ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات بەبۆنەى دیاریکردنى بە سەرۆکى سوریا، هیواى ئەوەش دەخوازن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت. پیرۆزباییەکەى ئەنەکەسە، لەکاتێکدایە ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان رێوشوێنەکانى دانانى ئەحمەد شەرعى بە نایاسایی دەزانن. ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى جددى بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانى گەلى سوریا و بەدیهێنانى سەقامگیریی و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و داڕشتنى دەستور. لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن: دەخوازین سەرکەووتوبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە قۆناغێکی گرینگدا کە پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی سوریا، چەسپاندنی سەقامگیری، هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، و داڕشتنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات. ئەنەکەسە، لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا، داوادەکەن کاربکات بۆ گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان لەناویاندا خەڵکى عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى بۆ ناوچەکانیان. ئەنەکەسە جەختدەکاتەوە، سەرکەوتنى ئەم قۆناغە پێویستى بە پڕۆسەیەکى سیاسی گشتگیرە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا و پێویستى کۆتایی هێنان بە ستەمى مێژوویی لەسەر گەلى کورد و پەسەندکردنى مافەکانیان لەدەستور و بەدیهێنانى شەراکەتى راستەقینە و بنیاتنانى وڵاتێکى فرەیی لامەرکەزى.
دادگای فیدڕاڵی عێراق کارکردن بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە کەرکووک و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بەنوسراوێک دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کارکردنى بە یاساکانى بارى کەسێتى و گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و لێبوردنى گشتى راگرت، دواى 15 رۆژ لە پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە. ئەو سێ یاسایە کە داواکارى هەر سێ پێکهاتەى شیعە و سوننە و کورد بوو، لە کۆبوونەوەى 21 ى کانونى دووەمى رابردوودا بەیەکجار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکران. بەپێی دەقى بڕیارى دادگاى فیدراڵى، راگرتنى کارکردن بەو سێ یاسایە رێوشوێنێکى کاتییە تا ئەو کاتەى سکاڵاکان لەسەر پەسەندکردنیان یەکلایی دەکرێتەوە. لە دانیشتنى ڕۆژى ٢١ى مانگى ڕابردوودا پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی لە میانی دیداری لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لە تاران جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەحمود مەشھەدانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران چاوی بە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کەوتووە. ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. باسی لەوەش کردووە کە لە ھەر میانی دیدارەکەدا، باس لە پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران کراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و ڕەنگدانەوەی پێشھاتەکان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران
بزوتنەوەى حەماس ڕایدەگەیەنێت، لێدوانی ئەو دیلە فەڵەستینییانەی ئازادکراون ئەوە دەردەخەن کە ئەوان هەتا چەند ڕۆژێک پێش کاتی ئازادکردنیان، تەنانەت هەتا دوایین ساتەکانیش مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە. لەو بارەیەوە حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە کە دیلە فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی پشتگوێ خستنی پزیشکی، برسێتیی، تینوێتیی و نەبوونی دەرمان بوونەتەوەبەتایبەتیش ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. هەروەها هاتووە: ئەمە تاوانێکی جەنگی تەواوە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرى ئیسرائیلەوە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو ئەنجامدراوە و پێشێلکارییەکی دڕندانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە دەرهەق بە دیلەکانە". هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە کاردانەوەی خاچی سوور کراوە بەرامبەر بە مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان لە کاتی گواستنەوەیان لە گرتووخانەی نەگەڤ و، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە ئەم تاوانانە گەورەترین نیشاندەری ئەوەن کە ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتیی ناناسێت. بە پێچەوانەی دەرکەوتنی فەلەستینییە ئازادکراوەکان، دیلەکانی ئیسرائیل کە لە غەززە ئازادکرابوون، وا دەرکەوت کە تەندروستیان باش و جل و بەرگی باشیان لەبەردا بوو و لەگەڵ ئازادکردنیان دیارییان وەرگرتبوو. لە 19ی مانگى یەکى ئەمساڵ، ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە سێ قۆناغ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە هەریەکەیان 42 ڕۆژ دەخایەنێت لە ماوەی یەکەمدا دانوستانەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەم بەردەوامن، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و پاڵپشتی وڵاتانى دیکە. لە نێوان ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ١٩ی یەکى ٢٠٢٥، ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا، کۆمەڵکوژیەکى گەورەى لە غەززە ئەنجامدا و زیاتر لە ١٥٩ هەزار فەلەستینی کوژران و بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون و زیاتر لە ١٤ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت کولتوری ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، شه ڕی ناوخۆ، تیرۆر، ئاژاوه و فیتنه به شێکی دانەبڕاوی گروپە بەکرێگیراوەکانى سەربە تورکیایەو ستراتیژێکی جێگیرى ئەوانە کەپەیڕەوی دەکەن. بەمەبەستى ئیدانەکردن و شەرمەزارکردنى، تەقینەوەکەى ئەمڕۆى شارى مەنبەج هەسەدە ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى بڵاوکردەوە. لەبەشێکى بەیاننامەکەى هەسەدە دەڵێت:هێزەکانمان کە ئەزموونی بەرفراوانیان هەیە لە ئاشکراکردنی تاوانباران، ئەزموونی لێکۆڵینەوەکانیان دەخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە تاوانکارییە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم بۆردومانانە. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەمە، بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبجی رۆژهەڵاتی حەلەب، "14 ژن و پیاوێک کوژران و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون." بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی سووریا، بەشێکی برینداران برینەکانیان سەختە، هەموو ئەوانەی بەر تەقینەوەکە کەوتوون، "کرێکاری کشتوکاڵین." دەقى بەیاننامەکەى هەسەدە بەیاننامەیەک بۆ شەرمەزارکردنی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی منبج هێزه کانمان، هێزه کانی سوریای دیموکرات، دوایین بۆردومانی تیرۆریستی که به یانی ئه مڕۆ له مه نبهج ڕوویدا، ئیدانه ده که ن و دووپاتی ده که نه وه که کولتوری ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، شه ڕی ناوخۆ، تیرۆر، ئاژاوه و فیتنه به شێکی دانهبڕاوی کرده وه ی فراکسیۆنه به کرێگیراوه کانی سه ڕ به ستراوه تورکیا، و ستراتیژێکی جێگیرە کە ئەوان پەیڕەوی دەکەن بۆ تیرۆرکردنی خەڵک و ڕێگریکردنیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی خراپی مەنبەج لە دۆسیەی دزی و تاڵانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر کە لەلایەن ئەندامانی ئەو کوتلانە پراکتیزە دەکرێن. هێزەکانمان کە ئەزموونی بەرفراوانیان هەیە لە ئاشکراکردنی تاوانباران، ئەزموونی لێکۆڵینەوەکانیان دەخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە تاوانکارییە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم بۆردومانانە، هەروەها ئەو لایەنانەی کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی کارەکانیان دەدەن لە ڕێگەی تۆمەتی ئامادەکراوەوە کە بریتین لە ئاراستەی هێزەکانمان دەکات چەند خولەکێک دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوانە بەبێ لێکۆڵینەوە یان بەڵگە لە هەوڵێکدا بۆ لابردنی گومان لە نهێنی ڕاستەقینەی لایەنەکانی پشتەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
بڕیارە سبەینێ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی کاتى کۆمارى سوریا، سەردانى توركیا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی داگیركەری تورك كۆدەبێتەوە. فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەرێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگێشتی ئەحمەد شەرعی کردووە بۆ تورکیا و سبەی شەرع دەگاتە ئەنقەرە. لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکاندا کە بڕیارە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوەبچن، دوا پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێدەکرێن و هەستانەوەی وڵاتەکە لەڕووی ئابووری و بنیاتنانی سەقامگیریی و ئاسایشی هەمیشەیی لە سووریا و هەنگاوە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لەوبارەیەوە دەخرێنە بەرباس. هاوکات میدیا عەرەبییەكان سەبارەت بە وادەی سەردانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەستەی تەحریر شام بۆ ئەنقەرەوە و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی زانیاری نوێ دەخەنەڕوو. میدیاكان ئاماژە بەوەدەکەن، سەردانەكە لەسەر بانگهێشتنامەی ئەردۆغانی سەرۆكی دەوڵەتی داگیركەری تورك بووە، بڕیارە پێشهاتەكانی سووریا تاوتوێ بكەن. جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پاڵپشتیكردنی گرووپە چەتەكان لە سووریا و تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە. دوایین سەردانی کاربەدەستێکی باڵای تورکیا بۆ دیمەشق 26ـی مانگی رابردوو بوو کاتێک ئیبراهیم کاڵن لە دووەم سەردانیدا دواى کەوتنی ئەسەد گەیشتە سووریا و رۆژی 22ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش هاکان فیدان سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. هاوکات شاندێکی باڵای حکومەتی سووریا کە لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە پێکهاتبوون، رۆژی 15ـی مانگی رابردوو سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و کاربەدەستانی باڵای تورکیا کۆبوونەوە.
مەحموود مەشهەدانى، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، لەو سەردانەدا، تیشک دەخاتە سەر دوو فایلی گرنگ کە بریتین لە مەلەفی گروپە چەکدارەکان و نزیکبوونەوەی سوریاو تورکیا لەگەڵ عێراق، ئەمەش بەپێى راپۆرتى میدیا عێراقیەکان. لەژێر ڕۆشنایی ئەو قسانەی باس لە لێکنزیکبوونەوەی سوریا- تورکیا-عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەکرێت، هەروەها زیانی ئێران بەهۆی ئەم لێکنزیکبوونەوەیەوە، بەتایبەتی کە ساڵانێکە عێراق لەژێر هەژموونى ئەو وڵاتەدایە. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشهەدانی، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوت دوو فایلی گرنگ لە گیرفانیدایە. بەپێى هەواڵى میدیاکان ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی هات کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران، محەمەد باقر قالیبافەوە. ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2024، محەمەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، مەحمود ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بانگهێشت کردبوو بۆ سەردانی ئێران. چەند سەرچاوەیەکى جیاواز بە ماڵپەرى عالەم ئەلجەدیدیان ڕاگەیاندووە، “سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی فەرمیدا سەردانێکی خێرا بۆ تاران دەکات، کە تیایدا کۆمەڵێک فایلی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، "مەشهەدانی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، تیشک دەخاتە سەر دوو فایلی گرنگ کە بریتین لە مەلەفی گروپە چەکدارە شیعەکان و نزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا لەگەڵ عێراق". دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، قسەی فراکسیۆنە عێراقییەکان کە داوای دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکانیان لەو وڵاتە دەکرد، کەمتر بووەوە، هەروەها دەستیان کردووە بە چاوخشاندنەوە بە داواکارییەکانیان، بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی کە بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس قسەیان کردووە. ئاژانسەکە ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ، ڕووخانی ئەسەد، هاوپەیمانی ئێران، بووە هۆی لاوازبوونی نفوزی تاران لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە ئەو گروپانەی هاوپەیمانی لەگەڵدا بوون لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن و دەشڵێت، "لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دانوستاندان." مەزڵوم عەبدی وتیشی ئەوان دەیانەوێت خۆیان شارەکان بەڕێوەببەن، دەشیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان بمێننەوە. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی، مەزڵووم عەبدی، چەند پرسێکی باسکرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بوون. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند رووخانی رژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیاکەی بێت. عەبدی ئاشکراشیکرد هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا. لە کۆنگرەیەکدا بەڕێوەبەرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا ئەحمەد شەرعیان وەکو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دیاریکرد پەرلەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە. لەو بارەیەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین. گوتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە.
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا. لهڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا دەدرێن، ناشەرعین، چونکە بە بێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک ئەنجامدراون. ئیدارەکە ئاماژەی بە کۆنگرەی “سەرکەوتن” کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو و بە ناشەرعی ناوی برد، چونکە دەڵێت، زۆرێک لە بەشداربووان تیرۆریست بوون و نوێنەرایەتی خەڵکی سوریا و ژنان و گەنجانیان تێدا نەبوو. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بێ بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی گەلی سوریا و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات. ئیدارەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد، کە لەو هەڵەیە تێبگەن و هەموو سوورییەکان لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتیدا کۆبکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دیموکراتیک. ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو. ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە. هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022 پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووهمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا، کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانەو هێزو دەستکەوتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی ئەوەندە هەیە کەڕێگە بە هیچ وڵاتێک نەدات هێرش بکاتە سەری هێزو توانا سەربازیەکانی ئێرانیش تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەس و وڵاتیک نییە. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی بەرگری و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی، سەرۆک کۆمار ئێران وتی: ئەم دەستکەوتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی هەرچییەکیان بوێت بەرامبەر خاکی ئێران بیکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەم دەستکەوتانە بە مەبەستی بەرگری لە نیشتمان و شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە نین. مەسعود پزیشکیان پێیوابوو، هیچ وڵاتێک بەهۆی دەستکەوتە بەرگرییەکانییەوە ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە هیچ وڵاتێک ناوێرێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەى. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی زلهێزە بیانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون. لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا. ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن. بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت." چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن. عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون. گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.
حکوومەتی عێراق تاوتوێی سەردانێکی فەرمیی وەزیری دەرەوە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی سیاسی لەسەر کرانەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا هەیە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارێکی کورد ئامۆژگاری بەغدای کرد بەڕووی سووریادا بکرێتەوە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێرق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریشیدا لە بوونی 10 بۆ 12 هەزار ئەندامى داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ڕەنگە مەترسی ئەمنیی بۆ دروستبکەن عێراق ئەگەر ئازاد بکرێن. وتیشى: ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری هاوبەشمان. فواد حسێن، بوونی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای نەبوونی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق لە ئێستادا" پشتڕاستکردەوە و "رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ سوریا وەک بەشێک لە جددی" ئاشکرا کرد هەنگاوەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات لەچەند گفتوگۆکانی نێوان وەزیری عێراق و هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دۆخی سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی دەکەن، بەپێی داتاکانی حکومەت. هەر لەو پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە “لە بەرژەوەندی عێراقدایە مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای سوریادا بکات”، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لەم دۆخەدا هەیە وڵاتی دراوسێ “ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات”. زێباری لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی شام، بە تایبەتی: ئوردن، سعودیە، کوەیت، قەتەر، فەلەستین، لوبنان، عومان، و بەحرەین.”
هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١
ــ ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکەرم بەردەوامە لیواکانی قاسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ شەممە سێ بارمتەى رادەستى خاچى سور کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، یەکێکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکییە. لە ١٤هەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە کەرتی غەززە ڕێکارەکانى چوارەمین گروپى بارمتەکان ئاڵوگۆڕکرا، هەر یەکە لە ئوفەر کاڵدرۆن و یاردەن بیباس کە وەک دیل لەبەردەست حەماس'دا بوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران، بەڵگەنامەی تایبەت بە ڕادەستکردنی دیلەکانی واژۆکرا. دەزگاى زیندانەکانى ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە دەستیان بە ڕێکارەکانی ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە دوای ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل ڕوودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکارم لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامن و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچە و شارۆچکەیەک لەوانە نابلوس و خابرۆن و ڕامەڵڵا. دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەڵێن ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی دەیان زیندانی لە خولی چوارەمی ئاڵوگۆڕەکاندا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی وەجبەی چوارەمی ڕێکەوتنەکە ناوی زیندانییەکان ڕادەستی زیندانییەکان دەکات، ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن”. هەروەها 54 زیندانی بە سزای جیاوازو و سزای هەتاهەتایی. ١١١ زیندانی لە کەرتی غەززە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکراون. بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە فەلەستینیەکان لەوان هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکداری بریندار، بۆ یەکەمجار لە دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ میسر گەشت بکەن.