هەرێم جەعفەر قەوارە سیاسییەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەسەر سێ بەرەدا دابەشبوون. بەرەی مەرجەعەکانی شیعە کە زیاتر دەکەونە نەجەف و کەربەلا، بەرەی سەر بە ئێران و بەرەی سەر بە ئەمریکا. بەهۆی بوونی کەمینەی جیاوازی سوونە و تورکمانەکان، سعودیە و تورکیاش ڕۆڵێکی لاوەکی دەگێڕن لەناو کایە سیاسییەکانی عێراقدا. چەند میدیایەکی عێراقی و بیانی ناوی چەند کەسایەتییەک ئاشکرا دەکەن کە چانسی ئەوەیان هەیە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگرن. گۆڤاری فۆڕن پۆلیسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە دوای بە دوای ئاشکرا بوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراق، قاسم سولەیمانی نوێنەری ئێرانی بۆ پەڕلەمانی بەغداد ناردوە تاکو دڵنیا بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناو پەڕلەمانی داهاتووی عێراقدا بەرگری لێدەکرێن، ڕەنگە لە ئێستادا عەبادی شانسی بوونەوەی بە سەرۆک وەزیرانی زۆر بێت چونکە ناوبراو شیعە و ڕکابەرەکانیشی هێندەی ئەو سەرکەوتنیان بۆ عێراق بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەگەر عەبادی نەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە ئەوا ئاسان نابێت کە پێشبینی بکرێت کە کێ دەتوانێت ئەو پۆستە بۆخۆی مسۆگەر بکات. فۆڕن پۆلیسی ناوی چەندین کاندیدی ئاشکرا کردوە کە ئەگەری زۆرە یەکێکیان ببنە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باس کراون، بەڵام ناوی ئەو کەسانەی لێدوانیان داوە لەبەر هۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکراوە. حەیدەر عەبادی، ئەو یەکێکە لە پێشەنگەکانی بردنەوەی ئەو پۆستە ئەگەر چی هاوپەیمانێتییەکی ئەو لە هەڵبژاردنەکان پلەی سێهەمی بە دەستهێنا. عەبادی تەمەن ٦٦ ساڵ، لە بەریتانیا ئەندازیاری کارەبای خوێندوە و لە خێزانیکی دیاری بەغدای پایتەختە. لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتی نیازپاکی خۆی بەرامبەر بە دراوسێکانی وەک سعودیە و تورکیا نیشانداوە. یەکێکی دیکە لە خاڵە بەهێزەکانی حەیدەر عەبادی سارد کردنەوەی شەڕی تائیفی عێراقە. پێشتر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، موقتەدا سەدر، ئاشکرای کردبوو کە ئەو خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانی دەبەخشێتە عەبادی بەتایبەت ئەوەی کە نایەوێت هیچ کەسێک لە سەرکردەو میلیشیا شیعەکانی وەک هادی عامری بێنە ناو دەسەڵات بەڵام ئەم لێکدانەوە لەسەر بنەمای تێڕوانینی پێشووی سەدرە دەربارەی عەبادی. ئەگەرچی عەبادی خۆی وەک کەسێکی گەندەڵ تەماشا ناکرێت و بە کەسێکی نیەت پاک دادەنرێت، بەڵام ئەو هێشتا لە ناو خەڵک وەکو کەسێکی لاواز سەیر دەکرێت، کاتێک دێتە سەر نەهێشتنی گەندەڵی ئەوانی دیکە. مامۆستایەکی سیاسی عێراق سەبارەت بە عەبادی لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد «ئەو بە کەمی دەتوانێت شتێک بگەیەنێتە جێی خۆی و زۆرێک لە کردارەکانی مالیکی دووبارە کردەوە». یەکێک لە خاڵا لاوازەکانی عەبادی ئەوەیە کە نەیتوانی زاڵی حزبی دەعوە لە دەستەی دژەی گەندەڵی عێراق کەمبکاتەوە، جیا لەمانەش، خەڵکی عێراق چەند جارێک ناڕەزایەتییان دژی حکومەتی پێشوو دەربڕیوە. بە ئامادەبوونی نوێنەری عەبادی لە کردنەوەی یاریگای نەجەفدا کە چەن ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، خەڵکی ناو یاریگاکە هاواریان دەکرد «ئێوە هەموو دزن». هەندێکیش پێیان وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چانسی کەمی بۆ عەبادی هێشتۆتەوە چونکە ئەو تەنها ٤٢ کورسی بەدەستهێناوە>  عەلی دەوەی لازیم ناوبراو تەمەنی ٥٣ ساڵە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە پارێزگای میسانە و یەکێکە لە بژاردەکانی سەدر کە خاوەنی ٥٤ کورسیە شارەزایەکی سیاسی عێراق پێی وایە کە «ئەوەی لیستی براوەی عێراق لە پشت عەلی ە، ئەوا چانسی ئەو زیاد دەکات» بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٤، بەربژێری سەدریەکان بوو بۆ سەرۆک وەزیران و وەک پیاوێکی ماندوونەناس و ڕاستگۆ و دڵسۆز سەیر دەکرێت. زۆربەی بەرپرسانی عێراق، بە چەندین ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕ دەپارێزرێن کاتێک دەرچوونیان هەیە، بەڵام عەلی لازیم بە تەنها دەچێتە ناو شەقام و بازاڕەکانی شاری عەمارەی میسان دەستکەوتەکانی وەک پارێزگار، وای لێ کردوە وەک پاڵەوانێکی نیشتیمانی تەماشا بکرێت. میسان چەند کاتژمێرێک کارەبای لە بەغداد زیاتر هەیە و چەند جار بیندراوە لەگەڵ کرێکارانی سەر شەقامەکان کاری کردووە، لەگەڵ ئەوەش ناوبراو دوور نیە لە ڕەخنە، لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتێکی (نیو یۆرک تایمز) ناوبراو لەناو دێراوەکانی باشووری عێراق گەورە بووە و لە سەردەمی سەدام حوسەین زیندانی بووە و لە کارگەی شەکر کاری کردوە سەڕەڕای بوونی بڕوانامە لە زانستە ئیسلامیەکان. بەڵام شیکارێکی سیاسی عێراق دەپرسێت «چۆن دەبێت پارێزگار کاتی خۆی بە سڕینەوەی شەقامەکان بەسەر ببات؟ ئەگەر ئەو کاریگەر بوایە، ئەوا یاسای دەچەسپاند و وای دەکرد خەڵک خۆیان خاشاکی خۆیان پاک بکەنەوە»  هادی عامری خەڵکی پارێزگای دیالەیە و تەمەنی ٦٣ ساڵە. لیستەکەی دووەم زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بردەوە. ئەو چەند جارێک ڕۆڵی خۆی لە سیاسیەوە بۆ سەربازی و بە پێچەوانەوە گۆڕیوە. ئەو سیخوڕی ئێران بووە و یارمەتی ئەمریکییەکانیشی داوە لە داگیرکردنی عێراقدا.  پاشان بوە دوژمنی ئەمریکا و دواتریش لەگەڵ ئەمریکا دژی داعش دەجەنگا. وەک سەرکردەیەکی شیعە، ماوەیەک دژی چەکدارە سووننە یاخیەکان دەجەنگا و ماوەیەکیش هاوکاری دەکردن و لەگەڵیان دەجەنگا عامری بە ٤٧ کورسیەوە، ئەگەری هەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو. لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو، بەڵام بە بەراورد بە وەزیرەکانی دیکە تەواو گەندەڵ نەبوو بۆیە تا ڕادەیەک ناوبانگی باش بوو، بەڵام لە کاتی جەنگی دژی داعش، پەرۆشی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.  بە وتەی شارەزایەکی پرسی عێراق، ناوبراو چانسی هەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیران بەڵام ئەگەر بێت و پشتگیری سەدر بەدەست بهێنێت، هادی عامری فارسی بە تەواوی دەزانێت و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران و حزبوڵا هەیە ئەمەش واشنتن نیگەران دەکات بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیران.  عەلی عەلاوی تەمەنی ٧٠ ساڵە و خەڵکی شاری بەغدادە. چەندین ساڵ وەک وەزیری بەرگری و دارایی و بازرگانی خزمەتی کردوە. بڕوانامەی لە زانکۆی هارڤارد هەیە و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق لە بەریتانیا دەژیا. لە دەرەوەی وڵات کاری دژی حکوومەتی بەعس لە عێراق کردوە. شارەزایەکی سیاسی عێراق پێی وایە عەلی عەلاوی ئەو مەرجانەی تێدایە کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.  نوری مالیکی کە بە پیاوە دڵسۆزەکەی حزبی دەعوە ناسراوە و لە ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە. لە ماوەیەدا عێراق هەندێک گۆڕانکاری بە ژێرخانی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی بینی. بەڵام توندوتیژی و گەندەڵی و شەڕی تائیفی پەرەی سەند. گەڕانەوەی مالیکی سەختە چونکە تەنها ٢٥ کورسی پەڕلەمانی هێناوە و بەجۆرێکیش پاڵپشتی ئێرانی لەدەستداوە. تاکە ڕێگا بۆ مالیکی تاکو ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەدەستهێنانی دەنگی کورد و سوونەکان و ئەمریکا و سعودیەیە بەوەی ناوبراو لەگەڵ سەدر پەیوەندی خراپی هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٨ مالیکی سوپای نارد تاکو چەکدرانی سەر بە سەدر لەناو ببەن و شەڕ و پێکدادان ڕوویدا.  ساڵح ئەل حەسنەوی وەزیری پێشووی تەندروستی عێراق بوو و یەکێکە لەو ناوانەی کە ئەگەری زۆرە سەدریەکان بۆ سەرۆک وەزیرانی کاندیدی بکەن.  ناوبراو تەمەنی ٥٨ ساڵە و خەڵکی باشووری کەربەلایە، بە کەسێکی تەکنۆکرات و سەربەخۆ ناسراوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسەینەوە، ساڵح ئەل حەسنەوەی هاتە ناو سیاسەتەوە. پڕۆفیسۆری دەرووناسیە و کاندیدی عێراق بوو بۆ بوون بە سەرۆکی یونسکۆ لە ساڵی پاردا. ئەوەی کەسێکی تەکنۆکراتە ڕەنگە یارمەتی بدات کە ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، بەڵام کاتێک وەزیری تەندروستی بوو، ڕۆڵی کاریگەری نەبوو. نەخۆشخانەکان وێران بوون و پڕبوون لە گەندەڵی جیاواز>  عادل عەبدول مەهدی تەمەنی ٧٦ ساڵەو و زمانی فەڕەنسی دەزانێت. لە بواری ئابووریدا شارەزای هەیە و ماوەیەکیش ئایدۆلۆژیای ماوییەکانی هەڵگرتبوو. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، وەک وەزیری دارایی و نەوت کاری کردوە. کاتێکیش جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو لەگەڵ ئەمریکا و ئێران پەیوەندی باش بوو. هەروەها پەیوەندی باشی لەگەڵ حزبی دەعوا هەیە و نەیاری سەرسەختی عەمار حەکیمە. عادل عەبدول مەهدی یەکێک دەبێت لەوانەی کە ڕەنگە هەڵبژێردرێت بۆ کەمکردنەوەی خوێن ڕشتن و پاراستنی ئاسایشی وڵات.  ئەیاد عەلاوی لە لایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش وەک سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٤ هەڵبژێردرا. عەلاوی تەمەن ٧٣ ساڵ، خەڵکی بەغدادە و کوتلەکەی ٢٢ کورسی بردەوە. لە ساڵی ٢٠١٠، کورسی زیاتری لە مالیکی هێنا، بەڵام نەیتوانی هاوپەیمانی زیاتر لە مالیکی دروست بکات. عەلاوی بە کەسێکی شیعی عیلمانی ناودەبرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕژێمی عێراق هەیە، لە لایەن هەندێک لە کوردەکان و شیعەکان کێشەی بۆ دروست دەبێت. پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا باشە ئەمەش وای لێکردوە لەگەڵ ئێران دوو نەیار بن بۆیە چانسی کەمە کە ببێتە سەرۆک وەزیران.  تاریق نەجم تەمەنی ٧٢ ساڵە و خەڵکی پارێزگای زیقارە. یەکێکە لە لایەنگر و دڵسۆزانی حزبی دەعوە. سەرۆکی ستافی بەڕێوەبەری نوری مالیکی بوو کاتێک مالیکی سەرۆک وەزیران بوو ئەمەش وای کرد کە هەوڵبدات لە ساڵی ٢٠١٤ جێی مالیکی بگرێتەوە. کەسێکی ئیسلامیە و لە وڵاتی میسر خوێندوویەتی. پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ واشنتن و تاران و ئەنقەرە هەیە. یەکێکە کە دەتوانێت باڵەکانی عەبادی و مالیکی پێکەوە گرێبداتەوە. شیکەرەوەکی سیاسی عێراق، پێی وایە کە ناوبراو دەتوانێت دەنگی عەبادی و مالیکی بەدەستبهێنێت ئەگەر ببێتە کاندیدی حزبی دەعوە.  دیا ئەسەدی یاساناسە و خەڵکی بەسڕەیە. تەمەنی ٤٩ ساڵە و ئینگلیزییەکی زۆر باش دەزانێت. ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان دیپلۆمات ومیدیا جیهانیەکان لەگەڵ وڵاتی عێراق. ئەگەری هەیە کە ناوبراو ببێتە سەرۆک وەزیران بەڵام ڕکابەری بەهێزتری هەیە. لە لایەکی ترەوە بەپێی هەندێک لە میدیا عێراقیەکان موقەدا سەدر، جەعفەر محەمەد باقر سەدر کە ئامۆزای خۆیەتی، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشانکردوە کە هاوکات لە ناو حزبی دەعوەدایە.

ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى فراکسۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ کرد، ئه‌مرۆ کاتژمێر 4ى پاشنیوه‌ڕۆ بۆ جارى سێیه‌م هه‌وڵى ته‌واوکردنى نیسابى یاسایى ده‌ده‌ن بۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بریارى له‌سه‌ر بدرێت. زانا رۆستایى، ئه‌ندامى فراکسۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى وتى"ئه‌وه‌ سێیه‌م هه‌وڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى یاسایى  بۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئاماده‌ بێت، چونکه‌ رۆژ به‌رۆژ مه‌ترسییه‌کانى ساخته‌کارى له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون، بۆیه‌ به‌پێویست ده‌زانرێت چاره‌سه‌رێک بۆ دۆخه‌که‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئمرۆ له‌به‌غداین و هه‌وڵى ته‌واو ده‌ده‌ین تا کۆبونه‌وه‌که‌ بکرێت". رۆستایى ئه‌وه‌شى خسته‌روو، په‌رله‌مانى عێراق پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانیش که‌ بارودۆخ ئاساییى بوو به‌ زه‌حمه‌ت ده‌یتوانى نیسابى یاسایی ته‌واو بکات، ئێستا کوتله‌ براوه‌کان که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان وا ده‌خوازێت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌ک خۆى بێت و به‌شدارى نه‌که‌ن. ئه‌و په‌رله‌مانتارى کۆمه‌ڵ، باسى له‌و فراکسۆن و کوتله‌ سیاسییه‌کان کرد که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان کۆبونه‌وه‌که‌ بکرێت که‌ پێکهاتوون له‌ فراکسۆنه‌کانى( ده‌وله‌ القانون، ئیستلافى ئه‌یاد عه‌لاوى، حیزبى ده‌عوه‌ رێکخستنى عێراق، فه‌زیله‌، تورکمان، مه‌سیحى،  ته‌یارى مدنى). هاوکات ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ کاتژمێر 4ى پاشنیوه‌ڕۆ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان ئه‌نجام بدرێت و بریارى له‌سه‌ر ده‌ربچێت به‌ ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بێت یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کان بێت. هاوکات، سه‌لیم جبورى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌ بانگێشتامه‌یه‌کى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارانى عێراق کردووه‌ بۆ کۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کانى هه‌ڵبژاردن. سه‌لیم جبورى ئه‌وه‌ى راگه‌یاند: هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ندامان به‌شداربن و کۆبونه‌وه‌که‌ بکه‌ین بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌". ئه‌م هه‌وڵه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه‌ بۆ جارى سێیه‌مه‌و له‌ یه‌که‌م جارو دووه‌مجاردا نه‌یانتوانى نیسابى یاسایى ته‌واو بکه‌ن. کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق دواى ئاشکراکردنى ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن، تا به‌روارى 30 ئه‌م مانگه‌ى داناوه‌ بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بۆ تانه‌دان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق.  

سازدانی: بنار هیدایه‌ت له‌چاوپێکه‌تنێکی رۆژنامه‌ى هاوڵاتی  ‌‌‌دا ، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، باس له‌دۆخی ناوخۆی حزبه‌که‌ى ده‌کات و ده‌ڵێت « هه‌ر ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌ب سیاسیی خۆی له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دزیبێته‌وه‌ پێویسته‌ لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت، ئاشکراشیده‌کات تا ئێستا له‌ناو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی دا هه‌یه‌ پشتیگری له‌به‌رهه‌م ساڵح ده‌کات». ‌هاوڵاتی: دوای ئەوەى لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کورسیتان بەدەستهێنا، ئەوە لەچاوەڕوانی یەکێتیدا بوو؟ بێگەرد تاڵەبانی: بەر لەهەڵبژاردنەکان دۆخی ناوخۆی یەکێتی لەئاست خواستی هیچ ئەندامێکی یەکێتیدا نەبوو، بەڵام پێموایە لە هەر خاڵێکی چارەنووسسازدا یەکێتی توانیویەتی ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و گوتاری بۆ جەماوەرەکەى هەبێت، بەڕاستی یەکێتی خاوەنی جەماوەرێکی بەوەفایە و قاعیدەى یەکێتی لەهەموو رووداوە چارەنووسسازەکان توانیویەتی دەست بەحزبەکەى خۆیەوە بگرێت، لەبەر ئەوە ئەوەندەى گوێمان لەجەماوەرەکەى خۆمان دەگرت گەشبین بووین بەوەى جەماوەری یەکێتی دەتوانێت یەکێتی لەهەموو ئەگەرەکان رزگاربکات و لەئاستی ئەو کورسیی و دەنگانەدا بووین جەماوەری یەکێتی بۆ حزبەکەیان بەدەستیان هێنا، لەگەڵ ئەوانەشدا یەکێتی رێژەى کورسییەکانی کەمیکردووە، ئێمە 21 کورسیمان هەبووە و هاتوینەتە سەر 18 کورسی، قاعیدەى یەکێتی بەهێزە و دەیانەوێت دەست بە رێبازەکەى جەنابی مام جەلالەوە بگرن، لەناو یەکێتی کێشە و گیروگرفت زۆر هەیە و ناتوانین نکوڵی لێبکەین، کێشەمان هەبووە و بەشێک لەکێشەکان لەکاتی هەڵبژاردن راوەستێنران و لەدابەشبوونی سەرکردایەتی ئەم حزبە بەسەر ناوچە جیاجیاکانەوە ئەوەی نیشاندا سەرکردایەتی هاتۆتە ژێر باری ئەوەى جەماوەری یەکێتی چی لێ داوا دەکات. ‌هاوڵاتی : بەڵام بەشێک لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکان خۆیان لەبانگەشە نەدزییەوە؟ بێگەرد تاڵەبانی: دەبێت لەکۆبوونەوەى سەرکردایەتی هەڵوەستە له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بکرێت و هۆکارەکەى بخرێتە روو، چونکە هەیە تا ئێستا لەناو سەرکردایەتی پشتیوانی لە کاک بەرهەم دەکات، وە لەناو سەرکردایەتی هەیە نەیویستووە بچێتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەی حزب پێی سپێردراوە، دیارە کێ کاریکردووە و کێ کاری نەکردووە، دەبێت سەرکردایەتی لەکۆبوونەوەى خۆی قسەى لەسەربکات. ‌هاوڵاتی: چەند کەس بەژمارە لەناو سەرکردایەتی پشتیوانی لەبەرهەم ساڵح دەکەن؟ بێگەرد تاڵەبانی: من ناتوانم بڵێم چەند کەس، خۆتان بینیتان لەکاتی رۆیشتنی بەرهەم ساڵح لەیەکێتی کەسیان لەگەڵی نەرۆیشتوون، بۆچی نەڕۆیشتوون ئەوەیان نازانم، دیارە دەبێت خۆیان وەڵامی ئەوە بدەنەوە، بەڵام هەیە لەناو سەرکردایەتی پشتیوانیان لەبەرهەم ساڵح کردووەو دەکات. ‌هاوڵاتی: بەناو نا بەڵکو بەژمارە چەند سەرکردایەتی هەیە پشتیوانی لەبەرهەم ساڵح بکات؟ بێگەرد تاڵەبانی: ناتوانم ژمارە بڵێم، راشکاو دەبم لەگەڵت بەر لەهەڵبژاردن بەجۆرێک بووە و رەنگە ئێستا بەجۆرێکی تر بێت. هاوڵاتی: بەرز بوونەوەى باڵانسی هێزی یەکێتی گەڕانەوەى ئەو سەرکردانەى بەدواوە بووە؟  بێگەرد تاڵەبانی: وەکو خۆم وای دەبینم، بەهێزبوونەوەى یەکێتی رێگریی کردووە لەچوونە دەرەوەى ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی بۆلای بەرهەم ساڵح. ‌هاوڵاتی: ئەم هەڵبژاردنە ئەوەى دەرنەخستووە یەکێتی قاعیدەیەکی بەهێز و سەرکردایەتیەکی تا رادەیەک ئیهمالی هەیە؟ بێگەرد تاڵەبانی: ناکرێت بڵێی سەرکردایەتییەکی ئیهمالی هەیە، لەناو هەموو سەرکردایەتییدا کێشە نیە، لەناو ناوەندی ململانێیەکەدا نیە، هەیە لەناو سەرکردایەتیی بەرژەوەندی خۆی وەلاناوە و کار بۆ یەکێتی دەکات، ئێمە بەقۆناغی دوای جەنابی مام جەلال تێپەڕیوین کە قۆناغێکی سەخت بووە، ماوەیەکی زۆر نیە جیاوازییەکان لەسەردەمی مام جەلال هەبووە بەڵام مام جەلال پیاوێکی حەکیم بووە و ئەگەریش ناکۆکییەکان گەیشتبنە لووتکە رەنگە مام جەلال لە داوەتێکدا هەمووی چارەسەرکردبێت و هەموو سەرکردایەتی یەکێتیش حورمەتی جەنابی مام جەلالی لابووە، بەڵام لەدوای جەنابیان ئەوەى گرفت بوو کەسێک نەبوو ببێت بەچەتر و کۆکەرەوەى جیاوازییەکان، هەمووی لەپێگەى خۆیەوە تەماشای کێشەکانی دەکرد و ئاساییە رێبەرەکەت لەدەست دەدەیت ئەم حزبە لەناو سەرکردایەتی ململانێ بۆ شوێنگرتنەوەى مام جەلال بۆ بەرژوەندی تایبەت دروستبێت، ئەمە حاڵەتێکە دروست بوو لەناو یەکێتیدا، بەڵام لەناو قیادەى یەکێتی کەسانێک هەبووە کاری بۆ نزیککردنەوەى بیرورا جیاوازەکان کردووە. ‌هاوڵاتی:  ئەوەى باسی دەکەیت کێیە بۆتە هۆی کۆکەرەوەی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی؟ بێگەرد تاڵەبانی: لەماوەکانی رابردوو کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وەستێنرا، بەڵام بافڵی مام جەلال توانی ئەو بەستەڵە بشکێنێت و توانی مەکتەبی سیاسیی لەسەر مێزی کۆبوونەوەى ماڵی مام جەلال کۆبکاتەوە، پێشتر ناوەندی بڕیار دروستبوو، بەهاوکاری ماڵی مام جەلال توانرا هەموو کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن بڕۆن لەو کاتەدا، توانرا ئەو بارودۆخە تێپەڕێنرێت، ئەگەر بڵێم سەرکردایەتی یەکێتی لەئاست داواکارییەکانی جەماوەر و پێگەکەى خۆی بووە نەخێر نەبووە، پێویستە دوای ئەو سەرکەوتنەى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا هەنگاوی پێویستر بنێت ئەویش بەستنی کۆنگرەیە. ‌هاوڵاتی: ئه‌وه‌نده‌ى ئاگاداربن یەکێتی کوتلەى تێدایە یا رقی تاکە کەسی؟ بێگەرد تاڵەبانی: ئەوەى من دەیبینیم لەناو یەکێتیدا لەسەر فکری یەکێتی رێبازی یەکێتی ململانێ نیە بەڵکو لەسەر بەرژەوەندی تایبەتە لێرەدا ناتوانم هەموو تایبەتمەندێکانی حزبەکەم باس بکەم، بەڵام هەر یەکێکمان لەسەرکرایەتی ئەم حزبەداین و بمانەوێت ئەو پێگەیە بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنین خیانەتە لەمێژووی یەکێتی و رێبازی مام جەلال، لەبەر ئەوە پێویستە هەر کەسێک لەسەرکردایەتی یەکێتیدایە پێویستە لەئاست متمانەى ئەو جەماوەرە بەهێزە و ئەو رێبازە پیرۆزەدا بێت، یەکێتی زۆری بۆ هەمووی هەبووە بەڵام ناکرێت سەرکردایتییەکان هیچ بۆ یەکێتی نەکەن، کەدەڵێم سەرکردایەتییەکان بێگومان جیاوازی هەیە لەنێوان سەرکردایەتی کۆن و نوێ، ئەو سەرکردایەتییانەى ئێستا هەموو شتێکیان بەپێگە و دەسەڵاتەوە جیاوازە لەو سەرکردایەتییانەى سەردەمی شاخ. ‌هاوڵاتی: که‌واته‌ کام عەقڵیەتە باشە، نوێ یا عەقڵی شاخ بۆ یەکێتی؟ بێگەرد تاڵەبانی: من ئەو بەراوردییە ناکەم، هەردوولا تەواوکەری یەکترین و دەبێت هەردوولا بەرژوەندی تایبەت بەلاوە بنێین. ‌هاوڵاتی: بۆ یەکێتی لەکۆنگرەی چوار دەترسێت، مەترسی لەسەر یەکێتی چی هەیە، ماڵی تاڵەبانی، کۆسرەت رەسوڵ، یاخوود لایەنگرانی بەرهەم ساڵح؟ بێگەرد تاڵەبانی: یەکەم کاک بەرهەم کە هەڵبژاردن کرا چەند کورسی هێنا، کاک بەرهەم و هەموو ئەو کاکانەى تر لەدەرەوە و ناوەوەى یەکێتی بەیەکێتییەوە گەورە بوون و گەورەن، هەموو درکی ئەوە دەکەین لە دەرەوەى یەکێتی کەسێکی ئاسایین، ماڵی مام جەلال قەت دەست بەسەر یەکێتی ناگرن، بەڵام ماڵی مام جەلال دەیانەوێت یەکێتی بپارێزن لەهەر تێکشانێک و بردن بەلاڕێیەکدا، کاک کۆسرەت یەکێکە لەرەمزەکانی یەکێتی و پێکەوە لەگەڵ ماڵی مام جەلال پێویستە یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزن و بەدووریخەن لەهەر ئەگەرێک بۆ شکستی یەکێتی، بێهێز بوونی یەکێتی کەمبونەوەى ئازادی و کەمبوونەوەى ئاسایش و دیموکراسییە، ئێستا هاوڵاتیان درکیان بەوەکردووە کە یەکێتی دەتوانێت هەرێم ئیستقرار دروستبکات، دەرکەوت چەند حزب لێمان جیابۆوە بەڵام ناڕەواییەتیمان بەرامبەر هیچ حزبێک نەکردووە لەهەناوی یەکێتییەوە دەرچوون، یەکێتی لەکۆنگرە ناترسێت، پێش هەڵبژاردن دۆخی یەکێتی بەجۆرێک بووە و ئێستا بەجۆرێک بووە، ئەگەر ئێستا یەکێتی کۆنگرە ببەستێت لەو پەڕی بەهێزییەوە کۆنگرە دەبەستێت و خاڵی لاوازی خۆی دیاریدەکات و دەزانێت هەم سەرکردایەتی و هەم جەماوەرەکەى چی دەوێت.  

ژنێکی هەولێر لە پزیشکێکی تایبەتی شێرپەنجەوە رۆڵی بۆ داکۆکیکارێک لە مافەکانی خەڵکی دەگۆڕێت، دوای ئەوەی توانی بێدەنگی شەقامێکی وەستاو بشکێنێت.   نه‌جات ئه‌حمه‌د، هه‌ولێر   ئێواره‌یه‌ک هه‌زاران که‌س له‌ ڕێگه‌ى هاشتاگێکه‌وه‌ ئاگادارکرانه‌وه‌ که‌ ئه‌و ژنه‌ پزیشکه‌ى دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر لەسەر شەقام بوو بۆ داواکاردنی مافەکانی، ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادگا، ئه‌مه‌ش هاوسۆزییه‌کى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا. هه‌رزوو هاشتاگەکه‌ ده‌ستاوده‌ستى کردو ئه‌و شه‌وه‌ پاڵپشتییەکان  بۆ ئه‌و ژنه‌ په‌ره‌یان سه‌ند. د.شایان کاکه‌ ساڵح عه‌سکه‌رى، پزیشکێکی پسپۆڕى گرێ و شێرپه‌نجه‌ى مه‌مک و کۆئه‌ندامى زاوزێى مێینه‌یە، ئەو یه‌کێکه‌ له‌ پزیشکه‌ دیاره‌کانى شارى هه‌ولێر، مانگى ئازارى رابردوو کاتێک له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا چووه‌ سه‌ر شه‌قام، ئیتر جگە لە نەخۆشەکان، هه‌موو که‌سێک ئه‌م ژنه‌یان ناسی، ئێستا د.شایان زیاتر له‌وه‌ى وه‌کو پزیشکێکی تایبەت بناسرێت، ئه‌و وه‌کو ژنێکى گشتی و ڕچه‌شکێن ناوى هه‌یه‌. مانگی ئازاری رابردوو، کاتێک د.شایان له‌ خۆپیشاندانى ناره‌زایه‌تى فه‌رمانبه‌ران له‌ هه‌ولێر به‌شداری کرد، هاوکات به‌ مۆبایله‌که‌ى ده‌ستیشی دیمه‌نى ئه‌و شه‌قامانه‌ى دەگرت که‌ ساڵانیک ده‌وترا خۆپیشاندان تێیاندا ئه‌سته‌مه‌. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەم پزیشکە وەکو داکۆکیکارێک لە مافی مووچەخۆران بناسرێت کە ماوەی چوار ساڵە مووچەکانیان بەشێوەیەکی پچڕپچڕ دەدرێت و بەشێکیشی پاشەکەوت دەکرێت. کاتیک د.شایان وێنەی شەقامەکەی دەگرت، دوو کارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان که‌ خۆیان وه‌کو مه‌ده‌نى نیشان ده‌دا، داواى کوژاندنه‌وەی مۆبایله‌که‌یان لێدەکرد، به‌ڵام ئه‌و سوربووە  له‌سه‌ر وێنه‌گرتن و لەو کاتەدا داواش له‌ چه‌ند پۆلیسێکى تر ده‌کات که‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ وه‌ستابوون بچنه‌ ڕیزى خۆپیشانده‌ره‌کانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ى ئه‌و دوو که‌سەى لیکەوتەوە کە خۆیان وەکو مەدەنی پیشاندا، کەچی په‌لامارى مۆبایله‌که‌ى ده‌ستیان داو خستیانە سەر زەوی، بەڵام دواتر ئەو روداوە چیرۆکە گەورەکەی پشت راوداوەکەی ئاشکراکرد، ئەویش ئەوەبوو کە ئەو شەقامە بەهیزی جۆراوجۆری فەرمی و نافەرمی تەنراوە. بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى فراوانتر کرد، خه‌ڵکانیکى زۆر لە شوێنە جیاجیاکان سه‌رکۆنه‌ى ئه‌و دوو کارمه‌نده‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیان کردو ده‌ستخۆشیان له‌و ژنه‌و ژنانى ترى به‌شدار له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا کرد. به‌ڵام دواى دوو مانگ ئه‌و دوو کارمه‌نده‌ سکاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و ژنه‌ پزیشکه‌ تۆمار کردووه‌ به‌ تۆمه‌تى «ناوزڕاندن» و هه‌ریه‌که‌یان داواى ١٠٠ ملیۆن دینارى لێده‌که‌ن. له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر له‌ ٥٠ پارێزه‌ر ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌ دادگا به‌رگرى له‌و ژنه‌ پزیشکه‌ بکه‌ن. رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ دادگا له‌ رێگه‌ى ئاگا‌دارکردنه‌وه‌یه‌ک به‌ دکتۆره‌ شایان ده‌ڵێت که‌ پێویسته‌ 21ى مانگ له‌به‌ردەم دادگا ئاماده‌ بێت به‌هۆى بوونى 2 سکاڵاى جیاواز له‌ لایه‌ن هه‌ر یه‌ک له‌ (سه‌نگه‌ر عه‌باس عه‌بدوڵا) که‌ له‌ ڤیدیۆییه‌که‌ وه‌ک بێ ئیشێک خۆى ده‌ناسێنیت، ئه‌وه‌ى دیکه‌ش له‌لایه‌ن( ناسح محموود) که‌ له‌ گرته‌ى ڤیدیۆیه‌که‌ى ٢٥ى ئازاردا ده‌رده‌که‌وێت، په‌لامارى مۆبایله‌که‌ى ده‌دات.  دکتۆر شایان کاکه‌ ساڵح عه‌سکه‌رى به‌‌هاوڵاتی  وت «من وه‌ک هه‌ر هاوڵاتییەکى دیکه‌ى مافخوار هاتمه‌ سه‌رشه‌قام تا داواى مافى زه‌وتکراوى خۆم بکه‌م، به‌ڵام دواتر ئه‌و دوو که‌سه‌ وه‌ک له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێت په‌لامارى مۆبایله‌که‌میان دا». وتیشى « داوا له‌ دادگا ده‌که‌م که‌ بێ لایه‌ن بێت  و وه‌ک خۆى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌ بکات». که‌یسى دکتۆره‌ شایان سۆزێکى زۆرى له‌ نێوه‌ جیاجیاکان بۆخۆى راکێشا و به‌جۆرێک چه‌ندین پارێزه‌ر خه‌ریکى دروستکردنى تیمێکى پارێزه‌رانى خۆبه‌خشن که‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵى بچنه‌ به‌رده‌م دادگا. پارێزه‌رى راوێژکار، ئاسۆ هاشم وه‌ک پارێزه‌رێکى خۆبه‌خش چووەته‌ دادگاییه‌که‌ى دکتۆر شایان، به‌ ‌هاوڵاتی   وت «ئه‌و داوایه‌ به‌تاڵه‌و هیچ بنەمایه‌کى یاسایى نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سکاڵایان کردوه‌ که‌ دکتۆره‌ وێنه‌ى گرتووه‌، جا وێنه‌گرتنیش هیچ پێشلکارییه‌که‌ى تێدا نییه‌، هه‌موو که‌س بۆى هه‌یه‌ وێنه‌ى خۆپیشاندان بگرێت و هیچ سه‌رپێچییه‌کى تێدا نیه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ داواى پێچه‌وانه‌ تۆمارده‌که‌ین. پێشتریش دکتۆر داواى تۆمارکردبوو، به‌ڵام رایگرتبوو، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دەین داوایه‌که‌ نۆێ بکه‌ینه‌وه‌ و تۆمارى بکه‌ینه‌وه‌«. تائێستا نزیکه‌ى 50 پارێزه‌رى خۆبه‌خش ئاماده‌یان ده‌ربڕیوه‌ ببنه‌ تیمێکى پارێزه‌رى خۆبه‌خشى که‌یسه‌که‌. د.شایان وتى «زۆر سوپاسى پارێزه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌کان ده‌که‌م که‌ ئاماده‌یى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ تا به‌رگرى له‌ که‌یسه‌که‌م بکه‌ن وه‌کو خۆ به‌خش». که‌یسه‌که‌ى دکتۆره‌ شایان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کى زۆرى له‌نێو تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ناوه‌نده‌کانى دیکه‌ى دروستکردووە. هونه‌رمه‌ند شه‌هرام نامیق که‌ دانیشتوى شارى هه‌ولێره‌، پێشنیارى ئه‌وه‌ى بۆ دکتۆره‌ شایان کردوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر دادگا بڕیاره‌که‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌ودا ده‌رنه‌کرد ئاماده‌ن ئه‌وان پارەی‌ داوا کراوه‌که‌ کۆبکه‌نه‌وه‌.  شه‌هرام وتی «داواده‌که‌م له‌ د.شایان بێ منه‌ت بێت، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین 20 هه‌زار که‌س کۆبکه‌ینه‌وه‌ هه‌ر که‌سه‌و 10 هه‌زار دینارى لێوه‌ربگرین که‌ ده‌کاته‌ 200 ملیۆن دینار بیده‌ن به‌س ئه‌توو سه‌ربه‌رز به‌«.  هه‌روه‌ها وتی «بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه‌ دڵنیاین دکتۆره‌ شایان له‌و که‌یسه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، چونکه‌ ئه‌و بۆ داواکردنى نان و قووتى ئه‌و خه‌ڵکه‌ هاتووەته‌ سه‌رشه‌قام».

سازدانی: هیوا غفور عومه‌ر که‌ریم ئه‌حمه‌د به‌رزنجى باڵیۆزى عیراق له‌ ڤاتیکان له‌سه‌ر پشکى یه‌کگرتوو، که‌ به‌ شیوه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆ خۆى کاندید کردوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆ ئه‌و کاره‌ى کردوه‌. نه‌ک وه‌کو کاندیدى یه‌کگرتوو. عومه‌ر به‌رزنجى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌هاوڵاتی دا هۆکاره‌کانى خۆکاندیدکردنى روون ده‌کاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت «پێدانى پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ کورد گرنگییه‌کى زۆرى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ده‌رى ئه‌خات که‌ کورد ‌ ژماره‌ یه‌که‌ له‌م وڵاته‌دا و قورسایی خۆى هه‌یه ‌تا ئه‌و حه‌ده‌ى که‌ پێکهاته‌کانى تر قبوڵیانه‌ سه‌رۆک کۆمار له‌کورد بێت». ‌هاوڵاتی: دواى ئه‌وه‌ى ئاشکرات کرد خۆت بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار کاندید ده‌که‌یت، هیچ لایه‌نیکى کوردى یان عێراقی، یان بیانى پشتگیرى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى کردووی؟ عومه‌ر به‌رزنجى: سه‌باره‌ت به‌ خۆکاندید کردنم من پشتم  به‌ ده‌ستوورى عێراق به‌ستووه‌، که‌ مه‌جال ئه‌دا به‌ هه‌موو عێراقییه‌ک که‌ کۆمه‌ڵێک مه‌رجى تێدا خۆى کاندید بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ من وه‌کو کاندیدێکى بێلایه‌ن خۆمم پاڵاوتووه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ مافی هه‌موو هاوڵاتییه‌که‌، منیش ئه‌و مافه‌م به‌کارهێناوه‌ ‌هاوڵاتی: راى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ى به‌ریزت چیه‌، به‌و پێیه‌ى به‌رێزت وه‌کو کادرێکى یه‌کگرتوو ناسراوی؟ عومه‌ر به‌رزنجى: ئه‌وەی‌ من کردوومه‌ شتێکى شه‌خسییه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من له‌ رێگه‌ى یه‌کگرتووه‌وه‌ خۆم نه‌ پاڵاوتووه‌، چونکه‌ یه‌کگرتوو خۆى ئه‌زانێت، ناکرێت یه‌کگرتوو داواى ئه‌و پۆسته‌ بکات، ئه‌گه‌ر ببێت به‌ پۆستى حزبى و ببێت به‌لایه‌ن، هه‌روه‌ها واش نازانم یه‌کگرتوو هیچ کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ هه‌بێت که‌ ئێستا من خۆم پاڵاوتووه‌. هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر حزبه‌ کوردییه‌کان پشتگیریت نه‌که‌ن بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ هیچ گره‌نتییه‌ک هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگى پیویست بهێنیت له‌کاتێکدا زۆرجار پۆسته‌کان به‌ ته‌وافوق یه‌کلایى ده‌کرێنه‌وه‌؟ عومه‌ر به‌رزنجى: ئێمه‌ ئێستا له‌سه‌ره‌تاى کاره‌کانداین، هه‌موو کارێک ئه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م له‌گه‌ڵ حزبه‌ کوردستانییه‌کان و هه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کاندا ته‌نسیق بکه‌م و  ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر من پێویست بێت بۆ ئه‌م بابه‌ت بیکه‌م، له‌دوایشدا ئه‌نجامه‌کانى جێده‌هێڵین بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ تازه‌کان، ئه‌وکاته‌ بزانین چ شتێکى نوێ دێته‌ پێشه‌وه‌، هه‌ندێ شت هه‌یه‌ هێشتا کاتى نه‌هاتووه‌.   ‌هاوڵاتی: حکومه‌تى عێراق له‌ دواى ٢٠٠٣ه‌وه‌ زۆرینه‌ى شیعه‌ پێکیهێناوه‌، هاوکات له‌و ماوه‌یه‌دا پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ کورد بووه‌، له‌کاتێکدا زۆرینه‌ى دراوسێکانى عێراق سووننه‌ن، ده‌وترێت شیعه‌ حه‌ز ناکه‌ن ئه‌و پۆسته‌ بدریت به‌ سوننه‌یه‌کى عه‌ره‌ب بۆ ئه‌وه‌ى واجیهه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق وه‌کو ده‌وڵه‌تێکى سوننى ده‌رنه‌که‌وێت به‌تایبه‌تى که‌ ره‌نگه‌ وڵاته‌ سونیه‌کان بایه‌خى زۆرى پێ بده‌ن، که‌وایه‌ بوونى کورد له‌و پۆسته‌دا به‌ قازانجى کێ ده‌شکێته‌وه‌؟ عومه‌ر به‌رزنجى: پێکهاته‌کانى عێراق زۆرن، به‌ڵام سیانیان زۆر گرنگ و سه‌ره‌کین (کورد و سوننه‌و شیعه‌ن) ئه‌م سێ پێکهاته‌یه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ تائێستا به‌شێوه‌یه‌کى ته‌وافوقى رۆیشتووه‌ و ناتوانین بڵێین ئه‌مه‌ به‌پێى ده‌ستوره‌، واته‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستور نییه‌و ده‌ستوریش داینه‌نانه‌وه‌ که‌ پۆستى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کێ بێت و پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ کێ بێت و پۆستى سه‌رۆک په‌رله‌مان بۆ کێبێت. ئه‌مه‌ ئه‌کرێت به‌ ته‌وافوق کارى له‌سه‌ر بکرێت و هه‌ر کارى ته‌وافوق بووه‌، تائێستا به‌وشێوه‌یه‌ رۆیشتووه‌. ئێستا ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ئه‌که‌ین بزانین چى ئه‌وترێ و چى ناوترێ ته‌وافوقاته‌کان چۆن ده‌بێت.   عومه‌ر ئه‌حمه‌د که‌ریم به‌رزنجی عومه‌ر ئه‌حمه‌د که‌ریم به‌رزنجی، له‌ ساڵى 1960 له‌ که‌رکوک له‌دایکبووه‌. خاوه‌نى کوڕێک‌و سێ کچه‌. له‌ ساڵى 1984 زانکۆی به‌غداى ته‌واو کردوه‌و بووە‌ته‌ خاوه‌نى بڕوانامه‌ له‌زمانى هۆڵه‌ندی. زمانه‌کانى (عه‌ره‌بی، کوردی، تورکی، هۆڵه‌ندی، ئینگلیزی و فارسی) ده‌زانێت. خاوه‌نى بڕوانامه‌ى په‌یمانگاى زانستى تاوان له‌ ئیتاڵیا. عومه‌ر به‌رزنجی، له‌ڕووى کارى سیاسییه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ دیپلۆماتکاره‌کانى عێراق‌و ماوه‌ى زیاتر له‌ 14 ساڵه‌ به‌فه‌رمى له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌ پۆستى جیاواز کاریکردووه‌. له‌ ته‌موزى ساڵى ٢٠٠٤دا باڵیۆز بووه‌ له‌ناو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، و سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى مافى مرۆڤ بووه‌. ئه‌ندامى یه‌کێتى مافپه‌روه‌رانى عێراقه‌ له‌ 27ى شوباتى 2009 بۆ 1ى ئایارى 2013 باڵیۆزى عێراق بووه‌ له‌ لوبنان. له‌ 27 ئایارى 2013 بۆ 3ى ئایارى 2015 بووه‌ته‌ باڵیۆزى عێراق له‌ رۆمانیا. له‌ ساڵى 2015 بریکارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بووه‌ بۆ کاروبارى یاسایی و په‌یوه‌ندییه‌کان. له‌ ئێستاشدا باڵیۆزى عێراقه‌ له‌ وڵاتى ڤاتیکان. هاوڵاتی: هه‌ندێ لایه‌نى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێیانوایه‌ که‌ پۆستى سه‌رۆکى په‌رله‌مان گرنگتره‌ بۆ کورد تاکو پۆستى سه‌رۆک کومار، ئه‌مه‌وێ راى تۆ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بزانم کامیان گرنگترن بۆ کورد؟ عومه‌ر به‌رزنجى : هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ گرنگ و قورسایی خۆى هه‌یه‌ ، وڵات به‌بێ هیچ کام له‌و سه‌رۆکایه‌تییانه‌ ناڕوات به‌ڕێوه‌، به‌نیسبه‌ت سه‌رۆک کۆمارى گرنگییه‌کى زۆرى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ده‌رى ئه‌خات که‌ کورد هاوڵاتى ژماره‌ یه‌که‌ له‌م وڵاته‌دا و قورسایی خۆى هه‌یه‌تا ئه‌و حه‌ده‌ى که‌ پێکهاته‌کانى تر قبوڵیانه‌ سه‌رۆک کۆمار له‌کوردبێت. ئه‌مه‌ هه‌ر بۆخۆى دستکه‌وتێکى گه‌وره‌یه‌. ئینجا دواى ئه‌وه‌ش سه‌رۆک کۆمار چه‌ند به‌ توانا بێت ئه‌وه‌ش کاریگه‌رى زۆرى هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک هه‌بێت. سه‌رۆک کۆمار یه‌ک نه‌فه‌ر نییه‌، سه‌رۆک کۆمار ده‌بێت راوێژکارى هه‌بێت، ئه‌بێت باش ئاگاى له‌شته‌کان بێت، ئه‌بێت له‌گه‌ڵ دنیاى ناوه‌و ده‌ره‌وه‌و وڵاتانى ده‌وروبه‌رو وڵاتانى دنیایا ته‌نسیق و لێکتێگه‌یشتنى هه‌بێت. بیرله‌وه‌ بکاته‌وه‌، وڵاته‌که‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌به‌رێت نه‌ ته‌ده‌خول بکات له‌کاروبارى هیچ وڵاتێک نه‌ ده‌ستوه‌ربدرێته‌ کاروبارى وڵاته‌که‌یه‌وه‌. ده‌بێت بیرله‌وه‌بکرێته‌وه‌ که‌ سه‌روه‌ریى وڵاته‌که‌ى پارێزراوبێت، ئه‌و شتانه‌ى له‌ ده‌ستوور هاتووه‌و سه‌رۆک کۆمار ده‌بێت بیکات و ده‌توانێت ئیلتیزماتى پێوه‌ بکات. له‌ هۆکارى خۆ پاڵاوتنه‌که‌مدا نوسیومه‌ که‌ چى ده‌که‌م، ئه‌وه‌ موخته‌سه‌رى کاره‌کانى من ده‌بێت ئه‌و کاته‌ ورده‌کاریی ده‌بێت. ‌هاوڵاتی: کورد هه‌ندێک ماف و داواى هه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ستوردا جێبه‌جێنه‌کراوه‌، له‌وانه‌ جێبه‌جێکردنى ماده‌ى ١٤٠، هه‌روه‌ها پێکهێنانى ئه‌نجومه‌نى فیدراڵی، پرسى سامانى گشتى و نه‌وت و غاز که‌ له‌ ده‌ستوردا باسکراون، به‌ڵام تا ئیستا کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م کێشانه‌ى چارسه‌رنه‌کردووه‌، به‌و پێیه‌ى سه‌رۆک کۆمار ده‌بێت پارێزگارى ده‌ستور بکات، بۆچى سه‌رۆک کۆماره‌ کورده‌کانى پێشوو ده‌سه‌ڵاتى خۆیان به‌کارنه‌هێناوه‌ بۆ یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى ئه‌م پرسانه‌، یان ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى تر پرسیار بکه‌م ئایا خه‌تاکه‌ له‌ ئه‌ستۆى ئه‌وان بووه‌ یان که‌سى تر؟ عومه‌ر به‌رزنجى : ئه‌و شتانه‌ى که‌ جێبه‌جێ نه‌کراون تائێستا، ره‌نگه‌ زۆرهۆکاریان هەبێت، به‌داخه‌وه‌ عێراق دواى 2003 به‌ کۆمه‌ڵێک کێشەی زۆر گه‌وره‌دا تێپه‌ڕى. له‌ پێشدا قاعیده‌و کێشه‌کانى قاعییده‌و داعش و ئه‌مانه‌ هه‌موویان یارمه‌تى ده‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ى شته‌کان باش نه‌ڕوات، به‌ڵام هه‌رشتێک له‌ ده‌ستووردا هاتبێت قابیلى ئه‌وه‌یه‌ به‌ برایانه‌ باسى لێبکرێت له‌ په‌رله‌مان و هه‌موو شوێنێکدا بۆ ئه‌وه‌ى مافى هیچ پێکهاته‌یه‌ک نه‌فه‌وتێت.

یەکێتی بە سێ پاکێج، بەرهەم ساڵح لە دوو شوێن، چوار حزبەکەش پێکەوە نوێنەری ترەمپیان بینیوە. بنار هیدایەت برێت ماکگۆرک نوێنەری ترەمپ بۆ شەڕی داعش دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ حزبەکاندا لە چەند شوێنێکی جیاواز کۆبوویەوە. یەکێتی بە سێ پاکێجی جیا لەگەڵ مەکگۆرک کۆبوونەوە، بەرهەم ساڵح لە دوو شوێنی جیاوازو چوار حزبەکەش پێکەوە لەگەڵی کۆبوونەوە. برێت ماکگۆرک لەم چەند ساڵەی دواییدا رۆڵێکی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی لە عێراق و سوریا بینیوە. لە ئێستاشدا کەسی یەکەمی ئەمریکایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. مەکگۆرک لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ چەندین لایەنی عێراق و کوردی بۆ ئەو مەبەستە کۆبووەتەوە. عومەر شێخ مووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەی جیاجیای ماکگۆرک لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی سلێمانی و هەروەها بە دوو جار کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، ئاماژەی بەوە کرد کە مەکگۆرک بەشداری کوردی لە عێراقدا بەلاوە گرنگەو دەیەوێت سەرجەم لایەنەکان بەشداربن. عومەر شێخ مووس بە‌هاوڵاتی وت «مەبەستی مەکگۆرک لەم سەردانانە پاراستنی هاوسەنگی و هەروەها گرنگیدانە بە یەکخشتنی ناو ماڵی کوردی».   سێ پاکێجی یەکێتی دوێنێ مەکگۆرک لە سلێمانی سێ جار بە جیا لەگەڵ چەند لایەنیکی ناو یەکێتی کۆبوویەوە، کە ئەوانیش بریتی بوون لە کۆبوونەوەی بەجیا لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ، هەروەها لەگەڵ هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە ماڵی مام جەلال لە گردی دەباشان، هەروەها کۆبوونەوەیەکی تریشی لە مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سازکرد. بەپێی میدیاکانی یەکێتی، بریت ماگکۆرک بە یەکێتی رایگه‌یاندوە «به‌لای ئه‌مریکاوه‌ گرنگه‌، لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان یه‌کگرتووبن‌ و به‌ یه‌کگرتووی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌کانی عیراق بکه‌ن بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتوو و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و عێراقی یه‌کگرتوودا». میدیای یەکێتی هیچ شتێکی تری نە وتوە سەبارەت بە جیا کۆبوونەوەی ماکگۆرگ لەگەڵ چەند کەسێکی ناو یەکێتی.   بەرهەم ساڵح لە دوو شوێن لەگەڵ ماکگۆرگ کۆبوویەوە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دوێنێ جارێک بە تەنها لەگەڵ برێت مەکگۆرک، لە سلێمانی کۆبوویەوە، دواتریش بەشداری کرد لە کۆبونەوەی چوار حزبە ناڕازییەکەو ماکگۆرک لە گردی زەرگەتە کە لایەنەکان پێکهاتبوون لە گۆڕان، کۆمەڵ یەکگرتوو، هاوپەیمانی. میدیای هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری هیچ زانیاریەکی لەسەر کۆبوونەوە تایبەتەکەی نێوان بەرهەم ساڵح و ماکگۆرک بڵاونەکردۆتەوە. بەڵام سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان، هۆشیار عومه‌ر، رێکخه‌رى ژوورى په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌کانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌که‌ى مه‌کگۆرک گرنگ بووه‌و سکاڵاى لایه‌نه‌کان لە کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ جددى وه‌رگیراوه‌‌. وتیشی «هه‌ر چوار لایه‌نه‌که‌، ئه‌و ئه‌نجامه‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌و یه‌ک ده‌نگن، هه‌روه‌ها خاڵێکى دیکه‌ى ئه‌م ساخته‌کارییه‌ که‌ روونه‌ بۆ وڵاتانى دونیا ده‌بێته‌ هۆى تێکچوونى ئاسایش له‌ هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و لایه‌نانه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه‌یان ناوه‌ به‌رپرسیارن». هەروەها وتی «خاڵێکى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌ چوار لایه‌نه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو که‌« سورین له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و ئه‌وانیش زۆر به‌ جددى ئه‌و سکاڵای ئێمه‌یان وه‌رگرتووه‌«.   ئەسەسەرد: ئەمەریکا وەرەقەی سپی ناخاتە بەردەم چوار لایەنەکە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند «ئه‌مه‌ریکا هیچ وه‌ره‌قه‌یه‌کی سپی ناخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناڕازییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداری بکه‌ن، به‌ڵام واشنتۆن مه‌به‌ستییه‌تی حکومه‌تێک له‌به‌غدا پێکبێت بتوانێت دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا نه‌بێت، زیاتر مه‌به‌ستییانه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆک وه‌زیران، ده‌یانه‌وێت حکوومه‌تی داهاتووی عێراق هه‌مه‌لایه‌نه‌ بێت». سه‌باره‌ت به‌به‌شداری نه‌کردنی هه‌ریه‌ک له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانی و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌سه‌سه‌رد وتی «ئه‌مه‌ریکا به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شدار بن ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى به‌لاوه‌ گرنگه‌ کورد به‌قورسایی بچێته‌ ناو حکوومه‌ته‌وه‌ و به‌شدار بێت له‌فراکسیۆنه‌ گه‌وره‌که‌ى پێکهێنه‌ری حکوومه‌ت، ئه‌گه‌ر کورد توانی به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ به‌شداری بکات له ‌حکوومه‌تی ئاینده‌ى عێراق به‌لای ئه‌مریکاوه‌ باشه‌، ئه‌گه‌ر به‌شداریش نه‌که‌ن ئه‌وان پارتی و یه‌کێتیان به‌لاوه‌ گرنگه‌ به‌شدار بن له‌کابینه‌ى ئاینده‌ى حکوومه‌ت».   چوار لایەنەکە: فشاری کەس قبوڵ ناکەین شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند بە راشکاوانە قسەیان لەگەڵ برێت ماکگۆرکدا کردوەو رایانگەیاندوە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتدەکەنەوەو داوات دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەدەستهێانی مافەکانیان دەکەن. شوان رابەر بە هاوڵاتی وت «ئەو ساختەکاریە کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت دەبێت، بۆ راستکردنەوەی دەنگەکانمان هەموو رێگایەک دەگرینە بەرو هیچ فشارێکیش قبوڵ ناکەین».

لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن. هەرێم جەعفەر دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسیاری گەورە لەسەر سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دروستبوو بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی پرۆسەکە بکەن. سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان کە هاوکات بە دیجیتاڵ دیموکراسی ناسراوە، ئەو دەستەواژە  تازەیە کە لە هەڵبژاردنی چەند وڵاتێکدا پێناسەی جیاوازی بۆکراوە. مەبەست لەو دەستەواژەیەش بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی دەنگدانە. بۆ هەندێک لە ئەمریکییەکان، دیجیتاڵ دیموکراسی بە مانای پێشکەوتن و ئاسانکردنی پرۆسەی دەنگدانە و بۆ هەندێکیش بە مانای دۆڕاندنی ئیرادەی میلەتە بەبێ بەکارهێنانی سوپا و مووشەک. لە ڕاپۆرتێکی  گۆڤاری فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە کە  شارەزایانی بواری دەنگدان و چاودێرانی ئەمریکی ئەزموونی زۆریان هەیە لە هەر ٣٨ ویلایەتەکەی ئەمریکا بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەمریکا ئەوەی چاوەڕێیان نەدەکرد ئەوەبوو کە بکەونە بەر هێرشی هاکەرانی ڕووسیا، لەبەر ئەم هۆکارەش ئێستا پاراستنی ئەو سیستەمانە لە هاکی دەرەکی بۆتە بەشێک لە ڕاهێنانی چاودێران. گروپی کۆمپرۆمات، ئەو گروپە هاکەرە ڕووسیەن کە تۆمەتبار دەکرێن بە هێرشکردنە سەر سیستەمی  هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦. فاینانشیاڵ تایمز لە زاری حکومەتی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە کە ئەو گروپە هەوڵی داوە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی ٢١ ویلایەت لە ئەمریکا هاک بکات. تەنانەت ئەو گروپە ڕووسییە زانیاری ناو و ئیمەیڵی لیژنەی دیموکراسی نەتەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، دزە پێکردبوو. بەڕێوبەری ئاسایشی زانیاری و نهێنپارێزی کۆمپانیای گووگڵ، هێسەر ئادکینس، لە لێدوانیکدا سەبارەت بە هێرشی  ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمی ئەمریکا وتی» ئێستا ڕووسیا نیشانی دا کە دەتوانن چی بکەن بۆیە دەبێت وڵاتانی دیکە ئامادەکاری بکەن چونکە ئەو هێرشانە لە پڕو بە چڕی ڕوودەدەن» ئەمەش وایکرد ئیریک ڕۆزنباچ، بەڕێوبەری پێشووی ستافی وەزیری بەرگری ئەمریکا، پڕۆژەیەکی بەناوی (بەرگری کردن لە دیجیتاڵ دیموکراسی )بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ بەهێزکردنی بەرگری سەر سیستەمە هەڵبژاردنیەکان ئەنجام بدەن کە بودجەکەی ٣٠ ملیار دۆلارە و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کاری تێدا دەکەن. ئیریک ڕۆزنباچ پێی وایە کە دەبێت پنتاگۆن هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی سیستەمی دەنگدان چونکە ڕەنگە لە داهاتوو»کیم جۆن ئون یان ئێرانیەکان» هێرشیان بکەنە سەر. بە وتەی میشێل سولمێیەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد ، ئەو وڵاتانەی کە دژی دیموکراسین لە جیهان وەک ڕووسیا و ئێران و چین و کۆریای باکوور، هاکەری پێشکەوتوویان هەیە کە بەشێوەی گرێبەستی بازرگانی کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و تاوانە جیاوازەکانی ئینتەرنێت. ئەم سیستەمە نوێیەی دەنگدان، کارێکی وایکردوە کە ستراتیژی پارتە سیاسیەکان بگۆڕدرێن. لە سیستەمە کۆنەکە، پارتە نەیارەکان تەنها چاویان لەسەر یەک بوو تا دڵنیا بن کە کەسیان  یاسا پێشێل ناکات بەڵام چیدی ئەوە کار ناکات لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیە. تۆ چۆن دەزانیت ئەوانەی لە پشت کۆمپیوتەرەکانن  بە چ مەرامێک دێنە ناو سیستەمەکە و بەرەو چ ئاقارێکی دەبەن. ئادکینس کە ١٦ ساڵ لە بەشی پاراستن- سکیورتی کۆمپانیای گووگڵ کاری کردوە دەشڵێت »من بەڵێنت دەدەمێ ، تەنها یەک ڕۆژم بدەرێ، دەتوانم بچمە ناو ئامێرەکان» (ئامێری تۆماری دەنگدەر، ئامێری دەنگدان و سیستەمی میدیای ئامێرەکان). ساڵی پار، گروپی هاکەری دێف کۆن لە لاس ڤێگاس، توانیان لە ماوەی ٩٠ خولەک یەکەم ئامێری دەنگدان هاک بکەن لە کۆنفرانسێکدا، لەکاتی تەواو بوونی کۆنفراسەکە، تەواوی ئامێرەکانی ناو کۆنفرانسەکەیان هاک کرد. لە جیهاندا، ٢٦ وڵات سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنەکان کە سوودی و زیانی خۆی هەیە. سوودەکانی ئەو سیستەمە بریتیە لە خێرا هەژمار کردنی دەنگەکان و کەمکردنەوەی نرخی دەنگدان و ئاسانکاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بە بڕوای هەندێک کەس ئەو سیستەمە دەرگا لەسەر تەزویر کردن زیاتر دەکاتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئۆفیسی بەڕێوەبەری زانیاری نەتەوەی ئەمریکی( ئۆ دی ئێن ئای) لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە کە سەرکردایەتی ڕووسیا بە قازانجی دۆناڵد تڕەمپ و دژی هیلاری کلینتن هەوڵیان داوە کە هێرش بکەنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و تاکو ئێستاش لێکۆڵینەوەی جیاواز و ئەنجامی جیاواز لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە . لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن.   ئەڵمانیا لەبەر بوونی کرداری هاکی و بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە بۆ مەرامی سیاسی، بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، (ئی ڤی ئێم) ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو وڵاتە قەدەغەکراوە. ( هۆڵەندا) لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی هۆڵەندا، سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو  وڵاتە قەدەغەکرا بەهۆی ئەوەی خەڵکی  گومانیان لە ڕاستی ئەنجامی ئەو ئامێرانە هەبوو.  ئیرلەندا دوای خەرج کردنی ٥١ ملیۆن پاوەند و سێ ساڵ کارکردن، ئیرلەندا بڕیاریدا سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەکار نەهێنێت ئەمەش بەهۆی نەبوونی متمانە خەڵکی بەو ئامێرانە و ناڕوونی پڕۆسەکە. ئینگلتەرا ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خۆی دوور گرتوە لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ پرۆسەی دەنگدان. لە ساڵی ٢٠١٦، پەڕلەمانی ئینگلتەرا بە فەرمی ئاشکرای کرد کە ئەوان پلانیان نیە ببنە بەکاربەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە پڕۆسەی دەنگداندا.  

براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی عێراقییەکان بۆ ئەمریکا و ئێران دەکاتە نەخێر. هەرێم جەعفەر ئەگەرچی چاوی میدیاکان لەسەر براوەکانی شەری داعش بوو کە لە هەڵبژاردندا سەربکەون، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ئەوە بوو کە موقەدا سەدر نەیهێشت تامی دەرکەوتنەکانیان بکەن. سەدر لە چەند ساڵی رابردوودا سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژارەکان بووە. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هاتووە کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە. چاوەڕوان دەکرا سەرۆک وەزیرانی ئێستا، حەیدەر عەبادی، کە پشتگیری ئەمریکای هەیە و کاندیدەکانی دیکە کە لە ئێران نزیکن ببنە خاوەن زۆرترین دەنگ، بەڵام سەدر بە هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمۆنیستەکان توانی لە هەردوو بەرە بەرێتەوە. سەدر ڕۆژانێک لە ڕێگای سوپاکەی بە ناوی میلیشیاکانی مەهدی دژی ئەمریکیەکان دەجەنگاو لە شەڕی تائیفی عێراق بەشدار بوو، بەڵام دواتر بووە خاوەن پەیامێکی نەتەوەیی هەردوو بەرەی ئێران و ئەمریکای ڕەتکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەدر هەرگیز هیچ پۆستێکی سیاسی نەبووە و بە ناڕاستەوخۆ بەشداری سیاسەتی عێراقی کردووە، بەڵام لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پشکی شێری بەردەکەوێت. وەک سەرکردەیەکی شیعە، لەگەڵ هەندێک لە سوونەکانی هاوڕێی ئەمریکا پەیوەندی هەبووە بە تایبەت لەگەڵ سعودیە. هەروەها پشتگیری لە حەیدەر عەبادیش کردوە کە شەڕی دژی داعش دەکرد. سەدر پەیوەندی لەگەڵ ئێران باش نیە بەوەی پێشتر وتبووی کە دەبێت بەشار ئەسەد واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت و میلیشیا ئێرانیەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە. ئەو دژی ناردنی خەڵکی عێراقیشە بۆ جەنگی سووریا لە ژێر ناونیشانی بەرەی بەرگری کە ئێران سەرپەرشتی دەکات. ئەمەش وایکردوە کە سەدر زیاتر لە عەبادی، هاوپەیمانەکەی ئەمریکا نزیک بێت. لەبەر ئەوەی تاکو ئێستا سەدر بەشداری لە هیچ پۆستێکی حکوومی نەکردوە، نازاندرێت کە سیاسەتی ئەو حکوومەت چۆن دەبێت کە سەدر دروستی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەوە ڕوون بێت کە ئامانجی ئەمریکا لە عێراق کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران. ئالا سەعید، پرۆفیسۆری زانکۆ و شیکاری سیاسی لە زانکۆی بەغداد، وتی «ئەو بەشەی عێراق کە نزیک بوو لە بەرژەوەندییەکانی ئێران شەڕی هەڵبژاردنیان دۆڕاندوە و بەشەکەی دیکە سەرکەوتوە». سەدر پێشتر ڕابەڕایەتی چەندین خۆپیشاندانی کردوە. دوو ساڵ لەمەوبەر هاوئاوازەکانی لە خۆپیشاندانی دژی گەندەڵی چوونە ناوچەی سەوز و پەڕلەمان لە بەغداد. ئەو خۆپیشاندانانە بوونە سەرەتایەک بۆ سەدر کە ببێتە کەسێکی بەهێزتر لە عێراق. هەروەها سەدر یەکێکە لەو سیاسییە کەمانەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق کە سوودیان لە بەشداری کەمی دەنگدەران بەهۆی نەمانی متمانە بە چینی سیاسی عێراق بینیوە. فێرخوازێکی تەمەن ٢٤ ساڵان لە بەغداد، ڕەزاق حوسەین، کە یەکێک بووە لە خۆپیشاندەرانی ناوچەی سەوز و دەنگی بە سەدر داوە بەم جۆرە سەبارەت بە سەرکەوتنی سەدر بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوا «سەدر پێشبینیەکی هەبوو کە هاتە دی. ئەو وتی کە خەڵک بەسەر سیاسیە گەندەڵەکاندا سەردەکەون و ئەوەش ڕوویدا». «دوای ئەو قسەیە خەڵک چوونە ناوچەی سەوز بەرپرسە گەندەڵەکانیان ترساند. ئێستا هاوپەیمانی سائیرون سەرکەوت. سەدر سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژار و نزمەکان بووە، ئەم نەریتەشی لە باوکیەوە هەڵگرتوە کە کاتی خۆی دژی دیکتاتۆری سەدام حوسەین بوو و لەسەر شەقامێک تەقەی لێکراو و کوژرا. لە هەڵبژاردنی پیشوودا، سەدر توانی ٣٤ ئەندام بنێرێتە پەڕلەمان، بەڵام نەیهێشت هیچیان خۆیان کاندید بکەنەوە، چونکە دەیزانی دەنگدەران لە دەمووچاوە کۆنەکان بێزارن. ئێستا سەرکردەکانی عێراق ئەرکی زۆریان لەسەر شانە، وەک دووبارە دروستکردنەوەی شارە ڕووخاوەکانی دەستی داعش و نەهێشتنی ئەو گروپە بە تەواوی. بە وتەی بانکی جیهانی، عێراق بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی داعش، پێویستی بە ٨٠ ملیار دۆلار هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەری دەرەکی خۆیان بە دوور دەگرن لە عێراق. ئەگەری کەمە کە موقتەدا سەدر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بپاڵێوێت، بەڵکو دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی ڕۆحی بمێنیتەوە. ئەو دەبێت لە نێوان عەبادی و کاندیدی هاوپەیمانی فەتح کەسێک هەڵبژێرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. بەڵام ئەوەی نزیکە کە ئەو پۆستە لە لایەن سەدر وەربگرێت، زیاتر حەیدەر عەبادیە چونکە جگە لەوەی هاوپەیمانی فەتح نزیکن لە ئێران، پێشتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا، سەدر ستایشی عەبادی کردبو  و ڕاشی گەیاندبوو کە ئەو پشتگیری دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، چونکە عەبادی توانیویەتی داعش تێکبشکێنێت و ڕیفراندۆمەکەی کوردیشی بێ خوێن ڕشتن چارەسەر کرد. موقتەدا سەدر سەر بە خێزانێکی شیعیە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی لوبنان. ئەو کوڕی چوارەمی  ئایەتوڵا موحەمەد سەدیق ئەل سەدرە کە یەکێکە لە کەسایەتیە گەورەکانی شیعە لە جیهان. محەمەد سەدیق لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی لە لایەن سەدام حووسەینەوە کوژران. موقتەدا سەدر جیا لە باوکی ڕاستەقینەی خۆی، زرباوکەکەشی، ئایەتوڵا باقر سەدر لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە کوژرا. پێش کوژرانی باوکی، سەدر زانستە ئیسلامییەکانی دەخوێند، بەڵام بە وتەی ڤالی ناسر، مامۆستایەکی شیعی، نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات. دوای هێرشی سەر عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە، سەدر لە ڕێگای سوپای مەهدی دژیان وەستایەوە و چەند جارێکیش پێکدادانیان لە نێوانیان ڕوویداوە. موقتەدا سەدر دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق دەیگووت، کە مەبەستی سەرەکی سوپای مەهدی گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ عێراق.   لە جەنگی نێوان لایەنگرانی سەدر و ئەمریکا و سوپای عێراق، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش بریندار بوون. شارەزایان پێیان وایە کە موقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دینی داوە و هیوای بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دیموکراسی هەیە. بەهۆی دژایەتی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٨ چالاکی چەکدارانی سەدر قەدەغەکرا و بەهۆیەوە سەدر چووە شاری قومی ئێران. لە ساڵی ٢٠١٠ بەهۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان، گەڕایەوە عێراق و لە شاری نەجەف نیشتەجێ بوو. لە دوای ساڵی ٢٠١١، لایەنگرانی سەدر چەندین خۆپیشاندنی بەرفراوانیان ئەنجام داوە.

شەوی شۆک؛ رۆژی بەدوادا هەڵنەهات «بەشخوراوانی هەڵبژاردن» هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نوێ دەدەن لە بەغدا لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر یەکڕیزیی دەکەنەوە. بنار هیدایه‌ت ئه‌و شه‌وه‌ى که‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئاشکرابوون، یه‌که‌م درز که‌وته‌ نێوان خه‌ونى پێکه‌وه‌ رۆیشتنى کورد به‌ره‌و به‌غدا، به‌ هیواى هاڵهاتنى رۆژێکى نوێ دواى روداوه‌کانى ریفراندۆم و ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر، به‌ڵام ئێستا کار بۆ دروستکردنى دووبه‌ره‌ى کوردى ده‌کرێت، ئه‌وانیش به‌ره‌ى یه‌کێتى و پارتى و به‌ره‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ خۆیان به‌ «به‌شخوراو» ده‌زانن. هه‌ریه‌که‌ له‌  گۆڕان و کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى و یه‌کگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عیراق، کۆى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان ره‌تده‌که‌نه‌وه‌، هاوکات به‌دواى دروستکردنى به‌ره‌یه‌ک ده‌که‌ن بێ یه‌کێتى پارتی. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ش شاندێکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی. پارته‌ به‌شخوراوه‌کان دووشه‌ممه‌ى رابردوو له‌شارى هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌یه‌کى لوتکه‌یان له‌باره‌گاى یه‌کگرتووى ئیسلامى سازکرد، که‌ تێیدا به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح پێشنیارى به‌ره‌یه‌کى نوێى کردووه‌ بۆ چوونه‌ به‌غدا ئه‌مه‌ش له‌ لاى حزبه‌کانى ترى ره‌تنه‌کراوته‌وه‌. به‌ڵام یه‌کیتى و پارتى پێیان وایه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ سه‌رکه‌وتوو نابێت له‌ ته‌نگ پێهه‌ڵچنین به‌ یه‌کیتى و پارتی. پارتی: به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت فازڵ به‌شاره‌تى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "هه‌ر پارتێکى سیاسى له‌کوردستان ئازاده‌ له‌وه‌ى چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بکات". وتیشى "به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى دووبه‌ره‌ى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت چونکه‌ نه‌ عه‌بادى و نه‌ عێراق مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، نه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و قورساییه‌ى ته‌نگ به‌یه‌کێتى و پارتى هه‌ڵچنێت، دروستکردنى هاوپه‌یمانى شتێکى ئاساییه‌، به‌ڵام نابێت ببنه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ بۆ ناو هه‌رێمى کوردستان، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ى ئێستا هه‌یه‌ خۆیان رابێنن چونکه‌ هه‌وڵه‌کانیان هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نابێت". به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن پارتى و یه‌کیتى زۆرینه‌ى کورسیه‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه‌و لایه‌نه‌کانى تریش دان به‌و ده‌نگانه‌ نانێن و داواى دووباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌. فازڵ به‌شاره‌تى وتى "ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ى خۆیان ناو ناوه‌ ئۆپۆزسیۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلاى حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، که‌مهێنانى ده‌نگ کۆتایى به‌دنیا ناهێنێت، به‌ڵکو چه‌ند مانگێکى تر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌کرێت ئه‌و کاته‌ش پارتى وه‌ک ئێستا دژ به‌ غه‌ش و ته‌زویر ده‌بێت و رێگه‌ به‌ساخته‌کارى نادات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌شێوازێکى باشتر هه‌ڵبژاردن بکرێت". یه‌کێتی: به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز دروستبکات بێ وه‌ڵام نابین یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان داواى یه‌ک به‌ره‌یى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ى ئێستا هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کوردستانه‌، سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتیش ده‌ڵێت له‌ئه‌گه‌رى دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بێ وه‌ڵام نابن. مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامى سه‌کردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "له‌ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌کگرتوویى به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ئایینده‌دا ئه‌وه‌ى بۆ کورد به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌ به‌ده‌ستى بهێنین، یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن". ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ى یه‌کێتى جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "دروستکردنى دووبه‌ره‌یى کورد له‌به‌غدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیى کوردستان نییه،‌ چونکه‌ هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کورده‌ و ئه‌وانه‌ى چاویان له‌ناکۆکیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌ نه‌ دڵسۆز و نه‌دۆستى کورد و کوردستانن". مسته‌فا چاوڕه‌ش وتیشى "یه‌کێتى به‌چاوى دوژمن ته‌ماشاى به‌رهه‌م ساڵح ناکات چونکه‌ هه‌موومان یه‌کتر ده‌ناسین، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز و دوو به‌ره‌یى له‌به‌غدا دروستبکات یه‌کێتى به‌بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌". بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان: باوه‌ڕمان به‌ پارتى سه‌رکرده‌ نییه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌کێکه‌ له‌و پارته‌ ناڕازییانه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى پێویستى نه‌هێناوه‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش به‌پێویست ده‌زانێت، ره‌تیشیده‌کاته‌وه‌ باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و  حزبى پێشڕه‌و هه‌بێت. ئاسۆ مه‌حمود ئه‌ندامى جڤاتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ‌ هاوڵاتى وت "رووداوى ته‌قه‌کردن له‌گردى زه‌رگه‌ته‌ و ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان کراوه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بیر له‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌ یه‌کێتى و پارتى بکاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا باس له‌وه‌ نه‌کراوه‌ کێ سه‌رکردایه‌تى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات و له‌ژێر چ ناونیشانێکدا ده‌بێت". له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى بکرێت، ئاسۆ مه‌حمود جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و پارتى پێشڕه‌و نیه‌، گۆڕان به‌دواى خاڵى هاوبه‌شى هاوپه‌یمانێتیدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر پارتێک له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان خاڵى هاوبه‌شى هه‌بێت نزیک ده‌بین لێى له‌دروستکردنى هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌". کۆمه‌ڵى ئیسلامی: ناچینه‌ هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى شه‌خسدا بێت کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ده‌یه‌وێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگده‌رانیدا بڕوات و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناو و هه‌یمه‌نه‌ى هیچ که‌سێکدا بێت. فاروق عه‌لى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى  وت "ده‌بێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان قسه‌یان له‌سه‌ر ئایینده‌یان هه‌بێت، ده‌بێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگه‌کانیاندا بڕۆن، چونکه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێداوین داواى ده‌نگه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ده‌ست ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ گیریان خواردوه‌". وتیشى "ده‌کرێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌به‌غدا دروستبکه‌ن و هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ له‌هه‌وڵى به‌دیهێنانى ئامانج و مافى گه‌لى کوردا بین، به‌ڵام کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى یه‌ک که‌س و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ى یه‌ک که‌سدا بێت، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ره‌یه‌ک دروستبکرێت به‌ناوێکى جیاوازه‌وه‌ شه‌ڕى کورد بکات" هه‌روه‌ها وتى "کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌سه‌ر یه‌ک پرۆژه‌ى هاوبه‌ش رێکبکه‌ون و هه‌رکه‌سێک ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌ک دروست بکات به‌ناوى خۆیه‌وه‌ ده‌یتوانى به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن دروستى بکات، ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى دیکه‌ رانه‌ده‌وه‌ستا". یه‌کگرتووى ئیسلامی: دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز یه‌کێکه‌ له‌بژارده‌کان به‌پێى زانیارییه‌کانى رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى له‌کۆبوونه‌وه‌ى لوتکه‌ى لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌هه‌ولێر، یه‌کێک له‌و بژارده‌ و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییانه‌ى باسى لێوه‌کراوه‌، به‌ره‌یه‌کى جیاوازه‌ به‌ده‌ر له‌پارتى و یه‌کێتی، ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو زانیارییه‌کان پشتڕاستده‌کاته‌وه‌. دکتۆر عومه‌ر مه‌لائیکه‌ به‌رپرسى نوسینگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى جێبه‌جێکارى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌سلێمانى به‌ ‌‌هاوڵاتى وت "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا ده‌بێت بایکۆتى پرۆسه‌که‌ بکه‌ن یا به‌دواداچوونى گشتى بۆ خواردنى مافیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى یه‌کێکه‌ له‌و بژاردانه‌ى له‌به‌رده‌ست لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کاندا هه‌یه‌". ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کگرتوو نمونه‌یه‌ک له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ تێیدا به‌پێى داتاکانى ئه‌وان پێنج هه‌زار ئه‌ندامى رێکخستنیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌کاتى ده‌نگداندا ته‌نها 3700 ده‌نگیان بۆ هاتۆته‌وه‌، "ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى فشارێکى زۆر له‌سه‌رمان له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانمانه‌وه‌". عومه‌ر مه‌لائیکه‌ وتیشى "له‌ئێستادا زووه‌ باس له‌وه‌ بکه‌ین کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ و له‌ژێر ناوى کێدا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر داخوازى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌کاتى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌که‌دا". نه‌وه‌ى نوێ: ده‌چینه‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تیى ده‌کات جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ دووپاتیده‌کاته‌وه‌، کێشه‌یان له‌گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ک نیه‌ به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى که‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و دروستکردنى کابینه‌ى نوێ پێکبهێنرێت. ئارام سه‌عید به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ک به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى پێکبهێنرێت که‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن". ئارام سه‌عید به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ى باسى لێوه‌ده‌کرێت به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى بکات، نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى له‌گه‌ڵدا نیه‌ و به‌شدارى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات" . هاوپه‌یمانی: باس له‌وه‌نه‌کراوه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى به‌ره‌ى هاوبه‌ش بکات ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانێتى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى ره‌تیده‌کاته‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح کرابێت به‌سه‌رکرده‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ى له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانه‌وه‌ پێکده‌هێنرێت، ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ که‌سێکى دیکه‌ ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ بکات نه‌ک به‌رهه‌م ساڵح. ئارام قادر بۆ ‌هاوڵاتى ئاشکرای ده‌کات "زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناڕازییه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى دروستبکرێت، به‌ڵام ئێمه‌ تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌کردنى داواکارییه‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن، به‌شدارى له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناکه‌ین". هه‌روه‌ها وتى "ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌فدێکمان ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌گفتوگۆ بکرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق بۆ ئایینده‌ى سیاسیى عێراق و دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی".

هۆکاری کەمکردنی دەنگەکان بەلای هەندێک لە گۆڕانخوازەکانەوە هەمووی بۆ ساختەکاریی ناگەڕیتەوە ئارا ئیبراهیم هەندێک لە گۆڕانخوازان حزبەکەیان روبەڕووی رەخنە دەکەنەوە بەهۆی دەرەنجانی هەڵبژاردنەکان و پێیان وایە پاشکشەی گۆڕان هەمووی بەهۆی ساختەکارییەوە نیە، بەشێکی تری گۆڕانخوازەکان ئەمە رەتدەکەنەوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش مشتومری زۆری هێنایە ئاراوە. بەجۆریک هەندێک لە گۆڕانخوازەکان داوای چارەسەرکردنی هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانیان دەکەن. بەڵام عه‌بدوڵا مه‌لا نورى، هه‌ڵسوڕاوى دیاری گۆڕان رەتیدەکاتەوە کە پاشەکشەیان کردبێت و هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکان دەخاتە ئەستۆی ساختەکاریی. عه‌بدوڵا مه‌لا نورى به‌‌هاوڵاتی وت "ده‌یان به‌ڵگه‌ و دیکۆمێنت هه‌یه‌ که‌ ته‌زویرێکى گه‌وره‌و رێکخراو کراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، ته‌زویره‌که‌ به‌قازانجى به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات که‌ پارتى و یه‌کێتین کراوه‌" له‌تیف مسته‌فا، ئه‌ندامى خولى پێشترى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر فراکسۆنى گۆڕان، لە وتارێکدا کە له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانى گۆڕان نوسیویەتی، باسی چه‌ند خاڵێک دەکات کە پێیوایە بوونەتە هۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان. له‌تیف مسته‌فا ده‌ڵێت "من ناڵێم ته‌زویر نه‌کراوه‌، به‌ڵکو ته‌زویرێکى باش و رێکخراویش کراوه‌، به‌ڵام دابه‌زینى ده‌نگه‌کانیش چاوه‌ڕوان کراوبوون". هه‌روه‌ها هۆکاره‌کانى دابه‌زینى ده‌نگه‌کانى گۆڕانى باسکردووه‌ و ده‌ڵێت "به‌شداریکردنى لاواز له‌ده‌سه‌ڵاتێک به‌لاوازى و له‌ڕێى کاراکته‌رى لاوازه‌وه‌ که‌ ئه‌دا‌یان  له‌کاراکته‌ره‌کانى دوو حزبه‌که‌ خراپتر نه‌بوبێت باشتر نه‌بووه‌" هەروەها دەڵێت «دووباره‌ خۆکاندید کردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشوو، وێنایه‌کى واى دروستکرد لاى ده‌نگده‌ر که‌ ئه‌مانیش وه‌ک حزبه‌کانى تریان لێهاتووه‌و پۆسته‌کان بۆ ده‌موچاوێکه‌ به‌تایبه‌تى که‌ ئێستا په‌رله‌مانتارى له‌به‌غدا ئیمتیازاتى زۆره‌". ئه‌وه‌شى رونکردووەته‌وه‌ که‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگیدا به‌ یاساى ئیمتیازات و خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران وه‌ک حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات. بەڵام بە بڕوای عەبدوڵا مەلا نوری، ئەو ئه‌نجامانە راسته‌قینه‌ نین کە بڵاوکراونەتەوە. دەشڵێت کە ئەوان لە دەنگەکانیان خۆشنابن. عەبدوڵا مەلا نوری وتی "ئەگەر تەزویر نەبووایە له‌سه‌ر ئاستى سلێمانى براوه‌یه‌کى گه‌وره‌ ده‌بوین و له‌سه‌روو ئاستى هه‌ولێر ده‌نگه‌کانمان زۆر زیادى ده‌کرد و له‌ که‌رکوکیش کورسیمان مسۆگه‌ر بوو له‌سه‌ر ئاستى دهۆکیش چاوه‌ڕوانى کورسیمان ده‌کرد". وتیشى "ناڵێم گۆڕان که‌موکورتى نه‌بووه‌، به‌ڵام گریمان گۆڕان که‌موکورتى هه‌بووه‌ دانى پێدا ده‌نێین، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى خیانه‌تى نیشتمانیان هه‌بووه‌ و قوتى خه‌ڵکیان بڕیوه‌ و گه‌نده‌ڵیان هه‌بووه‌، هه‌رگیز خه‌ڵک گۆڕان و پارتى یه‌کێتى ناکاته‌ تاى یه‌ک ته‌رازوه‌وه‌". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنیان ره‌تکردۆته‌وه‌و قبوڵى ناکه‌ن "گۆڕان به‌م ئه‌نجامه‌وه‌ ناچێته‌ به‌غدا و قبوڵى ئه‌مه‌ ناکات". له‌یه‌که‌م ئێواره‌ی ئاشکرابوونی بەشێک لە ئەنجامە بەراییەکان گۆڕان هه‌وڵى دبلۆماسى و یاسایى ده‌ستپێکراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى "هاوکێشه‌که‌ راست بکرێته‌وه‌«. عەبدوڵا مەلا نوری وتیشی «بژاردەی جه‌ماوه‌ری و بایکۆتیش لەبەردەماندایە".  

بنار هیدایەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکانی کەرکوک رەتدەکاتەوە ئاماژە بەوەدەکات شەقام دەجوڵێنن لە ئەگەری بەدەست هەژمارکردنی دەنگەکان. لەبەرامبەر ئەوەدا داوای هەیە هەڵبژاردن لە تەواوی عێراق ئەنجام بدرێتەوە. دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کرد دەنگەکانی کەرکووک بەدەست هەژمار بکرێنەوە، ئەمەش کاردانەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. سەعدی ئەحەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە‌ رایگەیاند «یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتا ئەوەی باسکردووە لە هەر شوێنێک نیگەرانی هەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی دووبارەیە، بەڵام بە تەنها لە شاری کەرکووک ئەوە زوڵمە بەرامبەر بە یەکێتی دەکرێت». وتیشی «یان دەبێت لە هەموو عێراق هەڵبژاردن و دەنگدان بکرێتەوە یا یەکێتی رێگە نادات ئەم کەڵەگاییەی بەسەردا تێپەڕێنرێت، هەر کاتێک شتێکی لەو جۆرە کرا رای گشتی و نێودەوڵەتی دەخەینە سەرخەت». حەیدەر عەبادی دوێنێ رایگەیاند بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانى کەرکوک داوادەکەم دەنگەکانى کەرکوک بە دەست هەژماربکرێنەوە. عەبادی داواشی لە کۆمسیۆن کرد، «بە شێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ سکاڵای لایەنەکان بکات لەسەر هەڵبژاردنەکان». ئەمەش لەدواى ئەوە هات، لەدواى هەڵبژاردنەکە تورکمان و عەرەبەکانى کەرکوک ڕایانگەیاند، ساختەکاری و دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن کراوە و دوایانکرد بەشێوەى دەستى هەژماربکرێتەوە. هاوکاتیش لە هەرێم  شەش لایەنی سیاسی و نەوەى نوێش لەسەر ئەو پرسە ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و سەرجەمیان دەڵێن ساختەکاری لە ئەنجامەکاندا کراوە. لەبەرامبەر گومانەکانی لایەنەکان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی ئامادەیی دەربڕیوە دەنگەکان لەسەرانسەری هەرێم بە دەست هەژمار بکرێن، بەڵام یەکێتی دژی ئەوەیە. وتەبێژی فەرمی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت «ئەم هەموو ئیستغلالەی برادەرانی پارتی بۆ..! ئێمە جەختدەکەینەوە یا لەهەموو عێراق یا بەتەنها لەکەرکووک جێی قبوڵ و بێدەنگ بوون نیە». لە لایەکی ترەوە یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی کوردی ده‌کات له‌ کەرکوک، لەبەرامبەر فشارخستنە سەر کورد لە شارەکە لەلایەن هێزەکانی سەپاندنی یاسای حەیدەر عەبادی، بەهۆی ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌دا که‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌ «ئێمه‌ له‌ یه‌کێتی زۆر دانمان به‌خۆماندا گرت و زیاتریش دانبه‌خۆماندا ده‌گرین، به‌ڵام هه‌موو شتێک سنوری خۆی هه‌یه‌«. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ یه‌کێتی دوابه‌دوای ئه‌و بارگرژییه‌ دێت کە چه‌ند رۆژێکه‌ به‌هۆی ئاشکرابوونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروستبووه‌. له‌ ‌بانگه‌وازه‌که‌ی یەکتی دا هاتووه‌ «ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (سه‌پاندنی یاسا) ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ ‌میلیشیا چه‌کداره‌کان و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ نا کوردییه‌کان ده‌ستیانکردوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماردانی فه‌رمانبه‌رانی کورد له‌ کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک». بانگەوازەکە میلیشیاکان تۆمەتبار دەکات کە په‌لاماری هاوڵاتیانی کورد ده‌ده‌ن له‌به‌شێک له‌ فه‌رمانگه‌کانی که‌رکوک. یەکیتی جه‌ختده‌کاتەوە لەوەی که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی رێکاری پێویست نه‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌ژێر سێبه‌ر سه‌پاندنی یاسادا ده‌کرێت، «ئه‌وه‌ شه‌قامی کوردی ده‌جوڵێنین له‌ پێناو پاراستنی هاوڵاتیان». هێزه‌کانی سه‌پاندنی یاسا به‌ ‌بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاکه‌ی گرتۆته‌ده‌ست. له‌ بانگه‌وازه‌‌که‌ی یه‌کێتی-دا هاتووه‌ «هیچ به‌رپرسیارێتی و سزایه‌ک هه‌ڵناگرین که‌ له‌ جوڵاندنی شه‌قامی کوردیدا ده‌که‌وێته‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و گێره‌شێوێنییه‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ عه‌ره‌ب و تورکمان و میلیشا چه‌کداره‌ مۆڵه‌ت پێنه‌دراوه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و ئاشتیداین له‌ که‌رکوک». چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانی که‌رکوک به‌رده‌وامی هه‌یه‌و یه‌کێتی به‌ یاریکردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمه‌تبارده‌که‌ن، لەکاتێکدا ئه‌و حزبه‌ ساختەکاری ره‌تده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێکهاته‌ی کورد ده‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12ی ئایاری رابردوودا. به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان که‌ هێشتا کۆمسیۆن راینه‌گه‌یاندوه‌ یه‌کێتی به‌ته‌نیا نیوه‌ی کورسییه‌کانی پارێزگای که‌رکوکی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئەمە جگە لە دەنگی لایەنە کوردیەکانی تر.

هەرێم جەعفەر ڤلادمیر پوتن دووشەممەی رابردوو وەک سەرۆکی ڕووسیا بۆ خولی چوارەم سوێندی یاسایی خواردو ئەو هۆڵەشی مەراسیمەکەی تێدا بەڕێوەچوو هەمان ئەو هۆڵە بوو کە قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تیایدا سوێندی سەرۆکایەتیان دەخوارد. ئێستا پوتن ماوەی ١٨ ساڵە وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک وڵات حکومی ڕووسیا دەکات.   سەرکردەیەک کە دووبارە ڕووسیای وەک هێزیکی کاریگەر درووستکردەوە  لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بە ئامادەی شەش هەزار کەس، ڤلادمیر پوتن بەهۆی دەستپێکردنی خولێکی نوێی سەرۆکایەتی، بەڵێنی باشترکردنی ئابووری ڕووسیای دا. پوتن لە قسەکانی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەدا کە بیەوێت لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پەیوەندی ڕوسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا باشتر بکات. پوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا بە ڕێژەی ٧٧٪ توانی سەربکەوێت بەسەر ڕکابەرەکانی ئەمەش وای لە پوتن کرد ببێتە یەکەم سەرۆکی ڕووسیا کە بەو ڕێژە بەرچاوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا، پوتن بە دووبارەکەرەوەی هەژموونی قەیسەرە کۆنەکانی ڕووسیا تۆمەتبار دەکات و هەڵبژاردنەکانیش بە پڕ خەوش دەزانن. لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، پاسەوانانی کۆشک و ئاڵا هەڵگرەکان هەمان جۆری کڵاو و جلیان پۆشیبوو کە سەربازانی سەردەمی جەنگی ڕووسیا و ناپلیۆن لە ساڵی ١٨١٢ دەیانپۆشی . هەر سێ قەیسەری ڕووسیا (ئەلیکساندەری دووەم و ئەلیکساندەری سێهەم و نیکۆلاسی دووەم) بەهەمان جۆری پوتن مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکایەتیان ئەنجام دا. دوا بە دوای مەراسیمەکەش، پاتریک کیریل، سەرۆکی کریستیانیە ئۆرسەدۆکسیەکانی ڕووسیا، خەڵاتی پیاوی سەدەی ١٨ی پێبەخشیە پوتن و پیرۆزی کرد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی لە میانی خولی سێهەمیدا، پوتن زیاتر دەستێوەردانی نێودەوڵەتی کرد و لە هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و سووریا دەستێوەردانی سەربازی کرد. نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات دەزگا هه‌واڵگرییه‌کانى ئەمریکا، ڕووسیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستێوەردانی کردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەناوخۆی ڕووسیادا، پوتن دەسەڵاتی زیاتری داوە بە هێزەکانی دەزگای زانیاری وڵاتەکەی کە خۆی ئەندام بوو تیایدا، بەڵام ئابووری وڵاتەکەی زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات و لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینیش، دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکات و کاری میدیایی سنووردار دەکات. دوو ڕۆژ پێش مەراسیمی سوێند خواردنی پوتن، بەهۆی ناڕەزای دەربڕینەوە، پۆلیس هەزار و ٦٠٠ خۆپیشاندەری دەستگیرکرد کە لەناو مۆسکۆدا پەیامیان بۆ پوتن دەنارد و هاواریان دەکرد” ئەو قەیسەری ئێمە نیە” و گاڵتەیان بە ماوەی درێژی سەرۆکایەتی پوتن دەکرد کە لەسەردەمی جۆزێف ستالینەوە وێنەی نەبوە. پوتن ڕۆژی دووشەمە کارنامەکەشی واژۆ کرد کە تیایدا بەڵێنی کەمکردنەوەی هەژاری و بەرزکردنەوەی تێکڕای ناوه‌ندی ته‌مه‌نی هاوڵاتیانى ڕووسی لە ٧٢ بۆ ٧٨ ساڵ. ڤلادمیر پوتن لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٢ لە شاری لینینگراد( پیتەرسبۆرگی ئێستا) لە دایک بووە. باوکی پوتن لە جەنگی جیهانی دووەم وەک دەریاوان خزمەتی سەربازی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥، پوتن لە لە زانکۆی لینینگراد بڕوانامەی لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە و پاشان بووەتە ئەندام لە دەزگای هەواڵگری کەی جی بی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٨٥. پوتن پەیمانگای ئەندرۆپۆڤی تەواوکردوه‌ کە تایبەته‌ به‌ دەزگا هەواڵگریەکەی خۆی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران کە ئێستا ناونراوە دەزگای زانیاری دەرەوەی ڕووسیاو دوای ته‌واو کردنی خوێندن، لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ کارکردن چووەته‌ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا تاکو ساڵی ١٩٩٠، بەڵام پێش ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبهێڵێت هاوسه‌ری خۆی دۆزیەوە. پوتن لە رێگای هاوڕێیەکیه‌وه‌ لیودمیلا شکرێبنێڤای بینی کە ئەو کات وەک ئەندامی تیمی خزمەتگوزاری ناوفڕۆکە کاری دەکرد، پوتن و لیودمیلا کاتێک لەگەڵ هاورێکانیان دەچنەسەیری شانۆ چەند ڕۆژێک لەسەر یەک، هەلیان بۆ دەڕەخسێ کە یەک بناسن و پاش ماوەیەک هاوسەرگیری دەکەن “شتێک هەبوو کە منی بەلای ڤلادمیر ڕادەکێشا. گۆڤاری فۆڕن پۆلیسی لە زاری لیودمیلا نووسیویەتی «سێ بۆ چوار مانگ دوای ئەوە، زانیم کە ئەو پیاوەیە کە من پێویستم بوو» لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦، پوتن و لیودمیلا بوونە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی ماریا و کاتێرینا لە ساڵی ١٩٩٦، پوتن و خێزانەکەی گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ و لەوێش ژیانی سیاسی دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩٧ وەک جێگری سەرۆکی ئۆفیسی جێبەجێکاری سەرۆکی ڕووسیا دەست بەکار بوو پوتن لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای نەخۆشکەوتنی بۆریس یێڵستن بووە سەرۆک و بۆ ماوە دوو خول بوە سەرۆکی ڕووسیا. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ بوە سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا تا ساڵی ٢٠١٢. لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە کورسی سەرۆکایەتی وڵات و تاکو ئێستاش بەردەوامە لە ژیانی سیاسی پوتن دەردەکەوێت، کە کشتووکاڵ گرنگی زۆری بۆ ئەو هەیە و بەردەوام گرنگی پێ دەدات. هەروەها پوتن گرنگی زۆریش بە کەسایەتی سەربازی و مامۆستا دەدات دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە سوێندی یاسای خوارد بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی، هەندێک لە شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بۆ دەنگدەرانی ڕووسی، ئێستا پوتن بۆتە ئاڵا و سیمبول و پێناسەی وڵاتی ڕووسیا هەندێک شکۆی و ژیانی ڕووسیا بە ڤلادمیر پوتن دەبەستنەوە ئەمەش وای کردوە کە خەڵکی هەمیشە بەزۆرینە هەڵیبژێرن، چونکە دوای پوتن ڕەنگە ئاسایشی وڵاتەکەیان بەوجۆرەی ئێستا نەمێنێت.

بنار هیدایه‌ت به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌م چاوپێکه‌تنه‌ى رۆژنامه‌ی هاوڵاتی باس هاوپه‌یمانێتی پارتی و لایه‌نه‌ عێراقیییه‌کان و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پێکهێنانی کابینه‌ى نوێی حکوومه‌تی عێراق. ‌ هاوڵاتی: بۆ پێکهێنانی کابینه‌ى نوێ، پارتی تاچه‌ند ئاماده‌یی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوپه‌یمانێتی دروستبکات؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا دیارنیه‌ له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێک هاوپه‌یمانێتی دروستده‌کات، هاوپه‌یمانیمان به‌نده‌ به‌ به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌ن و کارنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان، پێویسته‌ پارتی دوای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان دابنیشێت تا ئه‌وه‌ى بۆ روون بێته‌وه‌ و بزانێت هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی کوردستان چییه‌، پارتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ به‌ یه‌ک لیست و یه‌ک به‌رنامه‌ بچیینه‌ به‌غدا، چه‌ند جارێک جێگری سه‌رۆکی پارتی ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ به‌ به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو بچینه‌ به‌غدا تا شه‌ڕی کورد بکه‌ن، تا ببنه‌ هێزێکی کاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر به‌دیهێنانی خواسته‌کانی میلله‌ته‌که‌مان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر عه‌بادی ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێکردنی داواکانتان ئاماده‌یی هاوپه‌یمانێتیتان هه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هیچ تێبینییه‌کمان نیه‌ له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک، هه‌ر لایه‌نێک ده‌ستوور جێبه‌جێبکات هاوپه‌یمانێتی ده‌که‌ین. ‌ هاوڵاتی: بۆ له‌ناو ئه‌م هه‌موو سه‌رکرده‌ سۆرانییه‌دا پارتی ئه‌دهه‌م بارزانی دانا وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌مه‌ بێ باوه‌ڕی نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سۆرانییه‌کانی ناو پارتی؟ هۆشیار سیوه‌یلی: به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ و مه‌به‌ست له‌وه‌ نیه‌، دانانی به‌رپرس که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ نه‌بێت شتێکی نوێ نیه‌ له‌ناو پارتی، له‌شه‌سته‌کان و شۆڕشی ئه‌یلول به‌شێکی له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کانی سلێمانی خه‌ڵکی هه‌ولێر و سلێمانی، به‌پرسی لقی چوار که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ى سلێمانی بووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ توانا و گونجانی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ تا کاره‌کان رابپه‌ڕێنێت. ‌ هاوڵاتی: به‌ڵام له‌مێژووی پارتی که‌سێکی سۆرانی قه‌ت به‌رپرسی لقی یه‌کی دهۆک نه‌بووه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: راسته‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌کردبێت، ئه‌گه‌ر به‌مێژوودا بڕۆینه‌وه‌ خوالێخۆشبوو جه‌وهه‌ر نامیق به‌رپرسی سیاسیی و عه‌سکه‌ری بادینان بووه‌، له‌مێژووی پارتی روویداوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌که‌ به‌رپرسی ئه‌و شوێنه‌ بووه‌. ‌ هاوڵاتی: چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانی باسی نه‌هێشتنی ئیرهابی فکری کرد له‌سلێمانی و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیانی سلێمانی زویرکرد، پێتان وانیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ببێته‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانتان له‌م ناوچه‌یه‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: نازانین ئه‌م زانیارییه‌ له‌کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت تا ده‌نگی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ که‌مبکات، وته‌که‌ى کاک نێچیرڤان ئاڕاسته‌ى هاوڵاتیانی سلێمانی نه‌کراوه‌ به‌ڵکو ئاڕاسته‌ى هه‌ندێک لایه‌ن کراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارندا پارتییان خستۆته خانه‌یه‌ک که‌ خانه‌ى حه‌قیقی خۆی نیه‌، به‌شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی پارتی ده‌که‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به‌کارهێناوه‌ بۆ باسکردنی سیاسه‌تی پارتی له‌ناو کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکیان تێگه‌یاندووه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستانه‌. ‌ هاوڵاتی: ئه‌و لایه‌نانه‌ کێن که‌ باسی ده‌که‌یت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: پارتی پێش هه‌ڵبژاردن ویستی به‌یه‌ک لیست دابه‌زین تا بۆ عێراقی بسه‌لمێنین کورد یه‌کگرتووه‌، گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانیان و نه‌وه‌ى نوێ، نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانیی ئیرهابی فکریان بۆ سه‌ر پارتی ده‌ستپێکردووه‌. ‌ هاوڵاتی: له‌شه‌قامی سلێمانی پارتی وه‌ک میوان ته‌ماشا کراوه‌ بۆ؟ هۆشیار سیوه‌یلی: ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و ئیرهابه‌ فکرییه‌ دژ به‌پارتی کراوه‌، بۆ وه‌ک میوان ته‌ماشا بکرێین، پارتی پێشتر وه‌ک خاوه‌ن ماڵ بووه‌ له‌سلێمانی، قوربانی یه‌کجار زۆری داوه‌ و وجودی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. ‌ هاوڵاتی : ده‌ڵێن ده‌نگی پارتی له‌که‌رکووک یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌ بۆ سۆسیالست، تا چه‌ند راسته‌؟ هۆشیار سیوه‌یلی: هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌نگ بۆ کاندیدی هیچ لایه‌نێکی سیاسیی ناده‌ین به‌ سۆسیالستیشه‌وه‌، چونکه‌ به‌فه‌رمی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنمان کردووه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان ده‌نگ ناده‌ن.  هۆشیار سیوه‌یلی: په‌یوه‌ندییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزه‌ و له‌ئێستادا به‌هێزتره‌، سه‌ردانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بۆ فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند وڵاتێکی تر دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌هێزی حکوومه‌تی هه‌رێم نیشانده‌دات، تا کونسوڵی وڵاتی چیک ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ دروستکردنی کۆنسوڵخانه‌ى خۆی له‌هه‌رێمی کوردستان. ‌ هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پارتی له‌مساڵدا کۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟ هۆشیار سیوه‌یلی: وه‌کو بڕیاری کۆتایی بۆ دیاریکردنی به‌ستنی کۆنگره‌ هیچ بڕیارێک نه‌دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند رۆژێکی دیکه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کۆتایی دێت و په‌رله‌مانی کوردستان له‌مانگی ده‌ دەچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، بۆیه‌ یا کۆتایی ئه‌مساڵ یا سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌ پارتی کۆنگره‌ دەبه‌ستێت.

بنار هیدایه‌ت عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زاو ناحییه‌کانی که‌رکووک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌دا، زانیاری له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ ئاشکرا ده‌کات، هاوکات رایده‌گه‌یه‌نێت «د.نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستێکی نوێ و سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دروستده‌کات». ‌هاوڵاتی: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو که‌س و کار و خزمه‌کانت سه‌رپشک کرد بۆ ده‌نگدان به‌ هه‌رلیست و قه‌واره‌یه‌ک، ئه‌مه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى نیگه‌رانییه‌کانت له‌پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: رۆژانه‌ زیاتر له‌سه‌د که‌س په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌که‌ن و پێم ده‌ڵێن ده‌نگ بده‌ین به‌ چ لایه‌نێک، راسته‌وخۆ پێم وتون کێ ده‌توانێت مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانتان له‌که‌رکووک بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌رگریتان لێبکات دەنگی پێبدەن، ئه‌مه‌ رای تایبه‌تی خۆمه‌. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بابی نیگه‌رانییه‌کانت له‌سه‌رکردایه‌تی پارتی؟ سه‌رحه‌د قادر: نیگه‌رانیم له‌پارتی شتێکی جیایه‌، هه‌رکه‌س ئازاده‌ له‌بیروبۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی، هه‌میشه‌ بۆچوونی خۆمم وتووه‌ به‌بێ سڵه‌مین ‌کردنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى 15 رۆژی رابردوودا زۆربه‌ى کاندیده‌کانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هاتوونه‌ته‌ لام و زۆر شتیان خستۆته‌ به‌رده‌مم، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکم نه‌داوه‌ته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: هیچ لایه‌نێک راسته‌وخۆ پێی وتویت له‌گه‌ڵیاندا کاربکه‌یت؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر بچمه‌ ناو هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ و خۆم قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕم پێی نه‌بێت فه‌شه‌لی تێدا ده‌هێنم، ده‌بێت له‌سه‌دا په‌نجا باوه‌ڕم پێی هه‌بێت و له‌سه‌دا په‌نجاکه‌ى تر پۆسته‌که‌ دروست بکه‌م، چونکه‌ بچمه‌ هه‌ر شوێنێک و پۆستێکم بدرێتێ و له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تما نه‌بێت سه‌رکه‌وتوو نابم. هاوڵاتی: رۆژێک له‌ رۆژان ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بوویت، خه‌ڵک ئه‌و هه‌سته‌ى لای دروستبووه‌ ئێستا له‌م حزبه‌وه‌ زۆر نزیکی، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: بابه‌ته‌که‌ یه‌کێتی نیه‌، زۆرجار ئه‌و قسه‌یه‌یان پێ وتووم، هه‌موو مه‌کته‌ب سیاسیی یه‌کێتی ده‌ناسم و جه‌نابی مام جه‌لال به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هاتۆته‌ که‌رکووک و چوومه‌ته‌ لای و خه‌ڵاتیشی کردووم، سه‌رده‌مانێک ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بووم، له‌یه‌کێتییه‌وه‌ نزیکم و له‌بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه‌ نزیکم. ‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ تێکه‌ڵاوییه‌کی حزبایه‌تیی و نزیکبوونه‌وه‌یه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر وه‌ک هه‌ندێک که‌س حزبایه‌تی بکه‌م بێزم له‌خۆم دێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هه‌لپه‌رسته‌ نه‌ حزبایه‌تی ده‌که‌م و نه‌کردوومه‌ و نه‌بیریشم لێکردووەته‌وه‌ و نه‌ قه‌ناعه‌تم پێی هه‌یه‌. ‌هاوڵاتی: له‌دوای 16 ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی هیچ کاتێک سه‌ردانیکردویت و لێیان پرسیویته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: به‌ته‌نها هه‌ر من نیم، ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ ئێمه‌ له‌که‌رکووک نه‌ماوین، نه‌ پرسیارییان لێکردوین و نه‌ لێیان پرسیوینه‌ته‌وه‌، کاتێک شه‌هیدم ده‌دا له‌که‌رکووک و له‌ده‌شتاییه‌کانی حه‌ویجه‌ عه‌مید سه‌رحه‌د بووم، ئێستا کاندید هه‌یه‌ بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات، له‌کاتێکدا خه‌ڵک کاغه‌زی سپی ده‌خوێنێته‌وه‌. هاوڵاتی: ئه‌م هه‌موو فه‌رامۆشکردنه‌ بەهۆی چییەوەیە؟ سه‌رحه‌د قادر: له‌دوای ساڵی 2003 ه‌وه‌ من له‌که‌رکووک بووم، هیچ میزانییه‌ و خه‌رجییه‌کمان له‌سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌ و به‌ڵکو له‌سه‌ر حکوومه‌تی عێراق بووه‌، ماوه‌ى 15 ساڵی رێکه‌ پارتی دوژمنایه‌تییم ده‌کات و تۆمه‌تم ده‌خاته‌ پاڵ و کێشه‌م بۆ دروست ده‌کات، به‌شه‌رتێک یه‌ک دینار سودمه‌ند نه‌بووم له‌م حکوومه‌تی هه‌رێمه‌، که‌چی خه‌ڵک وایده‌زانی به‌ لۆری چه‌کی «ئێم فۆڕ» مان بۆ دێت، له‌مه‌جلیسێکدا به‌ به‌رپرسی پێشووی لقی چوارم وت ناتوانم پێنج کیلۆ چا بکڕم وتی ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ وامانزانیوه‌ به‌ فه‌رده‌ دۆلارتان لایه‌، ئه‌مانه‌ و ده‌یان شتی تر که‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌. ‌هاوڵاتی: به‌نیازی جارێکی تر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ که‌رکووک؟ سه‌رحه‌د قادر: زۆر جار براده‌ران ئه‌وه‌یان پێ وتووم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، من لێره‌وه‌ و له‌هاوڵاتییه‌وه‌ ئاشکرایده‌که‌م جارێکی تر به‌جلی پۆلیسییه‌وه‌ ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، ئه‌گه‌ر بمویستایه‌ بگه‌ڕامایه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رکووک زۆر پله‌ى به‌رزتر وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و قائید فیرقه‌یان ده‌دامێ، به‌ڵام دڵنیابه‌ سه‌رحه‌د قادر جارێکی تر به‌جلی پۆلیسی و به‌و سلکه‌وه‌ له‌ناو که‌رکووک نابینرێت. ‌هاوڵاتی: هۆکاری به‌شدارینه‌کردنت له‌که‌رنه‌ڤاڵی پارتی له‌سلێمانی و هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووم و هیچ به‌رپرسێکی باڵای پارتیم نه‌بینیوه‌، بۆ که‌رنه‌ڤاڵه‌که‌ش ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم وتیان وه‌ره‌، وتم نایه‌م. هاوڵاتی: ده‌ڵێن لینکی نێوان سه‌له‌فییه‌کان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانان و شێخه‌ عه‌ره‌به‌کان بویت له‌گه‌ڵ بارزانیدا، چۆن ئه‌م لینکه‌ دروست بووه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: ئه‌و کاته‌ى له‌که‌رکووک بووم، مامۆستا عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی و سه‌له‌فییه‌کان داوایانکرد بچنه‌ لاى بارزانی، من ئه‌وانم برد، هه‌روه‌ها شێخ و که‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌کانمان بردووه‌، هێزه‌کانی هاوپه‌یمانیم بردووه‌، براده‌رانی گۆڕان له‌که‌رکووک مام رۆسته‌م و ئه‌وان داوایانکردووه‌ بیانبه‌مه‌ لای بارزانی ئه‌وانیشم بردووه‌، من به‌ بروسکه‌ به‌ مه‌کته‌بی سه‌رۆکم وتووه‌ و ئه‌وانیش وتوویانه‌ با بێن، شتێکی تر هه‌یه‌ خه‌ڵک لێی بێ ئاگایه‌، له‌کاتی دووباره‌ بوونه‌وه‌ى بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتگیرییان له‌مانه‌وه‌ى بارزانی ده‌کرد هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیارنه‌بوون، ئه‌ندام مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شه‌ڕی داعشدا جارێک جلی کوردی له‌به‌ر نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتیوانیان له‌پارتی و بارزانی کردووه‌ که‌سی دیکه‌ نه‌یکردووه‌ و مه‌وقیفییان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌ و ئاشکرایه‌. ‌هاوڵاتی: زۆرێک له‌شه‌هیده‌کانتان له‌سه‌ر رێگای که‌رکووک سلێمانی وێنه‌ى دانراوه‌، پارتی له‌خانه‌واده‌کانیان ده‌پرسێته‌وه‌؟ سه‌رحه‌د قادر: شه‌هید شه‌هیدی هیچ حزب و لایه‌نێک نیه‌، به‌ڵکو شه‌هیدی کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئێستا زیندوو ببنه‌وه‌ و سه‌یر بکه‌ن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کاریان ده‌هێنن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی رۆژێک له‌رۆژان خۆیان به‌شه‌هید کردن داوه‌. ‌هاوڵاتی: ده‌نگۆی هاوپه‌یمانییه‌تیه‌ک هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ لیستێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ که‌رکووک، تاچه‌ند راسته‌؟ سه‌رحه‌د قادر: دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ کردووم، به‌ڵام تائێستا خۆم یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌ و نه‌ به‌ رازی بوون نه‌ به‌ ناڕازیی بوون، پێی وتووم تورکمان و عه‌ره‌ب و لایه‌ن و که‌سایه‌تیی دیکه‌مان له‌گه‌ڵه‌، به‌ڵام من وه‌کوو ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌ن ناچمه‌وه‌ که‌رکووک، که‌ی خۆم یه‌کلایی کرده‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ده‌م.

  چه‌ند کاندیدێک ده‌ڵێن گه‌ر بچنه‌ په‌رله‌مان پاره‌کانیان بۆ هه‌ژاران هه‌ڵده‌ڕێژن، چاودێرانیش ئه‌وه‌ به‌ «مژده‌ی به‌تاڵ» ناوده‌به‌ن هیوا غەفور به‌شێک له‌ کاندیده‌کانى ئه‌مجاره‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێبدرێت ده‌بنه‌ خێرخواز، به‌ بڕواى چاودێرانى سیاسی بانگه‌شه‌کردن بۆ کاری خێرخوازی بۆ هه‌ڵبژاردن نادروسته‌ به‌و پێیه‌ى په‌رله‌مان پرۆسه‌یه‌کى یاسایی و سیاسییه‌و نه‌ک ده‌زگاى خێرخوازیی. ژماره‌یه‌ک کاندید بۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى کوردستان، له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى  هه‌ڵبژاردنى خۆیاندا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ربچن و بچنه‌ په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، به‌شێک له‌ موچه‌و  ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌ستیان ده‌که‌وێت له‌ کارى په‌رله‌مانتارى دا، کارى خێرخوازى لێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. کاندیدێکیش له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕکردۆته‌وه‌. سه‌رهه‌نگ ئیبراهیم، کاندیدى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان، جیاواز  له‌و کاندیدانه‌ى تر که‌ ته‌نها به‌ زاره‌کى به‌ڵێن ده‌ده‌ن، له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ک پڕ ده‌کاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر ببێته‌ په‌رله‌مانتار، له‌ %75 ى مووچه‌که‌ى ده‌به‌خشێت. کاندیده‌که‌ى یه‌کێتى، له‌ به‌ڵینامه‌ که‌ى دا که‌ له‌ دادنووسى هه‌ولێر ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت «به‌ڵین ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ده‌چووم و بووم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق، له‌ %75 ى مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ خوێندکاران و شه‌هیدان و هه‌ژاران» ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ى کاری خێرخوازی پێشتر ته‌نها ئیسلامیه‌کان پێی هه‌ستاون، به‌ڵام له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا زۆربه‌ى کاندیدی حزبه‌کانى گرتۆته‌وه‌، هه‌ریه‌که‌و به‌شێوازێک باسی دابه‌شکردنى پاره‌که‌ى ده‌کات. موئمین زه‌ڵمى، کاندیدى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى، که‌ پێشتر کادری کۆمه‌ڵى ئیسلامی بووه‌، به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «ئه‌گه‌ر ببم به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق نیوه‌ى موچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌ هه‌ژاران و که‌م ئه‌ندامان و  وه‌رزشکاران و گه‌نجان و خوێندکارانى وڵاته‌که‌م، ئه‌م کاره‌شم له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى یاسایی و دارایی و شه‌رعى یه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌م»  وتیشى «ئه‌م کاره‌م له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، که‌ خۆشم زۆر ئازارم به‌هۆى نه‌بوونى و که‌مده‌رامه‌تییه‌وه‌ چه‌شتووه‌و له‌ ئازارى ئه‌وانه‌ تێده‌گه‌م» تائێستا سێ کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان و کاندیدێکى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و دوو کاندیدی یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش، به‌ ئاشکرا ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌. هێشوو رێبوار، کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ سلێمانى، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و بار و گوزه‌رانى باشه‌ له‌ رووى داراییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بچێته‌ به‌غدا، ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک و ئه‌ندام په‌رله‌مانى وه‌ریده‌گرێت، رێژه‌یه‌کى زۆرى وه‌کو کارى خێرخوازى و خزمه‌تکردن به‌کارده‌هێنێته‌وه‌. هێشوو به‌ هاوڵاتى وت «ئەو چین و توێژانەى که موعاناتیان هەیه و دەزانین  هەژارن هاوکارییان دەکەم، هاوکارى ئەو رێکخراوانەش دەکەم که لەبوارى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، ئەو قوتابیانەى که دەخوێنن و دەرامەتیان باش نییه، هاوکارییان دەکەم و دەستیان دەگرم»   هەر پەرلەمانتارێکی عێراقی مانگانە بڕی  6 ملیۆن دینار مووچەی بنەڕەتی ‌وەردەگرێت، لەگەڵ 5 ملیۆن دینار دەرماڵە، هاوکات نزیکەی ملیۆنێک ‌و 100 هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریش ‌وەردەگرێت، لەگەڵ پارەی مانگانه‌ى 30 پاسەوان کە هەریەک 750 هەزار دیناری هەیە و دەکاتە 22 ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار. ئەم پارەیەی پاسەوان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر حیسابی بانکی پەرلەمانتارەکە، ئیتر پەرلەمانتارەکە ئازادە پاسەوانی دەوێت یان نا، بەمەش پارەکە دەکاتە نزیکه‌ى 34 ملیۆن دینار. هه‌ندێک له‌ حزبه‌کانى تر رێژه‌یه‌کى مووچه‌کانیان ده‌ده‌نه‌ حزبه‌کانیان وه‌کو هاوکاری دارایی، له‌وانه‌، گۆڕان، کۆمه‌ڵ یه‌کگرتوو. جگه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، مووچه‌ى په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستانیش به‌رزه‌ به‌روارد به‌ فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ کۆتایی خولی په‌رله‌ماندا، هه‌ر په‌رله‌مانتارێکى هه‌رێمى کوردستان بڕی 48 ملیۆنى پێده‌درێت. له‌ خولی پێشوودا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئه‌و پاره‌یه‌یان به‌خشی، له‌ فراکسیۆنى گۆڕان و یه‌کگرتوو بوون. به‌ڵێنى کارخێرخوازى و دابه‌شکردنى مووچه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان و که‌م ده‌رامه‌تاندا له‌نێو په‌رله‌مانتارانى پێشووى کوردستانیشدا پێشتر به‌دیکراون، به‌شێکیان به‌ڵێنه‌کانیان برده‌سه‌ر و به‌شێکیشیان ئه‌و به‌ڵێنه‌ى دابویان، جێبه‌جێیان نه‌کردووه‌. له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، له‌گه‌ڵ له‌کۆتایی هاتنى ئه‌و خوله‌دا، هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێک بڕى 48 ملیۆن دینارى وه‌کو پاداشت وه‌رگرت، له‌نێو 111 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌که‌ى کوردستاندا ته‌نها دوو په‌رله‌مانتار ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ خۆیان هه‌ڵگرن و له‌کارى خێرخوازى دا به‌خشییان. ناسک تۆفیق و عه‌بدوڵاى مه‌لانوورى، دوو په‌رله‌مانتارى خولى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان بوون، که‌ ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و 48 ملیۆن دیناره‌ى په‌رله‌مان بۆ خۆیان خه‌رج بکه‌ن، عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى سه‌رجه‌م پاره‌که‌ى به‌خشى به‌ نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌ سلێمانى، ناسک تۆفیقیش په‌رله‌مانتارى پێشووى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیش ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌سه‌ر هه‌ژاران و  که‌سانى که‌م ده‌رامه‌تدا دابه‌شکرد. ناسک تۆفیق که‌ ئیستاش کاندیده‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ هاوڵاتى  وت «من بەهیچ جۆرێ لەکاتی هەڵمەتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەڵێن نادەم بەڵام دواتر هەرچیم پێبکرێ دەیکەم» وتیشى «له‌ خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى کوردستاندا، کە ٤٨ملیۆن دینارى موکافەئەی خانەنشینی پەرلەمانم وەرگرت، من به‌به‌رچاوى کامێراوه‌ هه‌موویم  بەسەر که‌سانى هەژارو نەخۆشی دوو ناوچەی کارەساتباری کوردستانى وه‌ک هەڵەبجەو گەرمیان دا دابەش کرد». له‌ نێو کاندیده‌کانى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانیشدا هه‌ریه‌که‌ له‌ حسێن گرده‌چاڵى و حاجى کاروان، رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربچن بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانى به‌شێک له‌ مووچه‌کانیانى خۆیان ده‌به‌خشن. حاجى کاروان له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى خۆى دا ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ربچێت مووچه‌ى 100 خێزان دا‌بین ده‌کات، حسێن گرده‌ چاڵیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌ربچم له‌%75 مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم. به‌ بڕواى چاودێرێکى سیاسیى، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن و هیچ قورساییه‌کى نیه‌ و په‌رله‌مانى عێراق جێگه‌ى یاساو به‌ده‌ستهێنانى مافى نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ نه‌ک جێگه‌ى کارى خێرخوازیى. عه‌زیز ره‌وف، چاودێرى سیاسی به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «خراپترین مژده‌ ئه‌و مژدانه‌ن که‌ پێش هه‌ڵبژاردن ده‌درێن، ئه‌و مژدانه‌ مژده‌یه‌کى به‌تاڵن به‌ بڕواى من هیچ قورساییه‌کى نیه‌.  فۆڕمى یارمه‌تى دان و خزمه‌تکردنى هه‌ژاران بانگه‌شه‌ نیه‌، خۆ ئه‌مه‌ رێکخراوى خێرخوازى نیه‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کى یاساییه‌«. ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و کاندیدانه‌ ئه‌و مژدانه‌ ئه‌ده‌ن، بۆ دوو هۆکار ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و وتى «بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێ من له‌و ماف و ئیمتیازه‌ زۆره‌ که‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ده‌بورم، یان ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌نگ کۆبکاته‌وه‌« وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌م کاندیدانه‌ ئه‌گر راست ده‌که‌ن بابچن له‌ دادنووس به‌ڵێننامه‌یه‌ پڕبکه‌نه‌وه‌و بڵێن ئه‌وه‌ من ئاماده‌م نیوه‌ى موچه‌که‌م ببه‌خشم به‌نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، ئه‌وه‌ شتێکى قانونى و یاساییه‌ له‌وه‌ بترازێت، من بڕوام به‌هیچ شتێکى تر نیه‌«