سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک بونەتە بەڵام تەلئەڤیڤ بابەندی هیچ رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێککەوتنێکی بچوک لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیی کراون ، ئازاد بکرێن. وتویەتی: 90%ی مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارە هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆیە تەلئەڤیڤ پابەندی هیچ رێککەوتنێکی واشنتۆن و تاران نابێت. وتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کردوە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن رەتی کردوەتەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت. پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ئەمریکا سەرقاڵی رێککەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% کەمتر بکرێتەوە و ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی ئازاد بکرێن.

بەهۆی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان رێژە هەژاریی لە پایتەختی ئێران بەرز دەبێتەوە. محەمەد باقری، ئەندامی دەستەی ئابوریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ هێڵی هەژاریی لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە گەیشتوەتە 30 ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی (600) دۆلار. بە وتەی باقری هۆکاری بەرزبونەوەی هێڵی هەژاریی لە تاران زۆربونی رێژەی هەڵاوسانی ئابورییە لە دوو ساڵی رابردودا و گرانبونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و کرێی خانو چینی ناوەڕاستی دانیشتوی تارانی بەرەو هەژاریی بردوە. لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە هێڵی هەژاریی لە ئێران 21 ملیۆن تمەنە و هەر خێزانێکی سێ بۆ چوار کەسی ئەگەر داهاتی لە 400 دۆلار کەمتر بێت لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. لە ئێستادا لانیکەمی موچەی کارمەند و کرێکاران لە ئێران بە نزیکەی هەشت ملیۆن تمەن دەستنیشان کراوە کە بە دۆلار دەکاتە نزیکەی 160 دۆلار. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و هەڵاوسانی ئابوریی تۆمار کردوە.

هاوڵاتی کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتەئاراوە،بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە. کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەرەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی. کەجەکە وتیشی، " بە گوێرەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ رێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو. بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لە سەر رێبەرمان زیاتر دژوارکرا. لە سلێمانی بە کوشتنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو کە ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە. پێویستە کە لە دژی ئەو هێرشانە لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە رایدەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین."

هاوڵاتی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە، ٢٢ سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سەنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە ١١ی ئەم مانگەدا لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە هێلیکۆپتەرێکیانەوە ٢٢ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. راشیگەیاند، لە ئێستادا سەربازەکان چارەسەر وەردەگرن و ١٠ کەسیان تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و وتی، لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە.

رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات وڵاتی چین هاوکاریی ئێران دەکات بۆ دروستکردنی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ لە پارچەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران کە لە ئۆکرانیا خراوەتەخوارەوە پارچەی دروستکراوی وڵاتی چین دۆزراوەتەوە . ئاماژەی بەوە کراوە لێکۆڵەرەوانی وڵاتانی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکرانیا لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵدا بۆیان دەرکەوتوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران کە لە لاین روسیاوە دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراوە ئامێرێکی دروستکراوی چین لەو فڕۆکەیەدا بەکارهێنراوە. ئەو لێکۆڵەرەوانە بۆیان دەرکەوتوە ئامێرەکەی چین تەنها سێ مانگ پێش رادەستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆ ئێران دروست کراوە و لە فڕۆکەکەدا بەکارهێنراوە. پێشتر وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبو؛ روسیا بەهۆی کەمبونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان هێرشەکانی کەم کردوەتەوە بەڵام لە بەهاری ئەمساڵەوە جارێکی دیکە هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا بەرفراوانتر کردوە. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە ساڵی 2022 زیاتر لە 500 ملیۆن پارچە و ئامێری تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە وڵاتانی ئیمارات، چین و تورکیا رەوانەی ئێران کراوە.

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێن، لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ کاندیدی خۆیان دەبێت. مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیادا بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی تورکیدا کرد و ئاماژەی بە پرسەکانی رۆژ، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پلانی پارتەکەی بۆ داهاتوو کرد. لە وڵامی پرسیاری "ئایا لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا کاندیدی خۆیان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەبێت یان نە؟" بەشتاش رایگەیاند، مافی ئەوانە کە کاندیدیان هەبێت. لایەنگریانیان رەخنەیان لێگرتبوو کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆچی کاندیدیان نەبووە، بەڵام ئەم جارە جیاواز دەبێت. بەشتاش رەخنەی لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرت کە خۆشیان دەنگیان پێدابوو و وتی، " لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە بەشێک لە هاوپەیمانی گەل نەبوویین، بەڵام دەنگمان بە کلچدارئۆغلۆدا. کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی بە هەندێک پارت دابوو کە وەزارەتیان پێبدات کە رێژەی دەنگیان ١٪ بوو، بەڵام لە پارتەکەمان دوور کەوتەوە. ئەمەش لەنێو لایەنگرانماندا بووە هۆی نارەزایەتی. دەنگدەرانمان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە پارێزگا کوردیەکان کلچدارئۆغلۆ دەنگێکی خەیاڵی بەدەست هێنا. ئەگەر ئێمە نەبووینایە کلچدارئۆغلۆ نەیدەتوانی ئەم دەنگە بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆی لە ئێمە بە دوور گرت." پەرلەمانتارەکەی پارتی چەپی سەوز رەخنە لە پارتی کرێکارانی تورکیاش گرت کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی ئەوان بوو و وتی، " سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا دوای هەڵبژاردن وتی، 'ئێمە لەگەڵ کوردەکان بووین بۆیە دەنگێکی کەممان بەدەست هێنا'. دەیانەوێت خۆیان لە کورد دوور بخەنەوە. ئەم هەڵوێستە راست نییە. ئێستا کۆبونەوەی لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی هەیە. دوای کۆبونەوەکە هەر لایەنێک بڕیاری خۆی دەدات."

ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات زۆرینەی بەرهەمە زانستییەکانی زانکۆ و خوێندگە ئەهلییەکانی ئێران ساختەیە و فێڵ لە نوسینی نامەی ماستەر و دکتۆرا کراوە. ناوەندی توێژینەوەی سەر بە پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ 90%ی بەرهەمە زانستییەکانی زانکۆ و خوێندنگە ئەهلییەکانی وڵاتەکە ساختەکاریی و فێڵی تێدا کراوە. لە راپۆرتی نوێی ئەو ناوەندەدا دەرکەوەتوە؛ لە نێوان ساڵانی  2019 تا 2021 زۆرینەی بەرهەمە زانستییەکان فێڵی تێداکراوە و بەرهەمێکی زانستی راستەقینە نەبوە و لەبەرگیراوەی بەرهەمە زانستییەکانی دیکە بوە. رون بوەتەوە لەو ساڵانەدا 29% نامەکانی قۆناغی دکتۆرا و 46%ی نامەکانی ماستەر بە لەبەرگرتنەوە(کۆپی) و دزینی بەرهەمە زانستییەکانی دیکە بون. ناوەندی توێژینەوەی رونی کردوەتەوە؛ 72 هەزار و 57 نامەی دکتۆرا لە ئێران تۆمار کراوە کە 21 هەزار و 246 نامەیان کۆپی و دزینی بەرهەم بوە و زیاتر لە 30%ی ئەو نامانە هاوشێوەی بەرهەم زانستییەکانی رابردو بون. هەر لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا 675 هەزار و 713 نامەی ماستەر تۆمار کراوە کە 311 هەزار و 648 نامەیان لەبەرگرتنەوە بوە. بڵاوبونەوەی ئەو زانیارییانە لە کاتێکدایە پێشتریش 282 توێژەری ئێران تۆمەتبار کرابون بە کۆپیکردن و دزینی بابەتە زانستییەکانی جیهان.

سەرچاوەیەکی ناو سوپای ئیسرائیل ئاشکرای دەکات یەکەیەکی تایبەت بە چاودێریی 24 کاتژمێری دژی سوپای پاسداران دەستبەکاربوە و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ جەنگی راستەوخۆ لە دژی کۆماری ئیسلامی. پێگەی وای نێت (Ynet) لە زاری سەرچاوەیەک لە سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ ئەو وڵاتە یەکەی 54ی سەر بە هەواڵگریی سوپاکەی راسپاردوە بۆ چاودێریی سوپای پاسداران و دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی ئێران کە بڕیارە لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج. بە وتەی ئەو سەرچاویە: تەلئەڤیڤ بەهۆی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئێران بڕیاری داوە ئامادەکاریی بکات بۆ جەنگی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی چونکە موشەکەکانی سوپای پاسداران توانای ئەوەی هەیە ئیسرائیل بکەنە ئامانج. وای نێت ئاماژەی بەوە کردوە؛ یەکەی 54ی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی کە بڕیارە لە لایەن وڵاتەکەیەوە هێرش بکرێتە سەری. بە پێی زانیارییەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل بودجەی سوپای پاسداران بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامە موشەکییەکەی زیادی کردوە و ئەوەش هەڕەشەیە بۆسەر تەلئەبیب.

هاوڵاتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لە نێوان دوو بۆ هەشتی حوزەیراندا لە هەموو تورکیا دوو هەزار و ٨٢٥ پەنابەر دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش هەزار و ٢١٢ پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیایە رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەدا لە باکوری کوردستان و تورکیا ٧٧٣ ئەفغانی، ٥٦ پاکستانی و و هەزار و ٩٩٦ پەنابەری وڵاتانی دیکە دەستگیرکراون. هەروەها ٣٥٦ پەنابەری ئەفغانی، ١٠٦ پاکستانی و ٧٥٠ پەنابەری دیکەی وڵاتانی ناوچەکە دیپۆرت کراونەتەوە. سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا دەڵێت، لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە تاوەکو هەشتی حوزەیران، ١٣ هەزار و ٥٨٩ ئەفغانی، هەزار و ٨٧٠ پاکستانی و ٢٧ هەزار و ٩٠ کۆچبەری وڵاتانی دیکە دیپۆرت کراونەتەوە.

ئاژانسێکی هەواڵ ئاشکرای دەکات واشنتۆن بڕیاری لێخۆشبونی بۆ عێراق دەرکردوە کە بە شێوەیەکی سنوردار بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کاربا رادەستی ئێران بکات. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردوەتەوە؛ واشنتۆن رەزامەندیی دەربڕیوە بە رادەستکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکانی غاز و کارەبا بۆ ئێران. پێشتر سەرۆکی ژوری هاوبەشی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران ئاماژەی بەوە کردبو کە ئەمریکا لێخۆشبونی لە سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق دەرکردە بۆ ئەوەی قەرزەکانی غاز و کارەبا رادەستی ئێران بکرێت. رۆیتەرز لەهەواڵێکی مانگی رابردودا ئاشکرای کردبوە کە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەهۆی رادەست نەکردنەوەی قەرزەکانی رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردوە و ئەوەش بەرهەمهێنانی کارەبای لە عێراق کەم کردوەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندوە؛ قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق دەگاتە 11 ملیارد دۆلار و ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش ئەو قەرزانەی بە نزیکەی 18 ملیارد دۆلار خەمڵاندوە. بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە رەانەکردن یان گواستنەوەی پارە بۆ سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران لە دەرەوە قەدەغە کراوە و پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی سزاکانەوە بە زیاتر لە 120 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت.

هاوڵاتی  تەقینەوەیەک لە کارگەی دروستکردنی موشەک و تەقەمەنی باروتسان لە ئەنقەرە روویدا و ٥ کەس گیانیان لەدەستدا. میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە کارگەی دروستکردنی موشەک و تەقەمەنی باروتسانی سەر بە کۆمپانیای پیشەسازی ئامێر و کیمیایی (MKE) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا رویداوە. میدیاکانی تورکیا دەڵێن، دوای تەقینەوەکە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و خانەوادەی کرێکارانی نیو کارگەکە لە شوێنی رووداوەکە کۆبونەتەوە. وەسیپ شاهین پارێزگاری ئەنقەرە رایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا ٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە. باسی ئەوەش دەکرێت کە بریندار هەیە. هەرچەندە وەسیپ شاهین پارێزگاری ئەنقەرە رایگەیاندووە کە تەقینەوەکە بەهۆی کارلێکی مادە کیمیاییەکان روویداوە، بەڵام گۆمانی ئەوە دەکرێت کە تەقینەوەکە سروشتی نەبووبێت.

ئاماری ئەمریکا ئاشکرای دەکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران کەمی کردوە و گومرگی ئێران رایدەگەیەنێت بەهای هەناردەی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە 29% زیادی کردوە. نوسینگەی ئامار لە ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 17 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بوە کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو تەنها 2% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئاماژە بەوە کراوە لەو چوار مانگەی ئەمساڵدا بە بەهای 13 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار کاڵای ئەمریکا هەناردەی ئێران کراوە کە لە روی نرخەوە 29% بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هاوکات گومرگی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە هەنارەی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا تەنها لە روی نرخەوە بەرز بوەتەوە و قەبارە و بڕی هەناردەی کاڵای ئێران بۆ ئەمریکا زیادی نەکردوە. لەو ماوەیەدا هاوردەی ئەمریکا لە ئێرانەوە چوار ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بوە کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو 93% کەمی کردوە. ئێران لە کۆی ئەو وڵاتانی کە ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ دەکات ، دەکەوێتە ریزبەندی 172ەمین وڵات و لە روی دابینکردنی کاڵا بۆ ئەمریکا لە ریزبەندی 212ەمین وڵاتی جیهاندایە.

هاوڵاتی سەرۆك كۆماری توركیا بەفەرمی ناوی هاكان فیدانی بۆ وەزارەتی دەرەوە راگەیاند، كەئەو پیاوەی هەمیشە لەپشت پەردەوە كاری دەكرد، هاتووەتە بەرچاو، كەچەندین ئەركی پێ سپێردراوەو بەپیاوە (شەبەح) سێبەرەكەی ئەردۆغان ناسرابوو كەناوی «رێوی هەواڵگریشی» لێنرابوو. هاكان فیدان كە لەساڵی ٢٠١٠ەوە وەك سەرۆكی هەواڵگری توركیا كاردەكات، لەكابینەی نوێی حكومەتی توركیا كەدوای هەڵبژاردنەكانی ٢٨ی ئایار پێكهێنرا، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاوە وەك وەزیری كاروباری دەرەوە دەستنیشانكرا كەبووە ٤٦هەمین و وەزیری دەرەوەی توركیا. هاكان فیدان، لەساڵی ١٩٦٨ لەشاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەدایكبووە، بنەماڵەكەی لەشاری وان ژیان و بەرەچەڵەك كوردن، دواتر چوونەتە ئەنقەرە، ئێستاش برازایەكی لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دایە. هاكان فیدان چەندین جار بەنوێنەرایەتی ئەردۆغان گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا كردووە. فیدان تەمەن 54 ساڵ، یەكێك بووە لەو كەسانەی متمانەپێكراوی سەرۆك كۆماری توركیا، لەدوای ئەوەی ئەردۆغان لەساڵی 2003 بووەتە سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەردەوام لەپۆستە جیاوازەكاندا خزمەتی كردووە، پێش ئەوەی فیدان لەپۆستی سەرۆكی هەواڵگری دەستبەكاربێت، پێشتر بابەتێكی سەرنجڕاكێش بوو لەكاتێكدا وەكو… نێردەی تایبەتی ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتە لەپرۆسەی ئاشتی كەئێستا لەكاركەوتووە لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و حكومەتی توركیا. كاری فیدان لەئەفسەری ناڕازییەوە تا ئەكادیمی، لەپۆستە بیرۆكراتییەكانەوە تا بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی میت و ئێستاش بۆ وەزارەتی دەرەوە. لەساڵی ٢٠٠٠ وەك ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سندوقی خانەنشینی هێزە چەكدارەكان (ئۆیاك) هەڵبژێردرا. دوای تەواوكردنی ١٥ ساڵ خزمەتە ئیجبارییەكەی، دەستی لەسوپا كێشایەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ توركیا لەساڵی ١٩٩٩ بڕوانامەی ماستەر لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لەساڵی ٢٠٠٦ لەزانكۆی بیلكەنت خوێندنی دكتۆرای تەواو كردووە. هاكان بڕوانامەی بەڕێوەبردن و زانستە سیاسییەكانی لەزانكۆی میریلاند جیهانی كەمپی بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لەزانكۆی بیلكەنت بەدەستهێناوە. لەساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ وەك راوێژكاری باڵای سیاسی و ئابووری لەباڵیۆزخانەی ئوسترالیا لەئەنقەرە كاری كردووە. لەساڵی 2003 تا 2007 سەرۆكی دەزگای هاریكاری و هەماهەنگی توركیا  لەسەردەمی سەرۆكوەزیرانی توركیا بووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گول وەزیری دەرەوەی ئەوكات و ئەحمەد داودئۆغڵو كەڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك وەزیران بوو، هاوكارییەكی نزیكی هەبوو. لە 14ی تشرینی دووەمی 2007 وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری سەرۆك وەزیرانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستنیشانكرا. لە ١٥ی نیسانی ٢٠٠٩ فیدان وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری میت دەستنیشانكرا. دوای خانەنشینبوونی ئیمری تانەر جێگری سكرتێر، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٠ بۆ ئەم پۆستە دامەزرا، بەم شێوەیە لەتەمەنی ٤٢ ساڵیدا هاكان فیدان بووە گەنجترین كەس كەوەك بەڕێوەبەری میت دامەزرا. هەروەها فیدان دووەم كەسایەتی «مەدەنی» بوو كە لەدەرەوە هێنرایە سەرپەرشتیكردنی دامەزراوەكە، شانبەشانی سۆنمێز كۆكسال كە لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ وەك بەڕێوەبەری میت كاری كردووە. فیدان لەماوەی كاركردنی وەك بەڕێوەبەری میت ڕۆڵێكی چارەنووسساز لە ڕووداو و ئۆپەراسیۆنە گرنگە جیاوازەكاندا بینیوە. یەكێك لە ڕووداوە دیارەكان «پرۆسەی چارەسەركردن» بوو كە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێكرد، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی لە مێژینەی كورد لە توركیا. هاكان فیدان لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ خۆی لەناو مشتومڕێكی بێوێنەدا بینیەوە، هەندێكجار وەك كەسایەتی یەكلاكەرەوە لەشكاندن و ئاشكراكردنی كودەتاكەدا، هەندێكجاریش وەك دواكەوتوویەك بۆ ئاگادارنەكردنەوەی سەرۆك هەر كەئاگاداری بوو پلانەكە لەنیوەڕۆداو لەهەمووی گرنگتر بۆ ئەوەی پێشتر بوونی پلانێكی وەها گەورە نەدۆزیەوە، ئایا ئەوەی لەپانزەی تەمموزدا روویدا، نیشانەی دڵسۆزی ئەو بوو بۆ ئەردۆغان، یان سەربەخۆیی لەپلاندانان و كاركردن بەتەنیا لەگەڵ سەركردایەتی سوپادا. ناوی فیدان دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 سەریهەڵدا، كاتێك وەك دیارترین رۆڵی هەبوو لەڕزگاركردنی ئەنقەرە لەخنكان لەگێژەڵوكەی كودەتای پێنجەمی سەربازیدا، ئەردۆغان بە «نهێنیپارێز» وەسفی كرد، توركەكانیش ناوی لێنا «رێوی هەواڵگری». لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا گۆڕانكارییەكی لەهاوكاری ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكاوە بەرەو هاوكاری لەگەڵ ئێران دیارترینیان قاسم سولەیمانی، سەرۆكی فەیلەقی قودس بوو، لەمیانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەشوباتی 2017، لیستێكی 300 كەسی كەگوایە لایەنگری بزووتنەوەی گولەن بوون، گەیاندە برۆنۆ كاهل، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیا. دوای 13 ساڵ بەسەربردن لەسەركردایەتیكردنی دەزگای هەواڵگری توركیا، هاكان فیدان رووی لەسەركردایەتی دیپلۆماسی وڵاتەكەی كرد، دوای ئەوەی لەحكومەتی نوێ كە لەپێنج ساڵی داهاتوودا وڵات بەڕێوەدەبات، بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشانكرا. فیدان سەركردایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی نزیكبوونەوەی توركیای لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كرد لەم ماوەیەی دواییدا، هەروەها بەرپرسی ئەو پڕۆسەی دانوستانە بوو كە لەگەڵ سوریا ئەنجام دەدرا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق، بەپاڵپشتی روسیا و ئێران. نەوزاد سەواش شرۆڤەكاری سیاسی توركیا، رایدەگەیەنێت، فیدان ژمارەیەك فایلی دیپلۆماسی پەستاندار لەبەردەمیدا دەبینێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەمان ئەو كەسە بێت كە پێشتر مامەڵەی لەگەڵ بەشێكیان دەكرد، بەڵام ئەمجارە خۆی پیاوێكی چرا دەبینێتەوە، نەك سێبەر، رۆڵێك كە لەماوەی دەیەی رابردوودا خووی پێگرتووە. دەشڵێت:» فیدان تەواوكردنی پرۆسەی هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوچەی توركیا لەئەستۆ دەگرێت و لەلوتكەشدا تەواوكردنی پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ سوریا دەبێت، كەئەویش بەشێك بوو لەو پرۆسەیە، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر كەئێستا لەسەر رێگای راستدایە دوای راگەیاندنی بەرزكردنەوەی نوێنەرایەتی». هاكان فیدان گفتوگۆ لەسەر فایلەكانی یۆنان و قوبرس و ئەرمینیا دەكات، كەسەرۆك وەزیرانی یۆنان بەشداری لەمەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەردۆغان كرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پێشكەوتن لەم فایلە سەختەی دەیان ساڵ لەمەوبەر، هەروەها رۆڵی هەبووە لەناردنی هاوكارییەكان» و گروپەكانی رزگاركردن لەكاتی بوومەلەرزەكەی ئەم دواییەدا”.

بومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بوە و زۆربەیان لە ورمێ و کرماشان رو دەدەن. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە هەفتەی رابردودا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە لەو هەفتەیەدا زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە شاری خۆی و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 2.5 بۆ 3 بە پێوەری ریختەر رویداوە. هاوکات لەگەڵ کرماشان و ورمێ زیاتر لە دوو  بومەلەرزە لە کامیاران سەر بە پارێزگای سنە رویداوە کە گوڕەکانیان لە نێوان 2.5 بۆ 3 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە رایگەیاندوە؛ زیاترین بومەلەرزە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە کرماشان تۆمار کراوە و زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.

هاوڵاتی  ماوەی مانگێكە كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو چەك و كەرەستەی سەبازیی قورس رەوانەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و هەندێك سەرچاوەش باس لەجێگیركردنی سەكۆی موشەكیی لەو بەشەی كوردستان دەكەن كەئامانجی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتە لەهەرێم. لەگەڵ گواستنەوەی چەكی قورس و هێزی چەكداریی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان سوپای پاسداران پەیامێكی بڵاكردەوەو لەپایەمەكەدا هاتووە وەك بەڵێنیان داوە نەیارانی كۆماری ئیسلامی لەهەر شوێنێك بن دەكرێنە ئامانج كەئەوەش كاردانەوەی چالاكوانی سیاسیی و مەدەنی كوردی لێكەوتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە سوپای پاسداران زۆرترین چەكی قورسی بۆ زۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵاتی كوردستان گواستووەتەوە كە سنووری نزیكیان لەگەڵ خاكی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ نموونە بانە، پیرانشار، سەردەشت، جوانڕۆ، پاوەو چەند ناوچەیەكی دیكەی هاوسنور. میدیای زمانحاڵی سوپای پاسداران لەزاری بەرپرسێكی ئاسایشی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئێران بەڵێنی داوە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم. سێ سەرچاوە لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زانیارییەكانیان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست كردووەتەوەو ناوەندی هاوكاریی ئەو پارتانە رایگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی دەیەوێت بەپەلاماردان و چاوسوركردنەوە، ترس بڵاوبكاتەوەو هاوكات فشار لەهەرێم و عێراق دەكات بۆ ئەوەی ئامانجەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتە كوردییەكان بەدیبهێنێت. پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لەدانیشتوانی هەرێم و رۆژهەڵات كردووە وەك هەمیشە پشتیوانیی لەتێكۆشەرانی خۆیان بكەن و رێگەنەدەن سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی ئامانجی لەو لەشكركێشی و جێگیركردنی چەكی قورس بەدیبهێنێت. ئێران كە لەئێستادا گیرۆدەی گرژییەكانی سنوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیەتی لەگەڵ تاڵیبان، هاوكات لەشێوەی جاردانی شەڕ چەكی قورس بەنهێنی و ئاشكرا بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازێتەوە و جموجۆڵە نائاساییەكانی سوپای پاسداران لەسنورەكانی هەرێم زیادیكردووە.   ناڕەزایەتییەكان لەناوخۆی رۆژهەڵاتە و گەڕ بەهەرێم دەكرێت ئەوەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت چالاكی مەدەنی و ناڕەزایەتیی پەنگوخواردووی خەڵكە دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی لانیكەم 140 كەس لەناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان كوژراون و دانیشتوان و چالاكوانانیش بەڕێوڕەسمی جەماوەریی و سەردانی گڵكۆكانیان رۆژانە یادی شەهیدەكانیان دەكەنەوەو ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراون لەئێستادا نەماوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆرتربوون و لەبەرامبەریشدا سەركوت و دەستگیركردنی چالاكوانان لەلایەن دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی زیادیكردووە. وەك دەوترێت خوێنی شەهیدانی رۆژهەڵات سارد نەبووەتەوەو تەنانەت بەهەموو شێوازێك بێڕێزیی بەگڵكۆكانی كوژراوانی رۆژهەڵات دەكرێت و زۆرجار كێل و بەردی سەر ئەو گڵكۆیانە دەشكێنرێت، بەڵام خەڵك و چالاكوانان بەبەردەوامیی و لەبۆنە جیاوازەكاندا یادی گیانبەختكردوانی ناڕەزایەتییەكان دەكەنەوەو سەردانی گڵكۆكانیان دەكەن كەهەر ئەوەش ئاماژەی بۆ دەنگێكی ناڕازیی كە لەئان و ساتدایە بۆ خۆپیشاندان و كاردانەوە بەرامبەر دەسەڵات لە رۆژهەڵات و ئێران. چالاكوانانی سیاسیی رۆژهەڵات رایانگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە بەتەواوەتی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بكات  و ئەو ئامانجەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی گەنجان و لاوانی كورد بۆ بەدی نەهاتوە بۆیە بیر لەوەدەكاتەوە ئامانجەكەی بەبانگەشەی بەرەنگاروبونەوە نەیارانی لەدەرەوەی سنورەكان و دژی پارتە نەیارەكانی بەدیبهێنێت. لەماوەی ساڵانی رابردوودا پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵات بەشێوازی جیاواز چالاكییان لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان هەبووەو بەپێی ئەو وێنانەشی كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە  بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست بووەتەوە ئەمساڵیش چەند تیمێك لەو پێشمەرگانە بەبێ ئامانجی پێكدادان لەناوخۆی رۆژهەڵات بەدیكراون و لەلایەن جەماوەرو خەڵكی ناوچەكانیشەوە بەگەرمیی پێشوازییان لێكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتانە رایانگەیاندوە هیچ كاتێك ئامانجی ئەو پێشمەرگانە پێكدادنی سەربازیی نەبووەو تەنها لەشێوەی چالاكیی سیاسیدا هەنگاویان ناوەو رێكخستنی ئەو هێزانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتە. بەرپرسانی سەرجەم پارتەكانی رۆژهەڵات جەختیان لەوە كردووەتەوە خوازیاری ئەوە نین ببنە بیانوی هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەر كاتێك رووبەڕووی شكست لەناوخۆی وڵاتەكە دەبێتەوە پەنا بۆ هێرشی سەربازیی دەبات و دوور نییە جموجۆڵەكانی ئەم ماوەیەشی هەر لەو چوارچێوەیەدا بێت. سەرچاوەیەك لەناوەندنی هاوكاری پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ كە لەیەك مانگی رابردوودا زۆرترین چەكی قورس و تۆپ و تانك بەئاشكرا لەشارەكانی ئێرانەوە بەرەو پارێزگاكانی كرماشان و سنەو ورمێ گوازراونەتەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەشی دەست ئەوان كەوتووە سەكۆیەكی موشەكی لەشاری بانەو سەكۆیەكی موشەكی لەنزیك شاری جوانڕۆ جێگیر كراوەو بەنهێنی و لەڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە هێزو كەرەستەی سەربازیی دیكە بۆ ئەو سەكۆ موشەكییانە گوازراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە تۆپ و تانك بۆ زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵات وەك بۆكان و سنەو پاوەو پیرانشارو شاری شنۆ گوازراوەتەوەو بەگشتی دۆخی سێ پارێزگای ورمێ و سنەو كرماشان نائاساییەو جموجۆڵی سوپای پاسداران بەتەواوەتیی بەدیدەكرێت. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستوە ناوی بڵاوبكرێتەوە؛ سوپای پاسداران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەجۆری خۆكوژی لەزۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵات كە سنوریان بەهەرێمی كوردستانەوە نزیكە جێگیر كردووەو پێدەچێت مەبەستی بێت هاوشێوەی رابردوو هێرشی دیكە بكاتەسەر بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان. لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون. بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی، ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هێچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە.   سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوە دەكات كەئەگەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی ئەمنیی نێوانیان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵات نەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا خۆیان ئەو هەنگاوە دەنێن و ئەو پارتانە لەهەر شوێنێك بن هێرش دەكەنەسەریان و ئەندامان و پێشمەرگەكانیشیان دەكرێنە ئامانج. لەهەفتەی رابردوودا ئەژمارەكانی سەر بەسوپای پاسداران لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تویتەرو تێلیگرام هۆشداریی ئەوەیان داوە كەبەمزووانە هێرش دەكرێتەسەر پارتەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی و تەنانەت لەشكركێشیی سەربازیی بۆ سەر هەرێم ئەنجامدەدرێت كەئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو بەوتەی چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆماری ئیسلامی لەلاوازیدا بەو شێوەیە لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشە دەكات. عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لەگەڵ دەستبەكاربوونی رایگەیاند:» دەبێت عێراق بەزووترین كات دەبێت ئاسایشی سنورەكانی دابین بكات و پابەندنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد بێت. ئەحمەدیان كەیەكێكە لەفەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران لەكۆبوونەوەی كۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق كە بەسەردانێكی فەرمی لەتاران بوو، جەختی لەوە كردبوەوە كەدەبێت بەغداد بەشێوەیەكی خێرا رێككەوتنە ئاسایشییەكەی نێوانیان جێبەجێ بكات. بەپێی چەند خاڵێك لەڕێككەوتنە دەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان دووربخرێنەوەو بارەگاكانیان لەژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بێت و سەرجەم پێشمەرگەو هێزە سەربازییەكانیان چەك بكرێن و كۆماری ئیسلامی لەدوای ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات پێداگریی لەو خاڵانەی نێو رێككەوتنی عێراق و ئێرانی كردووە. مانگی ئازاری ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا واژۆكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تارانیان راگەیاندو دواتر دەركەوت بەشێكی سەرەكیی خاڵەكانی نێو رێككەوتنەكە بۆ چەككردن و دورخستنەوە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بووە. كۆماری ئیسلامی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا داوای دوورخستنەوەو چەككردنی ئەو پارتانەی كردبوو تەنانەت پێشنیاركرابوو كەكامپی تایبەت بەئاوارەكانیان لەموسڵ بۆ بكرێتەوە، بەڵام ئەو پارتانە رەتیان كردووەتەوە پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی بن. پێشتر محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی و یەكێك لەفەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو كەدوای موشەكبارانی بنكەو بارەگاكانی پارتە نەیارەكان لەهەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە بەچەككردن و دوورخستنەوەیان لەخاكی ئەو وڵاتە. باقری چەندجارێك پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بەتیرۆریست ناوهێناوەو وتوویەتی: «كۆماری ئیسلامی قبوڵی ناكات سێ هەزار تیرۆریست لەهەرێمی كوردستان جێگیربن» هاوكات هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كەئەگەر بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئەو پارتانەی رۆژهەڵات دوورنەخەنەوە ئەوا هێرشەكانی سوپای پاسداران دەستپێدەكاتەوە خۆیان دووریان دەخەنەوە. باقری گلەیی لەهەرێمی كوردستان كردووەو وتوویەتی» ناكرێت كەكۆماری ئیسلامی خزمەتی ئەوانی كردووە ئەوان لەبەرامبەردا رێگەبدەن پارتە نەیارەكان بنكەو بارەگایان لەسنوری هەرێمدا هەبێت».   ئێران لەزەوی و توركیا لەئاسمانەوە جموجۆڵەكانیان زیاد دەكەن لەگەڵ جموجۆڵەكانی سوپای پاسداران لەشێوەی لەشكركێشیی بۆ رۆژهەڵات و هەرێم، جوڵەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەسنورەكانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان زۆر بووەو سەرچاوەیەك لەپارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند لەماوەی رابردوودا بەهەر هێرشێكی موشەكی و تۆپخانەكانی سوپای پاسداران لەسەر هەرێم، توركیا هێرشەكانی دژی گەریلای یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) زیاتر دەبێت. ئەو سەرچاوەیە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ جموجۆڵی سوپای پاسداران ئاشكرایەو لەناوچەكانی شاهۆ لەنزیك شاری كامیاران لەڕۆژهەڵات چەند شوێنێكی تۆپباران كردووە، بەڵام پژاك هەمیشە هەوڵی خۆپاراستن و یەكڕیزیی كورد دەدات بەرامبەر ئەو پیلان و هێرشانەی كەكۆماری ئیسلامی دژی كوردو پارتەكانی ئەنجامی دەدات. پژاك دەڵێت؛ كۆماری ئیسلامی ئەزموونی شكستی گەورەی هەیە لەسەر دەستی گەریلاكان لەقەندیل و ئەگەر بێت و نیازی هێرشی بەرفراوانی هەبێت ئەوا ئەزموونی ئەو شكستە دووبارە دەكاتەوە، بۆیە گەریلا شارەزایی جەنگی هەیە لەگەڵ ئەو دوژمنەو دەزانێت چۆن بەرەنگاری ببێتەوە.   پارتەكانی رۆژهەڵات هۆشداریی دەدەن ناوەندی هاوكاریی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییان داوە كەكۆماری ئیسلامی بەگواستنەوەی چەك بۆ ئەو بەشە لەكوردستان و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش دژی هەرێم و ئەو پارتانە بەبڕوای ئەوان شۆڕشی ژینا كۆماری ئیسلامی بەچۆكدا هێناوەو دەیەوێت بەكۆمەڵكوژكردنی كوردانی رۆژهەڵات لەهەرێم قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە. پارتەكانی رۆژهەڵات لەو بەیاننامەیەدا داوایان لەڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ناوچەییەكان و زلهێزەكانی ناوچەكە كردووە كە لەئاست جموجۆڵ و ئەگەری هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن و هەوڵبدەن بۆ رێگریی لەكۆمەڵكوژكردن و كوشتنی كورد لەهەرێمی كوردستان. هەر لەو بەیاننامەیەدا داوا لەدانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی ئێران كراوە لەئەگەری هێرشی سوپای پاسداران بەناڕەزایەتیی جەماوەری هەڵویستی خۆیان دەربڕن و رێگەنەدەن پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران قوربانی لێبكەوێتەوە.