مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە هاوکاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمڕۆ 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال. دەشڵێت، سەرجەم ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە هاوکاری ماددی و فریاگوزارییان بەسەردا دابەش کراوە بەپێی رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەکان. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 23ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەزار و 841 ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆك بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینار پێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە. وتیشی، رۆژی 11ی ئەم مانگەش سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و دواهەمین کەمپ لە ناوچەی عەربەت لەسنووری سلێمانی داخرا.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 27ی تەمووزی 2024، هێردە ڕەئوف سەرۆکی شاندی ئۆڵۆمپیی عێراق ڕایگەیاند، داوایەکیان بۆ لابردنی ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق لە ئۆڵۆمپیادی پاریس ڕەتکراوەتەوە.    ئەوەشی خستەڕوو، کە گەیشتینە یاریگەی لیۆن، بینیمان ئاڵای عێراق لە تەنیشت ئاڵای ئیسرائیل دانراوە، وێڕای ئەوەی تیمی ئیسرائیل هیچ یارییەکی لە لیۆن نییە.  هێردە ڕەئوف وتیشی، داوامان لە لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵۆمپیاد کردبوو ئاڵای ئیسرائیل لاببەن یان لە شوێنێکی دیکە دایبنێن، بەڵام داواکەیان رەتکرابووەوە.  سەرۆکی شاندی ئۆڵۆمپیی عێراق دەشڵێت، لیژنەکە ڕایگەیاندبوو، ئاڵای وڵاتان لە یارییەکانی تۆپی پێی ژنان و پیاوان دا بە گوێرەی ریزبەندیی ئەلفوبێی ناوەکانیان دادەنرێن.  ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە، لە یاریی تۆپی پێی پیاوانی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی ئۆکراینا، لەنێو یاریگە، ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق دانرابوو. جێگەی ئاماژەیە، عێراق بەهۆی پرسی فەلەستین، دان بە ئیسرائیل دا نانێت.   

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و لە لایەن دوو پەرلەمانتاری کورد تۆمارکراون. سبەی یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و کە لەلایەن پەرەلەمانتارێكی یەكێتی و نەوەی نوێوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماركراون. سکاڵای یەکەم، لەلایەن بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە لە فراكسیۆنی یەكێتی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بەنادەستوریبوونی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان و کارکردن بەو یاسایە ڕابگیرێت. سکاڵی دووهەم ، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركراوە لەدژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بە ناڕاستبوونی ئەو بڕیارانەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دراون و بڕیاربدرێت بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، لە کۆ بوونەوەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکوک ڕۆژی 11ی ئابی بۆ دووهەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دیاری کردووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆ بوونەوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکوک، زانیاری نوێی خستەڕوو. ئەو سەرچاوەیه بەکەناڵی "بغداد الیوم"ی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە عەرەبی و تورکمانی کەرکوک وتویەتی: هەڵبژاردنی ئەم دواییەی کەرکوک سەرکەوتنێکی سیاسییە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. ئاماژە بەوەشکرد، سودانی 11ی ئابی وەکو وادەی دووەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دیاری کردووە، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون، هەروەها دڵنیایی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داوە . سوودانی ئاماژەی بەوەدا، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی، خۆی بە شەخسی دەستوەردان دەکات و کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی کەرکوک دیاری دەکات. کۆتای هەفتەی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیکرد لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کرد،جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوک و پەراوێز نەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بڕیاردان کرد. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 29ی ئایار محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی سێیەمین كۆبوونەوەی نوێنەرایەتی لایەنە سیاسیەكانی پارێزگای كەركوكی كرد و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، ڕۆژی 11ی ئەم مانگە ئەنجوومەنەکە کۆبوویەوە، بەڵام نە پارێزگاری دیاری کرد، نە سەرۆکی ئەنجوومەن.  

هاوڵاتی سوپای داگیرکەری تورکیا و ئامڕازەکانی میدیای جەنگی تایبەت، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە بەرگرییە ڕەواکان دەستپێدەکەن. کە پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە داتاکانیاندا لەخۆ دەگرێت و هەموو ڕۆژێک زیانەکانمان وەک هەواڵێکی نوێ دەخەنە ڕوو. ئێستا، سوپایەکی تورکیا هەیە لە ناوچە بەرگرییە ڕەواکان گیری خواردووە، چونکە لە ڕووی تاکتیکییەوە بێدەسەڵات بووە و توانای گەیشتن بە ئامانجەکانی نییە و ڕۆژانە لە لایەن چەکدارانی گەریلاوە لێیان دەدرێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەمەش پەنایان بردە بەر کەمین و خیانەت، بەڵام ئەمە چارەسەرێک نەبوو بۆ دەرچوون لە دۆخە سەختەیان، هەر لەبەر ئەمەشە کە سوپای داگیرکەری تورکیا پەنا بۆ درۆی شەڕی تایبەت و هەواڵی هەڵبەستراو دەبات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانی گەریلادا خەسارە هەیە. با گەل و نیشتیمان و ڕای گشتیمان بزانن کە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە زیان گەیاندنی بە ئێمە دەکەن لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا، درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە. ئێمە لەم بۆردومانەدا هیچ زیانێکمان پێ نەگەیشتووە و بە پشتبەستن بەو ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە، هێزەکانی ئازادیی کوردستان توانیان میتۆدێکی جووڵە و ڕێسای بەهێز بۆ تێکشکاندنی هەموو هێرشەکان بگرنەبەر. لەکاتێکدا سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و بە یەکجار زۆر ناوچەی بۆردومان کرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ڕووبەڕووی ئەمانە بووینەوە و هیچ زیانێک بە ئێمە نەگەیشت. زانیاری ورد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٠٩:١٥ ی بەیانی شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج و ناوچەیەکی داگیرکەریان وێران کرد. لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٨:٤٢ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی پاراستنی گەل سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج کاتێک بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی دەستیان کرد بە جموجۆڵ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەکانی سوپای دوژمن. لە ٢٧/٧ هێزەکانمان ڕێگرییان لە هەلیکۆپتەرێکی دوژمن کرد کە دەیویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بنیشێتەوە. ٢. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو: لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی ٣ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرگری لە گردی ئامێدیە جارێک بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. ٣. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧/٧، فڕۆکە جەنگییەکان ٥ جار گۆڕەپانی ئاسکۆلوک، گردی ڕۆژ، گردی شەهید جیهان و بۆبلیسکانیان لە دەڤەری قەندیل بۆردومان کرد، هەروەها ١٧ جار گۆڕەپانی کانی سارک، دەشتی کافیا، کۆزە، سیدار، دیراش، میران، مێروک و دێریکیان لە ناوچەی کاری بۆردمان کرد، کە بە گشتی دەکاتە ٢٢ جار بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی باسکران. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ٢٧/٧ ٢٠٢٤

هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی دەڵێت، به‌ نرخی نیو ملیار دینار ده‌ستكاری له‌ گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکانی تەندروستی کەرکوک کراوە. ئەمڕۆ شه‌ممه،‌ 27ی ته‌مووزی 2024، فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند، گه‌نده‌ڵییه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی كه‌ركوك ئاشكرا بووه‌، كه‌ تێیدا ده‌ستكاری له‌ گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکان كراوه‌ و نرخەکەی بریتی بووه‌ له‌ 447 ملیۆن دینار و 980 هه‌زار ملیۆن دینار. دەشڵێت‌، دوابه‌دوای به‌دواداچوونه‌كان دوو گه‌نده‌ڵییان له‌ دوو گرێبه‌ستی دابینكردنی 10 ئامێر بۆ نه‌شته‌رگه‌ری و ئەندۆسکۆپ (ناظور) ئاشكرا كردووه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایه‌كی دەرمانسازی بە بڕی 287,500,000 ملیۆن دینار گرێبه‌ستی كردووه‌ و ئه‌و كه‌رستانه‌ی دابین كراون، كوالێتی و سه‌رچاوه‌كه‌یان خراپ بووه‌ و هەندێک لە پارچەکانی بە خێرایی بە کار دەهێنرێن و لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەردەست نین جگە لە ڕێگەی نووسنگه‌ی تایبەتمەندەوە. باسیلەوەشکرد، توانیوانه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی دیكه به‌ به‌نرخی ‌ 63,000,000 ملیۆن دینار ئاشكرا بكه‌ن و تایبه‌ت بووه‌ به‌ دابینكردنی ئامێره‌ پزیشكییه‌كان پرۆسەی دابینکردنەکە بە سەرپێچی ئەو کۆنتڕۆڵانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کاری پێ ده‌كرێت. لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گومانیان هه‌بووه‌ له‌ گرێبه‌ستێكی دیكه‌ كه‌ به‌های 88,000,000 ملیۆن دینار بووه‌ و تایبه‌ت بووه‌ به‌ دابینكردنی ئامێری كیمیایی و تاقیگه‌یی به‌ شێوه‌یه‌ك لیژنه‌ی كڕین گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانیان كردووه‌، له‌ كاتێكدا ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتییەکە نووسراوی كڕینه‌كه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان كردووه‌. وتیشی: لە ئاستێکی پەیوەندیداردا، ستافی فەرمانگەکە تێبینی ئەوەیان کردووه‌ کە دەستکاریكردنه‌كه‌ لە کڕینی کەرتی یەکەمی حەویجەدا بووه‌، بەو پێیەی پسوڵەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەرچووە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی، دەستکاری کراوە، هەروەها پسوولەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگە دەرچووە، ده‌ستكاری كراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك 7،9900 پارچه‌ كراوه‌ته‌ 79،000 پارچه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش زیانی به‌ سامانی گشتیی گه‌یاندووه‌. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە،  ئه‌م دۆسیانه‌ خراونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركوك و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی یاسایی له‌ به‌رانبه‌ریاندا.  

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەدەدات، بەشێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەخۆریان زیادیانکردووە و بەشێکی دیکەش کەم. وەزارەتى دارایی عێراق، لە نووسراوێکدا جیاوازییەکانى لیستى میلاکاتى وەزارەتەکانى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان کردووە و دەردەکەوێت هەندێک لە وەزارەتەکان مووچەخۆریان زیادیکردووە و هەندکێشیان کەم. وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، وەزارەتەکانى پێشمەرگە، ناوخۆ، خوێندنى باڵا و تەندروستى، زۆرترین ژمارەى میلاکاتیان زیادبووە و بەتەنیا لە وەزارەتى پێشمەرگە 23 هەزار و 790 زیادیکردووەو کۆى گشتیى سەرجەم وەزارەت و دەستەکان 35 هەزار و 334 مووچەخۆر بۆ میلاکات زیادبووە. ئەوەش هاتووە، دەردەکەوێت وەزارەتەکانى پەروەردە، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، رۆشنبیرى، گواستنەوە و گەیاندن، لە ریزبەندى سەرەوەى ئەو وەزارەتانەن کە میلاکاتیان کەمیکردووە و بەتەنیا لە وەزارەتى پەروەردە چوار هەزار و 316 کەس کەمیکردووە. وەزارەتەکان بەرێژەى جیاواز وەزارەتەکان میلاکاتیان کەم و زیادیکردووە، ئەم وەزارەتانە ئەوانەن کە زۆرترین گۆڕانکاریى بەسەر میلاکاتیاندا هاتووە: - وەزارەتى پێشمەرگە 23790 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى ناوخۆ 1882 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى خوێندنى باڵا 846 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى تەندروستى 385 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى پەروەردە 4316 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى کارەبا 417 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو 414 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى رۆشنبیرى 367 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن 314 کەس کەمیکردووە.

هاوڵاتی   به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، ته‌نیا له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ 4779 حاڵه‌تی جيابوونه‌وه‌ تۆماركراون و 23324 پرۆسەی هاوسەرگیریش ئەنجام دراوە. ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی لە مانگی شەشی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە بێت لەو مانگەدا 23324 پرۆسەی هاوسەرگیری لە 15 پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە،  له‌و ژماره‌یه‌ش 21168 حاڵه‌ت له‌ دادگا کراون و ڕێژه‌یان به‌راورد به‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا تۆماركراون، ده‌گاته‌ 90.75% و 2156 حاڵه‌تیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا تۆماركراون و دواتر له‌ دادگا په‌سه‌ند كراون، ڕێژه‌یان به‌راورد به‌ هاوسه‌رگیریه‌كانی ناو دادگا ده‌گاته‌ 9.25%. هەر وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، ئەو هاوسەرانەی لە مانگی حوزەیران جیابوونەتەوە  4779 هاوسەرە، له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ش 1251 حاڵه‌ت به‌ بڕیاری دادوه‌ر جیابوونه‌ته‌وه، له‌ كاتێكدا 3528 حاڵه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا جیابوونه‌ته‌وه‌ دواتر له‌لایه‌ن دادگاوه‌ په‌سه‌ند كراون‌. جیابوونه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا نزیكه‌ له‌وه‌ی دوو ئه‌وه‌ندی جیابوونه‌وه‌ بێت به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر و ڕێژه‌كه‌ی ده‌گاته 64.55%، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری جیابوونه‌ته‌وه‌، ڕێژه‌یان‌ 35.45%ە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، زۆرترین رێژەی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە پارێزگای بەغدا بووە، هەروەها به‌راورد به‌ هه‌مان مانگی ساڵانی پێشوو، ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مەترسیدار به‌رز بوونه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، سائیر مەخیف ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی شاراوە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگییەی کە پرسیاری زۆر دروست دەکات. دەشڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی عێراق و دامەزراندنی بنکە و وێستگە و ئاوارەکردنی خەڵک هێڵی سوورە و سەروەری نیشتمانی پێشێل دەکەن، ئێمەش قبوڵیان ناکەین. سائیر مەخیف ئەوەشی خستۆتەڕوو، تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری کردووە کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی 10 ساڵدا، لە سەرانسەری 4 ناوچەوە بەرەو دهۆک بەردەوامە لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و تۆپخانە، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان و زیانگەیاندن بە دەیان گوند و چۆڵبوونیان. وتیشی، بێدەنگی بەغدا وای لە ئەنقەرە کرد بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هۆشداریشی دا لە مەترسی دروستکردنی سێگۆشەیەکی ئاگرین لە سنووری عێراق، دەشڵێت، لە ژێر ڕۆشنایی چاودێریکردنی ئەنقەرە بۆ هەڵوێستەکانی عێراق، سوود لە نەبوونی وەڵامدانەوە وەردەگرێت. ئەم ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی تورکیا دەیکات سێگۆشەی بڵێسەدار دروست دەکات، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک کە خەڵک لە ڕووی ئاوارەیی و وێرانکاری و ئاژاوەگێڕییەوە باجەکەی دەدەن. باسیشی لە  پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کرد بۆ پاراستنی زەوی و زار و خەڵک و ڕێگریکردن لەوەی ئەو ناوچانە بە بیانووی شەڕکردن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

هاوڵاتی ١. ناوچەی مەتینا: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٢:١٠ و ٣:١٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ، هێزەکانی پاراستی گەل بە چەکی قورس داگیرکەریان لە گۆڕەپانی گوڵکا کردە ئامانج و زیانیان بە دوو بەربەستی بەرگری گەیاند. ڕۆژی ٢٥/٧ کاتژمێر ٥:١٠ی ئێوارە هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی سەریی مەتینا دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر کرد و ناچاریان کردن لە ناوچەکە دوور بکەونەوە. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٨:٢٥خولەکی بەیانی، هێزەکانی پاراستنی گەل  لەکاتی دانانی کامێرای چاودێریدا لە لایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە لە گردی جودی،  یەکینەکانی ژنانی ئازاد، چاودێری داگیرکەریان کرد و بە چەکی قورس کردیاننە ئامانج و جموجۆڵەکانیان ڕاگرت. لە ٢٥/٧ کاتژمێر ٤:٣٠ ی عەسر، شەرڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - بولدۆزەرێکی داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامیدیە بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی کردە ئامانج و چالاکییەکانیان وەستان. ٣.، ناوچەی حێفتانین: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی نیوەڕۆ شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس بنکەی کاریارشی سوپای تورکیایان کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرەکانی تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ و ٢٥ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەکانی شەهید شەریف، لولان، گۆشینا، گردی شەهید هاوار و گردی شەهید هێمن لە خاکورکە ١٠ جار بۆردومانیان کرد، لە سپیندارە، دێرشە و ماجی لە کارا ٨ جار جار بۆردومانیان کرد، لە گردی بەهار و گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب ٥ جار و زیرکلی پۆبلیسکان و لە قەندیلیش دووجار بۆردومانیان کرد، کە بە گشتی کۆ هەموویان دەکاتە ٢٥ هێرشی ئاسمانی. هەروەها ئەم هەڵمەتانە بوون بە هۆی سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوە لە چەند ناوچەیەک. لە ٢٤/٧، داگیرکەران  گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریان لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب، لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردومان کرد. ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان دەڵێن، جارێکی دیکە بە مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بۆردومان کراوە. لەم بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەرچاوە ئەمنییەکانی بڵاویان کردەوە، چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کراوە بەڵام ئاماژەی بە زیانەکان نەکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیا عێراقییەکان، مووشەکەکان لە نزیک بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. جێگەی ئاماژەیە، شەوی سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024 لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، هێرشەکە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ئەنجامدراوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون و پێشتر گرووپەکانی سەر مقاوەمەی ئیسلامی چەندین هێرشیان کردبووە سەر ئەو بنکەیە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، ئەحمەد مازن بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەكەم ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، لە كۆی لیستە تۆمارکراوکان بۆ بەشداریى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 121 لیست، لەنێویاندا دوو هاوپەیمانی، 13 حزب، 19 كاندیدی پێكهاتەی مەسیحی، 14 كاندیدی توركمان و 85 كاندیدی سەربەخۆ هەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ڕێگەی 53 ناوەندمانەوە لە شارى هەولێر و هەروەها، 85 تیمی گەڕۆكەوە كارتی بایۆمەتری دەنگدەران دابەش دەكرێت. باسی لەوەشکرد، بەپێى کۆتا ئاماریش تا ڕۆژى 11ی تەمووز حەوت هەزار و 924 كارتی دەنگدەر دابەشكراون. ئەوەشی بە میدیاکان ڕاگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی بریكاری حزبە سیاسییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیكاكان، تۆڕەكانی چاودێری هەڵبژاردن، دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، كەناڵەكان، ڕادیۆكان، ڕۆژنامەكان لە بارەگای فەرمانگەكەیان ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بۆ بەشداریكردن لە چاودێریكردن و ڕووماڵكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم. جێگاى ئاماژەیە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ دەوروبەری بنکەی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە لە پارێزگای ئەنبار بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج. ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تەموزی 2024، دەوروبەری بنکەی عەین ئەسەد بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج. ئاماژە بەوەشدراوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتر لەبارەی هێرشەکەوە نەخراوەتەڕوو. هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆش لە کاتێکدایە، رۆژی 24ی ئەم مانگە لە واشنتۆن کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئەمەریکا ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو رێکارێکمان بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری گرتووەتەبەر، هەروەها  بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا".  مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەندووە، ”ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکارییەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنیا بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردوە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پێناکرێت". وتیشی، "جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت". بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاوڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانوت “هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”، بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەی دەبات نەک هەرێمی کوردستان. هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای وتوە، ”بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12 ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نییە". بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەشڵێت، "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبوە و ماندوبونێکی زۆری ویستوە و تێچوویەکی زۆر هەبو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات". ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەبچێت.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، کە لە 30ی حوزەیرانی 2024 شەهیدبوون و دەشڵێت، "وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت". هەپەگە دەڵێت، لە 4ی تەمووزی 2024 بە ڕاگەیاندراوێک زانیاریی ئەوەمان بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گۆڕەپانی سەری مەتینا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا هەڤاڵانمان نەوال مێردین، ژیان ڕێدور و دژوار کەلەش شەهیدبوون. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان کە دڵیان بە ئاواتی کوردستانی ئازادەوە لێیدەدا و بێ دوودڵی تێکۆشان، بوونە دوایین نوێنەرانی گەنجانی کوردی شکۆمەند و هۆشیاری ئازاد، لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا بەبێ ئەوە ڕێگە بە داگیرکەری و خیانەت بدەن، بە تەواوەتی خۆیان لەپێناو ئازادیی گەلەکەماندا بەخت کرد و بۆ تێکۆشانی ئازادیی سڵیان لە هیچ قوربانیدانێک نەکردەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بێگومان ئەوان دەبنە بەردی بناغەی کوردستانی ئازاد و سەرکەوتوو، بە شەهیدبوونی خۆیان بوونە هێمای تێکۆشان بۆ هەموو هەڤاڵانمان و گەلەکەمان. ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە تایبەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شکۆمەندی هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. هەپەگە ناسمانەی ئەو شەهیدانەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو: ناسناو: دژوار کەلەش ناو و پاشناو: سەردار دوشەرگە شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک- باوک: بەحریە- فەخری کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: ژیان ڕێدوور ناو و پاشناو: دارشین موسا شوێنی لەدایکبوون: شام ناوی دایک- باوک: فاتمە- محەمەد عەلی کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: نەوال مێردین ناو و پاشناو: نوودەم کورت شوێنی لەدایکبوون: ئیزمیر ناوی دایک- باوک: فەیروز-شاکر کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا