هاوڵاتی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند ژماره‌ی پاسه‌وان و شۆفێر بۆ گشت فەرماندە سەربازیەكانی كەمدەكاتەوە دەڵێت "هیچ كه‌سێك بۆی نیه پاسه‌وانی زیاتری هه‌بێت". شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه، ئەمرۆ یەكشەممە، 18 نیسانی 2021 بەپێی نوسراوێكی وەزارەتەكەی رایگەیاند " دیاریكردنی رێژه‌ی پاسه‌وان و شۆفێر بۆ گشت یه‌كه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی وه‌زارت، به‌پێی میلاكی په‌سه‌ندكراو، نابێت له‌و خشته‌یه‌ی دیاریده‌كرێت هیچ كه‌سێك ژماره‌یه‌كی زیاتر پاسه‌وان بۆ خۆی دیاریبكات". به‌گوێره‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه، فه‌رمانده‌ی لیوا 6 (شه‌ش) پێشمه‌رگه‌ی وه‌ك پاسه‌وان و شۆفێر بۆ دیاریده‌كرێت، مقه‌ده‌می لیوا 4 (چوار) پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی فه‌وج 4 (چوار) پێشمه‌رگه، جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وج و هه‌یه‌ئه‌ی لیوا هه‌ریه‌كه و 2 (دو) پێشمه‌رگه‌یان وه‌ك پاسه‌وان و شۆفێر بۆ دیاریده‌كرێت. شۆڕش ئیسماعیل فه‌رمانه‌كه‌ی ئاراسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه و جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه، له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا فه‌رمانه‌كه بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
هاوڵاتی وەزارەتى بەرگری ئەمریکا رایگەیاند سیستمێکی نوێی بەرگریی لە نزیک هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێر و بەغدا جێگیر دەکات بۆ رووبەروونەوەى ئەو هێرشانەى دەکرێتە سەریان و پاراستنی زیاتری ئەمنیەتی ناوچەكە. ئاژانسەکانى ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بریاریداوە کە بەم نزیکانە سیستەمێکى نوێی بەرگری لە نزیک هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێرو بەغدا جێگیر بکات بۆ رووبەروونەوەى ئەو هێرشە ئاسمانیانەى دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکان و باڵیۆزخانەو کونسوڵگەرییەکەی. 14نیسانی 2021 له رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆکەوانەوە، فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، كه بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوپه‌یمانانی لێیه كرایه ئامانج، بەرپرسانى هەرێمیش رایانگەیاند، کە هێرشەکە ئامانج لێی کونسوڵخانەى ئەمریکا بووە لە هەولێر.
هاوڵاتی نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت بە 66 دۆلار و 77 سه‌نت مامەڵەی پێوەده‌كرێت، هاوكات به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش بە 63 دۆلار و هه‌شت سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا. لە ساڵی 2020 خواست لەسەر نەوتی خاو بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ پەسه‌ندکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه به‌جۆرێك چه‌ند رۆژێكه له سه‌رو 60 دۆلاره‌وه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
هاوڵاتی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی ڕێنماییەكانی تایبەت بەبودجەی عێراق تەواو بكات و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە دەست بەخەرجكردنی بودجە بكات بەپشكی هەرێمی كوردستانیشەوە. ئەمڕۆ شەممە 17ی نیسانی 2021 بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند" وەك بریارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عیراق رێنماییەكانی تایبەت بە بودجەی عیراق تەواو بكات و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بەخەرجكردنی بودجە بكات بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە، تا ئێرە شتێكی ئاساییە و حكومەتی عیراق ئەركی ئاسایی جێبەجێ دەكات". هەروەها راشیگەیاند:" ئەوەی گرنگ و مایەی دڵخۆشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە ئەوەیە كە بە هاتنی پشكی هەرێمی كوردستان مەسەلەی لێبڕینی مووچە نەمێنێت و حكومەتی هەرێم ئەو مافەی فەرمانبەران بگەرێنێتەوە بۆ خاوەن ماف و دەبێت لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین مووچە بە خەڵكی مووچەخۆر بدات". بەختیار شاوەیش ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە" ئەگەر وانەبێت ئەوا پشكی هەرێمی كوردستان بۆ خەڵك نایەت، بەڵكو بۆ كەسانێكی كەمی سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیای زەبەلاح دێت".
هاوڵاتی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شەش موشەكی جۆری هاوەن ئاراستەی بارەگایەكی سەربازی حەشدی شەعبی كراوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەك برینداری لێكەوتوەتەوە. هەروەها بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ شەممە 6 (شەش) موشەكی جۆری هاوەن ئاراستەی بارەگای فەوجێكی حەشدی عەشایەری سەر بەحەشدی شەعبی لە گوندی ئەبوشەهابی سەر بەقەزای داقوقی باشوری پارێزگای كەركوك كراوە. هاوكات، ئەوەش روونكراوەتەوە كە لەئەنجامی ئەو موشەكانە، سێ سەربازی عێراقی و دو چەكداری حەشدی شەعبی برینداربون، هێزێكی زۆری ئەمنیش لەدەوروبەری شوێنی موشەكەكان لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە، تا ئێستاش سەرچاوەی ئەو موشەكانە نەزانراون.
هاوڵاتى بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ئاشکراى ده‌کات، ئه‌مریکا ڤاکسینێکى تایبه‌ت ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ده‌درێت به لیوا هاوبه‌شه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند " بڕیاره له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه ڤاکسینى جۆنسۆن بۆ هه‌رێمى کوردستان بنێردرێت و بدرێته هێزه هاوبه‌شه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: " ئه‌و ڤاکسینه‌ى ره‌وانه ده‌کرێت 31 هه‌زار ژه‌مه ڤاکسینه و به‌تایبه‌ت بۆ هێزه هاوبه‌شه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه". هه‌فته‌ى رابردوو، عێراق نزیکه‌ى په‌نجا هه‌زار ڤاکسینى فایزه‌رى ئه‌مریکى بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه کرد.
هاوڵاتى سکرتاریه‌تى کومیته‌ى ناوه‌ندى کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستانى ئێران رایگه‌یاند:" پێشمه‌رگه‌یه‌کیان به‌تۆمه‌تى سیخوڕ‌ى له شارى سلێمانى ده‌ستگیرکراوه، زۆربه‌ى ئه‌و لێدوان و ھه‌واڵانه‌شى له‌چه‌ند ڕۆژى پێشودا، ده‌رباره‌ى ئه‌و که‌یسه بڵاوکراونه‌ته‌وه ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه". کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستانى ئێران (کۆمه‌ڵه) له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه که ڕۆژى 13ى نیسانى 2021 پێشمه‌رگه‌یه‌کى کۆمه‌ڵه، به‌ناوى (سمکۆ به‌نفشی) له سلیمانى له لایه‌ن ھیزه ئه‌منیه‌کانه‌وه به تۆمه‌تى ئه‌منى ده‌ستبه‌سه‌رکرا، هه‌ر له‌دواى ئاگاداربون له‌لایه‌ن به‌شى ئه‌منییه‌تى کۆمه‌ڵه، ئاسایشى سلێمانى ئاگادارکرایه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رباره‌ى ئه‌م که‌یسه ده‌ستیپێکرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌روو که سه‌رئه‌نجام دواى چه‌ند ڕۆژ لێکۆڵینه‌وه، ئاگادارکرانه‌وه که ناوبراو به‌تۆمه‌تى "سیخورى" له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌ھێزه ئه‌منیه‌کانى ھه‌رێمى کوردستان ده‌ستبه‌سه‌رکراوه. کۆمه‌ڵه ئه‌وه‌شى باسکردووه که "وێراى سوپاسى لایه‌نه ئه‌منى و دادوه‌ریه‌کانى ھه‌رێمى کوردستان له ئاگادارکردنه‌وه‌ى که‌یسى ناوبراو، چاوه‌ڕوانى ده‌رئه‌نجامى کۆتایى لێکۆڵینه‌وه‌کان و بڕیارى دادگا ده‌که‌ین". کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستانى ئێران ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه، زۆربه‌ى ئه‌و لێدوان و ھه‌واڵانه‌ى که له‌چه‌ند ڕۆژى پێشودا، ده‌رباره‌ى ئه‌م که‌یسه بڵاوکراوه‌ته‌وه، ڕه‌تده‌کاته‌وه و "به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌م لێدوانانه له‌لایه‌ن نه‌یارانى کۆمه‌ڵه و به‌مه‌به‌ستى چه‌واشه‌کاریى بڵاو کراوه‌نه‌ته‌وه.".
هاوڵاتى جڤاتی گشتی گۆڕان ئه‌مڕۆ شه‌ممه له‌سلێمانى به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بژارده‌کانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان، هه‌نگاوه‌کانی خۆڕێکخستنه‌وه و هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌کان کۆبوه‌وه. ئاسۆ ڕه‌حیم، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنى گۆڕان به میدیاى فه‌رمى حزبه‌که‌ى راگه‌یاندووه، به‌مه‌به‌ستی بۆ تاوتوێکردنی پرسه ناوخۆییه‌کان ئه‌مڕۆ شه‌ممه جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به سه‌رپه‌رشتی جه‌مال حاجی محه‌مه‌د، سه‌رۆکی جڤاتی گشتی و ئاسۆ ڕه‌حیم ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن کۆبونه‌وه، له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له ڕێکخستنه‌وه‌ی ئاماری ڕێکخستنه‌کان و ئاماده‌کاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زاکان و بازنه و ڕایه‌ڵه‌کان کراوه به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی" هه‌نگاوه‌کان به‌ئاڕاسته‌ی به‌ستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی به‌ره‌وپێشچونی باشیان به‌خۆیانه‌وه بینیوه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه:" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ر پرسێکه‌وه بڕیاربدات، به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌کانی بڕیارده‌دات و هه‌ر هه‌نگاوێکیان به ئاڕاسته‌ی خزمه‌تی چاکه‌ی گشتی ده‌بێت و ئه‌و پێشنیارانه‌یان له‌لا په‌سه‌نده که ده‌چنه خزمه‌تی خه‌ڵکه‌وه".
هاوڵاتى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند وه‌زیری ناوخۆی راسپاردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار به سزای خۆی بگات. مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە، 17 نیسانی 2021 لەپەیامێکیدا لە تویتەری خۆی؛ سه‌باره‌ت به كوژرانی ژنێكی گه‌نج له هه‌ولێر، كه دایكی سێ منداڵه رایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێشناکەوێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵگە نه‌توانێت به ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی". دەشڵێت، وه‌زیری ناوخۆی راسپاردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار به سزای خۆی بگات. هاوکات، جەخت لەوەدەکاتەوە کە، "لەم کابینەیەدا ئێمە هاوكاریمان بۆ شێڵته‌ره‌كان زیاد کردووە و پابه‌ندین بە ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ پاراستن و پشتگیریی كچان و ژنان له كوردستان". ئێوارەی هەینی رابردوو، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، پیاوێک هاوسه‌ره‌کەی خۆی بە گولـلە کوشت و ئێستا هەڵاتووە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن. رووداوەکە وەک وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند، کاتژمێر چواری ئێوارە بووە و لە گەڕەکی باداوەی هەولێر بووە. ئەو پیاوە بە گولـلە هاوسه‌ره‌کەی خۆی کوشتووە کە تەمەنی 21 ساڵان بووە. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ز. ج)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2000ـە. بە وتەی هۆگر عەزیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر پیاوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هاوسه‌ره‌کەی کوشتووە. ئێستا پیاوەکە کە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی ئەو کەسەیە، هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. هۆگر عەزیز رایگەیاند، ناسراوەتەوە و پۆلیس هەوڵی ئەوە دەدات دەستگیری بکات و بیداتە دادگا.
هاوڵاتى كۆڵبەرێكی كورد دوای ئەوەی لەلایەن سوپای توركیاوە دەستگیردەكرێت و ئەشكەنجە دەدرێت و گیان لەدەستدەدات. بەیانی دوێنێ هەینی 16نیسانی 2021 دوو کۆڵبەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، لە سنووری وان لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە دەستگیرکران. ئەو دوو کۆڵبەرە ناویان؛ “حەسەن کەچەلانلو و بەهرام سەمەدی” بووە و دوای دەستگیرکردنیان، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە بە توندی ئەشکەنجەدراون دوای ئەشکەنجەدانیان لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە، حەسەن کەچەلانلو کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و باوکی سێ منداڵە، بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە گیانی لەدەستداوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سەربازانی دەوڵەتی تورک دوای ئەشکەنجە و کوشتنی ئەو کۆڵبەرە، تەرمی حەسەن کەچەلانلویان لەگەڵ کۆڵبەرەکەی دیکە کە بە توندی ئەشکەنجەدرابوو، بردووە و لەسەر سنوور دایانناوە. بەپێی وتەی کەسوکاری ئەو کۆڵبەرانە، دوای ئەوەی بەهرام سەمەدی خۆی دەگەیەنێتە گوندەکە، سەربازانی ئێرانی لە ڕووداوەکە ئاگاداردەکاتەوە و ئەو سەربازانەش دەچنە سەر تەرمی ئەو کۆڵبەرە، بەڵام داوا لە سەربازانی تورک دەکەن بەهۆی ئەوەی ئەشکەنجەدراوە، بە فەرمی لە دەروازەی سنوورییەوە ڕادەستی کاربەدەستانی ئێرانی بکەن، سەربازانی تورکیش تەرمەکە هەڵدەگرن و دەیبەن.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ سەعاتی رابردووی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێم بڵاوکردەوەو بەپێی ئامارەکە ٦٤٥ کەس توشی ڤایرۆسەکە بون ١٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. راگەیاندراوی (٢٤) سەعاتی تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (٤١٦) ١. پشکنین: (٥٦٥٨ پشکنینی نوێ) • (١٩١١) هەولێر • (٦٤١) سلێمانی • (٢٧٢١) دهۆك • (٧٣) هەڵەبجە • (٣١٢) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین • ٢. تووشبوو: (٦٤٥ تووشبووی نوێ) • (٨٢) هەولێر • (٦٢) سلێمانی • (٤٨٧) دهۆك • (٣) هەڵەبجە • (١١) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین • ٣. چاکبوون: (٤٩٦ چاکبوون) • (٩٦) هەولێر • (١١٤) سلێمانی • (٢٥٧) دهۆك • (١) هەڵەبجە • (٢٢) گەرمیان • (٦) ڕاپەڕین • ٤. مردن: (١٢ مردن) • (٤) هەولێر • (٣) سلێمانی • (٥) دهۆك • (٠) هەڵەبجە • (٠) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین ئاماری گشتی: کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو) پشکنین ١٥٣٦٧٢٠ (٥٤١٨٤٨ هەولێر، ٣٤٤٢٩٢ سلێمانی، ٦٤١٠٩٨ دهۆك، ٩٤٨٢ هەڵەبجە) تووشبوون ١٣٨٢٢٢ (٤٦٠٨٤ هەولێر، ٤٠٧١٩ سلێمانی، ٤٨١٤٠ دهۆك، ٣٢٧٩ هەڵەبجە) چاکبوون ١١٦٩١٦ (٣٩٧٣٦ هەولێر، ٣٢٦١٧ سلێمانی، ٤١٥٧٢ دهۆك، ٢٩٩١ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ١٧٤٣٧ (٥٢٨٢ هەولێر، ٦٣٠١ سلێمانی، ٥٧١٠ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە) مردن ٣٨٦٩ (١٠٦٦ هەولێر، ١٨٠١ سلێمانی، ٨٥٨ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە)
هاوڵاتى کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی میدیاکانییەوە، کەسی یەکەم و ئەنجامدەری تەقینەوە ناوەکییەکەی بنکەی ئەتۆمی تەنزی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند. میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ناتاز ناوی "رەزا کەریمییە" و تەمەنی 43 ساڵە، دەزگای هەواڵگری ئێران داوای لە پۆلیسی ئینتەرپول کردوە رادەستی بکات. ئاماژەی بەوەشکردوە، رەزا کەریمی بکەری تەقینەوەکەی وێستگەی ئەتۆمی تەنزە و لە ئێستاشدا لە ئێران هەڵاتووە و دەزگای هەواڵگری ئێران داوای لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ کردوە کە رادەستی بکات. 11ی 4ی 2021، لە بەشێک لە تۆڕی دابەشکردنی کارەبا له وێستگه‌ی ئه‌تۆمی ناتانز له پارێزگای ئه‌سفه‌هان تەقینەوەیەک روویدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئێران، ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی ئاسانکاری ناتانز تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو هێرشە بە مەبەستی کەمکردنەوەی پڕۆسەی دانوستانە لە گەڕانەوەی بۆ سەر رێککەوتنە ناوکیەکەی ئێران، کە ئێستا لە ڤییەننا بەڕێوەدەچن.
هاوڵاتى پۆلیسى كه‌ركوك زانیارى له‌سه‌ر په‌لاماره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى داعش له‌سنورى ئه‌و پارێزگایه ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ربارى بونى هێزێكى ئێجگار زۆرى ئه‌منى، داعش دزه‌یكردۆته نزیك كه‌ركوك‌و دوو بیرى نه‌وتى ته‌قانده‌وه". پۆلیسی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان ئەمڕۆ شەممە، 17نیسانی 2021 رایگەیاند، "لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بیرەنەوتێکی کێڵگەی بای حەسەن تەقێنراوەتەوە و دواتر ئاگرەکەی کۆنتڕۆڵکراوە". له‌و ناوچه‌یه‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى لێ ئه‌نجامدراوه، هێزێكى ئێجگار زۆرى پۆلیس، حه‌شدى شه‌عبى‌و پاسه‌وانى تایبه‌تى كۆمپانیاى نه‌وتى باكور بونیان هه‌یه، پێمان سه‌یره داعش چۆن‌و به‌چ ڕێگه‌یه‌ك ئه‌وكاره‌ى كردوه. هه‌ردوو بیره‌كه به‌بۆمبى چێندراو ته‌قێندراونه‌ته‌وه، به‌رهه‌مى هه‌ردوو بیره‌كه‌ش ڕۆژانه 20 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بوه‌و بۆ پێداویستى ناوخۆیی سودى لێ وه‌رگیراوه. پۆلیسى كه‌ركوك ڕونیشیكرده‌وه، "به‌وپێیه‌ى داعش له‌دورى 15 مه‌تره‌وه بۆمبه چێنراوه‌كه‌ى داناوه، بۆیه زیانى هه‌ردوو بیره‌كه زۆرنه‌بوه‌و له‌دواى كاتژمێرێك توانراوه ئاگره‌كه كۆنترۆڵ بكرێت". به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى پۆلیس، "له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا ئه‌مه چواره‌م بیرى نه‌وته له‌كه‌ركوك كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه په‌لامار ده‌درێت‌و ده‌ته‌قێندرێته‌وه، ئه‌گه‌رچى له‌په‌لاماره‌كانى پێشویاندا داعش به‌رپرسیارێتى خۆى ڕاگه‌یاندوه، به‌ڵام بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ى دوو بیره‌كه‌ى ئه‌مڕۆ تائێستا هیچ گروپێكى توندڕه‌وو لایه‌نێك به‌رپرسیارێتى خۆى ڕانه‌گه‌یاندوه، به‌ڵام ئێمه هه‌ر په‌نجه بۆ داعش ڕاده‌كێشین". سەرچاوەیەکە وتیشی، "ئەنجامدەرانی ئەو کارە نەناسراون و جارێ دیار نییە کە کێ ئەو کارەی ئەنجامداوە، بیرەکە غازی کەمبووە، بۆیە ئاگرەکەی زۆر نەبووە و توانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت". راشیگەیاندووە، "لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەدوای ئەنجامدەرانی کارەکەدا دەگەڕێن". کێڵگەکە لە 196بیرە نەوت پێکدێت و پاراستنی ئاسایشیان بەگرێبەست بە دانیشتووانی گوندەکە سپێردراوە، "گوندەکە ناوی بای حەسەنە و کێڵگەکەش هەر بەناوی گوندەکەوەیە".
هاوڵاتى بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر دەڵێت، "ڤاکسینی جۆری فایزەر لە رۆژی پێنجشەممەوە لە هەولێر تەواو بووە و لە ئێستادا بڕێکی کەم لە سەنتەری سۆران ماوەکە کە پێدەچێت ئەمڕۆ و بەیانی لەوێش تەواو ببێت". دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ شەممە، 17نیسانی 2021 رایگەیاند "لە سنوری پارێزگای هەولێر 46 شوێن بۆ کوتانی هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا دیاریکراون کە پێکهاتوون لە 43 بنکەی تەندروستی و سێ نەخۆشخانە". ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە هاوڵاتیان پێش ئەوەی سەردانەی ئەو بنکانە بکەن، پێشوەختە ناوی خۆیان لە سایتی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردبێت". ئەوەشی خستەڕوو، "لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، 19 هەزار و 500 دۆز لە هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بۆ سنوری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە. وتیشی، "لەو بڕە نزیکەی 15 هەزار دۆز بەکارهاتووە و 4 هەزار و 500 دۆزیش ماوە لە هاوڵاتیان بدرێت". بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر راشیگەیاند، "بەهۆی ئەوەی بڕێکی کەم لە جۆرەکانی سینۆفارم و فایزەریان بە دەست گەیشتووە، لە ئێستادا ئەو دوو جۆرە ڤاکسینە لە هەولێر کەمبوونەتەوە و رۆژی پێنجشەممە لە نەخۆشخانەی رزگاری ڤاکسینی فایزەر تەواو بووە و لە ئێستادا تەنها جۆری ئەسترازێنیکا لەبەردەستدا ماوە". ئاشکراشیکرد، پەرۆشی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا زیادیکردووە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ نەمانی ڤاکسین لە شاری هەولێر. دلۆڤان محەمەد ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، ڤاکسینی ڤایزەر تایبەت کرابێت بە کەسان و چینێکی تایبەت و رایگەیاند، "تەنها لەسەرەتای هاتنی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و لە قۆناغی یەکەمدا کوتانی ئەو ڤاکسینە تایبەت کرا بە پزیشکان و کارمەندان تەندروستی، بەڵام لەئێستادا فایزەر و هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەشێوەیەکی یەکسان دابەش دەکرێت بەسەر گشت هاوڵاتیاندا". بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر راشیگەیاند، "لە سنوری پارێزگای هەولێر دوو سەنتەر دیاریکرابوون بۆ کوتانی ڤاکسینی فایزەر کە ئەوانیش سەنتەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەنتەری سۆران بوون، لە نەخۆشخانەی رزگاری تەواو بووە و لەئێستادا تەنها بڕێکی کەم لە سەنتەری سۆران ماوە کە پێدەچێت لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا لەوێش تەواو ببێت".
هاوڵاتى ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند لەتۆڵەی ئەو هێرشه‌ى كرایه‌سه‌ر هه‌ولێر دەبوایە هاوپه‌یمانان 20جار ئه‌و هێزه‌یان بۆردومان بكردایه، "به‌ڵام نه‌یانكردو مه‌ترسیه‌كانیش به‌رده‌وامده‌بن". بابه‌كر زێبارى راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم ئەمڕۆ شەممە، 17نیسانی 2021 رایگەیاند" ئەو ھێزەى په‌لاماره‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێرى ئه‌نجامداوه ئیمکانیاتی زۆری ھەبووەو پشتگیریشیان دەکرێت، بۆیە تا لەسنووری نێوان پێشمەرگەو سوپا دورنەخرێنەوە، مەترسی بەردەوامدەبێت". دەشڵێت" ئه‌و هێزه دەیەوێت دۆخی ھەرێم تێکبدات‌و ھاوپەیمانانیش دەکەنە ئامانج". به‌وته‌ى زێبارى، ئه‌و هێزه‌ى هێرشه‌كه‌ى كردوه توانای زۆری ھەیە، "چونكه فڕۆکەیان ناردووەو تەقەمەنییان بەرداوەتەوەو لەو شوێنەی مەبەستیشیان بووە تەقیوەتەوە، ئەوەش لەکامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوان چەکی باشیان ھەیەو پشتگیری‌یان دەکرێت". په‌یامێكیش ئاراسته‌ى هاوپه‌یمانان ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوکارە له‌سنوری نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دەکرێت‌و ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویستبوو بێدەنگنەبن‌و کاردانەوەیان ھەبێت‌و لەتۆڵەی ئەوە ده‌بوو 20 جار ئەوانیان بۆردومان بكردایه، به‌ڵام نه‌یانكردو مەترسیەكه‌ش بەردەوامدەبێت".