ئارا ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کاره‌باى سلێمانى ئاماژه به‌وه ده‌دات که له‌سه‌دا 90ى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با دراوه‌ته که‌رتى تایبه‌ت و دوو هه‌زار و 500 بۆ سێ هه‌زار مێگاوات کاره‌با له‌هه‌رێمدا هه‌یه، باسى له‌وه‌شکرد که له‌خراپترین حاڵه‌تدا له‌مانگى ته‌مموزدا هەشت کاتژمێر کاره‌با ده‌ده‌نه هاوڵاتیان. سالار حوسامه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کاره‌باى سلێمانى له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که حکومه‌تى هه‌رێم ستراتیژى وابووه له دواى 2011 به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با له‌ڕێگه‌ى که‌رتى تایبه‌ته‌وه بێت، له‌سه‌دا 90ى به‌رهه‌مى کاره‌با له‌ده‌ستى که‌رتى تایبه‌تدایه، که له‌لایه‌ن سێ وه‌به‌رهێنه‌وه کاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، »هه‌ریه‌ک له ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، کۆمپانیاى کار، کۆمپانیاى قه‌یوان به‌رهه‌مى کاره‌با دابین ده‌که‌ن». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که له‌سه‌دا 10ى به‌رهه‌مى کاره‌با له وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى دوکان و ده‌ربه‌ندیخان پێکدێت و کاره‌باى هه‌رێم له‌نێوان دوو هه‌زارو 500 بۆ سێ هه‌زار مێگاواتدایه. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد که دوو فاکته‌ر گۆڕانکارى به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانى کاره‌بادا ده‌هێنێت که کێشه دروست ببێت له به‌رهه‌مى کاره‌با چه‌ند سه‌د مێگاواتێک کاره‌با دێته دواوه و خواستى به‌کارهێنانى کاره‌با به‌پێى پله‌کانى گه‌رماو پێداویستى هاوڵاتیان. وتیشى «پێشبینى ئێمه ئه‌وه‌یه که وه‌ک هاوینى ساڵى رابردوو که له‌خراپترین حاڵه‌تدا هه‌شت کاتژمێر ده‌توانین کاره‌با بده‌ینه هاوڵاتیان که هه‌وڵده‌ده‌ین بتوانین زیاترى بکه‌ین». سالار حوسامه‌دین، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که داهاتى خۆیان له‌ئێستادا ته‌نها 100 ملیار دیناره‌و رێگه‌یان پێدراوه ته‌نها له‌سه‌دا 10ى به‌کاربهێنینه‌وه و له‌و رێژه‌یه له‌سەدا هه‌شتى بۆ چاککردنه‌وه‌ى تۆڕه‌کانى کاره‌باو له‌سه‌داى دووى بۆ ده‌عمى هاوکارییه بۆ کارمه‌ندانى کاره‌با. له‌ماوه‌ى رابردوودا، کاره‌باى سلێمانى داوایان کردووه له‌سه‌دا 20ى داهاتى کاره‌بایان پێ بدرێت بۆ چاکردنه‌وه‌ى تۆڕه‌کانى کاره‌با، به‌ڵام بەوتهى سالار حوسامه‌دین، وه‌زاره‌تى دارایى و حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نها به له‌سه‌دا 10ى رازى بوون. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کاره‌باى سلێمانى، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که زیاتر له 100 ملیار دیناریان لاى هاوڵاتیانى هه‌رێمه که که‌ڵه‌که‌بووى ساڵانى رابردووه‌و له‌وه‌زاره‌تى کاره‌باوه نوسراویان بۆ حکومه‌تى هه‌رێم کردووه که له پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاره‌کانیان لێ وه‌ربگیرێته‌وه. سه‌باره‌ت بهوشیارکردنهوهى هاوڵاتیان، سالار حوسامه‌دین، ره‌خنه‌ى له که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن گرت و وتى »له‌گه‌ڵ هه‌رچى که‌ناڵ هه‌یه قسه‌مان کردووه به‌بێ به‌رانبه‌ر ئاماده‌نین وشیارى به‌کارهێنانى کاره‌بامان بۆ بڵاوبکه‌نه‌وه‌و هه‌موویان به‌نرخى گران زۆر بۆمان ده‌که‌ن، هه‌ر که‌ناڵێک هاوکاریمان بکات بێ به‌رانبه‌ر سوپاسیان ده‌که‌ین».
داخستنى مه‌رزه لاوه‌کییه‌کان دانیشتوانى ناوچه سنورییه‌کانى ناچارکردووه گیانیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه‌و تەنها لە ١٨ مانگدا ٨٥ کەسیان بەکۆڵ و بارەوە کوژراون. هاوڵاتی، ئه‌حمه‌د فارس شه‌وێکى سەختی زستانی ساڵی رابردوو، عه‌لی ئهتمان به کۆڵه قورسه‌که‌ى پشتییه‌وه له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێی تری‌دا به‌سه‌ر به‌رزاییه‌کی سنوور لابه‌لا هه‌ڵده‌شاخان، له‌پڕ چوارده‌وریان بوو به ته‌قه‌و له هه‌موو لایه‌که‌وه ئاگر داده‌باری به‌سه‌ریاندا. هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ هه‌ڵاتن نه‌ما له‌به‌رده‌میاندا، یهکلهدواى یه‌ک فیشه‌ک بهریانکهوت و به کۆڵێکى 80 کیلۆیی سهرشانیانهوه ده‌که‌وتن بهدهمداو له‌ناو خوێنى خۆیاندا ده‌تلانه‌وه. عه‌لی ئه‌تمانی ته‌مه‌ن 4٥ ساڵ که خاوه‌نى پێنج مناڵ له ناوچه‌ى سه‌ڵماسی سنووری نێوان پارێزگاى هه‌ولێرو ورمێ که‌وته که‌مینه‌وه، وتى «خه‌ریک بوو ئهگهیشتینهوه شوێنی مه‌به‌ست و کۆڵهکانمان بگهیەنینه جێ و ڕۆژانه‌ی ئه‌و رۆژهشمان ده‌ستکه‌وێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی ده‌ستڕیژی گولهکهوه من و سێ لههاوڕێیانم برینداربوین و یه‌کێک لههاوڕێیانیشم گیانی له‌ده‌ستدا که هەرگیز له‌یادم ناچێت». ئه‌وانه‌ى هاوشێوه‌ى عه‌لی، کاریان کۆڵبه‌رییه له‌و سنوره‌دا، بۆ ده‌ستکه‌وتنى بژێوی، گیانى خۆیان خستووەته مه‌ترسییه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى رێگه‌که‌یان سه‌لامه‌ت نین، ده‌بێت رێگاى بێچاوپێچ و دۆڵ و شاخ ببڕن به سه‌رماو گه‌رماو ناڕه‌حه‌تى تا ده‌گه‌نه کڕیاره‌کانیان له‌و دیو سنوور، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شدا بکه‌ونه کهمینى پاسه‌وانانى سنووری ئێرانه‌وه، به ته‌ماى گیانى خۆیان نامێنن. زۆرێک له‌وانه‌ى به کاری کۆڵبه‌رییه‌وه خه‌ریکن، دانیشوانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانن، ئه‌گه‌رچی حکومه‌ت ئاماری فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوناکاته‌وه، به‌ڵام به‌پێی ئاماره نافهرمییهکانى رێکخراوه‌کان، ساڵانه ده‌یان کۆڵبه‌ر ده‌کوژرێن و بریندار ده‌کرێن، یان ده‌ستگیرده‌کرێن. به‌م دواییانه بازاڕی قاچاخچیه‌کان له سنووری ناحیه‌ى سیده‌کان گه‌رمبووه، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ئێران هه‌ستا به داخستنى مه‌رزه لاوه‌کیه‌کانی حاجی ئۆمه‌ران، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامى تووڕه‌یی ئه‌و وڵاته به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆمى هه‌رێمى کوردستان له ئه‌یلولی 2017. زۆرێک له‌و کۆڵبه‌رانه، کاتێک له‌ناوخاکی ئێران له‌سه‌ر سنور ده‌درێنه به‌ر ده‌ستڕێژی گوله، ئه‌گه‌ر بتوانن خۆیان ئه‌خزێنه ناوخاکی هه‌رێمى کوردستان له‌به‌ر سه‌لامه‌تی گیانی خۆیان له‌وێ بۆئه‌وه‌ى ده‌ستگیرنه‌کرێن توشی لێپێچینه‌وه نه‌بن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا ٨٥ کۆڵبەرو کاسبی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ١٠٧ کەسیش بریندار بوون. رێکخراوەکە ناوی تەواوی کوژراو و بریندارەکانی داوە بە هاوڵاتی. یه‌کێک له‌و کۆڵبه‌رانه‌ی رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که گوله‌یه‌کی به‌رکه‌وتبوو له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له‌قه‌زاى سۆران چاره‌سه‌ر ده‌کرا، داوای‌کرد ناوی خوازراوی به ئاکۆ بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى له ئێران ئاشکرا نه‌بێت. ئاکۆى ته‌مه‌نی 47ساڵ رۆژێک له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێیدا کۆڵ‌یان پێبووه‌و ویستویانه سنوور تێپه‌ڕێنن، به‌ڵام له پڕ ده‌که‌ونه کهمینێکى هێزه‌کانى سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و بریندارده‌کرێن. دواتر به‌و برینه‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ناوچه‌ى کێله‌شین له‌سنوری ناحیه‌ی سیده‌کان، له‌وێش به به‌هاوکاری چه‌ند هاوڕێیه‌کیان ده‌ی گه‌یه‌ننه نه‌خۆشخانه بۆ چاره‌سه‌ر. ئاکۆ به هاوڵاتی وت «ئه‌وان ئێمه‌یان تیمارکرد، دوای چهندڕۆژێکی تر که ڕێوشوێنه ئاساییه‌کانمان ته‌واوکرد ئه‌گه‌ڕێینه‌وه، به‌خوا کاری ئێمه ڕیگای هاتونههاته، ئه‌گه‌ر ناچارنهبم ئاماده‌نیم یه‌ک ده‌قه‌ش ئه‌و کاره بکه‌م.» به‌پێی رێکخراوى مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕۆژانه زیاتر له100که‌س کاری کۆڵبه‌رى ئه‌که‌ن له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی که ئهشگوزارێنهوه که‌لوپه‌لی جوانکاری و خورادنه‌وه کحولییه‌کان و چه‌ند جۆرێک که‌لوپه‌لی ترن، وه‌کو تیڤی، سه‌ته‌لایه‌ت، شوشه‌وات، جگه‌ره، قوماش، که‌لوپه‌لی ناوماڵ. هه‌روه‌ها زیاتر له 80هه‌زار خێزان ژیانیان له‌سه‌ر کۆڵبه‌رییه له‌شاره سه‌ر سنورهیهکان وه‌کو (مه‌ریوان، نه‌وسوود، کامیاران، سه‌رده‌شت، پیرانشار، بانه، ورمێ) عه‌لی بداغی به‌رپرسی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند «ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی شاره‌کانی تریش تیایه وه‌کو سه‌قز و مه‌هاباد». ته‌مه‌نی ئه‌وانه‌ى کۆڵبه‌ری ده‌که‌ن جیاوازن، له 16ساڵیه‌وه تێیدایه تاوه‌کو 60ساڵ، له‌ناو ئه‌وانه‌دا کۆڵبه‌ری ژنیش هه‌ن که هاوکاری مێرد یان براکانیان ده‌که‌ن. کێشی کۆڵبەرەکان لە نیوان ٨٠ – ١٠٠ کیلۆ دەبێت و ٢٠-٣٠ کیلۆمەتر بەسەر شاخ و دۆڵ و کەندەڵان دەبڕن، لەبەرامبەردا ١٠٠-٢٠٠ دۆلار وەردەگرن. بەڵام ئەوانەی کۆڵی خواردنەوە کحولیەکان هەڵدەگرن بۆ هەر جارێک ٥٠٠ دۆلار وەردەگرن، ئەگەرچی هەموو کۆڵبەرێک ئامدە نیە ئەمە بکات بەوپێیەی هەندێکیان بە «حەرام»ی دەزانن ئەمەش بەپێی سەریعەتی ئیسلام. حکومه‌ت به فه‌رمی هیچ ئامارێکى کوشتن و بریندارکردنى کۆڵبه‌رانى لا نیه، به‌ڵام هه‌ندێک له رێکخراوه‌کانى مافی مرۆڤ تۆماریان کردووه. ئیحسان چه‌له‌بی به‌ڕێوەبه‌رى ناحیه‌ی سیده‌کان به هاوڵاتی وت «ئێمه هیچ ئامارێکی کوژراو و بریندارانی کۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتم لانییه چونکه لای ئێمه نین، به‌س زۆر جار ئه‌وانه‌ی به برینداری خۆیان ئهگهیەننه سه‌ر سنور، خه‌ڵک ده‌یانباته نه‌خۆشخانه‌کان». هه‌روه‌ها وتى «له‌ماوه‌ی که‌متر له‌مانگێک دوو که‌س له‌سنوری ئێمه برینداربوون، یه‌ک که‌سیش گیانى له‌ده‌ستداوه، دواى ڕێوشوێنه یاساییه‌کان ته‌رمه‌که‌مان ڕاده‌ستی که‌سوکاری کردووه برینداره‌کانیش به‌هه‌مانشێوه«. عه‌لی بداغی به‌رپرسی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند له له‌مساڵدا ژماره‌ى کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی کوژراو برینداربوان و گیراوان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادیانکردوه. ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ساڵى رابردوو (57) که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا زۆربه‌یان بهگولە و بۆردمانی پاسداران بوون، به‌شێکیشان یان له‌شاخ هه‌ڵدێراون له‌ترسی پاسداران، یان به‌ژێر بهفرکهوتون ره‌قبونه‌ته‌وه له‌سه‌رما. هه‌رله‌م ماوه‌یه‌دا 29که‌س برینداربونه 8 کۆڵبه‌ر و کابکاریش گیراون زیانی زۆری مادیشیان پێکه‌وتوه. عه‌لی بداغی وتى «به‌داخه‌وه ژماره‌که له‌سه‌ره‌تای شه‌ش مانگی یه‌که‌م له‌ساڵی 2018زیادیکردوه«. به‌پێی وته‌ى ئه‌و، تاوه‌کو 10- 6 ئه‌م ساڵ 78 کۆڵبه‌ر و کاسبکار کوژراون و برینداربون، له‌وانه 28 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و که زۆربه‌یان به ته‌قه‌ی هێزه‌کانی پاسداران بوونه یان له‌شاخ کهوتونهتهخواره. به‌رپرسی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان باسی له‌وه‌شکرد هه‌ر له‌مساڵدا 50 که‌سی تر بریندار بون، زۆربه‌شیان برینداری گوله‌ن. یه‌کێک له‌وانه‌ى که چیرۆکى به‌رکه‌وتنى گولهکهى ده‌گێڕایه‌وه، عه‌لی ئاتمان و چوار هاوڕێکه‌ى بوو، که یه‌کێکیان گیانى له‌ده‌ستدابوو. عه‌لی و هاورێکانی خۆیان خزانده دۆڵ و بن تاشه به‌رده‌کانه‌وه، تا رزگاریان بێت له‌ئاگر بارانى ئه‌و شه‌وه، هه‌رچۆنێک بوو خۆیان گه‌یانده شوێنێک که که‌سانێکى تر بتوانن به‌هانایانه‌وه بچن. عه‌لی ئهتمان وتى "به‌هه‌وڵ و کۆششی چه‌ند هاوڕێکانمانه‌وه ئێمه گهیهنراینه نه‌خۆشخانه، دوای چاره‌سه‌ر، ئێستا من دوباره ده‌ستم کردۆته‌وه به‌م کاره چونکه بژێوی ژیانم له‌سه‌ر ئه‌وکاره‌یه، خۆتان ئه‌زانن ئێران توشی قه‌یران بۆته‌وه". هه‌روه‌ها وتى "له‌ئێستادا ڕۆژانه توشی هه‌ڕه‌شه‌و سوکایه‌تی و لێدان ده‌بینه‌وه، ده‌ستڕێژی گوله‌مان لێده‌کرێت، ده‌ستبه‌سه‌ر کۆڵهکانماندا ئه‌گیرێت، به‌س ئێمه دانیشتوانی سه‌ر سنور زۆربه‌ى خێزانه کورده‌کان ڕۆژبه‌ڕۆژ ژیانمان له‌مه‌ترسی دایه".
وته‌بێژى بزووتنه‌وه: مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه به‌ڵام سازش له‌سه‌ر هیچ شتێکی هه‌رێم ناکه‌ین بنار هیدایه‌ت شاندێکی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی کوردستان پێش ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌گه‌ڵ پارتی دادوگه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا (ئه‌که‌په) کۆبۆته‌وه، وته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی زانیارییه‌کان پشت ڕاستدهکاتهوهو ده‌ڵێت هه‌موو حزبه‌کان په‌یوه‌ندییان هه‌یه. به‌ر له‌جه‌ژنی ره‌مه‌زان، شاندێکی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی به‌سه‌رۆکایه‌تی عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه چوونه‌ته ئه‌نکه‌ره و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان کۆبوونه‌ته‌وه. کامیل مه‌حمود وته‌بێژی فه‌رمی بزووتنه‌وه له‌و باره‌یه‌وه به هاوڵاتی وت «ئێمه وه‌کو هه‌ر پارتێکی دیکه‌ى هه‌رێم په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رماندا هه‌یه له‌کۆنه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامی هه‌مانبووه، نوسینگه و نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه به‌تایبه‌تی له کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودییه و له ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا». هه‌روه‌ها وتى «له‌ماوه‌ى رابردوو سه‌ردان و په‌یوه‌ندیمان هه‌بووه له‌گه‌ڵ تورکیا، خۆم یه‌کێک بووم له‌وانه‌ى به‌شداریم کرد له‌کۆنگره‌ى پارتی دیموکراتی گه‌لان، کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئاکه‌په هه‌بووه، ئه‌م سه‌ردانانه هه‌بووه و سه‌ردانێک نه‌بووه له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌رژوه‌ندی هه‌رێم بێت». سه‌ردانه‌که‌ى بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی هاوکات بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌شکرکێشیه‌ی تورکیا که له‌م دواییانه له سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامیداوه. کامیل مه‌حمود ده‌ڵێت «ئێمه پرسیاری ئه‌وه ده‌که‌ین ئایا هیچ هێزێکی دیکه‌ى هه‌رێم کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئاکه‌په نه‌کردووه؟ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌کردووه، ئایا هیچ حزبێکی هه‌رێم هه‌یه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیا بڕیبێت؟». سه‌باره‌ت به وه‌گرتنى پاره یاخود پێدانى به‌ڵێنى ماده به بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی له‌و سه‌ردانه‌یاندا بۆ تورکیا، کامیل مه‌حمود وتى «ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی هه‌مانه له‌گه‌ڵ تورکیا و ئاکه‌په و مامه‌ڵه‌یه‌کی نرخ و ئابوریمان بکردایه خاوه‌نی که‌ناڵی ئاسمانی و راگهیاندێکی به‌هێز ده‌بووین، خاوه‌نی ئابووری خۆمان ده‌بووین، وه‌ک باس ده‌کرێت حزبێکی هه‌ژارین و ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه هیچ هاوکارییه‌کمان وه‌رنه‌گرتووه و مساوه‌مه له‌سه‌ر هیچ شتێکی هه‌رێم ناکه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌دا». کامیل مه‌حمود راشیگه‌یاند «ئه‌وه به‌و شێوه‌یه نیه که باسی لێوه ده‌کرێت، بزووتنه‌وه هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌کی هه‌بوایه له‌گه‌ڵ ده‌زگای میت و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی وڵاتانی دیکه بارودۆخمان به‌و شێوه‌یه نه‌ده‌بوو، نه ده‌توانرا ئابڵوقه‌ی له‌ناوخۆ بخرایه‌ته سه‌ر».
ئارا ئیبراهیم ناکۆکی فراکسیۆنه‌کان گه‌یشتووەته لوتکه له‌سه‌ر پرۆژه یاسایه‌ک که هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تێیدا مووچه‌ى خه‌ڵکانێک که بە«بندیوار» ناوده‌برێن ده‌بڕدرێن که هه‌ندێک فراکسیۆن قبوڵی ناکه‌ن، یان ده‌رماڵه‌ى به‌شێکى فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت که هه‌ندێکى تر له فراکسیۆنه‌کان ره‌تیده‌که‌نه‌وه. پڕۆژه یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر له هەرێم که چه‌ند مانگێکه ناکۆکی له‌سه‌ره، تێیدا هه‌ندێک پاره بۆ حکومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا مووچه‌ى بندیوار ده‌بڕێت و موچه‌ى پله باڵاکان که‌مده‌کاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رماڵه‌ى به‌شێک له فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت. لایه‌نه‌کان نایانه‌وێت به بڕینى مووچه‌ى بندیواره‌کان یان ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران له ئه‌ستۆ بگرن و ده‌یانه‌وێت حکومه‌ت خۆى ئه‌وه رێکبخاته‌وه، به‌ڵام حکومه‌تیش ئاماده نییه ئه‌و کاره بکات و ئاماده‌ش نییه به‌بێ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه پاشه‌که‌وتى مووچه هه‌ڵگیرێ، ئه‌مه‌ش به پاساوی ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پرۆژه‌که وه‌کو خۆى جێبه‌جێ نه‌کرێ پاره بۆ حکومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه. سه‌میر هه‌ورامى، راوێژکاری راگه‌یاندنى جێگری سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم به‌هاوڵاتی وت"پرسى پرۆژه‌ى چاکسازى خانه‌نشینى پێویستى به‌وه‌یه رێکه‌وتنى سیاسى له‌نێوان لایه‌نه‌کان و فراکسیۆنه‌کان بکرێت". ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى حکومه‌ت ناردویه‌تى بۆ په‌رله‌مان بهبێدهستکاریکردن نزیکه‌ى 100 ملیار دینار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ حکومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مووچه‌ى که‌سوکارى شه‌هیدان بڕیاره به‌غدا دابینی بکات بڕه‌که‌ى بۆ هه‌رێم 38 ملیار دیناره‌و له‌گه‌ڵ 38 ملیار و 500 ملیۆن دینار له بودجه‌ى هێزه وشکانییه‌کان بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان کراوه. سه‌میر هه‌ورامى وتى به‌و سێ پڕۆژه‌یه ده‌توانن پاشه‌که‌وتى موچه هه‌ڵبگرن. شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت"له‌به‌ر هه‌ستیارى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان تهوهقعى خۆم وایه که دواى ده‌خه‌ن بۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کان، چونکه زیاتر له 200 هه‌زار که‌س زه‌ره‌ر ده‌که‌ن له‌وانه‌ى که پێشێلکاریى یاساییان کردووه لهبندیوار خانه‌نشینى نا یاسایى، نایانه‌وێت له‌م مه‌وسیمى هه‌ڵبژاردنه‌دا دڵیان بئێشێنن" هه‌روه‌ها وتیشى »یه‌کێتى و پارتى به هه‌ردولایان 56 کورسی په‌رله‌مانى کوردستان و 11 کورسى کۆتاکانیان له‌گه‌ڵدایه ئاره‌زوویان لێ بێت ده‌توانن تێیپه‌رێنن پێویستیان به‌که‌سى تر نابێت بۆ نایکه‌ن؟». هاوکات به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له فراکسۆنى گۆڕان له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی نیگه‌رانی ده‌ربڕی له سێ خاڵى جه‌وهه‌رى پرۆژه یاساکه که بریتین له ئه‌و ماده‌یه‌ى تایبه‌ته به‌بڕینى ده‌رماڵه‌کان که ده‌رهێنراوه له راپۆرته‌که له‌گه‌ڵ دابینکردنى موچه‌ى 400 هه‌زار بۆ خانه‌نشینى مه‌ده‌نى وبه په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌که پاشه‌که‌وتى موچه هه‌ڵبگیرێت. وتیشی "له‌هیچ شوێنێکى دنیا نییه حکومه‌ت بڕیار بۆ په‌رله‌مان ده‌ربکات، بەڵکو په‌رله‌مان بڕیارى بۆ ده‌رده‌کات و حکومه‌ت جێبه‌جێى ده‌کات". به‌ڵام عیزت سابر، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى و ئابوورى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له فراکسیۆنى یه‌کێتى ده‌ڵێت سه‌ره‌تاى مانگى ته‌موز په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه یاساى چاکسازى ده‌کات و دوا نا‌خرێت بۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کان. عیزت سابر، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت "چاکسازى به‌مانا گشتییه‌که‌ى ئه‌وه نییه خه‌رجى که‌مبکه‌یته‌وه و هیچى تر، به‌ڵکو ئه‌مه دووباره دابهشکردنهوهى داهاته به‌سه‌ر چین و توێژه‌کانى کۆمه‌ڵدا". هه‌روه‌ها وتى "ئه‌گه‌ر یه‌ک دیناریش بۆ حکومه‌ت نهگهڕێنێتهوهو عادیلانه‌تر دابه‌شى بکات ئه‌وه‌یه چاکسازى راسته‌قینه، خانه‌نشینێک له به‌غدا 400 هه‌زار دینارى مانگانه وه‌ربگرێت و له‌هه‌رێم بۆ 220 هه‌زار بێت، ئێمه به‌دواداچونمان کردووه 10 ملیار دینارى مانگانه ده‌خاته سه‌ر حکومه‌ت".
پارتى نه‌کردنه‌وه‌ى رێگه‌ى هه‌ولێر-که‌رکوک به «سیاسی» ناوده‌بات و یه‌کێتیش ئه‌م هه‌فته‌یه دوابڕیار ده‌دات بنار هیدایه‌ت پارتى دیموکراتى کوردستان نه‌کردنه‌وه‌ى رێگه‌ى سه‌ره‌کی هه‌ولێر – که‌رکوک به سیاسی ده‌زانێت، که به‌هۆى رووداوه‌کانى 16 ئۆکتۆبه‌ری ساڵى رابردوو داخرا، به‌ڵام یه‌کێتى هێشتا ئومێدی هه‌یه به‌م نزیکانه بکرێته‌وه. دواى هه‌شت مانگ له کۆتایی هاتنى شه‌ڕو روبه‌رووبونه‌وه‌ى نێوان هێزه عێراقیه‌کان و هێزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، هێشتا رێگه‌ی سه‌ره‌کی نێوان هه‌ولێرو که‌رکوک نه‌کراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق فه‌رمانى کردنه‌وه‌ى ده‌رکردووه. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه هاوڵاتیانى که‌رکوک و سلێمانى و پارێزگاکانى تری عێراق ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سه‌ردانى هه‌ولێر بکه‌ن، ده‌بێت رێگه‌ى سه‌خت و دوورتر و لاوه‌کى ببڕن تا ده‌گه‌نه هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش بارگرانییهکى زیاتری دروست کردووه بۆسه‌ریان. د. محه‌مه‌د خورشید به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌و شاره به هاوڵاتی وت «راسته گرفتێکی ته‌کنیکی هه‌یه له‌سه‌ر رووخاندنی ئه‌و پرده که له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی 20 ی ئۆکتۆبه‌ر رووخا، به‌ڵام داخستنی رێگای که‌رکووک پرسێکی سیاسییه«. به دیوی هەولێردا رێگاکه له لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه کراوه‌ته‌وه، وه‌کو ئاماده‌کارییه‌ک بۆ هاتوچۆى هاوڵاتیان، به‌ڵام هێشتا به دیوی حکومه‌تى عێراقدا به داخراوى ئه‌و رێگه‌یه ماوه‌ته‌وه که هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر جێگه‌ى شه‌ڕ بوو. د. محه‌مه‌د خورشید وتى "هۆکارێکى ئه‌وه‌یه چه‌ند بازگه‌یه‌کی زۆر له‌و ناوه بڵاوکراوه‌ته‌وه، ئه‌وان ده‌ستکه‌وتیان هه‌یه له‌دانانی ئه‌و بازگه زۆره، هۆکاره‌که‌ى تر ئه‌وه‌یه که حکوومه‌تی عێراق بڕیاری کۆتایی به‌کردنه‌وه‌ى ئه‌و رێگایه نادات، ئه‌وه‌ش به‌شێکه له‌و ئابڵووقه‌یه‌ی خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بۆ ئازاردانی هاوڵاتیانی که‌رکووک بۆ ئه‌وه‌ى که‌مترین په‌یوه‌ندی هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێم". ئه‌و پرده‌ی که له شه‌ڕه‌که‌دا رووخا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی عێراقدایه، به‌رپرسی لقی سێی پارتی وتى "ده‌توانرێت به‌زووترین کات چاکی بکرێته‌وه، بۆچی توانیان زۆربه‌ى پرده رووخاوه‌کانی مووسڵ چاک بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ى که‌رکوک بۆ چاک ناکه‌نه‌وه؟" پارتی پێشنیارێکی خستۆته روو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه رێگه‌که تا بازگه‌ى پردێ بکرێته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ى له پردێوه هاتووچۆى دوبز بکرێت و له‌وێشه‌وه بۆ که‌رکوک. به‌ڵام ئه‌و پێشنیاره ره‌تکراوه‌ته‌وه. یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ده‌ڵێت زانیاری‌یان پێدراوه که له چه‌ند رۆژى داهاتودا رێگه‌که ده‌کرێته‌وه‌و ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانى به‌ڵێنه‌کان ده‌که‌ن له‌م هه‌فته‌یه‌دا. ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکووکی یه‌کێتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتی وتى "له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته قسه‌م له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پۆلیسی که‌رکووک کردووه ئه‌و بڕیارانه‌ى عه‌بادی بۆ من ناردووه و له‌هه‌ولێریش ئه‌وه‌مان پێوتراوه ده‌یانه‌وێت رێگاکه بکرێته‌وه، هه‌ندێکیش باس له‌ته‌قینه‌وه‌ى پرده‌کان ده‌کرێت بۆیه کردنه‌وه‌ى دواخراوه". وتیشی "ئه‌گه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا رێگای که‌رکوک هه‌ولێر نه‌کرێته‌وه ئه‌وا ده‌چێته بابێکی دیکه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه رێگاکه نه‌کرایه‌وه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنرێت کورد که‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌ته". ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کێتى، له‌م پرسه‌دا پارتى دیموکراتی کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کات به په‌راوێزخستنى پرسه‌که‌و "به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى رووکه‌شانه". ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود وتى "پارتی ئه‌وه‌نده باکی به‌که‌رکووک و کوردستانییه‌تی که‌رکووک نیه، چونکه له‌رابردوودا له بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و ئیداره‌دانی که‌رکووک و دانه‌نانی پارێزگار و کۆمه‌ڵێ بابه‌تی دیکه، بۆیه پارتی خۆی به بابه‌تی که‌رکووکه‌وه ماندوو ناکات، به‌ڵکو رووکه‌شانه له‌سه‌ر سیاسه‌تی که‌رکووک به وه‌ڵام دێت". پێشتر مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتى له که‌رکوک ئاگادارکراوه‌ته‌وه له لایه‌ن هه‌ریه‌که له پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت و فه‌رمانده‌ى پۆلیسی که‌رکووک که رێگاکه ده‌کرێته‌وه. ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود وتى "ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌کرێته‌وه دیاره کورد ده‌یه‌وێت خۆی موماته‌ڵه له‌سه‌ر ئه‌وه بکات رێگاکه نه‌کرێته‌وه". وتیشی "کردنه‌وه‌ی رێگاکه له‌به‌رژوه‌ندی حکوومه‌ت و حزب و هاوڵاتیاندایه، به‌ڵام هه‌ندێکجار بۆ سه‌رخستنی قسه‌ى لایه‌نێکی سیاسیی که خۆیان به پاڵه‌وان نیشانده‌ن و بیانه‌وێت رێگاکه نه‌کرێته‌وه بۆچوونێکی هه‌ڵه‌یه". به‌ڵام ئازاد جه‌باری ئه‌ندامی کورد له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووک "عه‌ره‌ب و تورکمانه شۆڤێنییه‌کان" به به‌ربه‌ست ده‌زانێت له به‌رده‌م کردنه‌وه‌ى ئه‌و رێگایه. ئازاد جه‌باری به‌هاوڵاتی وت "به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه واده‌خوازێت رێگاکه نه‌کرێته‌وه، کوردیش بایکۆتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووکی کردووه به ده‌نگی شه‌ش بۆ حه‌وت ئه‌ندامی کورد ناتوانرێت له‌سه‌ر زۆربه‌ى پرسه‌کان ده‌نگ و هه‌ڵوێستی جدی هه‌بێت".
هه‌وڵ هه‌یه هه‌ڵبژاردنه‌کانى بڕیارلێدراوی کوردستان دوابخرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراقدا بکرێت. ئارا ئیبراهیم هه‌ر سێ لایه‌نه ئیسلامییهکهى کوردستان نه‌یانتوانى لیستێکى هاوبه‌ش پێکبهێنن و چوار لایه‌نه ناڕازییه‌که‌ش هاوپه‌یمانى دروستناکه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، که بڕیاره له 30ى ئه‌یلول ئه‌نجامبدرێت و هه‌وڵیش ده‌درێت بۆ دواخستنى. به‌پێى لێدوانى چه‌ند به‌رپرسێکى هه‌ڵبژاردنى نێو چوار لایه‌نه‌که (گۆڕان، یه‌کگرتوو، هاوپه‌یمانى، کۆمه‌ڵ) لیستى هاوبه‌شیان نابێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵ ده‌ڵێت»دروستنه‌بوونى لیستى ئه‌و چوار حزبه یان دروستنهبونى لیستى ئیسلامى ناکاته ئه‌وه‌ى ئه‌م چوار لایه‌نه ویستى پێکه‌وه‌یان تێکبچێت» چوار لایه‌نه‌که هاوپه‌یمانى ناکه‌ن هاوژین عومه‌ر، به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «دروستنه‌بوونى لیستى ئه‌و چوار حیزبه یان دروستنهبونى لیستى ئیسلامى ناکاته ئه‌وه‌ى ئه‌م چوار لایه‌نه ویستى پێکه‌وه‌ییان تێکبچێت یان نه‌توانن به‌و کورسییانه‌ى ده‌یهێنن فراکسیۆنێکى هاوبه‌ش دروست بکه‌ن، چونکه دۆخى سیاسى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌رووى سیاسییه‌وه ئاڵۆزه«. هه‌روه‌ها قاسم گه‌ڵاڵى، به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى هه‌ڵبژاردنى یه‌کگرتوو له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو تا ئێستا له‌نێوان چوار لایه‌نه‌که گفتوگۆ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتى نه‌کراوه‌و هیچ لایه‌نێکیش قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو نه‌کردووه بۆ هاوپه‌یمانێتى. وتیشى «ئه‌سڵ ئه‌وه هه‌ر لایه‌نه‌و به جیا دابه‌زێت، به‌ڵام ده‌رگاى هاوپه‌یمانێتیمان دانه‌خستووه«. ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که « لیستى ئیسلامى به بێ کۆمه‌ڵ کرچ و کاڵ ده‌رده‌چێ و ناکرێت». بڕیاره هه‌ڵبژاردن له‌کاتى خۆیدا بکرێت و بۆچون بۆ دواخستنیشى هه‌یه له کۆى 38 لایه‌نى به‌شداربوو، یه‌ک هاوپه‌یمانێتى له‌نێوان حیزبى سۆسیالست و پارتى کرێکاران و ره‌نجده‌ران و یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کراوه و ئه‌مڕۆش ده‌رگاى هاوپه‌یمانێتى داده‌خرێت. شۆڕش حه‌سه‌ن، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ئه‌وان وه‌ک کۆمسیۆنى هه‌رێم هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجامداوه. شۆڕش حه‌سه‌ن، به هاوڵاتی وت «تائێستا حکومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هیچ شتێکیان پێ نه‌وتوون، هه‌ر کاتێک حکومه‌ت نوسراویان ئاڕاسته بکات وه‌ک ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌که‌ن». هاوکات، سه‌میر هه‌ورامى، راوێژکارى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له 30/9 دا بڕیاره ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام بۆچونێکیش هه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراقدا بکرێت له 2/12/2018 پێکه‌وه، به‌ڵام باسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم نه‌کراوه«. بڕیاره ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق له 2/12/2018 ئه‌نجام بدرێت و «چه‌ند بۆچونێک هه‌یه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانیش بخرێته ئه‌وکاته، به‌ڵام دواجار لایه‌نه سیاسییه‌کان گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌که‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن»، سه‌میر هه‌ورامى وا ده‌ڵێت. به‌ڵام زمناکۆ ئیسماعیل، رێکخه‌رى ژوورى هه‌ڵبژاردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت»له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین که هه‌ڵبژاردنه‌کان له کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و وه‌کو گۆڕان ئاماده‌سازیمان بۆ کردووه«. هه‌روه‌ها به‌رپرسى ناوه‌ندى کۆمه‌ڵ باسى له‌وه‌شکرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا بکرێت و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانیشى له‌گه‌ڵ بێت به‌ڵام،» هه‌رێمى کوردستان پێویستى به دامه‌زراوه‌یه‌ک نییه به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه، ئه‌وه ماڵێکى زیاده‌یه‌و سهرشکێنه«.
شەڕ لە مینا‌و فڕۆکەخەخانەی حودەیدەی لە نێوان چەکدارە حوسیەکانی یەمەن و هاوپەیمانی عەرەبی بەردەوامە کە میناکە سەرچاوەی گەیاندنی هاوکاریە بۆ یەمەنیەکان، ئەمەش مەترسی زیادبوننی برسێتی و ۆەتای کۆلیرای زیاتر کردوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بلاوی کردوە ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە هیرشیان کردۆتە سەر فرۆکەخانەی حودەیدە کە هێشتا بەشێکی لە چنگی چنگی حوسیەکاندایە. ئاژانسەکە نوسیەتی لەگەڵ درێژەکیشانی شەرەکە مەینەتی دانیشتوانەکەی زیادی کردوە لە پەتاو برسێتی و کۆلێرا. دانیشتوویەکی حودەیدە بە رۆیتەرزی وتووە "سێ رۆژە لە ترس و دڵەراوکێ دەژین چونکە گەرەکەکەمان نزیکی فڕۆکەخانەکەیە". ماوەی سێ رۆژە شەڕ لە حودەیدە چڕبۆتەوە و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە هەینی رایگەیند دەستیگرتووە بەسەر فرۆکاخانەی حەدەیدە کە لە ژیر چنگی حوسیەکانی نزیک لە ئێرانەوەیە. هاوکات نەتەوە یەکگرتوەکان نەتەوە هۆشداری دا کە ملیۆنان کەس توشی برسێتی دەبن. دانیشتوویەکی تری شارەکە بە رۆیتەرزی وتووە کە لە ناو دەنگی بۆردومان و تەقینەوەدا نەیانتوانیوە بچنە دەرەوەو رۆژێکی پڕ لە ترس بووە بۆ ئەوان. ئەمەش لەکاتیکدا کە رۆژی پێشتر ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى داوای‌کرد بەندەرى ئاوی ستراتیژى حودەیدە بەکراوەیى بمێنێتەوە و دانەخرێت چونکە رێرەوى سەرەکییە بۆ گەیاندنى هاوکاری خۆراکى و مرۆییەکان بۆ یەمەن. هەروەها جەختیشیان کردەوە کە پشتگیرى هەوڵە دیبلۆماسیەکانى نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ کاروبارى یەمەن. هاوکات سوید داوای‌کرد، دەستبەجێ هێرشکردنە سەر حودەیدە رابگیرێت و هەلى گفتوگۆکردن برەخسێنرێت بۆ کشانەوەى حوسییەکان لە شارەکە. هەروەها باڵیۆزى ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنى ئاسایش نیگەرانن لەو مەترسییە مرۆییانەى کە پێدەچێت لە حودەیدە رووبدەن. دانیشتوانی حودەیدە بە رۆیتەریان وتووە کە بینیوویانە حوسیەکان خەندەقی گەورەیان لە دەروازەی باشووری شارەکە لیداوە بۆ ریگریکردن لە پێشرەوی هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە سعودیەو هاوپەیمانی عەرەبی پاڵپشتی دەکەن بۆ ئەوەی نەتوانن بەرەو سەنیا بەریکەون.
ئارا ئیبراهیم بریارده‌رى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه ده‌ڵێت سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ڵامى داواى په‌رله‌مانتارانى نه‌داوه‌ته‌وه له‌سه‌ر هاتنى سوپاى تورکیا بۆ هه‌رێمى کوردستان و ئه‌ندامێکى فراکسۆنى پارتیش پێیوایه دانیشتنى په‌رله‌مان هیچ سوود و قازانجێکى نابێت. بڕیارده‌رى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه له‌په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات که نزیکه‌ى سێ هه‌فته‌یه داوایان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه بۆ دانیشتن له‌سه‌ر هاتنى سوپاى تورکیا بۆ ناو هه‌رێم، به‌ڵام وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه. به‌هار عه‌بدوره‌حمان، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید، له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" نزیکه‌ى سێ هه‌فته‌یه 10 په‌رله‌مانتار زیاتر داوامان له سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى دانشتێک ئه‌نجام بدرێت له‌سه‌ر هاتنى سوپاى تورکیا بۆ ناو خاکى هه‌رێم، تهبعهدن ده‌بێت سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان دانیشتنه‌که رێکبخات، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامى داواکه‌ى ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه". ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ئیدانه‌ى هاتنى سوپاى تورکیا ده‌که‌ن بۆ هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها وتیشى" هاتنى سوپاى تورکیا بۆ ناو هه‌رێم، ئیدانه ده‌که‌ین و داوا ده‌که‌ین به زوترین کات بچنه ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم". ئه‌ندامێکى فراکسۆنى پارتى ده‌ڵێت په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنیشى بۆ ئه‌نجام بدات هیچ سوود و قازانجێک به پڕۆسه‌که ناگه‌یه‌نێت. شوان شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" بۆ هاتنى سوپاى تورکیا هیچ پێویست به دانیشتنى په‌رله‌مان ناکات و هیچ سود و قازانجێک به پڕۆسه‌که ناگه‌یه‌نێت". ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که ئه‌و دۆخه شتێکى نێوده‌وڵه‌تییه و ده‌بێت له ئاستى باڵا گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت. هه‌روه‌ها وتیشى" ده‌توانین هه‌موومان خه‌مان بێت تا به حیوار و گفتوگۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت". سه‌رۆکى فراکسۆنى یه‌کێتى ده‌ڵێت ئیدانه‌ى هاتنى سوپاى تورکیایان کردووه و په‌یامیشیان گه‌یاندۆته کونسوڵگه‌رى ئه‌و وڵاته بۆ راگرتنى هاتنى ئه‌و سوپایه بۆ ناو هه‌رێم. هاوکات، دلێر مسته‌فا ، سه‌رۆکى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌سایتى هاوڵاتى وت" ئێمه چه‌ند جارێک ئیدانه‌ى هاتنى سوپاى تورکیامان کردووه بۆ ناو خاکى هه‌رێم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین کێشه‌کان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکرێت و هیچ که‌سێک نه‌بێته قوربانى و زیانى لێ بکه‌وێت". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که داوا له یه‌کێتى نه‌کراوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپاى تورکیا بکه‌ن، به‌ڵام نازانم له‌خه‌ڵکى تر داوا کرابێت. هه‌روه‌ها دلێر مسته‌فا وتیشى" به‌شێوه‌ى ناڕه‌سمى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کونسوڵگه‌رى تورکیا‌و چه‌ند لایه‌نێکى تر کراوه که هاتنى سوپاى تورکیا زه‌ره‌ر له هه‌رێمى کوردستان ده‌دات و خه‌ڵکى سڤیل ده‌بێته قربانى، بۆیه داوا ده‌که‌ین که هاتنى ئه‌و هێزانه رابگیرێت". هاوکات، زیاتر له دوو مانگه سوپاى تورکیا هێزێکى زۆرى هێناوه‌ته خاکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه و زیاتر له 35 کیلۆمه‌تر سونرى هه‌رێمى به‌زاندووه و به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن بۆ دژایه‌تى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که) هاتوون. هه‌ر ئه‌مڕۆش سوپاى تورکیا و هێزه ئاسمانییه‌کانى تۆپباران و بۆمبارانى سنوره‌کانى برادۆست و شاخى خوا کوڕکى کردووه. چه‌ند جارێکیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان باسى له‌وه کردووه که هێرش ده‌که‌نه سه‌ر قه‌ندیل.
ئەڵمانیا بیر لە گۆڕینی یاساکانی بەرامبەر پەنابەران دەکاتەوە هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دۆچە ڤێلە، لە ئەڵمانیا باس باسی کوشتنی ئەو کچە ١٤ ساڵەیە بە ناوی سوسانا کە لە لایەن گەنجێکی دانیشتووی زاخۆ بە ناوی عەلی بەشار دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری و دواتر کوشتویەتی. ئەوەی زیاتر خەڵکی ئەڵمانیای تووڕەکردووە ئەوەیە کە ئەو پەنابەرە داوای مافی پەنابەرێتی لە لایەن ئەڵمانیاوە رەتکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی یاساکانی ئەوروپا هەر لەکەمپەکانی ئەڵمانیادا ماوەتەوە. پارتی پۆپۆلیستی راستڕەوی ئەڵمانیا، ئەی ئیف دی، هێرشیکردە سەر یاسای پەنابەران و لە بڵاوکراوەیەکیدا نووسیویەیت «پەنابەران مەترسی کوشتن بۆ ژن و کچەکانمان دروست دەکەن». هەندێکیش تراژیدیای کوشتنی ئەو کچە جوولەکە ١٤ ساڵە لەلایەن عەلی ٢٠ ساڵەوە بە چیرۆکێکی بەکارهێندراو وەسف دەکەن لە لایەن هەندێک پارتی سیاسی ئەوروپا و ئەڵمانیا. بەڵام بەگوێرەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی ئەو دەزگا میدیا ئەڵمانییە هاتووە، تەواوی راستی ڕووداوەکە بەم جۆرەی خوارەوە بووە. لە ٢٢ یاخود ٢٣ مانگی پێنج، کوڕێک بەناوی عەلی، کچێک بەناوی سوسانا دەکوژێت و لە ٦ی مانگی شەش تەرمی کچەکە لە نزیک ماڵێکی پەنابەران کە عەلی و خێزانەکەی تیایدا دەژیان دۆزرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٦، عەلی فۆرمی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا پڕکردووەتەوە بەڵام ڕەتکراوەتەوە لە ساڵی ٢٠١٦، عەلی فۆرمی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا پڕکردووەتەوە بەڵام ڕەتکراوەتەوە، دواتر ناوبراو تانە لە بڕیارەکە دەدات و کەیسەکەی بڕیاری کۆتایی لەسەر نادرێت و چاوەڕوانی دادگا دەکرێت. عەلی و خێزانەکەی، لە ٢ی مانگی شەش دەچنە تورکیا و پاشان بەرەو باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) بەڕێدەکەون، خێزانەکە بە کارتی مانەوەی پەنابەران گەشت دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئەوان مافی گەشتیان هەبووە یاخود نا. لە هەشتی مانگی شەش، عەلی لە لایەن دەزگاکانی پۆلیسی باکووری عێراق دەستگیر دەکرێت و لەهەمان رۆژدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەڵمانیا. بەگوێرەی وتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، عەلی دانی بەتاوانی کوشتنی کچەکەدا ناوە، جیا لە کوشتنی سوسانا، عەلی دانی بە چەند تاوانێکی دیکە ناوە کە لە عێراق کردوویەتی، بەڵام بە پۆلیسی وتووە کە هەموو تاوانەکانی بەبیر نایەت، چونکە لە ژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان و حەبدا بووە. ئێستا رای گشتی ئەڵمانیا چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیسن، پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا کوشتنی سوسانا، دەبێتە تاوانێکی پەنابەران؟ عەلی و خێزانەکەی، نموونەیەکی دەگمەنی ئەڵمانیان چونکە ماوەی ١٨ مانگ بێ وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی ئەڵمانیا لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەوانەی دژی پەنابەرانن لە ئەڵمانیا دەڵێن کاتێک پەنابەرێک مافی نادرێتێ دەبێت لە ئەڵمانیا دەربکرێت و نابێت بمێنێتەوە، بەڵام ئەوانە کە پشتگیری لە مافی پەنابەران دەکەن لە ئەڵمانیا دەڵێن، چارەنووسی ئەو کەسانە بە بڕیاری ئەڵمانیاوە بەندە و رەنگە ئەگەر بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان دووچاری مەترسی کوشتن ببنەوە. گۆڤاری دێر سپیگەل، لە دوای ڕووداوی کوشتنی سوسانای ١٤ ساڵ، دەچێتە ئەو ماڵەی خێزانی عەلی لێژیاون لە شاری ڤیسابدن. دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ئاشکرایان کردوە عەلی گوێی بە پۆلیسی ئەڵمانیاش نەداوە. دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ئاشکرایان کردوە کە عەلی کەسێکی سەڕەڕۆ و شەقاوە بووە کە دەرمانی بێهۆشکەری بەکارهێناوە و گوێی بە پۆلیسی ئەڵمانیاش نەداوە. پێشتریش ڕۆژنامەنووسی سووری، حەمزە جەرجانازی، ڕاپۆرتێکی لەسەر پەنابەرانی سووری لە ئەڵمانیا کردبوو و تیایدا ئاشکرای کردوە زۆرێک لە پەنابەران لە شارەکانی ئەڵمانیا ئالوودەی مادەی بێهۆشکەر بوون. هەروەها عەلی، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ داوای پەنابەرێتی ڕەتدەکرێتەوە، ناچێتە پۆلەکانی فێربوونی زمانی ئەڵمانیشەوە. ژیان لە شوێنێکدا کە پڕە لە پەنابەری جیاوازی دیکە زۆر ترسناکە، بە تایبەت ئەگەر زیاتر لە دوو ساڵ لەوێ بژیت بێ ئەوەی هیچی تایبەتمەندی خۆتت هەبێت و تەنانەت تەوالێتی خۆشت نەبێت. ئەمە وایان لێدەکات ئالوودەی ماددەی هۆشبەر ببن و هەندێکیان لەشفرۆشی دەکەن. حەمزە بۆ ڕۆژنامەی بی زێتی ئاشکرا کرد. ئەڵمانیا ئێستا خەریکە ناچار دەکرێت کە یاساکانی لەبەرامبەر پەنابەران بگۆڕێ، چونکە بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، خودی ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لەسەر کەیسی سوسانا قسەی کردوە و خەمناکی خۆشی دەربڕیوە. مێرکڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەی ئاڕ دی، ئاشکرای کردوە کە «چاکسازی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی و وەرگرتنی پەنابەران دەکەن، چونکە سیستەمی ئێستا کەمووکوڕی هەیە». بەهۆی ڕەوشتی بەشێک لە پەنابەران، تادێت ئەوروپا زیاتر و زیاتر دەنگی ناڕەزایی دژی پەنابەران دەردەبڕێت، بەجۆرێک لە تازەترین هەڵبژاردندا لە ئیتاڵیا پارتێکی دژە پەنابەر حکوومەتی پێکهێنا. لە وڵاتی نەمساش کار بۆ داخستنی چەند مزگەوتێک دەکرێت کە بە بڕوای خۆیان توندوتیژی لەناو کۆمەڵگای نەمسادا دروستدەکات و ئەمەش ناڕەزای موسوڵمانانی لێکەوتووەتەوە. ئێستا عەلی وەک دیارترین تۆمەتباری پەنابەران لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ دەکرێت و لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیایە. ئێستا عەلی وەک دیارترین تۆمەتباری پەنابەران، لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ دەکرێت و لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیایە. جێهشیتنی ئه‌ڵمانیا لە لایەن عه‌لی و خێزانەکەیەوە کە دایکی و باوکێک و پێنج خوشک و دوو بران، پرسیاری زۆری وروژاندووه کە بۆچی لەو کاتەدا سوسانا کوژراوە ئەوان گەڕاونەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە دایکی کچەکە لە ماوەی دیارنەمانی کچەکەیدا بە ئاشکرا دەسەڵاتدارانی ئاگادارکردبووەوە. دایکی سوسانا له رێگه‌ی فه‌یسبووکه‌وه توڕه‌یی خۆی ده‌ربڕیوه و به‌رده‌وام له‌باره‌ی دیارنه‌مانی کچه‌که‌ی ره‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەڵمانیا گرتووه. رۆژی 1/6/2018 دوای هه‌فته‌یه‌ک له دیارنه‌مانی سوسانا، په‌یامێکی ئاراسته‌ی مێرکڵ کردووه‌و نوسیوویه‌تی «داوای یارمەتیت لێده‌که‌م، چونکه من هه‌ست ده‌که‌م ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا و هاوڕێ و هاوکاره‌کانمان له هێزه‌کانی پۆلیس ده‌ستیان له ئێمه به‌رداوه«. به‌ڵام رۆژی 23/5/2018 له مۆبایلی کچه‌که‌یه‌وه نامه‌یه‌ک بۆ دایکی به زمانی ئه‌ڵمانی نووسراوه «به‌دوامدا مه‌گه‌ڕێ، دوای دوو تا سێ هه‌فته‌ی دیکه ده‌گه‌ڕێمه‌وه«.
بەرپرسان عەوداڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترن لە دوای هەڵبژاردنەکان، کێشەی کارەبا و نان و خزمەتگوزارییەکانیشیان لەبیری هاوڵاتیان بردووەتەوە ماجد سامەرائی بەهۆی تەواوبوونی پرۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ و بەکارخستنی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە، کێشەی ئاو لە عێراق سەرهەڵدەدات. بەرپرسانی عێراق وای نیشان دەدەن کە ئەوان زۆر لەو کارە تووڕەن، بەڵام لە راستیدا ئەمە وانیە و ئاوی عێراق خەمخۆرێکی وەهای نیە. بەرپرسانی عێراق لەئێستادا بە جۆرێک عەوداڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترن لە دوای هەڵبژاردنەکان، کێشەی کارەبا و نان و خزمەتگووزارییەکانیشیان لەبیری هاوڵاتیان بردووەتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە کەم نەبوون لەسەر خەڵکی عێراق، ئێستا خەریکە رووباری دیجلەش لەدەست دەدەن و قەیرانی ئاو بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە. ئەگەر بێت بەنداوی ئەلیسۆ وەک خۆی بەکاربخرێت و ئاوی پێویستی تێدا کۆبکرێتەوە، ئاوی رووباری دیجلە لە عێراق، لە ٢١ ملیار مەتر سێجاوە بۆ ٩.٧ ملیار سێجا کەم دەبێتەوە. لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەگەری پێشێلکاریی و تەزویر بەسترا، پەرلەمانی عێراق دەنگی ناڕەزایی دەربڕی بەڵام ئەوەندەی ناڕازی بوون لەوەی موقتەدا سەدر زۆرینەی کۆرسییەکانی پەڕلەمانی داهاتووی عێراقی بەدەست هێناوە، ئەوەندە لەوە ناڕازیی نەبوون کە تورکیا خەریکە چیان بەسەر بێنێت لە کاتێکدا گەڕانەوەی دەسەڵات بۆلای سەدر رەنگە تەنها گەڕانەوەی دەنگی خەڵک بێت بۆ خەڵک، چونکە سەدر خەڵک هەڵیبژاردووە بە گوێرەی هەڵبژاردنەکان. سەدر پێشتر دژی حکوومەت بوو، دەسەڵاتی بە گەندەڵ و شکستخواردوو لە قەڵەمی دەدا، رەخنەی تووندی لە چۆنێتی خەرجکردن و بەڕێوبردنی نەوت و داهاتی عێراقی دەگرت. ئەو شکستە یەک بە دوای یەکانەی عێراقە، وایلێکردوە وەک هێزێکی ناکاریگەر و وەلاخراو لە لایەن دراوسێکانی سەیر بکرێت. پەڕلەمانتارانی عێراق لە سێی مانگی حوزەیران دەربارەی کێشەی ئاو چەند لێدوانێکیاندا، بەڵام ئەو لێدوانانە ئەوەندەی لەقسەی فێرخوازێکی قوتابخانەی تائیفی دەچوو، ئەوەندە بە قسەی پەرلەمانی نە دەکرد. خۆ ئەگەر گوێ لە قسەکانی وەزیری سامانەکانی ئاو بگری، زیاتر تێدەگەیت. ئەو باسی لە هۆکارەکان کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی تورکیا ئەو بەنداوە دروست بکات، بەڵام بیری چوو باس لەوە بکات کە مێژووی دروستکردنی ئەو بەنداوە بۆ ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها بیری چوو باس لەوە بکات حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە هیچ پرۆژە و تاکتیکێکیان نەبووە تاکو هەوڵی پاراستنی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بدەن. دەبوو حکوومەت پلانی زۆر ستراتیژی هەبێت دەربارەی پاراستنی ئەو دوو ڕووبارە، هیچ نەبێت دەبوو سیستەمی دابەشکردنی ئاو لە وڵاتی پێشبخەن بەجۆرێک رێگریشیان لە کێلگەی بەخێوکردنی ماسیە نایاسایەکانیش بگرتایە. وەزیرەکەی عێراق تەنها ئەوەی وت کە تورکیا تاک لایەنە ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام رەنگە نەزانێت سەردەمێکە ئەنقەرە خەریکی خەرجکردنی پارەیە لەو جۆرە بەنداوە و چەندین بەنداوی دیکە. تورکیا پلانی هەیە ٢٢ بەنداو دروست بکات، هەشتیان دەکەونە سەر دیجلە و ١٤ دەکەوێتە سەر فوڕات. گەورەترینیان بەنداوی ئەتاتورکە لەسەر رووباری فوڕات کە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢ دەست بە دروستکردنی کرا، پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و سووریا بەهۆیەوە تێکچوو. لە ئێستادا شەش بەنداوە لەسەر رووباری دیجلە تەواو بوون و ئەلیسۆش دواهەمینیانە کە تەواو بووە، دوای ئەوەیش بەنداوی سیلڤان دێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێت. لە دوای جەنگی کوەیت، ئیدی عێراق زیاتر و زیاتر بەرەو شکست دەڕۆی لە ڕووی پارێزگاریکردن لە سەرچاوە ئاوییەکانی. تەنانەت عێراق نەیتوانی بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بکات کە ئێرانیش ئاوی ئەلوەند و زێ بچووکی گرتەوە، بەڵام بەغدا بۆ تاران بێدەنگی هەڵبژاردن و ئەو کەمە ناڕازیەتیەشی دەرنەبڕی. رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، لەبارەی ئەو بەنداوانەی وتی «ئێمە ١٠ ساڵ پێش ئێستا عێراقمان لەوە ئاگادار کردەوە کە دەست بکەن بە پاراستنی ئاو و دروستکردنی بەنداوە بۆ خەڵک و وڵات… ئیستا ئەو ئاوە بەفیڕۆ دەچێت، بۆچی؟ بەرپرسان هیچیان نەکرد و گوێیەکی کەڕیان نیشان داین». ئەردۆگان وتیشی «بەنداوی ئەلیسۆ باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دەکاتە ناوچەیەکی گەورەی کشتووکاڵ و گەشتیاری و کارەبا لە ئەوروپاوە وەبەرهێنەرانی بیانی رادەکێشێت». رەنگە تورکیا باش بزانێت کە عێراق چەندە بێ هێزە ئەمەش وایکردوە کە سوپای بێ گوێدانە بەغداد بنێرێتە ناو شاخەکانی عێراق، دواجاریش چیرۆکی بەنداوی ئەلیسۆ، جیا لە شکستێکی دیکەی بەغدا هیچی دیکەمان پێ ناڵێت. وەرگێڕانی: هاوڵاتی
تورکیا خۆی بۆ رووبهڕووبونهوهیهکى نوێ له‌گەڵ گەریلا لە قەندیل ئامادە کردووە، دوای ئەوەی دوو دەیە لەمەوبەر شکستیهێنا لە کۆنتڕۆڵکردنی. هاوڵاتی سوپاى تورکیا ئۆپه‌راسیۆنه زه‌مینى و ئاسمانییه‌کانى له‌ناوچه سنورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان چڕتر کردووه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشکردنه سه‌ر قه‌ندیل، پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که ده‌کات. ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ سەربازانی ئەو وڵاتە، دوای ئەوەی زیاتر لە دوو دەیەی پێش ئێستا شکستیان هێنا لە چوونە سەر لوتکە بەرزەکانی قەندیل. هێرشه زه‌مینییه‌کانى سوپاى تورکیا، پاڵپشت به بۆردومانى ئاسمانى چڕ زیاتر ناوچه سنورییه‌کانى برادۆست و ئامێدى و بارزانى گرتووه‌ته‌وه، ماوه‌ى زیاتر له هه‌فته‌یه‌کیشه به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن له قه‌ندیل نزیکبوونه‌ته‌وه. ئه‌و هێرشانه‌دا که به‌به‌شداری سوپا‌و میت و جه‌ندرمه ئه‌نجامده‌درێن، ده‌یان بنکه‌و سه‌ربازگه‌یان له‌ناو خاکی هه‌رێم به قوڵایی 27 کیلۆمه‌تر درووستکردوه، ئه‌مه‌ش به‌پێی لێدوانى فه‌رمی به‌رپرسانى تورکیا. میت ده‌زگاى هه‌واڵگریی تورکیایه، جه‌ندرمه لقێکه له هێزه چه‌کداره‌کانى تورکیا، به‌رپرسه له پاراستنى سیستمی وڵات له‌و ناوچانه‌ى که ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان، به‌تایبه‌تى گونده‌کان و ناوچه سنوورییه‌کان. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا له‌ئێستادا له‌هه‌ر کات زیاتر گه‌ریلاکانى په‌که‌که شوێنى خۆیان له‌حه‌شارگه و سه‌ربازگه نهێنییه‌کانیاندا جێگیر کردووه که به‌شێکى زۆریان له ئه‌شکه‌وت و لوتکه سه‌خته‌کانى قه‌ندیل دان، وه‌ک ئاماده‌کاریی بۆ ئه‌گه‌رى ئه‌نجامدانى هه‌ر هێرشێک له‌لایه‌ن تورکیاوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ریلاکانى په‌که‌که، هه‌فتانه چه‌ندین هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌و سهربازگانهى تورکیا که دواى به‌زاندنى خاکى هه‌رێم درووستیکردوون، دیمه‌نى هێرشه‌کانیش له‌لایه‌ن میدیاکانى په‌که‌که‌وه بڵاوده‌کرێنه‌وه. هه‌فته‌ى رابردوو بیناڵى یڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا رایگه‌یاند 11 بنکه‌ى سه‌ربازییان له هه‌رێم هه‌یه و ژماره‌ى سه‌ربازه‌کانیان بۆ دوو هێنده به‌رزکردووه‌ته‌وه و نزیکبوونه‌ته‌وه له قه‌ندیل و له‌هه‌ر کاتێکدا بیانه‌وێت هێرشده‌که‌نه سه‌رى. به‌ڵام سه‌رحه‌د وارتۆ وته‌بێژى په‌که‌که به هاوڵاتی وت «ئه‌و قسانه‌ى به‌رپرسانى تورکیا ناڕاسته، هێشتا شه‌ڕ له برادۆستهو رۆژانه پێکدادان له نێوان گه‌ریلا و سوپاى تورکیا له‌و سنوره ڕووده‌دات». برادۆست ده‌که‌وێته سیگۆشهى سنورى تورکیا و عێراق و ئێران که ساڵانێکى درێژه په‌که‌که کردویه‌تیه مۆڵگه‌یه‌کى سه‌ره‌کى خۆى و سه‌ر به ناحیه‌ى سیده‌کانه له پارێزگاى هه‌ولێر و سوپاى تورکیا زیاتر له 20 کیلۆمه‌تر له‌و سنوره‌وه قوڵایی خاکى هه‌رێمى به‌زاندووه. قه‌ندیل که زیاتر له چاره‌که سه‌ده‌یه‌که مۆڵگه‌ى سه‌ره‌کى پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) یه به‌درێژایی مێژووى شه‌ڕو ململانێ خوێناوییه‌کانى په‌که‌که و تورکیا لهههشتاکانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه تا ئێستا، هه‌رگیز ئامانجێکى ئاسان نه‌بووه بۆ ئه‌نقه‌ره. وته‌بێژى په‌که‌که جه‌ختیکرده‌وه، گه‌ریلا هه‌ر کاته‌و له چیا و شوێنێکه، شوێنێکى دیاریکراوى نییه، «بۆیه بێگومان قه‌ندیل هه‌رگیز ئامانجێکى ئاسان نییه بۆ تورکیا و گه‌ریلا هه‌موو کات ئاماده‌یه بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێک». له‌نێوان ساڵانى 1995 -1997 سوپاى توکیا سێ ئۆپه‌راسیۆنى گه‌وره‌ى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى چیاى قه‌ندیل و وه‌ده‌رنانى په‌که‌که له‌و چیا سه‌خته ئه‌نجامدا، به‌ڵام سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه تێکشکێنران. یه‌که‌م ئۆپراسیۆنیان به‌به‌شدارى زیاتر له 35 هه‌زار سه‌ربازى تورکیا له‌نێوان مانگى ئازار و ئایارى 1995 ئه‌نجامدرا، که هیچ ئه‌نجامێکى لێنه‌که‌وته‌وه. سوپاى تورکیا جارێکى تر و له‌نێوان ئایار و ته‌مموزى 1997 ئۆپه‌راسیۆنێکى دیکه‌ى سه‌ربازى بۆ سه‌ر قه‌ندیل ئه‌نجامدا، به‌به‌شداریى نزیکه‌ى 30 هه‌زار سه‌رباز، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئه‌نجامێکى لێبکه‌وێته‌وه. له‌هه‌مان ساڵدا و له‌نێوان ئه‌یلول و تشرینى یه‌که‌مداو به‌به‌شداریى هه‌زاران سه‌رباز سوپاى تورکیا ده‌ستى به ئۆپه‌راسیۆنێکى سه‌ربازى کرد بۆ سه‌ر قه‌ندیل، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئامانجه‌که‌ى خۆى نه‌پێکا. قه‌ندیل ناوچه‌یه‌کى شاخاوى سه‌خته له‌هه‌رێمى کوردستان که ده‌که‌وێته سێگۆشه‌ى سنورى عێراق و ئێران و تورکیاوه، به‌درێژایی 30 کیلۆمه‌تر درێژده‌بێته‌وه بۆ ناوخاکى تورکیا. ئه‌و ناوچه شاخاوییه که پێگه‌ى سه‌ره‌کى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌یه، نزیکه‌ى 150 کیلۆمه‌تر له شارى هه‌ولێره‌وه دوره، چیاکانى به دارستانى چڕ و به‌رز ته‌نراوه. رووبه‌رى ئه‌و ناوچه‌یه هه‌زار کیلۆمه‌تر زیاتره، له‌گه‌ڵ چیاى خنیره و هه‌ڵگورد و حه‌فتانین، سه‌ر به زنجیره چیاکانى زاگرۆسن، به‌رزترین لوتکه‌ى شاخه‌کانى له‌نێوان سێ بۆ چوار هه‌زار مه‌تردایه له‌ئاستى رووى ده‌ریاوه. هه‌ڕه‌شه‌کانى تورکیا بۆ هێرشکردنه سه‌ر قه‌ندیل هاوکاتن له‌گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى و سه‌رۆکایه‌تى له‌و وڵاته که 24ى ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى هێناوه‌ته ئارا که هه‌ڕه‌شه‌کان زیاتر بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بن، به‌وپێیه‌ى نۆى ئه‌م مانگه ماهیر ئۆناڵ، وته‌بێژى پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له تورکیا له‌کاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا رایگه‌یاند 24 کیلۆمه‌تریان ماوه بگه‌نه قه‌ندیل. وته‌بێژى په‌که‌که ده‌ڵێت، ناتوانن بڵێن له‌سه‌دا سه‌د ئه‌و هه‌ڕه‌شانه په‌یوه‌ندییان به هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه، به‌و پێیه‌ى هه‌میشه تورکیا چاوى له‌سه‌ر قه‌ندیل بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیوایه ناکرێت دۆخى هه‌ڵبژاردنیش به‌ده‌ر بکرێت له‌و هه‌ڕه‌شانه. سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا له وتارێکدا که وه‌کو به‌شێک له بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ى جه‌ماوه‌ری ئاکپارتى کرد، وتى «تورکیا بەشێوەیەک ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل ئەنجام دەدات، کە ھیچ کەسێک ھەستیشی پێ نەکات، لە رابردوودا ئەم کارە قورس بوو، بەڵام ئێستا خۆمان کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە دیاری دەکەین». سۆیلو پێشتریش هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشکردنه سه‌ر قه‌ندیلی کردبوو. مانگى 11ى ساڵى رابردوو لە کاتی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بوودجەی ٢٠١٨، وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیڵو وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەی بوودجە وتى ئەوەی ئەنجامی دەدەین زۆر روون و ئاشکرایە. یەکەمیان تەفروتوناکردنی کەمپەکانیانە کە ٢٥ کیلۆمەتر لەو دیوی سنوورەکانمانەوەن. دووەمیان چوونە قەندیل و مانەوەیە لەوێ و جێگرکردنی حاکمیەتمانە». قه‌ندیل که ناوچه‌یه‌کى ستراتیژى گرنگه، به‌درێژایی مێژوو په‌ناگه‌یه‌کى ئارام بووه بۆ بزوتنه‌وه چه‌کدارییه کوردییه‌کان، ساڵانێکى درێژیشه بووه‌ته پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که که له‌شه‌ڕێکى خوێناویدایه له‌گه‌ڵ تورکیا. هه‌رچه‌نده هیچ ئامارێکى ورد نییه له‌باره‌ى ژماره‌ى گه‌ریلاکانى په‌که‌که له قه‌ندیل، به‌ڵام پێشتر شاره‌زایانى سه‌ربازى ژماره‌ى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌یان له‌و ناوچه شاخاوییه سه‌خته به چوار هه‌زار گه‌ریلا خه‌مڵاندبوو. به‌درێژایی شه‌ڕو ململانێ چه‌کدارییه‌کانى نێوان تورکیا و په‌که‌که، قه‌ندیل که به‌سه‌دان گوند له خۆده‌گرێت، به به‌رده‌وامى بووه‌ته ئامانجى فڕۆکه جه‌نگییه‌کانى تورکیا، که ژیانى له گونده‌کانى ئه‌و سنوره تاڵکردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاگربه‌ستێکى نێوان تورکیا و په‌که‌که که درێژترین و دواترینیان له‌نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2015 بوو به‌هۆى پڕۆسه‌ى ئاشتى یه‌وه، ژیان له‌و گوندانهسهرلهنوێ ده‌ژیایه‌وه، هه‌رکاتێکیش ئاگربه‌ست کۆتایی ده‌هات ئاگر و دوکه‌ڵى بۆردومان جارێکى تر ژیانى له گوندنشینه‌کان تێکدهدایهوه.
به‌ره‌یه‌کى نوێى «نزیک له تورکیا» داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حزبه تورکمانه‌کانى تری هه‌رێم ده‌که‌ن. ئه‌حمه‌د فارس پێنج حزبى تورکمانى که به«نزیک له تورکیا» ناسراون، حزبه تورکمانه‌کانى تر به «ده‌ستى» ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم ده‌زانن و داواى ههڵهوهشاندنهوهیان ده‌که‌ن. ئه‌و حزبانه‌ى که یه‌کیانگرتووه بریتین له (پارتی گه‌شه‌پێدانی تورکمانی، پارتی دیموکراتی تورکمان، بزووتنه‌وه‌ى بێلایه‌نی تورکمان، پارتی گه‌لی تورکمانی، کۆمه‌ڵه‌ی لیبڕاڵی تورکمان) لیستێکیان پێکهێناوه به ناوی (پارتی گه‌شه‌پێدانی تورکمانی) و به ئه‌و ناوه‌وه به‌شداری هه‌ڵبژارده‌کانی داهاتووى په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌ن. په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ى کورسییه‌کانى بریتییه له 110 کورسى، که 11 کورسییان بۆ که‌مه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان ته‌رخانکراوه، له‌و 11 کورسییه‌ش پێنج کورسى بۆ نه‌ته‌وه‌ى تورکمان ته‌رخانکراوه و هه‌شت حزبی تورکمانى کێبڕکێ له‌سه‌ر ئه‌و پێنج کورسییه ده‌که‌ن. محه‌مه‌د ئیلخانلی سه‌رۆکی پارتی گه‌شه‌پێدانی تورکمان، سه‌باره‌ت به درووستکردنى لیستێکى له‌و شێوه‌یه‌و یه‌کگرتنى ئه‌و حزبانه به‌یه‌که‌وه به هاوڵاتی وت «به‌داخه‌وه له‌ئێستادا جگه له ئێمه چه‌ند قه‌واره‌یه‌کى تری تورکمانی دروست بوون که ده‌ستی هێزه سیاسیه ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی له‌پشته«. وتیشى «داواکارین له‌حزبه سیاسییه‌کان ئهوحزبانه تورکمانانه‌ی دروستکراوى ئه‌وانن هه‌ڵیان بوهشێننهوهو ته‌داخولی ناوخۆی کاروبارى تورکمانه‌کان نه‌که‌ن، چونکه ئه‌وه مافێکى تایبه‌ته به‌نه‌ته‌وه‌ی تورکمان، با ئه‌و مافه بهتورکمانهکان بدرێت خۆیان نوێنه‌رى خۆیان هه‌ڵبژێرن، نه‌وه‌کو حزبه سیاسیه‌کانی هه‌رێم نوێنه‌ریان بۆ دیاری بکه‌ن». سه‌رۆکی پارتی گه‌شه‌پێدانی تورکمان، ره‌تیکرده‌وه که ئه‌وان ده‌ستى تورکیایان له پشت بێت و وتى »ئێمه ده‌ستی هیچ وڵاتێکی دهرکیمان له‌پشت نییه، به‌ڵام په‌یوه‌ندیشمان زۆر به‌هێزه له‌گه‌ڵ تورکیا و پاڵپشتی هه‌ر پڕۆژه یاسایه‌کیش ده‌که‌ین که له‌به‌رژه‌وه‌ندی که‌مایه‌تیه‌کان بێت به‌تایبه‌ت تورکمان». چه‌ند حزبێکى تورکمانى ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر دروستبوونى ئه‌و به‌ره‌ى نوێیه بۆ هه‌ڵبژاردن و تۆمه‌تى ئه‌وه‌یان ده‌خه‌نه پاڵ که «ده‌ستیان له‌پشته«. «ئێمه ئاماده‌نین به‌شداری لیستێک و هاوپه‌یمانێتییه‌ک بکه‌ین که بزانین ده‌ستی کێی له‌پشته و له‌به‌رژه‌وه‌ندی چ حزبێکی ده‌سه‌ڵاتدار کار ده‌کات، کاری ئه‌و جۆره لیستانهش نه له‌به‌رژه‌وه‌ندی تورکمانه و نه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمیشه، به‌ڵکو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و لایه‌نه ئه‌بێت که دروستی کردووه‌و ده‌عمى ده‌کات» ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی به‌ره‌ى تورکمانی بۆ هاوڵاتی وایوت. به بڕواى ئایدن مه‌عروف، هه‌ریه‌که له یه‌کێتى و پارتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان حزبى تورکمانیان دروستکردووه، بۆ «به‌ژه‌وه‌ندی خۆیان». تورکمانه‌کان که به سیستمى کۆتا ده‌چنه په‌رله‌مان، له رابردووش‌دا حزبه گه‌وره‌کان تۆمه‌تبارکراون به هه‌وڵى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى کورسیه‌کانیان له به‌رژه‌وه‌ندیان خۆیان. سه‌رۆکى به‌ره‌ى تورکمانى وتی «به‌داخه‌وه له‌هه‌رێمی کوردستان و عێراق سیسته‌می کۆتا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، ئێمه له‌و خوله‌ى په‌رله‌مان 11 په‌رله‌مانتار داوامان کردووه که له داهاتوو سندوقێک تایبه‌ت به که‌مه پێکهاته‌کان دابنرێت، ئێستاش سورین له‌سه‌ر داوی خۆمان بۆئه‌وه‌ی که‌مایه‌تیه‌کان خۆیان نوێنه‌ری ڕاستتهقینهی خۆیان دیاری بکه‌ن» بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌خولی رابردووى په‌رله‌مانی کوردستان، پڕۆژه یاسایه‌کی پێشکه‌شی په‌رله‌مانی کوردستان کرد و داوای کرد چیتر له‌هه‌رێمی کوردستان کهمایهتیهیهکان به‌چاوی هاوڵاتی پله دوو سه‌یر نه‌کرێت کورسى کۆتان لا ببرێت. عه‌دنان عسمان په‌رله‌منتاری خولی پێشووی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به هاوڵاتی وت «ئه‌و کورسى کۆتاییه‌ی پێشووتر داندراوه مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسییه ته‌نها ئه‌وه بووه پارتی ده‌یویست ده‌نگی خۆی له په‌رله‌ماندا زیاد بکات، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه هیچ بنه‌مایه‌کی نه‌بووه‌و له‌سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌ک دروست نه‌بوه«. وتیشى «ئه‌وه کێشه‌ی نێوخۆیشی له‌نێوان مه‌سیحیه‌کان و تورکمانه‌کان دروستکرد که ئه‌مه وایکرد کۆمه‌ڵێک حزبی کارتونی کۆمه‌ڵێک لایه‌نی کارتۆنی دروستبێت که ته‌عبیر له‌سیاسه‌تی پارتی و یه‌کێتی بکات، به‌تایبه‌ت پارتی، نه‌ک سیاسه‌تی پێکهاته‌کان له ڕابردووش بینیمان که ئه‌مانه به‌شێک بون له‌سیاسه‌ته‌کانی گشتی پارتی نه‌ک سیاسەتی خۆیان». عه‌دنان عوسمان ره‌تیشیکرده‌وه ئه‌وان بهتهمابن حزبى سێبه‌ر له که‌مه نهتهوایەتییهکان درووست بکه‌ن و وتى «وه‌کو گۆڕان خه‌ڵک و لایه‌نگرمان هه‌یه تورکمان یان مه‌سیحی یان هه‌ر پێکهاته‌یه‌کی تر بێت، به‌ڵام گۆڕان هیچ به‌رنامه‌یه‌کی نیه که‌وا حزبی تورکمانی دروست بکات ئه‌وه ئیشی گۆڕانیش نیه حزبی کارتۆنی دروست بکات». به‌پێى ئاماره نافه‌رمییه‌کان له‌هه‌رێمی کوردستان 200 هه‌زار تورکمان ئه‌ژین، له‌و ژماره‌یه‌ش له‌سه‌رووی لەسەدا 50 دانیشتووی هه‌ولێرن، به‌شه‌که‌ی تریشیان دابه‌شى سه‌ر شاره‌کانی تر کفری و دهۆک و چه‌ند شارێکى تر بوون. تورکمانه‌کانى هه‌رێم زیاتر نزیکه‌ى 70 بۆ 80 هه‌زار ده‌نگده‌ریان هه‌یه له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمى کوردستان.
هاوڵاتی مەلا مەزهەر خوراسانی مامۆستایه‌کی ئاینی دانیشتووی هه‌ولێره‌و ناوبه‌ناو به‌هۆی ناوه‌ڕۆکی وتار و ره‌فتاره‌کانیه‌وه گرته‌ڤیدیۆی له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاو ده‌بێته‌وه‌و کاردانه‌وه‌ی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، له‌دواترین ئه‌و وتانه‌یدا له‌به‌رنامه‌یه‌کدا که کەناڵی سرووشته‌وه په‌خش ده‌کرا (کەناڵێکی ناوخۆییە و مەلا مەزهەر خاوەنیەتی)، «سوکایەتی» به‌ژنان کرابوو، ئه‌و مه‌لایه وشەی «دایناسۆر و ئاغا»ی بەرامبەر ژنان بەکارهێنابوو، به‌هۆیه‌وه بۆماوه‌یه‌کی کاتی په‌خشی که‌ناڵه‌که‌ی راگیرا‌و دواتر به مه‌رج کرایه‌وه. پەیام حازم دەرچووی بەشی فەلسەفەیهو دانیشتوی قه‌زای شاره‌زووره، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنییهو دەستەی بەڕێوەبردنی گروپی کچانی گەوهەره که تایبه‌ته بەکلتورکردنی خوێندنەوە. ئه‌و کچه له‌په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا، وه‌ڵامی لێدوانه‌کانی مه‌لا مه‌زهه‌ر ده‌داته‌وه‌و دواتر گرته ڤیدیۆیی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌ی له‌ئه‌کاونتی خۆی له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوکرده‌وه‌و به‌خێرایی سه‌دان ئه‌کاونت و په‌یجی تر بڵاویانکرده‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه. پەیام حازم له‌لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات لەدوای ئەوه‌ی ئه‌و مامۆستا ئاینییه چه‌ند جارێک «سوکایەتی و تەشهیر»ی بەژنی کوردی کردوه، بەتایبەت دوای ئەوەی کە وتی ژنی کورد دایناسۆرە، ئه‌و بڕیارده‌دات په‌یوه‌ندی به‌و به‌رنامه‌یه‌وه بکات و وه‌ڵامی مه‌لا مه‌زهه‌ر بداته‌وه. ئه‌و وتیشی «دوورۆژ بێدەنگ بوم تاکو بزانم هیچ ڕێکخراوێکی ژنان و یان هیچ که‌سێک کە بانگه‌شه‌ی ئازادی و پاراستنی مافی خانمان دەکەن دێنه دەنگ، بەداخەوە نەهاتنە سەر خەت، بۆیە دەبوو کەسیک هەبێت بیوەستێنێت، بڕیارمدا ئەوکەسە من بم». په‌یام وتی «لەهەمان میمبەرەوە کەسوکایەتی بەژن دەکات ڕەدفیعلێکی، لۆژیکم دایەوەو وتم تەنها یەک پرسیار لە خۆت بکە دایناسۆر مرۆڤی دەبێت؟ گەر ژنی کورد دایناسۆری بێت، تۆش بەچکە دایناسۆری، بەڵام تەشهیری ئەو بەردەوام بوو لە ڤیدیۆکەشدا روونە جگە لە زمانێکی توند‌و زبر وەڵامێکی لۆژیکی پێ نەبوو». به ماوه‌یه‌کی که‌م دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤیدیۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیه‌ی په‌یام، وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری داخستنی که‌ناڵی سروشتی راگه‌یاند، په‌یام ده‌ڵێت «نازانم لە ئەنجامی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی منەوە بو یاخود نا، بەڵام کۆتا هەڵویستی توند ئەو پەیوەندیە بوو گەر من هۆکار بووبم شانازی بە کچ بوونی خۆمەوە دەکەم، هەرگیزیش پەشیمان نیم، کەناڵیک پشێوی دروستبکات ئەوە دەرەنجامەکەیەتی». په‌یام پێی وایه مامۆستایانی ئاینی و نوسەر و کەسە دیارەکانی کومەڵگە، کاتێک قسەیەک یاخود سوکایەتیەک یان بڕوایەکی هەڵە بڵاودەکەنەوە ناکرێت بڵێین ئازادی ڕا دەربڕینە، چونکە ئەوان میمبەری کۆمەڵگەیەکن. دوای بڵاوبونه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆییه‌که، کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، په‌یام ده‌ڵێت «چه‌ندین نامه‌ی دەستخۆشی و ڕەخنەشم بۆ هات، ئەوەی بۆمن گرنگە بە قەناعەت و باوەڕی خۆم کردوومە». مەلا مەزهەر دوای راگرتنی پەخشی کەناڵەکەی، دوای رۆژێک «بەمەرج» کرایەوە. هاوڵاتی پەیوەندیکرد بە مەلا مەزهەرەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە، بەڵام وتی ئەو لە چەند رۆژی رابردودا قسەی زۆری لەسەر ئەو پرسە کردوەو نایەوێت قسەی لەسەر بکاتەوە. محەمەد گەردی بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری، سه‌باره‌ت بهوهۆکارانهی بوونه هۆی داخستنی که‌ناڵی سروشت کە خاوەنەکەی مەلا مەزهەر خۆراسانییە، ئاماژه به‌وه ده‌کات له چه‌ند به‌رنامه‌یه‌کیدا له‌مانگی ره‌مه‌زاندا، مەلا مەزهەر چەندجارێک وشه‌ی «نه‌شیاوی وه‌ک سوکایەتی بە ئافرەتانی کورد» به‌کارهێناوه‌و لهتۆڕهکۆمهڵایهتیهکانیش چه‌ند گرته ڤیدیۆییه‌کی بڵاوبویه‌وه، به‌وهۆیه‌وه ژماره‌یه‌ک چالاکوان و ڕێکخراوەکانی ژنان شکاتیان لێکردوه‌و بۆماوه‌یه‌ک که‌ناڵه راگیرا. سه‌باره‌ت به‌وه ره‌خنه‌و گله‌ییانه‌ی که ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت ده‌کرێت و که له‌بری ئه‌و داخستنه ده‌بوایه به‌رنامه‌که‌یان رابگرتایه، چونکه به وته‌ی ئه‌و ره‌خنه‌گرانه، داخستنی که‌ناڵی سروشت بۆته هۆی پێشلێکردنی (یاسای رۆژنامه‌گه‌ری) به‌رپرسه‌که‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت «نه‌خێر داخستنی که‌ناڵ و راگرتنی په‌خشه‌که‌ی پێشلکاری نیه‌و به‌پێی یاساکراوه، چونکه ئێمه ناتوانین ئازادی میدیایی پێشلێبکهین و به‌رنامه‌که‌ی رابگرین، به‌ڵام ده‌کرێت بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی په‌خشی که‌ناڵه‌که دابخه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه دووباره‌و سێ بارهبویهوه ئه‌وکات ماوه‌ی داخستنه‌کان درێژتر ده‌کرێنه‌وه«. به‌پێی ئاماره‌کانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حکومه‌تی هەرێمی کوردستان، ئێستا (104) کەناڵ و (160) رادیۆ له‌کوردستان هەن لەم ژمارەیەش (39) تەلەفزیۆن و رادیۆ و سێ کەناڵی ئاسمانی ناوه‌ڕۆکی به‌رنامه‌کانیان بانگخوازی و ئیسلامین.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاماژه به‌وه ده‌دات که ئه‌و نۆ ئه‌ندامه‌ى چونه‌ته شوێنى ئه‌ندامانى کۆمسیاران به‌پێى یاساى هه‌موارکراوى هه‌ڵبژاردنه‌کان کاره‌کانیان ده‌که‌ن و له‌سه‌دا سه‌دى سه‌رجه‌م ده‌نگه‌کان هه‌ژمار ده‌کرێته‌وه. ئارام شێخ محه‌مه‌د، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتی، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که تا ئه‌و کاته‌ى سه‌رجه‌م سکاڵاى لایه‌نه سیاسییه‌کان به شه‌فافى نه‌بینرێت و ده‌نگى ساخته‌کارییه‌کان له ده‌نگه راسته‌قینه‌کان ده‌رنه‌کرێت هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌کان ئاشکرا ناکرێت. کۆمسیۆن پێیوابوو به‌پێى ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ى که خۆیان رایانگه‌یاندووە وڵاته‌که شامى شهریفە هاوڵاتی: ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق چاودێرى پرۆسه‌ى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان ده‌کات؟ ئارام شێخ محه‌مه‌د: پرسى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌کان ئێستا لاى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ری و ئه‌وان ئه‌و نۆ دادوه‌ره‌یان داناوه، له جیاتى ئه‌و نۆ که‌سه‌ى کۆمسیۆن، ئیتر هه‌ر ئه‌وان ئیداره‌ى کۆمسیۆن سه‌رپه‌رشتى کاره‌کان ده‌که‌ن به‌پێى یاسا ههموارکراوهکهى هه‌ڵبژاردن، ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت. هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر ساخته‌کارییه‌کان له سه‌دا 20 زیاتر بێت چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت؟ ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئه‌و مه‌وزوعه ته‌واو به‌پێى یاساکه کارى له‌سه‌ر ده‌کرێت، ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌نگه‌کانى ساختکاریى هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق رێکار و یاساى خۆیان هه‌یه کێشه‌که ئه‌وه بووه که جێبه‌جێیان نه‌کردووه. کێشه‌ى گه‌وره‌ى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌به‌ر ئه‌وه بوو که داتا‌و زانیارییه‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه شاردرانهوهو نهگەیشتە ده‌ست خه‌ڵک و قه‌واره سیاسییه‌کان، ئه‌وه وایکرد گومان له‌و ده‌رئه‌نجامانه بکرێت که کۆمسیۆن باسى ده‌کرد. هه‌موو داتا‌و زانیارییه‌کانى ئه‌وانه‌ى لاى کۆمسیۆنیش بڵاوکراونه‌ته‌وه ئه‌و زانیارییانه بوون که بوونه جێگه‌ى گومان و شکى لایه‌نه سیاسییه‌کان، بۆیه داواکرا هه‌ڵبژاردن دووباره بکرێته‌وه و لێکۆڵینه‌وه له ئه‌نجامه‌کان بکرێت، واتا هیچ رێژه‌یه‌ک نه براوه نه دۆڕاو له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا دیار نییه. هاوڵاتی: که‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان به دیاری کراوى رادهگهیهنرێتهوه؟ ئارام شێخ محه‌مه‌د: لێکۆڵینه‌وه‌و دواى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به ده‌ست و جیاکردنه‌وه‌ى ساخته‌کارییه‌کان، ئایا رێژه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که چۆنه و چۆن کراوه و نازانرێت که‌ى ده‌نگەکان به‌ته‌واوى جیا ده‌کرێته‌وه تا کاتى بۆ دیارى بکرێت. به‌هۆى ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى کۆمیسیۆن بڵاویکرده‌وه بێ متمانه‌یى گه‌شتۆته لوتکه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوڵاتی: ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تۆمه‌تبار ده‌کرێت له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه که دۆخى عێراقتان ئاڵۆز کردووه؟ ئارام شێخ مه‌حه‌مه‌د: کۆمسیۆن پێیوابوو به‌پێى ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ى که خۆیان رایانگه‌یاند بوو وڵاته‌که شامى شه‌ریف بوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ى ساخته‌کارییه‌کانیان کرد بوونه هۆى ئاڵۆزبوونى دۆخه‌که. په‌رله‌مان رێگاکه‌ى راستکرده‌وه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئه‌م هه‌نگاوه‌ى نه‌نایه کێشه‌ى سیاسى بێمتمانه‌یى و به‌ریه‌ککه‌وتن دروست ده‌بوو. بێ متمانه‌یى به‌هۆى ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى کۆمیسیۆن بڵاویکرده‌وه گه‌شتۆته لوتکه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان دیوى راسته‌قینه‌ى ئه‌م دۆخه‌ى دهرنهخستایه کێشه‌کان زۆر زیاتر ئاڵۆز و ئاشووبى لێ ده‌که‌وته‌وه و بارودۆخه‌که خراپتر ده‌بوو. به‌پێى ئه‌و دیکۆمێنت و ڤیدیۆیى و شکواى لایه‌نه سیاسسیه‌کان که کێشه‌ى گه‌وره هه‌بووه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌زاران به‌ڵگه له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان درا بویه کۆمسیۆن. هاوڵاتی: پێتانوایه به‌مزوانه ده‌نگى راسته‌قینه له ساخته‌کارییه‌کان جیابکرێته‌وه؟ ئارام شێخ محه‌مه‌د: تا به‌ده‌ست نهژمێردرێتهوه و تا ساخته‌کارییه‌کان جیانه‌کرێته‌وه و رێژه‌ى ساخته‌کارییه‌کان باس نه‌کرێت، سکاڵاى لایه‌نه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى شه‌فاف مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌کرێت هیچ زانیارییه‌ک راناگه‌یه‌ندرێت. هاوڵاتی: پاش سوتاندنى هه‌ندێ له سندوقه‌کان له‌به‌غدا، ئومێدتان هه‌یه که ده‌نگه‌کانى هاوڵاتیان نه‌فه‌وتێت؟ ئارام شێخ محه‌مه‌د: ئێمه یاساى هه‌ڵبژاردنمان ههموارکردهوهو دواتر په‌سه‌ند کرا. به‌پێى یاساکه ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌نگه‌کانى عێراق به‌ده‌ست هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌و ده‌نگى راسته‌قینه‌ى هاوڵاتیان بخرێته روو، چاوه‌ڕوانى کاره‌کانى ئه‌و دادوه‌رانه‌ى که کاره‌کانى ئه‌ندامانى کۆمسیاران ده‌که‌ن که له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسایه‌دا ده‌بێت که هه‌موارکراوه‌ته‌وه. هاوڵاتی: وته‌بێژى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له چاوپێکه‌وتنێکى هاوڵاتی ده‌ڵێت جارێکى تر پۆستى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ناده‌نه‌وه به‌گۆڕان. ئارام شێخ محه‌مه‌د: با پرسى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق یه‌کلایى بکرێته‌وه‌و ده‌رئه‌نجامه‌کان راست بکرێته‌وه دواتر قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به پشتکردنه کورده‌کان بتوانێت ئه‌نقه‌ره رازی به کشانه‌وه بکات له سووریا، ئه‌وا پوتین ههنگاوێکی دیکه له سه‌رکه‌وتن نزیک ده‌بێته‌وه. هه‌رێم جه‌عفه‌ر ڤلادمیر پوتین، سه‌رۆکی روسیا چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ی دووپات کردووه‌ته‌وه که ده‌توانێت دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکی ئه‌مریکا، رازی بکات به‌وه‌ی که هێزه‌کانی له سووریا بکشێنێته‌وه و تره‌مپیش پێشتر وتبووی که ئه‌و حه‌ز به‌و کشانه‌وه‌یه ده‌کات. بڕیاره له داهاتویه‌کی نزیکدا، هه‌ردوو سه‌رۆکی ئه‌مریکاو روسیا کۆببنه‌وه، کێشه‌کانی سووریاش ده‌بنه بابه‌تی یه‌که‌می دانووستانه‌کانیان. رووسیا له سووریا یارییه‌کی ناڕوون ده‌کات چونکه په‌یوه‌ندییه‌کی پێناسه‌نه‌کراوی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ناو سووریا هه‌یه، وه‌ک حکوومه‌تی سووریا و ئێران و تورکیا و ئیسرائیل. له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، پوتین له مۆسکۆ پێشوازی کرد له محه‌مه‌د بن زاید ئال نههیان، شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و سه‌رۆکی هێزه چه‌کداره‌کان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه که په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی که‌نداویش به‌جۆرێک بێت که گڕوتینێکی تێدابێت. به گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئه‌ل مۆنیته‌ر، رووسیا پێویستی به یارمه‌تی ئه‌مریکایه بۆ سه‌قامگری سووریا، به‌ڵام سه‌قامگیری سووریا ده‌بێت هێزێک باجه‌که‌ی بدات. جا ئه‌و هێزه ره‌نگه ئه‌نقه‌ره، تاران یان دیمه‌شق خۆی بێت. مۆسکۆ سوودی له کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بینی له هاوپه‌یمانی پلان و کردار تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی سووریا و هه‌ژموونی تارانی به‌و هۆیه‌وه زیادکرد که زۆر نزیکه له‌خۆی. له لایه‌کی دیکه‌وه جه‌نگی بازرگانی نێوان ئه‌مریکا و ئه‌وروپا، بۆ مۆسکۆ ڕێگای زیاتر خۆش کردووه. به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که‌ی ئه‌ل مۆنیته‌ر "به دروستکردنی پرد له نێوان پاریس و مۆسکۆ له‌سه‌ر پرسی سووریا، فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت خۆی دوور بگرێت له سیاسه‌تی ئه‌مریکا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها کشانه‌وی تره‌مپ له رێکه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی به ته‌واوی بیانووی داوه‌ته فه‌ره‌نسا که ئه‌وه ستراتیژیه جێبه‌جێبکات". ئه‌وه‌ی که تا راده‌یه‌ک بۆ مۆسکۆ ئێستا کێشه‌یه، گرژییه‌کانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانه. ئێستا حکومه‌تی سووریا ده‌یه‌وێت هێرشبکاته سه‌ر شاری دارای سووریا که به‌ده‌ست هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانه، به‌ڵام ئه‌م هێرشه بۆ ئیسرائیل مایه‌ی نیگه‌رانیه، چونکه ده‌بێته هۆی به‌هێزکردنی ئێران و هێزه‌کانی سه‌ر به‌ئێران وه‌ک حزبوڵا. بۆ ئه‌مه‌ش مۆسکۆ ده‌یه‌وێت وا له ئیسرائیل بکات که تێبگات بۆچی حکوومه‌تی سووریا پێویستی به‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌یه و له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌یه‌وێت گره‌نتی ئه‌وه بداته که هێزه‌کانی سه‌ر به ئێران له‌و ناوچانه بوونیان نامێنێت، به‌ڵام ئایا تاران به‌وه ڕازی ده‌بێت که هێزه‌کانی بکشێنێته‌وه؟ وه‌ڵامی ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دیپلۆماسی مۆسکۆ بۆ رازیکردنی تاران و دۆزینه‌وه‌ی جێگیرێک له جیاتی ئه‌و ناوچانه. که‌واته مۆسکۆ ده‌یه‌وێت جارێکی دیکه سوپای سووریا له‌و وڵاته به‌هێز بکات بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نها پێویستی به‌وه‌یه تره‌مپ رازی بکات له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان. مۆسکۆ ده‌یه‌وێت جارێکی دیکه سوپای سووریا له‌و وڵاته به‌هێز بکات بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نها پێویستی به‌وه‌یه تره‌مپ رازی بکات له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان له راستیدا ئێستا تورکیا کێشه‌ی سه‌ره‌کی سووریایه. فه‌هیم تاستێکین، ڕۆژنامه‌نووسی سووری، له‌و باره‌یه‌وه وتی "ئێستا تورکیا هێزه‌کانی له ئیدلب هه‌ن، ناوچه‌یه‌ک که بۆته جێگای جیهادییه‌کان له باکووری رۆژئاوای سووریا. چه‌ند جارێکیش حکومه‌تی سووریا ئه‌و ناوچانه‌ی بۆردومان کردووه و ئه‌گه‌ری جه‌نگی درێژخایه‌ن هاتووه‌ته ئاراوه ". ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه وتیشی "تورکیا ده‌یه‌وێت ڕژێمی سووریا دوور بێت له‌و ناوچه‌یه، چونکه له داهاتوودا ئیدلیب له لایه‌ن تورکیاوه وه‌ک کارتێک دژی ئه‌مریکا به‌کار دێت". وه‌لید موعه‌لیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، له باره‌ی هێزه‌کانی تورکیا له سووریا ڕایگه‌یاند «تورکیا دووژمن و داگیرکه‌ره نه تورکیا و نه ئه‌مریکا مافی ئه‌وه‌یان نیه دانووستانمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه. ئێمه بست به بستی خاکی سووریا ڕزگار ده‌که‌ین». ئه‌مریکا ده‌توانێت دژی تورکیا بوه‌ستێته‌وه به‌وه‌ی که ئه‌نقه‌ره په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی تیرۆرستی ئه‌حرار ئه‌لشام هه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بتوانێت نه‌رمی بنوێنیت له‌گه‌ڵ مۆسکۆ و دژی تورکیا له سووریا بوه‌ستێته‌وه ئه‌وا پلانه‌که‌ی پوتین له سووریا سه‌رده‌که‌وێت که چه‌ندین قۆناغی باشی بڕیوه. ئێستا هه‌ردوو ئه‌مریکا و تورکیا له‌سه‌ر رووداوه‌کانی سووریا له گفتوگۆدان، پێشتریش ئه‌نقه‌ره ئه‌وه‌ی بڵاوکرده‌وه که له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ڕێکه‌وتن که هێزه کوردیه‌کانی وه‌ک یه‌په‌گه له مه‌نبج هاوشێوه‌ی عفرین وه‌ده‌ربنێن. به‌ڵام به نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کان له ناوچه سنوورییه‌کانی تورکیا بیانووی ئه‌نقه‌ره بۆ مانه‌وه‌ی له سووریا چی ده‌بێت؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌هۆی پشتکردنه هێزه کوردییه‌کان بتوانێت ئه‌نقه‌ره به کشانه‌وه له سووریا رازی بکات ئه‌وا ههنگاوێکی دیکه له سه‌رکه‌وتنی دیپلۆماسی پوتین نزیک ده‌بنه‌وه. به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه بۆ پوتین، هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزه له لایه‌ن ئه‌مریکاوه و رازیکردنی ئه‌مریکایه به دووباره به‌هێزکردنه‌وه‌ی حکوومه‌تی ئه‌سه‌د، چونکه ئه‌مریکا بێ به‌رامبه‌ر سووریا بۆ رووسیا و ئه‌سه‌د چۆڵ ناکات، که‌واته دیداری داهاتووی نێوان تره‌مپ و پوتین یان کێشه‌کانی سووریا چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن یاخود ئه‌و وڵاته زیاتر ده‌بێت جێگای جه‌نگی ئه‌و هه‌موو هێزه جیاوازه.