هاوڵاتی.. به‌پێی ڕاپۆرتێكی شیكاری كه‌ ماڵپه‌ڕی CNN بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، جه‌نگی ئۆكرانیا و روسیا كاریگه‌ری ئابووری له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردووه‌. جه‌نگی ئۆكرانیاو روسیا چوار كاریگه‌ری به‌هێزی له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردووه‌. جه‌نگی ئۆكرانیاو روسیا پێده‌نێته‌ مانگی حه‌وته‌مه‌وه‌و به‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگ داده‌نرێت له‌دوای ساڵی 1945 ه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م جه‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردوه‌. چوار كاریگه‌ری جه‌نگ له‌سه‌ر وڵاتان 1-هه‌نارده‌كارانی وزه‌ داهاتیان له‌ زیادبوندایه‌  جه‌نگه‌كه‌ بۆته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت  ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسان و گرێبه‌ستی ئابووری له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، به‌ڵام بۆ وڵاتانی وزه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌نداوی فارس، مژده‌به‌خشه‌ دوای دابه‌زینی هه‌شت ساڵه‌ی ئابووری به‌هۆی نزمی نرخی نه‌وت و كۆڤید-19 وه‌. سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كات كه‌ وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست 1.3 تریلیۆن دۆلاری زیاتر له‌ داهاتی نه‌وت له‌چوار ساڵی داهاتوودا په‌یدا بكه‌ن . ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ وڵاتانی كه‌نداو له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ بودجه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێت گه‌شه‌ی ئابووری به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خێراتر بێت، بۆ نمونه‌ ئابووری سعودیه‌ 9.9٪ زیادی كردووه‌، كه‌ به‌رزترینه‌ له‌ 10 ساڵی رابردوودا. هه‌روه‌ها جه‌نگه‌كه‌ ده‌رفه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانی غاز ڕه‌خساندووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ، بۆ ده‌یان ساڵ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی دووره‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌ هه‌نارده‌ی غاز بكه‌ن له‌ ڕووسیاوه‌ له‌ ڕێگه‌ی بۆریه‌كانه‌وه‌ غازیان هاورده‌ كردوه‌، به‌ڵام له‌ كاتێكدا ئه‌وروپا هه‌نارده‌ی غاز له‌ روسیاوه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ ، له‌ ئێستادا به‌ دوای هاوبه‌شی نوێدا ده‌گه‌ڕێت بۆ كڕینی غاز، له‌به‌رامبه‌ردا وڵاتی قه‌ته‌ر بڕیاری داوه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو نیوه‌ی توانای غازی خۆی ببه‌خشێت به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ،هه‌روه‌ها یه‌كێتی ئه‌وروپاش گرێبه‌ستی غازی له‌گه‌ڵ میسر و ئیسرائیل ئیمزاكردووه‌ . ٢- وڵاته‌ زلهێزه‌كان لاواز ده‌بن ده‌سه‌ڵاتداره‌  به‌هێزه‌كانی ڕۆژئاوا كه‌ پێشتر ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرت، ئێستا پێویستیان پێیانه‌، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دابوو كه‌ سعودییه‌ پشتگوێ بخات و بیكات به‌ وڵاتێكی ده‌ركراو، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆ بایدن له‌ گه‌شتێكی گرنگی مانگی ڕابردوودا سه‌ردانی سعودیه‌ی كرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێك بوو كه‌ سه‌نگی ئابووری جیهانیدا ده‌گۆڕێت، بایدن به‌و هیوایه‌وه‌ چوو كه‌ سعودیه‌ نه‌وتێكی زیاتر به‌رهه‌م بهێنێت تا یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا بدات له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسانی ئابوری، به‌ڵام سعودیه‌ ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌نگه‌كه‌ ڕێگه‌ی به‌ ره‌جیب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیا داوه‌ كه‌ خۆی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی پێویست له‌ رێكخستنی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌ربخات دوای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی  قه‌یرانی ئابوورییه‌كی قوڵ بوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی داهاتوو نزیك ده‌بێته‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توركیا یاری دوو لایه‌نه‌ ده‌كات له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆوسیا هێشتوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌ ئۆكراینا ده‌فرۆشێت و ته‌نانه‌ت نێوه‌ندگیری نێوان شه‌ڕه‌كه‌ش ده‌كات. 3- هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان له‌ گۆڕاندان  له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕێگه‌ بازرگانییه‌كان هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش له‌ گۆڕاندان .  ڕاوێژكاری سه‌رۆكی ئیمارات ئه‌نوه‌ر گارگاش له‌ مانگی نیساندا ڕایگه‌یاندبوو، شه‌ڕه‌كه‌ سه‌لماندوویه‌تی كه‌ چیتر ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی نییه‌ له‌ ڕێكخستنی هاوپه‌یمانێتییه‌  نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وتیشی، هاوپه‌یمانێتیه‌كان له‌ گۆڕاندایه‌ و"كاریگه‌ری وڵاتانی رۆژئاوا له‌سه‌ر رێكخستنی جیهانی له‌ ڕۆژانی كۆتاییدایه‌" هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئیمارات له‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا وتی، په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتۆن به‌ تاقیكردنه‌وه‌دا  تێپه‌ڕیوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئیمارات چووه‌ پاڵ هیندستان و چین له‌ ده‌نگ نه‌دان بۆ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ ئه‌مریكا پشتگیری ده‌كرد، سه‌باره‌ت به‌  جه‌نگه‌كه‌ی ئۆكرانیا. چین ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ هه‌روه‌ها سعودییه‌ش وڵاتی چین وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا داده‌نێت و هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ زیاتر كردووه‌و  له‌لایه‌كێ دیكه‌شه‌وه‌ بیر له‌فرۆشتنی نه‌وت ده‌كاته‌وه‌ به‌چین. 4- قه‌یرانی خۆراك و هه‌ڵئاوسانی ئابوری گرژیی دروست ده‌كات جه‌نگه‌كه‌ی ئۆكرانیاو روسیا زۆربه‌ی جیهانی توشی قه‌یرانی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ كرد، به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆرترین زیانی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ركه‌وتووه‌ . سێ یه‌كی دانه‌وێڵه‌ی جیهان له‌ روسیا و ئۆكۆانیاوه‌ به‌ده‌ستیان ده‌گه‌یشت، هه‌روه‌ها وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بۆ زیاتر له‌ نیوه‌ی هاورده‌كانیان پشت به‌و دوو وڵاته‌ ده‌به‌ستن، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت گورزێكی توندی له‌ لیبیا و لوبنان دا له‌ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ ، هه‌روه‌ها میسریش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین هاورده‌ی دانه‌وێڵه‌ی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا.  له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جه‌نگه‌كه‌ باری ئابووری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێكداوه‌و هه‌ڵئاوسانی دروستكردوه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان له‌عێراق و ئێران زۆر به‌روونی ده‌ركه‌وتووه‌.

هاوڵاتی / دیار ستار ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاشكرا غه‌در له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و دوای چه‌ندینجار داواكردنی ده‌رماڵه‌ بۆیان هێشتا ئاماده‌نیه‌ ده‌رماڵه‌كانیان بۆ خه‌رج بكات.  له‌و باره‌یه‌وه‌ باڵامبۆ محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ هاوڵاتی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار به‌ پرۆژه‌و به‌ ره‌سمی داوامان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ كه‌ ده‌رماڵه‌ شایسته‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رج بكات ، به‌ڵام حكومه‌ت وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه‌.  وتیشی: حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای پاره‌ كۆكردنه‌وه‌یه‌، هێنده‌ ئه‌و مافه‌ به‌فه‌رمانبه‌ره‌كانی ره‌وا نابینێت كه‌ شایسته‌ داراییه‌كانیان پێ بدات، كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك تائێستا له‌ ده‌رماڵه‌ شایسته‌كانی وه‌ك خێزان و بڕوانامه‌و زۆر ده‌رماڵه‌ی تر بێبه‌ش كراون. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ته‌حه‌دا ده‌كه‌م تائێستا یه‌ك پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی كردوه‌و سنگی خۆی بۆ كوردستان ناوه‌ به‌ گوللـه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی بینیبێت، به‌ڵام كاتێك دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ پێشمه‌رگه‌ بێت، ده‌ڵێن هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ین و ئه‌م دروشمه‌ بێ جێیانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ئه‌رزی واقع دا وانیه‌و حكومه‌ت ته‌واو پێشمه‌رگه‌ی پشتگوێ خستووه‌و كاتێك پێشمه‌رگه‌یه‌ك خانه‌نشین ده‌بێت، ته‌نها 220 هه‌زار دیناری پێده‌درێت كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ جێی هیچ ناگرێت.

هاوڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاندوه‌، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان وێستگه‌ی كێشانی بارهه‌ڵگر هه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی كێشانی باره‌كه‌یان كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ تێكچوونی رِێگه‌وبانه‌كان. ئه‌مه‌ رِێوشوێنێكی جیهانییه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی رِێگه‌وبانه‌كان و هاووڵاتیان له‌ هه‌ر رِووداوێكی نه‌خوازراو كه‌ له‌ ئه‌نجامی زیاده‌باره‌وه‌ دروست ده‌بێت. له‌ هه‌رێمی كوردستان ٩٠ جۆر بارهه‌ڵگری جیاواز هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ پێی ئه‌كسله‌كانیان رِێگه‌یان پێ ده‌درێت رِێژه‌یه‌كی دیاریكراو بار هه‌ڵبگرن. وێستگه‌كانی پارێزگاكان ژماره‌یان ٤٢ وێستگه‌یه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پارێزگاكاندا: ـ پارێزگای هه‌ولێر: ١٣ وێستگه‌ ـ پارێزگای سلێمانی: ١٧ وێستگه‌ ـ پارێزگای دهۆك: ١٢ وێستگه‌   ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، واته‌ له‌ رِێكه‌وتی (٢١ی ئابی ٢٠٢٢) بۆ (٢٥ی ئابی ٢٠٢٢)، كۆی ژماره‌ی بارهه‌ڵگره‌ كێشراوه‌كانی نێو ئه‌و ٤٢ وێستگه‌یه‌ ٦٨هه‌زار و ٨٩١  بارهه‌ڵگر بووه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوونه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكاندا: ـ پارێزگای هه‌ولێر: ٢٣ هه‌زار و ٨٠٥  بارهه‌ڵگر ـ پارێزگای سلێمانی: ٢٧ هه‌زار و ٦٠٧ بارهه‌ڵگر ـ پارێزگای دهۆك: ١٧ هه‌زار و ٤٧٩ بارهه‌ڵگر له‌و ژماره‌ بارهه‌ڵگره‌ كێشراوانه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، به‌شی زۆری بارهه‌ڵگره‌كان یاسایی بوون و هه‌ندێكیشیان نایاسایی بوون كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش كراونه‌ته‌ سه‌ر یاسایی و نایاسییه‌كان:   ژماره‌ی بارهه‌ڵگره‌ یاساییه‌كان ٦٨هه‌زار و ٣٨٢ بارهه‌ڵگر بوون كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پارێزگاكان: ـ پارێزگای هه‌ولێر: ٢٣ هه‌زار و ٧١٢ بارهه‌ڵگری كێشراوی یاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی گوێرِ بووه‌ و ژماره‌یان ٦ هه‌زار و ٤٣٣ بارهه‌ڵگر بووه‌. ـ پارێزگای سلێمانی: ٢٧ هه‌زار و ٣٤٧ بارهه‌ڵگری كێشراوی یاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ بووه‌ و ژماره‌یان ٥ هه‌زار و ٨٩٧ بارهه‌ڵگر بووه‌. ـ پارێزگای دهۆك: ١٧ هه‌زار و ٣٢٣ بارهه‌ڵگری كێشراوی یاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی باشیكای یه‌ك بووه‌ و ژماره‌یان ٧ هه‌زار و ٨٧٢ بارهه‌ڵگر بووه‌.   ژماره‌ی بارهه‌ڵگره‌ نایاساییه‌كان ٥٠٩ بارهه‌ڵگر بوون، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پارێزگاكان: ـ پارێزگای هه‌ولێر: ٩٣ بارهه‌ڵگری كێشراوی نایاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی قوشته‌په‌ بووه‌ و ژماره‌یان ٢٢ بارهه‌ڵگر بووه‌. ـ پارێزگای سلێمانی: ٢٦٠ بارهه‌ڵگری كێشراوی نایاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی ژاڵه‌ بووه‌ و ژماره‌یان ٨٢ بارهه‌ڵگر بووه‌. ـ پارێزگای دهۆك: ١٥٦ بارهه‌ڵگری كێشراوی نایاسایی، كه‌ زۆرترینیان له‌ وێستگه‌ی بدریك بووه‌ و ژماره‌یان ٧١ بارهه‌ڵگر بووه‌. به‌گشتی و له‌ پارێزگاكان، رِێژه‌ی (٤٠٧.٤٥) تۆن برِی زیاده‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌ نایاساییه‌كان گه‌رِێنراوه‌ته‌وه‌ و رِێگه‌ نه‌دراوه‌ بچێته‌ نێو شاره‌كان كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌: ـ پارێزگای هه‌ولێر: ٦٦.٢ تۆن ـ پارێزگای سلێمانی: ٢٣٣.٢٥ تۆن ـ پارێزگای دهۆك: ١٠٨ تۆن ئاگرین عه‌بدوڵا، بریكاری وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن بۆ كاروباری رِێگاوبان له‌م باره‌یه‌وه‌ رِاگه‌یاندوه‌: ئه‌م كاره‌مان به‌ پێی ستانداردی جیهانییه‌ و بۆ وه‌به‌رچاوگرتنی كواڵێتی رِێگاوبانه‌كانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بپارێزرێن له‌ تێكچوون و نه‌بنه‌ مه‌ترسی و زه‌حمه‌ت بۆ سه‌ر هاووڵاتیان. سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی داهاتی ده‌ستكه‌وتوو و ئه‌و برِه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی سزا و پێبژاردنی بارهه‌ڵگره‌ نایاساییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست حكومه‌ت ده‌كه‌وێت، ئه‌م بریكاره‌ی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن بۆ كاروباری رِێگاوبان رِایگه‌یاند: ٥٠%ی داهاته‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و ئه‌و ٥٠%ـیه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردنه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌بێت: ٣٠%ی بۆ چاككردنی رِێگا و بانه‌كان و رِێگه‌ی گونده‌كان خه‌رج ده‌كرێت و ١٥%ـه‌شی بۆ خودی وێستگه‌كانی كێشانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌موكورِی و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌و ٥%ـه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌ دیوانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورِی دیكه‌.  

ئیمان زەندی راوچیان و بازرگانانی هەڵۆی كۆچەری لەهەرێمی كوردستان وەك خۆیان دەڵێن:» بێبەشكراون لەمۆڵەتی راوكردنی هەڵۆو وەڵامیش نادرێنەوە»، هەریەك لەدەستەی ژینگەو پۆلیسی دارستان هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ پاراستنی سامانی ژینگەیی و كەمی رێژەی ئەو باڵندەیە لەجیهاندا، سەرباری قەدەغەكردنیشی بەڵام بازرگانیكردن و راوی هەڵۆ لەهەرێمی كوردستان هەر دەكرێت. وڵات ناوی هەڵۆكەی كاكە شینەو هەركە برسی بێت بەدەنگە تایبەتەكەی ئاگاداریان دەكاتەوە، كاكە شین تەمەنی 45 ساڵەو وەك خۆی دەڵێت:» 28 ساڵە باڵندەی هەڵۆ وەكو زینە لەماڵەكەیدا بەخێو دەكات»، ئەو زیاتر لەشەش هەڵۆی مردار بووەتەوە لەبەر پەیوەست بوونی بەو باڵندەیەوە نەیهێشتووە لێی داببڕێت و بەردەوام كڕیویەتیەوە. كاكە شین مەخموری لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، ئەو هەڵۆیەی ئێستا هەیەتی لەجۆری شاینی دەریاییە، ئەو بەهاوڵاتی وت: « جگە لەكوردستان لەبەغدادو سامەڕا هەڵۆم كڕیوە، بچووكترینیان تەمەنی شەش مانگ بوو، هەموو جۆرە شتێكیان بۆ راو كردوم چونكە كۆچبەرن (كێوی)ن، هەڵۆكەی ئێستام نێرەو جاری واهەبووە هەڵۆم لەكوردستان كڕیوە بەسێ هەزارو 500  دۆلارو لەوڵاتانی عەرەبیش بەدوو هەزارو 400 دۆلار كڕیومە، گرانترین هەڵۆ كڕیبێتم 30 هەزار دۆلار بووە، خەرجی ساڵێكیشی نزیكەی 400 دۆلارە، هەڵۆی دەواجنیشم راگرتووە». كاكە شین چیرۆكی مامەڵەی لەگەڵ باڵندەی هەڵۆدا زیاتر بۆ هاوڵاتی باس دەكات و دەڵێت:» هەڵۆ باڵندەیەكی بێكێشەیەو زۆر پاك و خاوێن و زیرەكن، كاتێك برسی بێت تووڕە دەبێت بەزۆر گۆشتەكەت لێوەردەگرێت، و وتیشی: « من  هێلكەی خاوو كۆترو رانی بەستوو و گۆشتی گوێرەكەی دەدەمێ، موبەریدەم بۆ داناوەو قەفەزەكەشی گەورەیە، ماڵیكردنیشیان سێ بۆ 15 رۆژی دەوێ‌«. رزگار نەجمەدین لەساڵی 1980وە راوچی باڵندەیەو لەساڵی 2000وە بازرگانی و راوچی هەڵۆیە، ئەو كە لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «ئەم باڵندەیە ساڵی یەكجار كۆچی ناوچەكانی كوردستان دەكات ئەویش لەمانگی نۆ هەتا مانگی یەك، خەڵكی ئاسایی و دەوڵەمەندو بەرپرسەكان دەیكڕن بەپارەیەكی زۆر، ئەم باڵندەیە وەكو قسمەت و نسیبە لەكوردستان تاڕاوچیەكان راوی بكەن» و وتیشی: «رێژەیەكی زۆر هەڵۆی دەواجن دەهێنرێتە كوردستان كەبەرهەمی ئیمارات و سعودیەیە، بەڵام هەڵۆی دەواجن باڵندەیەكی لاوازەو قەبارەیان گەورەترە لەئەسڵیەكە و راویان پێناكرێت چونكە رۆشتنی خاوەو هیچ نازانێت، بەڵام هەڵۆی وەحشی بەهێزەو خێرایە لەڕۆشتن و هەموو شتێك راودەكات». بەپێی ئەو داتاو زانیارییەی هاوڵاتی لەبازرگانێك دەستیكەوتووە ساڵانە نزیكەی 100 بۆ 200 هەڵۆی دەواجن هاوردە دەكرێت كە نرخەكانیان لەنێوان پێنج هەزار دینار بۆ هەزارو 500 دۆلارە، بەڵام هەڵۆی كۆچبەر راو دەكرێت و نرخەكانیان بەپێی قەبارەیان جیاوازە  و جاری واهەبووە یەك هەڵۆ بە 40 بۆ 50 هەزار دۆلار لەكوردستانەوە بۆ دەرەوە فرۆشراوە، و لەناوخۆی كوردستانیش یەك هەڵۆ بە 35 هەزار دۆلار فرۆشراوە». رزگار نەجمەدین ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەڵۆ لەسەر شانیەوە بۆ كلكی دەپێورێت درێژی و پانی 17 بۆ 18 ئینجە، هەڵۆی رەنگ زەرد (ئەشقەر) كەسایەتی ناوبانگی ئیمارات بەتایبەتی كەسێك دەنێرن بۆ كوردستان بۆ ئەوەی بیكڕن، قەبارەی هەڵۆی دەواجنیش زۆر گەورەیە زۆر كەس فریودراوە ماڵ و ئۆتۆمبێلی بۆ فرۆشتوە، هی دەواجن لەئەوروپاو بەغداو ئیماراتەوە دێن و  بەخاڵی گومرگیدا تێدەپەڕن و بەقاچاخیش دەهێنرێن». ژینگەی كوردستان بۆ هەڵۆی كۆچبەر گونجاو نیە، ئەم هەڵۆیانە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 32 ساڵە، راوكردنیان شارەزایی تەواوی دەوێت نابێت بەهیچ شێوەیەك برینداری هەبێت چونكە نرخی كەم دەكات، لەبارەی شێوازی راوكردنەكەی رزگار نەجمەدین وتی: «سەرەتا كۆتری بێ تۆڕی بۆ هەڵدەدەین هەڵۆكەش برسیەتی دێتە خوارەوە بۆ خواردنی پاشان بەئۆتۆمبێڵ دوای دەكەوین و هۆڕینی بۆ لێدەدین هەتاوەكو سەری لێدەشێوێت و كۆترە بێ تۆڕەكە فڕێدەدات و دواتر كۆترە تۆڕدارەكەی بۆ هەڵدەدەین و دەیگرین، مەرجیش نیە هەموو جارێك راوبكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا راوچی هەیە 10 ساڵە یەك هەڵۆی راو نەكردووە». ناوچەیەكی دیاریكراو نیە بۆ نیشتنەوەی ئەم باڵندە كۆچەریانە زیاتر لەو شوێنانە دەبینرێن كە ئاو یان گۆماو یاخود مراوی تێدایە، ماوەی مانەوەیان لەناوچەكە چوار ۆژ بۆ مانگێكە. راوكردنی هەڵۆ لەكوردستان قەدەغەیە، رزگار نەجمەدین رایگەیاند: چەندینجار سەردانی دەستەی ژینگەمان كردووە پێمان وتوون ئێمە هەموو راوێك ناكەین و لەساڵێكدا سێ بۆ چوار مانگەو گەر  ئێمە راوی نەكەین لەوڵاتێكی تر دەكرێت، بەڵام هەر رێگانادەن». هاوكات كەریم فەتحی محەمەد، وتەبێژی كۆمەڵەی راوچیانی باڵندەی هەڵۆ لەو بارەیەوە بەهاوڵاتی وت: « دەستەی ژینگە دەڵێن ئەم باڵندەیە سامانی كوردستانە نابێت راوی بكەن لەكاتێكدا ئەو باڵندەیە كۆچەرییە بەسەر كوردستاندا تێدەپەڕێت، لەساڵی 2008ەوە كتابیان بۆ كردووین بۆ راوكردن، ئیتر رێگەیان نەداوە. ناوبراو رایگەیاند: « كۆمەڵەیەكمان دروستكردووە 80 ئەندامی هەیە لەهەموو كوردستان، بەڵام مۆڵەت نادەنە كۆمەڵەكەمان، ئەم كارە كەسانی دەستڕۆیشتوو دەستوەردانی تێدا دەكەن، رێگە بەئێمە نادەن بەڵام راوچیانی عەرەبی پارێزگاكانی عێراق دەهێنن و راویان پێدەكەن»، و وتیشی: « ئێستا بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی كوردستان بووەتە باخ و ڤێلا هەڵۆش بەكەمی لەسنوری كوردستان دەمێننەوە». لەبەرامبەردا رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم لەبارەی قەدەغەكردنی راوی هەڵۆ بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئێمە كار بەڕێكەوتنامەی (سایكس)ی نێودەوڵەتی دەكەین، چونكە ئەم هەڵۆیانە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە لەبەرئەوەی ژمارەیان كەمبووەتەوە بازرگانیكردن پێیانەوە قەدەغەیەو سزاكەشی 10 ملیۆن دینارە». (سایتس) رێكکەوتننامەیەكی نێودەوڵەتیە بۆ قەدەغەكردنی بازرگانی گیانلەبەرو 184 وڵات ئەندامن تێیدا، وڵاتی عێراق-یش یەكێكە لەئەندامەكانی لەو ڕێکكەوتنکامەیە، دەستەی ژینگەی كوردستانیش بەشێكە لێی، سایكس بەسیستماتیك كردنی راوە، ئەو سیستەمەش دابەشكراوە بۆ سێ ستون هێڵی سور كەتێیدا راوكردن و بازرگانیكردن قەدەغەیە، هێڵی زەرد راوكردنی سنوردار، هێڵی سەوز راوكردن كراوەیە. لای خۆیەوە فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم بەهاوڵاتی وت: «راوكردنی هەڵۆ بۆ بازرگانیە بەدەگمەن بۆ زینەیە، لەئێستادا بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی رێكخستنی مۆڵەتی راوكردنین لەدەستەی ژینگە بەهاوكاری وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ، كە ڕاوكردنەكە چۆن و كەی بكرێت و بۆچی مەبەستێك ئەم راوە بكرێیت، چونكە هچ داتاو زانیارییەكمان نیە لەسەر جۆری راوكردنی هەڵۆ». بەپێی ئامارێكی فەرمی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم بۆ ساڵی 2021،  120 سەرپێچی تۆمار كراوە كە  78 پەڕاویان تایبەت بووە بەڕاوو سزادانیشی تێدابووە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر 193 پێداویستی راوكردن لەوانەش چەك و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ، لایت ...هتد، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە نزیكەی هەزارو 500 بۆ دوو هەزار سكاڵا تۆمار دەكرێت، غەرامەی راوی باڵندەش لەنێوان 15 بۆ 30 هەزارە». هاوكات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت: « گومرگی هاوردەكردنی باڵندە بەپێی نرخەكەی دەگۆڕێت، كەبڕی لەسەدا 10ی نرخی باڵندەكە وەردەگیرێت، و بەگشتی لەنێوان یەك دۆلار بۆ 15 دۆلار لەبەرامبەر هێنانی باڵندەیەك وەردەگیرێت». هەڤاڵ خەفاف، وتەبێژی فەرمی كۆمەڵەی راوچیانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «كۆمەڵەكەمان چوار هەزار ئەندامی هەیەو هەموویان مۆڵەتیان هەیە، لەكوردستان یەك كۆمەڵەی راوچی هەیە»، وتیشی: لەكوردستان راوی هەڵۆ قەدەغەیەو هیچ ئەندامێكی ئێمە راوی ناكات و هەناردەو هاوردەشی ناكات». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «هەڵۆ گەر لەكاتی كڕبوون نەبێت تەنها تێپەڕبێت راوچی ئاساییە راوی بكات، بەڵام لەكوردستان ئەمە نەبووە بەیاسا، رێژەی هەڵۆ لەكوردستان زۆر نیە». هەریەك لەپۆلیسی دارستان و ژینگەی كوردستان لەگەڵ وتەبێژی فەرمی راوچیانی كوردستان ئامادەن دانیشتن بكەن لەگەڵ گروپی راوچیانی باڵندەی هەڵۆ بۆ گوێگرتن لەگلەیی و گازندەكانیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكانیان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ دەستەی ژینگەی هەرێم. دوو جۆر باڵندەی هەڵۆ لەكوردستان مامەڵەی پێوەدەكرێت هەڵۆی كۆچبەری و هەڵۆی دەواجن (مەسڵەحە)، هەڵۆ كۆچبەرییەكان كە بەكێوی و وەحشی و ئەسڵی ناسراون بەدوو جۆری باش دادەنرێن لەكوردستان ئەوانیش هەڵۆی شاینی دەریایی (بەحری) لەگەڵ هەڵۆی شاخاوی (جەبەلی)یە، شاینی بەحری رووخساری رەشە جەبەلیش حەڵوایی لەگەڵ خاڵ خاڵی رەش دەگمەنترینیان هەڵۆی سپیە، ئەم باڵندانە سێ هێلكە دەكەن و مێیەكەی لەنێرەكەی گەورەترە، هەرچی هەڵۆی دەواجنیشە سەوزو سورو شین لەگەڵ سپیە.

بە پێی ڕاپۆرتی وزەی ئەمەریکا  هەناردەی نەوتی عێراق زیادی کردووە زانیاری وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا  سەبارەت بە هاوردەی نەوتی وڵاتانی بەرهەمهێن بڵاوی کردەوە کە وڵاتەکەیان لە ٨ وڵاتی جیهانەوە بەبری 5 ملیۆن و356 هەزار بەرمیلی رۆژانە نەوتی هاوردە کردوە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کراوەو ئاماژەی بەوە کردووە ، هەفتەی ڕابردوو عێراق بەبری 225 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەى هەناردەکردوە  بەم پێیەش بەراورد بەهەفتەی پیشتر 64 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا بەرزبوەتەوە.  جێی ئاماژەیە, کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق، کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تەمموز خستەڕو کە تێیدا دەردەکەوێت لە مانگى رابردودا عێراق بە بەهاى زیاتر لە (10) ملیار دۆلار نەوتى فرۆشتووە و كۆی ئەو بڕە نەوتە خاوەی بۆ مانگی تەمموز لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردە كراوە 99 ملیۆن و 965 هەزار و 94 بەرمیل بووە.

هاوڵاتی لەكاتێكدا دەوڵەتی عێراق پشت بەنەوت دەبەستێت وەك سەرچاوەی سەرەكی بودجەكەی بەجۆرێك كە لەسەدا ٩٥ی بودجەكەی پارەی فرۆشتنی نەوت ساڵانە دابینی دەكات، كەچی ئەم كەرتە گرنگە بەدەست گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی كارگێڕی و بەهەدەردان و فەرامۆشكردنی گەشەپێدان و نۆژەنكردنەوەوە دەناڵێنێت. پێگەی (ئۆیڵ پرێس)ی ئەمریكی كەتایبەتمەندە بەئابووری لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كەگەندەڵی كەرتی نەوتی لەعێراقدا هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی عێراق نەتوانێت سەقفی داواكارییەكانی لەزیاتركردنی بەرهەمەكانیدا كەچەندین ساڵە ئاواتی بۆ دەخوازێت بەرهەم بهێنێت. عێراق كەخاوەن یەدەگێكی ستراتیژی نەوتەو بەنزیكەیی ١٤٥ ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە كە نەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بەدیبهێنێت كەئەوانیش بەرهەمهێنانی هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتە لەڕۆژێكدا كە لەنێویاندا گرفتەكانی گەندەڵی و خراپی ئیدارەدان و نەبوونی ئاسایش و دابیننەكردنی سەرچاوەی داهاتی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان.  حامد یونس جێگری سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی عێراق دەڵێت:» عێراق پلان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دادەنێت تا بەپێی تێپەڕینی كات بگات بەو ئامانجەی نەخشەی بۆ كێشاوە كەئەویش پێنج تا هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە». هاوكات  عەلی جاسم بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای گەڕان و بەدواداچوونی نەوتی رایگەیاند:» قۆناغی داهاتوو قۆناغی زیادبوونی جموجوڵی گەڕان و بەدواداچوونی نەوتییە بەتایبەت لەناوچەكانی بیابانی رۆژئاواو پارێزگای نەینەوا». عێراق خاوەنی یەدەگێكی جێگیری نەوتە كە بەنزیكەیی ١٤٥ ملیار بەرمیل نەوت دەبێت كەئەمەش بە (نزیكەیی لەسەدا ١٨ی یەدەگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەدا نۆی یەدەگی جیهانی و پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی)ە. بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە چاوەڕواندەكرێت یەدەگی نەوتی عێراق زۆر لەو ژمارانە زیاتر بێـت كە خراونەتەڕوو، ئاژانسەكە مەزەندەی ئەوەی كردووە كە یەدەگی عێراق لەنەوتی خاو ٢٣٢ ملیار بەرمیل بێت.  روونیشیكردەوە:»وەزارەتی نەوتی عێراق كاتێك ساڵی ٢٠١٠ یەدەگی نەوتی بەنزیكەیی ١٤٣ ملیار بەرمیل دیاریكرد، دوای دوو ساڵ جارێكی تر ئاشكرایكرد كە یەدەگەكە ١٤٥ ملیار بەرمیلە، ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە داهاتی نەدۆزراوەی نەوت دەگاتە ٢١٥ ملیار بەرمیل نەوت». هاوكات ئۆیڵا پرێس رایگەیاندووە:  لە ٥٣٠ پێگەدا كەئەگەری ئەوەی هەیە نەوتی تیادابێت، لەساڵی ٢٠١٢ەوە تائێستا تەنیا ١١٣ بیرە نەوت هەڵكەنراوەو لە ٧٣ شوێندا نەوتی تیادابووە، لەوكاتەشەوە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسێ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ چوار ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە كە دەكاتە زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنان بەڕێژەی لەسەدا ٢٥، بەڵام ئەم رێژەیە بەبەراورد بەیەدەگی نەوتی وڵات زۆر كەمە. راپۆرتەكەی ئۆیڵا پرێس جەخت لەوەشدەكاتەوە “ نەتوانینی عێراقی بۆ گەیشتن بەسەقفی ئامانجی كەچەندین ساڵە نەخشەی بۆ كێشاوە كەئەویش گەیشتنە بە شەش ملیۆن تا نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بەهاتنی ساڵی ٢٠٢٠،  كەچی ئێستا ئێمە لەچارەكی كۆتایی ساڵی٢٠٢٢داین و ئەو ئامانجە بەدینەهاتووە ئەویش بەهۆی دوو هۆكارەوە: یەكەمیان ئەو گەندەڵیەیە كە لەساڵی ٢٠٠٣ەوە كەرتی نەوتی گرتووەتەوە، دووهەمیشیان كە دەرئەنجامی هۆكاری یەكەمە بەڵام نەك بەشێوەیەكی گشتی ئەویش شكستهێنانی بەشێكی گرنگە كەدەبێـتەهۆی زیاتركردنی بەرهەمی نەوت، كەئەویش پرۆژەی راكێشانی ئاوی  CSSP لەكێڵگەكانی نەوتدا كە بەبێ ئەوە ناتوانرێت نەوت دەربهێنرێت. هەربەپێی راپۆرتەكە ئەوەی پەیوەستە بەگەندەڵی دامودەزگا حكومییەكانەوە ئەوەیە راپۆرتەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كەتایبەتە بەدیاریكردنی گەندەڵی لەوڵاتانی جیهاندا هەمیشە عێراق لەڕاپۆرتی ساڵانەدا لەڕیزبەندی دەیەمدایە لەكۆی ١٨٠ وڵات كەچووەتە لیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان. دەڵێت:“ ئیختیلاس و چاوپۆشی و گزیكردن و سپیكردنەوەی پارەو بەقاچاخبردنی نەوت و پێدانی بەرتیل لەمامەڵەكردنداو توندوتیژی سیاسی، رێگەی لەوەگرتووە كەدەوڵەتێكی دامەزراوەیی چالاك درووستبكرێت كەبتوانێت خزمەتگوزاری باش پێشكەشبكات». هاوكات شەفافیەتی نێودەوڵەتی تەئكیدیكردەوە: كەدەستوەردانی سیاسی لەدەستەكانی دژایەتی گەندەڵی و بەسیاسیكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی دەبنەهۆی درووستبوونی كۆمەڵگایەكی مەدەنی لاوازو ئاسایشی لاواز، هەروەها كەمی داهات و لاوازی لەلێپێچینەوەی یاسایی كە دەبێتەهۆی سنورداركردنی توانای حكومەت و نەتوانینی لەناوبردنی گەندەڵی كە بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە»، ئەمەش بەهۆكاری سەرەكی دادەنرێت بۆ ئەوەی نەتوانرێت پرۆژەی وێستگەی ئاوی دەریایی تایبەت بەبەهەرمهێنانی نەوتی بەگەڕبخرێت. هاوكات ئۆیڵا پرێس دەڵێت:» ئەگەر عێراق بتوانێت پرۆژەكە بەكەمترین گەندەڵییەوە جێبەجێبكات ئەوا ئەوكات دەتوانێت دەستبكات بەجێبەجێكردنی ئەو پلانەی بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت كێشاویەتی و هەوڵی بەدێهێنانی دەدات». ئاشكراشیكرد: پرۆژەكە ئەوەیە ئاو لەكەنداوی عەرەبییەوە رابكێشرێت و دواتر لەڕێگای بۆرییەوە بپاڵێوێت و ببرێت بۆ كێڵگە نەوتییەكان بەئامانجی زیاتركردنی رێژەی فشار لەناو بیرەكانداو دواتریش دەرهێنانی نەوتی خاو «. هەموو ئەم ئاڵنگاریانە لەكاتێكدایە كەنرخی نەوت بەرزەو لەچاو ساڵانی پێشووتردا بەڕێژەیەكی بەرچاو نرخەكەی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆكارێكی باش دادەنرێت بۆ گەشەی ئابووری عێراق. پێشووتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابوری دەستلەكاركێشاوەی عێراق رایگەیاندبوو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسود بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، لەهەمانكاتدا كاریگەری خستۆتەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانی دیكەی لەخۆراك و كەمكردنەوەی قەرزی دەرەكی عێراق بەبەهای چوار ملیار دۆلار لەساڵی رابردوودا. بەنیسبەت كەرتی نەوتی لەهەرێمیشدا، دۆخەكە هیچ لەوەی بەغدا باشتر نییەو ناشەفافی و گومانێكی زۆر لەسەر قەبارەی وەبەرهێنان و خەرجی و كۆی داهاتەكەی هەیە و رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، تەنانەت كاریگەرییەكی خراپیشی كردۆتە سەر دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و ساڵانە سەرەڕای فرۆشتنی نەوتی بەردەوام كەچی هەرێم هەمیشە لەقەیران و خراپی دۆخی ئابووری و پاشەكەوت و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و چوونە ژێرباری قەرزێكی زۆرەوە بووەتەوە. ئەمە جگەلەوەی هەمیشە پرۆسەی نەوتی هەرێم لەسەرەتای هەناردەكردنەوە تاوەكو ئێستا خەرجی و تێچووەكانی زۆر زیاتر بووە لەو داهاتەی كە بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە، هەر بۆ نموونە بەپێی راپۆرتەكانی دیلۆیت كۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان لەسێ مانگی یەكەمی ساڵی (2022)دا بەهەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) بڕی (39 ملیۆن و 88 هەزار و 710) بەرمیل بووە، بەهاكەی بریتی بووە لە (سێ ملیارو 63 ملیۆن و 356 هەزارو 891) دۆلاری ئەمریكی، لەو بڕەش (یەک ملیارو 719 ملیۆن و 515 هەزارو 659) دۆلاری بەڕێژەی (56.1%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەكە. تەنها بڕی (یەک ملیارو 343 ملیۆن و 841 هەزارو 232) دۆلاری بەڕێژەی (43.9%)ی داهاتی (نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و فرۆشەكانی ناوخۆوە) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. كەواتە ئەو جیاوازییەی لەداهات و خەرجی دروستبووە لەهەردوو چارەكی یەكەمی ساڵەكانی (2021 و 2022) بەمجۆرەن؛ - لەچارەكی یەكەمی (2022) بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بڕی (یەک ملیارو 222 ملیۆن و 643 هەزار و 364) دۆلار داهاتی گشتی نەوت زیادی كردووە بەراورد بەسێ مانگی یەكەمی (2021). بەمانایەكی دیكە لەچارەكی یەكەمی (2022) بەراورد بەسێ مانگی یەكەمی (2021) خەرجی پرۆسەی نەوت بەڕێژەی (1.9%) زیادی كردووە. لەئێستاشدا ئەوەی تێبینی دەكرێت هەرچەندە گەندەڵی و ناشەفافیەت و خراپ ئیدارەدان و بەهەدەردان هەناوی كەرتی نەوتی بەغداو هەرێمی خواردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی جددی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە نەگیراوەتەبەر.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان  له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و نوسراوه‌ ده‌كات كه‌ له‌ 23ی ئابی 2022، له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌بازارِكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) ده‌رچووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕێكاری یاسایی دژی كڕیاران و بازرگانیكه‌رانی نه‌وتی به‌رهه‌م هێنراوی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، نامه‌كه‌ی سۆمۆ هیچی تر نییه‌ له‌ دڵۆپێكی دیكه‌ له‌ رژاندنی زانیاری ناڕاست كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌ڕێكی سیاسی. شه‌ڕێك كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵێكی هه‌ندێك لایه‌نه‌ له‌ به‌غدا بۆ تێكدانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق. هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌ نامه‌كه‌ تێكدانی به‌رده‌وامی دیالۆگی نیازپاكییه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ. ئه‌و دیالۆگه‌ی كه‌ هه‌وڵده‌دات پلانێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی سه‌رچاوه‌ و داهاته‌كانی وزه‌ی عێراق به‌گوێره‌ی ده‌ستووری فیدراڵی دابنێت و رێكبكه‌وێت. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: نامه‌كه‌ی سۆمۆ پشت به‌ بۆچوونێكی سیاسی ده‌به‌ستێت كه‌ له‌لایه‌ن پانێڵێكی پارێزه‌ره‌وه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق" نیشان ده‌ده‌ن. به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییه‌ له‌ عێراق و برِیاری پابه‌ندكه‌ر نییه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی به‌پێی ده‌ستووری فیدراڵی پێكنه‌هاتووه‌ له‌ عێراق. بۆیه‌ ئه‌م پانێڵه‌ له‌ به‌غدا دادگای باڵای فیدراڵی نییه‌ و بۆچوونه‌كانی پانێڵی خۆنمایشكه‌ره‌كان هیچ قورسایییه‌كی یاسایییان له‌ عێراق و شوێنه‌كانی دیكه‌دا نییه‌. بۆچونی پێچه‌وانه‌، وه‌ك چۆن سۆمۆ و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ به‌غدا ده‌یكه‌ن، بریتییه‌ له‌ فێڵكردنێك. فێڵێك كه‌ ده‌ستوور تێكده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كات. ئه‌م هێرشه‌ سیاسییه‌ بۆ سه‌ر ده‌ستووری فیدراڵی عێراق، پاڵنه‌رێكیشه‌ بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری مه‌ركه‌زی كه‌ سه‌رده‌مێكی ترسناكی ڕابردوومان وه‌بیرده‌هێنته‌وه‌. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راشیگه‌یاندوه‌، مادده‌ی ٩٢(٢)ی ده‌ستووری عێراق داوا ده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك ده‌ربكات به‌ زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی بۆ دیاریكردنی كاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. تا ئێستا هیچ یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ ده‌رنه‌چووه‌. بۆیه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌م پانێڵه‌ كه‌ رای ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢یان ده‌ركردووه‌، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووریان نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربرِیوه‌ و بێده‌نگ بووه‌. له‌ 15ی شوباتی 2022، رِۆژی برِیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حكومه‌ت به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ی به‌ ناڕه‌وا و ناده‌ستوور و ناشه‌رعی وه‌سف كرد. جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 28ی شوباتی 2022 به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. به‌یاننامه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشتیوانی لێكرابوو. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا بڕیاری به‌ناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌ ناده‌ستووری وه‌سف كراوه‌ و داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی شه‌رعی كراوه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٩٢ی ده‌ستوور. له‌ مانگی ئازاردا لێدوانی هاوشێوه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا. هه‌روه‌ها له‌ 4ی حوزه‌یرانی 2022، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا خسته‌ڕوو كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی له‌ عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراقی دانه‌مه‌زراوه‌، و ئه‌و ده‌زگایه‌ كه‌ بڕیاری 15ی شوباتی 2022ی ده‌ركردووه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستووری نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو كێڵگه‌كانی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و یاسای نه‌وت و غازی كوردستان به‌پێی برِگه‌كانی ده‌ستووری فیدراڵی عێراق دامه‌زراوه‌. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ یاساناسه‌ پێشه‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. رۆژی 5ی حوزه‌یرانی 2022، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ دۆسیه‌ی دادگایی كرد دژی وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی فیدراڵ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆسیه‌دا داوای ڕاگه‌یاندنی گشتگیری ده‌ستوری بوونی یاسای نه‌وت و غازی كوردستان و ناشه‌رعییه‌تی ڕای ئه‌و پانێله‌ ده‌كات كه‌ وا خۆی نیشان ده‌دات كه‌ دادگای باڵای فیدراڵییه‌. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هۆشداری داوه‌و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو: نه‌ سۆمۆ و نه‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵی سه‌لماندنی شه‌رعیه‌تی دادگای باڵای فیدراڵی به‌ناو دادگا نه‌داوه‌. له‌به‌رئه‌مه‌ش دادگای باڵای فیدراڵی دیاره‌ ناشه‌رعییه‌. هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك ئه‌م ناڕه‌حه‌تییه‌ له‌ناو عێراقدا تێده‌گات، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌متر هه‌ستی پێبكه‌ن. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ناو دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا، و لاوازییه‌ كوشنده‌كانی ئارگیومێنته‌كانی به‌غدا، ستراتیژی به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكێك دروست بكات بۆ دروستكردنی نادڵنیایی له‌ناو بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌ و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌غدا ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ تێبگه‌ین و ڕه‌ت بكرێنه‌وه‌، و به‌ ڕوونی و بێ دوو دڵی له‌ ده‌ستووری فیدراڵ و ئومێدی گه‌لی عێراقدا ده‌بینرێت كه‌ عێراق وه‌ك كۆمارێكی فیدراڵی راسته‌قینه‌ بمێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نه‌شاردوه‌ته‌وه‌ كه‌ مافی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌كانی هایدرۆكاربۆن له‌ سنووری هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووری فیدراڵی و یاسای كوردستاندا هاتووه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و ناردن و فرۆشتن و پاڵاوتنی و به‌كارهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، و پێشبینیش ده‌كرێت به‌رهه‌مهێنان زیاد بكات. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی پابه‌نده‌ به‌ پرۆسه‌ی ناوبژیوانی و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ عێراق. ئه‌و ناكۆكییانه‌ وه‌ك هه‌ر جیاوازییه‌كی تری بیروڕا ده‌بێت به‌ پێی ده‌ستووری فیدراڵی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن. تا ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌نگاوه‌ به‌هێزه‌كان بۆ به‌رگریكردن له‌و مافانه‌.

هاوڵاتی.. نرخی مریشك له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌زین و ئه‌مڕۆ نرخی یه‌ك كیلۆ مریشكی گه‌وره‌ به‌ 1900 دینار فرۆشرا.  ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌، نرخی مریشك له‌ بازارِه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی نرخی كیلۆیه‌ك مریشكی گه‌وره‌ بۆ 1900 دینار دابه‌زی، هاوكات نرخی جۆره‌كانی دیكه‌ مریشكیش دابه‌زینی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینی. ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌دێت، نازم عبدوڵا جاف سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان رایگه‌یاند، له‌ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ 15 ملیار دینار زیان به‌ر پرۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و برِه‌ باسكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌نگی مه‌ترسیه‌ بۆ راوه‌ستاندنی به‌رهه‌مهێنانی مریشكی زیندوو.    

عەمار عەزیز ماوەی زیاتر لە  10 ساڵە مامۆستایانی دهۆك چاوەڕوانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونن، لەكابینەكانی رابردوودا حكومەتی هەرێم پێكەوە بڕیاری دروستكردنی سێ شاری نیشتەجێبوونی بۆ مامۆستایان دەركرد، پرۆژەكانی هەولێرو سلێمانی تەواوبوون، بەڵام تائێستا پرۆژەی دهۆك دەستی پێنەكراوە، ئەو زەویەی بۆ پرۆژەكە تەرخانكرا دواتر دراوە بەبازرگانان بۆ پرۆژەی بازرگانی، یەكێتی مامۆستایان دەڵێت:»ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك هاوكارنەبوون و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆك دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات»، مامۆستایەكیش پێیوایە ئەگەر بێدەنگی مامۆستایان نەبووایە پرۆژەكە ئاوا لەبەین نەدەچوو.  عەوام ئیبراهیم، مامۆستایە لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «من لە 2012وە مامۆستام، زیاتر لە 10 ساڵە چاوەڕێی حكومەت دەكەین شاری مامۆستایان دروستبكات، مووچەی ئێمە كەمەو بەشی خەرجی ماڵ و منداڵ ناكات و بەو مووچەیە هەرگیز ناتوانین شوێنێكی نیشتەجێبوون بكڕین، نازانم جیاوازی ئێمە لەگەڵ مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی چیە، بۆچی پرۆژەكەی ئەوان تەواوبوو ئێمەش هەر لەچاوەڕوانیداین». «داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین پەلەبكەن لەجێبەجێكردنی پرۆژەكە، چونكە سەدان مامۆستا  لەسنوری پارێزگای دهۆك لەخانوو و شوقەی بەكرێدان« عەوام ئیبراهیم وای وت. محەمەد بامەڕنی، مامۆستایە لەپەروەردەی رۆژهەڵات لەناوەندی شاری دهۆك باسی تەواونەكردنی شوقەی مامۆستایانی لەپارێزگای بۆ  هاوڵاتی كردو وتی: « ستەمێكی روون و ئاشكرا لەئێمە كراوە، لەدهۆك شوێنی گۆنجاو بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان هەیەو هیچ بیانوویەك بۆ دواكەوتنی پڕۆژەكە نیە، داواش لەیەكێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە دەكەین چارەنووسی ئەم پرۆژەیەمان بۆ یەكلایی بكاتەوە». مامۆستا محەمەد وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد حەوت ساڵە كرێچیەو لەتوانایدا نیە شوقە یان خانوو بكڕێت، ئەو دەڵێت:» بۆچی بەرپرسان هەرزوو پرۆژەی شاری مامۆستایانیان لەهەولێرو سلێمانی تەواوكرد، بەڵام پرۆژەكەی دهۆك هەر جێبەجێ نەكرا، ئێمەش  مافی خۆمانە شوقە یان خانوویەك بەقیستی درێژخایەن وەربگرین». ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوڵاتی رایگەیاند:»ئەنجومەنی وەزیران لەكابینەی شەشەم ، فەرمانی دەركرد بۆ دروستكردنی سێ شاری مامۆستایان لەهەریەك لەپارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی، لەساڵی 2012 دەستمانكرد بەجێبەجێكردنی پرۆژەی شاری مامۆستایانی سنوری پارێزگای هەولێر، دواتر لە 2014 پرۆژەی شاری مامۆستانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لەپاشان و لەساڵی  2019 بۆ مامۆستایانی سنوری قەزای كەلارو دەوروبەری». وتیشی: «ئیدارەی پارێزگای هەولێرو سلێمانی زۆر لەگەڵ ئێمە هاوكاربوون لەهەمانكاتدا هەماهەنگیەكی زۆر باش لەنێوان ئێمەو بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەهەردوو پارێزگاكەدا هەبوو، بۆیە پرۆژەكانی ئەو دوو پارێزگایە تەواوبوون، لەپارێزگای هەولێر هەزارو 13 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەشكران، كەئەویش خانوو و شوقە بوون بەقیستی 100 مانگ و بەنرخێكی گونجاو». «لەسلێمانیش تەواوبووەو ژمارەی شوقەكانی نزیكەی هەزار و 850 شوقەیە بەقیستی 100 بۆ 110 مانگ و دابەشكرا، پرۆژەی شاری مامۆستایانی كەلاریش سەرووی 60%ی پرۆژەكە تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە « ئەحمەد گەرمیانی وای وت. هاوكات عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:« ئەم بابەتە پەیوەندی بەیەكێتی مامۆستایانەوە هەیە، نازانین هۆكارەكانی دواكەوتنی پرۆژەكە چین، پەیوەندیمان بەو پرسەیە نیە». فەلاح حەجی حەسۆ بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەدهۆك بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 ئەوكات پارچە زەویەك بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایانی دهۆك لەلایەن حكومەتەوە دابینكراوە، دوای ئەوە لەساڵی 2012 پرۆژەكە راگیرا بەهۆی چەند هۆكارێك، دواتر شەڕی داعشی بەسەرداهات ، حكومەت پێویستی بەو پارچەزەویە بوو بۆ ژمارەیەك پرۆژە، دیارە ئەوكات جارێكی تر زەویەكان دابەشكران، بۆیە ئەو گۆڕانكارییە دروستبووە ، ئێستا ئەو پارچەزەویە نەماوە. «مامەڵەكانی شاری مامۆستایانی دهۆكمان بەرێوە بردووە، هیچ دژایەتی پرۆژەكەمان نەكردووەو هاوكاریش بووین، دەرگای ئێمە كراوەیە بۆ یەكێتی مامۆستایان، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ پارچەزەویەكیان بۆ دابین بكەین، دەبێت حكومەت زەوییان بۆ دابین بكات و  دواتر ئێمەش مامەڵەكانیان بەڕێوەدەبەین» فەلاح حەجی حەسۆ وای وت.   بەڵام ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: «بەداخەوە ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئێمە هاوكارنەبوون، لەهەمانكاتدا بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكیش بەهەمان شێوە هیچ هاوكارنەبوون و دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات ئەوەش بەبیانووی هەبوونی چەند تێبینیەك لەسەر كۆمپانیاكە، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان كۆمپانیا پرۆژەی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی بەڕێكوپێكی تەواوكرد». روونیشیكردەوە: « ئەو زەویەی كەپێشتر بڕیاربوو شاری مامۆستایانی دهۆكی لەسەر دروستبكرێت دواتر درا بەسێ بازرگان تاوەكو پرۆژەی بازرگانی لەسەر دروستبكەن، چەندین جاریش سەردانی بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكمان كردووە تازەویەكی تر دەستنیشان بكرێت بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان، بەداخەوە تائێستا هیچ پارچەزەویەك بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دابین نەكراوەو  هیچ نیەتێكیش نیە پرۆژەكە دروستبكرێت، وتیشی: «ئەوان بەردەوام دەبن لەبەدواداچوون بۆ پرۆژەكە، چونكە مافی مامۆستایانی دهۆكە ئەوانیش شوقە بەنرخێكی گونجاو وەربگرن». ژمارەی مامۆستایانی هەرسێ پارێزگا بەبێ مامۆستایانی وانەبێژ بەم شێوەیەیە، پارێزگای دهۆك 28 هەزار، پارێزگای هەولێر نزیكەی 35 هەزار، پارێزگای سلێمانی نزیكەی 32 هەزار مامۆستان. جەمبەد شوكری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەبارەت جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەپێی ئەو دەستەڵاتەی هەمانە بەدواداچوونمان بۆ پرۆژەی شاری مامۆستایان كردووە، لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و وەزیری پەروەردە تاووتوێی پرۆژەكەمان كردووەو داوامانكردوە ئەم یەكانە بۆ مامۆستایان دروستبكرێت». وتیشی: «لەئەنجامی بەدواداچوونەكانمان ئەوەمان بۆ دەركەوت كە بەرپرسانی دهۆك دەیانەوێت شاری مامۆستایان  لەشوێنێكی گونجاو بەكوالێتیەكی باش دروستبكرێت، هەروەها ئەو كێشەو كەموكورتیانەی لەپرۆژەكانی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی كراوە بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دووبارە نەبێتەوە، بۆیە دروستكردنی پرۆژەكە دواكەوتووە». هەر سەبارەت بەدروستنەكردنی شاری مامۆستایان لەدهۆك، لەتیف ئەمین، كەمامۆستایە لەپەروەردەی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: «گومان لەوەدا نییە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای دهۆك باشتر نییە لەمامۆستایانی پارێزگاو شوێنەكانی تر، پێموایە هۆكارەكە نەبوونی فشاری مامۆستایانە بۆ سەر لایەنەكانی پەیوەندیدار بۆ ئەم بابەتە، رەنگە یەكێتی مامۆستایانیش لێرە وەكو پێویست خەم لەمەسەلەكە نەخۆن و تائێستا بەجددی داوایان نەكردبێ، بۆیە پرۆژەكە دەستی پێنەكردووە».  

نیگار عومەر ماوەی دوو ساڵە كشتوكاڵی گەرمیان لەبەر ناوچەكانی رێگری لەچاندنی برنج دەكات لەناوچەكەدا، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ وشكەساڵی و كەمی ئاوی رووباری سیروان و رەوانەكردنی ئاوەكە بۆ ناوچەكانی خانەقین و دیالە، ئەم هۆكارەش وایكردووە بەرهەمی برنجی ناوچەی گەرمیان بۆ زیاتر لەنیوە كەمبكات، بەنموونە لەگوندی بانیخێڵان رێگە بەڕوواندنی لەسەدا 40ی ساڵانی رابردووی برنج دراوە، جوتیارانیش دەڵێن:» حكومەتی هەرێم رێگریمان لێدەكات بەڵام پشتیوانیمان ناكات»، حكومەت بڕیاریداوە بڕێك پارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشەكەساڵی لەگەرمیان تەرخان بكرێت بەڵام هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە گەرمیان. چاندنی برنج لەمانگی شەشەوە دەستپێدەكات و لەناوەڕاستی مانگی 10وە دەدورێتەوە، گوندی بانیخێڵان یەكێكە لەو گوندانەی كەجۆرێك برنجی بەناوبانگی  تێدا بەرهەم دەهێنرێت و ئەم بەرهەمەش بەهۆی كەمئاوی و  رێگری لەچاندنی زیاد لەنیوەی بەرهەمەكەی كەمیكردووە. سیروان محەمەد، جوتیاری گوندی بانیخێڵان سەر بەقەزای دەربەندیخان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەسنوری گوندی بانیخێڵان لەمانگی شەشەوە دەستدەكەین بەچاندنی برنج كەجۆرە برنجێكی بەناوبانگە لەهەموو كوردستان و بەبرنجی (خڕی نەگازە) ناسراوەو تایبەتمەندی جیاوازە لەهەندێ لەناوچەكانی دیكە، ئەویش بەهۆی شوێنی جوگرافیاو ئاوی ناوچەكەوەیە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی كەمئاوییەوە لەلایەن كشتوكاڵەوە ڕێگەنادەن هەموو جوتیارەكان وەك ساڵانی رابردوو برنج بچێنن،  وتیشی: « ئێمە نزیكەی 80 جوتیار دەبین ئێستا رێگەیان بە 30 جوتیار داوە برنج بچێنن، ئەویش بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوەو برنجیش یەكێكە لەو بەرهەمانەی ئاوی زۆری دەوێت». ئەو جوتیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « ساڵانی رابردوو نزیكەی 200 تۆن برنجمان بەرهەمدەهێنا بەڵام دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە نزیكەی 80 تۆن بەرهەم دێت كەزیاد لەنیوە كەمیكردووەو حكومەتیش هیچ هاوكاریەكمان ناكات نە لەڕووی سەمادەوە نە لەڕووی ئامێرە كشتوكاڵیەكانەوە ئەمەش وایكردووە زۆربەی كات خەرجیەكانمان زیاتر بێت لەداهات». حكومەتی هەرێم لەماوەكانی رابردوودا بڕیاریدا كە بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بۆ گەرمیان دابین بكات، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە دەست كشتوكاڵی گەرمیان. شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان لەو رووەوە بۆ هاوڵاتی دواو رایگەیاند: «بەهۆی وشكەساڵیەوە ناوچەی گەرمیان رووبەڕووی زیانی زۆر بووەتەوە بەتایبەت ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی كەپشت بەئاوی باراناو دەبەستێت، لەنێو بەرهەمی هاوینەشدا بۆ ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە لەسنوری گەرمیان رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج هەرچەندە ئەمە زیان بەبەرهەمی جوتیاران دەگەیەنێت، بەڵام ناوچەكانی خانەقین و پاێزگای دیالە رووبەڕووی كەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە بۆیە بەناچاری وامانكردووە چاندنی برنج كە ئاوی زۆر دەوێ نەهێڵین بچێنرێت».   وتیشی:  «بۆ هاوكاریكردن و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران لەزیانەكانی وشكەساڵی داوای (10) ملیار دینارمان كردووە لەوەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە بۆ  نەهاتووە». روونیشیكردەوە: «ساڵانە لەسنوری گەرمیان نزیكەی چوار هەزار دۆنم زەوی دەكرا بەبرنج بەڵام لەئێستادا نزیكەی 70 لەسەد، رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج بەتایبەت ئەو زەویانەی كەسود لەئاوی پرۆژە ئاودێریەكان دەبەستن، وە بۆهاوكاری كردنی ئەم جوتیارانە هەمو ناوكانمان ناردوە بۆ سەروی خۆمان تا هاوكاری بكرێن تا ئێستا هیچ وەڵامێكمان بەدەست نەگەیشتووە».   «جوتیاران: پێیانوایە حكومەت پلانی نیە بۆ پەرەدان بەكەرتی كشتوكاڵ»   شەعبان كوڵەجۆیی، جوتیاری سنوری گەرمیان بۆ هاوڵاتی باس لەوە دەكات،» بەهۆی وشكەساڵیەوە تووشی زەرەرو زیانێكی زۆربووین وای لێهاتووە هەر بەرهەمێك دەچێنین بەشی تێچووەكەی ناكات و لەگیرفانی خۆمان پارەی تێدا خەرج دەكەین». وتیشی،» حكومەت هیچ پشتیوانیەكی جوتیاران ناكات و نرخی پێداویستیەكانیش لەبازاڕدا گرانن، جوتیار جگە لەوەی كەهاوكاری ناكرێت، دوو ساڵە سنوری ناحیەی كۆكس كەنزیكەی 35 گوندە بەهیچ شێوەیەك رێگەمان پێنادرێت برنج بەرهەمبهێنرێت بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوە». وتیشی: «حكومەت هیچ پلانێكی نیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ، چونکە ئاوی رووباری سیروان بەشی ناوچەكانی دیالەو ئێمەش دەكات، بەڵام لەئێستادا زۆربەی زۆری ئەو گوندانەی كەدەكەونە خوارووی ناحیەی كوڵەجۆوە جۆگە ئاوەكانیان لێبڕاوەو رەوانەی پارێزگای دیالە دەكرێت «.  

هاوڵاتی ئاماژەو ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی هاتووەتە ئاراوەو تەنها ماوەتەوە واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە بدات، ئەمریكاو ئێرانیش هەردولا خۆیان ئامادە دەكەن وەك یەكەم هەنگاو هەشت زیندانیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن كەهاوشێوەیە لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2015 لەواژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیدا روویدا. ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ئاشكرایكردووە چوار هاووڵاتی ئەمریكا لەئێران زیندانین و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا چوار هاووڵاتی ئێرانی زیندانی كردووە كە بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت. زۆربەی بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە ئاستی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا خێراتربووە بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێك واژۆ ناكات كەزیانی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی هەبێت.   ئێران خۆی بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئامادە دەكات كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی قەتەری لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئاگاداری پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بڵاویكردووەتەوەوە:  ئێران و وڵاتانی 5+1 لەزیندوكردنەوەی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) نزیكبوونەتەوە  و تاران لەچەند داواكارییەك پاشگەزبووەتەوەو ئەمریكا گەشبینە بەوەی لەدوو هەفتەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنە دوایین بڕیاری لەسەربدرێت. سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەپێی ئەو پێشنیارانەی ئەوروپا خستویەتیەڕوو بۆ لایەنەكان بەتایبەت بۆ واشنتۆن و تاران، لەچوار قۆناغداو لەماوەی 60 رۆژدا رێكاری نوێ بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی كەجەزیرە ناویانی ئاشكرانەكردووە هاتووە: لەگەڵ گەڕانەوەو پابەندبوونی تاران بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەیان ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەبانكەكانی جیهان ئازاد دەكرێن. بەپێی پڕۆسەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقۆناغی یەكەمدا سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا لەسەر 17 بانكی ئێران و 150 دامەزراوەی ئابوریی و بازرگانیی ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان لادەبرێن. ئەو قۆناغەش بەئازادكردنی حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار لە داهاتەكانی ئێران لەكۆریای باشور دەستپێدەكات. هەر لەو پڕۆسەیەدا ئاماژەی بەوەشكراوە ئێران دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا رێگەی پێبدرێت كە 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەی فەرمی بفرۆشێت و ئەمریكا دڵنیایی ئەوە بداتە ئەو وڵاتە كە رێگری لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە تۆمارێكی دەنگی عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران بڵاوبووەتەوە كە وتوویەتی: واشنتۆن رازیی بووە لەقۆناغی یەكەمدا سێ بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدژی تاران هەڵوەشێنێتەوەو ئەو بابەتە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە رادەگەیەنرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونیكردووەتەوە كە واشنتۆن هیچ جۆرە باجێك بەتاران نادات و بەبەردەوامیش هەوڵدەدات ئێران توانای ئەوەی نەبێت بۆمبی ئەتۆم دروستبكات. بەرپرسێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بەكەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئێران لەوەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپا كە رۆژی دووشەممە (15/8/2022) رادەستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای كردووە لەداواكارییەكی سەرەكی پاشگەزبووەتەوە و داوای نەكردووە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری واشنتۆن دەربهێنرێت بۆیە بەوتەی ئەو بەرپرسە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر نزیكە.   دواكاریی و هەنگاوەكانی ئێران تاران لەوەڵامی پێشنیارەكەی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) داوای ئەوەی كردووە كەدەبێت ئەمریكا لەئەگەری دووبارە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی  قەرەبوی ئێران بكاتەوەو ئەوە بەسەرەكیترین داواكاریی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر واشنتۆندا. لەپێشنیارە نوێیەكەی ئەوروپاو لەقۆناغی دەستپێكردنی پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، دەبێت ئێران لەیەكەم هەنگاودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشە بكاتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 تەنها نزیكەی 5% بووە لەكاتێكدا دوای كشانەوەكە لەچەند قۆناغێكدا پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتەوە 60%. هاوكات دەبێت ئێران هەر لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا ژمارەیەك لەكورە ئەتۆمییەكانی كەدەوترێت زیاتر لەسێ هەزار دانەیە لەكاربخات چونكە تەنها دوو هەفتە بەر لەدەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند 500 كورەی ئەتۆمیی لەجۆری (ئار ئای 6)ی خستوەتەكار كە بەنوێترین نەوەی كورەی ئەتۆمیی ئەژمار دەكرێن. ئێران لە رابردووداو لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا رێگەپێدراوبوو بۆ بەكارهێنانی پێنج هەزارو 60 ئامێری سەنتریفیوژ یان كورەی ئەتۆمیی، بۆیە بەپێی پڕۆسەی رێككەوتنەكە دەبێت زۆربەی ئەو ئامێرانە رابگرێت كە لەدوای ساڵی 2018 بەمەبەستی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەكاریهێناوە. روسیا گەشبین نییە روسیا كەیەكێك لەسەرەكیترین لایەنەكانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمییە رایگەیاندووە زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە ئاڵۆزیی زۆری تێدایەو پێویستە هەموولایەك و بەتایبەت ئەمریكا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن. میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لەنەتەوەیەكگرتووەكان كەهاوكات سەرۆكی تیمی دانوستانكاری وڵاتەكەیەتی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەنوێترین لێدوانیدا دەڵێت؛ ئەمریكا هۆكاری دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە چونكە دەیەوێت هەندێك داواكاریی نایاسیی و لەدەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئۆلیانۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە: كە جگە لەپێشنیارەكانی ئەوروپا سێ رەشنووسی دیكە ماوە كەدەبێت لایەنكانی ناو رێككەوتنەكە كۆكبن لەسەری و داواتر واژۆی بكەن. بەبڕوای ئەو سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران دەكرێت رۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەر پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكات. ئەمریكا بڕیاری كۆتایی دەدات تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا بەئاشكراو بەناوهێنانی لەمیدیاكان روونی نەكردووەتەوە كەواشنتۆن لەچ كاتێكدا بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام ئەوەی روونە بڕیاری كۆتایی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لای ئەمریكایەو گرەوی بەختی ئێرانیش هەر لەدەستی ئەو وڵاتەدایە.

سەركۆ جەمال چوونی هێزی كۆماندۆ بۆ  شارەوانی سلێمانی دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەو بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بەشێوەی نایاسایی بۆ رایگشتی یەكلاییكردەوە، تەنها لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی ئەو پرسە دەكرێت مەسەلەكە باڵباڵێنە نەك چاكسازی»، پەرلەمانی كوردستانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەبارەت دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان پێكدەهێنێت، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: « تۆڕەكە تەنها ماسیە بچووكەكان دەگرێت». هێزەكانی كۆماندۆ بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی چوونە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن جیا لەپۆلیسی شارەوانی بەبەردەوامی هێزەكانی ئاسایش شارەوانی سلێمانی دەپارێزن، سەرۆكی شارەوانی-یش دەڵێت: كاری نامۆو ناخۆش روویانداوە كە هەڕەشە لەژیانی هاووڵاتیان و موڵك و ماڵی هاووڵاتیان دەكەن، وتیشی: ژمارەی هێزەكانی پۆلیسی شارەوانی كەمن و من داوای هێزی ئاسایشم كردووە». ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند:»پێنج كەسیان بەتۆمەتی دەڵاڵیكردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەسلێمانی دەستگیركردووە». بەپێی زانیارییەكان جوڵاندنی هێزی كۆماندۆ زیاتر پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هەیە، چونكە لەساڵانی رابردوودا هەزاران دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە كراون بەپرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژەی دیكە، لەوانەش باخەكانی بناری گۆیژەو زەوی مەسڵەحەی كۆن لەسلێمانی، بەڵام ئەو كەسانەی دەستگیركراون هیچیان بەرپرسی گەورەی حزبی نین، بەڵام باس لەوەدەكرێت ئەو كەسانەی دەستدرێژییان بۆ سەر زەوی و موڵك و ماڵی دەوڵەت كردووە بەرپرسانی باڵان، بەڵام ئەوانەی دەستگیركراون هیچان بەرپرسیارێتی باڵایان نیەو تەنها دەڵاڵ و بازرگانن. ئاسایشی سلێمانیش لەو راگەیەنراوەیدا سەبارەت بەدەستگیركردنی تۆمەتباران ئاماژەی بەدەستگیركردنی هیچ بەرپرسێكی باڵا نەكردووە، بەڵام دەڵێت: «بەبڕیاری دادوەر (پێنج) بازرگان و دەڵاڵ كە بەڕێكاری نایاسایی مامەڵەیان بەزەوی و زارو موڵكی گشتییەوە كردووە دەستگیركراون». ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: « دەیان لێپرسراوو فەرمانبەری دامەزراوە كارگێڕییەكان و چەندین كەس كە وەك بریكارو دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییكردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووەو لەلایەن هێزەكانمان بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی كۆماندۆ رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوەو دەستگیركردنیان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەدەستگیركردنی هەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵك پۆستەكانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە». لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پێشتر رایگەیاند: «كۆمەڵێك خەڵك پەیدابوون و بوونەتە مافیا بۆ كۆشك و زەوی و خانوو دوكانەكانی شارەوانی، كۆمەڵێك خەڵكی دەموچاو دووبارە پارەو سەرانە لەخەڵك وەردەگرن، بەناوی حزب و بەناوی مەسئولەوە قسە دەكەن، داوامان لەئاسایشی سلێمانی كردووە پاڵپشت و پشتیوانمان بێت، وتیشی: «قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پشتیوانمن»، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەو رێوشوێنانەی گیراوەتەبەر  ‎هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندیكرد بە لەیلا عومەر بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە. هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەهەریەك لەزەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمانیش ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن. بەوتەی سەرچاوەیەك لەناو شارەوانی سلێمانی، ئەو كەسانەی دەستگیركراون لەلایەن ئاسایشەوە سەرجەمیان لەدەرەوەی شارەوانی سلێمانی بوون، بەڵام مامەڵەیان بەزەوییەكانی شارەوانییەوە كردووە، وەك سەرچاوەكە وتی یەكێك لەو كەسانەی بەناوی (مەلا زاهیر) ناوی دەهێنرێت چەندین ساڵە مامەڵە بەزەوییەكانەوە دەكات و پێشتریش شارەوانی و ئاسایش ئاگاداربوون لەبابەتەكە، لەگەڵ هاتووچۆی سلێمانیش گرێبەستی هەبووە. هاوكات سەرچاوەیەك لەهاتووچۆی سلێمانی  بەهاوڵاتی رایگەیاند: خاوەنی گرێبەستی بەكرێگرتنی گەراجەكان‌و عەریزەی ئەلیكترۆنی هاتوچۆی سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە لەهەڵمەتە ئەمنییەكەی بافڵ تاڵەبانیدا دەستگیركراوە، مەلا زاهیر چەندین وێنەی لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و شێخ ئەحمەدی نۆكان بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی هەیە. (زاهیر تاهیر مەجید) ناسراو بە «مەلا زاهیر» یان «شێخ زاهیر» یەكێك  لەو كەسانەیە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەهەڵمەتێكی هێزەكانی (كۆماندۆ)دا لەسلێمانی دەستگیركراوە. شێخ زاهیر خاوەنی زەوی‌و گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانییە،  جگە لەمە گرێبەستی (عەریزەی ئەلیكترۆنی) بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی پێدراوە و پێشتریش بەشێك لەعەریزەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی پێدراوە. بەوتەی سەرچاوەكە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر (12:45) خولەك هێزەكانی كۆماندۆ لەگەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانی «شێخ زاهیر» ناسراو بە «مەلا زاهیر»یان دەستگیركردووە. زاهیر تاهیر چەمچەماڵی یاخود «شێخ زاهیر» ساڵی 2017 لەزیادكردنێكی ئاشكرادا بەكرێگرتنی گەراجی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ دەرچووە، ئەوانەی لەكاتی خۆیدا ئاگاداری ئەو زیادكردنە ئاشكرایە بوون‌و دەڵێن هەر لەبنەڕەتەوە بەپاڵپشتی ئیدارەی گشتیی یەكێتی زیادكردنەكە بۆ «شێخ زاهیر»‌و كەسێكی تر قۆرخكراوە‌و مەرجەكانی گرێبەستەكەشیان وەكو خۆی جێبەجێ نەكردووە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی هەرێمی كوردستان، دەزگای ئاسایش و سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی هێزەكانی 70 و دەزگای دژەتیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ، رایگەیاند: «لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زارو موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوەو چاوپۆشی لەهیچ كەسێك مەكەن لەهەر پلەو پۆستێكدا بێت.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی تەنیا لەسلێمانی 65 هەزار پارچەزەوی بەنایاسایی مامەڵەیان پێوەكراوەو بەهاكەیان ملیۆنان دۆلارەو چەند بەرپرسێك بەنزیكەی بەبەهای زیاتر لەملیارێك دۆلار زەوییان فرۆشتووە، زۆربەشیان بەناوی هێزی ئەمنییەوە وەرگیراون. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»زەوی لەسلێمانی و لەگەرمیان و لەناوچەكانی دیكەش، بەچەندین شێواز داگیركراوە، بەشێك بەناوی نیشتەجێبوون و بەشێكی بەناوی كەسوكاری شەهیدو پرۆژەی وەرزشی و چەندین شێوەی دیكە. وتیشی: « زەوی نایاب لەلایەن بەرپرسان و هاوڕێیانی بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستاش كەباسی دەكرێت مەسەلە باڵباڵێنە نەك چاكسازی». ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكهێندراوە سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی لەكوردستان و لەلێكۆڵینەوەداین، لەسەرجەم شارەكان دەستبەسەرداگرتنی زەوی هەیە نەك تەنیا سلێمانی». وتیشی: «ئەو زەویانەی دەستیان بەسەرداگیراوە زۆربەیان زەوی خزمەتگوزاری و نایابن، بەڵام دەستتێوەردانی حزبی رێگرە لەوەی ئەو كارە بوەستێندرێت، ئەوەی لەسلێمانیش روودەدات زیاتر ململانێی حزبییە ئەگەرنا ئەوانەی دەستبەسەركراون تەنها كەسە بچووكەكانن و تۆڕەكە ماسییە بچووكەكانی گرتووەو گەورەكانی نەگرتووە.» دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵكی گشتی تەنها پارێزگای سلێمانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو لەشاری هەولێر بەپێی نووسراوێك كەدزەیكردووەو نووسراوێكی نایاساییە زەویەكی گرانبەها كە دەكەوێتە بەرامبەر هۆتێل رۆتاناو لایەكی (٤٠ مەتری) بەرامبەر پارك و لایەكی (١٠٠ مەتری) و لایەكەی تری رێگای موسڵە، ئەگەر ٣٠٪ بكرێتە خزمەتكوزاری ئەوا دەخەمڵێنرێت مەتری (2000) دۆلار بكات، واتە بایی (700 ملیۆن دۆلار)ە بەڵام بەپێی نووسراوەكە بەنایاسایی تاپۆیان كردووەو كراوەتە موڵكی كەسێكی نزیك لەحزب. هەر لەهەولێر زەوییەك كە رووبەرەكەی زیاتر لە 400 مەترە، بەڵام بەكەمتر لە 100 دۆلار كراوە بەناوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ستێر گروپ، كەكۆمپانیایەكی حزبییەو زەوییەكە بەهای هەر مەترێكی نزیكەی دوو هەزار دۆلارە. ساڵانێكی زۆرە لەمیدیاو رایگشتیدا باس بەتاڵانبردنی زەوی و دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی لەشاری سلێمانی و پارێزگاكانی تر دەكرێت لەلایەن بەرپرسان و كەسانی دەستڕۆیشتوو، بەڵام حكومەت و دەسەڵات  هیچ هەنگاوێكیان بۆ رێگری لەم پرسە نەگرتەبەر.

هاوڵاتی دوای کەمکردنەوەی هەناردەی گازی شل لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، بەرلین بەنیازە دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە بکات، کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش نایشارنەوە، کە بڕینی گازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا دروست دەكات. کۆمپانیاى یونیبەرى ئەڵمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە ڕۆژى ٢٩ى ئەم مانگەوە بەمەبەستى پڕکردنەوەی ئەو کەمووکورتیەی، کە بەهۆى برینی غازی ڕووسیاوە دروست بووە، وڵاتەکەمان دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە دەکات. کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە بڕینی غازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا، كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا لە ناوچەکەدا دروست دەكات. ڕۆژى ٢٧ى تەمموز کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى ڕایگەیاند، بڕی هەناردەکردنى گازی سروشتی وڵاتەکەمان بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگەى بۆری گازی نۆرد ستریم ١ بۆ ٢٠٪ کەمدەکەینەوە. ڕۆژى ٢٥ى تەمموزیش کۆمپانیاى گازپرۆم ڕایگەیاند، کە لەمەودوا هەناردەکردنى غاز بۆ وڵاتانى ئەندامى یەکێتى ئەوروپا بەهۆى بوونى کێشەى تەکنیکى لە بۆرى ستریم-ى یەک بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمدەکەینەوە. ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بڵاویکردەوە، هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا لە رێگەی بۆری نۆرد ستریمەوە لەنێوان ڕۆژانى ٣١ ى ئەم مانگە تا ٢ ى مانگى داهاتوو بەهۆى کارکردن و نۆژەنکردنەوەى وێستگەی غازی ترێنت ٦٠ ڕادەگرین ڕووسیا دووەم گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنەری غاز و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، بەجۆرێک، ڕێژەى ١٧٪ ى بەرهەمی غازی جیهان، ڕێژەى ١٢٪ ى بەرهەمی نەوتی جیهان بەرهەم دێنێت .

هاوڵاتی بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا. لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت. بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات. لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت. عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە. بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە. ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن. لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە ‌كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا. وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی  2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە  بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.

هاوڵاتی به‌پێی لێدوانێکی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەیان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەداوە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە. عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقلە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٠ ملیار دۆلار و گوتی: "پێشبنی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەمان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاندووە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣١ تۆن و روونی کردووەتەوە کە یەدەگی زێڕ بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد ناکات، بەڵکو لە ماوەی درێژخایەندا زیاد دەکات. ئەمەیش لە کاتێکدایە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.