ئەو بڕە بەو شێوەیە مایەوە، بەڵام لەمانگی نیسانی (2021) بڕی غازی هەناردەكراوی ئێران بۆ نزیكەی هەشت ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە بۆ عێراق كەمی كرد و ئێران رایگەیاند بەهۆی نەدانی پارەی غاز لەلایەن بەغداوە ئاستی هەناردەی غاز بۆ ئەو وڵاتەی كەم كردووە. ئەگەرچی پسپۆڕان و شارەزایانی بازاڕی نەوت و غاز پێشبینیان كردبوو كە ئاستی هەناردەی غازی ئێران لەساڵی (2021) بگاتە حەوت هێندەی رابردووی خۆی و تەنانەت ئاستی هەناردەی ساڵانەی غاز بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە (20) ملیار سێجا بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی و سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی نەوت و غازی ئەو وڵاتە لەلایەن كۆشكی سپییەوە ئەو پێشبینییەی پوچەڵ كردەوە. بەوتەی بەرپرسانی ئێران قەرزەكانی عێراق بەهۆی كڕینی غازو كارەبا لەئێران دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارو سزاكانی ئەمەریكاش هۆكارێكە بۆ ئەوەی عێراق نەتوانێت ئەو قەرزانە رادەستی ئێران بكاتەوە. ئێران دەتوانێت (20%)ی غازی ئەوروپا دابین بكات ئەمساڵ ئێران رایگەیاند؛ كێڵگەیەكی نوێی غازی لەدەریای خەزەر لەباكوری وڵاتەكەی دۆزیوەتەوە كە خاوەنی بڕی یەك لەسەر چواری غازی كێلگەی (پارسی جنوبی)یە لەكاتێكدا پارسی جنوبی بە گەورەترین كێلگەی غاز لەجیهان ئەژمار دەكرێت. ئەو كێلگە نوێیەی غاز لەئێران بەكێڵگەی (چالوس) ناو دەهێنرێت و لە بەراوردە سەرەتاییەكاندا دەركەوتوە كە تەنها ئەو كێڵگەیە دەتوانێت (20%)ی غازی سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دابین بكات. بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەكردوە چالوس كارتێكی بەهێزە لەبەرامبەر زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەدەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1)دا. هەندێك سەرچاوەش ئاماژەیان بەوە كردووە ئەو كێڵگە نوێیەی ئێران رادەستی روسیا كراوەو ئەو وڵاتە كاری بەرهەمهێنانی غازی تێدا دەكات، چونكە روسیا رێگە نادات ئێران ببێتە جەمسەرێكی هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا و جیهان. روسیا و توركیا رێگە بەئێران نادەن غاز بۆ ئەوروپا هەناردە بكات حەمیدڕەزا عێراقی، بەڕێوەبەری پیشوی كۆمپانیای نیشتیمای غاز لەئێران بەئاژانسی هەواڵی كاری ئەو وڵاتە (ئیلنا)ی راگەیاندووە هەناردەكردنی غاز لە رێگەی بۆرییەوە بۆ ئەوروپا كارێكی ئاڵۆزەو ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش روسیاو توركیا رێگە بەئێران نادەن غازەكەی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بكات. عێراقی ئاماژەی بەوەكردوە كەئێران دەبێت جارێكی دیكە دەست بەهاوردەكردنی غاز لەوڵاتی توركمانستان بكات تاكو لەهەناردەكردنی غازەكەی بۆ توركیاو عێراق رووبەڕووی كێشە نەبێتەوە. غاز هەناسە بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە؟! ئێران سێ ساڵە بەبەردەوامیی ئاستی ئابوریی لەدابەزیندایەو قورسترین قەیرانی ئابوریی مێژووی هاوچەرخی خۆی ئەزمون دەكات لەكاتێكدا بازاڕەكانی جیهان خۆیان بۆ كڕینی نەوت لەدوای تێپەڕبوونی قەدەغەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەدەكەن و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لەساڵی (2020) كە (37) دۆلار بوو بۆ زیاتر لە (84) دۆلار بەرزبووەتەوە و ئاماژەكان دەریدەخەن بازاڕی دابینكردنی سوتەمەنی و وزە لەجیهان گەرم بووەتەوە. ئێران كە بەیەكەم وڵاتی جیهان لە رووی یەدەگی غاز ئەژمار دەكرێت و چوارەم وڵاتی جیهان بووە لە رووی فرۆش و بەرهەمهێنانی نەوتەوە، بۆیە هەموو بوارەكانی بوون بەزلهێزی وزەی لەجیهاندا هەیە، بەڵام ریزی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی كە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بڕستی لەو وڵاتە بڕیوەو لەلێواری هەڵدێر نزیك بووەتەوە. بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت جارێكی دیكە هەلێك و هەناسەیەكی نوێ بەبەری ئێراندا دەكاتەوە، چونكە ئەو وڵاتە پێشتر زیاتر لەسێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكان دەكردو داهاتی ساڵانەی دەگەیشتە زیاتر لە (100) ملیار دۆلارو هاوكات ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازەكەی لەساڵانی رابردوودا بۆ زیاتر لە (165) ملیۆن مەتر سێجا بەرز كردووە. ئێران لەئێستادا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاو سزا نێودەوڵەتییەكانەوە رەنگە رۆژانە (400) هەزار بۆ (500) هەزار بەرمیل لەنەوتەكەی بفرۆشێت و ئاستی هەناردەی ساڵانەی غازەكەشی بۆ كەمتر لە (16) ملیار مەتر سێجا كەمی كردووە لەكاتێكدا خاوەنی (16%)ی یەدەگی هەموو غازی جیهانە تەنها دەتوانێت (1%)ی غازەكەی رەوانەی بازاڕەكان بكات، بەڵام ئەمریكا بە (3.3) یەدەگی غاز لەجیهاندا لەساڵی (2020) زیاتر لە (76) ملیار مەتر سێجا غازی هەناردەی بازاڕەكان كردووە و دوای روسیا دووەم وڵات بووە كە زۆرترین غازی فرۆشتووە. لەئێستادا كەنرخی هەر هەزار مەتر سێجا غاز لەبازاڕەكانی جیهان و بەتایبەت ئەوروپا لەنێوان (1700) بۆ زیاتر لە (1900) دۆلاردایە، دەكرێت دەلاقەیەك بێت بۆ ئێران كەخاوەنی زۆرترین غازە لەجیهانداو هەناسەیەك بكاتەوە بەبەری ئابورییە بێ بڕستەكەیدا.
هاوڵاتی هێزەکانی ئەرکە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان لە پاریس، خستنە لیستی”ڕەساسی” تورکیایان بۆ سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی تیرۆر ڕاگەیاند. دوای کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەرکە دەرییاییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە ڕاگەیەندراوێکیاندا دەوڵەتی تورکیایان خستە لیستی”ڕەساسی” بۆ سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی تیرۆر. مارکۆس پلەیەر سەرۆکی هێزەکانی ئەرکە دەریاییە نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیاند، هەژماری ئەو وڵاتانەی چاودێری دەکرێن زیاتر دەبێت، بەڵگە هەیە لە سپیکردنەوەی پارەی ڕەش، پێویستە تێکۆشان لە دژییان بەهێزتر بکرێت. مارکۆس دەستنیشانی کرد، لەبارەی تورکیا چەندین کێشە هەیە، پێویستە تورکیا بەجیا قسەی لەسەر بکرێت، ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا لەسەر تورکیا جیاوازییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە سێکتەری بانق، زێڕ و بازرگانی بەردی گرانبەها، تورکیا جێگا دەدات بە داعش و قاعیدە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک تیرۆر پێناسەیان دەکات. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراوە، هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، تورکیا و مالی خرانە لیستی” تیرۆی ڕەساسی”یەوە.
هاوڵاتی كورد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو خۆیدا ناكۆكەو شیعەش لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران، ئەوەش گەورەترین گرفتی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێیە، لەكاتێكدا ناوماڵی شیعە لەسەر ئەو پۆستە دابەشبوون. موقتەدا سەدر وەكو خاوەنی گەورەترین لیستی شیعە كە 73 كورسی هەیە، هەوڵی دانانی سەرۆكی حكومەت دەدات، بەڵام نوری مالكی بە 33 كورسیەوە هەوڵی كۆكردنەوەی بەرەكانی دیكە دەدات بۆ ئەوەیە سەر بكەوێت بەسەر سەدردا. كورد جگە لەوەی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ناكۆكە، هاوكات پارتی و یەكێتی لەگەڵ یەكێك لەو گروپانە نزیكایەتیان هەیەو بەجیا گفتوگۆیان هەیە. هێشتا كورد و شیعە لەنیو خۆیاندا یەكلایی نەبوونەتەوە لە دیاریكردنی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆك كۆمار، بەڵام سوننە تا رادیەك بێكێشەن و پیدەچێت محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئیستای پەرلەمان پۆستەكە وەرگرێتەوە بەو پێیەی زۆرینەی كورسی سوننەكانی بەدەستهێناوە. سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت بەپێی نەریتێكی سیاسی كە لەدوای رووخاندنی رژێمی سەدام لە ٢٠٠٣ لەعێراقدا پەیرەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ شیعەكانەو سەرۆك كۆمار بۆ كوردو پەرلەمانیش بۆ سوننەكانە. ئەگەرچی شیعەكان مەرجەعێكی ئاینییان هەیەو زۆرجار بڕیارەكانی لەنیو ماڵی شیعەدا كاریگەری یەكلایی كەرەوەی هەیە، بەڵام لە ١٨ ساڵی رابردوودا ناوماڵی شیعە یەك نەبوون. دیارترین دووبەرەی شیعەی سیاسی لەعێراقدا هەن، كە رەوتێكیان بە حەوزەی نەجەف ناسراون و موقتەدا سەدر رابەرایەتیان دەكات، رەوتەكەی دیكەش بە نزیك لەئێرانن و حەوزەی قوم و سوپای پاسدارانی ئێران ناسراون كە مالكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی نوێنەرایەتیان دەكەن. لەم هەڵبژاردنەدا هەردوو بەرەكە زیاتر لە ١٣٢ كورسیان بەدەستهێناوە، كەزۆرینەیان رەوتەكەی موقتەدا سەدر بەدەستیهێناوە كە خۆی دەبینێتەوە لە ٧٣ كورسی، بەوەش نیوەی زیاتری دەنگی شیعەكانی بردووە، بەڵام نوری مالكی كە ٣٣ كورسی هەیە گەڵ ١٥ كورسی لیستی فەتح و بەنیازە هاوپەیمانێتیەك بكات بۆ ئەوەی كورسیەكانیان بگەیەننە ٩٠ كورسی و پێشی سەدر بكەون. بەڵام موقتەدا سەرد بەتوندی ئەوەی رەتكردەوەو رایگەیاند كە مالكی پێشتر تاقیكراوەتەوەو سەركەوتوو نەبووە. لەئێستادا سێ سیناریۆی دیار هەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە رەنگە دیارترینیان سیناریۆی سازان بێت ئەوەش بۆ رێگریكردن لەشەڕو ئاژاوە لەنیوان رەوتە شیعییەكاندا. سیناریۆی یەكەم ئەوەیە كە موقتەدا سەدر لەگەڵ سوننەكان و یەكێتی و پارتی حكومەت پێكبێنێت و باڵە شیعەكەی ئێران دوربخاتەوە، كەبریتین لە مالكی و گروپەكانی سەر بەحەشدی شەعبی. لەم سیناریۆیەدا رەنگە یەكێتی رازی نەبێت چونكە لەژیر فشاری ئێراندایەو هەروەها نزیكە لەبەرەی مالكی و فەتحەوە. سیناریۆی دووەم ئەوەیە كە مالكی و سوننەكان و یەكێتی و پارتی حوكمەت پێكبێنن و سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆن، پێشتر موقتەدا سەدر لەكابینەكانی پێشوودا چەندین جارێك وەزیرەكانی كشاندۆتەوە لەحكومەت و زۆرجار خۆی وەكو ئۆپۆزسیۆن نیشانداوە. ئەگەرچی بەهۆی زۆری كورسیەكانیەوە پێناچێت ئەمجارە بەئۆپۆزسیۆن رازی بێت. سیناریۆی سێیەم كە پێشبینی دەكرێت لەهەموویان زیاتر بەرجەستە بێت ئەوەش پێكهێنانی حكومەتێكە لەنێوان كوردو سوننەو هەردوو باڵەكەی شیعە بەسازان، لەو كاتەشدا ئەگەری هەیە كەسێكی هاوشێوەی كازمی دابنرێتەوە كە سەرجەم باڵەكان و ئەمریكاو ئێرانیش پێی رازی بن. موقتەدا سەدر لەچەند رۆژی رابردوودا وتی: «حكومەتی داهاتوو نە سەر بە رۆژئاوا دەبێت نە سەر بە رۆژهەڵات» ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ ئێران و ئەمریكا، كە ئەم قسەیەش تا رادەیەك لەسیناریۆی سێیەمەوە نزیكە. سیناریۆی چوارەم بریتیە لەكورد و سوننەو سەرجەم هێزە شیعەكان و سەربەخۆكان و لیستی خۆپیشاندەرەكان، كە ئەم ئەگەرەیان تا رادەیەك دوورە، چونكە پێدەچێت لیستی خۆپیشاندەران بیانەوێت وەكو ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، لەكوردستانیش نەوەی نەوێ بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. سیناریۆی پێنجەمیش دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە بەو پێیەی هەندێ لایەنی شیعە تا ئێستا دانیان بەئەنجامەكاندا نەناوە، بەڵام ئەم ئەگەرەیان ئەگەرێكی لاوازە. مەرجەعیەت دوو پێشنیار دەداتە هێزە شیعیەكان بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەموو سەركردەكانی شیعە بانگهێشتی نەجەف بكرێن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری گەورە مەرجەعێكی شیعە، عەلی سیستانی و پەیامی ئەوی پێدەبێت بۆیان، بۆ ئەوەی رای مەرجەعیەتیان پێ بوترێت لەسەر ئایندەی حكومەتی عێراق. بەو پێیەی حەشدی شەعبی بەفەتوایەكی عەلی سیستانی دروستبوو لەساڵی ٢٠١٤ دژی داعش، بۆیە ئەگەری بەشداریپێكردنی كارای هێزە شیعەكان لەحكومەتی دهاتوو بەهێزە، هەم لەلایەن مەرجەعیەت و هەم لەلایەن ئێران و هەروەها باڵی سەدریشەوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ حكومەتی دهاتوو دروست نەكەن. بەپێی هەندێك میدیای عێراقی سەرجەم سەركردە شیعەكان بانگی ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێن كە لەچەند رۆژی داهاتوودا سازدەكرێت و لەكۆبوونەوەكەدا دوو بژاردە دەخرێتە بەردەم كۆبوونەوەكە، یەكێكیان پێكهێنانی حكومەتە كەهەردوو سەركردەی شیعە موقتەدا سەدرو نوری مالكی رۆڵی گەورەی تێدا دەبینن، ئەویش پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافقییە. هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە شكستی خوارد ئەوا حكومەتی كازمی تا شەش مانگی تر دەمێنێتەوە وەك حكومەتی كاربەڕێكەر و لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ لەكاتی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە. وەك ئەو میدیایانە باسی دەكەن، ئامانج لەكۆبوونەوەكە چارەسەری ئەو ناكۆكیانەی نێوان شیعەیە كەهەڕەشە لەعێراق دەكەن و مەرجەعە گەورەكەی نەجەف دەیەوێت شیعە بەیەكگرتوویی بمێنێتەوە. مالكی شەڕی بردنەوە لەگەڵ سەدر دەكات هەریەك لە رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەدوو ئاراستەی جیاواز هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێانی حكومەتی نوێی عێراق دەدەن. سەدر لیژنەی دانوستاندنی بۆ قسەكردن لەگەڵ لایەنەكان دیاریكردووە و چەندین جار جەختی لەوەكردووەتەوە، سەرۆكوەزیرانی داهاتوو سەدری دەبێت. نوری مالكی كە دووخول سەرۆكوەزیران بووە، چاوی لەوەیە جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكوەزیران، ئەوەش لەڕێگەی پێكهێنانی لیستێك كە خاوەنی 92 كورسیی پەرلەمانی بێت، ئەوەش لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح و چەند لایەنێكی دیكە. هەروەها بەرەی فەتح پاڵپشتی ئەم لیستە دەكات و دەیەوێت یەكێتیش قەناعەت پێبكات بچێتە ریزەوە. محموود حەیانی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح بە رووداوی راگەیاند «پشت بەخودا برایانی كوردیشمان لەگەڵ دەبێت و بەربژێریشمان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز نوری مالكی دەبێت». لای سەدرییەكان، نوری مالكی كۆتایی هاتووە، تاقیكراوەتەوە و چی دیكە تاقی ناكرێتەوە. بەڵام دۆخەكە هەر جۆرێك بێت، هەوڵەكانیش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە سازان و لەسەر كەسێكی دیاریكراو رێكبكەون. د. تاڵب كەریم، مامۆستای زانكۆو شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت «پێموایە هێزە سیاسییەكان دەگەنە كەسێك بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران، بەڵێ رەنگە هەندێك دواكەوتن هەبێت، بەڵام دواجار دەگەنە رێككەوتن لەسەر كەسێك. پرسیارەكە ئەوەیە ئەو كەسە دەبێت كێ بێت و ئایا دەكرێت بەڕێز كازمی بێت، بەڵێ دەكرێت ئەو بێت. پێموایە كازمی جێگەی پەسەندنی لایەنە سیاسییەكانە، رەوتی سەدر لاری نییەو بەڕێز حەلبوسی كێشەی نییە؛ هەروەها رەزامەندی جەماوەریی و هەرێمیشی لەسەرە، بەڵام ناتوانرێت پێشبینی بكەیت لەدوایین چركە ساتەكاندا لەدۆخی سیاسیدا چی روودەدات، چونكە دۆسیەی عێراقی ئاڵۆزە.» لەم هەڵبژاردنەدا رەوتی سەدر بەبەدەستهێنانی 73 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و هاوپەیمانی تەقەدوومی محەممەد حەلبوسی 37 كورسی و سەربەخۆكان 35 كورسی و دەوڵەتی یاسا 33 كورسیان بەدەستهێناوە. كورسییەكانی هاویمانی فەتحیش لە 48 كورسییەوە بۆ 15 كورسی كەمبووەتەوە. كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار؟ جگە لەبەرهەم ساڵح، هەریەكە لەمەلا بەختیار و لەتیف رەشید چاویان لەوەیە كە ببن بەكاندیدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەریەك لەئازاد بەرواری و فواد حسێن و هۆشیار زێباریش كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبن، ئەوەش بەپێی وتەی راوێژكارێكی پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق. عەبدوڵا عەلیاوەیی راوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، «پارتی پێداگری دەكات بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراق وەربگرێت، كاندیدەكانیشی پێكدێت لە ئازاد بەرواری و فواد حسێن و هۆشیار زێباری.» لەبارەی رێككەوتنی نێوان پارتی و رەوتی سەدریشەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، ئەو راوێژكارەی پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق باسی لەوەكرد، لایەنی رەوتی سەدر لەگەڵ پارتی كۆبووەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە. وتیشی، پارتی یان هەر لایەنێكی تر نابێت خۆی بكات بەلایەندار لە نێوان كێشەی ماڵی شیعەداو «كورد دەبێت چاوەڕێی سەدرو مالكی بكات ئینجا گفوگۆ بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.» ئەو راوێژكارەی پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، رەوتی سەدر لەسەرجەم گروپە شیعەكان كورسی زیاتری هێناوەو ئەگەر گروپە شیعەكان هاوپەیمانی پێكنەهێنن، ئەوا پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ موقتەدا سەدر دەبێت. لەبارەی رۆڵی ئێرانیشەوە، عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ئەوەی خستەڕوو، ئێران و مەرجەعیەتی شیعە پشتگیری مالكی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و مالكی شانسی زیاترە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت. دەشڵێت، «ئەگەر مالكی ببێتە سەرۆك وەزیران بۆ كورد باشە.» پاش كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەردوو وتەبێژی یەكێتی و پارتی لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەشدارییان كردو رایانگەیاند كە ئامانجی هەردوولا «یەكڕیزییە». ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنفرانسەكەدا وتی: «پۆستی سەرۆك كۆماری هی یەكێتییە و باوەڕ ناكەم گرفتێك لەوبارەیەوە هەبێت و شایستە داراییەكان و مافەكانی خەڵك ئەولەویەتە بۆ یەكێتی نەك پۆست. « وتەبێژی یەكێتی وتیشی: «لەهەرێم و بەغدا پێویستمان بەیەكڕیزییە و لەوبارەیەوە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین و هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە كە كورد یەكڕیز بێت و لەئێستاشدا وەفدێكمان لەبەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان». وتیشی: «هەموو هەوڵمان ئەوەیە یەكڕیزو بەیەك بەرنامەی كوردستانی بچینە بەغداو لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسمان لەهەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی عیراق كرد.» هەروەها مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند «سەردانێكی دۆستانەی یەكێتیمان كرد بۆ رەوینەوەی نیگەرانییەكان و پێویستمان بەدانیشتن هەبوو و هەروەها سەردانی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەین» . وتیشی: «ئامانجی یەكێتی و پارتی یەكڕیزییە و گفتوگۆمان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكردووە، بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە.» مەحمود محەمەد وتیشی: «لیژنەی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكهاتووە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك.» سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار، مەحمود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستابن رایگەیاند، ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەموو لایەنەكان كراوە لەساڵی 2003 بەردەوامە، ئەوەی یەكلابووەتەوە كە پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كوردە، بەڵام بۆ كێ دەبێت «كەوتووەتە سەر گفتوگۆكانمان.» داوایشی كرد لایەنەكانی عێراق لێیان بگەڕێن كە كورد لەنێو خۆدا ئەو پۆستە یەكلابكاتەوە. سەبارەت بەوەی كە ئایا پۆستەكە دەدرێتەوە بەیەكێتی وتی: «ئەوە شیاوی گفتوگۆیە.» كێن ئەوانەی هەڕەشە دەكەن؟ هەندێك لایەنی سیاسی ئامادەن ئاسایشی وڵات تێكبدەن، ئەگەر لایەنێك بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت، ئەوەش بەپێی قسەی ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی بەرەی نیشتیمانی. ئەیاد عەللاوی، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: «ئەگەر دیالۆگ نەكرێت وڵات زیانی بەردەكەوێت. هەندێك لایەنی سیاسی ئامادەن ئاسایشی وڵات تێكبدەن، ئەگەر بێت و حكومەت لەلایەن یەك لایەنەوە پێكبهێندرێت، ئەوانە ئەوەیان بەمن وتووە.» عەلاوی ناوی لایەنەكەی نەهێنا، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی نزیك لەئێران كەشكستیان هێناوە لەهەڵبژاردن چەند جارێك رایانگەیاندووە ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكاندا كراوەو هەڕەشەیان كردووە. بەڵام كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا جەخت دەكاتەوە لەوەی ئەو دوا ئەنجامانەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی هەفتەی رابردووی وڵاتەكە «ئاماژەیەكن بەپاكترین هەڵبژاردن بەپێی گەواهیدانی لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانیش.» كۆمیسیۆن لەڕاگەیەندراوێكدا وتی «كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نەكەوتۆتە ژێر هیچ فشارێكەوەو هەموو لایەنەكان مافی تانە لێدانیان هەیە و ئەم دوا ئەنجامانەش كەبڵاوكراونەتەوە تا دادگای باڵای عێراق پەسەندیان نەكات، نابنە ئەنجامی فەرمی بۆ هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021.» هاوكات لایەنەكانی خۆیان بە «ئەنجومەنی هێزی بەرگریكار لەعێراق» ناوزەد دەكەن، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردۆتەوەو بەزمانێكی توند رەخنەیان لەكۆمیسیۆن گرت. لەڕاگەیەندراوەكەیاندا ئەو لایەنانە دەڵێن «دەستی دەرەكی لەئەنجامەكانی هەڵبژاردندا هەبووە و دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش بەسەرپەرشتی حكومەت بووە و ئەمانەش بوونەتە هۆكاری شكستی كاری كۆمیسیۆن و نەتوانێت لەبەرامبەر خواستە دەرەكییەكاندا هەڵوێستی هەبێت، ئەمەش وڵاتەكە دەبات بەرەو كەناری داڕمان.» ئەو لایەنانەی ئەو راگەیەندراوەیان مۆر كردووە دەڵێن «وەها چاوەڕوانمان دەكرد كۆمیسیۆن ئەو رێبازە هەڵەیەی چاك بكردایەتەوە تا قەیران رووینەدایە، بەڵام پێداگرتنێكی سەرسەختانە دەبینرێت بۆ نانەوەی قەیرانی زیاتر لەڕێی سووربوون بەوەی درێژەبدرێت بەو رێبازە هەڵەیە.» ئەم هێزانەی خۆیان بەهێزی بەرگریكاری عێراقی ناودەبەن لەڕاگەیەندراوەكەشیاندا دەڵێن «عێراق هەمیشە رێگر بووە لەهەموو ئەو پڕۆژە قێزەونانەی گەلی عێراق بەئامانج دەگرن.» ئەم ئەنجومەنەش داوا لەخەڵكی عێراق دەكات و هانیشیان دەدات بۆ خۆپیشاندان و رژانە سەر شەقامەكان دژ بە وەكو دەڵێت «ئەو پیلانگێڕیانەی بەرامبەر خەڵكی عێراق دەكرێن.» ئەو لایەنانەی ئەم ئەنجومەنەیان پێكهێناوە، لەوانە، كەتائیبی حزبوڵا و عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا و كەتایبی سەیدولشوهەدا، بەوە ناسراون كە سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێرانن شیعە سەنگی جارانیان نەماوە و كوردیش یەك گوتار نییە پاش بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنەكە كەوتنە تانەلێدان و تاوانباركردنی كۆمیسیۆن كەهەوڵی ساختەكاری و گۆڕینی دەنگەكانیان دراوە. شیعەكان لەهەڵبژاردنی رابردودا خاوەنی ١٦٧ كورسی بوون، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەكان خاوەنی ١٣٢ كورسین، جگە لەوەش هاتنی سەربەخۆكان جیاوازییەكی تری ئەم هەڵبژاردنە بوو. بەرەی فەتح كەنوێنەری ئەو میلیشایانەیە كە نزیكن لەئێرانن، سەرەڕای ئەوەی كە ١٢٠ هەزار چەكداریان هەیە نەیانتوانی دەنگی چەك زاڵ بێت و كاریگەری لەسەر دەنگدەر هەبێت، فەتح بەو گۆڕانكاریانەش لەدەنگەكانیان كراوە ١٥ كورسیەكیان هێناوە كە لە رابردوو خاوەن ٤٨ كورسی بوون. كورد لەم هەڵبژاردنە زیاتر لە ٦٠ كورسی هێناوە، بەڵام خاڵی لاوازی كورد ئەوەیە یەك گوتاری سیاسی نیشتیمانی نیە. لەگەڵ ئەوەی كورسیەكانی زیادی كردوە، بەڵام كورد لەچاو ساڵانی رابردوو لاوازتر دەردەكەوێت، ئەگەر وەكو پێكهاتەیەك نەچنە نێو پرۆسەی دانوستان لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا. دووشمەی رابردوو شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانیان كردو لەگەڵ هەریەكە لەیەكێتی و گۆڕان و سۆسیالیست كۆبوونەوە. وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی سەردانەكەیان بۆ سلێمانی وتی «ویستی ئێمە دروستكردنی یەكڕیزییە تاوەكو بتوانین ئەو مافانەی هەمانە بیانپارێزین و ئەوانەی بەدەستنەهاتوون، بەدەستیان بهێنین. كێ پارێزگاری لەمافی كورد بكات، بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ ئەو دەبین.» وتیشی «هەوڵی پارتی ئێستا بۆ ئەوەیە كەئەو شتانەی لەكارنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق دەنووسرێن، لەبەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاونیشتمانیان بێت. ئەوەش پشتیوانیی هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی پێویستە.» پێدەچیت لە رۆژانی داهاتوودا یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەی دیكە ئەنجامبدەن، بەو پێیەی مەحمود محەمەد وتی «لەم كۆبوونەوانەدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەت شتێكی وامان باس نەكرد، چونكە ئامانج لەسەردانەكە، دۆستانە بوو و بۆ رەوینەوەی ئەو نیگەرانییانە بوون كە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دروستببوون. بێگومان سەردانی دیكە دەبن و لیژنەی تایبەت دروست دەبن بۆ ئەوەی بزانین چۆن پێكەوە كاربكەین و لەسەر ئەو پرەنسیپانەی پێشتر دامانناون بەشداریی حكومەت بكەین.» مەحمود محەمەد پێی وایە كە عێراق بەلایەنێكی دیاریكراو بەڕێوەنابرێت، وتی «كورد دەبێت وەكو نەتەوەی دووەم بەشداربێت لەدەسەڵات و بڕیاردان، دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە بەشداربین لەبەڕێوەبردنی عێراق.» گۆڕان لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، لەبارەی مامەڵەی پارتی لەگەڵ گۆڕان، مەحمود محەمەد وتی: «گۆڕان ئەگەر كورسیی پەرلەمانیشی نەبێت، بزووتنەوەیەكە بوونی لەگۆڕەپانی سیاسیی كوردستان هەیەو قورسایی و جەماوەری خۆی هەیە... وەكو ئەوەی ئێمە رێككەوتنی ئیداری و سیاسیمان لەگەڵ گۆڕان هەبووە، تاوەكو ئێستا بەردەوامن و بۆیە پێكەوە دانیشتین و زۆر دۆستانە گفتوگۆمان كردو لەسەر كۆمەڵێك بابەتی گرنگ هاوڕابووین.» لەبارەی هەڵوێستی یەكێتیشەوە، مەحمود محەمەد وتی «هەردوولامان لەسەر ئەوە هاوڕابووین كە بەڵێ، دەبێت هەموو كوردستانییەكان پێكەوە لەم پرۆسەیەدا بەشداربن و پشتیوانی بكەن بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە كە لەداهاتوودا رووبەڕوومان دەبنەوە.» تێڕوانینێكی باو هەیە كەدەڵێت، پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەدرەوە نزیكە و یەكێتیش لەمالكی و خەمیس خەنجەر، وتەبێژی پارتی لەم باریەوە وتی: «كام لایەن زیاتر نزیك بێت لەوەی پارێزگاری لەمافەكانی كورد بكات و باوەڕیان وابێت كەكێشە هەڵپەسێراوەكان چارەسەردەكرێن، لەگەڵ ئەو لایەنە بەشدار دەبین.»
هاوڵاتی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند:" لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوو دەردەکەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران "زیندوو دەکرێتەوە" یاخود نا". رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوو دەردەکەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران "زیندوو دەکرێتەوە" یاخود نا؛ وتیشی حکومەتی ئێران بەفەرمی داوای لێکردووم سەردانی وڵاتەکەیان بکەم تاوەکو لە نزیکەوە تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن. بابەتی سەرەکی کە بڕیارە هەردوولا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکەن دەستپێکردنەوەی چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەنێو وێستگە ئەتۆمییەکان ئەوەش لەڕێگەی کاراکردنەوەی کامێرەکانی چاودێریکردنی سەر بە ئاژانسەکەیە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لەدوای تەقینەوەکەی نێو وێستگەی کەرەج لە رۆژئاوای تاران و تێکچوونی بەشێك لە کامێراکان و ژمارەیەک لە ئامێرەکانی سانتریفیووج، ئێران رێگەی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەدا چاوی بە داتاکانی کامێرەکان کەوێت. گرۆسی رایگەیاند، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەگەر سیستەمی چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان چالاکنەکرێتەوە، ئەوا گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئەستەم دەبێت.\ بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە. هاوکات گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا ئەو لێدوانەی ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ کۆبوونەوەیەک لە رۆژی پێنجشەممە ناکرێت". رازیبوونی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەوان ئامادەن پلانێکی دیکە بەکاربهێنن ئەگەر بەرپرسانی تاران بە نیازپاکییەوە نەگەڕێنەوە نێو گفتوگۆکان. حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا چەقیان بەست و ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا بەرزکردەوە، کە بە گوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە.
هاوڵاتی ئیسرائیل ڕایگەیاند:" هێزه ئاسمانییهكان دهستیانكردهوه به مهشق و راهێنان بۆ ئامادهكاری لێدانی گورزێكی سهربازی بۆ سهر پێگه ناوكییهكانی ئێران". ئهمڕۆ ههینی، ماڵپهڕی زە تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە هەواڵێکدا رایگهیاندووە، ئهفیف كوخافی، فهرماندهی سوپای ئیسرائیل فهرمانیكردووه كه ئامادهكارییهكان دهستپێ بكهنهوه بۆ لێدانی گورزێكی سهربازی له دژی ئێران، كه ماوهی دوو ساڵه ئهو ئامادهكارییانه وهستاون. راشیگهیاند، ئهم بڕیارهی ئیسرائیل دوای ئهوهوه دێت، كه تاران تهگهره دهخاته بهردهم گفتوگۆكانی تایبهت به دۆسییهی ناوكی وڵاتهكهی، له پێناو دهستكهوتنی رێكهوتنێكی نوێ. رونیكردهوه، ئیسرائیل و ئهمهریكا ئهوه دهزانن كه پێویسته پلانێكی سهربازی ئاماده بێت، بۆ كاتی ههرهسی ههوڵه دیپلۆماسییهكان، چونكه ئهستهمه ئێران بێ بژاردهی سهربازیبگهڕێتهوه بۆ گفتوگۆكان.
هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان 23 كاندید وەك یەدەگ دیاریكراون و لە ئەگەری دوورکەوتنەوەی بەربژێرێکی سەرکەوتوو بە هەر هۆکارێک، جێگەیان دەگرنەوە. ئهمڕۆ ههینی، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژردنەكانی پەرلەمانی عێراق لیستی كاندیدەكانی بڵاوكردەوە كە ناویان چۆتە ناو پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق و لەگەڵیدا ناوی چەندین كاندید دیكەی بلاوكردۆتەوە كە وەكو یەدەگ دانراون. بەپێی ئەو لیستەی كۆمسیۆن بڵاویكردۆتەوە پارتی چوار كاندیدی یەدەگی هەیە وهاوپەیمانی كوردستانی هەشت كاندید و بەكۆی لایەنەكانی دیكە و سەربەخۆكانیش 11كاندیدی یەدەگ هەیە. پارێزگای دهۆک - بازنەی 1 - جەمال ئەحمەد محەممەد سیدو - یەکگرتوو: 56702 دەنگ - خالید سەلیم ئەمین جاسم رێکانی - پارتی: 29083 دەنگ - خەلیل غازی حەسەن شێخ ئۆمەر - پارتی: 26487 دەنگ - ئەڤین سەلیم نووری سەلیم - پارتی: 19265 دەنگ - فەهمی سلمان حەسەن محەممەد - پارتی: 22565 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای دهۆک - بازنەی 2 - سەگڤان یوسف بەشار ساڵح ئاغا - پارتی: 28003 دەنگ - عومەر ساڵح عومەر فارس - یەکگرتوو: 24442 دەنگ - زۆزان عەلی ساڵح - پارتی: 21457 دەنگ - عەبدولواحید ئەحمەد رەشید عەبدولقادر تەیب - پارتی: 23509 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای دهۆک - بازنەی 3 - مۆفەق شەهاب پاشا شەهاب - پارتی: 29990 دەنگ - چیای تەیمور عەبدول عەبدولقادر - پارتی: 25846 دەنگ - ئیمان عەبدولڕەزاق محەممەد عارف - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 18495 دەنگ - خەسرەو عەبدوڵڵا ئیسماعیل مەعروف گۆران - پارتی: 16836 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای هەولێر بازنەی 1 - نەهرۆ مەحموود قادر سەعید - پارتی: 44928 دەنگ - سیپان عەزیز حدو خدر - پارتی: 37099 دەنگ - محەممەد سدیق محەممەد یاسین - پارتی: 33656 دەنگ - جوان عەبدوڵڵا عومەر عەبدوڵڵا - پارتی: 12843 دەنگ - فەیسەڵ کەریم خان مەحموود خەلیفە برادۆستی - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 27604 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای هەولێر بازنەی 2 - خدر عەلی سادق سۆفی مەنتک - پارتی: 25373 دەنگ - وەزیرە ئەحمەد برایم مەلا - نەوەی نوێ: 24626 دەنگ - ئامانج مەحموود ئەسعەد فەتاح هەرکی - پارتی: 23632 دەنگ - کوردۆ عومەر عەبدوڵڵا ساڵح - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 18370 دەنگ - عەبدولسەلام محەممەد سولتان عەزیز - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 2008 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای هەولێر بازنەی 3 - رێبوار هادی عەبدولڕەحمان برایم - پارتی: 23093 دەنگ - ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولڕەحمان محەممەد - نەوەی نوێ: 14168 دەنگ - لەیلا ئەکرەم سەعید سەلیم - پارتی: 9306 دەنگ - هەرێم کەمال خورشید عوسمان - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 9069 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای هەولێر بازنەی 4 - محەممەد ئیسماعیل عومەر رەسوول - نەوەی نوێ: 24217 دەنگ - مەریوان قەرەنی ئیبراهیم ئەمین - پارتی: 20384 دەنگ - سەباح سوبحی حەیدەر حەسەن - پارتی: 16962 دەنگ - نەهلە قادر محەممەد حارس - پارتی: 13872 دەنگ - عەبدولستار مەجید قادر مەعرووف - کۆمەڵی دادگەری: 14809 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای سلێمانی بازنەی 1 - رێبوار ئەوڕەحمان وەستا ساڵح عارف - نەوەی نوێ: 18640 دەنگ - یادگار مەحموود نەسروڵڵا رەزا - پارتی: 9477 دەنگ - نەرمین مەعرووف غەفوور ئەمین حەمەئەمین - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 8433 دەنگ - دارا حەمە ئەحمەد حەسەن - یەکگرتوو: 8157 دەنگ - دانا ئەحمەد مستەفا عەبدولڕەحمان - هاوپەیمانیی کوردستان: 6669 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای سلێمانی بازنەی 2 - بەدریە ئیبراهیم رەشید ئەحمەد بەرزنجی - نەوەی نوێ: 25022 دەنگ - بڕیار رەشید شەریف محەممەد - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 14780 دەنگ - ئاسۆ فەرەیدوون عەلی ئەمین - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 11765 دەنگ - شنۆ نووری عەبدوڵڵا ساڵح - پارتی: 9580 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای سلێمانی بازنەی 3 - چرۆ حەمە شەریف عەبدوڵڵا خواموراد - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی) - 15952 دەنگ - موسەنا ئەمین نادر حوسێن - یەکگرتوو: 14719 دەنگ - ئاریان عەزیز ئەحمەد یوسف تاوگۆزی - نەوەی نوێ: 12082 دەنگ - ئەحمەد حەمە رەشید ئەحمەد محەممەد: 11431 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای سلێمانی بازنەی 4 - سروە عەبدولواحید قادر ئیبراهیم - نەوەی نوێ: 28987 دەنگ - سۆران عومەر سەعید ئەحمەد - کۆمەڵی دادگەری: 25116 دەنگ - غەریب ئەحمەد مستەفا ئەمین - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 19714 دەنگ - بەدریە حوسێن عەزیز داوود حەسەن - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 17307 دەنگ - ناسکە عەبدوڵڵا رەسوول حەمەڕەش: 15240 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای سلێمانی بازنەی 5 - موەفەق حوسێن قادر کەریم - نەوەی نوێ: 21587 دەنگ - شوان محەممەد رۆستەم عەبدوڵڵا - پارتی: 9521 دەنگ - سروە محەممەد رەشید میران زەنگەنە - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 7851 دەنگ - کاروان عەلی یاروەیس حەمەد عەزیز - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 7504 دەنگ - رزگار محەممەد کەریم مەعرووف- هاوپەیمانیی کوردستان: 7471 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای کەرکووک بازنەی 1 - شاخەوان عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدولقادر تاڵەبانی - پارتی: 37744 دەنگ - ئومێد محەممەد ئەحمەد غەفوور - نەوەی نوێ: 23090 دەنگ - دیلان غەفوور ساڵح سەمین زەنگەنە: 21510 دەنگ - سەباح حەبیب قادر وەهاب - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 15708 دنەگ - موهەیمین عەلی حوسێن ئیبراهیم حەمدانی: 14358 دەنگ - موئەیەد گازی عەبید نادر داودی - هاوپەیمانیی کوردستان: 11348 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای کەرکووک بازنەی 2 - ئەرشەد رەشاد فەتحوڵڵا عەبدولڕەزاق ساڵحی - بەرەی تورکمان: 23060 دەنگ - گەیلان قادر عەلی عومەر - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 13239 دەنگ - نەجوە حەمید محەممەد عەلی کاکەیی - پارتی: 11887 دەنگ - سەوسەن عەبدولواحید شاکر جەدوع - بەرەی تورکمان: 7731 دەنگ - غەریب عەسکەر نەقی مشیر - هاوپەیمانیی فەتح: 7729 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای کەرکووک بازنەی 3 - محەممەد عەلی محەممەد تەمیم - تەقەدووم: 24390 دەنگ - راکان سەعید عەلی رەزوان جبووری - هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک: 14682 دەنگ - مونا محەممەد خەلەف سبیل جبووری - هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی: 9964 دەنگ - وەسفی عاسی حوسێن عەلی عوبێدی - بەرەی عەرەبیی یەکگرتوو: 11129 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 1 - ئیخلاس سەباح خزر حوسێن دلێمی - پارتی: 16408 دەنگ - تەعمە عەبدوڵڵا حەمادی حەنزەل - پارتی: 13321 دەنگ - ئەحلام رەمەزان فەتاح ئیسماعیل کاکی - هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی): 7135 دەنگ - یوسرا محەممەد رەجەب عوسێن شامیری - هاوپەیمانیی فەتح: 4291 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 2 - کاڤین سەعید محەممەد ئەحمەد کلی رومانی - پارتی: 15625 دەنگ - شەریف سلێمان عەلی - پارتی: 14691 دەنگ - شیروان جەمال خزر خالید - پارتی: 11895 دەنگ - عەبدولسەلام شەعبان محەممەد ئەحمەد بەرزنجی - پارتی: 8671 دەنگ - رونزی زیاد سەیدۆ رشو بەگ - هاوپەیمانیی کوردستان: 8241 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 3 - مەحما خەلیل قاسم حەسەن - پارتی: 17793 دەنگ - ڤیان دەخیل سەعید خزر - پارتی: 11940 دەنگ - ماجید خەلەف حەمۆ - پارتی: 8556 دەنگ - مەجید ئەحمەد ئیسماعیل ئەحمەد - هاوپەیمانیی کوردستان: 7455 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 4 - نایف مەکیف شنان دباس شمەری - سەربەخۆ: 17197 دەنگ - ئیبراهیم محەممەد قبو هسام - پارتی: 16419 دەنگ - محەممەد فەرمان شاهر سەلمان جبووری - سەربەخۆ: 15358 دەنگ - زلیخە ئەلیاس قلی قدو - بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازی: 4919 دەنگ - موختار مەحموود یوسف سەلمان موسەوی - هاوپەیمانیی فەتح: 12886 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 5 - فەلاح حەسەن زیدان خەلەف - تەقەدووم: 12071 دەنگ - عەبدولڕەحیم جاسم محەممەد موتڵەگ - هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی: 11432 دەنگ - مەنسوور مرعید عەتیە حەمەد جبووری - هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی: 9749 دەنگ - ئەحمەد عەبدوڵڵا محەممەد موسا - بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازی: 6242 دەنگ - رەحیمە حەسەن ئەحمەد فەرحان جبووری - جەماهیری نیشتمانی: 5040 دەنگ - ئەحمەد مەدلول محەممەد موتڵەگ - هاوپەیمانیی عەزمی عێراق: 5053 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 6 - سابت محەممەد سەعید رەزا - بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازی: 9983 دەنگ - وەتبان جەمیل مەنسوور عەبدولعەزیز جبووری - تەقەدووم: 5548 دەنگ - محەممەد نووری ئەحمەد حەموود - عەزم: 5179 دەنگ - خالید سوڵتان هاشم ئەحمەد - پرۆژەی عێراقی نیشتمانی: 5149 دەنگ - محاسن حەمدوون حامید - تەوەدووم: 4543 دەنگ - تاڵب عەبدولکەریم مەحموود حامد معماری - جەماهیری وەتەنییە: 4879 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 7 - مزاحم قاسم حەمو ئەحمەد خەیات - تەقەدووم: 12742 دەنگ - مونتەهی عەبدولوەهاب فازڵ عەباس فازل - هاوپەیمانیی فەتح: 7465 دەنگ - لوقمان نەجم ئەحمەد نەجم رەشیدی - تەقەدووم: 5680 دەنگ - مونا حوسێن سوڵتان یوسف - تەقەدووم: 5580 دەنگ (یەدەگ) پارێزگای نەینەوا بازنەی 8 - یوسف فەرەج محەممەد عەبدوڵڵا سەبعاوی - تەقەدووم: 8305 دەنگ - جەمیل عەبد مەحموود سباک - سەربەخۆ: 6874 دەنگ - لەتیف مستەفا ئەحمەد حەسەن - تەقەدووم: 6390 دەنگ - بەسمە محەممەد بەسیم سەبری - تەقەدووم: 4926 دەنگ میزر سۆفی نهیر محەممەد شمەری - سەربەخۆ: 4979 دەنگ (یەدەگ)
سازدانی: شاناز حەسەن شارەزایەكی كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە رێژەی بایكۆت و دەنگدان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق تەنها لەسەدا 22 بووەو دەشڵێت:» لەسەدا 78ی خەڵكی هەرێم بڕوایان بە حزب و پەرلەمان و حكومەت نییە، بۆیە بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە». رێبوار فەتاح، شارەزا لەكاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی جەخت لەوە دەكاتەوە هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە نێودەوڵەتیەكان ئەو راستەیە دووپاتدەكاتەوە و شەرعیەت لەحزبەكان دەسەنێتەوە دەڵێت خەڵكێكی زۆر كەم بۆ دەنگدان چوون. هاوڵاتی: پێتانوایە زۆرینەی خەڵك بۆچی بایكۆتی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقی كرد؟ رێبوار فەتاح: خەڵك بایكۆتی كردووە، لەبەرئەوەی هیچ باوەڕێكی بەگۆڕانكاری نیە، دووەم مانای ئەوەیە شەرعیەتی لەو حزبانە سەندۆتەوە كە لەكوردستاندا دەسەڵاتدارن، دیارە بەهەڵبژاردن هیچ لەدەسەڵاتی ئەم حزبانە ناگۆڕێت، ئەمانە خۆیان سەپاندووە، دیارە لەناوخۆی حزبەكاندا، لەو بڕوایەدام ناكۆكیان تێكەوتووە. هاوڵاتی: بەشدارینەكردنی خەڵك لەهەڵبژاردن سزایە بۆ حزبەكان یاخود بۆ حكومەتی هەرێم؟ رێبوار فەتاح: لەم هەڵبژاردنە هەموو حزبەكان شكستیان خواردووە، لە پارتیەوە بیگرە تاكو گۆڕان كەخەڵك هەر لەناویبرد واتە كەخەڵك دەنگی پێنەدا، واتە مانای ئەوەیە هیچ باوەڕی نەما وەك هیوایەك و هیوای لەگۆڕان بڕی، پارتی لەسەدا 12 بۆ لەسەدا 14ی هێنا كە دەكاتە دوو ئەوەندە و نیوی نەوەی نوێ، كە حزبێك بەو هەموو دەسەڵات و پارەو سوپاو ئاسایش و زێرەڤانی و پاراستنەوە بتوانێت نیو ملیۆن دەنگ بهێنێت مانای ئەوەیە گەورەترین شكستی خواردووە، یەكێتیش لەسەدا 8ی هەیە، بۆیە ناتوانرێت بە لەسەدا هەشتەوە حوكمی وڵاتێك بكات، بەڵام دیارە ئەمانە چەكداریان هەیە زیاتر بەو رێگەیە حوكم دەكەن، تا بەڕێگەی دەنگ و كۆمەڵی مەدەنی و دەنگدان. هاوڵاتی: سلێمانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە كاندیدی سەربەخۆی زۆر هەبوو، بەڵام دەرنەچوون، ئەمە پەیوەندی بەچیەوە هەیە بەڕای بەڕێزتان؟ رێبوار فەتاح: دەنگ نەهێنانی سەربەخۆكان چەند هۆكارێكە، یەكێك لەوانە پەیوەندی بەسیستمەكەوە هەیە، چونكە سیستمی بازنە بوو، ئەگینا لەوانەیە هەندێكیان دەنگیان زۆر لەوانە زیاتر هێنابێت كە بردویانەتەوە. خاڵێكی تر سەربەخۆكان لەحزبەكانی دیكەوە هاتوون، یان خەڵك بڕوای بەئەوە نەماوە پەرلەمان دەزگایەك بێت ئەوە بهێنێت تۆ دەنگی پێبدەیت، پەرلەمان هیچ نیە جگە لەچایخانەیەك كە حزبەكان دایانناوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی حزبەكان دەیكەن و دەیڵێن ئەمان مۆری بكەن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە تەنیا شەرعیەت سەندنەوە نەبوو لەحزبی دەسەڵاتدار، بەڵكو پووچكردنەوەی ئەو خەیاڵەش بوو كەپەرلەمان دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و پەرلەمانی لەناوبرد، چونكە پەرلەمانێك ناتوانێت حوكم بكات بە لەسەدا 20ەوە، ئەمڕۆ لەكوردستان نە پەرلەمان، نە حزب، نە حكومەت هیچ شەرعیەتێكی نیە. هاوڵاتی: خەڵك توانی ئەوە بە لایەنە سیاسیەكان بگەیەنێت ئەمە دوا بزمارە لەتابوتی لایەنەكانیاندا؟ ئەم پەیامە گەیشتووە؟ رێبوار فەتاح: پێموایە خەڵك بەزوڵاڵی بەحزبەكانی وتووە كە ئێوەمان ناوێت و شەرعیەتیشتان لێدەسەنینەوە، جا لەئەوە روونتر دەبێت چی بێت، ئەو هەموو حزب و دەسەڵاتەی كە سی ساڵە حوكم دەكات، لەسەدا 20 بووە رێژەی دەنگدان بەزۆر پاڵت پێوەنا چووە لەسەدا سی، لەكاتێكدا هێزی تایبەت بەزۆر دەنگی پێدراوە، كارتیان لێسەندووەو پێیان وتووە كەتۆ دەنگمان پێنەدەیت نان بڕاو دەبیت، واتە بۆ نانی خۆی دەنگی داوە، ئەگەر هێزی تایبەتی لێبسەنیتەوە، لەو سەدا 20بۆ 30 دەربكەیت هیچی وا نامێنێتەوە، چونكە یەكێكی وەك پارتی ئێستا خۆی نیو ملیۆن فەرمانبەری هەیە كە موچەیان پێدەدات، واتە تەنیا نیو ملیۆن دەنگی هێناوە لەسێ ملیۆن و نیو. هاوڵاتی: پێتانوایە ساختەكاری كراوە بۆ بەرزكردنەوەی ژمارەی دەنگدەران و كەمكردنەوەی بایكۆت و نەچوون بۆ دەنگدان؟ رێبوار فەتاح: بڕوام وایە تەزویرات هەر كراوە، چونكە ئەوەی خۆی بە زۆر دەنگ بەخەڵك بدەی ئەوە خۆی تەزویرە، بەداخەوە كۆمسیۆن سەربەخۆ نیە، چونكە حزبەكان دەستنیشانیان كردووە، كەكۆمسیۆن سەربەخۆ بوایە، رێژەی دەنگدان لەسەدا 20 بووە لەهەرێم و لەعێراقدا لەسەدا 25 بووە، هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتوەكان و لایەنە نێودەوڵەتیەكان ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوەو شەرعیەت لەحزبەكان دەسەنێتەوە، دەڵێت خەڵكێكی زۆر كەم بۆ دەنگدان چوون، گەواهیكی دیكەش هەیە، لەدوای پاشنیوەڕۆوە دەنگەكان زۆر زیادیكرد، بۆیە گەواهیدەری زۆر هەن، بەو هەموو فشارەشەوە هێشتا ئەو رێژە لەدەنگدانەیان هێناوە، كە هەرچی شەرعیەت هەیە نیانە بۆ حوكمكردن، ئێستا بەبڕوای من ئەسەد لەسوریا هەڵبژاردنی ئازاد بكات لەوە زیاتر دەنگ دەهێنێت، یان راستە ئەمە بەراوردێكی باشیش نیە، بەڵام بەبڕوای خۆم كە حكومەتی بەعس بمایە و لەسەدا 12ی ئەهێنا هەر بەئازادی ئەوەندەی دەهێنا، بۆیە هەرچۆنێك لێكیدەیتەوە، ئەوە گۆڕان تەخت بوو، بەڵام پارتی و یەكێتی شەرعیەتیان نەماوە، بۆیە لێرەوە بۆ كوێ دەچین ئەوەیان نازانرێت. هاوڵاتی: پێتوایە ئەو لایانەنەی كە دەنگگیان كەم هێناوە، پێداچوونەوە بەخۆیاندا دەكەن؟ رێبوار فەتاح: نەخێر، گۆڕان تەواو لەگۆڕ كراو زیندوو نابێتەوە، چونكە ئەقڵی زیندوو بوونەوەی لێدەركراو خەڵكیان هەموو دەركردو لێی جیابوونەوەو لەخۆیان بایی ببوون، پارتی و یەكێتیش حزبێك نین گۆڕانكاریان تێدابكرێت، چونكە حزبێكن بەكەڵكی ئەم سەردەمە نایەن، كۆنن و تازە نابنەوە و كۆمەڵێك خەڵكن و تایەفەیەكن و یانەیەكی حزبی و سیاسین، بەڵام ئەوەتا دەرفەتێك هاتۆتە پێشەوە ئەوان توانیان كۆنتڕۆڵی دۆخی كوردستان بكەن و هەندێك لایەنی نێودەوڵەتی لەبەرئەوەی كەلێنێك نەبێت، هاتن و ئەمانەیان سەپاند، ئەگینا ئەمانە توانای حوكمكردنیان نیە. : بەڵام مەبەستم ئەوەیە كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەەماندایە كەساڵی داهاتوو دەبێت بكرێت؟ رێبوار فەتاح: ئەمە بەڕاستی تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ خەڵك، خەڵك ئێستا هێز و توانای خۆی دەزانێت، كە دەتوانێت چی بكات، بۆیە ئەگەر تەزویرات نەكرێت، رێژەی دەنگدان دەچێتە خوار لەسەدا 10وەو ئەوەش تەنیا خۆیانن و ئێستا خۆیان بۆ بەرەی بایكۆت ئامادەدەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان و دژی ئەوە بوەستن، بەڵام ناتوانن بیكڕن، چونكە بەرەی بایكۆت هی حزبێك یان سەركردەیەك نیە پێی بڵێن پارەت دەدەینێ و واز بێنە، چونكە بەرەی بایكۆت دەنگێكی جەماوەرییە، كەس نازانێت لەكوێدایە كێیەو كەس نازانێت سەركردەكانی كێیە، سەركردەكانی هەموو كەسێكە، بۆیە ناتوانرێت هیچی لێبكرێت، بۆ پەرلەمانی كوردستان بایكۆت كارێكی زۆر باشتر دەكات. : ئەگەر بتوانن بەراوردێك لەنێوان هەرێم و بەریتانیا بكەیت ئایا هاووڵاتی بەریتانی حزبەكان سزا دەدەن لەهەڵبژاردنەكاندا؟ رێبوار فەتاح: بەڵێ، بەڵام بەراورد ناكرێت، چونكە لێرە حزب چەكداری نیە، ئاسایشی نیە، حكومەتی نیە، كۆمپانیای نیە، حزب كۆمەڵێك خەڵكن، ئەجیندایەكیان پێیەو پڕۆگرامێكیان هەیە، بەخەڵك دەڵێن كە دەنگ بە ئێمە بدەن، ئێمە ئەم پڕۆگرامە جێبەجێدەكەین، كە پەیوەندی بەلایەنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی و رێگاوبان و پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە، بە بازرگانی بچووكەوە، كۆمەڵێك پەیامیان هەیە پێكەوە دەبێتە پڕۆگرامێك بۆ چاككردنی ژیانی خەڵك، لێرە كاری پەرلەمانتاری كارێكە خەڵك حەزدەكات بیكات، رەنگە وای ببینێت، خزمەتی خەڵك دەكات، بەكاری پەرلەمانتاری ناتوانی كۆمپانیا بكڕیت و دەوڵەمەند بیت. بۆیە هیچ كات بەراورد ناكرێت، لەكوردستان حزب دەسەڵاتە، جەیشە، سەركردەی هەیە، ناڕۆن، خۆی ئەڕوات كوڕەكەی دەسەپەنێت، بۆیە لێرە وانیە، لە شەمەندەفەرا لەتەنیشتەوە دانیشتوە تۆ نازانی، ئەوە نیە جەیشێكی بەدواوە بێت، بۆیە لێرە ئەقڵیەت و كلتورێكی دیكەیە، ئەو پڕۆگرامەش كە پێشكەشی دەكات جێبەجێدەكرێت، كەجێبەجێی نەكات خەڵك سزای دەدات، بۆ نموونە دیڤید كامیرۆن سەر بەحزبی پارێزەران بوو، وتی كەئێمە هەڵبژێرن ریفراندۆم دەكەین لەسەر جیابونەوەی سكۆتلەندو برێكزت، لەجیابوونەوەی سكۆتلەند سەرنەكەوتن، چونكە ملی نەدا جیاببنەوە، بەڵام خەڵك دەنگیدا لە برێكزت جیابێتەوە، بۆیە كە لەئەوروپا جیابۆوە، كامیرۆن سیاسەتەكەی شكستی خوارد، بۆیە رۆژی دوای ئەوەی لەكاتژمێر نۆی بەیانی دەستی لەكاركێشایەوە، وتی بۆ سەركردایەتی ئەم وڵاتە نابم، چونكە من سەركردەی وڵاتێكم كە بەشێكە لەئەوروپا، بەڵام لای ئێمە ئەو كلتورە نیە، بۆیە زۆر جیاوازە و گرنگە خەڵكی كوردستان و عێراق فێری ئەوەبێت حزب دەزگایەكی مەدەنیە، پەیوەندی بەهێزی چەكدار و بازرگانی و داگیركردن و خاڵی سنوری و فرۆكەخانە و هێنانی هێزی دەرەوە نیە، حزب دەبێت بچوك بكرێتەوە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە پەیامێكی زۆر روونە كە دەبێت حزب بچوك بكرێتە بۆ دەزگایەكی بچوكی مەدەنی بێ چەك كە منافەسەیەك بكات بەپڕۆگرامێكی شەریفی راستگۆوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە حكومەت و پەرلەمانەوە و ئاواتی خەڵك بهێنێتەدی، نەك دەزگات هەبێت و یەكێك رەخنە بگرێت لەسەرۆككۆمار یان سەرۆكوەزیران یان سەرۆك حزبێك و لەزیندانی توند بكەین، یان مامۆستایەك داوای قوتی خۆی بكات ساڵێك لەزیندانی بكەیت، بۆیە ئەمە دەزگایەكی پۆلیسیە، ئەمە نە هەرێمە، نە حكومەتە، نە دەسەڵاتە، نە پەرلەمانە، كۆمەڵێك خەڵكن خێری كوردستان دەخۆن و هەرچی قسە بكات سەری پاندەكەنەوە و هەڵبژاردن و دەنگدانیش هەرچی بایەخ بێت نیەتی، بۆیە خەڵك دەرسێكی قورسی داداون و لێرەشدا ناوەستێت، بۆیە ئێستا لەسەدا 78 خەڵك هێزێكە لەدەرەوەی حزبەكان و بڕوای بەحزبەكان نییە
هاوڵاتی بافڵ تاڵهبانی ڕایگەیاند:" یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتوی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات". ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بافڵ تاڵهبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی له دهباشان له شاری سلێمانی پێشوازیی له ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان كرد و بهپێی راگهیهندراوی كۆبونهوهكه پێشھاتە سیاسییەکان و ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن و قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی گفتوگۆی لهسهر كراوه. لهوبارهیهوه بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و رایگەیاند یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات. هاوسهرۆكی یهكێتی روونیشکردوهتهوه كه پەرۆشی ئەوەن کورد بەیەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەستپێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزەسیاسییە کوردستانییەکانی كردوه و رایگهیاندوه "دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان." ھەر لەدیدارەکەدا تەئکید لەسهر ھاریکاری زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند:" لەكۆی 181 لەسەرتاسەری عێراقدا 174 تانەی لە پرۆسەی دەنگدان رەتکراوەتەوە و حەوت تانەشی پەسندکردووە کە یەکێکیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو تانانەی پەسندکراون سیانیان لە نەینەوا، دووانیان لە بەغدا، تانەیەک لە بەسرە و تانەیەکیش لە هەولێر بوون. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، لەو شوێنانەی تانەکان پەسندکراون، ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و "نوێنەری بەربژێرەکان لە پرۆسەی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەو وێستگانەی تانەکانیان پەسندکراون، ئامادە دەبن". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، راپۆرتی رۆژانە لەبارەی ئەنجامی تانەکان بڵاودەکەنەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند:"ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و له قەزای پێنجوێنەوە دەست به دابهشكردنی نهوتی ماڵان دهكرێت و نرخی ههر بهرمیلێكیش به 55 هەزار دیناره". ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی راگهیهندراوێكی لهوبارهیهوه بڵاوكردهوه و ئاشكرایكرد "پاش دابین کردنی بڕی پێویستی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچە شاخاوییە ساردەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی وهەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین بریارە رۆژی یەکشەممە 24ی تشرینی یەکەم پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لەسنوری قەزای پێنجوێن دەست پێبکات." له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: "رۆژانی دواتریش لەتەوێڵە و بیارە و خورماڵ و شارباژێڕ و ماوەت و قەڵادزێ درێژەی دەبێت و نرخی بەرمیلێک نەوت 55 هەزار دینار دەبێت."
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەوان سەرکۆنەی "هەڵکشانی تووندوتیژی" و هێرشەکانی ناو خاکی سووریا دەکەن. رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی زیادبوونی تووندوتیژییەکان و هێرشەکانی رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری سووریا دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە ئاگربەستی ئێستا بگرن و سەرنجیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل بێت". بڵاوکردنەوەی تویتەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 20-10-2021 تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج. هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە بە سەرکردایەتیی هێزە کوردییەکان لە دەستی داعش؛ رێکخراوە پەڕگیرەکە رەققەی وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی راگەیاندبوو. هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە لە کاتێكدایە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەست لەو ناوچەیە راگەیێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق، کۆبووەوە و داوای کرد کە حکومەتی سوێد هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی باجدا. رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق كۆبووەوە و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە حکومەتی سوێد کردووە زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا، "بەو پێیەی وڵاتی سوێد لەو رووەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ریزی وڵاتە پێشەنگەکانە". وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوێد ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات". لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و هەردوولا هاوڕابوون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت. لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتیی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق".