خۆپیشاندانه‌کانی هه‌ولێرو دهۆک ئه‌و وه‌همه گه‌وره‌یه‌ى شکاند که گوایه دانیشتوانه‌که‌ى به‌حوکمڕانی پارتى رازین هاوڵاتی مه‌ریوان وریا قانع، نوسه‌ر و رۆشنبیرى کورد له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى رۆژنامه‌ى هاوڵاتی -دا، باسله خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى هه‌ولێر ده‌کات و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێر و دهۆک هه‌ندێک وههم و ئه‌فسانه‌ى گه‌وره‌ى تێکشکاند که پارتى و میدیاکار و خوێندهوارهکانى بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد، که گوایه ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى شاهێدى حوکمڕانییه‌کى باشن و دانیشتوانه‌که‌شیان رازین به‌و حوکمڕانییه. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه «ئازایه‌تییه‌کى که‌م وێنه‌یان نیشاندا که پارتییه‌کان چاوه‌ڕوانى نه‌بوون. له به‌شێکی تری چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باس له‌وده‌کات که بۆ ده‌ستکاریکردنى سیستمه ئابوریی ده‌بێ سیستمی سیاسی بگۆڕێ. هاوڵاتی گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له سلێمانییه‌وه بۆ هه‌ولێر، ده‌کرێت بهگۆڕانێکى سیاسى نوێ سه‌یربکرێت که کوردستان بباته قۆناغێکى تر‌ى سیاسییه‌وه؟ مه‌ریوان وریا قانع: گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان بۆ هه‌ولێر و دهۆک هه‌ندێک وههم و ئه‌فسانه‌ى گه‌وره‌ى شکاند که پارتى و میدیاکار و خوێندهوارهکانى بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد. کۆتایى به‌و خورافه‌ته هێنا که گوایه ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى شاهێدى حوکمڕانییه‌کى باشن و دانیشتوانه‌که‌شیان ڕازین به‌و حوکمڕانییه. من له کاتى رووداوه‌کانى 17 شوباتدا باسى ئه‌وه‌م کرد که ئه‌وه‌ى له هه‌ولێر و دهۆک و ناوچه‌کانى تر‌ى ژێر ههیمهنى سه‌ربازیى و ئه‌منى پارتیدا ئاماده‌یه «بێده‌نگی» نییه به‌ڵکو «بێده‌نگکردنه«. ترساندنێکى قوڵ و به‌رفراوان، تێکه‌ڵ به سڵ نه‌کردنه‌وه له هه‌موو جۆره ئیهانه‌و سوکایه‌تیکردنێک، تا به‌ڕاونان و گرتن و ده‌رکردن و ون‌کردن و کوشتن ده‌گات. ئه‌مانه ئه‌و ته‌کنیکه سه‌ره‌کییانه‌ى حوکمڕانین که پارتى له‌ناوچه‌کانى خۆیدا سه‌روه‌ریی کردوون. ئه‌وه‌ى له‌م خۆپیشاندانه‌دا دیمان، شکانى ترس و فه‌شه‌لى به‌رچاوى ئه‌و ته‌کنۆلۆژیا تایبه‌ته‌ى حوکمڕانیى بوو. خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه ئازایه‌تییه‌کى که‌م وێنه‌یان نیشاندا که پارتییه‌کان چاوه‌ڕوانى نه‌بوون. به‌ڕاى من بهدهنگهاتنى خه‌ڵکى کوردستان له‌م ساته‌دا بنه‌مایه‌کى ئابووریى به‌هێزى هه‌یه‌و په‌یوه‌ندیى به له‌ده‌ستدانى بژێوى رۆژانه‌وه هه‌یه. نه دین، نه ئایدیۆلۆژیا، نه فانتازییهکى سیاسیى دیاریکراو له‌پشتى جوڵه‌ى شه‌قامه‌وه نییه، ئه‌وه‌ى خه‌ڵک ده‌جوڵێنێت فه‌شه‌لى سه‌رتاسه‌ریى سیاسه‌تى ئابوریى سهربهخۆو سیاسه‌تى نه‌وت و سیاسه‌تى موچه‌یه. هۆیه‌که‌ى تریش ده‌ره‌نجامه کوشنده‌کانى ریفراندۆمه بۆ سه‌ر ژیانى رۆژانه. به‌ڵام زۆرجار چوونه سه‌ر شه‌قام کۆمه‌ڵێک ده‌ره‌نجامى سیاسیى گرنگى ده‌بێت، ئه‌گه‌رچى مۆتیڤهکانى چوونه سه‌ر شه‌قام مۆتیڤى سیاسییش نین. هه‌رێم ناتوانێت بژیى و بمێنێته‌وه به‌بێ ریفۆرمێکى راسته‌قینه‌ى سیستمه ئابورییه‌که، ئه‌م ریفۆرمه‌ش به‌بێ ده‌ره‌نجامى سیاسى نابێت. سیستمه ئابورییه‌که‌ى هه‌رێم ده‌ره‌نجامى کۆمه‌ڵێک بڕیار‌و هه‌ڵبژاردنى سیاسییه، بۆیه که‌وتنى ئه‌و سیستمه ئابوورییه و ریفۆرمکردنی، ماناى که‌وتنى ئه‌و هه‌ڵبژارده سیاسییانه. هاوڵاتی خۆپیشاندانه‌که به‌هۆى پاشه‌که‌وتى مووچه‌وه رێکخرا، به‌ڵام یه‌کێک له دروشمه‌کانى خوپیشاندهرانى هه‌ولێر داواکردنى ئازادى بوو؟ ده‌کرێت ئه‌مه به جۆرێک سه‌یربکرێت ئیتر خواستى خه‌ڵکى له شتێکى دیاریکراوى وه‌کو مووچه‌وه هه‌نگاوبنێت به‌ره‌و جوڵانه‌وه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى، یان هێشتا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه سنوردار‌و کاتى ده‌بن؟ مه‌ریوان وریا قانع: خواستى داواکردنى موچه خواستێکى سیاسییه‌و هه‌رگیز خواستێکى ئابوریى نییه به‌ته‌نها. ئێمه له‌به‌رده‌م سیستمێکى سیاسیداین که له هه‌موو ئاسته‌کاندا ئیفلاسێکى گه‌وره سه‌رتاسه‌ریى کردووه. شتێکیان دروستکردوه نه خۆیان و نه کهسیتر ناتوانێت چاکیبکاته‌وه. له‌م سیستمه‌دا دابینکردنى موچه بۆ مووچه‌خۆران پێویستى بهدهستکاریکردنێکى گه‌وره‌و هه‌مه‌لایه‌نى سیستمه ئابورییه‌که هه‌یه، ده‌ستکاریکردنى سیستمه ئابورییهکهش به‌بێ ده‌سکاریکردنى سیستمه سیاسییه‌که مه‌حاڵه، چونکه هه‌موو سیاسییه‌کى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و نفوز، له هه‌مانکاتدا گهمهکهرێکى ئابوریى گه‌وره‌شه‌و به‌شێکه له‌و سیستمه ئابورییه‌ى که ناتوانێت موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابینبکات. ئه‌مه وایکردوه خواستى ئابوریى له هه‌رێمدا، به‌رده‌وام خواستێکى سیاسى بێت. له‌سه‌روى ئه‌مانه‌شه‌وه خه‌ڵکى هه‌ولێر داواى ئه‌و ئازادییه سادانه‌ش ده‌که‌ن که پارتى به‌شێوه‌یه‌کى ترسناک له‌خه‌ڵکى سه‌ندووه‌ته‌وه. ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى له‌هه‌موو ناوچه‌کانى تر‌ى کوردستان زیاتر بێئازادیین، زیاتر کۆنترۆڵ و دیسپلینکراون، ترس و تۆقاندنى زیاتریان تێدایه. ئه‌مانه هه‌ندێک راستى زۆر ساده‌ن و ناکرێت له‌ژێر ناوى بێلایه‌نبوون و بینینى هه‌موو هێزه‌کان به یه‌ک چاو، نکوڵیان لێبکرێت. هه‌رکه‌سێک ئه‌م کاره بکات درۆ له‌گه‌ڵ خۆى و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاو له‌گه‌ڵ مێژووى ئێمه‌دا ده‌کات. هاوڵاتی وه‌کو زۆرێک له خۆپیشاندانه‌کانى تر مامه‌ڵه‌ى ده‌سته‌ڵاتداران له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران زه‌برو زه‌نگى تێکه‌وت، پێتوایه ئه‌م مامه‌ڵانه به به‌رنامه ده‌کرێن، یان رووداوگهلێکى ئاسایین و به‌رپرسیاریه‌تییه‌که‌ى ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى کارمه‌ندانى هێزه ئه‌منییه‌کان؟ مه‌ریوان وریا قانع: ئه‌وه‌ى له هه‌رێمدا دروستکراوه هێنده ترسناک و فاشیل و گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرسیار و نادادپه‌روه‌ره، ته‌نها یه‌ک شت ده‌توانێت بیپارێزێت: توندوتیژییه. توندوتیژیى لاى خێزانه سوڵتانییهکانى هه‌رێم ته‌نها ئامرازێک نییه جار نه‌جار په‌ناى بۆ ببرێت، به‌ڵکو لۆژیکى ئیشکردنى ئه‌و سیستمه سیاسى و ئابورییه‌یه که دروستیان کردوه. ئه‌وه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه گه‌وره‌و بێدادییه ده‌پارێزێت، نه ئایدیۆلۆژیایه، نه قه‌ناعه‌ته، نه‌بوونى حیکایه‌تێکى قبووڵکراو و باوه‌ڕپێکراوه، نه سه‌رمایه‌یه‌کى ره‌مزییه، نه کاریزمایه، نه مێژووى خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییه، هه‌موو ئه‌م شتانه له هه‌رێمدا ئیفلاسێکى ته‌واویان کردوه. ئه‌وه‌ى حوکمڕانان و سیستمه سوڵتانییه‌که‌یان ده‌پارێزێت توندوتیژییه، توندوتیژییه‌کى رووت. به‌بۆچوونى من ئه‌و هێزه راستهقینهیهى ئه‌م سیستمه سوڵتانییه بۆ پاراستنى خۆى دروستیکردووه، پۆلیس و هێزه ئه‌منییه ئاساییه‌کان نییه، به‌ڵکو ئه‌و لهشکرهیه له بهڵتهجیى شه‌قوه‌شێن و هێزى تایبه‌ت که له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانن. بێگومان بهپرسیاریەتیەکى گه‌وره له‌سه‌ر شانى هێزه‌کانى پۆلیس و هێزه ئه‌منییه ئاساییه‌کانه، به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌ى نه‌که‌ونه شه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا و له‌و راستییه ساده‌یه تێبگه‌ن ئه‌وه‌ى له دروستبوونى ئه‌و دۆخه کاره‌ساتاوییه به‌رپرسیاره، حوکمڕانان نه‌ک خه‌ڵکى ناڕازیی. هاوڵاتی رۆڵ و به‌شداریى ژنان له خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێردا چۆن ده‌بینى که به چڕى بهشدارییانکردو له پێشهوهبوون؟ پێتوایه به‌شدارى ژنان هۆکاربوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خۆپیشاندانه بۆ چه‌ند رۆژێک به‌رده‌وام بێت و به ئاسانى سه‌رکوت نه‌کرێت؟ مه‌ریوان وریا قانع: ژنان له هه‌ولێر بکه‌رێکى سیاسیى ره‌خنه‌یى زۆر چالاک و راستگۆبوون. له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کاندا بوون. ئه‌مه‌ش سه‌یرو نالۆژیکى نییه، چونکه گوناهه‌کان و هه‌ڵه‌کانى سیستمه سیاسى و ئابورییه‌که، زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى تاکه که‌سه‌کانى ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ى ئازارداوه. چه‌وساندنه‌وه‌و بێمافکردن و په‌راوێزخستن نێر‌و مێى نه‌ناسیوه و رووى له هه‌مووان بووه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا هۆشیاریى به‌رگریکردن و شه‌ڕکردن بۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌کان، بێده‌نگنه‌بوون به‌رامبه‌ر به‌زوڵم و زۆر، بووه به‌به‌شێک له ئاکارى کۆمه‌ڵایه‌تى له دونیای ئێمه‌دا، به نێر‌و مێوه. باوه‌ڕم وانییه رۆبۆت و بهڵتهجییهکانى ده‌سه‌ڵاتداران سڵ له لێدان و سوکایه‌تیکردن به‌ژنان بکه‌نه‌وه، ئه‌وان په‌لامارى هه‌موو که‌سێک ئه‌ده‌ن که ئه‌مریان پێکرابێت په‌لاماریان بده‌ن، له‌مه‌شدا جیاوازیى له‌نێوان ژن و پیاو، گه‌نج و پیر، مناڵ و گه‌وره‌دا ناکه‌ن. هاوڵاتی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه چى کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به‌جێده‌هێڵێ، هه‌م له سه‌ر سایکۆلۆژیاو بیرکردنه‌وه‌یان هه‌م له‌سه‌ر ره‌فتاریان؟ مه‌ریوان وریا قانع: گومانم له‌وه نییه که ده‌یانترسێنێت و له‌وانه‌شه چه‌ند شه‌وێکیش خه‌ویان لێبزڕێنێت، به‌ڵام له‌دوا ده‌ره‌نجامدا، ئه‌وان خۆیان به‌ڕاست و کۆمه‌ڵگا به‌هه‌ڵه ده‌زانن. ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى راسته‌قینه‌یان به کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌و ژیانى خه‌ڵک و کێشه‌کانیانه‌وه نه‌ماوه. خۆیان و ماڵ و منداڵیان له کۆشک و گیتۆى تایبه‌تیدا ده‌ژین و هیچ شتێک نایانباته‌وه ناو کۆمه‌ڵگاى ئێمه. ئه‌وه‌شى له گیتۆدا بژى لهدونیایهکى داخراودا دهژیى و ته‌نها سه‌داى قسه‌کانى خۆى و یاوه‌ره‌کانى ده‌بیستێته‌وه.
له داواى نانه‌وه بۆ داواکردنى ئازادی، دیارترین ئه‌و دروشمانه بوو که ژنانى هه‌ولێر به‌رزیان ده‌کره‌وه هاوڵاتی - نه‌جات ئه‌حمه‌د / هه‌ولێر ژنه پزیشکێک له شوێنێکى ده‌وره‌دراو به پۆلیس و هێزی ئه‌منى جۆراوجۆر، بۆ یه‌که‌مجار ده‌ستى برد بۆ مۆبایله‌که‌ی و وێنه‌ى ئه‌و کارمه‌نده ئه‌منیانه‌ى گرت که به جلی مه‌ده‌نییه‌وه له‌ناو هه‌ولێر رێگریان له خه‌ڵکى ده‌کرد، خۆپیشان ئه‌نجام بدەت. ئه‌مه‌ش کارێکى تا راده‌یه‌ک چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو له شارێکدا به «کپکراو» ناسراوه. دیمه‌نى ناو مۆبایله‌که‌ى د.شایان به خێرایی له‌ڕێی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه گه‌یشته هه‌موو ماڵێک، ئه‌و ڤیدیۆیه نیشانی دا که هێزه ئه‌منییه‌کان، ناتوانن کۆنتڕۆڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌ى ئه‌و رۆژه بکه‌ن، که تێیدا ده‌رده‌که‌وێت کارمه‌ندێکى هێزه ئه‌منییه‌کانى هه‌ولێر، خۆى وه‌کو که‌سێکى بێ ئیش ده‌ناسێنێت و ده‌یه‌وێت رێگریی له خۆپیشاندانه‌که بکات، به‌ڵام پزیشکه‌که وێنه‌ى ده‌گرێت، دواتر په‌لاماری مۆبایلەکەی ده‌ده‌ن. له‌ناو کوردا په‌لاماردان و هێرشکردنه سه‌ر ئافره‌تان به کارێکى «قێزه‌ون» سه‌یر ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش هه‌لێکى دایه ئه‌و ئافره‌تانه باشتر بتوانن بڕۆنه پێشه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان، بۆئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى په‌لاماردان نه‌بنه‌وه، به‌ڵام کاتێک پزیشکه ئافره‌ته‌که به‌رده‌وام ده‌بێت له وێنه گرتن، کارمه‌ندێکى تری هێزه ئه‌منییه‌کان که به جلی مهندهنییهوه ده‌سوڕایه‌وه، ته‌حه‌مولی پچڕا‌و په‌لاماری مۆبایله‌که‌ى دا. د.شایان تاکه ژنى نێو ئه‌و ناڕهزایهتیانیەی هه‌ولێر نه‌بوو که له 25/3/2018 ده‌ستپێکرد، به‌ڵکو له‌و گرته ڤیدیۆیانه‌دا سه‌دان ژنى تر ده‌بینرێن که له پێشه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کاندا هوتاف ده‌کێشن، هه‌ندێک له‌و هوتافانه زیاترن له داواکردنى مووچه، به‌ڵکو داوای ئازادی و رۆیشتنى ده‌سه‌ڵاتدارانیش ده‌که‌ن. ڤاڵانتاین عه‌بدولڕه‌حمان ژنێکى به‌شداربووى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێره، ئه‌و وه‌کو فه‌رمانبه‌رێک بۆ داواکردنى مووچه‌که‌ى رۆیشته ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه، به‌ڵام دیمه‌نى ژنانى تری ناو خۆپیشانده‌ران سه‌ره‌نجى راکێشاوه که به‌و ناڕه‌زایه‌تییانه بڵێت، «ئه‌وه‌ى روویدا جۆرێک بوو له شۆڕشی سپى ئافره‌تان «. ڤاڵانتاین عه‌بدولڕه‌حمان هه‌روه‌ها وتى «ئه‌مجاره ژنانى هه‌ولێر توانییان به‌ربه‌سته‌کان بشکێنن و شێرانه بێنه مه‌یدان و ژن شانبه‌شانى پیاو ده‌نگى ناڕه‌زاییه‌کانی به‌رزبکاته‌وه، ئه‌مه وایکرد مه‌وداى ناڕه‌زاییه‌کان فراوانتر بکات». «ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره له هه‌ولێر روویدا گهوریى قه‌یرانه‌کان بوو له‌سه‌ر ژن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژن له کوردستان بووه‌ته قوربانى یه‌که‌مى ئه‌و سیسته‌مه، بۆیه پڕ به ده‌نگى هاوارى ده‌کرد ئاشتى ئاشتى، چونکه ئه‌و له‌ماڵه و ده‌زانێ ئه‌و قیرانه چه‌نده گه‌وره‌یه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا» ڤاڵانتاین واى وت. نیاز عه‌بدوڵلا، رۆژنامه‌نووس و چالاکوانى داکۆکیکار له مافى مرۆڤ، یه‌کێکى تر بوو له‌و که‌سانه‌ى به‌شدارى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێرى کردوو، رووبه‌ڕووى لێدان و هه‌ڕه‌شه‌و سوکایه‌تیکردن بوویه‌وه. نیاز به‌هاوڵاتی وت «خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێر توانى ئه‌و ته‌لیسمه کۆمه‌ڵایه‌تییه تێکبشکێنێت که ساڵانێکه وه‌ک ره‌خنه ئاڕاسته‌ى ده‌کرێت به‌وه‌ى که ژنان ئاماده‌یان نیه له شه‌قام و نابینرێن و هه‌ولێر کۆمه‌ڵگایه‌کى داخراوه و ژنان له پهراروێزن». هه‌روه‌ها وتى «ئه‌مه له کاتێکدابوو که جۆره‌ها رووبەڕووبوونه‌وه له‌لایه‌ن بهڵتهجیهکانهوه هه‌بوو چ به په‌لاماردان و ناو زڕاندن یان به ئیهانه‌کردن و جنێوى ناشرین و ده‌یان ویست به‌لاڕێدا بیبه‌ن، که‌چى ژنان ئازایانه‌تر به‌رگرییان کرد و به‌رهه‌مى ئه‌ویش خۆپیشاندانه‌کان زۆر مه‌ده‌نیانه که‌وته‌وه«. چیرۆکى رفاندنى مۆبایلى ئه‌م رۆژنامه‌نووسه به به‌رچاوى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێره‌وه، کاردانه‌وه‌یه‌کى گه‌وره‌ى له‌نێو تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک به‌دواى خۆى دا هێنا که چۆن راده‌کات به‌دواى ئه‌و کهسهداو مۆبایله‌که‌ى لێوه‌رده‌گرێته‌وه. نیاز به‌مشێوه‌یه چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه «ئه‌و رۆژه کاتێ یه‌کێک له به‌ڵته‌جیه‌کان، له‌به‌رچاوى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر مۆبایلهکهمى رفاند‌و رای‌کرد، منیش رووبه‌ڕووى بوومه‌وه و لێم وه‌رگرته‌وه، ئه‌و ده‌یویست مۆبایله‌که‌م لێ ببات، هه‌رگیز نه‌بووه به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیس پاسه‌وانى له‌دز بکات و یه‌کێک به جلى مه‌ده‌نیه‌وه بێت که‌رەسته و ماڵى تۆ ببات و بیخاته ده‌ستى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسه‌وه«. وتیشى «به‌داخه‌وه مامه‌ڵه‌ى زۆر ناشیرنیان له‌گه‌ڵ ژنانى خۆپیشاندەر ده‌کردو لێیان ده‌داین و قسه‌ى ناشرین و بریندارکه‌ریان به ژنه‌کان ده‌وت». به‌شداریکردنى چڕی ژنان له‌و خۆپیشاندانانه‌دا بۆته جێگه‌ى ستایشی پیاوان به جۆرێک ده‌ڵێن ئه‌و به‌شداریکردنه‌ى ژنان له چاوه‌ڕوانیدا نه‌بووه، هه‌ر بۆیه وه‌کو شۆکێک بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌ولێر سه‌یری ده‌که‌ن، هه‌ربۆیه ئه‌م جاره ئه‌وان کرانه ئامانج. ئه‌سکه‌نده‌ر جه‌لال، پیاوێکى به‌شداربووى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێره، به‌هاوڵاتی وت »له‌م خۆپیشاندانانه‌ى هه‌ولێر، ئافره‌ت به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌موو جاره‌کانى تر، ئه‌مجاره له‌نێو ئاپۆڕاکاندا ئاماده‌گى کارا و دیارى هه‌بوو، ئافره‌ت نه‌ک هه‌ر ئاماده‌گى و هاوبه‌شیان هه‌بوو، به‌ڵکو رۆڵى پێشڕه‌وییان ده‌بینی». وتیشى «بوێرى و جه‌رائه‌ت و تێههڵچوونانهى ئافره‌تانى هه‌ولێر حاڵه‌تێکى شۆک و تاسانى له‌لاى ده‌سه‌ڵاتداران درووست کرد که زۆر دوور بوو له‌پێشبینى ئه‌وان و به‌هیچ جۆرێک بۆ ئه‌وه نه‌چووبوون ئافره‌ت به‌مشێوه‌یه‌و به‌و ژماره زۆره بتوانێت بێته شه‌قام و داواى ماف و دادپه‌روه‌ریى بکات و سڵ نه‌کاته‌وه له‌هه‌ر ئازاردان و پێشێلکارییه‌ک که به‌رامبه‌رى بکرێت» زۆرێک له ژنان له‌کاتى هوتاف کێشاندا به‌ته‌نها داوای مووچه پاشکهوتکراوهکانینان نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو له چه‌ندین هوتافی تردا داواى ئازادی و رۆیشتنى دهسهلاتدارنیان ده‌کرد. له لای نیاز عه‌بدولا ئه‌م هوتافانهى ژنانى هه‌ولێر قۆناغێکى تر‌ى پێگه‌یشتنى ژنانه، ئه‌و وتى «ساڵانێکه ئه‌و حکومه‌ته خواستى بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کى ژن کوژ و نامووس په‌رست هه‌بووه درێژى هه‌یه، به‌ڵام بۆمان ده‌رکه‌وت که ژنان له قۆناغێکى زۆر پێشکه‌وتوو داکۆکیکارێکى به‌هێزترى به‌دیهێنانى مافه‌کانیانن».
هاوڵاتی جه‌میل بایک، هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که رەخنە ئاڕاستەی روسیا دەکات کە پشتیوانی تورکیا دەکات بۆ "جینۆسایدکردنی" کورد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە روسیا هاوکاری تورکیای کرد لە داگیرکردنی عەفرین. جه‌میل بایک، لە چاوپیکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات، که ئه‌مڕۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه، باسى دوایین پێشهات و گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان و ناوچه‌که ده‌کات. بایک دەلێت "تورکیا له‌ناوبردنی کورد پشتوانی له ڕوسیا وه‌رده‌گرێت، له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ئه‌ڵمانیا له جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کاندا چ ڕۆڵێکی گێڕا، ئێستاش ڕوسیا بۆ جینۆسایدکردنی کورد هه‌مان ڕۆڵ ده‌گێڕێت. هەروەها دەڵێت "به‌ڵام ئێستا ڕاستییه‌کی کورد له ناوچه‌که و جیهاندا هه‌یه، که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه". "به‌ڕێکخستنبوونی کورد له‌گه‌ڵ ستراتیژی ده‌وڵه‌تی تورک نایه‌ته‌وه" جه‌میل بایک ئه‌وه‌ی به بیرهێنایه‌وه، که ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جه‌نگی سێیه‌می جیهانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و وتی "کورد نه‌ک ته‌نها له باکووری کوردستان، به‌ڵکو له ڕۆژئاوای کوردستانیش هۆشیاربووه‌ته‌وه، له باشووریش هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتی به ده‌ستهێناوه. له ڕۆژهه‌ڵاتیش هۆشیاربوونه‌ته‌وه. کورد له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هۆشیاربووه‌ته‌وه. داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک ده‌که‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر هێڵی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیکی رێبه‌رایه‌تی و له ناو سنووره سیاسییه‌کانی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌دا چاره‌سه‌ری بخوڵقێنن. ئێمه ده‌مانه‌وێت به نزیکایه‌تییه‌کی گونجاو و شایسته و ئاسان ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هۆشیاربوونه‌وه‌ی کورد و به‌ڕێکخستنبوونی کورد و به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌و چاره‌سه‌رییه له‌گه‌ڵ ستراتیژی ده‌وڵه‌تی تورک و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی ئاکه‌په – مه‌هه‌په، که ده‌یانه‌وێت کورد پاکتاو بکه‌ن، نایه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له کوێ به دیموکراسیبوون هه‌بیت ئه‌وان دژایه‌تیی ده‌که‌ن". جه‌میل بایک وتى: "نه‌ک ته‌نها دژایه‌تیکردنی کورد، به‌ڵکو هاوکات له‌گه‌ڵ دژایه‌تیکردنی کورد دژایه‌تیی به دیموکراسیکردنیش ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێت کورد بسڕنه‌وه و پاکتاوی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ش به توندی دژایه‌تیی به دیموکراسیکردن ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی کوردن و ده‌یانه‌وێت کورد بسڕنه‌وه دژایه‌تیی به دیموکراسیکردنیش ده‌که‌ن. له کوێ دیموکراسیه‌ت هه‌بێت له‌وێ بوونی کورد قبوڵ ده‌کرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. کورد قبوڵ بکرێت و له‌سه‌ر بناغه‌ی ژیانکردن به کولتور و ڕۆشنبیری و ناسنامه‌ی خۆیه‌وه، ئه‌وا ژیانێکی ئازاد دێته ئارا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک که نه‌بینراوه و هاوتای نییه، دوژمنایه‌تیی دیموکراسی ده‌که‌ن. پێویسته به‌ستنه‌وه‌ی دیالکتیانهی نێوان دوژمنایه‌تیکردنی کورد و دیموکراسی به‌و شێوه‌یه لێکبدرێته‌وه و ببینرێت". "کورد له عه‌فرین به‌رخۆدان ده‌کات و کۆتایی به داگیرکاریی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌هێنێت" جه‌میل بایک ئاماژه‌ی به مه‌به‌ست و پلانی نوێی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری تورک کرد و وتی "شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی به‌رده‌وامه. هاوسه‌نگی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تێکچووه. ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت له قۆناغی بنیاتنانی هاوسه‌نگیی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سوود له ناکۆکییه‌کان و هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت و تواناکانی وه‌ربگرێت. بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ندێک هێزدا ڕێککه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکخستنی کورد و هێزی سیاسی و سه‌ربازیی کورد رابوهستێنت و له‌ناوی ببات. پلانی له‌ناوبردن و تێکشکاندنی کورد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، له ساڵی ٢٠١٤ه‌وه ده‌ستیپێکردووه. ئه‌و پلانه له ٣٠ی تشرینی یه‌که‌می ٢٠١٤ له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورک (مه‌گه‌که)دا بڕیاری لێدرا و هێرشیان له دژی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان ده‌ستیپێکرد بۆ ئه‌وه‌ی کورد ده‌رپه‌ڕێنن بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان". باسى له‌وه‌ش کرد: "ئه‌وان ئه‌و سیاسه‌ته‌یان په‌سه‌ند کردبوو و جێبه‌جێیان ده‌کرد. ئێستاش به داگیرکردنی عه‌فرین به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا ئه‌و سیاسه‌ته له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. بێگومان ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکه، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ت و قۆناغه به داگیرکردنی عه‌فرین کۆتایی پێنه‌هاتووه و درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌و سیاسه‌ت و قۆناغه له‌لای ئه‌وانه‌وه درێژه‌ی پێده‌درێت و کوردیش درێژه به به‌ره‌نگاری ده‌دات. کورد له عه‌فرین خۆڕاگری ده‌کات و کۆتایی به داگیرکه‌ریی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌هێنێت". "ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو دوژمنایه‌تی هه‌موو کورد بکات" جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که وتی، کورد له‌م دۆخه‌دا بووه‌ته خاوه‌نی هێز و ئه‌وه‌ى وت: "ڕاپه‌ڕینێکی ئاسایی و باوی ناوچه‌یی نییه. ته‌نها کورد له باکووری کوردستان به‌هێز نه‌بووه، به‌ڵکو کورد له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا به‌هێز بووه. ئه‌و به‌هێزبوونه‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌کی باش و ئه‌رێنی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌هێزبوونی یه‌کتر دروست ده‌کات. خاوه‌نداری له یه‌کتر ده‌کات. ده‌وڵه‌تی تورکیش نه‌ک ته‌نها له پارچه‌یه‌ک، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو دوژمنایه‌تی هه‌موو کورد بکات. بۆ ئه‌وه‌ش شه‌ڕی بردووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی. پلانی نوێ، بڵاوکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا". بایک زیاتر وتى: "ئه‌وه‌ش به‌و مانایه دێت، که چۆن له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا له‌ناوبردنی کوردیان له چوارچێوه‌ی هه‌ندێک په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجامدا و چۆن خۆیان هه‌ڵواسی به هه‌ندێک هێزی نێوده‌وڵه‌تیدا، ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ دروستکردنی هاوسه‌نگیی نوێ‌دا خۆیان هه‌ڵواسن به هه‌ندێک هێزی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا له‌و ڕێگه‌یه‌وه کورد له‌ناو ببه‌ن و هێرشه‌کانی خۆیان سه‌ربخه‌ن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌موو ده‌رفه‌ت و تواناکانی تورکیایان پێشکه‌ش کردووه و پێیانداون. بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی کورد، تورکیایان له‌سه‌ر مێزی قومار دانا. به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر پێ رابگرێت و له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه، تورکیای خستووه‌ته سه‌ر مێزی قومار و قوماری پێوه ده‌کات". "کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه" بایک له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ئه‌وه‌ی به بیرهێنایه‌وه، که ده‌وڵه‌تی تورک به پشتیوانیی ڕووسیا عه‌فرینی داگیرکردووه و ده‌یه‌وێت سیاسه‌ته‌کانی له سوریا به پشتیوانی رووسیا ده‌رێژه پێبدات. بایک له لێکدانه‌وه‌یه‌دا بۆ په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌تی تورک و ڕووسیا وتی "به‌ڕاستی په‌یوه‌ندیی رووسیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورک پارادۆکس و دژبهیهکبوونێکی گه‌وره‌یه! تورکیا تاوه‌کو ئێستا سوریای ده‌سوتاند و کاولی ده‌کرد و تاوه‌کو ئێستاش یه‌کێکه له سه‌رچاوه‌کانی نائارامی له سوریا، ئێستا ده‌یه‌وێت به خۆهه‌ڵواسین به ڕووسیا درێژه به سیاسه‌ته‌کانی له سوریا بدات. له کاتێکدا له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی کورد به شێوه‌یه‌کی دژوار ئه‌نجام ده‌دات، پشتوانی له رووسیا وه‌رده‌گرێت. له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ئه‌ڵمانیا له کۆمه‌ڵکوژکردن و جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کاندا چ رۆڵێکی گێڕا، ئێستاش رووسیا بۆ کۆمه‌ڵکوژکردن و جینۆسایدکردنی کورد هه‌مان رۆڵ ده‌گێڕێت، به‌ڵام ئێستا راستییه‌کی کورد له ناوچه‌که و جیهاندا هه‌یه، که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه". ئه‌وه‌شى وت: له ناوچه‌که پێشکه‌وتن له ئارادایه و گه‌ل داوای دیموکراسی ده‌کات. داوای دیموکراسی و دوژمنایه‌تیکردنی کورد له یه‌ک کاتدا و پێکه‌وه به‌ڕێوه ناچێت. هه‌رگیز داوای دیموکراسیی گه‌لان و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک له‌گه‌ڵ یه‌ک نایه‌نه‌وه. رووسیا له‌لایه‌ک پشتیوانی کۆمه‌ڵکوژکردنی کورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه ده‌کات و له‌لایه‌کی تره‌وه راگه‌یاندراو بڵاوده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن، چاره‌سه‌ری سیاسی له سوریا به بێ کورد نابێت. ئێمه باسی ئه‌وه ده‌که‌ین، که ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت کورد کۆمه‌ڵکوژ بکات و بیسڕێته‌وه و سیاسه‌تێکی له‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام ئاسان نییه (تورکیا) هه‌موان به‌پێی حه‌ز و خواستی دڵی خۆی بکاته دوژمنی کورد، چونکه ئه‌وه بۆ سیاسه‌تی خۆی به مه‌ترسی ده‌زانێت، بۆیه ناتوانێت ئه‌و سیاسه‌ته به‌پێی خواستی خۆی به‌ڕێوه‌ببات". "ئێمه ڕێگا ناده‌ین که به ئاسانی ئه‌و پیلان و سیاسه‌ته به‌ڕێوه‌بچێت" ڕاشیگه‌یاند: "له‌لایه‌کی تره‌وه به‌رخۆدانێکی گه‌وره له‌لایه‌ن کورده‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ش واده‌کات نه‌توانێت ئه‌و پلان و مه‌به‌سته نوێیه‌ی خۆی به ئاسانی به‌ڕێوه‌ببات. ئێمه ڕێگا ناده‌ین که به ئاسانی ئه‌و پلان و سیاسه‌ته به‌ڕێوه‌بچێت. کورد ده‌رفه‌ت به‌و سیاسه‌ت و پلانه نادات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین که ئه‌و شه‌پۆل بۆ هێرش و کوشتار و له‌ناوبردنی کورد به‌پێی شه‌رت و مه‌رجیی جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پلانی بۆ دانراوه و به‌ڕێوه‌ده‌چێت". جه‌میل بایک له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه وتی "ئه‌مریکا له‌سه‌ره‌تادا سیاسه‌تی ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌برد، که کورد له رۆژئاوای فورات قازانج بکات، به‌ڵام له بارودۆخی عه‌فرین و هێرش بۆ سه‌ر عه‌فرین ته‌نها وه‌ک سه‌یرکه‌ر جوڵایه‌وه. رووس له عه‌فرین بوو، له رۆژهه‌ڵاتی فوراتیش ئه‌مریکا. دابه‌شکردنی له‌و شێوه‌یه ده‌بینرا. هه‌ر ئه‌مریکا خۆیشی به ئاشکرا له دژی داگیرکردنی عه‌فرین نه‌وه‌ستایه‌وه و هه‌روه‌ها به هه‌ڵوێسته‌کانی دنه‌ده‌ر و هانده‌ری ئه‌و داگیرکارییه بوو". "بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشتبه‌ستوو بووه به هێزی خۆی" بایک ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، کورد ئه‌و دۆخه ده‌بینێت و به‌پێی ئه‌وه ڕێکخستنی خۆی، هێزی خۆی بۆ پاراستن و به‌رگری به‌ره‌و پێش ده‌بات و له‌و باره‌یه‌شه‌وه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "ڕێبه‌ر ئاپۆ و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، که بۆ کورد هێزی خۆی و تێکۆشان به هێزی خۆی، ناچارێتییه. بزووتنه‌وه‌یه‌که، که داواکانی پشتبه‌ستوو ده‌بێت به‌گه‌ل و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌جوڵێته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی کورد بزووتنه‌وه‌یه‌ک نییه که خۆی هه‌ڵبواسێت به ده‌وڵه‌تێکدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بجوڵێته‌وه. مه‌گه‌ر کورد به سیاسه‌تی پشتبه‌خۆبه‌ستن بتوانێت له پارچه‌کانی تردا سه‌رکه‌وتن به ده‌ستبهێنێت". ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "بێگومان کورد ده‌توانێت دیپلۆماسی ئه‌نجام بدات و له‌گه‌ل هێزه جۆراجۆره‌کاندا په‌یوه‌ندی دروست بکات، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه، که کورد پشتبه‌ستوو بێت به هێزی خۆی، هێزی سیاسی و سه‌ربازیی خۆی و یه‌کێتی به بنه‌ما بگرێت. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ هێزه دیموکراسیخوازه‌کانی ناوچه‌که‌دا بێت، چونکه کێشه‌ی کورد و کێشه‌ی به دیموکراسیکردنی ناوچه‌که له هه‌ناوی یه‌کتردان، چونکه تاوه‌کو کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر نه‌کرێت به دیموکراسیکردنی ناوچه‌که‌ش نایه‌ته‌دی. ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتنی دیموکراتیک هه‌بێت ئه‌وا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بێت". "ساڵی ٢٠١٨ ده‌بێته ساڵی تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکه‌په" هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که ڕایگه‌یاند، هێرشی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په درێژه‌یان ده‌بێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه باسی ئه‌وه‌یکرد "ئه‌و هێرشه تا که‌ی درێژه ده‌کێشێت؟ تاوه‌کو تێکبشکێنرێت درێژه‌ی ده‌بێت. ئایا تێکدهشێت؟ بێگومان تێکده‌شکێت. ئه‌سته‌مه ئه‌و بیرکردنه‌وه و تێزه و ئه‌و سیاسه‌ت و فێڵکردنه به‌رده‌وامیی هه‌بێت، چونکه بواری نییه. هه‌م له رووی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م له رووی هێزه ناوچه‌یه‌کان و نه له‌لای کورده‌وه و نه له‌لای تورکه‌وه ئه‌و بواره نییه که خۆی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ببات. هێرشی ئه‌وه‌نده گه‌وره و قورس ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رده‌وامییان ده‌بێت. دوای ماوه‌یه‌ک و کاتێک ئه‌نجامێکی به ده‌ستنه‌هێناوه تێکده‌شکێت". جه‌میل بایک زیاتر وتى: "ئاکه‌په له‌وه ده‌ترسێت. توانای به‌رگه‌گرتن و ته‌حمولی ئۆپۆزسیۆن و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی بچووکی نییه. بۆچی؟ ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌کی که‌مدا به ئه‌نجام نه‌گه‌ین تێکده‌شکێین و له‌ناو ده‌چین'، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئیراده و وره‌ی کورد تێکبشکێنن و ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد له‌ناو ببه‌ن، هێرشه‌کانیان زۆر ده‌که‌ن. ده‌بێت کورد له‌و ڕاستییه تێبگات. بێگومان ده‌بێت خۆیان له دژی ئه‌وه به‌ڕێکخستن بکه‌ن و به‌رخۆدان و به‌رگری بکه‌ن. نابێت سه‌یرکه‌ر بن. ئه‌و مه‌ترسییه له خۆییه‌وه له‌ناو ناچێت و هه‌ر له خۆیه‌وه ناڕه‌وێته‌وه. ئه‌وه به تێکۆشان نامێنێت. پێشتریش ئه‌و مه‌ترسییه هه‌بوو، به‌ڵام به تێکۆشان تێکشکێنرا. کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول تێکشکێنرا. سیاسه‌ت و هێرشی ساڵانی ١٩٩٠کان به تێکۆشان تێکشکێنران. ئه‌و هێرشه داگیرکاری و چه‌وسێنه‌رانه و تاڵانکاریه‌ی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په به تێکۆشان تێکده‌شکێت. له‌و ڕووه‌وه ٢٠١٨ ده‌بێته ساڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په". "له ئێستا به دواوه‌وه ده‌وڵه‌ته‌کان به قورسی به‌شداریی شه‌ڕی سوریا ده‌که‌ن" جه‌میل بایک له درێژه‌دا باسی ئه‌وه‌یکرد، شه‌ڕی سوریا چووه‌ته قۆناغێکی نوێ و وتی "پێشتر شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرا، که هاوسه‌نگی بۆ هێزه‌کان دروست بکرێن. هه‌ر که‌س هێزی خۆی نیشان ده‌دا. له ئێستا به دواوه له سوریا شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، که کێ تا چه‌ند ده‌توانێت جێ بۆ خۆی بکاته‌وه. له قۆناغی سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوریادا شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، که کام هێز تا چ راده‌یه‌ک بوونی هه‌بێت و کاریگه‌ریی سیاسیی چه‌ند بێت. شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه‌ش له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا کۆتایی پێنایه‌ت. شه‌ڕی خوڵقاندنی هێز و نیشاندانی هێز ماوه‌یه‌کی درێژ به‌رده‌وامبوو. شه‌ڕی جێگرتن له سیستمی سوریاشدا درێژه‌ی ده‌بێت. پێشتر ئاکتۆره ناوچه‌یه‌کان زیاتر رۆڵیان هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر له‌مه‌ودوا ده‌وڵه‌ته‌کان به چڕی و قورسی ده‌که‌ونه ڕۆڵگێڕاندن. ئاستی نوێی شه‌ڕ له سوریا به‌وشێوه‌یه ده‌بێت. ده‌بێته شه‌ڕێک که زیاتر ده‌وڵه‌ته‌کان به‌شدار ده‌بن تیایدا. ئه‌مریکا به‌شداره، رووسیا به‌شداره و تورکیاش که‌وتووه‌ته‌خۆ، فه‌ڕه‌نساش ده‌که‌وێته‌خۆ و ئێرانیش به‌شداره. بۆ ئه‌وه‌ش شه‌ڕه‌که چووه‌ته قۆناغی نوێییه‌وه". "به پشتیوانیی ڕوسیا عه‌فرین داگیرکرا، به‌ڵام به‌رخۆدان درێژه‌ی ده‌بێت" جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، که رۆڵی کورد له شه‌ڕی سێیه‌می جیهانیدا گرنگه و بۆ ئه‌وه‌ش وتی "کورد له‌دژی سیاسه‌تی کۆمه‌ڵکوژکردن و سڕینه‌وه به‌رخۆدان ده‌کات. عه‌فرین له هه‌ر چوارلاوه گه‌مارۆ درابوو. به پشتیوانیی رووسیا عه‌فرین داگیرکرا، به‌ڵام به‌رخۆدان له عه‌فرین درێژه‌ی ده‌بێت. داگیرکردنی عه‌فرین سه‌رکه‌وتو نابێت. گه‌لی عه‌فرین ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی و به شێوه‌یه‌کی ئازادانه و دیموکراسیانه درێژه به ژیانی ده‌دات. رۆژهه‌ڵاتی فورات کورد و گه‌لانی تر به به‌رده‌وامیی کاریگه‌رییان تیایدا ده‌بێت. گه‌لۆ به بێ قبوڵکردنی بوونی کورد ده‌توانرێت سوریایه‌کی نوێ بنیات بنرێت؟ ئه‌سته‌مه بنیات بنرێت. هه‌تاوه‌کو کورد کۆمه‌ڵکوژ نه‌کرێن ئه‌وا به بێ کورد سوریا بنیات نانرێت. کۆمهڵکوژکردنێکی له‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌سته‌مه له هه‌موو سوریا ئه‌نجام بدرێت". ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کردوه: "سوریا به بێ کورد ناتوانێت له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه. گه‌ره‌نتیی یه‌کپارچه‌یی سوریا کورده. کورد لایه‌نگری یه‌کپارچه‌یی سوریایه. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش به‌و راده‌یه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا دروست ده‌که‌ن. کورد ده‌یانتوانی له سوریادا ته‌نها له ناچه‌کانی خۆیاندا بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌کرد. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یان نه‌کرد، که ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ کورد له سوریایه‌کی دیموکراتیکدا ده‌بێت. هه‌تاوه‌کو وڵاتانی ناوچه‌که دیموکراتیک نه‌بن، کورد ناتوانێت ئازاد بێت. بۆ ئه‌وه‌ش کورد تێکۆشانی خۆی بۆ سه‌رتاسه‌ری سوریا بڵاوکرده‌وه. بۆ یه‌کێتی سوریا کورد جێ و رۆڵێکی کاریگه‌ری ده‌بێت".
ئەو سەربازە فەرەنسیەی دوای کوژرانی لەجەنگی جیهانی یەکەم، ژورەکەی هیچ کەلوپەلێکی دەستکاری نەکراوە. هاوڵاتی لەمۆنۆمێنتی جەنگدا لەو شارۆچکەیەی لێی لەدایک بوو بوو لەناوجەرگەی فەرەنسادا هۆبێرت رۆکێرۆ ناوی وەک چەندین کوڕی کوژراوی تر لەسەر گۆڕەکەی نوسرابوو، ئەو لەجەنگی جیهانی یەکەمدا گیانی لەدەستدا. بەڵام رۆکێرۆ بەشێوەیەکی بەرچاوترو گەورەتر یاد دەکرێتەوە، ئەو مۆنۆمێنتێکی تایبەت بەخۆیهەیە. ژورە کۆنەکەی کە لەماڵێکی خێزانی گەورەدایە لەشارۆچکەکەیان هێشتاو دوای ١٠٠ ساڵ لەکۆچی دوایی بەهەموو شتومەکەکانیەوەو بەدەستلێنەدراوی وەک خۆی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بۆ چەندین دەیە دەبێت خێزانەکەی خانوەکەیان فرۆشتوەو ئێستا خاوەنێکی تری هەیە. هەمان چەرچەفی سەدەیەك لەمەوبەر هێشتا لەسەر جێگاکەیەتی لەگەڵ چەند وێنەیەك و بێریە پڕدارەکەی. چاکەتە سەربازیەکەی رۆکێرۆ کە بۆتە خۆراکی مۆرانەکان هێشتا بەعەلاگەیەکی ژۆورەکەیەوە ماوەتەوەو کورسیەکەی بەردەم مێزەکەشی رویکردۆتە پەنجەرەی ئەو ژورەی لە ١٠/١٠/١٨٩٦ دا تیای لەدایكبوە. رۆکێرۆ لە ٢٦/٤/١٩١٨داو لە ناو ئامبولانسێکی سەربازیدا گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی بەخەستی لەشەڕی گوندی لۆکەردا لەناوچەی ئەوکاتی فلاندەرز لەبەلجیکا برینداربوو. ئەو گوندەی لەهەوڵی گرتنەوەیدا رۆکێرۆ گیانی لەدەستدا بۆ ماوەتەکی زۆر جەنگەکە لەدەستی هاوپەیماناندا بوو، بەڵام لەنێوان ٢٥ و ٣٠ مانگی چواردا لەدەستدانی رۆكیرۆ لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەستی بەسەردا گیرایەوە. دایك و باوکی سەربازە کوژراوە گەنجەکە ژورەژەیان بەتەواوی وەک ئەو رۆژە هێشتۆتەوە کە کوڕەکەیان ماڵەوەی بەجێهێشت و چوو بۆ سەنگەرەکانی جەنگ. لەکاتێکدا کە ساڵی ١٩٣٥دا خێزانی رۆکیرۆ بڕیاریاندا خانوەکە چۆڵبکەن و بگوازنەوە لەگەڵ کڕیاری خانوەکەدا رێککەوتن کە تاکۆ ٥٠٠ ساڵی تر ئەو ژورە دەبێت وەك خۆی و بەبێ دەستکاریکردن بمێنێتەوە. خاوەنە نوێکانیشی تائێستا پابەندی بەڵێنەکەیانن. خاوەنی ئێستای خانوەکە بەرمانبەرێکی خانەنشینە بەناوی دانیەڵ فایرێ و لەکاتی نیشاندانی ژورەکە بەڕۆژنامەی (لانۆڤێل ریپەبلیک)ی فەرەنسی بەڕۆژنامەکەی وت کە هیچ نوسراوێك و رێککەوتنێکی یاساییان لەنێواندا نیە تاکو ئەو ژورە وەك خۆی بهێڵنەوە، بەڵام وتی "من ومێردەکەم ئەم خانوەمان لەمانی باپیرمەوە بەمیرات بۆ ماوەتەوەو رێزی ویستی باوک و دایکی رۆکێرۆ و یەو رێککەوتنەکامن گرتوە کە لەگەڵ باپیرمدا هەیانبوە". ژورەکە پێداویستیە سەربازییەکانی رۆکێرۆشی تێدا دانراوە، کە سەربازێکی ئەسپسواربوەو لغاوی ئەسپەکەی و شمشێرەکەی و کڵاوە ئەسپسواریەکەی سەری ودەمانچەکانیشی هێشتا لەژورەکەدا دانراوە، لەگەڵ ئاڵایەکی فەرەنسادا کە لەلای میزەکەیەوە دانراوە. رۆکێرۆ ملازمی یەك بوو لە بەتالیۆنی ١٥ی ئەسپسوارانی سوپای فەرەنساداو لە لیبۆرن لەفەرەنسا جێگیرکرا بوو. دوای کۆچی دوایی خەڵاتی ئازایەتی پێبەخشرا بەهۆی بوێری و ئازایەتیەوە لەمەیدانی جەنگدا. لەمێژویی بەتالیۆنەکەی رۆکیرۆدا تۆمارکراوە کە دوای گرتنەوەی گوندی لۆکەر، فەرماندەکەی رۆکیرۆ و سەربازەکانی هاوڕێی رازینابێت گوندەکە بدات بەدەستەوەو فەرمانی هێرشی هەڵگەڕاوەو گرتەوەی گوندەکە دەردەکات و لەو هێرشەشدا قوربانی زۆر دەدەن کە رۆکیرۆ و فەرماندەکە خۆیشی دەبنە قوربانی گرتنەوەی ئەو گوندە. لەسەر مێزەکەی رۆکێرۆ و لەناو گۆزەیەکدا وەک دابونەریتێکی باوی جەنگ خۆڵی ئەو گوندەی کوڕەکەیانی تیا کوژراوە هەڵگیراوەو لێی نوسراوە "خۆڵی فلاندەرز" ئەو خۆڵەی کە منداڵە خۆشەویستەکەمانی تێدا مردو ئێستاش لەخۆی گرتوە". بەرەکانی فلاندەرز، کە لەباکوری رۆژهەڵاتی فەرەنساوە تاکو بەلجیکا درێژدەبێتەوە یەكێك بوو لەخوێناویترین بەرەکانی جەنگە مەزنەکە. ٥٨٠ هەزار لەو بەرەیەدا لەڕۆژئاوای فەرەنسا گیانیان لەدەستدا. جگە لە سەربازانی فەڕەنسی و بەلجیکی و ئەڵمانی کە شەڕیانکردوەو مردون، ئەفسەرانی کەنەدی و ئەفریقای باشور‌و نیوزلەندی و ئوستورالی و هیندیش لەو بەرانە شەڕیانکردوە.
هاوڵاتى مامۆستایه‌كى زانكۆ له‌باره‌ى شه‌ق وه‌شاندنى یه‌كێك له هێزه ئه‌منییه‌كان له مامۆستاكه‌ى هه‌ولێر، رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و شه‌ق وه‌شاندنه، له رووى ده‌روونییه‌وه كاریگه‌رى خراپ ده‌كاته سه‌ر بارى ده‌روونى خوێندكار و رۆڵى مامۆستا له كۆمه‌ڵگادا. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و شه‌قه، به ناڕاسته‌وخۆ له هه‌موو پهروهرشیارێك دراوه. د. عالیه فه‌ره‌ج، پسپۆڕى كۆمه‌ڵناسى و مامۆستاى زانكۆى سلێمانى له لێدوانێكى دا به هاوڵاتى راگه‌یاند "وێنه‌ى مامۆستا وێنه‌یه‌كى پیرۆزه له زیهنى تاك به تاكى كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و شه‌قه‌ى له‌و مامۆستایه دراوه، به‌تایبه‌ت كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه، ته‌نها شه‌ق وه‌شاندن نییه له‌و مامۆستایه، به‌ڵكو شه‌ق وه‌شاندنه له هه‌موو پهروهرشیارێك" وتیشى "ئه‌و رووداوه وه‌كو درزێك وایه كه كه‌وتبێته رۆڵى مامۆستا له كۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه رێگه خۆشده‌كات كه كه‌سانى ترئه‌و درزه زیاتر بكه‌ن و رۆڵى مامۆستا به كه‌م بگرن و هه‌ركات ویستیان ئه‌و ره‌فتاره دووباره بكه‌نه‌وه" ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌و رووداوه چى گاریگهرییهكى له‌سه‌ر ده‌روونى خوێندكار جێده‌هێڵێت وتى"مامۆستا پێشه‌نگه بۆ خوێندكار، به‌تایبه‌ت خوێندكارى مناڵ، كاریگه‌رییه‌كى خراپ ده‌كاته سه‌ر ده‌روونى و پله‌و پایه‌ى مامۆستا لهلهلاى خوێندكار داده‌به‌زێنێت، به تایبه‌ت ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته (18) ساڵ، كاریگه‌رییه خراپه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت" هه‌فته‌ى رابردوو، له‌خۆپیشاندانه‌كانى مامۆستایانى ناڕازى له شارى هه‌ولێر، دیمه‌نى شهقتێههڵدانى مامۆستایه‌كى به‌ته‌مه‌ن له‌لایه‌ن یه‌كێك ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك كاردانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا. به‌شێك له به‌كارهێنه‌رانى فه‌یسبووك، ره‌خنه‌یه‌كى زۆریان له كاربه‌ده‌ستانى هه‌ولێر گرت، به‌وه‌ى له‌به‌ر چاوى هێزه ئه‌منییه‌كان و له‌پاڵ ئه‌واندا، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر مامۆستایان و سوكایه‌تییان پێكراوه.
هاوڵاتی- ئاژانسەکان رۆژئاواى کوردستان به‌دواى هاوپه‌یمانێکى نوێیی ئه‌وروپیدا ده‌گه‌ڕێت دواى ئه‌وه‌ى دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێزەکانیان بەم زوانە لە سوریا دەکشێنەوە، ترەمپ بهوهشەوه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو بڕیاری راگرتنى هاوکارییه داراییهکانیشیدا بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ناوچه ئازادکراوه‌کانى ژێر دەستی هه‌سه‌ده ته‌رخانی کردبوو. دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دواى راگەیاندنی چوونه ده‌ره‌وه‌ى هێزەکانیان له سوریا، بڕیارێکى تری داوه بۆ خه‌رجنه‌کردنى بری 200 ملیۆن دۆلار که بۆ ناوچه ئازادکراوه‌کانى ئه‌و وڵاته ته‌رخانى کردبوو. بەگوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی سووریا کردووە و یەکێک لەو خاڵانەی گەیشتوەتە ئەنجام ئەوەیە، دەبێت وەزارەتی دەرەوە ئەو 200 ملیۆن دۆلارە خەرج نەکات کە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا دابینکراوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانی هاوپەیمانان کۆنترۆڵیان کردووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پێنجشەممەیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە "داعش لە سوریا دەردەکەین و دوابەدوای ئەوەش لەو وڵاتە دەچینە دەرەوە. با ئەو دەوڵەتانەی تر کە لەوێن ئەو وڵاتە ببەن بەڕێوە". ئەم بڕیارەی ترەمپ جگە لەوەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا دروستکرد و لێڵی و ناڕوونییەك لە قسەکانیدا هەبوون کە بە وتەی کەسایەتییە فەرمییەکانی خودی پارتی کۆماری و کۆشکی سپیش "هێشتا تێنەگەیشتوون مەبەست لەم قسانەی ترەمپ چین". دوابەدوای ئەمە ئیمانوێل ماکرۆن وەك پەرچەکرداری کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە و وازهێنان لە هێزە کوردییەکان وەك تاقە هێزی سیاسی کە نوێنەرایەتی ئەوروپا و رۆژئاوا دەکات، بڕیاری ناردنەناوەوەی هێزی فەڕەنسی کرد بۆ ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکان. ئەگەرچی نوێنەرایەتی یەپەگە لە پاریس باسی ئه‌وه‌ى کردوه که کورد بەتەنها نییە و فەڕەنسا پشتگیریدەکات، بەڵام دیار نییە لەپاڵ ئەوەی فەڕەنسا لە جەنگی دژ بە داعش پاڵپشتی کورد دەکات، ئاخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتیان دەکات یاخود نا. چونکە خودی دەوڵەتی فەڕەنسی رەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەسەری بدات. ئیمانوێل ماکرۆن پێشنیاری ئاگربەستی و دانیشتن لەسەر مێزی کۆبوونەوەی کردووە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و هێزە کوردییەکاندا. بەڵام ئەردۆغان رەتیکردووەتەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دابنیشێت بەو پێی ئەو بە لقێک لە پەکەکەیان دەزانێت. ئەردۆغان ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت ئەگەر دەوڵەتی فەڕەنسا لەگەڵ ئه‌و هێزه‌دا هه‌ر کۆدەبیتەوە، ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەیان". له لایه‌کى تره‌وه کۆشکی سپی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد‌و بەکارهێنانی ئەو 225 ملیۆن دۆلارە بوەستێنێت کە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی ناوچه رزگارکراوه‌کانى باکوور و رۆژهه‌ڵاتى سووریا دانراوە. ترەمپ پێیوایە، دەبێت وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا ئامادەیی ئەوەیان هەبێت رۆڵێکی زیاتر لە ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا بگێڕن، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو. ئەو داوایەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 225 ملیۆن دۆلاری بۆ سەقامگیری سووریا خەرجکرد، لەوانەش بۆ لابردنی بۆمب و مینە چێندراوەکان و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا لە کۆبانێ، رەققە و منبج و چەند ناوچەیەکی دیکە. پلانەکە بەو جۆرە بوو کە وەزارەتی دەرەوە ئەمساڵیش 200 ملیۆن دۆلار بۆ ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەندێک ناوچەی سووریا تەرخان بکات، بەڵام بەم فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ خەرجکردنی ئەو پارەیە رادەگیرێت.
مانگرتنى مامۆستایانى سلێمانى دژى سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه به‌رده‌وامه، به‌ڵام مامۆستایانى هه‌ولێر بڕیاری گه‌ڕانه‌ویان بۆ هۆڵه‌کانى خوێندن داوه تا ئه‌و کاته‌ى دڵنیا ده‌بنه‌وه حکومه‌ت به‌ڵێنه‌کانى ده‌باته سه‌ر، له‌باره‌ى بڕیاری ده‌ستکاریکردنى هه‌ڵگرتنى پاشکه‌وته‌وه. ماوه‌ى زیاتر له هه‌فته‌یه‌که ناڕه‌زایه‌تى زۆربه‌ى شاروشارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى گرتۆته‌وه دژى سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌و هه‌ندێک له فه‌رمانگه‌کان ده‌وامی فه‌رمیان راگرتووه، به تایبه‌تى کارمهندنى ته‌ندروستى و مامۆستایان. به‌ڵێنێکى چه‌ند رۆژى رابردووى حکومه‌ت ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى نهوستاند، له سنوری سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان بایکۆت به‌رده‌وامه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى مامۆستایانى هه‌ولێر ئه‌مرۆ رایانگه‌یاند مانگرتنه‌که ده‌شکێنن. ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له بایکۆت و خۆپیشاندانه‌کان. عوسمان گوڵپى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى، به سایتى هاوڵاتى راگه‌یاند :"له ئێستادا خۆپیشاندانه‌کان چووه‌ته قۆناغێکى نوێوه، که رۆژانه بۆ ماوه‌ى 24 کاتژمێر به شه‌و و رۆژ، به‌رده‌وامین له خۆپیشاندان و چالاکى مه‌ده‌نى". وتیشی "هه‌ڕه‌شه‌کانى حکومه‌تیش نامان ترسێنێت. به‌ڵێنه‌کانى حکومه‌ت و ده‌ستکاریکردنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ش، به شتێکى ناڕاست ده‌زانین". ئاماژه به‌وه‌شکرد که ئه‌وان به به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانى کۆیه و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین و هه‌ولێر و ناوچه‌کانى تریش هه‌یه، "هه‌تاکو ئامانجه‌کانمان به‌ده‌ستبهێنین و کۆتایی به‌م سیسته‌مى پاشه‌که‌وته بهێنین" له‌کۆتایی هه‌فته‌ى رابردوو، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له رێگه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێمى کوردستانه‌وه، که‌مکردنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى راگه‌یاند، به‌جۆرێک موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، رێژه‌ى پاشکهوتهکهى، له‌نێوان، (10% بۆ %30) بێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى له سنورى سلێمانى، نه‌گه‌ڕانده‌وه بۆ هۆڵه‌کانى خوێندن و سه‌رکاره‌کانیان. له‌م باره‌یه‌وه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناڕازى مامۆستایان ده‌ڵێت :" کێشه‌که ئه‌وه‌یه، هیچ متمانه‌یه‌ک له‌نێوان حکومه‌ت و فه‌رمانبه‌ران دا نه‌ماوه، نه‌ک هه‌واڵى که‌مکردنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بشڵێت، به‌ته‌واوى پاشه‌که‌وتى موچه‌مان هه‌ڵگرت و کۆتایی به‌و سیسته‌مه هات، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى بڕوا ناکه‌ن، هه‌تا پاره‌که نه‌که‌نه گیرفانى خۆیانه‌وه، چونکه حکومه‌ت هیچ متمانه‌یه‌کى نه‌ماوه" هه‌فته‌ى رابردوو، بایکۆت و خۆپیشاندانه‌کان له هه‌رێمى کوردستان، شێوه‌یه‌کى جیاوازترى له پێشوو وه‌رگرت. بۆ یه‌که‌مجار له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا، هاوکات له‌گه‌ڵ ناڕهزایهتیو خۆپیشاندانى مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانى ناوچه‌کانى سلێمانی، ده‌ڤه‌رى راپه‌رین و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان، مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى له هه‌ولێر، دهۆک، زاخۆ و ژماره‌یه‌ک له‌شارو شارۆچکه‌کانى تر‌ى سنورى ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتى، رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوایان ده‌کرد کۆتایی به‌سیسته‌مى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى موچهخۆرانى هه‌رێمى کوردستان، بهێنرێت. خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى، دواى ئه‌وه هات، که حکومه‌تى عێراقى، به رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌و بڕیاره‌ى په‌شیمان بوویه‌وه که پێشتر به فه‌رمانبه‌رانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و تهندورووستى دابوو، به‌وه‌ى مووچه‌ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته به‌بێ پاشه‌که‌وت دابه‌شبکرێت. هاوکات ئه‌مڕۆ شه‌ممه 31/3/2018 ده‌سته‌ى مامۆستایانى ناڕازى هه‌ولێر، له به‌یاننامه‌یه‌کدا، بڕیاراندا به‌شێوه‌یه‌کى کاتى، بایکۆتى خوێندن بشکێنن و بچنه‌وه هۆڵه‌کانى خوێندن، گومانه‌کانى خۆشیان له بێ به‌ڵێنى حکومه‌تى هه‌رێم نه‌شاردووه‌ته‌وه. له به‌یاننامه‌که‌ى مامۆستایانى ناڕازى هه‌ولێردا هاتووه "به‌شێوه‌یه‌کى کاتى بایکۆتى خوێندن له‌شارى هه‌ولێر هه‌ڵده‌په‌سێرین" له به‌شێکى تر‌ى به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه "ئێمه گومانمان له ئه‌گه‌ر و به‌ڵێنه‌کانى حکومه‌ت هه‌یه له جێبه‌جێ کردنى بڕیاره‌کانى، بۆیه ئێمه چاودێرى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که ده‌که‌ین و له‌فشار و هه‌ڵوێستى مه‌ده‌نیانه‌ى خۆمان به‌رده‌وامده‌بین، تا ئه‌و ڕۆژه‌ى ته‌واوى داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێده‌کرێت".
هاوڵاتی حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى موچه‌و گۆڕانکاریى له سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌دا کۆده‌بێته‌وه و وته‌بێژى حکومه‌تیش ده‌ڵێت ئه‌مرۆ کۆبونه‌وه‌که‌یان یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بێت و زانیارییه‌کانیش راده‌گه‌یه‌نن. پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى ئابورى له حکومه‌تى هه‌رێم له‌کاتژمێر 9ى به‌یانییه‌وه له‌کۆبونه‌وه‌دان و بریار وایه پاش کۆبونه‌وه‌که‌یان کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش ده‌ست پێ‌بکات. سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ڕاگه‌یاند، "کۆبونه‌وه‌که یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بێت و تێیدا بڕیار له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت، حکومه‌تى هه‌رێمیش سه‌رجه‌م داهاته‌کانى ده‌خاته‌ڕوو، بڕیاریشوایه له‌مه‌ودوا هه‌موو 30 ڕۆژ جارێک موچه دابه‌شبکات". هه‌رچه‌نده چه‌ندین جار به‌رپرسانى باڵاى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان داوه‌ته فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان که 30 رۆژ جارێک موچه دابه‌ش ده‌که‌ن، به‌ڵام راستگۆ نه‌بوون له گه‌ڵیاندا و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى موچهخۆرانى لێکه‌وتۆته‌وه. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى زۆرترین کۆده‌نگى له‌سه‌ره و پێده‌چێت ئه‌مڕۆ له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت، به‌جۆرێکه که وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران مووچه‌که‌یان وه‌ک ئێستا به پاشه‌که‌وتکراوى بمێنێته‌وه‌و هیچ ده‌ستکارى ناکرێت که 75% لێده‌بڕدرێت. سه‌باره‌ت به مووچه‌ى نزمترین ئاستى مووچه، که که‌مترین مووچه خۆرى هه‌رێم 300 هه‌زار دیناره، هیچ بڕه پاره‌یه‌کیان لێ نابڕدرێت و مووچه‌ى خۆیان به‌ته‌واوى وه‌رده‌گرن. ئه‌وانه‌ى موچه‌کانیان له‌سه‌رو 300 هه‌زارى مانگانه‌وه بێت، رێژه‌ى لێبڕین له 10% ده‌بڕدرێت و له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌کان رێژهکانیش به‌رزده‌بێته‌وه بۆ له‌سه‌دا 20 و 30 تا ده‌گاته له 40%، به‌ڵام وه‌ک جاران نامێنێته‌وه و بڕى مووچه بڕین که‌م ده‌بێته‌وه. هاوکات به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و وه‌کیل وه‌زیر له 40% له مووچه‌کانیان ده‌بڕدرێت، خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفال و زیندانى سیاسیه مووچه‌ى مانگانه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن به‌بێ بڕین و خانه‌نشینانى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى هه‌موو مانگێک مووچه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن. حکومه‌تى عێراق مانگانه بڕى 317 ملیار دینار ده‌نێرێت بۆ هه‌رێم، بێجگه له‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ ، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت برى 800 ملیار دیناریان پێویسته بۆ دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و به پاره‌که‌ى به‌غدا و داهاته‌کانى نه‌وت و ناوخۆ ناتوانن موچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران به‌بێ پاشه‌که‌وت دابه‌ش بکه‌ن.