هاوڵاتی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، هەموو چالاکیەکی مەدەنی قەدەغەکرا و باری نائاسایی راگەیەندرا. لە شارەکانی باکوری کوردستان بە بیانوی جیاواز، قەدەغەکان کۆتاییان پێنایەت ئەمڕۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگ جارێکی دیکە باری نائاسایی راگەیەندرا. پارێزگاریی جۆلەمێرگ رایگەیاند، هەموو جۆرە چالاکیەکی مەدەنی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، مانگرتن، کردنەوەی چادر و ستاند لە ئەمڕۆ بەدواوە تاوەکو ٥ی تەمووز قەدەغەیە. پارێزگاریی جۆلەمێرگ باسی ئەوەی کرد کە ئامانجی راگەیاندنی باری نائاسایی، پاراستنی پرەنسیپەکانی دەوڵەت و یەکپارچەیی دەوڵەت و نەتەوەیە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، قەدەغەکردنی چالاکیەکان چالاکیە فەرمیەکان ناگرێتەوە کە قایمقام رێگەی پێبدات. قەدەغەی چالاکیەکان لە جۆلەمێرگ لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوامە و هەموو ١٥ رۆژ جارێک درێژ دەکرێتەوە. قەدەغەکردنی چالاکیەکان لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر شەڕێکی گەورە لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگاکە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا روویدابوو.

رۆژنامەی وەتەنی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئاستانادا کە ئەمڕۆ دەستی پێکرد و سبەینێش بەردەوام دەبێت، روسیا بۆ کشانەوەی تورکیا لە سوریا نەخشەڕێگەیەک پێشکەش دەکات. رۆژنامەی وەتەن لە زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی سوریا رایگەیاند، مۆسکۆ دەیەوێت ئەنقەرە و دیمەشق رێکبکەون. بۆیەش نەخشەڕێگەیەکی ئامادە کردووە و چۆنیەتی کشانەوەی تورکیا لە سوریا دەخاتەڕوو. رۆژنامەکە دەڵێت، دیمەشق بۆ دیالۆگ کراوەیە و بۆیەش پێویستە لایەنەکان، ئامانجی روون و ئاشکرا، چوارچێوە و میکانیزمی دیالۆگەکە دیاری بکەن. سەرچاوەکە باسی ئەوەی کردووە کە پێویستە هەردوو لایەنەکە دەست لە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەوەی لەدژی تیرۆر شەڕ دەکەن هەڵبگرن. رۆژنامەی وەتەنی سوریا ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆبونەوەی ئاستانا بە باشی بەڕێوە دەچێت کە لە قەزاقستان بەڕێوە دەچێت و بڕیارە، چاودێرانی ئەردەن، لوبنان، عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشداری لە کۆبونەوەکەدا بکەن.  

هاوڵاتی حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر وەزیری بەرگری سوریا و سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریادا سەپاند، بەهۆی ئەوەی کە گوایە توندوتیژی سێکسی و جێندەریان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە. بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، لەندەن سزای نوێی بەسەر ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵا سەپاندوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژیی سێکسی بەرفراوان لە سوریا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات.  سزاکانیش بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردنی ئەو دو بەرپرسە باڵایەن بۆ بریتانیا، بڕیارەکەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی چالاکیی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی لە جەنگ دەرکراوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر عەبدولکەریم مەحمود ئیبراهیم سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوریا، عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاندوە، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی و جێندەری دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی. بە درێژایی شەڕی 12 ساڵە زۆرێک لە ئەندامانی حکومەتی سوریا بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە کەوتونەتە بەر سزای نێودەوڵەتی، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی بەسەر فەرماندەی سوپا و وەزیری بەرگریدا سەپێندراون، یەکەم کەسن کە گوایە توندوتیژی سێکسی بەکار دەهێنن.   سەرچاوە: Financial Times

هاوڵاتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە. نوسینگەی مەسرور بارزانی رایگەیاند، بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. هەروەها، بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و بەشێک لە ئەندامانی دیکەی کابینەکەی کۆدەبێتەوە. نوسینگەکەی سەرۆکی حکومەت باسی ئەوەشی کرد کە لە کۆبونەوەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت.

پزیشکی دادی ئێران ئاشکرای دەکات مردن بەهۆی مەی و ماددە کحولییە ساختەکان لە وڵاتەکە زۆر بوە و تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت ماددەی مێتانۆڵ لە خواردنەوە کحولییەکان بەکار دەهێنرێت. ئەمڕۆ سێشەممە پزیشکی دادی ئێران بڵاوی کردەوە؛ تەنها لە ساڵی رابردودا لانیکەم 644 کەس بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی قوربانییانی خواردنەوە کحولییەکان لەچاو ساڵانی رابردودا 30% بەرز بوەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی مێتانۆڵەوە بوە. لە سێ رۆژی رابردودا 175 کەس لە چەند ناوچەیەکی شاری کەرەج  سەر بە پارێزگای ئەلبورز لە ئێران ژەهراویبون کە 14 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و بوەتە هۆی نابینابونی سێ کەس و چوار کەسی دیکەش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان. بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز رایانگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان گیانیان لەدەستداوە بەرز ببێتەوە. ژمارەیەک لە بەرپرسانی تەندروستیی ئێران هۆشداراییان داوە لە بەکارهێنانی ماددەی مێتانۆڵ لە زۆربەی خواردنەوە کحولییە دەستکردەکانی ناو ئەو وڵاتە و ژەهراویبون بەو ماددەیان بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مەی لەقەڵەم داوە. بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی رێگریی لە هاوردەکردن یان بەرهەمهێنانی خواردنەوە كحولییەکان دەکرێت و ئەوەش وای کردوە بەرهەمهێنانی مەی ساختە و خواردنەوەی کحولی نایاسایی لە ئێرن قوربانیی زۆری لێبکەوێتەوە.    

ژمارەی ئەو کەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی پزیشکی دەچنە وڵاتی ئێران بەرز دەبێتەوە هاوڵاتییانی عێراق دووەم دوەم گەشتیاری بیانین کە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن. هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانکاریی پزیشکی رو لە وڵاتەکە دەکەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت کراوە بە گەشتیاران.       دەریاباری ئاماژەی بەوە کردوە کە لە ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 223 هەزار و 896 کەس بۆ چارەسەری تەندروستیی رویان لە ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێران کردوە. زۆرترین کەس لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، عۆمان، بەحرەین، پاکستان، کوەیت، ئازەربایجان، هندستان، تاجیکستان و سعودیە رویان لە ئێران کردوە بە مەبەستی چارەسەریی یان جوانکاریی پزیشکی. بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو کەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەکە کردوە تایبەت بون بە بوارەکانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەکانی چاو، جوانکاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی. ئێران لە روی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەکەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان کە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی روی تێدەکەن.  

کەنەدا بەهۆی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی بڕیاری قورس لە دژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حەوت دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات و سوپای پاسدارانیش 20 وڵات بە دەستوەردان لەو ناڕەزایەتییانە تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئەمڕۆ دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا سزادانی حەوت دادوەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش وتی: سزاکان لە چوارچێوەی هەنگاوە ئابورییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا وڵاتانی ئەوروپا سەپێنراوە. هەر یەکە لە دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی (ئەسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، تاران، گورگان) لە لایەن کەنەداوە سزا دراون بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و دانیشتوانی ئێران. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ مەجید کازمی، سەرۆکی بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ 20 وڵات کە کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانە بوە دەستیان هەبوە لە گرژیی و ناڕەزایەتییەکانی ماوەکانی رابردو لە وڵاتەکدا. بە وتەی ئەو هەر یەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، نەمسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئایسلەندا، نیوزلەندا، ئەڵبانیا، کۆزۆڤۆ ، نروژ، کەنەدا ، ئۆسترالیا، ئیسرائیل، سعودیە، بەحرەین و ئیمارات ) دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەبوە و هاندەربون بۆ دروستبونی گرژییەکان. سوپای پاسداران بە بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیای بە هۆکاری هاندانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناوبردوە.

دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت کە بڕیاربو وەک شوێنی نیشتەجێبونی و نوسینگەی کارەکانی سودی لێورگیرێت. میدیای سەر بە باڵی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوە؛ حەسەن رۆحانی ، سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نایاسایی خانویەکی گەورەی لە یەکێک لە گەڕەکی جەماران یەکێک لە گرانبەهاکانی تاران-ی پایتەخت دروست کردوە کە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دیمەنی خانوەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ نهۆمە و کەنتۆر و کەوانتەرەکانی لە باشترین و گرانبهاترین دار و تەختە دروست کراون و سەرجەم شوشە و جامخانەکانی گوللـە نەبڕن. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە کە رۆحانی بە زۆر و بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو بینایەی بە ناوی (سەلام) بە ئامانجی نیشتەجێبون و بەڕێوبردنی کارەکانی دروست کردوە بەڵام بە بڕیاری حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ناوچە هەژارانشینەکان تەرخان دەکرێت. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی توندتر بوەتەوە و باڵی محافزکار کە لە ئێستادا هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی بەدستەوەیە هێرشی راگەیاندنی بۆ رکابەرەکەی توند کردوەتەوە. باڵی ریفۆرم لە لایەن محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رێبەرایەتیی دەکرێت و باڵی محافزکار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانن.

ناوەندی بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران ئاشکرای دەکات رێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە و بەرهەمێهانی ماددەی هۆشبەریش لە ئەفغانستان 50 هێندەی رابردو. عەلیڕەزا کازمی، قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاند؛ رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک، حەشیش و کریستاڵ لە کەسانی تەمەن 15 بۆ 64 ساڵ لە ئێران بە رێژەی 26% زیادی کردوە. ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رونی کردوەتەوە کە بۆ چارەسەریی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان هەشت هەزار و 900 ناوەندی چارەسەریی بە مەبەستی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران چالاکن. لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان بە ئالودەبو ئەژمار دەکرێن کە رێژەی 10%ی ئالودەبوان کچ و ژنن. بە وتەی قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە 20 ساڵی رابردو بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان 50 هێندە زیادی کردوە و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن لە ساڵێکدا کە ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبونەوەی رێژەی توشبوانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لە ئێران کە دراوسێیی ئەو وڵاتەیە. کازمی وتویەتی بەگشتی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەست بەسەر پێنج هەزار و 428 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا گیراوە و 67 ئەندامی هێزەکانی پۆلیس بەهۆی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کوژراون. ئاماژەی بەوە کردوە لەو ماوەیەدا 17 هەزار و 630 جار پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و قاچاخچی و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران رویداوە.  

هاوڵاتی هاوڵاتی نۆ قاچاخچی بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و هۆکاری ڕودانی کارەساتی نقومبوونی بەلەمەکەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان، لە شاری کالاماتا دادگایی دەکرێن. رۆژنامەکانی یۆنان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ نۆ کەس کە تۆمەتبارن بە رووداوی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٧٥٠ سەرنشینەوە، لە شاری کالاماتای یۆنان دادگایی دەکرێن. کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاغچێتی و دروستکردنی رێکخراوێکی تاوانکاری و چەندین تۆمەتی دیکە.  هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵی ئەو وڵاتە دەڵێن،  لێپرسراوانی یۆنان داوای ھاوکارییان لە ئاژانسی "یورۆبول" کردووە، بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو رێکخراوە و دەشڵێن لە ماوەی دوو مانگیشدا ١٨ جار کۆچبەرانیان لە لیبیاوە رەوانەی ئیتاڵیا کردووە. ھەر بەپێی میدیاکان، ئەو نۆ کەسەی تۆمەتبارن بەو رووداوە، میسرین و یەکێکیان رۆڵی گەورەی لەو رووداوە ھەبووە.

هاوڵاتی سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوریەکانی نەوسوود بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسدارانی ئێرانەوە بەسەختی برینداربوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، راگەیاند، لە نزیک گوندی "دزاوەر" سەر بە شاری نەوسوود، هاوڵاتیەک بە ناوی سەبوور سەیدی، دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ کە ناوی نەزانراوە، کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسەختی برینداربوون. سەرچاوەکانی هەنگاو لەمبارەوە رایانگەیاند، کە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێژی پاسداران، قاچی ئەم دوو کۆڵبەرە پێکراوە و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیەکی دیکە بەناوی فەرزاد ئیمامی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پاوە، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود، کەوتە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزی پاسداران و بریندارکرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران هێزێکی زۆری بۆ ناوچە سنوریەکانی رۆژهەڵاتی و هەرێمی کوردستان رەوانە کردووە و ئۆپراسیۆنی سوپای پاسداران لە کوێستانەکانی کۆساڵان بەردەوامە.

هاوڵاتی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دو پێشنیاریان لەبارەی ئەگەری هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان خستەڕوو. عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕاگەیاندووە، پێشنیاریان بۆ هایان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کردوە کە پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە هەناردە بکات لە ڕێگەی باشورەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشنیازی دوەمیش بریتییە لە بەردەوامبون لە چاککردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- بانیاس کە بە سوریادا تێدەپەڕێت و نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت. پێشنیارەکان:  ١-  پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە هەناردە بکات لە ڕێگەی باشورەوە ٢- هەناردەکردنی نەوتەکەیە لە رێگەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- بانیاس کە بە سوریادا تێدەپەڕێت هاوکات وتوشێتی، "عێراق هەمو شێوازە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تورکیا پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە". جەختی لەوەشکردەوە، "لە ئەگەری ئەوەی ئەنقەرە پێداگری لەسەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و بەردەوامی داخستنی بۆری نەوت بکات، کە ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە عێراق بە بڕی ملیۆنان دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەوا یەکێک لەو دو پێشنیارە جێبەجێ دەکرێت".  

هاوڵاتی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، یاسای بودجە دوای ئەوەی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی یاساکە لە ماوەی 15 رۆژدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئەمڕۆ شەممە (17ــی ئایاری 2023)، موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، پێش دوو رۆژ یاسای بودجه‌یان ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كردووه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ماوه‌ی پێنج تا پازده‌ رۆژی دیكه‌ په‌سه‌ند بكرێت. كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رپابوونی شۆڕشی بونیادناوه‌. بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار کرا و دوای پەسەند کردنی  دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت. لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە. هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە.

هاوڵاتی ساڵح موسلیم رایگەیاند، رەنگە هەموو لایەک قبوڵی کردبێت کە تورکیا هێرش بکات. سەرنجڕاکێشە کە کەس بەرامبەر بەو هێرشە دژوارانە دەنگی لێوەنایەت. با بڕوانین کە ئەنجامی دیداری ئاستانە چی دەبێت؟ هەربۆیە خۆمان بە هێزەکانی دەرەوە وهەڵوێستی ئەوانەوە نابەستینەوە. بەڵام ئاگادارین. پشت بە هێزی خۆمان و بەڕێکخستنبوونی گەل دەبەستین. ئێمە خۆڕاگری دەکەین، هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە. سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد. موسلیم رایگەیاند، " بە پێکهێنانی حکومەتی شەڕ تورکیا دەستی بە هێرشەکانی کردەوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە تائێستا هێرشەکان نەوەستاون. دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانی هێرشەکانیان کرد کە لە هەموو روویەکەوە نائەخلاقین و لەگەڵ هیچ یاسایەکدا یەکناگرنەوە و هەموو کەس دەکەنە ئامانج. لێرەدا بە تایبەتی دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەرایەتی و کورد کە بزوێنەری سەرەکین لەناو ببەن. دەستیان بە پلانی خۆیان کرد. شتێک بۆ ئێمە کە بگۆڕدرێت نییە. ئێمەش وەک گەل بە دڵنیاییەوە خۆڕاگری دەکەین". موسلیم ئاماژەی بە هەڵوێستی روسیا، ئێران و سوریا بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، "روسیا ئێستا پێویستی بە تورکیا هەیە، بە تایبەتی بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی لە ئەنجامی شەڕی ئوکراینا خراوەتە سەر مۆسکۆ. ئەمە ئیتر بابەتێکی نێودەوڵەتیە. چونکە خاڵی لاواز کامە بێت لەوێوە گورزی بەردەکەوێت. پێشبینی ناکەین روسیا شتێک بکات. هەربۆیە بە ئاسانی دەتوانن ملهوڕی بەرامبەر بەئێمە بکەن. چونکە زۆر پەیماننامە لە نێوانیاندا هەیە. بۆیە دەنگ ناکەن. رژێمی سوریاش جگە لە قسەکانی ئێران و روسیا هیچ شتێکی دیکە ناکات. سەرنجڕاکێشە کە کەس بەرامبەر هێرشە دژوارەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ناوچەکە دەنگی لێوەنایات. ٩ سەربازی رژێمی سوریا کوژران کەس قسەی نەکرد. رژێمی سوریا پەیامی سەرەخۆشیشی رانەگەیاند. خۆی لە خۆیدا روسیا و ئێرانیش هیچ شتێک ناڵێن." موسلیم باسی لەوەکرد کە بۆ بەردەوامبوونی دیموکراسی تاکە هیوا شۆڕشی رۆژئاوایە و بەم جۆرە بانگەوازی ئاراستەی رای دیموکراتیک کرد: "هێزە دیموکراسیەکان و ئەوانەی کە دەیانەوێت دیموکراسی هەبێت، ئەگەر دەیانەوێت دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرفراوان بێت، دەبێت پشتیوانیمان لێبکەن. چونکە ئەمە تاکە هیوایە. تورکیا، سوریا، ئێران وەک رژێمی دیکتاتۆر لە دژی ئێمە کار دەکەن. ئێمەش خۆڕاگری دەکەین. بە بڕوای من، مافی ئەوەمان هەیە کە بمانەوێت ئەوان پشتیوانیمان لێبکەن. ئێمە داوای ئەوە دەکەین و ئەوە ئەرکی ئەوانە. ئەگەر ئەمە نەکەن، وابیردەکەینەوە کە ئەرکی مرۆیی خۆیان بەجێناگەیەنن".

هاوڵاتی فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، پشتگیریکردنی هەدەپە لە کەمال کلچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا هەڵە بوو. فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، نوسینێکی بۆ ماڵپەڕی هەواڵی میدڵ ئێست نارد و ئاماژەی بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا. یوکسەکداغ پشتگیریکردنی پارتەکەی بۆ کلچدارئۆغلۆ وەک هەڵبژاردەیەکی هەڵە لەقەڵەمدا و وتی، "من و هاورێ سیاسەتمەدارەکانم لە زیندان پێمان وابوو کە پێویستە کاندیدی خۆمان هەبێت." یوکسەکداغ راشیگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ ئەزمونێکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز بوو بۆ هەدەپە و هەدەپە پشتی بە هێزی خۆی نەبەست و بۆیەش پشتگیریکردن لە کلچدارئۆغلۆ ئەنجامێکی خراپی لەگەڵ خۆیدا هێنا. باسی ئەوەشی کرد کە هەوڵیانداوە، بەرێوەبەری هەدەپە رازی بکەن کە کاندیدێکی ژن دیاری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی درەنگ ئامادەکاری کراوە و بڕیارەکان لاواز بوون، هەدەپە ئەنجامی بەدەست نەهێناوە.