ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات ئێران هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ روسیا رابگرێت و نابێت ئەو وڵاتە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بدات. وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بە هێچ شێوەیەک سنوری وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بەتایبەت ئۆکرانیا پێشێل بکات و بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی بە روسیا ببێتە هۆی زیانگەیاندن و دروستکردنی مەترسیی. لەو بەیاننامەیەدا داوا لە ئێران کراوە بە زوترین کات ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا راگرێت چونکە لە رێگەی ئەو فڕۆکانەوە زیانی گەورە بە ژێرخانی ئۆکرانیا دەگات و تا ئێستا قوربانیی زۆری لەو وڵاتە لێکەوتوەتەوە. 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ جەختیان لەوە کردوەتەوە کە نابێت کۆماری ئیسلامی هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بدات و دەبێت پابەندنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی. هەر لەو بەیاننامەیەدا وڵاتانی ناتۆ داوایان کردوە ئێران تاقیکردنەوە موشەکییە بالیستییەکانی رابگرێت و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 پابەندی بڕیاری 2231 ی ئەنجومنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت کە لە ئێستادا پێشێلی کردوە. پێشتر ئیسرائیل و دوو رۆژنامەی ئەمریکا ئاشکرایان کربو کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 1500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کردوە کە دژی ئۆکرانیا بەکار دەهێنرێت.
فەرماندەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا ویستویەتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران داببڕێت بەڵام پلانەکەیان شکست پێهێناوە. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبونەوەی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ هێزی سوپای پاسداران تەنها موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نییە ئەزمون و توانای زۆریان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوە نەیارانیان. سەلامی لەو کۆبونەوەیەدا وتی: ئەمریکا پلانی هەبوە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران پارچە بکات و تەنانەت بەشێوەیەکی کاتی ئەو ناوچەیە لە خاکی وڵاتەکە داببڕێت و چەند شارێک بە تەواوتی کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئاماژەی سەلامی بە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە کە بە وتەی ئەو ئەمریکا پلانی دابڕانی لە خاکی ئێرانی بۆ داڕشتوە و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانی بەو سیناریۆیەدا ناوە. حسێن سەلامی وتوشیەتی: هێزی وشکانی سوپای پاسداران ئەو پلانەی بە هێرشی پێشوەخت پوچەڵ کردوەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی تێکچونی رێکخستن و پلانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە دژی ئێران. لێدوانی سەلامی لە کاتێکدایە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، سوپای پاسداران چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە برادۆست، هەولێر، کۆیە و زڕگوێز-ی موشەکباران کردوە و بە فڕۆکەی خۆ کوژ هێرشی کردوەتە سەریان کە زیاتر 20 کوژراو و نزیکەی 70 برینداری لێکەوتوەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵات و نەیارانی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیو زمانە" بڵاوی کردۆتەوە :" رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو ٧ کرێکار لە کاتی کردندا، لە ٥ رووداودا گیانیان لە دەستداوە." بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٩ی جوولای، دوو مناڵی کار لە شاڕێی تاران- باکوور، کەوتوونەتە بەر پیکابێک و یەکێک لە مناڵە کرێکارەکان بە ناوی " ئارمان سەلەحشوور" دەستبەجێ گیانی لە دەستداوەو مناڵێکیتر بە ناوی " عەلیرەزا ئەڵماسی" بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە. لە رووداوێکیتردا، دوو کرێکاری بیرهەڵکەن، لە "ئامول" لە باکووری ئێران، بە هۆی رووخانی بیرەوە گیانیان لە دەستداوە، سەرچاوەکان باسیان لە ناسنامەی ئەم دوو کرێکارە نەکردووە. رۆژی یەکشەممە ١٠ی جوولای، کرێکارێکیتری بیر هەڵکەن خەڵکی شاری مەشهەد لە کاتی خاوێنکردنەوەی بیردا، بە هۆکاری نادیار کەوتۆتە بیرەکەوەو گیانی لە دەستداوە. پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە شاری "خومەینی شار" دوو کارێکاری بیناسازی بە هۆی رووخانی بیناوە گیانیان لە دەستداوە. هەروەها هەر لەم رۆژەدا پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، کرێکارێکی بەشی کارەبا بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەستداوە. ماڵپەڕی "هرانا" باس لەوە دەکات رۆژانە ٥ کەس لە ئێران بە هۆی رووداوی کارەوە گیان لە دەست ئەدەن.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەمساڵدا گەیشتوەتە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس. وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ئەمساڵ بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس مەزەندە کراوە، رێژەی گەشەی ساڵانەش 2.5%یە، رێژەی رەگەزی نێر 50.5% و مێ 49.5ی کۆی دانیشتوانن. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، گروپی تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ نزیکەی 40%ی دانیشوان پێکدەهێنن، تەمەنی 64-75 ساڵیش رێژەی 15%ی دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها گروپی گەنجانیش کە تەمەنی 15- 24 ساڵان پێکدەهێنن 28%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن. وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکراشیکردوە، "نزیکەی 50%ی دانیشتوان لە پارێزگاکانی (بەغدا، نەینەوا، بەسرە، زیقاڕ) چڕبونەتەوە، دانیشتوانی شارەکانیش 70% و گوندشینەکانیش 30% پێکدەهێنن". لەبارەی رێژەی لەدایکبوانیش، وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکردوە، رەوشی تەندروستی کۆرپەلە و منداڵانی خوار پێنج ساڵ باشتر بوە، بەجۆرێک لە هەر 100 هەزار لەدایکبونێکی کۆرپەلە، 20 کەسیان دەمرن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوە". هەروەها "بەراورد بە ساڵی 2018دا رێژەی لەدایکبونی منداڵ کەمبوەتەوە لەکاتێکدا لەو ساڵەدا سێ ملیۆن و 660 هەزار منداڵ لەدایکبون، بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ سێ ملیۆن و 300 هەزار منداڵ لەدایکبون کە تەمەنی ئافرەتانی دوگیان لەنێوان 15-49 ساڵاندا بون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی رێژەی تەمەنی بەساڵاچوان."
وەزارەتێکی ئێران هۆشداریی دەدات زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە بەهۆی دابین نەکردنی خۆراکی پێویست روبەڕوی کارەساتی مرۆیی دەبنەوە. وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە لە ئێران رایگەیاند؛ زیاتر لە 57%ی دانیشتوانی وڵاتەکە توشی کەمخۆراکی و بەدخۆراکی بون و توانای دابینکردنی خۆراکی پێویستیان نییە. ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوە کردوە؛ زۆرینەی دانیشتوانی ئێران توانای دابینکردنی رۆژانە دوو هەزار و 100 کالۆری خۆراکیان نییە و ئەوەش وای کردوە روبەڕوی کێشەی کەمخۆراکیی ببنەوە. هادی موسەوی نیک، بەڕیوبەری گشتی ناوەندی توێژینەوەی سەر بە وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی رایگەیاندوە؛ 14 ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە ئێران کێشەی کەمخۆراکیان هەیە کە لەو ژمارەیە 10 ملیۆن منداڵ تەمەنیان لە 12 ساڵ کەمترە. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئێران توشی کەمخۆراکیی بون 800 هەزار کەس بوە و بە پێی ئامارەکانی ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەو وڵاتە ساڵانە بە بەهای نزیکەی 20 ملیارد دۆلار بەربومی کشتوکاڵی و خۆراک رەوانەی 15 وڵاتی دراوسێی دەکات.
هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکی خێراتر و چڕ کردوەتەوە بەڵام لە ئێستادا چەکی ئەتۆمیی دروست ناکات. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: تاران لە ساڵی 2020 تا ئێستا هەوڵەکانی بە ئامانجی گەیشتن بە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی چڕتر کردوەتەوە بەڵام ئاماژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێستایدا بەدی نەکراوە. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتیدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە: زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومانیان لە راستیی راپۆرت و هەڵسەنگاندنەی ناوەندی زانیاریی نیشتیمانی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکی کۆماری ئیسلامی هەیە. ناوەندەکەی ئەمریکا لەو راپۆرتەدا کە دوو لاپەڕەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی پێویستی بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی هەستیار هەیە کە لە ئێستادا ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدی ناکرێت. هەر لەو راپۆرتەدا رون کراوەتەوە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات کەرەستە و یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە هەیە. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پابەندنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زانیارییەکانی ئەو ناوەندەی پشتڕاست کردوەتەوە. بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بیانوی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، رێژەی پیتاندنی لە ژمارەیەک وێزگەی ئەتۆمیی گەیاندوەتە 60%.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)، گرێبەستە 27 ملیاردۆلارییەکەی بواری وزەیان واژۆ کرد کە ساڵانێکە لە چاوەڕێی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەدایە. رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نووسیویەتی: "عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینیرجی، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد کە ماوەیەکی زۆرە لەئارادایە و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریەکە لە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و وزە نوێبووەوەکانەوە". بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و سەرەتا بڕیار بوو بە سەرمایەگوزاریی 10 ملیار دۆلار و لە باشووری عێراقەوە دەست پێ بکات و لە ماوەی 25 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە و خستنە بواری جێبەجێکردنیەوە سەری نەگرت بە هۆی ناکۆکیی نێوان سیاسیی و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەربارەی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا هەبوون. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تهمموزی 2023، پاتریک بۆیان، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیان راگەیاند و پاتریک بۆیان رۆژەکەی بە (رۆژێکی مێژوویی) وەسف کرد. ئەم واژۆکردنە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستەکە زیندوو کرایەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیا فەرەنسییەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق پشکێکی کەمتری لە گرێبەستەکە هەبێت بە رێژهی 30%، بەرانبەر 45% بۆ (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و 25%یش بۆ (قەتەرئینیرجی). هاوکات حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە. ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت. گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەری فەرمی زانکۆی تاران بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای بڵاوی کردۆتەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان زانکۆی تاران و حەشدی شەعبیدا واژۆ کراوە بەوەی کە ئەندامان و کەسانی نزیک بە حەشدی شەعبی لەو زانکۆیە بخوینن و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن. ئەم رێککەوتننامەیە لە نێوان حسێن مووسەوی بەخاتی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی حەشدی شەعبی و محەممەد موقیمی سەرۆکی زانکۆی تاراندا واژۆ کرا. لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی خوێندکاری عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک خوازیاری خوێندن بەڕێوە چوو سەرۆکی زانکۆی تاران ئەم پەیوەندییەی بە گرینگ ناو برد و باسی لەوە کرد ئەوان ئامادەن بەوەی خزمەتگوزاری خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی و بەتایبەت موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی بکەن لە پێناو پێگەیاندنیان. هەر لەم دیدارەدا حسێن مووسەوی بەخاتی باسی لەوە کرد ئەوان پەیوەستن بە یاساکانی زانکۆی تاران و هەروەها یاساکانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران و عێراقەوەو بە پێی رێنماییەکانی ئەو دوو وەزارەتە خوێندکار دەنێرنە زانکۆی تاران.
کۆشکی سپی رایگەیاند؛ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکا بەردەوامە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نەکراوە. جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتە بە ئامانجی رزگارکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدایە و تا ئێستاش بەردەوامە. سۆلیڤان بە دەنگی ئەمریکای وتوە؛ سەرجەم ئەو دانوستانانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کراوە ناڕاستەوخۆ بوە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران بە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەکراوە. لێدوانی سۆلیڤان لە کاتێکدا پێشتر ئیسرائیل و رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرایان کردبو ئازادکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێک بوە لە رێککەوتنەکە و واشنتۆن هەواڵ دەدات کۆماری ئیسلامی رازی بکات موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە 20 ملیاردی ئێران ئازاد بکرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا کە ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن ناوی هێناوە. ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بووەو لەم پەیوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شارە جیاوازەکان قۆڵبەستکراون. لەم پەیوەندەدا (م.ن) چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نیشتەجێی یەكێک لە شارەکان ئەڵێت:" گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاری تا دێت زیاتر ئەبێت و هۆکارەکەش بەوەیە دەسەڵات دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. " ئەم چالاکە لە وتەکانیدا جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە:" شۆڕشی ژینا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، سەرەڕای هەموو چەشنە سەرکوتکارییەکان هەر درێژەی هەیە و خەریکی گۆڕینی فۆڕمی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا دەستپێدەکاتەوە. " لە پەیوەند لەگەڵ قۆڵبەستکردن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی شارەکان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکانی "هەنگاو" ، "هرانا" ، "ئاسۆی رۆژ" ، "کوردپا" لە چەن رۆژی رابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە شارە جیاوازەکان قۆڵبەست کراون بەشی زۆریان هۆکاری قۆڵبەستکردنیان دیار نیە و بنەماڵەکەیان لێیان بێ ئاگان. سەقز لە چەن رۆژی رابردوودا زۆرترین ژمارەی قۆڵبەستکردن و رەش بگیری لە شاری سەقز روویداوە. (ر.م) چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی شاری سەقز، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە لە شاری سەقز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقزەوە دەستی پێکردوەو رژیم زۆرترین مەترسی لەم شارە هەیە. قۆڵبەستکردنی ٤ کەس نادیاربوونی چارەنووسیان رۆژی ١٨ی جوون٤ کەس لە شاری سەقز بە ناوەکانی ، "ئەفخەم مورادیان" ، "ئازاد مورادیان"، "کامیاب ئەسڵی" و "شاهۆ ساڵەحی" قۆڵبەست کران و گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە و تا ئێستە بیانووی گرتنیان روون نەبۆتەوەو بنەماڵەکەشیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن. دەستگیرکردنی کاوە حیجازی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "هەنگاو" کاوە حیجازی تەمەن ٣٨ ساڵ، رۆژی ٢٠ی جوون لە ماڵەکەی خۆی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەستکرا و لەو کاتەوە تا ئێستە بنەماڵەکەی لێی بێ ئاگان و چارەنووسی نادیارە. دەستگیرکردنی شەهلا چووپانی رۆژی ٢٧ی جوون (٦ی پووشپەڕ) شەهلا چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و کچی محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی قەوخ بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرا. بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا، ئەم ژنە چالاکە کۆمەڵایەتییە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی سنە و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە. دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی رۆژی ١ی جوولای ، سامان پاشایی مامۆستای زانکۆ و خاوەنی مەدالیای زیوی زۆرانبازی لاوانی دونیا، لە رێگای گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ زیندانی سنە. سالار پاشایی برای ناوبراو کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە لەم پەیوەندەدا بە هاوڵاتی راگەیاند :" تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سامان بۆ ئێمە وەک بنەماڵە روون نەبۆتەوە، هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نەیتوانیوە پەیوەندی بە بنەماڵەوە بکات." هەر لەم پەیوەندەدا سالار پاشایی بە هاوڵاتی وت :" وەک بنەماڵە نیگەرانی باری تەندروستی سامانین. سامان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستە دەستی بە دەرمانەکانی بگات، بەڵام بنەماڵە نەمانتوانیوە دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و نازانین لە کام بنکە دەستبەسەرە". جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینادا، لەیلا پاشایی، خوشکی سامان ماوەیەک دەستبەسەر بوو، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. نادیاری چارەنووسی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی ، لە کۆتاییەکانی مانگی جوونی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە. ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ لەم پەیوەندەدا باس لەوە دەکات تا ئێستە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەر بوونیان وەربگرن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئامادە نین وەڵامیان بدەنەوە. بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور رۆژی ٧ی جولای ماڵپەڕی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەیووب جەوانپوور، چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری سەقز، کە نزیک بە ١ مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە. ئەیووب جەوانپوور رۆژی ١٠ی جوون، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراو و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە و نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم هاوڵاتییە سەقزییە ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی بوو و بە کەفالەت ئازاد کرا. زیندانی کردنی نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جوولای ، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دوای بانگکردنی لە لایەن دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا و زیندانی کرا. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا. جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ. پیرانشار سادق مەحموود نژاد دەستبەسەر کرا رۆژی ٣ی جولای سادق مەحموود نژاد، خەڵکی شاری پیرانشار کە لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ساچمە بەرچاوی کەوتبوو و بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە نووسیویەتی :"مەحموود نژاد چەن جار لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە." دەستگیرکردنی موحسین عەزیزی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای، موحسین عەزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چارەنووسی نادیارە. کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، لاوێکی کورد بە ناوی مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، رۆژی شەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ وە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە کراوە بێن و تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوەو لە هەمانکاتدا پێیان راگەیاندوون بۆیان نییە پرسەی بۆ دابنێن و پێویستە لە بێدەنگیدا بینێژن. مووسا ئێسماعیلی ٣٥ ساڵ تەمەن، رۆژی ٧ی ئەیار لە رێگای چوون بۆ پیرانشار، دەستبەسەرکراو ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ، بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان لێی بێخەبەر بوون و ناوبراو مافی گرتنی پارێزەری نەبووە. شنۆ دەستگیرکردنی دوو برا بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو، رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری خەڵکی گوندی "کانی رەش" سەر بە شاری شنۆ دەستگیرکرا. دوو رۆژ دواتر برای بچووکتری ئەم هاوڵاتییە بە ناوی شەفیع بابەکری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و هەردوو براکە بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. دەستگیرکردنی٦ هاوڵاتی رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای، پێنج کەس بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پوودات و عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکول، سولەیمان گەڵوانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. لەم پەیوەندەدا ماڵپەڕی کوردپا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ٦هاوڵاتییە روون نییە و نازانرێت بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون. نەغەدە دەستگیرکردنی لاوێکی ١٨ ساڵە رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، ماردین چێودار، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵنێری (هرانا) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک بەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەوە نووسیویەتی :" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵەوەو ماردینیان لەگەڵ خۆیان بردوە" ماڵپەڕی کوردپا لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەر بوونی بنەماڵەکەی لێی بێخەبەرن و سەردانی هەرکام لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانیش ئەکەن وەڵامیان نادەنەوەو پێیان ئەڵێن کوڕەکەتان لە لای ئێمە نیە". هەر لەم رۆژەدا ئاسۆ قەلەندەری تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری نەغەدە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. دەستبەسەر کردنی فەرهاد ئیسماعیلی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو بە رۆژی رووناک و لە شەقامێکی سەرەکی شارەکە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیر کراوە. ئیلام دەستگیرکردنی مناڵێکی ١٥ ساڵان رۆژی ٢٨ی جوون، مناڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" خەڵکی سەرئاوڵەی سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوەو خراوەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دان بە کۆمەڵێک شتدا بنیت. ماڵپەڕی هەنگاو لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی :" ئەم مناڵە ١٥ ساڵ تەمەنە، پێشتر و لە گەرمەی ناڕەزاییەتییەکاندا دەستگیرکرابوو ". بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی " ایران وایر" لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ٧٠ مناڵی ژێر ١٨ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەر کران". عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندەدا وتبووی :" ژمارەیەک لە لاوەکان بە هاندانی بەرنامەیەکی ئەنتەرنێتی دێنە سەر شەقامەکان کە دوای تەمبێ کردن دەدرێنەوە بە دەست بنەماڵەکانیان". بابەک کەرەمی سزای ٩ ساڵ زیندانی بە سەردا داسەپا رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، بابەک کەرەمی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا. پاوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری پاوە بانگ کرایە بەردەم دادگا بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، چەند رۆژ لەوە پێش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "هادی ئەحمەدی" خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بانگکراوەو دەبێ رۆژی ١٢ جولای لە دادگای کرماشان ئامادە بێت. جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی "ورمێ"، "سنە" ، "مەریوان"، "دیواندەرە"، "بۆکان" دەستگیر کراون و تا ئێستە بە تەواوەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیار نییە. بەشی زۆری دەستگیرکراوان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی پێشتری کوردستان و ئێران دەستگیر کراون و مەبەست لە دەستگیرکردنیان بەرگرتنە بە هەرچەشنە ناڕەزاییەتییەک لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. جێگەی ئاماژەیە ژینا ئەمینی ، کچی ئەمجەد، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاوبوونی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کراو بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی "کەسرا" گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە. ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دیار نییە، بەڵام بە پێی هەندێ راپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژراون. بۆ ئەم ڕاپۆرتە کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە هەنگاو کوردپا ئاسۆی رۆژ هرانا ایران وایر
رۆژنامەیەک ئاشکری دەکات ئیسرائیل بە مەبەستی ئازادکردنی هاوڵاتییەکی کە لە عێراق دەستگیر کراوە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات. رۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی چاپی لەندەن بڵاوی کردوەتەوە: ئەگەری بەهێز هەیە ئێلیزابێت تسورکۆڤ هاوڵاتی ئیسرائیلی کە بە رەچەڵەک روسییە لە لایەن حەشدی شەعبی و چەکدارە ئەمنییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق دەستگیر و رادەستی عێراق کرابێت. گروپی کەتائیبی حیزبوڵڵا-ی عێراق تۆمەتبارە بە رفاندن و دەستبەسەرکردن و رادەستکردنی ئێلیزابێت تسورکۆڤ لە بەغدادە بۆ ئێران. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو توێژەرە ئیسرائیلی-روسییە کە لە بەغداد دەستگیر کراوە وای کردوە تەلئەڤیڤ بە نێوەندگیریی مۆسکۆ بکەوێتە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوشدا لە بەرامبەر داواکارییەکی ئێراندا ئازاد بکرێت. بە پێی زانیارییەکانی شەرق ئەوسەت؛ پێشتر هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تۆمەتی پلان داڕشتن و ئەنجامدانی هێرشێک لە وڵاتی قوبرس دژی هاوڵاتییانی ئیسرائیل دەستگیر کراوە و کۆماری ئیسلامی داوای ئازادکردنی ئەو کەسە دەکات کە ئێستا لە تەلەئڤیڤ دەستبەسەرە. ئەو رۆژنامەیە ئەوەی خستوەتەڕو کە پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) هاوڵاتییە ئێرانییەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ناو خاکی ئێران دەستگیر کرداوە و گواستویەتیەوە بۆ تەلئەڤیڤ. میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئێلیزابێت تسورکۆڤ پێشتر سەربازی ئیسرائل بوە و بە بیانوی توێژینەوە لە رێگەی زانکۆیەکی ئەمریکی رەوانەی سوریا کراوە و دواتر بە پاسپۆرتی روسیا سەردانی بەغدادی کردوە.
لە دوو مانگدا زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە تارانی پایتەختی ئێران تۆمار کراوە و کەمترین ژمارەی جیابونەوە لە شارێکی رۆژهەڵات تۆمار دەکرێت. ناوەندی تۆماری دانیشتوانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە دوو مانگی سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا 79 هەزار و 260 هاوسەرگریی و 37 هەزار و 701 جیابونەوە لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە . بە پێی ئامارەکە؛ زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە ، لەو شارەدا نۆ هەزار و 272 هاوسەرگیری و شەش هەزار و 229 جیابونەوە تۆمار کراوە. تاران بەهۆی ژمارەی زۆری دانیشتوانییەوە لە تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و هاوکات جیابونەوە یەکەم شار بوە بەڵام کەمترین هاوسەرگریی لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ئیلام 663 هاوسەرگیریی تۆمار کراوە و بەوەش دووەم پارێزگا بوە لە ئاستی ئێران کە کەمترین هاوسەرگریی تێدا کراوە. لەو دوو مانگەدا تەنها 185 جیابونەوەی لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە بەوەش کەوتوەتە ریزبەندی یەکەم پارێزگا کە کەمترین حاڵەتی جیابونەوەی تێدا تۆمار کراوە. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 600 هەزار کەس کە 300 هەزار و 24 کەسی لە رەگەزی پیاو و نزیکەی 299 هەزار کەسیشی لە رەگەزی ژنن.
هاوڵاتی بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوەندە هەواڵنێرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی شەممە ٨ی جوولای، لە لایەن دەستەیەکی ٤ کەسی چەکدارەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستان و بەو هۆیەوە ٢ چەکداری سەر بە دەسەڵات و ٤ کەسی هێرشبەریش کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا، گرووپی چەکداری "جەیش العدل" کە گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامین لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران، لە تویتێکدا بەرپرسایەتی ئەم هێرشەیان گرتۆتە ئەستۆ. کەڵانتەری ١٦، ئەو بنکە سەربازییەیە کە هێرشی کراوتە سەر و ئەم بنکە سەربازییەی رژیم بە هۆکاری سەرەکی روودوای "هەینی خوێناوی" زاهیدان دەناسرێت. رۆژی هەینی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و لە هەفتەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینا، خەلکی زاهیدان بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە کوردستان، دوای نوێژی هەینی، رژانە سەر شەقام و دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە لایەن "کەڵانتەری ١٦"ەوە خۆپیشاندەران درانە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ١٠٠ کەس کە ژمارەیەکیان مناڵبوون کوژران و ئەو رووداوە بە هەینی خویناوی ناسراوە. لەو کاتە بەدواوەو زیاتر لە ٤٠ هەینییە، هەموو رۆژانی هەینی و پاش نوێژکردن، خەڵکی زاهیدان دەڕژێنە سەر شەقام و دژی کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە. گرووپی چەکداری "جیش العدل" کە بەرپرسایەتی ئەم هێرشە چەکدارییەی گرتۆتە ئەستۆ، خۆی بە ئەرتەشی یەکسانی و عەداڵەت ناو دەبات و لە بەلووچستانی ئێران لایەنگری زۆریان هەیە.
هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەبارەی مردنی رێژەیەکی زۆری ماسی لە پارێزگای میسان هاتە دەنگ و ڕەتیکردەوە بەهۆی کەمی ئاوەوە بوبێت. بەرێوەبەرایەتی ژینگەی میسان هەفتەی رابردوو مردنی هەزاران ماسی لە ڕووبارێکی ناوچەکە ڕاگەیاند کە بۆ کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێی ئاوەکە گەڕاندەوە و ئەمڕۆ بە فەرمی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هاتە دەنگ عەلی ڕازی، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەی پەروەردەکردنی ماسی یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕووبەرووی کەرتی سەرچاوە ئاوییەکان دەبێتەوە بەتایبەتی لە بارودۆخی کەمی ئاودا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ و ژینگەدا بکرێت، لە کاتێکدا کێشەی کەمی ئاو بەردەوامە، ڕەتیکردەوە کە مردنی ماسی لە باشووری وڵاتەکە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە بو بێت. ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە “پەتا و نەخۆشی” هەبێت و جەختیشی کردەوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە. ئەوە لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی میسان هەفتەی ڕابردوو مردنی بڕێکی زۆر ماسی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا ، هۆکارە سەرەتاییەکانی ئەو ڕووداوەی کە لە ڕووباری ئەلعەز ڕوویدا، بەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجینی تواوە و نەبوونی لە ئاوەکەدا بوە، جگە لە سوێری بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە نزیکەی ٣٤٠٠ میلیگرام TDS و هەروەها هۆکارەکانی دیکە لەوانە بەرزی پلەی گەرمی و بەرزی ڕێژەی هەڵمبوون لە ڕووبارەکەدا ئەمانە هۆکاری مردنی سێ تۆن ماسی بوو لە ناوچەکەدا .
هاوڵاتی ئێران كە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە ناتوانێت قەرزەكانی بە شێوەیەكی «كاش و نەختینەیی» وەرگرێتەوە و بیخاتە سەر ئەژمارە بانكییەكانی بە ناچاری نەوتەكەی بە چایی ئاڵوگۆڕ پێكردوە و وڵاتی سریلانكا كە 250 ملیۆن دۆلاری پاڕەی كڕینی نەوتی ئێران قەرزارە بڕیاری داوە بە رێككەوتنێكی دوولایەنە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چایی رەوانەی ئێران بكات. بڕیارە سریلانكا لە ماوەی 48 مانگدا و لە بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلاردا مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چا رەوانە دەكات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە چایە بۆ كەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا كەمی كردوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشكرای كردوە؛ بەهۆی بەرنامە موشەكی و ئەتۆمییەكەی كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك سزای نێودەوڵەتیی دژی ئێران سەپێنراوە كە رەوانەكردنی پارەی بۆ سەر ئەژمارە بانكییەكانی ئەو وڵاتە راگرتوە و ئێران بە ناچاریی داهاتی فرۆشی نەوتەكەی بە كاڵا ئاڵوگۆڕ پێدەكات و لە ساڵی 2021 سریلانكا و ئێران رێككەوتون لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر چایی. لە دوای سریلانكا، كۆماری ئیسلامی سەرقاڵی رێككەوتنێكە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتەكەی لەگەڵ وڵاتی پاكستان و بڕیارە لە بەرامبەر نەوتدا، ماددە وشكە خۆراكییەكان و ئامێر و كەرەستەی بیناسازیی لە پاكستان وەرگرێت. جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی جیهان رێككەوتنیان كردوە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ رەوانە بكرێت و لە بەرامبەردا شتومەك و كاڵای خۆراكیی بۆ ئێران رەوانە بكرێتەوە. ئێران پێش سزا نێودەوڵەتییەكانی ساڵی 2018، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی فەرمی رەوانەی بازاڕەكان كردوە بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی نهێنی و بە ناوی وڵاتانی دیكەوە بڕێك لە نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا ساخ دەكاتەوە.