بەرپرسێکی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت ئێران دەتوانێت ژمارەیک بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات و هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریا دەدات. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێکیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاند؛ ئێران لە ئێستادا کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمیی هەیە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئەو مەبەستە بەرز کردوەتەوە. گاڵانت لەو دیدارەدا وتویەتی: ئێران بە پشتیوانیی کردن لە چەکدارانی فەلەستین و بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە 90% ، دەبێتە مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکە. بە وتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە شەش مانگی رابردودا ئێران ژمارەی هێزەکان و بنکە سەربازییەکانی لە سوریا زیاتر کردوە و لەو ماوەیەدا لە رێگەی فڕۆکەوە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە کردوە. وەزیری بەرگریی هۆشداریی داوە کە وڵاتەکەی رێگە نادات پێگەی سەربازیی ئێران لە سوریا بەهێزتر بێت و هەر هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتەوە بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە.

هاوڵاتی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمکارەکە و بەشدارى کۆبونەوەى سعودییە دەکات. ئەحمەد ئەلبولغەیس، ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى رایگەیاند، وڵاتانى ئەندامى کۆمکارەکە رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەى سوریا بۆ نێو کۆبوونەوە عەرەبییەکانى کۆمکارى عەرەبى. سوریا ماوەى ١٢ ساڵە لە کۆمکارى عەرەبى دەکراوە، بەهۆى بەکارهێنانى توندوتیژى دژ بە هاوڵاتیانى وڵاتەکەى لە سەروبەندى خۆپیشاندانەکانى ساڵانى ٢٠١١ و ٢٠١٢ دا. سوریا یەکێکە لە وڵاتە بنەڕەتییەکانى کۆمکارى عەرەبى و بەدرێژاى مێژووى کۆمکارەکە رۆڵى سەرەکى بینیوە لە چەند بڕیارێکى گرنگدا.  

نیوزلەندا بەهۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ روسیا ژمارەیەک سزا دژی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی ئێران رادەگەیەنێت . وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا دژی ئۆکرانیا، چوار بەرپرس و دوو دامەزراوەی ئێران دەخرێنە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە. بە پێی ئەو لیستەی کە نیوزلەندا بڵاوی کردوەتەوە؛ بەڕێوبەری ناوندنی قودس بۆ پیشەسازیی ئاسمانیی و فەرماندەیی هێزە دەریاوانییەکانی سەر بە سوپای پاسداران و بەڕێوبەری کۆمپانیای (پەرئاورێ پارس) و خاوەنی کۆمپانیای (سلین تەکنیک) خراونەتە لیستی سزادانەوە. هەر لەو بەیاننامەیەدا ناوی ناوەندی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران و کۆمپانیای سەفیران لە ئێرانی بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا خراونەتە لیستی سزاکانی نیوزلەندا. سزاکانی نیوزلەندا دوای ئەوە دەێت کە وڵاتی کەنەدا رۆژی چوارشەممە (4/5/2023) ژمارەیەک سزای دژی فەرماند و بەرپرسی ئێرانی بڵاو کردەوە و رایگەند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا سزای ئەو بەرپرسانە دەدات.        

لەم هەفتەیەدا زیاترین هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران لەسێدارە دەدرێن کە دوو کەسیان ژن بون و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە زۆربونی سێدارە. پێگەی (حال ڤش) تایبەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ناوچەی بەڵوچستان بڵاوی کردوەتەوە لە پێنج رۆژی ئەم هەفتەیەدا لانیکەم 18 هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران سزای سێدارەدانیان جێبەجێ کراوە. ئاماژە بەوە کراوە لەو 18 هاوڵاتییە بەلوچەی کە لەسێدارە دراون ،دوو کەسیان ژن بوە و زۆربەیان بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارەدراون. 23 رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دژی زۆربونی سێدارە لە ئێران و بە تایبەت پارێزگای سیستان و بەلوچستان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە ئامانجی بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندان، بێباکانە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردوە. پارێزگای سیستان بەڵوچستان کە دەکەوێتەوە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران بە هەژارترین ناوچە لەقەڵەم دەدرێت لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانیشدا زۆرترین کوژراو لەو ناوچانە تۆمار کرا و تا ئێستاش رۆژانی هەینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەریی لە شاری زاهیدان لەو پارێزگایە بەردەوامە.

ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات ئەو کەشتییەکی نەوتهەڵگر ئازاد بکات کە لە گەروی هورموز دەستی بەسەردا گرتوە و کۆشکی سپی زانیاریی و تۆماری چۆنیەتی دەستبەسەرداگردنی کەشتییەکە بڵاو دەکاتەوە. دەنگی ئەمریکا (VOA) بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەمڕۆ چوارشەممە کۆشکی سپی داوای ئازادکردنی ئەو کەشتییەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە لە ئاوەکانی کەنداو بە ئاڵای پەنەما لە لایەن سوپای پاسدارنەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمریکا وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی بڵاو کردوەتەوە و رایگەیاندوە؛ بەلەمەکانی سوپای پاسداران ئەو کەشتییەیان ناچار کردوە رێڕەوی خۆی بە ئاڕاستەی  سنورە ئاوییەکانی ئێران بگۆڕێت و داواتر دەستی بەسەردا بگیرێت. وتەبێژێک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە؛ ئەو کارەی ئێران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بە دەستوەردانی ئێران لە مافی کەشتیوانیی سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی کەنداو لەقەڵەم دەدرێت بۆیەوە واشنتۆن ئەو هەنگاوە رەت دەکاتەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسەی ئەمریکا کە ناوی ئاشکرا نەکراوە؛ هەنگاوەکەی سوپای پاسداران بۆ دەسەتبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە نابەرپرسیارانەیە و هەڕەشەیەکە بۆ ئاسایشی دەریایی و ئابوریی جیهان. رۆژی چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند؛ ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی بەهۆی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەخاتە لیستی سزای وڵاتەکەیەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ شەش بەڕێوەبەری کۆمپانیای (پەرئاوەرێ پارس)ی لە ئێران سزا داوە بەهۆی دروستکردن و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا. لەو بەیاننامەیەدا ناوی پەرەستو سەفەری و عەلی خۆشنام وەند، کە ئەندامی دەستەی دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی لە تاران بون بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ خراونەتە لیستی سزاکانی کەنەدا. ئەو وڵاتە جگە لەو دوو کەسە، پەرویز ئابسالان، جێگیری فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێرانی بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە خستوەتەوە لیستی سزاکانییە. کەنەدا رونی کردوەتەوە بە پێی سزاکان دەست بەسەر دارایییەکانی ئەو بەرێوبەر و بەرپرس و ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە وڵاتەکەی دەگرێت و رێگەی گەشت و مافی مانەوە لە کەنەدایان لێ قەدەغە دەکات.  

هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین راپرسی کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، کلچدارئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەوێتە قۆناغی دووەمەوە. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) لە کاتێکدا کە ١١ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایاری تورکیا ماوە، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و دەنگی پارتە سیاسییەکان بڵاوکردەوە. راپرسیەکە لەنێوان ٢٩ی نیسان و 1ی ئایار لە ٤١ پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە و سێ هەزار و ٩٥٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکان بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٣.٢٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٨٪ پارتی باش (ئی پارتی) ١٥.٥٪ پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) ٩.٦٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٥.٧٪) پارتی کرێکارانی تورکیا (٢٪) پارتی مەملەکەت (١.٩) هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ (هاوپەیمانی گەل) ٤٨٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (هاوپەیمانی کۆمار) ٤٤.٦٪ پارتی مەملەکەت ٤.٣٪ سینان ئۆغان (هاوپەیمانی ئاتا) ٣.١٪ ب ەگوێرەی راپرسیەکە هیچ کاندیدێک ناتوانێت لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 51٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بۆیەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دکەوێتە خولی دووەمەوە.

هاوڵاتی هاوڵاتی ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان رایگەیاند، گەلی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی فشار، توندوتیژی و رەتکردنەوە، لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەدەنەوە و وتی، " هەڵبژاردنەکان هەلێکی گەورەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد." ئەحمەد تورک لە شاری میرسینی تورکیا بەشداری لە کۆبونەوەیەکی فراوانی پارتی چەپی سەوز لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایار کرد. تورک لە قسەکانیدا باسی گرنگی ئەم هەڵبژاردنانە کرد و وتی، " لە تورکیا بە گشتی کێشەی دیموکراسی هەیە، ئەگەر دیموکراسی جێگیر ببێت، سیستمێکی دیموکرات بنیات بنرێت، کێشەی کوردیش لەو نێوەندەدا چارەسەر دەبێت." هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە چارەسەری کێشەکان لە دەوری بەهاکانی دیموکراسی دەبێت. بە تایبەتی گەلی کورد بۆ مسۆگەرکردنی دیموکراسی باجێکی زۆری داوە و بەردەوامە لە قوربانیدان. ئەمڕۆ ١٠ هەزار سیاسەتمەداری کورد لە زندانەکاندان. لە تورکیا فشارێکی زۆر لەسەر شۆڕشگێر و دیموکراتخوازان هەیە. بۆیەش دەبێت ئامانجەکە کۆتاییهێنان بێت بە فاشیزم." قسەکانی ئەحمەد تورک لە کاتێکدایە کە نۆ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار ماوە و پارتی چەپی سەوز لە ٦٥ پارێزگای تورکیا دەستی بە بانگەشە کردووە و وەک بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندووە، ئامانجی هەیە زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

سوپای پاسداران دەست بەسەر کەشتییەدا لە کەنداو دەگرێت و سوپای ئەمریکاش دەڵێت ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە لە کاتی پەڕینەوە لە گەروی هورمز دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر پێشتر ئاشکرای کردبو کە ئێران لە رۆژی هەینی (28/4/2023) دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداودا گرتوە کە هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بوە و بڕیاربوە نەوتەکەی بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە هەڵگری ئاڵای پەنەما بوە و زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکردوە. لە لایەکی دیکەوە یەکەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە ئاڵای پەنەما لە کاتی تێپەڕین لە گەروی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەی توندتر کردوە لە ماوەی رابردوشدا سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی هۆشداریی بۆ کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا بڵاو کردەوە کە داوای دورکەوتنەوەی ئەو کەشتییەی سوپای ئەمریکا لە ئاوەکانی سنوری ئێران لە کەنداو دەکات. گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین سنورە ئاوییەکان کە زیاترین گواستنەوەی نەوت و گەشتییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، ئێمە ئاشتی و دیموکراتی دەهێنینە تورکیا و کەس بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە ئیدی گۆشەگیر ناکرێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە بە یاوەری ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و شاندێکی جەهەپە لە شاری وان باکوری کوردستان کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەری ئەنجامدا. لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا کە زۆربەی بەشداربووان لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) بوون، ئاڵاکانی جەهەپە و پارتی چەپی سەوز بەرز کرانەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کلچدارئۆغلۆ دیار کرد. کلچدارئۆغلۆ بۆ جەماوەر قسەی کرد و ئاماژەی بە کێشەکانی شاری وانی باکوری کوردستاندا و بەڵێنی خزمەتکردنی بە خەڵکی شارەکەدا و وتی، " من لە ناوچەی ئەرجیشی وان دەستم بە خوێندن کرد. ئێستا لە یەکێک لە شارە جوانەکانی جیهان میوانم. هەموو کێشەکانی ئەم شارە دەزان. دەزانم کێ چی کردووە. بەڵێنێکم بۆ هاوڵاتیانی شارەکە ئەمەیە. ئارامی و ئاشتی دەهێنینە وڵات. هیچ کەسێک ئیدی بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە گۆشەگیر ناکرێت." باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هەموو یاساکانی پێشێل کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو کێشەکان چاتەسەر دەکەم. بڕۆن دەنگ بدەن. دەنگ بدەن و دەسەڵات دەرووخێنین. دەمانەوێت بە ئارامی لە وڵاتەکەمان بژین. ئیدی سەردەمی جیاکاری تەواو بووە. " هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە هەدەپە و شەش پارتی چەپ پێک دێت، دوای ئەوەی چەند بەڵێنێکی لە کلچدارئۆغلۆ وەرگرت، چەند رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکەن و تاکە ئامانجیان ئەوەیە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، كۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی نیسان، بەم شێوەیە بووە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە، دەشڵێن، داهاتەكەشی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO (، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 288 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 79،04 دۆلار فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایەـ داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئاداردا، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئاداردا، 392 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.  

هێڵی هەژاریی لە ئێران بەرز دەبێتەوە و نوێنەرێکی کرێکارانیش دەڵێت خواردنی گۆشتی سور لە سفرەی خێزانەکانیان نەماوە. لە نوێترین ئامارەکانی ئێراندا هێڵی هەژاریی لە 18 ملیۆن تمەن کە دەکاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن کە دەکاتە نزیکەی 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا ناوەندی موچەی کرێکارێک هەشت ملیۆن تمەنە کە دەگاتە نزیکەی 140 دۆلار. هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار کەمتر بێت لە هێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەکە بە هەژار ئەژمار دەکرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاریی و نوێنەری پێشوی کرێکاران لە ئەنجومەنی باڵای کار لە ئێران رایگەیاند؛ حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی کرێکارانی بەرز کردوەتەوە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرز بوەتەوە. بە وتەی تۆفیقی بەهۆی کەمیی داهاتەوە گۆشتی سور لەسەر سفرە خێزانی کرێکاران و زۆربەی موچەخۆراندا نەماوە و توانای کڕین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی دابەزینی رۆژانەی بەهای تمەن هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەنەوە بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرز بوەتەوە و بە پێی ئامارێکی نێودەوڵەتی لە کۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.    

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە پارێزگاکەدا بۆردوومان کردووە و لەئەنجامیشدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.  بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "نزیکەی کاتژمێر 11:35 شەوی دووشەممە، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری حەلەبییان کردە ئامانج." لە هێرشەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی سووریا، "سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە، 7 کەسی دیکەش برینداربوون و فڕۆکەخانەی حەلەبیش لە کارکەوتووە." سەرچاوەکانی کار لە یەکەکانی چاودێری و بەدواداچونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاندوە، هێرشەکەی ئیسرائیل، هەریەک لە فڕۆکەخانەی سەربازی نەیراب لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، بارەگای سەربازیی هێزە ئێرانییەکان کە دەکەوێتە نزیک کەتیبەی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی سەفیرەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج. لە ماوەی شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و بەشێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا دەکاتە ئامانج.

رۆژنامەیەکی ئەمریکی سیخوڕیی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و بڵاوی کردەوە کە ئەو بەرپرسە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە بەرنامە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی تارانی ئاشکرا کردوە. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری پێشوتری وەزیری بەرگریی و راوێژکاری ئەنجمونی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە لە ساڵی 2004 زانیارییە نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هاوکاریی مۆسکۆ بۆ تارانی بۆ یەکەمجار رادەستی بەریتانیا کردوە. رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە ئەکبەری بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی پلە و پۆستی هەستیاریی لە ناو کۆماری ئیسلامی هەبوە و خاوەنی کەسایەتییەکی توندڕەوی ئایینییی بوە زیاتریین زانیاریی لەسەر بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە دەستکەوتوە و گومانی لێنەکراوە و ئەو زانیارییانەشی رادەستی بەریتانیا کردوە و دواتر بەریتانیا زانیارییەکانی گەیاندوەتەوە دەست بەرپرسانی  ئیسرائیل. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: ئەکبەری بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی بۆ بەریتانیا کردوە و زانیاریی هەستیاری گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و ناسنامە و زانیارییەکانی بەرپرسان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە و یەک لەو کەسانەشی ئەو زانیارییەکانی ئاشکرا کردوە موحسین فەخریزادە بوە کە لە ساڵی 2020 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژرا. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە ساڵی 2010 ئەکبەری توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و هەر بەو هۆیەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لە ساڵی 2019 کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راوێژ لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەی و گەیشتنی بە ئێران دەستگیر دەکرێت. برای ئەکبەری رایگەیاندوە؛ براکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێرزەمینێکدا و لە ژورێکی تاکەکەسی زیندانیی کراوە و دواتر بڕیاری سێدارەی بەسەردا جێبەجێکرا.

هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪  دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.