بنار هیدایەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکانی کەرکوک رەتدەکاتەوە ئاماژە بەوەدەکات شەقام دەجوڵێنن لە ئەگەری بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکان. لەبەرامبەر ئەوەدا داوای هەیە هەڵبژاردن لە تەواوی عێراق ئەنجام بدرێتەوە. دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کرد دەنگەکانی کەرکووک بەدەست هەژمار بکرێنەوە، ئەمەش کاردانەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. سەعدی ئەحەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە‌ رایگەیاند «یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتا ئەوەی باسکردووە لە هەر شوێنێک نیگەرانی هەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی دووبارەیە، بەڵام بە تەنها لە شاری کەرکووک ئەوە زوڵمە بەرامبەر بە یەکێتی دەکرێت». وتیشی «یان دەبێت لە هەموو عێراق هەڵبژاردن و دەنگدان بکرێتەوە یا یەکێتی رێگە نادات ئەم کەڵەگاییەی بەسەردا تێپەڕێنرێت، هەر کاتێک شتێکی لەو جۆرە کرا رای گشتی و نێودەوڵەتی دەخەینە سەرخەت». حەیدەر عەبادی دوێنێ رایگەیاند بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانى کەرکوک داوادەکەم دەنگەکانى کەرکوک بە دەست هەژماربکرێنەوە. عەبادی داواشی لە کۆمسیۆن کرد، «بە شێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ سکاڵای لایەنەکان بکات لەسەر هەڵبژاردنەکان». ئەمەش لەدواى ئەوە هات، لەدواى هەڵبژاردنەکە تورکمان و عەرەبەکانى کەرکوک ڕایانگەیاند، ساختەکاری و دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن کراوە و دوایانکرد بەشێوەى دەستى هەژماربکرێتەوە. هاوکاتیش لە هەرێم  شەش لایەنی سیاسی و نەوەى نوێش لەسەر ئەو پرسە ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و سەرجەمیان دەڵێن ساختەکاری لە ئەنجامەکاندا کراوە. لەبەرامبەر گومانەکانی لایەنەکان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی ئامادەیی دەربڕیوە دەنگەکان لەسەرانسەری هەرێم بە دەست هەژمار بکرێن، بەڵام یەکێتی دژی ئەوەیە. وتەبێژی فەرمی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت «ئەم هەموو ئیستغلالەی برادەرانی پارتی بۆ..! ئێمە جەختدەکەینەوە یا لەهەموو عێراق یا بەتەنها لەکەرکووک جێی قبوڵ و بێدەنگ بوون نیە». لە لایەکی ترەوە یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی کوردی ده‌کات له‌ کەرکوک، لەبەرامبەر فشارخستنە سەر کورد لە شارەکە لەلایەن هێزەکانی سەپاندنی یاسای حەیدەر عەبادی، بەهۆی ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌دا که‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌ «ئێمه‌ له‌ یه‌کێتی زۆر دانمان به‌خۆماندا گرت و زیاتریش دانبه‌خۆماندا ده‌گرین، به‌ڵام هه‌موو شتێک سنوری خۆی هه‌یه‌«. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ یه‌کێتی دوابه‌دوای ئه‌و بارگرژییه‌ دێت کە چه‌ند رۆژێکه‌ به‌هۆی ئاشکرابوونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروستبووه‌. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌ی یەکتی دا هاتووه‌ «ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (سه‌پاندنی یاسا) ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ ‌میلیشیا چه‌کداره‌کان و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ نا کوردییه‌کان ده‌ستیانکردوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماردانی فه‌رمانبه‌رانی کورد له‌ کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک». بانگەوازەکە میلیشیاکان تۆمەتبار دەکات کە په‌لاماری هاوڵاتیانی کورد ده‌ده‌ن له‌به‌شێک له‌ فه‌رمانگه‌کانی که‌رکوک. یەکیتی جه‌ختده‌کاتەوە لەوەی که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی رێکاری پێویست نه‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌ژێر سێبه‌ر سه‌پاندنی یاسادا ده‌کرێت، «ئه‌وه‌ شه‌قامی کوردی ده‌جوڵێنین له‌ پێناو پاراستنی هاوڵاتیان». هێزه‌کانی سه‌پاندنی یاسا به‌ ‌بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاکه‌ی گرتۆته‌ده‌ست. له‌ بانگه‌وازه‌‌که‌ی یه‌کێتی-دا هاتووه‌ «هیچ به‌رپرسیارێتی و سزایه‌ک هه‌ڵناگرین که‌ له‌ جوڵاندنی شه‌قامی کوردیدا ده‌که‌وێته‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و گێره‌شێوێنییه‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ عه‌ره‌ب و تورکمان و میلیشا چه‌کداره‌ مۆڵه‌ت پێنه‌دراوه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و ئاشتیداین له‌ که‌رکوک». چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانی که‌رکوک به‌رده‌وامی هه‌یه‌و یه‌کێتی به‌ یاریکردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمه‌تبارده‌که‌ن، لەکاتێکدا ئه‌و حزبه‌ ساختەکاری ره‌تده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێکهاته‌ی کورد ده‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12ی ئایاری رابردوودا. به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان که‌ هێشتا کۆمسیۆن راینه‌گه‌یاندوه‌ یه‌کێتی به‌ته‌نیا نیوه‌ی کورسییه‌کانی پارێزگای که‌رکوکی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئەمە جگە لە دەنگی لایەنە کوردیەکانی تر.

هەرێم جەعفەر ڤلادمیر پوتن دووشەممەی رابردوو وەک سەرۆکی ڕووسیا بۆ خولی چوارەم سوێندی یاسایی خواردو ئەو هۆڵەشی مەراسیمەکەی تێدا بەڕێوەچوو هەمان ئەو هۆڵە بوو کە قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تیایدا سوێندی سەرۆکایەتیان دەخوارد. ئێستا پوتن ماوەی ١٨ ساڵە وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک وڵات حکومی ڕووسیا دەکات.   سەرکردەیەک کە دووبارە ڕووسیای وەک هێزیکی کاریگەر درووستکردەوە  لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بە ئامادەی شەش هەزار کەس، ڤلادمیر پوتن بەهۆی دەستپێکردنی خولێکی نوێی سەرۆکایەتی، بەڵێنی باشترکردنی ئابووری ڕووسیای دا. پوتن لە قسەکانی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەدا کە بیەوێت لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پەیوەندی ڕوسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا باشتر بکات. پوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا بە ڕێژەی ٧٧٪ توانی سەربکەوێت بەسەر ڕکابەرەکانی ئەمەش وای لە پوتن کرد ببێتە یەکەم سەرۆکی ڕووسیا کە بەو ڕێژە بەرچاوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا، پوتن بە دووبارەکەرەوەی هەژموونی قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تۆمەتبار دەکات و هەڵبژاردنەکانیش بە پڕ خەوش دەزانن. لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، پاسەوانانی کۆشک و ئاڵا هەڵگرەکان هەمان جۆری کڵاو و جلیان پۆشیبوو کە سەربازانی سەردەمی جەنگی ڕووسیا و ناپلیۆن لە ساڵی ١٨١٢ دەیانپۆشی . هەر سێ قەیسەری ڕووسیا (ئەلیکساندەری دووەم و ئەلیکساندەری سێهەم و نیکۆلاسی دووەم) بەهەمان جۆری پوتن مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکایەتیان ئەنجام دا. دوا بە دوای مەراسیمەکەش، پاتریک کیریل، سەرۆکی کریستیانیە ئۆرسەدۆکسیەکانی ڕووسیا، خەڵاتی پیاوی سەدەی ١٨ی پێبەخشیە پوتن و پیرۆزی کرد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی لە میانی خولی سێهەمیدا، پوتن زیاتر دەستێوەردانی نێودەوڵەتی کرد و لە هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و سووریا دەستێوەردانی سەربازی کرد. نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات دەزگا هه‌واڵگرییه‌کانى ئەمریکا، ڕووسیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستێوەردانی کردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەناوخۆی ڕووسیادا، پوتن دەسەڵاتی زیاتری داوە بە هێزەکانی دەزگای زانیاری وڵاتەکەی کە خۆی ئەندام بوو تیایدا، بەڵام ئابووری وڵاتەکەی زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات و لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینیش، دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکات و کاری میدیایی سنووردار دەکات. دوو ڕۆژ پێش مەراسیمی سوێند خواردنی پوتن، بەهۆی ناڕەزای دەربڕینەوە، پۆلیس هەزار و ٦٠٠ خۆپیشاندەری دەستگیرکرد کە لەناو مۆسکۆدا پەیامیان بۆ پوتن دەنارد و هاواریان دەکرد” ئەو قەیسەری ئێمە نیە” و گاڵتەیان بە ماوەی درێژی سەرۆکایەتی پوتن دەکرد کە لەسەردەمی جۆزێف ستالینەوە وێنەی نەبوە. پوتن ڕۆژی دووشەمە کارنامەکەشی واژۆ کرد کە تیایدا بەڵێنی کەمکردنەوەی هەژاری و بەرزکردنەوەی تێکڕای ناوه‌ندی ته‌مه‌نی هاوڵاتیانى ڕووسی لە ٧٢ بۆ ٧٨ ساڵ. ڤلادمیر پوتن لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٢ لە شاری لینینگراد( پیتەرسبۆرگی ئێستا) لە دایک بووە. باوکی پوتن لە جەنگی جیهانی دووەم وەک دەریاوان خزمەتی سەربازی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥، پوتن لە لە زانکۆی لینینگراد بڕوانامەی لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە و پاشان بووەتە ئەندام لە دەزگای هەواڵگری کەی جی بی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٨٥. پوتن پەیمانگای ئەندرۆپۆڤی تەواوکردوه‌ کە تایبەته‌ به‌ دەزگا هەواڵگریەکەی خۆی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران کە ئێستا ناونراوە دەزگای زانیاری دەرەوەی ڕووسیاو دوای ته‌واو کردنی خوێندن، لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ کارکردن چووەته‌ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا تاکو ساڵی ١٩٩٠، بەڵام پێش ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبهێڵێت هاوسه‌ری خۆی دۆزیەوە. پوتن لە رێگای هاوڕێیەکیه‌وه‌ لیودمیلا شکرێبنێڤای بینی کە ئەو کات وەک ئەندامی تیمی خزمەتگوزاری ناوفڕۆکە کاری دەکرد، پوتن و لیودمیلا کاتێک لەگەڵ هاورێکانیان دەچنەسەیری شانۆ چەند ڕۆژێک لەسەر یەک، هەلیان بۆ دەڕەخسێ کە یەک بناسن و پاش ماوەیەک هاوسەرگیری دەکەن “شتێک هەبوو کە منی بەلای ڤلادمیر ڕادەکێشا. گۆڤاری فۆڕن پۆلیسی لە زاری لیودمیلا نووسیویەتی «سێ بۆ چوار مانگ دوای ئەوە، زانیم کە ئەو پیاوەیە کە من پێویستم بوو» لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦، پوتن و لیودمیلا بوونە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی ماریا و کاتێرینا لە ساڵی ١٩٩٦، پوتن و خێزانەکەی گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ و لەوێش ژیانی سیاسی دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩٧ وەک جێگری سەرۆکی ئۆفیسی جێبەجێکاری سەرۆکی ڕووسیا دەست بەکار بوو پوتن لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای نەخۆشکەوتنی بۆریس یێڵستن بووە سەرۆک و بۆ ماوە دوو خول بوە سەرۆکی ڕووسیا. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ بوە سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا تا ساڵی ٢٠١٢. لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە کورسی سەرۆکایەتی وڵات و تاکو ئێستاش بەردەوامە لە ژیانی سیاسی پوتن دەردەکەوێت، کە کشتووکاڵ گرنگی زۆری بۆ ئەو هەیە و بەردەوام گرنگی پێ دەدات. هەروەها پوتن گرنگی زۆریش بە کەسایەتی سەربازی و مامۆستا دەدات دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە سوێندی یاسای خوارد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی، هەندێک لە شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بۆ دەنگدەرانی ڕووسی، ئێستا پوتن بۆتە ئاڵا و سیمبول و پێناسەی وڵاتی ڕووسیا هەندێک شکۆی و ژیانی ڕووسیا بە ڤلادمیر پوتن دەبەستنەوە ئەمەش وای کردوە کە خەڵکی هەمیشە بەزۆرینە هەڵیبژێرن، چونکە دوای پوتن ڕەنگە ئاسایشی وڵاتەکەیان بەوجۆرەی ئێستا نەمێنێت.

بنار هیدایه‌ت به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م چاوپێکه‌تنه‌ى رۆژنامه‌ی هاوڵاتی باس هاوپه‌یمانێتی پارتی و لایه‌نه‌ عێراقیییه‌کان و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پێکهێنانی کابینه‌ى نوێی حکوومه‌تی عێراق. ‌ هاوڵاتی: بۆ پێکهێنانی کابینه‌ى نوێ، پارتی تاچه‌ند ئاماده‌یی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوپه‌یمانێتی دروستبکات؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا دیارنیه‌ له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێک هاوپه‌یمانێتی دروستده‌کات، هاوپه‌یمانیمان به‌نده‌ به‌ به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌ن و کارنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان، پێویسته‌ پارتی دوای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان دابنیشێت تا ئه‌وه‌ى بۆ روون بێته‌وه‌ و بزانێت هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان چییه‌، پارتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ به‌ یه‌ک لیست و یه‌ک به‌رنامه‌ بچیینه‌ به‌غدا، چه‌ند جارێک جێگری سه‌رۆکی پارتی ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ به‌ به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو بچینه‌ به‌غدا تا شه‌ڕی کورد بکه‌ن، تا ببنه‌ هێزێکی کاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر به‌دیهێنانی خواسته‌کانی میلله‌ته‌که‌مان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر عه‌بادی ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێکردنی داواکانتان ئاماده‌یی هاوپه‌یمانێتیتان هه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هیچ تێبینییه‌کمان نیه‌ له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک، هه‌ر لایه‌نێک ده‌ستوور جێبه‌جێبکات هاوپه‌یمانێتی ده‌که‌ین. ‌ هاوڵاتی: بۆ له‌ناو ئه‌م هه‌موو سه‌رکرده‌ سۆرانییه‌دا پارتی ئه‌دهه‌م بارزانی دانا وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌مه‌ بێ باوه‌ڕی نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سۆرانییه‌کانی ناو پارتی؟ هۆشیار سیوه‌یلی: به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ و مه‌به‌ست له‌وه‌ نیه‌، دانانی به‌رپرس که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ نه‌بێت شتێکی نوێ نیه‌ له‌ناو پارتی، له‌شه‌سته‌کان و شۆڕشی ئه‌یلول به‌شێکی له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کانی سلێمانی خه‌ڵکی هه‌ولێر و سلێمانی، به‌پرسی لقی چوار که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ى سلێمانی بووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ توانا و گونجانی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ تا کاره‌کان رابپه‌ڕێنێت. ‌ هاوڵاتی: به‌ڵام له‌مێژووی پارتی که‌سێکی سۆرانی قه‌ت به‌رپرسی لقی یه‌کی دهۆک نه‌بووه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: راسته‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌کردبێت، ئه‌گه‌ر به‌مێژوودا بڕۆینه‌وه‌ خوالێخۆشبوو جه‌وهه‌ر نامیق به‌رپرسی سیاسیی و عه‌سکه‌ری بادینان بووه‌، له‌مێژووی پارتی روویداوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌که‌ به‌رپرسی ئه‌و شوێنه‌ بووه‌. ‌ هاوڵاتی: چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانی باسی نه‌هێشتنی ئیرهابی فکری کرد له‌سلێمانی و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیانی سلێمانی زویرکرد، پێتان وانیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ببێته‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانتان له‌م ناوچه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: نازانین ئه‌م زانیارییه‌ له‌کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت تا ده‌نگی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ که‌مبکات، وته‌که‌ى کاک نێچیرڤان ئاڕاسته‌ى هاوڵاتیانی سلێمانی نه‌کراوه‌ به‌ڵکو ئاڕاسته‌ى هه‌ندێک لایه‌ن کراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارندا پارتییان خستۆته خانه‌یه‌ک که‌ خانه‌ى حه‌قیقی خۆی نیه‌، به‌شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی پارتی ده‌که‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به‌کارهێناوه‌ بۆ باسکردنی سیاسه‌تی پارتی له‌ناو کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکیان تێگه‌یاندووه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستانه‌. ‌ هاوڵاتی: ئه‌و لایه‌نانه‌ کێن که‌ باسی ده‌که‌یت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: پارتی پێش هه‌ڵبژاردن ویستی به‌یه‌ک لیست دابه‌زین تا بۆ عێراقی بسه‌لمێنین کورد یه‌کگرتووه‌، گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانیان و نه‌وه‌ى نوێ، نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانیی ئیرهابی فکریان بۆ سه‌ر پارتی ده‌ستپێکردووه‌. ‌ هاوڵاتی: له‌شه‌قامی سلێمانی پارتی وه‌ک میوان ته‌ماشا کراوه‌ بۆ؟ هۆشیار سیوه‌یلی: ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و ئیرهابه‌ فکرییه‌ دژ به‌پارتی کراوه‌، بۆ وه‌ک میوان ته‌ماشا بکرێین، پارتی پێشتر وه‌ک خاوه‌ن ماڵ بووه‌ له‌سلێمانی، قوربانی یه‌کجار زۆری داوه‌ و وجودی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. ‌ هاوڵاتی : ده‌ڵێن ده‌نگی پارتی له‌که‌رکووک یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌ بۆ سۆسیالست، تا چه‌ند راسته‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌نگ بۆ کاندیدی هیچ لایه‌نێکی سیاسیی ناده‌ین به‌ سۆسیالستیشه‌وه‌، چونکه‌ به‌فه‌رمی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنمان کردووه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان ده‌نگ ناده‌ن.  هۆشیار سیوه‌یلی: په‌یوه‌ندییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزه‌ و له‌ئێستادا به‌هێزتره‌، سه‌ردانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بۆ فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند وڵاتێکی تر دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌هێزی حکوومه‌تی هه‌رێم نیشانده‌دات، تا کونسوڵی وڵاتی چیک ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ دروستکردنی کۆنسوڵخانه‌ى خۆی له‌هه‌رێمی کوردستان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پارتی له‌مساڵدا کۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: وه‌کو بڕیاری کۆتایی بۆ دیاریکردنی به‌ستنی کۆنگره‌ هیچ بڕیارێک نه‌دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند رۆژێکی دیکه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کۆتایی دێت و په‌رله‌مانی کوردستان له‌مانگی ده‌ دەچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، بۆیه‌ یا کۆتایی ئه‌مساڵ یا سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌ پارتی کۆنگره‌ دەبه‌ستێت.

بنار هیدایه‌ت عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زاو ناحییه‌کانی که‌رکووک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌دا، زانیاری له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ ئاشکرا ده‌کات، هاوکات رایده‌گه‌یه‌نێت «د.نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستێکی نوێ و سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دروستده‌کات». ‌هاوڵاتی: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو که‌س و کار و خزمه‌کانت سه‌رپشک کرد بۆ ده‌نگدان به‌ هه‌رلیست و قه‌واره‌یه‌ک، ئه‌مه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى نیگه‌رانییه‌کانت له‌پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: رۆژانه‌ زیاتر له‌سه‌د که‌س په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌که‌ن و پێم ده‌ڵێن ده‌نگ بده‌ین به‌ چ لایه‌نێک، راسته‌وخۆ پێم وتون کێ ده‌توانێت مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانتان له‌که‌رکووک بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌رگریتان لێبکات دەنگی پێبدەن، ئه‌مه‌ رای تایبه‌تی خۆمه‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بابی نیگه‌رانییه‌کانت له‌سه‌رکردایه‌تی پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: نیگه‌رانیم له‌پارتی شتێکی جیایه‌، هه‌رکه‌س ئازاده‌ له‌بیروبۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی، هه‌میشه‌ بۆچوونی خۆمم وتووه‌ به‌بێ سڵه‌مین ‌کردنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى 15 رۆژی رابردوودا زۆربه‌ى کاندیده‌کانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هاتوونه‌ته‌ لام و زۆر شتیان خستۆته‌ به‌رده‌مم، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکم نه‌داوه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هیچ لایه‌نێک راسته‌وخۆ پێی وتویت له‌گه‌ڵیاندا کاربکه‌یت؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر بچمه‌ ناو هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ و خۆم قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕم پێی نه‌بێت فه‌شه‌لی تێدا ده‌هێنم، ده‌بێت له‌سه‌دا په‌نجا باوه‌ڕم پێی هه‌بێت و له‌سه‌دا په‌نجاکه‌ى تر پۆسته‌که‌ دروست بکه‌م، چونکه‌ بچمه‌ هه‌ر شوێنێک و پۆستێکم بدرێتێ و له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تما نه‌بێت سه‌رکه‌وتوو نابم. هاوڵاتی: رۆژێک له‌ رۆژان ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بوویت، خه‌ڵک ئه‌و هه‌سته‌ى لای دروستبووه‌ ئێستا له‌م حزبه‌وه‌ زۆر نزیکی، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: بابه‌ته‌که‌ یه‌کێتی نیه‌، زۆرجار ئه‌و قسه‌یه‌یان پێ وتووم، هه‌موو مه‌کته‌ب سیاسیی یه‌کێتی ده‌ناسم و جه‌نابی مام جه‌لال به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هاتۆته‌ که‌رکووک و چوومه‌ته‌ لای و خه‌ڵاتیشی کردووم، سه‌رده‌مانێک ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بووم، له‌یه‌کێتییه‌وه‌ نزیکم و له‌بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه‌ نزیکم. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ تێکه‌ڵاوییه‌کی حزبایه‌تیی و نزیکبوونه‌وه‌یه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر وه‌ک هه‌ندێک که‌س حزبایه‌تی بکه‌م بێزم له‌خۆم دێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هه‌لپه‌رسته‌ نه‌ حزبایه‌تی ده‌که‌م و نه‌کردوومه‌ و نه‌بیریشم لێکردووەته‌وه‌ و نه‌ قه‌ناعه‌تم پێی هه‌یه‌. ‌هاوڵاتی: له‌دوای 16 ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی هیچ کاتێک سه‌ردانیکردویت و لێیان پرسیویته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: به‌ته‌نها هه‌ر من نیم، ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ ئێمه‌ له‌که‌رکووک نه‌ماوین، نه‌ پرسیارییان لێکردوین و نه‌ لێیان پرسیوینه‌ته‌وه‌، کاتێک شه‌هیدم ده‌دا له‌که‌رکووک و له‌ده‌شتاییه‌کانی حه‌ویجه‌ عه‌مید سه‌رحه‌د بووم، ئێستا کاندید هه‌یه‌ بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات، له‌کاتێکدا خه‌ڵک کاغه‌زی سپی ده‌خوێنێته‌وه‌. هاوڵاتی: ئه‌م هه‌موو فه‌رامۆشکردنه‌ بەهۆی چییەوەیە؟ سه‌رحه‌د قادر: له‌دوای ساڵی 2003 ه‌وه‌ من له‌که‌رکووک بووم، هیچ میزانییه‌ و خه‌رجییه‌کمان له‌سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌ و به‌ڵکو له‌سه‌ر حکوومه‌تی عێراق بووه‌، ماوه‌ى 15 ساڵی رێکه‌ پارتی دوژمنایه‌تییم ده‌کات و تۆمه‌تم ده‌خاته‌ پاڵ و کێشه‌م بۆ دروست ده‌کات، به‌شه‌رتێک یه‌ک دینار سودمه‌ند نه‌بووم له‌م حکوومه‌تی هه‌رێمه‌، که‌چی خه‌ڵک وایده‌زانی به‌ لۆری چه‌کی «ئێم فۆڕ» مان بۆ دێت، له‌مه‌جلیسێکدا به‌ به‌رپرسی پێشووی لقی چوارم وت ناتوانم پێنج کیلۆ چا بکڕم وتی ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ وامانزانیوه‌ به‌ فه‌رده‌ دۆلارتان لایه‌، ئه‌مانه‌ و ده‌یان شتی تر که‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: به‌نیازی جارێکی تر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ که‌رکووک؟ سه‌رحه‌د قادر: زۆر جار براده‌ران ئه‌وه‌یان پێ وتووم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، من لێره‌وه‌ و له‌هاوڵاتییه‌وه‌ ئاشکرایده‌که‌م جارێکی تر به‌جلی پۆلیسییه‌وه‌ ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، ئه‌گه‌ر بمویستایه‌ بگه‌ڕامایه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رکووک زۆر پله‌ى به‌رزتر وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و قائید فیرقه‌یان ده‌دامێ، به‌ڵام دڵنیابه‌ سه‌رحه‌د قادر جارێکی تر به‌جلی پۆلیسی و به‌و سلکه‌وه‌ له‌ناو که‌رکووک نابینرێت. ‌هاوڵاتی: هۆکاری به‌شدارینه‌کردنت له‌که‌رنه‌ڤاڵی پارتی له‌سلێمانی و هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووم و هیچ به‌رپرسێکی باڵای پارتیم نه‌بینیوه‌، بۆ که‌رنه‌ڤاڵه‌که‌ش ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم وتیان وه‌ره‌، وتم نایه‌م. هاوڵاتی: ده‌ڵێن لینکی نێوان سه‌له‌فییه‌کان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانان و شێخه‌ عه‌ره‌به‌کان بویت له‌گه‌ڵ بارزانیدا، چۆن ئه‌م لینکه‌ دروست بووه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌و کاته‌ى له‌که‌رکووک بووم، مامۆستا عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی و سه‌له‌فییه‌کان داوایانکرد بچنه‌ لاى بارزانی، من ئه‌وانم برد، هه‌روه‌ها شێخ و که‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌کانمان بردووه‌، هێزه‌کانی هاوپه‌یمانیم بردووه‌، براده‌رانی گۆڕان له‌که‌رکووک مام رۆسته‌م و ئه‌وان داوایانکردووه‌ بیانبه‌مه‌ لای بارزانی ئه‌وانیشم بردووه‌، من به‌ بروسکه‌ به‌ مه‌کته‌بی سه‌رۆکم وتووه‌ و ئه‌وانیش وتوویانه‌ با بێن، شتێکی تر هه‌یه‌ خه‌ڵک لێی بێ ئاگایه‌، له‌کاتی دووباره‌ بوونه‌وه‌ى بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتگیرییان له‌مانه‌وه‌ى بارزانی ده‌کرد هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیارنه‌بوون، ئه‌ندام مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شه‌ڕی داعشدا جارێک جلی کوردی له‌به‌ر نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتیوانیان له‌پارتی و بارزانی کردووه‌ که‌سی دیکه‌ نه‌یکردووه‌ و مه‌وقیفییان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌ و ئاشکرایه‌. ‌هاوڵاتی: زۆرێک له‌شه‌هیده‌کانتان له‌سه‌ر رێگای که‌رکووک سلێمانی وێنه‌ى دانراوه‌، پارتی له‌خانه‌واده‌کانیان ده‌پرسێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: شه‌هید شه‌هیدی هیچ حزب و لایه‌نێک نیه‌، به‌ڵکو شه‌هیدی کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئێستا زیندوو ببنه‌وه‌ و سه‌یر بکه‌ن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کاریان ده‌هێنن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی رۆژێک له‌رۆژان خۆیان به‌شه‌هید کردن داوه‌. ‌هاوڵاتی: ده‌نگۆی هاوپه‌یمانییه‌تیه‌ک هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ لیستێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ که‌رکووک، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ کردووم، به‌ڵام تائێستا خۆم یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌ و نه‌ به‌ رازی بوون نه‌ به‌ ناڕازیی بوون، پێی وتووم تورکمان و عه‌ره‌ب و لایه‌ن و که‌سایه‌تیی دیکه‌مان له‌گه‌ڵه‌، به‌ڵام من وه‌کوو ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌ن ناچمه‌وه‌ که‌رکووک، که‌ی خۆم یه‌کلایی کرده‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ده‌م.

  چه‌ند کاندیدێک ده‌ڵێن گه‌ر بچنه‌ په‌رله‌مان پاره‌کانیان بۆ هه‌ژاران هه‌ڵده‌ڕێژن، چاودێرانیش ئه‌وه‌ به‌ «مژده‌ی به‌تاڵ» ناوده‌به‌ن هیوا غەفور به‌شێک له‌ کاندیده‌کانى ئه‌مجاره‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێبدرێت ده‌بنه‌ خێرخواز، به‌ بڕواى چاودێرانى سیاسی بانگه‌شه‌کردن بۆ کاری خێرخوازی بۆ هه‌ڵبژاردن نادروسته‌ به‌و پێیه‌ى په‌رله‌مان پرۆسه‌یه‌کى یاسایی و سیاسییه‌و نه‌ک ده‌زگاى خێرخوازیی. ژماره‌یه‌ک کاندید بۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى کوردستان، له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى  هه‌ڵبژاردنى خۆیاندا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ربچن و بچنه‌ په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، به‌شێک له‌ موچه‌و  ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌ستیان ده‌که‌وێت له‌ کارى په‌رله‌مانتارى دا، کارى خێرخوازى لێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. کاندیدێکیش له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕکردۆته‌وه‌. سه‌رهه‌نگ ئیبراهیم، کاندیدى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان، جیاواز  له‌و کاندیدانه‌ى تر که‌ ته‌نها به‌ زاره‌کى به‌ڵێن ده‌ده‌ن، له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ک پڕ ده‌کاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر ببێته‌ په‌رله‌مانتار، له‌ %75 ى مووچه‌که‌ى ده‌به‌خشێت. کاندیده‌که‌ى یه‌کێتى، له‌ به‌ڵینامه‌ که‌ى دا که‌ له‌ دادنووسى هه‌ولێر ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت «به‌ڵین ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ده‌چووم و بووم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق، له‌ %75 ى مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ خوێندکاران و شه‌هیدان و هه‌ژاران» ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ى کاری خێرخوازی پێشتر ته‌نها ئیسلامیه‌کان پێی هه‌ستاون، به‌ڵام له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا زۆربه‌ى کاندیدی حزبه‌کانى گرتۆته‌وه‌، هه‌ریه‌که‌و به‌شێوازێک باسی دابه‌شکردنى پاره‌که‌ى ده‌کات. موئمین زه‌ڵمى، کاندیدى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى، که‌ پێشتر کادری کۆمه‌ڵى ئیسلامی بووه‌، به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «ئه‌گه‌ر ببم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق نیوه‌ى موچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ هه‌ژاران و که‌م ئه‌ندامان و  وه‌رزشکاران و گه‌نجان و خوێندکارانى وڵاته‌که‌م، ئه‌م کاره‌شم له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى یاسایی و دارایی و شه‌رعى یه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌م»  وتیشى «ئه‌م کاره‌م له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، که‌ خۆشم زۆر ئازارم به‌هۆى نه‌بوونى و که‌مده‌رامه‌تییه‌وه‌ چه‌شتووه‌و له‌ ئازارى ئه‌وانه‌ تێده‌گه‌م» تائێستا سێ کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان و کاندیدێکى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و دوو کاندیدی یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش، به‌ ئاشکرا ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌. هێشوو رێبوار، کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ سلێمانى، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و بار و گوزه‌رانى باشه‌ له‌ رووى داراییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بچێته‌ به‌غدا، ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک و ئه‌ندام په‌رله‌مانى وه‌ریده‌گرێت، رێژه‌یه‌کى زۆرى وه‌کو کارى خێرخوازى و خزمه‌تکردن به‌کارده‌هێنێته‌وه‌. هێشوو به‌ هاوڵاتى وت «ئەو چین و توێژانەى که موعاناتیان هەیه و دەزانین  هەژارن هاوکارییان دەکەم، هاوکارى ئەو رێکخراوانەش دەکەم که لەبوارى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، ئەو قوتابیانەى که دەخوێنن و دەرامەتیان باش نییه، هاوکارییان دەکەم و دەستیان دەگرم»   هەر پەرلەمانتارێکی عێراقی مانگانە بڕی  6 ملیۆن دینار مووچەی بنەڕەتی ‌وەردەگرێت، لەگەڵ 5 ملیۆن دینار دەرماڵە، هاوکات نزیکەی ملیۆنێک ‌و 100 هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریش ‌وەردەگرێت، لەگەڵ پارەی مانگانه‌ى 30 پاسەوان کە هەریەک 750 هەزار دیناری هەیە و دەکاتە 22 ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار. ئەم پارەیەی پاسەوان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر حیسابی بانکی پەرلەمانتارەکە، ئیتر پەرلەمانتارەکە ئازادە پاسەوانی دەوێت یان نا، بەمەش پارەکە دەکاتە نزیکه‌ى 34 ملیۆن دینار. هه‌ندێک له‌ حزبه‌کانى تر رێژه‌یه‌کى مووچه‌کانیان ده‌ده‌نه‌ حزبه‌کانیان وه‌کو هاوکاری دارایی، له‌وانه‌، گۆڕان، کۆمه‌ڵ یه‌کگرتوو. جگه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، مووچه‌ى په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستانیش به‌رزه‌ به‌روارد به‌ فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ کۆتایی خولی په‌رله‌ماندا، هه‌ر په‌رله‌مانتارێکى هه‌رێمى کوردستان بڕی 48 ملیۆنى پێده‌درێت. له‌ خولی پێشوودا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئه‌و پاره‌یه‌یان به‌خشی، له‌ فراکسیۆنى گۆڕان و یه‌کگرتوو بوون. به‌ڵێنى کارخێرخوازى و دابه‌شکردنى مووچه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان و که‌م ده‌رامه‌تاندا له‌نێو په‌رله‌مانتارانى پێشووى کوردستانیشدا پێشتر به‌دیکراون، به‌شێکیان به‌ڵێنه‌کانیان برده‌سه‌ر و به‌شێکیشیان ئه‌و به‌ڵێنه‌ى دابویان، جێبه‌جێیان نه‌کردووه‌. له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، له‌گه‌ڵ له‌کۆتایی هاتنى ئه‌و خوله‌دا، هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێک بڕى 48 ملیۆن دینارى وه‌کو پاداشت وه‌رگرت، له‌نێو 111 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌که‌ى کوردستاندا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ خۆیان هه‌ڵگرن و له‌کارى خێرخوازى دا به‌خشییان. ناسک تۆفیق و عه‌بدوڵاى مه‌لانوورى، دوو په‌رله‌مانتارى خولى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان بوون، که‌ ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و 48 ملیۆن دیناره‌ى په‌رله‌مان بۆ خۆیان خه‌رج بکه‌ن، عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى سه‌رجه‌م پاره‌که‌ى به‌خشى به‌ نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌ سلێمانى، ناسک تۆفیقیش په‌رله‌مانتارى پێشووى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌سه‌ر هه‌ژاران و  که‌سانى که‌م ده‌رامه‌تدا دابه‌شکرد. ناسک تۆفیق که‌ ئیستاش کاندیده‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ هاوڵاتى  وت «من بەهیچ جۆرێ لەکاتی هەڵمەتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەڵێن نادەم بەڵام دواتر هەرچیم پێبکرێ دەیکەم» وتیشى «له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، کە ٤٨ملیۆن دینارى موکافەئەی خانەنشینی پەرلەمانم وەرگرت، من به‌به‌رچاوى کامێراوه‌ هه‌موویم  بەسەر که‌سانى هەژارو نەخۆشی دوو ناوچەی کارەساتباری کوردستانى وه‌ک هەڵەبجەو گەرمیان دا دابەش کرد». له‌ نێو کاندیده‌کانى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیشدا هه‌ریه‌که‌ له‌ حسێن گرده‌چاڵى و حاجى کاروان، رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربچن بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانى به‌شێک له‌ مووچه‌کانیانى خۆیان ده‌به‌خشن. حاجى کاروان له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى خۆى دا ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ربچێت مووچه‌ى 100 خێزان دا‌بین ده‌کات، حسێن گرده‌ چاڵیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌ربچم له‌%75 مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم. به‌ بڕواى چاودێرێکى سیاسیى، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن و هیچ قورساییه‌کى نیه‌ و په‌رله‌مانى عێراق جێگه‌ى یاساو به‌ده‌ستهێنانى مافى نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ نه‌ک جێگه‌ى کارى خێرخوازیى. عه‌زیز ره‌وف، چاودێرى سیاسی به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «خراپترین مژده‌ ئه‌و مژدانه‌ن که‌ پێش هه‌ڵبژاردن ده‌درێن، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن به‌ بڕواى من هیچ قورساییه‌کى نیه‌.  فۆڕمى یارمه‌تى دان و خزمه‌تکردنى هه‌ژاران بانگه‌شه‌ نیه‌، خۆ ئه‌مه‌ رێکخراوى خێرخوازى نیه‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کى یاساییه‌«. ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و کاندیدانه‌ ئه‌و مژدانه‌ ئه‌ده‌ن، بۆ دوو هۆکار ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و وتى «بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێ من له‌و ماف و ئیمتیازه‌ زۆره‌ که‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ده‌بورم، یان ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌نگ کۆبکاته‌وه‌« وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌م کاندیدانه‌ ئه‌گر راست ده‌که‌ن بابچن له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ پڕبکه‌نه‌وه‌و بڵێن ئه‌وه‌ من ئاماده‌م نیوه‌ى موچه‌که‌م ببه‌خشم به‌نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، ئه‌وه‌ شتێکى قانونى و یاساییه‌ له‌وه‌ بترازێت، من بڕوام به‌هیچ شتێکى تر نیه‌«

نه‌جات ئه‌حمه‌د ئه‌و کاندیدە ژنانه‌ى که‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا روبه‌ڕووی ناوزڕاندن بوونه‌ته‌وه‌، هیچ سکاڵایه‌کیان تۆمارنه‌کردوه‌، به‌ڵام داواکاری گشتى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان  سکاڵا تۆمارده‌که‌ن، له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانیان. له‌سه‌ره‌تاى ده‌سپێکردنى بانگه‌شەى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، شه‌ڕێکى لابه‌لای نێوان لایه‌نه‌گرانى حزبه‌کان له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ژنه‌ کاندیدو په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌ستى پێکردوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌کو به‌شێک له‌ ململانێی نێوان لایه‌نه‌کان سه‌یرده‌کرێت بۆ شکاندنى یه‌کتر. سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتى ده‌ڵێت به‌پێى یاسا سزاى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ده‌ن که‌ سوکایه‌تى به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌که‌ن و هه‌ر که‌سێک پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر بکات رووبه‌ڕووى دادگای ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمانیش سکاڵایان تۆمارکردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وکاسانه‌ که‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سوکایه‌تى به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌که‌ن. به‌پێى نووسراوێکى سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتى، ده‌سته‌ى مافى گشتى به‌ ژماره‌ (263) له‌ رێکه‌وتى 30/4/2018 ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات» لێره‌و له‌وێ له‌ هه‌ندێک وێبسایت و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کان و په‌یجه‌کانى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وێنه‌ی نه‌شیاوى کاندیده‌کان و گرته‌ى ڤیدیۆیی ناڕاستى کاندیده‌کان که‌ به‌شێوه‌ى نه‌شیاو دروستکراوه‌وه‌ بڵاده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هه‌مووى بۆ لێدانى ئافره‌تانى کورده‌«. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ بڕیاره‌ رۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت 146 کاندیدى ژن کێبڕکێى 46 کورسیى له‌ سێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌مساڵ جیاواز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى تر، زۆرترین قسه‌و باس و گرته‌ى ڤیدیۆیی له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فیسبوک و تویته‌ر و یوتیوب له‌سه‌ر کاندیده‌ ژنه‌کان بڵاوده‌کرێته‌وه‌. دڵخواز عه‌بدوڵڵا ، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان به‌ ‌ راگه‌یاند «به‌ دوو رۆژ پێش ده‌ستپێکردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژدنه‌کان داوامان له‌ داواکارى گشتى کرد که‌ له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر خه‌ت بێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بکه‌ین له‌هه‌ر جۆره‌ ناوزڕاندنێک که‌ ده‌رهه‌ق به‌ کاندیده‌ ژنه‌کان ده‌کرێت». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان که‌ سه‌رۆکى به‌شى یاساشه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «له‌سه‌ر به‌کارهێنانى فۆتۆشۆپ بۆ مه‌به‌ستى ناوزڕاندنى کاندیده‌ ژنه‌کان له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و شکاندنى شکۆى میله‌تێک، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داواکاریى گشتى کۆبووینه‌ته‌وه‌ تا به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌ربکه‌ین به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت سووکایه‌تى به‌ ژنان بکه‌ن و داواى یاساییش دژى ئه‌و که‌سانه‌ تۆمارکراوه‌ که‌ به‌مکاره‌ هه‌ستاون». دڵخواز گله‌یی له‌و کاندیده‌ ژنانه‌ هه‌بوو که‌ سوکایه‌تییان پێکراوه‌ به‌ڵام بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌و سکاڵاى یاساییان تۆمار نه‌کردووه‌، ئه‌و وتى «به‌داخه‌وه‌ تائێستا که‌سیان نه‌هاتوون سکاڵا تۆماربکه‌ن، راسته‌ ئه‌وان له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى بانگه‌شه‌ن بۆ خۆیان، به‌ڵام ئه‌وانیش پێویسته‌ بێ ده‌نگ نه‌بن و سکاڵا تۆماربکه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ک ئه‌نجومه‌ن به‌ ئه‌رک و وه‌زیفه‌ى خۆمان هه‌ڵستاوین و سکاڵامان تۆمارکردووه‌«. ده‌سته‌ى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو که‌ ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کیانه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و پێشێلکارییانه‌ ده‌که‌ن که‌ لاى ئه‌وان تۆمار ده‌کرێت. مازن عه‌بدوڵقادر، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان به ‌ وت «وه‌کو کۆمسیۆن به‌پێى یاسا رێنمایمان هه‌یه‌ و بڵاومانکردووه‌ته‌وه‌ و کاتێ که‌ سکاڵایه‌ک تۆمارده‌کرێت به‌دواداچوونى بۆ ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خۆشمان لیژنه‌مان هه‌یه‌ بۆ تۆمارکردنى سه‌رپێچییه‌کان و دواتر ئیجرائاتى یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و بڕیارى سزادانیان بۆ ده‌رده‌چێت». وتیشى «به‌پێى یاساى عێراقى ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و دادگاکان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به‌رپرسن و پێویسته‌ به‌پێى یاسا ئه‌و که‌سانه‌ رووبه‌ڕووى دادگاکان بکرێنه‌وه‌، کاتێ ته‌شهیر و به‌ کاندیده‌کان ده‌کرێت». له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى ئه‌م جاره‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى کاندیده‌ ژنه‌کان دووچارى سوکایه‌تى و ناوزڕاندن ده‌بنه‌وه‌، دووچارى لێکردنه‌وه‌ى پۆسته‌رات و لێکردنه‌وه‌ى لافیته‌کانیشیان ده‌بنه‌وه‌. محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌باره‌ى پێشلکارییه‌کانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژارنه‌کان به‌ ‌ راگه‌یاند «هه‌ستمان کردووه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌ڵبژارنه‌کانه‌وه‌ى ژنه‌کان زیاتر رووبه‌ڕووى لێکردنه‌وه‌ و دڕاندنى پۆسته‌ره‌کانیان ده‌بنه‌وه‌، پێده‌چێت  به‌رنامه‌یه‌ک هه‌بێت بۆ کاندیده‌ ژنه‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌ کۆتا ده‌رده‌چن (که‌ ده‌نگى که‌میان پێویسته‌) ره‌نگه‌ خه‌ڵکانیک ترسیان هه‌بێت له‌ ده‌رچوونیان بۆیه‌ رێگه‌ى نابه‌جێ ده‌گرنه‌ به‌ر». وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ وتیشى «له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا په‌نا بۆ زۆر شت براوه‌، به‌ڵام زۆر که‌م په‌نا بۆ بابه‌تى که‌سیه‌تى و خێزانى براوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئه‌وشمان بینى، که‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر پرۆسه‌ ده‌کات». سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تا ئێستا ئه‌و کاندیده‌ ژنانه‌ سکاڵایان تۆمار نه‌کردووه‌، محه‌مه‌د گۆمه‌شینى وتی «راسته‌  تائێستا که‌س سکاڵاى تۆمار نه‌کردووه‌، به‌ڵام وه‌کو ده‌سته‌که‌ ئێمه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێرى پێشلکارییه‌کان ده‌که‌ین، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى بابه‌تى مافى مرۆڤن و په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بێت».

هەرێم جەعفەر شکستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە ساڵی رابردوودا ڕێگاخۆشکەربوو تاکو نزیکەی ٦٠ گروپی جیاوازی شیعی یەکبگرن و حەشدی شەعبی بە یارمەتی ئێران درووستبکەن. ئێستا حشد لە ژێر ناوی هاوپەیمانی فەتح وەک قەوارەیەکی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی بۆ بەدواداچوون و شیکردنەوە لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو لە سوودی شیعەکان دەبێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی سوونەکان بەهۆی جەنگی داعش لاواز و پەرتەوازە بوون و کوردەکانیش بەهۆی شکستی گشتپرسی سەربەخۆیی، حاڵیان خراپە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، فەتح کە خۆی وەک پارێزەری شیعەکان دەناسێنێت، بێ بەش نیە لە ڕکابەری تووند لەناو خودی شیعەکان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، حەشدی شەعبی سەرەڕای ناڕەزایی سوونەکان، بوە بەشێکی یاسایی سوپای عێراق و بەمەش پارەیەکی زۆرتریان کەوتە ژێر دەست، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرا کە بەشداری سیاسییان هەبێت، بەڵام ئێستا ئەو هێزە شیعیە- ئێرانیە دەیەوێت لە ڕێگای کاندیدی پەڕلەمان زیاتر بچنە کایەی سیاسی عێراقیشەوە. بۆ نموونە هادی عامری دوای گەڕانەوە لەئێران بەهۆی دوورخستنەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بووە کەسێکی دیاری سیاسی عێراق و ئێستا خۆی ئامادە کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکەی ئەو، ڕێکخراوی بەدر، لەناو لیستی ئەل-فەتح و لە حشدا بەهێزترینە. یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی حشد، کە خاوەنی گروپی عسائب ئەهل هەقە، قەیس ئەل خەزعەلیە، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ مەهدی موهەندیس (جەمال جعفر ئەل ئیبراهیمی)، سەرۆکی کەتیبەی حیزبوڵا، بەشێکن لە لیستی هاوپەیمانی ئەل فەتح جیاواز لە عامری، ئەم دوو کەسیاتیە خۆیان کاندید نەکردوە بەڵام ئامانجی جیاوازیان هەیە. خەزعەلی دەیەوێت ببێتە ئیمامێکی شیعی کە دژی ئەمریکا لەناو عێراقدا کار بکات و ئەبو موهەندیسیش چاوی لە پۆستی سیاسییە، هەرسێ لەمانیش پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێران، کە بە کاریگەرترین کەسایەتی ئێرانی دەزاندرێت لە ناو سیاسەتی عێراقدا، لە ئێستادا هەموو پارتە شیعیەکانی عێراق دۆستایەتی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. لە مانگی یەکدا، فەتح و عەبادی هاوپەیمانیەتێکیان دروستکرد، بەڵام زۆری نەخایاند هەڵوەشایەوە. پێدەچوو ئێران نەیوستبێت کە عەبادی ئەو هەموو کاریگەرییەی هەبووبێت. بەڵام ئەمە سوودی هەبوو بۆ عەبادی، چونکە ئێستا وەکو هێزێکی مۆدێرن خۆی نیشاندەدات کە ئەمریکییەکان ئارەزووی دەکەن. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی ئەوەشی نووسیوە کە نوری مالیکی سەرەڕای ئەوەی بە کەسێکی تائیفی و هاوڕێی نزیکی ئێران ناسراوە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە زۆر گرنگی پێنادرێت و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات سەخت بووە. ئەمەش وایکردووە کە مالیکی ئێستا هاوپەیمانی ئەمریکییەکان بێت، بەڵام فەتحیش زۆر چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە دەزانێت ئەگەر عەبادی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بێت ئەوا ئەوان پشتگیری ئێرانیان هەیە تاکو هەژموونیان بپارێزن.  لیستێکی دیکەی شیعەکان کە زۆر دژی ئەمریکایە، لیستی (سائرون للاسلاح)ە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر. موقتەدا سەدر فەتح بەوە تۆمەتبار دەکات کە حەشدی شەعبی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت ئەمەش لەکاتێکدایە کە میلیشیاکۆنەکانی سەدر بە ناوی سوپای مەهدی ئێستا بەشێکن لە حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی سەدر کەسێکی نەریتپارێزە بەڵام بۆ هەمەچەشنکردنی دەنگەکانی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراق هاوپەیمانی پێکهێناوە و لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش، یارمەتی عەبادی دەدات دژی مالیکی. هەرچی ڕەوتی حیکمەیە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، پێ ناچێت دەنگی بەرچاو بهێنێت، بەڵام کاریگەری خۆی دەبێت کاتێک هاوپەیمانیەکانی دوای هەڵبژاردن ئاسان یەکلا نابنەوە. دامەزراوەی لۆب لۆگی ئەمریکی کە تایبەتە بە شیکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکیدا بە لاوازیی باس لە سوونەکان دەکات لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، بەهۆی جەنگی داعشەوە. گەورەترین گروپی سیاسی سوونەکان، پارتی ئیسلامی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی گەورەی سوونەکانی بەڕێوەدەبرد، بەڵام بە هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی کاریگەری جارانیان لەدەستدا ئێستا ئەو پارتە سیاسیە سوونەیە لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی کردوە و ئەمەش وای لە عەبادی کردوە کە لە شارە سوونیەکانیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت و لە میانی سەردانیکردنی بۆ شاری ئەنبار لە درێژەی کەمپینی هەڵبژاردنیدا ڕایگەیاند «خەڵک دەبێت خۆیان بە بەشێک لەم وڵاتە بزانن و دەبێت ئێمە خزمەتیان پێشکەش بکەین”. سعودیە لای خۆیەوە ئەم هەنگاوەی عەبادی پێخۆشە و دەیەوێت لە ڕێگای عەبادیەوە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتووری لەگەڵ عێراق باشبکات کە ماوەی دەیان ساڵە ئەو پەیوەندییانە پچڕاون. ئێستا گەوەرترین لیستی سوونەکان بە ناوی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) لە لایەن جێگری پێشووی سەرۆک کۆمار، ئەیاد علاوی و سەرۆکی پەڕلەمان، سەلیم جبووری، ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەڵام هیچکام لەم دوو سەرکردەیە کاریگەری سیاسی زۆریان نیە بۆ کوردەکان، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی زۆری هەیە. لەلایەکی ترەوە هەندێک ناوەند باس لەوە دەکەن کە کەوتنی کەرکوک و دەرهێنانی لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگەکانی کورد دەبێت کە لە دوای روخانی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکیک بووە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق. ئاژانسی فڕانس پرێس لە بەدواداچوونێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە کورد ١٠ کورسی یان زیاتر لەدەست دەدەن کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٢٧٥ کورسی، ٧٧ کورسییان بەدەستهێنا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ سەڕەڕای زیادکردنی کورسییەکانی پەڕلەمان بۆ ٣٢٨ کورسی، کورد تەنها ٦٢ کورسییان بەدەستهێنا ئەمەش لە کاتێکدایە بۆیەکەمجار لیستە عەرەبییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دەنگی کوردی ببەن لە ناو شارە کوردییەکاندا. جیا لەمانەش، خراپی باری ئابووری کوردستان و خەڵکی ناڕازی کورد، ئەگەر دروستدەکات کە بەشداری دەنگدان نەکەن و متمانەیان بە گشت پارتە کوردییەکان لاواز بووە. ماڵپەڕی هەواڵی سیتیزن سەبارەت بە براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیویەتی کە ئێران بە دوای جومگەی سەرەکی و سەرۆک وەزیرانی نزیک لە خۆی دەگەڕێت، بۆ ئەمەش سەڕەڕای حەشدی شەعبی، چەند سەرکردەیەکی شیعی هاوکارن لەگەڵی ئەو وڵاتە ئیسلامیە ئێستا لەژێر ناوی جیاوازەوە پاڵپشتی هێزگەلێک دەکات بە ناوی ڕێکخراوی بەدرو کەتیبەکانی حزبوڵا و شەهیدانی کەتیبەی سەعید و جوندولئیمام و چەند گروپێکی دیکە کە ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. هەرچی سعودیە و ئەمریکاش هەیە پشتیوانی عەبادی دەکەن و وەزیری بەرگری ئەمریکاش، جیم ماتیس، ئێران بەوە تۆمەت دەکات کە دەیەوێت هەڵبژاردنەکان بۆخۆی بەکاربهێنێت و بۆ ئەوەش “ بەڵگەی نیگەرانکەریان” هەیە. سیتیزن ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەموو پێوەرەکان، خاکی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان هەر جێگای ململانێ دەبێت بۆ ئەمریکا و سعودیە و ئێران لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هاوڵاتیانی داوای چاکسازی و باشترکردنی بژێویان دەکەن.

بنار هیدایه‌ت قوباد تاڵه‌بانی تاکه‌ که‌سی ناو یه‌کێتى بوو، له‌سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى بۆ حزبه‌که‌ى کرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وى وه‌کو مایسترۆیه‌کى نوێی حزبه‌که‌ى نیشانده‌دات دواى کۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانى، سکرتێری پێشووی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. له‌کاتێکدا یه‌کێتى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا دووچاری کێشه‌ى ناوخۆیی بووه‌، به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانى له‌ بانگه‌شه‌کانیدا ده‌ڵێت که‌ دڵخۆشه‌ به‌وه‌ى بانگه‌شه‌کانى «یه‌کێتى یه‌کخستووه‌«. به‌ر له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر کادیرانی حزبه‌که‌ى له‌ناو حکوومه‌ت دوور له‌چاوی راگه‌یاندنه‌کان ئه‌نجامدا که‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ چۆنێتى بانگه‌شه‌کردن بۆ لیستى یه‌کێتى. سامان گه‌رمیانی له‌سه‌ر ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بە هاوڵاتی راگه‌یاند «ئه‌جێندای ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن کادیرانی یه‌کێتی له‌حزب و حکومه‌ت به‌یه‌که‌وه‌ کاربکه‌ن، له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ر یه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى ئاماده‌ییان هه‌بوو». سامان گه‌رمیانی زیاتر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات «قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن باڵانسی له‌ناو یه‌کێتی زیاتر به‌رزتر بۆته‌وه‌، چونکه‌ له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا به‌رۆحێکی مام جه‌لالیانه‌ کاریکرد». جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که‌ى نیگه‌رانن، به‌ڵام وه‌ک گه‌رمیانی ده‌ڵێت «یه‌کێتی نه‌مێنێت دیموکراسی نامێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌زانن یه‌کێتی حزبێکه‌ کادیرانی له‌هیچ کاتێکدا فه‌رامۆش ناکات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر قوبادی مام جه‌لال وه‌ک ئێستا هه‌میشه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیدا بێت، چونکه‌ دواجار ئه‌و کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ قوباد تاڵه‌بانى به‌ گوڕه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ یه‌کێتى کردوه‌ هه‌ر له‌ بادینانه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو زاخۆ، به‌ڵام له‌ وتاره‌کانیدا زمانى زبری به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌کانى به‌کارنه‌هێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند جارێک وتویه‌تى نه‌یارانى یه‌کێتى تۆقیون. رۆژى 5ی ئایار، قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە کەلار وتی «لە بادینانەوە، لە ھەولێرو باڵەکایەتی و سلێمانی و گەرمیانەوە یەکێتییەکان چاوی نەیارەکانی کوێرکردووە، ئەوان لێیان تێکچووە و لێمان دەترسن». له‌ناو یه‌کێتییه‌کاندا وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ که‌ قوباد تاڵه‌بانى وتاره‌کانى به‌ حه‌ماسەتە‌وه‌ ئاڕاسته‌ى جه‌ماوه‌ری حزبه‌که‌ى کردووه‌، به‌بێ شکاندنى به‌رامبه‌ره‌کان، ئه‌وان ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانى مام جه‌لاله‌. بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ‌ وتى «وتاره‌کانی قوباد تاڵه‌بانی له‌م بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن وتارێکی مام جه‌لالییانه‌ بوو، چونکه‌ توانی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له‌خۆی کۆبکاته‌وه‌ و دڵی هیچ لایه‌نێکیش نه‌یه‌شێنێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ئه‌م قوباده‌یان ده‌وێت وه‌کو مام جه‌لال هه‌ڵسوکه‌وت بکات». تاڵه‌بانی ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد «قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتییه‌، ته‌نها کادیرێکه‌ ئه‌رکێکی قورسی خسته‌ سه‌ر شانی خۆی، به‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان به‌سه‌ر بکاته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی رابکێشێته‌وه‌ به‌لای یه‌کێتیه‌ راسته‌قینه‌که‌دا، به‌ڕاستی من سه‌رسام بووم به‌و وتارانه‌ى قوباد تاڵه‌بانی بۆ جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی ده‌دا». بێگه‌رد تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها وتى «ئه‌ستێره‌ى به‌ختی قوبادی مام جه‌لال له‌ناو جه‌ماوه‌ر و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌رز و به‌رزتر بۆته‌وه‌، له‌کاتێکدا وه‌کو مام جه‌لال و به‌تۆنی جه‌نابی مام قسه‌ى ده‌کرد». به‌پێی رووماڵی راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی له‌کاتی سه‌ردانکردنی کوڕی بچووکی تاڵه‌بانی، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی به‌مامی بچووک و تاڵه‌بانی بچووک بانگیان ده‌کرد، هه‌تاوه‌کوو سه‌رۆکی لیستی یه‌کێتی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ راسته‌وخۆ به‌قوباد تاڵه‌بانی وت «پیرۆزت بێت نازناوی مام و تاڵه‌بانی بچووک، چونکه‌ ئه‌و ناوه‌ شایسته‌ته‌«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌کێتى گروپێکى تر جێیان هێشتووه‌، به‌ڵام به‌ رای ئه‌ندامێکی دیکه‌ى سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ى به‌ر پرسانی یه‌کێتی کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانی زیاتر به‌رزکردۆته‌وه‌. له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بۆ ‌ وتى «له‌چوارچێوه‌ گشتییه‌که‌ هه‌موو ئه‌ندام لایه‌نگرێکی یه‌کێتی ئه‌رکی سه‌رخستنی یه‌کێتییه‌، ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانی کردوویه‌تی به‌جه‌ربه‌زه‌ و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌وه‌ کردوویه‌تی، له‌پاڵیشیدا تیمێکی به‌هێزی یه‌کێتی ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌کانی یه‌کێتی هه‌موو دۆست و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌کێتی و ئه‌وانه‌ى له‌رابردوو یه‌کێتی بوون چوونه‌ته‌ پاڵی». له‌تیف شێخ عومه‌ر وتیشی «قوباد تاڵه‌بانی به‌پێی پێگه‌ى خۆی کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا قوباد تاڵه‌بانی هه‌وڵی زۆری داوه‌ یه‌کێتی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی جارانی، له‌و رووه‌شه‌وه‌ کێرڤ و باڵانسی یه‌کێتی له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ زۆر به‌رزتر بووەته‌وه‌«.

کاندیدى ژماره‌ 2ى لیستى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، به‌رنامه‌کانى له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتیدایه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق به‌ هه‌موو برگه‌و ماده‌کانییه‌وه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت. دانا شه‌هید جه‌زا، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، ده‌ڵێت «یه‌کڕیزى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کورد به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ‌ داواى مافه‌کانى بکات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆى ده‌زانێت».   ‌هاوڵاتی: به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌ک کاندیدێکى پارتى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌رنامه‌ى ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستاندایه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، هێڵه‌ گشتییه‌کانى به‌رنامه‌کانى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستورى عێراق وه‌ک خۆى ئه‌و ماده‌ و برگانه‌ى تێیدایه‌ جێبه‌جێبکرێت، نه‌ک هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى به‌مه‌زاجى خۆیان به‌کاریبهێنن هه‌روه‌ها به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کێشه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق بگاته‌ کۆتایى، یان چاره‌سه‌ر بێت به‌ته‌واوى یان بریارێکى ترى له‌سه‌ر بدرێت. هه‌روه‌ها موچه‌و بودجه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، ماده‌ى 140 و داهاتى عێراق که‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌ش بکرێت و هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌کلابکرێته‌وه‌. هاوکات مافى که‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان و ئاین و ئاینزاکان ئه‌وانه‌ هه‌مووى پارێزراو بێت. ‌ هاوڵاتی: بێجگه‌ له‌ به‌رنامه‌کانى پارتى ده‌ته‌وێت که‌ چویته‌ به‌غدا چى بکه‌یت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌وه‌ى لاى من زۆر گرنگه‌ یه‌کڕیزى نیشتمانییه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مافى گه‌لى کوردستان به‌ده‌ست بهێنین یان ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستور رێکخراوه‌ وه‌ریبگرین، ده‌بێت قه‌واره‌ کورده‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست بن بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزى نیشتمانى دروست بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌کو هێزێک و یه‌ک کوتله‌ى په‌رله‌مانى به‌هێز به‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ مافه‌کان وه‌ربگرین. هه‌موومان له‌یه‌ک سه‌نگه‌رداین، ئه‌گه‌ر ره‌نگى شین بین مۆر بین و زه‌رد بین، ئاینده‌مان به‌یه‌که‌وه‌یه‌وه‌، هه‌مووان ببینه‌ پارێزه‌رى هه‌ر بڕگه‌و ماده‌یه‌ک که‌ له‌دژى کورد و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رانبه‌ریدا بوه‌ستینه‌وه‌و رێگه‌ى پێنه‌ده‌ین. ‌ هاوڵاتی:  رۆژ نورى شاوه‌یس، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر ده‌ستور جێبه‌جێ نه‌کرێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى، قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ چییه‌؟ دانا شه‌هید جه‌زا: ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێت ده‌وڵه‌تێکى سه‌قامگیرو سه‌رکه‌وتوو بێت، ده‌وڵه‌تێک بۆ هه‌موو گه‌لان بێت، پێویسته‌ سه‌رجه‌م مافه‌کانى  گه‌لى کوردستان مسۆگه‌ر بکات ئه‌گه‌ر نه‌یکات رێگاى تر ده‌گرینه‌به‌ر. ‌ هاوڵاتی:  چى له‌و موچه‌یه‌ ده‌که‌یت که‌ سبه‌ى له‌به‌غدا وه‌ک په‌رله‌مانتار وه‌ریده‌گریت؟ دانا شه‌هید جه‌زا: وه‌ک ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى سێ بۆ چوار مانگ موچه‌ى ته‌واومان وه‌رگرت، دواتر له‌سه‌دا 75ى لێ پاشه‌که‌وت کراو هه‌ر مانگێک 860 هه‌زار دینارمان وه‌رگرتووه‌ تا ئه‌مرۆ، دوو به‌رانبه‌رى موچه‌که‌ زیاتر کارمان کردووه‌ و بۆ رۆژێکیش که‌مته‌رخه‌م نه‌بووم و دوانه‌که‌وتوم ئه‌وپه‌رى  تواناى خۆم خستۆته‌گەڕ بۆ کاره‌کانم. مه‌سه‌له‌ى مادده‌ لاى به‌نده‌ گرنگ نییه‌ و باوکم پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و سیاسه‌تدا گه‌وره‌بووم، زیاتر ئه‌وله‌ویه‌تم هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌یاندنى په‌یامى سیاسیدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین و ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نین، ئه‌و به‌رپرسیارێتى و ئه‌رکه‌ى له‌سه‌ر شانمه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێى بکه‌م، به‌ڵام ناڵێم مه‌سه‌له‌ى بژێوى ژیان گرنگ نییه‌ بۆم، به‌ڵام خاڵێکه‌ هه‌رگیز شه‌خسیه‌تى خۆمى بۆ ناڕوشێنم، گه‌یاندنى هاوکارى ماددى بۆ هاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌ت به‌ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆمى ده‌زانم. ‌ هاوڵاتی: پارتى ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ یه‌ک کوتله‌ى هاوپه‌یمانى کوردستانى؟ دانا شه‌هید جه‌زا: یه‌کڕیزى نیشتمانى له‌په‌رله‌مانى عێراق  ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووى له‌یه‌ک کوتله‌دا کۆببنه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بتوانین شه‌ڕ بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان بکه‌ین و پارتیش ده‌ستپێشخه‌رى ده‌کات. ‌ هاوڵاتی:  پێتوایه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م قه‌واره‌ سیاسییه‌کان به‌پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن پۆستیان پێبدرێت له‌ دروستکردنى حکومه‌تى عێراقى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا؟ دانا شه‌هید جه‌زا: به‌پێى ده‌نگ و پێگه‌یان له‌به‌غدا هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ئه‌و ئیستحقاقه‌یان هه‌یه‌ که‌ به‌شداربن له‌ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیر و وه‌کیل وه‌زیرو سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌بنه‌ پشکى کورد، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێکه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراقى. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر له‌ئاست ئه‌و به‌ڵێنانه‌دا نه‌بن که‌ ئێستا ده‌یڵێن، پێتوانیه‌ هاوڵاتیان ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت که‌ ره‌خنه‌ بگرن؟ دانا شه‌هید جه‌زا :به‌رنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان ئیشى پێ ده‌که‌ین و کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر خوا کردى و ئیشه‌لا چوینه‌ به‌غدا و متمانه‌ى هاوڵاتیانمان به‌ده‌ستهێنا، هیچ که‌سێک به‌ته‌نها ناتوانێت هه‌موو به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکات، دانا به‌ته‌نها ناتوانێت رێگه‌ له‌ پرۆژه‌ یاساکان بگرێت که‌ دژى گه‌لى کوردن، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگ تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موومان یه‌ک ده‌نگ بین بۆ ئه‌وه‌ى ببینه‌ پارێزه‌رى ده‌نگ و مافى گه‌لى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق.

هاوڵاتی بەپێی بەداواداچوونێکی رۆژنامەی ‌ هاوڵاتی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ناو لیستە کوردییەکان جگە لە مۆڵەت وەرگرتن، ئامادەنەبوونی زۆریان لەپەرلەماندا هەبووە، بەجۆرێک هەندێک پەرلەمان ئامادە نەبوونی گەیشتووەتە سەروو ٣٠ ئامادە نەبوون، کە دیارترینیان ڤیان دەخیلە لە پارتی  دیموکراتی کوردستان. بە دوای ئەویش ڕێناس جانۆ دێت لەسەر هەمان لیست کە ٣٦ ئامادەنەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لە ناو فراکسیۆنی یەکێتی دا عەبدلعەزیز حەسەن ٢٥ ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. بە دوای ئەویش رێزان شێخ دلێر دێت بە ١٩ ئامادە نەبوون. موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساوی هەیە. هەروەها لەناو فراکسیۆنی کۆمەڵیش دا ئەحمەدی حاجی ڕەشید و زانا رۆستایی زۆرترین ئامادەنەبوونی ناو فراکسیۆنەکەی خۆیان هەیە کە ١٤ ئامادە نەبوونی بێ پاساوە، هەروەها سەلیم شوشکەیی ١١ ئامادە نەبوونی هەیە.   فراکسیۆنی پارتی ئه‌ردەڵان نوره‌دین 17 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئیسلام حسین عیسى علی 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئه‌شواق جاف 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئەمیره‌ کەریم حەمه‌ لاو مەردان 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەنگین شەوکەت عابد عەبدال 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەهار سلێمان عیسى نوعمان 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێریوان موسڵح عەبدولکەریم ئەسعەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. خوشەوى خەلیل حەکیم یاسین 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێناس جانۆ محەمەد یونس 36 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەرحان ئەحمەد سەرحان مەلاک 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سۆران ئیسماعیل عەبدوڵا خزر 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سیروان عبدالله اسماعیل عزیز 19  ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شاخەوان عبدلله ئەحمەد عبدالقادر 24 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین عبدالرحمن دیۆ بێری 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تارق سدیق رەشید محەمەد ئەمین 15 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عوسمان تاهیر حاجی تاهیر 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عەرەفات کەرەم مستەفا برایم 21 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فارس سدیق نوری عبدالجبار 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فرزنده زوبێر محەمەد محەمەد 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ڤیان دەخیل سەعید خزر 38 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ماجد خەڵەف حەمۆ مستۆ 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسین سەعدون ئەحمەد سەعدون 20 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەجیبە نەجیب ئیبراهیم خالد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نەدى عەنتەر خال هەمزه مەلا 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالوهاب عەلى مەحمود عبدالله ٢٨ ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کێتى ئارێز عبدلله ئەحمەد مەحمود 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. ئاڵا تەحسین حەبیب عەلی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بەختیار جەبار عەلی 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. بێستون عادل وەیس ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رەنگین عبدلله محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێبوار تەها مستەفا ئەحمەد 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. رێزان دلێر مستەفا 19 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سامان فەتاح حەسەن 10 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سەبهان سڵێمان سەلبی ئەحمەد 3 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سوزان بەکر حسین بەکر 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شوان حەوێز فەریق نامق 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شێرکۆ میرزا محەمەد ئەمین ئەحمەد 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالباری محەمەد فارس محەمەد 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالعزیز حەسەن حسێن حەسەن 25 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عبدالقادر محەمەد عومەر مەولود 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. فەرهاد قادر کەریم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. لەیلا عەلی خزر ئەحمەد 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موحسن عوسمان عبدلله رەشید 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. محەمەد عوسمان عەزیز ئەحمەد 13 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. میدیا جەمال عەلی خان محەمەد 5 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. نوزاد رەسوڵ حسن کانەبی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی گۆڕان ئارام محەمەد عەلى گشت دانیشتنەکان ئامادە بووە. ئەمین بەکر محەمەد 12 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سروه عبدالواحد قادر ئیبراهیم 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. شیرین رەزا محەمەد 6 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. تاڤگە ئەحمەد میرزا محەمەد 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. کاوه محەمەد مەولود حەوێز 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەحمود رەزا ئەمین 7 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. مەسعود حەیدر رۆستەم 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. هۆشیار عبدلله فەتاح 8 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاسیا حاجی سەلیم قادر 9 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. جەمال ئەحمەد محەمەد سیدۆ 16 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. عادل نوری محەمەد 22 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. موسەنا ئەمین نادر 23 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.   فراکسیۆنی کۆمەڵ ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید  14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. سه‌لیم شوشکه‌یی 11 ئامادە نەبوونی بێ پاساو. زانا رۆستایی 14 ئامادە نەبوونی بێ پاساو.

هاوڵاتی رزگار ئه‌ژى کاندیدى ژماره‌ یه‌ک له‌ لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان پارێزگاى سلێمانى، له‌ چاوپێکه‌وتنێکى دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو  هه‌وڵێک ده‌دات تا کورد له‌ به‌غدا زیاتر یه‌کگرتوو بن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گه‌ر ده‌ربچن چى بۆ خه‌ڵکى ده‌که‌ن ده‌ڵێت ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى خولى پێشوو تاچه‌ند چالاک بوون، رزگار ئه‌ژى وتى ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن، نه‌ک کارا نه‌بوون به‌ڵکو خۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت.   ‌هاوڵاتی: چ به‌رنامه‌یه‌کت هه‌یه‌ وه‌کو کاندیدێکى پارتى که‌ده‌ته‌وێت بچیته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: له‌راستیدا هه‌موو کاندێک به‌رنامه‌ى خۆى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ژێر رۆشنایى به‌رنامه‌ى حیزبه‌که‌یدایه‌، کارنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان له ‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانم دایه‌ و هه‌وڵ‌ و کۆششى ته‌واو ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ‌ ته‌واوى ئه‌و هه‌ڤاڵ‌ و هاوڕێیانه‌ى له‌گه‌ڵمان بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و کارنامه‌یه‌، ئه‌وه‌ى که‌ لاى خۆمه‌وه‌ هه‌بێت بۆ هه‌وڵدان بۆ ریکخستنى ته‌بایى نێوان فراکسیۆنه‌کان و ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌کانى کورد له‌به‌غدا ئه‌مه‌ش وه‌کو هه‌وڵێکى شه‌خسى خۆم ده‌بێت یه‌کێکى تر ده‌بێت له‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانى ترم که‌ به‌روحێکى برایانه‌ و کوردانه‌ له‌فراکسیۆنه‌کان نزیکببینه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین و په‌یوه‌ندى توندوتۆڵمان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌ رووبه‌روى کورد ببێته‌وه‌ له‌رێى ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت. ‌هاوڵاتی: چۆن کار له‌سه‌ر کارنامه‌کانى پارتى ده‌که‌ن؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ ژیانى هاوڵاتیانى کورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ رزگار ئه‌ژى: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ژیانى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، ته‌نها له‌ئه‌ستۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا نییه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ له‌چوارچێوه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى حیزبى یه‌که‌مه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌ هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن پارتى پێ تاوانبار ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رنا خۆیان زۆر باش ده‌زانن که‌ پارتى زۆر باش مامه‌ڵه‌ى کردووه‌ له‌و روه‌وه‌، هه‌ندێ له‌لایه‌نه‌کان باش ده‌زانن که‌ خۆیان هۆکاربوون بۆ برینى قوتى هاوڵاتیان و له‌مپه‌ر دروستکردن بۆ هه‌نگاوه‌کانى به‌ره‌و پێشچونى ئه‌م حکومه‌ته‌. هه‌ندێ لایه‌ن به‌ دڵپیسیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌ و رێنمویى ده‌سه‌ڵاتى به‌غدایان کردووه‌ بۆ دژایه‌تى کردنى ئه‌م هه‌رێمه‌. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک له‌پارێزگاى سلێمانى، به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ شاره‌که‌ت ؟ رزگار ئه‌ژى: ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق ناتوانین بڵێن جاده‌ بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه‌ ده‌که‌ین که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بمێنینه‌وه‌ هه‌موان به‌ کوردو عه‌ره‌ب و سونه‌ و شیعه‌وه‌ به‌ پێکهاته‌کانى تریشه‌وه‌ پابه‌ند بین به‌و ماده‌ ده‌ستورییانه‌ى که‌ له‌سه‌دا 80ى هاوڵاتیانى عێراق ده‌نگیان پێداوه‌، کاره‌ساته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌خۆى په‌رله‌مانى هه‌یه‌ دواى مه‌رجه‌عیه‌تێک که‌وتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستور که‌ په‌رله‌مانت هه‌یه‌ ده‌ورى مه‌رجه‌عییه‌تت بۆچییه‌؟، ئه‌م حکومه‌ته‌ که‌ خۆى سوپاى هه‌یه‌، هه‌وڵیداوه‌  پێکهاته‌یه‌کى ترى چاکدارى دروست بکات که‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان نا قانونییه‌ که‌ حه‌شدى شه‌عیبیه‌، تۆ که‌ سوپات هه‌یه‌، حه‌شدى شه‌عبیت بۆچییه‌؟. ‌هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک چ جیاوازییه‌کت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ رزگار ئه‌ژى: خولى سێیه‌م زۆربه‌ى زۆرى ئه‌ندامه‌کانى ئه‌کتیڤ و کارابوون و دڵسۆزانه‌ کاریان کردووه‌، ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن نه‌ک کارا نه‌بوون بەڵکوخۆشیان فرۆشتووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه‌ بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت. ‌هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک موچه‌یه‌کى په‌رله‌مانتارى وه‌ریده‌گرێت چه‌ندى لێده‌به‌خشیت بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌مده‌رامه‌تن؟ رزگار ئه‌ژى: ئێستا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیم وه‌ک ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتم زیاتره‌ وه‌ک له‌ په‌رله‌مانتارێک بۆ ناو حیزبه‌که‌ى خۆم، کارى په‌رله‌مانتار له‌چوارچێوه‌ى کارى حیزبى ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتێکیش ببێت بۆ کێیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى بێت ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ موچه‌ و ئه‌و ئیمتیازاته‌ى ده‌درێته‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان. من لێره‌ وه‌ک سه‌رکردایه‌تیه‌ک هه‌ر چۆنێک بێت ژیاوم، ئه‌گه‌ر موچه‌که‌شم زیاد بکات وه‌ک په‌رله‌مانتارێک ده‌توانى هاوکارى خه‌ڵکى پێبکه‌یت، نه‌ک هه‌ر پارتییه‌کان، به‌ڵکو خه‌ڵکى ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌که‌شم، چونکه‌ ده‌بینه‌ په‌رله‌مانتارى هه‌موو پارێزگاى سلێمانى، به‌نیازم چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشان بکه‌م له‌ ئیداره‌ى ئه‌م پارێزگایه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى و گه‌رمیان و راپه‌رین که‌ ئاگادارى ژیانى هه‌ندێ که‌س بن که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى هه‌ر زروفێکه‌وه‌ بێت ده‌ستى هاوکارییان ناگاتێ، به‌ڵکو ئێمه‌ بتوانین له‌ئازارو له‌که‌موکوڕییه‌کان که‌مبکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئاواتى خۆمى ده‌زانم. ‌هاوڵاتی: ده‌توانن وه‌ک پارتى ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کان له‌ به‌غدا ببنه‌ گروپێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ستبهێنن بۆ کورد؟ رزگار ئه‌ژى:ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ فراکسیۆنه‌کان یان ئه‌ندامانیان به‌ته‌مان کێشه‌کانى ناوخۆى هه‌رێم بکه‌نه‌ به‌یاننامه‌ بیخوێننه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ خراپه‌ و گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ بزانن چه‌نده‌ دواکه‌وتووین، ئه‌و عه‌قڵه‌ دواکه‌وتوانه‌ى به‌غدا گاڵته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ کورد به‌و شێوه‌یه‌ له‌ناوخۆى خۆیدا له‌سه‌ر یه‌کترى به‌یاننامه‌یه‌ یان هه‌ر قسه‌یه‌کى تر ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى هه‌مانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ناوخۆى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، کێشه‌ى کورد له‌به‌غدا په‌یوه‌ندى به‌ ستراتیژى هه‌مومانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌تپێشخه‌ربوون داوامانکرد با یه‌ک لیست بین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌هۆى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ریش، کاندید هه‌یه‌ به‌تۆ ده‌ڵێت ریفراندۆمچى،  ئه‌ى تۆچیت 16ى ئۆکتۆبه‌رچیت، سازشکارێکى به‌رنامه‌ت له‌به‌غداوه‌ داناوه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌م هه‌رێمه‌، خۆتان ساغ بکه‌نه‌وه. بابه‌رنامه‌ى کارى هه‌موولایه‌ک یه‌ک بخه‌ین یان له‌به‌غدا پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین.  

چه‌ند گروپێک که‌ له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادان شاری سلێمانى به‌کاردێنن بۆ سه‌ودایه‌کى نایاسایی به‌بێ ئاگاداری حکومه‌تى هه‌رێم پشتیوان جه‌لال به‌ره‌ى نوسره‌و چه‌ند گروپێکى حه‌شدی شه‌عبی که‌ له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادان، له‌گه‌ڵ قاسم سلێمانى و به‌رپرسێکى شاری سلێمانى مامه‌ڵه‌یه‌کى یه‌ک ملیار دۆلاری ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ راده‌ستکردنه‌وه‌ى 25 بارمته‌ى قه‌ته‌ری به‌و وڵاته‌، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدا به‌رپرسانى حکومه‌ت ده‌ڵێن هیچ زانیارییه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نییه‌. ئه‌و 25 بارمه‌ته‌یه‌که‌ که‌ ساڵى 2015 له‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕی داعشدا له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کداره‌کان له‌ عێراق رفێندرابوون، دواى دوو ساڵ بێسه‌روشوێن کردنیان، دواتر له‌ نیسانى 2017 واته‌ ساڵێک له‌مه‌وپێش له‌ رێگه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌که‌وه‌ که‌ زیاتر له‌ ملیارێک دۆلاری تێچووه‌و له‌ سلێمانى ئه‌نجامدراوه‌، قه‌ته‌ر بارمته‌کان ئازاد ده‌کات و هه‌ریه‌که‌ له‌ قاسم سلێمانى و به‌رپرسێکى شاری سلێمانی بڕی 50 ملیۆن دۆلاریان به‌رده‌که‌وێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند گروپێکى تری شیعه‌و سوونه‌ که‌ ناویان له‌ لیستى تیرۆری ئه‌مه‌ریکادایه‌و پشکیان هه‌بووه‌ له‌و پاره‌یه‌دا. به‌پێی به‌دواداچوونێکى رۆژنامه‌ى ‌ به‌رپرسانى خۆجێیه‌تى شاری سلێمانى ئاگاداری ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نین و حکومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت ئه‌وانیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگاداری رووداوه‌که‌ نین.  جه‌لال شێخ که‌ریم بریکارى وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێمى کوردستان به‌ ‌ وت  «وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ هیچ جۆرێک ئاگاى له‌و حاڵه‌ته‌ نیه‌، حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌ فه‌رمى به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى نیه‌، ئه‌و سه‌فقه‌یه‌ که‌ بووه‌ له‌ نێوان حه‌شدى شه‌عبى و عێراق و قه‌ته‌رییه‌کان گوایه‌ یه‌کێکى تریش له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ ناوى بووه‌، من به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى نیم، ته‌نها وه‌ک هه‌واڵێک بیستوومه‌«. هه‌روه‌ها وتى «خۆى باشه‌ ئه‌م شتانه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاگادار بێت، به‌ڵام ڕۆژانه‌ له‌م شاره‌یا ئه‌نواعى ئه‌ملاولا ده‌کرێت تجاره‌ت ده‌کرێت خۆ ناکرێت وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌دواى هه‌موویانه‌وه‌ بێت». رێککه‌وتنه‌که‌ که‌ ساڵێک له‌ومه‌وبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌، له‌وکاته‌دا سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانى بووه‌و به‌رپرسی لیژنه‌ى ئه‌منى شاره‌که‌ بووه‌، ئه‌ویش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگاداری ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ نییه‌. سه‌ردار قادر پارێزگارى پێشووی سلێمانى به‌ ‌ وت «وه‌ڵایى ئه‌و زانیاریانه‌ ئێستا له‌ تۆوه‌ ده‌بیستم، ئه‌گینا نه‌ دوورو نزیک نه‌ ئاگادارى ئه‌و سه‌فقه‌یه‌م نه‌ ورده‌کاریه‌کانى، ئه‌و کاته‌ى من پارێزگار بووم نه‌ پرسێکى ئاوها هاتۆته‌ ئۆفیسه‌که‌م نه‌ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ش بوومه‌«. پارێزگارى سلێمانى هاوکات به‌رپرسى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاکه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌رى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ر پرۆسه‌یه‌کى ئه‌منى له‌و شێوه‌یه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ده‌بێت پارێزگار ئاگادار بێت، به‌ڵام سه‌ردار قادر وتى «ڕاسته‌ پارێزگار به‌رپرسى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاکه‌شه‌، به‌ڵام ئه‌م که‌یسانه‌ به‌ گشتى به‌ ڕێککه‌وتى حیزبى ده‌کرێت، کوا ده‌سە‌ڵاتى پارێزگار له‌سه‌روى حیزبه‌وه‌ بووه‌و له‌سه‌روى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئه‌منیانه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ وا وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌ ده‌مه‌وێت واقیعى بم له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌م». ‌ بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌رۆک و بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئاسایش و ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیه‌وه‌ کرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ڕایانگه‌یاند که‌ به‌هیچ جۆرێک ئاگادارى ئه‌و بابه‌ته‌ نین. بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ناوبراو محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب به‌ ‌ وت  «سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ به‌ هیچ جۆرێک نه‌ ئاگادارین نه ‌ئاگادار کراوینه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رکوێ که‌یسێک هه‌بێت و سکاڵا به‌رزکرێته‌وه‌و داوامان لێبکرێت به‌دواداچوون بکه‌ین ده‌یکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و که‌یسه‌ ڕه‌نگه‌ لاى ئاسایشى سلێمانى بێت و ئه‌وان ئاگادار بن». بەڕێوه‌چوونى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ له‌و کاته‌دا، دواى دوو ساڵ هات له‌ ڕفاندنی ئه‌و 25 بارمته‌ قه‌ته‌رییه‌، که‌ له‌ ساڵى 2015 له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان له‌ عێراق رفێندرابوون. به‌پێى رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریکى که‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئازادکردنى بارمته‌کانى قه‌ته‌ر له‌ عێراق، حکومه‌تى قه‌ته‌ر 150 ملیۆن دۆلارى داوه‌ته‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى  پاسدارانى ئێران، به‌رپرسێکى ئیدارى له‌ شارى سلێمانى و به‌رپرسێکى میلیشیا شیعه‌کان به‌ناوى ئه‌بو حوسێن. ساڵى 2015 عێراق به‌ سێیه‌م مه‌ترسیدارترین وڵات له‌ جیهان ناوى ده‌رکرد، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى داعش ده‌ستى به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کى زۆر له‌ خاکى وڵاته‌که‌دا گرت، هاوکات شه‌ڕى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ناوچه‌کان له‌ده‌ست ئه‌و گرووپه‌ چه‌کدارییه‌ ده‌ستى پێکرد. له‌م کاته‌ مه‌ترسیداره‌دا 28 سه‌رمایدارى عه‌ره‌ب که‌ 25یان قه‌ته‌رى بوون، 2 سعودى و یه‌ک پاکستانی، ده‌چنه‌ پارێزگاى موسه‌ننا بۆ به‌سه‌ر بردنى کاتێکى خۆش و ئه‌نجامدانى هه‌ندێک کارى میللى وه‌کو راوکردن له‌ رێگه‌ى هه‌ڵۆ، ئه‌وان به‌ نەشاره‌زایى پێیان نابوویه‌ ناوچه‌یه‌ک پڕبووه‌ له‌ چه‌کدارى تایفی. راوکردنى ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ قه‌ته‌ریانه‌ زۆرى نه‌خایاند، کاتێک گرووپێکى چه‌کدارى هه‌ڵیکوتایه‌ سەر‌یان و سه‌رجه‌میانى به‌دیلگرتن و دوو ساڵ بێسه‌روشوێنیان کردن. قه‌ته‌ر هه‌ر زوو ئه‌وه‌ى بۆ روونبووه‌وه‌ که‌ بارمته‌کانى له‌لایه‌ن که‌تیبه‌ى ئیمام عه‌لى سه‌ر به‌ که‌تیبه‌ى حیزبوڵاى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبین. قه‌ته‌ر که‌ وڵاتێکى ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ‌ له‌ که‌سایه‌تى سه‌رمایه‌داره‌، بۆ رزگارکردنى بارمته‌کان جگه‌ له‌ پێدانى 50 ملیۆن دۆلار به‌ قاسم سلێمانى و به‌رپرسه‌که‌ى شاری سلێمانى، به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلاریشی داوه‌ته‌ چه‌ند گروپێکى حه‌شدى شه‌عبى و که‌تیبه‌ى حیزبوڵاى عێراقى و حیزبوڵاى لوبنانى و گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان له‌ عێراق، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر ئازادکردنى 25 بارمته‌که‌. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان، گرته‌یه‌کى ده‌نگى زه‌ید بن سه‌عید خه‌یارین، باڵیۆزى قه‌ته‌ر له‌ عێراق ده‌ست واشنتن پۆست که‌وتووه‌ که‌ به‌ به‌رپرسانى سه‌رووى خۆى ده‌ڵێت، «له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کان به‌ 275 ملیۆن دۆلار گه‌یشتوونه‌ته‌ رێککه‌وتن له‌به‌رامبه‌ ئازادکردنى بارمته‌کان و ده‌ستاوده‌ستکردنى بڕه‌ پاره‌که‌ش، له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجامده‌درێت.» به‌پێى گرته‌ ده‌نگییه‌که‌ 50 ملیۆن دۆلار ته‌نیا دراوه‌ته‌ قاسم سوله‌یمانی، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران که‌ به‌ ئازادى له‌ عێراق و سووریا ده‌سووڕێته‌وه‌ و له‌ ژماره‌یه‌ک شه‌ڕ‌ رۆڵى کاریگه‌رى هه‌بووه‌. هه‌روه‌ها 50 ملیۆن دۆلاریش دراوه‌ته‌ به‌رپرسێکى شارى سلێمانى که‌ ئاسانکاریى کردووه‌ بۆ ئانجامدانى ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌. ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون له‌ رێککه‌وتنه‌ نهێنییه‌که‌ و پاره‌یان ده‌ستکه‌وتووه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی نه‌ماوه‌ته‌وه‌، حکومه‌تى عێراق و ئێران و تورکیا، به‌ره‌ى نووسره‌ و دوو گرووپى ئۆپۆزیسیۆنى سووریاش تێدا به‌شدار بوون. ته‌نانه‌ت باسله‌وه‌شده‌کرێت که‌ ته‌واوى بارمته‌کان له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک ملیار دۆلار ئازاد کراون، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کى فه‌رمى نییه‌ تاوه‌کو پشتڕاستى بکاته‌وه‌ بڕى پاره‌که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ چه‌ند تاوه‌کو ئه‌و هه‌موو ده‌ستانه‌ى کردووه‌. ئاشکرابوونى ئه‌م نهێنییه‌ له‌کاتێکدایه‌، له‌ماوه‌ى رابردوودا ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانى له‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌و کۆنفرانس، قه‌ته‌ریان به‌وه‌ تۆمه‌تبارکردووه‌ پشتگیرى دارایى سه‌ره‌کى گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کانه‌. بۆ رزگارکردنى بارمته‌کان، قه‌ته‌ر ناچار به‌ په‌یوه‌ندى بووه‌ به‌و هێز و میلیشیایانه‌ى له‌ عێراق رۆڵێکیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م گرووپانه‌ به‌خۆڕایى ئه‌م کاره‌یان بۆ قه‌ته‌ر نه‌کردووه‌. حیزبوڵاى عێراقى 25 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، حه‌شدى شه‌عبى 150 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، قاسم سوله‌یمانى له‌ سوپاى پاسدارانى ئێران 50 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌، سوله‌یمانى به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێکى دیکه‌ى عێراقى له‌ 150 ملیۆن دۆلارى دیکه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادکردنى بارمته‌کان سوودمه‌ند ده‌بێت. ئاشکرابوونى هه‌موو ئه‌و نهێنییانه‌ له‌کاتێکدان، هه‌ریه‌ک له‌ قاسم سوله‌یمانى و حیزبوڵاى عێراقى و چه‌ند گرووپێکى دیکه‌ که‌ سودمه‌ندى پاره‌کان بوونه‌، به‌ فه‌رمى ناویان له‌نێو لیستى تیرۆرى ئه‌مریکا هه‌ن.  

سازدانی: پشتیوان جه‌لال محه‌مه‌د ره‌ئوف، یه‌کێک له‌دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری و کاندیدی پێشووى ئه‌مینداری یه‌کگرتوو، رایده‌گەیه‌نێت که‌ ئه‌گه‌ر سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری ئێستاى یه‌کگرتوو سیاسیه‌تى خۆى نه‌گۆڕێت حزبه‌که‌ تووشی « شکستێکى گه‌وره‌« ده‌کات. محه‌مه‌د ڕه‌ئووف له‌م چاوپێکه‌وتنه‌وه‌ى رۆژنامه‌ى هاوڵاتیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌وانەی‌ ده‌نگیان به‌سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین داوه‌ قه‌ناعه‌تیان وایه‌ که‌ ئه‌و یه‌کگرتووى رزگارکردوه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د ره‌ئوف به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یبینێت. له‌به‌شێکى تری چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باسی هاوپه‌یمانێتیه‌ تازه‌که‌یان ده‌کات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌وان ئاماده‌سازن بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتودا حکومه‌ت پێکبێنن.   ‌هاوڵاتی: چۆن هاوپه‌یمانیت هه‌ڵبژارد کاری سیاسی خۆتى تێدا بکه‌ى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: وتوومه‌و ئه‌یڵێمه‌وه‌ هاوپه‌یمانى پرۆژه‌یه‌که‌ به‌قه‌ناعه‌تى خۆم زۆربه‌ى کادیرو ئه‌ندامى هه‌موو حیزبه‌کانى تر بڕوایان پێیه‌تى، ئه‌زموونى ئه‌م 25 ساڵه‌یه‌، ئه‌توانین بڵێین پوخته‌و پاڵفته‌ى کۆى ئه‌زموونى سیاسیى کوردستانه‌، که‌ ئه‌بێ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌بێت، چونکه‌ پرۆژه‌که‌ زۆر وازحه‌، که‌ ئێمه‌ دوو ئامانجى سه‌ره‌کیمان هه‌یه‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌و دوو ئامانجه‌ چین؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئامانجى یه‌که‌م هێنانه‌ کایه‌ى سیسته‌مێکى نوێى سیاسى حوکمڕانى ڕه‌شید، که‌ ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنێت، به‌هه‌موو شێوازه‌کانیه‌وه‌، ئامانجى دووه‌ممان شێوازێکى حیزبایه‌تى نوێیه‌ له‌کوردستان، که‌ تا ئێستا کارى سیاسى حیزبى زۆر به‌سه‌قه‌تى کراوه‌، هه‌مووى به‌ئایدۆلۆجیا کراوه‌، جا ئیتر ئایدۆلۆجیاى چه‌پ و ڕاست و دینی بێت یان هه‌رشتێ بێت، ئه‌م مۆدێله‌له‌حیزبایه‌تى له‌قوتووى هیچ عه‌تارێکدا نیه‌و حوکمڕانى پێناکرێت، بۆیه‌ هاوپه‌یمانى وه‌ک قه‌واره‌یه‌ک پرۆژه‌یه‌کى نوسراوى هه‌یه‌ که‌ کات نیه‌ لێره‌ باسى بکه‌ین، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ که‌ ساڵێک کارمان له‌سه‌رى کردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌نێک قسه‌مان کردبێت قه‌ناعه‌تیان پێبووه‌، به‌جه‌وهه‌رى و به‌ڕه‌هه‌نده‌کانى، بۆیه‌ هاوپه‌یمانى ده‌توانێ گۆڕانکاریى له‌سیسته‌مى حکومڕانى و حیزبایه‌تى بکات. هاوڵاتی: به‌م قسانه‌تدا دیاره‌ زۆر ئومێدت به‌هاوپه‌یمانى هه‌یه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ته‌بعه‌ن. ‌هاوڵاتی: ئه‌و قه‌واره‌ى که‌ باست کرد، قه‌واره‌یه‌کى ئیسلامییه‌ یان عه‌لمانى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: له‌سه‌ر ئه‌مه‌ زۆر به‌ڕۆشنى قسه‌مان کردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ ئایدۆلۆجیامان تێپه‌ڕاندووه‌، به‌و مانایه‌ى نا که‌ له‌ئایدۆلۆجیا بده‌ین، هه‌ر مرۆڤێک ئازاده‌ چۆن بیرده‌کاته‌وه‌، هاوپه‌یمانى مادام توانى ئایدۆلۆجیا تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وا ئه‌توانێ هى هه‌موو مرۆڤ و هاوڵاتییه‌کیش بێت به‌هه‌موو جیاوازییه‌کییه‌وه‌، به‌پێى سیاسه‌تکردنی نێوده‌وڵه‌تى که‌ ئێسته‌ پێشکه‌وتووترین  فۆڕمى ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر بێت و هاوڵاتى حاکم بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر به‌چاو ڕۆشنیانه‌ ده‌یڵێن که‌ باسه‌که‌ باسی ئیسلامى و عه‌لمانى نیه‌. ‌هاوڵاتی: کێشه‌ى حزبى ئایدۆلۆجى له‌کوێدایه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: کێشه‌که‌ له‌وێدایه‌ کاتێک حیزبێک ئایدۆلۆجى بوو، خۆى و ئه‌وانه‌ى بڕوایان به‌و ئایدۆلۆجیایه‌ هه‌یه‌، ئه‌ڕۆنه‌ ناو سوڵته‌، سوڵته‌که‌ بۆ ئه‌وان ئیداره‌ ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئیمتیازات و تواناى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى ئه‌و وڵاته‌ ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ باوه‌ڕى ئه‌و ئایدۆلۆجیایه‌ هه‌یه‌، ئه‌و کاته‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر نابێت. ‌هاوڵاتی: تۆ ڕابردوویه‌کت هه‌بوو له‌ناو حیزبێکى ئیسلامی، ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ت بۆ هاتنه‌ ناو هاوپه‌یمانى قورس نه‌بوو؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: بۆ من که‌ به‌ته‌واوى قه‌ناعه‌تى خۆمه‌وه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌ گران نه‌بوو، له‌ڕووى پرۆژه‌که‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووى ئه‌وه‌وه‌ که‌ ده‌ستهه‌ڵگرى له‌ئیشێک، 30 بۆ 40 ساڵ خه‌ریکى بیت، حه‌تمه‌ن ئاسان نیه‌، بۆ من ئاسان نیه‌، بۆ کاک ئارام قادر ئاسان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ دکتۆر به‌رهه‌میش ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ تف له‌ڕابردووى خۆمان ناکه‌ین، شانازى به‌ڕابردوومانه‌وه‌ ده‌که‌ین، به‌تایبه‌ت که‌ ئه‌و سێ نه‌فه‌ره‌ى ناوم بردن، نه‌ گه‌نده‌ڵى سیاسى نه‌ مالى، هیچیانمان جێنه‌هێشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیشه‌ به‌ یه‌کێتى بکرایا دکتۆر به‌رهه‌م هاوپه‌یمانى دروستنه‌ده‌کرد، به‌یه‌کگرتوو بکرایا من هاوپه‌یمانیم درووستنه‌ده‌کرد، به‌کۆمه‌ڵى ئیسلامیش بکرایه‌ کاک ئارام هاوپه‌یمانى دروستنه‌ده‌کرد، ئێستا هه‌موو که‌س قه‌ناعه‌تى وایه‌، که‌ له‌کوردستان پێویستمان به‌گۆڕانکاریى ڕیشه‌یی هه‌یه‌، ده‌بێت که‌سانێک بیکه‌ن بیتوانن، هه‌موو حیزبێک حه‌زده‌کات بیکات به‌ڵام ناتوانن، که‌ هاوپه‌یمانى ده‌توانێت ئه‌و ژێرخانه‌ دروستبکات که‌ پێویسته‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌م ئامانجه‌ له‌ناو حیزبه‌کانى خۆتان، له‌ناو یه‌کگرتوو به‌دى نه‌ده‌هات؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: یه‌کگرتوو ئێستاش ئه‌م ئامانجانه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام تواناى جێبه‌حێکردنى نیه‌، ئه‌گینا ئه‌م ئامانجانه‌ له‌کۆنگره‌ى چوارو پێنجدا له‌ناو یه‌کگرتوو ده‌ستیپێکردووه‌، مه‌سه‌لەى ئیسڵاح و ڕسته‌ى جوان بیرۆکه‌ى جوان، به‌ڵام جه‌سته‌ى حیزبه‌که‌ تواناى هه‌ڵگرتنى ئه‌م باره‌ گه‌وره‌ى نیه‌و پێى ناکرێت، له‌ئه‌سڵدا وا دروستنه‌کراوه‌ بتوانێ بیکات، میکانیزمه‌کانى پێنیه‌، بۆیه‌ ئومێد ده‌که‌م له‌قۆناغێکی تردا یه‌کگرتوو بێته‌ به‌ره‌ى هاوپه‌یمانیه‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هه‌ندێ له‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێن مامۆستا محه‌مه‌د ڕه‌ئووف بۆ ئه‌میندارى ده‌رنه‌چوو له‌دوایین کۆنگره‌ى یه‌کگرتوودا بۆیه‌ چووه‌ ناو هاوپه‌یمانى، تاچه‌ند ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: پێمخۆشه‌ ورد وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌و هه‌موو وه‌ڵامه‌که‌ش دابنێ، یه‌که‌م من له‌ساڵى  2012 خولێکم کردۆته‌وه‌ بۆ کادیر و سه‌رکرده‌کانى یه‌کگرتوو. که‌ شه‌ش سه‌عات بوو، ئێستاش سیدیه‌کانى ماوه‌ لاى خۆیان، که‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌وه‌ بچێنم لاى یه‌کگرتوو که‌ مرۆڤ سه‌نته‌ر بێت، دووه‌میش لێخوێندنى من له‌سه‌ر حیزب و له‌شێوازى حیزبى کوردستانى، من له‌پێش کۆنگره‌ى یه‌کگرتووش وتوومه‌ که‌ حیزبایه‌تى ئاوا بکه‌ین 500 ساڵى تر ناگه‌ین به‌هیچ، من له‌کۆنگره‌ ڕامگه‌یاند وتم من بۆ یه‌ک ده‌نگ هاتووم، هه‌موو که‌س ئه‌بێت له‌و په‌یامه‌ تێگه‌یشتبێت، که‌ مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین وتى دێمه‌وه‌ زانیم هه‌رکه‌س خۆى کاندید بکات هه‌ر ده‌رناچێت، بۆیه‌ من وتم بۆ یه‌ک ده‌نگ هاتووم چونکه‌ من پرۆژه‌یه‌کم هه‌بووه‌ له‌پێشه‌وه‌ قسه‌م بۆ سه‌رکرده‌کانى یه‌کگرتوو کردووه‌، ئێمه‌ سێ که‌س دابه‌زین هه‌موو که‌س ته‌نانه‌ت نه‌خوێنه‌وارێکیش ده‌زانێت که‌س له‌به‌رامبه‌ر مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین ده‌رناچێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ شوبوهاته‌و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێکى نیه‌ که‌ من له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌میندارى ده‌رنه‌چوومه‌ بۆیه‌ هاتوومه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانى. ‌هاوڵاتی: پێت وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین بۆ بوون به‌ئه‌مینداریى، نه‌هێشتنى ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئه‌وانى تر؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌و یه‌کگرتووه‌ى ده‌نگى به‌و داوه‌ قه‌ناعه‌تى وایه‌ که‌ ئه‌و ئینقازى یه‌کگرتووى کرد، به‌س من قه‌ناعه‌تم وایه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین سیاسه‌تى خۆى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق نه‌گۆڕێ، له‌قۆناغى هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستاندا یه‌کگرتوو تووشى شکستێکى گه‌وره‌ ده‌کات له‌ئاینده‌دا. ‌هاوڵاتی: ئێستا په‌یوه‌ندیه‌کانى تۆ و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین چۆنه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: له‌م قۆناغى هه‌ڵبژاردن و ئیتر ئه‌م دوو سێ مانگه‌دا هاتووچۆ و قسه‌مان نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌یه‌ک دوو سه‌ره‌وه‌ بوعدى خزمایه‌تى و ژن و ژنخوازیمان هه‌یه‌، هاوپه‌یمانیش حیزبێکى سیاسى نیه‌ تا به‌عوقده‌ مامه‌ڵه‌ بکات، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ ئێستا هه‌ڵسم و بچم بۆ ماڵیان به‌لاى ئه‌ویشه‌وه‌ ئاسایی ده‌بێت. ‌هاوڵاتی: حاجى کاروان له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا وتى که‌ ئه‌وانه‌ى له‌ یه‌کگرتووه‌وه‌ بۆ ناو لایه‌نێکى تر ڕۆشتوون، (که‌ زیاتر مه‌به‌ستى تۆ بوو)، خێزانه‌کانى خۆشیان له‌گه‌ڵیان ناڕۆن و هه‌ر ده‌نگ بۆ یه‌کگرتوو ده‌ده‌ن، تا چه‌ند ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: زۆر به‌کورتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حاجى کاروان په‌شیمانه‌ له‌و قسه‌یه‌، من هیچ شتێکى له‌سه‌ر ناڵێم. ‌هاوڵاتی: پێتوایه‌ ڕێژه‌ى ده‌نگه‌کانى هاوپه‌یمانى له‌چ ئاستێکدا ده‌بن؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: شه‌وى ڕابردوو په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردم، که‌ سه‌نته‌رێکى ڕووسى دیراسه‌یه‌کى کردووه‌ له‌به‌شى بادینان و هه‌ولێر پێیان وایه‌ موفاجه‌ئه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ له‌کوردستان هاوپه‌یمانیه‌. هاوڵاتی: پێتوایه‌ ده‌نگه‌کانى ئیسلامیه‌کان بۆ هاوپه‌یمانى دێت؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى پرۆژه‌یه‌کین له‌مساڵدا درووستبووین، حیزبى چه‌ند ساڵه‌مان نه‌بووه‌، ده‌نگه‌کانى پارتى و یه‌کێتى به‌پله‌ى یه‌ک، لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش به‌پله‌ى دوو، به‌تایبه‌ت یه‌کگرتوو کۆمه‌ڵ، لایه‌نه‌کانی تریش به‌نیسبه‌تێکى که‌متر ده‌نگه‌کانیان دێت بۆ هاوپه‌یمانى، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ده‌نگى ئه‌وان و خه‌ڵک و گه‌نجى بێلایه‌ن نه‌هێنین ئیتر له‌کوێ بیهێنین، ناچین له‌ئه‌وروپا قه‌رزى بکه‌ین. هاوڵاتی: ئه‌وه‌ى تۆ ئاگات لێیه‌ ژماره‌ى ئه‌و کادرانه‌ى یه‌کگرتوو هاتوونه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانى چه‌ندن؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: وه‌ک ژماره‌، ژماره‌ ناڵیم، به‌ڵام سه‌رۆکى لیستى هاوپه‌یمانى بادینان کادریى پێشووى یه‌کگرتوو بووه‌، سه‌رۆکى لیستى سلێمانى به‌هه‌مان شێوه‌، یه‌ک دوو کاندیدى لیستى هه‌ولێر یه‌کگرتوو بوون، که‌ تیایاندایه‌ ئه‌ندامى کۆنگره‌ بووه‌و یه‌که‌م ده‌نگى مه‌ڵبه‌نده‌که‌ى خۆی هێناوه‌، له‌هه‌ولێر و سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌بازنه‌کان و دامه‌زراوه‌کان کادیرى پێشکه‌وتوومان هه‌یه‌ که‌ یه‌کگرتوو بوون به‌ڵام ژماره‌ پێویست ناکات باسى بکه‌م. ‌هاوڵاتی: ئه‌و هه‌موو بۆچوونه‌ جیاوازه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانیدا چۆن جێى ده‌بێته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌نێو حیزبه‌کانى پێشووى خۆتاندا هه‌ندێ بۆچوون جێى نه‌بووبێته‌وه‌؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ى هاوپه‌یمانى، یه‌کگرتوو کۆمه‌ڵ زۆر هه‌وڵیاندا بۆیان نه‌کرا، یه‌کێتى حه‌زیکرد بۆى نه‌کرا، گۆڕان هه‌نگاوێکى زۆر باشى نا به‌ڵام کاته‌که‌ى بۆ ئه‌و گونجاو نه‌بوو نه‌هات به‌ده‌ستییه‌وه‌، چونکه‌ قۆناغ قۆناغه‌، ئێستا ئیتر کاتى هات، که‌ کاتى هات ئێمه‌ ده‌ستمان پێکرد، خۆ پێشتر دکتۆر به‌رهه‌م پرۆژه‌ى به‌یه‌کێتى داوه‌ پێى وتوون خۆتان ئاوا چاک که‌ن ئێمه‌ هاوپه‌یمانیتان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین، من و کاک ئارام پێشتر پرۆژه‌مان نوسیووه‌ ساڵێک و سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر، باوه‌ڕیان پێى هه‌بوو ده‌ستخۆشیان لێکردین به‌ڵام نه‌یانتوانى هه‌نگاوى بۆ بنێن. ‌هاوڵاتی: بۆ نه‌یانتوانى؟ محه‌مه‌د ڕه‌ئووف: ئه‌و حیزبانه‌ى که‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى 10 ساڵه‌وه‌یه‌ له‌کوردستان‌و ناتوانن خۆیان هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌و شتێکى ترى لێدروست بکه‌ن، وه‌ک بینایه‌ک وایه‌ ژێرخانى تێکچووبێت و بیانه‌وێت له‌سه‌ره‌وه‌ چاکى بکه‌ن، بۆیه‌ ناتوانن. بۆنمونه‌ یه‌کگرتوو له‌کۆنگره‌ى پێنجه‌وه‌ حه‌زده‌کات ده‌عوه‌و سیاسه‌ت جیابکاته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانێت، هه‌موو جۆره‌ پرۆژه‌یه‌کى نوسیوه‌ به‌ڵام ناتوانێت جێبه‌جێى بکات، بۆیه‌ ئه‌و حیزبانه‌ گۆڕانکارى ڕیشه‌یى و گه‌وره‌یان پێناکرێت. ‌هاوڵاتی: وه‌ک هاوپه‌یمانى ئه‌تانه‌وێت له‌ئاینده‌دا چى به‌ده‌ستبێنن؟ محه‌مه‌د ڕئووف: ئه‌وانه‌ى بیروبۆچونیان له‌هاوپه‌یمانیه‌وه‌ نزیکه‌و ده‌یانه‌وێت چاکسازى بکه‌ن، هاوپه‌یمانى ده‌رفه‌تێکه‌ که‌ بێنه‌ ناویه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى بتوانین له‌ئاینده‌دا 51%ى کورسه‌کانى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبێنین و سیسته‌مه‌که‌ هه‌مووى بگۆڕین و حوکمڕانى وه‌رگرین، انشالله له‌کۆتایى ساڵى 2018دا خۆمان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێکدێنن.    

یه‌کگرتوو کێشه‌ى خێزانى بۆ هه‌ندێک له‌و ئه‌ندامانه‌ى درووستده‌کات که‌ حزبه‌که‌یان به‌جێدێڵن. هاوڵاتی ئه‌ندامانى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان، کاتێک هێزێکى تر هه‌ڵده‌بژێرن بۆ کارى سیاسى روبه‌ڕووى کێشه‌ى خێزانى ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ی له‌ناو ئۆرگان و میدیاکانى یه‌کگرتوو وا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ که‌ خێزان و که‌سوکاریان له‌گه‌ڵیان نین و ده‌نگیان پێناده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌بێ باج به‌سه‌ر یه‌کگرتوودا تێنه‌په‌ڕیوه‌. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌فته‌ى یه‌که‌مى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى که‌ «هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتن» بکرێت له‌ حاجى کاروان کاندیدى ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ى خۆى. له‌ تازه‌ترین حاڵه‌تیشدا، ئه‌ندامێکى دێرینى ئه‌و حزبه‌ ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى میدیایه‌کى یه‌کگرتوو بڵاویکرده‌وه‌ که‌ باوکه‌که‌ ده‌نگ نادات به‌ کوڕه‌که‌ى که‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا خۆى کاندید کردوه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق‌. ئه‌مه‌ کارێکى تازه‌ نییه‌ له‌ناو یه‌کگرتوودا، به‌ڵکو سه‌ره‌تاکه‌ى له‌ ساڵى 2014 رویدا، کاتێک میدیاو په‌یج و که‌سه‌ نزیکه‌کانى یه‌کگرتوو رایانده‌گه‌یاند که‌ بێخاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسی یه‌کگرتوو، ده‌نگ به‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کرى براى نادات که‌ سه‌رۆکى لیستى گۆڕان بوو بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به‌ڵام هه‌ڤاڵ زیاتر له‌ ٢٥٠ هه‌زار ده‌نگى هێنا. له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌دا، مه‌سه‌له‌که‌ توندتربوو، کاتێک حاجى کاروان له‌ که‌ناڵى رووداو وتى محه‌مه‌د ره‌ئوف، ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کگرتوو، که‌ ئێستا له‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌، خیزانه‌که‌ى له‌گه‌ڵیدا نییه‌و ده‌نگ به‌و هێزه‌ نوێیه‌ نادات که‌ ئه‌وى لێیه‌. دواى رۆژێک له‌م قسانه‌، حاجى کاروان له‌ ڤیدیۆیه‌کى چه‌ند خوله‌کی دا وتى له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنى لێکراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى هه‌ڕه‌شه‌ کاره‌که‌ بهێنێت. حاجى کاروان به‌ چاکه‌تێکى قاوه‌ییه‌وه‌ ده‌رکه‌وت، که‌ قاوه‌یى ره‌نگى فه‌رمى یه‌کگرتووه‌. ئه‌و وتى مه‌به‌ستى له‌ وشه‌ى خێزان هاوسه‌رى «هیچ مامۆستایه‌ک» نه‌بووه‌ . ئه‌وانه‌ى ڕه‌نگى قاوه‌یى به‌جێدێڵن، یه‌کگرتووه‌کان سه‌ره‌تا پێیان ده‌ڵێن ئێمه‌ پێمانگه‌یاندن، دواتریش ده‌ڵێن به‌ ته‌نها رۆیشتووه‌و که‌سوکاریان ده‌نگیان پێناده‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م قسانه‌ ده‌بێته‌ هۆى کاردانه‌وه‌ى که‌سوکارى وازهێنه‌ره‌کان و پێیان وایه‌ ئه‌و قسانه‌ کێشه‌ بۆ ئاشتى ناو خێزانه‌کانیان دروستده‌کات. رۆژى 30ى نیسانن ئەمساڵ، باوکى یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکى لیستى گۆڕان له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ یه‌کگرتوو راگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى میدیاى یه‌کگرتوو بڵاویکرده‌وه‌، که‌ ده‌نگ به‌ کوڕه‌که‌ى نادات. محه‌مه‌د سادق، باوکى یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى پێشووى په‌رله‌مان که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ده‌مه‌زرێنه‌رانى یه‌کگرتوو، دووشه‌ممه‌ى رابردوو وازهێنانى خۆى له‌و حزبه‌ راگه‌یاندو ئامه‌ژه‌ى به‌وه‌کرد، میدیاى یه‌کگرتوو لێدوانێکى ئه‌ویان به‌کارهێناوه‌ «دژى» کوڕه‌که‌ى. محه‌مه‌د سادق له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا وتى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ «لێدانه‌« له‌ کوڕه‌که‌ى یوسف. محه‌مه‌د سادق که‌ ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى یه‌کگرتوو بووه‌، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا خۆى به‌ یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانى حزبه‌که‌ ناوبردووه‌، ده‌ڵێت «من له‌ ئێستاوه‌ بێبه‌رى بونى خۆم له‌و حیزبه‌ رائه‌گه‌یه‌نم». له‌ به‌شێکى ترى راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که‌ کوڕه‌که‌ى  «نه‌زیهتره‌ له‌ زۆر له‌وانه‌ى که‌ خۆیان به‌ پێشه‌وا ئه‌زانن». ئه‌م قسانه‌شى وه‌کو پیشاندانى به‌هێزى خێزانه‌که‌ى پیشانداو فه‌زڵى حزبه‌که‌ى نه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و کوڕه‌یدا که‌ یه‌کگرتوه‌کان به‌ که‌لله‌ڕه‌قى ده‌زانن، ئه‌مه‌ش به‌هۆى پێداگریى له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌ ٢٠١٥دا که‌ یه‌کگرتوه‌کانى له‌ په‌رلەمان دابه‌شى دووبه‌ره‌ کرد. له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هاوڵاتى په‌یوه‌ندى کرد به‌ هادى عه‌لى وته‌بێژى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان و دوو ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى ئه‌و حزبه‌، به‌ڵام هه‌رسێکیان وتیان که‌ هیچ که‌سێ: له‌ناو یه‌کگرتوو قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ناکات. عادل حه‌سه‌ن کادرێکى یه‌کگرتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونى تایبه‌تى خۆى له‌سه‌ر باسکردن و ناوهێنانى خێزان و که‌سوکارى ئه‌ندامه‌ کۆنه‌کانى یه‌کگرتوو، به‌ کارێکى «ناشرین» ناوى بردو پێیوایه‌ بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بووه‌. عادل حه‌سه‌ن به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌وه‌ کارێکى تا بڵێى ناشرینه‌ که‌ باوکێک دژى کوڕه‌که‌ى به‌کاربهێنیت، هه‌م له‌ رووى دینى و هه‌م له‌رووى کۆمه‌ڵایه‌تى، هیچ باوکێک حاشا له‌ کوڕى خۆى ناکات تەنانه‌ت ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌ى زۆر خراپیش بێت». هه‌روه‌ها وتى «به‌بڕواى من هه‌ردوو جۆره‌که‌ (قسه‌کانى یه‌کگرتوو، وه‌ڵامه‌که‌ى باوکى یوسف محه‌مه‌د) بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌«. یه‌کگرتووى ئیسلامى له‌ په‌روه‌رده‌ى رێکخستنه‌کانى خۆیدا وشه‌ى (ئوسره‌) به‌کاردێنێت، که‌ به‌ کوردى به‌ واتاى خێزان دێت، مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان سه‌ره‌تا تاک په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن و دواتریش خێزان، پاشان کۆمه‌ڵگا. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ خۆی وەکو حزبێکی ئیسلامی ئیسلاحی لە کوردستان راگەیاند، مێژوی رێکخستنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو کە ئەوکات وەکو بەشێک لە رێکخراوی (ئیخوان موسلمین) بە نهێنی کاریان کردوە. یەکگرتوو بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردوە. لە ماوەی  ١٠ ساڵی رابردوودا چەندین ئەندامی وازیان هێناوەو پەیوەندیان بە هیزی ترەوە کردوە، کە دیارترینیان محمەد رەئوف و یوسف محمەدن، کە ته‌نها له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا یه‌کگرتوو کێشه‌ى خیزانى بۆ ئەو دوو کۆنه‌ ئه‌ندامەى خۆى درووستکرد. محه‌مه‌د سادق باوکی یوسف لەسەر ئەو ئه‌و قسانه‌ خۆى به‌ مه‌زڵوم ده‌زانێت و ده‌ڵێت کە کاتێك یه‌کگرتوو "به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى خۆیاندا ده‌که‌ن، ئیتر ئه‌بێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ بکه‌ن». هه‌روه‌ها ده‌ڵێت «خوایه‌ تۆ خۆت ئاگادارى دڵى منیت، خۆت پشت و په‌ناى زوڵملێکراوانیت».

لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان پێشبینی ده‌که‌ن دوو کورسی پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ستبێنێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانیان په‌رته‌وازه‌ نه‌که‌ن. ڕاپۆرتی: پشتیوان جه‌لال بۆ به‌شداریکردنى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، کورد له‌خورماتوو شه‌ش کاندیدی هه‌یه‌، به‌ڵام ململانێ له‌نێوان دوو کاندیدیاندایه‌ که‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر به‌ره‌ى مالکی و عه‌بادیدا، که‌ یه‌کێتى نیشتیمانى پشتگیریی یه‌کێکان ده‌کات و چوارلایه‌نى تریش به‌شداری ئه‌وی تریان ده‌که‌ن. ململانێ تونده‌که‌ له‌ نێوان کاندیدێکى کورد نێو هاوپه‌یمانێتى (نه‌سر)ى حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌، که‌ هه‌ریه‌ک له‌ (گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى) پشتیوانى لێده‌که‌ن. کاندیدى یه‌کێتیش (شه‌لال عه‌بدوله‌ که‌ پێشتر قایمقامى شاره‌که‌ بووه‌، ئێستا له‌سه‌ر (هاوپه‌یمانى قه‌ڵاى جه‌ماوه‌ری تیشتیمانى) پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینه‌و به‌ هاوپه‌یمانیێکى نزیکى مالکی هه‌ژمارده‌کرێت له‌م پارێزگا سوننه‌یه‌دا. فه‌رمان عه‌بدوڵا به‌رپرسى لقى یه‌کگرتوو له‌ دووزخورماتوو له‌مباریه‌وه‌ به‌ هاوڵاتى وت»ململانێ له‌ نێوان دوو کاندیدا هه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ هه‌ردوکیان ده‌ربچن، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌داین وا له‌ کوردانى شاره‌ک بکه‌ین ده‌نگ بده‌ن‌و نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، چونکه‌ خه‌ڵک تاڕاده‌یه‌ک بێئومێد بووه‌، ناحه‌قیشیان نیه‌ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ریان هات زۆربوو». به‌هۆى زۆرى کاندیده‌کان باس له‌ په‌رته‌وازه‌ بوونى ده‌نگى کورد له‌و شاره‌ ده‌کرێت، چونکه‌ شه‌ش کاندیدى کورد له‌ سنورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین هه‌ن، ده‌نگى کورد له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو که‌مى کردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئاواره‌بوونى کوردانى دووزخورماتوو له‌ دواى 16 ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌. هه‌ر له‌وباریه‌وه‌، مه‌لا که‌ریم به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له‌ دووزخورماتوو به‌ هاوڵاتى وت «کاندیدى ئێمه‌ شه‌لال عه‌بدوله‌ وه‌ک یه‌کێتى، له‌ لیستێکى عه‌ره‌بى کاندیده‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌لمان زۆره‌ که‌ ده‌نگ بێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ کورد شه‌ش کاندیدى هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌وڵماندا که‌می بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام نه‌ماتوانى». هه‌روه‌ها وتى»هه‌وڵى زۆرماندا له‌ گه‌ڵ حیزبه‌کانى تردا، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌مان کرد له‌ ئاستى باڵاشدا بۆ ئه‌وه‌ى کاندیدى زۆرمان نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان وایان ده‌زانى یه‌کێتى قاعیده‌ى جه‌ماوه‌رى شکاوه‌، ئاماده‌ییان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕێکبکه‌ون». به‌ده‌ر له‌ کاندیدى هاوبه‌شى چوار لایه‌نه‌که‌و کاندیده‌که‌ى یه‌کێـتى، دوو کاندیدى کوردى هه‌ن که‌ وه‌ک سه‌ربه‌خۆ خۆیان کاندید کردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ک له‌ نه‌وه‌ى نوێ و حیزبى شیوعیش کاندیدیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێـتى بۆ هاولاتى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند که‌ تاکه‌ کاندیدى به‌هێز کاندیده‌که‌ى ئه‌وانه‌، که‌ به‌ وته‌ى ئه‌و «ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى زۆره‌«. له‌ یه‌که‌مین خولى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا کوردانى دووزخورماتوو یه‌ک ئه‌ندامیان له‌و ئه‌نحومه‌نه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام دوو خولى دواتر نه‌یانتوانیووه‌ جارێکى تر ته‌نها یه‌ک کاندیدى تر بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بنێرن، بۆیه‌ له‌ خولى چواره‌مدا ده‌یانه‌وێت هیچ نه‌بێت یه‌ک کاندیدى کوردى شاره‌که‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن مافى کوردانى دووزخورماتوو به‌ده‌ستبێنێت. ئه‌مه‌ش له‌کاتیێکدایه‌ که‌ له‌ نێو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینیش کورد یه‌ک ئه‌ندامى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا، که‌ بڕیاره‌ هه‌ر له‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت کورد ئه‌و کورسیه‌ش به‌ده‌ستنه‌هێنێته‌وه‌. له‌ دواىنه‌مانى زۆرێک له‌ هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌و شاره‌وجێگرتنه‌وه‌یاتن له‌ لایه‌ن ( هێزه‌کانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا)، به‌شێک له‌ ماڵه‌ کورده‌کان له‌مانگى ڕابردوودا گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌که‌ى خۆیان، به‌ڵام هێشتا به‌شێکیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، بۆ ده‌نگدانیش ئه‌و ئاوارانه‌ هاوشێوه‌ى ئاواره‌کانى دیکه‌ى عێراق که‌ له‌ سنورى هه‌رێمى کوردستان نیشته‌جێبوون ده‌نگده‌ده‌ن. دکتۆر فه‌خره‌دین عه‌باس وتارخوێنى مزگه‌وتى کۆماری له‌ خورماتوو که‌ هێشتا ماڵه‌که‌ى نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ شاره‌که‌،به‌ هاوڵاتى وت «ده‌نگدان به‌ زه‌روور ده‌زانین، هانى خه‌ڵکى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام خه‌ڵکى به‌هۆى ئه‌و باروودۆخه‌ى به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ زۆر نائومێده‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ میمبه‌ره‌کان و لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کان به‌ کورد بڵێن ده‌نگبدات، چونکه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌بێت کورد هه‌وڵبدات نوێنه‌رێکى هه‌بێت، چونکه‌ له‌ ڕابردوودا نه‌مانتوانیووه‌ نوێنه‌رێکمان هه‌بێت». فه‌خره‌دین عه‌باس وتیشی «به‌هۆى زۆرى کاندیده‌کان ده‌نگى کورد په‌رته‌وازه‌ بووه‌، به‌ڵام هه‌ر ئومێدمان هه‌یه‌، که‌ کاندیدێک یان دووان ده‌نگ بێنن، چونکه‌ له‌ نێو ئه‌و لیسته‌عه‌ره‌بیانه‌دا ڕه‌نگه‌ به‌ پێنج هه‌زار ده‌نگ ده‌ربچن، که‌ به‌ پێشبینى ئێمه‌ نزیکه‌ى 20هه‌زار ده‌نگى کورد له‌ دووزخورماتوو هه‌یه‌«.