هاوڵاتی مەلاکەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە پلانێکی بۆ دارێژراو دوو گەنج لیی نزیک بوونەتەوە بەمەبەستی بانگێشتکردنی بۆ جێیەک بەڵام دواتر بە دەمانچە تەقەیان کردووە و سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم شکور دەڵێت، لە کاتژمیر 1:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیەک لە مەڵبەندی حەمرین لە دووزخورماتوو هاتووەتەوە دەرەوە و دوو گەنج نزیکی بونەتەوە، پاشان بانگێشتیان کردووە بۆ کردنەوەی مەڵبەندێک و ئەو پێی راگەیاندوون کە ناتوانێت بێت، بۆیە بووەتە دەمەقاڵێیان و دوو گەنجەکە سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم باس لەوەش دەکات، گەنجەکان تەمەنیان کەم بوو، دوای ئەوەی "من رەتم کردەوە بچم لەگەڵیان کە نەمدەنایسن، دواتر ئەوان چوونە دواوە و دەمانەچەیان راکێشا و سێ فیشەکیان نزیک من تەقاند بەڵام پاسەوانەکانم نەیانهێشت و دەمانچەکانیان لیوەرگرتن." ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە بە "موئامارە دەزانم و لێی بێدەنگ نابم چونکە کارێکی پلان بۆدارێژراو بووە و رێکاری یاسایی دەگرمەبەر." لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتباران دەدەن کە یەکێکیان بریندارە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ژنێک لە ماڵی باوکیدا لە قەڵادزێ لەلایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژراوە و لەدوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک کە لەدایکبوی ساڵی 1991، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری سێ فیشەکی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە. پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵەکە لە ماڵی باوکیدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و هەر دوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکەیدا.

هاوڵاتی  سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی راگیران بەهۆی ئەوەی کارمەندەکانی هێڵەكە ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. بەهۆی مانگرتنەکەوە، ژمارەیەک گەشتی ناوخۆیی لە فرۆکەخانەی بەغداد هەڵوەشاونەتەوە و کارمەندەکانی هێڵەکە داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن.  

ڤانە باهیر باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟ باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە. هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟ باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن. هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟ باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی  کاردەکەن؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد. هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ  خوێندنی کوردی؟! باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە. هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟! باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە. هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم. هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟! باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و  پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو  پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن  و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.

هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاب لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگە لە رێگای قەتەر و عومانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و وتوێژدەکەین  بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان". وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەوەی کە دەوترێت چەند رۆژ لەوە پێش ژنێکی ئەمریکی- ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا دەستگیرکراوە، خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لاداو نە ئەوە بوو پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە. دەربارەی ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران لە زیندانن وەزیری دەرەوەی ئێران وتی :" ژمارە گرینگ نییە، گرینگ نییە چەند کەسن کە لە زیندانن، گرینگ ئەوەیە بتوانین زیندانیەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین." ئەوەشی ڕونکردەوە :" پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنیان و بە قەتەر و عومانمان راگەیاندووە لە چوارچێوەی رێکەوتندا، ئامادەین زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین". ئێران پێشتر رایگەیاندووە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو سەرمایانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەمریکا ناهێڵێت بگاتەوە دەستیان، ئازاد بکرێن. واتە دەیەوێت لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا دەستی بە سەرمایەکانی بگات. هاوکات ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە ئێران ئەو کەسانە وەک بارمتە بەکار دەهێنێت بە مەبەستی نەهێشتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو مەرجە قبوڵ ناکەن جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان  پێنج هاوڵاتی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و تۆمەتی سیخوڕیان دراوەتە پاڵ.  

هاوڵاتی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ٧ی ئاب، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەفدێک لە ئەندامانی  پەرلەمانی ئەمریکا، جارێکیتر داواکاری خۆی بۆ هەڕەشەی سەربازی لە ئێران بە مەبەستی ڕێگەگردن بە دەستپێڕاگەشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ناوکی دووبارە کردەوە. نێتانیاهوو رایگەیاند :" گرینگترین بابەت ئەوەیە هەڕەشەی سەربازی جیددی لە ئێران بکرێت. دەشڵێت،  "ئێمە نامانەوێ جیهانێک ببینین کەتیایدا ئێران بتوانێت هەڕەشەی سڕینەوەی نیۆیۆرک، واشنگتۆن، یان لۆسانجلێس یان هەر شوێنێکی دیکە بکات بە چەکی ”ناوکی". سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەوان بەگری لە خۆیان دەکەن بە بوونی ڕەزامەندی ئەمریکا یان نەبونی . ئەم وتانەی لە کاتێکدایە  کە بە پێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، ئێران لە ئێستادا چالاکییەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕاگرتووە ،لە کاتێکدا پەرەی بە چالاکییە ناوکییەکانی داوە. نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی ئەمریکا رۆژی ٩ی تەمووز کۆمەڵێک زانیاری لە سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بڵاو کردەوەو وتی :" ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ هەوڵی داوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی باشتر بکات، بەڵام دەستی نەکردووە بە دروستکردنی چەکی ناوکی".  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب،  لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و  دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا  گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە . هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی  :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە". هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە." لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی. ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.  

هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووری ئەمرۆ دوو شەممە ٧ی ئاب، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ئیسرائیل جارێکیتر هێرشی کردۆتەوە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و لە ئەنجامدا ٦ کەس لە سەربازانی ئێران و ٤ سەربازی ئەرتەشی سووریا کوژراون.  باسی لەوەشکردوە  کۆگای چەک و تەقەمەنیەکانی ئێران لەم ناوچەیە تەقێنراوەتەوە. بە پێی ئاماری  رێکخراوەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە ٢٥ ەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ خاكی سووریا کە ١٧ جار هێرشی ئاسمانی بووەو ٥ جار هێرشی زەمینی. دەشڵێت،  لەم هێرشانەدا " ٥٩ کەس لەوانە ٢٢ سەربازی سەر بە ئێران سووری و نەتەوەکانیتر، ٦ سەربازی سوپای پاسداران و ٤ سەربازی سووری سەر بە ئێران و ٣ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون". کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پارێزەر و لایەنگری ئەسەد لە ناوچەکە دەزانرێت و ژمارەیەکی زۆر سەربازی (ئەفغانستانی و پاکستانی و ئێرانی) لە سووریا جێگیر کردووەو ئیسرائیل بوونی ئەو سەربازانە لە سووریا بە مەترسی ئەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی .  

هاوڵاتی بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵی ناوخۆی ئێران، شارەوانی تاران ٤٠٠ کەس وەک " پارێزەری حیجاب" بە مووچەی مانگانە ١٢ میلیۆن تمەن لە مێترۆکان دامەزراندووە. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی ناوخۆی ئیرانەوە بڵاو بوونەتەوە، ئەرکی ئەم هێزی " پارێزەری حیجاب"ە لە مێترۆی تاران، ئاگادار کردنەوەو پێشگرتن و هەروەها دەستگیرکردنی ئەو ژنانەیە کە ئامادە نین حیجابی زۆرەملێ بپۆشن. جێگەیباسە پێش ئەم بڕیارە کۆمەڵێک ڤیدیۆی جیاوازبڵاوکرایەوە کە تیایدا لە وێستگەکانی مێترۆ کۆمەڵێک هێزی جیاواز بۆ داسەپاندنی حیجاب بە سەر ژنان لە مێترۆکان هەڕەشەیان لە ژنان دەکرد. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانە، سەرەتا کۆمەڵێک ژنی سەرداپۆشراو و حیجاب، ژنەکان ئاگادار دەکەنەوە ئەبێ حیجاب بکەن، لە هەنگاوی دووهەمدا کۆمەڵێک پیاو بە جل و بەرگی ئاساییەوە دێن و ژنان ئاگادار ئەکەنەوە ئەگەر حیجابیان نەبێت ئیزنیان پێ نادرێت بچنە مێترۆوە. لە هەنگاوی سێهەمدا هێزەەکانی " یەکەی پارێزەر"ی شارەوانی بە جلی تایبەتەوە پێش بەو ژنانە ئەگرن کە سواری مێترۆ ببن. رۆژنامەی  " فەراز" دەربارەی یەکەی نوێی " پارێزەری حیجاب" لە شارەوانی تاران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی :" ئەم هێزانە وەک (پارێزەری حیجاب) لە لایەن یەکەی پارێزەری شارەوانی تارانەوە هەڵبژێردراون و خولی تایبەتیان بینوەو بەم زوانە لە وێستگەکانی مێترۆ جێگیر دەکرێن.

هاوڵاتی رێنمای جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ دوشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، کە لە 36 ماددە پێکهاتوە و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون. یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بڵاوکردنەوەى رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.  

هاوڵاتی سەرۆکى دەستەى دەستپاکى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەستگیرکردنى عەلى عەلاوى، وەزیرى دارایی پێشو و چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومەتەکەى کازمى پێکرد و دەڵێت: تۆمەتبارن لە کەیسى "دزى سەدە". حەیدەر حەنون ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق و بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە" دەرچوە و داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکات کە ڕادەستیان بکەنەوە. باسى لەوەشکرد کە مانەوەى ئەو تۆمەتبارانە لە دەرەوەى زیندان زۆر ناکێشێت و وتى: "هەریەکە لەو تۆمەتبارانە زیاتر لە 100 ملیار دیناریان بردوە". لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەرکەوت بڕی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە پارەی باجی بانکی رافیدەین نادیارە و دادگای کەرخی پارێزگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە دەرکرد.

هاوڵاتی ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە. ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات". دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس". لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و  دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات. ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.  

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتێدپرێس، رۆژی پێنج شەممە ٣ی ئاب، لە راپۆرتێکدا لە دەمی پێنج بەرپرسی پلەباڵای سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازەکانی خۆیەتی لە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداو. ئەم وتەیەی ئەم بەرپرسە باڵا سەربازیانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هەزاری کۆماندۆ و سەربازی هێزی دەریایی و مەلەوان بۆ کەنداو لە کەشتی هێرشبەری ( یو .ئێس. ئێس باتان ) و کەشتی ( یو. ئێس. ئێس. کارتەر هاڵ). ئەم پێنج بەرپرسە سەربازییە نەیانویستووە ناویان بڵاو بێتەوە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەوە نەدراوەو بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە گفتوگۆ و راوێژدان لەگەڵ هاوپەیامنە عەرەبەکانی ئەمریکا لە کەنداو. ئەو بەرپرسە سەربازییانە باسیان لەوە کردووە، مەلەوان و چەکدارە دەریاییەکان، هەرکات لە لایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە داوایان لێ بکرێت، بەهانای کەشتییەکانەوە ئەچن و ئەمنییەتیان دەپارێزن. بەرپرسێکی سەربازی پرۆسەکەی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ناوبرد و وتی:"  جێگیر کردنی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سەر هەر کەشتییەکی بازرگانی، پێویستە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کە ئاڵاکەی لە سەر کەشتییەکەیە ڕێگە پێدراو بێت و هەروەها ئەو وڵاتەی کە بەناویەوە تۆمار کراوە". ئەم بەرپرسە کە ناوی نەهاتووە ئەڵێت :" تا ئێستە وا نەبوە کە سەربازەکان لە سەر کەشتییەکان جێگیر بن و رەنگە پێویستی بە کات بێت". پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی جێگیرکراو لە بەحرین لەگەڵ رێبەرانی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، واتە بەحرەین، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبۆوە. هەرچەن لە راگەیاندنی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە کە رۆژنامەی ئەسۆشەیتێدپرێس باسی ئەکات، بەڵام لەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە "کۆپەر" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە. ئەگەر بێتوو ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان جێگیر بکرێن، ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە هەمانکاتدا رێگرییە لە هەنگاوەکانی ئێران و رووسیا و چین لەم ناوچە دەریاییە. ئەمریکا تەنانەت لە جەنگی ناسراو بە جەنگی نەوت هەلگرەکان، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێزە سەربازییەکانی خۆی بەم شێوەیە لەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان جێگیر نەکردبوو. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٨ بە مەبەستی بەرگرتن بە بازرگانیکردن و فرۆشتنی نەوت، هەرکام لە وڵاتانی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی یەکتر و ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی بازرگانی لە کەنداو. دوو پاپۆڕی گەورەی " یو.ئێس. ئێس . باتان" و " یو. ئێس. ئێس. کارتەرهاڵ" رۆژی ١٠ی تەمووز بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی بازرگانی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە هەڕەشەی تێکدان و وەستاندنی بازرگانی ئازاد ئەکات لەم رێگا بازرگانییە نێردراونەتە ناوچەکە. "یو. ئێس. ئێس. باتان" هەفتەی رابردوو لە گەرووی گیبرالتار ( جبل الطارق)ەوە گوزەری کرد بەرەو کەنداو. ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکەی جەنگی (ئەی-١٠)، ( تاندرلێبت -٢)، ( ئێف-١٦) و ( ئێف- ٣٥) و هەروەها پاپۆڕشکێنی (یو.اس.اس. تۆماس هادنەر) ناردۆتە کەنداو.   چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی چوارشەممە ٢ی ئاب، سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی لە کەنداوی فارس و لە سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبوومووسا) بەڕێوەبرد ناوی نابوو " نمایشی هێز و ئامادەیی بۆ بەرگری لە ئەمنیەتی کەنداو و سێ دوورگەکە" حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران دەربارەی ئەم نمایشە سەربازییە وتی :" هیچ پێویستێکمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەوان نییە لە ناوچەکە". هەڵبژاردنی ئەو سێ دوورگەیە (ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) بۆ نمایشی سەربازی لەگەڵ ئەوەی پەرچەکردارە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هاوکات وەڵامدانەوەیە بە دانیشتنی ٦ وڵاتی کەنداو و رووسیا  دەربارەی خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە کە رۆژی ١١ی تەمووز لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و ناڕەزایەتی گەورەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە. ئیمارات  خۆی بە خاوەنی ئەو ٣ دوورگەیە ئەزانێت و ئێران هەموو گفتگوگۆ دەربارەی خاوەندارێتی ئەو ٣ دوورگەیە رەت ئەکاتەوە.

هاوڵاتی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و تائێستاش مەرگی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسوكاری كوژراوان و خۆكوشتنی دەستگیركراوان چیرۆكی پڕژانی ئەو سەرهەڵدانەن و لەنوێترین حاڵەتیشدا گەنجێكی ئەشكەنجەدراو دوای ئازادكردنی خۆی كوشتووە. كۆماری ئیسلامی ئێران ترسشی لێ نیشتووە لەزیادبوونی ناڕەزاییەتییەكان بەتایبەت لەساڵیادی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دروست ببێت، بۆیە لەئێستاوە فشارەكانی بەتایبەت لەشارەكانی رۆژهەڵات توندتر كردووەتەوە لەڕێگەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانیانەوەو ترساندنی كەسوكارەكانیان. چیرۆكی مەلیحە، ئەو دایكەی دوای كوژرانی رۆڵەكەی لەشاری سەقز جەڵتە لێیداو باری قورسی خەمی مەرگی كوڕەكەی وای كرد دوای حەوت مانگ بێهوشبوون لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستبدات و ئەوەش بەشێكن لەچیرۆكە ئازاربەخشەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. گرتن و دەستبەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانی ناڕەزایەتییەكان و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لەبریندارەكانی رابردوو بووەتە هۆی تۆماركردنی زنجیرەیەك چیرۆك كە هەمووی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان. تراژیدی خۆكوشتنی ئەو كەسانەی لەزیندانەكان ئازاد دەكرێن بەچیرۆكی مەرگی گەنجێكی رۆژهەڵات دووبارە بووەوە، چونكە لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند گەنجێك هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە.   ئەو دایكەی بەرگەی ژانی مەرگی كوڕەكەی نەگرت گیانلەدەستدانی دایكی یەكێك لەكوژراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای حەوت مانگ لەبێهۆشبوون چیرۆكێكی دڵتەزێنی دایكێكی جەرگ سوتای رۆژهەڵاتی كوردستانە كە دوای مەرگی رۆڵەكەی جەڵتە لێیدابو.و مەلیحە حەسەنژاد، دایكی محەمەد حسێنی، گەنجێكی شاری سەقزە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارەدا تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لەنزیك ناوچەی قەوخ دۆزرایەوە ئەو دایكە تەنها ماوەیەكی كورت لەدۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەی بەئەشكەنجەكراوەی، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و رەوانەی نەخۆشخانەیەك لەتاران كرا و پاش حەوت مانگ بێهۆشبوون دواجار گیانی لەدەستدا. تەرمی مەلیحە بە رێوڕەسمێكی جەماوەریی رەوانەی شاری سەقز كرایەوە و لەتەنیشت گۆڕی كوڕەكەی بەخاكسپێردرا و چیرۆكی مەرگی ئەو دایكەو كوژرانی رۆڵەكەی بەئەشكەنجە ئازارێكە لەهەوڵدان بۆ ئازادیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. محەمەد حسێنی لە 20 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دوای 24 كاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەكەی لەدەرەوەی شاری سەقز دۆزرایەوە و پزیشكی دادی سەر بەدامودەزگای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دواتر رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرایان كرد كەئەو گەنجە ئەشكەنجە دراوەو چەندجارێكیش بەئۆتۆمبێل بەسەریدا رۆیشتون و ئەوەش هۆكاری مەرگی محەمەد بووە كە لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەشاری سەقز دەستگیركرابوو.   كوژران لەپێناو ئازادی خۆكوشتن بۆ رزگاربوون لە فشارەكان بریندارێكی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران دوای هەشت مانگ گیانی لەدەستداو گەنجێكیش كە پێشتر دەستگیركرابوو بەخۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. یەكێك لەبریندارەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، بەهۆی سەختی برینەكەی دوای هەشت مانگ و شەش رۆژ گیانی لەدەستدا. ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی تەمەن 16 ساڵ كە لەناڕەزایەتییەكانی شاری (رەی) سەر بەتاران گوللـە بەر سەری كەوتبوو دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی هەینی رابردوو گیانی لەدەستدا. پێشتر دایكی ئەبولفەزل ڤیدیۆیی كوڕەكەی بڵاوكردبووەوە كە تەنها دەیتوانی پەنجەكانی و پێڵوی چاوەكانی بجوڵێنێت و ئەوەش ببوە هۆی دڵخۆشیی و گەڕانەوەی هیوا بۆ دایكی بەڵام مەرگی ئەو لاوە خەون و هیواكانی دایكی لەگەڵ خۆی برد. هەر لەماوەی رابردوودا و لەدرێژەی چیرۆكە بێ كۆتاییەكانی ئازارەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گەنجێكی تەمەن 18ساڵ دوای سێ مانگ زیندان و ئەشكەنجە لەگەڵ ئازادبوونی خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. ئیحسان جەواهیری، خەڵكی گوندێكی سەر بەشاری كامیاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیركراو بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو گەنجە ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئەشكەنجە دراوەو دوای ئازادكردنی لە رۆژی هەینی (21/7/2023) بە خۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. پێشتر سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن كۆمەڵێك بەڵگەی ئەشكەنجەی دڕندانەو دەسترێژییان بۆ سەر دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو بەشێك لەقوربانیانی ئەو ئەشكەنجانە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستداوە.   ترس لەشۆڕشی ژینا مستەفا رۆستەمی، سەرۆكی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە؛ بەپێی پێشبنییەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی وڵاتەكە، ئەگەر لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەكان دووبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» بەتەواوەتی شكست دەهێنن. بەوتەی ئەو دوژمنانی كۆماری ئیسلامی هەوڵدەدەن لەیادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەزانكۆكانەوە دەستپێبكەنەوە. رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەكاری ئاژاوەگێڕانەو تێكدەرانە دژی كۆماری ئیسلامی ناوهێناوە و جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژیناو سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ئەو كچە دەستپێنەكەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونكە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بەتەواوەتی شكست دەهێنن. لێدوانی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدایە نزیكەی دوو مانگی ماوە بۆ یەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی كەدوای دەستبەسەركردنی بەبیانوی نەگونجاوبوونی باڵاپۆشیەكەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێكەوەتەوەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. لەماوەی رابردوودا بەهۆی ترس لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان دەیان گەنج و لاوی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كەئاماژەی ترسە لەبریسكەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان لەو بەشەی كوردستان و شارەكانی ئێران.