بە پێی ئامارێک لە ئێران رێژەی ئەو هاوسەر و هاوژینانەی منداڵیان نابێت و نەزۆکن بەرز بوەتەوە و بەرپرسێکیش دەڵێت نەزۆکیی لە ئێران بەرزترە لە ستاندارد و پێوەرە جیهانییەکان. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ لە بنکۆڵکارییەکان و توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە رێژەی 20.3%ی هاوسەرەکان لە وڵاتەکە توانای منداڵبون و وەچەخستنەوەیان نییە. ئاماژەی بەوە کردوە لە ئێستادا 3 ملیۆن و 260 هەزار کەس لە ئێران توانای وەچەخستنەوەیان نییە و نەزۆکن. بە وتەی تەباتەبایی رێژە و ژمارەی کەسانی نەزۆک لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیکە و ستانداردی جیهانی زۆر زیاترە. جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رونی کردوەتەوە کە ساڵانە نزیکەی 88 هەزار کەس بە ژمارەی کەسانی نەزۆک لە ئێران زیاد دەبێت. پێشتر ئەو بەرپرسە رایگەیاندبو ؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە 3.9% لە ساڵی 1986 بۆ 0.6% لە ساڵی 2021 دابەزیوە و خواستی وەچەخستنەوە لە ناو خێزانەکاندا کەم بوەتەوە. بە وتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەگەر وەچەخستنەوە و گەشەی ژمارەی دانیشتوان لە رێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە روبەڕوی پیربونی خێرا دەبێتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون.  ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. تا کاژێر 09:45 خولەکی ئەم بەیانییە 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە کە ژمارەیان 192 هەزار و 187 سندووقە و 27 سندووق ماون کە بکرێنەوە".  لە دەرەوی تورکیا 9 هەزار و 594 سندووق هەبوون؛ 8 هەزار و 65 لەو سندووقانە کراونەتەوە.  ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 09:45 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ ـە. هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.2٪ و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە 0.44٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.  یەنەر تیشکى خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش تا ئه‌و كاته‌ ئه‌و پارتانه‌ی به‌ربه‌ستی له‌سه‌دا 7ی هه‌ڵبژاردنیان تێپه‌ڕاندووه‌ بریتین له‌، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پارتی سه‌رله‌نوێ ره‌فاح و پارتی یه‌كێتیی مه‌زن له‌ هاوپه‌یمانیی جمهوور، پارتی گه‌لی كۆماری و ئیی پارتی له‌ هاوپه‌یمانیی میلله‌ت و پارتی سه‌وزه‌كان و چه‌پی ئاینده‌ و پارتی كرێكارانی توركیا له‌ هاوپه‌یمانیی ره‌نج و ئازادی.

هاوڵاتی ئاژانسی ڕۆیتەرلە زاری دوو سەرچاوەوە ڕایگەیاند ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچنە خولی دووەمەوە. ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەکان لە هەردوو کەمپی کاندیدانی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و کڵچدار ئۆغلۆ دەڵێن لەسەر بنەمای بەشێک لە ئەنجامەکان، پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە خولی دووەمەوە کە  لە 28 ی مانگی پێنجدا ئەنجامبدرێت بەهۆی ئەوەی ئەگەر زۆرە هیچ کام لەو دوو کاندیدە سەرەکییە دەنگەکانیان نەگاتە ئەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ بردنەوەیەکی تەواو. لە ئێستادا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بڵاودەکرێتەوەو ئەنجامەکان لە میدیایەکەوە بۆ یەکێکی کە جیاوازە بەوهۆیەشەوە سەرلێشێواوی دروستبووە لە ئەنجامی ڕاستی بەرایی هەڵبژاردنەکان. هاوکات بە ئاماژە بە دەستکاریکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، شارەوانی ئۆپۆزسیۆنی ئەستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕایگەیاند نابێت هیچ کەسێک گوێی لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵو بگرێت و گۆڕانکاری تێدا کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش کڵچدار ئۆغلۆوەیە بەگوێرەی ئەنجامە نوێیەکانی ئەنادۆڵو کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەردۆغان بە ڕێژەی 51.84٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە کیلیکدارئۆغڵو کە 42.53٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 59.44٪ی سندوقەکانی دەنگدان دەژمێردرێن. ئەمەشلەکاتێکدایە کڵچدار ئۆغلۆ لە تویتێکدا بڵاویکردەوە و دەڵێت کە  " لە پێشەوەن". هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیادا، پێشبڕکێیەک کە لەوانەیە کۆتایی بە حوکمڕانی 20 ساڵەی ئەردۆغان بێنێت.  

ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای تاران بەرز دەبێتەوە و بەپرسێکیش ئاشکرای دەکات نزیکەی نیوەی بەندکراوانی ئێران پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە. مستەفا هادی زادە، ئەمینداری ئەنجومەنی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای تاران رایگەیاند؛ 25 هەزار کەسی ئالودەبو بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکەدا دەستنیشان کراون کە 20 هەزاریان لەسەر شەقامەکانی تارانی پایتەخت دەژین و هیچ شوێنێکی نیشتەجێبونیان نییە. هادی زادە وتویەتی: هیچ کەس و لایەنێک ئامادە نییە ئەو ئالودەبوانە لەخۆیان بگرن کە لەسەر شەقامەکانی پایتەخت دەژین و بە پێی یاسا تەنها دەتوانرێت سێ مانگ دەستبەسەر بکرێن. بەوتەی ئەو لە هەر 100 کەس کە لە زیندانەکانی ئێران بەند کراون 43 کەسیان بە تۆمەت و تاوانی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەند کراون. لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان بە ئالودەبو ئەژمار دەکرێن کە رێژەی 10%ی ئالودەبوان کچ و ژنن.  

هاوڵاتی خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بەرپرس و چاودێرانی پارتی چەپی سەوز و لە ئەنجامدا سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و چاودێر بریندارکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە بەناوی فاروق قلیچ لە گەڕەکی ئەشمە لە ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین هەوڵیاندا لە کاتی دەنگداندا بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتی چەپی سەوز لە دژی ئەو هەوڵە ساختەکارییە وەستانەوە. لەو کاتەدا، کۆمەڵێک لە خزمەکانی قلیچ هێرشیان کردە سەر چاودێرەکانی پارتی چەپی سەوز. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی هێرشی ساختەکارانەدا دوو چاودێر بەناوی هاڤاس گونگۆر و کەمال ئەربەی بریندار بوون. پارێزەران دەستوەردانیان لە رووداوەکە کرد و رڕاپۆرتیان لەسەر ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئاکەپە تۆمار کرد. ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک سەردانی بریندارەکانیان کرد.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و فیلتەرکردنی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پشپۆری ئینتەرنێت و دنیای گریمانەیی  ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژی فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.    

هاوڵاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لەلایەن شاند و چاودێرانی فەرمی و سەربەخۆی نێونەتەوەییەوە چاودێری دەکرێن. چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردنەکان لە ٤٠٣ چاودێر پێکهاتوون و لە سەرانسەری تورکیا چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. ١٧٥ کەس لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی وڵاتانی جۆراوجۆر، نوێنەرانی حیزبەکان و چەتر و هاوپەیمانییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا پێکهاتوون، لە شارە کوردییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن. دەرویش چیمەن نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا بۆ میدیاکانی باکوری کوردستا رایگەیاند، "بەپێی کەش و هەوای پێش هەڵبژاردن، چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لە تورکیا ئەنجام بدرێت." چیمەن وتیشی، "ئەردۆغان بە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، میدیا و هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەت هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. لە ئێستادا هەموو کەسێک دەبینێت، کە دەسەڵاتی ٢١ ساڵە دەسەڵات بووە بە ڕژێمێکی دەسەڵاتپەرەستی دیکتاتۆر. شاندی چاودێری سەربەخۆ و فەرمی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە نێردراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان". چیمەن ئەوەشی وت، لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، نەرویج، دانیمارک، سوید و فینلەندا چاودێری ١٧٥ چاودێری سەربەخۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئامەد، چەولیگ، موش، رحا، مێردین، سێرت، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، مەلەتی و ئیستەنبوڵ دەکەن.

هاوڵاتی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەدرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، وا بڕیارە  بەم زووانە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواو بکات. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت" و پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدات، "چونکە پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە چاوەڕێی دەکەن".  ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دەدات، چونكە یاسایەكی گرنگە و هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان چاوەڕێی پەسەندکردنى بودجە دەكەن. جێگای ئاماژەیە، پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویكردبوەوە، لایەنە سیاسیەكان ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەیان دیاریكردوە بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە  بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە. درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هاوڵاتی راپۆرتی تورکیا دوایین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەمشەو دوایین شەوی دەسەڵاتی ئەردۆغانە. جان سەلچوکی بەڕێوەبەری رێکخراوی راپۆرتی تورکیا لە تویتێکدا، ئەنجامی دوایین راپرسی رێکخراەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکردەوە. جان سەلچوکی باسی ئەوە دەکات کە دوای کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە کاندیدی سەرۆکایەتی هاوکێشەکانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و رایگەیاند بەگوێرەی راپرسیەکەیان دەنگەکانی کاندیدەکان بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ: ٥٠.٥٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان: ٤٥.٦٪ سینان ئۆغان: ٣.٩٪ لە شەقامی تورکیادا، زۆر باسی رووخانی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکرێت و دەگوترێت، ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵاتی رادەست ناکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ عەبدوڵلا گول یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) کە ماوەیەک لە کابینەی ئاکەپەدا سەرۆککۆمار و سەرکوەزیریش بووە، رایگەیاند، دەسەڵات ئەنجامی دەنگدان قبوڵ دەکات. سبەینێ ١٤ی ئایار لە ٨ی بەیانیەوە تاوەکو ٥ی ئێوارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت. دەنگدانی دەرەوەی وڵات تەواو بووە و نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەس دەنگیانداوە. سبەینێش زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کە لە دوو مانگی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا نەبێت، لە خولی دووەمدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاکەپە و ئەردۆغان دەهێنرێت.

هاوڵاتی قەدەغەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەستی پێکرد و تاوەکو سبەینێ دوای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. سبەینێ خەڵکی تورکیا بۆ دیاریکردنی ١٣مین سەرۆککۆمار و نوێنەرانیان بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکە ٨ی بەیانی دەست پێدەکات و تاوەکو ٥ی ئێراوە بەردەوام دەبێت. لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو بانگەشەیەک و راپرسیەک و هەواڵێکی لایەنگری لە میدیاکاندا قەدەغەیە. سبەینێ کاتژمێر ٩ی شەو قەدەغەی سەر راگەیاندن کۆتایی دێت و وردە وردە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت. سبەینێ لە ٦ی بەیانیەوە تاوەکو ١٢ی شەو هەموو باڕ و دوکانەکانی خواردنەوە کحوڵیەکان دادەخرێن. هەروەها قاوەخانە و ئینتەرنێت کافی و شوێنە گشتیەکان نابێت بکرێنەوە. دوای کاتژمێر ٦ی ئێوارە شوێنە گشتیەکان دەکرێنەوە و دەتوانرێت ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێن.

هاوڵاتی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆی لە شاری ئامەد باکوری کوردستان دەست پێکرد. میتینی پارتی چەپی سەوز لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد دەستی پێکرد و لایەنگرانی پارتەکە لەژێر گەمارۆی پۆلیس بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕوون. لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا، میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکرات گەلان، ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ساڵیحە یڵدز هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، ئایەتوڵلا ئاشیتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی، بایرام بۆزیەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە شاری ئامەد بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکە دەکەن و بۆ لایەنگرانیان قسە دەکەن. پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانەکەی بە تەواوی گەمارۆداوە و ئەوانەی دەچنە نیو گۆڕەپانەکە دوو جار پشکنینیان بۆ دەکرێت. بڕیارە سبەینێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت. بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز رایانگەیاندووە کە لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ئامانجیانە ١٠٠ کورسی بەدەست بهێنن. پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکانیش کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجام دراون، کلچدارئۆغلۆ لە پێش ئەردۆغانەوەیە.

بەهۆی کوچ و چونەدەرەوە لە ئێران ئەو وڵاتە روبەڕوی کێشەی کەمیی پەرەستار بوەتەوە و رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات سەرەڕای داواکاریی حکومەت، کەمترین پەرستار هەوڵی دامەزراندن دەدەن. رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیە و حکومەت رازیی بوە بە دامەزراندنی 25 هەزار پەرستار بەڵام کەمترین داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەش کراوە. ئەو رۆژنامەیە لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە فۆرمی دامەزراندنی پەرستاریی بڵاو کراوەتەوە و دەرکەوتوە کەمترین کەس ئامادەیی بۆ دامەزراندن دەربڕیوە. ئاماژەی بەوە کراوە؛ کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لە ساڵی رابردودا دوو هێندە بەرز بوەتەوە  و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بە مەبەستی کۆچ و کارکردن لە وڵاتانی دەرەوە جێهێشتوە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای کردوە 73%ی پزیشکان و پەرەستاران بەهۆی دۆخی ئابورییەوە هەوڵی کۆچکردن دەدەن و هەندێک ئاماریش دەریدەخەن لە ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستار و خوێندکاری بواری تەندروستیی ئێرانیان جێهێشتوە. محەمەد میرزابەیگی ، سەرۆکی ناوەندی پەرەستارانی ئێران ئاماژەی کردوە کە پەرستارانی وڵاتەکە بە مەبەستی کارکردن رو لە وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا و ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لە هەرێمی کوردستان دەکەن.  

گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران کەم دەکات و هۆشداریی دەدرێت لە پیربونی خێرای کۆمەلگەی ئەو وڵاتە. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لە ساڵی 1986 بۆ 0.6% لە ساڵی 2021 دابەزیوە و خواستی وەچەخستنەوە لە ناو خێزانەکاندا کەم بوەتەوە. بە وتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەگەر وەچەخستنەوە و گەشەی ژمارەی دانیشتوان لە رێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە روبەڕوی پیربونی خێرا دەبێتەوە. ئاماژەی بەوە کردوە؛ رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە سەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترە و لە 20 ساڵی داهاتودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کە مەترسیدارە. بە پێی پێشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لە ساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچونەوە و لە هەر سێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچو دەبێت. لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبون لە داهاتویان خواستی وەچەخستنەوەیان نییە و هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بە گونجاوتر دەزانن.

هاوڵاتی بەرپرسانی پارتی سەوزی ئەوروپا رایانگەیاند، پێویستە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا نەکرێت و ئاماژەیان بەوەدا کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا پشتگیری لە گۆڕانکاری دەکەن. پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە کە واژۆی میلانی ڤۆگیل هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا و مینا جاک تۆلو ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپا و ڤیلا تستی ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپای لەسەرە. پارتی سەوزی ئەوروپا لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، " ئەردۆغان ٢٠ ساڵە تورکیا بەڕێوە دەبات. لە ١٠ ساڵی دواییدا، حکومەت هەم لە تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا بەرەو دەسەڵاتێکی تاکەکەسی هەنگاوی ناوە. هێرشەکانی بۆ سەر پێکهاتەی کورد و وڵاتانی دراوسێ تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. فشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، میدیای سەربەخۆ، ئازادی ئەکادیمی و مافەکانی ژنان بەردەوامە، مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکات. هەڵاوسان زیادی کردووە و گەل ئیدی ناتوانێت خواردن و پێویستی رۆژانەی خۆی فەراهەم بکات." پارتی سەوزی ئەوروپا باسی ئەوەش دەکات، " فشارەکانی سەر هەدەپە بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا گۆڕانکاری دروست ببێت. لەم بڕوایەداین کە تورکیا پێویستی بە دیموراسی هەیە. شەرمێکی گەورەیە کە رژێمی ئەردۆغان هەوڵ دەدات فشار لە هاوکارە سیاسیەکانمان بکات. فشاری ئەردۆغان لەبەرامبەر هەدەپە شەرمەزار دەکەین. هێرشەکانی ئەردۆغان نە تەنیا لەدژی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵکو هێرشەکە لەدژی پرۆسەی دیموکراسییە." پارتی سەوزی ئەوروپا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتی، " هیوادارین هاوڵاتیانی تورکیا بۆ مافی دیموکراسی خۆی، رۆژی یەکشەممە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بانگەوازیمان لە بەرپرسانی تورکیا ئەوەیە کە دەستوەردان نەکەن و رێگە بدەن هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەڕێوە بچێت."