پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، دژى سەپاندنى سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی هاتوەتە دەنگ و داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییکردووەو هەڵوێستی توند وەربگرن، جەختیش لەسەر ئەوەدەکاتەوە سێدارەی ئەوان لە بەرانبەر هێزو بەرخودانى ئێمە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت. پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "یاخییبوون و ئەندامێتی" لە پژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەمرۆ یەکشەمە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە رایگەیاند: " لە بنەڕەتدا سەپاندنی سزای سێدارە بە سەرپەخشان عەزیزی و دواتریش ب سەر وریشە مورادی تەنانەت بە پێی خودی یاسا نامرۆییەکانی رژیمی ئیسلامی، هیچ پێگەیەکی یاسایی نیەو بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە. لەیەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى پژاکدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران هەڵوێستی توند وەربگرن، هاوکات دەڵێت: با بە رۆحی شۆرشی "ژن ژیان ئازادی"، بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەین کە سێدارەی ئەوان لە بەرانبەر بەرخۆدانی ئێمە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت." راشیگەیاندووە: " سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پەخشان عەزیزی و پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی ئەم حوکمە دژە مرۆییە، روانگەو ئامانجی هاوبەشی رژیمی ئیسلامی و داعش لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازو گەلی کورد نیشان دەدات، تەنیا رێگای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لە پەیرەوکردنی سیاسەتی مشتی ئاسنین لە ناوخۆ دا دەبینێت". پارتى ژیانى ئازاد لە راگەیەندراوەیاندە ئەوە دەخەنە ڕوو هەر جۆرە هەڵسووکەوتێک لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازدا، هەڵسووکەوت لە بەرانبەر نرخ و کەرامەتی گەلی ئێمەیە. دەشڵێن: هەربۆیە پێویستە دەستبەجێ سزای سێدارە لە سەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی هەڵبوەشێت و لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن." پژاک لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا جەختیشی کردووەتەوە بەرخۆدانی ئازادیخوازان و بە تایبەتی ژنان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێچارە و دەستەوەستان کردووە.
ئەمرۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕیاز میوانداری کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا. سەرچاوەکان بە شەرق ئەوسەتیان ڕاگەیاندوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانى، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات، جگە لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە. وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا، پێش ئەوەی گفتوگۆی فراوانتر لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانیان و نوێنەری ڕێکخراوە بەشداربووەکان بکەن، بەپێی هەمان سەرچاوە. لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جێگری وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەیەکی فرەقۆڵی دەکات کە سعوودیە بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ناوچەکەو هاوبەشە جیهانییەکان بۆ هەماهەنگی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گەلی سوریا رێکیدەخات. باڵیۆزی سوریا لە سعودیە، ئەیمەن سوسان، جەختی لەوە کردەوە کە “سعودیە کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە، و توانایەکی گەورەى هەیە دەتوانێت پاڵپشتی سوریا بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت”. چەند ڕۆژێکە سعودیە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە خۆراک و شوێنی حەوانەوە و پێداویستی پزیشکی دەگوازێتەوە، هاوکاری مرۆیی بۆ دیمەشق دەنێرێت. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ئێستا گەلی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە سیرین خانوویەکی بۆردوومان کرد، ئەندامێکى خێزانێک لەو روداوەدا بوونە قوربانى کەپێکهاتوون لە باوکێک و دوو منداڵی کچی شەهیدبوون، هەروەها هاوسەرى پیاوەکەو ٥ منداڵی ترى هەمان خێزان برینداربوون. ئاژانسەکانى هەواڵى رۆژئاواو نزیک لە هەسەدە، بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمرۆ شەممە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە گوندی مەسرەب لە شاری سیرینی سەر بە کانتۆنی فورات، خانوویەکی بۆردوومان کردوەو کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. بەپێى زانیاریەکانى ئەو ئاژانسانە، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردوەتە سەر ئەندانمانى ئەو خێزانەکە، لە ئەنجامدا سێ کەس شەهیدبوون بەناوەکانى ئیسماعیل حەسەن مستەفا (٣٧ ساڵ)و ٢ منداڵی ئەو پیاوە شەهیدبوون. هەروەها شەش ٦ کەسی تر لە ئەندامانى هەمان خێزان بریندار بوون. بارى تەندروستى هاوسەرى پیاەکە خراپە. ناوی شەهیدەکان: ئیسماعیل حەسەن مستەفا (٣٧ ساڵ)، فاتمە ئیسماعیل مستەفا (١٢ ساڵ) و عایشە ئیسماعیل مستەفا (١٣ ساڵ). ناوی بریندارەکان: حەسەن ئیسماعیل مستەفا (١٠ ساڵ)، خلود ئیسماعیل مستەفا (٨ ساڵ)، ئیمان ئیسماعیل مستەفا (٥ ساڵ)، عەلی ئیسماعیل مستەفا (٢ ساڵ)، بەحریە ئیسماعیل مستەفا (١ ساڵ). زیاتر لەمانگێکە دەوڵەتى تورکیاو بەکرێگیراوەکانى بەفرۆکەى جەنگى و فرۆکەى بێ فرۆکەوان و چەکى جۆراو جۆر، بۆردوومان و هێرش دەکەنە سەر شارو گوندەکانى رۆژئاواى کوردستان، بەتایبەتى ناوچەکانى منبج و دەوروبەرى بەنداوى تشرین. بەهۆى ئەو بۆردومانانەشەوە مەترسى گەورە لەسەر بەنداوى تشرین لە زیادبووندایە کە زیانێکی بەرچاو بە پێکهاتەی کۆنکرێتی بەنداوەکە بگەیەنێت، کە مەترسی داڕمان و کارەساتی گەورە بەدرێژایی ڕووباری فورات و ناوچەکانی دەوروبەری لێدەکەوێتەوە، داگیرکاری تورکیا بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆدایە لە هەموو ئەو شتانەی کە بەسەر بەنداوەکەدا دێت.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەمرۆ شەممە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستی کردووە بە دەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون. کەناڵی 12 ئیسرائیل لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ دەستیکردووە بەدەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکاندا، و ئەویش "پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنەکە تەواو بکات پێش ئەوەی دەستبەکاربێت لە ٢٠ى ئەم مانگە". ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێشنیازەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی فیلادلفیا و دەروازەی نیتساریم لە دوا ڕۆژی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی بەشێکی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا خاڵەکانی چاودێری ئیسرائیل، لە کۆتا ڕۆژی قۆناغی سێیەمیشدا کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەبێت. بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە میدیاکانی ڕاگەیاند: دیدگای کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەواو بووە، ڕێککەوتن لەنێوان ناوبژیوانەکاندا هەیە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. بەپێی سەرچاوەکان، هەردوولا لەسەر هێڵکارییە گشتییەکانی قۆناغی دووەم ڕێککەوتوون، خاڵە ناکۆکییەکانیش لە کاتی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمدا دواخران بۆ گفتوگۆکردن. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری و ژمارەی بارهەڵگرەکان وردە وردە لە ڕێگەی دەروازەی سەڵاح الدین و دەروازەی کەرەم شالوم لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە زیاد دەکات. هەروەها دەروازەی ڕەفعەت وردە وردە دەکرێتەوە، سەرەتا لە حاڵەتە فریاگوزاریەکانی وەک نەخۆش و بریندارەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر ژمارە و پۆلەکانی زیاد دەکرێت. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، کە لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە ئیسرائیل.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت، ئەو گروپەى داعش کەویستویانە، مەزارگەى زەینەب لە دیمشق بتەقێننەوە، لەژێر دەسەلاتى ئەوانەوە نەرۆشتوون و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەن هاوکاری پێشکەش بە ئیدارەی دیمەشق بکەن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان. ئاژانسى ساناى حکومەتى سوریا، ئەمرۆ بڵاویکردەوە هێزە ئەمنیەکان توانیویانە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکدا بگرن کە بۆمبڕێژکراوبووەو گروپێکى داعش، ویستویانە مەزارگەى زەینەب بتەقێننەوە، بەڵام شکستیان هێناوەو دەستگیرکراون، ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوەی کردوە ئەو ئۆتۆمبێلە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەوە رۆشتوون. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ لە ئیدارەی نوێی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا، گیراوە لە ناوچەکەکانى ژێر کۆنترۆڵى هەسەدەوە بەرەو شاری حەلەب دەهات". ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوەو دەڵین: ئێمە ئەم بانگەشە بەپەلەو تۆمەتانە درۆ یانە رەتدەکەینەوە، لەسەر بنەمای بەڵگەی واقیعی یان لێکۆڵینەوەی شەفاف نین. هەسەدە لەبەیاننامەکەشیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى ئەوان و ناوچەی حەلەب پڕن لە کوتلەى بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا، هەروەها بەرژەوەندییەکی تەواویان هەیە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی کە هاوڕێی گفتوگۆی نێوان ئێمەیە هێزەکان و بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دیمەشق. هەسەدە دەڵێن: بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، هێزەکانمان پێشنیاری هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لە ئیدارەی دیمەشق بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی لایەنە ڕاستەقینەکانی پشت تەقینەوەکان و ناردنی تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی دیکە.
ــ نرخی شتومەکی خۆراکی سەرەتایی زیاتر لە ٧٠% بەرزبووەتەوە ــ تەماتە بەرزترین رێژەى بەرزبوونەوەی نرخی بەخۆیەوە بینیوە ــ مریشک 40% بەرزبووەتەوە، گۆشتی سووریش بە ڕێژەی 39%. ئیبراهیم سادقی فەر، سەرۆکی ئینستیتیوتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ئێران ئاشکرایدەکات، نزیکەی 27%ی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵى هەژاریدا دەژین و تواناى دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نیەو ڕووبەڕووی ئاستەنگى گەورەبونەتەوە. ئەو بەرپرسە، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، هەژاری لە ئێران پرسێکی پەراوێزیی نییە، بەڵکو بووەتە واقیعێکی حاشا هەڵنەگر کە کاریگەری لەسەر بەشێکی زۆری کۆمەڵگا هەیە. لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییە بەو مانایەیە کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەمەش شتێکە کە هەموو جیهان سەرسام دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرچاوانەی کە ئێران خاوەنییەتی، چ لەڕووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییەوە، یان سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی لە کەرتی وزەداجگە لەوەش بۆ ناوبانگەکەی لە بواری پیشەسازی نەریتی و میراتی و پیشەسازی دەستیدا. نرخەکان لە ئێران ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ، بڕینی کارەباو گاز بۆ کەرتی پیشەسازی و ڕاپۆرتی میدیاکان سەبارەت بە هەڵاوسانی بێ وێنە لە بازاڕی خۆراکدا. ماڵپەڕی نور نیوز کە نزیکە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تەماتە بەرزترین بەرزبوونەوەی نرخی لە نێو بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا بەخۆیەوە بینیوە کە بە ڕێژەی ٧٦% و لە دوای ئەویش پەتاتە بە ڕێژەی ٧٤.٣% و پیاز بە ڕێژەی ٧١.١% نرخەکانیان بەرزبۆتەوە. بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، نرخی شەکر لە مانگی کانوونی دووەمدا بە ڕێژەی ٦٦%، برنجی ئێرانی بە ڕێژەی ٥٦%، و زەیتی خواردن بە ڕێژەی ٤٠% بەرزبووەتەوە، نرخی مریشک بە ڕێژەی 40% بەرزبووەتەوە، گۆشتی سووریش بە ڕێژەی 39%. کەمترین بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بە نانی “تافتۆن”ی دروستکراوی ئامێرەوە هەبووە بە ڕێژەی ٢٣%، و نانی “لەواشە” بە ڕێژەی ٣١.٥%. ئەم بەرزبوونەوەی نرخە لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی ئێران لەم دواییانەدا ڕایگەیاند، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٣٦% کە نزمترین ڕێژەیە لە ماوەی ٥٠ مانگدا. بەڵام شرۆڤەکاران کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئامارەکانی بانکی ناوەندی و واقیعی بازاڕدا دەبینن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بانکەکە دەستکاری ئامارەکان دەکات بە گۆڕینی ساڵی بنەڕەتی بۆ ئەوەی داتای لەبار بدات بە دەسەڵاتداران. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەردەوامە؛ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕ. لەو چوارچێوەیەدا، میدیاکان ئاماژەیان بەوەداوە زۆرێک لە کاڵاو کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنان لە ئێران هاوردە دەکرێن، ئەمەش وا دەکات نرخەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕیان لەسەر بێت. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش ناجێگیری بازاڕ توندتر دەکات و نیگەرانییەکانی بەکاربەران زیاد دەکات. هەروەها هۆشداریشیدا کە بەردەوامبوونی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانێت بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، جگە لە گرفتی وەک کەمی کاڵا و قۆرخکاری لە بازاڕدا. لەو چوارچێوەیەدا بەڵگەنامەیەکی میدیایی دەریخستووە کە نرخی زەیتی چێشتلێنان لە ماڵەکاندا بە ڕێژەی ١٥% بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی ڕۆنی پیشەسازی کە لەکەرتە پیشەییەکان بەکاردەهێنرێت بە ڕێژەی ٢١% بەرزبووەتەوە. دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەریخستووە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا ٢٦ کاڵا شایەتی بەرزبوونەوەی نرخیان لە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ٣١% تێپەڕاندووە، لە کۆی ٥٣ کاڵای خۆراکی هەڵبژێردراو لە ناوچە شارییەکان.
ــ میقاتی هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتێکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرعەوە پێگەشت ــ سەرۆکی هەڵبژێردراوی لوبنان بەڵێنیداوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ سوریا هەبێت سەرچاوەیەک لە حکومەتى لوبنانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەردانى سوریا دەکات، لەگەڵ ئەحمەد ئەشەرع، سەرۆکى کاتى سوریا لە دیمەشق کۆدەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانى سەرۆک وەزیرانى وڵاتێک لەدوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی پایتەختی سوریا بکات، هەروەها ئەم سەردانەش یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ سوریایە لە ماوەی ١٥ ساڵدا. نەجیب میقاتی هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتێکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرعەوە پێگەشت و بەفەرمى بانگهێشتى ناوبراوى کرد بۆ ئەوەی سەردانی سوریا بکات. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو جۆزێف عەون، وەەک سەرۆکی نوێى لوبنان سوێندی دەستووری لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەى خوارد، دوای ئەوەی لە خولی دووەمی دەنگدان بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا. سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی لوبنان لە وتارەکەیدا لە سوێند خواردنەکەیدا بەڵێنیدا "پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتی سوریا" دابمەزرێنێت. عەون خوازیاری "دیالۆگی جددی لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو دەوڵەت" جەختی لەسەر پاراستنی سنوورەکانی نێوان سوریا و لوبنان کردەوە. لای خۆیەوە، شەرع، دوای سەرکردایەتیکردنی ئیدارەی نوێ، دوای داڕمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی دووەم لەسەر دەستی کوتلە چەکدارەکان، هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی بەهێز بکات. شەرع ڕایگەیاند بەدوای پەیوەندییەکی باشدا دەگەڕێت لەگەڵ هەموو دراوسێکانی دەوروبەری سوریا.
ــ هاوکارییەمرۆییەکان بۆ حەماس دەچێت، ئەمەش هێزیان دەداتێ ــ تا کاتی دەستبەکاربوونی ترەمپ سەرۆکی چاوەڕوان دەبن یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند داوای لە سەرکردایەتی سوپای وڵاتەکەى کردووە پلانێک بۆ "شکستپێهێنانی حەماس" لە کەرتی غەززە بخاتەڕوو ئەگەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تا کاتی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا شکستی هێنا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایدەکات داواى لە سوپای ئیسرائیل کردووە پلانێکى بۆ ئامادەبکەن، بۆ شکستی تەواوەتی حەماس لە غەززە ئەگەر تا کاتی دەستبەکاربوونی سەرۆک ترامپ ڕفێنراوەکان ئازاد نەکرێت لە ٢٠ی ئەم مانگە. لە ماوەی چەند مانگێک لە کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سێ ئامانجی بۆ شەڕەکە داناوە، لەناوبردنی حەماس، ئازادکردنی دیلەکان و گەیشتن بە ئاسایشی تەواولە تەلئەبیب. ڕۆژی سێشەممەى رابردوو، جیۆرا ئیلاند، تەلارسازێکی “پلانی ژەنەڕاڵەکان”ی ئیسرائیل و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند کە فشارە سەربازییەکان “بەشێکیان سەرکەوتوو بوون لە لاوازکردنی دەسەڵاتی سەربازیی حەماس، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجی سەرەکی: ئازادکردن زیندانییەکان و کۆتاییهێنان بە حەماس”. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕ و ئاگربەست لە غەززە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتە بەردەوامانەی کە ئۆپۆزسیۆن و بنەماڵەی زیندانیانی ئیسرائیلی لە دژی نەتانیاهۆ خستووەتە بەردەم ناتانیاهۆ بە ڕێگریکردن لە هەر ڕێککەوتنێک بۆ پاراستنی پێگەی غەززە. یسرائیل كاتز وهزیری بهرگریی ئیسرائیل، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى وت: نابێت ئێمە بکێشرێین بە شەڕی پەرتبوون لە دژی حەماس لە غەززە، لە کاتێکدا ڕفێنراوەکان لە تونێلەکاندا دەمێننەوە و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و ئازارێکی زۆر دەچێژن. کاتز ئاماژەی بە ئەگەری قبوڵکردنی پێشنیارێک کرد لەلایەن وەزیرەکانەوە، لەنێویاندا ئیتامار بن غاڤیۆر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بیزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی، داوای بڕینی یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییە کە لە ئێستاوە کەم بووە بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. وتیشی: داوام لە سوپا کرد ئاماژە بەو خاڵانە بکات کە ڕەنگە جێبەجێکردنی پلانەکە قورس بێت، لەوانەش پرسی مرۆیی و پرسەکانی تر، و ئەوە بۆ ئاستی سیاسی جێبهێڵێت تا بڕیاری پێویست بدات. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە بانگەشەی ئەوەشی کردووە، کە هاوکارییەکان بۆ حەماس دەچێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنەوەی هێزی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاند، نێردراوانی ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هۆشدارییانداوە بە ئیدارەی نوێى سوریا، لە دانانی چەکدارانی بیانی بۆ پۆستە باڵا سەربازییەکان. بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، هۆشدارییەکەی ئەمریکا بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ پاڵنانی سەرکردە نوێیەکانی سوریا بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بەو هەنگاوەدا. لە کۆبوونەوەی نێوان دانیال ڕوبینشتاین، نوێنەری پێشوی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریاو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، ڕۆژی چوارشەممەى رابردوو لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، "ئەم دامەزراندنانە یارمەتیدەریان نابێت بۆ پاراستنی ناوبانگیان لە ئەمەریکا". بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستانەکان ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا، ژان نۆئێل بارۆت و ئانالینا بایربۆک، لە میانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شەراع لە ٣ی ئەم مانگە، پرسی ئەو چەکدارە بیانییەیان وروژاندووە کە لە سوپای سوریا وەرگیراون. دەستەى تەحریر شام سەرکردایەتی هێرشێکی کرد کە لە ٨ی کانوونی دووەمدا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای ڕووخاند. لەو کاتەوە حکومەتێک لەو وڵاتە دامەزراو سوپای ئەسەد هەڵوەشایەوە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانەوەی هێزى سەربازى و سوپاى ئەو وڵاتە لە ئارادایە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڕێکخراوەکە نزیکەی 50 دامەزراندنی ئەنجامداوە، لەنێویاندا لانیکەم شەش چەکداری بیانی لەنێویاندا چینی و ئاسیای ناوەڕاست، ڕەگەزنامەی تورک، میسری و ئوردنی. دەستە تەحریر شام و گروپە هاوپەیمانەکانی بریتین لە سەدان چەکداری بیانی کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی ١٣ ساڵەدا هاتوونەتە سوریا. پایتەختە بیانییەکان بە گشتی وەک هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی چەکدارە بیانییەکان دەڕوانن، گومانیان لەوە هەیە کە ڕەنگە هەندێکیان دوای بەدەستهێنانی ئەزموون لە دەرەوەی وڵات هەوڵی ئەنجامدانی هێرش لە وڵاتەکانی خۆیان بدەن.
لە هەڵمەتێکى چرى هێرشى هاوبەشی ئەمەریکاو بەریتانیاو ئیسرائیل، زیاتر لە 30 شوێنى سەربازیی حوسییەکانیان لە ناوچە جیاجیاکان کرایە ئامانج لە سەنعای پایتەخت. ئەو شوێنانە بریتین لە بەندەری حەدید لە دەوروبەری گۆڕەپانی سابین، کەمپی ٤٨، چیای عتان، سەربازگەى حەفاو وێستگەی کارەباو کۆگاکانی چەک و تونێل و شوێنی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی حەرف سوفیان لە نێوان پارێزگاکانی عەمران و سەعدە لە باکووری یەمەن هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها چەندین هەڵمەتى هێرشى گەورە بۆ سەر بەندەرەکانی حودەیدە و ڕاس عیسایان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن کە دەڕوانێتە سەر دەریا. هەر لەو چوارچێوەیەشدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان ئامانجەکانیان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای یەمەن پێکاوە، لەوانە وێستگەیەکی کارەبا و دوو بەندەر کە لەلایەن حوسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون. ئیسرائیل بۆ پێنجەمین جار هێرشی ئاسمانی و یەکەمینى ساڵی نوێدا ئەنجامداوە، لە کاردانەوە بە پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان لە ڕۆژی هەینیدا دامەزراوە و شوێنە سەربازییەکانی سەنعاو عەمران و هەروەها بەندەرەکانی حودەیدە و ڕاس عیسا لەسەر دەریای سوور کردە ئامانج، هاوتەریب لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەوەى خستوەتە ڕوو ٢٠ فڕۆکە بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر یەمەن کردووەو ٥٠ بۆمبیان فڕێداوەو پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ناوەڕاستی ئاسمان بۆ فرۆکەکان ئەنجامدراوە. سوپای یەمەن ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و قوڵایی ناوخۆی یەمەن بۆردومان کردووە. پێش ئەو هێرشانە، وتەبێژی بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان)، یەحیا ساری، ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەلئەبیبیان کردە ئامانج، هەروەها ژمارەیەک ئامانج لە ناوچەی یافای داگیرکراو بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و توانیان بە سەرکەوتوویی بگەنە ئەو ناوچەیە ئامانجەکانیان. میدیاکانی حوسییەکان بڵاویان کردەوە فڕۆکەى ئەمریکی و بەریتانیاییەکان نزیکەی ١٢ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای عەمران لە باکووری شاری سەنعا دەستپێکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو هەڵمەتانە ناحیەی حەرف سوفیان لە پارێزگای سەنعایان کردۆتە ئامانج. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، ئەمریکا هاوپەیمانییەکی بە ناوی “پارێزەری خۆشگوزەرانی” دامەزراند؛ لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوورو کەنداوی عەدەن، پێش دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی کە لە ١٢ی ١ی ٢٠٢٤ دەست پێدەکات و بەریتانیا لە ژمارەیەک هێرشدا بەشداری کردووە. حوسیەکان هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن زیاتر لە ساڵێکە لە هەوڵێکدا بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئیسرائیلدا، هێرش دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و دەشڵێت، وەک هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە غەززە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەمرۆ هەینی لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردوەتەوە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییە 40 ساڵەکەی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، هیوای بۆ ئاشتی لە تورکیا بەرزکردۆتەوە. بەڵام دۆخی هێزە کوردییەکان لە سوریا و نادڵنیایی دەربارەی مەرامەکانی ئەنقەرە لەو وڵاتە نیگەرانییەکی زۆری لای کوردەکان دروست کردووە و وایکردووە دوودڵ بن لەو ڕێگەیەی کە لە بەردەمییاندایە. رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت و پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێشەوە بچێت. تا ئێستاش ململانێکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40,000 کەس لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، هەروەها بووەتە هۆی کەمی گەشەپێدان لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و کەوتنەوەی دووبەرەکی قووڵی سیاسیی. دەم پارتیش لە کۆتایی مانگی دوانزەدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆبوونەوە، لەو کاتەوە پارتەکە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکانی دیکەدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی پێشنیارەکەی ئۆجەلانییان کردووە، هەردوولاش دەڵێن گفتوگۆکان " ئەرێنی " بوون. دوو سەرچاوەی دەم پارتی بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە کە بڕیارە پارتەکە جارێکی دیکە لە 15 ی مانگی یەکدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە.
ــ هەسەدە ئامادهیە ببێتە بهشێك له وهزارهتی بهرگری سوریا ــ بۆ كۆنگرهی نیشتمانیی سوریا هێشتا بانگێشتنهكراوین ــ ئامادهین ڕێکبكهوین لهبارهی یهكپارچهیی خاكی سوریا فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سوریای دیموكرات، رایدەگەیەنێت ئەگەر تورکیاو گروپەکانى ترى هاوپەیمانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکان رابگرن و کۆتایی بە ئۆپراسیۆنى سەربازى بهێنرێت و ئاگربەست و ئاشتى گشتگیر لەسوریا بەدیبێت، ئەوان شەرڤانان دەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان. لە دیدارێكی تایبهتیدا لهگهڵ كهناڵی تەلەفزیۆنى سكای نیوز ئەمرۆ هەینى بڵاوکراوەتەوە، دامەزڵوم عهبدی فهرماندهی گشتیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (ههسهده)، باسی بارودۆخی سوریای دوای ئهسهد و ههوڵهكان بۆ بهشداریكردن له حكومهتی نوێی سوریا، ههروهها جێكردنهوهی هێزهكانی ههسهده لهناو وهزارهتی بهرگریی سوریادا دەکات. لەبەشێکى قسەکانیدا، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە دەڵێت: پێشتر داوامان لەشەرڤانانکرد هاوکاری هێزو گەلەکەمان بکەن بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانمان لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش،، ئێستاش دەڵێن تا وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە سوریا بەدینەیەت کە تا ئێستا ئەوە ڕوینەداوە، ئەوان شەرڤانان ناگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان. فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سوریای دیموكرات، ئاماژهی بۆ ئهوه كردووه كه له سهرهتای پێكهێنانی ههسهدهوه له ساڵی 2015ـدا، ڕایانگهیاندووه كه له سوریای دواڕۆژدا دهبنه بهشێك له وهزارهتی بهرگریی سوریا و ئێستاش كه ئهو دهرفهته هاتووهتهپێش، ئامادهن ببنه بهشێك له وهزارهتی بهرگری. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جهختدهكاتهوه لهوهی ئامادهن لهگهڵ حكومهتی ڕاگوزهری سوریادا ڕێبكهون و لهبارهی یهكپارچهیی خاكی سوریاوه كۆكن و لهو بارهیهوه، وتی: بە گشتی و لە ڕووی پرەنسیپەوە لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە داهاتووی سوریا هاوڕاین، بهڵام وهكو دهزانن، چهندین وردهكاریی كرداریی ههن كه سورییهكان چاوهڕوانی چارهسهركردنیانن". لهبارهی بهشداریكردنیان "كۆنگرهی نیشتمانیی سوریادا كه بڕیاره بهمنزیكانه بهڕێوهببرێت، مهزڵوم عهبدی ڕایگهیاند، "هێشتا بانگێشتنهكراوین، بهڵام بۆچوونمان وایه دهبێت نوێنهرانی گشت پێكهاته و ناوچه و هێزهكانی سوریا بهشداریی لهو كۆنگرهیهدا بكهن".
هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، رایدەیەگەنێت، بهردهوام دهبن له شهڕی تیرۆر، وتى: پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆر یەکێک دەبێت لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی ساڵی 2025، چیرۆکەکەمان له سوریاش تازە دەستیپێکردووە. پاشنیوەڕۆى ئەمرۆ هەینى، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ، هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، ڕایگەیاند کە ناوچەکە ئێستا لە شەڕو ململانێکان بێزار بووە و وتی، "ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و هاودەنگی و هاوکاریی بەردەوام هەیە. ئەو، جهختیكردهوه له درێژهدان به شهڕ له ڕۆژئاوای كوردستان و به ناوهێنانی یهكینهكانی پاراستنی گهل (یهپهگه) وتی، "تیرۆر له سوریا مهترسییه بۆ سهر توركیا و دهبێت خاكی سوریا له تیرۆر پاكبكرێتهوه". وەزیرەکەى تورکیا، هیوای ئەوەى خواست پرۆسەی گواستنەوە لە سوریا لە داهاتوودا بە لێکتێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و یەکگرتوویی تەواو بێت. وتیشى: ئامانجی یەکەمی سەرجەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم ناوچەیە هەمیشە تورکیایە، بەشێوەیەکی سروشتی وڵاتەکەمان بەهەمان شێوە کاریگەرترین شەڕی دژی تیرۆر بەڕێوەدەبات. بەوتەى هاکان فیدان، ئەوان وەک تورکیا، ئەو دەسەڵات و تواناو ئیرادەیان هەیە بۆ نەهێشتنی هەموو هەڕەشەکان، وتى: ئەمڕۆ گەیشتوینەتە کۆتایی لە چاوی ڕێکخراوە جوداخوازەکەو درێژکراوەکانی لە سوریا هیچ شتێک وەک جاران نابێتەوە چی تر. فیدان بە ئاماژە بەوەی کە ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی دووفاقییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانداوە، پێویستە وانەیەک لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە وەربگرن، ڕایگەیاندووە کە ئێستا پێویستە هەمووان بزانن کە تیرۆر هیچ ئایین و نەتەوەیەکی نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوروپا، ئەمریکاو تورکیادا نییە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. فیدان ڕایگەیاند، لە داهاتوودا بە هەمان ئیرادە و بێ جیاوازی بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داع.ش و پ.ە.کەکە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی تەنها لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە، بەڵکو پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە بەرەنگاریی تیرۆریزم دەکەنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە جیا لە ئاسایش و سەقامگیری تورکیا نابینن. فیدان بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا سەرنجی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشی بەهێزە لەگەڵ دراوسێکانی، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، دیپلۆماسییەکی چڕو چالاکانە بەڕێوەدەبات. ناوبراو لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، هێماى بۆ ئەوەکرد، ئەوان لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا زۆر ماندوو بوون لەسەر سوریا، وتیشى: بێگومان بینینی ئەم ئەنجامە هەموومانی دڵخۆشکردووە. دەتوانم بڵێم چیرۆکەکەمان لەسەر سوریا تازە دەستپێدەکات. گەلی سوریا ڕووبەڕووی تەحەدای گەورەی جۆراوجۆر دەبێتەوە لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پ.ەکە.کە، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند: ئاپۆ بژاردەی گەلی کوردی دەستنیشان کردووە، ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەن، بە تاکتیکی شەڕی تایبەت پێداگری لەسەر شەڕ بکەن، ئەوا بێگومان تووشی شکست دەبن. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پ.ەکە.کە. باس لەهەوڵەکان چارەسەریەکانى عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات، دەڵێت "گرنگییەکی مەزنی هەیەو هەرێمەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوەو بژاردەیەکی مەزن پێشکەش بە هەمووان دەکات، ئەمە بۆ گەلانی تورکیا و گەلانی هەرێمەکە چارەسەرێکی ڕاستە و بە قازانجی گەلان دەشکێتەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، تا ئێستە لە ئاستی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ئاماژەی پرۆسەی نوێ بەدی ناکرێت، بەپێچەوانەوە ڕۆژانە باس لەهەڕەشەو ڕووخاندن و توندوتیژی دەکرێت، ئهو بهرپرسهى پهكهكه وتیشى "لەوە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت لە ئیمراڵی چەند دیدارێکیان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا دەسەڵات بە فەرمی خاوەنداری لەمە نەکردووە". ئاماژهى بۆ ئهوهشكرد پێویستە بزانرێت لەم قۆناغە مێژووییە گرنگەدا، هەوڵەکانی ئاپۆ دەربارەی هەڵوێستی خوشک و برایەتی تورک_کورد ئاسایی نین، بەڵکو مێژوویین. وتى "ئەمە بۆ بەرژەوەندی و ئایندە تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا گرنگییەکی مەزنی هەیە، پێویستە ئەم هەوڵە گرنگانە بەدرووستی وەربگیرێن. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی قووڵ". سەبارەت بە سەردانەکانى شاندى دەم پارتى، قەرەیلان بەگرنگیەوە باسى کردو وتى: ئەمە لەڕووی ئاگاداربوونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکان، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بوو، ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بەو پێیەی پێشتر لە ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بە وردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین. بەرپرسەکەى پەکەکە، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئاپۆ لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. وتیىشى: لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. ئێمە دەبینین کە رێبەرمان هەوڵێکی گرنگ لەم ڕووەوە دەدات.
ــ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی شەڕی درێژ خایەنکردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوودبوە ــ تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە ــ وازت لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە ناگەڕێنەوە مەگەر بە ڕێککەوتن کۆمەڵێک لە بنەماڵەی سەربازانی ئیسرائیل، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکەن کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە بهێنێت، بۆ ڕزگارکردنی گیانی کوڕەکانیان و تۆمەتباریان کرد بەوەی کە بە بێهودە ململانێکانى درێژ کردوەتەوە. گروپی "خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین" زیاتر لە 800 خێزانی سەربازو سەربازو یەدەگ لەخۆدەگرێت کە لە یەکەکانی شەڕکردن لە غەززە خزمەت دەکەن، لەنێویاندا ئەوانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بێ وەستان بەردەوامن لە شەڕکردن. ماوەی چەند مانگێکە نەتانیاهۆ لەلایەن ڕەخنەگرانییەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە شەڕی دژى حەماس درێژخایەن کردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوود بووە. دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەم شەڕەی لە وەڵامی ئەو هێرشە بێ وێنەیەی بزووتنەوەی فەلەستین بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستپێکرد. لە نامەیەکدا کە لەلایەن گروپی “خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین” بۆ ناتانیاهۆ، ئەو گرووپە ئەمرۆ چوارشەمە لەنامەیەکدا ئەم تۆمەتانەیان دووپاتکردەوە. لە نامەکەدا هاتووە: ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە، ئەمەش تەنها لەبەر هۆکاری مانەوەی سیاسی کەسی ئێوەیە”. لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، “ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بەوەی کە واز لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە!” بانگەوازتان لێدەکەین: کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن! بنەماڵەی سەربازەکان ڕایانگەیاندووە، "هەموو کەس دەزانێت بە ئەوانیشەوە (سەربازەکان)، کە شەڕەکە بەبێ ئامانج بەردەوامە و بارمتەکان ناگەڕێنەوە مەگەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا" کە لە ئێستادا لە قەتەر دانوستانیان لەسەر دەکرێت، یەکێکە لەو سێ نێوەندگیرییە وڵاتان هاوشانی ئەمریکا و میسر لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.