بەرپرسێکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی گەیشتوەتە خاڵێک کە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهاتوە و هەوڵەکان بۆ زیندوکردنەوەی ئەو رێککەوتنە رادەگەیرێت. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ بەرپرسانی واشنتۆن گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە لە ئێستادا هیچ هەوڵێک بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەدەن و بێدەنگیی لەو پرسە بکەن. بلینکن ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە دوای دەستبەکاربونی جۆ بایدن، وەک سەرۆکی ئەمریکا دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی درا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک بەڵام وەڵامی ئەرێنیان بۆ ئەو دەرفەتە نەبوە. بە وتەی بلینکن، رێککەوتنەکە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئامادەکرابو بەڵام کۆماری ئیسلامی نەخوازراوە یان بە ویستی خۆی وەڵامی ئەرێنیی بۆ رێککەوتنەکە نەبوە و ئەوەش وای کردوە کە بەرپرسانی واشنتۆن چیتر باسی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران نەکەن. ئەو جەختی کردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەڵام ئەوەش بەو واتایە نییە کە واشنتۆن بژاردەی دیکەی بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی نەبێت. لە ماوەی رابردودا ئیسرائیل و ژمارەیەک رۆژنامەی ئەمریکا دانوستانە نهێنی و ناڕاستەوخۆکانی نێوان بەرپرسانی واشنتۆن و تاران-یان لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ئاشکرا کرد کە ئەوەش پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا بو لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی رەت کردبوەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت، ئۆپێک، لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئەڵێت :" ئێران لە ساڵی رابردووی زاییینیدا، یەک لە سەر سێی عێراق و نیوە کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی داهاتی نەوتی بووە". بە پێی ئەم راپۆرتە، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بێ لەبارچاوگرتنی داشکانەکان و تێچووی خۆدزینەوە لە گەمارۆکان، بڕێ ٤٢،٦ میلیارد دۆلار نەوتی خاوی هەناردە کردووە. ئەم رێژەیە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ لە سەدا ٦٧ (٦٧٪) زیادی کردووە کە بەشی زۆری بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکان بە هۆی هێرشی سەربازی رووسیا بۆ ئۆکراینەوەیە کە بوو بە هۆی ئەوەی نرخی نەوت لە دونیا ١٧٪ زیاد بکات. ئاستی مامناوەندی نرخی خاوی ئێران لە بازاڕەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیک بە ١٠٠ دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە مانگی ٦ ، دابەزیوە بۆ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک . بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی رادیۆ فەردا لەم بارەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئێران دەیەک لەوە پێش و بەر لە گەمارۆ نێونەتەوەییەکان دووهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو بوو لە ئۆپێک دوای سعوودیە. بەڵام گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە سالێ ٢٠١٢ بوو بە هۆی ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پێشی بکەویت. دوای گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک کۆماری دۆناڵدترامپ، هەرکام لە وڵاتانی کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پێش ئێران کەوتن. بە پێی راپۆرتی هەرکام لە هەواڵنێرییەکانی بلۆمبێرگ و روەیتەرز، ئێران جگە لەوەی پارەیەکی زۆری سەرف کردووە بۆ ئەوەی خۆی لە گەمارۆکان بدزێتەوە، لەوانە کەڵک وەرگرتن لە دەڵاڵە نێونەتوەییەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ گۆڕینی براندی نەوت و شاردنەوەی سەرچاوەکەی لە رێگای گۆڕینی کەشتییەکانەوە لە زەریاکان، نزیک بە ١٢٪ داشکانیشی کردووە بۆ پاڵاوگە بچووکە چینییەکان، وەک تەنیا کڕیارەکانی نەوتی کۆماری ئیسلامی. بە پێی راپۆرتی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠٢٢ ئێران هەموو رۆژێک ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە لە سەدا ٣٠ بە شێوەی راستەوخۆ و نزیک بە لەسەدا ٦٠ی لە رێگای دەڵاڵە چینییەکانەوە ، نێردراوەتە چین. هەروەها بە پێی ئەم راپۆرتە لە ساڵی ٢٠٢٢، ئێران هەموو رۆژێک ٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی داوە بە ڤێنزۆئێلا و ٥٦ هەزار بەرمیلی داوە بە سووریا. ئێران تا پێش گەرمارۆکان هەموو رۆژێک ٢.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەورووپا و ئەفریقا و وڵاتانی ئاسایی دەکرد. بە پێی راپۆرتەکان، ئاستی هەناردەکرندی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیاری ئەمساڵەوە بە هۆی داشکانی بەرچآوی لە سەدا ٥٠ بۆ چین، لە چاو ساڵی پێشتر زیادی کردووە، بەڵام نرخی جیهانی ەنوت لە بەرچاو ساڵی پار ئەم مانگانە لە سەدا ٣٠ کەمی کردووە.
هاوڵاتی ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی ٢١ی تەمووز رایگەیاند تا ئەو کاتەی سوید هەڵوێستی جیدی بەامبەر بەو کەسە نەبێت کە قورعانی سووتاندووە، باڵێۆزی نوێی سوید وەرناگرێت و ئیزن نادات بێتە وڵاتەکەی. حسێن عەبدوڵاهیان لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران رایگەیاند:" باڵیۆزی سوید لە تاران ماوەکەی کۆتایی هاتووەو لە سەر فەرمانی ئیبراهیم رەئیسی، تا ئەو کاتەی سوید هەڵوێستی جیدی بەرامبەر بەو کەسە نەبێت قورعانی سووتاندووە، باڵیۆزی نوێی سوید لە تاران وەرناگرێت وهەروەها باڵیۆز بۆ سوید نانێرێت.
هاوڵاتی ئەشكەنجەی گەنجانی كورد لە رۆژهەڵات بووەتە چەكێكی مەترسیداری دەسەڵات دژی دانیشتوانی ئەو بەشە لە كوردستان و شارەكانی ئێران بە جۆرێك كە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس كە زۆرینەیان كورد بوون لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون. ژمارەیەك لەو گەنجانەی لە زیندانەكان لەژێر ئەشەكەنجەدا كوژراون ئەندامانی پێشوی پارتەكانی رۆژهەڵات بون كە بە پێی یاسا بەر لێبوردن كەوتون و گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەڵام بە بیانوی رێكخستن و بەشداریی لە چالاكییەكانی ئەو پارتانە ئەشكەنجە كراون بە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساخ ببێتەوە. لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا كوژرانی دوو گەنجی رۆژهەڵات لە ژێر ئەشكەنجەدا كە پێشتر ئەندامی یەكێك لە پارتەكانی ئەو بەشە لە كوردستان بون كاردانەوەی لێكەوتەوە دەسەڵاتی ئێرانیش بۆ هێوركردنەوەی كاردانەوە و ناڕەزایەتییەكان بڵاوی كردەوە كە یەكێك لەو كەسانە بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركراوە ئەشكەنجە نەكراوە و تەنها بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام بڵاوبونەوەی وێنەی تەرمەكەی هەمو لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بەدڕۆ خستەوە. چالاكوانان كوشتن لە ژێر ئەشكەنجەدا بە ئامرازێكی سەركوت و چاوترسێنكردنی دەسەڵاتی ئێران ناودەهەنێن و رەنگە هەر ئەوەش كاردانەوەی توندی لێبكەوێتەوە و سەرهەڵدانی بەرفراوانی ناڕەزایەتییەكانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكە لێبكەوێتەوە بە تایبەت كە ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەی لەژێر ئەشكەنجەدا كوژران كورد بون. ئەشكەنجەی گەنجان و بێڕێزیی دەسەڵات لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ 27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ لانیكەم 27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون. پزیشكانی خۆبەخشی كوردستان بڵاویان كردوەتەوە لە ماوەی نزیكەی ساڵێكی دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس لە رۆژهەڵات و ئێران لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیدا كوژراون. تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە تەنها هەفتەی رابردو لە ماوەی 24 كاتژمێری دوو گەنجی كورد لە لایەن دەزگای هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەشكەنجە كوژراون. رێكخراوەكە ئاشكرای كرد كە هەر یەكە لە موسا ئیسماعیلی خەڵكی پەسوێ سەر شاری پیرانشار و پەیمان گەلوانی خەڵكی مەهاباد لە لایەن ئیتلاعاتی ورمێ ئەشكەنجەدراون و گیانیان لەدەستداوە. موسا ئیسماعیلی 62 رۆژ و پەیمانی گەڵوانی تەمەن 24 ساڵ 14 رۆژ لە ژێر ئەشكەنجەدا بون و هەندێك سەرچاوەی رۆژهەڵات باسیان لەوە كردوە؛ ئیسماعیلی كە ئەندامی پێشوی پارتێكی رۆژهەڵات و باوكی دوو منداڵ بوە دوای 24 كاتژمێر لە دەستبەسەركردنی لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە بەڵام دەزگای داد مەرگی ئەو گەنجەی شاردوەتەوە و تۆمەتی ئەوەی خستوەتە پاڵی كە لە روبەڕوبونەوەیەكی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و 258 هاوڵاتیی بەلوچ بون هاوكات پەیمان گەڵوانی دانیشتوی شاری مەهاباد دوای دەستگیركردنی لە لایەن هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ 14 ئەشكەنجە كراوە و دواتر بەهۆی تێكچونی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە كراوە بەڵام داواكاری گشتیی كۆماری ئیسلامی لە مەهاباد وای بڵاو كردەوە كە ئەو گەنجە بە تۆمەتی فێلكردنی بازرگانیی ئۆنلاین دەستگیركراوە و هۆكاری مردنەكەی گەڵوانیان بۆ نەخۆشییەكەی گەڕاندوە و تەنانەت میدیا فەرمییەكانی دەسەڵاتی ئێران هەواڵەكەیان بەو شێوە بڵاو كردەوە. لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دەسەڵات بڵاوی كردەوە سەرچاوەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات بەڵگە و وێنەی سەلمێنەری ئەشكەنجەی ئەو دوو گەنجەیان بڵاو كردەوە و لە وێنەكاندا ئاسەواری ئەشكەنجەی قورس بە تەرمی هەر دووكیانەوە دیارە و بە پێی زانیارییەكانیش موسا ئیسماعیكی بەهۆی لێدان لە سەری و خوێنبەربونی مێشك لە ناوەندی هەواڵگریی ورمێ كوژراوە. شەوی یەكشەممەی هەفتەی رابردو بە بەشداریی هەزارن كەس تەرمی پەیمان گەڵوانی لە شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا و جەماوەر دروشمی "شەهید نامرێ"یان وتەوە و سەرەڕای رێگریی هێزە ئەمنییەكان بەڵام جەماوەرێكی زۆر بەشدارییان لە خاكسپاردنی ئەو گەنجەدا كردو و لە هەندێك كۆڵان و شەقامی مەهاباد گەنجان بە ئاگركردنەوە و دروشم دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە پێی ئامارەكان تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیكەم 11 هاوڵاتیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەشكەنجە لە زیندانەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە گشتی لە 10 مانگی دوای مەرگی ژینا 27 گەنج و لاوی كورد و شارەكانی ئێران لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراون كە زۆرینەیان بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی دژی دەسەڵاتەوە بوە و دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ رەتكردنی مەرگی ئەو كەسانە بە ئەشكەنجە تۆمەتی جیاوازی خستوەتە پاڵیان و لە میدیا فەرمییەكانیدا بڵاوی كردوەتەوە. زیندان و ئەشكەنجەی گەنجانی رۆژهەڵات بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی سەركوت و ئەشكەنجە و ئازاری چالاكوانان و گەنجانی رۆژهەڵات زیادی كردوە بەڵام ئاماژەكانی سەرهەڵدانەوەی دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای دەسەڵات و لە بەرامبەردا هەڵمەتێكی دەستگیركردن لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتوەتەوە و تەنانەت ئەو كەسانەشی بەر لێبوردنی گشتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەوتبون لە ماوەی رابردودا دەستگیركراونەتەوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و 258 هاوڵاتیی بەلوچ بون بەوەش دوای هاوڵاتییانی كورد زۆرترین هاوڵاتیی بەلوچ كە دانیشتوی پارێزگای سیستان و بەلوچستان-ن دەستگیر كراون.
سەرۆکی ناوەندێکی پزیشکی ئێران رایدەگەیەنێت رۆژانە هەزار کۆرپەلە لە وڵاتەکە لەناو دەبرێت کە تەنها 10 حاڵەتی لەباربردنەکان یاساییە. موحسین زاکریان، سەرۆکی ناوەندنی (نەفەس) سەر بە سوپای پاسداران لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە رۆژێکدا هەزار کۆرپەلە و لە سالێکدا 300 هەزار بۆ 500 هەزار کۆرپەلە بەشێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکە لەبار دەبرێن. بە وتەی ئەو لەو هەزار حاڵەتەی لەباربردنەی کۆرپەلە لە ئێران تەنها 10 حاڵەتیان یاساییە و لە ژێر چاودێریی پزیشکانی پسپۆڕدا ئەنجام دەدرێت. بە پێی یاساکانی ئێران هەر کۆرپەلەیەک بە بڕیاری سێ پزیشکی پسپۆڕ و مۆڵەتی پزیشکی داد لە ئەگەری دروستکردنی مەترسیی بۆ دایکەکە لەبار دەبرێت و ئەوەش دەبێت پێش تەمەنی چوار مانگیی کۆرپەکە و بە رەزامەندیی دایک و باوکی، لەباربردنەکە بکرێت. لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە هەر جۆرە لەباربردنێکی کۆرپەلە کە لە دەرەوەی یاسا بێت بە (تاوانی لەباربردن) لەقەڵەم دەدرێت. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتوە لە 10 ساڵی رابردودا ژمارەی لەباربردنی کۆرپەلە لە ئێران بە بەردەوامیی بەرز بوەتەوە و بەشێک لە هۆکارەکەشی بۆ هەژاریی و فشارەکانی بژێوێ ژیان بۆسەر دایکان و باوکان لە وڵاتەکە دەگەڕێننەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی نیگەرانە لە بەرنامەی ئەتۆمیی و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و لە بەرامبەردا واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەنگاوەکانی توندتر دەکاتەوە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ نیگەرانییەکانی واشنتۆن لە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرە بەڵام هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە بۆ خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی مەترسیدارە چونکە ئەو رێگرییانەی لە رابردودا بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکە هەبو لە ئێستا نەماوە. بە وتەی بلینکن، ئەگەر پێشتر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران ساڵێکی پێویست بوبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە ئێستادا تەنها چەند هەفتەیەکی پێویستە بۆ بەرزکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیم بە مەبەستی بەکارهێنانی لە چەکی ئەتۆمیدا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لە کۆڕبەندنی ئاسایشیی پەیمانگای ئەسپێن ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن لەگەڵ فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا هەنگاوەکانیان دژی بەرنامەی ئەتۆمیی و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ئاسایس و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر کردوەتەوە.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەریوانەوە ، دوانیوەڕۆی هەینی ٢١ی تەمووز، ٧ ژینگەپارێزی شاری مەریوان لە نزیک بە کانی میران، بە شێوەی خۆبەخشانە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بوون ،بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان. ناسنامەی ئەو ٧ کەسەی کە بریندار بوون بۆ هاوڵاتی روون بۆتەوە کە بریتین لە: بەرزان پیرۆزی، کوڕی عەلی، مادێح خۆشنەواز کوڕی تۆفێق، ئارام کەیوان کوڕی رەحمان، بورهان مەکی کوڕی فایەق، سەیوان نیک پەی کوڕی محەممەد،هەروەها ئەمیر وجەلیل کە خەڵکی گوندی پیرسەفان. بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ژینگەپارێزەکانی شاری مەریوان و دەورووبەی، لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا لە ٥ قۆڵەوە، خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوانن کە گومان دەکرێت لە لایەن سپای پاسداران و کەسانی نزیک بەوانەوە ئاگرەکە کرابێتەوە پێنج ساڵ لەمەو پێش و رۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠١٨، چوار ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی " شەریف باجوەر"، " ئومید کۆنەپۆشی"، " محەممەد پژووهی" و " رەحمەت حەکیمی نیا" لە کاتی ئاگرکواژندنەوەدا گیانیان لە دەستدا و خەڵکی مەریوان و ناوچەکە کوژرانی ئەم ژینگەپارێزانە و بەتایبەت شەریف باجووەر و ئومێد کۆنەپۆشی بە پلان داڕێژراو دەزانن . هەموو ساڵێک رووبەڕێکی زۆر لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت مەریوان دەسووتێندرێن و ژینگەپارێزان و خەڵکی ئەو ناوچەیە سووتاندنی ئەو دارستانانە بە ئەنقەست دەزانن. وێنەو ناوی ئەو حەوت هاوڵاتییە: ناسنامەی ئەو ٧ کەسەی کە بریندار بوون بۆ هاوڵاتی روون بۆتەوە کە بریتین لە: بەرزان پیرۆزی، کوڕی عەلی، مادێح خۆشنەواز کوڕی تۆفێق، ئارام کەیوان کوڕی رەحمان، بورهان مەکی کوڕی فایەق، سەیوان نیک پەی کوڕی محەممەد،هەروەها ئەمیر وجەلیل کە خەڵکی گوندی پیرسەفان.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئێران، لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵی هەتاویدا، واتە خاکە لێوەو مانگی گوڵان و جۆزەرداندا، ٢٧ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات بە بیانووی پاراستنی شەرەف لە لایەن کەس و کار و بنەماڵەیانەوە کوژراون. ماڵپەڕی (هرانا) لەم پەیوەندەدا ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەی ئەو ژنانەی بە دەست کەس و کارەکانیان بە بیانووی شەرەف دەکوژرێن زیاترە لەو ژمارەیەی کە ناوەندە فەرمییەکان بڵاویان کردۆتەوەو زۆر جار بنەماڵەکان بە بیانووی پاراستنی ئابڕووی بنەماڵەیی یان بۆ خۆ دزینەوە لە یاسا، کوشتنی ژن و کچەکانیان بە خۆکوژی بڵاو ئەکەنەوە. ماوەیەک لەوە پێش هەواڵنێرییەکانی ئێران و لەوانە رۆژنامەی (اعتماد) هەواڵی کوژرانی کچێکی ١٥ ساڵانیان لە خووی بڵاوکردەوە کە لە لایەن باوک و دایکیەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی ویستبووی لە مێردەکەی جیا ببێتەوە، بڵاوکردەوە . پێشتر لە هەواڵنێرییەکان و لە لایەن بنەماڵەیەوە وا بڵاو کرابۆوە کە ئەم کچە ١٥ ساڵەیە کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا درابوو بە پیاوێکی ٢٧ ساڵان، خۆی کوشتووە، بەڵام دواتر بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوت کە لە لایەن باوکییەوەو بە هاوکاری دایکی کوژراوە.
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم لە دووهەفتەی رابردوودا ئەمریکا بڕیاریداوە لە سەر ناردنی هێز و فڕۆکە و کەشتی جەنگی بۆ کەنداو بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەست هێزەکانی ئێران، لە بەر ئەوەی ئێران هەوڵ دەدات دەست بە سەر کەشتییە بازرگانییەکاندا بگرێت. ئەمریکا و هێزی دەریایی ئەمریکا ئێران بەوە تاوانبار دەکەن هەوڵ ئەدات دەست بە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەدا بگرێت کە لە گەرووی هۆرمۆز دەپەڕنەوەو کێشە بۆ سیستەمی بازرگانی لەو ناوچەیە دروست بکەن. ئێران لە چەن ساڵی رابردوودا هەوڵیداوە گەرووی هۆرمۆز وەک کارتێک بەکار بهێنێت بەرامبەر بە گەمارۆ ئابوورییەکان و گەمارۆکانی سەر نەوت. رۆژی ١٨ی حەوت " عەلیرەزا تەنگیسەری" بەرپرسێکی باڵای ئێران بە هەڕەشەکردن لە کۆمپانیا و کەشتییە نەوت هەڵگرەکان وتی :" ئەوانەی کە رێگری لە فرۆشی نەوتی ئێمە ئەکەن، لە لایەن ئێمەوە بێ وەڵام نابن". ئەم بەرپرسەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشدا بە کەشتی نەوتهەڵگری "سۆئز راجان" کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوەو نەوتەکەی هەڕاج کراوە، بەڵام هیچ کەشتی و کۆمپانیایەک لەبەر هەڕەشەکانی سوپای پاسداران ناوێرن بارەکەی دابگرن. لێرەدا باس لە بەشێک لەو رووداوانە ئەکەین کە پەیوەندیدارن بە ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ کەنداو. هاتنی ئەم هێزانەش ئەگەرەکانی توندتر بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و رۆژئاوا زیاتر ئەکەن. ناردنی هێزی دەریایی – زەمینی بۆ کەنداو- پێنج شەممە ٢٠ ی تەمووز ناوەندی فەرماندەیی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا- سەنتکام- رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ وەستانەوە دژ بە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ دەست بەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی کەشتییە بارهەڵگر و بازرگانییەکان لە کەنداو و گەرووی هورمۆز، جگە لە ناردنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف- ٣٥) و ( ئێف- ١٦) و پاپۆڕشکێنی جەنگی، بڕیاریداوە بەشێک لە هێزەکانی یەکەی دەریایی- زەمینی ئەرتەش بنێرێتە ئەو ناوچەیەی لە لایەن ( سێنتکام)ەوە بەڕێوە دەبرێت. لە راگەیاندنی سێنتکامدا هاتووە کە هەناردنی ئەم هێزانە توانای وەستانەوەی ئەمریکا بەرامبەر لە ناوچەکە ئەباتە سەرەوە. ئەمریکا دەڵێت :" ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا کێشەی بۆ نزیک بە ٢٠ کەشتی بازرگانی کە ئاڵای وڵاتانی جیاوازیان لە سەر بووە دروستکردووە یان ئەوەی دەستی بە سەردا گرتوون. ژێنراڵ مایکل کۆریلا، فەرماندەی گشتی ( سێنتکام) لەم بارەوە وتوویەتی :" سێنتکام خۆی بە بەرپرس دەزانێت کە پارێزگاری بکات لە گواستنەوەو مامەڵەی بازرگانی لەو ناوچەیەی کە دەسەڵاتی تێیدا هەیە کە بەشێک لە رێگا ئاوییەکانی دونیا ئەگرێتەوە". ئەم ژونراڵەی ئەرتەشی ئەمریکا هەروەها وتوویەتی :" ئەو هێزانەی دەنێردرێن توانای تایبەتیان هەیە کە بە پشتبەستن بەو تواناییانە ئەتوانیان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کە ناوچەکە، پارێزگاری بکەین لە رەوتی ئازادی بازرگانی نێونەتەوەیی ". بەرپرسانی ئەمریکایی لەم بارەوە بە ئەسۆشەیتێد پرێسیان وتووە:" لۆڤید ئەستین ، وەزیری بەرگری ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە ، بڕیاری داوە بە ناردنی هێزی ئامادەی دەریایی – زەمینی ( یو، ئێس، ئێس، باتان) و یەکەی ٢٦ ی هێزی دەریایی بۆ ئەو ناوچەیەی لە لایەن سێنتکامەوە بەڕێوە دەبرێت". بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم هێزە ئامادەیە بریتین لە ٣ کەشتی جەنگی، لەوانە یەختێکی جەنگی هێرشبەر و هەر یەکەیەکی سەربازی بە زۆری بریتین لە ٢٥٠٠ چەکداری هێزی دەریایی. میوانداری کۆبوونەوەی رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی لە ئێران وەرگیرایەوە – پێنج شەممە ٢٠ تەمووز رۆژی پێنجشەممە ، بە بۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە کەنداو، میوانداری کۆبوونەوەی نیونەتەوەیی دەریاوانی لە ئێران وەرگیرایەوەو ئێران لەم دانیشتنە خرایە لاوە. هەواڵنێری رۆیتەرز رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، پێشنیاری ئێران بۆ میوانداری رووداوێکی دەریایی لە مانگی ئۆکتۆبەر، دوای ئەوەی ئەمریکا داوای کرد ئەم کۆبوونەوەیە هەڵوەشیتەوە و داواکارییەکەی پەسەند کرا، لە لایەن شۆڕای ئاژانسی کەشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رەتکراوەتەوەو ئەو میواندارییە لە ئێران وەرگیراوەتەوە. چەند ساڵ لەوە پێش ئێران داوای کردبوو میوانداری کۆبوونەوەی ساڵانەی نێونەتەوەیی کەشتیوانی بکات لە تاران بە بۆنەی رێزگرتن لە رۆژی جیهانی دەریاوانی و ئەم پێشنیارە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن شۆڕای بەڕێوەبەری رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانیەوە پەسەند کرا. رۆیتەرز دەستی بە نامەکەی ئەمریکا بۆ شۆڕای بەڕیوەبەری رێکخراوی دەریاوانی گەیشتووەو لەم نامەیەدا هاتووە:" ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا بە بێ هێچ پاساوێک، بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر، هێرشی کردۆتە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان و کێشەی بۆ دروستکردوون یان ئەوەی دەستی بە سەردا گرتوون ". لەم نامەیەدا ئاماژە دراوە بە تەقەکردنی هێزە دەریاییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە کەشتی بارهەڵگری " ریچمۆند ڤیجەر" و باس لەوە کراوە بەم کارەی کۆماری ئیسلامی مەترسی دروست کردووە بۆ کەشتیوان و مەلەوانەکان. وتەبێژی رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی دەڵێت :" زۆرینەی ئەو ٤٠ وڵاتەی ئەندامی شۆڕای رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی، رۆژی پێنجشەممە داواکارییەکەی ئەمریکایان پەسەند کرد و ئەمە بەو مانایەیە کە پێشنیاری ئێران بۆ میوانداری کردنی دانیشتنی نێونەتەوەیی ئەم رێکخراوەیە رەت کراوەتەوەو ئێران لەو دانیشتنە خراوەتە لاوە". هەر لەم پەیوەندەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی ٥ شەممە پێشوازی کرد لەو کۆدەنگییەی شۆرای نێونەتەوەیی دەریاوانی و بەوەی کە ئەو دانیشتنەیان هەڵوەشاندۆتەوە. میتۆ میلەر لەو بارەیەوە وتی :" ئێمە پێشوازی لە بڕیاری رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی ئەکەین بەوەی کە بەرنامەکانی ئەو رووداوەی کە بڕیار بوو رۆژی جیهانی دەریاوانی لە ئێران بەڕێوە بچێتی، هەڵوەشاوەشاندۆتەوە". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی :" لەم ماوەیەدا شاهیدی ئەوەین کە ئێران کێشەی بۆ ئازادی دەریاوانی دروستکردووە. کەوایە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین نابێ ئێران ئەو مافەی ببێت کە ببێت بە میوانداری ئەو رووداوە گرینگە و رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆچوونەکەی ئێمەی پەسەند کرد". تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هەواڵنێرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە بێدەنگەیان هەڵبژاردووەو ئاماژەیان بە هیچ شتێک نەکردووە. ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ٣٥) و پاپۆڕ شكێن بۆ کەنداو- دووشەممە ١٨ی تەمووز رۆژی دووشەممە ١٧ی جوولای پێنتاگۆن رایگەیاند بە مەبەستی پاراستینی ئەمنیەتی کەشتییە بازرگانییەکان کە ئێران دەیهەوێ دەستیان بەسەردا بگرێت و رایان بگەیەنێت، جێت و کەشتنی جەنگی زیاتر دەنێرێتە گەرووی هۆرمۆز. بە وتەی پێنتاگۆن، بڕیار وایە ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف -٣٥) و پاپۆڕ شکێنی ( تۆماس هۆندەر) کە پێشتر لە دەریای سوور سەقامیان گرتبوو، بنێرێتە ئەو ناوچەیە. ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری ( ئیف -١٦ ) و ( ئێف – ١٠) بۆ کەنداو- ١٤ ی تەمووز رۆژی ١٤ی جوولای ٢٠٢٣، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند بە مەبەستی بەرگرتن لە هەوڵە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزی دەریایی سپای پاسداران، لە گەرووی هۆرمۆز فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ١٦) و (ئیف -١٠) دەنێردرێنە سنوورە ئاوییەکانی کەنداو بە مەبەستی پارێزگاری کردن لەو کەشتی و بارهەڵگرانەی لە کەنداو خەریکی جووڵەی بازرگانین. ٤ی تومووز - تەقە لە کەشتی بارهەڵگری ریچمۆند ڤیجەر رۆژی ٤ی جوولای- لە لایەن هێزی دەریایی سەر بە سپای پاسدارانەوە تەقە لە کەشتی بارهەڵگری (ریچمۆند ڤیجەر) کرا. هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی چوارشممە ٥ی جوولای رایگەیاند کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ٤ شەممە هەوڵیداوا لە نزیک گەرووی هۆرمۆز دەست بە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا بگرێت. لە راگەیاندنەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە لە هەردوو جارەکەدا، بەلەمە شەڕکەرەکانی هێزی دەریایی ئێران هەوڵیانداوە دەست بە سەر ئەو کەشتییانەدا بگرن، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە وەڵامیان دراویەوە پاشەکشەیان کرد و هەردوو کەشتییەکە بەردەوام بوون لە رێگاکەی خۆیان. تیم هاوکینز، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەم بارەوە بە هەواڵنێرییەکانی وتووە:" کۆماری ئیسلامی هەوڵداوە دەست بە سەر ئەم کەشتییە نەوت هەڵگر و بازرگانیانەدا بگرێت، کە بە شێوەی یاسایی لە ئاوە نێونەتەوەییەکانەوە رەت دەبوون، بەڵام لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە وەڵامیان درایەوەوبەر بەوە گیرا کە پلانەکەیان جێبەجێ بکەن." بە پێی راپۆرتەکان، تەقە لە کەشتی ریچمۆند ڤیجەر کراوە، بەڵام خەساری گیانی نەبووە. کەشتی ریچمۆند ڤیچەر کەشتییەکی یۆنانییە، ئاڵای (باهاس)ی لە سەرەوەو لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت و نەوتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سەنگاپوور دەگواستەوە.
هاوڵاتی بڵاوکراوەی ئابووری فۆربس، لیستێک لە کەم بەهاترین یەکە دراوییەکانی دونیای ناساندووەو ریاڵی ئێران لە سەرەوەی ئەو لیستەوەیە. فۆربس ئەڵیت:" ریاڵی ئێرانی لاوازترین و کەم نرخترین یەکەی دراوە لە هەموو دونیا و هەر دۆلارێکی ئەمریکا یەکسانە بە ٤٢ هەزار و ٢٧٣ ریاڵ. " ئەم بڵاوکراوەیە لە بەراوردی خۆیدا دۆلاری ٤٢ هەزار ریاڵی وەک پێوەر داناوە، بەڵام لە ئێستادا هەر دۆلارێکی ئەمریکی یەکسانە بە ٤٨٠ هەزار ریاڵ. ئەم بڵاوکراوەیە نووسیویەتی :" ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین هەناردەی نەوت و گازی سروشتی هەیە لە دونیا، بەڵام گەمارۆ ئابوورییەکان و نائارامیەی سیاسییەکان و هەڵاوسانی زۆر، وایان کردووە یەکەی دراوی ئێران بێ نرخ بێت." هاوکات دانگی ڤیەتنام لە پلەی دووهەمی بێ نرخترین و بێ بەهاترین دراوەکانی دونیادایە و هەر دۆلارێکی ئەمریکی یەکسانە بە ٢٣ هەزار و ٧١١ دانگی ڤیەتنام.
هاوڵاتی بەگوێرەی رایەگەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی عێراق باڵیۆزی سوید دەردەکات و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سوید دەپچڕێنێت و رێنمایی وەزارەتی دەرەوە دەکات باڵیۆزی عێراق لە سوید بکشێنێتەوە. وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بۆ کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها داوایەکی ئاراستەی باڵیۆزی سوید لە بەغدا کرد بۆ ئەوەی خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ دوبارە مۆڵەتی حکومەتی سوید بۆ "سوتاندنی قورئان و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلامی و سوتاندنی ئاڵای عێراق." هەر ئەمڕۆش باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کارەکانی هەڵپەسارد، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران ئاگریان لە بینای باڵیۆزخانەکە بەردا. تۆبیاس بلسترم، وەزیرى دەرەوەى سوید ڕایگەیاند: سوتاندنى باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد بە هیچ جۆرێک جێگەى قبوڵکردن نییە و عێراق لە پارێزگاریکردنى نێردە دیپلۆماسییەکانى شکستى هێناوە. ئەو بڕیارەى سوید دواى ئەوە هات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید رەزامەندییان داوە ئەمڕۆ، قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید، بسووتێنرێن. دەستپێکی ئەم زنجیرە ڕوداوانە دوای ئەوە هات رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوید، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی سووتاند. سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوyد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کردوە مامەڵەی دۆلار بکەن، ئەوەش وایکرد بەهای دینار جارێکی دیکە داببەزێت و 100 گەیشتە 151هەزار و 500 دینار. لە ڕاپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئەمریکیەدا هاتوە، قەدەغەکردنەکە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدڕاڵی نیویۆرکەوە سەپێنراوە، بەشێکە لە سەرکوتکردنی وەرگرتنی دراوی ئەمریکی بۆ ئێران. رۆژنامەی واڵ ستریت جۆڕناڵ هەروەها نووسیویەتی:" ئەم گەمارۆ نوێیانە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکادا، هەروەها" دەبێتە بە هۆی ئەوەی بەهای دینار دابەزێت و کاریگەری لە سەر ژیانی خەڵک ئەبێت." ئەم گەمارۆیانە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەو پێش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕێگەی بە عێراق دا 2.5 میلیارد یۆرۆ قەرزی ئێران بداتەوە بە هۆی مامەڵەی گاز و کارەباوە کەوتبووە سەر عێراق. رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە نوسیویەتی، "ئێمە هۆکارێکی بەهێزمان هەیە بۆ ئەوەی گومان بکەین کە لانیکەم بەشێک لەو پارە سپیکراوانە لە کۆتاییدا دەتوانن سود بە کەسانی دیاریکراو یان ئەو کەسانە بگەیەنن کە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێن، بێگومان سزاکان لە عێراقدا پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە". ئەوەشخراوەتەڕو، لەنێو ئەو بانکانەی لە لیستی قەدەغەکردنی ئەمریکادان هەریەکە لە (مصرف المستشار الإسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف القرطاس الاسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف الطيف الاسلامي، مصرف إيلاف الاسلامي، مصرف اربيل للاستثمار والتمويل، المصرف الاسلامي الدولي، مصرف عبر العراق، مصرف الموصل للتنمية والاستثمار، مصرف الراجح الاسلامي، مصرف سومر التجاري، مصرف الثقة الدولي الاسلامي، مصرف أور الإسلامي، مصرف العالم الإسلامي للاستثمار والتمويل، مصرف زين العراق الاسلامي للاستثمار والتمويل) هەن. لە گەڵ ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 232 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە ،لە ئێستادا نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونە .
هاوڵاتی وەزیرى دەرەوەى سوید رایدەگەیەنێت؛ عێراق شکستى هێناوە لە بەرپرسیارێتییەکانى بۆ پاراستنى نێردە دپلیۆماسییەکان و وڵاتەکەیش باڵیۆزخانەکەى لە بەغداد داخست. باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کارەکانی هەڵپەسارد، ئەوەش دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران ئاگریان لە بینای باڵیۆزخانەکە بەردا. تۆبیاس بلسترم، وەزیرى دەرەوەى سوید دەڵێت: سوتاندنى باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد بە هیچ جۆرێک جێگەى قبوڵکردن نییە و عێراق لە پارێزگاریکردنى نێردە دیپلۆماسییەکانى شکستى هێناوە. هاوکات دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە بڕیارانداوە تا "کاتێکى نادیار" باڵیۆزخانەى وڵاتەکەیان لە عێراق دابخەن و تەواوى خزمەتگوزارییەکانیان بوەستێنن. ئەم بڕیارەى سوید دواى ئەوە هات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید رەزامەندییان داوە ئەمڕۆ، قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید، بسووتێنرێن. لەبارەى ئەم روداوانەیشەوە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیارى کۆبونەوەیەکى بەپەلەى دەرکردوە.
هاوڵاتی بەھۆی رەخنەگرتن لە کشانەوەی مەرسومێکی کۆماریی تایبەت بە دانانی کاردینال پاتریاک لویس رافائیل ساکۆ، عێراق باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد بانگھێشت دەکات. وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار لە لێدوانەکانی "ماتیو میلەر" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانە، سەبارەت بە کشانەوەی مەرسومی کۆماری ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە کاردینال لویس رافائیل ساکۆ و رایگەیاند، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد لەسەر ئەو بابەتە بانگھێشت دەکەنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق" نیگەرانیی و بێهیوایی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کراوە سەبارەت بەو بڕیارەی کە دراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومێکی سەرۆکایەتی کە لەگەڵ دەستوری وڵاتدا ناگونجێت". ئەوەشی خستوەتەڕو، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی هیچ زیانێک بە پێگەی ئایینی و یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت و ڕێز و پێزانینی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پاتریارک لویس ساکۆ بەردەوامە وەک پاتریاکی کڵێسای کلدان لە عێراق و جیهاندا". لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە، "لە روانگەی دەستوریشەوە، سەرۆک کۆمار ناتوانێت سەرۆکی مەزھەبێک کە شوێنکەوتووانی ھەڵیانبژاردووە دیاری بکات یان دووربخاتەوە، ھەروەھا ناتوانێت ئەولەویات بدات بە لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە، چونکە ئەگەر نوسینگەی سەرۆک کۆمار دەستوەردان لەو بابەتانەدا بکات مەترسیدارە." وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە پەیامەکەدا وەک هۆشداری نوسیویەتی، "دەبێت بۆ هەموان ڕون بێت کە مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی پاتریاک کاردینال لویس ڕافایل ساکۆ، هەرچەندە لە ڕوی دەستورییەوە راست نیە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی زیاتری بە کاردینال ساکۆ نەداوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دوپاتی دەکەینەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی کاریگەری لەسەر پێگەی ئایینی و یاسایی کاردینال نییە سەرباری ئەوە رێکارەی گیراوەتەبەر، هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخێکی دەستوری بوە، بەو پێیەی مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی بەبێ بنەمایەکی دەستوری و یاسایی دەرچوە". رۆژی سێشەممە، 18/7/2023، نێد پرایس، گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا رایگهیاند، مهرسوومی كشانهوهی بڕیارهكهی سهرۆككۆمار كه تایبهته به دانانی كاردینال پارتیارك لویس رافایل ساكۆ، وهك پاتریاركی كلدانی له عێراق "لێدانه له ئازادی ئایینی". ئاماژهی بهوه كردووه، ئهمهریكا سهبارهت بهو بابهته زۆر نیگهرانه و به شێوهیهگی راستهوخۆش پهیوهندی به حكومهتی عێراقهوه كردووه، بۆ خستنهڕووی ترس و نیگهرانییهكانی واشنتن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، واشنتن لهو هێرشانهی دهكرێته سهر ساكۆ، بهتایبهت لهلایهن سهكردهی میلیشیاكان كه بهپێی یاسای ماگنتسكی سزا دراوه، زۆر نیگهرانه. دەشڵشت: "واشنتن نیگهرانی دۆخی ساكۆیه بهتایبهت كه بهغدای بهجێهێشتووه و خوازیاره به سهلامهتی بگهڕێتهوه شوێنی خۆی".
بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا رایدەگەیەنێت؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی رابردودا زۆرترین پلانی رفاندنی هاوڵاتییانی داوە و لە بەرامبەردا لەندەن هەڵوێستەکانی توندتر کردوەتەوە و دەبێت تاران هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت. جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە وتارێکیدا بۆ ناوەندێکی توێژینەوەی (ئەسپێن) رایگەیاند: لەندەن سورە لەسەر ئەوەی هاوڵاکاریی زیاتری هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. کلێڤەرلی وتویەتی: لەندەن بەهەموشێویەک هەوڵەکانی توند دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی تاران پوچەڵ بکاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا کاردانەوەی توندی نواندوە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی. بە وتەی ئەو: کۆماری ئیسلامی لە 18 مانگی رابردوە زیاترین پیلانگێڕیی لە دژی هاوڵاتییانی بەریتانی و لە خاکی وڵاتەکەدا ئەنجام داوە و دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکان لانیکەم 15 پیلانی کۆماری ئیسلامییان بۆ رفاندنی هاوڵاتییانی بەریتانی پوچەڵ کردوەتەوە. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی توندا پیلانگێڕیی دژی لەندەن کردوە بۆیە وڵاتەکەی بە هەموشێوەیەک لە رێگەی هاوکاریی هاوپەیمانەکانییەوە بەرەنگاری هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. لێدوانی جەیمس کلێڤەرلی لە کاتێکدایە بەریتانیا بەهۆی هاوکارییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ روسیا و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاندوە.